هاوڵاتی پاش ئەوەی هەواڵی مانگرتنی ژنە چالاکوانی ئێرانی نێرگز محەمەدی لە خواردن بڵاو کرایەوە، کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ و ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ‌سنوور، شێوازی مامەڵەکردنی ئێرانیان بەرامبەر ئەو ژنە چالاکوانە شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، دۆخی نێرگز محەمەدی لە زیندان مایەی قبووڵکردن نییە. دوێنێ، ڕاگەیاندنە جیهانیی و ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کە دژی دابین نەکردنی چاودێری تەندرووستی بۆ خۆی و ژنە زیندانییەکانی دیکە و سەپاندنی “حیجابی زۆرەملێ” و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی ژنان لەلایەن ئێرانەوە، نێرگز محەمەدی لە زیندان مانگرتنی لە خواردن دەست پێ کردووە، ئەوەش کاردانەوەی ڕێکخرا و دامەزراوە جیهانییەکانی بەدوادا هات. له‌م باره‌یه‌وه لیژنه‌كه ده‌ڵێت: "رۆشتنی زیندانییه‌كان بۆ نه‌خۆشخانه به مه‌رجی دانانی حیجاب، مه‌سه‌له‌یه‌كی نامرۆڤانه‌یه و له‌ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه قبوڵكراو نییه". ئه‌م داكۆكیكاره‌ی مافی ژنان، له 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2023، خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی به‌ده‌ستهێنا و حکومەتی ئێرانیش لای خۆیانه‌وه، لیژنه‌ی نۆبڵیان به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه ده‌ستوه‌ردان له بابه‌تی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌سیساسیكردنی ده‌كه‌ن. ئاژانسی "هرنا" ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، هه‌فته‌ی رابردوو، رێگه‌یان به‌م ژنه ته‌مه‌ن 51 ساڵه نه‌دا، بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و سی، سه‌ردانی نه‌خۆشخانه بكات. چونكه رازینه‌بووه له‌كاتی سه‌ردانیكردنه‌كه‌یدا بۆ نه‌خۆشخانه، حیجاب بكات. به‌ڵام ئاژانسه‌كه سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه. سەرباری ئەوەی دۆخی تەندرووستی ناجێگیرە و پێویستی بە چاودێری پزیشک هەیە، نێرگز محەمەدی ژنە چالاکوان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی، بەهۆی دابین نەکردنی چاودێری تەندرووستیی بۆ خۆی و ئەو ژنانەی لە زینداندان، دژی سەپاندنی “حیجابی زۆرەملێی” و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند. نێرگز محەمەدی تەمەن ٥١ ساڵە، کە ئێستا لە زیندانە، بەهۆی کێشەی دڵ و سییەکان پێویستی بە چاودێریی بەپەلە هەیە، بەڵام بەردەوامە لە پشتیوانی و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان، هەر بۆیە ١٣ جار دەستبەسەر کراوە، پێنج جار حوکمی ٣١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، ١٥٤ جار بە لێدانی قامچی سزا دراوە، دواین جار لە ساڵی ٢٠٢١ دەستبەسەر کرایەوە و یەکێک بوو لەو کەسانەی، کە بەشداری شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی”ی کرد.
هاوڵاتی بەگوێرەى خشتەى کارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن 40 رۆژ دەبێت و ئەو کارتانەى دەنگدان کە دابەش نەکراون دەگەڕێندرێنەوە. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق خشتەی کاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد و بەگوێرەى زانیارییەکان بەشێکى کەوتوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و بەشێکى دیکەى ئەگەرى گۆڕانکارى تێدایە و تیایدا هاتووە کە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. بە گوێرەی خشتەکە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ى شووباتى 2024 دەکرێت، کە دوو رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتی، دەنگدانی تایبەت دەکرێت و 22ى شوباتى 2024 بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگیرێت ، واتە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان بانگەشە رادەگیرێت. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان سبەینێ کۆمیسیۆنی عێراق لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و لە کۆبونەوەکەیشدا هەردولا ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن. حەمانە لە کاتێکدایە بڕیارە لە 25ى شوباتى 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدرێت و بەهۆى کارانەبونى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان و کۆتاییهاتنى وادەى پەرلەمانى کوردستان کە دەسەڵاتى کاراکردنەکەى هەیە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتی دەکات.
