هاوڵاتی دەستەی ئاماری هەرێمی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوان لە هەرێم گەیشتوەتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس بۆ ساڵی 2023 کە سێ ملیۆن و 296 هەزار و 240 نێر، سێ ملیۆن و 260 هەزار و 514 ئافرەتن و دەشڵێت، "رێژەی 78.4%دانیشتوان شارنشین پێکدەهێنن". دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە مڕۆدا 11-07-2023 کە بە رۆژی دانیشتووان لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکان دیاریکراوە لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمەڵێک ئاماری بڵاوکردەوە، و تاییدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بگاتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس کە سێ ملیۆن و 296 هەزار و 240 کەس لە رەگەزی نێر و سێ ملیۆن و 260 هەزار و 514 لە رەگەزی مێن. ئەوەشیخستۆتەڕو، رێژەی 78.4%دانیشتوان شارنشین پێکدەهێنن، 21.6% گوندنشین، هەروەها، رێژەی گەشەی دانیشتوان بۆ ساڵی 2023 دەخەمڵێنردرێت بە رێژەی 2%. لەبارەی ژمارەی ئاوارەکان و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان دەستەی ئامار پشتی بە ئاماری رێكخراوى نێودەوڵەتی کۆچ IOM بەستووە، کە ژمارەى كەسانى ئاوارەى ناوخۆ له عێراق لە ناوەراستی 2022 گەيشتووەتە 1.18 ملیۆن کەس کە پشکی هەرێمی کوردستان لە ئاوارە ناوخۆییەکان نزیکەی 694 کەسن واتا 52.6٪ـی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق. هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "نەبونی سەرژمێری لە عێراق بۆ 36 ساڵ کەلێنێکی گەورەی خستۆتە سەرچاوەی گرنگی داتاکانی پلانەکان لەبەر نەبونی نیشاندەرەکانی دیموگرافی بە وردەکاریەکانیەوە و بۆیە دەستەی ئامار دەبوایە رێگەی تر بگرێتەبەر بۆ دابینکردنی ئەو داتایانە بە بەکارهێنانی بەرنامەی ناڕاستەوخۆی خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوان تاوەکو داتای پێویست بۆ وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بخەینە بەردەست و بتوانن بەکاریبێنن بۆ دانانی پلان و سیاستەکانی ساڵانەیان و بۆ ئەمساڵ دەستەی ئامار تیشک ئەخاتە سەر دو بابەت جگە لە ژمارەی پێشبینیکراوی دانیشتوان بۆ هەرێم".
هاوڵاتی شاندێكی وڵاتی فهڕهنسا سهردانی ئهنجومهنی خۆبهڕێوهبهریی باكووری و ڕۆژههڵاتی سوریا كرد و ڕایانگهیاند، پاڵپشتی له پرۆژهی خۆبهڕێوهبهریی دیموكراتیكی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دهكهن. لهوبارهیهوه نووسینگهی ڕاگهیاندنی ئیدارهی خۆبهڕێوهبهریی باكوور و ڕۆژههڵاتی سوریا له ماڵپهڕهكهی بڵاویكردووهتهوه، شاندهكه له ههریهك له پاتریك فرانچسكی، نووسهری فهڕهنسی و شارهزا له كاروباری كورد و نێونهتهوهیی، فرانسوا ههنری دهسهرابڵ، نووسهری فهڕهنسی و زهینهب ئهلغهزوی، چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ پێكهاتبوو. شاندهكه له لایهن دهستهی سهرۆكایهتی ئهنجومهنی خۆبهڕێوهبهریی، ئیدارهی خۆبهڕێوهبهریی له باكور و ڕۆژههڵاتی سوریا پێشوازیان لێكرا. به گوێرهی ماڵپهڕهكه، ههردوولا گفتوگۆیان لهبارهی ئاستهنگهكانی بهردهم خۆبهڕێوهبهریی، نهخشهڕێگاكهیان بۆ چارهسهركردنی كێشه و ئالۆزییهكانی سوریا و ئهو ئهنجامه ئهرێنیانهی بهدهستی هێناون، كرد. له كۆتایی سهردانهكهدا، شاندهكه پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆژهی خۆبهڕێوهبهریی دیموكراتیك دهربڕیوه، كه ئامانجی بهدیهێنانی ژیانێكی هاوبهشه له نێوان پێكهاتهكاندا. ههروهها شاندهكه پاڵپشتیان بۆ بهردهوامی بهرهنگاربوونهوهی تیرۆر دووپاتكردووهتهوه.