هاوڵاتی  د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزیری دارایی پێی راگەیاندووە لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا بەشە بودجەی هەرێم زیاتر لە بڕە نێردراوە کە بۆی دیاریکراوە و ئێسستا حکومەتی هەرێم نزیکەی شەش ترلیۆن قەرزاری حکومەتی عێراقە. د. نەرمین مەعروف سەبارەت بە کۆبونەوەی وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمان بە میدیای فەرمی یەکێتی راگەیاند، "وەزیری دارایی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەكەمان پێی راگەیاندین، كە شایستە داراییەكانی هەرێممان بە زیادەوە ناردووە، چونكە مامەڵەمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەپێی رێككەوتن بووە نەك یاسای بودجە". لە کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کردووە، لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی هەشت ترلیۆن دینار بووە و تەنها دوو ترلیۆن و 500 ملیار دیناری شایستەیەتی بۆیە "پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم پێنج ترلیۆن و 800 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند."

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بۆ ماوەی شەش مانگ قەرزی سزاکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بەڕیژەی %20 کەمبکاتەوە.  بەپێی نوسراوێک کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی لەسەرە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە، بڕیاردراوە بە "لێخۆشبوونی %20ی قەرزەکانی سزای هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ لە رێکەوتی 28-8-2023 بۆ 28-2-2024."  لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە لەدوای كۆتاییهاتنی ئەو ماوەیە هەركەسێك پێبژاردن نەدات لەماوەی 30 رۆژدا ئەوا بەپێی بەشی 20 لە یاسای هاتوچۆ ژمارە 86ی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. بەپێی ئەو بەندە لە یاسای هاتوچۆ هەر کەسێک لەماوەی دیاریکراودا بڕی پێبژاردنی دیاریکراو نەدات ئەوا پێبژاردنەکە بۆ یەک جار دەبێتە دوو ئەوەندە.

هاوڵاتی  وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەدەست تورکیایەوە و پەیوەندی بە حکومەتی عێراق و هەرێمەوە نەماوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئەیلوولی 2023، عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم رۆژانە 50 هەزار بەرمیل رەوانەی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات دەکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە "هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راوەستاوە." لە 25 ئازاری 2023، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەمەش دوای دروستبوونی کێشە لەنێوان ئەقەرە و بەغدا لەسەر بردنەوەی سکاڵایەک لەلایەن حکومەتی عێارقییەوە دژی بەغدا لە ژوری بارزگانی نێودەوڵەتی لە پاریس کە تێیدا هاتووە پێویستە حکومەتی تورکیا بە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە بەهۆی هەناردەکردنی نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە لەنێوان ساڵانی 2014-2018. عاسم جیهاد لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەڵیت، ئەو پرسە "پەیوەندی بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نەماوە و ئێستا تۆپەکە لە یاریگای تورکیادایە، دەبێت ئەو رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات. ئەگەر ئەو دەرگایە کراوە، هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن." بەپێی وتەی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیانەکانی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم زیاترە لە پێنج ملیار دۆلار.

هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند سورن لەسەر پابەندبوون بە یاساى بودجە و لەسەر بنەماکانی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکى هەرێم دەکەن، دەشڵێت، چاوەڕوانی ئەنجامەکانی کۆبونەوەی وەزیری دارایی هەرێم و هاوتا عێراقییەکەی دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلولی 2023، محەممەد شیاع سودانی لەسەر ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لەسەر ئەو بنەمایە پشکی هەرێم دەنێرن. سودانی باسی لەوەش کرد، چاوەڕوانی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی ھەرێم و عێراق دەکەن، بەڵام لەو دۆسیەیەدا زمانی ژمارە لەئارادایە. پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق %12.6 کە دەکاتە زیاتر لە 16 ترلیۆن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق و هەرێم رێککنەکەوتوون لەسەر یەکلایکردنەوەی ئەو بابەتە و هەردوولا یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پابەندییەکانیان بە یاسای بودجە و رێککەوتنەکانەوە جێبەجێ نەکردووە.  بەهۆی نەناردنی پشکی هەرێمەوە، کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بووە و تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێم دەڵێت، ناتوانێت موچە بدات بەهۆی ئەوەی پارەی پێویستی لەبەردەست نییە.  حکومەتی هەرێم تا ئێستا بڕیاری نەداوە کە 500 ملیار دینارە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە بەپێی بڕیارێکی بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت. 

