هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا لیستی ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە رێگە پێدراون لە فرۆشگای قوتابخانەکان بفرۆشرێت بڵاوکردەوەوراگەیاند، لە پێناو پارێزگاریکردن لە تەندروستی خوێندکارانی قوتابخانە و خوێندنگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، فرۆشگای قوتابخانەکان پێویستە پابەندبن بە لیستی ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە رێگەپێدراون یاخود رێگەپێنەدراون لە رووی تەندروستییەوە. لیسیتی ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە فرۆشگای خوێندنگە و قوتابخانەکانی هەرێم رێگە بە فرۆشتنیانن دەدرێت پێک دێت لە: ١- مریشکی کوڵاو و هێلکەی کوڵا و پەتاتەی کوڵا و فەلافل بە مەرجێک رۆنی ئامادەکردنی ئەم خواردنانە یەکجار بەکاربهێنرێت. ٢- میوەکانی وەک مۆز و سێو و پرتەقاڵ. ٣- میوەی وشکراو و چەرەساتی وەک مێوژ و قەیسی وشککراو و بادەم و گوێز و فستق. ٤- شیری لە قوتوکراو و بەرهەمەکانی دیکەی شیرەمەنی ٥- مەعکەرۆنی بە سەوزەوات ٦-خواردنەوەکانی وەک ئاو و شەربەتی سروشتی و دۆ و ماستاو و چا و قاوە و کاپوچینۆ ٧- شیرینییەکانی وەک تورتە و پسکیت و چوکلێت و کاستەر و محەلەبی. ٨- خۆراکە خێراکانی وەک تەمەرهن و نانەقەیسی و گەنمەشامی و ئەو جبسانەی ماددەی رەنگیان تێدا نییە. ٩- برنج و شلە و شێلم و نۆکاو و نیسک. ئەو خواردنانەی فرۆشتنیان قەدەغەیە: خواردنە سوورەوەکراوەکانی وەک : ١- جگەر ٢- پەتاتە ٣- قیمە و گۆشتی ئاژەڵ ٤-بنێشت و ساردەمەنی ٥- ئەندۆمی و خواردنەوەی وزە بەخش ٦- سۆسی عەمبە و ئەو جبسانەی ماددەی رەنگی تێیدایە ٧- چەرەساتی توێکڵدار و بەهاراتەکانی وەک لیمۆندۆزی و سماق
هاوڵاتی دەوروبەری کاتژمێر6ی ئەم شەو فرۆکەی تورکیا ئۆتۆمبلێکی یەبەشە لەناوەندی شەنگال بوردومانکرد، تەواوی ئۆتۆمبێلەکە سووتاوەو بە پێی زانیارییەکان کەسێک گیانی لەدەست داوەو کەسێکی دیکەش بریندار بووە. شێرزاد حەجی،چالاکوانێکی ئێزیدی بە هاوڵاتی وت"لەماوەی 10رۆژدا ئەوە دەبێتە چوارەمین جار فرۆکەی تورکیا بۆردومانی شەنگال دەکات، پێش کاتژمێرێک بۆ جاری چوارەم ئۆتۆمبێلێکی یەبەشە لەناوەندی شەنگال کردوە بە ئامانج، تەواوی ئۆتۆمبێلەکە سوتاوە بەڵام هێشتا دیارنیە زیانی گیانی لێ کەوتووەتەوە یان نە" خالد قاسم ووتیشی"لەوکاتەی کابینەی نویێ حکومەتی عیراق پێکهێنراوە ئەوە چوارەمین جارە شەنگال بوردومان دەکرێت،ئەمە لەکاتێکدایە تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی عیراق بەیەک ووشەش باسی بۆردومانەکە نەکردوە" هەروەها بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆژ نیوس گەنجێک بە ناوی موحسین سەمۆ گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەس بیرندار بووە و بریندارەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەنگال کراوە،وئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکس بووە و دوای گواستنەوەی بریندارەکەش خەڵکێکی زۆر لە دانیشتوانی شەنگال ڕونیان لە نەخۆشخانەی شارەکە کردووە. ڤیدیۆ لە شوێنی ڕوداوەکە:
هاوڵاتی بەهۆی رێگریی هێزە ئەمنییەکان لە بەڕێوچونی چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی گرژی و ئاڵۆزیی دروست بوو و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری کەرەج کوژرا و پێنجی دیکەش برینداربون. میدیای سەر بە دەسەڵات لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ناڕەڕازیەتییەکانی رۆژی پێنجشەممەی شاری کەرەج پێکدادان و گرژیی دروست بوە و بەهۆیە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و پێنجی دیکەش برینداربون کە دۆخی دوو لەو هێزە ئەمنیانە ناجێگیرە. ڕۆژی پێنجشەممە هەزاران کەس لە دانیشتوانی شاری کەرەج بۆ بەشداریی لە چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی ویستیان بچنە سەر گۆڕی ئەو کچە لە گۆڕستانی سەکینە لە شارەکە بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە خەڵک کرد و ئەوەش توندوتیژیی لێکەوەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی لانیکەم سێ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان سوتێنراون و بە هێلیکۆپتەر هەوڵی رزگارکردنی هێزە ئەمنییەکان دراوە. حەدیس نەجەفی تەمەن 22 ساڵ لە 21ی مانگی رابردو بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان لە کەرەج گیانی لەدەستدا و ئەوەش ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە. ژمارەیەک ڤیدیۆی ڕوداوەکە : کەرەج 3-11-2022 شایەنی باسە ڤیدیۆکان بۆ هەموو کەس گونجاو نییە سێریبکەن تکایە ئاگادار بن
هاوڵاتی پاش ئەوەی سەدان ئهندامی داعش ڕادەستی وڵاتانی ڕۆژاوایی کرانەوە، هۆڵەندا ڕایگەیاند بەم زووانە 40 هاووڵاتیی خۆی لەناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریا دەگەڕێنێتەوە. دوای ماوەیەکی زۆر کە وڵاتانی ڕۆژاوا وەرگرتنەوەی هەزاران چەکداری داعش و ئەندامانی بنەماڵەکانیان ڕەت دەکردەوە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستیان کردووە بە وەرگرتنەوەی سەدان ئەندامی ئەو گرووپە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، هۆڵەندا بەنیازە 40 هاووڵاتیی خۆی لە ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکووری سووریا وەربگرێتەوە. حکوومەتی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانە هەر کە گەیشتنە ئەو وڵاتە دەستگیر دەکرێن و پرۆسەی دادگایی کردنیان دەست پێدەکات. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی حکوومەتی هۆڵەندا، 12 کەس لەو کەسانە ژنی هۆڵەندین و کە گەیشتنە ئەو وڵاتە دەستگیر دەکرێن. 300 هاوڵاتی هۆڵەندی چوونەتە سووریا بۆ ئەوەی پەیوەندی بە گرووپە توندڕەوەکانەوە بکەن، لەنێویاندا داعش. بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی هۆڵەندا، لە ئێستادا ١٢٠ هاوڵاتی ئەم وڵاتە لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا یان لە وڵاتانی عێراق و تورکیادان.
