هاوڵاتی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاشکرای کرد، ئەمساڵ زیاترین قوتابیی پۆلی یەکی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. ئەمڕۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم ساڵی خوێندن یەک ملیۆن و  950هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستاندا هەن. هەربەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، بۆ ئەمساڵی خوێندن 156 هەزار خوێندکاری نوێ لە قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکراون، هاوکات  لە هەرێمی کوردستان و خوێندنی کوردی لە کەرکوک 152 هەزار و 890 مامۆستا هەن کە بەشێکیان هەمیشەیی و بەشێکی دیکەشیان وانەبێژ و گرێبەستی حکومی و ناحکومین. ئالان حەمەسەعید گوتی، "لە دوو مانگی رابردوودا هەشت قوتابخانەی نوێ لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و تاوەکو کۆتایی شوباتی 2024ـیش 22 قوتابخانەی نوێی دیکەی حکومی دەکرێنەوە." وەزیری پەروەردە رایگەیاند "لە هاوینی ئەمساڵدا 107 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و 127 ژووری نوێی خوێندن لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی دروستکراون و 20 هەزار کورسیش پێشکێش بە ناوەندەکانی خوێندن کراون، هەروەها 20 ملیۆن کتێب بۆ قوتابییان چاپکراون". دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لەکاتێکدایە، لەدوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی خوێندنی ساڵی رابردو مامۆستایان تەنیا یەک موچەیان وەرگرتوە، تا ئێستا موچەی مانگەکانی تەمموز و ئاب دابەشنەکراوە و بەشێکى زۆرى مامۆستایانیش هەڕەشەى ئەوە دەکەن گەر موچەکانیان وەرنەگرن بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن دەکەن و هەر ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر مامۆستا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و مامۆستایانی وانەبێژیژ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

هاوڵاتی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا لەبارەى چەند پرسێکى گرنگەوە قسەى بۆ رۆژنامەنوسان کرد و  رایگەیاند "ئێمە هەموومان هەوڵمان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا. سەرۆکوەزیرانی خۆمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام لەسەر خەتە و بەندە خۆشم بەهەمان شێوە."  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند؛ بەمنزیکانە شاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت سەردانى بەغداد دەکەن. ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە هەرێمى کوردستان بەوپەڕى شەفافیەتەوە لەگەڵ بەغداد مامەڵەى کردوە و هیچ داتایەکیش نییە کە لە هەرێمى کوردستانەوە بە هەڵە رەوانەى بەغداد کرابێت. سەبارەت بە مووچەش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "مووچە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و دەبێت حکومەتی فیدراڵ بەزووترین کات چارەسەری بکات، بۆ ئەم مەبەستەش لەخەتین و بەو نزیکانەش سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەکەن و هیودارین کێشەکان و کێشەکانی دیکەش لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن." جەختیشیکردەوە کە پرسى موچەى فەرمانبەران شایەنى گفتوگۆ نییە و مامەڵەى ئێستاى بەغداد لەگەڵ هەرێم مەرکەزییە و فیدراڵى نییە. سەرۆکى هەرێم لە درێژەى قسەکانیدا وتیشى: تا یەکێتی و پارتی و لایەنەکان لەناو خۆ یەک نەبن و تێگەشتنی ھاوبەشیان نەبێت بەردەوام ئەم کێشانەى هەیە رو لە هەرێمى کوردستان دەکەنەوە.  لەبارەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە نێچیرڤان بارزانى رایگەیاند؛ ئەمەریکییەکان گلەییان لە یەکێتی و پارتی ھەیە کە دۆسیەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە زۆر بە خاوی دەڕوات و وتیشى: رۆڵى ئەمەریکا لە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد رۆڵێکى یارمەتیدەرە.  

