هاوڵاتی هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا رەتی کردەوە کە هێزەکانیان بەشداریان لە شەڕی ئوکرانیادا کردبێت. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لەبارەی بانگەشەی هەندێک لایەن کە گوایە هێزەکانیان بەشداریان لە شەڕی ئوکرانیادا کردووە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەسەدە دەڵێت، " هەندێک دەزگای راگەیاندن هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە کە گوایە شەڕڤانانمان بەشداریان لە شەڕی ئوکراینادا کردووە. ئێمە رایدەگەیەنین کە ئەو هەواڵە دوورن لە راستیەوە و هەندێک سەرچاوە بە ئاشکرایی و مەرامی هەرزان ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە." هەسەدە وتیشی ، " ئەو سەرچاوانەی هەواڵ، بەگوێرەی خەباتی نیشتیمانی تێکۆشانی هەسەدە ناجوڵێنەوە و ئێمە رایدەگەیەنین کە هیچ پەیوەندیەکمان بە پرسەکانی دەرەوەی سوریاوە نییە." ئەمڕۆ 500 ڕۆژ بەسەر جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا تێدەپەڕێت و تا ئێستا هیچ ڕێگەیەکی ئاشتی دیار نییە و تا دێت دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ڕێدەکات.
هاوڵاتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دوو ژن و سێ منداڵی تیرۆریستانی داعش رادەستی شاندێکی کەنەدی کرد. شاندێکی حکومەتی کەنەدا بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆریا فیلەر بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کونسوڵخانەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا و راستا دائی نوێنەری کەنەدا بۆ کاروباری سوریا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد. شاندەکە لەلایەن رۆبێل بەهۆ جێگری هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵای سوریا و خالید ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوە و لانە حسێن نوێنەری یەکینەکانی پاراستنی ژنانەوە پێشوازی لێکرا. رۆبێل بەهۆ لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەی بە دوایین نەخشەڕێگەی ئاستان کرد و باسی ئەوەی کرد کە نەخشەڕێگەکە لەدژی گەلانی سوریایە و ئەوەش ئاڵۆزی سوریا زیاتر دەکات. بەهۆی وتی، تاکە چارەسەر بۆ ئاڵۆزیەکان دیالۆگە و بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە هەوڵی چارەسەری قەیرانی سوریا بەگوێرەی بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات. هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە داوای لە دەوڵەتانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا ئامادە بکەن. لە کۆتایی کۆبونوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دوو ژن و سێ منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی شاندەکەی کەنەدا کردەوە و پرۆتۆکۆلێک لەنێوانیاندا واژۆ کرا.
هاوڵاتی خوێندکارانی وەرنەگیراو بۆ خوێندنی ماستەرو دکتۆرا گردبونەوەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کرد. خوێندکارانی وەرنەگیراو ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، کە ژمارەیەکی زۆر کورسی بەتاڵ ماوەو پڕنەکراونەتەوە داوا دەکەن کە خوێندنی باڵا لەگەڵ زانکۆکان هەماهەنگی بکات و بەشێکیان وەربگیرێن ، و دەڵێن، "ژمارەیەکی زۆر خوێندکار لە تاقیکردنەوەکان دەرچوون بەڵآم وەرنەگیراون ئەمەش ناچاریان دەکات بچنە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن. یەکیکی دیکە لە داواکارییەکانی خوێندکاران داوای لابردنی توانستی زانستی دەکەن و بە "مۆتەکە" ناویدەبەن. هاوکات خوێندکاران جەختیان لەوەکردەوە کە هاوشێوەی دیبلۆمی باڵا کەسوکاری شەهیدان بەدەر بکرێن لە هەموو ڕێنماییەکان و کورسیان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە ماستەر و دکتۆرا بخوێنن . رۆژی 12ی حوزەیران تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بۆ دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەڕێوەچوو، کە 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێش کردبوو و تاقیکردنەوەکەیان کرد. 11382یان بۆ ماستەر و 2692یان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دیبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و 1477یان بۆ دیبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی. ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7000 کورسیی راگەیاند کە پێکدێن لە 2308 کورسیی دیبلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیبلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر 3312 کورسی و بۆ خوێندنی دکتۆرا 1834 کورسی.
