هاوڵاتی زانکۆی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەسەر لێدوانێکی مامۆستایەکی زانکۆکە بەرامبەر کچە پەیامنێرێک بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو "قسە نەشیاوانە رەتدەکەینەوە" و سزای مامۆستاکەش دەدرێت. رۆژی یەکشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2023، لەکاتی خۆپیشاندانی مامۆستایان لەبەردەم زانکۆی سلێمانی، کچە پەیامنێرێک هەوڵ دەدات مامۆستایەک بدوێنێت لەسەر خۆپیشاندانەکە، بەڵام مامۆستاکە بەشێوەیەکی تر وەڵامی دەداتەوە و سووکایەتی بە کچە پەیامنێرەکە دەکات. لە قسەکانیدا مامۆستاکە دەڵێت، "ئێوە ترسنۆکن و یەکێتی و پارتی ئێوەشی ترساندووە، تۆ هاتووی خۆت دەرخەیت و خۆت جوانکردووە و ئەگەڕێی بەڵکو یەکێک بووبینێت و شوو بکەیت بۆ خۆت." لەسەر ئەم قسانە زانکۆی سلێمانی دەڵێت، ئەو مامەڵەیە بە نەگونجاو دەبینن و رەتیدەکەنەوە، "سهرۆكایهتی زانكۆمان لیژنهیهكی لێكۆڵینهوهی لهسهر ئهو مامۆستایه پێكهیناوهو سزای خۆی وهردهگرێت." دەقی روونکردنەوەکەی زانکۆی سلێمانی: روونكردنهوهیهك له راگهیاندنی زانكۆی سلێمانییهوه بهڕێزان سهرجهم كهناڵهكانی راگهیاندن و رۆژنامهنوسان ئێمه وهك راگهیاندنی زانكۆی سلێمانی كه خۆمان راگهیاندنكارین و لهههمانكاتیشدا كاری راگهیاندن دهكهین و پسپۆڕی بوارهكهشین، لهم روانگهیهوه رێزێكی تایبهت لهراگهیاندنكاران و پیشهكهیان دهگرین و بهردهوام ههوڵمان داوه هاوكارێكی باشی بین بۆیان و وابكهین كه بهشێك لهكارو چالاكییهكانمان بهبێ جیاوازی لهدهزگاكانی راگهیاندنهوه بڵاو بكرێنهوهو راگهیاندنهكان ببنه گهیهنهری دهنگمان. بۆیه وهك راگهیاندنی زانكۆی سلێمانی بهههموو لایهكی رادهگهیهنین، وشه نهشیاوهكانی ئهو مامۆستایهی بهرامبهر به كچه رۆژنامهنوسێك بهكارهێنا، رهتدهكهینهوه به مامهڵهیهكی نهگونجاوی دهزانین و لهو چوارچێوهیهشدا سهرۆكایهتی زانكۆمان لیژنهیهكی لێكۆڵینهوهی لهسهر ئهو مامۆستایه پێكهیناوهو سزای خۆی وهردهگرێت. رۆژنامهنوسانی ئازیزی سلێمانیش ئاگادار دهكهینهوه، وشهكانی ئهو مامۆستایه گوزارشت تهنها له بۆچوونی خۆی دهكات نهك زانكۆی سلێمانی، كه پێدهچێت له توڕهبووندا ئهو وتانهی وتبێت، بۆیه جارێكی دیكه تهئكید دهكهینهوه كه راگهیاندن به یهكێك له ههره پایه گرنگهكانی دهوڵهتداری دهزانین و میدكاران و رۆژنامهنوسانیش كه ههڵگری ئهو پهیامه پیرۆزهن رێزیان لێدهگرین. راگهیاندنی زانكۆی سلێمانی
هاوڵاتی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و لەماوەی سێ کاتژمێردا هەزار و 500 دینار کەمبوویەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2023، لەکاتی کردنەوەی بازارەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بەرامبەر 164 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام لەماوەی سێ کاتژمێردا 100 دۆلار گەیشتە 166 هەزار دینار. بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت و هەر 100 دۆلارێکیش بە 132 هەزار دینار وەردەگرێت. هاوکات دوێنێ یەکشەممە لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بەرامبەر 162 هەزار و 200 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.