هاوڵاتی  هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو برای شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنەی ئێرانیان بە چەند تۆمەتێکی جیا دەستگیرکرد و سزای زیاتر لە شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی کوردپا، رۆژی شەممە 9 ئەیلوول، دوو برای خەڵکی دێولان، بە ناوەکانی سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی، لە چالاکانی مەدەنی و کەلتووری ئەو شارە و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری دێولان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی شاری قوروە. هاوکات فەریدە وەیسی، هاوژینی سیروس عەباسی، لە ئینستاگرامی خۆی هەواڵی دەستبەسەر کردنی ئەم دوو برایەی پشتڕاستکردەوە. دەستگیرکردنی ئەم دوو برایە دوای ئەوە دێت کە مۆڵەتی فەرمی چالاکی "رێکخراوی زانستی کوردستان" لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سنەوە هەڵوەشێندرایەوە. رێکخراوی زانستی کوردستان ساڵی 2018 لە لایەن فەریدە وەیسی و سیروس عەباسی، دوو هاوژینی خەڵکی شاری دێولانەوە دامەزراو لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە بواری فێرکاری زمانی کوردیدا کاریان کردووە. بەپێی حوکمی دادگای بەرایی، سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی، هەرکامیان بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی سیستم"، بە 10 مانگ زیندان، "تێکدانی سیستمی گشتی" بە 18 مانگ زیندان و "کۆبوونەوە دژی یەکپارچەیی نەتەوەیی" بە 48 مانگ زیندان حوکم دراون.

هاوڵاتی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی لەبەرامبەر دواکەوتنی موچەکانیان هۆشداری دەدەن بە حکومەتی هەرێم کە ماوەی 72 کاتژمێریان پێدەدەن و ناوەندەکانی تەدنروتسی دادەخەن و دەوام رادەگرن. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلولی 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەندیکای کارمەندانی تەدنروستی لە سلێمانی مۆڵەتی 72 کاتژمێریان دایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی تا کێشەی موچە چارەسەر بکەن.  لە کۆنگرەکەدا سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی راشیگەیاند کە لە ئێستاتدا تەنها نیو دەوام دەکرێت و لەدوای ئەو سێ رۆژەی دیاریکراوە "هەواڵی دڵخۆشکەر" وەرنەگرن دەوام پەکدەخەن و کارەکانیان رادەگرن.  تا ئێستا موچەی مانگی تەمووز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە بەهۆی کێشەی بەغدا و هەولێرەوە. بەپێی زانیارییەکان هاوڵاتی، حکومەتی هەرێم هیچ میکانیزمێکی نییە بۆ پێدانی موچە و تاووتوێی گەڕاندنەوەی لێبڕینی موچە لە ئەنجومەنی وەزیران کراوە. 

هاوڵاتی  بەشێک لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیاكان و دادگای سلێمانی و هەروەها پزیشکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان.  ئەمڕۆ 10ی ئەیلولی 2023، چەند کارمەندێکی دادگای سلێمانی و کارمەندانی بەڕێوبەرایەتی کۆمپانیاکان لە شاری سلێمانی بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە بایکۆتی دەوامیان کرد.  هاوکات بەپێی زانیارییەکان، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند و راهێنراوی گشتی بایکۆتیان دەستپێکرد و دوای کۆبونەوەیان لە هۆڵی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بڕیاری داهاتوویان دەدەن.  ئەمە لەکاتێکدایە کە مامۆستایانی هەرێم دوێنێ شەممە بە فەرمی بایکۆتی دەومیان راگەیاند بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە.  تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێم هیچ میکانیزمێکی نییە بۆ دابەشکردنی موچە. حکومەتی هەرێم هێشتا بڕیارینەداوە کە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە 500 ملیار دینارە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، بەهۆی کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر ئەگەری هەیە  لێبڕینی موچە بەڕیژەی %21 بگەڕێتەوە و ئەنجومەنی وەزیران تاووتووێی پرسەکەی کردووە. حکومەتی هەرێم پێویستی بە 940 ملیار دینار هەیە بۆ دابەشکردنی موچە و لە ئەگەری وەرگرتنی 500 ملیار دینارەکەی بەغدا، هێشتا 100 ملیار کورتهێنانی دەبێت.

هاوڵاتی میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ چەند بەرپرسێک کۆبونەوە ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلول 2023، میدیای فەرمی یەکێتی رایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی یەکێتی گەیشتە تاران و لە میانی سەردانەكەیدا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران چەندین كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە  ئەنجامبدات. گەشتنی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران لەکاتێکدا کە تەنها نۆ رۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەی تاران دایناوە تا چەک دابماڵرێت لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گواستنەوەیان بۆ چەند کەمپێکی تایبەت.  مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی داماڵینی چەکی "حزبە دژبەرەکان"یان لە هەرێمی کوردستان 19ی ئەیلولە و ئەو وادەیە بەهیچ جۆرێک درێژناکەنەوە کە لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا ئەنجامدراوە.

