ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەیی خۆی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا و دیدار لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕاگەیاند. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: ئامادەم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پوتن کۆببمەوە، یان بە شێوەی سێ قۆڵی یان دوولایەنە، دەشڵێت "ئامادەم بەبێ هیچ مەرجێک کۆببمەوە". زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەنیازی ئەوە نییە بۆ دانوستان گەشتی مۆسکۆ بکات، بەڵکو ئامادەیە لەهەر وڵاتێک جگە لەڕووسیا کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بکات." زێلێنسکی ئامادەیی ئۆکرانیای بۆ ئاگربەست دووپاتکردەوە و گوتی "هیوادارین سەرۆک ترەمپ ڕازی بێت بە ئاگربەست، ئێمە ئامادەین بۆ ئاگربەست". دوێنێ سێشەممە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو لە نیویۆرک چاوی بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بکەوێت. ئەم کۆبوونەوە ئەگەرییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ترەمپ دێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا. پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، حەز دەکات شەڕی ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام پێدەچێت کارێکی قورس بێت. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕق و کینەی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە خەیاڵدا نایەت."

 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دوایین دیداریدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، داوای لەو گەنجانە کرد کە کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا، ئەگەر دەرفەتیان بۆ ڕەخسا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. لەو دیدارەدا ئۆجەلان وتی: لە ئیمرالی دەمێنمەوە بەڵام ناچمە ئەوروپا.  شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەل، دوای ماوەیەکی زۆر لە ٢٨ی ئاب، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە زیندانی جۆری Fی ئەمنی باڵای ئیمرالی کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە سێ کاتژمێری خایاند و باس لەوەش کرا کە زۆر پرس گفتوگۆیان لەسەر کراوە. ڕاگەیەندرا کە لە میانی دیدارەکەدا عەبدوڵڵا ئۆجالان هەڵسەنگاندنی گرنگی سەبارەت بە کۆچکردنی گەنجان بۆ ئەوروپا کردووە.  بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە، ئەوانەی بەرەو ئەوروپا دەڕۆن، پێویستە ژیانی خۆیان لە وڵاتی خۆیان بنیات بنێن و زێدی خۆیان بەجێنەهێڵن.  عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕەخنەی لە خەڵکی ئورفا و ئاگری و شارەکانی دیکە گرت کە نایانەوێت لە ناوچەکەیان بمێننەوە و ڕایگەیاند کە ئەمە دەرئەنجامی سیاسەتی بە ئەنقەست دەرکردنە لەو خاکە.  باس لەوەش کرا کە عەبدوڵڵا ئۆجالان لەمیانی دیدارەکەدا ڕایگەیاندووە کە پێویستە بە قووڵی و بە وردی باس لە هۆکارەکانی وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە خاکی وڵات بکرێت.  باس لەوەش کراوە کە ئۆجەلان لەمیانی دیدارەکەدا وتی: "من ئیمرالیم پێ باشترە، بەڵام هێشتا ناچمە ئەوروپا، بەڕوونی دەیڵێم؛ دەبێت قەرزەکانیان بدەنەوە بۆ خاک و کولتوورەکەیان. هانیان دەدەم بۆ ئەو کارە. یەکێک لە ئامانجەکانم لەم پرۆسەیەدا گەڕانەوەیە بۆ وڵات لە دەربەدەرییەوە وەک مرۆڤی شایستە".  هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە ئۆجەلان لەم دیدارەدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە کورد لە ئەوروپا پێویستە زمان و کولتوور و کۆمۆنەکانی خۆیان دابمەزرێنن. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات.  لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا سێ بڕگە تاوتوێ دەکرێن: 1.  خستنەڕووی دواپێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت، بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. 2.  تاوتوێکردنی پرۆسەی یەكخستنەوەی ڕێكارە داراییەكان لە نێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵ. ئەم بڕگەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران. 3. گفتوگۆکردن لەسەر پرسی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 لە هەرێمی كوردستان. ئەم بابەتە لە لایەن وەزیری پەروەردەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران باس دەکرێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئیسرائیل بڕیاریداوە بە دابینکردنی چەک و هاوکاری دارایی بۆ چەکدارانی دروز لە سووریا. