هاوڵاتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان دوای گفتوگۆیەكی چەند كاتژمێری هەمواری ماددەی چوارەمی یاساكە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نەوت و گاز دەبنە شەش ئەندام، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەبێتە ئەندامێك تێیدا. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی حوزەیرانی 2022، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی (10)ی ئاسایی خولی بەهارەی خۆیدا، هەمواری یەكەمی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بە دەنگی 79 پەرلەمانتار پەسەند كرد. هەمواری یاسای نەوت و گاز تەنها ماددەی چواری گرتوەتەوە، كە بەپێی هەموارەكە پێكهاتەی ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری تێداكراوە، ژمارەی ئەندامەكانیی بوەتە شەشئەندام و شێوازی دەنگدان تێیدا گۆڕانكاری تێدا دەكرێت. ئەنومەنەكە پێشتر پێكهاتبون لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرانی سامانە سروشتییەكان و جێگرەكەی، دارایی و پلاندانان . پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر لەنێو ئەنجومەنەكەدا تەنها دوو ئەندامی هەبوو كەپێكهاتبوون لە( سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وەزیری سامانە سروشتییەكان) نوێنەرانی یەكێتی لەئەنجومەنەكەدا پێكهاتبوون لە(سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وەزیری پلاندانان) بزوتنەوەی گۆران تەنها یەك ئەندامی هەبوو، كە وەزیری داراییە، بەڵام پاش دەستكاریكردن(هەمواری ماددەی چوار) پارتی دیموكراتی كوردستان لەمەشدا گرەوی لە یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان بردەوە و ئەندامەكانی خۆی كردە سێ ئەندام لەناو ئەنجومەنی نەوت و گاز"ئیتر هەر بریارێك بدرێت پارتی دەتوانێت تاك لایەنە بێ گەرانەوە بۆ یەكێتی و گۆران بیدات". پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە هەشتی رۆژی 6ی ئابی 2007 یاسای ژمارە 22 ی نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی پەسند كرد كە لە 61 شەست و یەك ماددە پێكهاتووە.
هاوڵاتی ئامینەی كاكە باوە ڕایگەیاند:" جێگەی نیگەرانییە كە سوید تەسلیمی ئەو داخوازییانە دەبێت، كە توركیا لە رێگەی دەستدرێژییە سەربازییە نایاساییەكانی و داگیركردنی سووریاوە یاسا نێودەوڵەتییەكانی پێشێل كردووە". ئامینەی كاكە باوە، ئەندامی پەرلەمانی كوردی وڵاتی سوید، هەڵوێستی خۆی لەسەر تەسلیمبوونی سوید بەرامبەر بە داواكاریەكانی توركیا ڕاگەیاند و دەڵێت" سوید و فینلاند لەسەر ئەو داخوازیانەی توركیا بۆ پەسەندكردنی ساولی نینیستۆ سەرۆكی فینلاند كردوویانە ڕێككەوتن و ڕایانگەیاند، كە وڵاتان (چارەسەرێكی باش)یان دۆزیوەتەوە و لەسەر هەناردەكردنی چەك و هەوڵەكانیان لە دژی تیرۆر زیاتر ڕێككەوتوون". دەقی ڕاگەیەندراوی ئامینەی كاكە باوە: سوید و فینلاند لەسەر ئەو داخوازیانەی توركیا بۆ پەسەندكردنی ساولی نینیستۆ سەرۆكی فینلاند كردوویانە ڕێككەوتن و ڕایانگەیاند كە وڵاتان "چارەسەرێكی باش"یان دۆزیوەتەوە و لەسەر هەناردەكردنی چەك و هەوڵەكانیان لە دژی تیرۆر زیاتر ڕێككەوتوون. جێگەی نیگەرانییە كە سوید تەسلیمی ئەو داخوازییانە دەبێت كە توركیا، كە دیكتاتۆرێكی ئیسلامییە كە رێز لە مافی مرۆڤ ناگرێت و لە رێگەی دەستدرێژییە سەربازییە نایاساییەكانی و داگیركردنی سووریاوە یاسا نێودەوڵەتییەكانی پێشێل كردووە، رێگەی پێبدرێت سیاسەتی دەرەوەی سوید كۆنترۆڵ بكات. جێگەی نیگەرانییە كە حكومەت بەتەواوی دژایەتی هێڵی سیاسەتی دەرەوە دەكات، كە لە ڕیكسداگیشدا پشتیوانییەكی بەرفراوانی