چاوهڕوان دهكرێت ئهمڕۆ پرۆسهى گواستنهوهى زیندانیكراوانى داعش له سوریاوه بۆ عێراق كۆتایی پێبێت، وهزیرێكیش دڵنیایی دهدات هیچ كام له زیندانیكراوان بۆ ههرێمى كوردستان ناگوازرێنهوه. میدیاكان بڵاویانكردهوه، ئهمڕۆ دوا كاروانى زیندانیكراوانى رێكخراوى داعش له سوریاوه دهگوازێنهوه و له زارى سهرچاوه ئاگادارهكانهوه بڵاویانكردهوه كه كۆى ئهوانهى گوازراونهتهوه دهگاته پێنج ههزار و 500 زیندانى. خالید شوانى، وهزیرى دادى عێراق رۆژى چوارشهممه له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامهنووسان رایگهیاند، ئهو زیندانییانهى له سوریاوه دهگوازرێنهوه، هیچیان نابريَنة زیندانهكانى ناو ههرێمى كوردستان. روونیشیكردهوه، ههردوو زیندانیی (چهمچهماڵ) و (سوسێ) تایبهتن به تاوانه گشتییهكان و تایبهت به تیرۆر نین، بۆیه زیندانیكراوى رێكخراوهكه له زیندانهكانى تایبهت به تیرۆر دادهنرێن كه دهكهونه ناوهڕاست و باشوورى عێراق. سهبارهت به ژمارهشیان وهزیرى داد وتى، پێشبینى دهكرێت بگاته شهش ههزار. زۆرینهى زیندانیكراوه گوازراوهكان ههڵگرى بڕوانامهى بیانین و بنهچهیان دهگهڕێتهوه بۆ نزیكهى 60 ولآتى جیاواز، خالید شوانى روونیكردهوه، ههماههنگى و پهیوهندى بهردهوام لهگهڵ هاوپهیمانیی نێودهوڵهتى و وڵاتانى پهیوهندیدار ههیه بۆ گهڕاندنهوهیان پاش تهواوكردنى سهرجهم رێوشوێنه یاساییهكان بهرامبهریان. ههفتهى رابردووش خالید یهعقوبى، راوێژكارى سهرۆك وهزیرانى عێراق بۆ كاروبارى ئاسایش رایگهیاند، نزیكهى ههزار و 300 زیندانیكراوى داعش گوازراونهتهوه بۆ ناو خاكى عێراق، كه له نێوانیاندا تهنها چوار عێراقى ههن. روونیشیكردهوه، دهسهڵاتدارانى عێراق رهزامهندییان لهسهر وهرگرتنى زیندانییهكانى سهر به رێكخراوهكه دا لهپێناو رێگرى له ههڵاتنیان له زیندانهكانى سوریا، بههۆى ئهو دۆخه ئهمنییهى لهماوهى رابردوودا لهناوخۆى ئةو ولآتة هاته ئاراوه. ئهنجومهنى باڵاى دادوهرى-یش له كاتێكى پێشتردا دووپاتیكردهوه كه دادگاى عێراقى دهستیكردووه به رێوشوێنه یاساییه پێویستهكان دهرههق به تۆمهتبارانى زیندانیكراوه، كه له زیندانییهكانى ژێر دهسهڵاتى هێزهكانى سوریاى دیموكراتهوه بۆ زیندانهكانى ناو عێراق دهگوازرێنهوه. له 21ى كانونى دووهمى رابردوو فهرماندهیى ناوهندیی ئهمریكا بڵاویكردهوه، دهستیانكردهوه به گواستنهوهى زیندانیكراوهكانى داعش له سوریاوه بۆ بهندینخانهكانى عێراق. ئهوكات ئاماژهى بهوهشدا كه ئهركى گواستنهوهكه به ههماههنگى هێزهكانى ئهمریكا دهبێت، لهنێویاندا گواستنهوهى 150یان كه له شارى حهسهكهوه گوازرانهوه سهرجهمیان "لهسهر ئاستى سهركردهى رێكخراوهكه" بوون له كردهوهكانى داعش له عێراق له ساڵى 2014، كاتێك رێكخراوهكه دهستى بهسهر رووبهڕێكى فراوانى خاكى عێراق و سوریادا گرت.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەزاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بڵاویكردووەتەوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی تەنف بە تەواوەتی كشاونەتەوە، کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریاو عێراق و ئوردن. بەوتەی سەرچاوەكە، کاروانە سەربازییەکان بە یەكجار بنکەکەیان بەجێهێشتووەو بەرەو خاکی ئوردن رۆیشتوون، ئەوەش کۆتایی بە ساڵانێک لە بوونی سەربازی لە یەکێک لە هەستیارترین و ستراتیجیترین خاڵەکانی بیابانی لە سوریا هێنا. بەگوێرەی زانیارییەكان، بنكەكە رادەستی وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتیی سوریا کراوە، فیرقەی ٥٤ دەستی کردووە بە بڵاوەپێکردن لە ناو بنکەکەو دەوروبەری و دامەزراندنی بنکەی سەربازی و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی توندی ئەمنی. هۆکاری ئەم کشانەوەیە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، لە سایەی بێدەنگییەکی فەرمی سەرنجڕاكیشدا. هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە لە بنکەی تەنف جێگیر بوون، ناوچەی دەوروبەری وەک ناوچەیەکی سەربازی داخراو ناسێندرا کە بە ناوچەی ٥٥ کیلۆمەتری ناسراوە و لەناو ئەو ناوچەیەدا هاتنە ژوورەوەی هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان قەدەغە کران، بەوەش بنکەکە بووە قەڵایەکی ستراتیژی بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵە سەربازییەکان و دەستەبەرکردنی هێڵەکانی دابینکردن لە قووڵایی بیابانەکانی سوریادا.
لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارو پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، زۆر شوێن بڵاویان کردووەتەوە ڕێککەوتن کراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە لە پیرمام، پارتی و یەکێتی لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە. بەپێی قسەی بەرپرسانی هەردوولا، کۆبوونەوەکەیان ئیجابی بووە و لێکنزیکبوونەوەی باشیش هەیە لە نێوانیان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام تا ئیستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار. ئاڤا زانیویەتی لەسەر هەندێک بابەت لێکتێگەیشتنی باش هەبووە، بەڵام بۆچوونی جیاوازیش هەبووە لەلایەن هەردوولا، بۆیە نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک و ڕێککەوتن لەسەر هیچ ناوێک نەکراوە بۆ کاندیدی سەرۆککۆمار. هەردوولا گفتوگۆیان کردووە پۆستی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بکرێنە یەک پاکێج، کاتێک لەسەر سەرۆککۆمار رێککەوتن، دواتر دەست بە گفتوگۆ بکەن لەسەر پێکهێنانی حکومەت. ئەگەر ڕێککەوتن، ئەوا کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەناو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە کۆی دەنگ دیاری دەکرێت. هەروەکو لایەنە سوننی و شیعییەکان، چۆن لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران لەنێوان خۆیاندا ڕێکدەکەون و کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستەکان دیاری دەکەن، کوردیش ئاوا دەکات، کەسێک دەکەنە سەرۆککۆمار، کۆدەنگی لایەنە کوردییەکانی لەسەر بێت. بۆ ڕێککەوتنی کۆتاییش، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، جارێکی دیکە کۆببنەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران دەستکاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە رەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆ بووەوە . لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە مانگی 11ی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ( جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان کرا. ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند کرا و حکومەتی فیدڕاڵ پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، ڕەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ڕێکاری بە پەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینیەک لەسەر بابەتی سەرژمێریی و لێکەوتەکانی، ئەنجوومەنی وەزیران، وێرای دەستخۆشی لە وەزیری پلاندانان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەکە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان %14.1ە . لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان ، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و رێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبوڵی بکەن رێژەی دانیشتووانی هەرێم لە رێژەی فەرمی ڕاگەیەنراوی خۆی کەم بکرێتەوە. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و رێژەی دانیشتووانی هەرێم کە 14.1%ـە ، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی. پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەکە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرا تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیيان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی 132ی دەستوور و یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2025 ی هەمواری یاسای زیندانیيانی سیاسیی عێراق، لەمبارەیەوە سەرەتا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پوختەیەکی بابەتەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو و دواتریش ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی دەستووریی و قانونی و لایەنی دارایی بابەتەکەی خستەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمیی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسیی کە بە گوێرەی ماددەی 132 ی دەستوور ، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەستووریی حکومەتی فیدڕاڵیە بە یەک چاو سەیری هەموو زیندانیانی سیاسیی بکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو.