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە وەزیری دەرەوەی سووریا نەخشەڕێگەیەکی نوێی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگای سوەیدا راگەیاندووە کە ناوچەیەکی دروزنشینە. ئاژانسی رۆیتەرز، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی چەند بەرپرسێکی باڵای دروزەکان، ئاشکرای کردووە، کە ئیسرائیل بڕیاریداوە هاوکاری یەکگرتنەوەی دروز بکات. بۆ ئەم مەبەستەش بڕێکی زۆر هاوکاری سەربازیی ناردووە کە چەک و جبەخانەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت. هەروەها ئیسرائیل پابەند بووە بە دابینکردنی مووچەی مانگانە بۆ ئەم چەکدارانە. سەرچاوەیەک لە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکاش پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئیسرائیل بڕیاریداوە مووچەی مانگانەی سێ هەزار چەکداری دروز دابین بکات. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە 16ی ئەیلول ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاندووە، کە دیمەشق نەخشەڕێگەیەکی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگای سوەیدا داناوە. ئەم نەخشەڕێگەیە لەلایەن ئوردن و ئەمریکاوە پاڵپشتی لێدەکرێت. شەیبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بەگوێرەی نەخشەڕێگەکە، سەرجەم ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتییانی سڤیل، سزادەدرێن و کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دەکەن."

تەلەفزیۆنى فەرمى سوریا لەزارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە گواستییەوە، وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا پێشنیازی بۆ دیمەشق و هەسەدە کردووە دانوستانەکان بۆ هەرێمى کوردستان، ئوردن یاخود سعودیە بگوازنەوە، بەرپرسێکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکراتیش دەڵێت رێککەوتنى 10ى ئازار بە جێبەجێنەکراوى ماوەتەوە. ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا هەروەها لەگەڵ بەرپرسانى هەسەدە تاوتوێی فراوانکردنى ئەو وڵاتانەیان کردووە کە دەکرێت رێککەوتنى هەسەدە و دیمەشق لە خۆبگرن، لەناویاندا وڵاتانى عەرەبى و هەرێمى و تورکیا. بەڵام ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە "حکومەتی سوریا پابەندە بە هەڵوێستی خۆیەوە کە دەبێت کۆبوونەوەکە لە دیمەشق بەڕێوەبچێت". بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "کێشەکانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات پرسگەلێکی ناوخۆیی و نیشتمانین کە دەبێت چارەسەر بکرێن و گفتوگۆی لەسەر بکرێن لەنێوان خودی سوورییەکاندا، لەناوخۆی وڵاتدا، نەک لەدەرەوەی ئەو وڵاتە".  لەدواى رێککەوتنى 10ى ئازارى نێوان مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریا، گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە ئەنجامدرا، بەڵام ئەنجامێکى ئەوتۆیان لێنەکەوتەوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی هەسەدەش بۆ تەلەفزیۆنی سوریا پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات وەستاون تەنانەت پێش ئەوەی دیمەشق ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پاریس ڕابگەیەنێت. ئەمەش لە وەڵامی "کۆنفرانسی پێکهاتەکان" بوو کە ئەم دووەمیان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا لە حەسەکە ڕێکخستبوو. عەلى رەحمون جێگرى هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات بە ئاژانسى نۆرس پرێسى راگەیاند، رێککەوتنی 10ی ئازار لەدوای واژۆکردنی هیچ پێشکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە، سەرەڕای ڕێککەوتن لەسەر بنەما گشتییەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، بڕگەی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بەشداریکردنی هەموو سوریاییەکان لە دامودەزگا و ئیدارەکانی دەوڵەتدا دیاریکردووە، "بەڵام ئەوەی ڕوویدا، دوورخستنەوەی زۆرینەی گەلی سوریا بوو، هەروەها سنووردارکردنی دامەزراوە و وەزارەتەکان بوو بۆ گروپێکی سنووردار بۆ حکومەتی نوێ". روونیشیکردەوە، "حکومەت هەوڵدەدات خۆی لە پابەندبوونەکانی بدزێتەوە لەکاتێکدا سورییەکان درک بەوە دەکەن ڕێککەوتنەکە لە هەلومەرجێکی سەختدا کراوە". سەبارەت بە بڕیارەکەی حکومەتی سوریا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل، رەحمون وتی، "ناتوانرێت بە هەڵبژاردنی راستەقینە هەژمار بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی دوورخستنەوەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە یەک لەسەر سێی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، لەگەڵ سوەیدا و بەشێکی زۆری پەنابەرانی سوریا لە دەرەوەی وڵات".  