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پەسەندی کرد کە سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ. یەنس ستۆنلتینبێرگ سکرتێری ناتۆش رایگەیاند کە تورکیا بەڵگەی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا دەکات. ئەردۆغان لەم چوارچێوەیەدا لە لیتوانیا لەگەڵ یەنس ستۆنلتنبێرگ و ئوڵف کریستیرسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید کۆبووە. بەگوێرەی میدیاکان لە کۆبونەوەکەدا کە نزیکەی چوار کاتژمێر بەردەوام بووە، سوید رایگەیاندووە کە ئەوان پشتگیری لە یەپەگە / پەیەدە و لایەنگرانی فەتحوڵلا گولەن ناکەن. یەنس ستۆنلتنبێرگ دواتر رایگەیاند، " ئێمە لەسەر ئەوە رێککەوتووین کە خاڵەکانی پەیماننامەی مەدرید جێبەجێ بکەین. ئەردۆغانیش بڕیاریداوە کە ئەندامێتی سوید پەسەند بکات. بەرپرسێکی باڵای تورکیاش بۆ میدیای فەرمی سوید رایگەیاندووە کە تورکیا پشتگیری تەواوی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا بە دەست هێناوە و باسی هەڵگرتنی ڤیزەی ئەوروپاش بۆ تورکیا کراوە. ماوەتەوە بزانرێت دەوڵەتی سوید بەرامبەر دۆزی کورد، دوای ئەم ڕێککەوتنە چۆن مامەڵە دەکات لە داهاتوودا.
هاوڵاتی هاوڵاتیانی شارۆچکەی کفری ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری و هەلی کارەوە خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و دەڵین، گۆرەپانەکە چۆڵناکەین تا وەڵامی یەکجاریمان نەدرێتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی پاڵپشتی کفری، لەکونگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مانگرتنیان ڕاگەیاند، تاکۆی ئەو داواکارییانەی پێشکەشی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردبوو وەڵامیان نەدرێتەوە، ئامادە نین کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن، لە ئێستادا چادری مانگرتن هەڵدراوە و مانگرتوانی تێدایە. لەوبارەیەوە عوسمان قەتارچی، سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی پاڵپشتی کفری بەناوی مانگرتووانەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" مانگرتنمان ڕاگەیاند دژی ئەوناعەدالەتییەی بەرامبەر شارۆچکەکەمان دەکرێت، وەک ڕێکخراوی پاڵپشتی کفری سێ ساڵە دەرگا نەماوە نەیکوتین، سەردانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێممان کرد بەحکومەتی ناوەندیشەوە، بەڵام کەس وەڵامی نەداینەوە و بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەهاتن." باسی لەوەشکرد، "بڕیارمانداوە لەگەڵ دڵسۆزان و خەمخۆران و توێژە جیاوازەکان، دەست بەمانگرتن بکەین و چادر هەڵبدەین، مانگرتنەکەمان بەردەوام دەبێت تا داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت." ئەوەی جێی باسە ئەو داواکارییانەی دانیشتوانی شارۆچکەی کفری، مانگرتنیان لەسەری ڕاگەیاندووە، بریتین لە گۆرینی قایمقامی شارۆچکەکە هەروەها دەڵێن بەهۆی پەرواێزخستنی و نەبوونی هەلیکار لە شارۆچکەکە و بچوک بوونەوەی هاوڵاتیانی شارۆچکەی