عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی، لە پاش ئەنجامدانی دیداری ئەمڕۆی ئیمراڵی، ڕایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان جەختی لەوە کردەوە کە “بەشداری هەموو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە پڕۆسەکەدا پێویستییەکی ژیانیی و گرنگە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندرووست بەرەوپێش بچێت.” عەبدوڵا ئۆجەلان کە لە بەندیخانەی پیتی Fـی ئیمراڵی زیندانییە، لە چوارچێوەی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ خانەوادەکەی، ئەمڕۆ چاوی بە بریکارەکەی مەزڵوم دینچ و برازاکەی عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی، دیداری ئەنجامدا. هاوکات هەریەک لە زیندانییانی تری ئیمراڵی (حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری کونار، ئەرگین ئاتابەی، زەکی بایهان) لەگەڵ خانەوادەکانیان دیداریان ئەنجام دا. لە پاش ئەنجامدانی دیدارەکەی ئەمڕۆ، عومەر ئۆجالان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی (X) پۆستێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ ئێمە وەک بنەماڵەکەی لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ ڕێزدار عەبدوڵا ئۆجالان دیدارمان ئەنجام دا، بەڕێز ئۆجالان جەختی لە هیوا و ئیرادەی خۆی بۆ ئاشتیی و چارەسەری دیموکراسییانە کردەوە و ڕایگەیاند کە “بەشداریکردنی هەموو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە پڕۆسەکەدا پێویستییەکی ژیانیی و گرنگە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندرووست پێشبکەوێت.”
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لەدوو هەفتەى داهاتوودا شانێکى ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دوو هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەو وڵاتە دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تەممووزی 2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بڕیار لەسەر دەستپێکردن یان دەستپێنەکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەدات. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکە بەڕێوەبەری چاودێری ئەتۆمی تاران ئامادەی دەربڕیوەو ئامادەیە گفتوگۆ تەکنیکیەکان دەستپێبکاتەوە، وتیشى: لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانێک بۆ ئێران دەکات. بەقائى باسی لەوەکرد دەستوورێک سەبارەت بە داهاتووی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە پشتبەستن بە گەڵاڵەیەکی ئەم دواییەی پەرلەمانی کە سنووردارکردنی ئەو جۆرە هاوکارییە، دەخرێتەڕوو. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی شاندی ئەو وڵاتە لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کرد و رەتیکردەوە، دۆسیەی مووشەکی و پرسە بەرگرییەکان بەشێک بن لە دانوستاندنەکان. ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، "ئێران تەنیا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکان دانوستاندن دەکات و دانوستاندنەکانمان بە هیچ شێوەیەک توانا بەرگرییەکان ناگرێتەوە." سەبارەت بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئێران لە مافە ئەتۆمییەکانی بێبەش بکرێت، تاران کشانەوە لە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان تاوتوێ دەکات. بەقایی روونیکردەوە، "هەڵوێستی ئێمە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر بە روونی لەلایەن وەزیری دەرەوە خرایەڕوو. ئێمە پێمانوایە مەسەلە زۆر سادەیە؛ ئەگەر بڕیارە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو ئەندامی پەیمانی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان (ئێن پی تی) بمێنێتەوە، دەبێ بەهرەمەند بێت لەو ماف و قازانجانەی بەهۆی ئەو ئەندامێتییە دێتە ئاراوە. ناکرێت چاوەڕوانییەکی وا هەبێت کە وڵاتێک وەکو ئەندامی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان بمێنێتەوە، لە هەمان کاتدا لەو مافانەی کە لە پەیماننامەکەدا هاتوون، بە تایبەتی لە بواری بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمدا، بێبەش بکرێت. بۆیەش چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە پیتاندنی یۆرانیۆمیشەوە، تەواو روونە." بەقایی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش کرد و رایگەیاند، رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانە و دواتر قەبارەی زیانەکان لە لایەن رێکخراوەکەوە بڵاو دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ، لەمەراسیمی ماڵئاوایی کردن لە زیاد ڕەحبانی لە کەنیسەی ڕەقاد، فەیروز ئامادەبوو کە ئاپۆڕایەکی گەورەی میوزیککاران، ئاوازدانەران، گۆرانیبێژان، شانۆکاران و هونەرمەندانی بوارەکانی دیکەی هونەر ئامادەبوون. فەیروز، کە گەلێک نازناوی هەیە و هەندێکیان لە ناوی گۆرانییەکانیەوە وەرگیراون، لەوانە: خانمی بەیانیان، دەنگی سپێدە، شاژنی گۆرانی عەرەبی، پاساری خۆرهەڵات، یاسەمینەکەی شام، باڵیۆزی نێو ئەستێرەکان، هاوسێی مانگ و ..