هاوڵاتی  نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاردرا کێشەی بارەگاکانی شاری کەرکوک چارەسەر بکرێت و گۆڕانکاری ئیداری لەو شارە ئەنجامبدرێت بە شێوەیەک لەگەل رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بگونجێت، دەشڵێت، "پێوستە هەر کەسێک سزا بدرێت کە سەلمێنرا تێوەگلاوە لە روداوەکانی کەرکوک." نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کردوو و لە کۆوبونەوەکەدا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. یەکێک لەو خاڵانەی باس کراوە ئەوەیە پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ ناردنی بۆ کەرکوک تا لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان و سەرجەم پێکهاتەکان کۆبونەوە ئەنجامبدات و کێشەی بارەگاکان چارەسەر بکرێت.  لە کۆبونەوەکەدا بڕیاریدراوە کە پشتیوانی بکرێت لە "بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی لەپێناو لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی کەرکووک و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتی و سزادانى هەر کەسێک کە سەلمێنرا و تێوەگلاوە لە رووداوەکان و سەر بە هەر لایەنێک بێت." هاوکات باس لەوەش کراوە  گۆڕانکاری ئیداری ئەنجامبدرێت بە شێوەیەک جێگای رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بێت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک دوانەخرێت و لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت. یەکێک لە خاڵەکانی تریش راگرتنی شەڕی میدیا و گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازیی ڕا وبۆچونەکان لە نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بوو.

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی ٨ی ئەیلوول، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ( تویتەر) دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر " نازیلا مەعرووفیان" کچە رۆژنامەنووسی سەقزی ئیدانە کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان لەم بارەوە ئەم کردەوەیان وەک کارێکی  پلان بۆ داڕێژراو و قیزەون ناو برد و دەڵێن :" بوێری ژنانی ئێران لە بەرامبەر ئەم کردەوانە، کە بەمەبەستی ترساندنیان بەکاردێت، زیاتر دەردەکەوێت". باسلەوەشکراوە کە " ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران و بەردەوامە لە هاوکاری کردنی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بۆ ئەوەی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بەم ئاکارەیان". نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزی کە ٣٠ ئاب، بۆ جاری سێهەم لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا، رۆژی چوارشەممە ٧ی ئەیلوول، لە پەیامێکی دەنگی لە زیندانی ئیڤینەوە رایگەیاند :" لە حاڵێکدا دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بووە" لە گرتووخانە " دەستدرێژی" کراوەتە سەری. نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزی، بە ناڕەزایەتی بە هەڵسووکەوتی بەرپرسە حکوومییەکان و بەرپرسانی زیندان مانی لە خواردن گرتووەو لە پەیامێکدا  ئاماژە بە هەموو ئەو ژنانەی  لە "بنکەکانی پۆلیس، گرتووخانە و دادگاکان" رووبەڕووی توندووتیژی ئەبنەوە وتوویەتی :" مانگرتنی خواردنەکەی جگەلەوەی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە دۆخی خۆی، دەربڕینی دەنگی هەموو ئەو ژنانەیە کە لە ئێران لە خراپترین دۆخدا ئەژین". هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە نازیلا مەعرووفیان، پێشتر بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا راگەیاندبوو کە رۆژی ٣٠ ئاب کاتی دەستگیرکردنی ئەم رۆژنامەنووسە ٧ پۆلیس، دەرگاکەیان شکاندووە لە خەودا دەستگیریان کردووەو بە لێدان و ئەشکەنجە ، بە جلی خەوەوە لە ماڵ بردوویانەتە دەرەوە.  

هاوڵاتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاریدا هه‌ریه‌ك له‌ ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت بكات، به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕوی زانیاری و رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌. د بریار رشید ئەندامی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی موچەخۆرانی هەرێم، وەک پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین. بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی بەغدا و هەرێم بۆ پەرلەمانی عێراق هاوکاتە لەگەڵ نەناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە و حکومەتی هەرێم و عێرایقیش یەکتری تۆمەتباردەکەن بە پابەندنەبوون بە یاسای بودجەوە. تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکان و یاسای بودجە تۆمەتبار دەکات. حکومەتی عێراقیش دەڵێت، هەرێمی کوردستان پابەندنی رێککەوتنەکان نەبووە.