هاوڵاتی هێرشی درۆنی کرایە سەر گوندێکی رانیە و بریندار هەیە. بەیانی ئەمڕۆ 6ی تشرینی دووەمی 2023 بە درۆن هێرشکرایەسەر سەر گوندی بۆسکێن لە سنوری رانیە و دوو بریندار بوونی هەیە. لەوبارەیەوە وتهبێژی تهندروستی ئیدارهی راپهڕین رایگەیاند، دوو كهس گهیهنرانه نهخۆشخانه كه برینداربوون و له ئێستادا چارهسهریان بۆ دهكرێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕی 250 ملیۆن دیناری تر خراوەتە سەر هەژماری وەزارەت کە کۆتا گوژمەی 700 ملیار دینارەکەیە. ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2023، وهزارهتی دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویكردهوه، کۆتا گوژمەی 700 ملیار دینارەکە، کە بڕەکەی 250 ملیار دینارە لە ڕێگای بانکی بازرگانی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. پێشتر لە 2ی ئهم مانگه، وهزارهتی دارایی عێراق بڕی 200 ملیار دینار لە لایەن بانکی ڕافیدەین و 250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رەشیدەوە خسته سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری ههرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. لەسەرەتایی ئەم هەفتەیەوە و لە رۆژی شەممەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت و بڕیارە تا پێنجشەممە کە دەکاتە 9ی مانگ بەردەوام بێت.
هاوڵاتی قەزای ئامێدی وەک یەکەم قەزا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بووە خاوەن کارەبای پریپەید و بەرێوبەری کارەبای ئامێدی دەڵێت، لە مانگی رابردووەوە سیستەمەکە کەوتووەتە کار و ئیشکردن بە موەلیدە لە قەزاکە راگیراوە. ئارام جەلال، بەرێوەبەری کارەبای ئامێدی لە بارەی بەستنی سیستەمەکەوە لە قەزاکە بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە 22ی مانگی رابوردوەوە کارەبای ئامێدی بووەتە سیستەمی پریپەید بەڵام هێشتا لە هەموو ماڵەکان نەبەستراوە، رۆژانە ژمارەکە زیاد دەبێت و لەچەند رۆژی ئاییندە دا تەواوی دانیشتووانی سەنتەری قەزا سیستەمە تازەکە بەکاردێنن، ئێستا کارکردن بە موەلیدە بەشێوەیەکی بەرفراوان کە قەزاکەمان وەستاوە." ئارام جەلال وتیشی، "سیستەمەکە جارێ تەنها بۆ سەنتەری ئامێدیە و لەبەرنامەماندایە ناحیە وگوندەکانیش ئەو سیستەمە بەکاربێنێن." بەپێی قسەی بەرێوبەری کارەبای ئامێدی، لە سنوری قەزاکە سەروو 27 هەزار بەشداربووی کارەبا هەن. وەزارەتی کارەبا پرۆژەی پریپەیدی کارەبا لە سەنتەری قەزای ئامێدی جێبەجێ کردووە و لە ئێستادا کاری پێ دەکرێت، هاووڵاتیان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر و زیاتر و دادپەروەرانەتر سوود لە کارەبا وەربگرن. پرۆژەکە لە پارێزگای سلێمانی و هەولێریش بوونی هەیە و لەماوەی رابردوودا رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بوویەوە بەهۆی گرانکردنی نرخەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە بۆ هەر یەکەیەکی کارەبا 150 دینار لە سلێمانی و 175 دینار لە هەولێر دیاریکرابوو. دوای ماوەیەکی زۆر لە خۆپیشاندان و نارەزایی، دواجار وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بڕیاریدا نرخەکە کەمبکاتەوە بۆ 100 دینار بۆ هەر یەکەیەک.
هاوڵاتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک پارێزگای حەسەکە درۆنیکی تورکییان خستەخوارەوە کە نزیک دەبووەوە لەو هیزانە. روانگەی سوری دەڵێت لەکاتی نزیکبوونەوەی درۆنەکە لە بنکەی هێزەکانی ئەمریكا لە ناوچەی تەل بەیدەر لە باكوری حەسەكە، هێزەكانی ئەمریكا درۆنەکەنەکەیان خستووەتەخوارەوە. هاوکات ئاژانسی نۆرس پرێس رایگەیاندووە، سەرچاوەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان دەڵێت، ئەو درۆنەی خراوەتەخوارەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە هاتووە، کە ناسراوە بە سوپای نیشتمانی سوریا و تورکیا پشتگیری دەکات دژی بەشار ئەسەد. مانگێک لەمەوپێش هێزەکانی هاوپەیمانان درۆنێکی تورکیایان خستەخوارەوە لە هەمان پارێزگا کە نزیک دەبووەوە لە هێزەکانی ئەمریکا لەوکاتەی ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنێکی راگەیاندبوو دژی رۆژئاوای کوردستان و بۆردومانی چڕی دەکرد. لەدوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی رابردوو، هێرش بۆ سەر بنکە و پێگەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق زیادیکردووە و لە 15 رۆژدا زیاتر لە 21 هیرشیان کراوەتەسەر.