کفری خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن. پاشان مانگرتوانی کفری داوا دەکەن زانکۆی پۆلیتەکنیک لە شارۆچکەکەیان بکرێتەوە و بەشێک لە بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمیش لە شارۆچکەکەیان بکرێتەوە . بەشێکی تر لە داواکارییەکانیان بریتیە لە کردنەوەی کارگەیەکی توانەوەی ئاسن و دامەزراندنی کرێکاری شارۆچکەکە لەو کارگەیە، لەپێناو دروستبوونی هەلیکاری زیاتر بۆ گەنجان، لە بەشێکی تری داواکارییەکانیان کە پێک دێت لە تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی کفری کەلەسەر پترۆدۆلارن و ساڵانێکی زۆرە تەواو نەکراون، هەروەها داوا دەکەن گرتوخانەی چاکسازی کە بڕیارە لە گەرمیان بکرێتەوە، بگوازرێتەوە بۆ شارۆچکەکە و لەوێ دروست بکرێت، پاشان زەوییەکانی کەرتی تلیشان ئاسانکاری تەواویان بۆ بکرێت تا خاوەن زەوییەکان پرۆژەی لەسەر ئەنجام بدەن . قەزاى کفرى دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى کەرکوک و ئێستا سەربە پارێزگاى سلێمانییە لە ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان و ژمارەى دانیشتوانەکەى ئێستا نزیکەى ٥٠ هەزار کەس دەبێت.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ لە زێی گەورە لەسنوری قەزای خەبات خنکا. بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێوارەی ئەمڕۆ ڕوداوێکی خنکان لە زێی گەورە ڕویدا، کە منداڵێکی تەمەن 12 ساڵە بەناوی یوسف جاسم محەمەددانیشتوی قەزای خەباتە". ئاماژەی بەوەشکردوە، تەرمەکەی لەلایەن تیمی ژێرئاوی بنکەی خەباتەوە دۆزرایەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کرا. لەڕوداوێکی هاوشێوەدا و دوێنێ یەکشەممە لەزێی بچوک لەناحیەی سێگردکانی سەر بەقەزای كۆیە، سێ کەس کە باوک و دو کچ بون خنکان.
هاوڵاتی گوتەبێژی هەدەپە رایگەیاند کە مانگی داهاتوو کۆنفڕانس و مانگی ئەیلولیش کۆنگڕە دەبەستن. ئەبرو گونەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە بارەگای سەرەکی پارتەکەی لە ئەنقەرە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا. گونەی باسی ئەوەی کرد کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە 14ی ئایار ئەنجامدران، دەستیان بە پرۆسەی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری کردووە و وتی، " لە هەشت هەرێمی تورکیا و باکوری کوردستان رێکخستنەکانیان دەستیان بە کۆبۆنەوە کردووە و کۆبونەوەکان تاوەکو 25ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و لە کۆبونەوەکاندا دۆخی هەدەپە هەڵدەسەنگێندرێت و باسی هەڵە و کەموکورتیەکان دەکرێت." ئەبرو گونەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەشڵێت، مانگی داهاتوو پارتەکەی کۆنفڕانس ئەنجام دەدات و لە مانگی ئەیلولیشدا کۆنگرە دەبەستێت. پێشتریش لە بەرنامەیەکی کەناڵی هالک تی ڤیدا، میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی هەدەپە رایانگەیاندبوو کە لە کۆنگرەی پارتەکەیاندا، جارێکی دیکە خۆیان هەڵنابژێرنەوە. لە میدیاکانی تورکیادا زۆر جار ناوی هەندێک کەسایەتی نێو پارتەکە ئاشکراکراون کە پیدەچێت لە کۆنگرەکەدا خۆیان بۆ هاوسەرۆکایەتی هەدەپە کاندید بکەن کە دیارترینیان سری سورەیا ئوندەر و مەرال دانش بەشتاش پەرلەمانتارانی پارتەکەن.
