هاوڵاتی دەوروبەری کاتژمێر7ی ئەم شەو فرۆکەی تورکیا بنکەیەکی یەبەشە لەناوەندی شەنگال بوردومانکرد، زیانی گیانی لێ نەکەوتووە بەڵام زیانی دارایی زۆر بە شوێنەکە کەوتووە. خالدقاسم،چالاکوانێکی ئێزیدی بە هاوڵاتی ی وت"لەماوەی حەفتەیەکدا ئەوە دەبێتە سێ یەمین جار فرۆکەی تورکیا بۆردومانی شەنگال دەکات، پێش کاتژمێرێک بۆ جاری سێ یەم بنکەیەکی یەبەشە لەناوەندی شەنگال کردوە بە ئامانج، لەربەرئەوەی هێزەکانی بەرخودانی شەنگال رێگا نادەن هیچ کەسێک بچێتە دەوروبەری شوێنەکە بوویە نازانرێت زیانی گیانی هەبووە یان نە" خالد قاسم ووتیشی"بەداخەوە تورکیا ئەوە سێ یەمجارە لەحەفتەیکدا شەنگال بوردومان بکات بەبێ ئەوەی حکومەتی عیراق هەڵویستی خۆی لەسەر بۆردومانکردن ڕابگەینێت بێ دەنگی هەڵبژاردوە" ڤیدیۆی شوێنی ڕوداوەکە..  

هاوڵاتی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دەسەڵات لە ئێران کارکردن لە کانی زێڕی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە لایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە راگیرا. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە؛ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سیستان و بەلوچستان بە کاروانی سەدان ئۆتۆمبێل رێگای سەرەکیی کارکردن لە کانی زێڕی (ئەنجیرەک) لە ناوچەی تەفتان لە پارێزگاکەیان داخستوە. ئەوە دوەمجارە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرامبەر سەرکوتی خەڵک ئەو کانە زێڕە کە بە گەورەترین کانی زێڕی ئێران ئەژمار دەکرێت و یەدەگی ئاڵتونەکەی دەگاتە 49 ملیۆن تەن داخراوە. بونی ئەو کانە زێڕە لە سیستان و بەلوچستان لە کاتێکدایە ئەو پارێزگایە لە کۆی 31 پارێزگای ئێران بە هەژارترین ناوچە لەو وڵاتە لەقەڵەم دەدرێت.    

هاوڵاتی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ڕایگه‌یاند ناتوانن ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له‌ عێراق دروست بكه‌ن وڕێ له‌ بۆردومانی وڵاتانی بیانی بگرن بۆ سه‌ر هه‌رێم و سەبارەت بەدۆخی عێراقیش گوتی گەندەڵییەکی زۆر لە عێراقدا هەیە. جینین پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دیداری میری كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، سەبارەت بە داواکارییەکی بەرپرسانی هەرێم بۆ ڕاگرتنی هێرشی وڵاتانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێم ڕایگەیاند لە توانای مندا نییە ناوچەی دژە فڕین دروست بکەم و هێرشەکان ڕاگرم،بەڵام باشترین پاڵپشتی بۆ ئێوە باشترکردن و هاوکاری کردنە لەگەڵ عێراق و یەکڕیزییە لە ناوخۆی هەرێمدا . هەروەها پلاسخارت باسی لە دۆخی عێراق کردوو ڕایگەیاند هیچ كام له‌و حكومه‌تانه‌ی دروست بوون له‌ عێراق نه‌یانتوانیوه‌ ڕووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتێكی باش نه‌بوون بۆ وڵاته‌كه‌یان، بۆیه‌ ئێستا كاتی ریفۆرم و چاكسازی و كۆتایی هێنانه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی. وتیشی بەربەستی یەکەم لە بەردەم عێراقدا هەبوونی سیستمێكی گه‌نده‌ڵە كه‌ ڕێگره‌ له‌به‌ره‌و پێچشوونی ئه‌م وڵاته‌.  

