هاوڵاتی موراد قەرەیلان فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) دەڵێت: لە 13ی تشرینی یەكەم لە گۆڕەپانی كاتۆ خەلیل لە ناوچەی شاخێ لە پارێزگای وان، گەریلا چالاكیەكی كاریگەری دژی سوپای توركیا ئەنجامدا. وتیشی: تیمە گەڕۆكەكانی یەژا ستار لە سێ لاوە بە چەكی تاكەكەسی لە یەكەی ئەو داگیركەرانەیان دا، كە خستبونیانە ژێر چاودێری و كۆنترۆڵی خۆیان و لە ئەنجامدا 10 سەربازی سوپای توركیا كوژران و سەربازێكیش بریندار بوو. فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی شەڕڤانان و فەرماندەكانی هەڵمەتی شەهید دڵژین- شەهید شەڕڤان ئەركەندیی عەگیدەكانی بۆتانی كرد و تێیدا ئاماژەبەوەكرد هێزەكانمان لە باكوری كوردستان چالاكیی كاریگەر لە دژی دووژمن ئەنجامدا. ئاشكراشیكرد: هێزەكانمان لە باكوری كوردستان، سەرباری ئەوەی لە بەرامبەر سەدان ئۆپەراسیۆن و هەزاران هێرشی سوپای توركیا خۆیان دەپارێزن، لە هەمان كاتیشدا بە ڕۆحیەتێكی بەرزی هێرش و داهێنەرانەبوونی گەورەیان لە تاكتیك دا، چالاكیی كاریگەر ئەنجام دەدەن، ئەمە بە ڕوونی دەریخست، كە شێوازی تیمە گەڕۆك و تیمە شارەزا و پسپۆڕەكان لەسەر هێڵی سەركەوتنە. رونیشیكردەوە: ئەم چالاكییە سەركەوتووەی یەژا ستار جارێكی دیكە ئەوەی سەلماندەوە، كە رێباز و شێوازی تیمە پسپۆڕ و شارەزاكانی گەریلاكانی ئازادیی كوردستان بە تەواوی ئەنجامگیر و سەركەوتو دەبێت، دەوڵەتی توركیاش لە ڕێگەی میدیای جەنگی تایبەتی خۆیەوە هەوڵیدا ئەو گورزە قورسە، كە بەریكەوتبوو بشارێتەوە و تەنها یەك كوژراوی خۆی لەو چالاكییەدا ئاشكرا كرد، تیمە گەڕۆكەكان، كە لە ناكاو لە هەموو شوێنێك گورزی توند لە دوژمن دەدن، بەو چالاكییە لە هەڵمەتی شەهید دڵژین- شەهید شەڕڤان ئەركەندی لە عەگیدەكانی بۆتانیان لە ناوچەكە بەهێزكرد.
هاوڵاتی دەمیرتاش وەڵامی سەرۆک کۆماری تورکیا دەداتەوە و دەڵێت، ئەگەر تۆ جارێکی دیکە سەردانی ئامەدت کرد، پرسیار لە خەڵک بکە و بڵێ کێ دزە؟ با وەڵامت بدەنەوە. دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وەک سەرۆکی پارتی دادوگەشەپێدان (ئاکەپە) سەردانی شاری ئامەدی کرد و لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی خۆی هێرشی کردە سەر سەڵاحەدین دەمیرتاش و وتی، ئەو کەسەی کە ئێستا لە گرتوخانەی ئیدرنەیە، هیچ پەیوەندی بە کوردەوە نیە و ئەو کورد نیە. وەک وەڵامێک بۆ ئەردۆغان، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە رێگەی تویتەرەوە وەڵامیدایەوە وتی، ئەگەر تۆ جارێکی دیکە سەردانی ئامەدت کرد، پرسیاری "کێ دزە" ئاراستەی خەڵکی ئەو شارە بکە، با وەڵامت بدەنەوە. دەمیرتاش لە تویتەکەیدا وتوشیەتی، خوشک و براکانم لە ئامەد ئاگادار دەکەم، ئەگەر چونە هەر کۆبونەوەیەکی جەماوەری ئەردۆغان، کەلوپەلە بەنرخەکانتان لەگەڵ خۆتان مەبەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەیە لێتان بدزرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ 24ی تشرینی یەکەم ،پزیشکی دادی بەغدا ڕایگەیاند کەناسینەوە و پشكنینی 16 روفاتی ئێزیدی تەواوبووە و ڕادەستی كەسوكاریان دەکرێتەوە. دەروێش چوکی، بەڕێوەبەری رێکخراوی تولا تایبەت بە ڕزگاربوانی دەستی داعش بە هاوڵاتی ی وت" پزیشکی دادی بەغدا پشکنین و ناسینەوە بۆ 16روفاتی تر تەواوکردوە، کەسوکاریان دەچنە بەغدا بۆ وەرگرتنی تەرمەکانیان بەڵام ئەوان بەهۆی تێچووی رێگا داوایان کردوە بەغدا روفاتەکان رەوانەی پزیشکی دادی مۆسڵ بکرێن تا ئەوان لەمۆسڵ روفاتەکان وەربگرن و ئەو رێگا دوورەیە نەبڕن" . دەروێش چوکی ووتیشی" ئەو 16روفاتە هی چەند گۆڕێکی تاکن، هەر یەکێکیان هی ناوچەیەکە لەسنوری قەزای شەنگال" ناوی ڕوفاتەکان
هاوڵاتی دوو بازرگانی ماددەی ھۆشبەری کە بڕی ٨ کیلۆ ماددەی هۆشبەریان پێبوو دەستگیر کران. ئێوارەی یەکشەممە 2022/10/23 ، بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای سلێمانی بە هەماهەنگی یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەزای حاجیاوالە چالاکیەکی هاوبەش دا دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە ناوەکانی ( ٳ ، ئ ، ح ) و ( س ، ئ ، ح ) دەستگیرکران لە سنوری یاریدەدەرێتی ئاسایشی حاجیاوا . لە هەمان کاتدا دەست گیرا بەسەر بڕی (٨) کیلۆ ماددەی هۆشبەر، لە جۆری کریستاڵ و چەن جۆرێکیتر. هەروەها بڕێکی زۆر کەل و پەلی جۆراو جۆر وەکو چەک و بڕێکی زۆر پارە لەجۆری دۆلار و دینار و کرۆن و پاوەن و چەندین کەل و پەلی تری تایبەت بەمادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا. لە ئێستادا تۆمەتباران بەپێی ماددەی (٢٥) لە یاسای بەرەنگار بوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .
هاوڵاتی دیمەشق هۆشداریی دەدات لە بەکارهێنای ئەو تۆوی گەنمەی کە لەلایەن ئەمریکاوە دابەش دەکرێت وجوتیارانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بەکاری دەهێنن . محەمەد حەسەن قەتنا وەزیری کشتوکاڵی سوریا رایگەیاند؛ وەرزی رابردوو، ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی سێ هەزار تۆن گەنمیان بە بەسەر گروپێک لە جووتیاراندا دابەش کردوە بەڵام ئەو تۆوە نەخۆش بوە و بۆ زەویەکان زیانی دەبێت تا سێ ساڵ ناتوانرێت سود لەو زەوییانە ببینرێتەوە کە تۆوەکایان تێدا چێنراوە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد: واشنتۆن دەیەوێت ئەم تۆوانە بهێنێت بۆ لەناوبردنی خاکی سوریا، هەر بۆیە داوا لە جوتیارەکان دەکەن خۆیان بپارێزن لە چاندنی و رو لە تۆوە دیاریکراوەکان بکەن کە وەزارەتەکەیان دیاریی کردەوە. پێشتر ئاژانسی گەشەپێدانی ئەمریکی نێودەوڵەتی یوساید رایگەیاندبو تۆوی گەنمیان بە بەرزترین ستانداردی تەندروستیی و کوالیتی دابینکردوە و تاقی دەکرێتەوە بۆ دڵنیابون لە گونجاوبونی.
هاوڵاتی دانیشتوانی سەیدسادق ڕەتیانکردەوە بەو بڕە پارەیەی حکومەتی هەرێم دیاریکردوە کە ١٠٣ هەزار دینارە بۆ بەرمیلێک، نەوتی سپی وەربگرن. دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق ڕایگەیاندووە، "رەتکردنەوەی وەرگرتنی نەوت لەسەر داوای خەڵکە. ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەنی هەموو گەڕەکەکان قسەمان کرد و هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راپرسیمان کرد. ئەوەی وەڵامی خەڵک بوو وەرمانگرت کە 90%ی خەڵک داوایان کرد نەوتەکە نەهێندرێت و گوتیان نرخی گرانە و نامانەوێت". ئەمەشلەکاتێکدایە بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 250 هەزار دینارە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بۆ هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت بە 103 هەزار و 500 دینار دابینبکات و دابەشکردنەکەشی لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێبکات. بەڵام تا ئێستا جگە لە سەیدسادق دانیشتوانی پێنجوێنیش وەرگرتنی نەوتیان بەو بڕە پارەیە ڕەتکردۆتەوە. جێگەی باسە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە نرخی نەوت ڕایگەیاندووە، ئەوان نرخی بەرمیلێک نەوتیان بە "284 هەزار دینار کڕیوە" بەشێوەی پاڵپشتی بەو پارەیە دەیدەنەوە هاونیشتمانییان.
هاوڵاتی ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دروستکردنی دۆشاو، باسوق و سجوق لەو ترێیەی لە رەزەکان لێ کراوەتەوە و کۆکراوەتەوە. دانیشتووانی گوندی ئاکباشاک کە سەربە قەزای چونگویشە لە پارێزگای دیاربەکر لە میانی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان، بە رێگای نەریتی سەرقاڵی دروستکردنی باسوق و سجوقن لەو ترێیەی کۆیان کردووەتەوە. دانیشتووی گوندی ئاکباشاک، ئیلهامی شیمشەک به ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند لە دوو جۆر ترێی جیاواز باسوق و سجوق دروست دەکەن، گوتی: "باسوق و سجوق کە لە ترێی تەواو ئۆرگانی دروست بکرێت تامی زۆر خۆش دەبێت. باسوق و سجوق سەرەتا بۆ خۆمان و دواتر بۆ دۆستان دروست دەکەین و ئەوەی دەشمێنێتەوە دەیفرۆشین". جەمیل کایا کە دوای خانەنشینبوونی لە گوندەکە گیرساوەتەوە ئاماژەی بەوە دا کە لە مانگی ئەیلوولەوە ئامادەکارییەکان بۆ زستان دەست پێ دەکەن و دوو مانگ دەخایەنێت و گوتی: "بەیانییان زوو ترێ لێ دەکەینەوە و دەیهێنینەوە گوند. ئاوی ترێ لە مەنجەڵدا دەکوڵێنین. دوای ٣-٤ کاتژمێر ئاوەکە خەست دەبێتەوە و دواتر ئاردی تێ دەکەین. گوێزەکان بە داوەوە دەکەین. دواتر دەیخەینە ناو گیراوەکە، پاشان هەڵی دەواسین و چاوەڕێ دەکەین تاکوو وشک دەبێتەوە. ئەم پرۆسەیە نزیکەی ١٠ رۆژ دەخایەنێت". حەلیمە کاراتەمور بە ئاماژەدان بەوەی کە کارەکانی گوند سەخت و ماندووکەرن، باسی لەوە کرد کە ئەو خۆراکانەی بۆ زستان ئامادەیان دەکات بۆ منداڵەکانی دەنێرێت کە لە دووری ئەو دەژین. - باتمان لەگەڵ وەرزی لێکردنەوەی ترێیشدا، هاووڵاتییان لە قەزای گەرجوش سەربە پارێزگای باتمان