نیگار عومەر شارەوانی كەلار پاركینکی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەكانی ناوبازاڕ دەكات بەپارەو ئەمەش یەكەم پرۆژەی لەو شێوازەیە لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، شۆفێرانیش پێیان وایە ئەم پرۆژەیە بارگرانیە بۆ سەر هاووڵاتی و كۆكردنەوەی داهاتە لەسەر خەڵكی هەژار، شەقامەكان مافی گشتییەو شارەوانی كەلار بەبیانوی رێكخستنەوەی ناو شارەوە پارە لەشۆفێران وەردەگرێت، شارەوانی كەلاریش دەڵێت: پرۆژەکە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانەو ئاستەنگ كەمدەكاتەوە. ئەیاد محەمەد، چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بەهاوڵاتی وت:» شارەوانی كەلار بەبیانوی رێكخستنەوەی ناو بازاڕی شەقامەكانی كردووە بەشوێنی پاركینكی ئۆتۆمبێل و لەبەرامبەر ئەمەدا پارە لەهاووڵاتیان وەردەگرێت، ئەم پرۆژەیە لەخزمەتی شۆفێران و هاووڵاتیاندا نیەو بەڵكو بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە كەدەبێت جارێكی دیكە وەك باجەكانی تر پارە لەبەرامبەر وەستانی ئۆتۆمبێلەكانیش وەربگیرێت». وتیشی: لەبری ئەم پرۆژەیە دەبێت شەقامەكان فراوانبكرێت چونكە لەئێستادا لەیەك شەقامدا ئەم دیوو ئەودیوی شەقامەكان كراوە بەشوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و ئەم پرۆژەیەش ئاستەنگی دروستكردووەو گرفتی بۆ شوفێران دروستكردووە، ئەمە چارەسەر نیە بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی ناوشار، بەڵكو دەبێت هەر بینایەك دروستدەكرێت خاوەنی بیناكان ناچاربكرێت شوێنی وەستان بۆ ئوتۆمبێلەكان دابینبكات نەك شەقامەكانی ناوشار داگیربكات و بیانكات بەپاركینی ئۆتۆمبێل بەرامبەر بڕە پارەیەك». ئەكرەم ساڵح سەرۆكی شارەوانی كەلار بە هاوڵاتی راگەیاند:» ئامانجی ئێمە لەم پرۆژەیە رێكخسنەوەی ناوبازاڕی شاری كەلارەو دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتوچۆیە بۆ هاووڵاتیان، پرۆژەكەش ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتیان و شۆفێران كەمكردووەتەوە». وتیشی،» لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە دەتوانرێت داهاتێك كۆبكرێتەوەو چەند گەنجێك تێدا كاربكات و سەرجەم داهاتەكەشی بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە، تەنها سەدا پانزەی بۆمان هەیە خەرجی بكەین، بڕی ئەو پارەیەش قورساییەكی زۆر ناخاتەسەر هاووڵاتی كە ئوتۆمبێلەكەی لەشوێنێكی سەلامەت دانێت و ئەم پرۆژەیە مافی یەكسانی بۆ هەموو شوفێران دابین دەكات كەشەقامەكان بەكاربێنن». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» هەموو ئیشێكی نوێ خەڵك لێی نیگەرانەو ئێمە ئەو بەشە داهاتەی كەهەمانە بۆ خزمەتی گشتی بەكاردێنین و هەروەك چۆن ئەم شەقامانە موڵكی گشتین و پێویستە شەقامەكانی نێو بازار رێكبخرێتەوە و هەموان وك یەك ئەو شوێنانە بەكاربێنن كە لەپێشوتردا هەندێ شۆفێر شوێنێكی بۆ ئۆتۆمبێلەكەی داگیر دەكرد». ئەركان عوسمان، كەشوفێرە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» من وەك شوفێرێك نیگەرانم لەم پرۆژەیەی ناو بازاڕی كەلار، حكومەت لەجێگەی ئەوەی كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان و شوفێران بكات هاتووە شەقامەكانیش كەموڵكی گشتییە كردوویەتی بەپارە، كە ئەمە نیگەرانی لەلای زۆربەی زۆری شۆفێران دروستكردووە، «. « كاتێك كە تۆ ئۆتۆمبێلەكەت جێدەهێڵیت زۆرێك لەشەقامەكان و ئەو شوێنانە كامێرای چاودێری لێنیەو هەرچیەك لەئۆتۆمبێلەكەت بێت كەس بەرپرسیاریەتی هەڵناگرێت، كەئەمە چۆن رێكخستنەوەیەكە لەجێگەی ئەوەی قەرەباڵغی كەمبێتەوە جێگەی وای تێدایە ناتوانیت بەپیادەش هاتوچۆی تێدا بكەیت نەك بەئۆتۆمبێل پێیدا بڕۆیت هەمووی كراوە بەشوێنی وەستانی ئوتۆمبێل، هەرچەندە لەئێستادا بۆ سەعاتێك وەستان 500 دینار وەردەگرێت كە كەمكراوەتەوە گەر لەسەعات زیاتر بێت دەبێتە 1000دینار، داوا دەكەین لەسەرشانی خەڵكی ناوچەكە داهات بۆ حكومەت زیادنەكرێت»، ئەركان عوسمان وای وت.

هاوڵاتی قاچاخچییەکی کوردى خەڵکى هەرێمى کوردستان ناسراو بە "دووپشک" دیارترین داواکراوى گەورەترین دەزگای رووبەڕووبونەوەى تاوانە لە بەریتانیا. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا لەگەڵ هاوکارەکانیان لە بەلجیکا بەدوای سەرۆکی باندێکی گەورەی قاچاخچێتیدا دەگەرێن کە زیاد لە ١٠٠ کەسی لە رێگەی لۆری و بەلەمی بچووکەوە بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. بەرزان کەمال مەجیدی تەمەن ٣٦ ساڵ کە  ناسراوە بە "دووپشک"، بەهۆى کاری قاچاخچێتی و گواستنەوەی کۆچبەران بە شێوەیەکی نایاسایی دەزگا ئەمنییەکان بە دوایدا دەگەڕێنو ١٠ ساڵ زیندانی بە بێ ئامادەبوونی لە دادگا بەسەردا سەپێنراوەو بێجگە لە زیندانییکردنی دەبێت زیاد لە ٩٠٠ هەزار یۆرۆش وەک قەرەبوو بدات بەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا باس لەوەش دەکات ئەم کەسانە بەشێوەی تۆڕی نێودەوڵەتی لەنێوان وڵاتانی ئەوروپییدا کار دەکەن و پێویستە هەموو وڵاتان لەپێناو ڕێگرییکردن لەم کارانە کاری هاوبەش و پێکەوەیی ئەنجام بدەن.