شەنای فاتیح وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئەو شوێنانەی مەترسی خنکانی هاووڵاتیانی هەیە دادەخات و شریتی سوریان لێدەدات بەهۆی زۆری رووداوەکانی خنکانی گەشتیاران و هاووڵاتیان، لەمساڵدا تەنها لەسنووری پارێزگای هەولێردا ١٨ کەس خنکاون. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بەهۆی زیادبوونی رووداوەکانی خنکانی هاووڵاتیان و گەشتیاران لەڕووبار، دەریاچە، زێ و چەمەکان لەوەرزی هاویندا بەفەرمانی وەزیری ناوخۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس ئەو شوێنە گەشتیاریانە دادەخرێن کە لەماوەی رابردوودا هاووڵاتیان و گەشتیاران تێیاندا خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن، هەروەها شریتی سوور لەو شوێنانە دراوە کەمەترسین بۆ خنکان  بەئامانجی کەمکردنەوەی قوربانی زیاتر. سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەسەرەتای ساڵەوە تائێستا ١٨ کەس لەسنووری پارێزگای هەولێر خنکاون و ٥٠ کەسیش رزگارکراون. سەرکەوت کاڕەش پێیوایە زۆرینەی حاڵەتەکان نەشارەازیی و مەلەکردنە لەشوێنی قەدەغەکراودا. «زۆرینەی هۆکاری خنکانەکان بەهۆی مەلەکردن و ناشارەزایی لەسنووری ئەو ناوچەیەدا، هەروەها گوێنەدان بەڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی و مەلەکردن لەشوێنی قەدەغەکراوو مەترسیداردا، هاوکات بەشێکی زۆری ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانە  جلوبەرگ و ئامرازی تایبەت بەمەلەکردن و سەلامەتی بەکارناهێنن»،  سەرکەوت کاڕەش وای وت. بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەمساڵدا لەسنووری پارێزگای دهۆک سێ کەس خنکاون، هەروەها ١٢ کەسیش لەخنکان رزگارکراون. رۆژنامەی هاوڵاتی چەند جارێک پەیوەندی بەبەرگری شارستانی سلێمانییەوە کرد بۆ وەرگرتنی ژمارەی ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانەی کە لەمساڵدا لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا خنکاون، بەڵام ئامادەنەبوون وەڵامبدەنەوە. هاوکات بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان لەمساڵدا لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا ١٤ کەس خنکاون. ئەمە لەکاتێکدایە راهێنەرێکی مەلەوانی داوا دەکات هاووڵاتیان و گەشتیاران وردبن لەهەڵبژاردنی ئەو جێگایەی سەردانی دەکەن بۆ مەلەوانی. باخان عوسمان، راهێنەری مەلەوانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت:  پێویستە ئەو کەسانەی سەردانی رووبارو چەمەکان دەکەن زۆر وردبن لەهەڵبژاردنی ئەو شوێنەی سەردانی دەکەن، چونکە ئاوی مەلەوانگەکان لەگەڵ ئاوی رووبارو چەمەکان جیاوازی هەیە. «گرنگترینیان ئاستی قووڵییە، کەهی مەلەوانگە دیاریکراوە، ئەمەش بۆ کەسی مەلەوان دڵنیایی و کارئاسانییە، هەروەها توانای بینین لەمەلەوانگەدا زۆرترەو بەپێچەوانەی چەم و رووبارەکان، جیاوازییەکی دیکەش ئەوەیە کە لەمەلەوانگەدا راهێنەرو چاودێر یاخود رزگارکەری ژیان  هەمووکات ئامادەن بۆ هەر یارمەتیدانێک کەپێویست بێت، بەڵام لەچەم و رووبارەکاندا کەمتر ئەم حاڵەتە هەیە»، باخان عوسمان وای وت. ئەو راهێنەرە ئەوەشی خستەڕوو، «یەکێک لەهەرە هۆکارە گرنگەکانی زۆربوونی رووداوەکانی خنکان ناشارەزایی و نەزانینی مەلەکردن و هەڵبژاردنی شوێنی مەلەکردنە، دواتریش بەداخەوە لەهەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی گشتی سود وەرنەگیراوە لەچەم و رووبارەکان و نەبوونەتە پرۆژەی تایبەت بەو بوارەو هیچ کەسێکی تایبەت وەك چاودێر لەو شوێنانەدا نین و هیچ جۆرە رێنماییەك کە گەشتیارو هاووڵاتیان سودی پێویستی لێوەربگرن بوونی نییە. سەبارەت بەچارەسەرو هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی خنکان باخان عوسمان باسی لەوەکرد کەئەم رێنماییانە جێبەجێبکرێن رووداوەکان و قوربانییەکان کەمدەبنەوە، ئەوانیش: دیاریکردنی جێگەو شوێنی تایبەت بەمەلەکردن، دانانی رێنمایی و تابلۆی ئاگاداری لەو شوێنانەدا، دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی خۆپاراستن و رزگارکردن و هەروەها دانانی کەسی لێهاتوو بۆ ئەو بوارە لەشوێنە گەشتیارییەکاندا.