رۆژى 10 ى ئازارى 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە. رێككەوتنەكە لەلایەن هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لەرۆژی 10 ی ئازاری 2025، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە. خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق  ڕاگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتاییهات و کۆبوونەوەکەدا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە. گوتیشی؛ ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە دواین هەنگاوی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئەمەش ئاراستەی لیژنەی ڕاوێژکاری وەزارەتی نەوت کراوە بۆ پەسەندکردنی هاوکات باس لەوەشکراوە وەزارەتی نەوت ڕەزامەندی دەربریووە لەبری پێدانی 16 دۆلار نەوت بە کۆمپانیاکان بدات. لە پێشهاتێکی بەپەلەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەسەر رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغداد. بەپێی ئەم رێککەوتنە نوێیە، سەرجەم ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت، جگە لەو بڕەی پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی ئەپیکۆرەوە هەیە، تەنها 50 هەزار بەرمیل نەوتی لێ گل دەدرێتەوە بۆ پێداویستی ناوخۆ، باقییەکەی دیکە راستەوخۆ رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ (کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق) دەکرێت. دوای گفتوگۆیەکی زۆر و لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و بودجە، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق گەیشتنە رێککەوتنێکی گرنگ. ئەم رێککەوتنە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دادەنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە بەشێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە تایبەتی لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکانی. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەم رێککەوتنە نوێیە بە وردی چۆنیەتی تەسلیمکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە. تەنها 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەهێڵدرێتەوە، واتا "گل دەدرێتەوە" بۆ بەکارهێنان لە پاڵاوگە و پڕۆژە ناوخۆییەکان. سەرەڕای ئەم بڕە و ئەو بڕەی کە پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی ئەپیکۆرەوە هەیە (کە کێشەی لەسەرە و لە ڕێککەوتنەکەدا جیا کراوەتەوە)، باقییەکەی دیکەی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم راستەوخۆ رادەستی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دەکرێت. ئەمەش واتای ئەوەیە کە بەغداد دەستبەرداری ئەو بڕە نەوتە دەبێت کە پێشتر لە رێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرا و کۆنترۆڵی زیاتری بەسەر داهاتەکانی نەوتی هەرێمدا دەبێت.

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە لە دۆخی ئێستای سووریادا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بە رەوا نابینن، چونکە حکومەتی دیمەشق سیستەمێکی دیموکراسیی بنیاتنەناوە و هەڵبژاردن بەبێ یەکێتیی نەتەوەیی سەرناکەوێت. هاوکات خەلیل لامەرکەزییەت بە باشترین چارەسەر بۆ داهاتووی سووریا دەزانێت و ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ گفتوگۆ لەسەری. ئاڵدار خەلیل، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی پەیەدە، لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە، کە لە بارودۆخی پڕ ئاڵۆزیی ئێستای سووریادا، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بە شیاو و رەوا نازانن. ئەو روونی کردەوە، کە هەڵبژاردن بە واتای دیموکراسی دێت، بەڵام حکومەتی نوێی دیمەشق تا ئێستا هیچ سیستەمێکی دیموکراسیی دامەزراندووە. بە گووتەی خەلیل، نەبوونی بنەمایەکی دیموکراسیی راستەقینە و یەکێتیی نەتەوەیی وای لێدەکات هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن لە ئێستادا سەرکەوتوو نەبێت و کێشەکان قوڵتر بکاتەوە. لەسەر پرسی قۆناغی داهاتووی سووریا و دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی، ئاڵدار خەلیل پێیوایە کە "باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سووریا سیستەمی لامەرکەزییە." ئەم رێگاچارەیە، بە بڕوای پەیەدە، دەتوانێت ماف و خواستەکانی پێکهاتە جیاوازەکان لە ناو سووریادا دابین بکات و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا مسۆگەر بکات. خەلیل ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەوان ئامادەن جۆرەکانی سیستەمی لامەرکەزییەت لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق تاوتوێ بکەن. ئەمەش نیشانەیەک بۆ کرانەوەیان لە گفتوگۆیەکی جددی و بنیاتنەرانەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی درێژخایەن و سەقامگیر لە سووریادا.

