هاوڵاتی تەقینەوەیەک لە ماڵێک لە سلێمانی رویدا کە لە ماڵی ئەفسەرێکی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگەدا بووە، لە ئەنجامدا ئەفسەرەکە گیانی لەدەستداوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئەیلولی 2023 لە دەوروبەری کاتژمیر 2:00ی پاشنیوەڕۆ لە گەڕەکی کانی کوردە لە سلێمانی تەقینەوەیەک لە ماڵی ئەفسەرێکی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگەدا روویدا و بەهۆیەوە ئەفسەرەکە گیانی لەدەستداوە. تا ئیستا لایەنی پەیوەندیدار هیچ زانیارییەکاین لەو بارەیەوە نەخستووەتەڕوو بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن، ئەفسەرەکە لە سەربازی ماڵەکەی دەستکاری تەقەمەنی تایبەت بە راوەماسی کردووە و پیایدا تەقیوەتەوە. ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی ئاکۆ محەممەد قادرە و خانەنشینە لەسەر هێزەکانی 70 و پلەی مقەدەمی هەبووە.
هاوڵاتی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بڕیارە لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو دوو پێشنیارە بکرێت کە پێنجشەممەی رابردوو شاندی حوکمەتی هەرێم پێشکەشی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد. بەپێی زانایرییەکان یەکێک لە پێشنیارەکان ناردنی 800 ملیار دیناری مانگانەیە بۆ هەرێمی کوردستان تا مانگی 12ی 2023 و ئەوی تریش گۆرانکاری و هەموارکردنەوەی بەشێک لە بڕگەکانی یاسای بودجەی عێراقە.
هاوڵاتی محهمهد عوسمان ناسراو بە حەمەسور دووشیوانی، ئەندامی سهركردایهتی یهكێتی لەسەر سکاڵایهكی حەشدی شەعبی و ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بهسهردا سهپێنرا بەتۆمەتی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و سوکایەتیکردن بە حەشدی شەعبی." حەمەسور دووشیوانی لە راگەیاندراوێکدا سزاکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت دوای چوار ساڵ و دوو مانگ "لەگەڵ نوێنەری حەشدی شەعبی لە (دادگای جنایاتی کەرکوک ـ الهيئة الثانية) کە داوایان لە دژم تۆمارکردبو کە گوایە سوکایەتی و هەواڵی ناڕاستم لەسەر حەشدی شەعبی بڵاوکردوەتەوە کە ئەوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوم لەسەر کێشەی (16)ی ئۆکتۆبەر و گۆنگرەی ڕۆژنامەوانیمان بەست و ڕونمانکردەوە کە ئەو هەمو غەدر و تاوانەی لە دژی خەڵکی هەردو قەزای دوزخورماتو و قەزای داقوق کرابو لە مێژودا وێنەی نەبوە و وەناشبێت، شەش مانگ حوکم درام." حەمەسوور دوشیوانی دەشڵێت لەو کارەساتانەدا "حەوت پێشمەرگە و دو هاوڵاتی شەهید بون، 115 کەس لە پێشمەرگە و هاوڵاتی برینداربون، 41 دیل دوای ئەشکەنجەدان ئازادکران، چوار حاڵاتی دەستدرێژی کراوەتە سەر ژنان کە یەکێکیان لای دادگا تۆمارکراوە، زیاتر لە پێنج هاوڵاتی لە کاتی ئاوارەبون کۆچی دواییان کرد". ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی باس لەوەش دەکات، "زیاتر لە سێ هەزار و 15 ماڵی هاوڵاتیانی کورد تاڵانکران و شێوێندران، 53 خانوو و دوکان و کارگەی هاوڵاتیانی کورد تەقێندرانەوە، نزیکەی 530 خانوی هاوڵاتیانی کورد لەگەڵ دوکان و مارکێتی گەورە و بچوک و شوێنی بازرگانی بەرتاڵان و سوتاندن کەوتن، هەروەها 156 ئۆتۆمۆبێلی بچوک و بارهەڵگر و تراکتۆر و شۆفڵ و حەفارەی هاوڵاتی کوردی بێتاوان دزران."
