شەڕی دوو بنەماڵە گوندێکی سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە و پۆلیس دەڵێت بە چەکی راوکردن تەقەیان لە یەکتر کردوە. پۆلیسی کرماشان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ دووشەممە لە گوندی میانە سەر بە شاری کرماشان بەهۆی ناکۆکی لەسەر موڵک و زەوی، شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو بنامەڵەی ئەو گوندە دروست بوە کە کوژرانی دوو کەس و برینداربونی 9 کەسی لێکەوتوەتەوە. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردوە لەو روداوەدا 14 کەس دەستگیر کراون و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی پۆلیس؛ ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵەیە بە چەکی تاپەڕ و تایبەت بە راو تەقەیان لە یەکتر کردوە کە ئەوەش بوەتە هۆی کوژرانی دوو کەس.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا هەزار و هەشت توشبوی نوێ بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون کە 238 حاڵەتیان توشبوی شێرپەنجەی مەمکن. بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەشەش مانگی ڕابردو لەنەخۆشخانەی هیوا تایبەت بەشێرپەنجە واتە لە رۆژی 1ی (کانونی دوەم/1)ی 2023ەوە تاوەکو 30ی (حوزەیران/6)ی 2023 هەزار و هەشت حاڵەتی نوێ بەشێرپەنە تۆمارکراون. ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لە نەخۆشی شێرپەنجە، توشبون بە نەخۆشیەکانی دیکەی خوێن 841 چارەخوازی نوێ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ تۆمارکراون. جۆرەکانی شێرپەنجە و تۆمارکردنیان لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵ: شێرپەنجەی مەمک 238 بەڕێژەی 15.78% شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕێکە 153 بەڕێژەی 10.15% شێرپەنجەی سیەکان 97 بەڕێژەی 6.43% شێرپەنجەی لیمفۆما 93 ٖ بەڕێژەی 6٫17.% شێرپەنجەی میزو میزەڕۆ 91 ٖبەڕێژەی 6.03% شێرپەنجەی پڕۆستات 85 بەڕێژەی 5.64% شێرپەنجەی لۆکیمیا 63 بەڕێژەی 4.18% شێرپەنجەی مێشک 62 بەڕێژەی 4.11% شێرپەنجەی گەدە 55 بەڕێژەی 3.65% شێرپەنجەکانی دیکە 571 بەڕێژەی 37.86%
هاوڵاتی وەزیری پلاندانانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر نەخشەی سنوری یەکە کارگێڕییەکانی هەڵەبجە دەربڕی و لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی تەواوکردنی بەپارێزگاکردنی ئەو شارە. وەزارەتی پلاندانان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد تەمیم ڕەزامەندی لەسەر نەخشەی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی، لە ژێر ڕۆشنایی تەواوکردنی ڕێکارە تەکنیکییە پێویستەکان و بنەڕەتییەکانی دروستکردنی پارێزگای هەڵەبجە بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە (31)ی ساڵی 2021ی پەرلەمان و بڕیارنامەی کابینەی حکومەت ژمارە (23131) کە لە دانیشتنی (11) لەرۆژی 3-13-2023 بەڕێوەچو. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە شاری هەڵەبجە دەبیت و ژمارە 16ی لە ڕێبەری یەکەی کارگێڕی کۆماری عێراق پێدەدرێت و یەك قەزا و چوار ناحیە بەو پارێزگاوە دەبەسترێنەوە و لەوانەش سیروان و خورماڵ و بیارە و بەمۆ. ئاماژەی بەوەشكردوە، بەشی گەشەپێدانی هەرێمی و ناوخۆیی لە وەزارەتی پلاندانان لەسەر ڕێنماییەکانی وەزیر پێداچوونەوەی بۆ نەخشە و سنوورەکان کردووە و پشکنینی بۆ کراوە و خاوەندارێتی پارێزگا و سنوورە ئیدارییەکان و دیزاینە بنەڕەتییەکانی پێش و پاش فراوانبوونی دیاریکردووە و کێشەی سنورە ئیدارییەکانی چارەسەر کردووە. لە ساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەڵەبجە بەفەرمی دەبێتە چوارەم پارێزگا لەدوای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، هەروەها پارێزگای 19ەمین لەسەر ئاستی عێراق.