ڕاپۆرت: عه‌مار عەزیز ساڵانە سەدان دۆنم زەوی لەسنوری قەزاكانی ئاكرێ و بەردەڕەش دەكرێتە برنج، برنجی ئاكرێ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بەناوبانگە، ئەوەش لەبەر تام و رەنگ و بۆنی، ساڵانە خەڵكی پارێزگاكانی تر روو لەئاكرێ دەكەن بۆ كڕینی برنج، لەئاكرێ چوار جۆری چەڵتوك دەچێنرێت، شەش مانگی، تەحالف، كەسنەدیتی، عەمبەر، لەهەموویان گرانتر عەمبەرە. شڤان سادق دانیشتووی گوندی دولێجانی سەر بەقەزای بەردەڕەشە، ئەمساڵ كە  شەش دۆنم زەوی چەڵتوكی چاندووە بەهاوڵاتی وت:» پارساڵ 11دۆنم زەوی چەڵتوكی شەش مانگیمان چاندبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سەرقاڵبوونمان بەچاندنی پەتاتە  تەنیا شەش دۆنممان چاند، سەرووی 95 لەسەدی خەڵكی گوند ساڵانە چەڵتوك دەچێنن». «ناوبانگی برنجی ئاكرێ و بەردەڕەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەموو شتێك بەدەستی خۆمان دەكەین، هەر لەچاندنی تاكۆتاییەی، رێژەی نیشاستە لەبرنجی كوردی زۆرە بەتایبەت ئەوەی ئاكرێ، بەشێكی زۆری جوتیارانی ئەم ناوچەیە بژێوی ژیانیان لەسەر رواندنی برنجە، هەر خێزانێك ساڵانە بەلایەنی كەمی 5 تا 10ملیۆن دینار قازانج دەكات، ئەمەش بۆ خێزانێك كە لەگوند دەژێت داهاتێكی باشە، بەشێك لەبرنجەكەش بۆ خۆمان هەڵدەگرین». «چاندنی برنج كارێكی زۆر قورس نیە، خەڵك لەگوند هاوكاری یەكتر دەكەن، تەنها كەمێك دروستكردن و رێكخستنی شێوازی  چاندنەكەی قورسە، سەرەتا بەتراكتور شوێنەكەی راست دەكرێت ئینجا ئاو بەردەدرێتە ناو زەویەكە، رۆژێكی پێویستە تا هەموو تەڕبێت و زەویەكە ئاو بخواتەوە ئینجا دەكرێتە ماڵك ماڵك و دواتر بنەتۆوی چەڵتوك فڕێدەدرێتە ناو زەویەكە، برنج بۆ ئەوەی جوان بێت پێویستی بەئاوێكی بەردەوام و خاكێكی بەپیت هەیە، هەروەها چاودێریكردنی بەردەوام، ئەگەر پێویستی بەدەرمان و كیمیایی هەبێت پێویستە جوتیار بەكاریبهێنێت، فەرامۆشكردنی دەبێتە هۆی ئەوەی هەم برنجەكەی باش دەرنەچێت هەروەها بەرهەمەكەشی كەمتر بێت»، شڤان سادق وای وت. فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری چاندن لەقەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی راگەیاند:»لەساڵی 2021 لەسنوری قەزای ئاكرێ سێ هەزار 274 دۆنم كراوەتە مەرەزە، ئەمساڵ نۆ هەزار و 15دونم كراوەتە مەرەزە، بۆ هەر دۆنمێك بەرهەمەكەی یەك تەن و چارەکێكە، بەرهەمی ئەمساڵ دەگاتە سەرووی 10هەزار تۆن، ساڵانەش هاوكاری جوتیاران دەكەین لەدابینكردنی چەند ئامێرێكی تایبەت بەسپیكردنەوەی برنج و هەروەها كۆنكرێتكردنی چەند شوێنێك تاوەكو جوتیاران لەو شوێنانە چەڵتوكی خۆیان لەمەكینە بكەن و سپی بكەنەوە، هەروەها چەند خولێك دەكەینەوە بۆ چۆنیەتی چاندنی چەڵتوك و چاودێریكردنی تادەگاتە رۆژی دورینەوەو سپی كردنەوەی برنج، وانەكان لەلایەن جوتیارانی نموونەییەوە دەوترێتەوە». وتیشی»خاك و ئاوو هەوای قەزاكە زۆر گونجاون بۆ مەرەزە، تام و رەنگ و بۆنی برنجی ئاكرێ لەهەموو ناوچەیەكی تر باشترە، هەرئەمەش وایكردووە ساڵانە سەدان كەس لەپارێزگاکانی عێراق و هەرێمی كوردستان روو لەئاكرێ دەكەن بۆ كڕینی برنج، زۆرجار دەچێتە دەرەوەی عێراقیش، هەر خێزانێك داوای چەند كێلویەك بكات لەڕێگای جوتیارەكان و بازرگانانی كڕین و فرۆشتنی برنج بۆیان رەوانە دەكرێت، ئەوەش بەپێی داواكاری ئەو كەسانە دەمێنێتەوە، تاڕادەیەكی زۆر بۆ ئەم مەبەستەش هاوكار دەبین بۆ كارئاسانی و هەماهەنگی». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «ساڵانە لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 25 هەزار دۆنم زەوی دەكرێتە مەرەزە، تەنها لەسنوری قەزای ئاكرێ زیاتر لە12 هەزار دۆنم دەكرێتە مەرەزە، لەناوچەكانی تری سنوری پارێزگای دهۆك چەڵتوك دەچێنرێت بەتایبەت دەشتی ناوكۆڕ لەسنوری قەزای بەردەڕش، هەروەها لەشیلادزێ و دێرەلوك لەسنوری قەزای ئامێدی و چەند ناوچەیەك لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەڵام برنج بەگشتی بەبرنجی ئاكرێ ناودارە». لەسنوری قەزای ئاكرێ بەگشتی چوار جۆری چەڵتوك دەچێنرێت، شەش مانگی، تەحالف، كەسنەدیتی، عەمبەر، لەهەموویان گرانتر عەمبەرە ئینجا شەش مانگی دواتر كەسنەدیتی، لەهەموویان هەرزانتر تەحالفە. ئەحمەد محەمەد، خەڵكی گوندی سمێلانە سەر بەقەزای ئاكرێ، بازرگانی كڕین