وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت، راپۆرتی هەژاریی فرەڕەهەند - MPI) بەبێ ئاگاداری و بەشداریی ئەوان ئامادە و بڵاوکراوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو هەر لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کاری لەسەر بکرایە.   رۆژی چوارشەممە، 30-07-2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە بەغدا، راپۆرتی (هەژاریی فرەڕەهەند)ی راگەیاند کە بە هاوکاریی رێکخراوی UNDP ئامادە کراوە.   وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم راپۆرتە بێ ئاگاداریی ئەوان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە، دەبووایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم راپۆرتە و وردەکارییەکانی بکرایە، تاوەکو راوبۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێیدا جێگیر بکرێت.   وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "پێویستبوو دوا رەشنووس بە دەستمان بگات تاوەکو پێشوەخت ئەنجامەکانی پەسند بکەین و ئامادە بین لە رێوڕەسمی راگەیاندنی و دواتر سوود لە ئەنجامەکانی وەربگرین."   بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، رێژەکانی ئاماژەپێکراو لە راپۆرتەکەدا پشتی بەستووە بە داتاکانی دوا رووپێوی (ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان) بۆ ساڵانی (2023-2024) و لە رۆژی 26-2-2025 ئەنجامەکانی راگەیێندراوە.   عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لە بەشێکی قسەکانی دا باسی رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، هەولێر کەمترین رێژەی هەژاری تێدایە لەسەر ئاستی عێراق.   هینداوی گوتی، "هەولێر کەمترین رێژەى هەژاریی فرە رەهەندى تۆمارکردووە بە 6.8%، ئەم رێژەیە لە دهۆک و سلێمانى کەمێک بەرزدەبێتەوە، بەوپێیەى دهۆک پێشتر لە ساڵى 2014  چەند شەپۆلێکى ئاوارەبوونى زۆرى لەخۆگرت، ئەمەش کاریگەرى لەسەر ئاستى خزمەتگوزاری و بژێوى لە پارێزگاکە هەبووە". راگەیەنراوێک لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمەوە  ئەم بەیانیە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە شاری بەغداد ئەنجامدا، تیایدا ڕاپۆرت (هەژاری فرە ڕەهەند MPI) ڕاگەیاند کە بەهاوکاری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP)  ئامادە کرابوو، لێرەوە ڕایدەگەیەنین: ئەم ڕاپۆرتە بێ ئاگاداری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری هەرێم ڕێکخراوە کە دەبوایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم ڕاپۆرتەو وردە کارییەکانی بکرایە تاکو ڕاوبۆچوونی حکومەتی هەرێم تیایدا جێگیر بکرابا، هەروەها پێویست بوو کە دوا ڕەشنوس بە دەستمان بگات تاکو پێشوەخت ئەنجامەکانی پەسەند بکەین و ئامادە بین لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی و دواتر سود لە ئەنجامەکانی وەر بگرین.  جێگەی ئاماژەپێکردنە رێژەکانی ئاماژەپێکراو لە راپۆرتەکەدا پشتیبەستووە بە داتاکانی دوا ڕووپێوی (ئابوری و کۆمەڵایەتی خێزان) (٢٠٢٣-٢٠٢٤)و لە ( ۲٦ـ۲ـ۲۰۲٥ ) ئەنجامەکانی راگەیندراو بەمەنهەجیەتی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی کاری لەسەر کراوە کە لە ساڵانی پێشتر پێکەوە لەگەڵ دەستەی ئاماری عیراق راهێنان کرابوو بۆ بەکارهێنانی نیشاندەرەکانی تاکو نەک تەنها هەژاری ماددی  بنەمای پلان و ستراتیجەکان بێت (بەپێی ئەنجامەکانی رووپێوی ئاماژەپێکراو لە عیراق ١٩.٣% و لە هەرێم ٨.٦%) بەڵکو ڕێبەری هەژاری فرەڕەهەند دروست بکرێ بۆ پەنجە دانان لەسەر جۆرەکانی تری هەژاری لە کۆمەڵگا.

محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لە ساڵی 2018 تا ساڵی 2024 ڕێژەی هەژاری بۆ 10.8% دابەزیوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاپۆرتی پێوەرەکانی هەژاری فرە ڕەهەندی نیشتمانی سەرجەم پارێزگارەکانی گرتەوە، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە. لە میانی پێشکەشکردنى ڕاپۆرتێک لەسەر پێوەرەکانی هەژاریی فرەڕەهەندی نیشتمانی ڕۆژی چوارشەممە، تەمیم ڕایگەیاند، پێى چەند پێوەرێکی هەژاری فرەڕەهەند لە 11.4% لە ساڵی 2018 بۆ 10.8% لە ساڵی 2024 دابەزیوە، بەڵام حکومەت بەنیازە سیاسەت و پلانی هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام ئەم ڕێژەیە زیاتریش کەمبکاتەوە. ئەو ئەوەشى خستەڕوو پێوەرەکانی هەژاری دەستنیشانکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و باشترکردنی ئاستی ژیانی هاوڵاتیان لە پارێزگاکان، بە پشتبەستن بەو ئەولەویەتانەی کە ڕەنگدانەوەیان هەیە، چ لە ڕووی جوگرافیەوە. وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق گرنگیی چارەسەرکردنی هەژاری و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دەزانێت، بەو پێیەی لە ڕیزبەندی ئەولەویەتە سەرەکییەکانی بەرنامەی حکومەتەکەی داناوە، سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ 17.5% بە بەراورد بە زیاتر لە 20% لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەمە نەبووەتە ڕێگری لە فراوانبوونی لێکۆڵینەوەی ئەم دیاردەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق لە پێشەنگی جیهاندایە لە ئامادەکردنی پێوەرێکی فرەڕەهەندی هەژاری منداڵان، بەو پێیەی پێشتر یەکەم ڕاپۆرت لە ساڵی 2022دا بڵاوکرایەوە، هەروەها بەرەو ئامادەکردنی پێوەرێکی نوێ بۆ هەژاریی منداڵان لە ماوەی ساڵی 2026دا دەڕۆین، دوای تەواوبوونی خولی حەوتەمی ڕاپرسیی پۆلی پێوەرە فرە نیشاندەرەکان" وتیشى: سیاسەتەکان بە ئامانجی باشترکردنی توانای تاک یان خێزانی عێراقی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتەکانیان، بەڵام لە گەڕان بەدوای ئاستەنگە سەرەتاییەکانی گەشەپێدان کە دەبێت ڕێگاکانیان هەڵسەنگێندرێت و بۆشاییەکانی بەردەم کۆمەڵگەی عێراقی دەبێت چارەسەر بکرێن. ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتی پلاندانان هەوڵیدا هاوکار بێت لەگەڵ هەردوو بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستپێشخەریی هەژاری و گەشەپێدانی مرۆیی بۆ کارکردن لەسەر تەواوکردنی ڕاپۆرتێکی نیشتمانی هەژاری لەژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە ڕووپێوی کۆمەڵایەتی و ئابووریی عێراقی بۆ ماڵان دابینیکرد لەڕووی نیشاندەری سەردەمیانە و هەمەلایەنە لەسەر بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزانی عێراقی. ژمارەکان وادەڵێن: ڕێژەی هەژاری بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە:  -ڕێژەی هەژاری ساڵی 1995 - 75% بووە. -ڕێژەی هەژاری ساڵی 2007 - 22.9% بووە. -ڕێژەی هەژاری ساڵی 2012- 18.9% بووە. -ڕێژەی هەژاری ساڵی 2018 - 20.1% بووە. -ڕێژەی هەژاری ساڵی 2024 - 17.5% بووە. پێوەرە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە:  -بژێویی ژیان. -خوێندنی باش.  -تەندروستیی باش و خۆشگوزەرانی.    دیارترین ڕواڵەتەکانی هەژاری لە عێراق بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەکان: -بێبەشبوون لە خوێندن 61%. -بێبەشبوون لە تەندروستی 33.1%. -بێبەشبوون لە داهات (ناوخۆیی) 18.9%. -بێبەشبوون لە خزمەتگوزاتگوزارییەکان بەگشتی 6%.   ئەو پارێزگایانەی باشترین پێوەرەکانیان بۆ دابەزاندنی هەژاری جێبەجێ کردووە: -پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان  -بەغدا و کەرکووک   ئەو پارێزگایانەی ڕێژەی هەژاری فرەڕەهەند تیایاندا بەرزە: -موسەننا لە باشووری عێراق. -پارێزگا ڕزگارکراوەکانی دەستی داعش.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕایگەیاند، هێرشه‌ درۆنييه‌كان بۆ سه‌ر ژێرخانی وزەی هه‌رێمى كوردستان، زيان بە ئابووريى عێراق دەگەیەنێت، هەروەها ڕاوێژكارى باڵاى به‌ريتانياش دەڵێت: وەڵاتەکەی ئامادەی هەموو هاوكارىی و پشتيوانييه‌كە بۆ پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان. لە ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه، ‌30ـی تەممووزی 2025، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ جێگرى ئه‌دميراڵ ئێدوارد ئالگرين، ڕاوێژكارى باڵاى به‌ريتانيا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافريكا و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك ڕاوێژكار و كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تيشك خرايه‌ سه‌ر مه‌ترسييه‌ ئه‌منييه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌. نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسيیه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا ده‌كات، ده‌رباره‌ى هێرشه‌ درۆنييه‌كانيش بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، هەروەها به‌ ئامانجگرتنى ژێرخانى وزه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و زيان بۆ ته‌واوى ئابووريى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا و داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ڕێگرى له‌و هێرشانه‌ بكرێت. ڕوونیشکراوەتەوە، ئالگرين وێڕاى نيشاندانى پابه‌ندیى به‌ريتانيا به‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها هه‌موو هاوكارى و پشتيوانييه‌كى به‌ريتانياى بۆ پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ نيشان دا. لە دیدارەکەدا، تاوتوێی سيستەمى فيدراڵى له‌ عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى سووريا و مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌و وڵاته‌، له‌گه‌ڵ دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركيا کرا.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە ڕایگەیاند، پێویستە بە تێکۆشانی هاوبەش بەها هاوبەشەکانمان، دارستانەکانمان و ئاو و خاکەکەمان بپارێزین. هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەمساڵدا لە تورکیا و کورستان زیاتر لە سێ هەزار ئاگرکەوتنەوەی دارستان ڕوویداوە و تەنها لە مانگی حوزەیران و تەمووزدا لانیکەم ٦٥٠ سووتانی دارستانەکان کەوتووەتەوە. کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، پەیوەست بە سووتاندنی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان و تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. دەقی بەیاننامەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە: “کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە بە تێکۆشانی هاوبەش دەبێت! لە تورکیا و کوردستان هەر ڕۆژە و سووتانی دارستانێک و قڕکارییەکی نوێی ژینگەیی ڕوودەدات و لە ئەنجامدا باجێک دەدەین کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین قەرەبووی بکەینەوە. دوای ئەوەی لە ئەسکیشەهیر ١٠ کرێکار لە ئاگری دارستانەکەدا گیانیان لە دەستدا، بەداخەوە لە بورسایش قوربانی لێکەوتەوە. هەروەها پێش چەند ڕۆژێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سووتانی دارستانەکاندا لە گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە. ئەم