هاوڵاتی دەزگای داد لە ئێران بڵاوی کردوە داوای سزادانی 750 دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی سێ پارێزگا کراوە و تۆمەتی زۆربەشیان تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانییە. دەستگیرکراوانی پارێزگاکانی (مەرکەزی و ئەسفەهان و هورموزگان) تۆمەتبار کراون بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و چالاکیی دژی دەسەڵات و هاندان بۆ ئاژاوەنانەوە و کوشتن. بە پێی ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ دەستگیرکراوان ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بۆ ژمارەیەکی بەرچاویان هەیە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریی دەدەن لەو تۆمەتانەی کە دەخرێنە پاڵ خۆپیشاندەران و گەنجان. لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا سێ دەستگیرکراوی کورد لە کەرەج و تاران تۆمەتی دژایەتیی لەگەڵ خودایان لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنراوە کە دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو دەستگیرکراوانەدا.
هاوڵاتی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو پۆلیسانەی لەلایەن بنەماڵەی سەهەندەوە سكاڵایان لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن لیژنەی لیکۆڵینەوەی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون و وتەیان لێوەردەگیرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکەوت ئەحمەدوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بسەلمێنرێت هەرکەسێک لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی سەهەند کەمتەرخەمی کردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. وتیشی ئەو پۆلیسانەی لەلایەن بنەماڵەی سەهەندەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن لیژنەی پۆلیسەوە دەست بەسەرکراون و وتەیان لێوەردەگیرێت. سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی سەهەندی ئاشکرا کرد و وتی، لەمانگی ١٠ی ئەمساڵدا کەسێک سکاڵای تۆمارکردووە کە دەستڕێژی گوللـەی لێکراوە، دوایی دەرکەوتووە سەهەند و هاوڕێکەی بوون لەسەر ئەو سکاڵایە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. هەروەها، لە بارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی سەرهەندەوە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەکرد، ئەوانیش وەک پۆلیس پرسیاریان هەیە ئایا سەهەند بەهۆکاری لێدان گیانیلەدەستداوە یان هۆکاری دیکە هەیە، هەربۆیە تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە تا توێکاری بۆکرێت و هۆکاری مردنەکەی دەستنیشان بکرێت. ئەمەشلەکاتێکدایە ئەمرۆ، کەسوکار و بنەماڵەی سەرهەند رایانگەیاند، کوڕەکەیان لەدوای ئەوەی گیراوە بە پێنج پۆلیس لێیانداوە و تەعزیبیان داوە و دواتریش لە ژوری زیندان خنکاندویانە.
هاوڵاتی خاڵی سەهەند ئەحمەدی تەمەن ١٧ ساڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کوڕکەمان لێیدراوە لە لایەن پێنج پۆلیسەوە بە قۆناغە دەمانچەو پاشان خنکێندراوە" ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خاڵی ئەو منداڵە ١٧ ساڵەی ئێوارەی دوێنێ لەلایەن پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیر کرا ولە بارودۆخێکی نادیاردا گیانی لەدەستدا ڕایگەیاند: " بە پێی گوتەکانی پۆلیس ئەم کوڕەمان ڕایکردووە لەدەستیان پاشان بە پێنج پۆلیس دوای کەوتون و دوای گرتنی بە قۆناغە دەمانچە لێیان داوەو تەعزیبدراوە،ولەناو مەرکەزی پۆلیس منداڵەکەیان خنکاندووە" هەروەها سەبارەت بە کامێرای چاودێری لە ناو مەرکەزەکە بە پێی گوتەی خاڵی مێرمنداڵەکە "بەڕێوبەری مەرکەزەکە گتوێتی کامێراکانی چاودێری ئیشناکەن ". وتیشی" داوامان لێدەکرێت چاوەڕێی ڕاپۆرتی پزیشکی بین بەڵام لە دوێنێوە دەنوسرێت و دەسڕدرێتەوە" خاڵی سەهەند باسی لەوەشکرد کە شایەتحاڵیان هەیە لە منداڵەکەی دراوەو بە پیی خۆی چۆتە ناو مەرکەزەکەوەو لەوێ گیانی لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، جێگەی ئەشکەنجە بە تەرمی کوڕەکەوە دیاربووە کە چەندین سوێنی جەستەی بە قۆناغە دەمانچە شین بووەتەوە. سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو پێنج پۆلیسەی منداڵەکەیان دەستگیرکردووە ڕایگەیاند "هیچ کامیان دەستگیر نەکراون "
هاوڵاتی لە یەکەم راگەیێندراوی فەرمیدا لە دوای کۆنگرەی حیزبەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دەیانەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و جەختیش لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەموو لایەنەکان دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن. ئەمڕۆ شەممە، 12-11-2022، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سهرۆکی پارتی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە هەڵبژێردران کە 17 کەس بوون. دواتر لەبارەی وردەکاریی کارەکانی کۆنگرە، پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەمانەن: - فازڵ میرانی - فوئاد حوسێن - هۆشیار زێباری - ئازاد بەرواری - مەحموود محەممەد - رێبوار یەڵدا - کەمال کەرکووکی - زەعیم عەلی - سیداد بارزانی - ھێمن ھەورامی - پشتیوان سادق - ھیوا ئەحمەد مستەفا - سەربەست لەزگین - زاگرۆس فەتاح - نەوزاد هادی - ئامینە زکری - عەلی حوسێن بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کە لەبارەی ئەنجامی کۆنگرەی 14ـی حیزبەکە بڵاویکردووەتەوە، پارتی دەڵێت، "لهسهر ئاستی كوردستاندا، كۆنگره جهختی له یهكڕیزی و پهیوهندیی دۆستانه لهگهڵ ههموو لایهنهكان كردهوه و به پێویستی زانی لاپهڕهیهكی نوێ بۆ پهیوهندییهكان بكرێتهوه و كێشه و گرفتهكان به دیالۆگ و لێكتێگهیشتن چارهسهر بكرێن." لەبارەی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش، "كۆنگره جهختی كردەوە بۆ چارهسهری كێشه ههڵواسراو و چارهسهر نهكراوهكان و، جێبهجێكردنی رێككهوتنی سیاسی و دامهزراندنی حكومهت كه لهگهڵ لایهنه سیاسیهكانی عێراق ئهنجام دراوه." دەقی راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان: له رۆژانى 3، 4، 5 و 6ی نۆڤێمبهرى 2022، پارتيمان كۆنگرهى 14ى خۆى له ژێر دروشمى (ئازادى، ديموكراسى، دادپهروهرى) له شارى دهۆك به بهشدارى 1061 ئهندام گرێدا. كۆنگره، بهگوێرهی بهرنامهیهكی رێكخراو دهستی به كارهكانی خۆی كرد و دواى چهند ئايهتێك له قورئانى پيرۆز، سروودى نيشتيمانیى عێراق و سروودى ئهى رهقيب پێشكهش كران. له دهستپێكدا سهرۆك بارزانى وتارێكى پێشكهشكرد، تییدا ئاماژهى بهوه كرد كه بههۆى شهرى داعش و پاراستنى يهكێتى خاكى كوردستان و پهتاى كۆڕۆناوه، كۆنگره دواكهوتووه. ههروهها به گشتى باسى له بارودۆخى ههرێمى كوردستان و عێراق و ناوچهكه و جيهان كرد، به تايبهتى له وتارهكهيدا تيشكى خسته سهر دوو خاڵ كه جێگهى شانازيى بهڕێزيانن لهو سهردهمهى كه پۆستى سهرۆكايهتى ههرێمى كوردستانی ههبووه، يهكهميان؛ ناردنى هێزى پێشمهرگه بۆ پشتيوانیى كۆبانێ بووه، دووهميان؛ ئهنجامدانى ریفراندۆم بۆ سهربهخۆیی كوردستان بووه. له بهشێكى ديكهی وتارهكهیدا سوپاسى خۆڕاگریى هێزى پێشمهرگهى كوردستانی كرد له بهرگريكردنى قارهمانانهيان له شهڕى دژى داعش و پاراستنى خاكى كوردستان، ههروهها سوپاسی خهڵكی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگریی و پشتیوانیی پێشمهرگه و دامودهزگا پهیوهنددارهكان له بهرهنگاربوونهوهیان لهو شهڕهدا. پاشان فیلمێكى ديكۆمێنتارى لهسهر ئهو ههڤاڵانهى سهركردايهتى كه لهماوهى نێوان كۆنگرهی سێزده و ئهم كۆنگرهيهدا كۆچى دواييان كردووه نيشاندرا، دواتر دهستهى سهرۆكايهتى كۆنگره ههڵبژێردرا. ههر له دانيشتنى يهكهمدا؛ كۆنگره به كۆى دهنگ رێزدار سهرۆك بارزانيان به سهرۆكى پارتى دیموكراتی كوردستان ههڵبژاردهوه، ههروهها كۆنگره متمانهی بهخشی به جێگری یهكهم و دووهمی سهرۆك. دواتر راپۆرتى سياسى ئهنجومهنى سهركردايهتى پارتى خوێندرايهوه، له راپۆرتهكهدا هۆكارى دواكهوتنى كۆنگرهى به روونی خراوهته روو كه وێڕای ئهوهی له سهرهوه سهرۆك ئاماژهی پێداون، ریفراندۆم و خيانهتى 16ى ئۆكتۆبهر و لێكهوتهكانی، هۆكاربوون بۆ دواكهوتنی كۆنگره. لهو راپۆرتهدا، پهيوهست به پارچهكانى ديكهى كوردستان، ئهوهخراوهته روو كه ئێمه لهگهڵ داوا رهواكانیانین له ههمان كاتدا، داوا له هێزه سياسييهكانى ههر سێ پارچهكهى كوردستان كراوه سهردهميانه خهباته مهدهنييهكانيان بهگهڕ بخهن، داواش له ههر سێ وڵاتى دراوسێ كراوه كه سنوورى جوگرافى، قووڵاى مێژويى، تێگهيشتنى ديبلۆماسی، بهرژهوهندى هاوبهشى ئابوورى و بازرگانى و كولتورى و كۆمهڵايهتيمان پێكهوه ههيه، به كردهيى بير له چارهسهرى سياسیى پرسى كورد بكهنهوه، چارهسهرێك كه ببێ به مايهى ئاشتى و سهقامگيرى و بوژانهوهى ناوچهكه به گشتى. لهسهر ئاستى عێراقيشدا هاتووه كه پارتيمان له رێگهی پهرلهمان و حكوومهتى عێراقى فيدراڵ كار دهكات لهسهر ياسادانان و كاراكردن و جێبهجێكردنى كۆمهڵێك ياساى گرنگ و بنچينهيى بۆ پاڵپشتى سيستهمى فيدراڵى و ديموكراسى له عێراقدا، وهك له دهستوورى عێراقی فيدراڵدا هاتووه. دواتر دهستهى سهرۆكايهتى كۆنگره؛ دهرگاى پێكهێنانى ليژنهكانى بۆ ئهندامانى كۆنگره كردهوه و له ئاكامدا چوار لیژنه له لايهن كۆنگرهوه رهزامهندى لهسهر درا، كه بريتی بوو له (ليژنهى پهيڕهوى ناوخۆ، ليژنهى پرۆگرام، ليژنهى راپۆرتى سياسى، ليژنهى سكاڵا و پێشنياز). له دانيشتنى دووهمى ههمان رۆژدا ليژنهكان گفتوگۆى چڕ و ورديان لهسهر راپۆرتهكانيان كرد و به تێبينى و سهرنجهكانى ئهندامانى كۆنگره دهوڵهمهند كرا و، له دانيشتنى يهكهمى رۆژى دووهمى كۆنگرهدا، راپۆرتهكان دواى خوێندنهوه، خرانه دهنگدانهوه و له لايهن كۆنگرهوه پهسهند كران. هاووڵاتیانی بهڕێز ههڤاڵانى تێكۆشهر... كۆنگره بهپێويستى زانى لهم قۆناخهدا، پێداچوونهوهيهكى ورد به پهيڕهوى ناوخۆدا بكات، له رووى ههيكهليهت و رێكخستن و پهيوهندیى نێوان ئۆرگانهكاندا، بهشێوهيهك كه بگونجێت لهگهڵ واقعيى ئهمڕۆى كارى حزبايهتيدا. له لايهكى ديكهوه له پهيڕهوى ناوخۆدا ناوى ئهنجومهنى سهركردايهتى گۆڕدرا بۆ كۆميتهى ناوهندى، ههروهها گۆڕانكارى له بهشێك له ههيكهليهتى حزبدا ئهنجامدرا و ناوی ئهنجومهنی سهركردایهتیی پارێزگا گۆڕدرا بۆ (مهكتهبی رێكخستنی پارێزگا)، ههروا بڕیاری دامهزراندنی ئهنجومهنى باڵاى تێكۆشهران درا. يهكێكى ديكه له گۆڕانكارييهكانى پهيڕهو بريتييه له بهرزكردنهوهى رێژهى بهشداریى ئافرهت له كۆميتهى ناوهندى بهجۆرێك له 15% كهمتر نهبێت. له رۆژی دووهمدا، سهرۆك بارزانی پێشنیاری 10 ههڤاڵی خسته بهردهم كۆنگره كه، ههر ده ههڤاڵ به دهنگی راستهوخۆی ئاشكرا بۆ كۆمیتهی ناوهندی ههڵبژێردران. پاشان، كۆنگره دهرگای خۆكانديدكردنى بۆ كۆميتهى ناوهندى كردهوه كه (129) ههڤاڵ خۆيان كانديد كرد بۆ 41 ئهندامى كۆميتهى ناوهندى و (9) يهدهك. له رۆژانى سێيهم و چوارهمیشدا پرۆسهى ههڵبژاردنى ئهندامانى كۆميتهى ناوهندى و لێكجیاكردنهوه و خوێندنهوهی دهنگهكان دهستی پێكرد كه له لايهن كۆميسيۆنى باڵاى ههڵبژاردنی عێراق و (7) دادوهرى ههرێمى كوردستان بهڕێوهچوو. جێگاى باسه كۆنگره كۆمهڵێك له پڕهنسيب و ستراتيژيهتى پارتى له چهندين بوارى جياجيادا پهسهند كرد كه گرينگترينيان بريتييه له كاركردن له پێناو بههێزكردنى سيستهمى پهرلهمانى و به ديموكراتیزهكردنی سیستمی حوكمڕانی به پشتبهستن به پرهنسيبهكانى: گهل سهرچاوهى دهسهڵاته؛ لێك جيايى و هاوسهنگى دهسهڵاتهكان؛ سهربهخۆيى و كارايى دامهزراوهكان؛ سهروهرى ياسا و پاراستنى ماف و ئازادييهكان و مافی ئافرهت؛ ههروهها رێزگرتنى مافهكانى مرۆڤ و ئازادييه بنهڕهتييهكان و رێزگرتن له پڕهنسيبى شهفافيهت و لێپرسينهوه و سزا و پاداشت له حوكمڕانى ههرێم و عێراقدا. له بهشێكى ديكهدا جهخت لهسهر ئهوه كراوهتهوه كه پێويسته چهسپاندنى مۆدێلى حوكمڕانى باش و وهڵامدهرهوه بۆئهوهى باشترين خزمهتگوزاریى گشتى پێشكهشى گهلى ههرێمى كوردستان بكات. لهسهر ئاستى مرۆيى و كۆمهڵايهتيدا، پارتيمان كار دهكات بۆ پهرهپێدانى كوولتوریى، كه به جۆرێك رهنگدانهوهى راستهقينهى كۆمهڵگهى كوردستانى بێت و فرهكولتوورى و فرهئايينى و يهكترقبووڵكردن و رێزگرتن له جياوازييهكانمان تێيدا بهرجهسته بێت، ئهمهش له پێناو بهرزركردنهوهى ئاستى هزرى و هۆشيارى و