و فرۆشتنی برنجی كوردییە، تەنها پارساڵ 15 تۆن برنجی ئاكرێی فرۆشتووە بەكوردانی ئەمریكاو ئەڵمانیا، ئەو بەهاوڵاتی وت:»برنجی ئاكرێ ساڵانە رەوانەی چەند وڵاتێكی ئەوروپا دەكرێت بەتایبەت ئەڵمانیاو ئەمریكا، هەروەها چەند وڵاتێكی عەرەبی وەكو سعودیەو ئیمارات، لەسەر ئاستی ناوخۆش پارساڵ 20 تا 50 تۆن لەجۆری تەحالف فرۆشتووە بەسلێمانی، نرخی یەك كێلو بەم شێوەیەیە، تەحالف لە دوو هەزارەوە دەستپێدەكات تا دوو هەزارو 500 دینار، شەش مانگی سێ هەزارە، عەمبەر دەبێتە دوو جۆر عەمبەری بۆندارو سەدری چوار تا پێنج هەزارە، كەسنەدیتی دوو هەزارە». وتیشی:»لەمانگی ئایار دەست بەچاندنی دەكرێت، لەمانگی تشرینی یەكەم دەست بەدورینەوەی دەكرێت، بەداخەوە ئێستا چەند جۆرێكی برنج لەبازاڕدا دەفرۆشرێت بەناوی برنجی كوردی، بەڵام فێل لەكڕیارەكان دەكرێت و برنجی كوردی نیە، دەنكەكەی و شێوەكەی وەكو برنجی كوردییە بەڵام كوردی نیە لەدەرەوە دەهێنرێت، واباشترە ئەوەی خواستی كڕینی برنجی كوردی هەبێت لەجوتیارو بازرگانانی ئاكرێ بكڕێت، ئێمە بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە ناوبانگی خۆمان لەدەست نادەین، بەگرەنتی دەیدەینە خەڵك، هەركەسێك لای ئێمە جارێك برنجی بردبێت پەشیمان نەبووەو هەر دێتە لامان». یاسین عەبدولڕەحمان، دانیشتووی گوندی كورتكایە سەر بەناحیەی دینارتە لەسنوری قەزای ئاكرێ بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: «زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوام مەرەزە دەكەین، ئێمە زیاتر شەش مانگی و تەحالف دەچێنین، ئەمساڵ حەوت دۆنمم كردبوو، هیچ مووچەیەكم نیەو بژێوی ژیانم لەسەر چاندنی برنجە، بەلایەنی كەمی ساڵانە 10ملیۆن دینار قازانج دەكەم، خەڵك هەیە زیاتر مەرەزە دەكات، چونكە قازانجەكەی لەبەرهەمەكانی تر باشترە، تەمەنم 47 ساڵە بیرم نایەت ساڵێك مەرەزەمان نەكردبێت». وتیشی:»تائێستا حكومەت بەیەك دیناریش هاوكاری نەكردووین و هەموو شتێك لەسەر حسابی خۆمانە».    

هاوڵاتی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە رایدەگەیێنێت، لە عێراق سێ رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەن، بەڵام تەنیا رەشنووسی ساڵی 2007 بۆ هەرێمی کوردستان باشە وتوێژی لەسەر بکات، دەڵێت: "دەبێت هەرێمی کوردستان شاندێک و تیمێکی تەواو شارەزا بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا ئامادەبکات و پسپۆڕی یاسایی و نەوتی بن و زۆر ئاگاداری دەقەکانی نێو رەشنووسەکە نوێیەکە ببن، کە ئامادە دەکرێت."  رۆژی پێنجشەممە، 10-11-2022، د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە، لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق کە بەپێی کارنامەی محەممەد شیاع سوودانی و رێککەوتنی لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا ئامادەبکرێت، بە رووداوی گوت: لە عێراق سێ رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەن، یەکەمیان رەشنووسی ساڵی 2007ـە کە تارادەیەک جێی رەزامەندیی هەرێمی کوردستان بوو و ئێستاش دەستکاریی دەوێت و رەنگە ئەمە باشترین بێت، رەشنووسێکی دیکە نووسرایەوە کە لەلایەن وەزارەتی نەوت بوو ئەمە باش نەبوو و زۆر دژی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە، دواتریش لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقیش رەشنووسێکی دیکەی ئامادەکرد، ئەم دوو رەشنووسەی کۆتایی خراپن و نابێت هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە بکات، ئەگەر نا دەبێت رەشنووسێکی نوێ ئامادەبکرێت. باشترین بژارە، بە بڕوای ئەو شارەزایە لە بەردەم هەرێمی کوردستان لەو سێ رەشنووسە، ئەوەی ساڵی 2007ـە. هەروەها دەڵێت: "زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان شاندێکی شارەزای یاسایی و نەوتیی پسپۆڕ و تەواو ئاگادار ئامادەبکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و ئاگاداری هەموو کەلێنە یاساییەکان بێت و هەموو وردەکاریی پڕۆسەی نەوت و گاز بزانن، بۆ ئەوەی رەشنووسێک دەرنەچێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بێت. رۆژی چوارشەممە، 09-11-2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری پێکهێنانی شاندێکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق دا. 