لە دەستدانە مەزنانەی کە لە تورکیا و کوردستاندا کەوتەوە زۆر غەمگین و دڵگرانی کردین. پێش هەموو شتێک بە ڕێزدارییەوە یادی ئەم ڕۆڵانەی گەل دەکەینەوە کە لە پێناو پاراستنی ژینگەدا گیانی خۆیان کردە قەڵغانێک و گیانی خۆیان بەخشی. سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەکانیان دەکەین لە تورکیا و کوردستان. هەروەها بۆ پاراستنی دارستانی بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتی، بە فیداکارییەکی مەزن لە ڕیزی پێشی پێشەوەدا پێزانینی خۆمان لە ڕۆشتنی هاوڕێکانمان دەردەبڕین. ئەم ڕۆڵانەی گەل کە لە سووتانی دارستانەکاندا گیانیان لە دەستدا نیشاندەری بەپێزترین نموونەی وڵاتپارێزی و تێکۆشانی ئیکۆلۆژییە. ڕایدەگەیەنین لە هەموو بارودۆخێکدا بە مەزنکردنی تێکۆشانی ئیکۆلۆژی ئەو سرووشتە بپارێزین کە لە پێناویدا گیانمان بەخشیووە. بێگومان ئەم دۆخە سەختەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا ئەوە دەردەخات کە ناتوانین وەک دەسەڵاتداران بانگەشەی ئەوە بکەین کە ئەمە بگەڕێنینەوە بۆ گەرمبوونی هەوا یان نەبوونی هۆشیاری. وەک زیانەکانی ئێستا، ئەو زیانانەی لە ساڵی ڕابردوودا لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی ئامەد و ماردیندا تووشی بوون، بە ڕوونی بەرپرسیارێتی دەوڵەت نیشان دەدەن. بۆیە وەک گەلەکەمان لە دوای ئەم ڕووداوانە لە ناڕەزایی خۆیدا دەریخست، کەسی سەرەکی بەرپرسیار لەم دەرئەنجامە سەختانە، حکومەتی ئاکەپەیە. هەرچەندە خەباتکار گیانی خۆیان بەخت کرد و چوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام کەرەستەی پێویستیان پێنەدرا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، هەلومەرجی کارکردنی سەلامەتیش ئامادە نەکرابوو. بەرپرسانی حکومەت خۆیان لە لێدوانەکانیاندا دانیان بەوەدا ناوە کە هیچیان لەبارەی ئاگرەکەوە نەکردووە و تەنها سەیری ئاگرەکەیان کردووە. هەموو ئەمانە بەرپرسیارێتی حکومەت لەم زیانانەدا ئاشکرا دەکات. بۆ شەڕ پارە هەیە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەمساڵدا لە تورکیا و کورستان زیاتر لە سێ هەزار ئاگرکەوتنەوەی دارستان ڕوویداوە و تەنها لە مانگی حوزەیران و تەمووزدا لانیکەم ٦٥٠ سووتانی دارستانەکان کەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا بە دەیان هەزار هێکتار لە دارستان لە ناوچوون. وێڕای ئەوەی دەزانرێت ساڵ بە ساڵ گەرمی هەوا زیاتر دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، بەڵام حکومەتی ئاکەپە هیچ ڕێوشوێنێکی بەرانبەر ئەم مەترسییە نەگرتووەتەبەر. هاوشێوەیی کارەستی بوومەلەرزە، لافاو و کارەساتەکانی دیکە، سووتاندنی دارستانەکانیش بێخەم جێهڵدراوە، دەوڵەت ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات و ئەم هەڵوێستە خەمساردییە بووە هۆکاری کەوتنەوەی کارەسات و لە دەستدانی نوێ. دەوڵەت کە ساڵانێکە بە پاساوی ئاسایشی جەنگەوە ملیۆنان دۆلاری خەرجکردووە و خۆیی هەڵدەنێت بەوەی یەکێکە لە سوپا هەڵبژاردێراوەکانی ناتۆ، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان پارەی نییە، بێ چارە ماوەتەوە. دەسەڵاتداری ئاکەپە کە بۆ کڕینی فڕۆکەی نوێی جەنگی ئامادەکاری دەکات و خەرجی سەربازی زیاتر دەکات، لە بەرانبەر سووتانی دارستانەکان هیچ هەنگاوێکی نەناوە. حکومەتی ئاکەپە، نەک هەر بێباکە لە سووتانی دارستانەکان، بەڵکوو بە سیاسەتەکانی دژ بە گەل و سروشت، ساڵانێکە هێرشی گەورە ئەنجام دەدات و ڕیکۆردی نوێ لە سیاسەتەکانی قڕکردنی ئیکۆلۆژیدا دەشکێنێت. لەوەتەی هاتۆتە سەر دەسەڵات، چاوپۆشی لە ئاو و دارستان و زەوی و زاری گەل دەکات بە یاسای دژ بە گەل و سروشت و بە سیاسەتی بەرفراوانی کرێخۆری ئەمانە دەسەپێنێت. سەرەڕای دووبارەبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، دارستانەکانی شارەکانی تورکیا پێشکەش بە کۆمپانیاکان دەکرێن. بەهەمان شێوە لە کوردستان، لە شرناخ، ساڵانێکە تاڵانکردنی دارستانەکان لەلایەن سەرباز و جەردەوانی گوندەکانەوە بەبێ پچڕان بەردەوامە و ئەمەش لە سەرتاسەری بۆتاندا بڵاودەبێتەوە. بە تایبەتی لەگەڵ یاسا نوێیەکانی سەردەمی دەسەڵاتداری حکومەتی ئاکەپەدا، گۆرەپانی دارستانەکان پێشکەش بە کۆمپانیاکانی کانگا و وزە دەکرێت. لە لایەکی ترەوە ناوچە دارستانە سووتاوەکان لە دۆخی دارستانەکان لادەبرێن و ڕێگە بە دروستکردنی بینای نوێ دەدرێت. هەموو ئەمانە پرسیار و نیگەرانییەکان لەسەر ئەم ئاگرکەوتنەوانە زیاتر دەکەن. وێڕای فیداکاری پێویستە ڕێکخستنبوونیش پێشکەوێت هەروەها ئەم ئاگرانەی کۆتاییە پێمان دەڵێت بەهیچ جۆرێک ناتوانین گیان و دارستانەکانمان بسپێرینە ئەم دەوڵەتە کە قڕکردنی ئیکۆلۆژی سەختتر دەکات و بۆ کرێخۆری، ڕووبار، خاک و دارستانەکانی گەل پێشکەشی کۆمپانیاکان دەکات. تا ئێستا ئەو ئاگرانە زیاتر بە فیداکاری و خەباتی ئەو خەڵکە کوژاوەتەوە کە لە پێناویدا گیانیان بەخشیوە نەک لە ڕێگەی خودی دەوڵەتەوە. دۆخی ئێستا ئەوە نیشان دەدات کە چاوەڕوانییەکان لە دەوڵەت، دەتوانن دەرئەنجامەکانی ئەگەری کارەسات خراپتری لێ بکەوێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە، وەک هەموو ئەو کارەساتانەی کە ئەگەری ڕوودانی هەیە، ئەم قوربانیدان و پشتیوانییەی کە گەل لە بەرانبەر ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکاندا نیشانی دەدەن، ببێتە ڕێکخستن و بەدامەزراوەییکردنی هەمیشەیی و درێژخایەن. ئەوەی سروشت و ژیان ڕزگار دەکات، ئەو دەوڵەتە نییە کە چاوی لە