هەبووە. ناتوانرێت بەرەنگاریی تیرۆر ببنەوە بە رێگەدان بە تیرۆریستان بڕیار بدەن كێ تیرۆریستانە. یەپەگە و یەپەژە ئازادیخوازن و جیهانیان لە دەستی خەلافەتی داعش/داعش رزگار كرد. هەروەها ئەمەش وایكرد سوید، و هەموو جیهان، وڵاتێكی سەلامەتتر بێت. ئەوە ژنانی كوردن كە پێشەنگی ئەم خەباتەیان گرتووە. ئێستا سوید خیانەت لەو ژنانە دەكات و دانوستان بۆ دوورخستنەوەی مافی كەمینەكان دەكات. هەروەها هێزە دیموكراسیەكان لە باكووری سووریا پاڵپشتی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ناتۆیان هەبووە. پێدەچێت جێنس ستۆڵتنبێرگ گرنگی بەم بابەتە نەدات. سیاسەتێكی خەمناك و كینی كە كار بۆ ئاشتی و دیموكراسی بەهێز ناكات - چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ كورد، من لە ئێستاوە سبەی پرسیارێكی نووسراو پێشكەش بە وەزیری دەرەوە لیندە دەكەم سەبارەت بە وردەكارییەكانی ڕێككەوتنەكە، پەرلەمانتار بانگی وەزیری دەرەوە بكەن بۆ لیژنەی كاروباری دەرەوە بۆ ئەوەی بیخەنە سەر ڕێگا. دەبێت حكومەت بە تەواوی بۆ گەلی سوید ڕوون بكاتەوە كە سوید چ ئیمتیازێك بۆ ئەندامێتی ناتۆ دەدات!
نیگار عومەر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوە ئاشكرا دەكات لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی دەروازەی پەروێزخان مانگانە 19 ملیار دینار بووەو بۆ خزمەتی گەرمیان بەكارناهێندرێت، دەشڵێت:» رۆژانە 250 بۆ 300 بارهەڵگر و تەنكەری نەوت دەڕواتە دەرەوەی سنور، بەپێ زانیاری ئێمە نەوتی خاوەو پشكنینی بۆ ناكرێت». ساڵی رابردوو داهاتی مەرزی پەروێزخان نزیكەی 240 ملیار داهاتی هەبووە، واتا مانگانە 21 ملیار داهاتی هەبووە. ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا مانگانە مەرزی پەروێزخان 19 ملیار دیناری داهاتی مانگانەی هەبووە، واتا لەكۆی ئەم شەش مانگانە دەگاتە نزیكەی 114 ملیار دینار. كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەشی خستەڕوو كە لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا 22 ملیار دینار داهاتی هەبووە، بەڵام لەمانگەكانی 5 و 6 دا كەمبووەتەوە بۆ 19 ملیار دینار، «بەكۆی گشتی دەتوانین بڵێین مانگانە 19 ملیار دینار داهاتی هەبووە لەم شەش مانگەدا». ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەئێستادا جوڵەی بازرگانی كەمی كردووەو ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی كۆمەڵێك» كۆمپانیای مشەخۆری ناپێویست» بەناوی جۆراوجۆر پارە وەردەگرن لەشۆفێران و بارهەڵگرەكان كە بەناوی «بیمە، قەپان، كۆنترۆڵی جۆری، تەعقیم كردن، مەنەفێست، كۆنترۆڵی جۆری و پشكنینن» هەموو ئەمانەو باجی گومرگی زۆر بارگرانی بۆ بازرگانان و بارهەڵگرەكان دروست كردووە، وای كردووە جوڵەی بازرگانی كەمبكاتەوە». كەریم عەلی ئەوەشی ئاشكراكرد كە «رۆژانە 250 بۆ 300 بارهەڵگرو تەنكەری نەوت دەڕواتە دەرەوەی سنوور كە ئێمە گومان دەكەین نەوتی خاو بێت هەرچەندە وادەگوترێت كە پاشماوەی پاڵاوگەیە، بەڵام بەپێ زانیاری ئێمە نەوتی خاوەو پشكنین ناكرێت و نازانرێت چیە». « داهاتی مەرزی پەروێزخان یەك دیناری نەخراوەتەوە خزمەتی هاووڵاتیانی گەرمیان كە پێویستە بەشێك لەداهاتەكەی هیچ نەبێت بخرێتە خزمەتی رێگەوبانی مەرزەكەوە كەڕێگەوبانێكی زۆر خراپی هەیە»، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت. سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەڵێت جوڵەی بازرگانی لەئاستێكی خراپدا نیە، بەڵام بەبەراود بەمانگەكانی یەك تا چوار لە هەریەكە لەمانگەكانی پێنج و شەش كەمی كردووە، واتا مانگەكانی پێشووتر باشتربووە. عەباس