هاوڵاتی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، حكومەتی توركیا ئاوارە سوریەكان لەكەمپەكانی توركیاو باكوری كوردستان د ەگەڕێنێتەوە و لە كۆمەڵگاكان نیشتەجێ دەكات. هەروەها هاوڵاتیانی كوردی عەفرین كە ئامادە نین ماڵ و موڵكیان جێبهێڵن، رووبەرووی هەموو جۆرە پێشێلكاریەك دەبنەوە و كوشتن، تاڵان، ئەشكەنجە و دەستدرێژی لە سایەی توركیا و گروپە چەكدارەكانەوە بووەتە ناسنامەی عەفرین كە پێشتر وەك بووكی كوردستان دەناسرا. ئاژانسی هاوار نیوزیش لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە باسی ئەوەی كرد كە لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا چەكدارانی سەر بە توركیا، لە عەفرین دەستدرێژیان كردووەتە سەر دوو منداڵی 10 و 14 ساڵ. هاوکات لەسەرەتای دەستپێكردنی هێرشی دەوڵەتی توركیا لەدژی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، لە 20ی كانونی دووەمی ساڵی 2018ەوە، كوشتن، رفاندن، بەزۆر ئاوارەكردنی هاوڵاتیانی كورد دەستی پێكردو تاوەكو ئێستا بەردەوامە. لەشەش مانگی رابردوودا، 185 هاوڵاتی كورد كوژراون و دەستگیركراون كەتا ئێستاش چارەنووسی زۆربەی زۆریان نادیارەو ژمارەیەكی كەمیان لەبەرامبەر بڕە پارەیەك كە وەك فیدیە دەناسرێت، ئازاد كراون، بەڵام هەموو جۆرە هاتوچۆو جووڵەیەكیان لێ قەدەغەكراوە. زانیاری زیاتر لەسەر پێشێلکارییەکانی تورکیا لە عەفرین لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بخوێنەرەوە: https://hawlati.co/page_detail?smart-id=30479
لە هەڵشۆ تەقە لە ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات دەکرێت و دووانیان دەکوژرێن و یەکێکیان بریندار دەبێت و حیزبەکەش رایدەگەیەنێت ئەندامەکانیان بە پیلانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراون. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی دوو پێشمەرگەی حیزبەکەی پشتڕاست کردوە و رایگەیاندوە؛ ئەو دوو پێشمەرگەیە کاتژمێر 12:40ی شەوی پێنج شەمە بۆ هەینی لە ناوچەی هەڵشۆ سەر بە قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان کوژراون. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: عادل موهاجر ناسراو بە سەرباز و لوقمان ئاجی دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە پیلانێکی پێشتر بۆ داڕێژراودا لە لایەن بەکرێگیراوێکی کۆماری ئیسلامی (جاش) تەقەیان لێکراوە و کوژراون. حیزبی دیموکرات کوشتنی ئەو دوو پێشەمەرگەیەی بەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە کردوە و ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردوە جگە لەو دوو ئەندام و پێشمەرگەیە کەسێکی دیکە بە برینداری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراوە. بە پێی راپۆرتی هەنگاو کەسێک بە ناسنامەی "ڕەسوڵ ئازەڕەخش" کە پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەقەی لەو پێشمەرگانە کردوە و دەستبەجێ خۆی گەیاندوەتە سنوور و پەنای بۆ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵات بردوە و هەروەها سەعدی مورادپور کە پێشتر ئەندامی حیزبەکە بوە بە بریندرای لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەکان لە روداوەلە دەستی پێکردوە.
ئەنجومەنێکی گەشتیاریی ئاشکرای دەکات زیاترین گەشتیار لە عێراقەوە سەردانی ئێرانی کردوە و رێژەی گەشتیش بۆ ئەو وڵاتە بەرز بوەتەوە. ئەنجومەنی جیهانی گەشتیاری بڵاوی کردەوە؛ رێژەی چونی گەشتیاران بۆ ئێران لە ساڵی 2022 زیاتر لە 39% بەرز بوەتەوە و داهاتەکەشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە. بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنەکە 55%ی سەرجەم ئەو کەسانەی گەشتییان بۆ ئێران کردوە لە عێراقەوە بون و بەوەش لە ریزبەندنی یەکەم وڵاتدا بون کە زۆرترین هاوڵاتیی بە مەبەستی گەشت رویان لە ئێران کردوە. ئەنجومەنەکە ژمارەی گەشتیارانی عێراقی بۆ ئێران بڵاو نەکردوەتەوە بەڵام پێشتر هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەریی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندبو ؛ لە ساڵی 2022 یەک ملیۆن و 223 هەزار و 896 کەس بۆ چارەسەری تەندروستیی رویان لە ناوەندە پزیشکی و نەخۆشخانەکانی ئێران کردوە. ئەنجومەنی جیهانی گەشتیاری ئاماژەی بەوە کردوە؛ ساڵی رابردو گەشتیارانی بیانی لە ئێران زیاتر لە شەش ملیارد دۆلاریان خەرج کردوە کە 97.9%ی بە مەبەستی بەسەربردنی کات و گەشتیاریی بوە و 2.2%ی مەبەستی گەشتەکان بازرگانیی بوە. دوای عێراق 12% گەشتیارانی ئێران هاوڵاتیی تورکیا و ئازەربایجان بون و هاوڵاتییانی پاکستان بە 5% و کوەیت بە 2% زۆرترین گەشتیاریان رویان لەو وڵاتە کردوە. ماوەی چەند ساڵێکە هاوڵاتییانی عێراق و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەشت و چارەسەری تەندروستیی بەشێوەیەکی بەرچاو سەردانی ئێران و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