هاوڵاتی لە پێنج مانگى رابردودا لە تورکیا و باکورى کوردستان 33 رۆژنامەوانی کورد دەستگیرکراون و سزای زیندانیش بەسەر زۆرینەیاندا سەپێنراوە. ئاژانسى هەواڵى مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛لە پێنج مانگى رابردودا 33 رۆژنامەنوس دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 26کەسیان زیندانى کراون. ئەو رۆژنامەنوسانەى دەستگیرکراون کارمەندى ئاژانسى هەواڵى میزۆپۆتامیا و ژن نیوز و رۆژنامەى خۆبون و هاوسەرۆکى کۆمەڵەى دیجلە و فورات بۆ کاری رۆژنامەگەریی بوون و زۆرینەى ئەو رۆژنامەنوسانە تۆمەتى تیرۆر خراوەتە پاڵیان. پێشتر لە 25ى مانگى رابردود 11 رۆژنامەنوسى کورد لەلایەن تورکیاوە دەستگیرکرابون کە بە بڕیارى دادگای وڵاتەکە 9 لەو رۆژنامەنوسانە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا جێبەجێکراوە.

هاوڵاتی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ڕایگەیاند ھەفتەی داھاتوو بەردی بناغەی یەکەم پڕۆژەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دادەنرێت و ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە ئەمساڵ لەھەموو ناوچەکان دەست بەدروستکردنی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بکرێت. دکتۆر محەمەد شوکری ، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ، بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند: “دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەفەرمیی وادەی دەستپێکردنی دیاریکرا بەبڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ڕۆژی یەکشەممە بەردی بناغەی یەکەم پڕۆژە دابنرێت لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. د. محەمەد شوکری گوتیشی: “وەکو سەرەتا لە زاخۆ دەستپێدەکەین کە ھەموو ئامادەکاریان بۆ کردووە و زەوی تەرخان کراوە و ئەوان پێش ھەموو ناوچەکانی دیکە خۆیان ئامادەکردووە، بۆیە لەزاخۆ دەستپێدەکەن و داوامان لەھەموو ناوچەکانی دیکەش کردووە پەلە بکەن بۆ ئەوەی لەھەموو ناوچەکان دەست بەدروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بکەین”. د. محەمەد شوکری باسی لەوەشکرد: “لە ھەولێر خەریکە زەوی ئامادەبێت و رێکارەکان تەواوبن، لە سۆران و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش خەریکی دابینکردنی زەویین، بۆیە ھەوڵەکانمان چرکردۆتەوە ئەمساڵ بەردی بناغەی پڕۆژەکان لە ھەموو ناوچەکان دابنرێت”.

هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا هاوسەرۆکی کۆدار داوا لە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، “لەم کاتە سەختەدا بەیەکەوەبین و هاوکاریی یەکتر بکەین”، ئامادەیی خۆشیان بۆ “هاوکاریکردنی لایەنەکانی دیکە دەردەبڕێت و دەڵێت “ئامادەین لەو بوارانەدا هاوکاریی لایەنەکانی دیکە بکەین، کە هێزیان وەک پێویست نییە”، داواش لە خۆپیشاندەرانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، “ڕێگەنەدەن کەس شۆڕشەکە بدزێت”. فوئاد بێریتان، هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز باسی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت: ساڵەهای ساڵە گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەست دەسەڵاتێکی ئاینییەوە ئازار دەکێشێت و دەناڵێنێت، ئێستا چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسک! گەل ڕاپەڕیوە و مافەکانی خۆیان دەوێت، ڕاپەڕینی ئەمجارە زۆر جیاوازە و لە ئاستێکی گەورەدایە، ئەو ئاستەی ئەم ڕاپەڕینە پێی گەیشتووە، پارادایمی ڕژێمی ڕووخاند و تێکیشکاند، کۆتایی ڕاپەڕینەکان هەرچییەک بێت، ئیتر ئێران ناگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، هیچ چارەیەکیش نەماوە، ئەو ڕژێمە تێکدەشکێت و سیستمێکی نوێ دروستدەبێت. لەبارەی دروشمی خۆپیشاندانەکانیشەوە دەڵێت:”دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ وای کردووە سنوورەکان نەتوانن خۆیان بەرامبە بە بای ئەم شۆڕشە ڕابگرن، وەک شۆڕشگێڕانی پێشوو دەیانوت ‘شۆڕش لە بازنەی لاوازەوە سەرهەڵدەدات’، ئێستا ئەوە ڕوویداوە. ناکۆکی و لاوازیی وڵاتانی ملهوڕ و دەسپۆت لە ناوچەکەدا بابەتی ‘ژن’ بوو، کە ئیدی ئێستا تەقیوەتەوە، ئەوە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت، بە دڵنیاییەوە شەپۆلی شۆڕشی ژنان بەتەنیا بە ئێرانەوە سنووردار نابێت”. هاوسەرۆکی کۆدار تیشکی خستەسەر جاڕنامەی چارەسەریی و بەرەوپێشچوونی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وتی:”ئەوەی ئێمە ڕامانگەیاند، بەیاننامە نەبوو، جاڕنامە بوو، ئێمە ئەو بنەمایانەمان خستەڕوو، کە بە بڕای ئێمە دەبێت شۆڕش لەسەر ئەو بنەمایانە پێبکبێت و بەڕێوەبچێت، ئێمە گفتوگۆ و شیکاریش بۆ جاڕنامەکە دەکەین، ئێمە لە چوارچێوەی بیروباوەڕ و پارادایمی خۆماندا ئەو خاڵەمان دەستنیشانکردووە، کە دەبێت ببنە بنەمای کارکردن لە شۆڕشدا”. لەبارەی بنەماکانی ئەوانیش بۆ گۆڕانکاریی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، فوئاد بێریتان دەڵێت:”ئەو خاڵانەی بڕوامان پێیان هەیە بریتین لە؛ فرەڕەنگیی، دیموکراسیی، ئازادیی، خۆبەڕێوەبەریی و ژینگەپارێزیی، ئێمە هەمیشە گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشانە دەکەین، بەڵام بەپێویستمان زانی، کە سەرلەنوێ و بۆ جارێکیتریش باسیان بکەینەوە و دەستنیشانیان بکەین و ئێمە لەو چوارچێوەیەدا ئامادەین هاوپەیمانی پێکبهێنین، ئەو خاڵانە دەتوانن ئازادیی بۆ ئایندەی گەلەکەمان مسۆگەر بکەن، بەڕێوەبەریی باش دابمەزرێنن و شایستەی مرۆڤایەتی بن”. لەبارەی پێشنیازی خۆیان بۆ ناساندنی ئاڵای کۆماری کوردستان وەک سیمبولی هاوبەش، هاوسەرۆکی کۆدار دەڵێت:”ئامانجمان لەو پێشنیازە ئەوە بوو، کە جیاوازیی ڕۆژهەڵات نیشان بدەین، هەندێک هێز ئاڵای باشووری کوردستانیان هەڵگرتبوو، کە دەبووەهۆی ناکۆکیی لەگەڵ هێزەکانی ئێران، ئەو هێزانە هەڵکردنی ئاڵای باشووری کوردستانیان بە جیابوونەوە دەزانی، هەڵکردنی ئاڵای هەرێمێکی فیدراڵی وڵاتێک (واتە عێراق) لە وڵاتێکی تردا دروست نییە، لەبەر ئەوە ئێمە ئەو پێشنیارەمان کرد، ئێمە ئاڵایەکمان هەڵبژارد، کە قبوڵکردنی بۆ هەندێک هێزی تر ئاسان بێت، باوەڕمان وایە، کە ئەوە بۆ خێر و قازانجی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت “. داواش لە خۆپیشاندەرانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت:”مەهێڵن هێزە سەرکوتکار و دواکەوتووەکان شۆڕشەکە بدزن، دەبێت پارێزگاریی لە پێشەنگایەتیی ژنان بکرێت، دەبێت مافی گەلان بەڕوونی باسی لێبکرێت، دەبێت هەموومان هەوڵ بدەین کە دەوڵەتێکی ناناوەندی لە ئێران بێتە سەرکار”. داواش لە هێزە کوردییەکان دەکات، “لەڕووی ڕێکخستن، دیپلۆماسیی و پاراستنەوە هاوکاری یەک بکەین و هیوا و ئاواتەکانی گەلەکەمان دەستەبەر بکەین، ئێمە ئامادەین کە لە هەندێک بواردا کە هێزی هەندێک حزب و لایەن وەک پێویست نییە هاوکاریی ئەوانیش بکەین، کاتەکانی شۆرش کاتی سەختن و دەمانەوێت لەمکاتە سەختەدا پێکەوەبین و هاوکاریی یەکتربکەین، دەبێت بەگوێرەی ڕاستییەکان بجوڵێینەوە، ئێمە داوا دەکەین کە بەبێ دوودڵی لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد و کۆنفێدڕاڵدا لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان دابنیشین”.