هاوڵاتی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆتاییهات. ئەوەش دوای زیاتر چوار کاتژمێر لە کۆبوونەوەی بەردەوام و بێئەنجام بوو. کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر کۆتاییهات و لەکاتی هاتنەدەرەوە لە کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی چەند چرکەیەک بۆ میدیاکان قسەی کرد و بە تووڕەییەوە پیرمامی جێهێشت. هاوکات فازڵ میرانی هۆکاری تووڕەیی سەرۆکی یەکێتی بۆ لێدوانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گەڕاندەوە و گوتی، "دڵنیاتان دەکەمەوە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە." پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی کە پێکهاتبو لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام و لەلایەن شاندێکی پارتی کە پێکهاتوە لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری، فوئاد حوسێن، مەحمود محەممەد، رێبوار یەڵدا و زاگرۆس فەتاح پێشوازیان لێکرا. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کەس و لایەنێک بدات، بە تووڕەییەوە رایگەیاند: "یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە هەر شتێک رووبدات، وەکو خۆی وەڵامدەدرێتەوە. یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە، قوربانییە." بە دەنگێکی بەرزیشەوە گوتی: "یەکێتی هێزە." کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد، ئاخۆ لەگەڵ پارتی لەیەک نزیکن، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووڕەییەوە پرسی: "لەوە دەچێت نزیکبین؟" و شوێنی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت. دواتر فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی ئەرێنی بوو، تێڕوانینی هاوبەشمان زۆربوو و جیاوازیشمان هەبوو." وتیشی، "لێدوانێك لەبرادەرانی ئێمە دەرچوبو، برادەرانی یەكێتی نیگەران كرد، بەڵام ئەو لێدوانە بۆچونی فەرمی حزب نیە." وتیشی، "نەمانوتوە یەكێتی هێز نیە، لەهەڵبژاردنەكانی 2013، یەكێتی لەدۆخێكی خراپدا بو، بەڵام سەرۆك وەزیرانمان پێیاندا، پارتی و مەسعود بارزانی واقعی كوردستانیان لەبەرچاوگرتوە بۆ بەرژەوەندی هەرێمەكەمان هەمیشە مامەڵەمان لەگەڵ یەكێتی بەكورسی نەكردوە". ئاماژەی بەوەشكرد، "بارودۆخی نەگونجاو دێتە پێشەوە، بەڵام مرۆڤ نابێت هەراسانبێت، لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا پشت بەخودا ئەو کێشانەش چارەسەر دەکەین، بڕیاریشمان داوە بە زووترین کات کۆبوونەوەی سێیەم بکەین، ئەمەش کۆتایی دنیا نییە، ئێمە دوو حیزبین و مێژوویەکی دوورودرێژمان بەیەکەوە هەیە." کۆتا کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی رۆژی 26ی حوزەیرانی رابردوو بوو کە تیایدا هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆبونەوە.
هاوڵاتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، لەئەمڕۆ بەدواوە یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێت و هەرچی شتێک روبدات وەکو خۆی جواب دەدرێتەوە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆتاییهات. ئەوەش دوای زیاتر چوار کاتژمێر لە کۆبوونەوەی بەردەوام. بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەدوای تەوابونی کۆبونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای پارتی، بە کورتی و بەتوڕەییەوە قسەی بۆ میدیاکان کرد و وتی، "هەوڵدەدەین رێکبکەوین، بەڵام دڵنیابن لە ئەمڕۆوە بەدواوە یەکێتی وا بە وستکوتی نامێنێت، هەرچی شتێک روبدات لە ئەمڕۆ بەدواوە وەکو خۆی جواب دەدرێتەوە". وتیشی،" یەکێتی مێژووە، یەکێتی خوێنی شەهیدە، یەکێتی قوربانییە، یەکێتی هێزە." یەکێک لە رۆژنامەنوسەکان پرسیاریان ئاڕاستە کرد کە ئایا لەگەڵ پارتی نزیکن؟ سەرۆکی یەکێتی بە توڕەییەوە وتی، "لەوە دەچێت نزیکبین؟"، دواتر شوێنی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لە نێو بینای مەکتەبی سیاسی پارتی بەجێهێشت و سواری ئۆتۆمبێلەکەی بو. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی کە پێکهاتبو لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام و لەلایەن شاندێکی پارتی کە پێکهاتوە لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری، فوئاد حوسێن، مەحمود محەممەد، رێبوار یەڵدا و زاگرۆس فەتاح پێشوازیان لێکرا کۆتا کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی رۆژی 26ی حوزەیرانی رابردوو بوو کە تیایدا هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆبونەوە، رەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەردوولا و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقیان تاوتوێكرد.
هاوڵاتی لە ناوەڕاستی شاری منبجی رۆژئاوای کوردستان ئۆتۆمبێلێک تەقیەوە و بەو هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا. لە دووڕیانی سابی بەحراتی ناوەڕاستی شارۆچکەی منبجی رۆژئاوای کوردستان، ئۆتۆمبێلێک تەقیەوە. ئاژانسی نورس پرێسی نزیک لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، لە تەقینەوەکەدا سێ کەس کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، گیانیان لە دەستداوە. ئاژانسی هاوار نیوز باسی ئەوەی کرد، نازانرێت، تەقینەوەکە بەهۆی مینی چێنراوەوە بووە، یاخود لە رێگەی درۆنەوە ئۆتۆمبێلەکە تەقێنراوەتەوە.
لە دوو مانگدا زۆرترین هاوسەرگیریی و جیابونەوە لە تارانی پایتەختی ئێران تۆمار کراوە و کەمترین ژمارەی جیابونەوە لە شارێکی رۆژهەڵات تۆمار دەکرێت. ناوەندی تۆماری دانیشتوانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە دوو مانگی سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا 79 هەزار و 260 هاوسەرگریی و 37 هەزار و 701 جیابونەوە لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە . بە پێی ئامارەکە؛ زۆرترین هاوسەرگیریی و جیابونەوە لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە ، لەو شارەدا نۆ هەزار و 272 هاوسەرگیری و شەش هەزار و 229 جیابونەوە تۆمار کراوە. تاران بەهۆی ژمارەی زۆری دانیشتوانییەوە لە تۆمارکردنی هاوسەرگیریی و هاوکات جیابونەوە یەکەم شار بوە بەڵام کەمترین هاوسەرگریی لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە لە ئیلام 663 هاوسەرگیریی تۆمار کراوە و بەوەش دووەم پارێزگا بوە لە ئاستی ئێران کە کەمترین هاوسەرگریی تێدا کراوە. لەو دوو مانگەدا تەنها 185 جیابونەوەی لە پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە بەوەش کەوتوەتە ریزبەندی یەکەم پارێزگا کە کەمترین حاڵەتی جیابونەوەی تێدا تۆمار کراوە. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 600 هەزار کەس کە 300 هەزار و 24 کەسی لە رەگەزی پیاو و نزیکەی 299 هەزار کەسیشی لە رەگەزی ژنن.
هاوڵاتی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە پیرمام لەكۆبوونەوەدان، بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن و دوایین پێشهاتەكان. وەفدەكەی یەكێتی پێكهاتووە لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بەرپرسی دەستەی كارگێری و شاڵاو عەلی عەسكەری و جەعفەر شێخ مستەفا و سالار لالە سەرحەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی. وەفدی پارتیش پێكهاتووە لە فازڵ میرانی لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی پارتی و محمود محەمەد وتەبێژی پارتی و رێبوار یەلدا بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژادنەكانی پارتی و سیداد بارزانی ئەندامی دەستەی كارگێری و زاگرۆس فەتاح و هۆشیار زێباری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی. بڕیارە لە كۆبونەوەكەدا دواپێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و پرسی هەڵبژاردنەكان تاوتوێ بكرێت. رۆژی 26ی حوزەیرانی رابردوو هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆبونەوە، رەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەردوولا و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقیان تاوتوێكرد.