نيشتمانى كوردستانيان بێت. لهسهر ئاستی كوردستاندا، كۆنگره جهختی له یهكڕیزی و پهیوهندیی دۆستانه لهگهڵ ههموو لایهنهكان كردهوه و به پێویستی زانی لاپهڕهیهكی نوێ بۆ پهیوهندییهكان بكرێتهوه و كێشه و گرفتهكان به دیالۆگ و لێكتێگهیشتن چارهسهر بكرێن. ههروهها لهسهر ئاستی عێراقیش كۆنگره جهختی كرد بۆ چارهسهری كێشه ههڵواسراو و چارهسهر نهكراوهكان و، جێبهجێكردنی رێككهوتنی سیاسی و دامهزراندنی حكوومهت كه لهگهڵ لایهنه سیاسیهكانی عێراق ئهنجام دراوه. هاووڵاتيانى بهڕێز ههڤاڵانى تێكۆشهر.. پارتى ديموكراتى كوردستان سهركهوتنى كۆنگرهكهى به سهركهوتنى خواست و بهرژهوهندیى گهلى كوردستان دهزانێت، بهو پێيهى پارتى ههميشه و لهمهودواش ئامرازێكى خهبات و تێكۆشانى جهماوهريى گهلهكهمانه بۆ بهدهستهێنانى مافه رهواكانى نهتهوهى كورد و گهلى كوردستان، بۆيه پارتيمان پيرۆزبايى له خهڵكى كوردستان و ههڤاڵانى تێكۆشهر دهكات و بهڵێن دووپاتدهكاتهوه وهك ههميشه پارێزهرى دهستكهوتهكانى گهل و بهدهستهێنهرى ماف و پاراستنى دهستكهوته دهستوورى و نيشتمانی و نهتهوهييهكانى بێت كه درێژهدهری رێبازی بارزانیی نهمره. كۆنگره به تێكڕای دهنگ تهخویلی جهنابی سهرۆك بارزانی كرد بۆ دیاریكردنی ههڤاڵێك له كوردانی ئێزدی بۆ كۆمیتهی ناوهندیی پارتیمان. سهركهوتنى كۆنگرهى چواردهههمينى پارتى ديموكراتى كوردستان پيرۆز بێت. دروود بۆ گيانى پاكى سهرجهم شههيدانى كورد و كوردستان و سهروهريان بارزانى نهمر و كاكه ئيدريسى ههميشه زيندوو. بژى كورد بژى كوردستان
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی ڕۆژاڤا هۆشداریی دا کە ناسەقامگیری لە سووریا چڕتر دەبێتەوە ئەگەر مامەڵەی سیاسی جیهان لەگەڵ دامودەزگا کوردییەکان لە سووریا کەم ببێتەوە. ناوەندی هەواڵگری ڕۆژاڤا کە چاودێری بارودۆخی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا دەکات، دوای کەم بوونەوەی خواستی سوید بۆ تەعامول لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردی، هۆشداری دا لە دەرئەنجامەکانی کەم بوونەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ کوردەکانی سووریا. ئەم پەیمانگایە ئاماژەی دا بە ناڕەزایەتیی دەسەڵاتدارانی کوردی سووریا لە بڕیاری حکوومەتی نوێی سوید بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامودەزگا کوردییەکان لە سووریا لەوانەش پارتی یەکێتی دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل و هۆشداریی دا کە ئەم پرسە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاشتی لە سووریا دروست بکات. ناوەندی ڕاگەیاندنی ڕۆژاڤا هۆشداری دەدات لەوەی کە خۆبواردنی سوید لە درێژەدان بە سزادانی تورکیا و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی سووریا و تەسلیم بوون بە داواکارییەکانی تورکیا سەبارەت بە کورد، ڕەنگە بە مانای خۆگێل کردنی ئەم وڵاتە بێت لە پێشێل کردنی مافی سوورییەکان لە لایەن تورکیاوە. ئەم ناوەندە هۆشداری داوە لەوەی کە لەبەرچاو نەگرتنی دامەزراوە کوردییەکان لە سووریا و تۆمەتبارکردنیان بە ئەنجامدانی هەڵمەتی تیرۆریستی لەلایەن تورکیاوە و ڕێگەنەدان بە بەشداری کردنیان لە دانوستانەکانی ئاشتی سووریا، دەتوانێت ڕێگری بکات لە بەدیهاتنی ئاشتی ڕاستەقینە لە سووریا. ئەم دامەزراوە توێژینەوەیی-میدیاییە کە لەلایەن توێژەران و چالاکانی میدیای ڕۆژئاواییەوە بەڕێوەدەبرێت، پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ کوردەکانی سووریا و پەراوێزخستنیان وەک هۆکاری پەرەسەندنی ناسەقامگیری لە سووریا ناو دەبات. چوونکە بەڕای ئەم پەیمانگایە، کوردەکانی سووریا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە شەڕی دژ بە داعش و تەعامول نەکردنی وڵاتانی بیانی لەگەڵ کوردەکان، دەاعش هاندەدات بۆ زیاتر کردنەوەی هێرشەکانی.
هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە هەڵبژێردران. بەپێی زانیارییەکان، ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەمانەن: - فازڵ میرانی - فوئاد حوسێن - هۆشیار زێباری - ئازاد بەرواری - مەحموود محەممەد - رێبوار یەڵدا - کەمال کەرکووکی - زەعیم عەلی - سیداد بارزانی - ھێمن ھەورامی - پشتیوان سادق - ھیوا ئەحمەد مستەفا - سەربەست لەزگین - زاگرۆس فەتاح - نەوزاد هادی - ئامینە زیکری - عەلی حوسێن
هاوڵاتی هونەرمەندانی کورد کلیپێک بە ناوی (سەرکانی و ئاڤاشین) سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمایی دژی کورد بڵاو دەکەنەوە. کلیپەکە لە لایەن ناوەندی هونەرگەی وڵات لە رۆژئاوای کوردستان بەرهەم هێنراوە و کاری ئاوزادانانەکەش لە لایەن هونەرمەند دەلیل میرساز-ەوە بوە. لە کلیپەکەدا ئاماژە بەو هێرشی کیمیایی سوپای تورکیا دژی کورد و گەریلا کراوە و رەخنە لە بێدەنگیی کۆمەلگەی نێودەوڵەتیی و هاوکاریی ئەڵمانیا بۆ تورکیا گیراوە. میوزیک؛ مەحمود بەرازی ئاواز؛ دەلیل میرساز بەهەرمی؛ هونەرگەی وڵات لە رۆژئاوای کوردستان
ئیمان زەندی زیاتر لەسێ هەزارو ٣٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، لەگەڵ ٣٠ سەنتەری حكومی و ناحكومی بۆ ئۆتیزم، لەكۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان لەمانگێكدا ١٥ بۆ ٢٠ حاڵەت تۆمار دەكەین، ئەوە جیا لەوەی خێزانەكان منداڵەكانیان ئۆتیزمی هەیەو تۆماری ناكەن، د.سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەكانی گەشەو ژیری و ئۆتیزم دەڵێت: ئۆتیزم، گرفتێكی دەماری گەشەییە و پێی دەڵێین (نۆرۆ دیڤلۆپمێنتاڵ) و لەتەمەنی ١٨ مانگی تا ٢٤ مانگی یاخود دوو ساڵی دەناسرێنەوە، تەمەنی زێڕینیان پێش پێنج ساڵییە بۆ زوو باشبوونەوە ئەویش بەڕاهێنان. رێنوار كوڕەكەی كاكە رەنجدەرەو نۆ ساڵ گیرۆدەی حاڵەتی ئۆتیزم دەبێت، ئەو ئێستا باشبووەتەوەو تەمەنی ١٤ ساڵەو لەپۆلی حەوتە، منداڵانی ئۆتیزم جیاوازن لەمنداڵانی تر، خاوەن دڵێكی باش و میهرەبانن و رقاوی نین لەگەڵ ئەوەشدا زیرەكن. رەنجدەر عەبدولڕەزاق باوكی رێنوارەو بۆ هاوڵاتی و دواو دەڵێت: "كوڕەكەم لەتەمەنی ساڵ و نیو تووشی ئۆتیزم بوو و تێكەڵی منداڵان نەدەبوو، بە تەنها یاری دەكردو هەست و سۆزی نەبوو، بەڵام كە ئێستا باشبووەتەوە خوی گرتووە بە من و دایكیەوە، نازانین بەچی تووشبوە پێیان وتین ئەگەری هەیە دایكی بەسەر سكەوە حەبی خواردبێت یان لەكاتی ئازاری منداڵبوون دایكەكە ئۆكسجینی پێویستی بۆ نەچووبێت و هیچ كێشەی جینات و خوێنیشمان نەبوو، سێ منداڵی ترمان هەیە هیچیان ئۆتیزمیان نیە". وتیشی: "لەتەمەنی شەش ساڵ و نیو راهێنانمان بە رێنوار كرد، زۆر دكتۆرمان گۆڕی و پارەیەكی زۆرمان خەرجكرد بێ فایدەبوو تا لەكۆتاییدا دكتۆرێك راهێنانی بۆ نووسی، لەگەڵ خێزانم بە بەردەوامی راهێنانمان پێدەكرد و هەموو هەفتەیەك بۆ ماوەی نۆ مانگ، هیچ دەرمانێكمان بۆ بەكارنەهێنا، ئێستا باشبووەتەوەو تەمەنی 14 ساڵەو لە خوێندنگایەو پۆلی حەوتە." رەنجدەر وای وت. بەپێی ئامارێكی نافەرمی كە هاوڵاتی دەستیكەوتووە لەسەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان زیاتر لەسێ هەزارو ٣٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم لەكوردستان هەیە، لەگەڵ ٣٠ سەنتەری حكومی و ناحكومی، هەروەها لە ٩٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم ٣٥٠ی لەسەنتەرەكانن. كەمال جەباری سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند: ئۆتیزم لەحاڵەتەوە بووە بەدیاردەو رێژەكە مەترسیدارەو لەهەڵكشانێكی بەرچاودایە، لەساڵانی نەوەدەكان تاساڵی ٢٠٠٠ لە ١٥٠ منداڵ یەك منداڵی ئۆتیزم هەبوو، بۆ ساڵی ٢٠١٠ رێژەكە هەڵكشا بۆ ١١٠ منداڵ و لەساڵی ٢٠٢٢ ئێستا لە ٨٠ منداڵ منداڵێك ئۆتیزمیەتی، لەمانگێكدا ١٥ بۆ ٢٠ حاڵەت تۆمار دەكەین، ئەمە لەكاتێكدا هەندێك خێزان نازانن كە كۆمەڵەی ئۆتیزم هەیەو هەندێكی تریان بارو گوزەرانیان باشەو نایەنەوێت نەخۆشی منداڵەكەیان ئاشكرابكەن و هەندێك لەوانەی دۆخی داراییان باشە منداڵەكانیان دەبەنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، وتیشی: "كەیسی ئۆتیزم زۆر فەرامۆشكراوەو بێنازن ئەویش بەهۆی كەمی سەنتەری راهێنانی حكومی و خێرخوازی، سەنتەرە ئەهلیەكانیان ئەو پارەیەی وەریدەگرن پارەیان خەیاڵیە". "خێزانی ئۆتیزم لەوپەڕی شپرزەیی و داڕوخاندان، خێزان هەیە سێ منداڵی ئۆتیزمە كە هەریەكەیان و سیفەتێكی خەیاڵی جیاوازیان هەیە، ناچارن منداڵەكانیان ببەستنەوە كە ئایندەیان ناڕوونە، یان دایك هەیە منداڵە ئۆتیزمەكەی بردووە بۆ ئەوروپاو مێردەكەی جیهێشتوە، ئێمە بەردەوامین لەكردنەوەی لق لەشارەكانی كوردستان، لەسەدا ٨٠ فەرامۆشكراوەو حكومەت بەجددی ناهاتوونەتە سەر خەت، هۆكارێكی تر لەدوای ساڵی ٢٠١٢ ئەو ١٥٠ هەزارەی دەدرا بە ئۆتیزم راگیراوە، هەرچەندە بەڵێندراوە كە سەنتەر بكرێتەوە بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێكردن" كەمال جەباری وای وت. هاوكات ئەلەند ئومێد ١٤ ساڵە بەدەست ئۆتیزمەوە دەناڵێنێت، دوای بردنی بۆ لیژنەی دەروونی رێژەی ئۆتیزمەكەیان بەڕێژەی لەسەدا سەد دەستنیشانكرد، ئەلەند یەك شروبی هێوركەرەوەی بە ٥٠ هەزار بۆ دەكڕن و مانگانە ٣٠٠ هەزار خەرجیەكەیەتی. ئومێد چۆمانی دانیشتوی هەولێرە بەهاوڵاتی وت: "ئەوكاتە لەهەولێر یەك سەنتەری راهێنانی لێبوو ئەهلیش بوو، خەرجی زۆری دەویست بۆم هەڵنەدەسوڕا سەنتەری حكومیش وەری نەدەگرت چونكە دایبیمان پێهەڵدەگرت، خێزانەكەم ئارامیگرتووە و بەردەوام لەگەڵیەتی، پەیوەندی خزمایەتیمان پچڕاوە تاڕادەیەكیش حەز ناكەین كەس بێتە ماڵمان چونكە قسە دەكەن ئەوە بۆ وادەكات! ئەو جوڵە سەیرانە چیە! ڕاهاتوین لەگەڵ كوڕەكەمان بەڵام دەوروبەرمان بێتاقەتمان دەكەن." "كوڕەكەم بیەوێت پێبكەنێت، دەگریەت هیچ قسەیەك ناكات، بەڵام زیرەكە سیستەمی كەناڵەكە بگۆڕم یەكسەر دەیدۆزێتەوە چونكە راهێنانەكانمان سودی هەبوەو باشترە لەڕابردوو، ناچارین رۆژانە دەرمانی بۆ بەكاربهێنین و دیزاینی ماڵەكە بەپێی جموجۆڵی ئەو رێكدەخەین تا سەلامەت بێت، نازانێت بچێت بۆ سەر ئاو و بەردەوام دایبی پێهەڵدەگرین، دوو منداڵی ترم هەیە ئەوان ئۆتیزمیان نیە". ئومێد چۆمانی وای وت. د.سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەكانی گەشەو ژیری و ئۆتیزم لەگفتوگۆیەكی هاوڵاتیدا بەوردی باسی سەرچاوەی ئۆتیزم دەكات و دەڵێت: "ئۆتیزم، گرفتێكی دەماری گەشەییە پێی دەڵێین (نۆرۆ دیڤلۆپمێنتاڵ)، دوو تووشبوی ئۆتیزم وەكو یەك نین، هۆکاری ئەوەی كەپێیان دەوترێت ئۆتیزم ئەوەیە، كێشەی هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتیان هەیەو دورەپەرێزن و حەز ناكەن تێكەڵ ببن لەكاتی قسەكردنیش دەنگیان تایبەتەو دەمیان ئاو دەكات، دووەم دووبارەكردنەوەی رەفتارە، یەكەم كەس بەئۆتیزم دەستنیشانكرا (دۆناڵد گرێت تروپلێچ)ی ٨٠ ساڵە بوو و تائێستا دەژی"، و وتیشی: "ئۆتیزم نەخۆشی نیە تائێستا لەكوردستان پێناسەیەكمان دیارینەكردووە، چونكە گروپێك لەپزیشك دەڵێین ئۆتیزم نەخۆشیە دەرمان و ماددەی كیمیایی بەكاردێنن، بەڵام گەر وترا گرفتێكی هزری و فێربوونە ئەوا قوتابخانەیان بۆدادەنرێت، گرفتی (دیڤلۆپمێنتاڵ دیزەیبڵیتیز یان دیڤلۆپمێنتاڵ دیزۆردەز) گرفتی گەشەو پێگەشتنەو درێژخایەنە". لەبارەی ئەوەی ئۆتیزم نەخۆشیەكی دەروونییە ناوبراو رایگەیاند: "ئۆتیزم لەو كتێبەنەدا هەیە كە باسی گرفتەكانی دەرونی دەكات یان زانایانی ئۆتیزم دەڵێین لە دەرونناسی بهێننە دەرەوە لە بایەلۆجی بیناسن چونكە كێشەی دەماریان هەیە، كەسانی ئۆتیزم بەشی پشتەوەی مێشكیان كار دەكات بە پێچەوانەی كەسی ئاسایی، پێش ٢٠١٣ بە پێنج گرفت ڕێژەی ئۆتیزم دیاریدەكراو دواتر لابردرا و كرا بە دوو بەش قورس و ئاسان پێی دەڵێن (گرفتەكانی شەبەنگی ئۆتیزم) قورسەكان ئۆتیزمە ناسراوەكەیە ئاسانەكانیش پێدەچێت هاوڕێی و دراوسێی خوشك و برامان بن نیشانەكانیان زوو دڵیان دەشكێ و كێشەی تێگەشتنیان هەیە"، هەموو ئۆتیزمێك بزوێنەرێكی سروشتی یان ژینگەیی دەریدەخات كە لەجیناتیاندا ئۆتیزم هەیە پێی دەڵین (توریكەر)، بۆ نمونە سمارتفۆن یان تەلەفزیۆن بەهیچ جۆرێك نابێت تاتەمەنی هەژدە مانگی منداڵ تەماشای بكات، چونكە ئەو شاشانە بزوێنەری زۆری هەیە كاردەكاتە سەر مێشكی ئەو منداڵەو ناتوانێت هەموو وێنەو دەنگ و رەنگانە وەربگرێت هەندێكجار منداڵەكە لەحەیبەتا دەگری، تەكنەلۆژیا هۆكاری تووشبون نین، بەڵكو ئەوانەی بنەمای ئۆتیزمیان هەیە بەمانە دەردەكەون". لەبارەی نیشانەو رەفتاری توندوتیژی د.سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەكانی گەشەو ژیری و ئۆتیزم دەڵێت: "بەداخەوە بەگشتی توندوتیژیان تێیدایە، چونكە كەس لێیان تێناگات و گرفتی دروستكردنی پەیوەندی كۆمەڵگە یان هەستیان هەیە، نیشانەكانیشیان سەیری چاو ناكەن و لەكاتی یاریكردن لاساییكردنەوەیان نیەو زۆرجار دڵەڕاوكێی و ترس و تۆقانی بێهۆیان هەیەو كاردانەوەیان نیەو وەڵام و كاردانەوەیان بەناوی خۆیان نیە، هەروەها لەسەر نووكی پەنجە دەڕۆن، ئەم منداڵانە نە نابیستن نە لاڵ پێیان دەوترێیت (لاڵی هەڵبژاردە) تەنها بەو شتانە لادەكەنەوە كەپێی هەستیارن"، وتیشی: "بەپێی سكیڵەكان لەتەمەنی ١٨ مانگی یان ٢٤ مانگی یاخود دوو ساڵی دەناسرێنەوە، تەمەنی زێڕینیان پێنج ساڵە بۆ زوو باشبوونەوە ئەویش بەڕاهێنان و چارەسەری دوای شەش ساڵی زۆر گرنگە نابێت ئیهمالبكرێت، بەڵكو دەبێت دایك راهێنانی پێبكات چونكە زیاتر شارەزای منداڵەكانیانن، هەیە تەمەنی ٢٠ ساڵە باشبووەتەوە، پێویستە منداڵیان ببەنە لای پسپۆڕێك كە زانیاری هەبێت و لەمنداڵییەوە چاودێری كردبێت، بەڵام بەداخەوە لەكوردستان نیمانە، چونكە پزیشكەكانمان زانیاریان كەمە خۆشیان دانیان بەوەداناوە"، رایگەیاند: "ئۆتیزم زیاتر لەنێو كوڕاندا زۆرترە، بۆ ئۆتیزم هیچ چارەسەرێك نیە تەنها راهێنان و زانستی كۆمەڵگە نەبێت. مامۆستا ئیسرا بەڕێوەبەری هانای ئۆتیزمی خێرخوازی بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: "مانگانە رێژەی منداڵەكان دەگۆڕێت، كاتێك خێزانەكان ئاشنا دەبن بەئۆتیزم ئینجا كەیسەكانیان دەهێنن بەڵام زۆرێكیان زانیاریان لەسەری نیە، ئێستا كاتی وەرزی خوێندنە كەیسەكان زۆربوون، چونكە كاتێك مامۆستاكان وانە بەمنداڵەكان دەڵێنەوە هەست دەكەن ئاسایی نین و هەڵیاندەسەنگێنین حاڵەتەكە ئۆتیزمە، مانگانە ١٠ كەیسی نوێ تۆمار دەكەین تەمەنەكانیان لەنێوان سێ بۆ ١٢ ساڵە"، ناوبراو وتیشی: "راهێنانەكانیش بەتاك و گروپەو گرنگی بەلایەنی دەربڕین و تەركیزو تێگەشتن لەگەڵ جموجۆڵ دەدەین، بەگروپیش پڕۆگرامی (ئەی بی ئەی و سەنڕایس)ە، زیاتر مەبەستمانە تێكەڵی كۆمەڵگەیان بكەین و ئاشنایان بكەین بەیەك تا ئاسایی ببنەوە، خالێكی تر جێبەجێكردنی فەرمانەكانی رۆژانەیان بەنموونە جل گۆڕین و نانخواردن و رێنمایی دەدەین خێزانەكانیان راهێنانەكانیان پێبكەنەوە"، دەشڵێت: "سەنتەرەكەمان نیمچە خێرخوازییە كەمترین نرخ وەردەگرین هەتاوەكو سوودمەندبن، باشبوونەوەیان دەچێتەوە سەر دۆخی منداڵەكە بەماوەی ١٥ مانگ بۆ سێ ساڵ، لەمساڵدا ١٠ كەس باشبوونەتەوەو لەقوتابخانە و باخچەن، سەنتەری تایبەتیش هەیە بۆ ڕاهێنانی گەورەكان".
هاوڵاتی رۆژی چوارشەممە 9-11-2022 پەرلەمانی لۆکسەمبۆرگ کۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگ تاوانەکانی داعشی بەرامبەر کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند. ئەمڕۆش مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دەڵێت: "پەرلەمانی لۆکسەمبۆرگ تاوانەکانی داعشی بەرامبەر ئێزدییەکان وەک جینۆساید ناساند. پێشوازییەکی گەرم لەم بڕیارە دەکەم". لەرۆژی سێی ئابی 2014دا داعش هێرشیکردە سەر سنووری شنگال لە پارێزگای نەینەوا و نزیکەی 5 هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران. بەهۆی هێرشەکەوە دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەر لەو هێرشەدا شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران؛ لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 کەسەکەی دیکەش لە رەگەزی نێر بوون؛ تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 555 کەسیان رزگارکراون. هەر بەهۆی ئەو هێرشەوە زیاتر لە 325 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون
نیگار عومەر دادگای نەوجوانانی ناوچەی کەرکوک/گەرمیان لە ڕۆژی 8ئەم مانگەدا سزای زیندانی بۆ دو مێر منداڵ بەناوی سابیر ئەحمەد و عەبدوڵا هیوا دەرکرد کە یەکێکیان نەوەی دوەمی ئەنفالە و نۆ کەس لەخانەوادەکەی ئەنفالکراون. هۆکاری سزادانەکەیان لەسەر سێ سکاڵا بوە و دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریكردنکردن لە خۆپیشاندانەکەی مانگی ئابی ساڵی 2020 کە بەشێک لە بینای قایمقامێتی قەزای کەلار و ئۆتۆمبێلێکی تاپۆی گەرمیان سوتا، بەتۆمەتی سوتانی موڵکوماڵی گشتی دادگا سزای چوار ساڵی زیندانی بەسەر ئەم مێرمنداڵانەدا سەپاند، ئەمەش ناڕەزای و نیگەرانی لێكەوتوەتەوەو چالاكان و ڕۆژنامەنوسانی سنورەکەش داوادەکەن بڕیارەکە تەمیز بکرێتەوە. خانەوادەی یەکێک لەگەنجەکان و چالاکوانان دەڵێن زیندان شوێنی دزو گەندەڵکارانە و ئەم دو مێرمنداڵە بونەتە قوربانی. دلێرکەریم، چالاکی مەدەنی بە هاوڵاتی راگەیاند:" پێویستە ئەم دوو گەنجە بە یاسای خۆپیشاندان سزا بدرێن لەکاتێکدا ئەگەر هەرچ تاوانێکیش بەسەریاندا ساخبێتەوە ئەوەی جێگەی نیگەرانیە دادگا بەیاسای سزادانی عێرقی مامەڵەی لەگەڵ کردون کە نەدەبوو ئەم بڕیارە قورسەیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەمانیش وەک هەر تاکێکی تر هاتونەتە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان کردوە و بەتەنها نەبون کە ئێستا تەنها ئەمان بەبیانوی سوتانی موڵکوماڵی گشتی سزادراون". وتیشی:"کاتێک کە خۆپیشاندان دەکرێت هەموان وەک یەک بەشداری لەو ناڕەزایەتیانەدا دەکەین نەک کوڕی هەژار سزابدرێت و خەڵکانێکی دیکەش بۆی دەرچن، لە گریمانەی ئەوەی تۆمەتەكەشیان بەسەردا ساخبێتەوە، ناكرێت بەو شێوە توندە سزا بدرێن". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: پێویستە دادگاکان بێنە دەنگ بەرامبەر ئەو کەسانەی کە موڵك و ماڵ و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەدزن و بەفیرۆی دەدەن دەیان کەیسی لەم شێوازە هەیە بۆ چی دادگا بێدەنگە لێیان کە ئەمە جێگەی پرسیارە، و دێت سزا بەسەر خەڵکی فەقیردا جێبەجێ دەکات، کە ئەم دو مێر منداڵە لە زینداندا تێکەڵی هەمو خەڵکێک دەکرن ئەمە جێگەی مەترسیەو بۆدوا ڕۆژی ئەم مێرمنداڵانە". قانع ئەحمەد، برای یەکێک لە سزادراوەكان بۆ هاوڵاتی دواو وتی: " لە سەر ئەم کەیسە لە ساڵی 2020بۆ ماوەی 12 ڕۆژ براکەم دەستگیر کراو دواتر بەکەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازاد کرا، دوابەدوای ئەوە هیچ کات بانگ نەکراوەتە دادگا چەند ڕۆژێك پێش ئەوەی سزا بدرێت تەبلیغێکمان بۆهات لەلایەن پۆلیسەوە کە براکەم سبەینێ دادگای هەیە، دایکم و سابری برام ڕۆشتن بۆ دادگا پێکەوە ڕۆشتبونە بەردەم دادگا و لێی پرسیبوو تۆ بەشداریتکردوە لە سوتای بینای قایمقامیەت ئەویش وتبوی تەنها لە پرسگەی قایمقامیەتدا کە ئاگرەکە کرابویەوە من مقەبام خستۆتە سەری ئیتر هیچ کارێکی دیکەم ئەنجامنەداوە، حاکمەکەش پێی وتبوو تۆ بانزینت کردۆتە سەر ئاگرەکەدا باشە بڕۆ تەواو". وتیشی:" دوای ئەوەی دایکم براکەم دێنە دەرەوە پۆلیس دەستگیر دەکات و پێی دەڵین تۆ چوارساڵ حکوم دراوی کە ئێمە هیچ شتێکمان نەزانی و توشی شۆک بین و ڕێگەیان نەدابو دایکم قسەش بکات و براکەمیان بردبو". وتیشی،" سابیری برام لەگەڵ هاوڕێکەی بەهەمان شێوە لەیەک ڕۆژدا سزای چوار ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا کە لە پێشوتردا لەیەکەم ئیفادەداندا پێیان وتبوو هەرچیەکت کردوە باسی بکەو ئازادت دەکەین، ئەمە هەڵخەڵەتاندنە بۆ براکەم چونکە تەمەنی ئەو کاتە لەخوار 18ساڵیەوە بو". نەشاد عومەر، پارێزە و ئاگادار لەکەیسەکان بە هاڵاتی وت:"دادگا بەمادەی 342 یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە سوتانی موڵکو ماڵی گشتی سزای ئەم دو گەنجەی داوە کە دەکرا بەیاسای خۆپیشاندان یاخود بەپێبژاردن مامەڵەی لەگەڵیان بکردایە". وتیشی، " ئەو تاوانەی کە بەسەریان ساخ بوەتەوە ئەوندە قورس نیە بەوشێوەیە حکوم بدرێن بۆ نمونە سابیر ئەحمەد تەنها ئەو تاوانەی بەسەردا ساخبوەتەوە دەستی هەبوە لە سوتانی پرسگەی قایمقامیەت کە دوو سکاڵای تریشی لەسەر کرابوو بەسەریدا ساخ نەبوەتەوە ". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"لە ڕوانگەی یاسایەوە نابێت هیچ کەسێک ناچار بکرێت کە بەزۆر قسە بکات، وە ئەم بڕیارەی کە دراوە بڕیارێکی قورسە بۆ ئەم دو مێرمنداڵەو ئێمە داوا دەکەین کە تەمیزبکرێتەوە".
نیگار عومەر شارەوانی كەلار پاركینکی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەكانی ناوبازاڕ دەكات بەپارەو ئەمەش یەكەم پرۆژەی لەو شێوازەیە لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، شۆفێرانیش پێیان وایە ئەم پرۆژەیە بارگرانیە بۆ سەر هاووڵاتی و كۆكردنەوەی داهاتە لەسەر خەڵكی هەژار، شەقامەكان مافی گشتییەو شارەوانی كەلار بەبیانوی رێكخستنەوەی ناو شارەوە پارە لەشۆفێران وەردەگرێت، شارەوانی كەلاریش دەڵێت: پرۆژەکە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانەو ئاستەنگ كەمدەكاتەوە. ئەیاد محەمەد، چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بەهاوڵاتی وت:» شارەوانی كەلار بەبیانوی رێكخستنەوەی ناو بازاڕی شەقامەكانی كردووە بەشوێنی پاركینكی ئۆتۆمبێل و لەبەرامبەر ئەمەدا پارە لەهاووڵاتیان وەردەگرێت، ئەم پرۆژەیە لەخزمەتی شۆفێران و هاووڵاتیاندا نیەو بەڵكو بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە كەدەبێت جارێكی دیكە وەك باجەكانی تر پارە لەبەرامبەر وەستانی ئۆتۆمبێلەكانیش وەربگیرێت». وتیشی: لەبری ئەم پرۆژەیە دەبێت شەقامەكان فراوانبكرێت چونكە لەئێستادا لەیەك شەقامدا ئەم دیوو ئەودیوی شەقامەكان كراوە بەشوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و ئەم پرۆژەیەش ئاستەنگی دروستكردووەو گرفتی بۆ شوفێران دروستكردووە، ئەمە چارەسەر نیە بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی ناوشار، بەڵكو دەبێت هەر بینایەك دروستدەكرێت خاوەنی بیناكان ناچاربكرێت شوێنی وەستان بۆ ئوتۆمبێلەكان دابینبكات نەك شەقامەكانی ناوشار داگیربكات و بیانكات بەپاركینی ئۆتۆمبێل بەرامبەر بڕە پارەیەك». ئەكرەم ساڵح سەرۆكی شارەوانی كەلار بە هاوڵاتی راگەیاند:» ئامانجی ئێمە لەم پرۆژەیە رێكخسنەوەی ناوبازاڕی شاری كەلارەو دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتوچۆیە بۆ هاووڵاتیان، پرۆژەكەش ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتیان و شۆفێران كەمكردووەتەوە». وتیشی،» لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە دەتوانرێت داهاتێك كۆبكرێتەوەو چەند گەنجێك تێدا كاربكات و سەرجەم داهاتەكەشی بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە، تەنها سەدا پانزەی بۆمان هەیە خەرجی بكەین، بڕی ئەو پارەیەش قورساییەكی زۆر ناخاتەسەر هاووڵاتی كە ئوتۆمبێلەكەی لەشوێنێكی سەلامەت دانێت و ئەم پرۆژەیە مافی یەكسانی بۆ هەموو شوفێران دابین دەكات كەشەقامەكان بەكاربێنن». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» هەموو ئیشێكی نوێ خەڵك لێی نیگەرانەو ئێمە ئەو بەشە داهاتەی كەهەمانە بۆ خزمەتی گشتی بەكاردێنین و هەروەك چۆن ئەم شەقامانە موڵكی گشتین و پێویستە شەقامەكانی نێو بازار رێكبخرێتەوە و هەموان وك یەك ئەو شوێنانە بەكاربێنن كە لەپێشوتردا هەندێ شۆفێر شوێنێكی بۆ ئۆتۆمبێلەكەی داگیر دەكرد». ئەركان عوسمان، كەشوفێرە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» من وەك شوفێرێك نیگەرانم لەم پرۆژەیەی ناو بازاڕی كەلار، حكومەت لەجێگەی ئەوەی كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان و شوفێران بكات هاتووە شەقامەكانیش كەموڵكی گشتییە كردوویەتی بەپارە، كە ئەمە نیگەرانی لەلای زۆربەی زۆری شۆفێران دروستكردووە، «. « كاتێك كە تۆ ئۆتۆمبێلەكەت جێدەهێڵیت زۆرێك لەشەقامەكان و ئەو شوێنانە كامێرای چاودێری لێنیەو هەرچیەك لەئۆتۆمبێلەكەت بێت كەس بەرپرسیاریەتی هەڵناگرێت، كەئەمە چۆن رێكخستنەوەیەكە لەجێگەی ئەوەی قەرەباڵغی كەمبێتەوە جێگەی وای تێدایە ناتوانیت بەپیادەش هاتوچۆی تێدا بكەیت نەك بەئۆتۆمبێل پێیدا بڕۆیت هەمووی كراوە بەشوێنی وەستانی ئوتۆمبێل، هەرچەندە لەئێستادا بۆ سەعاتێك وەستان 500 دینار وەردەگرێت كە كەمكراوەتەوە گەر لەسەعات زیاتر بێت دەبێتە 1000دینار، داوا دەكەین لەسەرشانی خەڵكی ناوچەكە داهات بۆ حكومەت زیادنەكرێت»، ئەركان عوسمان وای وت.