بەهاکانمان بڕیووە، بەڵکوو تێکۆشانی هاوبەشمانە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، دەبێت ئەم سیاسەتانەی کرێ و بێباکی دەوڵەت ئاشکرا بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم بەها هاوبەشانە کە لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ گەیشتوونەتە دەستمان، تەنیا لە ڕێگەی هاوکاری و ڕێکخستنی فراوان و بەدامەزراوەییکردنەوە دەتوانرێت بپارێزرێن. ئەو گەلانەی ئەم فیداکارییەیان نیشان داوە بە دڵنیاییەوە دەتوانن بە بەهێزترین شێوە ئەو خەباتە ئیکۆلۆژییەی کە بناغەی داهاتوومان پێکدەهێنن ئەنجام بدەن و وەڵام بۆ هەموو کێشەکان بدەنەوە. تێکۆشانی هاوبەش مسۆگەری ئایندەیە بێگومان ئەو زیان و لەدەستدانانەی تاوەکوو ئێستا لە سووتانی دارستانەکان و تێکۆشانی ئیکۆلۆژییدا داومانە، وێڕای بەرپرسیارێتیمان پێمان دەڵێت پێویستە چی هەنگاوێک بگرینەبەر. گرنگی پشتیوانی هاوبەش کە پێویستە لە هەموو لایەکی تورکیا و کوردستاندا بەهێزی بکەین، ئەو تێکۆشان، ڕێکخستنبوون و چالاکییە جۆربەجۆرانە نیشان دەدات کە دەبێت ئەنجامی بدەین. دەبێت پارێزگاری لە بەهای هاوبەش، دارستان و ئاو و خاکەکەمان بکەین. وەک پارێزەرانی ژینگە، ئیکۆلۆژیست، ڕۆشنبیر، گەنج، ژن، بە کورتییەکەی وەک هەموو گەلان کە لەسەر ئەم خاکە دەژین، لە بەرانبەر ئەم کۆمەڵکوژی و قڕکردنانەی کە ڕوودەدەن، دەبێت پەرە بە تێکۆشانمان بدەین و بەبێ ئەوەی ئەم میراتییە کەم و لەناوبەرین بگەینینە ئایندە و نەوێ نوێ، تێکۆشانی هاوبەش لە بەرانبەر مەترسییەکان مەزنترین مسۆگەرییە.”

بەمەبەستى دابینکردنى ١٢٠ ملیارى داهاتى ناوخۆ، حکومەتى هەرێم لەڕێگەى وەزارەتى داراییەوە دەستیکردوە بەکەمکردنەوەو لێببڕینى خەرجى و نەسریەى سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانى. سەرچاوەیەکى ئاگادار لەیەکێک لەوەزارەکانى حکومەتى هەرێم، بەهاوڵاتى ڕاگەیاند: ماوەى دوو ڕۆژە نوسراوێکى وەزارەتى دارایی گەیشتوەتە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەو دەستەکان بەمەبەستى لێبڕینى ٢٠%ى خەرجى و نەسریەى هەمووى، ئەمەش لەپێناو دابینکردنى ١٢٠ ملیار داهاتى ناوخۆیە بۆ ئەوەى بنێردرێت بۆ بەغدا. بەوتەى ئەو سەرچاوەیە داواشکراوە بەزوویی هەموو فەرمانگەکان خەرجى و پێداویستیەکانیان لەگەڵ ئەم نوسراوەى وەزارەت بگونجێنن و لەمەودوا، مانگانە ٢٠ى نەسریەکانیان کەمدەکرێتەوە، ئەوە پارەی مانگانەش پێیان دەدرێت بەچەند گوژمەیەک دەبێت و ناتوانن بەیەکجار هەموو نەسریەو خەرجیەکانیان بدرێتێ. بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا، لەبەرامبەری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەبێت 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات، لیستی مووچەی مانگی شەش لە بەغدایە وردبینی. ماوەى چەند ڕۆژێکە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی داهاتی نانەوتی مانگی شەش ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی بۆ  وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت. لەلایەکى دیکەوە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی مووچەی مانگەکانی شەش و حەوت و هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات. بەگوێرەی کارنامەکە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران سێ تەوەرە تاوتوێدەکات، لە تەوەرەی یەکەمدا بەدواداچوون بۆ دواهەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگەکانی شەش و حەوت و کاری لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق و کوردستان دەکات. لە تەوەرەی دوومیشدا، تاوتوێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەڕیى کۆمیانیاى سۆمۆوە بەگوێرەى رێککەوتنی هاوبەشی هەولێر و بەغداد، هەروەها کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت راپۆرتی وەزارەتەکەی سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت و هەنگاوەکان بۆ هەناردەکردنەوەی دەخاتەڕوو.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، هیوادارم پارە و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەزە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، حەماسیشى تۆمەتبارکرد بە دزینى ئەو پارەو هاوکارییانە. ترەمپ لە لێدوانێکى بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رۆژانە پارە و هاوکارییەکى زۆر دەنێردرێت بۆ غەزە، حەماسیش دەیدزێت. جەختى کردەوە پارەیەکی زۆر دەنێردرێت و گوتى: هیوادارین دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئەم پارەیە لە ناوچەکەدا هەبێت، باسى لەوەش کرد، وەڵامی باشمان وەرگرتووە سەبارەت بە دابەشکردنی پارە و هاوکارییەکان، دەمانەوێت هەمووان دەستیان بە خۆراک بگات. ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، کە بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لەگەڵ کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تاوتوێ نەکردووە، روونیشیکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ستارمەر هەمان هەڵوێستیان هەیە لەسەر ئیسرائیل، ئەمەش بەو مانایە نییە، کە ئەمریکا لەگەڵیان هاوڕا بێت. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ماکرۆن کارێکی باش دەکات، بەڵام من لەگەڵ راگەیاندنەکەیدا نیم، کە دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت، پێموایە ستارمەریش کارێکی باش دەکات و هەمان لێدوانی داوە و ئەوەش باشە، مەرج نییە من رازی بم.