هاوڵاتی رۆژی شەممە ٨ی جوولای ٢٠٢٣، نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاری و خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران ، خەڵکی شاری سەقز، دوای بانگکرانی لەلایەن دادسەرای زیندانی ئێوینەوە، بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کرا. ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردە جاری یەکەم رۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە قۆڵبەستکراو و گوێزرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران. ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی سەقز، بە هۆی ئەوەی لەگەڵ "ئەمجەد ئەمینی" باوکی " ژینا ئەمینی" وتووێژی کردبوو، تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی دەسەڵاتی خرایە پاڵ و رۆژی ٢٨ی جێنیڤەری ٢٠٢٣،پاش دادگایی کردنی لە لایەن دادوەر "ئەفشاری"ەوە سزای ٢ ساڵ زیندان و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەنی ئێرانی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە خاکی ئێرانی بەسەردا داسەپا. جێگەی ئاماژەیە ماوەیەک لەوە پێش و لە مانگی جوونی ٢٠٢٣ دا ، نازیلا مەعرووفیان لە تویتەری خۆی رایگەیاند لەبەر ئەوەی باسی لە سووکایەتی و جنێوی سێکسی، هێزە ئەمنییەکان کردووە لە شوێنی کارەکەی دەرکراوە. نازیلا مەعرووفیان رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بڵاوکردەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیڕوڕای گشتی" درایە پاڵ. ژینا ئەمینی، کچی ئەمجەد ئەمینی ، خەڵکی شاری سەقز، رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شاری تاران بە بیانوونی نەگونجاوی حیجاب، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەر کرا و بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە کەوتە کۆماوەو رۆژی ١٦ی ئەیلوول، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران کۆچی دوایی کرد. کۆچی دوایی ئەم کچە کوردە ناڕەزایەتییەکی گەورەی جەماوەری لێکەوتەوە کە بە شۆڕشی "ژینا" ناسراوە.
بەرپرسێکی شاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەکاربونی پۆلیسی ئاوی لە شارەکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند ئەرکی ئەو پۆلیسانە رێگرییە لە بەکارهێنانی زۆری ئاو و بەفێڕۆدانی. پەرویز ناسری، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای ئیلام رایگەیاند؛ بەهۆی بەکارهێنانی نەگونجاوی ئاو لە پارێزگاکە پۆلیسی ئاو لە ئیلام پێکهێنراوە کە راستەوخۆ هۆشداریی دەداتە ئەو هاوڵاتییانەی کە ئاوی خواردنەوە و ئاو بۆ کشتوکاڵ بەفیڕۆ دەدەن. بە وتەی ئەو پۆلیسی ئاو رۆژانە گەڕان و چاودێریی دەبێت بە مەبەستی هۆشداریی و سزادانی ئەو کەسانەی کە لە بەکارهێنانی ئاودا زیادەڕەویی دەکەن. ناسری وتوشیەتی: پۆلیس سەردانی سەرجەم دامەزراوە حکومەییەکان و بینا و شوێنەکانی نیشتەجێبون دەکات و لە ئەگەری بینینی سەرپێچی و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی ئاو، سزای قورسی ماددی بۆ دامەزراوەکان و هاوڵاتییان دەنوسێت. بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای ئیلام جەختی لەوە کردوەتەوە زیادەڕەوی و بەفیڕۆدانی ئاو وای کردوە پۆلیسی ئاو لە شارەکە دابمەزرێت و لە ئەگەری دوبارەبونەوەی سەرپێچی و زیادەڕەویی دوای هۆشداریی پۆلیس، ئاوی ئەو شوێنانە دەبڕدرێت کە پابەندنی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئاو نەبن. پۆلیسی ئاو لە ئیلام