دەستیان کردووە بە دروستکردنی دۆشاو، باسوق و سجوق. بەڕێوەبەری دارستان و کشتوکاڵی گەرجوش، مەتین کاپڵان ئاماژەی بەوە دا لە زۆربەی گوندەکان دۆشاو بەرهەم دەهێندرێت و ئەوەیش بووەتە سەرچاوەیەک بۆ داهاتی هاووڵاتییان. دانیشتووی گوندی یوجەلەر، ئەیوب چەتین ئاماژەی بەوە دا کە ترێی جۆری مەرزۆنە پێگەیشتووە و دەست کراوە بە لێکردنەوەی ترێ. دانیشتووی گوندی هیسار، داود تونجەریش ئاماژەی بەوە دا کە ٢٠ ساڵە جووتیارە و ٣٠ دۆنم رەزی ترێی هەیە و گوتی: "لەگەڵ خزمان ترێی مەزۆرنە لێ دەکەینەوە و ترێیەکە دەگوشین و دەیکەین بە دۆشاو". سهرچاوه: ئاژانسی ئانادۆڵۆ
هاوڵاتی بەھای دراوە جیھانییەکان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە: 100دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 148250 دیناری عێراقی 100یۆرۆ بەرامبەر بە 144500 دیناری عێراقی 100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 166000 دیناری عێراقی 100لیرەی تورکی بەرامبەر بە 7900 دیناری عێراقی 100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 4600 دیناری عێراقی 1 دیناری ئوردنی بەرامبەر بە 2013 دیناری عێراقی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە: مسقاڵێك زێڕی عەیار (24) بە 395000 دیناری عێراقی مسقاڵێك زێڕی عەیار (21) بە 355000 دیناری عێراقی مسقاڵێك زێڕی عەیار (18) بە 300000 دیناری عێراقی
هاوڵاتی لەکاتێکدا بەهۆی کاریگەریی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاووهەواوە کاریگەریی وشکەساڵیش رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر هەست پێدەکریت، مەترسییەکی جیددی کردووەتە سەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کەرکووک و ئاو لە بیرە قووڵەکاندا بە رێژەی لەسەدا ٢٠ کەمی کردووە. بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووک، زوهێر عەلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کەرکووک ساڵانە زیاتر و زیاتر کاریگەریی گۆڕانی ئاووهەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی لەسەرە. زوهێر عەلی روونیکردەوە کە ئەم دۆخە كاریگەری نەرێنی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ لە پارێزگاکە هەبووە و بۆ رێگەگرتن لەمە، حكوومەت پێشکەشکردنی پشتیوانییەکانی بۆ حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی سنووردار دەكات كە بەهۆیەوە بڕێكی زۆر ئاو بەكاردەهێنرێت، هەڵکەندنی بیر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیش سنووردار دەکات و ژمارەی بیرەکان بەپێی رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان دیاری دەکات. - لە وەرزی هاویندا ئاستی ئاو لە بیرە قووڵەکاندا بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات ئاكام موسلیح كە جووتیارە لە گوندی حەسار باشووری كەركووك، ئاماژەی بەوە دا لە مانگەکانی وەرزی هاویندا کاتێک پلەی گەرما دەگاتە ٥٠ پلە، ئاستی ئاو لە بیرە قووڵەکاندا بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە و بەم هۆیەوە لە دابینکردنی ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانیان رووبەڕووی گرفتی گەورە دەبنەوە. ئاکام موسلیح ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە حکوومەت بەپەلە چارەسەری بۆ ئەم گرفتە بدۆزێتەوە، بە پێچەوانەوە رەنگە بەرهەمەکانیان لەناوبچێت. بە دەیان گوند کە بۆ دابینکردنی ئاوی خوادنەوە پشت بە بیرەكان دەبەستن بەهۆی وشكەساڵییەوە مەترسی گەورەیان لەسەرە. حەسەن تۆفیق کە جووتیارە لە گوندی مەرعی لە پارێزگای کەرکووک، سەرنجی بۆ ئەو راستییە راکێشا کە بەشێک لەو بیرانەی کە ساڵانی رابردوو ئاستی ئاو تییاندا کەمی کردبوو، رووبەڕووی وشکبوون هاتوون، گوتیشی: "لە بیرەكاندا ئاو نەماوە، جووتیاران پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد كە بەم خێراییە وشكەساڵی رووبدات. بەهۆی وشکەساڵی و گرفتی کەمی ئاوەوە بەشێک لە بەرهەمەکانمان نەچاند. ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی كێشەی ئاسایشی خۆراک لە ناوخۆدا".