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ وادەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دیاریینەکراوەو دەسەڵاتداران یاریی بە کات دەکەن، دەشڵێت: ژمارەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنیش کەمە و نیسابی یاساییان پێ تەواو ناکرێت. مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بانگەشەی یەکێتی و پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنها بابەتێکی ئیعلامی بوو، ئەگینا هیچ ڕێککەوتنێکیان ئاشکرا نەکردووە و پێدەچێت مەسەلەکە بۆ خاوکردنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک بووبێت. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 20ـی مانگی 10ـی 2024 ئەنجامدرا، ئەندامانی پەرلەمانیش لەڕۆژی 22ـی 12ـی ساڵی ڕابردوو سوێندنی یاساییان خوارد، بەڵام تائێستا پەرلەمان کارا نەکراوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراوە. ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14ـى ئابى 2025، هەردوو شاندى دانوستانكارى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند ئەم مانگە (ئەیلول) پەرلەمان کارابکرێتەوە و دەست بە دانیشتنەکانی بکات. مستەفا عەبدوڵڵا، جگە لەوەی پێیوایە ئەو دوو حزبە جیدیی نیین لە قسەکەیان، هاوکات ئاماژە بەوەدەکات ئەوانیش وەکو ئۆپۆزسیۆن ئەو کارەیان پێناکرێت. لەوبارەوە دەڵێت: ژمارەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن کەمە و نیسابی یاساییمان پێ تەواو ناکرێت، چونکە کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی 51 پەرلەمانتاری دەوێت، لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆن 30 پەرلەمانتاری هەیە.

بەپێى زانیاریەکانى پەیامنێری هاوڵاتى لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیاردرا یەکلایکردنەوەی پرسی ڕاوێژی یاسایی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سبەی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025 دوا بخات.  ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی دەوڵەت لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی پرسی داهاتە نانەوتییەکان کۆبویەوە. بەپێى زانیاریەکانى پەیامنێرى هاوڵاتى و سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەو دوو نوێنەرەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کرابوون بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە و کۆبوونەوەکەش بەکراوەی بۆ سبەی چوارشەممە هەڵگیراوە. ئەمە لە کاتێكدایە، بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنەکە پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە و ڕای خۆی لەسەر ئەو بابەتە بە شێوەیەکی فەرمی بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بدات، هاوکات دیاری بکات، کامە لایەن لەسەر حەقە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان یان وەزارەتی دارایی عێراق.  سێشەممەی ڕابردوو (09ـی ئەیلوولی 2025)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاریدا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت، تاوەکو لە ڕووی یاساییەوە رای خۆی لەسەر بدات کامە داهاتی فیدراڵییە و کامەش داهاتی فیدراڵی نییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا. هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردبوو 50%ـی داهاتی رسوومات و باجی دامەزراوە فیدراڵییەکان و دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات، بە پشتبەستن بە یاسای کارگێڕى دارایی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای 100%ـی رسوومات و 50%ـی زۆرینەی داهاتەکانى دیکە دەکات. بەپێى وتەى سەرچاوەکە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری نەکردووە، ئەمەش لەبەرئەوەی بەشداری هەر نوێنەرێکی کورد لەو دانیشتنە. دواتر بڕیاری کۆبوونەوەکە دەبێتە بڕیارێکی پابەندکاری. کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هاتووە و بەکراوەی بۆ سبەی چوارشەممە جێهێڵدراوە.  "بانگهێشتکردنی دوو نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە ئەنجوومەنی دەوڵەت لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە بدات کە بۆچوونی ئەوانیشی لەبارەی ئەو پرسە وەرگرتووە، وەک چۆن بۆچوونی نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵی وەردەگرێت. ئەوە ئەگەرێکی دوورە کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت راپۆرتەکەی خۆی لەو بارەیەوە پێشکێش بە حکومەت بکات." ئەمە بەپێى وتەى سەرچاوەکە.   9ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وەربگرێت لەبارەی ناکۆکییەکی یاسایی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی و رێژەکەی.

بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق ( سۆمۆ ) رایگەیاند: سەرجەم گرێبەست و پابەندبوونەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە تەواو کردووە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن و هەناردەکردنەوەى ئەو نەوتە شکۆمەندی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی هەناردە بۆ بازاڕی ئەورووپا دەگەڕێنێتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)، رایگەیاند کە هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی، کۆتاییپێهێناوە. هاوکات جەختیشی کردەوە کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، شکۆی عیراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ "بازاڕی تینووی ئەوروپا" دەگەڕێنێتەوە. عەلی نەزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع)ی راگەیاند: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان رویدا، بابەتی لێکتێگەیشتن و دانانی میکانیزمی کارکردنە،" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەبێت." رونیکردەوە کە "وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یەک ستراتیژدا کاردەکەن، بەو پێیەی نەوتی بەرهەمهێنراو نەوتی عیراقییە، و تایبەتمەندییەکە تەنها لە سروشتی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانەدایە کە لەوێ کاردەکەن." وتیشی: "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان پێویستیان بە تەواوکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە، و لەم بارەیەوە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش،" و رونیکردەوە کە "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە رێگە بدات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهانی تورکی." شەتەری لە درێژەدای لێدوانەکەیدا وتی: "نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەناردە ناکرێت، بەڵکو لەناوخۆی هەرێمدا بەکاردەهێنرێت، و ئێمە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2025 کاردەکەین بۆ ئەوەی بڕە زیادەکان لە دوای بەکاربردنی ناوخۆیی بگۆڕدرێن بۆ هەناردە،" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکاندا کۆتاییپێهێناوە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بڕەکان هەر کاتێک لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و حکومەتی هەرێمەوە هەناردە بکرێن." جەختیشی کردەوە کە "تا ئێستا (سۆمۆ) هیچ بڕە نەوتێکی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەرنەگرتووە، و پەیوەندییە گرێبەستییەکە لەنێوان وەزارەت لە کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکاندا دەمێنێتەوە."

 سەرۆك وەزیرانی عێراق،  دەڵێت: عێراق نوێنەرایەتی مۆدێلێکی ناوازەی دیموکراسی دەکات، دیموکراسی لە عێراق سەرکەوتوو بووە، هەموو وڵاتانی جیهان دانیان پێدا ناوە. لە میانى كۆنفرانسی چاودێری دیموكراسی  لە بەغدا، محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، وتارێکى پێشکەشکردو وتى: عێراق سەدان هەزار شەهیدی پێشکەش کردووە، ئەمە جگە لە تەسفیەکردنی چەندین کەسایەتی دیار و باجی شەڕە بێماناکانی داوە". جەختیشی لەوە کردەوە، "ئەگەر وڵاتێک هەبێت شایەنی ئاهەنگی دیموکراسی بێت، ئەوا عێراقە". ناوبراو ئەوەشى باسکرد کە هیچ بەدیلێک بۆ رێبازی دەستووری نییە، ناشگەڕینەوە بۆ دواوە. وازهێنان لە دەنگی هەڵبژاردن واتە بوونی جێگرەوەیەكی گەندەڵ، رێگای دیموکراسی هەمیشە پێویستی بە کاری زیاتر دەبێت. لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا  سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختى کردەوە کە ئەگەر وڵاتێک هەبێت مافی ئەوە هەبێت ئاهەنگی دیموکراسی بگێڕێت، ئەوە عێراقەو سەدان هەزار شەهیدی پێشکەش کردووە، هاوشانی لەناوچونی چەندین کەسایەتی دیار و باجی گەورە  شەڕە بێهودەكانی داوە.   سودانى وتیشى: حکومەتەکەمان کاری کردووە بۆ پشتگیریکردنی هەموو ئەو ئازادییانەی دەستور گەرەنتی کردووە، هەڵبژاردن میکانیزمی بنەڕەتی سیستەمی دیموکراسیەو لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و پاڵپشتی تەواومان پێشکەش کردووە.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لەکاتی وەرزشکردندا، سەگی بێلانە پەلاماری دکتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاری سلێمانیدا و برینداری کرد. ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی ئەیلوولی 2025، دکتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیاند: کاتژمێر 5 و 45 خوولەکی بەیانی لەنزیک باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی خەریکی وەرزشکردن بووە، سێ سەگ پەلاماریان داوەو قاچیان بریندارکردووە، دوای ئەوە خۆی گەیاندووەتە نەخۆشخانە و چارەسەریی پێویستی بۆ کراوە. دکتۆر هێرش سەید سەلیم لەبارەی ڕووداوەکە، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: لە کاتێکدا لەناوجەرگەی شار و نێو پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون، بەو هەموو پیاوەی پاراستنی ئاسایشی لەناو پرۆژەکە هەن، سەگ پەلاماریان دام و کەس بەهانامەوە نەهات، دەپرسێت: کە دەرگای قوتابخانە دەکرێتەوە کێ پارێزگاری لە منداڵان دەکات؟ جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی پەیامەکەی ئاڕاستەی پارێزگاری شارەکەی، هەڤاڵ ئەبوبەکر کردووە و دەڵێت: لە پەنای بارەگاکەی تۆ، سەگ پەلاماری دام، پێویستە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە.

سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی ئیسرائیل لە قۆناغێکی چارەنووسسازدایە و ئاماژەى بەوەکرد ئۆپەراسیۆنێکی بەهێزمان لەغەززە دەستپێکردووە. ئەمڕۆ سێشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ جاری ٤٤هەمین لە دادگاییکردنیدا ئیفادە دەدات، لێکۆڵینەوە چەقبەستووەکانی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە سوپاى ئیسرائیل لەشەوى ڕابردووە هێرشەکانی لە غەززە دەستپێکردوەتەوەو  ماوەى دادگاییکردنەکەشى ٨ کاتژمێر و نیو دەخایەنێت، تا کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە.  لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکوەزیران گلەیی لە درێژایی چاوەڕوانکراوەکەی کرد و پشتڕاستیکردەوە کە ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنێکی بەهێز لە غەززە" دەستیپێکردووە. دوو بەرپرسی ئیسرائیلی پێشتر بۆ سی ئێن ئێن پشتڕاستیان کردبووەوە کە سوپای ئیسرائیل لە ئێستاوە دەستی بە لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر شاری غەززە کردووە. کەناڵەکە لە زاری یەکێک لە بەرپرسانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە شاری غەززە لە سەرەتادا "بە هێواشى و وردە وردە" دەبێت. بە گوێرەی ئەو شایەتحاڵانەی کە لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس قسەیان کردووە، شاری غەززە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە تووشی بۆردومانی قورسی ئیسرائیل بووە. ئەمەش دوای ڕۆژێک هات لە سەردانی مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و  بە مەبەستی دەربڕینی پاڵپشتی. تەلەفزیۆنی فەلەستینی ڕایگەیاند کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ٣٨ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون. وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین ڕۆژی سێشەممە داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی "ناوازە و بەپەلە"ی کرد بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕاگرتنی "تاوانە گەورەکان" لە شاری غەززە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشی زەمینی خۆی بۆ سەر ئەو شارە ڕاگەیاند. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی ڕوودەدات پێداگرییە لەسەر بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و گۆڕینی شاری غەززە بۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵ و زەوییەکی ناجێگیری نیشتەجێبوون، هەروەک چۆن ڕووبەری فراوانتری کەرتی غەززە، نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی ناچاردەکات هەڵبێن و لە بازنەیەکی توندی مردندا بجوڵێن، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەلەستین (وافا). لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی، عەقید ئەڤیخای ئەدرەعی، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل "دەستیکردووە بە لەناوبردنی ژێرخانی حەماس لە شاری غەززە"، بەمەش دەستپێکردنی هێرشە سەرەکییەکانی ناوچەکە پشتڕاستکردەوە.  