هاوڵاتی هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا رەتی کردەوە کە هێزەکانیان بەشداریان لە شەڕی ئوکرانیادا کردبێت. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لەبارەی بانگەشەی هەندێک لایەن کە گوایە هێزەکانیان بەشداریان لە شەڕی ئوکرانیادا کردووە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەسەدە دەڵێت، " هەندێک دەزگای راگەیاندن هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە کە گوایە شەڕڤانانمان بەشداریان لە شەڕی ئوکراینادا کردووە. ئێمە رایدەگەیەنین کە ئەو هەواڵە دوورن لە راستیەوە و هەندێک سەرچاوە بە ئاشکرایی و مەرامی هەرزان ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە." هەسەدە وتیشی ، " ئەو سەرچاوانەی هەواڵ، بەگوێرەی خەباتی نیشتیمانی تێکۆشانی هەسەدە ناجوڵێنەوە و ئێمە رایدەگەیەنین کە هیچ پەیوەندیەکمان بە پرسەکانی دەرەوەی سوریاوە نییە." ئەمڕۆ 500 ڕۆژ بەسەر جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا تێدەپەڕێت و تا ئێستا هیچ ڕێگەیەکی ئاشتی دیار نییە و تا دێت دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ڕێدەکات.
هاوڵاتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دوو ژن و سێ منداڵی تیرۆریستانی داعش رادەستی شاندێکی کەنەدی کرد. شاندێکی حکومەتی کەنەدا بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆریا فیلەر بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کونسوڵخانەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا و راستا دائی نوێنەری کەنەدا بۆ کاروباری سوریا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد. شاندەکە لەلایەن رۆبێل بەهۆ جێگری هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵای سوریا و خالید ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوە و لانە حسێن نوێنەری یەکینەکانی پاراستنی ژنانەوە پێشوازی لێکرا. رۆبێل بەهۆ لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەی بە دوایین نەخشەڕێگەی ئاستان کرد و باسی ئەوەی کرد کە نەخشەڕێگەکە لەدژی گەلانی سوریایە و ئەوەش ئاڵۆزی سوریا زیاتر دەکات. بەهۆی وتی، تاکە چارەسەر بۆ ئاڵۆزیەکان دیالۆگە و بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە هەوڵی چارەسەری قەیرانی سوریا بەگوێرەی بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات. هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە داوای لە دەوڵەتانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا ئامادە بکەن. لە کۆتایی کۆبونوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دوو ژن و سێ منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی شاندەکەی کەنەدا کردەوە و پرۆتۆکۆلێک لەنێوانیاندا واژۆ کرا.
هاوڵاتی خوێندکارانی وەرنەگیراو بۆ خوێندنی ماستەرو دکتۆرا گردبونەوەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کرد. خوێندکارانی وەرنەگیراو ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، کە ژمارەیەکی زۆر کورسی بەتاڵ ماوەو پڕنەکراونەتەوە داوا دەکەن کە خوێندنی باڵا لەگەڵ زانکۆکان هەماهەنگی بکات و بەشێکیان وەربگیرێن ، و دەڵێن، "ژمارەیەکی زۆر خوێندکار لە تاقیکردنەوەکان دەرچوون بەڵآم وەرنەگیراون ئەمەش ناچاریان دەکات بچنە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن. یەکیکی دیکە لە داواکارییەکانی خوێندکاران داوای لابردنی توانستی زانستی دەکەن و بە "مۆتەکە" ناویدەبەن. هاوکات خوێندکاران جەختیان لەوەکردەوە کە هاوشێوەی دیبلۆمی باڵا کەسوکاری شەهیدان بەدەر بکرێن لە هەموو ڕێنماییەکان و کورسیان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە ماستەر و دکتۆرا بخوێنن . رۆژی 12ی حوزەیران تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بۆ دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەڕێوەچوو، کە 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێش کردبوو و تاقیکردنەوەکەیان کرد. 11382یان بۆ ماستەر و 2692یان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دیبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و 1477یان بۆ دیبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی. ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7000 کورسیی راگەیاند کە پێکدێن لە 2308 کورسیی دیبلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیبلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر 3312 کورسی و بۆ خوێندنی دکتۆرا 1834 کورسی.