پەرلەمانتارێکى عێراق وەڵامی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و وتى: عێراق باخچەى پشتەوەى تورکیا و ئەمریکا و هیچ داگیرکەرێک نییە، عێراق وڵاتی شەهیدان و پێغەمبەرانە، هاکان ئەم پاڵەوانێتییەى دەریدەخات بۆ بەرامبەر ئیسرائیل دەری نەخستووەتەڕوو کە ئیهانەی تورکیای کرد، بۆیە سنووری خۆى نەزانیت تەربێتت دەدەین. دواى ئەوەى هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک هەڕەشەی دەستوەردانی لە کاروباری عێراق کردبوو، عەلا حەیدەری پەرلەمانتارى عێراق لە بەرنامەیەکى کەناڵی ڕەشید وەڵامى دایەوە. ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند، عێراق باخچەى پشتەوەى تورکیا و ئەمریکا و هیچ داگیرکەرێک نییە، بەدڵی خۆیان بەکاربهێنن، عێراق وڵاتی شەهیدان و پێغەمبەرانە، هاکان ئەم پاڵەوانیەتییەى بۆ بەرامبەر ئیسرائیل نەخستووەتەڕوو، کە ئیهانەی تورکیای کرد. ئاماژەى بەوەشکرد، تورکیا لە ٢٠١١وە بە هەزاران دۆلار پارەى لە سووریا خەرجکرد، ئیسرائیل بەیەک شەو سووریای داگیرکرد و بەشار ئەسەدى ڕووخاند، ئیهانەى هاکان و سەرۆکەکەیشی کرد، ئێستا دێیت و هەڕەشە لە عێراق دەکەیت؟ باسی لەوەشکرد، ئێوە بەرژەوەندیتان لەگەڵ عێراق هەیە، چونکە ٢٠ ملیار دینار ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، هەروەها ٦٠٠ کۆمپانیات لە عێراق هەیە، ئەگەر هاکان پێگە و سنووری خۆی نەزانیت تەربێتت دەدەین، وەک چۆن ئەوانەی پێش ئەویشمان تەربێت دا. ئەمە لەکاتێکدایە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی تورکیی ڕایگەیاندبوو، دەبێت حكومەتی عێراق سوود لە ئەزموونی حکومەتى سووریا وەربگرێت و هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی خاكی خۆیدا بسەپێنێت و سەروەری عێراق بپارێزن، دەشڵێت: “لە دوای سووریا نۆرەی عێراقە و دەچینە ئەوێش.”