بوومەلەرزەیەکی بەهێز نیمچەدوورگەی کامچاتکای رووسیای هەژاند و لە هەندێ ناوچەی ئەو وڵاتە و ژاپۆن بووە هۆی دروستبوونی سوونامی.    بوومەلەرزەکە بە گوڕی 8.8 پلەی رێختەر بوو و کۆمەڵێک پاشلەرزەی بەهێزیشی بەدوادا هات و بووە هۆی دروستبوونی سوونامی لە هەندێک ناوچەی کەناراوی زەریای هێمن.    وەزارەتی کاروباری نائاسایی رووسیا بڵاویکردەوە، سوونامی دروستبووە و بەشێک لە شارۆچکەی سڤیرۆ کورلیسکی داوە و بەو هۆیەوە نزیکەی 2 هەزار کەس لە دانیشتووانەکەی بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.  بوومەلەرزەکە دەبێتە هۆی تسونامیەکى نوێ، لەئێستادا شەپۆلە بەهێزەکان دەستیان کردووە بەجوڵە بەرەو کەناراوەکانی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی زەنگى ئاگادارکردنەوەی ئەوە خرایەخڕوو کە تسونامی بۆ ناوچەکانى سەرانسەری زەریای هێمن و چەند ناوچەکى دیکەى ئەمریکا بەڕێوەیە بەرپرسانى حکومى ئەو ناوچانەى کە ترسى ئەوەیان هەیە  تسونامیەکە بیانگرێتەوە، داوا لە دانیشتوانیان کراوە بەخێرایی ناوچەکە بەجێبهێڵن یان بچنە شوێنە بەرزەکان و پارێزگاری هاوایی داوای لە خەڵک کرد دەستبەجێ ناوچە کەنارییەکان چۆڵ بکەن. لە ئەمریکا، بەرپرسانی هاوای و کالیفۆرنیا هۆشداری دەدەنە هاوڵاتییان کە لە کەناراوەکان و ناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە.   شارەزایان لە کالیفۆرنیا دەڵێن ئەگەری کەمە زیانی گیانیی کارەساتبار لە ئەمریکا بکەوێتەوە، لە کاتێکدا پارێزگاری هاوای داوا لە هاوڵاتییان دەکات ئارامیی خۆیان بپارێزن. دەزگای کەشناسی ژاپۆن داوای لە دانیشتووانەکەی کردووە لە کەناراوەکان دوور بکەونەوە و خۆیان نەخەنە دەرەوە بۆ ناو دەریا تاوەکو هۆشدارییەکە هەڵدەگیرێت. دەسەڵاتدارانی مەکسیک و ئەندەنوسیا هۆشداری هاوشێوەیان بۆ دانیشتوانی کەناراوەکان داوە.   لە رووسیا، چەند کەسێک لە رۆژهەڵاتی دووری وڵاتەکە بە سووکی بریندار بوون، هاوکات شەپۆلەکانی سوونامی بەشێک لە شاری سڤیرۆ کورلیسکی ژێرئاو خستووە.   بەپێی دەزگای رووپێویی زەویناسیی ئەمریکا، ئەم بوومەلەرزەیە بە گوڕی 8.8 پلە، شەشەمین بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە مێژوودا تۆمارکرابێت.   لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا، ئەمریکا و ژاپۆن لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوون کە ئاگاداریی سوونامی و فەرمانی چۆڵکردنیان دەرکردووە.   لە ژاپۆن، یەکەم شەپۆلەکانی سوونامی تێبینی کراون، کە بەرزییەکەیان لە کەناراوەکانی هۆکایدۆ (دوورگەیەکە لە تەنیشت رووسیا) گەیشتووەتە 40 سانتیمەتر - تائێستا هیچ کەسێک بریندار نەبووە.   فەرمانی چۆڵکردن بۆ کەناراوەکانی ژاپۆن لەسەر زەریای هێمن دەرکراوە، کە ئەگەری هەیە شەپۆلی تاوەکو بەرزیی سێ مەتر رووی تێبکات.   وێستگەی ئەتۆمیی فۆکوشیما کە لە سوونامییەکەی ساڵی 2011دا زیانی پێگەیشتبوو، چۆڵکراون. بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی بەرزبونەوەی شەپۆلی دەریایی بەهێزی كتوپڕ "تسونامی" لە باکوری زەریای هێمن، ئەوەش  وایكردووە، دەسەڵاتدارانی روسیا، ژاپۆن، ئەمریکا و چەند وڵاتێک کە هاوسنورن یان دەکەوێتە ناو زەریای هێمن، هۆشداریی تسونامیی بڵاوکردەوە. دەستەی جیۆفیزیکی سەربە ئەکادیمیای زانستی روسیا لقی کامچاتکا، جەختیكردەوە،  بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ بەهێزترین بوومەلەرزە بووە لە ساڵی ١٩٥٢ەوە، بووەتە هۆی دروستكردنی شەپۆلی مەترسیداری تسونامی بەدرێژایی کەناراوەکان.  