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆببێتەوە و بڕیار لەسەر ناردنی پارە بدات بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیاری شاندەی حکومەتی هەرێم. ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئەیلولی 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر دوو پێشنیارەکەی شاندەکەی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە کە دوو پێشنیاری کورت مەودا و درێژ مەودان. پێنجشەممەی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی وتی، دوو پێشنیاریان خستەڕوو کە یەکێکیان کورت مهودایه و ئەوی تریشیان درێژخایەنه بۆ دابینکردنی پشكی ههرێمی كوردستان." لەو دوو پێشنیارەی کە باسکراوە، یەکیکیان ناردنی 800 ملیار دینارە تا مانگی 12ی 2023 و پێشنیارەکەی تریش هەموارکردنەوەی بەشێک لە ماددەکانی یاسای بودجەی عێراقە. بەهۆی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا تا ئیستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتی دژەتیرۆری یەکێتی رایگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق دوو تیرۆرستیان لە سنوری سلێمانی دەستگیکردووە کە خەڵكی سەڵاحەدینن. لە راگەیاندراوەکەدا دژەتیرۆری یەکێتی دەڵێت، "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر و هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە سنوری سلێمانی، توانرا دوو تیرۆرست بە ناوەکانی (ح،ع،ح،خ) لە دایکبووی ساڵی 1986، (ن،ع،ح،خ) لەدایکبووی 1984 خەڵکی سەڵاحەدین دەستگیربکرێن." هەروەها ئەوەش هاتووە، "هەردوو تیرۆرستی ناوبراو لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بە ماددەی 4ی تیرۆر داواکرابوون و دەستبەجێ ڕادەستی یاسا کران بە مەبەستی سزادانیان."
هاوڵاتی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، سبەینێ حکومەتی عێراق رەزامەندی دەدات لەسەر ناردنی 800 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بەڵام بە مەرجێک کە دەبێت بۆ مووچە خەرج بکرێت. لە چاوپێکەوتنێکدا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، "پێویستە ئەو پارەیە تەنها بۆ موچە بەکاربێت و بۆ مەبەستی تر نەبێت ئەگرنا بەغدا هەڕەشەی کردووە ناردنی پارەکە رادەگرێت ئەگەر نەدرێت بە موچەخۆران." سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، "زانیاریمان ههیه و فراكسیۆنهكهمان لهگهڵ سهرۆك وهزیرانی عێراق ئهمڕۆ لهخهت بوون و قسهمان لهگهڵ كردوون، سبهی یهكشهممه ئهنجومهنی وهزیرانی عێراق بڕیار لهسهر ناردنی نزیكهی 800 ملیار دیناری مانگانه بۆ ههرێمی كوردستان دەدات." قسەکانی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەکاتێکدایە کە پێنجشەممەی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، دوو پێشنیاریان خستەڕوو کە یەکێکیان کورت مهودایه و ئەوی تریشیان درێژخایەنه بۆ دابینکردنی پشكی ههرێمی كوردستان." بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم سبەینێ لەسەر دوو پێشنیارەکەی شاندەکەی هەرێم کۆببێتەوە و بڕیاری لەسەر بدات. بەهۆی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا تا ئیستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە. لە دوو پێشنیارەی کە باسکراوە، یەکیکیان ناردنی ئەو 800 ملیار دینارەیە تا مانگی 12ی 2023 و پێشنیارەکەی تریش هەموارکردنەوەی بەشێک لە ماددەکانی یاسای بودجەی عێراقە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی ئەمیرێکی داعشی راگەیاند و دەڵێت، دەستی هەبووە لە چەندین کردەوەی تیرۆرستیدا. ئەمڕۆ 16ی ئەیلولی 2023، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە بەرواری 6 ئەیلول "دامەزراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان توانیان ئەمیرێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە ناوی (زیدان خلیفە احمد مطر ناسراو بە ابو لیلی) دەستگیر بکەن کە ئەمیری کەرتی (سعد بن ابي وقاص) بووە لە ویلایەتی دیجلە و ئەرکی لە چیای قەرەچووغ بووە." لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە زیدان خەلیفە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پەیوەندی بە ریزەکانی داعشەوە کردووە و بەشداری کردووە لە چەندین شەڕی دژی پێشمەرگە.
هاوڵاتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، گەنجێک لە سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تەقەی لێکراو و لەئێستادا تەندروستی ناجێگیرە. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نزیک گۆڕستانی ئەیچی تەقەیان لەو گەنجە کردووە کە ناوی فەردین جەعفەرییە. گۆڕستانی ئەیچی ئەو گۆڕستانەیە کە ژینا ئەمینی تێدا بە خاک سپێردراوە. رێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە فەردین گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شیفا لە شاری سەقز و لەئێستادا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە. ئەمڕۆ 16ی ئاب ساڵیک تێدەپەڕێت بەسەر گیان لەدەستدانی ژیان ئەمینی و هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوەیان پێکراوە لە ترسی سەرهەڵنەدانی خۆپیشاندان. هاوکات هەر ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە لە شاری سەقز ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینیان دەستگیرکرد و دوای نزیکەی دوو کاتژمێر گەڕاندیانەوە بۆ ماڵەوە و لە ئێستادا لە ماڵەوە دەستبەسەرە. ئەمڕۆ لە یەکەمین ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، خەڵکی 18 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان مانیان گرت و دوکان بازاڕەکانیان داخست کە دیارترینیان شاری بۆکان، دێولان، مەریوان، ئورمیە، سنە، کامێران، بانە، ئیلام، سەقز، مەهاباد، شنۆ، دیواندەرە، سەردەشت، و پاوە بوون.
هاوڵاتی زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری زانیاری نوێ لەسەر رەوشی تەندروستی گۆهدار دەخاتەڕوو و دەڵیت، رەوشی زۆر خراپە و بڕیاریداوە مانگرتنی نەشکێنیت. ئەمڕۆ 16ی ئەیلولی 2023 دایک و خوشکی گۆهدار زێباری توانیان چاویان بە گۆهدار بکەوێت و سەردانی بکەن لە زیندانی ئاسایشی گشتی لە شاری هەولێر. لەبارەی سەردانەکەوە براکەی گۆهدار بە هاوڵاتی وت، "دوای ئەوەی دایکم گوهدار دەبینیت زۆر دڵتەنگ و عاجز دەبێت و بەخەمێکی قوڵەوە بە ئێمەی ووت براکەتان زۆر کێشی دابەزیبوو و وەک مردوویەکی نیوە زیندوو بینیم چونکە دە رۆژە لەمانگرتندایە." زێدان زێباری دەشڵێت، "ئەمجارە گۆهدار بڕیاریداوە تا دیاریکردنی رۆژی دادگا و یەکلانەکردنەوەی کەیسەکەی مانگرتن نەشکێنێت، جارەکەی تر ئاسایش بەڵێنیان پێدا ئەگەر مانگرتنەکەی بشکێنێت ئەوا کەیسەکەی یەکلایی دەکەنە بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکرد." ئەمە دووەم جارە لەماوەی تەنها مانگێکدا گۆهدار زێباری مان دەگرێت لە خواردن و جاری پێشووش دوای ئەوەی بڕیاربوو لە 16ی ئابی ٢٠٢٣ ئازادبکرێت و دواتر دۆسیەیەکی نوێی بۆ کرایەوە، مانی گرت. مان گرتنی گۆهدار دوای ئەوە دێت کە تۆمەتێکی تری دراوەتە پاڵ بە هەڵگرتنی "چەکی بێ مۆڵەت." گۆھدار زێباری لە 16ی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەگەڵ هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.
هاوڵاتی دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو کاتژمیر هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەمجەد ئەمینی، باکوی ژینا ئەمینیان دەستگیرکرد، لە ئێستادا ئازادکراوە بەڵام هێشتا لە ماڵەوە دەستبەسەرە و ماڵەکەی گەمارۆ دراوە. بەپێی وتەی شایەتحاڵێک لە شاری سەقز کە بۆ هاوڵاتی قسەی کرد، ئەمجەد ئەمینی ئازاد کراوە بەڵام هێشتا لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر و خانوەکەی گەمارۆدراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ 16ی ئەیلولی 2023، هێز ئەمنییەکانی ئێران بۆ ماوەی دوو کاتژمێر باوکی ژینایان دەستگیرکرد کە بەنیازی ئەوەبوو مەراسیمی ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی ساز بکات. رێكخراوەكانی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان رایانگەیاندووە كۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەكی زۆر هێزی سەربازیو ئەمنیی لە شارەكانی رۆژهەڵات بڵاوكردوەتەوە بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانی هەر جۆرە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەك. لە یەکەم ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە، مەریوان، سەقز، سنە، دێولان، دیواندەرە، بانە، کامیاران، شنۆ ، مەهاباد، ئابدانان، کرماشان، جوانڕۆ، نۆدشە، سەردەشت، پیرانشار و بۆکان مانگرتنی گشتی راگەیاندرا و خەڵکی ئەو شارانە دوکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە.