هاوڵاتی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین – سوریا باسی ئەوە دەكات كەدەوڵەتی توركیا بەهاوكاری هەندێك رێكخراوی ناوخۆیی و كوەیتی و وڵاتانی عەرەبی، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا دەستی بەدروستكردنی شەش كۆمەڵگای نوێی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە هاوردەكان كردووە كەئەمانەن: كۆمەڵگای «ئەجنادین فەڵەستین»: دەوڵەتی توركیا لەچواری كانونی یەكەمی ئەمساڵدا لەناوچەی جندرێسی عەفرین دەستی بە دروستكردنی ئەو كۆمەڵگایە كردووە. رێكخراوی «ئەجناد ئیسلام»ی فەڵەستینی تەندەرەكەی وەرگرتبوو و بەپێی زانیاریەكان جگە لەهەندیك عەرەبی هاوردە، 40 خانەوادەی چەكدارانی «ئەحرار ئەلشام» لەوێ جێگیركراون. ئەو زەویەی كە كۆمەڵگاكەی لەسەر دروستكراوە، موڵكی دوو هاوڵاتی كوردن بەناوەكانی (حەسەن مەجید و موراد مەنان) كە خەڵكی گوندی شیتكای ناوچەی مابەتان. هەر دوو هاوڵاتیە كوردەكە بەزۆر لەناوچەكە دەركراون و لەئێستادا لە كەمپێكی ناوچەی شەهبا لەژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەژین. كۆمەڵگای «ئەلكەرامە»ی قەتەری: رێكخراوی خێرخوازی قەتەری، لە 12ی مانگی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند، لەناوچەی جندرێس، دەستی بەدروستكردنی كۆمەڵگای «شاری ئەلكەرامە» كردووە. رێكخراوەكە بەبیانووی ئەوەی لەبوومەلەرزەكەی شەشی شوباتدا زیان بەخانووی هاوڵاتیان گەیشتووە، دەستی بەدروستكردنی ئەو كۆمەڵگایە كرد. بەڵام دوای تەواوكردنی خانووەكان، خانەوادەی چەكدارەكانی سەر بەتوركیا لەو كۆمەڵگایە جێگیر كران و لەئێستادا ئەو كەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەركەوتووە لە خانووە رووخاوەكاندا دەژین. گوندی «قەتەری 2»: ئەم كۆمەڵگایە لەلایەن ئەنجومەنی خۆجێی عەفرین و دەستەی گشتی هاوكاری و پیشخستنی ئەنسارەوە لە چواری ئایاردا تەواوكرا. كۆمەڵگاكە دەكەوێتە گوندی شادێرێی ناوچەی شێراوا. كۆمەڵگای نیشتەجێبوونی «مابەتا»: چەكدارەكانی گروپی «سوڵتان سلێمان شاهـ» لەناوچەی مابەتای عەفرین كۆمەڵگاكەیان دروست كردووەو تایبەتە بەخانەوادەی چەكدارەكانی. كۆمەڵگای ‹ئەلئەیەدی ئەلبەیدا»: ئەم كۆمەڵگایەش تایبەتە بەگروپێكی دیكە لە گوندی شادێریێ ناوچەی شێراوا، بەڵام زانیاری لەسەر كۆمەڵگاكە نییەو نازانرێت چۆن و لەلایەن كام گروپەوە دروستكراوە. لەچەند رۆژی رابردوودا دەوڵەتی توركیاو چەكدارەكانی كۆمەڵگایەكی دیكەی نیشتەجیبوونیان بۆ عەرەبە هاوردەكان لەچیای لێلون دروست كردووە.
عەمار عەزیز ساڵێك لەمەوبەر توركیا سەیرانگای گوندی پەرەخی لەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان بۆردومان كرد، بەهۆیەوە چەند گەشتیارێك شەهید و برینداربوون، دوای ساڵێك لەڕووداوەكە سەیرانگەكە بەڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوەو پاسەوانی سنووری عێراق دەیپارێزێت. دوو هەفتەیە سەیرانگای پەرەخ كەدەكەوێتە سنوری ناحیەی دەركار لەپارێزگای دهۆك، دووبارە بەڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوە، داخستنەكەی لەبەر ڕووداوەكەی رۆژی 22ی تەموزی 2022 بوو، كە بە چەند موشەكێك سەیرانگاكە لەلایەن توركیاوە كرایە ئامانج، بەوهۆیەوە نۆ گەشتیار شەهید و22 گەشتیاریی دیكەش برینداربوون كە لەناوەڕاست و باشوری عێراقەوە ڕوویان لەناوچەكە كردبوو. دوای ڕووداوەكەش رۆژی26ی حوزەیرانی 2023خاڵێكی سەربازی پاسەوانی سنور بە دووری تەنها كێلومەترێك لەگوندی پەرەخ جێگیركراوە، ئەوەش بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەكە هەروەها ئەو گەشتیارانەی روولە گوندەكە دەكەن. جەمیل عەبدوڵا، موختاری گوندی پەرەخ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» نزیكەی دوو هەفتەیە هاوینە هەواری پەرەخ بەرووی گەشتیاراندا كراوەتەوە، بەڵام هاتنی گەشتیاران بۆ گوندەكەمان زۆر كەمە. 26ی مانگی رابردوو پاسەوانی سنوری عێراق خاڵێكی سەربازییان داناوە كەتەنها كێلۆمەترێك لەسەیرانگای پەرخەوە دوورە. موختاری گوندی پەرەخ پێیوابوو هێشتا كاریگەری ڕووداوەكەی 22ی تەموزی ساڵی رابردوو هەر ماوە بۆیە گەشتیاران هێشتا زۆر ڕوو لەناوچەكەیان ناكەن. گەشتوگوزاری زاخۆ دڵنیایی دەداتە گەشتیاران كە دەتوانن كاتەكانیان لە گوندی پەرخ بەسەر بەرن. بێوار سندی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ لەلێدوانێدا بە هاوڵاتی وت: زیاتر لە 15 رۆژە سەیرانگای گوندی پەرەخ بەفەرمی كراوەتەوە، ئەوەش دوای نزیكەی ساڵێك لەداخستنی بەهۆی ڕووداوەكەی 22ی تەموزی 2023 كە ژمارەیەك گەشتیار شەهیدو برینداربوون. هاوكات دڵنیایدا لەوەی كە بۆ پاراستنی زیاتری ناوچەكەو گیانی گەشتیاران هێزی پاسەوانی سنوری عێراق خاڵێكی سەربازی لە دەوروبەری گوندەكە جێگیركردوە. بێوار سندی وتیشی:» حەزدەكەین گەشتیاران عەرەب روو لە سەیرانگای پەرەخ بكەن و ریكلامیش بۆ ئەو شوێنە دەكەین، پێشتر حەزمان نەدەكرد گەشتیار ڕوو لەگوندەكە بكەن، بەڵام بەدانانی ئەو خاڵە سەربازییە تەواو دڵنیا بووین شتێكیش رووبدات