بەپێى ڕاپرسیەکى نوێى رۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆتی ئیسرائیلی، کەئەمڕۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە دەریدەخات لەماوەى یەک ساڵى ڕابردوودا رێژەى ئەو هاوڵاتى و بەرپرسە ئەمریکانەى کە پشتیوانى ئیسرائیل و شەڕى غەززەیانکردوە بەرێژەى ١٠% دابەزیوە. ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەوەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی ڕاستەقینەی پشتیوانی گشتی ئەمریکا بۆ ئەو شەڕەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە بەڕێوەدەچێت. ڕاپرسییەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکردوە بە لێکۆڵینەوە لە هەڵوێستی ئەمریکییەکان بەرامبەر بە شەڕەکە و لەو ڕاپرسییەدا ٥٠٪ی بەشداربووان پشتگیریان لە شەڕی دژی حەماس لە غەززە کردووە و تاکە ڕاپرسییەکە لەو کاتەوە تاکە لایەنگرانی شەڕەکە زیاتر بووە لە نەیاران. بەڵام لەچەند مانگى ڕابردودا ڕۆژبەڕۆژ لەو کاتەوە، وردە وردە پاڵپشتی گشتی ئەمریکا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕاپرسییەکەی ئێستادا کە لە نێوان ٧ی تەموز تا ٢١ی تەمموزی ئەمساڵ ئەنجامدراوە، دابەزینی ڕاستەقینەی ئەم پشتیوانییە بەدیهاتووە: ئێستا ٦٠٪ی بەشداربووان دژی شەڕەکەن، لەکاتێکدا تەنها ٣٢٪ پشتگیری شەڕەکە دەکەن. ڕاپرسییەکەی پێشووتر لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامدرا و بە بەراورد بەو ڕێژەیە، ڕێژەی ئەو ئەمریکییانەی کە پشتیوانی شەڕەکە دەکەن، بە ڕێژەی ١٠% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها ڕێژەی ئەوانەی دژایەتی دەکەن بە ڕێژەی ١٢% بازدان بەخۆیەوە بینیوە. وێنە توندەکانی منداڵانی برسی لە غەززە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا پەخش دەکران – ئەو وێنانەی کە بوونە هۆی پەرەسەندنی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل،  ترامپ دوێنێ بە ئاشکرا دژایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی غەززەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم وێنانەی برسێتی ناتوانرێت "ساختە" بکرێن.  پێشتر نەتانیاهۆ ناچار بووە ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت، دوای چەند مانگێک لە فەرمانی ڕاگرتنی هەموو هاوکارییەکانی بۆ غەززە، ئێستاش ئیسرائیل خۆی یارمەتییەکان بە ئاسمانەوە دادەبەزێنێت سەرەڕای بانگەشەکانى  سەبارەت بە "هەڵمەتێکی برسیکردن"ی ساختە بە سەرۆکایەتی حەماس. لەبەشێکى دیکەى ڕاپرسییەکە ئاماژە بە نزمبوونەوەی دەیان ساڵەی ناوبانگ و جەماوەریی نەتانیاهۆ لە ئەمریکا دەکات: 52%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە، کە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا ئەنجامدراوە (سەردانێک کە تێیدا چەندین چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکان ئەنجامداوە)، وەڵامیان داوەتەوە کە بۆچوونێکی نەرێنییان لەبارەیەوە هەیە.  بەگوێرەی ئاژانسی ئەی پی، ئەمە نزمترین ئاستە لە ماوەی 28 ساڵدا، لە سەرەتای دەستپێکردنی یەکەم خولی سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ لە ساڵی 1997.  لە ڕاپرسییە نوێیەکەدا تەنها 29% وەڵامیان داوەتەوە کە بۆچوونێکی ئەرێنییان هەیە لەسەر ناتانیاهۆ، لە هەر 10 بەشداربوویەک، 2 کەسیان وەڵامیان داوەتەوە کە هیچ بۆچوونێکیان نییە یان بە هیچ شێوەیەک نەیانبیستووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەدوو سەرچاوەى ئاگادارەوە دەستکەوتوون، کارەکانی ئەو چوار لیژنە هاوبەشەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لەسەر دۆسیەکانی (نەوت، داهاتی ناوخۆ، بودجە، و پرۆژەی هەژماری من) پێکهێنرابوون، ڕووبەڕووی سستی و وەستان بوونەتەوە.   بەوتەى سەرچاوەکان یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان، پەیوەستە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی. بڕیاربوو لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق، سەردانی کوردستان بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم ئامانجی لیژنەکە دیاریکردنی داهاتەکان و جیاکردنەوەی داهاتە سیادی و ناسیادییەکان بوو، تا بزانرێت کام بەشەی پێویستە لەگەڵ بەغدا بەپێی ڕێژەی ٥٠٪ دابەش بکرێت. دوای تێپەڕبوونی نزیکەى دوو هەفتە بەسەر ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، جارێکی دیکە ئاڵۆزی و سستیی لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەدا سەریهەڵداوەتەوە. سەرچاوەکان ئەوەیان خستوتەڕوو تا ئێستا شاندی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەولێری نەکردووە، لە کاتێکدا ماوەی دیاریکراو بۆ کارەکانی لیژنەکە خەریکە کۆتایی دێت. بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانی عێراقی لە لیژنەکەدا بەبێ سەردانکردنی هەرێم، ڕاپۆرتێکیان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە و تێیدا گلەییان لە "هاوکارینەکردنی" شاندی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە لەو ڕاپۆرتە و بڕیارە وەڵامی فەرمی بداتەوە و هەموو زانیارییەکی پێویست لەبارەی داهاتی ناوخۆوە بخاتەڕوو.  بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 120 ملیار دینار وەک بەشێک لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات. هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی پێنج پابەندی ئەم خاڵە بوو، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕە پارەیە داهاتی یەک مانگ نەبووە، بەڵکو هی چەند مانگێک بووە. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بۆ مانگی شەشیش توانای ناردنی 120 ملیار دیناریان هەیە، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو داهاتی ناوخۆ بەشی ئەوە ناکات و لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن مانگانە 60 ملیار دینار ڕادەستی بەغدا بکەن. سەرەڕای ئەم کێشانە، لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و وردبینی بۆ کراوە و هیچ کێشەیەکی نییە. بەڵام ناکۆکییەکانی سەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بەتایبەت لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ، بووەتە هۆی دواکەوتنی ناردنی پارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە. هاوکات، لیژنەی تایبەت بە دۆسیەی نەوت هێشتا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی تەواو نەکردووە و وادەی کارەکانی لەم یەکشەممەیەدا کۆتایی دێت.