هاوڵاتی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ یەکەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی. لە یەکەم ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی چەندین شاری ئێران لەوانە، مەریوان، سەقز، سنە، دێولان، دیواندەرە، بانە، کامیاران، شنۆ ، مەهاباد، ئابدانان، کرماشان، جوانڕۆ، نۆدشە، سەردەشت، پیرانشار و بۆکان مانگرتنی گشتی راگەیاندرا و خەڵکی ئەو شارانە دوکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە. بەپێی هەواڵی چەند میدیایەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینیان دەستگیرکردووە ئەمەش لەکاتێکدا کە باوکی ژینا ئەمینی رایگەیاندبوو سوورە لەسەر ئەنجامدانی رێورەسمی یادکردنەوەی مەرگی کچەکەی سەرەڕای هەڕەشەکانی حکومەتی ئێران. رێكخراوەكانی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان رایانگەیاندووە كۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەكی زۆر هێزی سەربازیو ئەمنیی لە شارەكانی رۆژهەڵات بڵاوكردوەتەوە بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانی هەر جۆرە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەك. ژینا ئەمینی لە 13ی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە دەستگیرکرا و توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدرا بەهۆی رەچاونەکردنی باڵاپۆشییەوە، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە خۆپیشاندانی فراوان لە ئێران و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستبوو، کە بەهۆیەوە بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مۆرڤ نزیکەی 500 کەس کوژران.
هەناو بابارەسوڵ بەشێك لەگەنجانی كورد تەنانەت خێزانەكانیش بەپارەیەكی زۆر یاخود چاوپێكەوتن ڤیزای توركیا وەردەگرن، ئامانجی سەرەكیشیان ئەوەیە لەتوركیاوە بەیەكێك لەڕێگا قاچاغەكان خۆیان بگەیەننە یەكێك لەوڵاتانی ئەوروپا، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەكی زۆر لەچاوەڕوانی و چارەنووسێكی نادیاردا دەمێننەوە. زۆرێك لەخەڵكی هەرێمی كوردستان كە دەچنە توركیا روودەكەنە ئەستەنبوڵ بەدیاریكراویش ناوچەی «فاتیح» و ئاكسەرای كە ئەو شوێنە بەشێكی زۆر لەقاچاغچیەكان و رێبەرەكانیان تێیدا دەمێننەوەو نەفەر بۆ رێگا قاچاغەكانیان كۆدەكەنەوە. ئەیوب كەریم، بەخۆی و خێزانێكی چوار كەسییەوە كە سێ منداڵی پێییە رووی كردووەتە ئەستەنبوڵ و چاوەڕێی ئەوەیە بچێتە یەكێك لەوڵاتانی ئەوروپا، ئەوان جارێك بەڕێگای وشكانیدا هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك بەپێ رۆیشتن پۆلیسی یۆنان دەستگیریكردوون و گەڕاندوونیەتیەوە بۆ توركیا، جگە لەوەی وەك خۆیان دەڵێن پۆلیسی یۆنان چییان پێبووە لێیان سەندوون. وەك ئەیوب