هاوڵاتی ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسی ئاشکرایکردوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەڕێگەی زیاتر لە 90 بارهەڵگرەوە هێزی سەربازی نوێیان ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانیان لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردوە. بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی سپۆتینكی ڕووسی، دوێنێ شەمە ئەمریكا بە مەبەستی ڕێگریكردن لەو هێرشە مووشەكی و درۆنیانەی لە سووریا دەكرێتە سەر بنەکەکانیان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ڕێگەی (٩٠) بارهەڵگرەوە، چەكی قورس و تۆپخانەی ڕەوانەی بنكەكانیان كردووە لە سووریا. ڕاپۆرتەكەی سپۆتینك باسی لەوەش كردووە: ناردنی ئەو بارهەڵگرانە بە دوو كاروان بووە، كاروانێكیان پڕبوون لە تۆپخانە و چەكی قورس و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی، كاروانی دووەم بریتی بووە لە تانكەری سووتەمەنی و سندووقی داخراو و كەلوپەلی سەربازیی، هاوكات لەو كاروانەدا چەند بارهەڵگرێك بەبێ ئەوەی بزانرێت چی لەناودایە بە چادری ڕەش داپۆشراوە و لەو ناوچانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە)دان. سەرچاوەکان بەو ئاژانسەشیان وتووە، هێلیکۆپتەری سەربازیی ئەمریکیو ئۆتۆمبێلی زرێپۆش ئەو کاروانە سەربازییەیان پاراستوە، ئەوە جگە لەوەی هێزێکی سەربازیی هەسەدەش هاوڕێیەتی ئەو کاروانە سەربازییەیان کردوە، بەوپێیەی ترسی ئەوەیان هەبووە لەکاتی داخڵبونیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن درۆنی خۆکوژیی ئێرانییەوە بەئامانج بگیرێن. زیادكردنی ئەو هاوكارییانە لە كاتێكدایە، ڕۆژانە بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لەلایەن بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی نزیك لە ئێران بە درۆن و مووشەك دەكرێنە ئامانج.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی WAFA ڕایگەیاند سوپای ئیسرائیل دوێنێ شەممە هێرشی کردە سەر کەمپێکی پەنابەرانی غەزە و بووە هۆی کوژرانی 51 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل داواکارییەکانی جیهانیان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕەتکردەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە غەزە، خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینییەکان ڕۆژی شەممە لە شارەکانی سەرانسەری جیهاندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای کۆتاییهێنانیان بە شەڕی غەزە کرد کە نزیکەی مانگێکە بەردەوامە. ئەو ئاژانسە ڕایگەیاند، بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی المغازی لە ناوەڕاستی شاری غەززە بوەتەهۆی گیانلەدەستدانی 51 کەس، ئەوەش دوای راگەیاندنی هاتنی نزیکەی 20 تەرمی دیکە. هاوکات وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە ئێوارەی ڕۆژی شەممە رایگەیاند، لە 7ی ئهم مانگهوه ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ 9 هەزار و 488 کەس بەرزبوەتەوە کە سێ هەزار و 900 منداڵیان تێدایه. ئهوهشی خستهڕو، 70%ی قوربانیانی بۆردومانەکەی ئیسرائیل منداڵ و ژن و بەساڵاچوانن و زیاتر لە هەزار کۆمەڵکوژی لە دژی بنەماڵە فەڵەستینییەکان ئەنجامدراوە. هەروەها وەزیرانی دەرەوەی قەتەر، سعودیە، میسر، ئوردن وئیمارات ڕۆژی شەممە لە عەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کۆبوونەوە و داوایان لە واشنتن کرد ئیسرائیل ڕازی بکات ئاگربەستەکە ئەنجام بدات. لە بەرامبەردا مانگی سوری فەڵەستین ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند، 30 بارهەڵگر هاوکاری لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفحەوە پێگەیشتوە، بەوەش ژمارەی ئەو هاوکاریانەی لە 21ی مانگی رابردوهوه گەیشتونەتە کەرتی غەززە بۆ 451 بارهەڵگر بەرزبوەتەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند بەتۆمەتی فریودانی هاوڵاتیان و ئەنجامدانی نوشتە و جادوو 19 کەسیان دەستگیرکردووە و دەستگیراوە بەسەر کەلوپەلەکانیاندا. ئاسایشی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، "هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وورد، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە فریودانی هاوڵاتیان، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەچەند هەڵمەتێکدا (نۆزدە) کەسیان بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری نوشتە و جادوو دەستگیرکرد." ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت، لە سەروبەندی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ "نوشتە کردن و هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتیان بەکاریان هێناوە" لەپێناو دەستکەوتنی بڕێک پارە. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی (٤٥٦) لەیاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