سەركۆ جەمال رێوشوێنەكان سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی زەوی و زار لەسلێمانی بەردەوامە، 52 كەس دەستگیركراون، ژماریەكیان بەكەفالەت ئازادكرداون و گەشتكردنیان لێقەدەغەكراوە، هاوكات تائێستا ژمارەیەكیان ئازادنەكراون، ئەو لیژنانەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێكیانهێناوە راپۆرتیان ئامادەكردووە بەڵام ئامادەنین ناوەڕۆكی راپۆرتەكانیان ئاشكرا بكەن. بەشێك لەوانەی زەوییەكانیان بەناوەوە وەرگیراوە دەڵێن، «بەزۆر» پارچە كاغەزێكیان پێ واژۆ كردوون، نەیانزانیوە بۆچییە، یەكێك لەو كەسانە بەهاوڵاتی وت:»سەرەتا لەفەوجەكەمان پێیان وتین چەند پارچە زەوییەكی دیكەمان بۆ دەرچووە و دەیفرۆشینەوەو وەكو برا پارەكەی دابەشدەكەین، بەڵام بۆمان دەركەوت كە ساختەكارییە، دواتر رۆژێك بانگیان كردین بەزۆر كاغەزێكیان بە پێشمەرگەكان واژۆكرد، لەبەرامبەردا هەریەكەو بڕێك پارەیان پێدا، بۆ نموونە هەبووە 300 دۆلار، هەبووە 800 دۆلار بەو شێوەیە بەڕێیان دەكردین». بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی لەسەرچاوەی تایبەتەوە دەستی كەوتووە ئەو كەسانەی تائێستا لەسەر دۆسیەی زەوی و زار لەسلێمانی تۆمەتباركراون و دەستگیركراون ئەم كەسانەن كە بەشێكیان بەكەفالەت ئازادكراون. ئەو كەسانەی كە پۆستیان هەبووەو تۆمەتباركراون و دەستگیركراون بەڵام دواتر بەكەفالەت ئازادكراون ئەمانەن؛ (سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی، جێگری سەرۆكی پێشووی شارەوانیی سلێمانی، لێپرسراوی بەشی هونەری شارەوانی سلێمانی، لێپرسراوی بەشی ماستەرپلان، لێپرسراوی بەشی زیادەڕەوی، سەرۆكی شارەوانی راپەڕین، سەرۆكی شارەوانی بەكرەجۆ، سێ كارمەند لە بۆردی هونەری). سەرچاوەكە وتیشی: «رۆژی 30-10-2022 دوو كەسی دیكە لەبەشی هونەری شارەوانی بەكرەجۆ دەستگیركراون، لەگەڵ بەرپرسێكی شارەوانی رۆژئاوای سلێمانی». ئەو سەرچاوەیە ناوی بەشێك لەدەستگیركراوانی بەهاوڵاتی داوە كە تۆمەتبارن و بەشێكیان تائێستا ئازادنەكراون، ئەوانەی ئازاد نەكراون ئەمانەن؛ ( ئ. ع. س، د. ئ. م، ن. م. ك، ك. ح. م، ه. ز. م، ش. م. ت، ع. ح. ئ، د. ئ. م)، ئەوانەشی دەستگیركراون و دواتر ئازادكراون ئەمانەن؛ (ع. ح. ئ ، ئ. ر. ر، پ. ن. ن، ك. ك. ش، ئ. ع. ع، س. م، ب. م. م، ف. ئ. ر، ر. ع. ئ، س. س. ئ، ب. ع. ع، د. ف. س، ئ. ك. ع، س. م. ئ). چەند مانگێكە بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم هەڵمەتی لێپرسینەوەو دەستگیركردنی ئەو كەسانە دەستپێكردووە كە ناویان لە لیستی بەفیڕۆدانی زەوییەكانی سلێمانییەو وەك دەڵێن دەستیان لە «تەخشان و پەخشانكردنیدا» هەیە. بەگوێرەی زانیارییەكان كە هاوڵاتی لە لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستیكەوتووە «زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی لە سنووری سلێمانی بە نایاسایی داگیركراون». بارزان حامید سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند:«هەر كەسێك لەم شارە دەستڕۆشتوو بووە زێدەڕۆیی كردووەتە سەر زەوییەكان، بەگوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی بە نایاسایی داگیركراون». وتیشی:«لیژنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راپۆرتی خۆی لەوبارەیەوە ئامادەكردووە بەڵام جارێ ئامادەنین ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا بكەین چونكە هێشتا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە». هاوكات ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی دەستلەرکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی شارەوانی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:«لەهەموو كوردستان داگیركاری زەوی بوونی هەیە، بەڵام لەسلێمانی دەستگیركردن لەسەر ئەو زەویانە هەیەو لیژنەكەی ئێمەش لێكۆڵینەوەی ئەنجامداوە و راپۆرتی خۆی ئامادەكردووە». وتیشی:«بەداخەوە بەشێكی زۆر لەلایەنە ئەمنییەكان و تەنانەت وەزارەتی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانیش ئامادەنین زانیاری وردمان لەوبارەیەوە پێبدەن». وەك ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت:«لەپارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە مەسەلەی داگیركردنی زەوی جیاوازە، یاسای وەبەرهێنانیش بووەتە سەرچاوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی زەوی و سامانی گشتی كە ئەویش لەخزمەتی چینی هەژاردا نییە». «بودجەی شارەوانیەكانیش لەسەر ئاستی پارێزگاكان جیاوازی هەیەو دوو زۆنی پێوەدیارە نەك هەر مەسەلەی داگیركاری و دەستبەسەرداگرتنی زەوی، جگە لەوەی پێدانی زەوی لەبەرامبەر دروستكردنی پرۆژە نایاساییە كە لەهەموو پارێزگاكان ئەنجام دەدرێت». ئەبوبەكر هەڵەدنی وای وت. بەوتەی ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی دەستلەرکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان «مەسەلەی دەستگیركردنی خەڵك لەسەر زەوی و زار لەسلێمانی لای ئێمەش ناڕوونە و داوامان كردووە كە زانیاری وردمان پێبدەن كە ئەوەش هیچ مەعقول نییە». سەرچاوەیەكیش لەدادگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»هەموو دەستگیركردنەكان بەپێی بڕیاری دادوەر بووە و هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیرنەكراوە». بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەشارەوانی سلێمانی دەستیكەوتووە « زۆرێك لەو زەوییانەی داگیركراون دەكەونە سنووری ناوچەكانی كانی گۆمە، كەنەسوورە، بەكرەجۆ و راپەڕین و تاسلوجە، بەشێكیان بەناوی قوربانیانی شەڕی داعش وەرگیراون و دواتریش بەشێوەی نایاسایی فرۆشراونەتەوەو مامەڵەیان پێوەكراوە». سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:« گەندەڵی لە زەویوزار دوو جۆری هەبووە كە لەسلێمانی كراوە یەكەمیان ئەو زەوییانەیە كە بەش بەش كراون، دووەمیان لە پڕۆژە وەبەرهێنانەكانە، دابەشكارییەكە بەو جۆرە كراوە بۆ نموونە بەناوی شەهیدانی شەڕی دژی داعش زەوی دابەشكراوە، كە ژمارەكەیان 800 شەهید دەبێت، بەڵام زیاتر لە 12 هەزار پارچە زەویی بەناویانەوە دابەشكراوە كە نیوەی خەڵكی موستەحەق وەرینەگرتووە، ئەوانەی ئەو كارانەیان كردووە هەموویان بە ناوی حزب یان بەهێزی چەكدار كردوویانە.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی تاوەكو ئێستا 52 كەس لەسەر دۆسیەی زەوی و زار لەسلێمانی دەستگیركراون بەڵام بەشێكی زۆریان پاش وەرگرتنی بارمتەی 80 ملیۆن دینار یاخود كەمتر ئازادكراون بەڵام قەدەغەی گەشتكردنیان لەسەرەو دۆسییەكەیان لەدادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشە ئەو كەسانەی كەهێشتا ئازاد نەكراون و بەپێی زانیاریەكان نزیكەی 10 كەسە بەشێكیان لەژووری تاكەكەسی زیندانیكراون و سەردانكردن و بینینیشیان قەدەغەیە، هەڵمەتەكە تەنیا سلێمانی نییە لەگەرمیانیش بۆ هەمان مەبەست چوار كەس لای هێزە ئەمنییەكان دەستبەسەرن. عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:«بەپێی یاسا و رێنماییەكان دەبێت ئەو زەوییەی بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان دادەنرێت لە هەموو روویەكەوە ئامادەكاری بۆ كرابێت و كێشەی تێدانەبێت، بەڵام هەبووە لەپێشتر كێشەی تێدا بووە چارە نەكراوە بەڵام رێگەنادەین لەمەبەدوا ئەمە هەبێت.» وەك عەزیز سەعید دەڵێت «بۆ نموونە لەبەكرەجۆ، 1000 دۆنم لە بەرامبەر وێستگەی كارەبا زەویی تەرخانكراو بۆ خزمەتگوزاریی گەڕەكی بیستەكان، كانی گۆمە تاوەكو تانجەرۆ، خەلیفاوە، فەرماندەیی نزیك كەندەكەوە، بەشێك لەگەڕەكی راپەڕین، گوندی قولەرەیسی كە بەهاكەیان بەزیاتر لە 155 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت». ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 2022 لەهەڵمەتی دووەمدا چەند كەسێك بۆ لێكۆڵینەوە لەبەفیڕۆدانی زەوی و زار لێپرسینەوەیان لەگەڵ كرا كەبەشێك لەوانە پۆستی فەرمییان نییە، بەڵكو وەكو هاوكار تێوەگلاون زۆرینەیان دوای لێپرسینەوە ئازادكراون، زانیارییەكان دەریدەخەن تەواوی ئەوانەی لە دۆسیەی بەفیڕۆدان تۆمەتبارن نزیكەی 100 كەسن.