بۆ هاوڵاتی باسیكرد، سەرەڕای ئەوەش كۆڵیان نەداوەو لەچاوەڕوانیدابوون تا بەڕێگای ئاو یان رێگایەكی دیكە بگەنە یۆنان یان ئیتاڵیا، بەڵام بۆ ئەو گەیشتنەش دەبێت چاوەڕوان بن و نازانن دەردەچن یاخود نا، بۆ ئەوەش دەبێت پارەیەكی زۆر بدەن بەقاچاغچیەكان تا ئیتاڵیا، پێشیان وتوون لەئەگەری دەستگیركردنیان لەئاوەكانی یۆنان رەنگە دیپۆرت بكرێنەوە یاخود بۆ ماوەیەكی زۆر لەكەمپدا بن لەیۆنان و سەرەڕای ئەوەش پەنجەمۆریان پێبكرێت، لەوحاڵەشدا نیوەی پارەكەیان دەڕوات. پەیامنێری هاوڵاتی لەكاتی گفتوگۆی نێوان ئەیوب و رێبەری یەكێك لەچاغچیەكان بەناوی (هەرێم) ئامادەبوو وەك نەفەر خۆی ناساند، رێبەری قاچاغچیەكە باسی لەوەدەكرد كە یەختەكەیان 34 مەترەو تەنها (200) كەسی تێدەكەن، بۆ ئەوەش دەبێت بۆ هەر نەفەرێك هەشت هەزارو پێنجسەد دۆلار بدەن و بۆ منداڵەكانیش نیوەی پارەكە بدەن. وەك رێبەری یەكێك لەقاچاغچیەكانی توركیا باسی كرد، لەئەگەری گەیشتنیان بەیۆنان و گیرانیان ئەگەر دیپۆرت نەكرانەوە نیوەی ئەو پارەیەیان دەوێت. لەناوچەی ئاكسەرای كەبۆ زۆرێك لەو كەسانەی بەقاچاغ چوونەتە ئەوروپا یاخود چاوەڕێن بچن ناوێكی ناسراوە، دەیان رێبەرو قاچاغچی رۆژانە مامەڵە دەكەن لەگەڵ نەفەرەكان و بەشێكیان نەفەرەكان دەبەنە شوقە یان شوێنی مانەوە كە خۆیان بەكرێیان گرتووە تا نەفەرەكان دەردەچن. لەبەدواداچوونەكانی هاوڵاتیدا دەركەوت زۆرێك لەقاچاغچیەكان وەك كاڵا مامەڵە لەگەڵ كۆچبەران دەكەن، واتە بەشێك لەكۆچبەران دەفرۆشرێن بەڕێبەری (روس و تورك و پاكستانی) واتە ئەوان تەنها مامەڵەكە دەكەن و دواتر بەبڕە پارەیەك ئەو كۆچبەرانە دەدەنە دەست رێبەری دیكەو خۆیان تەنانەت ناچنە سنورەكانیش بۆ بەڕێكردنیان. هەرچەندە توركیا رێككەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا هەیە كەڕێگربێت لەوەی بەقاچاغ كۆچبەران بگەنە ئەوروپا، بەڵام جدیەتێكی زۆر لەو رێككەوتنە بەدیناكرێت، نەك هەر ئەوە بەڵكو بەشێك لەو كەسانەی بەو رێگایانەدا رۆیشتوون دەڵێن پاسەوانی سنورەكانی توركیا بەڕێگای وشكانی بەرەو یۆنان هیچ ڕێگرییەك ناكەن تاكۆچبەران بپەڕنەوە بۆ یۆنان. یەكێكی دیكە لەو كەسانەی پەیامنێری هاوڵاتی قسەی لەگەڵ كرد، ناوی (كاروان)ە، ئەو خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو، وەك خۆی ئاماژەی پێدا نزیكەی 40 رۆژە لەتوركیایەو شەش جار بەڕێگای وشكانی هەوڵیداوە بپەڕێتەوە بۆ یۆنان، بەڵام هەوڵەكانیان سەرینەگرتووە، سەرەڕای ئەوەش دەڵێت بەردەوام دەبن و كۆڵ نادەن. بەوتەی ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران، ئاگرەكانی یۆنان مەترسییەكی دیكەیە بۆ سەر كۆچبەران، لەمانگی تەمموزدا كاتێك شەپۆلێكی گەرمای درێژخایەن یۆنانی گرتەوە و پلەی گەرمی لە باشوور (٤٦) پلەی سەدی تێپەڕاند، چەندین