زیانەكانی زۆر كەمتر دەبن لەجاران. هاوكات هێزی پاسەوانی سنوری عێراق لە دەوروبەری چەند هاوینەهەوارێكی تر لەسنوری ناحیەی دەركار جێگیركراوە لەوانە شەرانش و ئەشكەوتی بێهیرێ. لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە25شوێنی گەشتیاری هەیە، لەرۆژانی جەژندا 54هەزار 233گەشتیار هاتوونەتە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەروەها لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا نزیكەی 150هەزار گەشتیار ڕوویان لەسنوری ئیدارەكە كردووە. لەسنوری ناحیەی دەركار سێ هاوینەهەواری بوونیان هەیە كە» گوندی پەرەخ، شەرانش، ئەشكەوتی بیهێری» تەنها لەم مانگەدا زیاتر لە30هەزار گەشتیار سەردانی ئەو سێ شوێنەیان كردووە. خاوەنی یەكێك لە شوێنە گەشتیاریەكان لەڕێگەی هاوڵاتیەوە داواكاری هەیە مەسعود عەلی، خاوەن شوێنێكی گەشتیاریە لەگوندی پەرەخ، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: لەناوەراستی مانگی رابردوودا جارێكی تر هاوینە هەواری گوندی پەرەخ بەفەرمی كرایەوە، بەڵام هاتنی گەشتیاران بۆگوندەكە یەكجار كەمە، ناوچەكە لەرووی ئەمنییەوە هیچ كێشەیەكی نیە، داواكاریمان ئەوەیە گەشتوگوزاری زاخۆ زیاتر هاوكاریمان بكات و دڵنیایی بداتە گەشتیاران كە هیچ كێشەیەكی ئەمنیی لەسنورەكە. «ئەوانەی لەدوو هەفتەی رابردوو سەردانی پەرەخیان كردووە زیاتر گەشتیارانی هەرێمی كوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون، رۆژانە دوو تا سێ پاس روولە پەرەخ دەكەن، لەكاتێكدا پێش روداوەكە رۆژانە بەلایەنی كەمی 10پاس دەهاتن»، مەسعود عەلی وای وت. یەكەم جار نییە توركیا بۆردوومانی هەرێمی كوردستان بكات و قوربانی لێبكەوێتەوە، بەڵام یەكەمجار بوو بۆردومانێكی توركیا لەعێراق و ناوچەكە و جیهان ببێتە جێی باس و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنێتە دەنگ. ڕووداوەكە كاردانەوەی توندی عێراق و هاوڵاتیانی لێكەوتەوە، لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجومەنی ئاسایش داوای لێكۆڵینەوەی لەڕووداوەكە كرد، بەڵام تائێستا ئەنجومەنی ئاسایش و عێراقیش لەبارەی ڕووداوەكە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، لەكاتێكدا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی 100 هاووڵاتیی مەدەنی هەرێمی كوردستان بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەكانەوە شەهید بوون، بەڵام هاتنی ژمارەیەك گەشتیاری عەرەب لە گەرمای تەممووزی بەغدا و باشوورەوە بۆ هاوینە هەوارە فێنكەكانی پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان بووە ڕووداوێكی تراژیدی و كاریگەر و بەشێكیان تەرمەكانیان گەڕایەوە و بەشێكیشیان برینداربوون. هەرچەندە لەكاتی ڕووداوەكەدا سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكوەزیران و یۆنامی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی توندیان نیشاندا بەڵام تائێستا توركیا خۆی بە ئەنجامدەری ڕووداوەكە نازانێت و ئامادەش نەبوو قەرەبووی كەسوكاری قوربانیەكان بكاتەوە، لەكاتێكدا بەپێی لێكۆڵینەوەكان بۆردومانەكەی گوندی پەرەخ كە دەیان قوربانی لێكەوتەوە، ساغبوەتەوە كە سوپای توركیا بەرپرسیارە لەو رووداوە. هەر بەماوەیەكی كەم لەدوای ڕووداوەكە میدیاكانی عێراق ئاشكرایانكرد ئەنجامی لێكۆڵینەوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەریخستووە كە هێرشەكە لەرێگەی تۆپهاوێژەكانی سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە . ئاماژە بەوەشكرابوو دوای كۆكردنەوەی پاشماوەی موشەكە هاوێژراوەكان و گواستنەوەیان بۆ بارەگای بەرێوەبەرایەتی تۆپخانەی سوپای عیراق لەبەغدا، دەركەوتووە موشەكە بەكارهاتووەكان لەو پەلامارەدا بۆ سەر گەشتیارە عیراقییەكان لەجۆری 155 ملم بوەو هەروەها لەدووری حەوت بۆ هەشت كیلۆمەترەوە لەپشت چیای خانتێرەوە هاوێژراون كە بەپێی زانیاری هەواڵگری مۆڵگەی سوپای توركیایە، هاوكات تەئكید لەوەكراوەتەوە كە پەكەكە خاوەنی تۆپی قورسی لەو جۆرە نییە و پەلامارەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە، هەرزوو پارتی كرێكارانی كوردستان( پەكەكە) بێبەری بوونی خۆی لەڕووداوەكە ڕاگەیاند و توركیای بە بەرپرسیار زانی.
هاوڵاتی تەرمی ١١ کۆچبەری کورد کە لەپێنجی حوزەیرانی رابردوو لە کەناراوەکانی جەزائیر خنکان گەیشتنەوە رۆژئاوای کوردستان. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژئاوای سوریا بە ھەماھەنگی لەگەڵ مانگی سوری کوردی تەرمی ١١ کۆچبەری وەرگرتەوە کە پێنجیی حوزەیرانی رابردوو بە ھیوای گەیشتن بە ئەوروپا لە کەناراوەکانی وڵاتی جەزائیر خنکابوون. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی جەزائیر، لوبنان، سوریا توانی تەرمی کۆچبەرەکان وەربگرێتەوە و رادەستی کەسوکارەکانیان بکاتەوە. لە نەخۆشخانەی تەبقەی نیشتمانییەوە، تەرمی ھەشت لە کۆچبەرەکان بەرەو کۆبانێ و سیانیشیان و قامیشلۆ بەڕێکران تاکو لە زێدی خۆیان بەخاکبسپێردرێن.