هاوڵاتی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنی کۆنگرەی چواردەی پارتی پەیامێکی بڵاوکردەوە. مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە تویتێکدا ئاماژە بە دەستپێکردنی کۆنگرەکە دەکات و دەڵێت، "هیوادارم ئەنجام و راسپاردەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەماندا بێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-11-2022 کۆنگرەی 14ـی بەبەشداریی زیاتر لە 1000 نوێنەر دەستی پێکرد و وابڕیارە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە دهۆک بەردەوام بێت.
هاوڵاتی عەلی كەریمی دەڵێت: سەركردەكانمان هیچیان لەئاست ئەمڕۆی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نین و ئەوان بەدەیان هەنگاو لەدوای میللەتەكەوەن. عەلی كەریمی نووسەر و سیاسەتمەداری رۆژهەڵاتی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: «لەئەمڕۆی ئێراندا بەكوردستانیشەوە كێشەی گەورەی ئێمە كەكاریزماییەكی پاك و بێگەردو قبوڵكراوە، ئەمە نە لەئێران و نە لەكوردستاندا نیە». وتیشی: «تائێستا یەك حزب و رێكخراویش پێی نەوتووین كەستراریژی میللەتی كورد چییە، ویست و داخوازییەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەتەوەییەو ئەوەی دەڵێت داخوازی كورد نەتەوەیی نییە راست ناكات». عەلی كەریمی ئاماژە بەوەشدەكات: «هەرچی باشوری كوردستان كردوویەتی رۆژهەڵاتی كوردستان دووبارەی نەكاتەوە سەركەوتوو دەبێت. دەقی چاوپێكەوتنی عەلی كەریمی؛ هاوڵاتی: دوای زیاتر لەمانگ و نیوێك لەبەردەوامی خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، بەڕای تۆ خۆپیشاندانەكان لەئێران بەرەو كوێ دەڕوات و چی ئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە؟ عەلی كەریمی: ئەوەی راستی بێت خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی ئێران كەنزیكەی ٤٥ رۆژە دەستی پێكردووە جیاوازییەكی زۆر گەورەی هەیەو بەدرێژایی ئەم ٤٤ ساڵە كە كۆماری ئیسلامی لەسەر دەسەڵاتە خەڵكی ئیران بەردەوام ناوە ناوە ناڕەزایەتی و بەربەرەكانی خۆی لەگەڵ ئەو رژێمە دەربڕیوە، بۆ نموونە لەو ساڵانەی دوایدا خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەوز دروستبوو و ریفۆرمخوازەكان هاتن داوای هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردیان كردو زیاتر لە 10 ملیۆن خەڵك هاتنە سەر شەقامەكان، بەڵام ئەوەی ئەم جارە دەیبینین حەقیقەت ئەوەیە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوانەی پێشوو، جیاوازییەكە لەوەدایە كە بەڕاستی توڕەیی و ئیعتیرازاتی خەڵك لەماوەی ئەو ٤٤ ساڵەدا گەیشتۆتە ترۆپكی خۆی و زۆر پەنگی خواردۆتەوە و گەیشتۆتە ئەوەی كە بتەقێتەوە و ئەگەر تێبینی بكەین ئیتر خەڵك گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە دوای ٤٤ ساڵ ئیتر ئەم رژێمە كاتی رۆیشتنیەتی، هەروەها دنیای میدیای خێراو دونیای خێرایی ماس میدیاو دنیای مەجازی وایكردووە كە لەمسەر و لەوسەری دنیادا زۆر بەخێرایی ئاگامان لەیەكتر بێت، بۆنموومە مەرگی ژینا ئەمینی زۆر ئێشێنەر بوو، جاری واهەیە ١٠ هەزار كەس لەجەنگێكدا دەمرن و هەشت تا نۆ هەزار كەس ئاوارە دەبن و ١٠ تا ١٥ كەس پێكەوە لەسێدارە دەدرێن بەڵام خاڵێك هەیە لەهەموو تراژیدیایەكدا كەزۆر هەژێنەرە، مەرگی ژینا هەژێنەر بوو و زۆر مەزلومانە بوو، كچێكی ٢٢ ساڵە هاتووە بۆیەكەمجار بچێتە تاران و پایتەختی وڵاتەكەی خۆی ببینێت لەگەڵ كەسوكاری و دەبینیت زۆر بەنامەردی و تەحەداوە ئەو كارەساتەی بەسەردا هێنرا، ئەمە خەڵكی تووڕە كرد. هاوڵاتی: خۆپیشاندانەكان سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە، ئامانجی خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان جیاوازی هەیە لەناوچەكانی تری ئێران، وا تێبینی دەكرێت ئەم خۆپیشاندانانە سەرتاسەری بن و هەموویان یەك ئامانجیان هەبێت رای تۆ چیە؟ عەلی كەریمی: حەقیقەت ئەوەیە ئەم هەستان و خرۆشانەی ئەمجارەی ئێران سەرچاوەكەی لەكوردستانەوە بوو و ئێستاش دەبینین دروشمەكان لەكوردستان و لەشارێكی وەكو سەقزەوە هەموو ئێرانی گرتۆتەوە ئەمە بۆ خۆی جێگەی تێڕامان و تێفكرینە و بەدڵنیایی دەڵێم راستە دەڵێن ٩٠ ملیۆن خەڵكی ئێرانی، بەڵام ئەو ٩٠ ملیۆنە چەندین نەتەوەن، نەتەوەی بلوچمان هەیە نەتەوەی ئازەریمان هەیە نەتەوەی عەرەبمان هەیە نەتەوەی كوردمان هەیە، كە لەماوەی ئەم ١٠٠ساڵەی رابردوودا گەورەترین كێشەی ئێران لەبارەی نەتەوەكانەوەو لەبارەی فەرهەنگی نەتەوەكانەوە نەتەوەی كورد بووە، ئێمە مێژوویەكی دوورودرێژمان هەیە هەر لەزەمانەی سمكۆی شكاكەوە تا دەگاتە كۆمەڵەی ژێ كاف و تادەگاتە كۆماری كورستان لەساڵی ١٩٤٦وە ئێمە هەرگیزاو هەرگیز لەگەڵ دەسەڵاتی مەركەزی ئێراندا نەمانتوانیوە هاوڕێگا بین. هاوڵاتی: بەڵام ئێستا دەبینین نەتەوەكانی تریش بۆ مەرگی ژینا ئەمینی هاودەنگن؟ عەلی كەریمی: حەقیقەت پێت بڵیم ویست و داخوازییەكانی كورد نەتەوەییە و ئەوەی دەڵێت داخوازی كورد نەتەوەیی نییە راست ناكات، راستە ئێمە لەگەڵ هەموو گەلانی ئێران ویست و داخوازی فەرهەنگی و دژی گەندەڵیمان هەیە بەڵام لەسەرووی ئەوانەوە و بەدرێژایی ١٠٠ ساڵی رابردوو كە لەمێژووی مۆدێرنەوە دەوڵەت لەسەر دەستی رەزا شا دروست بووە ئێمە هەر ئەوكات پێشیان لێگرتین كەبەزمانی خۆمان بنووسین و بخوێنین و پێشیان پێگرتین كەجلوبەرگی كوردی لەبەربكەین، ئەم ستەمی نەتەوایەتییە بەدرێژایی مێژوو هەورێكی چڵكن بووە بەسەر گەلی كوردستاندا. هاوڵاتی: بەڵام لەخۆپیشاندانەكانی ئەمجارەدا وا دەردەكەوێت جیاوازی ئەتنی و ئاینی و مەزهەبی بوونی نەبێت، ناڕەزاییەكان سەرتاسەرییە؟ عەلی كەریمی: ئێمە زۆر بەژیرانە هەم نوخبەو هەم حزبەكان وتیان ئەمڕۆ با كێشەی پێشمەرگە و گەریلاو مەسەلەی نەتەوایەتی نوێ نەكەینەوەو لەگەڵ نەتەوەكانی ئێران بڕۆین بەڵكو دەستكەوتێكمان هەبێت لەگەڵ سەرجەم گەلانی ئێران، ئەمە سیاسەتێكی ژیرانەبوو و ئێستاش سیاسەتێكی ژیرانەیە هەرچەند تموحی خەڵك پاش ئەو هەموو كوشتارە لەسەقزو سنە بەتایبەت ئەوەی دوێنێ و پێرێ لەمهاباد كراوە، حەقیقەت ئەوەیە كە بەسیاسەتێكی داڕێژراو وتمان ئێمە جارێ با لەگەڵ گەلانی ئێران بین، ئەگینا ویست و داخوازییەكانی كوردانی رۆژهەڵات لەئێران ئێجگار گەورەترە لەگەلانی ئێران، ئێمە و ئەوانیش بۆ داپەروەری خەبات دەكەین بەڵام لەسەروی ئەمانەشەوە ستەمیكی میللی هەیەو ستەمێك هەیە بەدرێژایی ئەم ساڵانە لەكورد كراوەو لەماوەی ٤٤ ساڵی رابردوودا خەباتی گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران یەك خولەكیش نەوەستاوە. هاوڵاتی: لەگریمانەی رووخانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، كورد پێویستە خەباتی بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی خۆی؟ عەلی كەریمی: ئەوە دەگەڕێتەوە سەر خۆمان و دەگەڕێتەوە سەر ئەو هێزو كەس و لایەنەی كەئەمڕۆ سەركردایەتی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، كەئایا ئەو سەركردایەتی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن بێ بناغەن یان واقیعەن لەوە تێگەیشتوون ستراتیژیەتی میللەتی كورد بەرەو كوێ بەرن، بەرەو كەنارێكی ئارام كەتەواوی داخوازییەكانی ئەم ١٠٠ ساڵەی رابردووی تێدا دەستەبەربكەن و من پێموایە ئەمە بەزوویی لەناوجەرگەی ئەو شۆڕشەی لەناو كوردستاندا دەستیپێكردووە بەدیاردەكەوێت. هەروەها دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی كە دەسەڵاتدارو سیاسەتمەدارانی كورد چۆن بەرەو پیری ئۆپۆزسیۆن دەچن، ئایا لەڕووی دیپلۆماسییەوە ئێمە لەو ئاستەداین كە ئەو شەڕەمان بۆ بكەن!. هاوڵاتی: حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەماهەنگی و هاوكارییان لەچی ئاستێكدایە، وادەردەكەوێت ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ (پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك و سازمانی كوردستان حزبی كۆمۆنیستی ئێران) هەماهەنگیان نیە، بۆچی؟ عەلی كەریمی: كورد هەمیشە نیفاقی هەیەو هەمیشە خۆی دوژمنی خۆی بووە و لەئاشتیدا دۆڕاندوویەتی و لەشەڕدا ئازا بووە ئەگەر بێینە سەر ئەرزی واقیع تائێستا نەك تەنیا رۆژهەڵاتی كوردستان هەر چوار پارچەی كوردستان بە تەحەداوە دەیڵێم تائێستا ستراتیژێكی روون و واقعیان لەخەباتی گەلی كوردستان لەهەر چوار پارچەی كوردستان نەبووە و نەیانوێراوە یان جوگرافیای كوردستان وایكردووە كەسەركردەكانی كورد لەخۆیان رانەبینن، كە ئەمەش كێشەی گەورەی ئێمەیە لەرۆژهەڵات و باكورو باشورو رۆژئاوا. تائێستا یەك حزب و رێكخراویش پێی نەوتووین كەستراتیژی میللەتی كورد چییە، ئایا چوار پارچە دەبێتە یەك یان چوار دەوڵەت دروست دەبێت؟ ئەسڵەن دەوڵەت و نەتەوە لەبەرنامەی هیچ حزبێكی كوردیدا هەیە؟ ئەو ریفراندۆمەی لە باشوریش بەزۆر كردیان شتێكی زۆر رواڵەتیانەبوو، ئەوە نەبوو ستراتیژی میللەتی كورد بكاتە نیزامێكی دەوڵەت نەتەوە. هاوڵاتی: پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك لەڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەناوی «رێگەچارەی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران» رایگەیاند ئاڵای كۆماری كوردستان لە مهاباد وەكو ئاڵایەكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان قبووڵ دەكات، رای تۆ لەسەر ئەم هەنگاوەی پژاك چیە؟ عەلی كەریمی: ئەمە ئاڵایەكی نوێ نییە هەر لەسەردەمی كۆمەڵەی ژێ كافەوە ئەم ئاڵایە هاتۆتە ناو بزافی كوردییەوەو لەسەر بناغەی ئەو ئاڵایەو لەسەر بنەمای كۆمەڵەی ژێ كاف لە١٩٤٢ەوە ئەم ئاڵایە لەنەشیاتی كۆمەڵەی ژێ كافدا هەبووەو دواتر لەساڵی ١٩٤٦ هەموو ئاسمانی موكریان و رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر هەژموون و دروشمی كۆمەڵەی ژێ كافدا بوو، قازی محەمەد هات كۆماری كوردسیانی دامەزراندو ئەو دەمە كۆماری كوردستان فیرقەی ئازەربایجانیش لەتەورێز دامەزرابوو پێویستیان بەئاڵایەك هەبوو و كە رۆشنبیرانی كۆمەڵەی ژێ كاف بەهی خۆیانیان دەزانی و سودیان لێوەرگرتبوو و چەند گۆڕانكاریەكیان لەناوەڕاستەكەیدا كردو بووە ئاڵای یەكەمین كۆماری كوردستان. بەڕای من پژاك كارێكی باشی كرد لەبەرئەوەی ئەو هەموو بیانوەی كەدەڵێن پژاك حزبێكی كوردی نییەو حزبیكی باكوری كوردستانەو لەژێر كۆنترۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلاندا دروستبووە و هەژموونی پەكەكەی لەسەرەو هاتن وتیان باهیچ نەبێت ئەو ئاڵایە حزبی دیموكرات بەهی خۆی دەزانێت و هی كۆماری كوردستانە كەحزبی دیموكرات پێشەوایەتی دەكرد ئیتر بۆچی دژایەتی دەكەن؟ هاوڵاتی: حزبی دیموكرات دژایەتی ئەو ئاڵایە دەكەن؟ عەلی كەریمی: ئەوان پێیان وایە كەدەبێت ئاڵاكەی هەرێمی كوردستان بەكاربێنین كە باكور بەكاریناهێنێت و رۆژهەڵاتیش دەبێت ئاڵایەكی هەبێت تا ئەو رۆژەی كەئێمە وەك نەتەوەیەك و خەباتێكی یەكگرتووی نەتەوەیەك بچین بەرەو پیری ئەو خەباتە ئەوكات دەبێت نەتەوەیەكی ٤٠ ملیۆنی دانیشتوانی و دووبارە خۆی نوێ بكاتەوە. هاوڵاتی: حزبی دیموكرات بۆچی ئاڵاكەی هەرێمی كوردستانی پێ باشترە؟ عەلی كەریمی: ئەو سێ هێزەی كە لەناوەندی هاوكاریدان ناوەندی هاوكاری شتێك بوو پارو پێرار دروستیانكرد بەڵام تائێستا لەئەرزی واقعدا قاچی لەسەر زەوی نییەو هەریەكەو ئەسپی خۆی تاودەدات واتە گفتوگۆیەكی سیاسی و نەتەوەیی و فەرهەنگی و شۆڕشگێڕانە لەنێوان ئەم سێ حزبەدا نییە كە تامانگێك پێش ئێستا چوار حزب بوون (حدك و حزبی دیموكراتی كوردستان- حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران حدكا- كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ- كۆمەڵەی زەحمەتكێشان) ئەمانە لەڕووی ناچاری و ویست و داخوازی لایەنگرو ئەندامەكانیان هاتن شتێكیان دروستكردووە بەناوی ناوەندا هاوكاری و ئەم ناوەندی هاوكارییە چەند قاچی لەعەرزە؟؟ من دەڵێم هیچ. هاوڵاتی: خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری ئێران بەڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە رابەرێكیان نییە، ئێوە ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟ عەلی كەریمی: بێگومان وایەو ئەگەر ئێستا رابەرو كاریزمایەك هەبووایە ماندێلایەك هەبوایە، جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفایەك هەبوایە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، كەخاوەنی هەژموونێك بوایە و جێپێیان لەناو خەڵكدا دیار بێت ئەوەمان نیە، خۆپیشاندانەكانی تری ئێران هەر نییەتی، ئێران دوو دانەی هەیە كەیەكێكیان فاسیدو مەفلوكە كە موجاهیندنی خەلقە كە رابردوویەكی زۆر پیس و خراپیان هەیەو دەستیان بەكڵاوەكەیانەوە گرتووە با نەیبات و لەم ساتەدا هەڵوێستیان نیە، ئەوەشی ئیدعای هەبیت لەئێستادا وەك ئۆپۆزسیۆن كوڕی محەمەد رەزا شایە ئەمیش لەگەڵ ئەمڕۆی گەنجی ئێران مەگەر بەحاڵە حاڵ بگاتە هەڵبژاردن و بێتە سەر ئەوەی لەهەڵبژاردنی ئێرا ١٠-١٥ كورسی بهێنێت بەڵام ئەوە نییە بڵێن كە كاریزما دروستبووە. لەئەمڕۆی ئێراندا بەكوردستانیشەوە كێشەی گەورەی ئێمە كەكاریزماییەكی پاك و بێگەردو قبوڵكراوە، ئەمە نەلەئێران و نە لەكوردستانی ئێران نیە. هاوڵاتی: دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) كە دروشمی پەكەكەو عەبدوڵا ئۆجەلانە باڵی بەسەر ناڕەزاییەكاندا كێشاوە، بە رای تۆ ئەمە ئاماژەی ئەوە دەدات هەژموونی پەكەكە باڵی بەسەر ناڕەزاییەكاندا كێشاوە؟ عەلی كەریمی: ناڵێم هەژمونی پەكەكە هەبێت یان نا و ئەمە دواڕۆژ دیاری دەكات، بەڵام ئەوەی كەزانراوە ئەم دروشمە دروشمێكی ئەوەندە جامع و فەلسەفییە كە ٨٥-٩٠ ملیۆن خەڵكی ئێران دەیڵێتەوە و خۆشییەكەی لەوەدایە بەزمانی كوردیش دەیڵێنەوە و هاوكات بەزمانی فارسی و زمانەكانی دیكەش، راستییەك لەوەدایە كەئەم دروشمە ئەوەندە باڵی فەلسەفی و كۆمەڵایەتی بەسەر هەموو جیهاندا كێشاوە كەئێمە ناتوانین ئینكاری بین و بە رای من زۆر گرنگ نییە ئەم دروشمە كێ داینا بەڵام ئەم دروشمە كاتێك گەورە بوو كە لەناو كۆمەڵگەی خەتێك بەناوی خەتی پەكەكە و خەتی ئاپۆچی هاتە بزافی شۆڕشەكەی رۆژئاوا بەتایبەت لە هەموو كۆبوونەوەكانی پەكەكە لەشاخ و شارو ئەورپا ئەو دروشمەمان گوێ لێبووە، لەكاتی خۆیشی كە لەسەر گۆڕی ژینا ئەمینی ئەو دوروشمەی وت كاتێكی دروستبوو، دیاریكردنی زەمان و مەكان شوێنی خۆی ئەو دروشمەی كردە ئەوەی كە لەهەموو شوێنێكدا هەیە، ئەوەی كاك خالیدی عەزیزی دێت و لەدەنگی ئەمریكا بەشی فارسی دەڵێت ئەوە هی عەبدوڵا ئۆجەلان نیە، ئەمە عەیبەیە دەبێت بڵیی ئەمە شیعارێكی كوردییە، ئۆجەلان سەركردەی بەشێكی زۆری كوردستانە، دروشمی (ژن، ژیان ئازادی) سیاسییەو دەبێت لە رووی سیاسی و فەلسەفیەوە بیبینین. هاوڵاتی: لەسەر ئەو قسەو لێدوانانەی ئەمدواییەی مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ئێران كردوویەتی، رای تۆ چیە؟ عەلی كەریمی: دیارە ئەمڕۆ سەركردەكانمان هیچیان لەمستەوای ئەمڕۆی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نین و ئەوان بەدەیان هەنگاو لەدوای میللەتەكەوەن، میللەت زۆر شۆڕشگێڕانەتر دەڕواتە پێشەوە، سەركردەكان بەهەموویانەوە لەشۆڕشەكە دووركەوتوونەتەوەو بەتەواوی لەناوەڕۆكی خواست و ویستی خەڵك تێنەگەیشتوون، حەقە پێش ئەوەی لێدوان بدەن و خەڵك خەتابار بكەن كەتوندوتیژی نەكەن دەبێت ئاگاداری ویست و داخوازیەكانی خەڵكی خۆیان بن دواتر لێدوان بدەن بەداخەوە سەركردەكانی ئەمڕۆی هەم دیموكرات و هەم كۆمەڵەش بەتایبەت ناوەنی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات زۆر لەدواوەوەی میللەتن و تێنەگەیشتوون لەداخوازییەكانی گەلی كوردستان لەڕۆژهەڵات. هاوڵاتی: پێتوایە ئەزموونی باشوور یان رۆژئاوای كوردستان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دووبارە دەبێتەوە؟ عەلی كەریمی: ئێران سوریا نییەو رۆژهەڵاتیش رۆژئاوا نییە، رۆژئاوا لەڕووی مێژووییەوە خەباتی تێدا نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەم شێوە سیاسەتەی پەكەكەوە لەسوریا بەشی زۆری شۆڕشگێرانی رۆژئاوا حكومەتەكان پێیان ناخۆش نەبوو لەكۆڵ خۆیان ببنەوە بچن لەناو پەكەكەدا بن، بۆیە نیوە زیاتری سەركردەو فەرماندە سەربازیی و سیاسییەكانی پەكەكە لەڕۆژئاواوە هاتوون و جوگرافیا و سیاسەت و كەلتوری رۆژئاواو باكوور لێكەوە نزیكە، بەڕاستی لەگەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی پەكەكە زۆر زوو فریای براكانیان لەخۆرئاوا كەوتن و هێزێكی زۆریان بردو خۆیان تەركیزیان خستەسەر رۆژئاوای كوردستان ئەمە جیاوازییەكی زۆر گەورەیە، ئەمڕۆ من پێموایە جیاوازییەكی زۆر هەیە بەڵام ئایا ئەزموونی كوردی باشوور ناشیرینترین و ناحەزترین ئەزموونی كوردی نییە لەو ٣٢ ساڵەیدا؟ ئایا ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان و كانتۆنەكان و خۆسەری دیموكراتیك ئەزموونێكی جوان نییە؟ دەبێت ئێمە هەوڵبدەین ئەزموونێكی جوان پیادەبكەین. هاوڵاتی: پێشبینی دەكەی ئەزموونی باشوور یان رۆژئاوای كوردستان دووبارە ببێتەوە یان جیاوازتر دەبێت؟ عەلی كەریمی: من دەخوازم خەڵك بەڕاستی هەرچی باشوور كردوویەتی نەیكات ئێمە سەركەوتوو دەبین هەم لەبارەی كاریزمای سەركردەكانەوە و لەڕووی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە و هەم لەڕووی سیستەمی پەرلەمانییەوە، هەرچی باشوور كردی و رۆژهەڵات دووبارەی نەكاتەوە باش دەبێت. هاوڵاتی: لەڕووی هەرێمی و نێودەوڵەیتیەوە، بارودۆخەكە گونجاوە بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران، یاخود نەخێر رووخانی رژێمی ئێران ئەگەرێكی نزیك نیە؟ عەلی كەریمی: بەدڵنیاییەوە لەماوەی ئەم ٤٥ رۆژەدا ئێران كەوتۆتە قۆناغی شۆڕشەوە واتە سەرهەڵدان و خۆپیشاندانی بەجێهێشت، ئەمڕۆ گەلانی ئێران بە رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە لەقۆناغی شۆڕش و راپەڕیندان و ئەم شۆڕش و راپەڕینەش ناكوژێتەوەو پێموایە ئەم شۆڕشە سەردەكەوێت و بەوە تەواو دەبێت كەكۆماری ئیسلامی بڕووخێت و ئەگەر كۆماری ئیسلامی برووخێت، وەكوو پولی دۆمینە بەدوایدا عێراق و سوریا دەڕووخێن و لوبنان و ئیسرائیل دەكەونە قۆناغێكی تر، یەمەن و لیبیاو حزبوڵاش دەڕووخێن و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە و پاشان حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانیش دەڕووخێن، رووخانی ئێران زۆر شتی باشی بەدوادا دێت و نەمانی ئیسلامی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆشبەختی و ئاسوودەییە بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست.