هاوڵاتی د.سەیوان عەلی رەزا رایگەیاند گۆڕان زیانی بەخۆی دەگەیەنێت بە دوورخستنەوەی ئەو و ئەوەی کردوویەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، دەشڵێت، "شتم زۆر لایە هەر لە مەسج و تەلەفۆنەوە هەتا دەکاتە دیکۆمێنت کە بۆ من نێردراوە." د.سەیوان عەلی، کە دوێنێ هەیینی لە ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دووخرایەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "گۆڕان زەرەری کرد لە دوور خستنەوەی من، بەڵام درەنگە تازە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلایە، ئەوە نییە کابرایەک بم هیچ نەزانم بزوتنەوەی گۆڕان دورم بخاتەوە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلا هەیە هەر لە مەسج و تەلەفۆنەوە هەتا دەکاتە دیکۆمێنت کە بۆ من نێردراوە، بەڕای من بزوتنەوەی گۆڕانم شتێکی خراپی کردووە." دوێنی هەیینی 3ی تشرینی دووەمی 2023، دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا وتی، "بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د.سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان." د.سەیوان عەلی دەڵێت ئەو بڕیارەی دژی ئەو دراوە هەنگاوی گۆرانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بڕیاری گرنگتر هەبوو گۆڕان بیدات. "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا تێک دەچێت، کێشە لە ناو خۆی عێراق هەیە، دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی بدات بە شتە چارەنووس سازەکان ئەوەی پەیوەندی بە تاک تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بڕیارێکی بدایە چۆنیەتی لەسەر داهاتووی کوردستان بدایە، نەک وەڵا سەیوانمان دوور خستۆتەوە، ئەمەی گۆڕان یەکەم هەنگاوی بانگەشەیە بە دوور خستنەوەی من، بە دەرکردنی من گۆڕان هیچ زیاد ناکات، بە پێچەوانەدە دەنگی کەم دەکات."
هاوڵاتی بەرپرسی لقی سێی پارتی-گەرمیان رایگەیاند سبەینی شاندێکی پارتی سەردانی کەرکوک دەکات بۆ رادەستکردنی باڵەخانەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک بە زانکۆی کەرکوک. محەممەد کەماڵ، بەرپرسی لقی سێی پارتی-گەرمیان رایگەیاند، "بەبڕیاری مەسعود بارزانی سبەی شاندێكی پارتی دێتە كەركوك و باڵەخانەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك- گەرمیان وەردەگرینەوەو پێشكەشی زانكۆی كەركوكی دەكەین. محەممەد کەمال دەشڵێت، "بارەگاكانی دیكەش وەردەگرینەوەو بڕیاری گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دراوە." رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023 کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، بڕیاریدا بارەگای سەرکردایەتی خۆی ببەخشێت بە زانکۆی کەرکوک. رۆژێک دواتر لەسەر بڕیارەکەی پارتی، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پێشکەشکردنی بارەگاکەی خۆی بە زانکۆی کەرکوک و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە بەرز دەنرخێنێت. ئەو بارەگایە هەمان بارەگا بوو کە سەرەتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گرژیی لەسەر دروستبوو و دواتر بوویە هۆی ئەوەی چوار خۆپیشاندەری کورد بەدەستی هێزە عێراقییەکان شەهید بکرێن و زیاد لە 15 کەسی تریش بریندار بکرێن. پێشتر هاوڵاتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی دوای رووداوەکەی ئەم دواییەی کەرکوک بەنیاز نییە بارەگاکەی وەربگرێتەوە و لەو پرسە پاشەکشەی کردووە. لە 27ی مانگی ئابی 2023 بەشێک لەتورکمان و عەرەبی کەرکوک بەهاوکاری کۆمەڵێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت بەهۆی بڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی کە لەنێویاندا بارەگاکەی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی تیدا بوو. دواترو لەڕۆژی دووی ئەیلولی 2023 کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگاکە خۆپیشاندایان ئەنجامدا کەتێیدا گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد. لایەنە نەیارەکانی پارتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئەوەیان دروستکرد کەخۆپیشاندانەکە پارتی لەپشت بووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەحزبەکە. لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان هێزە عێراقییەكان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەرو هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردانی كەركوك دەستیپێكرد. دوای گرژییەکانی کەرکوک بەچەند رۆژێک دادگای فیدڕاڵی دژی بڕیارەکەی محەممەد سودانی بڕیاریداو رادەستکردنی بارەگاکانی بەپارتی راگرت. دواتر دادگای باڵای فیدراڵی لە 12ی ئەم مانگە بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی، بەڵام پارتی وەرینەگرت. پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بنكەو بارەگای حزبە كوردستانیەكان لەشاری كەركوك دەستی بەسەردا گیراو هێزە عێراقییەكان تێیدا جێگیركران، لەناویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەردا گرت.