هاوڵاتی هەدەپە داواکاریەکی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پارتە سیاسیەکانی وڵاتانی جیهان و رێکخراوەکان کرد کە رێگری لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سیاسەتمەدار و پەنابەرە سیاسیەکان لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان بکەن. نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەوروپا داواکاریەکی پێشکەش بە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، 147 پارتی سیاسی، یەکێتی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا کرد کە سنورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سیاسەتمەدار و پەنابەرە سیاسیەکانی باکوری کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان و تیرۆرکردنیان دابنرێت. لە داواکاریەکەی هەدەپەدا هاتووە، "ئێمە هاوڵاتیی کوردی تورکیاین کە لەسەر ئەو چالاکییە سیاسییە یاساییانەی کە لەناو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجامی دەدەین، دادگایی دەکرێین، دۆسیەی بێ بنەمامان لەدژی ئامادە دەکرێت، کە بە پڕۆسەی دەستبەسەرکردن و گرتن کۆتایی دێت، رووبەرووی کێشەی ئەمنی دبەینەوە. دەخرێنە زیندانەوە و هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکرێت. لە هەمان کاتدا ئێمە لە پێگەی پەنابەری سیاسیداین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لەم هەلومەرجە سەختەی ژیاندا ئێمە مرۆڤی مەدەنین کە هەوڵدەدەین لە هەلومەرجی سەختی کارکردندا لەگەڵ منداڵ و خوشک و برا و هاوسەرەکانماندا بژین. هەر یەکێک لە ئێمە پەنابەرێکین کە لە بەروار و کاتی جیاوازدا ئاوارە بووین. نزیکەی ١٥ ساڵە هەوڵدەدەین ژیانمان بپارێزین، بازرگان، هونەرمەند و کرێکار و سیاسەتمەدارین. تا ئێستا هیچ پراکتیزەیەکی نەرێنیمان نەبووە کە مەترسی یان کێشە بۆ سەر یاسای ناوچەکە و دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنی و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتان دروست بکات." هەدەپە دەڵێت، ئەندامانیان کە سیاسەتمەدار و پەنابەری سیاسین، لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن. هەروەها داوای کرد کە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پێبدرێت و سنورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا دابنرێت.
هاوڵاتی ئەنجومەنی سەربازی منبج رایگەیاند، لە تەقینەوەکەی دوێنێی منبجدا سێ شەڕڤانیان شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی منبج کە سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتییە، راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی دوێنێی ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەکە بڵاوکردەوە. ئەنجومەنی سەربازی منبج ئاشکرای کرد کە مینێک بە ئۆتۆمبێلی شەڕڤانیاندا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە سێ شەڕڤانیان بە ناوەکانی هەیسەم محەمەد ئەتۆ، حەسەن محەمەد نوری و ساڵح محەمەد رەبی شەهید بوون. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەرسێ شەڕڤانەکە خەڵکی ناوچەی تەل عەرانن و چەندین ساڵە لەنێو ریزەکانی ئەواندان. به گوێرهی ڕاگهیهندراوهكه ناسنامهی ئهو سێ شههیده بهمجۆرهیه: ناسناو: ئەبو دههام ناو و پاشناو: ههیسهم محهمهد عهتۆ ناوی دایک: زوحا ناوی باوک: محهمهد كات و شوێنی لەدایکبوون: تل عهران ٢-٢-١٩٩٥ كات و شوێنی شەهیدبوون: منبج ٩-٧-٢٠٢٣ *** ناسناو: زلۆڤان ناو و پاشناو: حەسەن محهمهد نور خاقور ناوی دایک: ئهمینه ناوی باوک: محهمهد نور كات و شوێنی لەدایکبوون: تل عهران ١-١-١٩٩٧ كات و شوێنی شەهیدبوون: منبج ٩-٧-٢٠٢٣ *** ناسناو: ساڵح ناو و پاشناو: ساڵح محهمهد رهبیع مستهفا ناوی دایک: عهزیزه ناوی باوک: محهمهد كات و شوێنی لەدایکبوون: تل عهران ١-١-١٩٩٧ كات و شوێنی شەهیدبوون: منبج ٩-٧-٢٠٢٣ هـ . ب
هاوڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایگەیاند، هەمو رێکارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و تەواوبون و بابەتەکە ئێستا پەیوەندیدارە بە تورکیا و عێراقەوە. کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەمو رێکارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و تەواوبون و بابەتەکە ئێستا پەیوەندیدارە بە تورکیا و عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ تورکیای ئاگادارکردوەتەوە کە ئامادەن دەستبکەنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا چاوەڕوانن ". وتیشی ،"پێدەچێت لەدوای سەردانی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق پێشبینی دەکەم ئەو سەردانە ئەنجامی هەبێت." پەیوەست بە گفتوگۆکان لەبارەی یاسای نەوت و گازی عێراق، وتی، لیژنە دروستکراوە و "کاری باشی کردوە و کەسانی پسپۆڕ لەوبارەیەوە کار دەکەن تاوەکو ئاستێکی باش کاری لەسەر کراوە و پێدەچێت ئەم هەفتەیە یان هەفتەی ئایندە شاندێک سەردانی بەغدا بکات و راوەستان نەبوە بەڵام لەبەر پەسەندکردنی بودجە کارەکان دواکەوتون". هاوکات، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 06-07-2023، لە پەراوێزی کۆنگرەی ساڵانەی ئۆپێک لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت[ـی هەرێمی کوردستان] لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کە بە وتەی تورکیا، بەهۆی بوومەلەرزەوە زیان بە بۆرییەکە گەیشتووە. رۆژی 25-03-2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق یەکلاییکردەوە.
هاوڵاتی دوو سەربازی تورکیا لە ناوچەی ئاڤاشین – باسیای هەرێمی کوردستان کوژران. وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا باسی ئەوەی کرد کە لە ناوچەکانی ئۆپراسیۆنی "شنگ – شمشێر" کە ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان دەبات، دوو سەربازیان لەلایەن گەریلاکانی پە*کە*کەوە کوژراون. وەزارەتی بەرگری تورکیا باسی ئەوەی کرد کە هەردوو سەربازەکە بە برینداری گەیەندراونەتەوە نەخۆسخانەی سەربازی بەڵام لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە. هێزەکانی پاراستنی گەل "هە*پە*گە" باڵی سەربازی پە*کە*کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاماری مانگی حوزەیرانی شەڕ و پێکدادانەکانی لەگەڵ سوپای تورکیا بڵاوکردەوە. لە ئامارەکەدا هاتبوو، لە یەک تاوەکو 30 حوزەیران، 44 سەربازی تورکیا لە شەڕدا کوژراون و 10 گەریلاش شەهید بوون. باسی ئەوەشی کردبوو کە سوپای تورکیا 127 جار بە فڕۆکەی شەڕ، 40 جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر، هەزار و 148 جار بە کاتیوشا، تانک و چەکی قورس هێرشی کردووە. هەروەها 26 جار بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی بەکارهێنراون.