هتد زیاد ڕەحبانی (١-١-١٩٥٦ – ٢٦-٧-٢٠٢٥) کوڕی عاصی ڕەحبانی (١٩٢٣-١٩٨٦)، ئاوازدانەر و میوزیکژەنی بەتوانا و بەنێوبانگی لوبنانی و خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی بەنێوبانگ نیهاد حەدداد کە ناسراوە بە فەیروز (١٩٣٥ - ....) ە. عاصی ڕەعبانی، هاوسەرری فەیروز، برای مەنسوور ڕەحبانی (١٩٢٥-٢٠٠٩) بوو، کە ئەویش ئاوازدانەر و میوزیکژەنێکی بەتوانا و بەنێوبانگ بوو. کە باوکیشیان حەنا ئیلیاس ڕەحبانی، ئاوازدانەر و میوزیژەنێکی بەتوانا و بەنێوبانگ بوو. کە ئەم دوو برایە ناسرابوون بە دوو برا ڕەحبانییەکە. خانەوادەی ڕەحبانییەکان، داهینەری میوزیک و گۆرانیی شانۆیی بوون و قوتابخانەیەکی میوزیکی تایبەت بوون لە جیهانی میوزیک، گۆرانیی و هونەری عەرەبییدا. بەشێک لە گۆرانییەکانی فەیروز، لە ئاواز و میوزیکی زیاد ڕەحبانیین. یەکەم ئاوازی زیاد بۆ دایکی لە تەمەنی ١٧ ساڵییدا بوو، کە یەکێک لە گۆرانییە هەرە بەنێوبانگ و جوانەکانی فەیروزە بە ناوی "سالونی الناس عنک یا حبیبی". هەروەها گۆرانییەکانی "سلم لی، انا عندی حنین ..." شایانی ئاماژەپێدانە، ئەوەی کە لە چاوپێکەوتنێکدا، زیاد ڕەحبانی جگە لە پیانۆ و ڤایۆڵین سەرسامی ئامێری میوزیکی سازە. پێشکەشکارەکەش، دەڵێت ساز سەر بە خێزانی عودە؟ زیاد دەڵێت: نەخێر، چونکە ساز تاڵە ژێیەکانی کانزایین "ئاسنن" وجیاوازە لە عود. پێشکەشکارەکە دەڵێت: ساز ئامێرێکی میوزیکی لە بنەڕەتدا تورکییە. زیاد ڕەحبانی، دەڵێت: نەخێر تورکی نییە و بە بنەڕەت "ئەصڵ" کوردییە.. بەڵام تورکەکان دەیانەوێت بیکەن بە هی خۆیان. بەڵام ساز بە بنەڕەت "ئەصڵ" کوردییە. زیاد ڕەحابی، دوای ماوەیەک لە نەخۆشکەوتنی، بە هۆکاری نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر، کۆچی دواییکرد.
سەرۆکی ئەمریکا، لەنوێترین پەیامیدا دەڵێت لە غەززە برسێتی ڕاستەقینە هەیە، هەوڵدەدەین هەموو بەربەستەکان لاببەین، هەروەها کاردەکەین بۆ ئەوەی خۆراک بگاتە دەستی منداڵان. لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران قسە دەکات سەبارەت بارمتەکان و چۆنیەتى ڕزگارکردنیان. ترەمپ، وتى: لە غەززە برسێتی ڕاستەقینە هەیە، دەتوانین ژیانی زۆر کەس ڕزگار بکەین، هەموو بەربەستەکانی غەززە لادەبەین، هەروەها کاردەکەین بۆ ئەوەی خۆراک بگاتە دەستی منداڵان. ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە، ئیسرائیل دەتوانێت زۆر شت بکات کاتێک باس لە گەیاندنی خۆراک دەکرێتە ناو غەززە، خەڵکی لە دووری چەندین کیلۆمەتر خواردن دەبینن و ناتوانن پێی بگەن. سەرۆکى ئەمریکا لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا ئەوەى خستەڕوو، مامەڵەکردن لەگەڵ حەماس سەخت بووە، چونکە نایەوێت دەستبەرداری ئەو بارمتانەببن کەلاى ئەوان ماوەتەوە، وتیشى: هەندێک جار دەزانین بارمتەکان لە کوێی غەززەن، بەڵام نامانەوێت هێرشێک ئەنجام بدەین لە ترسی ئەوەی بیانکوژێت، هەندێک کەس دەڵێن ئەوە باجێکە کە دەبێت بدرێت، بەڵام من ئەوە ناڵێم - پێموایە دانیشتوانی ئیسرائیلیش بەو شێوەیە بیرناکەنەوە. ترەمپ جەختى کردەوە، ئێمە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی ناوەندی خۆراک لە کەرتی غەززە، پارە دابین دەکەین، وڵاتانی دیکەش لەگەڵمان دەبن، ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە بەبێ سنووردارکردن کراوە دەبن. وتیشى: دۆخی کەرتی غەززە ترسناکە، هیوادارین خۆراک بگاتە ئەو کەسانەی کە شایەنیەتی، لەگەڵ نەتانیاهۆ قسەم کردووە، ئێمەش کار لەسەر پلانەکان دەکەین سەبارەت بە غەززە، لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا قسەم کرد و بەڵێنم دا کە بەشداری بکەم لە دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکانی غەززە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێمە ئاگربەست لە غەززەمان دەوێت و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی خۆراکدانی خەڵکی ئەوێین، پارەیەکی زۆرمان دا بە غەززە و کەس یەک وشەی سوپاسگوزاریمان بۆ نەگوت. وتیشى: منداڵانی غەززە دەبێت دەستبەجێ دەستیان بە خۆراک و سەلامەتی بگات، ژمارەیەکی زۆر لە بارمتە ئیسرائیلییەکانمان لە کەرتی غەززە ئازاد کرد، کە بەشێکی زۆریان سەردانی کۆشکی سپییان کرد دەرهێنانی ئەو بارمتە لە غەززە ئەستەمە.
سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە تازەكردنەوەی حوكمی شەش مانگ زیندانی دژ بە رۆژنامەنووس ئومێد پەرۆشكی لە لایەن داگای كەتنی دهۆك، داوای پێشووتری دوبارە دەكاتەوە كە دەبوو بە پێی مادەكانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت. ئومێد بەرۆشكی لە 23ی كانونی دووهەم 2024 لە ڕێگەی فەیسبووكەكەی خۆیەوە پۆستێكی بڵاوكردۆتەوە لەسەر یەكێك لە زیندانیانی بادینان بە ناوی مەلا نەزیر، لە پۆستەكەی ئومێد دا هاتووە،" مەلا نەزیر لەلایەن هێزێكی زیندانی زركاوە ڕفێندراوە، بەڵام ئەو لەو زیندانەدا نەماوە و چارەنووسی نادیارە." لەسەر ئەو پۆستە بەرپرسانی زیندانەكە ئومێد دەدەنەوە بە دادگا، دوای دوو جار دادگایی كردنی، سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا(مع وقف التنفیذ)، واتە حوكمەكە جێبەجێنەكرا. رێڤینگ یاسین بە میترۆی ووت " ئەوە حوكمەی كە راگیرابوو ، ئێستا هەڵگیراوەو بۆی جێبەجێكرا و دادگای كەتنی دهۆك بڕیاری بەزیندانی كردنی بۆ شەش مانگ جێبەجێدەكات". ئومێد بەرۆشكی لە 18/8/2020 بە تۆمەتی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیركراو و 6 سكاڵای جیاوازی لەسەر بوو، بۆ ماوەی سێ ساڵ حوكمدرا، لە 22/2/2022 ئازاد كرا، بەڵام لە دوای ئازاد كردنی جارێك ڕاگیراوە و چەند جاری تریش بە ماوەی كورت دەستگیركراوە، دواتر بە كەفالەتی پارە ئازاد كراوە. سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە تازەكردنەوەی حوكمی شەش مانگ زیندانی دژ بە رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی لە لایەن داگای كەتنی دهۆك، داوای پێشووتری دوبارە دەكاتەوە كە دەبوو بە پێی مادەكانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت.