هاوڵاتی مەسرور بارزانی نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات و داوای بەهاناوەچون دەکات بۆ دۆخی هەرێم و دەڵێت: ئەزمونی ھەرێم مەترسی داڕمانی لەسەرە ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان نەکات بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەکان لەگەڵ عێراق. سایتی ئەلمۆنیتەر لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، رۆژی سێی ئەیلول مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم نامەیەکی ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کردووە و تیایدا نیگەرانی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد. لە نامەکەدا سەرۆك وەزیرانی هەرێم نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەبەرامبەر رەوشی هەرێمی كوردستان و گوشارەكانی بەغدا و هۆشداری داوە رەنگە ببنە هۆی هەرەسهێنانی هەرێم و راشیگەیاندووە "ئیدارەی ئەمریكا كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر بەغدا هەیە". سەرۆكی حكومەت بۆ بایدن ئاماژەی بەوەكردووە "هیوادارین ئەمریكا لەڕێگەی ئەو كاریگەرییەی لەسەر بەغدا هەیەتی كۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت، ترسی ئەوەمان هەیە ئەو هەڵمەتە ناڕاستگۆیانەی لە دژمان بەرپاكراوە ببێتەهۆی هەرەسهێنانی  هەرێم وەك قەوارە". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو نامەیە بدات و  كۆشكی سپیش تائێستا وەڵامی نامەكەی نەداوەتەوە.

هاوڵاتی یاریدەدەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گەیشتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ و بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە. ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئیلزابێز روزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گەیشتووەتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ و بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە. ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، تایبەت دەبێت بە پرسی سپیکردنەوەی پارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چاکسازی لە سیستەمی بانکی، کە رۆڵی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرەوپێشبردنی کەرتی وەبەرھێنان لە عێراق. ئێلیزابێز رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2013 تاوەکو ساڵی 2021 سەرۆکی بەشی ئاسایشی نیشتمانیی ئابووریی ئەمریکا بووە، رێبەری ناوەندی بەرنامە ئابوورییەکانی ئەمریکا بووە لە ئاسایشی ئەمریکای نوێ [CNAS]، ئێستا بەرپرسە لە ئاسایشی ئابووریی ئەمریکا و رووبەڕووبونەوەی شوشتنەوەی پارە و چەکی بانکیی ساختە. بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.  