سەرۆک بارزانی و جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ (عێراق- ئێران) و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەری عێراق لە ناوەندی لێکۆلینەوەی ئاتلانتیک کاوسل بارودۆخی هەنوکەیی ناوچەکە بە گشتی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پەیوندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد. بارەگای بارزانی راگەیەندراویکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، رۆژی چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە فیکتۆریا تەیلەر, جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ (عێراق- ئێران) و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەری عێراق لە ناوەندی لێکۆلینەوەی ئاتلانتیک کاوسل (Atlantic Council) کرد. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەدیدارەکەدا بارودۆخی هەنوکەیی ناوچەکە بە گشتی و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و دوا هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پەیوندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لە بارەوە کرا. هەروەها باسی لەوەش کردووە، هەر لەو دیدارەدا دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکان خرانە بەر باس، فیکتۆریا تەیلەر ئاماژەی بە رۆلی گرنگی سەرۆک بارزانی دا لە هەوڵەکانی لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بۆ جێگیربوونی ئاگربەست و گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان، و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەرقەراربێت و ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام بێت، و هەردوولا پابەندبن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو رێککەوتنی نێوانیان لە پێناو نەمانی شەڕ و ئاڵۆزی، لەو پێناوەشدا هەرچیەک بە ئێمە کرابێت لە رووی نێوەندگیری لە نێوان هەردوولا و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەومان و زیانبەرکەوتوان ئەنجاممان داوە.
🔹مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە وتارێكدا بەبۆنەی "ساڵڕۆژی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی"یەوە: ♦️پێشوازی لە ناڕەزایەتییەکان دەکەین؛ بگرە بە نیعمەتی دەزانین، ئەرکی ئێمەیە گوێ لەم ناڕەزایەتیانە بگرین. ♦️هیچ ئێرانییەکی راستەقینە چەک هەڵناگرێت بۆ کوشتنی ئێرانییەکی تر ♦️هیچ ئێرانییەک ئاگر لە مزگەوت و هۆكاری گواستنەوەی گشتی یان موڵکی گشتی بەرنادات ♦️داوا لە بێگانە ناكات ئەم وڵاتە، خاکەکەی، یان ئاوەکانی پێشێل بکات. ♦️ئێمە لە حکومەت هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ♦️پێویستە جیهان ئەمڕۆ بزانێت چۆن گەلی ئێران بە ملیۆنان هاتۆتە گۆڕەپانەکە بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان. ♦️ئێمە بەدوای چەكی ئەتۆمییەوە نین و ئامادەین بۆ هەر پشتڕاستكردنەوەیەك، بەڵام مل بۆ داواكاریی زیادەڕۆ كەچ ناكەین.
بە واژۆی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی ئەو وڵاتە گۆڕدران. مستەفا چفتچی بووە وەزیری ناوخۆ و ئاکن گورلەک بووە وەزیری داد. بڕیارەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026 لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە. لە بڕیاری دەستبەکاربوونەکەدا کە بە واژۆی ئەردۆغان کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، مستەفا چفتچی لە شوێنی عەلی یەرلیکایا وەک وەزیری ناوخۆ و ئاکن گورلەکیش لە شوێنی یڵماز تونچ وەک وەزیری داد دەستبەکاربوون. چفتچی لە ساڵی 2023 بووە پارێزگاری ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان و پێشتریش لە 2018-2023 پۆستی پارێزگاری چۆرومی بەڕێوەبردبوو. ئاکن گورلەکیش لە ساڵانی 2022-2024 جێگری بەکربۆزداغ، وەزیری دادی ئەو کاتە بوو و لە 8ی تشرینی یەکەمی 2024یش لە شوێنی شەعبان یڵماز وەک سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستەنبووڵ دەستنیشان کرا. ئاکن گورلەک چەند مانگێک دوای دەستنیشانکردنی وەک سەرۆکی داواکاری گشتی، بەهۆی لێکۆڵینەوە لە شارەوانییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بەتایبەتی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ، قسەی زۆری لەسەرکرا، لەوانەش لە لایەن ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەوە کە بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژە بەرامبەری وایکرد لە دادگە سکاڵای لەسەر تۆماربکرێ.