هاوڵاتی بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی راژەی گشتی عێراق، بڕیاری دامەزراندن بۆ سەرجەم سێ یەکەمەکانی سەرجەم بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی باڵا دەرکرا. بڕیارەکە سەرجەم سێ یەکەمەکانی ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٨ تاوەکو ٢٠٢٠-٢٠٢١ دەگرێتەوە. لە ئێستاشدا بەشە جیاوازەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بە نووسراوی فەرمی داوایان لێکراوە ناو و زانیاری تەواو بنێرین بۆ وەزارەتی دارایی و بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە خوێندکاران دەکەن، بە زووترین کات بەدەم داواکارییەکەوە بچن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم. دەقی بڕیارەکە:
هاوڵاتی رۆژی پێنجشەممە 3/11/2022 كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری دهۆك بەڕێوەدەچێت، نزیكەی هەزار ئەندام بەشداری دەكەن، لەسدا 60ی ئەندامانی كۆنگرە بەهەڵبژاردن لەناو رێكخستنەكانی حزبەكەوە هەڵبژێردراون، لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە حەوت مانگە ئامادەكاری دەكات و 12 كۆبوونەوەی كردووەو رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی ئامادەكراوە، مەسعود بارزانی خۆی سەرپەرشتی كارەكانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی كردووە، بەپێی قسەی بەرپرسانی پارتی گۆڕانكاری بنەڕەتی لەحزبەكەدا ناكرێت، بارزانی وەكو سەرۆكی حزب دەمێنێتەوەو بابەتی دانانی جێگری سەرۆكیش بۆ بارزانی بەجێهێڵراوە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەبوو كۆنگرەی 14 لەڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2014 بكرێت، واتە زیاتر لە هەشت ساڵ كۆنگرە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دوایین پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی سیانزەیەمی پارتی، نابێت بەستنی كۆنگرە ساڵێك زیاتر لەوادەی خۆی دوابخرێت، بەگشتی ماوەی 12 ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردووە، بەرپرسانی پارتی شەڕی داعشو قەیرانی سیاسیو ئابوریی ساڵانی رابردوو و دواتریش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا وەك هۆكارەكانی دواكەوتنی كۆنگرە باس دەكەن. پێشتر باس لەسیناریۆی جیاجیا دەكرا بۆ سەرۆكایەتی پارتی، بەڵام ئەو زانیارییانەی سەركردەكانی حزبەكە لەچەند رۆژی پێش كۆنگرەدا ئاشكرایانكرد، پارتی لەڕووی فكری سیاسی و فەلسەفەی سیاسی و لەڕووی مەرجەعیەت و سەركردایەتی پارتی و سەرۆكایەتی پارتییەوە گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت، بەدیاریكراوی رایانگەیاند: كە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی دەمێنێتەوە، دانانی جێگریش بۆ سەرۆكی پارتی بۆ خۆی بەجێهێڵراوە، پێشبینی دەكرێت ئەنجومەنی سەركردایەتیش لەڕووی ژمارەوە وەكو خۆی بمێنێتەوە. سیسمی بنەماڵەیی لەناو پارتیدا لەكۆنگرەی هەشتەمی پارتی كە لە تەمموزی 1970 لەناوپردان بەڕێوەچوو، پارتی بەڕوونی و بەشێوەیەكی فەرمی بەرەو ئاڕاستەی بنەماڵەیبوون رۆیشت، جارێكی تر مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوەو هەریەكە لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی كوڕانی مستەفا بارزانی وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژارد. دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی لەكۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە تشرینی یەكەمی 1979، پارتی لەناوچەی زێوەی لەسنوری مەرگەوەڕی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵات مەسعود بارزانی بەسەرۆكی پارتی هەڵبژێردراو لەوكاتەوە تائێستا لەهەموو كۆنگرەكاندا مەسعود بارزانی بەسەرۆك هەڵبژێردراوەتەوە. وەك لەكۆنگرەی هەشتی پارتی و لە 52 ساڵی رابردوودا دەركەوتووە سیستمی دەسەڵات لەناو پارتیدا بنەماڵەییە، بەڵام تائێستا سیستمی گواستنەوەی میراتی دەسەڵات لای پارتی ساغنەبووەتەوە كە ئایا لە باوكەوە بۆ كوڕە یان لەباوكەوە بۆ براكان، لەگەورەوە بۆ بچووك؟. كۆنگرەی 14ی پارتی رۆژی 24ی ئۆكتۆبەر ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دوایین كۆبوونەوەی پێش كۆنگرەی ئەنجامداو هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆژی كۆنگرەی 14 دیاریكرا، بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراوەتەوە نزیكەی 960 ئەندام بەشداری لەكۆنگرەكە دەكەن، لەسەدا 60ی ئەندامانی كۆنگرە بەهەڵبژاردن و لەناو رێخستنەكانی حزبەكەوە هەڵبژێردراون. ئیدریس هادی، سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر رایگەیاند: ئەندامانی سەركردایەتی و لیژنەی هەڵبژاردن كە 21 كەسن، بەبێ هەڵبژاردن دەچنە كۆنگرە، هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن، پێویستە چوار هەزار كەسی هەبێت و ئەگەر نەگەیشتە ئەو رێژەیە، چەند ناوچەیەك تێكەڵ دەكرێن بۆ ئەوەی ژمارەكە تەواو بێت، لەهەر بازنەیەك، چوار كەس دەچنە كۆنگرە و 25%ـی ئەندامانی كۆنگرەش بۆ ژنان دیاریكراوە. هاوكات لەچەند شوێنێكی جیاجیا ناڕەزایی لەناو خودی حزبەكەوە دژی هەڵبژاردن و دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە هەبووەو ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كەدەستوەردان هەبووە، ناڕەزاییەكانیان لەمیدیا بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە. ئەوە لە كاتێكدایە چەند كەسێكی دیار كە لەساڵانی رابردوودا لەحزبەكانی ترەوە سەنگەریان گواستوەتەوە بۆ ناو پارتی راستەوخۆ كراون بەئەندامی كۆنگرەو زیاتر لەوەش بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدكراون، لەوانە هەریەك لە رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەكەی وەرگرتبوو، محەمەد حاجی ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ، مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق لەفراكسیۆنی گۆڕان، عارف روشدی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی، نەزاكەت حسێن كادری دیاری پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان. سەوسەن محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی پارتی رایگەیاندوە: 400 كەس كاندیدە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی و پرسیاری ئەوەش دەكات بۆچی ژمارەی پاڵێوراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی بەو شێوازە زۆرە لەنێو نوێنەرانی كۆنگرەی 14 دا كە لەهیچ كۆنگرەیەكی پارتیدا بەو رێژە بەرزە كاندید نەبووە بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی. كۆنگرەكانی پارتی یەكەمین كۆنگرەی پارتی لە رۆژی 16ی ئابی 1946 بەنهێنی لەماڵی (سەعید فەهیم) لەناوچەی ئەعزەمیەی بەغداد ئەنجامدراوە، لەم كۆنگرەیەدا 70 ئەندام بەشداربوون، بەفەرمی ناوی حزبەكە بوو بە پارتی دیموكراتی كورد، ئەم كۆنگرەیە مەلا مستەفا بارزانی بەبێ ئامادەبوونی خۆی بەسەرۆكی حزب هەڵبژێردراو هەریەكە لە شێخ لەتیف و كاكە زیاد وەك جێگرانی سەرۆكی حزب دیاریكران. دووەمین كۆنگرەی پارتی لەئازاری 1951 لەبەغداد بەڕێوەچوو، 30 ئەندام بەشدارییان تێداكرد، ئەوكات مستەفا بارزانی لەسۆڤیەت بوو، ئەم كۆنگرەیە سەرۆكی هەڵنەبژاردو لەبری ئەوە سەركردایەتییەكی كاتیی بۆ حزب دانا. سێیەمین كۆنگرە پارتی لە 26ی كانونی دووەمی 1953 لەكەركوك بەڕێوەچوو، نزیكەی 40 ئەندام بەشدارییان تێدا كرد، ناوی حزب لە (پارتی دیموكراتی كورد)ەوە گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان). چوارەمین كۆنگرە لەئۆكتۆبەری 1959 لەبەغداد ئەنجامدرا، ئەمە یەكەمین كۆنگرە بوو كە مستەفا بارزانی خۆی بەشداری تێدا بكاتو جارێكی تر وەكو سەرۆك هەڵبژێردرایەوە، ساڵێك دواتر حكومەتی عەبدولكەریم قاسم بڕیارێكی دەركرد بەوەی دەبێت هەموو حزبێك كۆنگرە سازبدات بۆ ئەوەی مۆڵەتی كاركردنی پێبدرێت. كۆنگرەی