هاوڵاتی ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە 24 کاتژمێردا 19 سەربازی تورکیا کوژراون و گورز لە 11 سەربازگە وەشێندراوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەپەگە کە ئەمڕۆ 12ـی ئەیلوولی 2023 بڵاویکردۆتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کتاژمێری رابردوودا لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و خواکوڕک رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا 19 سەرباز کوژراون و 7 سەربازی دیکەش برینداربوون.     دەقی ڕاگەیەندراوی  ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هەپەگە لە بارەی  چالاکییەکانی گەریلا و هێرشەکانی سوپای تورکیا: :  “ھەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ؛ ١١ی ئەیلول کاتژمێر ٠٦:٤٥ و ١٠:١٠ و ١١:١٠ و ١٥:٤٠، کاتێک داگیرکەران هەوڵیان دەدا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی جێگیر بن و دەستیان بە جموجۆڵ کرد، بە نیشانەشکێنی کرانە ئامانج و پێنج داگیرکەر سزادران. ١١ی ئەیلول کاتژمێر ٠٩:٥٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی، بە چەکی قورس لە داگیرکەران درا و داگیرکەرێک سزا درا. ١١ی ئەیلول کاتژمێر ١١:٣٠، کاتێک داگیرکەران دەیانویست لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی جێگیر بن، سێ جار بە چەکی قورس کرانە ئامانج. ١١ی ئەیلول، لە نێوان کاتژمێر ٢٠:٠٥ بۆ ٢٣:٣٥، کاتێک ھەلیکۆپتەرەکان دەیانویست سەربازەکان لە گوڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی دابەزێنن، پێنج جار بە چەکی قورس ھەلیکۆپتەرەکان کرانە ئامانج. ١١ی ئەیلول کاتژمێر ٢٣.٠٠، ئەو داگیرکەرانەی کە دەیانویست لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی پێشڕەوی بکەن، لە نزیکەوە بە چەکی کەسی (سووک) تەقەیان لێکرا و سێ داگیرکەر سزادران. ١١ی ئەیلول کاتژمێر ٢٣:٣٠ خولەکی شەو بە نیشانە شکێنی کرانە ئامانج و دوو داگیرکەر سزا دران، ئەو چالاکییانە لەلایەن هێزەکانی یەژا ستارمانەوە ئەنجامدرا. ١١ی ئەیلول کاتژمێر ٢٣:٣٢، کاتێک داگیرکەران هەوڵیاندا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی جێگیر بن، بە نارنجۆک کرانە ئامانج و داگیرکەرێک سزا درا. ١٢ی ئەیلول کاتژمێر ٠١:٤٠، کاتێک داگیرکەران دەیانویست لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی جێگیر بن، بە چەکی ئۆتۆماتیکی مامناوەند کرانە ئامانج. ١٢ی ئەیلول کاتژمێر ٠٢:٢٠، بە چەکی قورس کرانە ئامانج و ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژا ستارمانەوە ئەنجامدرا. پاشان لە کاتژمێر ٠٢:٤٣ لە دژی ئەو داگیرکەرانەی کە دەیانویست لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی جێگیر بن. چالاکییەکی ھێرشبەرانە ئەنجامدرا، بە نارنجۆک و چەکی سووک لە داگیرکەران دراو و لانیکەم چوار داگیرکەر سزادران. هاوکات لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ـی پاش نیوەڕۆ کاتێک داگیرکەران دەیانویست لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی جێگیر بن، بە چەکی ئۆتۆماتیکی مامناوەند کرانە ئامانج. لە بەرواری ١١ـی ئەیلول، لە کاتژمێر (٩ تا ٣:٣٠ خولەکی پاش نیوەڕۆ) گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی بە چەکی قورس لە داگیرکەران درا و گورز لە حەوت سەنگەر وەشێندرا. هەروەها لە کاتژمێر ١٣:٠٠ و ١٤:٥٠ و ١٦:٠٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی بە چەکی قورس لە داگیرکەران درا و گورز لە سێ سەنگەر وەشێندرا و ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژا ستارمانەوە ئەنجامدرا. لە کاتژمێر ٢٣:٤٥، کاتێک ھەلیکۆپتەرەکان هەوڵیاندا سەربازەکان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی دابەزێنن، دوو جار بە چەکی قورس ھەلیکۆپتەرەکان کرانە ئامانج. ١٢ی ئەیلول کاتژمێر ٠٣:٠٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە چەکی قورس لە داگیرکەران درا و گورز لە سەنگەرێک وەشێندرا.  هەرێمی خواکورک؛ لە ١٠ی ئەیلولدا کاتێک داگیرکەران لە نێوان شاخی شەهید دەروێش و شاخی لیلکان لە جموجۆڵدابوون بە تاکتیکی سابۆتاژ لە داگیرکەران درا، لەو چالاکیەدا سێ داگیرکەر سزادران و چوار داگیرکەریش برینداربوون.   هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر؛ لە ١١ی ئەیلولدا گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ چوار جار، گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی بەهار دوو جار، دەوروبەری رووباری زێش دوو جار، بە گشتی ئەو ناوچانە هەشت جار لەلایەن فرۆکەی شەڕەوە بۆردومان کران. لە ١١ی ئەیلولدا گۆڕەپانەکانی بەرخودانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ و گۆڕەپانی مەتینا بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان کران. هەرێمەکانی زاپ، هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ، مەتینا و خواکورک تۆپباران کران”.

هاوڵاتی ئه‌نجومه‌نی‌ لقی‌ سلێمانی‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێكی‌ ده‌وامكردن به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ و داواكاریشه‌ به‌ زووترین كات ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ دوو مانگ بكرێت.   ئەنجومەنی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوانی پیرۆزكردنی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن بوین، به‌ڵام دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی موچه‌ بوه‌ته‌ گرفتی به‌رده‌وامی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و نیگه‌رانین به‌رامبه‌ر به‌ مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان كه‌ ده‌بو به‌ یه‌ك ده‌نگ پشتیوانی داخوازی مامۆستایانی بكردایه‌ و به‌رپرسیارێتی دروستیان له‌ ئاستی دۆخه‌كه‌ هه‌بوایه‌". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، نیگه‌رانن له‌ خه‌مساردی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاست خراپی گوزه‌ران و ژیانی مامۆستایان و دابه‌شكردنی موچه‌ هه‌ر 30 رۆژێك جارێك. ئه‌نجومه‌نی‌ لقی‌ سلێمانی‌ داواكاره‌ له‌ زووترین كاتدا ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ 7 و 8 بكرێت. راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ پشتیوانی‌ سه‌رجه‌م داخوازی‌ مامۆستایان ده‌كه‌ن و رێكاره‌ مه‌ده‌نییه‌كان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ داخوازییه‌كانیان ده‌گرنه‌به‌ر. ئه‌نجومه‌نی‌ لقی‌ سلێمانی‌ دووپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ "دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێكی‌ ده‌وامكردن به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ لای‌ مامۆستایان و پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن ده‌گه‌یه‌نێته‌ سه‌ر رێچكه‌ی‌ دروستی‌ خۆی‌".