هاوڵاتی قاچاخچییەکی کوردى خەڵکى هەرێمى کوردستان ناسراو بە "دووپشک" دیارترین داواکراوى گەورەترین دەزگای رووبەڕووبونەوەى تاوانە لە بەریتانیا. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا لەگەڵ هاوکارەکانیان لە بەلجیکا بەدوای سەرۆکی باندێکی گەورەی قاچاخچێتیدا دەگەرێن کە زیاد لە ١٠٠ کەسی لە رێگەی لۆری و بەلەمی بچووکەوە بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. بەرزان کەمال مەجیدی تەمەن ٣٦ ساڵ کە ناسراوە بە "دووپشک"، بەهۆى کاری قاچاخچێتی و گواستنەوەی کۆچبەران بە شێوەیەکی نایاسایی دەزگا ئەمنییەکان بە دوایدا دەگەڕێنو ١٠ ساڵ زیندانی بە بێ ئامادەبوونی لە دادگا بەسەردا سەپێنراوەو بێجگە لە زیندانییکردنی دەبێت زیاد لە ٩٠٠ هەزار یۆرۆش وەک قەرەبوو بدات بەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا باس لەوەش دەکات ئەم کەسانە بەشێوەی تۆڕی نێودەوڵەتی لەنێوان وڵاتانی ئەوروپییدا کار دەکەن و پێویستە هەموو وڵاتان لەپێناو ڕێگرییکردن لەم کارانە کاری هاوبەش و پێکەوەیی ئەنجام بدەن.
ڕاپۆرت: عهمار عەزیز ساڵانە سەدان دۆنم زەوی لەسنوری قەزاكانی ئاكرێ و بەردەڕەش دەكرێتە برنج، برنجی ئاكرێ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بەناوبانگە، ئەوەش لەبەر تام و رەنگ و بۆنی، ساڵانە خەڵكی پارێزگاكانی تر روو لەئاكرێ دەكەن بۆ كڕینی برنج، لەئاكرێ چوار جۆری چەڵتوك دەچێنرێت، شەش مانگی، تەحالف، كەسنەدیتی، عەمبەر، لەهەموویان گرانتر عەمبەرە. شڤان سادق دانیشتووی گوندی دولێجانی سەر بەقەزای بەردەڕەشە، ئەمساڵ كە شەش دۆنم زەوی چەڵتوكی چاندووە بەهاوڵاتی وت:» پارساڵ 11دۆنم زەوی چەڵتوكی شەش مانگیمان چاندبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سەرقاڵبوونمان بەچاندنی پەتاتە تەنیا شەش دۆنممان چاند، سەرووی 95 لەسەدی خەڵكی گوند ساڵانە چەڵتوك دەچێنن». «ناوبانگی برنجی ئاكرێ و بەردەڕەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەموو شتێك بەدەستی خۆمان دەكەین، هەر لەچاندنی تاكۆتاییەی، رێژەی نیشاستە لەبرنجی كوردی زۆرە بەتایبەت ئەوەی ئاكرێ، بەشێكی زۆری جوتیارانی ئەم ناوچەیە بژێوی ژیانیان لەسەر رواندنی برنجە، هەر خێزانێك ساڵانە بەلایەنی كەمی 5 تا 10ملیۆن دینار قازانج دەكات، ئەمەش بۆ خێزانێك كە لەگوند دەژێت داهاتێكی باشە، بەشێك لەبرنجەكەش بۆ خۆمان هەڵدەگرین». «چاندنی برنج كارێكی زۆر قورس نیە، خەڵك لەگوند هاوكاری یەكتر دەكەن، تەنها كەمێك دروستكردن و رێكخستنی شێوازی چاندنەكەی قورسە، سەرەتا بەتراكتور شوێنەكەی راست دەكرێت ئینجا ئاو بەردەدرێتە ناو زەویەكە، رۆژێكی پێویستە تا هەموو تەڕبێت و زەویەكە ئاو بخواتەوە ئینجا دەكرێتە ماڵك ماڵك و دواتر بنەتۆوی چەڵتوك فڕێدەدرێتە ناو زەویەكە، برنج بۆ ئەوەی جوان بێت پێویستی بەئاوێكی بەردەوام و خاكێكی بەپیت هەیە، هەروەها چاودێریكردنی بەردەوام، ئەگەر پێویستی بەدەرمان و كیمیایی هەبێت پێویستە جوتیار بەكاریبهێنێت، فەرامۆشكردنی دەبێتە هۆی ئەوەی هەم برنجەكەی باش دەرنەچێت هەروەها بەرهەمەكەشی كەمتر بێت»، شڤان سادق وای وت. فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری چاندن لەقەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی راگەیاند:»لەساڵی 2021 لەسنوری قەزای ئاكرێ سێ هەزار 274 دۆنم كراوەتە مەرەزە، ئەمساڵ نۆ هەزار و 15دونم كراوەتە مەرەزە، بۆ هەر دۆنمێك بەرهەمەكەی یەك تەن و چارەکێكە، بەرهەمی ئەمساڵ دەگاتە سەرووی 10هەزار تۆن، ساڵانەش هاوكاری جوتیاران دەكەین لەدابینكردنی چەند ئامێرێكی تایبەت بەسپیكردنەوەی برنج و هەروەها كۆنكرێتكردنی چەند شوێنێك تاوەكو جوتیاران لەو شوێنانە چەڵتوكی خۆیان لەمەكینە بكەن و سپی بكەنەوە، هەروەها چەند خولێك دەكەینەوە بۆ چۆنیەتی چاندنی چەڵتوك و چاودێریكردنی تادەگاتە رۆژی دورینەوەو سپی كردنەوەی برنج، وانەكان لەلایەن جوتیارانی نموونەییەوە دەوترێتەوە». وتیشی»خاك و ئاوو هەوای قەزاكە زۆر گونجاون بۆ مەرەزە، تام و رەنگ و بۆنی برنجی ئاكرێ لەهەموو ناوچەیەكی تر باشترە، هەرئەمەش وایكردووە ساڵانە سەدان كەس لەپارێزگاکانی عێراق و هەرێمی كوردستان روو لەئاكرێ دەكەن بۆ كڕینی برنج، زۆرجار دەچێتە دەرەوەی عێراقیش، هەر خێزانێك داوای چەند كێلویەك بكات لەڕێگای جوتیارەكان و بازرگانانی كڕین و فرۆشتنی برنج بۆیان رەوانە دەكرێت، ئەوەش بەپێی داواكاری ئەو كەسانە دەمێنێتەوە، تاڕادەیەكی زۆر بۆ ئەم مەبەستەش هاوكار دەبین بۆ كارئاسانی و هەماهەنگی». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «ساڵانە لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 25 هەزار دۆنم زەوی دەكرێتە مەرەزە، تەنها لەسنوری قەزای ئاكرێ زیاتر لە12 هەزار دۆنم دەكرێتە مەرەزە، لەناوچەكانی تری سنوری پارێزگای دهۆك چەڵتوك دەچێنرێت بەتایبەت دەشتی ناوكۆڕ لەسنوری قەزای بەردەڕش، هەروەها لەشیلادزێ و دێرەلوك لەسنوری قەزای ئامێدی و چەند ناوچەیەك لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەڵام برنج بەگشتی بەبرنجی ئاكرێ ناودارە». لەسنوری قەزای ئاكرێ بەگشتی چوار جۆری چەڵتوك دەچێنرێت، شەش مانگی، تەحالف، كەسنەدیتی، عەمبەر، لەهەموویان گرانتر عەمبەرە ئینجا شەش مانگی دواتر كەسنەدیتی، لەهەموویان هەرزانتر تەحالفە. ئەحمەد محەمەد، خەڵكی گوندی سمێلانە سەر بەقەزای ئاكرێ، بازرگانی كڕین و فرۆشتنی برنجی كوردییە، تەنها پارساڵ 15 تۆن برنجی ئاكرێی فرۆشتووە بەكوردانی ئەمریكاو ئەڵمانیا، ئەو بەهاوڵاتی وت:»برنجی ئاكرێ ساڵانە رەوانەی چەند وڵاتێكی ئەوروپا دەكرێت بەتایبەت ئەڵمانیاو ئەمریكا، هەروەها چەند وڵاتێكی عەرەبی وەكو سعودیەو ئیمارات، لەسەر ئاستی ناوخۆش پارساڵ 20 تا 50 تۆن لەجۆری تەحالف فرۆشتووە بەسلێمانی، نرخی یەك كێلو بەم شێوەیەیە، تەحالف لە دوو هەزارەوە دەستپێدەكات تا دوو هەزارو 500 دینار، شەش مانگی سێ هەزارە، عەمبەر دەبێتە دوو جۆر عەمبەری بۆندارو سەدری چوار تا پێنج هەزارە، كەسنەدیتی دوو هەزارە». وتیشی:»لەمانگی ئایار دەست بەچاندنی دەكرێت، لەمانگی تشرینی یەكەم دەست بەدورینەوەی دەكرێت، بەداخەوە ئێستا چەند جۆرێكی برنج لەبازاڕدا دەفرۆشرێت بەناوی برنجی كوردی، بەڵام فێل لەكڕیارەكان دەكرێت و برنجی كوردی نیە، دەنكەكەی و شێوەكەی وەكو برنجی كوردییە بەڵام كوردی نیە لەدەرەوە دەهێنرێت، واباشترە ئەوەی خواستی كڕینی برنجی كوردی هەبێت لەجوتیارو بازرگانانی ئاكرێ بكڕێت، ئێمە بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە ناوبانگی خۆمان لەدەست نادەین، بەگرەنتی دەیدەینە خەڵك، هەركەسێك لای ئێمە جارێك برنجی بردبێت پەشیمان نەبووەو هەر دێتە لامان». یاسین عەبدولڕەحمان، دانیشتووی گوندی كورتكایە سەر بەناحیەی دینارتە لەسنوری قەزای ئاكرێ بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: «زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوام مەرەزە دەكەین، ئێمە زیاتر شەش مانگی و تەحالف دەچێنین، ئەمساڵ حەوت دۆنمم كردبوو، هیچ مووچەیەكم نیەو بژێوی ژیانم لەسەر چاندنی برنجە، بەلایەنی كەمی ساڵانە 10ملیۆن دینار قازانج دەكەم، خەڵك هەیە زیاتر مەرەزە دەكات، چونكە قازانجەكەی لەبەرهەمەكانی تر باشترە، تەمەنم 47 ساڵە بیرم نایەت ساڵێك مەرەزەمان نەكردبێت». وتیشی:»تائێستا حكومەت بەیەك دیناریش هاوكاری نەكردووین و هەموو شتێك لەسەر حسابی خۆمانە».