هاوڵاتی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، حكومەتی توركیا ئاوارە سوریەكان لەكەمپەكانی توركیاو باكوری كوردستان د ەگەڕێنێتەوە و لە كۆمەڵگاكان نیشتەجێ دەكات. هەروەها هاوڵاتیانی كوردی عەفرین كە ئامادە نین ماڵ و موڵكیان جێبهێڵن، رووبەرووی هەموو جۆرە پێشێلكاریەك دەبنەوە و كوشتن، تاڵان، ئەشكەنجە و دەستدرێژی لە سایەی توركیا و گروپە چەكدارەكانەوە بووەتە ناسنامەی عەفرین كە پێشتر وەك بووكی كوردستان دەناسرا. ئاژانسی هاوار نیوزیش لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە باسی ئەوەی كرد كە لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا چەكدارانی سەر بە توركیا، لە عەفرین دەستدرێژیان كردووەتە سەر دوو منداڵی 10 و 14 ساڵ. هاوکات لەسەرەتای دەستپێكردنی هێرشی دەوڵەتی توركیا لەدژی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، لە 20ی كانونی دووەمی ساڵی 2018ەوە، كوشتن، رفاندن، بەزۆر ئاوارەكردنی هاوڵاتیانی كورد دەستی پێكردو تاوەكو ئێستا بەردەوامە. لەشەش مانگی رابردوودا، 185 هاوڵاتی كورد كوژراون و دەستگیركراون كەتا ئێستاش چارەنووسی زۆربەی زۆریان نادیارەو ژمارەیەكی كەمیان لەبەرامبەر بڕە پارەیەك كە وەك فیدیە دەناسرێت، ئازاد كراون، بەڵام هەموو جۆرە هاتوچۆو جووڵەیەكیان لێ قەدەغەكراوە. زانیاری زیاتر لەسەر پێشێلکارییەکانی تورکیا لە عەفرین لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بخوێنەرەوە: https://hawlati.co/page_detail?smart-id=30479
لە هەڵشۆ تەقە لە ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات دەکرێت و دووانیان دەکوژرێن و یەکێکیان بریندار دەبێت و حیزبەکەش رایدەگەیەنێت ئەندامەکانیان بە پیلانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراون. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی دوو پێشمەرگەی حیزبەکەی پشتڕاست کردوە و رایگەیاندوە؛ ئەو دوو پێشمەرگەیە کاتژمێر 12:40ی شەوی پێنج شەمە بۆ هەینی لە ناوچەی هەڵشۆ سەر بە قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان کوژراون. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: عادل موهاجر ناسراو بە سەرباز و لوقمان ئاجی دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە پیلانێکی پێشتر بۆ داڕێژراودا لە لایەن بەکرێگیراوێکی کۆماری ئیسلامی (جاش) تەقەیان لێکراوە و کوژراون. حیزبی دیموکرات کوشتنی ئەو دوو پێشەمەرگەیەی بەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە کردوە و ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردوە جگە لەو دوو ئەندام و پێشمەرگەیە کەسێکی دیکە بە برینداری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراوە. بە پێی راپۆرتی هەنگاو کەسێک بە ناسنامەی "ڕەسوڵ ئازەڕەخش" کە پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەقەی لەو پێشمەرگانە کردوە و دەستبەجێ خۆی گەیاندوەتە سنوور و پەنای بۆ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵات بردوە و هەروەها سەعدی مورادپور کە پێشتر ئەندامی حیزبەکە بوە بە بریندرای لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەکان لە روداوەلە دەستی پێکردوە.