ئیسماعیل سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» حكومەتی هەرێم باجی گومرگی كەمكردۆتەوە لەسەر ماددە خۆراكییەكان و پیشەسازییەكان، لەئێستادا ئێمە بەرهەمی خۆماڵی سەوزەو میوەی خۆمان پێگەشتووەو رێگە نادەین هیچ بەرهەمێكی لەو بابەتانە بێتە كوردستانەوە بەئامانجی ئەوەی كەبەرهەمی خۆماڵی خۆمان بازاڕی هەبێت». سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، باسی لەوەشكرد كە داهاتی ئەم شەش مانگەی ئەمساڵ بەبەراورد بە شەش مانگی ساڵی پێشوو زیادی كردووە، وتیشی:» لەنێو مەرزی پەروێزخاندا هیچ گەندەڵییەك بوونی نیەو هەركەسێك هەر جۆرە گەندەڵیەك دەزانێت لەسەر مەرزەكە با بۆمانی بێنێت و ئێمە ئەو كەس و لایەنە دەدەین بەدادگا». دەربارەی ئەوەی چەند كۆمپانیاییەك پارە لە شۆفێران و بارهەڵگرەكان وەردەگرن، عەباس ئیسماعیل وتی:» ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیەو بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەموو دەروازەكان بەهەمان شێوەیە تەنها لەمەرزی پەروێزخاندا نیە». «رۆژانە نزیكەی دوو هەزارو 700 شۆفێر لەنێو مەرزی پەروێزخان كاردەكەن و خەڵكێك زۆر كاسبی تێدا دەكات و داهاتەكەی هەرچەندە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام دواجار بۆ خزمەتی گەرمیان دێتەوەو موچەی فەرمانبەرانی لێدەدرێت»، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان وای وت. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندەیەكان لەئیدارەی گەرمیان ئەوەی دووپاتكردەوە كەداهاتی مەرزی پەروێزخان هیچی ناگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی گەرمیان و بەڵكو رادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت. چۆمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەئیدارەی گەرمیان، وتیشی:» چەندین جار داوامان كردووە كە پێویستە بەشێك لەداهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی گەرمیان و ئێمە بتوانین هەندێك لەكەموكورتیەكانی ناوچەكەی پێ پڕبكەینەوە». چۆمان ئەحمەد ئەوەشی روونكردەوە كەمەرزی پەروێزخان دەرفەتی كاری بۆ دەیان خەڵك و سەدان بارهەڵگر رەخساندووەو تێیدا خەڵك كاردەكات سودی بۆ دەڤەرەكە هەیە بەگشتی و مەرزێكی پڕ جوڵەیە، وتیشی:» ئەوەی لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوەی سنور دەڕوات بەگشتی سامانی سروشتی نەوتە».
هاوڵاتی ترس و نائارامی سەربازانی توركیا بەرانبەر گەریلاكان گەیشتووەتە لوتكە و 34 سەربازیان كوژران و نۆی دیكەشيان برینداربوون. ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پارستنی گەل(هەپەگە) ئەوە ئاشكرا دەكات كە گەریلاكانی ئازادی كوردستان لەسەر هێڵی فیداییبوون تێدەكۆشن و گورزی گەورەیان لە داگیركەران داوە و بە چالاكی "تاكتیكی"یان 34 داگیركەر كوژران و 9 دیكەشیان برینداربوونبریندار بوون. هەروەها لە دوو پارچە ڤیدیۆدا كە هەپەگە بڵاویكردووەتەوە لەیەكێكیاندا سەربازانی تورك لە ترسی قەناس بەدەستەكانی گەریلا بە گوریس ئەو خواردن و پێداویستیانەی بە فڕۆكە بۆیان فڕێ دەدرێتە خوارەوە رادەكێشێت. هاوكات لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا كە بە ڤیدۆ تۆمار كراوەو میدیای رۆژنیوز نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە دوو گەریلا كامێرایەكی حەراری چاودێری سوپاكەی ئەردۆغان تێكدەشكێنن و بەسەلامەتی دەگەرێنەوە شوێنی خۆیان. لەبەرانبەدرا سوپای داگیركەری تورك گورزی قورس تەكنیكی زۆریان بەكارهێناوەو گۆڕەپانەكانی بەرخۆدانیان زۆر جار بە هەلیكۆپتەر و ئۆبۆس و فڕۆكەی شەڕ بۆردومان كرد.