هەریەکە لەوەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان زیان بە ناوبانگ و ئابوری عێراق دەگەیەنێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەیان لەسەر بارودۆخى ئەمنى و هێرشە درۆنیەکان کرد. وەزیرى ناوخۆ وتى: ئەو شاندەی ئەمڕۆ کە هاتبوون بۆ هەرێم شاندێکە لە زۆربەی دامەزراوە ئەمنیی و سەربازی عێراقی پێکهاتوون، بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ لیژنەیەکی دیکەی هەرێم، لەسەر ئەو هێرشە درۆنیانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوو ئاراستەی هەرێم دەکران و تێیدا کێڵگە نەوتییەکان بە ئامانج دەگیران. وەزیری ناوخۆ دەشڵێت: بەداخەوە ئەوە چەندەمین جارە ئەو هێرشانە دووبارە دەبنەوە و لەڕابردووشدا چەندان لیژنەی دیکە دروست کراون، بە لیژنەی هاوبەشەوە، لێکۆڵینەوەی تەواو کراوە و گەیشتوونەتە دەرئەنجامی تەواویش، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێکارییەکی پێویست نەگیراوەتەبەر و سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دانەنراوە. ڕێبەر ئەحمەد راشیگەیاند، "دەبێت ئەو گرووپانە سنووریان بۆ دابنرێت و دوور بکەونەوە لە هەڕەشە کردن و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین بە هەبوونی قاسم ئەعرەجی، ئەم لیژنەیە دەرئەنجامەکانی باشبن، هەموو هاوکارییەکیش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو لیژنەیە دەکرێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، کە ڕێنمایی بە دامەزراوەکان داوە هەرچی پیویست بێت بۆ ئاسانکاری ئەم لیژنەیە ئەو بەڵگە و زانیارییانەی هەیە بدرێت بەو لیژنەیە." هەر لەو کۆنگرەیەدا قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق وتی: ئەمڕۆ لە هەولێرین، بۆ گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. کە ئەو هێرشانە زیان بە ناوبانگ و ئابووری عێراق دەگەینێت. گوتیشی: دەبێت ئەو هێرشکارانە بەسزای خۆیان بگەن، ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین، چ لە ناو هەرێمی کوردستان یان دەرەوەی هەرێمی کوردستان بن. شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات. قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا. قەیس محەممەدوای، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی عێراقی یاوەری قاسم ئەعرەجی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکە بۆ لێکۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان. پێش گەیشتنی شاندەکە، ئەمڕۆ دوو درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە. بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، "زیانی گیانی نەبووە."
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ جارێکى دیکە هۆشدارى و هەڕەشەى توندى ئاڕاستەى بزوتنەوەى حەماس کرد، دەڵێت: ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکەن، دەروازەکانی دۆزەخ لە غەززە دەکرێنەوە. یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری هەڕەشەی ئەوەشی کردووە: "من ئەمە بە ڕوونترین زاراوە دەڵێم و مەبەستم لە هەموو وشەیەک ئەوەیە لەدەرەوەی ئەوەی بە هێزێکی زۆرەوە دەیکەن، ئێمە زۆر زیاتریش دەکەین، بارمتەکان دەپارێزین و کاریگەریمان لەسەر هەموو شتێک کە پەیوەندی بە حەماسەوە هەیە، تا ئەوکاتەی بارمتەکان ئازاد دەکات هەموو شتێک دەکەین. بە وتەی ئەو، ئیسرائیل تا ئەو جێگایەی لە توانایدا بێت بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل مامەڵە دەکات. دەشڵێت: "ئێمە بە هێز مامەڵە دەکەین، پێویستە بزانن. کاتێک پێویست بوو بچنە ناو ناوچەکە، بۆ خان یونس، پێش هەموو شتێک ئاگادارییەک دەدەینە دانیشتووان، دڵنیابن لەوەی هیچ بارمتەیەک نییە، هۆشداری دەدەین بە دانیشتوانی فەڵەستینی بۆ چۆڵکردن و دوای ئەوە لە ئاسمانەوە، لە وشکانییەوە و ئەگەر پێویست بوو لە دەریاوە مامەڵە دەکەین- بۆ ئەوەی زیان بە هەر هەڕەشەیەک بگەیەنین بۆ سەربازانی سوپاکەمان. بەرپرسەکەى حکومەتى ئیسرائیل ئەوەدەخاتەڕوو، کاتێک سەربازانی سوپا دەچنە غەززەوە هەموو ناوچەکان پاک دەکەنەوە، وەک جاران نابێت دەمێننەوە و لەئاسمان و زەویەوە چاودێرى دەکرێن بۆ ئەوەی حەماس هیچ شوێنێکی نەبێت بۆ گەڕانەوە و هەڕەشەکردن. گوتیشی: "ئەمە شەڕێکی ئاڵۆزە لەوە زیاتر لەوەی لە ڕابردوودا کراوە، و وەک وتم ئێمە بە قۆناغ نزیک دەبینەوە. پێویستە بڕیارەکان بدرێت. ناوبەناو سەرکردایەتی پێویستی بە بڕیاردان هەیە- چی بە هاوکاری ئازاد دەکەیت، چی ئازاد ناکەیت، بۆ ئەوەی بتوانیت مانۆڕ بکەیت و ئامانجە سەرەکییەکانت بەدەست بهێنیت.