ماڵپەرى ئەلمۆنیتۆر ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوەوتیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو ماوەى دوو هەفتەیە پڕۆسەی گواستنەوەی ئەو شەڕڤانانەی کەخەڵکی سووریا نین و لەڕۆژئاواى کوردستانن و نزیکن لەپارتى کرێکارانى (پ.ەک.ەکە) لە باکووری سووریاوە بۆ ناوچەى قەندیل دەستیپێکردووە. بەپێى ڕاپۆرتەکە ئەم هەنگاوە وەک بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی نوێ نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا، تا ئێستا بە لایەنی کەمەوە 100 شەڕڤان لە سووریاوە چوونەتە هەرێمی کوردستان و چوونەتەوە بارەگای سەرەکییان لە چیای قەندیل کراون. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کالن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا(میت) خۆشحاڵیی خۆیان بەم هەنگاوە دەربڕیوە، ئەمەش بووەتە هۆی نەرمبوونی هەڵوێستی ئەنقەرە بەرامبەر هەسەدە.
هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2026ـی مامۆستایانی گرێبەست لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. عەلی ڕەئووف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە ئاڤا میدیای گوت، هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژانی یەکشەممە 15-2-2026 و دووشەممە 16-2-2026، مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2026ـی مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت. نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست گوتیشی، کۆی گشتی ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 43,033 مامۆستا، بەشێوەیەک 37 هەزار و 933 مامۆستا لە وەزارەتی پەروەردە و چوار هەزار و 100 مامۆستاش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خزمەت دەکەن. - سەبارەت بە شایستە داراییەکانیشیان، نوێنەرەكەی مامۆستایانی گرێبەست گوتی: مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی دیبلۆم بڕی 400 هەزار دینار و خاوەن بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس بڕی 500 هەزار دینار وەک مووچەی مانگانە وەردەگرن، ئەمەش تێچووی مانگانەی زیاتر لە 24 ملیار دینارە. ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی دارایی عێراق، 931 ملیار و 257 ملیۆن دیناری وەک مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و بڕیارە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت. - وەزارەتی دارایی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی یەکی بڵاو کردەوە. داوای لە فەرمانبەران کرد لە ئەمڕۆ دوای کاتژمێر یەکی نیوەرۆ سەردانی بانکەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان.
رۆژی سێشەممە، 10-2-2026، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسی پێشوو و شارەزای دۆخی سووریا و ناوچەکە دانیشتنێکی لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکادا رێکخست. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سووریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع/جۆلانی، چەندین پەیامی هۆشیارکەرەوەی توند و زانیاری گرنگی تێدا بوو کە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی دیمەشق کران. لێرەدا بەکورتى و بە پوختى گرنگترین ئەو خاڵانە دەخەینەڕوو کە لە ناوەڕۆکی ڕێنماییەکانی کۆبونەوەکەی دوێنێى کۆنگرێسی ئەمریکا خرایە ڕوو: 🔴 پرسی کەمینەکان کۆنگرێسمانەکان جەختیان لەوە کردەوە کە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی جۆلانی لەگەڵ کورد، دروز و عەلەوییەکان، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەو حکومەتەیە بۆ بەدەستهێنانی