هاوڵاتی ئەمریكا فشارەكانی بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتدا چڕتر دەكاتەوەو بۆ ئەو مەبەستە فەرماندەی هاوپەیمانان لە عیراق و سووریا لە بینای سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا كۆبوویەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزەیرانی 2022، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێشوازییان لە جەنەراڵ جۆن برێنان، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و وەفدێكی باڵای سەربازیی یاوەری كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری پێشمەرگە، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری ھەرێم، سوپاسالاری پێشمەرگە و ژمارەیەك لە فەرماندە و پلەدارانی پێشمەرگە ئامادەبوون، پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دوایین هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گرفتەكانی بەردەم پرۆسەكە و پێشنیارێكی ئەمەریكییەكان تاوتوێ كرا. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانان دووپاتكردەوە بۆ ئەو پشتگیری و هاوكارییەی لە كاتی شەڕی دژی داعشدا و ئێستاش پێشكەش بە پێشمەرگەی دەكەن و جەختی لە پشتگیریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی پێشمەرگە كردەوە. هەروەهابافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ ھێزەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی كە لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ھاوكاری ھەرێم بوون و پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە بوون لەرووی مەشق و راھێنان، پڕچەككردن و پێشخستنی توانا سەربازییەكان. تاڵەبانی راشیگەیاند:" ھەر پلانێك بۆ رێكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بنرێت پێشوازی لێدەكەین، بەڵام پێویستە لەم ھەنگاوەدا ھەلومەرجی ھەرێم و واقیعی ئەمڕۆ لەبەرچاوبگیرێت و ھاوسەنگی بنەمابێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە و بە بەرنامەی كوردستانی بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە و ھەر ھەنگاوێكیش بنرێت دەبێت لە خزمەتی پاراستنی ئاسایشی ھەرێم بێت". لای خۆیەوە جەنەراڵ برێنان دووپاتی كردەوە كە ئەمریكا لە پشتگیری و یارمەتیدانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و یەك فەرماندەییدا كۆبكرێتەوە و بكرێتە هێزێكی نیشتمانیی پیشەگەر كە بەهێز و بە توانا بێت و بتوانێت ئەركی خۆی جێبەجێ بكات. دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و پێویستیی هاریكاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق و بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
هاوڵاتی مامۆستایەكی كۆلێژی یاسای زانكۆی سۆران سكاڵایەكی لەسەر ئەو خوێندكارەی ئەمڕۆ لە هەولێر دوو مامۆستای زانكۆی كوشت تۆماركردووە بە مەبەستی پێداچوونەوەی كەیسێكی پێشتری. نیشتیمان عوسمان محەمەد، سكاڵای لەسەر "ئاراس مەهدی قاسم" تۆماركردووە و داوای لە لیژنەی پێداچوونەوەی دەروونی لە دادگای سۆران كردووە پێداچوونەوە بۆ راپۆرتی پزیشكی ناوبراو بكەن بە بیانوی ئەوەی نەخۆشی دەروونی لەگەڵدایە. بەپێی نوسراوەكە، سكاڵاكار دەڵێت:" لەكاتی پێشكەشكردنی بۆ زانكۆی سۆران، هیچ پێشینەیەكی نەخۆشی لەو جۆرە و هیچ جۆرە نەخۆشییەكی تری نەبووە". هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لەبەشی گرتن و گواستنەوەی سۆران لە ژێر هیچ جۆرە چارەسەرێكی دروونی نەبووە.