هاوڵاتی شەپۆلێکی بارانبارین لە رۆژی هەینییەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، زۆرترین باران لە سنووری پارێزگای هەولێر لە حاجی ئۆمەران باریوە؛ لە سلێمانی لە سەنتەری شارەکە و لە دهۆکیش لە زاخۆ زۆرترین باران باریوە؛ هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجە لە تەوێڵە زۆرترین بارانبارین تۆمارکراوەو بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرجەم کەندە سرووشتییەکانی دەرەوەی شارەکان، ئەو شوێنانەی کە هەستکراوە گرفتی گیرانیان هەبێت بە هەر شێوازێک بێت چارەسەرکراون و لەنێو شارەکانیشن مەنهۆڵەکان و چەپەرەکان بۆریی ئاوەڕۆکان کاری خاوێنکردنەوەیان بۆ کراوە. ئەمڕۆ شەممە 22-10-2022، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان به کهناڵی رووداوی راگهیاندووه: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند پلانێک کاری کردووە، پلانە هەنووکەییەکان بریتین لە خاوێنکردنەوەی کەندە سرووشتییەکانی دەرەوەی شارەکان، ئەو شوێنانەی کە هەستکراوە گرفتی گیرانیان هەبێت بە هەر هۆکارێک، لەنێو شارەکانیش مەنهۆڵەکان و چەپەرەکان بۆریی ئاوەڕۆکان کاری خاوێنکردنەوەیان بۆ کراوە". وەکو پلانی کورتخایەنیش، بە گوتەی ئاری ئەحمەد، "ساڵی رابردوو لە هەندێک شوێن هەست بەوە کرا قەنتەرەکان و شوێنی پردەکان و هەر شوێنێکی دیکە کە توانای لەخۆگرتنی ئەو بڕە ئاوەی نەبووبێت کە پێشتر پێیدا هاتووە، لە چەند شوێنێک کارکرا بە زیادکردنی ژمارەی دەرچەکانیان و گەورەکردنی قەبارەی قەنتەرەکان، کارکردن لەو بارەیەوەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە". بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، هەموو پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکان لەلایەن خۆیانەوە بودجەیەکیان بۆ خاوێکردنەوەی کەندە سرووشتییەکان و ئاوەڕۆکانی ناو شار و دەوروبەری دابینکردووە کە بودجەکەیان چەند ملیارێکە. سەبارەت بە پارێزگای هەولێریش کە ساڵی رابردوو ژمارەیەک گەڕەک و ناوچەی ئەو شارە تووشی زیانێکی زۆر بوونەوە، ئاری ئەحمەد گوتی: "تەنیا بۆ پارێزگای هەولێر بە یەک پاکێج 12 پرۆژە پێشکێشکرابوو بە گوژمەی 36 ملیار دینار، بەڵام رەزامەندی لەسەر 4 لەو پڕۆژانە گەڕایەوە بە گوژمەی 8 ملیار و 600 ملیۆن دینار، ئێستا کاری تێدادەکرێت لەسەر شەقامی پیرمام و 150 مەتری. بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی شاری هەولێر رەزامەندی لەسەر فراوانکردنی چەند قەنتەرەیەک داوە، ئەوانیش جێبەجێکران". سەبارەت بە شارەکانی دیکەش، ئاری ئەحمەد دەڵێت: "شارەوانییەکان لەلایەن خۆیانەوە چەند پڕۆژەیەکیان ئەنجامداوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆ لە دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان هەر یەکەو لە شوێنی خۆی کاریان لەسەر چەندین قەنتەرە و مەنهۆڵی نوێ و چەپەر کردووە. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم سەرووی 20 ملیار لەو ماوەیە خەرجکراوە وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەم زستانە". سەبارەت بەوەش چی کراوە بۆ ئەو گەڕەکانەی ساڵی رابردوو زیانی زۆریان بەرکەوت، بە گوتەی ئاری ئەحمەد، "هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەو گەڕەکانەی زیانیان پێگەیشتبوو لەگەڵ ئەوانەی زیانیان پێ نەگەیشتبوو نەکراوە. لە هەر شوێنێک بینرابێت کێشە و گرفت هەبووبێت تەنانەت ئەگەر زیانیشی بەرنەکەوتبێت چارەسەرکراوە، لە هەموو شوێنێک کارکراوە". بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان نموونەی چەند شوێنێکی باس کرد کە ساڵی رابردوو لە شاری هەولێر بەهۆی لافاو زیانیان بەرکەوتبوو، دەڵێت: "ئەو کەندەی لە تەنیشت گردجووتیار هەبوو قووڵییەکەی و پانییەکەی فراوانکراوە و هەروەها بە خۆڵ ساترێکیشی بۆ دروستکراوە، هەروەها ئەو کەندەی دەکەوێتە تەنیشت شاری زێڕین و شاری کۆری بەتەواوەتی پاککراوەتەوە. لە گوندی کۆلەک چەند ئاوبەرێک هەیە بەهەمان شێوە پاککراوەتەوە، هەولێری نوێ، کۆڕنیش، ئەو کەندانەی دێنەوە دەوروبەری دارەتوو، بنەسڵاوە هەمووی پاککراوەتەوە". لەبارەی ئەو پڕۆژانەش کە بەشێک لە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکان دانران، ئاری ئەحمەد دەڵێت: "زۆربەی زۆری ئەو پڕۆژانە بە پەرۆشەوە هاتنە پێشەوە دوای ئەوەی بەشێک لە گیروگرفتەکان پەیوەندی بە ئەوانەوە هەبوو، دوای دەستنیشانکردنی هۆکارەکان ئامادەیی خۆیان پێشاندا بۆ ئەوەی تەمویلی هەر پڕۆژەیەک بکەن کە ببێتە رێگر لەبەردەم دروستبوونی لافاو". بە گوتەی ئاری ئەحمەد پلان هەیە بۆ دروستکردنی چەند پۆندێک لەسەر رێڕەوەکانی ئاوی دەرەوەی شاری هەولێر، بۆ ئەوەی بڕێکی زۆر ئاو لەخۆی بگرێت و ببێتە هۆی دواکەوتنی بەشێک لەو ئاو یان بارانەی لەو رێڕەوانەوە دەڕژێن، یان گواستنەوەی ئاراستەی هەندێک لەو رێڕەوانە بۆ شوێنێکی دیکەی نزمایی و دەشڵێت: "بودجە بۆ بەشێکیشیان دابین کراوە، بەڵام دروستکردنیان پێویستی بە کات هەیە، بەلایەنی کەمەوە ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێکی پێویستە تاوەکو جێبەجێ دەکرێت. بەنداوی بچووکیش ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک هەندێکجاریش تاوەکو 3 ساڵی دەوێت تاوەکو جێبەجێ دەکرێت. بەنداوی گەورە و ستراتیژیش لە نێوان 4 بۆ 8 ساڵ تاوەکو 10 ساڵیشی پێویستە". لە دەوروبەری هەولێر 34 رێرەوی ئاوی سرووشتی هەن کە لەکاتی بارانبارنی زۆر و پڕبوونیان، ئاو لە رێرەوەکان دەردەچن تەوژمیان بەرەو گەڕەک و ماڵەکانی دەوروبەر دێت و لافاو دروستدەبێت.