ئاگر لەدارستانەكان كەوتەوە، كەمەترسیدارترینیان لە دوورگەكانی ڕۆدس لە دەریای ئیجە لەڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەو كۆرفو لەدەریای ئایۆنی لەباكووری رۆژئاوای یۆنان روویداوە بووە هۆی چۆڵكردنی هەزاران ناوچە لەدانیشتووان. وتیشی: لەسەرەتای وەرزی هاوینەوەو ئاگركەوتنەوەكان لانیكەم (٢٥) كەس گیانیان لەدەستداوە كەدەسەڵاتداران تەرمی (٢٠) كەسیان دۆزیوەتەوە لە نزیك شاری ئەلێكساندرۆپۆلی و رایانگەیاندوە كە بەئەگەری زۆرە كۆچبەرن. ئاری جەلال دەشڵێت زۆرێك لەكۆچبەران بەتایبەتی لەگوندە سنوورییەكانی توركیا دوای بەزاندنی رووباری ئێڤرۆس پێیدا تێدەپەڕن، بەو پێیەی بەشێكی زۆریان ناچارن بۆ ماوەی چەندڕۆژێك لەڕێگا لاوەكییەكاندا بەپێ بڕۆن و خۆیان لەدارستانەكاندا بشارنەوە لە ترسی ئەوەی پۆلیس دەستگیریان دەكات و بە زۆر دەیانگەڕێنێتەوە بۆ توركیا. ئەمەش لە كاتێكدایە كە رۆژی هەینی یەكی ئەیلولی ئەمساڵ دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاند، گروپێكیان رزگار كردوە كە لە (٢٥) كۆچبەر پێكهاتبوون، تەواوی كۆچبەران لەهاووڵاتی سوریاو عێراق و لوبنان پێكهاتبوون. رۆژانە لەمیدیاكانی یۆنان و ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستانیش هەواڵی خنكان یان رزگاركردنی كۆچبەران لەخنكان لەئاوەكانی یۆنان و ئیتاڵیا بڵاودەكرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی دەزگای لوتكە لەهەفتەی سەرەتای مانگی تەمموزی 2023 دا ٢٦ حاڵەتی گەڕانەوەی بەلەمەكان لەئاوەكانی یۆنان بۆ توركیا تۆماركراوە، كە ٨٢١ پیاوو ژن و منداڵ بوون ، كەتەنها لەو هەفتەیەشدا ٨٠ بەلەم توانیویانە بپەڕنەوە بۆ ئاوەكانی یۆنان، دەسەڵاتدارانی یۆنانیش توانیویانە بەشێوەیەكی نایاسایی ٢٦ بەلەمیان بەهەمان رێگەدا ناردووەتەوە بۆ توركیا. سەرەڕای ئەوەش هەر بەپێی زانیاریەكانی ئەو دەزگایە لەو هەفتەیەی سەرەتای تەمموزدا، بەشێوەیەكی گشتی زیاتر لەهەزارو 300 پیاوو ژن و منداڵ بەسەلامەتی گەیشتوونەتە دوورگەكانی یۆنان . وەك دەزگای لوتكە ئاماژەی پێدەكات هاتنی تۆماركراو لەدوورگەكانی یۆنان بەردەوام لەزیادبووندایە، تائێستا بەبەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی ١٤٠% زیادیكردووە، هاوكات ژمارەی بەلەمەكانی گەیشتن بەدوورگەكانی یۆنان لەشوباتی ٢٠٢٠ەوە زیاتربووە. لەیۆنانیش ژمارەی كۆچبەران لەكەمپەكانی ئەو دوورگانە بەردەوام لەزیادبووندایە، تائێستا واتە لە 2020 ەوە زیاتر لەهەشت هەزارو 220 كەس ناویان تۆماركراوە، كەزۆرترین ژمارەی ئەو كەسانە تۆماركراون لەدوورگەكانی یۆنان لەمانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ بووە. *ئەو ناوانەی هاوڵاتی لەڕاپۆرتەكەیدا بەكاریهێناون واتە ناوی كۆچبەرو رێبەرەكان سەرجەمیان ناوی خوازراون.