هاوڵاتی لەچاوپێکەوتنێکدا سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، ئەگەر ئازادکردنی مەرجدار دەستگیرکراوانی بادینان نەگرێتەوە، ئەوا ئازادکردنیان دەکەوێتە نێوان مانگەکانى ١٢ ى ئەمساڵ و مانگى ٦ى ساڵى ئایندە، دەشڵێت، لە ئێستادا شێروان شێروانی و هاوڕێکانى گواستراونەتەوە بۆ شوێنێک، کە ئێمە نازانین لە کوێیە. بەشدار حەسەن، سەرۆکى تیمى پارێزەرانى، دەستگیرکراوانى بادینان سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانى بادینان بە ئاژانسی (ڕۆژنیوز)ی ڕاگەیاندووە: پرسى دەستگیرکراوانى بادینان دابەشدەکرێت بۆ چەند بەشێک و یەکێک لەوانەش دۆسیەى دەستگیرکراوانى شیلادزێییە، کە ماوەى دوو ساڵ زیندانیکران بەپێى ماددەى ٢١ ساڵى ٣٠٠٣ ى پەرلەمانى هەرێم، ئێمەش ئازادکردنى مەرجدارمان لە دادگاى دەشتى هەولێر پێشکەشکرد، بەڵام ڕەتکرایەوە.   بەشدار حەسەن لەبارەى ڕەتکردنەوەى داواکەیان وتیشى: سەرەتا پێیان وتین ئەمانیش ئازادکردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە و هاوشێوەی هاوەڵەکانی تریان، کە لە هەولێر و بادینان، بە هەمان ماددە گیرابون و دواتر ئازاد کران، بەڵام دواتر داواکاری گشتی ڕای خۆی گۆری بەهۆی دەستێوەردانی حزبی و دادگاش پشتی بە بۆچونی داواکاری گشتی بەست و ئەویش ڕەتی کردەوە . ئەو پارێزەرە باسیلەوەشکرد، پاشان لەگەڵ تیمی پارێزەران لە ڕێگای دادگای تاوانی سێی هەولێرەوە ئەم پرسەمان تەمیزکردەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوانیش دوای ماوەیەکی زۆر بریارەکەی کەتنی دەشتی هەولێریان پشت راستکردەوە و وتیان: ئەمان ئازادکردنی بە مەرج نایانگرێتەوە. ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ ڕەتکردنەوەى داواکەمان پشتیان بە بڕیارێکی دادگای تەمیزی ساڵی ٢٠١٨بەستووە، کە ئەو بڕیارە تایبەتە بە موکافەحەی تیرۆر و ئەو بڕیارەش بۆ تیرۆرستانی داعش بۆیە مەترسیەکی گەورە هەیە لەسەر ڕەوشی دادوەرى، چونکە کەوتوەتە ژێر هەژمونی حزبی و لەئێستاشدا بارو دۆخێکی خراپ دروستبووە لە کوردستان . بەشدار حەسەن سەبارەت بە دۆخى سەبارەت بە شێروان شێروانی ئەوەى خستەڕوو، لە ئێستادا شێروان شێروانی و هاوڕێکانى گواستراونەتەوە بۆ شوێنێک، کە ئێمە نازانین لە کوێیە، زۆریش هەوڵمانداوە بیانبینین، بەڵام ڕێگەمان پێ نادرێت و گومان دەکرێت کەیسێکی دیکەیان بۆ شێروان شێروانی دروستکردبێت، کە ئەمەش جێگای داخە ئەم دەسەڵاتە بە شەش ساڵ زیندانیکردنی دڵی ئاو ناخواتەوە و هەستاوە بە بێ سەروشوێنکردنی. سەرۆکى تیمى پارێزەرانى بادینان سەبارەت بە دۆسیەى مەلا شڤان، هەریوان عیسا، ئەیاز کەرەم و گوهدار زێباری وتى: ئەگەر ئازادکردنی بە مەرج جێگیر بکرێت ئێمە هەفتەی داهاتوو داوای دەستوەردانى چاکسازى دەکەین لە سەرۆکی دادگای تەمیزی کوردستان و هەم لە ئەندامانی دادگای تەمیز، لەگەڵ دەستەی پارێزەران لە هەوڵەکانمان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبین و ئەگەر سەربگرێت هەموویان سودمەند دەبن لە ئازادکردنی بە مەرج. لە کۆتایشدا بەشدار حەسەن، ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئازادکردنی بەمەرج جێبە جێ نەکرێت و حوکمی خۆیان تەواو بکەن، ئەوا دەستگیرکراوانى شیلادزێ لەنێوان ڕۆژانى ١٠ بۆ ١٥ی مانگی ١٢ ى ئەمساڵ ئازاد دەکرێن و ئەوانی دیکەش دەکەونە مانگی ٦ى ساڵی داهاتوو، تەنها شێروان شێروانی، نەبێت، کە ئازادکردنەکەی دەکەوێتە مانگی ٦ ى ساڵی داهاتوو.