هاوڵاتی راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ئەو پەرلەمانتارانەی لەدوای 6-11-2022 مووچەی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە بەچەند ڕێكارێك لێیان وەردەگیرێتەوە لەرێگەی ئیكرامیەو مووچەی خانەنشینییەوە. خولی پێنجەمی پەرلەمان وادەكەی لە 6ی تشرینی دووەمی 2022 كۆتایی هات و دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق درێژكردنەوەی پەرلەمان بە نایاسایی وەسف كرا. لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە دەبێت پەرلەمانتاران موچەی هەشت مانگ بگەڕێننەوە كە بۆ هەر پەرلەمانتارێك بڕەكەی (هەشت ملیۆنو 85 هەزار) دیناری مانگانەیە بە تێكڕا بڕی ئەو پارەیە دەكاتە (64 ملیۆنو 680 هەزار) دینار. هەروەها بۆ ئەو 104 پەرلەمانتارەی كە لە دوای 6ی تشرینی دووەمەوە مووچەیان وەرگرتووە بڕەكەی دەگاتە نزیكەی حەوت ملیاردینار. بەوتەی سەرچاوە یاساییەكەی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی پەرلەمانتاران موچەی هەشت مانگی رابردوویان بگەڕێننەوە، ئەوا دەبێت بۆ ئەو هەشت مانگە موچەی خانەنشینیان بۆ هەژمار بكرێت، ئیتر لەم رێگەیەوە دەتوانرێت پاكتاوی ئەو پارانە بكرێت كە وەكو پەرلەمانتار وەریانگرتووە، ئەمەش بەشێوەی لێبڕینی مانگانە لە موچەی خانەنشینییەكەیان. هاوکات لەم بارەیەوە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: لەبەرئەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كتوپڕ بووە جارێ هیچ بەرچاو ڕوونییەك نیە بۆ ئەوەی چۆن پارەی ئەو ماوەیەیان لێوەربگیرێتەوە. هەروەها وتیشی:» ئاسان نییە تا ڕێكارێك دەگیرێتەبەر بۆ چۆنیەتی وەرگرتنەوەی پارە لێیان و قورسیشە مووچە لەكەسێك وەربگریتەوە، بەڵام دەكرێت لەڕێگەی ئەو سلفانەی پەرلەمانتاران دەگرێتەوە»ئیكرامی» ئەو پارانەیان لێوەربگیرێتەوە یاخود دوای خانەنشین بوونیان پارەیان لێوەربگیرێتەوە». سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی پێشیوابوو جارێ پرۆسەكە لەسەرەتادایە و ڕەنگە هەفتەی داهاتوو بڕیار بدرێت و ڕێكارەكان بۆ وەرگرتنەوەیان دەستپێبكات. زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بخوێنەرەوە : https://hawlati.co/page_detail?smart-id=30452
هاوڵاتی بەپێی نوێترین ئامار لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 185 خەڵكی مەدەنی كورد كوژراون یان دەستگیركراون و بەشێك لەوانەش قەدەغەی هاتوچۆیان لەلایەن میلیشیاكانی توركیاوە بەسەردا سەپێندراوە. سەرەرای كوشتن و رفاندن و دەستگیركردنی كوردانی عەفرین، توركیا لەرێگەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە شەش كۆمەڵگای نیشتەجێبوونی بۆ عەرەبە هاوردەكان دروست كردووە لەسەرەتای دەستپێكردنی هێرشی دەوڵەتی توركیا لەدژی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، لە 20ی كانونی دووەمی ساڵی 2018ەوە، كوشتن، رفاندن، بەزۆر ئاوارەكردنی هاوڵاتیانی كورد دەستی پێكردو تاوەكو ئێستا بەردەوامە. لەشەش مانگی رابردوودا، 185 هاوڵاتی كورد كوژراون و دەستگیركراون كەتا ئێستاش چارەنووسی زۆربەی زۆریان نادیارەو ژمارەیەكی كەمیان لەبەرامبەر بڕە پارەیەك كە وەك فیدیە دەناسرێت، ئازاد كراون، بەڵام هەموو جۆرە هاتوچۆو جووڵەیەكیان لێ قەدەغەكراوە. ژمارەیەك لەرێكخراو و دەزگاكانی رۆژئاوای كوردستان بەتایبەتی هەرێمی عەفرین پێشێلكاریەكان كە لەلایەن گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەر بە توركیاو حكومەتی توركیا ئەنجام دەدرێن، تۆمار دەكەن. یەكێك لەو رێكخراوانەش، رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین – سوریایە. رێكخراوەكە ئاماری پێشێلكاریەكانی شەش مانگی رابردووی، لەدژی كوردانی عەفرین بڵاوكردەوە. لە شەش مانگی ڕابردودا ١٨٥ هاوڵاتی کورد کوژراون و دەستگیرکراون کە تا ئێستاش چارەنوسی زۆربەی زۆریان نادیارە كوشتن و ڕفاندن تاوانی كوشتن و رفاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن چەكدارەكانی سەر بەتوركیا و بەتایبەتی هێزێك بەناوی (پۆلیسی مەدەنی) رۆژانە بەردەوامن. بەپێی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین – سوریا، لەشەش مانگی رابردوودا، 12 هاوڵاتی كورد كەچوار كەسیان لە یەك خانەوادەن، كوژراون. هەروەها لەو شەش مانگەدا، 173 بەبیانووی پەیوەندیكردن بەخۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیركراون. بەگوێرەی زانیاریەكان ئەو كەسانەی كەدەتوانن پارە بدەن، ئازاد دەكرێن، بەڵام زۆر كەسیش كەتوانایان نییە پارە بدەنە گروپە چەكدارەكان تاوەكو ئێستاش لەزیندانەكاندان و چارەنووسیان نادیارە. سروشتی