هاوڵاتی ئاسایشی سلێمانی رایگه‌یاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان شه‌ش تۆمەتباری تەقەکەر و "ئاژاوەگێڕ"یان دەستگیرکرد.  ئاسایشی سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "دوای بیستنی دەنگی تەقە و تەقەکردن لەلایەن چەند چەکدارێکی نایاسایی و تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و تەقەکەر لەباخێکدا لە سنوری ناحیەی شۆڕش لە قەزای چەمچەماڵ، کە هەستابون بە نانەوەی پشێوی و تەقەکردن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ"  لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، تۆمەتبارەکان "پێشینەی تاوانیان هەبووە و دەستگیرا بەسەر چەندین پارچە چەکی بێ مۆڵەت و سەدان فیشەک و هەشت (صمامی) گولەی هاوەن." ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، بە چەک رووبەڕووی هێزەکانمان بوونەوە و سەرئەنجام دەستگیرکران و بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی (١٥٦) لە یاسای سزادان راگیران و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە. به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، شه‌وی رابردو له‌ یه‌كێك له‌ باخه‌كانی قەزای چەمچەماڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ گۆرانیبێژانی میللی کاروان شارەوانی و (ئەحمەد سەنگاوی و هەڤاڵ چەمچەماڵی گۆرانیان وتوه‌ و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێك له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا ته‌قه‌یان كردوه‌ هێزه‌كانی ئاسایش چونه‌ته‌ باخه‌كه‌ و ده‌ستگیریان كردون. زانیاریه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ باخه‌كه‌دا بە چەكی M4 تەقەیان كردوە و خەڵكی شۆڕش شكاتیان لێكردون و بە فەرمانی دادوەر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چونەتە سەریان و حه‌وت كه‌سیان ده‌ستگیركردوه‌، گۆرانیبێژه‌كانیش له‌نێو ده‌ستگیركراواندا بون به‌ڵام دواتر ئازادكراون.

هاوڵاتی سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان- عێراق ڕایگەیاند کە داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ھاوکارییان بکەن لە سەوزکردنی سێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە. ئەمڕۆ یەکشەممە، وۆڕکشۆپێکی ئامادەکاری لە ھەولێر، بۆ کۆنفڕانسی گۆڕانی ئاووهەوا کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت، ئەنجام درا. عەبدولڕەحمان سدیق لە میانی وۆڕکشۆپەکەدا ئاماژەی بەوە کرد "لە ئێستادا، ئامارێکی دیاریکراو بۆ ھەبوونی رێژەی بە بیابانبوون لە ھەرێمی کوردستان لە بەردەستدا نییە و گوتی: "داوامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ھاوکارمان بکەن لە سەوزکردنی ناوچەی گەرمیان، باشووری دھۆک و ڕۆژئاوای ھەولێر، چونکە مەترسیی بە بیابانبوونیان لەسەرە." بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کۆنفڕانسی گۆڕانی ئاووهەوا لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت کە ھەر یەک لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان- عێراق و وەزارەتی ژینگەی عێراق تیایدا بەشداری دەکەن.