هاوڵاتی لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنوسیدا هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری دەروەی ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا جەختی کردەوە کە زلهێزەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان یاری بە کارتی کوردەکانی سووریا دەکەن. عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری دەروەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژەهەلاتی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڤارێکیی ئیسپانیایدا ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی زلهێزەکان گرت، بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژاوایی لەگەڵ کوردەکانی سووریا. ناوبراو لە گفتوگۆ لەگەڵ ناسیۆ دیجیتاڵ، وتی: زلهێزەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ کوردەکانی سووریا مامەڵە دەکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تویتێک دوو شاری ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریای دا بە تورکیا. لە ئێستادا دەبینین کە سوید و فینلاند بۆ چوونە ناو ناتۆ، لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنێک دەکەن سەبارەت بە کورد. ئێمە لە شەڕی داعشدا 12 هەزار هێزمان لەدەست دا، بەڵام هەموو جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئێمەدا مامەڵە دەکەن. هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری دەروەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژەهەلاتی سووریا، تورکیای بە گەورەترین دوژمنی کوردەکانی سووریا ناوبرد و زیادی کرد: تورکیا دەیەوێت لەم سەدەیەدا کۆتایی بە بوونی کورد بهێنێت. ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندیی ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا لەگەڵ وڵاتانی جیهان وتی: ئەم هەرێمە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆری وەک ئەمریکا، کەنەدا و ڕووسیا هەیە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا پێوەندییمان دەکەین، بەڵام تەنها پەرلەمانی کەتەلۆنیای ئیسپانیا ئیدارەی خۆسەری کورد لە سووریا بە فەرمی ناساندووە. ئەم بەرپرسە کوردەی سوریا وتی ئێستاش داعش هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر کورد و جیهان. ناوبراو دانی بەوەدانا کە ئیدارەی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر بنەمای بیر و باوەڕی عەبدوڵڵا ئۆجالان، سەرکردەی زیندانیکراوی PKK دامەزراوە. عەبدولکەریم عومەر جەختی کردەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا لەگەڵ کورد و وتی ئەم بابەتەی دەتوانێت پرسی کوردەکان چارەسە بکات.

هاوڵاتی له‌ زۆربه‌ی زانكۆكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و شاره‌كانی ناڕه‌زایه‌تی و گردبوه‌نه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو و بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی به‌ڕێوه‌بچێت و به‌ پێی دوایین ئامار تا ئێستا 283 كه‌س له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا كوژراون. رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ مانگرتن ده‌ستیپێكرده‌وه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ مانگرتن له‌ شاری شنۆ و روانسه‌ر ده‌ستیپێكرد و دوكان و بازاڕه‌كان نه‌كراونه‌وه‌ و هاوكات كچانی خوێندكار له‌ مه‌ریوان رژانه‌ شه‌قامه‌كان و دروشمیان دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێران وته‌وه‌. به‌ به‌شداریی خه‌ڵكێكی زۆر، ته‌رمی كۆمار ئه‌و لاوه‌ 16 ساڵه‌یه‌ی كه‌ شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران له‌ پیرانشار گیانی له‌ده‌ست دا، له‌ گوندی زێوكه‌ به‌خاك سپێردرا و به‌شداربوانیش دروشمی "مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر"یان وته‌وه‌. باوكی كۆمار له‌كاتی به‌خاكسپاردنی رۆڵه‌كه‌یدا؛ وتی جه‌رگ سوتان ئاسان نییه‌ من كوڕه‌كه‌م له‌ 25 گه‌لاوێژ له‌دایكبو بۆیه‌ ناوم نا كۆمار، ئه‌و بێتاوان بو شانازیی ده‌كه‌م كه‌ بۆ خاك و وڵاتی خۆی شه‌هیدبوو ئه‌گه‌رچی ژانی ئه‌و مه‌رگه‌ ئاسان نییه‌. وتیشی: نابێت خه‌ڵك و وڵاتی خۆمان بفڕۆشین و سیخوڕیی بۆ ده‌سه‌ڵات بكه‌ین چونكه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی كوشتنی هه‌موان ده‌دات. هاوكات له‌شاری سنه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆر به‌شدارییان كرد له‌ به‌خاكسپاردنی ته‌رمی سارینا ساعدی ته‌مه‌ن 16 ساڵ كرد كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردودا برینداركرا و دوای مانه‌وه‌ی چه‌ند رۆژ له‌ نه‌خۆشانه‌ی ته‌وحید