هاوڵاتی بەدەل بەرواری، بەرپرسی گروپی دەنگی مامۆستایان و گەڕاندنەوەی پاشکەوتی مووچە بە هاوڵاتی راگەیاند، لەگەڵ چەند مامۆستایەکی ناڕازی و دەزگای ستاندەر، دوو سکاڵایان لەسەر مووچەی فەرمانبەران و ئەنجومەنی شارەوانییەکان لەدادگای فیدڕاڵی عیراق تۆمارکردووە سکاڵاکە دوێنێ دووشەممە تۆمارکراوە و بەدەل بەرواری، ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشکرا کرد کە لە سكاڵای یەکەمدا "جەختمان لەوە کردوە کە دەبێت سەرۆک وەزیرانی عیراق محمد شیاع سودانی بەپێی یاسای بودجه مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێریت هاوکات سەروک وەزیرانی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی لەکاتی خوی‌دا و بێ داوکەوتن مووچە دابەش بکات." بەدەل بەرواری وتیشی، "لەیاسای بودجەی عێراقدا برگەیەک هەیە کە ئەگەر حکومەتی هەرێم بەهەر بینانوویەک مووچەی فەرمانبەران نەدات ئەوا پێویستە حکومەتی عیراق بدات." بەدەل بەرواری، مامۆستایەکی شاری دهۆکە و لە ئایاری ساڵی 2020 لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەستگیرکرا و دواتر لە 20 تشرینی یەکەمی 2021 ئازادکرا. بەدەل بەرواری لەسەر سکاڵای دووەمی ئەوەی بە هاوڵاتی راگەیاند کە سکاڵاکە لەسەر ئەنجومەنی شارەوانییەکانە کە پێویستە ئەو ئەنجومەنانە "هەڵبوەشێنرێنەوە." بەدەل بەرواری ئەوەشی روونکردەوە، "چەند ساڵێکە ئەنجومەنی شارەوانییەکان هەڵبژاردنیان نەکردوە کە پێویستە هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بکەن، داوامانکردوە کە ئەنجومەنی شاروانییەکان هەڵبوەشێنرێنە و هەڵبژاردن بکرێن بۆ دانانی کەسانی تازە لەو ئەنجومەنانەدا و هەر بڕیارێکییان دەرکردوە هەڵبوەشێنرێتەوە وەکو پەرلەمانی کوردستان."
هاوڵاتی کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام دەستیپێکرد و لەسەر چەند بابەتێکی ناوخۆیی و دەرەکی گفتوگۆ دەکەن. ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2023 شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەردانی پیرمامیان کرد و لەلایەن هەردوو جێگری سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی پێشوازییان لێ‌کرا. لە کۆبوونەوەکەدا، کە دوای چوار مانگ دێت لە دواین کۆبوونەوەی هەردوو حیزب، بڕیارە چەند پرسێک تاووتوێ بکەن لەوانە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوانیان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا. هەفتەی رابردوو هاوڵاتی بڵاویکردەوە کە بە دەستپیشخەری نێچیرڤان بارزانی بڕیارە هەردوو حیزب کۆببنەوە و نێچیرڤان بارزانی، لەهەوڵی ئەوەدایە كە رێكەوتنێكی نوێی ستراتیژی لەنێوان هەردوو حزب واژۆبكرێت و دواتریش كۆدەنگییەكی نیشتیمانی لەنێوان حزبەكانی تردا دروستبكرێت.