هاوڵاتی گۆڤاری سیاسی ئەمریکی ناشناڵ ئینتێرست پێی وایە تورکیا ئامانجێکی سەرەکی هەیە لە هەوڵەکانی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریا؛ ئەوەش ڕزگاربوونە لەدەست ناوچەی خۆبەڕێوەبەری ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان. گۆڤاری سیاسی ئەمریکی "ناشناڵ ئینتێرست" لەبارەی خواستی تورکیا بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق نووسیویەتی: ئەم وڵاتە دەیەوێت لە رێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ دیمەشق و مۆسکۆوە مەیدانەکە لەسەر کوردەکانی سووریا بەرتەسک بکاتەوە، کە کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەری کوردییان لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەدەستەوەیە. هەڵبەت ئەم گۆڤارەی ئاماژەشی بە وەڵامی کوردەکانی سووریا کردووە کە هەوڵ دەدەن لە حکوومەتی ناوەندیی سووریا نزیک ببنەوە و نووسیویەتی کە کوردەکان بە کردنەوەی ڕێگاکان بۆ هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی نزیک لە دیمەشق لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، ڕێگا لە نفووزی تورکیا بگرن. هەروەها ئەم گۆڤارە ئامۆژگاریی حکوومەتی ئەمریکای کردووە کە لە بارودۆخی ئێستا تێبگات و بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق یارمەتی باشتر کردنی دۆخی گەلی سووریا بدات.
عهمار عهزیز زیاتر لە هەشت ساڵە ئاوارەکانی سنوری قەزای شەنگال لە پارێزگای دهۆک دەژین، لەیەکەم بارینی باران داوای دابەشکردنی نەوت دەکەن. مچۆ عەڤدۆ ، ئاوارەیەکی ئێزیدی یە زیاتر لەهەشت ساڵە لە دهۆک دەژیت بە هاوڵاتی ی وت"یەک بەرمیلی نەوت ئێستا لە بازاردا سەرووی 250هەزار دینارە ، پارەمان نیە نەوت بەو نڕخەیە بکڕین،وردە وردە سەرما مان دەبێت لەژێر خێوەتدا بەتایبەت لەشەوان ئەگەر نەوتیش دابەش نەکرێت ئەوا دۆخی ئێمە زۆر سەخت وناخۆش دەبێت، لەرێگای ئێوە داوا لەهەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات نەوت لەسەر ئاوارەکان دابەش بکەن چونکە من دڵنیام هیچ ئاوارەیەک ناتوانێت لەسەر حسابی خۆی بکرێت" سەعید ئەلیاس، خەڵکی ناحیەی سنونە سەر بە قەزای شەنگال، هەشت ساڵە بەهۆی ناڵەباری دۆخی قەزایەکە نەگەڕاوەتەوە زێدی خۆی بە هاوڵاتی ی وت" باران نیعمەتی خوایە بەڵام بۆ ئێمە دەبێتە مایەی ناخۆشی چونکە پێداویستیەکانی خۆ گەرمکردنەوەلەنەوت و سۆپا مان پێوستە ئەویش بە ئێمە نادرێت،هەموو ساڵێک کە دەبێتە زستان خەمەکانمان دوو ئەوەندە زیاد دەبن". سەعید ئەلیاس ،خاوەنی شەش منداڵە بچووکترینیان 5ساڵە و هیچ مووچەیەکی نیە ،زیاتر ووتی" ئیشی کرێکاری دەکەم رۆژانە 10بۆ15هزار دینار ئیش دەکەم، هەندێک رۆژ ئەوەشم دەستناکەوێت، چوون بەرمیلی نەوت بکڕم خەڵک بە قەرزیش پارەم ناداتێ".
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت: لە 24 تا 30 ی ئۆكتۆبەر، هەڵمەتێك بەناوی "هەفتەی داماڵینی چەك " بەڕێوەدەچێت. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: هەموو پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆكان ئاگادار كراونەتەوە و لە هەموو شوێنە گشتییەكان و ئەو شوێنانەی گومانی بوونی چەكیان لێ دەكرێت، بە دانانی بازگە لە شەقامەكان پشكنین دەكرێـت و دەست بەسەر چەكی بێ مۆڵەتدا دەگیرێ. میرانی دەڵێت: ئەوان وەك حكومەت سورن لەسەر ئەوەی كە دەبێ چەك تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێ و پێدانی مۆڵەتی چەك لەوەی هەیە قورستر بكرێت.
هاوڵاتی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەسنوری قەزای بەردەڕەش، لەساڵی 2013 بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بودجەی پرۆژەكە 40 ملیار دینارە، نۆ ساڵ تێپەڕی بەسەر دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە و تەنیا لەسەدا 10ی تەواوبووەو چەند ساڵێكیشە كاركردن تیایدا وەستاوە، پارەی پرۆژەكەش بۆ موچە خەرجكراوە. جەمیلا محەمەد، نوێنەری قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك و ئەندامی لیژنەی تەندروستی سەبارەت بەپرۆژەكە بۆ هاوڵاتی راگەیاند: «نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی بەردەڕەش بەبڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ئەوكاتی هەرێم بەردی بناغەی بۆ دانراو دوای ماوەیەكی كەم ئیشكردن لەپرۆژەكە وەستا، ئەوەش بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و هەروەها شەڕی داعش، ئەو پارەیەی كە بۆی دابینكرابوو تەنیا بەشێكی كەمی لێ خەرجكرا، حكومەت بۆ پڕكردنەوەی بەشە بودجەی خۆی كەئەوكات بۆ شەڕی دژ بە داعش و دابەشكردنی موچە پێویستی بەبڕە پارەیەكی زۆر هەبوو، بۆیە بەشەكەی تر خەرجنەكرا وتیشی:» دانیشتوانی قەزای بەردەڕەش لەهەموو شارەكانی تر زیاتر كێشەی تەندروستییان هەیە، چەندین حاڵەتی نەخۆش هەبووە رەوانەی دهۆك و ئاكرێ كراون، بەڵام لەڕێگادا گیانیان لەدەستداوە.