هەر جۆرە شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی. پەیامەکە ڕوون بوو: ئەگەر سووریا ببێتە دەوڵەتێکی تائیفی کە تەنها سوننە تێیدا باڵادەست بێت و کەمینەکان بچەوسێنێتەوە، ئەمریکا وەک ڕژێمێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. واتە پۆلێنکردنەوەی دەسەڵاتی ئێستای سوریا لە لیستی ئەو دەسەڵاتانەی دڵەڕاوکێی تایبەت بۆ ئەمریکا دروست دەکەن، هەتا ئەو کاتەی گۆڕانکاری کرداری لەهەڵس و کەوتەکانیدا ڕودەدات 🔴 هۆشداری توند سەبارەت بە گۆڕینی دیمۆگرافی. لە کۆبوونەوەکەدا هۆشداری درا بە حکومەتی نوێ کە هەر هەوڵێک بۆ دەرکردنی عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوەکان، یان هێرشکردنە سەر دروزەکان لە سوەیدا و کوردەکان لە باکوور، دەبێتە هۆی چالاککردنی خێرای یاسای پاراستنی کەمینەکان. کۆنگرێس ڕایگەیاند کە ڕێگە نادەن سووریا ببێتە مەیدانی پاکتاوی ڕەگەزی. 🔴 سەبارەت بە پرسی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) کۆنگرێس هۆشداری سەربازی دا بە جۆلانی کە هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد، بە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دادەنرێت. گرتنەبەری میکانیزمی ڕون و تایبەت لە ژێر چاودێری کۆنگرێس بۆ چاودێریکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی کاتی سوریا. 🔴 سەبارەت بە زیندانیانی داعش ئەمریکا حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەر ناسەقامگیرییەک کە ببێتە هۆی ڕاکردنی چەکدارانی داعش لەو زیندانیانەی لە ناوچە کوردییەکانن. 🔴 سزاکان و یاسای قەیسەر کۆنگرێس زانیاری ئەوەی درکاند کە هیچ پلانێک نییە بۆ لابردنی سزاکانی یاسای قەیسەر (Caesar Act). بەپێچەوانەوە، ئەگەر پێشێلکاری بەرامبەر دروز و عەلەوییەکان و کوردەکان بەردەوام بێت، سزا نوێیەکان کەرتە ئابوورییە گرنگەکانی حکومەتی نوێ ئیفلیج دەکەن. پەیامەکە ئەوە بوو پێدانی گەنم و نەوت بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جۆلانی بەستراوەتەوە بە پاراستنی مافی کەمینەکان. هەموارکرنەوەی دەستوری کاتی بە جۆرێک زەمانەتی هاوڵاتی بونی یەکسان و دادپەروەرانە مسۆگەر بکات. وەدەرنان و دەرکردنی سەرجەم چەکدارە بێگانەکان لە ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکانی سوریا. 🔴 سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان هۆشیاری درا کە نابێت گەڕانەوەی ئاوارەکان بە زۆرەملێ بێت یان بۆ مەبەستی تێکدانی هاوسەنگیی ناوچە کوردی و نیشتەجێبوونی کەمینەکان بەکاربهێنرێت. کۆنگرێس داوای کرد کە دەبێت نوێنەری کورد و دروز و عەلەوییەکان لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریادا دەسەڵاتی ڤیتۆیان هەبێت. داوا لە دەسەڵاتی کاتی دمیشق بکرێت ئابڵوقەی سەر کۆبانێ و سوەیدا هەڵبگرێ. 🔴 پەیام بۆ دروز و عەلەوییەکان کۆنگرێس ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان چاودێری وردی دۆخی سوەیدا و گوندەکانی عەلەوییەکان دەکەن. ڕایانگەیاند کە ئەگەر حکومەتی ناوەندی نەتوانێت ئاسایشیان بپارێزێت، ئەوا ئەمریکا پشتگیری لە خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی بۆ ئەو پێکهاتانە دەکات وەک تاکە ڕێگە بۆ پاراستنیان لە تۆڵەسەندنەوە. 🔴 کورتەی کۆبوونەوەکە کۆنگرێسی ئەمریکا بە حکومەتەکەی جۆلانی دەڵێت ئێمە بە قسە بڕوات پێ ناکەین کە دەڵێیت گۆڕاویت ئێمە سەیری چۆنیەتی مامەڵەت لەگەڵ کورد و دروز و عەلەوییەکان دەکەین. ئەگەر ئەوان پارێزراو نەبن، حکومەتەکەت تەمەنی کورت دەبێت و سزای توند چاوەڕێتان دەکات. هەر هەنگاوێکی دەسەڵاتی کاتی سوریا لە ژێر چاودێری و فشاری بەردەوامدا دەبێ بۆ ڕێگریکردن لە خلیسکان و لادان.