هاوڵاتی 55 رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و گەنجانی چەند شارێکی رۆژهەڵات رژانە سەر شەقامەکان و لە تاران و رەشت و چەند شارێکی دیکەش بە شێوازی جیاواز ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون و هاوڵاتییەکی بیانی دیکەش لەو وڵاتە دەستگیر کرا. بڕیارە رۆژی هەینی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی بۆ یادی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوبچێت و هێزە ئەمنی و چەکدارییەکانیش کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. لە شاری مەهاباد رۆژی پێنجشەممە بۆ جاری 14یەم مانگرتن لە دو مانگی رابردودا بەڕیوچو و دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارە نەکرانەوە. ئێوارەی پێنجشەممە گەنجانی شاری مەهاباد رژانە سەرشەقامەکان و بە کرتنەوەی ئاگر چەند شەقامێکی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و دژی دەسەڵاتی ئێران دروشمیان وتەوە. گەنجانی شاری مەریوان هاوشێوەی مەهاباد رژانە سەرشەقامەکان و لە چەند شوێنێکی ئەو شارە ئاگریان کردەوە دروشمیان وتەوە. گەنجانی شارۆچکەی (موچش) سەر بە شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەوی پێنجشەممە رژانە سەر شەقامەکان و تابلۆ و هێماکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەو شارۆچکەیە سوتاند. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵات بۆ رێگریی لە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە کێشەی بڕینی ئاوی ماڵانی دروست کردوە و لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئەو شارە ئاوی خواردن نەماوە. لە شاری مەشهەد بۆ رێگریی لە سوتاندنی پەیکەرەکانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران، پاسەوانی (24) کاتژمێریان بۆ دانرا ئەوەش لە کاتێکدایە پەیکەری ئەو فەرماندەیە لە زۆربەی شارەکانی ئێران سوتێنراوە و بە شێوازی جیاواز وێنەکانی و پەیکەرەکانی دەکرێنە ئامانجی گەنجانی ناڕازی. هەر شەوی پێنجشەممە لە چەند شەقامێکی سەرەکیی تاران شۆفێران بە لێدانی هۆڕنی دورودرێژ ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە گۆڕستانی دارسەیران لە شاری مەریوان چلەی مەرگی موختار ئەحمەدی بەڕێوەچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی یەکشەممەی (1/10/2022) شاری مەریوان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرابو. موختار ئەحمەدی تەمەنی 19 ساڵ بو کە بۆ بژێوی دەستفرۆشیی دەکرد. مامۆستا فاتمە زەندکەریمی لەسەر گۆڕی مۆئمین زەندکەریمی کە لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردو شاری سنە کوژرا ، رایگەیاند خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان 43 ساڵ پێش ئێستاشەوە هەر دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بون و لە ئێستادا خەڵکی شارەکانی ئێران هاوشانی کوردستان دژی ئەو دەسەڵاتە وەستاونەتەوە... لە شاری رەشت لە پارێزگای مازندەران گردبونەوەی نارەزایەتیی بەڕێوەچو هێزە ئەمنییەکانیش بە لێدان و بەکار‌هێنانی چەکی ساچمەیی بڵاوەیان بە ناڕەزایەتیی ئەو شارە کرد. گەنجانی ناڕەزای بە ئاهەنگ گێران و سەما کردن لە گۆڕەپانی سەرەکیی شارەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زانکۆی فیردەوسی شاری مەشهەد رێگە نەدرا بە خوێندکارانی ناڕازیی بچنە هۆڵی کۆبونەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتیی دژی وتەبێژی حکومەت کە سەردانی زانکۆکەی کردبو دەرنەبڕن. خوێندکارێکی زانکۆ لە وتەبێژی حکومەتی ئێران دەپرسێت ئێوە کە بە لێدوانەکانتان پاساوتان هەیە بۆ هەموشتێک چ پاساوێکتان هەیە بۆ کوشتنی هەزار و 500 کەس لە ساڵی 2019؟.. دۆخی سەربازیی بەسەر شاری زاهیدان جێبەجێ دەکرێت و لە ترسی خۆپیشاندان ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لەو شارەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بڵاوەیان پێدەکرا. ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە رۆژی پێنجشەممە هاوڵاتییەکی دیکەی ئیسپانیا لە ئێران دەستگیر کراوە و ئەوەش دوەم هاوڵاتیی ئەو وڵاتەیە کە لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیر کراون پێشتر دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) رایگەیاندبو 11 هاوڵاتیی بیانیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکردوە لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە هۆشدارییان داوە کە گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەو هاوڵاتییە بیانیانەشی کە لەو وڵاتەن بگەڕێنەوە.

هاوڵاتی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگه‌یاند كه‌ لیژنەیەکی تایبەت چاودێری سەرجەم ئوتێلەکانی سلێمانی دەکات و هەر خاوەن ئوتێلێک رێگە بدات بە مانەوەی ئەو خێزان و منداڵانەی کە کاری نەشیاو یان سواڵ دەکەن سزای یاسایی دەدرێت.  ئاسۆ ئەحمەد- توێژەر لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی پاراستنی منداڵ رایگەیاند بەردەوام سەردانی ئوتێلەکان دەکەین بۆئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە منداڵی ئیشکەرو دەروەزەکەر لە ئوتێلەکاندا نەمێننەوە، کە زۆربەیان لە ناوچەو پارێزگاکانی دەرەوەی سلێمانییەوە هاتوون و سەربەخۆ یان لەلایەن خێزانەکانیانەوە کاری جۆراوجۆریان پێدەکرێت. باسی لەوەش کرد کە سەرەڕای کاری رۆژانەیان بۆ لای ترافیک و شەقام و شوێنەکانی کارکردن و کاری شەوانەیان کە ئوتێلەکان بەسەردەکەنەوە، لەگەڵ پۆلیسی نەوجەوانان و سەرپەرشتیاری کار لە بەرێوبەرایەتی کار سەردانی کافتریاو باڕەکان دەکەین و رێگە نادەین کار بە هیچ منداڵێک بکەن و هیچ منداڵێکیش سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.