ئیمان زەندی هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ كوالێتی ئاوو دەبەو جامی ئاوی كارگەكانی بەهەمهێنانی ئاو لەهەرێمی كوردستان دەكات، كارگە هەیە تاقیگەی تایبەتی خۆی نیە یان ماددە ئەوەلیەكەی لەكوالێتی دەرنەچووە، هاوكات دەبەیان ریسایكڵین كردووەتەوە، سۆكار مەحمود نوێنەری پێوانەسازی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و ئەندام لەلیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: گرفتێكمان هەیە كەتاقیگەمان نیە پشكنین بۆ ماددە ئەوەلییەكان بەدروستی بكات، لەم بەدواداچوونەدا دوو پزیشكی پسپۆڕ لەسەر كوالێتی ئاوی دەبە قسە دەكەن و هەردووكیان جەختدەكەنەوە،»كە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان ئاوی بەلوعە بخۆنەوە». هاوكات لەگەڵا سەرچاوەیەكی زۆری ئاوی سازگار لەكوردستان، لەبەریتانیاو ئەمریكاو توركیاوە ئاو هاوردەدەكرێت و لەگەڵا ئەوەشدا بەقاچاغیش دەهێنرێت. سۆكار مەحمود، نوێنەری پێوانەسازی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و ئەندام لەلیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەساڵی ٢٠١٩ لیژنەی كارگەكانمان دامەزراندووە كە لەپێنج نوێنەر پێكدێت، ئەوانیش كوالێتی كۆنتڕۆڵ كەسەرۆكی لیژنەكەیەو تەندروستی و گەشەپێدانی پیشەسازی و ئاسایشی ئابوری لەگەڵ قایمقامیەت، رۆژانە سەردانی كارگەو ماركێتەكان و كۆگاكانی ئاو دەكات، لێپرسینەوە لەمۆڵەتی بەسەرچوون و ناسنامەی كارمەندەكان لەڕووی تەندروستییەوە لەگەڵ چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئاوەكان دەكرێت و هەڵگرتنیان لەناو كۆگاكان، دواتر ماددە پلاستیكەكە لەكوێوە دێنن»، وتیشی: «لیژنەكانمان هەموو سەرپێچیەكانی كۆنترۆڵكردووە، بەڵام حاڵەت هەر دەبێت و كارگەكان بەراورد بەڕابردوو پابەندترن، گرفتێك هەیە كە تاقیگەمان نیە پشكنین بۆ ماددە ئەوەلیەكە سەد لەسەد بكات، بۆیە دەبێت بڕوانامەی تایبەتی لەگەڵ بێت». سۆكار مەحمود، دەڵێت:»گرفتی پەرداخەكانمان هەیە كەدەبێت هەموو رۆژ بەروارەكەی بگۆڕدرێ، بەڵام لەبەر گرانی كارەكە مەرجە ١٠ رۆژ جارێك بەروارەكە بگۆڕن، دواتر سەیری فلتەریشن دەكەین بەتایبەت رێژەی ئۆزۆن، چونكە دەبێت ئاوەكە لەكۆگا ٢٤ بۆ ٤٨ كاتژمێر دابنرێت تا شیدەبێتەوە چونكە دواتر تام و بۆنی ئاوەكە ناخۆشە، خاڵێكی تر وەرگرتنی نموونەی پشكنینەكانیانە بەدەر لەپشكنینەكانی خۆیان دەینێرین بۆ خۆپارێزی تەندروستی سلێمانی تاجیاوازی پشكنینەكان ببینین تاچەند وەكو یەكە، لەئێستادا بەگشتی لەپشكنینەكان دەردەچن». «كارگە هەبووە تاقیگەی تایبەتی خۆی نەبووە یان ماددە ئەوەلیەكەی لەتاقیگە دەرنەچووە یاخود دەبەیان ریسایكڵین كردووەتەوە، یان پسپۆڕی تایبەتی نەبووە یاخود بارهەڵگرەكانیان سەربەتاڵ بووە هەرچەندە ئەم گرفتەیان بەردەوامە چونكە ئەگەر بكرێت بەبەڕاد نرخی ئاو گران دەبێت لەسەر هاوڵاتی، غەرامەی سەرپێچیەكانی كارگەكانیش لەنێوان ٢٥٠ هەزار بۆ پێنج ملیۆن دینارە، هەرچی ماركێت و فرۆشگاكانیشە لەنێوان ٧٠ بۆ ١٥٠ هەزارە»، لەشاری سلێمانی زیاتر لە ٢٠ كۆگای ئاو هەیە، دەبێت پلەی گەرمییان لە ٢٥ زیاتر نەبێت و تیشكی خۆر لێیان نەدات، بۆ سەردانی ماركێتەكانیش زیاد لە ٤٤ لیژنەمان هەیە، هۆشیارمان كردوونەتەوە كە نابێ ئاو بیبەستێت و پلەی گەرمییان لە ٣٠ پلە زیاتر نەبێت، زۆرترین پلە دیاریمان كردبێت ٥٠ بووە، ئاوەكان تەنانەت لەوەرزی زستانیش نابێت خۆر بەری بكەوێت و بیبەستێت، بەڵام بەگشتی ماركێتەكان زۆر پابەندن» سۆكار مەحمود وای وت. لەكوردستان هەموو كارگەكانی ئاوی دەبەو جام خۆماڵین، سەرمایەی وەبەرهێنانیشیان ١٦٧ ملیۆن و ٨٨٦ هەزار دۆلارە. زەینەدین مەحمود، بەڕێوبەری بەرهەمهێنانی كارگەیەكی ئاوە لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت: « كارگەكەمان لەبازیانە و ئەو ناوچەیەش دەوڵەمەندە بەئاوی ژێر زەوی و رێژەی خوێی بەرزەو دوورە لەپاشەرۆی مرۆیی و كیمیایی، لەبەر پاشەڕۆی كارگە و نەوت ساڵانە دووجار پشكنینەكانمان دەنێرین بۆ وڵاتی ئیمارات بۆ پشكنینی ماددە قورسەكان»، وتیشی: «لەتاقیگەكەمان پشكنینی ٦٠ جۆر كانزایی قورس دەیكەین وەكو (كاردینیۆم، ئایرۆن، تیمۆنی) كە لەئاودا زیاد دەكەن، هەموو رۆژێك پشكنینی بەكترۆلۆجی دەكەین و هەموو سەری كاتژمێرێك پشكنینی كیمیایی (پی ئێچ)ی ئاوەكە دەكەین لەبەر گۆڕان و رێژەی خوێ لەگەڵ ئۆزۆن، هەرچی پشكنینی فیزیاییشە بۆن و تام و رەنگە لەگەڵ شلی و تووندی دەبەكە، بە نۆ هەنگاو ئاو لەفلتەر دەدرێت لەكارگەكان. ناوبراو دەڵێت: «پێش فلتەركردن دوو بورجی هەوا كێشكردنمان هەیە، هەر بورجێكیان حەوت مەتر ئاو دەگرێت، كەهەر مەترێكی هەزار لیترە، ئەم بورجانە ئاوەكە لەگازی (CO2, H2O)و میسان پاكدەكاتەوەو ئۆكسجین بۆ ئاوەكە زیاددەكات كە بەهۆی دابەزینی ئاوی ژێرزەوی روودەدات، پاشان كلۆری بۆ زیاد دەكرێت و میكرۆبەكان لەناودەبات، دواتر خاڵی رێكخستن بە لم دێت كە بۆن و تام و كلۆر دەگرێ، هەرچی قۆناغەكانی سێ تا هەشتە فلتەری پێنج مایكرۆنی و یەكی و ئۆ پۆینت ٣٠ییە كە هیچ تەن و بەكتریاو خوێیەك تێناپەڕێت، كۆتا قۆناغیش ئۆزۆنە كاری هەمویان تەواو دەكات، لەكاتژمێرێكدا ١٠٠ مەتر ئاو پاكژدەكەینەوە»، وتیشی: « ماددەی سەرەتایی دەبەكان ئیمپوڵە كە ناوە بازرگانیەكەیەتی و ناوە زانستییەكەی (پۆڵی ئەپیلین تێترا فاسەلەیت نەمبەر وەن)ە لەتوركیاوە دەیهێنین نابێت بەهیچ جۆرێك ریسایكڵین بكرێتەوە، چونكە یەكجار بەكاردێت، لەكاتژمێكدا ٤٥ هەزار دەبە بەرهەمدێنێت هەرچی نەگونجێ ئەیتەقێنێ، و تۆنێك ئیمپوڵ بەهەزار و ٨٠٠ دۆلار دەكڕین پلاستیكەكە بۆ ساڵێك بەرواری لێدەدەین، ناتوانین ئاوی شووشە بەرهەم بهێنین، چونكە ساغنابێتەوەو هیچ داواكاریەكیشمان بۆ نەهاتووە». لەكوالێتی كۆنتڕۆڵی دەروازەكانی كوردستان پشكنین بۆ جۆری پلاستیك دەكرێت بۆ ئاوەكانی ناوخۆ ناكرێن لەو بارەیەوە محەمەد فاروق، لێپرسراوی كۆنتڕۆڵی جۆری كۆمپانیای رەزگە بە هاوڵاتی وت: «حەوت جۆر كۆدمان هەیە لەسەر پلاستیكەكان ئەم كۆدانەش بۆ ئەوەیە بەكارهێنەر بیناسێتەوەو خۆی لەژەهرو ئاوێتە خراپەكانی ناو پلاستیكەكە بپارێزێت و لە تاقیگەكەشمان پشكنین بۆ هەموو جۆرەكانی دەكرێت، بەشێوەیەكی سەرەكی پێنج جۆریان بەشێوەی دەنكۆڵە یان پاودەر هاوردە دەكرێت و دوو جۆریان تایبەتن بە ئاو وەكو (پۆلی ئەسیلین تێر فسالات)و (پۆلی پڕۆپلین)»، وتیشی: «ناتوانین ئەو جۆرە دەستنیشان بكەین كە لەپشكنین دەرنەچووە، چونكە لەسەر بنەمای بەكارهێنانی جۆری پلاستیكەكە دەگۆڕێت كاتێك هاوردەش دەكرێت دەبێت نووسراوی رێگەپێدانی لایەنی پەیوەندیداری پێبێت لەگەڵ مەبەستی بەكارهێنانی و خاڵی بن لەماددە قورسەكان»، دەڵێت: «لەڕێگەی ئامێری تایبەتەوە پشكنین بۆ ناسینەوەی جۆری پلاستیكەكە دەكەین هەتا بزانرێت دەگونجێت بۆ ئەو، پیشەسازییە، پاشان بەشێوەیەكی گشتی پشكنینی كانزا قورسەكانی بۆ دەكرێت بۆ سەلامەتی مرۆیی، و هیچ ئاوێكی ناوخۆ لای ئێمە پشكنینی بۆ ناكرێت، و دڵنیای دەدەین بە هاوڵاتیان كە سەرجەم بەرهەمەكان پشكنینی سەلامەتی بۆ دەكەین چ ماددەی خام یان ئامادەكراو بێت لەسەر بنەمای ستانداردی عێراقی و نێودەوڵەتی. بەرگەشت ئاكرەیی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندی دەستەی وەبەرهێنان بۆ هاوڵاتی دەڵێت: «لەهەرێمی كوردستان ١٨ پرۆژەی ئاوی تەندروست و كانزایی مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە كە یەك هەزار و ٢٥٠ كارمەندیان هەیە، كۆی گشتی سەرمایەی پڕۆژەكانیش ١٦٧ ملیۆن و ٨٨٦ هەزار و ٨٣ دۆلارە، هەمویان خۆماڵین جگە یەكێكیان هاوبەشە، و بەرهەمەكانیان هەناردەی ناوەڕاست