براین ماست، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا، لەمیانی كۆبونەوەی لیژنەكە لەبارەی بارودۆخی سوریا رایگەیاند: لەماوەی رابردوودا چەندین رووداومان بینوە لە دژی چەندین كەمینەی ئاینی و نەتەوەیی و چەندین ئاڵنگاری هەن لەسوریا بۆ ئەوەی بگەنە حوكمڕانیەكی باش. ماست وتیشی: لەگەڵ سەرۆكی سوریا كۆبونەوەم كرد، باسی چەندین پرس و ئاڵنگاریمان كرد، بەتایبەت چەكدارە بیانیەكان كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن، هەروەها ئەو هێرشانەی كرانە سەر هەسەدە كە هاوپەیمانی ئێمەن قبوڵنەكراوە، چەندین هەنگاو هەن كە لە دژی هەسەدە نراون و لە دژی ئەو زیندانانی كە چەكدارانی داعشی تیادایە، ئەمە جێگەی نیگەرانیە. سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە دەزانین كە سەرۆكی سوریا پێشتر چەكداری ئەلقاعیدە بووە، شەرع پێیویتن ئەو دەیەوێت خۆی لە رابردووی خۆی رزگاربكات و بە دوای ئەوەیە كار بۆ گەلەكەی بكات، بەڵام ئێستا سوریا هیچ نزیكى لەو شوێنەی كە پێویستە لێی بێت، ئەمریكا ئاسودە نییە بەوەی لە سوریا روودەدات، بۆ دواوە دەچێت، ئەوەى لە دژی كوردو عەلەوی و دروز كراوە مەلەكردنی پێچەوانەیە. ماست جەختیشكرد لەوەی، سەرۆك شەرع هیچ چەكێكی سپی (شیك علی البیاض) لە ئەمریكاوە پێنەدراوە، سزاكانمان لەسەر سوریا لاداوە بۆ ئەوەی كاری باش بۆ وڵاتەكەی بكات، بەڵام پێمانوتووە كە مەرجەكان جێبەجێبكات، لەوانەش تێكەڵكردنەوەی هێزەكان و پاراستنی كەمینە ئاینی و نەتەوەییەكان . ئەو رێككەوتنەكەی مانگی پێشوو لەنێوان ئەحمەد شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵوم كرا من بینم، هەنگاوێكی باشبوو، بەڵام ئەمریكا چاوەڕێی كردارە نەك قسە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی زیاتر لە931 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان، هاوکات ئاشکرای کرد کە بەغدا بڕی 36 ملیار دیناری لە کۆی پارەکە بڕیوە کە تایبەت بووە بە شایستەی خانەنشینان. ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی خستە روو. بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. دوا نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ( ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) بڕی ( ٩٣١،٢٥٧،٠٠٠،٠٠٠) نۆ سەدو سی و یەک ملیارو دووسەدو پەنجاو حەوت ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. تێبیبی؛ لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و ئەو کێشەو گیرو گرفت و بیانوانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) سی و شەش ملیارو سێ سەدو شەست ملیۆن و هەشت سەدو شەست و چوار هەزار دیناری لەکۆی تەمویلی مووچە نەناردووە کە بریتییە لەشایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی کە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین کراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە،( واتە ئەو خانەنشینانەی کە لەمانگی یەک داخڵی لیستی مووچە کرابونەوەو پێویست بوو چەند مووچەیەک پێکەوە وەرگرن، لەبەغداوە تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە کە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەکانمان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەپەیوەندی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەو خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا) . ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری
فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە بۆ کەناڵی ڕۆناهی: * ئێمە بەتەواوەتى پابەندین بە ڕێککەوتنەکە تا هەموو بڕگەکانی وەکخۆى جێبەجێ دەکرێن. * ئەگەر ئەو گەمارۆیەی بەسەر کۆبانی سەپێنراوە هەڵنەگیرێت، ڕێککەوتنەکە شکست دەهێنێت. * بۆ گەیشتن بە پلانەکانیان، شاندەکانی حکومەتی دیمەشق پێداگرییان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانمان دەکرد. * سوپاس بۆ قوربانیدانی شەهیدانمان ڕێککەوتنی کۆتایی کرا، بێ ئەوان ناوی کوردی و ڕۆژاڤا بوونی نەدەبوو. * هەوڵ و ئیستفزازی لەلایەن گروپەکانەوە هەیە بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکە. * یەپەژە ناسنامەی خۆی دەپارێزێت * هەندێک لە هەڤاڵانی ژن فەرماندەیی لیواکە دەکەن * زۆر لایەن و گروپ دەیانویست شەڕ لە نێوان کورد و عەرەب دەستپێبکەن * هەزاران شەهیدی عەرەبمان هەیە * ناوی کاندیدەکانمان بۆ پۆستە حکومییەکان پێشکەش کراوە. * ئەو لیژنەی کە پێکهێنرا تاوتوێی ژمارەی لیواکان دەکات *گرووپەکانی سەر بە تورکیا ئاستەنگ دروست دەکەن * یەکێک لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانییە * هەنگاو بۆ عەفرین و سەرێکانیێ دەگیرێتەبەر، دەبێت گەل بگەڕێتەوە
هێزەکانى هەسەدە و حکومەتى سووریا ئامادەکارى دەکەن بۆ جێگیرکردنى هێزەکانیان لە خاڵى هاوبەش لەسەر ڕێگەى (ئێم 4) تاوەکو شارۆچکەى چەلەبی و هەڵگرتنى ئابڵوقەى سەر کۆبانێ. پەیامنێرى کەناڵ8 لە کۆبانێ گوتی، ئەمڕۆ شاندێکى هێزەکانی ئاسایشی کۆبانێ بە گوندى ئیتوێراند چووەنەتە دوایین خاڵى هێزەکانى سووپای عەرەبیی سووریا لە سنووری کۆبانێ. ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیارە سبەى شاندەکەی ئاسایش لەگەڵ هێزەکانى حکومەتى سووریا کاربکەن بۆ دانانی چەند خاڵێکى هاوبەش بۆ جێگیرکردنی هێزەکانى هەردوولا لەسەر ڕێگەى ئێم 4 تاوەکو شارۆچکەى چەلەبی. بەگوتەى پەیامنێرى کەناڵ8، ئێستا دەستەى کارەباى کۆبانێ سەرقاڵى چارەسەرکردنى کێشەى کارەباى شارەکەیە، هەروەها ئامادەکارى دەکرێت بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان و ئاسایبوونەوەى دۆخەکە. زیاتر لە 20 ڕۆژە گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ بەردەوامە و مەترسی لەسەر ژیانی نزیکەی 600 هەزار خەڵکی سڤیل لە دانیشتووان و ئاوارەکان دروستکردووە کە بەهۆی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانەوە ئاوارەی شارەکە بوون. ئێستا دانیشتووانی کۆبانێ لە دۆخێکی خراپی مرۆییدان ئەوەش بەهۆی کەمیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، هەروەها بەهۆی کەمبوونەوەی سووتەمەنی و نەمانی تەواوەتی کارەبا و ئینتەرنێت، ئەمەش کێشە و نەهامەتی سەر دانیشتووانەکەی زیاد کردووە و کاری کردووەتەوە سەر دامەزراوە خزمەتگوزاری و مرۆییەکان. سەرباری ئەوەی لە 29ـی کانوونی دووەمەوە ڕێککەوتن لەنێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق واژۆکراوە و تیایدا جەختکراوەتەوە لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو خاڵەی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە. ئیدارەی کۆبانی هۆشداری داوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەردەوامبوونی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ و داوایکردووە حکومەت پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت و بەخێرایی گەمارۆ هەڵبگرێت و بەبێ مەرج پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ دانیشتووانەکانی دابین بکرێت.