هاوڵاتی لە ئەنجامی چالاکییەکی ڕۆژی ڕابردوی هەپەگە لە ناوچەکانی زاپ و خواکورکی باشووری کوردستان ١٥سەربازی تورک کوژران . ئەمڕۆ ناوەندنی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکیی گەریلاکان لە ناوچەکانی زاپ و خواکورکی باشووری کوردستان بڵاوکردەوە، کە دوێنێ ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ئەنجامیانداوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە لە ئەنجامی چالاکییەکانی دوێنێی پەکەکە لە ناوچەکانی زاپ و خواکورک ١٥ سەربازی تورک کوژران و هەشتی دیکەس بریندار بوون. ڕاشیگەیاندووە، سوپای داگیرکەری تورکیا هەشت جار بە بۆمبی قەدەغەکراو، سێ جار بە چەکی کیمیایی و دەیان جار بە تۆپ، تانک و چەکی قورس ناوچەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە. هەروەها شەهیدبونی سێ گەریلای ڕاگەیاند ، کە ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە بەرپەرچدانەوەیەکی سوپای تورکدا لە ناوچەی مەتینای باشووری کوردستان شەهیدبوون.  بەناوەکانی سیپان کاراکۆچان، جەسوور ڕۆبۆسکی و و ڕۆژگەر.

هاوڵاتی سیامەند موعینی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان–پژاك لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی رایگەیاند: پژاك هیچ كاتێك لەلیستی تیرۆردا نەبووە، ئەوە شەڕێكی تایبەتە كە بەدژی پژاك دەكرێت. ئاشكراشیكرد: مێزێكی تایبەت، هاوكارییەكی تایبەت لە نێوان ئیتڵاعاتی ئێران و میتی توركیاو پاراستنی ماڵی بارزانیدا هەیە، هەموو هەوڵێك دەدەن پژاك لەڕوانگەی سیاسی و دیبلۆماسی تەنانەت لەناو خودی گەلی كوردیشدا وای نیشانبدەن كە پژاك لەگەڵ ئەو گەلە نیەو ئەو بەشێك نیە لەو گەلە، ئەوەش لەچوارچێوەی شەڕی تایبەتە، ئێمە ساڵانە بەدەیان كۆنفرانس و سمینارو خۆپیشاندان بەناوی پژاك لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەكەین، هیچ كاتێك بەربەستمان لەلایەن هیچ وڵاتێكی ئەوروپاو ئەمریكاوە تەنانەت هیچ وڵاتێكی دنیاوە نەبووە. وتیشی: باسكردنی ئەوەی كە پژاك لەلیستی تیرۆردایە لەچوارچێوەی ئەو شەڕە تایبەتەدایە، پژاك لەلستی تیرۆردا نیە، بۆیە لەگەڵ هەر دانیشتن و لەگەڵ هەر حزورێكی گشتیدا بۆ رێكخستنی ئۆپۆزسیۆن لەئێران پژاك لەگەڵی دەبێت بەناسنامەی خۆیەوە، دەتوانم زۆر بە راشكاوی بڵێم نەبوونی پژاك لەنێو رێكخستنێكی وادا دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە نەتوانێت سەركەوتوو بێت، چونكە پژاك هێزێكی مەیدانیە و ئەو شۆڕشەی لە ئێران دەستیپێكردووە ئەوە نیشاندەری ئەوەیەو بۆ دۆست و دوژمن ئاشكرابوو كەهێزی ئەو فەلسەفەیە چەند بەهێزەو چەند دەتوانێت بەخێرایی بچێتە ناو جەماوەر و دەتوانێت ئاڵوگۆڕ دروست بكات. هاوسەرۆكی پژاك دەڵێت: پژاك ئەو هێزەیە كە دەتوانێت لەداهاتوودا ببێتە بەشێك لەهێزێك كە بۆ ئازادی لەئێران و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان تێكۆشان دەكات، هیچ سازشێك لەگەڵ هیچ هێزێك ناكات و ئەگەر بیەوێت رۆژهەڵاتی كوردستان و كوردستان بەگشتی بەكۆیلەتی بهێڵێتەوە، بەداگیركراوی بهێڵێتەوە، بۆیە ئێمە شەڕو تێكۆشان بەدژی ئەو زیهنیەتەش دەكەین.