هاوڵاتی لەبارەی كوشتنی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی دەڵێت:" دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕكردنی چەكی بێ مۆڵەت و رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و خراپەكاران لە هەر پلە و ئاستێكدا بن." ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی رووداوی كوژرانی دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین بڵاوكردەوە و دەڵێت"زۆر خەمبارم بە شەهیدبوونی د. كاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس حەمەخان، لەدەستدانی ئەو دوو مامۆستا بەڕێزە، كارەساتێكی دڵتەزێنە. پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكار و بنەماڵە بەڕێزەكانیان و لە خۆمانیش دەكەم و هاوبەشی خەمیانم". هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، توانییان لە ماوەیەكی كەمدا، تاوانبار دەستگیربكەن و رادەستی یاسای بكەن، بۆئەوەی بە سزای یاسایی خۆی بگات. هاوكات، مەسرور بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە" دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕكردنی چەكی بێ مۆڵەت و رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و خراپەكاران لە هەر پلە و ئاستێكدا بن."
هاوڵاتی سەرۆكی رەوتی سەدر رایگەیاند:"بە داخەوەم بۆ كاندیدكردنی ئەو سەرۆكە لە رابردوو و لە داهاتووشدا." ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزەیرانی 2022، موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لە تویتێكدا رایگەیاند:"شەرمە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق واژووی لەسەر یاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل نەكردووە." هەروەها نوسویەتی:" شەرمەزارییە بۆ گەلێك سەرۆك كۆمارەكەی ئاسایكەرەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئیسرائیل بێت و كەسایەتییەكی نیشتیمانی نەبێت و لایەنگیری خۆرهەڵات یان خۆرئاوا بێت". هاوكات سەدر ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە"رایدەگەیەنم من بەریم لەم تاوانەی كە كردوویەتی كە بەردەم خودا و گەلی عێراقیدا." و " پەشیمانم لە كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری لە رابردووە و داهاتوودا." پەرلەمانی عێراق بەكۆی دەنگ یاسای قەدەغەكردنی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی ئیسرائیل دا پەسەند كرد، بەڵام سەرۆك كۆماری عێراق واژۆی لەسەر یاساكە نەكردووە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ خوێندكارێك دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین دەكوژێت، كەمێك لەمەوبەر لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیر كراو وێنەكەی لەنێو ئوتومبێل گیراوەو بڵاوكرایەوە. بكوژەكە ناوی (ئ ـ ق)و كوڕی فەرماندەیەكی باڵای "سوپای بارزان"ی پارتی دیموكراتی كوردستانە. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشكرایكرد، بكوژی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدینیان دەستگیركردووەو پارێزگاری هەولێریش تەئكید لەسەر ئەو هەواڵە دەكاتەوە. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "تۆمەتباری كوشتنی دوو مامۆستاكەی هەولێر ویستویەتی بچێتە دەرەوەی هەولێرو لەبازگەیەكی ئاسایشی دەوروبەری هەولێر دەستگیركراوە".ئەمڕۆ سێشەمە لەڕوداوێكدا لەكۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین لەهەولێر، یەكێك لەخوێندكارەكانی بەشی یاسا بەچەك هێرشیكردەسەر حەرەمی زانكۆو لەئەنجامدا (د. كاوان ئیسماعیل) ڕاگری كۆلێژی یاساو دواتریش لەماڵەكەی خۆیدا (د. ئیدریس حەمەخان) مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری هەمان ئەو زانكۆیەی كوشتو یەكێك لەكارمەندانی زانكۆكەشی برینداركردووە.
هاوڵاتی وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم زانیاری لەبارەی خەرجی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاشكرادەكات و داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەكات رێنمایی نوێ دەربكات. بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری كە واژۆی ئاوات جەناب نوری لەسەرە و ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە تێیدا هاتووە، بەپێی بەراییەكان، بڕی موچەی گرێبەستەكان لەسەر ئەو بودجانەی بۆیان خەرجدەكرێت جیاكراوەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە لەكۆی گشتی موچەی گرێبەستەكان بەراورد بەو موچەیەی كە فەرمانبەرانی گرێبەست بكرێن بەهەمیشەیی وەریدەگرن بڕی یەك ملیارو 757 ملیۆن و 496 هەزار دینارە.
هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر داوا لە تۆمەتبارانی رووداوی كوشتنی مامۆستاكانی زانكۆ دەكات خۆیان رادەستی پۆلیس بكەن. ئەمڕۆ كاتژمێر 8:30 خولەك لەبەردەم كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین خوێندكارێك دەستڕێژی گوللـەی لە "كاوان ئیسماعیل" راگری كۆلێژەكە كردووە و لەگەڵ پاسەوانێكی پرسگەی كۆلێژەكە بەسەختی برینداربوون، بەڵام دوای مانەوەی بۆ چەند كاتژمێرێك راگری كۆلێژی سەڵاحەدین گیانی لەدەستدا. سەرەتا خوێندكارەكە تەقەی لە پاسەوانی كۆلێژەكە كردووە كە گولـلە یەك بەر سنگی كەوتووە و دواتر چووەتە ژووری كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسا و تەقەی لەویش كردووە و سێ گولـلەی بەركەوتووە كە یەكێكیان بەر سەری كەوتووە. لە دوو رۆژی رابردوو كۆلێژی یاسا نمرەی كۆتای داوەتەو بە خوێندكاران، بەهۆكاری ئەوەی خوێندكارەكە لە تاقیكردنەوەكاندا دەرنەچووە، دەمەقاڵە لەنێوان خوێندكارەكە و راگری كۆلێژی یاسادا دروستبووە. دوای بەدوای روداوەكە پارێزگاری هەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا لە بەردەم نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی هەولێر رایگەیاند:" دوای ئەوەی كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسا لە زانكۆی سەڵاحەدین پێنج گولـلەی بەركەوت بە سەختی برینداربووە و نەتوانرا لە نەخۆشخانە ژیانی رزگاربكرێت و گیانی لە دەستدا". هەروەها راشیگەیاند:" داوا لە تۆمەتباردەكەین خۆی رادەستی پۆلیس بكات، چونكە كەسێكی نەناسراونییە لەلای پۆلیسەوە و دەتوانن بیدۆزنەوە و رادەستی دادگای بكەن". پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەروو كە ئەو خوێندكارەی بەیانی ئەمڕۆ كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای بریندار كرد، دوو ساڵ پێش ئێستا لە زانكۆی سۆران خوێندكاری بەشی یاسا بووە و فەسڵ كراوە. " خوێندكارەكە هەوڵیداوە گواستنەوە بكات لە زانكۆی سۆرانەوە بۆ زانكۆی سەڵاحەدین، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵەحەدین رازی نەبووە وەری بگرێت كێشەی لەگەڵدا هەبووە و خوێندكارەكە هەڕەشەی لێكردووە"، ئومێد خۆشناو وای وت. كاوان ئیسماعیل لە دادگا سكاڵای لەسەر خوێندكارەكە تۆمار كردووە و بڕیاربووە ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای هەبێت، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بچێتە دادگا چووەتە سەر ماڵی ئەو مامۆستایەی لە زانكۆی سۆران فەسڵی كردووە، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی لە ماڵ نەبووە، دكتۆر ئیدریس عیزەت، كە هاوسەری ئەو مامۆستایەیە، رفاندوویەتی و دواتر كوشتوویەتی. ئیدریس عیززەت دوو كچی هەیە، بەڵام كەسیان لە ماڵ نەبوون كاتێك خوێندكارەكە چووەتە سەر ماڵەكەیان. دوای كوشتنی ئیدریس عیززەت، خوێندكارەكە چووەتە كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین، لە ئەنجامدا پاسەوانی كۆلێژەكە و دكتۆر كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای بەسەختی برینداركرد و دواتر " كاوان ئیسماعیل"لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
هاوڵاتی كۆبونەوەی ماڵی مام لە نێوان یەكێتیی بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و بزوتنەوەی بابلیون بەسەرۆكایەتی رەیان كلدانی كە نزیكەی سێ كاتژمێری خایاند. ئەمشەو دووشەممە 27ی حوزەیرانی 2022 لەڕاگەیەندراوێكدا هاوپەیمانی عەزم بڵاویكردەوە، ئەمشەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانی ئیرادە و چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبونەوەیەكی گرنگیان لەماڵی سەرۆك مامجەلال لە بەغدا ئەنجامدا، بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی و چارەسەركردنی دۆسیەی پێكهێنانی حكومەت. هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە، تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی كرا و هەروەها گفتوگۆكرا بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان بەمەبەستی خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە توانای تێپەڕاندنی هەمو ئەو ئاڵنگاریانەی هەبێت كە وڵات پێیاندا تێدەپەڕێت. هێشتا یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام پێشتر هاوڵاتی بڵاویكردەوە كە پێشنیاری ناوی (خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە بۆ كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراقی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێی رازییە، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی كاندیدی یەكێتی تەنها بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراقە.