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دووبارە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، تاوەکو بۆ پەسەندکردنی  بیخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داهاتووەوە. بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی)، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە.  ئەم لیژنەیە كە پەرلەمانتار (كەریم علێوی) سەرۆكایەتیی دەكات، بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ میوانداریی فەریق روكنی یەكەم (تەحسین عەبدولمەتەر) ئەمینداری گشتی دەستەی حەشدی شەعبی و بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی دەستەی حەشدی كرد. لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی بڕگە سەرەكییەكانی پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) گفتوگۆ كرا، پرۆژەیەك كە پێشتر لە پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوەو بەمدواییە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەفەرمی و لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هۆشداری بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دا، لەبارەی دەركردنی ئەو یاسایە.  سەرباری هەڕەشەكانی ئەمریكا، سودانی سورە لەسەر تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی و وەكو بەشێك لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەی ناوی دەبات. لە كۆتایی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقدا پێشنیاری ئەوە كراوە پرۆژەی یاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەكانی بۆ ئەوەی بیخەنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی ئایندەی پەرلەمانەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەری. رۆژی 23ـی ئەم مانگە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، رۆبیۆ لەبارەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە نیگەرانیی ئەمریکای بە سودانی گەیاند و پرۆژەکەی بە زیاترکردنی هەژمووی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بەسەر عێراقەوە دەزانێت. لە نوێترین پەرەسەندندا، ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی چونە سەر فەرمانگەی كشتوكاڵی ناوچەی كەرخ، ئەمە كاردانەوەی ئەمریكای بەدوای خۆیدا هێناو سودانیشی توشی شەرمەزاریی كرد، بەتایبەتی لەكاتێكدا مشتومڕ لەسەر دەركردنی یاسای حەشد هەیە. بەگوێرەی ڕەشنوسی یاساکە وەک ئەوەی ڕۆژنامەکە ئاماژەی پێداوە، حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی سەربازی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دەزگای هەواڵگریی تایبەت بەخۆی دەبێت و دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت ئەنجام بدات، هاوکات هێزەکانی حەشدی شەعبی  نوێترین ئامێری تەکنەلۆژیای سەربازییان بۆ دابین دەکرێت و ئەکادیمیایەکی تایبەت بۆ ئەندامەکانی دادەمەزرێت. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پلەی وەزیری پێدەدرێت و دەبێتە ئەندامی هەمیشەیی لیژنەی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، هەر بەو پلەیەش خانەنشین دەکرێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازیکرد لە نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتى و سه‌رۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق و رایگەیاند، "گرنگە" ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێت.   رۆژی سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتى و سه‌رۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق کۆبووەتەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى به‌رزنرخاندنى ئاماده‌يى و رۆڵى UN له‌ عێراق، جه‌ختى له‌ پێويستى و گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ گفتوگۆ و مسۆگه‌ركردنى ناردنى مووچه‌ و شايسته‌ دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ڕێككه‌وتنه‌كان كرده‌وه." دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2025/7/29 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌سسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتى و سه‌رۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق، كۆبووه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و هێرشه‌ درۆنييه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى ڕۆڵ و كارنامه‌ى تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌و ماوه‌يه‌ى كه‌ له‌ عێراق ماويه‌تى،‌ بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى به‌رزنرخاندنى ئاماده‌يى و ڕۆڵى UN له‌ عێراق، جه‌ختى له‌ پێويستى و گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ گفتوگۆ و مسۆگه‌ركردنى ناردنى مووچه‌ و شايسته‌ دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ڕێككه‌وتنه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕێگريكردنى له‌ هێرشه‌ درۆنييه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌ پێويستييه‌ك بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا. لاى خۆيه‌وه‌، به‌ڕێز ئه‌لحه‌سسان وێڕاى ده‌ربڕينى نيگه‌رانى له‌ هێرشه‌ درۆنييه‌كان و پێويستيى ڕێگه‌لێگرتنيان، هه‌موو پشتيوانييه‌كى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ناردنى شايسته‌ داراييیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات، دووپات كرده‌وه‌. دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وەكه‌ بوو.

ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ كەناڵی "الحدث"  باسى لەسەر چەند پرسێکى جیاوازکردوە، لێرەدا بەشێک لەپەیامەکانى دەخەینە ڕوو. ئەو دەڵێت ئاگادار کراینەوە کۆبوونەوەی پاریس لەسەر داوای دیمەشق بەهۆی ڕووداوەکانی سویدە دواخراوە، وەکخۆشى بەشداری کۆبونەوەی پاریس دەکات، وتیشى:  دیمەشق ئامادەیی خۆی پێی راگەیاندوین بۆ رازیبوون بە داخوازیی کورد، لەبارەی زمان و مافە کولتوورییەكان. لەسەر ڕێککەوتنامەى ١٠ى ئازارى دیمەشق ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار بە هۆکاری پەیوەست بە ئێمە و دیمەشق بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت، وتیشى: ئێمە پابەندین بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە کاتی هەیە. عەبدى باس لەوەدەکات ڕۆژانە لەڕێگەى کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوریا گفتوگۆیان هەیە،  وتى: خەریکە خولی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق ئەنجام دەدەین. ئاماژەى بۆ ئەوەکرد یەکخستنی (١٠٠) هەزار چەکدار لە وەزارەتی بەرگری سوریا پرۆسەیەكی گەورەیە، بەڵام لەگەڵ حکومەت هاوڕاین لەسەر یەکڕیزی سوریا بە یەک سوپا و یەک ئاڵا،  هەندێک دامەزراوەی سیادی  دەبێت بە ناوەندگەرایی بمێننەوە. جەختى کردەوە ئەوان داواى ئەوەیانکردوە زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی زمانی فەرمی بێت لە ناوچە کوردنشینەکان، دەشلێت: بە فەرمی داوامان لە دیمەشق كردووە بۆ گەڕانەوەی دامودەزگاکانی حکومەت، بۆ شارەكانی رەقەو حەسەکەو دێرەزور. بەشێک دەبین لە وەزارەتی بەرگری سوریا. سەبارەت بەڕۆڵى وتاڵان فەرماندەى هەسەدە دەلێت: سعودیە دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی ببینێت ئەگەر وەک ناوبژیوانێک لە دانوستانەکانمان لەگەڵ دیمەشقدا، هەوڵ دەدەین ئاگربەست لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بگۆڕین بۆ ئاشتییەکی گشتگیر. هەر لەوچاوپێکەوتنەید، مەزڵوم عەبدى دەلێت: تاکە بژاردەی ئێمە لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆیە، دیدارەکەم لەگەڵ سەرۆک شەرع ئەرێنی بوو، دوای سێ کاتژمێر گفتوگۆ توانیمان بگەینە رێککەوتن. پێشى وایە رووداوەکانی سوەیدا هانیان دەدات بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن، وتى: هەموومان لەسەر یەکگرتوویی سوریا هاوڕاین و نا ناوەندێتی بە مانای دابەشکردنی وڵات نییە.

روانگەی ئابوری "ئیکۆ عێراق" ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە: بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ (120) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی كردنە ئامانجی کێڵگە نەوتییەکانی لە ماوەی رابردوودا بۆ (81) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزی. روانگەکە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە ژێرخانی نەوتیان کردە ئامانج، بەرهەمی هەرێم بۆ (81) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزی، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوەو، بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی (120) هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی ئابی داهاتوو، تێکڕای بەرهەمهێنان بگاتە (٢٨٠) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەم ئاستە نزیکە لە ئاستی بەرهەمهێنانى پێش هێرشەکان. ئیکۆ عێراق راشیگەیاندووە: تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان وەزارەتی نەوت و هەرێم نەکراوە، سەبارەت بە کاتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کوردستانەوە.

زیاتر لە مانگێکە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نێردراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تائێستا وردبینی لیستەکەی تەواو نەکردووە. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووزە. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی داهاتی نانەوتی مانگی شەش ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی بۆ  وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتى: هەموو ئامادەکارییەک کراوە، هەرکاتێک فرمانمان بۆ بێت، 120 ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق. بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی تەواو نەکردووە.   ئەو لیستە لە 25ی حوزەیرانەوە لە رێگەی تیمێکی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە.   سەرچاوەکە ئەوەشى خستەڕوو: تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق ئاگاداری نەکردووینەتەوە کە وردبینی لەو لیستە تەواو بووە و تێبینیی خۆیانی پێ نەگەیاندووین.   وەزارەتی دارایی عێراق 24ی تەممووز مووچەی مانگی ئایاری هەرێمی کوردستانی نارد، بەڵام تائێستا وادەی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران دیار نییە، لەکاتێکدا بەرەو کۆتایی مانگی تەممووز دەچین.

روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لە هەڵمەتێکی چاوەڕواننەکراودا، دەسەڵاتدارانی دیمەشق نزیکەی 200 دادوەریان لە پارێزگا جیاوازەکانی سوریا لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە. روانگەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە دۆسیەی بەشێک لەو دادوەرانەدا نوسراوە عەلەوی، ئەوەش ئاماژەیەکی روونە کە هۆکاری تائیفیی لەپشت دوورخستنەوەیانە. وەک سەرچاوەکان ئاماژەیان پێداوە، چوار دانیشتنی دادگایی بەڕێوەچووە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەک دادوەر لەژێر فشار و هەڕەشەدا ناچاربوون دەستلەکاربکێشنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی حکومەت بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی و خستنەڕووی بابەتەکە وەک دەستلەکارکێشانەوەی خۆبەخشانە. هەندێک دادوەری دیکەش، تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلیان دراوەتە پاڵ و لە دۆسیەکانیاندا ئاماژەی پێدراوە وەک بیانوویەک بۆ دوورخستنەوەیان. روانگەی سوری هۆشداریداوە لەو پێشێلکارییانە کە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەخاتە مەترسییەوە، داواشدەکات لایەنە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوە لەو رێوشوێنانە بکەن کە بەرامبەر دادوەرەکان گیراوەتەبەر.