هاوڵاتی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیمای مەیدانی جەنگیان پێوە دیارە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕێوشوێنی جیاوازیان گرتۆتە بەر بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان و یاندکردنەوە ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران. بە پێی ئەو ڤیدیۆ و فۆتۆیانەی بڵاو بوونەتەوە، هێزێکی زۆری سەربازی لە شارەکانی، سنە، ورمێ، مەهاباد، سەقز، کرماشان، جوانڕۆ، مەریوان، بانە، کامیاران، ئابدانان، دیواندەرە، شائاباد، ئیلام و بۆکان جێگیرکراون. شارەکان زیاتر لە مەیدانی جەنگ ئەچن. هاوڵاتیانی شارەجیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم هێزە زۆرە بۆ هاوڵاتی دوان و دەڵێن، "لە هەموو شوێن خاڵی پشکنینیان داناوە، لە ناوشار سەنگەریان لێداوە. خەڵکیان بانگرتووەو بەڵێننامەیان پێ پڕکردوونەتەوە نابێ بەشداری بکەن لە خۆپیشاندانەکاندا". هاوڵاتییەکی سنەیی وا باسی شارەکەی ئەکات. بە گوێرەی گوتەی مامۆستایەکی زانکۆ لە مەریوان :"دەسەڵات هێزێکی زۆری رژاندۆتە شارەکان. نەک تەنها کوردستان، بەڵکوو شارەکانی دیکەی ئێرانیش ، فڕۆکە بەردەوام بەسەر شاردا ئەسووڕێتەوە. سەر هەر کۆڵانێک ٤-٥ چەکدار وەستاون. لە ناوشار تانک راگیراوە. هەموو ئوتومبێلێک ئەپشکنن." هاوکات کاسبکارێکی سەقزی دەڵێت،"بە هەموو کاسبکارەکانیان راگەیاندووە کە پێویستە رۆژی شەممە دووکان و بازاڕ بکەنەوە. نابێ بازاڕ داخراو بێت. شاریان کردووە بە مەیدانی جەنگ و دەشیانەوێ دووکان و بازاڕ ببێت. لە سەر رێگای قەبرستانی ئایچی تانکی جەنگیان ریز کردووە. تانک لە شەقامە سەرەکییەکانی شار وەستاوە. هەڕەشەیان کردووە هەر دووکانێک داخراو بێت مۆڵەتەکەی هەڵئەوەشێننەوە". "لە هەموو کەس و هەموو شت ئەترسن. تەنانەت لە مناڵێکی ١٠ ساڵانیش ئەترسن. برا بچووکەکەم ١٢ ساڵیەتی ناردوومانە بۆ دووکانی سەر کۆڵانەکە، بانگیان کردووەو لێپرسینەوەیان لێکردوە". کچێکی جوانڕۆیی وا ئەڵێت. سەبارەت بەو هێزەی بڵاوکراوەتەوە هاوڵاتییەکی بۆکانی دەڵێت، "بەشێکی زۆری ئەو هێزانەی هێنراون ، حەشدی شەعبی، حیزب وڵای لوبنان و فاتمیونی ئەفغانستان و زەینەبیونی پاکستانن. ئەوانەی لە بۆکانن لە ناو یەکترا بە عەرەبی قسە ئەکەن". ئەمە وتەی بەشێک لە هاوڵاتیانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ هاوڵاتی، دەربارەی دۆخی شارەکان رۆژێک بەر لە ساڵیادی مەرگی ژینا. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان چەند رۆژە دەسەڵات لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی خەڵک ئامادە ئەکات، شارەکانی کوردستانیش زۆر سەربازیتر و میلیتاریزەترە لە شوێنەکانیتری ئێران. خانمێکی کرماشانی کە دانیشتووی تارانە بە هاوڵاتی وت:" ژمارەیەکی زۆر هێزو سەرباز لە تاران بڵاوەیان پێکراوە ، سەر شەقامەکان، سەر هەموو کۆڵانەکان سەربازی لێیە ، ئەوان هێنراونەتە ئێرە بۆ ترساندنی خەڵک ". بە پێی هەندێک هەواڵ کە بڵاو بوونەتەوە، تانکی سەربازی براوەتە گۆڕستانی ئایچی، شوێنی ناشتنی ژینا ئەمینی. لە بەرزاییەکانی سەر ئەو گۆڕستانە چەکی قورس و هێزی سەربازی جێگیرکراون. هەروەها هەڕەشە لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی کراوە بەوەی لە هەموو رێ و رەسمێک خۆیان بە دوور بگرن. چەند رۆژ لەوە پێش دایک و باوکی ژینا ئەمینی راگەیاندنێکیان بڵاو کردەوە کە سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان، ئەوان وەک هەموو بنەماڵەیەک کە کەسێکیان گیان لە دەست ئەدا، رێ و رەسمی نەریتی- ئایینی ساڵانە بەڕێوە ئەبەن. رۆژی 13ی ئەیلولی 2022، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بەهۆی «رەچاونەکردنی باڵاپۆشی»، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران دەستگیرکراو دوای تێکچوونی باری تەندروستی لەبنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ی هەمان مانگ لەگۆڕستانی ئایچی سەقز لەناو ئاپۆڕای خەڵکدا بەخاکسپێدرا. دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی ئەیلولی 2022، خۆپیشاندانی فراوان لەئێران دەستیپێکرد کە تێیدا داوای رووخانی رژێمی ئێران دەکراو بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکان بەتوندترین شێوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوەو لەئەنجامدا 500 کەس کوژران کە 71 کەسیان خوار 18 ساڵ بوون. ئەم خۆپیشاندانانە دواتر لەنێو خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە «شۆڕشی ژینا» ناسرا.