عەفرین تاڵان دەكرێت بەپێی رێكخراوەكە، دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نیشتەجێبوون دروست بكات، دەستی بە بڕینی دارستان و تێكدانی باخ و باخچەی هاوڵاتیان كردووەو لەلایەكی دیكەوە چەكدارەكان دارو درەختەكان دەگوازنەوە بۆ باكوری كوردستان و توركیاو دەیفرۆشن. تاوەكو ئێستاش بۆ دروستكردنی كۆمەڵگاكان كە وەك ‹كۆمەڵگاكانی كۆلۆنیالیزم› لەلایەن كوردانی رۆژئاواوە بەناودەكرێن، 15 هەزار و 500 داری بەرهەمداری وەك، زەیتون، گوێز، بادەم و دارستانەكانی بەڕوو و درەختی خۆڕسك لەناوبراون و زیاتر لە 70 هێكتار زەوی گەنم و جۆ سووتێنراون. تا ئێستا شەش كۆمەڵگای نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە هاوردەكان دروست كراون رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین – سوریا باسی ئەوە دەكات كەدەوڵەتی توركیا بەهاوكاری هەندێك رێكخراوی ناوخۆیی و كوەیتی و وڵاتانی عەرەبی، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا دەستی بەدروستكردنی شەش كۆمەڵگای نوێی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە هاوردەكان كردووە كەئەمانەن: كۆمەڵگای «ئەجنادین فەڵەستین»: دەوڵەتی توركیا لەچواری كانونی یەكەمی ئەمساڵدا لەناوچەی جندرێسی عەفرین دەستی بە دروستكردنی ئەو كۆمەڵگایە كردووە. رێكخراوی «ئەجناد ئیسلام»ی فەڵەستینی تەندەرەكەی وەرگرتبوو و بەپێی زانیاریەكان جگە لەهەندیك عەرەبی هاوردە، 40 خانەوادەی چەكدارانی «ئەحرار ئەلشام» لەوێ جێگیركراون. ئەو زەویەی كە كۆمەڵگاكەی لەسەر دروستكراوە، موڵكی دوو هاوڵاتی كوردن بەناوەكانی (حەسەن مەجید و موراد مەنان) كە خەڵكی گوندی شیتكای ناوچەی مابەتان. هەر دوو هاوڵاتیە كوردەكە بەزۆر لەناوچەكە دەركراون و لەئێستادا لە كەمپێكی ناوچەی شەهبا لەژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەژین. كۆمەڵگای «ئەلكەرامە»ی قەتەری: رێكخراوی خێرخوازی قەتەری، لە 12ی مانگی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند، لەناوچەی جندرێس، دەستی بەدروستكردنی كۆمەڵگای «شاری ئەلكەرامە» كردووە. رێكخراوەكە بەبیانووی ئەوەی لەبوومەلەرزەكەی شەشی شوباتدا زیان بەخانووی هاوڵاتیان گەیشتووە، دەستی بەدروستكردنی ئەو كۆمەڵگایە كرد. بەڵام دوای تەواوكردنی خانووەكان، خانەوادەی چەكدارەكانی سەر بەتوركیا لەو كۆمەڵگایە جێگیر كران و لەئێستادا ئەو كەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەركەوتووە لە خانووە رووخاوەكاندا دەژین. گوندی «قەتەری 2»: ئەم كۆمەڵگایە لەلایەن ئەنجومەنی خۆجێی عەفرین و دەستەی گشتی هاوكاری و پیشخستنی ئەنسارەوە لە چواری ئایاردا تەواوكرا. كۆمەڵگاكە دەكەوێتە گوندی شادێرێی ناوچەی شێراوا. كۆمەڵگای نیشتەجێبوونی «مابەتا»: چەكدارەكانی گروپی «سوڵتان سلێمان شاهـ» لەناوچەی مابەتای عەفرین كۆمەڵگاكەیان دروست كردووەو تایبەتە بەخانەوادەی چەكدارەكانی. كۆمەڵگای ‹ئەلئەیەدی ئەلبەیدا»: ئەم كۆمەڵگایەش تایبەتە بەگروپێكی دیكە لە گوندی شادێریێ ناوچەی شێراوا، بەڵام زانیاری لەسەر كۆمەڵگاكە نییەو نازانرێت چۆن و لەلایەن كام گروپەوە دروستكراوە. لەچەند رۆژی رابردوودا دەوڵەتی توركیاو چەكدارەكانی كۆمەڵگایەكی دیكەی نیشتەجیبوونیان بۆ عەرەبە هاوردەكان لەچیای لێلون دروست كردووە. لە عەفرین تا ئێستا شەش کۆمەڵگای نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە هاوردەکان دروست کراون حكومەتی توركیا دەستی بە ناردنی ئاوارە سوریەكان بۆ ناوچە داگیركراوەكان كردووە لەلایەكی دیكەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، حكومەتی توركیا ئاوارە سوریەكان لەكەمپەكانی توركیاو باكوری كوردستان دەگەڕێنێتەوە و لە كۆمەڵگاكان نیشتەجێ دەكات و بەم شێوەیە دیموگرافیای عەفرین و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە دەگۆڕێت. روانگەی سوری ئاشكرای كرد كە لەماوەی حەفتەیەكدا نزیكەی 300 كەس گەڕێندراونەتەوەو لە عەفرین نیشتەجێكراون و پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارە سوریەكان بۆ ئەو هەرێمە بەردەوامە. ئاژانسی هاوار نیوزیش لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە باسی ئەوەی كرد كە لەماوەی كەمتر لەحەفتەیەكدا چەكدارانی سەر بە توركیا، لە عەفرین دەستدرێژیان كردووەتە سەر دوو منداڵی 10 و 14 ساڵ. بەم شێوەیە هاوڵاتیانی كوردی عەفرین كە ئامادە نین ماڵ و موڵكیان جێبهێڵن، رووبەرووی هەموو جۆرە پێشێلكاریەك دەبنەوە و كوشتن، تاڵان، ئەشكەنجە و دەستدرێژی لە سایەی توركیا و گروپە چەكدارەكانەوە بووەتە ناسنامەی عەفرین كە پێشتر وەك بووكی كوردستان دەناسرا.
هاوڵاتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، ئەو دو کەسەی دوێنێ لە قەڵادزێ کوژران، ئەندامی حزبەکەیانن و لەلایەن بەکرێگیراوێکی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون. حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 12:40 خولەکی نیوەشەوی رابردو چەند کەس لە ئەندامانی حیزب کە بە سەردان چوبونە دەوروبەری "هەڵشۆ"ی سەربە شاری قەڵادزێ لە باشوری کوردستان، لەلایەن بەکرێگێراوێکی ئێران و بە پیلانێکی لەپێشدا دارێژراو تەقەیان لێدەکرێ و بەداخەوە دو کەسیان بە ناوەکانی؛ عادل موهاجیر ناسراو بە (سەرباز) و لوقمان ئاجی شەهیدبون. دەشڵێن، "رووداوەکە پلان بۆ داڕێژراو بووە و ئەوەش خسراوەتەڕوو، هەوڵ و کردەوە دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە حزبی دیموکراتی کوردستان زیادیکردووە و داوا لە کاربەدەستانی عێراق و هەرێم دەکەن هەڵوێستیان لەو بارەیەوە هەبێت." بە پێی زانیارییەکان لە ئێستادا کەسی سێیەم دەستگیرکراوە و تەرمی دوو کوژراوەکەش بۆ پزیشکی دادی سلێمانی گواستراونەتەوە. وێنەی ئەو دوو پێشمەرگەیەی کوژراون:
هاوڵاتی دوو پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دەڤەری قەڵادزێ، لەلایەن کەسێکەوە دەستڕێژی گوللـەیان لێکرا و گیانیان لەدەستدا. بە گوێرەی زانیارییەکان چوار کەس کە سیانیان ئەندامی دیموکرات بوون، ئێوارەی دوێنێ چونەتە گەشت و سەیران بۆ سەیرانگای ھەڵشۆ لە قەڵادزێ، بەڵام دوانیان کوژراون و ئاسەواری فیشەک بە جەستەیانەوە ھەیە. هەروەها ئەو دوو کەسەی دیکە کە لەگەڵیان بوون یەکێکیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراوە، ئەوەی دیکەش ھەڵھاتووە. ئەو دوو کەسەی کوژراون ناویان عادل رەسوڵ تەمەن ٣٣ ساڵ و لوقمان ئەمیر تەمەن ٢٥ ساڵە پێشتر پێشمەرگە بوون و خەڵکی ھەولێر بوون، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە دەستیپێکردووە. هاوکات تەرمی ھەردوو کوژراوەکە لەئێستادا گواستراونەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.
هاوڵاتی دادگای سوید رایگەیاند، کەسێکیان بەهۆی ئەوەی هاوکاری دارایی بۆ پەکەکە کۆکردووتەوە دادگایی کردووە و سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. دادگای هەرێمی ستۆکهۆڵم رایگەیاند، ئەو کەسە کە ناوی ئاشکرا نەکردووە و تەمەنی 41 ساڵە، ئەندامی پەکەکە بووە و پارەی کۆکردووتەوە و رادەستی پەکەکەی کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سوید و فینلەندا لەبارەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا کۆببنەوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاش لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا باسی ئەوەی کرد کە سوید تاوەکو ئێستا هەنگاوی پێویستی نەناوە کە ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند بکەن.
شەنای فاتیح لەهەرێمی كوردستان ئارایشتگای تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش بوونی هەیەو سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانیش دەڵێت» ئیسلام ڕێگەی بەجوانكاری و خۆڕازاندنەوە داوەو سنووریشی بۆ داناو». كچان و ژنان بۆ جوانكاری و خۆڕازاندنەوە حەزو خولیایان هەیەو هەمیشە خوازیاری ئەوەن كە بەجوانترین شێوە دەربكەون. لەهەرێمی كوردستاندا سێ ئارایشتگای تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش هەیە كە دوانیان لەشاری هەولێرو ئارایشتگایەكیشیان لەشاری سلێمانییە، كاری جوانكاری و خۆڕازاندنەوە بۆ خانمان ئەنجامدەدەن بەتایبەت ئەو خانمانەی ڕۆژی هاوسەرگیریانە. خەرمان ئەنوەر، خاوەنی یەكەمین ئارایشتگای تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش لەشاری هەولێر لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لە ساڵی ٢٠١٢ یەكەمین ئارایشتگای باڵاپۆشانیان لەكوردستاندا كردووەتەوە بەئامانجی گرنگیدان بەخانمانی باڵاپۆش و نیشاندانی جوانییەكانیان. هەروەها وتیشی: »خۆم كچێكی باڵاپۆش بووم و بەردەوام گرنگیم بەدیزاینی لەچك و جلوبەرگ دەدا و زۆرجار كەسانی دەوروبەرم پرسیاری شێوازی دیزایەنەكانیان لێدەكردم، پاشان بیرم كردەوە بۆشاییەكی زۆر هەیە لەئارایشتگاكاندا و گرنگییەكی ئەوتۆ بەخانمانی باڵاپۆش نادرێت، بۆیە بڕیارمدا خزمەتەكەم بگوازمەوەو تەنها بۆ خۆم نەبێت». خەرمان ئەنوەر باسی لەوەشكرد خانمانی باڵاپۆش بۆ هەموو بۆنەیەك دەڕازێننەوە، كە ئەو میكیاجەی لەئارایشتگاكەیاندا بەكاردەهێندرێت كوالێتی بەرزەو بەشێكیان لەدەرەوە دەهێنن و بەشێكیشیان ئەو میكیاجانە كە لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەردەستن بەكاریاندەهێنن. بەپێی ئاماری قایمقامییەتی پارێزگاكانی هەرێم هەزارو ٧٦٢ ئارایشتگا لەسەنتەری هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمدا هەیە كە ٤٨٧ ئارایشتگا لەهەولێرو هەزارو ١٦١ ئارایشتگا لەسلێمانی و ١١٤ ئارایشتگاش لەدهۆك بوونیان هەیە. بێریڤان ئەنوەر خاوەنی كۆمەڵگایەكی تایبەت بەخانمانی باڵاپۆشە، كە پێكدێت لەبەشی هۆڵ تایبەت بەبۆنەو ئاهەنگەكان و ئارایشتگا و وێنەگرتن وجلوبەرگ كەچەندین مۆدێل و ستایلی پۆشاكی خانمانی باڵاپۆش لەخۆدەگرێت و لە 11 ساڵی رابردوودا دەستی بەكارەكەی كردووە. بێریڤان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: »پێشتر شوێنێكی تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش نەبوو و لەڕۆژی هاوسەرگیریاندا گرنگییەكی وایان پێنەدەدراو لەئارایشتگاكاندا شارەزایی لەستایل و مۆدێلی لەچك بەستنی خانماندا نەبوو، بەڵام لەئێستادا بابەتەكە گۆڕاوەو لەئارایشتگاكانی دیكەدا گرنگی بەخانمانی باڵاپۆش دەدرێت. «ئامانجمان ئەوەبوو كۆمەڵگایەك یان شوێنێكی تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش هەبێت بۆ جوانكاری و گرنگیپێدانیان و هەمیشە نوێگەری دەكەین بەتایبەت لەستایلی لەچك بەستندا.»، بێریڤان ئەنوەر وای وت. لەئارایشتگاكەیاندا بەشی میكیاج و لەچك بەستن، بەشی قژ كە ئۆمبرێ و مێش و هەموو كارێكی تایبەت بەقژی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەشی هایدرۆفیشنەڵ و بەشی لیتینگی برژانگ و برۆیان هەیە و هەموو ئەو كارانەی ڕیگەپێدراون بۆ خانمانی ئەنجامدەدەن. سەبارەت بەو میكیاجانەی لەئارایشتگاكەیاندا بەكاری دێنن بێریڤان ئەنوەر ئەوەی روونكردەوە كە زۆربەی ئەو میكیاجانەی بەكاریان دێن لەوڵاتی توركیاوە دەیهێنێت و ساڵانە زیاتر لەدووجار سەردانی توركیا دەكات بەمەبەستی هێنانی ماددەكانی مكیاج، وتیشی:» سەرجەمیان كوالێتیان بەرزەو لەماركە بەناوبانگەكانن، بەشێكیش لەبازاڕەكانی هەرێم دەكڕین». هاوكات لەشاری سلێمانی ئارایشتگایەكی تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش كراوەتەوەو لەلایەن دوو خوشكەوە سەرپەرشتی دەكرێت. سەرۆكی لیژنەی فەتوا پێیوابوو كە شوێنی تایبەت بەجوانكاری ئافرەتان لەئیسلامدا موباحەو لەبازنەی حەڵاڵەكاندایە. دكتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەسڵی كارەكە حەڵاڵ و ڕەوایە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا شەریعەتی ئیسلام سنووریشی بۆ داناوەو بەڕەهایی بەدروستی دانەناوە. هەروەها وتیشی: نابێت ڕوكەشی مرۆیی خۆی بگۆڕێت واتە شێوەی دەموچاوی ئەسڵی خۆی بگۆڕێت و سەرنجڕاكێشانێكی زیاد لەپێویست ئەنجامبدرێت. «بەكارنەهێنانی ماددەیەك كەزیانی بۆ پێست و قژ یان هەر بەشێكی دیكەی جەستە نەبێت, دەشبێت ئەو كەسەی جوانكاری ئەنجامدەدات هاوڕەگەزی خۆی بۆی ئەنجامبدات، واتە پیاو بۆ پیاو و ئافرەتیش بۆ ئافرەت لەگەڵ پاراستی نهێنییەكانی»، محەمەد پێنجوێنی وای وت. سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی وتیشی: ئافرەت لەسەردەمی پێغەمبەردا لەڕۆژی هاوسەرگیریدا ڕازێنراوەتەوەو جوانی تایبەتی خۆی هەبووە, تەنانەت لەو ڕۆژەشدا جلوبەرگی تایبەتیان لەبەردا بووە. دكتۆر محەمەد پێنجوێنی باسی لەوەشكرد ئەو شتانەی لەسەردەمی پێغەمبەردا بۆ ئافرەتان ئەنجامدەدرا خەنەكردن بووە بۆ دەست و چاو ڕەشكردن بووە، هەروەها سوفرەو سەك و خەلوق بەكارهاتووە كە جۆرێكن لەبۆن، هەروەها غومرە هەبووە كە بۆ سەر كوڵم بەكارهاتووە بۆ ئەوەی ڕەنگێكی جوان بداتە ڕوخسار، هەروەها وسمە كە بۆ ڕەنگی قژ بەكارهاتووە لەگەڵ ئێكسسواراتدا.