له‌ سنه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو پزیشكی دادی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێران رایگه‌یاندبو كه‌ مه‌رگی سارینا په‌یوه‌ندیی به‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ نه‌بوه‌ و به‌هۆی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌. خوێنداكارانی زانكۆكانی سنه‌ گردبونه‌وه‌یان ئه‌نجام دا و خوێندكارانی ئه‌و زانكۆیانه‌ دروشمیان دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێران وته‌وه‌. شه‌وی دووشه‌ممه‌ له‌ شاری سه‌رده‌شت خۆپیشانداو ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و گه‌نجانی شاره‌كه‌ رێگا سه‌ره‌كییه‌كانیان كۆنتڕۆڵ كرده‌وه‌. له‌ كامیاران له‌چوارچێوه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا ژماره‌یه‌ك كامێرای چاودێریی شاره‌كه‌ سوتێنران. ناوه‌ندی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مڕۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌ زیاتر له‌ 20 كه‌س له‌ شاری قه‌سری شیرین له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و چاره‌نوسیان نادیاره‌. ناڕه‌زایه‌تیی له‌ زانكۆكانی ئێران له‌ زانكۆ به‌هه‌شتیی تاران خۆپیشاندانه‌كان به‌فراوان بون و دروشمیان دژی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران وته‌وه‌. ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ له‌ زانكۆی شه‌ریف له‌ تاران ده‌ركرابون چونه‌ به‌رده‌م زانكۆكه‌ و مانگرتنیان راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی رابردودا ده‌یان خوێندكار به‌ بیانوی هاندانی خوێندكاران له‌ زانكۆكانی ئێران ده‌ركراون. له‌ زانكۆی چه‌مران له‌ شاری ئه‌هواز له‌ باشوری ئێران خوێندكارانی زانكۆ گردبونه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تیان رێكخست و دروشمیان دژی "به‌سیج" و ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته‌ وته‌وه‌. خوێندكارانی زانكۆكانی شیراز هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ به‌رده‌وامبون له‌ دربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و دروشم وتنه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵات. له‌ زانكۆی زانستی پزیشكی ته‌برێز خۆپیشاندانی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چو و خوێنكاران دروشمی " ده‌جه‌نگین و ئێران وه‌ده‌گرینه‌وه‌"یان وته‌وه‌. شه‌وی دووشه‌ممه‌ش له‌ ژماره‌یه‌ك شه‌قامی شاری تاران و ته‌برێز ناڕه‌زایه‌تیی به‌ڕێوه‌چوو. له‌ زانكۆی ئه‌هلیی شاری ئیسلامشه‌هر له‌ تاران به‌ درۆن چاودێریی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كرا به‌ مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خوێندكاران دروشمی " نا بۆ كۆماری ئیسلامی"یان وته‌وه‌. خوێندكارانی زانكۆی سیستان و به‌لوچستان گردبونه‌وه‌ و دروشمی "ئازادی، ئازادی.."یان وته‌وه‌ و له‌ زانكۆی شاری ئه‌راك و له‌ زانكۆی خه‌یام له‌ شاری مه‌شهه‌د ناڕه‌زایه‌تیی به‌ڕێوچوو. خوێندكاره‌ هاوپۆله‌كانی سارینا ئیسماعیلزاده‌ یادی چله‌ی مه‌رگی ئه‌ویان كرده‌وه‌ و بۆیان نوسیوه‌ له‌ "خاكی تۆ هیوا ده‌ڕوێت" و " بۆنی به‌هار دێت ئێمه‌ ده‌نگی ده‌بیستین" سارینا ئیسماعیلزاده‌ ته‌مه‌ن 16 ساڵ به‌هۆی لێدانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران له‌ شاری كه‌ره‌ج كوژرا و دواتر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رایانگه‌یاند خۆی كوشتووه‌. سه‌رۆكی ده‌زگای داد له‌ تاران رایگه‌یاند؛ دوای سزادانی هه‌زار خۆپیشانده‌ری تاران كراوه‌ و بڕیاره‌ به‌ڕێوچونی دادگای تۆمه‌تبارانیش به‌ ئاشكرا بێت و له‌ ته‌له‌فیزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ش په‌خش بكرێت. به‌ به‌شداریی هه‌زارن كه‌س له‌ گۆڕستانی وحیده‌ له‌ شارۆچكه‌ی شه‌هریار سه‌ر به‌ پارێزگای تاران چله‌ی جه‌ماوه‌ریی بۆ عێرفان خه‌زایی كه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی شه‌هریار كوژرابو به‌ڕێوه‌چوو. هاوكات له‌ شاری قه‌زوێن چله‌ی جه‌واد حه‌یدری له‌ لایه‌ن كه‌سوكاری به‌ڕێوه‌چوو. له‌ به‌یاننه‌مه‌یه‌كدا به‌ ناوی چالاكانی مه‌ده‌نی داوا كراوه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ ناڕه‌زایه‌تیی له‌ سه‌رتاسه‌ری شاره‌كانی ئێران به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ش بڕیاره‌ له‌ كاتژمێر (11:00) ده‌ست پێبكات. به‌ پێی داوایین ئامار ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سه‌رتاسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران 283 كه‌س و زیاتر له‌ 14 هه‌زار كه‌سیش ده‌ستگیر كراون.  