شەڕی دوو بنەماڵە گوندێکی سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە و پۆلیس دەڵێت بە چەکی راوکردن تەقەیان لە یەکتر کردوە. پۆلیسی کرماشان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ دووشەممە لە گوندی میانە سەر بە شاری کرماشان بەهۆی ناکۆکی لەسەر موڵک و زەوی، شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو بنامەڵەی ئەو گوندە دروست بوە کە کوژرانی دوو کەس و برینداربونی 9 کەسی لێکەوتوەتەوە. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردوە لەو روداوەدا 14 کەس دەستگیر کراون و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی پۆلیس؛ ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵەیە بە چەکی تاپەڕ و تایبەت بە راو تەقەیان لە یەکتر کردوە کە ئەوەش بوەتە هۆی کوژرانی دوو کەس.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا هەزار و هەشت توشبوی نوێ بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون کە 238 حاڵەتیان توشبوی شێرپەنجەی مەمکن. بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەشەش مانگی ڕابردو لەنەخۆشخانەی هیوا تایبەت بەشێرپەنجە واتە لە رۆژی 1ی (کانونی دوەم/1)ی 2023ەوە تاوەکو 30ی (حوزەیران/6)ی 2023 هەزار و هەشت حاڵەتی نوێ بەشێرپەنە تۆمارکراون. ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لە نەخۆشی شێرپەنجە، توشبون بە نەخۆشیەکانی دیکەی خوێن 841 چارەخوازی نوێ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ تۆمارکراون. جۆرەکانی شێرپەنجە و تۆمارکردنیان لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵ: شێرپەنجەی مەمک 238 بەڕێژەی 15.78% شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕێکە 153 بەڕێژەی 10.15% شێرپەنجەی سیەکان 97 بەڕێژەی 6.43% شێرپەنجەی لیمفۆما 93 ٖ بەڕێژەی 6٫17.% شێرپەنجەی میزو میزەڕۆ 91 ٖبەڕێژەی 6.03% شێرپەنجەی پڕۆستات 85 بەڕێژەی 5.64% شێرپەنجەی لۆکیمیا 63 بەڕێژەی 4.18% شێرپەنجەی مێشک 62 بەڕێژەی 4.11% شێرپەنجەی گەدە 55 بەڕێژەی 3.65% شێرپەنجەکانی دیکە 571 بەڕێژەی 37.86%
هاوڵاتی وەزیری پلاندانانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر نەخشەی سنوری یەکە کارگێڕییەکانی هەڵەبجە دەربڕی و لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی تەواوکردنی بەپارێزگاکردنی ئەو شارە. وەزارەتی پلاندانان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد تەمیم ڕەزامەندی لەسەر نەخشەی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی، لە ژێر ڕۆشنایی تەواوکردنی ڕێکارە تەکنیکییە پێویستەکان و بنەڕەتییەکانی دروستکردنی پارێزگای هەڵەبجە بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە (31)ی ساڵی 2021ی پەرلەمان و بڕیارنامەی کابینەی حکومەت ژمارە (23131) کە لە دانیشتنی (11) لەرۆژی 3-13-2023 بەڕێوەچو. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە شاری هەڵەبجە دەبیت و ژمارە 16ی لە ڕێبەری یەکەی کارگێڕی کۆماری عێراق پێدەدرێت و یەك قەزا و چوار ناحیە بەو پارێزگاوە دەبەسترێنەوە و لەوانەش سیروان و خورماڵ و بیارە و بەمۆ. ئاماژەی بەوەشكردوە، بەشی گەشەپێدانی هەرێمی و ناوخۆیی لە وەزارەتی پلاندانان لەسەر ڕێنماییەکانی وەزیر پێداچوونەوەی بۆ نەخشە و سنوورەکان کردووە و پشکنینی بۆ کراوە و خاوەندارێتی پارێزگا و سنوورە ئیدارییەکان و دیزاینە بنەڕەتییەکانی پێش و پاش فراوانبوونی دیاریکردووە و کێشەی سنورە ئیدارییەکانی چارەسەر کردووە. لە ساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەڵەبجە بەفەرمی دەبێتە چوارەم پارێزگا لەدوای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، هەروەها پارێزگای 19ەمین لەسەر ئاستی عێراق.