بودجەی ساڵی (2026)ی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا پێشکەوتنێكی روونى لە هاوکاری دارایی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان (هێزی پاراستنی هەرێمی کوردستان) دەرخستووە، لە بەرمبەردا ئەم هاوکارییەى بۆ هێزە عێراقییە فیدراڵییەکان كەمكردووەتەوە، ئەمەش رەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی بایەخی واشنتۆن و حیساباتی سەربازی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەسەر حیسابی بەغداد گۆڕانی بەسەرهاتبێت. بەگوێرەی بودجەی نوێی ئەمەریکا، (61) ملیۆن و (140) هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتی  هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 2026 تەرخانکراوە، کە بە بەراورد بە بودجەی ساڵی 2025, (4.7) ملیۆن دۆلار زیادیکردووە. لەكاتێكدا پاڵپشتی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە  (189.1) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2025 بۆ تەنها (48.2) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2026 کەم دەکرێتەوە. بە وتەی چاودێران، زیادبوونی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە، گوزارشت لە متمانەی واشنتۆن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان و توانای هێزە ئەمنییەکانی بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان دەکات، هەندێک سەرچاوەش باس لە خواستێکی ئەمریکی دەکەن بۆ گۆڕینی هەرێمی كوردستان بۆ ناوەندێکی سەرەكی لە ناوەندەكانی دژە تیرۆر لە ناوچەکەدا. کیفاح مەحمود،  راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێی وایە، گرنگیدانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدان و هاوکاریکردنی هێزە کوردییەکان، رەنگە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ بێ متمانەیی و ترسی واشنتۆن لە بەغداد بەهۆی پەرشوبڵاوی ئەمنی و فرەیی ناوەندەکانی بڕیاردان لەناو هێزە ئەمنییەکان و هەژموونی گروپە چەکدارەکان. کیفاح مەحمود بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی راگەیاندووە: رەنگە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، پەیامێکی زۆر روونیش بێت لە لایەن ئەمریکاوە بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق و ئێرانییەکان، بەوەی کشانەوەی لە بەغداد ئاسایی نییە، بەڵکو پلانی بۆ دانراوە، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانە بۆ ئەگەری پێکدادانی سەربازی نوێ لەگەڵ تاران.

بڕیارە ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوەی گرنگ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی دەوڵەت تایبەت بە یەکلاکردنەوەی مووچە و شایستە داراییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی داهاتی نا نەوتی بکرێن. رۆژى سێشەممە کاتژمێر 09:00 بەیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکرێت، کە دوو ڕاوێژکاری هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکانی دارایی و داد بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن، کە تێیدا لەگەڵ 23 ڕاوێژکاری و دادوەر تاوتوێ ڕەشنووسەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکەن، دواتر ڕاوێژی یاسایی خۆیان دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیران.  هەر ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتژمێر یەک دەکرێت و تێیدا باس لە پرسی داهاتی نا نەوتی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوول دەکرێت؛ هەرچەندە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەشدا نییە، بەڵام لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەو پرسانە دەخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکە. لەبارەی هۆکاری ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردبوو ئەو پرسە لەلایەن دادگای فیدراڵی یەکلا بکرێتەوە  شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوا داوای کردووە، چونکە ئەنجوومەنی دەوڵەت ناتوانێت بڕیار لەسەر پرسەکە بدات، بەڵام دادگای فیدراڵی دەتوانێت پێداچوونەوە بە ڕەشنووسەکان بکات و بڕیاریش بدات؛ شاندەکە باسیان لەوەش کردووە کە دەبێت بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و بوودجە بڕیار بدرێت. لەلایەکى دیکەوە دوێنێ وەزیری سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کونسوڵی چین کۆبوویەوەو باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان دەڵێت: بەمنزیکانە ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن.