هاوڵاتی هەسەدە دەستی بە ئۆپراسیۆنی هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە شەهیدانی رەققە کرد هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش تەبقە، رەققە و گوندەکانی دەوروبەریان راگەیاند. هەسەدە لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کرد کە ئۆپراسۆنەکەیان لەژێر ناوی “هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە شەهیدانی رەققە” ئەنجام داوە. هەسەدە سەرلەبەیانی ئەمڕ چوارشەممە، دەستپێکردنی هەڵمەتەکەی راگەیاند و هەڵیکوتایە سەر دەیان گوند و ماڵ لە رەقە و گوندەکانی، تەبقە و گوندەکان، کەرەما، سیرین و گوندەکانی. ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، ئۆپەراسیۆنەکان "بەپێی ئەو پلانەی بۆیان دارێژراوە و لە کاتی دیاریکراو ئەنجامدراون و ئەنجامێکی باشیان بەدەستهێناوە کە لە راگەیەندراوێکی دیکەدا بڵاوی دەکەنەوە. بەیانی رۆژی دووشەممە، ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە گەڕەکی دەرعیەی شاری رەققە هێرشکرایە سەر بارەگای ئاسایشی رەققە و لە ئەنجامدا چوار کارمەندى ئاسایش و دوو شەرڤانی هێزەکانى سوریاى دیموکراتى (هەسەدە) شەهید بوون. دوابەدوای هێرشەکە، رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لەئەستۆگرت و وتی، دوو چەکداری رێکخراوەکەیان هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای هەسەدە لە رۆژئاوای رەققە. ئۆپراسۆنەکەی ئەمڕۆی هەسەدەش لەژێر ناوی “هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە شەهیدانی رەققە” ئەنجام دراوە.
دەمیرتاش لەدژی خۆکاندید کردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن سکاڵا تۆماردەکات و دەڵێت کاندید بونی ئەردۆغان بۆجاری سێیەم نایاساییە. سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە رێگای تۆڕی کۆمەڵایتەی تویتەر رایگەیاند؛ بۆجاری سێێەم خۆکاندید کردنی ئەردۆغان نایاساییە. ئەو نوسیویەتی: لەدژی خۆکاندیدکردنی ئەردۆغان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا سکاڵا تۆماردەکات و وتی: ئەردۆغان پاشا نییە تا هیچ یاسایەک نەیگرێتەوە. بەپێی یاساکانی تورکیا هەر کەسێک تەنها دوو خول دەتوانێت سەرۆک کۆماری تورکیا بێت و ئەردۆغان دوو خولە سەرۆک کۆماری تورکیایە، لەبەر ئەوەی لەسیستمی بەرێوەبەری تورکیا لەیەکەم خولی سەرۆکایەتی ئەردۆغاندا سیستمەکە بۆ کۆماری گۆراوە ئاکەپە یەکەم خولی سەرۆکایەتی هەژمار ناکات و خۆهەڵبژاردنی ئەردۆغان بە خولی دوەم هەژماردەکات .
هاوڵاتی سبەینێ دادگای دەستووری تورکیا لەبارەی داواکاری هەدەپە بۆ دواخستنی بڕیاری داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکە کۆدەبێتەوە. چەند رۆژ لەمەوبەر میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) داوایەکی پێشکەش بە دادگای دەستووری تورکیا کردبوو، کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بڕیار لەسەر دۆسیەی داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکەی بدرێت. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت، چارەنووسی هەدەپە بگۆڕێت، بەو پێیەی ئەگەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) شکست بهێنێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە دۆسیەکە دابخرێت. بەهۆی ئەوەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی جەهەپە چەندین جار رایگەیاندووە کە ئەوان لەدژی داخستنی هەدەپەن. دادگای دەستووری تورکیاش رایگەیاند، سبەینێ لەبارەی داواکاریەکەی هەدەپە کۆدەبێتەوە کە لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری لە ١٥ کەس پێک دێت و لەو ١٥ کەسە پێویستە ١٠ کەس دەنگ بە بڕیاری کۆتایی لیژنەکە بدەن. دوێنێ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپ)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا وتیبووی، نابێت لەمە زیاتر بڕیاری دادگای دەستووری تورکیا دوابکەوێت و پێویستە کۆتایی بە هەدەپە بهێنێت، کە پشتگیری لە "تیرۆر" دەکات." میدحاد سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەمان رۆژ وڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، ئەگەر بە تۆن قفڵ بهێنن بۆ داخستنی پارتەکەیان، کلیلی کردنەوەیان پێیە و کاریگەری لەسەر خەباتیان نابێت. ٥ی ئەم مانگە، دادگای دەستووریی تورکیا بودجەی هەدەپەی بەشێوەیەکی کاتی بڕیبوو. بۆ یەکەمجار ١٧ی ئازاری ٢٠٢١، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووری لەلایەن بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا، تۆمار کرا بۆ داخستنی هەدەپە. تۆمەتەکان لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بە هۆی کەموکورتی لە دۆسیەکەدا رەتکرایەوە. بەڵام بەکر شاهین لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ جارێکی دیکە سکاڵاکەی تۆمار کردەوە. دادگای دەستووریش، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سکاڵا نوێیەکەی پەسەند کرد. دواتر هەدەپە لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەرگریینامەی خۆی بە فەرمی پێشکەش بە دادگای دەستووری کرد. 10ی ئەم مانگەش لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری، لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کۆبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە نەداوە.
لە ماوەی سێ هەفتەدا هەشت کەسی کورد بە تۆمەتی جیاواز لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە' لە 21 رۆژی رابردودا هەشت کەس بە تۆمەتەکانی "بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر" و "کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندانەکانی ئێتران لەسێدارە دراون. ئەو رێکخراوانە ئاماژەیان بەوە کردوە؛ ئەگەرچی هەڕەشەی لەسێدارەدانی زیاتر لە 110 دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان هەیە بەڵام دەسەڵاتی ئێران بەهۆی فشارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانەوە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی راگرتوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون و لە بەرامبەردا دەستی بە لەسێدراەدانی تۆمەتباری کوشتنی بە ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەکان کردوە. ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە دەسەڵاتی ئێران بۆ چاوترسێنکردن و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان وەک بڵاوکردنەوەی ترس زۆربەی ئەو کەسانە لەسێدارە دەدات کە دۆسیەکانیان پەیوەندیی بە ناڕەزایەتییەکانەوە نییە چونکە بەهۆی فشارەکانەوە ناتوانێت لە ئێستادا دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان لەسێدراە بدات. بە پێی ئەو ئامارانەی دو ناوەندی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ تەنها لە سێ هەفتەدا لانیکەم هەشت کەسی کورد لە زیندانی کەرەج لەسێدارەدراون کە بە پێی راگەیەنراوەکانی دەزگای دادی ئێران، سەرجەمیان لە رابردودا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە. زۆرینەی ئەو هەشت لەسێدارەدراوەی دۆسیەکانی ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست خەڵکی ناوچەکانی کرماشان و ورمێ بون . زیاتر لە 130 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و لانیکەم 17 گەنجی کورد مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و تا ئێستا یەک گەنجی کورد و سێ گەنجی دیکە بە بیانوی بەشداریی لەو ناڕەزایەتییانەوە لەسێدراەدراون.
هاوڵاتی سەرچاوەیەك لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند: لەنێوان یەكێتی و پارتی لەڕێگای نێوەندگیرەوە هەندێك پەیام ئاڵوگۆڕكراوەو دوور لەڕاگەیاندنەكان یەكتربینین هەبووە، لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو داوكارییانەی كەیەكێتی هەیەتی بۆ حكومەت و بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و رێكخستنەوەی كۆمیسیۆن گفتوگۆكراوە. وتیشی: بڕیارە هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆببنەوە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: لەڕاستیدا یەكێك لەداوكارییەكانی یەكێتی دەستكاریكردنی پشكی كۆتاكانە لەیاسای هەڵبژاردندا، تائێستا بەپێی زانیارییەكان پارتی رازی نەبووە بەو داواكارییە، بەڵام لەسەر بابەتەكانی دیكە رەزامەندی دەربڕیوە. ئاشكراشیكرد: كۆمەڵێك میكانیزم دیاریكراوە بۆ ئەم بابەتە، بۆ نموونە ئەگەر یاساكە بەپێی بازنەكان كەداواكاریی یەكێتییە بكرێتە فرەبازنەیی یان چوار بازنەیی ئەوكاتە كۆتاكان لەسەر بنەمای شارەكان دیاریبكرێت بەپێی پێكهاتەكانی شارەكان نەك لەسەر ئاستی هەموو كوردستان، بەڵام داوكاری پارتی ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن لەسەر بنەمای فرەبازنەیی بوو، كۆتاكان لەسەر بنەمای یەك بازنەیی بێت، ئەمەش یەكێتی رازی نەبووە لەسەری. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد: یەكێتی كێشەی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكانی نییە، كێشەی دادپەروەری دابەشكردنی كورسی كۆتاكانمان هەیەو ئەو لایەنانەشی كەخۆیان بۆ پێكهاتەكان كاندیددەكەن نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان بن، نەوەك ساختەبن بەدەمامكی پێكهاتەكان بۆ لایەنێكی دیكەی سیاسی كاربكەن كەپارتییە. دەربارەی بەشی پارێزگاكان و بازنەكان لەكورسی پێكهاتەكان، ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد: لەمەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی دیراسەی ئەو بابەتە كراوەو پاكێجی بۆ ئامادەكراوە، پێم وایە گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریش هاوڕان لەسەر ئەوەی یەكێتی. سەبارەت بەمەلەفە ئەمنییەكانیش كە پارتی سوورە لەسەری، ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی دەڵێت: لەڕووی راگەیاندنەوە پارتی سوورە لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام نەرمییەك هەیە لەلایەن هەردوولایەنەوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە و پرسی حوكمڕانی و چارەسەركردنی ئەو تێبینیانەی كە لەلای هەردوولامان هەیە. سەبارەت بەنێوەندگیری دەرەكیش سەرچاوەكەی هاوڵاتی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: داواكاری لایەنی دەرەكی هەیە لەسەر یەكێتی و پارتی و داوایانكردووە هەرچۆنێك بێت ئەو ناكۆكییانە چارەسەربكەن كە من ناتوانم ناوی بنێم فشارێكی توند، بەڵام دەتوانم بڵێم داواكارییەكی جدییە. دەربارەی سەردانەكەی برێت مەكگۆرگ-یش بۆ هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی، ئەو سەرچاوەیە وتی: دیداری لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی زۆر ئیجابی بووە. دەربارەی بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و تیمی وەزاری یەكێتیش لەحكومەتی هەرێم، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: تا كۆبوونەوەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی نەكرێت و پاكێجێكی تێگەیشتنی هاوبەشی جددی لەنێوان هەردوولایان درووستنەبێت باسی كاك قوباد دەكەم باسی تیمی یەكێتی ناكەم ناگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لەڕووی مەبدەئییەوە بابەتی دانیشتنی یەكێتی و پارتی كۆتاییهاتووەو ئامادەین بۆ دانیشتن و رێككەوتن، ئەو سەرچاوەیە گەشبینی خۆشی پیشاندا كەیەكێتی و پارتی لەسەر زۆرینەی بابەتەكان رێكدەكەون، جەختیش لەوەدەكاتەوە ئەوەی لەمەسەلە ئەمنییەكەدا پارتی باسی دەكات زیاتر بۆ فشارە لەیەكێتی، ئەگینا دۆسیەی زۆر گەورەتر هەبووە لەم وڵاتە كە پەردەپۆشكراوە لەلایەن پارتی و نەكراوەتە بابەتێكی جددی كە لەلای هەموو خەڵكی كوردستان بابەتێكی جددی بووە، یەكێتیش پەیامی بۆ ئەم بابەتە ئەوەبووە كە ئامادەین بۆ لیژنەی هاوبەش تەنانەت لایەنی دەرەكیشی تیادابێت وەك ئەمریكاو بەریتانیاو وڵاتانی دی كەلێكۆڵینەوە بكەین
هاوڵاتی هێزە سنوریەکانی حکومەتی یونان بەڕێوەبەرێکی پێشووی هەدەپە و رۆژنامەنووسێکی کوردیان رادەستی تورکیا کردەوە کە سزایان زیندانیکردنیان لەسەرە. ڕۆژنامەنووس موراد ڤەریم، کە بە تۆمەتی "یارمەتیدانی پەکەکە" لە مێردین بە ٤ ساڵ زیندانیکردن سزا درابوو، رووی لە یۆنان کردبوو، بەڵام یونان رادەستی دەوڵەتی تورکیای کردەوە. لەلایەکی دیکەوە، محەمەد سەیید دەمیر بەڕێوەبەری پێشووی هەدەپە کە تورکیا سزای زیندانی بەسەردا سەپاندبوو، لەلایەن یونانەوە رادەستی تورکیا کرایەوە. محەمەد سەیید دەمیر بەڕێوەبەری پێشووی رێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی ئامەد، لە ساڵی ٢٠٢١دا لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئامەد، بە بیانوی 'ئەندامێتی رێکخستنی تیرۆر' و ' پرۆپاگەندە بۆ تیرۆر' ٦ ساڵ و ٨ مانگ سزای بەسەردا سەپێندرابوو. دەمیر دوای بڕیاری دەستگیرکردن لە ٢٣ی کانونی دووەم لەگەڵ خانەوادەکەی رووی لە یونان کرد. بەڵام دەمیر و خانەوادەکەی لەلایەن یونانەوە رادەستی تورکیا کرانەوە. محەمەد سەیید دەمیر و دایکی بە ناوی فەریدە دەمیر دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی یونانەوە رادەستکرانەوە، لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستگیرکران. دواتر فەریدە دەمیر ئازادکرا و سەیید دەمیر بە بیانوی ئەوەی قەدەغەی چوونە دەرەوەی پێشێل کردووە، رەوانەی زیندانی شاری ئەدرنە کرا.
سزادانی ئێران بەهۆی سەرکوت و توندوتیژیی دژی ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و سزادانی مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ لە لایەن دەسەڵاتەوە دەستی پێکردەوە و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک بەردەوام بو و یاریزانێکی ناوداری کوردیش بە بیانوی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە یانەکەی دورخرایەوە. دەستگیرکردنی مامۆستایانی ئایینی و دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی سەردەشت و مەریوان و بانە و چەند شارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ئەمڕۆش بەردەوام بو. دەستگیرکردنی مامۆستایانی ئایینیی ژمارەیەک مامۆستای ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی سێدارە و دەستگیرکردنی خەڵک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و دوای بەیاننامەکەش ژمارەیەک لەو مامۆستا ئایینییانە دەستگیر کران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ مامۆستا شەریف مەحمودپور، پێشنوێژی مزگەوتی (رەسوڵەڵلا) لە پیرانشار کە بەیاننامەی هاوبەشی مامۆستایانی پیرانشار و نەغەدە و شنوی خوێندوەتەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و بڕیاری دەستبەسەرکردنی دراوە. سێ برای کوژراوێکی روژهەڵات بریندار کران هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەمڕۆ هەڵیان کوتایە سەر ماڵی براکانی هێمن حەمزە، یەکێک لە کوژراوانی بێوران لە سەردەشت و بەهۆیەوە ئەو سێ برایە بە گوللـە بریندارکران و یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرا. وریا غەفوری دورخرایەوە وریا غەفوری یاریزانی ناودرای کورد لە یانەی (فولادی خوزستان) دورخرایەوە لە کاتێکدا پێشتر بەهۆی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە یانەی (ئیستقلال) دورخرایەوە و دواتر چەند رۆژێک دەستبەسەر کرا. غەفوری تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و یەکێک لە یاریزانانی ناوداری هەڵبژاردەی ئێران بوە و لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکان کرد و سەردانی ماڵی گیانبەختکردوانی ئەو ناڕەزایەتییانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد. سزادانی مامۆستا و خوێندکاراننی زانکۆ مامۆستایانی زانکۆ بەهۆی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دور دەخرێنەوە و سەندیکای خوێندکاران و مامۆستایان زانکۆ لە ئێران ئاشکرای دەکات فشارەکان بۆسەر خوێندکاران زانکۆ زیادی کردوە و ژمارەیەک خوێندکار دورخراونەتەوە. دو مامۆستای زانکۆ بە ناوەکای حەسەن باقری نیا، ئەندامی دەستەی زانستی درونناسیی لە زانکۆی (حەکیم سەبزەواری) و مەهشید گەوهەری، مامۆستای وێژە لە زانکۆی (فیردەوسی) شاری مەشهەد لەو مامۆستا دەرکاوانەبون کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە. سەندیکای خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ لە ئێران لە پێگەی خۆی بڵاوی کردوەتەوە تەنها لە زانکۆی فیردەوسی شاری مەشهەد پڕۆسەی خوێندنی 90 خوێندکاری ئەو زانکۆیە بە بیانوی هاندان و بەشداریی لە ناڕەزیەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی هەڵپەسێردراوە و لە زانکۆکانی تاران و ئەسفەهان حەوت مامۆستا هەر بەو بیانوانەوە لە کارەکانیان دورخراونەتەوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی سەندیکاکە ئاشکرایی کردوە مانگرتن و ناڕەزایەتیی لە ژمارەیەکی زۆری زانکۆکان دژی دەسەڵات و سزای خوێندکاران بەردەوامە. ئێران هەڕەشەی سزادانی ئەوروپا و بەریتانیا دەکات ئێران رایگەیاند؛ وەک کاردانەوەیەک بە رامبەر سزاکانی بەریتانیا و ئەوروپا ئامادەکاریی دەکات بۆ سەپاندنی سزا دژی وڵاتانی ئەوروپا و لەندەن. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ سزا نوێیەکانی بەریتانیا و ئەوروپا دژی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیە کە نەیانتوانیوە لە لێکدانەوە راست بۆ ناوخۆی ئێران و پێگەی کۆماری ئیسلامی بکەن. ئەمریکا دەیەوێت فرۆشی نەوتی ئێران راگرێت ئەمریکا رایگەیاند دەیەوێت بە سزاکان رێگریی لە فرۆشی نەوتی ئێران بکات و چین ناچار بکات چیتر نەوت لەو وڵاتە نەکڕێت. رۆبەرت ماڵی، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سزاکانی دژی کۆماری ئیسلامی ، داوایان لە چین کردوە کە نەوت لە ئێران نەکڕێت.
دوای ئەوەی 10 رۆژ لهمهوبهر هاوڵاتیهك له لایهن 4 تۆمهتبارهوه رفێندرا، دوای ئهشكهنجهدانێكی زۆر تۆمهتبارهكان داوای 95 ههزار دۆلاریان دهكرد بۆ ئازادكردنی، بهڵام هێزهكانیان بهكۆكردنهوهی زانیاری ورد توانیان لهناحیهی گاپیلۆنی سهر به قهزای چوارتای پارێزگای سلێمانی تۆمهتبارهكان دهستگیربكهن و تاوانلێكراویش ئازاد بكهن. ئەمڕۆ سێشەممە 24ی 1ی 2023، ئاسایشی ئیدارهی راپهڕین ڕایگەیاند، رۆژی 14ی ئهم مانگه له لایهن 4 كهسهوه پلان دانرابوو بۆئهوهی هاوڵاتییهكی سنورهكهمان بڕفێنن، دوای ئهوهی به فێڵ تاوانلێكراویان بردبوو بۆ ناحیهی گاپیڵۆن و ئهشكهنجهیهكی زۆری جهستهییان دابوو، داوای بڕی 95 ههزار دۆلاریان كردبوو تا ئازادی بكهن. ئاماژهی بهوهشكردوه، دوای وهرگرتنی زانیاری ورد لهلایهن هێزهكانمان له بهشی لێكۆڵینهوهی سهر به ئاسایشی راپهڕین توانیمان شوێنی تۆماتباران بدۆزینهوه و دهستگیریان بكهین و تاوانلێكراویش ڕزگار بكهین. لە ڕاگەیاندراوەکە هاتوە: له ئێستادا پهڕاوی لێكۆڵینهوه بۆ تۆمهتباران كراوهتهوه به بڕیاری دادوهری دادگای لێكۆڵینهوهی ڕانیه به پێی ماددهی 421 له یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینهوه بهردهوامه.
بەڕێوبەری بانکی مەڵکەندی ڕایدەگەیەنێت لە مانگی داهاتووەوە لە سلێمانی خانەنشینان مووچە بە كارتی ئەلكترۆنی وەردەگرن. هاوڵاتی شۆخان عومەر بەڕێوەبەری بانكی مەڵكەندی بە میدیاکانی یەکێتی رایگەیاندووە، هەموو ئامادەكارییەكان تەواوبوون و لە مانگی داهاتووەوە مووچەی خانەنشینان بە كارتی ئەلیكترۆنی دابەشدەكرێت، واتە خانەنشینانی مەدەنی مووچەی مانگی یەك بەو كارتە وەردەگرن. شۆخان عومەر ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگی رابردوودا ئامێرەكان تاقیكراونەتەوە و هیچ كێشەیەكیان نەبووە و پڕۆسەكە سەركەوتوو بووە. لەئێستادا لە هەرێمی كوردستان 22 بانكی حكومی كراوە بە ئەلیكترۆنی و نزیكەی 230 هەزار خانەنشین هەیە.