دادگەی فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە و دەڵێت، لە تایبەتمەندیی ئەوان نییە، سکاڵاکار داوای کردبوو مووچە لە کێشە سیاسییەکان دووربخرێنەوە. دادگای فیدراڵی عێراق، لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاری لەسەر دوو سكاڵای پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دا و رایگەیاند "لە پسپۆڕی ئێمەدا نییە". هەروەها سكاڵایەكیشی لەسەر پرۆژەی روناكی رەتكردەوە كە لەلایەن نەوەی نوێوە تۆماركراوە. هەردوو پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و پرۆژەی رووناكی لە هەرێمی كوردستان، لە خشتەی دانیشتنەكانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق بوون. - ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێمی كوردستان سكاڵایان لەسەر سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆماركردووە بەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت و بەدوور بگیرێت لە ململانێ سیاسیەكان، دەركردنی فەرمان سالاری بۆ ئەوەی وەزیری دارایی عێراق ناچار بكرێت بە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەكاتی خۆیدا. بەڵام دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی سكاڵاكەوە بڕیاریدا و رەتیكردەوە "لە پسپۆڕی ئەواندا بێت". سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، سكاڵای لەسەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە و داوای كردووە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە لە 2025/5/14 دەرچووە تایبەت بە پرۆژەی رووناكی (كارەبای 24) كاتژمێری) كە بڕی (265) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە. بەڵام ئەو سكاڵایەش لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە رەتكرایەوە.
سندووقی مناڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند، هەموو دانیشتوانی کەرتی غەززە بەدەست برسێتی دەناڵێنن، بەڵام منداڵان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت و کەمترین خۆراک دەخۆن. یونیسێف لەنوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کچان و کوڕان لەبری ئەوەی بچنە قوتابخانە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ گەڕان بەدوای خۆراکدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە گەمارۆی بەردەوام و تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەردەوامە. ڕاپۆرتەکە ئەوە دەخاتەڕەە لەگەڵ زیادبوون و فراوانتربوونى برسێتی منداڵان لەبەردەم چاوى چاودێرانى ئەوان (دەمرن)، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارمەندانی فریاگوزاری هۆشداری دەدەن لەوەی کە ڕێوشوێنەکان زۆرن و بەئاسانى دەستناگات بەخواردن و هاوکارییە مرۆییەکان. ئاژانسەکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "تەواوی دانیشتوانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە غەززە بە شێوەیەکی توند نائاسایی خۆراکیان هەیە، لە هەر سێ کەس یەکێکیان چەند ڕۆژێکە خواردنی نەخواردووە و لەسەدا ٨٠ی هەموو ئەو مردنانەی کە بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە منداڵن". ئەمە لەکاتێکدایە ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرش و بۆردومانەکانى بۆ سەردانیشتوانى ئەو کەرتە، سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکانی غەززە ڕایانگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ژمارەی کوژراوان بەهۆىهێرشەکانى سوپای ئیسرائیل بۆ 26 کەس بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا پێنج کەسیان کە لە نزیک ناوەندێکی دابەشکردنی کۆمەک کەوتوونەتە خوارەوە. دوێنێ، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "دەست بە بەردانەوەی یەکەم بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکەین". گوتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ ئاسانکاری گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە". پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی پاڵپشتی لە هەنگاوەکەی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "هاوکاریی خۆراکی تاکە سەرچاوەی راستەقینەی خواردنی زۆربەی خەڵکی ناو غەززەیە. سێیەکی دانیشتووان بۆ چەندین رۆژ هیچ ناخۆن. نزیکەی 470 هەزار کەس لە برسێتیی سەختدان". رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە ئێکس راگەیێندراوێکی سەبارەت بە رێگەدانی سوپای ئیسرائیل بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی پێشوازی لەو هەواڵە دەکات کە ئیسرائیل ئامادەیە ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە جێبەجێ بکات و رێگەی مرۆیی بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی سەلامەتیی هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بۆ خەڵکی غەززە بکاتەوە". دەشڵێت، "پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی خۆراکی پێویستی لە ناو یان لە رێگەدان بەرەو ناوچەکە بۆ تەواوی 2.1 ملیۆن دانیشتووی غەززە بۆ نزیکەی سێ مانگی داهاتوو هەیە".