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەنجومەنی گشتی راژەی راسپاردووە بە زوترین کات بابەتی فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژان و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا چارسەربکات. بڕیارەکەش فەرمانبەرانی گرێبەست و وانە بێژانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە دەگرێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند سەرۆکی حکومەت ئەنجومەنی گشتی راژەی راسپاردووە، بە زووترین کات بابەتی فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژان، هەڵگرانی ماستەر و دوکتۆرا چارەسەر بکرێت.  وتیشی  "داواکراوە چارەسەرکردنی بابەتەکە بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم بێت بەتایبەتی یاسای میلاکات و یاسای بوجە". هاوکات لە کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەکەیدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەمیکانیزم و شێوازی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژان نەکرد. ئەمەشلەکاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ەوە بەشێوەیەکی گشتی دامەزراندن لە فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم راگیراوە و لەبەرامبەردا بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان و شوێنە بەتاڵەکان حکومەت پەنای بۆ فەرمانبەری گرێبەست و مامۆستای وانەبێژ بردووە.

هاوڵاتی بەهۆی زیادبوونی هێرش و گوشارەکانی حکومەتی ئێران بۆ سەر زانکۆ پەیمانگاکان  ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران، داوا لە زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی جیهان دەكات، پاڵپشتی لە زانكۆ و ناوەندەكانی خوێندنی ئێران بكەن. ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای ئیدانەكردنی هێرش بۆ سەر زانكۆكان، ئاماژەی بەوەكردووە، چەندین بەڵگەیان دەستكەوتووە، كە دەیسەلمێنێت، جگە لە یەكەكانی تایبەت بە سەركوتكردنی خوپیشاندەران، هێزێكیش، بە جل و بەرگی ئاسایی كە هەندێكیان چەكیان پێبووە، توندوتیژیان بەرامبەر بە خوێندكاران ئەنجامداوە و هەندێك لەو خوێندكارانەیان ڕفاندووە. ڕێكخراوەكە هەروەها، داوای لە زانكۆكان و ناوەندە زانستییەكانی جیهان كردووە، پشتیوانی لە داخوازییەكانی خوێندكارانی ئێران بكەن و كاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشی بەرفراوانی هێزەكانی سەر بە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر حەرەمی زانكۆكان هەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، بە پێی دوایین ئاماری ڕێكخراوەكە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لانیكەم ٢٥٣ كەس، كە ٣٤ كەسیان منداڵن بە هۆی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سەر بە دەسەڵات، گیانیان لەدەستداوە.

هاوڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم بە نوسراوێکی فەرمی داوا لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانیان بۆ بنێرن بە مەبەستی دامەزراندنیان لە نوسراوێکی ڕەسمیدا کە  ئاماژە بە نوسراوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی فیدراڵی عێراق كراوە، ناوی سێ یەکەمەکان بە پێی نوسراوەکە دەنێردرێن بۆ ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی فیدراڵی عێراق بە مەبەستی دامەزراندنیان. هەربۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم داوای ناوی سێ یەكەمی زانكۆكان لە زانكۆكانی هەرێم دەكات بە مەبەستی دامەزراندیان لەلایەن راژەی گشتی فیدراڵی عێراق. ئەمەش لە کاتێکدایە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ساڵانی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٠،کە ژمارەیان زیاتر لە شەش هەزار كەسە تا ئێستا دانەمەزراون.