هاوڵاتی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە رایدەگەیێنێت، لە عێراق سێ رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەن، بەڵام تەنیا رەشنووسی ساڵی 2007 بۆ هەرێمی کوردستان باشە وتوێژی لەسەر بکات، دەڵێت: "دەبێت هەرێمی کوردستان شاندێک و تیمێکی تەواو شارەزا بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا ئامادەبکات و پسپۆڕی یاسایی و نەوتی بن و زۆر ئاگاداری دەقەکانی نێو رەشنووسەکە نوێیەکە ببن، کە ئامادە دەکرێت." رۆژی پێنجشەممە، 10-11-2022، د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە، لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق کە بەپێی کارنامەی محەممەد شیاع سوودانی و رێککەوتنی لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا ئامادەبکرێت، بە رووداوی گوت: لە عێراق سێ رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەن، یەکەمیان رەشنووسی ساڵی 2007ـە کە تارادەیەک جێی رەزامەندیی هەرێمی کوردستان بوو و ئێستاش دەستکاریی دەوێت و رەنگە ئەمە باشترین بێت، رەشنووسێکی دیکە نووسرایەوە کە لەلایەن وەزارەتی نەوت بوو ئەمە باش نەبوو و زۆر دژی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە، دواتریش لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقیش رەشنووسێکی دیکەی ئامادەکرد، ئەم دوو رەشنووسەی کۆتایی خراپن و نابێت هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە بکات، ئەگەر نا دەبێت رەشنووسێکی نوێ ئامادەبکرێت. باشترین بژارە، بە بڕوای ئەو شارەزایە لە بەردەم هەرێمی کوردستان لەو سێ رەشنووسە، ئەوەی ساڵی 2007ـە. هەروەها دەڵێت: "زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان شاندێکی شارەزای یاسایی و نەوتیی پسپۆڕ و تەواو ئاگادار ئامادەبکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و ئاگاداری هەموو کەلێنە یاساییەکان بێت و هەموو وردەکاریی پڕۆسەی نەوت و گاز بزانن، بۆ ئەوەی رەشنووسێک دەرنەچێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بێت. رۆژی چوارشەممە، 09-11-2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری پێکهێنانی شاندێکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق دا.
هاوڵاتی 55 رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و گەنجانی چەند شارێکی رۆژهەڵات رژانە سەر شەقامەکان و لە تاران و رەشت و چەند شارێکی دیکەش بە شێوازی جیاواز ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون و هاوڵاتییەکی بیانی دیکەش لەو وڵاتە دەستگیر کرا. بڕیارە رۆژی هەینی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی بۆ یادی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوبچێت و هێزە ئەمنی و چەکدارییەکانیش کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. لە شاری مەهاباد رۆژی پێنجشەممە بۆ جاری 14یەم مانگرتن لە دو مانگی رابردودا بەڕیوچو و دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارە نەکرانەوە. ئێوارەی پێنجشەممە گەنجانی شاری مەهاباد رژانە سەرشەقامەکان و بە کرتنەوەی ئاگر چەند شەقامێکی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و دژی دەسەڵاتی ئێران دروشمیان وتەوە. گەنجانی شاری مەریوان هاوشێوەی مەهاباد رژانە سەرشەقامەکان و لە چەند شوێنێکی ئەو شارە ئاگریان کردەوە دروشمیان وتەوە. گەنجانی شارۆچکەی (موچش) سەر بە شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەوی پێنجشەممە رژانە سەر شەقامەکان و تابلۆ و هێماکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەو شارۆچکەیە سوتاند. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵات بۆ رێگریی لە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە کێشەی بڕینی ئاوی ماڵانی دروست کردوە و لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئەو شارە ئاوی خواردن نەماوە. لە شاری مەشهەد بۆ رێگریی لە سوتاندنی پەیکەرەکانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران، پاسەوانی (24) کاتژمێریان بۆ دانرا ئەوەش لە کاتێکدایە پەیکەری ئەو فەرماندەیە لە زۆربەی شارەکانی ئێران سوتێنراوە و بە شێوازی جیاواز وێنەکانی و پەیکەرەکانی دەکرێنە ئامانجی گەنجانی ناڕازی. هەر شەوی پێنجشەممە لە چەند شەقامێکی سەرەکیی تاران شۆفێران بە لێدانی هۆڕنی دورودرێژ ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە گۆڕستانی دارسەیران لە شاری مەریوان چلەی مەرگی موختار ئەحمەدی بەڕێوەچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی یەکشەممەی (1/10/2022) شاری مەریوان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرابو. موختار ئەحمەدی تەمەنی 19 ساڵ بو کە بۆ بژێوی دەستفرۆشیی دەکرد. مامۆستا فاتمە زەندکەریمی لەسەر گۆڕی مۆئمین زەندکەریمی کە لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردو شاری سنە کوژرا ، رایگەیاند خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان 43 ساڵ پێش ئێستاشەوە هەر دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بون و لە ئێستادا خەڵکی شارەکانی ئێران هاوشانی کوردستان دژی ئەو دەسەڵاتە وەستاونەتەوە... لە شاری رەشت لە پارێزگای مازندەران گردبونەوەی نارەزایەتیی بەڕێوەچو هێزە ئەمنییەکانیش بە لێدان و بەکارهێنانی چەکی ساچمەیی بڵاوەیان بە ناڕەزایەتیی ئەو شارە کرد. گەنجانی ناڕەزای بە ئاهەنگ گێران و سەما کردن لە گۆڕەپانی سەرەکیی شارەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زانکۆی فیردەوسی شاری مەشهەد رێگە نەدرا بە خوێندکارانی ناڕازیی بچنە هۆڵی کۆبونەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتیی دژی وتەبێژی حکومەت کە سەردانی زانکۆکەی کردبو دەرنەبڕن. خوێندکارێکی زانکۆ لە وتەبێژی حکومەتی ئێران دەپرسێت ئێوە کە بە لێدوانەکانتان پاساوتان هەیە بۆ هەموشتێک چ پاساوێکتان هەیە بۆ کوشتنی هەزار و 500 کەس لە ساڵی 2019؟.. دۆخی سەربازیی بەسەر شاری زاهیدان جێبەجێ دەکرێت و لە ترسی خۆپیشاندان ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لەو شارەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بڵاوەیان پێدەکرا. ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە رۆژی پێنجشەممە هاوڵاتییەکی دیکەی ئیسپانیا لە ئێران دەستگیر کراوە و ئەوەش دوەم هاوڵاتیی ئەو وڵاتەیە کە لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیر کراون پێشتر دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) رایگەیاندبو 11 هاوڵاتیی بیانیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکردوە لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە هۆشدارییان داوە کە گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەو هاوڵاتییە بیانیانەشی کە لەو وڵاتەن بگەڕێنەوە.