هاوڵاتی وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت، پشکنینی بۆرییەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت تەواو بووە و "بەمزووانە" لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادە دەبن بۆ بەکارهێنان. ئالپئەرسەلان بەیرەقدار وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئهمڕۆ ههینی ڕایگەیاند، لەمڕۆوە کاروباری روپێویی بۆرییەکان تەواوبون و لە ئێستادا راپۆرتی لەبارەوە ئامادەدەکرێت، بەڵام هیچ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئاشکرا نەکرد. هاوکات، داوا لە عێراق دەکات، "وەک دوو وڵاتی دراوسێ پێویستە چارەسەرێکی دۆستانە بدۆزینەوە. بەڵام لە روانگەی یاساییەوە پێویستە ئاگاداری بەرژەوەندییەکانمان بین. بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە داهاتوودا رەنگە رووبەڕووی دادگەی دیکە ببینەوە، بەڵام بۆرییەکان لە رووی تەکنیکییەوە کاردەکەن. کەم تا زۆر ئامادەن و بەمزووانە دەکەونە کار." ئاماژەی بەوەشکرد، خەمڵاندنی زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پێدانی ئەو قەرەبووەی دادگای پاریس دیاریکردووە بۆ تورکیا گرنگە و ئەگەر پێویست بکات لەبەرامبەر دادگاش پارێزگاری لە خۆیان دەکەن. ئەوەشی خستەڕوو، سازان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتی هەناردەکردنی نەوت ئەرکی حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمە. لە رۆژی 25ی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەدەری نەوتی جەیهانی تورکی راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژوری ناوبژیوانی پاریس بڕیاری لەسەر نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دهركرد. ماوەی چەند مانگێکە تورکیا دەستی بە نۆژەنکردنەوەی ئەو بۆرییە نەوتانە کردوە، کە وەک خۆی دەڵێت، "بەهۆی بومەلەرزەکەی مانگی شوباتەوە زیانی بەرکەوتوە."
هاوڵاتی وەفدی حکومەتی ھەرێم پێشنیازی کردووە بۆ چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەران، بەغداد تا کۆتایی ئەمساڵ مانگانە ٨٠٠ ملیار دینار بە قەرز بۆ ھەرێم بنێرێت. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنە کوردییەکان بڵاویانکردۆتەوە؛ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتی عێراق، بڕیاریانداوە لە کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممەی داھاتوو دەنگ بدەن لەسەر ناردنی بڕی 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ ھەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەی نێوان وەفدی ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا دوو پێشنیازکراوە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، پێشنیازی یەکەم ئەوەبووە بەغداد تا کۆتایی ئەمساڵ مانگانە ٨٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم بنێرێت. پێشنیازی دووەمیش ئەوەیە ناردنی ئەو پارەیە لە ٢٠٢٤شدا بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی کێشە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ چارەسەر دەکرێت. بە کۆی گشتی ئەو پارەیەی بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینار دەکات. رۆژی یەکشەممەی داھاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەڕەچاوکردنی پێشنیازەکانی حکومەتی ھەرێم، بڕیار لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بدات.