و خواروی عێراق و ئەوروپا دەكرێت، لەگەڵا ئەوەشدا ئاو لەتوركیا هاوردە دەكرێت بەڵام بەڕێژەیەكی كەم». بازرگانێكیش كە چوار ساڵە ئاو هاوردە دەكات، پێی باش بوو ناوی نەهێنرێت بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «نزیكەی ٢٥ جۆر ئاو دەهێنرێت كە توركی و ئەمریكی و بەریتانیە، هەندێكی بەقاچاخ دێت لەتوركیا و هەندێكی تریان بەوەكالەتە، نرخەكانیان لەنێوان هەزار بۆ پێنج هەزارەو قەبارەی ئاوەكانیش لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ ملیمە، بەقاچاخی بۆ ساڵەكە بارهەڵگرێك دێت، وە كۆمپانیاكان نزیكەی ١٠ بۆ ١٢ بارهەڵگر دێنن، ئاوەكان زیاتر لەشوشەن زۆر كەس بۆ نەخۆشی داوای دەكات، ئاوی دەبی پلاستیك هاوردە ناكەن». هاوكات د.سیروان ئەحمەد، پزیشكی یاریدەدەر لەزانكۆی سەڵاحەدین لەكۆلێژی زانستە ئەندازیارە كشتوكاڵییەكان بەشی پیشەسازی خۆراك بۆ هاوڵاتی وتی:»كۆی جیهان بەسێ جۆر پیسبوون پیسبووە، پیسبوونی فیزیایی وەكو (بێتا، گاما، یۆرانیۆم) و پیسبوونی مایكرۆبایەلۆجی وەكو (بەكتریا، ڤایرۆسەكان، كەڕووەكان، قەوزەكان)، جۆری سێیەم كیمیاییەو مەترسیدارە كە لەخاك و هەواو ئاودا هەیە، یەكێك لەو ماددانەی لەدەبەی پلاستیكیدا هەیە بیسفینۆڵە لەماوەی هەفتەیەكدا كارلێك لەگەڵ ئاو دەكات بەهۆی پلەی گەرمی و ماددەی پی ئێچ-یش بەهۆی تیشكی خۆرەوەیە، پێكهاتەی پلاستیكی پەرداخیش هۆكاری نەرمیەكەی بوونی ماددەی (لالۆن هایدینس و پۆڵی ئەپیلین)ە، ئەم جۆرە باشترە چونكە لەخاكدا زووتر شیدەبێتەوە»، وتیشی: «هەندێكجار دەبە ساغەكان دووبارە بەكاردێتەوە غەسل دەكرێتەوە بەئۆزۆن و هەواو ئاوی گەرم چونكە كولفەی كەمی تێدەچێت، پلاستیك دوای چەندینجار ڕیسایكڵكردنی لەكۆتاییدا دەبێت هەر فڕێبدرێت، باشترین شت ئەوەیە كەهۆشیاری هاووڵاتی بەرزبكرێتەوە ئاوی بەلوعە بخواتەوە»، راشیگەیاند: «هەندێك تووێژینەوە لەسەر ئاوی بەستو ئاماژەیان بەوەداوە كە ماددەی دایۆكسی پلاستیكەكە كارلێك دەكات، بەڵام هەندێك تووێژینەوەی تر لەبەرامبەریدا دەڵێن ماددەی دایۆكسی ماددەیەكی سامە لەپلاستیكدا نیە، بەڵام پێویستە هاووڵاتی لێی دووربكەونەوە، چونكە رێنمایی نەدراوە بڵێت پلاستیك بۆ بەفرگر دەشێت، ئەو تاقیكردنەوانەشی بۆ بەرهەمی كارگەكان كراوە یاخود مامۆستایان تووێژینەوەیان لەسەر كردوون، دەڵێن چاودێری زیاتر هەبێت باشترەو دەبێت یاساكان توندتر بكرێت و بەپێی یاسای خۆراكی عێراق یان كوردستان كاربكەن». بەپێی ئامارێكی فەرمی كە هاوڵاتی لەبەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی میدیایی و پەیوەندی دەستەی وەبەرهێنان دەستیكەوتووە ساڵانە لەیەك كارگەی هەرێمی كوردستان ١١٥ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار لیتر ئاوی دەبەو ٢٤ ملیۆن لیتر ئاوی جام بەرهەمدەهێنرێت. هەروەها د.شۆخان عوسمان، پسپۆڕ لەبەرگری لەش بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئاوی كوالێتی خراپ مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەكات و دژی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆنە لەگەڵ تێستێستیرۆن و هۆڕمۆنی لەش و چالاكی جگەر تێكدەدات، تەنانەت كاردەكاتە سەر كەمبوونەوەی سپێرمی پیاوان و زوو پێگەیاندنی ئافرەت»، وتیشی: «لەتووێژینەوەیەكدا دەركەوتووە كە ئەو بڕە كانزایانەی كە لەئاوەكەدا هەیە هەمان ئەو بڕە نیە كە لەسەر دەبەكە نووسراوە، دەبێت نەخۆشانی گورچیلە زۆر وریابن لەوبارەیەوە، زۆری كانزاكان خوێن تووشی ژەهراویبوون دەكات، پێویستە ئەوە راستبكرێتەوە كەئەوەی ئاوی پلاستیك بخواتەوە ژیانی لەمەترسیدایە، نەخێر وانیە! بەڵام باشترە ئاوی بەلوعە بخورێتەوە، داوا لەكارگەكان دەكەین رەچاوی ستانداردی جیهانی بكەن و ئەو رێژە كانزایەی دەینووسن رەنگدانەوەی ئاوەكە بێت.