هاوڵاتی جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە پێش جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت. هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی و جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە پێش جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەو فەرمانگەو خانەنشینان و سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دابەش دەكرێت.
عەمار عەزیز سبەینێ سێشەممە گەورەترین گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان لە شەنگال هەڵدەدەرێتەوە كە بەدەستی رێكخراوی تیرۆرستی داعش كوژراون و چاوەڕوان دەكرێت سەدان كەسی تێدا بدۆزرێتەوە. بڕیارە سبەینێ 28ی حوزەیرانی 2022، یەكێك لەگەورەترین گوڕی بە كۆمەڵ لە شنگال هەڵبدرێتەوە. خەیری عەلی، بەڕێوەبەری رێكخراوی ئێزیدی بۆ بە دۆكیۆمێنتكردنی بەڵگەنامەكان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت"رۆژی28ی ئەم مانگە یەكێك لەگەورەترین گۆڕی بە كۆمەڵ لە شنگال هەڵدەدرێتەوە،كە پێی دەڵێن گوڕی بە كۆمەڵی( قنێ)كە دەكەوێتە سنوری قەزاكەوە" ناوبراو وتیشی:" گۆڕە بەكۆمەڵەكە لەلایەن دەزگای شەهیدان وفەرمانگەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی بەغدا هەڵدەدرێتەوە، كە نزیكەی هەشت ساڵە كەسوكاری قوربانیان چاوەرێی هەڵدانەوەی گۆڕەكانن تا ئێسك و پروسی كەسوكاری خۆیان بدۆزنەوە كە لەسەردەمی داعش كوژراون" یەكەم گوڕی بە كۆمەڵ لە15ی ئازاری2019لە گوندی كۆجۆ هەڵدرایەوە و 17گۆڕ لەكۆجۆ هەڵدراونەتەوە كە لە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان چەند قۆناغێكی تێپەراندووە تا ئێستا زیاتر لە60گۆڕی دیكە ماون و هەڵنەدراونەتەوە. دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش پارێزگای موسڵی داگیر كرد، دوابەدوای ئەوە رووی كردە شەنگال و سەرەرای داگیركردنی هەزاران ئێزیدی كوشت و ژن و منداڵەكانی گواستنەوە بۆ موسڵ و تەلەعفەرو دواتر ئەوەی خۆی رزگار كرد گەڕانەوە بۆ نێو كەسوكاریان و ئەوانی دیكە تا ئێستا بێسەروشوێنن.
هاوڵاتی لە ناوچەكانی زاپ و خواكورك، ئاڤاشین و مەتینا 26 سەربازی دیكەی تورك كوژراون و لە بادینان سوپاكەی ئەردۆغان لە"ترسی گەریلا" شوێن بەخۆیان ناگرن. ئەمڕۆ 27ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە گەریلاكانی ئازادی كوردستان بە شێوەیەكی فیدایی شەڕ دەكەن و گورزی دژوار لە سوپای توركی داگیركەر دەوەشێنن و تووشی ترس و تۆقاندن بونەتەوە بەهۆی فیداییەكانی گەریلاوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: لە ئەنجامی ئەو چالاكیانەدا كە هێزەكانمان بە گیانی جەنگاوەری ئاپۆیی ئەنجامیاندا، ٢٦ داگیركەر سزادران، سیستمێكی كامێرای حەراری، خێمەیەكی سەربازی و سەنگەرێك تێكشكێنران، سیستمێكی كامێرای حەراریش دەستی بەسەردا گیرا. لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی خواكورك لە ماوەی ڕۆژانی ٢٣ ٢ ٢٤ و ٢٦ی مانگدا چەند چالاكیەك ئەنجامدراوە كە تیایدا ٧ داگیركەر سزادران و كامێرایەكی حەراری دەستی بەسەردا گیراوە و دانەیەكی دیكەش لەناو برا. لەچوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی ئاڤاشین لە دوو چالاكیدا لە ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ مانگدا شەش داگیركەر سزادران. لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕی هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی زاپ لە ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ ی مانگدا شەش داگیركەر سزادران و لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕی شەهید شاڤاش مەرعەشی جەنگی خابوردالە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی مانگدا ٦ داگیركەری دیكە سزادران. داگیركەران لە ٢٥و ٢٦ی حوزەیراندا گۆڕەپانەكانی بەرخودانی شەهید بەرخودان و ئەشكەوتی برینداران ٢٤ جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی بۆردومان كرد.