هاوڵاتی ئەمرۆ سێ شەممە کەسوکاری گۆهدار زێباری لەشاری هەولێر سکاڵایان لەدژی ئاسایشی گشتی هەولێر تۆمارکرد. زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری بە هاوڵاتی  وت" براکەم ستەمێکی زۆر لێی کراوە،دەبوو پێش مانگێگ ئازاد کرابا بەڵام نەک ئازاد نەکرا بەڵکو 27 ڕۆژە لە ئاسایشی گشتی دەستبەسەرە نە ئازاد دەکرێت و نە دادگای دەکرێت". وتیشی ،" کەیسەکەی بەهەڵواسراوەی ماوەتەوه، بوویە ئەمرۆ بە فەرمی لەدەستەی مافی مرۆڤ لەشاری هەولێر سکاڵامان لەدژی ئاسایشی گشتی هەولێر تۆمارکرد" زێدان زێباری بەسیلەوەشکرد "دەمانەوێت کەیسەکەی یەکلایی بکرێتەوە، ناکرێت بەوشێوەیە بەردەوام بێت هەر خوڵەکێک بۆئێمە زۆرە نەک مانگێگ، داوا لەهەموو لەیەک دەکەین بە زووترین کات بێنە سەرخەت بۆ ئازادکرنی گۆهدار، ئێمە تاکەی چاوەروان بین" .  سەبارەت بە هۆکاری ئازادنەکردنی براکەی وتی  " دواینجار کەیسێکی تری بۆ کراوەتەوه ئەویش کەیسی چەکە،ئەوان دەڵێن لەکاتی دەستگیرکردنی گوهدار چەکێکیان لەو شوێنە دۆزیوەتەوە کە گوهداری لێگیراوە،بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە چەک نیە بەڵکۆ تاپڕە ئەویش هی گۆهدار نیە بەڵکۆ هی باپیرمانە". گۆھدار زێباری لە 16ی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"  لەگەڵ هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.

هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردوو، بەشێک لە ھێزە سەربازییەکانی عێراق کە لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک جێگیرکرابوون، گەڕەکەکانیان بەجێھێشتووە. بەشێک لەو ھێزە ئەمنیانەی زیاتر لە ھەفتەیەکە لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک جێگیرکرا بوون، دەستیان بە کشانەوە کرد هاوکات بڕیاروایە ئەمڕۆ وەفدێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ھەفتەی رابردووی کەرکوک، سەردانی ئەو شارە بکات. ڕۆژی دووی ئەم مانگە لە کەرکوک خۆپیشاندان دژی داخستنی رێگەی کەرکوک-ھەولێر بەڕێوەچوو، بەھۆی دروستبوونی گرژییەوە چوار ھاووڵاتیی کورد شەھید بوون و ١٤ کەسیش بریندار بوون و ھێزی ئەمنیی لە چەندین گەڕەکی کوردنیشین جێگیرکران.

هاوڵاتی  پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین رایانگەیاند، ئەو کەسە دەستگیرکراوە کە لەرۆژی ٧ی ئەم مانگە سێ هاوڵاتی قەڵادزێی کوشت، تۆمەتبارەکە بۆ سنوری کۆڕێی سەر بە قەزای شەقڵاوە رایکردووە و لە ماڵێکدا خۆی حەشاردابوو. ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین بەهاوبەشی راگەیاندراوێکیان سەبارەت بە دەستگیرکردنی بکوژی سەرەکی سێ هاووڵاتییەکەی قەڵادزێ بڵاوکردەوە کە لە شەوی پێنج شەممە، 7ی ئەیلوولی 2023، لە قەڵادزێ سێ کەسی لە یەک کات و شوێندا کوشت.  لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوونی هێزە هاوبەشەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار، بەسوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن لە ئەنجامدا تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرابکرێت".  هەروەها باس لەوەش کراوە کە بەپێی زانیارییەکانیا، تۆمەتبار دوای ئەنجامدانی تاوانەکە رایکردووە بۆ سنوری کۆڕێ سەر بە قەزای شەقڵاوە و "لە ماڵێك خۆی حەشارداوە." هاوکات دەشڵێن، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ناسنامەی بکوژەکە، تۆمەتبارەکە لەلایەن پۆلیسی کۆڕی و ئاسایشی سنوورەکە تواندرا دەستگیر بکرێت کە "ناوی (ق،هـ،ع) لەدایک بووی ساڵی 1994 پیشەی پێشمەرگە دانیشتوی سنوری قەزای پشدەرە."