هاوڵاتی سەعید ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند بەمزوانە لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە و لەبارەی کات و شوێنەکەوە هەردوولا لە گفتوگۆدان. ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023، سەعید ئەحمەد پیرە رایگەیاند، "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە، تا ئێستا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاریی نەکراوە و بۆ ئەو مەبەستە هەردوولا لەگفتوگۆداین." پێشتر هاوڵاتی بڵاویکردەوە هەوڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی نوێ لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیپێكردووە و بە دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی، رێککەوتنێکی نوێی ستراتیژی واژۆ دەکەن.
هاوڵاتی بەرێوبەرایەتی کەشناسی پارێزگای دهۆک بڵاویکردەوە, لە 24 کاتژمێری رابوردودا زۆرترین رێژەی باران بارین لەسنوری ناحیەی بامەرنێی سەر بەقەزای ئامێدی باریووە کە 28 ملم بووە و لە تەواوی سنوری پارێزگای دهۆکیش 40 ملم باران باریووە. بەرێوبەرایەتی کەشناسی دهۆک دەڵێت، کەمترین رێژەی باران بارین لە ناحیەی قەسرۆک بووه کە 0،3 ملم باران باریووە. کۆی گشتی رێژەی باران لەسنوری پارێزگای دهۆک تا ئێستا گەیشتووەتە 40 ملم، ئەمەش بە بەروارد بە ساڵی رابردوو تا ئەم کاتانە زیاترە لە پێنج هێندەی کە تەنها 7.2 ملم باران باریبوو.
هاوڵاتی ئەمرۆ گەنجێکی 20 ساڵی دانیشتووی کۆمەڵگای سیبا لەسەنتەری شەنگال بە دەسترێژی گولە بریندارکراو و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، ئەمەش ژمارەی کوژراوان لە دە ڕۆژی ڕابردوودا بەرزدەکاتەوە بۆ چوار هاوڵاتی. پۆلیسی شەنگال ڕایگەیاند ئەو گەنجەی ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستڕێژی گوولە لە شەنگال کوژرا ناوی سەعد شەکر مەحلوو و، خەڵکی کۆمەڵگای سیبا شێخ خدر ە. وتیشی، "تا ئێستا هۆکاری کوشتنی ئەو گەنجە دیار نییە و هیچ کەسێکیش لەسەر کەیسەکە دەستگیر نەکراوە". سەعد چوارەم هاوڵاتییە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە شەنگال بکوژرێت بەوپێیەی لە چەند ڕۆژی رابوردووش بەهەمانشێوە سێ کەسی دیکە کوژران کە دایک و باوکێک و منداڵەکەیان بوون . چێگەیباسە لەو ڕوداوەدا کە چەند ڕۆژێک لەمەو پێش ڕویدا ئەو خێزانە لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژرابوون بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە پۆلیسی ناوچەکەوە چەندکەسێکی نزیک لەکەسوکاری قوربانیەکان دەستگیرکراون بەڵام تا ئێستا نە هۆکاری کوشتنەکەیان ئاشکرا بووە نە هیچ کەسێکیش لەسەر ڕوداوەکە دەستگیرکراوە.
هاوڵاتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵسوڕاوێکی خۆی لەڕیزەکانی دوورخستەوە، هۆکارەکەشی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پۆستەکەی لەوەزارەتی پەروەردە دەگەڕێنێتەوە. دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د.سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جاری دووەم تەمەنی خزمەتی د. سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردە درێژكرایەوە، هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان ئاگاداری كردۆتەوە كە تەمەنی گەیشتووەتە خانەنشینی و نابێت تەمەنی خزمەتی بۆ درێژبكرێتەوە، بەڵام د. سەیوان عەلی پابەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان نەبووە.