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەڵێت: لیژنە تەکنیکییەکانیان لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وردبینیکردنی ناوی کاندیدەکان تەواو دەکەن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێكۆڵینەوەی ئەمنی و یاسایی، لە هەنگاوێكدا پێش پەسەندکردنی کۆتایی لیستی کاندیدەکان. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی رایگەیاند: ژمارەی کاندیدەکان (٧٩٠٠) کەسی تێپەڕاندووە، کە ٤٦ کەسیان بەهۆی تەواونەكردنی ئەو مەرجە یاساییانەی کە لە ڕێسای کاندیدکردن ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥دا هاتووە، بێبەشکراون، جگە لەوەش ١١ کاندید کە بڕوانامەی خوێندنی ئامادەییان هەبووە بە دەرچووانی زانکۆ گۆڕدراون، هەروەها سێ پیاو بە ژنان گۆڕدراون بۆ زامنكردنی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیکردنی رێژەی ژنان کە 25%یە. ئاماژەی بەوەشکرد: كۆمسیۆن پەیوەندی بە وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە دەکات بۆ دروستی بڕوانامەكان، هەروەها دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەری، کۆمیسیۆنی دەستپاکی و لێپرسینەوە و کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەو دادپەروەری بۆ دڵنیابون لە تەواوکردنی رێکارەکانی وردبینی پێش پەسەندکردنی کۆتایی. لە بواری تەكنیكیشدا بڕیارە لە (٥)ی ئاب تیروپشکی ریزبەندی کاندیدەکان ئەنجام بدرێت، لە هەمان کاتدا کۆمیسیۆن بەردەوامە لە راهێنانی ستافەکەی لەسەر بەکارهێنانی ئامێری ژماردن و هەڵاوێردنی ئەلیکترۆنی و پشتڕاستکردنەوەی بایۆمەتری، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەیەکی میدیایی هاوبەش کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: لیژنە تازە پێکهێنراوەكەی پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کورد دوای چەکداماڵینی پەکەکە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست بە کارەکانی دەکات. کورتوڵموش، لەمیانی بەشداریكردنی لە بۆنەیەكدا رونیکردەوە: ئەم لیژنەیە لەماوەیەکی کەمدا پرسی دیموکراسی تورکیا تاوتوێ دەکەن و، بە پەرۆشەوە کارەکانی بەڕێوەدەبات و دەگاتە پوختەیەكی روون، بە پاڵپشتی گەل ئەم پڕۆسەیە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو دەبێت. جەختی لەوە شکردەوە: ئەم پرۆسەیە پێویستی بە نزیكبونەوەی بونیادنەر هەیە نەک گفتوگۆی درێژخایەن، لیژنەكە زەمینەیەكی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ قوڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیاو، بڕیارەکان لە بەرژەوەندی دەوڵەت و گەل دەدرێن، لە ژینگەیەکدا کە گفتوگۆ لەبارەی بیرۆکە جیاوازەکان و ئاڵوگۆڕی دیدگاکان دەكرێت. وتیشی: تورکیا بە ئیرادەی سیاسی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیەوە، ئەم دەرفەتە مێژووییە دەقۆزێتەوە. سەرۆكی پەرلەمانی توركیا راشیگەیاند: لە ماوەی سەد ساڵی کۆماری توركیادا، نیوەی ئەو ماوەیەی لە شەڕدا بەسەر بردووە، ئەو دەیان ساڵە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزاران کەس و زیانی ئابوریشی بە دوو ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت. لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و لە 51 ئەندام پێکدێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) زۆرترین ئەندامی هەیە. رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە و بەمشێوازە دابەشبوون: - ئاکپارتی: 21 ئەندام - جەهەپە : 10 ئەندام - دەم پارتی:4 ئەندام - مەهەپە: 4 ئەندام - ئیی پارتی: 3 ئەندام - یەنی یۆڵ: سێ ئەندام - 6 ئەندامی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان دەبن هاوکات، ئیی پارتی و DP بە فەرمی رایانگەیاندووە نابنە بەشێک لە کۆمیسیۆنەکە. نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، نامەیەکى ئاراستەی گروپ و حزبە سیاسییەکان کردووە. داوایکردوە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ٣١ی تەمموز ناوى ئەندامانى خۆیان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشکەش بکەن. بەپێى میدیاکانى تورکیا، تا جەهەپە بەشدارى کۆمسیۆنەکەدەکات یان نا، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە مەرج و بێ مەرج ئەندامان نانێرن. وتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو ئەمانە دەبینین. "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو، و گوێبیستی ئەوە دەبین کە سەرۆک دوای کارەکەی چی ئەنجام دەدات، دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین". دوابەدوای ئەو هەنگاوە پێشبینیکراوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کام لایەن ناوی خۆیان پێشکەش دەکەن. بڕیارە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لیژنەکە دامەزرێت و بە درێژایی مانگ کاربکات. دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە مەرجی سەرەكی (دەم پارتی)یە وەكو نوێنەری كورد لە توركیا؛ تایبەت بە چارەسەری دۆزی كوردو لابردنی بەربەستە یاساییەكان.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە هەولێرو بڕیارە چاوى بە بەرپرسانى هەرێم بکەوێت. سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمممە، 28ـی تەممووزی 2025، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گەیشتە هەولێر و لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا. قەیس محەممەدوای، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی عێراقی یاوەری قاسم ئەعرەجی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان. رۆژنامەى سەباح دەڵێت قاسم ئەعرەجى و شاندەکەى یاوەرى لەسەر راسپاردەى سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى هەولێریان کردووە و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن بە گوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی هاتنی شاندەکەی حکوومەتی عێراق بۆ هەولێر، لێکۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. سەرچاوەى زانیاریەکان باسی لەوەدەکەن، چاوەڕێ دەکرێت ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و باس لە هێرشی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەش بکەن. ئەمە یەکەم سەردانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان لە دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنی لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بۆ سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. پێشتریش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکان پێکهێنابوو، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکانی ڕانەگەیەنراون. سەردانەکەی ئەعرەجی لە کاتێکدایە، دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، کاتژمێر 05:50 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر خرایە خوارەوە. لەسەرەتای تەممووزەوە تا ئێستا بەگشتی زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.
هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، جەختى کردەوە چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، دۆخی سوریا دۆخێکە کۆمەڵکوژی روودەدات. لەدیدارێکى ڕۆژنامەوانیدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: کاتێک گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، لەسەر چ شێوازێک رێکدەکەوین، ئەوە بە بنەما دەگیرێت. هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن' یان 'ئەم شەڕڤانانەی لاتانن هەموویان بێنن تەسلیمیان بکەن و خواحافیز، تەواو بوو.' بابەتەکە ئاوا نییە." ئەو وتیشى: چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، بە هیچ شێوەیەک لە رۆژەڤ دا نییە. دۆخی سووریا دۆخێکە ئەوەندە دڕندایەتیی تێدا هەیە کە لەبەرچاوی هەمووان، لەبەرچاوی دنیادا، مرۆڤ دەکوژرێت، کۆمەڵکوژی روودەدات. لەم دۆخەدا داواکردنی چەکدانان لە هێزی سووریای دیموکرات وەک ئەوەیە بەخۆت بڵێیت "بڕۆ بۆ مردن". ناوبراو باسى لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ئێمە بە هێزی هاوپەیمانان و هێزی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆمان لێرە پارێزگارییمان لە خۆمان کردووە، بە پشتگیری و پاڵپشتیی هێزە کوردییەکان. بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، کۆمەڵگەکەمان هەیە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان هەن، پەیوەندییە کوردییەکانمان هەن. سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: "رۆڵی ئەو بەڕاستی جێگەی سوپاسە. رۆڵەکەی ئەرێنییە بەتایبەت بەو کێشانەی کە ئێستا رۆژئاوای کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت". لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئامانجیان گەیشتنە بە "هاوبەشییەکی راستەقینە" نەک تەنها تەسلیمکردنی دامەزراوەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەو گوتی: "بابەتەکە هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن'." روونیکردەوە کە دەبێت حکومەتی نوێی سووریا دان بە ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە و ئەو سیستمە ئیداری و ئەمنییەدا بنێت کە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا دامەزراوە. ئیلهام ئەحمەد دەشلێت "دانوستاندنێک هەیە لەگەڵ تورکیادا. لەم دانوستاندنەدا، ئێمە وایدەبینین کە شتێکی باشە، ئەرێنییە... دەمانەوێت بزانین چۆن ئەو بەربەستانەی کە هەن لایانبەرین." ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا، کە پێشتر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو.
ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستی ئەمریکی ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو، لەکاتى جەنگى ١٢ رؤژەدا ئێران کارى لەسەر پەرەپێدانی موشەکێکى جۆرى کارۆموگناتیسی کردوە کە دەکرا لەکاتى هەڵدانیدا ژێرخانی کارەبایی ئیسرائیل بەتەواوەتى پەک بخات. دەیڤید ئیگناتیۆس شرۆڤەکار بە رۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ لە 13ی حوزەیراندا هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران پەسەند کرد، بەڵام بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا تەنها لە حاڵەتێکدا بەشداری هەڵمەتەکە دەکات کە هێرشەکە سەرکەوتوو بێت. بەرپرسانی ئیسرائیل کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، بانگەشەى ئەوەیانکردووە کە ئێران شانبەشانی پڕۆژەی بۆمبى ئەتۆمییەکەی، هەوڵی پەرەپێدانی بۆمبێکی پەستانی کارۆموگناتیسی (EMP)یش دەدات، کە لە بەرزایییەکی زۆر بەرزدا دەتەقێتەوە و شەپۆلى کارۆموگناتیسی بەهێز دروست دەکات کە توانای پەکخستنی ژێرخانی کارەبایی لە ئیسرائیل هەیە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەى واشنتۆن پۆست، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە هێرشەکەدا زیانی پێگەیشتووە تا ئەو ڕادەیەی کە لانیکەم ساڵێک پاشەکشەی کردووە، بەڵام چەند ساڵێک نەبووە وەک ئەوەی ئیسرائیل لە سەرەتادا بانگەشەی بۆ دەکرد. سەرەتای ئەم مانگە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە ئێران توانیویەتی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی شێری هەڵساودا لاوازییەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل دەستنیشان کردوەو ئەم بۆشاییانەى قۆستوەتەوە بۆ بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل و ببێتە هۆی قوربانی. شارەزایانی