هاوڵاتی  د.پشده‌ر عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی د.جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شیدی مناڵان له‌ سلێمانی، هۆشداری ئەوە دەدات کە نەخۆشخانەکەیان بەهۆی نەهاتنی موچەوە لە بەردەم داخستندایە، دەشڵێت، "داوا لە حکومەت دەکەین هەرچی زووترە موچە دابین بکات." د.پشدەر عەبدوڵا له‌په‌یامێكدا دەڵێت، "به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی فێركاری دكتۆر جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شید له‌به‌رده‌م داخستندایه‌ به‌هۆی پێنه‌دانی موچه‌ به‌ پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و ئیداری و په‌رستاران."  لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئەوان وەک ئیدارەی نەخۆشخانە به‌ته‌واوی پشتگیری پزیشكان و كارمه‌ندانی ئیداری و ته‌ندروستی و په‌رستاران ئه‌كه‌ن، "داواش له‌ حكومه‌ت ئه‌كه‌ین كه‌ هه‌رچی زووتره‌ موچه‌ دابینبكات."  د.پشدەر عەبدوڵا داوایەک ئاراستەی هاوڵاتیانیش دەکات و دەڵێت، "داوا له‌ هاوڵاتیان ئه‌كه‌ین تكایه‌ له‌كاتی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ ڕه‌چاوی بارودۆخی ده‌رونی  پزیشكان و كارمه‌نده‌كانمان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌رده‌وام بن، چونكه‌ پزیشكانی گه‌نج و كارمه‌نده‌كان و په‌رستاران جگه‌ له‌ موچه‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتیان نییە." ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمموز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمیش هیچ میکانیزمێکی نییە بۆ دابەشکردنی موچە.  بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە، تا ئێستا چەند فەرمانگە و بەرێوبەرایەتییەکی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتیان راگەیاندووە، ماۆستایانیش بەنیاز نین بچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە تا موچە وەرنەگرن.

هاوڵاتی  ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی کەرکوک و شەهید و بریندارکردنی کوردنی کەرکوک، لیژنەی ئاسایش و بەرگری گەشتە کەرکوک و هەوڵ دەدەن "راستی روداوەکان" دەستنیشان بکەن. مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە شەهید و برینداركردنی گەنجانی كوردی كەركووك و بەكارهێنانی هێز بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی كورد و ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی كە لەم دواییانەدا لە شارەكە ڕوویان دا، وەك لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گەیشتینە كەركوک." سەردانی لێژنەكە دوای ئەوە دێت كە سەرەتای ئەم هەفتەیە، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا لێژنەیەك بۆ دەرخستنی راستییەكان لەبارەی ڕووداوەكانی كەركوك لە لایەن لێژنەی ئاسایش و بەرگری پێك بهێندرێت و سەردانی شارەكە بكات. مەریوان قەرەنی دەڵێت، "هەوڵ دەدەین لە سەردانی ئەمڕۆماندا ڕاستیی ڕووداوەكان دەستنیشان بكەین و ئەوانەش دەستنیشان بكەین كە بەرپرسن لە شەهیدكردنی ڕۆڵەكانی كەركوك و هەوڵی نانەوەی ئاژاوەیان داوە و لەسەر بنەمای تائیفی و بە كۆنەقین، ڕێگەیان نەداوە حزبە كوردستانییەكان بە ئازادانە لە كەركووك كاری خۆیان بكەن."

هاوڵاتی  فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق پابەندە بە رێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران و رێکاری پیویستیان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵات لە سنوری ئێران، دەشڵێت، "پێویست ناکات ئێران هەوڵی توندوتیژی و هەڕەشە بدات." ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئەیلولی 2023، فوئاد حوسێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا سەبارەت بە چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "عێراق دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی لەگەڵ ئێران و پابەندە بەو رێککەوتنەوە، سبەینیش سەردانی تاران دەکەم بۆ گەیاندنی ئەم پەیامانە."  لە رێکەوتنەکەی عێراق و ئێراندا هاتووە کە دەبێت تا 19ی ئەم مانگە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەک بکرێن و بگوازرێنەوە. ئێران هۆشداریداوە کە ئەو وادەیە درێژناکاتەوە و هەڵوێستی تووندی دەبێت لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەدا.  وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوە کرد، "رێوشوێنى پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەى بنکە و بارەگاى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سنوورەکانى عێراق-ئێران و  ئێران ناکرێت لەرێی بەزاندنی سەرەوەری عێراق هەوڵی توندوتیژی و هەڕەشە بدات، ئەو هێزانە ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەمپیان بۆ دروستکراوە و بەشێکیان لەو کەمپانە نیشتەجێکراون و لە سنوری ئێران دوورن، بۆیە بەو شێوازەیە کە ئێران داوای دەکات." فوئاد حوسێن وتیشی، "گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەکەین کە هەوڵ نەدات بۆ هەرەشە کردن و بەکارهێنانی توندوتیژی و بۆردومانکردنی هەندێ ناوچەی کوردستانی عێراق."