شەنای فاتح پاش ئەوەی چەند منداڵێك لەقوتابخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی خواردنی خراپەوە ژەهراوی بوون، وەزارەتی تەندروستی لیستێكی خواردەمەنی قوتابخانەكانی بۆ وەزارەتی پەروەردە ئامادەكرد، كەڕێگەپێنەدراون لەفرۆشگای قوتابخانەكاندا، پزیشكێكیش دەڵێت هەڵبژاردنی ئەم جۆرە خۆراكانە بۆ قوتابخانە سەرەتاییەكان كارەساتە. رێكان كەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «پاش راگەیاندنی ئەو لیستە بەهەماهەنگی لەگەڵ تەندروستیدا رۆژانە تیمەكانی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت سەردانی فرۆشگای قوتابخانەكان دەكەن و هەر قوتابخانەیەك پابەند نەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و دەست بەسەر كەلوپەلەكانیاندا دەگیرێت». سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی وتیشی: «تائێستا پابەندنەبوونێكی بەرچاو نەبووە لەقوتابخانەكانداو ئەوەی هەیە كەموكوڕییە لەهەندێك بابەتداو لەقوتابخانەكانیشدا لیژنەی بەدواداچوون هەیە بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو». عومەر محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: « ئەو نووسراوەی لەوەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانییەوە هاتووە بۆ ئێمە پەیوەندیدارە بەتەندروستییەوە». وتیشی: «هەندێك خۆراك هەیە ناكرێت لەقوتابخانەكاندا بفرۆشرێت، بۆ نموونە ئەو خواردنانەی كەتوێكڵدارن، هەروەها ماددە گازییەكان كەهەموو كەس دەزانێت زیانی تەندروستی هەیە، هەوڵدراوە ئەو خۆراكانەی زیانیان نییە یان تاڕادەیەك قازانجیان هەیە بفرۆشرێن و بەشێوەیەكی گشتی رێنماییەكانمان پێباشە». عومەر محەمەد دەڵێت :» هەر قوتابخانەیەك پابەند نەبێت بەم رێنماییانە بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و چەند لیژنەیەكمان هەیە كەلیژنەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان و لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت و لیژنەی تەندروستی و لیژنەی فرۆشگای قوتابخانەكانە، كە هەر ماددەیەك یان خۆراكێك بەپێی ئەو رێنماییانە رێگەپێنەدراوە لەهەر قوتابخانەیەك هەبێت لێپێچینەوەی خۆیان دەكەن و لەئەگەری دووبارەبوونەوەیدا فرۆشگای قوتابخانەكە دادەخرێت». مانگی رابردوو لەقوتابخانەیەكی شاری سلێمانی نزیكەی ١٠٠ منداڵ بەهۆی خراپی خواردنی قوتابخانەوە ژەهراوی بوون، پاشان وەزارەتی تەندروستی لەنووسراوێكدا بۆ وەزارەتی پەروەردە چەند خۆراكێكی قەدەغەكرد. ئەو خۆراكانەی كە رێگەپێنەدراون لەفرۆشگای قوتابخانەكاندا بفرۆشرێن بریتین لە: لەفەی سوورەوەكراو (جگەر، پەتاتە، قیمەو گۆشت)- بنێشت، مۆتا، چلورە- ئەندۆمی-خواردنە گازییەكان- عەمبە- ئەو جپسانەی ماددەی رەنگیان تێدایە-بەرهەمی توێكڵدار-خواردنەوە گازییەكان- لیمەدۆزی و سماق) د.سەنگەر محەمەد پسپۆڕی تەندروستی گشتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باس لەو خۆراكانە دەكات كە لەفرۆشگای قوتابخانەكان دەفرۆشرێن و دەڵێت :» زۆربەی ئەو خۆراكانەی منداڵان بەكاریدەهێنن زۆرترین پێكهاتەی شەكرە كەزیانێكی زۆر بەتەندروستیان دەگەیەنێت و تا تەمەنی منداڵەكەش كەمتربێت زیانەكەی زیاتر دەبێت». وتیشی:» جپس و ئەندۆمی یەكێكن لەو خۆراكانەی كە لەئێستادا منداڵان زۆر بەكاریدەهێنن و بڕێكی زۆر لەچەوری خوێیەكان و ماددەی كیمیایی پارێزەری تێدایە سەرەڕای رەنگ كەماددەیەكی ناتەندروستییە كە مەترسییەكی جددییە لەسەر تەندروستی منداڵ». «ئەو خۆراكانەی بەشێكی زۆری شەكریان تێدایەو ئالوودەبوون دروستدەكەن هەم لەمنداڵان و لەكەسانی تەمەن گەورەش، هەروەها ئەو خۆراكانەی كەشەكریان تێدایە هۆكارێكن بۆ شێرپەنجەو خراپبوونی ددانەكان بەتایبەت لەمنداڵانداو هەڵبژاردنی ئەم جۆرە خۆراكانە بۆ قوتابخانەی سەرەتایی زۆر خراپە.» ئەو پزیشكە وا دەڵێت.  

هاوڵاتی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە نوێترین بڕیاریدا ڕایگەیاند، تورکیا مافەکانی 14 پەڕلەمانتاری سەر بە هەدەپەی پێشێل کردووە. بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی "میزۆپۆتامیا" دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەیدا ڕایگەیاند: فیگەن یوکسەکداغ‌ و 13 پەڕلەمانتاری تری سەر بە هەدەپە بەزیندانیکردنیان لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە، مافی دەنگدان‌ و خۆکاندید کردن‌ و ئازادی ڕادەربڕینیان پێشێلکراوە، ئەمەش پێشێلکردنی مادەی 18ی ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە. دادگا ئەوروپاییەکە، هەر لە بڕیارەکەیدا بڕی 184و 600ی یۆرۆی وەک قەرەبووی دارایی لە بەرژەوەندی فیگەن یوکسەغداغ‌ و پەڕلەمانتارانی تری هەدەپە بەسەر حکوومەتی تورکیادا سەپاندووە. شایانی باسە لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە فیگەن یوکسەکداغ‌ و سەڵاحەدین دەمیرتاش‌‌ و ژماره‌یه‌ك پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە و هەزاران کادرو لایەنگری ئەو پارتە ده‌ستگیركراون‌‌ و تائێستا له‌ زینداندان.

هاوڵاتی دادگایه‌کی تورکیا سزای پێنج مانگ زیندانی بەسەر سڕی سورەییا ئۆندەر پەرلەمانتاری پێشوی ھەدەپە سەپاند.   دادگای سزای ئاسڵیەی چوارەمینی ئامەد بە تۆمەتی بانگەشەی سوکایەتی بە حکومەت و دەوڵەت سزای پێنج مانگ زیندانی بەسەر سڕی سورەییا ئۆندەر پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" سەپاند. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەو  پەرلەمانتارەی پێشووی ھەدەپە مافی پارێزبەندی لێسەنرایەوە و دەستگیرکرا، بە پاساوی ئەوەی لە وتەکانیدا لەبەردەم دادوەر ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، ئیدارەی ئەردۆغان جێگەی گومانە و ئەوەش بە سوکایەتی بە سەرۆک کۆمار لەقەڵەمدرا.