سێ برای کوژراوێکی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار دەکرێن. سەرچاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ ئەمڕۆ سێشەممە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچەی بێوران لە شاری سەردەشت هەوڵی دەستگیرکردنی سێ برای هێمن حەمزە-یان داوە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردوە هێزە ئەمنییەکان بە بێ بڕیاری دادگا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو سێ برایە و تەقەیان لێکردون کە لە ئەنجامدا سەرجەمیان بریندار بون و محەمەد حەمزە بەهۆی سەختی برینەکانیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە. هێمن حەمزە لە (11/11/2022) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرا و مەرگی ئەو گەنجەش ناڕەزایەتیی زۆری ناوچەی بێوارانی لە سەردەشت-ی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتوە.
هەدەپە لە دژی بڕینی بودجەکەی دەستی بە کەمپینێک کرد بە ناوی "گەنجینەکەمان گەلەکەمانە" بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی . پێگەی(گازەتە دوڤار)ی تورکی بڵاویکردەوە؛ بەرپرسانی پارتی دیموکراتیی گەلان(هەدەپە)، بڕیارانداوە کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی رابگەیەنن ئەوەش دوای بڕینی بودجەکەیان لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە لە سەرەتای ئەم مانگەدا. بەرپرسانی هەدەپە رایانگەیاندوە؛ گەلی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا لە دوای بڕیارەکەی دادگاوە بە چەندین شێوە پەیوەندیان پێوە کردون و پشتیوانییان کردون و لەسەر ئەو بنەمایە بە پشتیوانیی گەلی کورد، هەدەپە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات.
هاوڵاتی مەهەپە داوای بەپەلە داخستنی هەدەپە دەکات و دەمیرتاشیش پێشنیازێکی نوێی بۆ هەدەپە هەیە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەست (مەهەپە) رایدەگەیەنێت، بە زوترین کات پێویستە هەدەپە دابخرێت و ئەمڕۆش هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە سەرۆکایەتی هەدەپە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر کاندیدی هاوبەش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دەدەن. لەلایەکی دیکەوە سەلاحەدین دەمیرتاش داوا دەکات پارتەکانی نێو هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیشدا بە یەک لیست بەشداری بکەن. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کە هاوبەشی ئاکەپەیە لە دەسەڵاتدا و وەک هاوبەشە بچووکەکە دەناسرێت و دوای هەدەپە چوارەم پارتی تورکیایە لە رووی جەماوەرەوە، لە کۆبونەوەی حەفتانەی پارتەکەیدا، پارتی دیموکراتی گەلانی بە ئامانج گرت و داوای لە دادگای دەستووری تورکیا کرد کە بە زوترین کات، ئەو پارتە دابخات. باخچەلی دەڵێت، هەدەپە داوای کردووە کە دانیشتنی دادگای دەستووری لەسەر پرسی داخستنی پارتەکە، بخرێتە دوای هەڵبژاردن و نارەزایی بەرامبەر ئەو هەنگاوە دەربڕی و وتی، دەبێت بە زوترین کات ئەو پارتە کە هاوکاری پەکەکە دەکات دابخرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ٢٦ی ئەم مانگە دادگای دەستووری تورکیا، بڕیار لەسەر داواکاریەکی هەدەپە بدات کە داوای کردبوو، دانیشتنی دادگا لەسەر پرسی داخستنی پارتەکەیان بخرێتە دوای هەڵبژاردنەکانەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر کاندیدی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن دەدەن. کەمال ئاڤجی کە رۆژنامەنووسێکی نزیکە لە سەرکردەکانی هەدەپە لە نوسینێکدا باسی ئەوە دەکات کە لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا، کاندیدێکیش دیار دەکرێت و پیێدەچێت، ئەگەر لەگەڵ شەش لایەنەکەی دیکەی ئۆپۆزسیۆن رێکنەکەوتن، ئەوا لە مانگی شوباتدا، کاندیدەکەیان ئاشکرا دەکەن. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە شەش ساڵە لە زینداندایە، ئەمڕۆ تویتێکی بڵاوکردەوە. دەمیرتاش نووسیویەتی، " کێشەی نییە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەسەر ناوی کام لە پارتەکانی هاوپەیمان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، گرنگ ئەوەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا یەک لیستیان هەبێت." واتە یەکگرتنەکە تەنیا بۆ کاندیدی هاوبەشی سەرۆکایەتی نەبێت.
هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند کە دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی دانیشتوان پێکھێنراوەتەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم سەرۆکایەتی دەکات. عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا کە جەخت لە گرنگی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان دەکاتەوە، دەستەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووانیان کارا کردووەتەوە و محەمەد تەمیم وەزیری پلادانان وەک سەرۆکی دەستەکە دیاریکراوە. وتیشی، دەستەی باڵای سەرژمێری، کار بۆ دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بەڕێوەچوونی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق دەکات. باسی لەوەشکرد کە بڕیاروابوو مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠، سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوکات بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پڕۆسەکە دواخرا و تائێستا ئەنجامنەدراوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە پێکھێنانەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی بۆ دانیشتوان، رۆڵی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەم پرۆژە نیشتمانییە گەورەیەدا لەبەرچاو گیراوە، ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێکھێنانی دەستەکەدا، بەسیفەتی چاودێر نوێنەرایەتی لە پێکهێنانی دەستەکەدا هەبووە، ھەروەھا نوێنەرانی زۆرێک لە وەزارەتەکان دەستە سەربەخۆکان، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە پسپۆران، راوێژکاران و مامۆستایانی زانکۆ تیایدا ئەندامن.
ژمارەیەک مامۆستای ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی سێدارە و دەستگیرکردنی خەڵک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و دوای بەیاننامەکەش ژمارەیەک لەو مامۆستا ئایینییانە دەستگیر کران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ مامۆستا شەریف مەحمودپور، پێشنوێژی مزگەوتی (رەسولەڵلا) لە پیرانشار کە بەیاننامەی هاوبەشی مامۆستایانی پیرانشار و نەغەدە و شنوی خوێندوەتەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و بڕیاری دەستبەسەرکردنی دراوە. هاوکات مامۆستا جەمالەدین واژەیی، پێشنوێژی مزگەوتی ناوچەی (پەسوێ) لە پیرانشار و ژمارەیەک مامۆستای ئایینی دیکە لە شاری شنۆ و نەغدە دەستگیرکراون کە لە کەسایەتییە خاوەن پێگەکانی ئەو ناوچانە و رۆژهەڵاتی کوردستانن. دەستگیرکردنی ئەو مامۆستایانە لە کاتێکدایە رۆژی رابردو لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای ئازدکردنی دەستگیرکراوان و کۆتاییهێنان بە زەبر و زەنگی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردبو. مامۆستایانی ئاینیی شارەکانی پیرانشار و نەغەدە و شنۆ و دەوروبەری لە بەیاننامەیەکدا دژی سزای سێدارە و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە یان بڵاو کردەوە و رایانگەیاند؛ سەرەڕای ئەوەی ناڕەزایەتییەکان کەموکوڕییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی کردە ئامانج بەڵام بڕیارەکانی دەسەڵات بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێراندا نەبوە.