هاوڵاتی پەرلەمانتاری پارتی وەفا عەبدولکەریم ڕایگەیاند لە ماوەی دوو هەفتەی داهتوودا پۆستی هەردوو وەزارەتی ژینگەوئاوەدانکردنەوەی عیراق یەکلایدەکرێنەوە. وەفا عەبدولکەریم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی یەکلایی بووەتەوە، بەڵام لەسەر وەزارەتی ژینگە پارتی‌ و یەکێتیی ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە. ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: "لەبارەی پۆستی وەزارەتی ژینگە چەند بۆچونێکی سیاسیی جیاواز هەیە، وەک ئەوەی بۆچونێکیان دەڵێت ئەو پۆستە بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پشکی پارتییە، ڕایەکی تریشیان دەڵێت لەبەرئەوەی لەتیف ڕەشیدی سەرۆک کۆماری عێراق لە بنەڕەتەوە بەربژێری یەکێتیی نەبووە، بۆیە ئەو حزبە مافی خۆیەتی دوو وەزارەت لەبەغدا وەربگرێت" ئەوەشی ڕونکردەوە "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەسەر بابەتەکە نەگەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پۆستەکە یەکلایی دەکاتەوە". ئەمەش لە کاتێکدایە، 27-10-2022، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەی سوودانی، 253 پەرلەمانتار ئامادە بوون. جگە لە وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و ژینگە، 21 وەزارەتەکەی دیکە متمانەی پەرلەمانیان بەدەستهێنا. کابینەکە لە ٢٣ وەزارەت پێکدێت و تائێستا دوو وەزارەت یەکلانەکراونەتەوە، کە پشکی کوردن.

هاوڵاتی مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە کاتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی پیرانشار بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیان لەدەست دەدات. کۆمار دەرۆفتادە،ی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی پیرانشارە  دوای بەشدارییکردنی لە  خۆپێشاندانەکانی رۆژی 30-10-2022ـی پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا. ئەو مێردمنداڵە چەند کاتژمێرێک پێش ڕوداوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئینستاگرام ئەم پۆستەی کردبوو، "ئێمە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین، هەندێکمان لە جەنگ دەکوژرێین، هەندێکمان لە بەندیخانە، هەندێکمان لەسەر شەقام دەمرین، هەندێکمان لە دەریادا نقووم دەبین، تەنانەت کەژە بەرزەکانیش تۆڵەی تەنیاییان لە ئێمە دەکەنەوە، چونکە ئێمە کارمان مردنە." ئەمەش لە کاتیکدایە هەر لە پیرانشارڕۆژی شەممە دیانا مەحموودیی تەمەن ١٢ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەست دا. ناڕەزایەتییەکان هەموو شوێنێک و چێن و توێژەکانی گرتۆتەوە بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان . تەنانەت ئێستا چلەی ئەو کەسانەشدا لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بووەتە شوێنی ناڕەزایەتی دەربڕین.

ڕۆژی شەممە  لەدوای هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر گوندی "وش تەپە"ی سەر بە شاری بۆکان و قوتابخانەی ئەو گوندە، لانی کەم ١٦ هاووڵاتی ئەو گوندەو لە ناویاندا کچێکی تەمەن ١٢ ساڵیان ڕفاندووە. ناسنامەی ئەو ١٦ کەسە ڕفێندراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: هێمن ئەمین نەژاد، هێمن لوتفوڵڵاهی، هیوا لوتفوڵڵاهی، ئەرسەلان عەزیزی، هانیە عەزیزی (١٢ ساڵ و کچی ئەرسەلان)، محەممەد ئەسەدی، شۆڕش ڕەحیمزادە، مستەفا ڕەحیمزادە، یادگار عەلیزادە، فەرهاد ئابدار، شاهین سلێمانی، ئەردەڵان ڕەحیمزادە، ئەرسەلان ڕەحیمزادە، سەیوان ڕەحیمزادە، زانیار عەلیزادە و زانیار حەمزەڕەش. بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هەر یەک لە محەممەد ئەسەدی، شۆڕش ڕەحیمزادە و موستەفا ڕەحیمزادە لە کاتی دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکراوە و بریندار کراون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم ١٦ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە. شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە ١٦ کەس زیاترە، بەڵام هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ١٦ کەسیان ئاشکرا بکات.