هاوڵاتی لە شاری هەولێر مۆڵێک بەهۆی لێدانی گۆرانییەکی بەسەر سەدام حوسێن داخرا و قایمقامی هەولێریش دەڵێت. "خاوەنی مۆڵەکە کوردی باکووری کوردستانە". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10.11.2022 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە که‌ناڵی رووداوی راگەیاندووه‌، سێ رۆژە لیژنەکانی قایمقامیەت مۆڵێکیان لەسەر رێگەی کەسنەزان داخستووە بە تۆمەتی ئەوەی لەنێو مۆڵەکەدا گۆرانییەک لێدراوە کە بەسەر سەدام حوسێن دا گوتراوە. نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "دوای لێکۆڵینەوە، بۆمان دەرکەوت کە گۆرانییەکەی لە یوتیوبەوە بووە و لەکاتێکدا تراکەکانی نێو یوتیوب بەشێوەی خۆکارانە بەدوای یەکدا دەڕۆن، بێمەبەست چووەتە سەر ئەو گۆرانییە و بە ئەنقەست نەبووە". قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، خاوەنی مۆڵەکە هاونیشتمانیی باکووری کوردستانە و عەرەبی نازانێت، بۆیە دوای هۆشداری، رێگەی پێدەدرێت مۆڵەکەی بکاتەوە.

ڕاپۆرت: سەركۆ جەمال  ئەو پەرلەمانتارو فراكسیۆنانەی لەبەرامبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستیان راگەیاند، روئیاو ستراتیژێكی روونیان نیە، بەشێكیان دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووەو بەشێكیان تەنها بایكۆتی پەرلەمانیان كردووە. ئەوەی دەەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە تەنها فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی و شایان عەسكەری پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانە، فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ كشاوەتەوەو دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش نەكردووە، فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری و چوار پەرلەمانتاری  گۆڕان و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ تەنها بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان كردووە. رۆژی 6/11/2022 ماوەی پەرلەمانی كوردستان تەواوبوو، فراكسیۆنەكانی دەسەڵات (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) و پێكهاتەكان تەمەنی پەرلەمانیان بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێك درێژكردەوە، بەڵام ئەوانەی دژی ئەم درێژكردنەوەیە بوون هەڵوێستیان پەرتەوازەبوو. فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی و  چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕان و پەرمانتارێكی سەربەخۆ، ژمارەیان ٢١ ئەندامەو تەنها پێنج ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو و پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، پەرلەمانتارەكانی تر تەنها لەپەرلەمان كشاونەتەوەو نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان نەنووسیوە. عومەر گوڵپی ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەهاوڵاتی وت:هەڵوێستی 6-11-2022 كەكۆتا رۆژی تەمەنی یاسایی خولی پێنجەم بوو كشانەوەبوو لەپەرلەمان و ئەو دوودڵی و پرسیارانەش كەهەندێك هاوبەشی دەسەڵات دەیوروژێن لەداهاتوو وەڵامی خۆمان بۆیان دەبێت و ئێمە لەگەڵ لایەنەكان دەستی پێكەوە كاركردن درێژ دەكەین لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك كە تەعبیر لەئیرادەی خەڵكی كوردستان بكات. كاوە عەبدولقادر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئێمە لەپەرلەمان كشاینەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات هیچ كەسێكی دیكە نەخاتە شوێنمان، ئێمە لەدەرەوەی پەرلەمان لەفشارەكانمان بەردەوام دەبین و لەدادگای فیدراڵی عێراقیش لەو بارەیەوە سكاڵامان تۆمار كردووە. سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەوبارەیەوە بە هاوڵاتی وت: بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ١٩٩٢و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، شەرعییەتی پەرلەمان بۆ چوار ساڵە، بەڵام پەرلەمان خۆی ئەو یاساشكێنییە دەكات و مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەر لەخەڵك دەسێنێتەوەو خۆی تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە. پرۆژەی نووسینەوەی دەستورو هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەو پرسانەن كە پەرلەمان بەنیازە كاری لەسەربكات، ئەو پرسانەش پێویستیان بەسازانی نێوان لایەنەكانە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمان كشاوەتەوەو دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بەوتەی سەرچنار ئەحمەد، «پەرلەمان دەنگ و رەنگە جیاوازەكانی تێدانییەو ناتوانێت دەستور بنووسێتەوە». سەبارەت بەئەنجامدانی هەڵبژاردنیش، وتی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەستراوە بەپەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتییەوەو ئەگەر ئەوان نێوانیان خراپ بێت، رەنگە تەمەنی پەرلەمان زیاتر درێژ بكرێتەوەو تائێستا هیچ گرنتییەك نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەیەكدا. ئارام سەعید نووسەرو رۆژنامەنووس لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:پەرتەوازەبوونی دەنگی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە كاریگەریەكی نەرێنی هەیە لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و ئەوەی كەپێی دەوترێت ناڕازی بوون و خۆپیشاندانەكان، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە خۆ دەسەڵاتیش ئەوانەی كەحوكمڕانی دەكەن ناكۆكی لەنێوانیان هەیە، بەڵام كە دەكەوێتە سەر مەسەلە جەوهەرییەكان پێكەوە بڕیار دەدەن. ئەو چاودێرە سیاسییە وتیشی:ئەوەی مایەی سەرنجە تائێستا ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە لەیەك بابەتدا یەك هەڵوێستیان هەبێت، یەكێك دەڵێت بایكۆت و یەكێك دەڵێت كشانەوە یاخود دەستلەكاركێشانەوە، هەریەكەو مانایەكی هەیە لەڕووی یاساییەوە، ئەوەش مانای نەبوونی تێڕوانین و ستراتیژێكی روونە لەسەر ئەو بارودۆخەی لەكوردستان هەیە، هەرچەندە هەموویان ناڕازین. حاكم شێخ لەتیف شارەزای یاسایی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:درێژكردنەوەكە بە رای من نایاساییە، بەڵام دواجار دادگای فیدراڵی عێراق دەبێت بڕیار بدات، ئێستاش سكاڵایەك رەوانەی ئەو دادگایە كراوە، ئەگەر دادگاكە وتی نایاسایی نییەو پەرلەمان بەردەوام بوو ئیتر بەپێی ئەو ماددەیە دەتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانە بكات كەدەستیان كێشاوەتەوە یاخود بایكۆتیان كردووەو بڕیارەكانیشی پاڵپشتی دەكرێت. وتیشی:لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا روونە ئەگەر چەند پەرلەمانتارێك بەشداری دانیشتن نەكەن یان مووچەكەی دەبڕێت یاخود سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت دەستلەكاركێشانەوەیان یاخود لەدەستدانی ئەندامێتییان بۆ بكات.    

هاوڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی رووداوی مانگی رابردووی خنکانی کۆچبەرانی کوردستانی سووریا راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا کە مەزڵوم کۆبانی رۆژی سێشەممە لە هەژماری تویتەری خۆی بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: "رووداوی نقوومبوونی بەلەمی کۆچبەرانی خەڵکی کوردستان لە جەزائیر، کارەساتێکە پێشانی دەدات کە پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێش هەمووان هەوڵی زیاتر بگرێتە بەر بۆ دابین کردنی داهاتوویێکی باشتر بۆ خەڵکی ناوچەکە." فەرماندەی گشتیی هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش دەکات "بەرپرسیاریەتییەکە هاوبەش بکات و لە باش کردنی دۆخی خەڵک بەشدار بێت،" کە بە گوتەی خۆی "ناسەقامگیریی سیاسی، قەیرانی ئابووری و هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکاری تورک رۆژانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل و ئاوارەکانی ناوچەکە." لە درێژەدا مەزلوم کۆبانێ بەڵێن دەدات کە ئەوان "هەموو کارێک" دەکەن "بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە". فەرماندەی هەسەدە داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکات کە لە جەزائیر گیریان خواردووە، "هەموویان بگەڕێنەوە" دەشڵێت: "بەڵێنی هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین و یارمەتیی پێویستیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەڕێنەوە." شایانی باسە رۆژانی 3 و 4ی ئۆکتۆبەر، لە نزیک جەزائیر، دوو بەلەمی کۆچبەران کە بە ئامانجی گەییشتن بە ژیانێکی خۆشتر دەیانویست بچن بۆ ئیسپانیا، نقووم بوون و لە ئەنجامدا 13 کۆچبەر گیانیان لەدەست دا یان بێسەروشوێن بوون کە بەشی هەرە زۆریان خەڵکی کوردستانی سووریا و بەدیاریکراوی کۆبانێ بوون.

هاوڵاتی گۆڕان دەڵێت: كارەكانی ئەو لیژنەیەی لەگەڵ یەكێتی هەمانە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكان وەستاوەو رێكەوتنەكەی ساڵی 2014 پەكی كەوتووە، یەكێتیش دەڵێت: كێشەمان لەجێبەجێكردنی رێكەوتنەكەدا نیە.  كاوە عەبدوڵا رێكخەری ژووری حكومەتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی راگەیاند:" لەگەڵ یەكێتی لیژنەی بەردەواممان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، بەڵام ماوەیەكە ئەو لیژنەیە كارەكانی وەستاندووە، لەبەرئەوەی لەسەر هەندێك پۆست تێبینیان هەیەو ئێمە چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین". وتیشی:"بڕیاربوو پرۆژەیەكمان پێبدەن هەندێك پۆست لەساڵی 2014ەوە لای ئێمەیە، بەڵام بەشێك لەپۆستەكان تائێستا پێمان نەدراوەو چاوەڕێی ئەوەین دەستبكەینەوە بەگفتوگۆ لەوبارەیەوە". بەوتەی ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان «یەكێك لەو پۆستانەی گۆڕان هێشتا وەرینەگرتووە قایمقامی هەڵەبجەیە، لەگەڵ پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی گازو نەوت و قایمقامی سەیدسادق كەپێشتر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام تائێستا وەرنەگیراوە». كاوە عەبدوڵا دەڵێت:"رێككەوتنێكمان هەیە لەساڵی 2014ەوە لەسەر بەشێكی زۆری پۆستەكان، بەڵام ئەو رێككەوتنە وەكو رێككەوتنەكانی دیكە بێ كەموكوڕی نییە، ئاساییە كێشە هەبێت، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە بڵێی پرۆژەم هەیەو دانوستانەكانیش لەوبارەیەوە كۆتایی پێبهێنیت و بەجۆرێك لەجۆرەكان رێككەوتنەكە تووشی ئیفلیجی بووە ". بەڵام سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ گۆڕان هەمانە سەبارەت بەپۆستەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین كە دەیان پۆست دەگرێتەوە وەكو یەكێتی هیچ كێشەیەكمان لەجێبەجێكردنیدا نییە". وتیشی:"ئەو پۆستانەی ئاڵوگوڕی دواكەوتووە تەنها مەسەلەی رۆتیناتەو هەندێكیشیان بەهۆی رێكارە كارگێڕییەكانەوە بووە، ئەگەر برادەرانی گۆڕان گلەییەكیان هەبێت تیمی حكومی هەردوولا چارەسەری دەكەن". «تەنها پۆستی یەكێتیش كە لای گۆڕان مابێت پۆستی پارێزگاری سلێمانییە كەدەبوو لە 2018 ەوە رادەستی یەكێتی بكرایە، ئەگەرنا ئێمە سێ رێكەوتنمان لەگەڵ گۆڕان هەیەو سەرجەم رێكەوتنەكانیش بەگرنگ دەزانین و جێبەجێی دەكەین» وتەبێژی یەكێتی وای وت. هاوكات نزار مەحمود، باژێروانی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت:"ئێمە لەگەڵ یەكێتی دوای دروستبوونی پارێزگای هەڵەبجە، لایەنەكان لەگەڵ یەكێتی رێككەوتین كەپۆستەكان دابەش بكەین، لەساڵی 2019 كۆتا كۆبوونەوە كراوە و رێككەوتین لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام یەكێتی وردە وردە پۆستەكان پڕدەكاتەوەو پابەندی رێككەوتنەكە نییە". ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەڵێت:"پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەڵەبجەو بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی هەڵەبجەش دوو پۆستی دیكەی باڵان كە تائێستا یەكێتی نەیداوەتە گۆڕان".