هاوڵاتی دژەتیرۆری کوردستان-پارتی رایگەیاند بە درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان دژی داعش لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و دوو لە هێرشەکان بەرپەرچ دراونەتەوە. دژە تیرۆری کوردستان-پارتی دەڵێت، بەبەرەباینی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2023، سێ درۆن لە دوو کاتی جیاوادا هێرشەکەیان کردووە کە لە یەکەم هێرشدا لەرێگەی دوو درۆنەوە هێرشکراوە و لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە. دژەتیرۆری کوردستان-پارتی دەشڵێت، بەیانی ئەمڕۆش درۆنێکی بۆمبرێژکراو بە نەتەقیوی لە هەمان شوێن کەوتەخوارەوە. هاوکات دوو ڤیدیۆ لەلایەن هەژماری چاودێری سەرچاوەی زانیاری هەواڵگری کراوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت هێرشی درۆنییە بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە فرۆکەخانەی هەولێر و لە بەشی دووەمی ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی "رەیسۆن کۆیۆتی" ئەمریکی بەرپەرچی هێرشەکە دەداتەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەناردەكردنی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ كەركوك رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەمڕۆ دووشەممە لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی راکێشانی بۆری گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەیەکى کارەباى کەرکووک دەڵێت، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی كوندینسیت بەكاریهێناوە. ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە، بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە. دەقی روونکردنەوەکە... سەبارەت بە دەنگۆی تەواوکردنی راکێشانی بۆرییەکی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر؛ بە پێویستی دەزانین ئەم روونکردنەوەیە بدەین، بۆ ئەوەی بابەتەکە بە ھەڵە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس نەکرێت. تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان دابین نەکراوە و، بەپێی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز بەھیچ شێوەیەک کۆمپانیاکە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گاز لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە بۆ ھیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە. ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەکاندا باس کراوە، لە ساڵانی ھەشتاکانەوە ھەبووە و کۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی کوندینسیت بەکاری ھێناوە. لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢/١٠/٢٠٢٣ بە فەرمی بە کۆمپانیای داناگازمان راگەیاندووە: نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گازی کێڵگەکانی ھەرێم بۆ ھێچ شوێنێک چ لەناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە.
هاوڵاتی لە سنوری ناحیەی دێرەلوک لە گوندی دێڕەش فڕۆکەیەک کەوتەخوارەوە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە فڕۆکەکە تورکییە. بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی، نزیکی سەعات ھەشتی ئەمشەو درۆنێک لە گوندی مژێی بناری چیای گارە لە سنووری قەزای ئامێدی کەوتووەتەخوارەوە و تەقیوەتەوە و لەکاتی کەوتنەخوارەوەیدا دەنگێکی گەورە بیستراوە. هاوکات درۆنەکە پێش کەوتنەخوارەوەی گڕی گرتووە و تائێستاش دیارنییە کە درۆنی چاودێری بووە یاخود درۆنی جەنگی. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ئەمە دووەمجارە لە سنوری قەزای ئامێدی درۆنی تورکیا دەکەوێتە خوارەوە.
هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین رایگه‌یاند، پێنج كه‌س به‌تۆمه‌تی ته‌قاندنه‌وه‌ی سێ بۆمبی جۆری (مۆڵۆتۆڤ) به ماڵێكدا ده‌ستگیركران و له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌شدا دانیان به‌تاوانه‌كه‌یاندا ناوه. پۆلیسی ڕاپه‌ڕین له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی هاوڵاتیه‌ك لای ئه‌فسه‌ری ئێشكگر سكاڵای تۆمار كرد كه به‌وته‌ی خۆی " له شه‌وی 2ی ئه‌م مانگه له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو سێ بۆمبی جۆری (مۆڵۆتۆڤ) به ماڵه‌كه‌یدا ته‌قێندراوه‌ته‌وه".لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە دەستی پێکردووەو چەند کەسێک دەستگیرکراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە " دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ناسنامەی تۆمەتباران و دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان، دەستبەجێ لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر بە هاوکاری هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن یەکێک لە تۆمەتباران دەستگیرکرا، دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و دانپێدانانی تۆمەتبارەکە توانرا 4 تۆمەتباری تری لەلایەن دەستگیر بکرێت." پۆلیسی ڕاپه‌ڕین دەڵێت، " تۆمەتباران دانیان ناوە بەتاوانەکەیان. بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی 342 لە یاسایی سزادانی عیراقی سەرجەمیان ڕاگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامەو هەر لەسەر ڕووداوەکەش دەستگیرا بەسەر 3 ماتۆڕسکیل کە تاوانەکەیان پێ ئەنجام داوە."
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان کە لەگەڵ خێزانەکەی چووبوونە نزیک پردی مەندان، کەوتە نێو رووباری خازر و خنکا. ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، راگەیاند:عەقید ئیبراهیم فەریق، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی وت " ئێوارەی ئەمڕۆ خێزانێکی سنوری ناحیەی دارەتوو بەمەبەستی سەیران چوونەتە دەوروبەری پردی مەندان کە دەکەوێتە سنوری قەزای بەردەڕەش و دوای ئەوەی منداڵەکەیان دیارنامێنێت بە خنکاوی دۆزیویانەتەوە" عەقید ئیبراهیم فەریق ووتیشی" منداڵەکە ناوی فەهد عەبدولرەحمان میکائیلە و، تەمەنی دوو ساڵە. باسی لەوەشکرد کە ئەو خێزانە "دانیشتووی گوندی زەنگەنان سەر بەناحیەی دارەتوو لەسنوری قەزای بەردەڕەش" بە گوێرەی قسەکانی بەرێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ، تیمەکانیان تەرمەکەیان دەرھێناوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بەردەڕەش. دواتر رادەستی کەسوکاری کراوە.