هاوڵاتی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆتاییهات. ئەوەش دوای زیاتر چوار کاتژمێر لە کۆبوونەوەی بەردەوام و بێئەنجام بوو. کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر کۆتاییهات و لەکاتی هاتنەدەرەوە لە کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی چەند چرکەیەک بۆ میدیاکان قسەی کرد و بە تووڕەییەوە پیرمامی جێهێشت. هاوکات فازڵ میرانی هۆکاری تووڕەیی سەرۆکی یەکێتی بۆ لێدوانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گەڕاندەوە و گوتی، "دڵنیاتان دەکەمەوە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە." پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی کە پێکهاتبو لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام و لەلایەن شاندێکی پارتی کە پێکهاتوە لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری، فوئاد حوسێن، مەحمود محەممەد، رێبوار یەڵدا و زاگرۆس فەتاح پێشوازیان لێکرا. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کەس و لایەنێک بدات، بە تووڕەییەوە رایگەیاند: "یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە هەر شتێک رووبدات، وەکو خۆی وەڵامدەدرێتەوە. یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە، قوربانییە." بە دەنگێکی بەرزیشەوە گوتی: "یەکێتی هێزە." کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد، ئاخۆ لەگەڵ پارتی لەیەک نزیکن، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووڕەییەوە پرسی: "لەوە دەچێت نزیکبین؟" و شوێنی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت. دواتر فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی ئەرێنی بوو، تێڕوانینی هاوبەشمان زۆربوو و جیاوازیشمان هەبوو." وتیشی، "لێدوانێك لەبرادەرانی ئێمە دەرچوبو، برادەرانی یەكێتی نیگەران كرد، بەڵام ئەو لێدوانە بۆچونی فەرمی حزب نیە." وتیشی، "نەمانوتوە یەكێتی هێز نیە، لەهەڵبژاردنەكانی 2013، یەكێتی لەدۆخێكی خراپدا بو، بەڵام سەرۆك وەزیرانمان پێیاندا، پارتی و مەسعود بارزانی واقعی كوردستانیان لەبەرچاوگرتوە بۆ بەرژەوەندی هەرێمەكەمان هەمیشە مامەڵەمان لەگەڵ یەكێتی بەكورسی نەكردوە". ئاماژەی بەوەشكرد، "بارودۆخی نەگونجاو دێتە پێشەوە، بەڵام مرۆڤ نابێت هەراسانبێت، لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا پشت بەخودا ئەو کێشانەش چارەسەر دەکەین، بڕیاریشمان داوە بە زووترین کات کۆبوونەوەی سێیەم بکەین، ئەمەش کۆتایی دنیا نییە، ئێمە دوو حیزبین و مێژوویەکی دوورودرێژمان بەیەکەوە هەیە." کۆتا کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی رۆژی 26ی حوزەیرانی رابردوو بوو کە تیایدا هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆبونەوە.
هاوڵاتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، لەئەمڕۆ بەدواوە یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێت و هەرچی شتێک روبدات وەکو خۆی جواب دەدرێتەوە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆتاییهات. ئەوەش دوای زیاتر چوار کاتژمێر لە کۆبوونەوەی بەردەوام. بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەدوای تەوابونی کۆبونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای پارتی، بە کورتی و بەتوڕەییەوە قسەی بۆ میدیاکان کرد و وتی، "هەوڵدەدەین رێکبکەوین، بەڵام دڵنیابن لە ئەمڕۆوە بەدواوە یەکێتی وا بە وستکوتی نامێنێت، هەرچی شتێک روبدات لە ئەمڕۆ بەدواوە وەکو خۆی جواب دەدرێتەوە". وتیشی،" یەکێتی مێژووە، یەکێتی خوێنی شەهیدە، یەکێتی قوربانییە، یەکێتی هێزە." یەکێک لە رۆژنامەنوسەکان پرسیاریان ئاڕاستە کرد کە ئایا لەگەڵ پارتی نزیکن؟ سەرۆکی یەکێتی بە توڕەییەوە وتی، "لەوە دەچێت نزیکبین؟"، دواتر شوێنی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لە نێو بینای مەکتەبی سیاسی پارتی بەجێهێشت و سواری ئۆتۆمبێلەکەی بو. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی کە پێکهاتبو لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام و لەلایەن شاندێکی پارتی کە پێکهاتوە لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری، فوئاد حوسێن، مەحمود محەممەد، رێبوار یەڵدا و زاگرۆس فەتاح پێشوازیان لێکرا کۆتا کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی رۆژی 26ی حوزەیرانی رابردوو بوو کە تیایدا هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆبونەوە، رەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەردوولا و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقیان تاوتوێكرد.