پێنجەمی پارتی لە ئایاری 1960 لەبەر رۆشنایی بڕیاری حكومەتی عێراق بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە لەبەغداد ئەنجامدرا، 148 ئەندام بەشدارییان كرد جارێكی تر مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. كۆنگرەی شەشەمی پارتی لە تەمموزی 1964 لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوە، سەرەتای قۆناغی جەلالیو مەلایی لێرەوە سەریهەڵدا. كۆنگرەی حەوتەمی پارتی لەمانگی 11ی 1966 لە گەڵاڵە بەڕێوەچوو، 370 كەس بەشدارییان تێداكرد، مستەفا بارزانی جارێكی تر بەسەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. كۆنگرەی هەشتەمی پارتی لە تەمموزی 1970 لەناوپردان بەبەشداری 488 كەس بەڕێوەچوو، مستەفا بارزانی دیسان وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم كۆنگرەیەدا پارتی بەڕوونی و بەشێوەیەكی فەرمی بەرەو ئاڕاستەی بنەماڵەیبوون رۆشت و كۆنگرە هەریەكە لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی كوڕانی مستەفا بارزانی وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژارد، رۆژی 28ی شوباتی 1979 مستەفا بارزانی لەئەمریكا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، پۆستی سەرۆكی پارتی بەبەتاڵی مایەوە. كۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە تشرینی یەكەمی 1979، پارتی لەناوچەی زێوەی لەسنوری مەرگەوەڕی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆنگرەی نۆیەمی خۆی بەست بۆ پڕكردنەوەی شوێنی مستەفا بارزانی، كۆنگرە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژارد، ئیدریس بارزانی باوكی نێچیرڤان بارزانی ئەوكات كوڕە گەورەی مستەفا بارزانی بوو، مەسعود بارزانی سەرباری ئەوەی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا بۆ خۆبەدورگرتن لەدروستبوونی ناكۆكی لەگەڵ براكەی مومارەسەی سەرۆكایەتی نەكردو لەگەڵ براكەیدا دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردو هەریەكەیان كاروبارێكی بەڕێوەدەبرد، تائەوكاتەی ئیدریس بارزانی رۆژی 31ی كانونی دووەمی 1987 كۆچی دوایی کرد، لەم كۆنگرەیەدا عەلی عەبدوڵا وەكو سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا. كۆنگرەی دەیەمی پارتی دوو ساڵ دوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانیو لەكانونی یەكەمی 1989 لەمەرگەوەڕ بەبەشداری 332 كەس بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا بۆ جاری دووەم مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. كۆنگرەی یانزەیەمی پارتی ، لە 16ی ئابی 1993 لەهەولێر بەسترا، مەسعود بارزانی سەرلەنوێ وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام یەك جێگری بۆ دانرا كە عەلی عەبدوڵا بوو. كۆنگرەی دوانزەیەمی پارتی لە تشرینی یەكەمی 1999 لەهەولێر بەڕێوەچوو، هەزارو 473 كەس بەشدارییان تێدا كرد، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرایەوە. كۆنگرەی سیانزەیەمی پارتی لە 11ی كانونی دووەمی 2010 لەهەولێر بەڕێوەچوو، كۆنگرە بۆ جاری (پێنجەم) مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوە، دوای كۆچی دوایی عەلی عەبدوڵا، نێچیرڤان بارزانی كرا بەجێگری سەرۆكی حزب.
هاوڵاتی سەرەڕای ئەوەی 46 رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و لە زۆربەی شارەکانیش کاسبکار و خوێندکار و گەنجان بە شێوازی جیاواز بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران. لانیکە لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵات و 133 شاری دیکەی ئێران بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە و لە 129 زانکۆی وڵاتەکەشدا گردبونەوە و ناڕەزایەتیی بەردەوامە و پڕۆسەی خوێندن لە زۆربەیان هەڵپەسێردراوە. گەنجانی مەریوان و دیواندەر جارێکی دیکە هاتنەوە شەقامەکان و دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە و شەویش ناڕەزایەتییەکان لەو شارە بەردەوام بوە. هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی دەسەڵات زۆربەی شەقام و گەڕەکە سەرەکییەکانی شاری دێڵوڕان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەمارۆ دەدەن و تەقە لە گەنجانی شارەکە دەکەن بەڵام سەرەڕای ئەوەش گەنجانی ئیلام بەردەوامبون لە دروشم و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵات. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندوە ئەمشەو هێزە ئەمنییەکانی ئیلام هەڵیانکوتاوەیە سەر ماڵی خەڵک و زیاتر لە 10 گەنجی ئەو شارەیان دەستگیر کردوە. رۆژی سێشەممە هاوشێوەی رۆژەکانی دیکە لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ 47ەمین رۆژ ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو. سەرچاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە رۆژی سێشەممە کاتژمێر (1:00) نیوەڕۆ چوار خوێندکاری خوێندنگەی ناوەندیی (باهونەر) لە سنە دەستگیر کراون. لە زانکۆی پزشیکی شاری سنە خوێنکاران دورشمی ژن، ژیان ئازادی-یان وتەوە و بە هەڵپەڕکێ بازنەی ناڕەزایەتییەکانیان گەورەتر کرد. هەر ئەمڕۆ 240مامۆستای زانکۆکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بێڕێزیی و بەزاندنی سنوری زانکۆکاننیان ئێدانە کرد و رایانگەیاند؛ بەرپرسیارێتی گیانی خوێندکاران و خەڵکی پارێزگاکە لە ئەستۆی باڵاترین دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنیی پارێزگای سنەدایە. زانکۆکاکانی ئەلزەهرا، تەباتەبایی و شەریف، خارەزمی، ئەمیرکەبیر و بەهەشتی و چەند زانکۆیەکی دیکە ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەڕێوچو و خوێندکارانیش بە دروشم رایانگەیاند هەر خوێندکارێک لە زانکۆ دوربخرێتەوە ناڕەزایەتییەکانی گەورەتر دەبێت. لە زانکۆی یەزد خوێندکاران داوایان کرد سەرجەم ئەو 150 خوێندکارەی زانکۆکە کە دورخراونەتەوە رێگە بدرێت بگەڕێنەوە زانکۆکە. خوێندکارانی زانکۆی پەیامنێرانی شاری مەشهەد پڕۆسەی خوێندنیان هەڵپەسارد و گردبونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا گردبونەوە لە زانکۆی پیشەسازیی ئەسفەهان بەڕێوەچو و پڕۆسەی خوێندن لەو زانکۆیەش هەڵپەسێردرا. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە؛ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سیستان و بەلوچستان بە کاروانی سەدان ئۆتۆمبێلی رێگای سەرەکیی کارکردن لە کانی زێڕی (ئەنجیرەک) لە ناوچەی تەفتان لە پارێزگاکەیان داخستوە. ئەوە دوەمجارە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرامبەر سەرکوتی خەڵک ئەو کانە زێڕە کە بە گەورەترین کانی زێری ئێران ئەژمار دەکرێت و یەدەگی ئاڵتونەکەی دەگاتە 49 ملیۆن تەن داخراوە. لە بازاڕی گەورەی شاری تاران و لە ناوچەکانی نارمەک و پونەک و ئێکباتان و چەند شوێنێکی دیکە گردبونەوە و ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و دروشم دژی دیکتاتۆر و رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران وترایەوە. هەر لە تاران سەرەڕای رێگرییەکان بە بەشداریی سەدان کەس چلەی مەرگی سیاوەش مەحمودی تەمەن 17 ساڵ بەڕێوەچو کە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرابو. شەوی سێشەممە لە بەردەم باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بەرلین بە بەشدارایی سەدان کەس گردبوەنەوە بەڕێوەچو و داوایان کرد دەستگیرکراوان و زیندانیکراوانی ئەم دواییانەی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی ئێران دەستبەجێ ئازاد بکرێن. 46 رۆژە لە زۆربەی شەقام و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزیەتی و خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت لەو ماوەیەدا بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران 287 کەس کوژراون کە 46 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و 14 هەزار و 161 کەسیش دەستگیرکراون.