ئەمڕۆ رۆژێکی قورس بو بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران چونکە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزیەتییەکانەوە لە لایەن ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا سزای بەسەردا سەپێنرا و هاوکات مامۆستایانی ئایینی شارەکانی پیرانشار و نەغەدە و شنۆ بەیاننامەیەکی دیکەیان بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە بڵاو کردەوە و دەستگیرکردنی گەنجان و چالاکوانانی کورد بەردەوام بو. ئەمڕۆ هاوشێوەی رۆژانی رابردو ژمارەیەک گەنجی دیکە لە شارەکانی سنە و بۆکان و پاوە و چەند شارێکی دیکە ژمارەیەک گەنج و خوێندکاری زانکۆ کە یەکێکیان کچ بو دەستگیرکران. بە بڕیارێک لقی سێی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئاینیی ئێران لە تەبرێز مۆڵەتی مامۆستایەتیی لە یونس نەوخاهـ قەدەغە کرا لە کاتێکدا ئەو مامۆستای ناوەندی ئایینیی سەڵاحەدینی ئەیوبی بو لە شاری پیرانشار. بە پێی بڕیارەکەی دادگا ئەو مامۆستا ئایینییەی کورد بۆی نییە چیتر وەک مامۆستایەکی ئاینیی لە ئێران بەردەوام بێت لە ئەرک و کارەکانی. مامۆستایانی ئایینی کورد دژی سێدارە دەوستنەوە مامۆستایانی ئاینیی شارەکانی پیرانشار و نەغەدە و شنۆ و دەوروبەری لە بەیاننامەیەکدا دژی سزای سێدارە و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە یان بڵاو کردەوە و رایانگەیاند؛ سەرەڕای ئەوەی ناڕەزایەتییەکان کەموکوڕییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی کردە ئامانج بەڵام بڕیارەکانی دەسەڵات بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێراندا نەبوە. ئەو مامۆستایانە رونیان کردوەتەوە؛ تۆمەتی دژایەتیی خودا(محاربە) بۆ خەڵکی ناڕازیی بە پشتبەستن بە ئایەتی قورئان پێچەوانەی تێگەیشتن و ئامانجەکانی ئیسلامە. لە بەیاننامەکەدا ئەو مامۆستا ئایینیانە داوایان کردوە؛ دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان ئازاد بکرێن و داوای لێبوردنیان لێبکرێت و قەرەبو بکرێنەوە و هاوکات سەرجەم ئەو بازگانەی کە بونەتە مایەی بێزاریی خەڵک لاببرێن و دەستبەرداری هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک و دەستگیرکردنیان بن. ئەوروپا چوارەم قۆناغی سزاکانی دژی ئێران راگەیاند یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و وتەبێژی وەزارەرەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: دەستەوەستان نابین. ئەمڕۆ دوشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کۆبونەوە و قۆناغێکی دیکە لە سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی پەسند کرد. جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا؛ لە کاتی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەدا رایگەیاند؛ تا دادگایەکی وڵاتانی ئەوروپا سوپای پاسداران وەک تیرۆریست ناو نەبات، ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداران بکات. پێشتر ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاندبو؛ سزا نوێیەکانی ئەوروپا 37 بەرپرس و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێتەوە بەلام یەکێتی ئەوروپا وردەکارییەکانی ئەو سزایانەی ئاشکرا نەکرد. بەریتانیا پێنجەم قۆناغی سزاکانی دژی دەسەڵاتی ئێران راگەیاند بەریتانیا هاوکات لەگەڵ قۆناغی چوارەمی سزاکانی ئەوروپا، پێنج بەرپرس و دو ناوەندی کۆماری ئیسلامی سزا دەدات. ئاژانسی هەواڵی(رویتەرز)بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی سەرکوتی دڕندانەی نارەزایەتیەکان و لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری هاوڵاتیی بەریتانی - ئێرانی ، قۆناغێکی نوێی سزاکانی لەدژی کۆماری ئیسلامی راگەیاند. بە پێی سزا نوێیەکانی بەریتانیا داهات و داراییەکانی جێگری داواکاری گشتی، فەرماندەی گشتی سوپا، فەرماندەی هێزی بەسیج-ی سەر بە سوپای پاسداران و جێگرەکەی و هەروەها جێگری فەرماندەی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان بەسەردا دەگیرێت. سزاکانی ئەمریکا دژی دەسەڵاتی ئێران ئەمریکا ژمارەیەک سزای نوێی دژی 10 بەرپرسی سەربازیی و ناوەندێکی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیاند. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە ناسر راشدی، جێگری وەزیری هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) و حسێن تەناوەر، فەرماندەی سوپای پاسداران لە شاری قوم و محەمەدنەزەر عەزیمی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان و کوروش ئاسیابانی، جێگری فەرماندەی ناوەندی رۆژئاوای سوپای پاسدران و موجتەبا فێدا، فەرماندەی ناوەندێکی شاری ئەسفەهان و ناوەندی "هاوکاریی سوپای پاسدران" و پێنج بەڕێوبەری ئەو ناوەندەی سزا داوە. گەنجینەی ئەمریکا رونی کردوەتەوە ؛ ئەو فەرماندە سەربازییانەی کە ناویان هێنراوە کاری رێکخستن و هەماهەنگییان لە نێوان پارێزگاکاندا کردوە بۆ سەرکوتی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان.