هاوڵاتی به‌هۆی‌ دابه‌شنه‌كردنی‌ مووچه‌كانیانه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ دوو مانگ، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ ناڕازی‌ بڕیاریاندا بایكۆتی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ كراوه‌ رابگه‌یه‌نن و ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن به‌ بایكۆت ده‌ستپێبكه‌ن. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023 مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ ناڕازی‌ بۆ بڕیاردان سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و باره‌ ئابوورییه‌ی ڕوبەروی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بۆتەوە بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان کۆبوونەوە . دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایەکیان ئاڕاستەی "مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران، خانه‌نشینان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان" كرد و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "ئه‌م قۆناغه‌ چه‌فبه‌ستووه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رئه‌نجامی‌ گه‌نده‌ڵ و فه‌سادی‌ 20 ساڵه‌یه‌ له‌ گوێنه‌گرتن و نه‌بیستن و نه‌بینین". مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ ناڕازی‌ ده‌ڵێن: "له‌ رۆژی‌ 2023/9/13 ده‌رگای‌ ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندن به‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندنی‌ باڵا ناكه‌ینه‌وه‌ و بایكۆتی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ كراوه‌ راده‌گه‌یه‌نین". داواش له‌ سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران و هاوڵاتیان و فه‌رمانگه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ "له‌ سبه‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌وه‌ ده‌رگای‌ فه‌رمانگه‌كان دابخه‌ن و بایكۆت رابگه‌یه‌نن".  

هاوڵاتی لەڕێگەى درۆنەوە چوار بنکەى سەربازىی دەوڵەتى تورکیا لەناوچەکانى، بەرمیزە، ناوڕووبارۆک‌و دەریاسۆر لەسنوری برادۆست بۆردومانکران. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ شەممە لە ناوچەی بەرمیزە و ناوروبارۆک و دەریا سۆر لە سنووری برادۆست، چوار بنکەی سەربازی  تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانکران. هاوکات میدیا ناوخۆییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە بڵاویان کردەوە،کە دوای بۆردوومانەکە تەقەیەکی زۆر لە دەوروبەرى بنکە سەربازییەکانى دەوڵەتى تورک بیستراوە و بەشێک لە بنکەکانیش ئاگریان گرتووە. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان له‌سنوری قه‌زای ماوه‌تی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی بۆردومانی ئه‌نجامدا و زیانه‌كان نه‌زانراون. توركیا له‌هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ 40 بنكه‌ى سه‌ربازیى هه‌یه‌و ڕۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌م بنكانه‌وه‌ هێرشى جۆراوجۆر بۆسه‌ر خاكى هه‌رێم ئه‌نجامده‌دات.

هاوڵاتی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق ڕایگه‌یاند، هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌ نێوان ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی فیدڕاڵی و هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ستانداردكردنی نرخی گومرگی نییه‌. ته‌یف سامی له‌ میانی میوانداریكردنی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، "هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌ گومرگی نێوان ده‌روازه‌ سنورییه‌ فیدراڵییه‌كان و هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ باجی گومرگی هه‌رێم له‌ ده‌روازه‌كانی دیكه‌ی عێراق كه‌متره‌." جه‌ختیشكرده‌وه‌،کە "ده‌بێت كۆنتڕۆڵی ده‌روازه‌كان دوباره‌ رێكبخرێنه‌وه‌". هاوکات وه‌زیری دارایی ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌قی یاسای بودجه‌ی دارایی ، بۆ 50%ی داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌ فه‌رمییه‌كان بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، وتیشی، "له‌ هه‌رێمی كوردستان پێنج ده‌روازه‌ی نافه‌رمی هه‌یه‌".  

هاوڵاتی وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی ڕەتکردەوە. كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌سلێمانى كه‌ تیمی هاوڵاتی تێدا ئامادەبوو  له‌مه‌راسیمى كردنه‌وه‌ى خانەیه‌كى بەساڵاچوان ڕایگه‌یاند، "ئه‌و ده‌نگۆیه‌ى هه‌یه‌ له‌باره‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى من ڕاست نییه‌و من هه‌ر وه‌زیرم‌و ده‌ستم له‌كارنه‌كێشاوه‌ته‌وه‌". وتیشى، "چوار ساڵه‌ وه‌زیرم، جگه‌ له‌وكاته‌ى هاوسه‌ره‌كه‌م كۆچى دوایی كردوه‌، هیچ مۆڵه‌تێكیشم وه‌رنه‌گرتوه‌، من به‌رده‌وامم له‌كاره‌كه‌م‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌شم پێشكه‌ش نه‌كردوه‌". ئاشكراشیكرد، "ئێستا له‌هه‌رێمى كوردستان‌و له‌چاكسازیه‌كانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى كار، 550 كه‌س سزاى له‌سێداره‌دانیان هه‌یه‌".