هاوڵاتی دەوروبەری کاتژمێر7ی ئەم شەو فرۆکەی تورکیا بنکەیەکی یەبەشە لەناوەندی شەنگال بوردومانکرد، زیانی گیانی لێ نەکەوتووە بەڵام زیانی دارایی زۆر بە شوێنەکە کەوتووە. خالدقاسم،چالاکوانێکی ئێزیدی بە هاوڵاتی ی وت"لەماوەی حەفتەیەکدا ئەوە دەبێتە سێ یەمین جار فرۆکەی تورکیا بۆردومانی شەنگال دەکات، پێش کاتژمێرێک بۆ جاری سێ یەم بنکەیەکی یەبەشە لەناوەندی شەنگال کردوە بە ئامانج، لەربەرئەوەی هێزەکانی بەرخودانی شەنگال رێگا نادەن هیچ کەسێک بچێتە دەوروبەری شوێنەکە بوویە نازانرێت زیانی گیانی هەبووە یان نە" خالد قاسم ووتیشی"بەداخەوە تورکیا ئەوە سێ یەمجارە لەحەفتەیکدا شەنگال بوردومان بکات بەبێ ئەوەی حکومەتی عیراق هەڵویستی خۆی لەسەر بۆردومانکردن ڕابگەینێت بێ دەنگی هەڵبژاردوە" ڤیدیۆی شوێنی ڕوداوەکە..
هاوڵاتی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دەسەڵات لە ئێران کارکردن لە کانی زێڕی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە لایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە راگیرا. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە؛ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سیستان و بەلوچستان بە کاروانی سەدان ئۆتۆمبێل رێگای سەرەکیی کارکردن لە کانی زێڕی (ئەنجیرەک) لە ناوچەی تەفتان لە پارێزگاکەیان داخستوە. ئەوە دوەمجارە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرامبەر سەرکوتی خەڵک ئەو کانە زێڕە کە بە گەورەترین کانی زێڕی ئێران ئەژمار دەکرێت و یەدەگی ئاڵتونەکەی دەگاتە 49 ملیۆن تەن داخراوە. بونی ئەو کانە زێڕە لە سیستان و بەلوچستان لە کاتێکدایە ئەو پارێزگایە لە کۆی 31 پارێزگای ئێران بە هەژارترین ناوچە لەو وڵاتە لەقەڵەم دەدرێت.
هاوڵاتی نوێنهری نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق ڕایگهیاند ناتوانن ناوچهی دژه فڕین له عێراق دروست بكهن وڕێ له بۆردومانی وڵاتانی بیانی بگرن بۆ سهر ههرێم و سەبارەت بەدۆخی عێراقیش گوتی گەندەڵییەکی زۆر لە عێراقدا هەیە. جینین پلاسخارت نوێنهری تایبهتی سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان له دیداری میری كه له ههولێر بهڕێوه دهچێت، سەبارەت بە داواکارییەکی بەرپرسانی هەرێم بۆ ڕاگرتنی هێرشی وڵاتانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێم ڕایگەیاند لە توانای مندا نییە ناوچەی دژە فڕین دروست بکەم و هێرشەکان ڕاگرم،بەڵام باشترین پاڵپشتی بۆ ئێوە باشترکردن و هاوکاری کردنە لەگەڵ عێراق و یەکڕیزییە لە ناوخۆی هەرێمدا . هەروەها پلاسخارت باسی لە دۆخی عێراق کردوو ڕایگەیاند هیچ كام لهو حكومهتانهی دروست بوون له عێراق نهیانتوانیوه ڕووبهڕووی گهندهڵی ببنهوه و دهسهڵاتێكی باش نهبوون بۆ وڵاتهكهیان، بۆیه ئێستا كاتی ریفۆرم و چاكسازی و كۆتایی هێنانه به گهندهڵی. وتیشی بەربەستی یەکەم لە بەردەم عێراقدا هەبوونی سیستمێكی گهندهڵە كه ڕێگره لهبهرهو پێچشوونی ئهم وڵاته.
هاوڵاتی لە پێنج مانگى رابردودا لە تورکیا و باکورى کوردستان 33 رۆژنامەوانی کورد دەستگیرکراون و سزای زیندانیش بەسەر زۆرینەیاندا سەپێنراوە. ئاژانسى هەواڵى مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛لە پێنج مانگى رابردودا 33 رۆژنامەنوس دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 26کەسیان زیندانى کراون. ئەو رۆژنامەنوسانەى دەستگیرکراون کارمەندى ئاژانسى هەواڵى میزۆپۆتامیا و ژن نیوز و رۆژنامەى خۆبون و هاوسەرۆکى کۆمەڵەى دیجلە و فورات بۆ کاری رۆژنامەگەریی بوون و زۆرینەى ئەو رۆژنامەنوسانە تۆمەتى تیرۆر خراوەتە پاڵیان. پێشتر لە 25ى مانگى رابردود 11 رۆژنامەنوسى کورد لەلایەن تورکیاوە دەستگیرکرابون کە بە بڕیارى دادگای وڵاتەکە 9 لەو رۆژنامەنوسانە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا جێبەجێکراوە.
هاوڵاتی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ڕایگەیاند ھەفتەی داھاتوو بەردی بناغەی یەکەم پڕۆژەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دادەنرێت و ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە ئەمساڵ لەھەموو ناوچەکان دەست بەدروستکردنی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بکرێت. دکتۆر محەمەد شوکری ، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ، بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند: “دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەفەرمیی وادەی دەستپێکردنی دیاریکرا بەبڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ڕۆژی یەکشەممە بەردی بناغەی یەکەم پڕۆژە دابنرێت لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. د. محەمەد شوکری گوتیشی: “وەکو سەرەتا لە زاخۆ دەستپێدەکەین کە ھەموو ئامادەکاریان بۆ کردووە و زەوی تەرخان کراوە و ئەوان پێش ھەموو ناوچەکانی دیکە خۆیان ئامادەکردووە، بۆیە لەزاخۆ دەستپێدەکەن و داوامان لەھەموو ناوچەکانی دیکەش کردووە پەلە بکەن بۆ ئەوەی لەھەموو ناوچەکان دەست بەدروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بکەین”. د. محەمەد شوکری باسی لەوەشکرد: “لە ھەولێر خەریکە زەوی ئامادەبێت و رێکارەکان تەواوبن، لە سۆران و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش خەریکی دابینکردنی زەویین، بۆیە ھەوڵەکانمان چرکردۆتەوە ئەمساڵ بەردی بناغەی پڕۆژەکان لە ھەموو ناوچەکان دابنرێت”.