بەرگری مووشەکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تاکتیکەکانی خۆی ڕێکخستووە و پرۆسەیەکی "تاقیکردنەوە و هەڵە"ی بەکارهێناوە بۆ باشترکردنی هەڵدانی مووشەکەکان. دۆزینەوەکانیان لەسەر بنەمای شیکاری پارچە مووشەکەکان و شوێنەکانی کاریگەری کۆکراونەتەوە کە لە زانیارییە بەردەستەکانی گشتی کۆکراونەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕێبازە ڕێگەی بە ئێران داوە کە لاوازییەکانی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل دەستنیشان بکات. بە تێپەڕبوونی کات، ئێران مووشەکی پێشکەوتووتری بە مەودای زیاتر لە چەند شوێنێکەوە هەڵدا، ئەمەش کاریگەری سیستەمی بەرگری ئیسرائیلی لە ڕێگریکردن لە مووشەکەکاندا کەمکردەوە. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ململانێکان، شارەزایان تێبینیان کرد کە لەکاتێکدا کەمتر مووشەک هەڵدەدرێت، بەڵام ڕێژەیەکی زیاتریان بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانیان دەپێکێت. ئەوان دانیان بەوەدا نا کە لە کاتێکدا سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی جیهانە کە بە هاوکاری ئەمریکا پەرەی پێدراوە، بەڵام هیچ سیستەمێک توانای ئەوەی نییە پارێزگارییەکی تەواو پێشکەش بکات. سەرەڕای ئەوەش، لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە لە سەردەمی جەنگدا، ئێران کات و جۆراوجۆری هەڵدانی مووشەکی باشتر کردووە و لە هەمان کاتدا مەودای ئامانجەکانی فراوانتر کردووە، ئەمەش زیاتر تەحەدای تواناکانی بەرگری ئیسرائیلی کردووە. لە نیوەی یەکەمی شەڕەکەدا تەنها 8%ی مووشەکەکان بەرگریی ئیسرائیلیان تێپەڕاندوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە نیوەی دووەمدا بۆ 16% بەرزبووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا یەکێک لەو ئامانجانەبووەو هەوڵی ئەوەدراوە (تیرۆر)ى بکەن، بەڵام دووجار ڕزگاری بووەو هەوڵەکان شکستیان هێناوە. ٢٠ى حوزەیرانى ڕابردوو لەگەرمەى شەڕى ئیسرائیل ئێراندا، ڕاوێژکارێکى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئێران باسى لەوەکرد کەلە کاتێکدا عەباس عێرقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرقاڵى ئامادەکاری بوە بۆ ئەوەى بەرەو جنێڤ بەڕێبکەوێت، ئیسرائیل هەوڵیداوە بیکوژێت، بەڵام (پیلانەکە) پووچەڵ کراوەتەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران، عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئەوەى خستەڕوو لەکاتى شەڕەکەدا ئیسرائیل لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو بینایەکى بۆردومانکردوە، عەباس وتى: ئەو خانووەی کە کراویە ئامانج بەرامبەر ماڵەکەم بوو، بەڵام خۆشبەختانە سەلامەت بووین. عێراقچی ئەوەشى زیاد کرد کە بەردەوام چاودێریکراوەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "لەکاتی ڕۆشتن و گەڕانەوەماندا چەندین جار بەسەر سەرماندا دەفڕی"، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیسرائیلەوە پێنەگەیشتووە هەڕەشەى لێبکات". وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی شەڕی ناوێت بەڵکو ئامادەیە بۆی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی CGTN ی چین لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئاماژەی بەوەدا کە ئێران "هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە بەکارهێنانی مافی بەرگریکردن لە خۆی". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئەم شەڕەمان نەدەویست، بەڵام ئامادەبووین بۆی، ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە: ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆی. جێگای سەرنجە کە لە ١٣ی حوزەیران ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆردومانی دژی ئێران دەستپێکرد و پێگە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێرانی لێدا، هەروەها سەرکردە باڵا سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی تیرۆر کرد. لەکاتێکدا ئێران وەڵامی دایەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. شەڕەکە بووە هۆی دەستوەردانی ئەمریکا لەو ململانێیەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە ٢٢ی حوزەیران شوێنی ژێرزەمینیی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە فۆردۆ لە باشووری تاران و دوو دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئیسفەهان و ناتەنز (ناوەندی ئێران) بۆردومان کرد.