هاوڵاتی وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی یه‌كێتی و پارتی باس له كۆمه‌ڵێك كێشه و گرفت ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه و ده‌شڵێت، "به‌هۆی كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه، كورد له‌ناو كێڵگه‌یه‌كی میندایه و گرنگترین هه‌نگاو ئه‌وه‌یه هیچ كام له‌و مینانه به ئێمه‌دا نه‌ته‌قنه‌وه" ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 6ی تشرینی دووه‌می 2023 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له شاری هه‌ولێر وتی: "به‌یانی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆده‌بینه‌وه، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبونه‌وه‌كه‌ش یه‌كده‌نگی كورد ده‌بێت له به‌غدا". سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، ، لەکۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی باسی کێشەکان دەکەین،ئەوانیش وەک پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێم لەگەڵ ڕەوشی ئەمنی و سنوورەکان و کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و كۆچی گه‌نجان تاووتوێدەکەین. ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی راسپاردەکانی کۆنگرەیە. سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره باسی له‌وه كرد كه "راسته نه‌مانتوانی دوای هه‌وڵێكی زۆر كورد به یه‌ك لیست وه‌كو كورد به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد به‌یه‌ك لیست به‌شداری بكردایه له كه‌ركوك و موسڵ 50+1ی ده‌هێنا، به‌ڵام كورد پێویستی به‌یه‌كخستنێكی توندوتۆڵ‌تر هه‌یه، له‌ئێستاشدا یه‌كێتی له‌گه‌ڵئه‌وه‌دایه بانگه‌شه‌یه‌كی بێ كێشه و شارستانی له‌ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ڕێوه‌بچێت". له‌باره‌ی روداو و گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه‌ش، وته‌بێژی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به شه‌ڕ و ململانێكانی نێوان وڵاتان كرد و وتی، "ئێمه له‌ناو كێڵگه‌یه‌كی مین ده‌ژین، گرنگترین شت ئه‌وه‌یه هیچ مینێك به‌ئێمه‌دا نه‌ته‌قێته‌وه، چونكه به‌رگه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی هیچ مینێك ناگرین له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".
هاوڵاتی زانکۆی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەسەر لێدوانێکی مامۆستایەکی زانکۆکە بەرامبەر کچە پەیامنێرێک بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو "قسە نەشیاوانە رەتدەکەینەوە" و سزای مامۆستاکەش دەدرێت. رۆژی یەکشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2023، لەکاتی خۆپیشاندانی مامۆستایان لەبەردەم زانکۆی سلێمانی، کچە پەیامنێرێک هەوڵ دەدات مامۆستایەک بدوێنێت لەسەر خۆپیشاندانەکە، بەڵام مامۆستاکە بەشێوەیەکی تر وەڵامی دەداتەوە و سووکایەتی بە کچە پەیامنێرەکە دەکات. لە قسەکانیدا مامۆستاکە دەڵێت، "ئێوە ترسنۆکن و یەکێتی و پارتی ئێوەشی ترساندووە، تۆ هاتووی خۆت دەرخەیت و خۆت جوانکردووە و ئەگەڕێی بەڵکو یەکێک بووبینێت و شوو بکەیت بۆ خۆت." لەسەر ئەم قسانە زانکۆی سلێمانی دەڵێت، ئەو مامەڵەیە بە نەگونجاو دەبینن و رەتیدەکەنەوە، "سه‌رۆكایه‌تی زانكۆمان لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مامۆستایه پێكهیناوه‌و سزای خۆی وه‌رده‌گرێت." دەقی روونکردنەوەکەی زانکۆی سلێمانی: روونكردنه‌وه‌یه‌ك له راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانییه‌وه به‌ڕێزان سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌نوسان ئێمه وه‌ك راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی كه خۆمان راگه‌یاندنكارین و له‌هه‌مانكاتیشدا كاری راگه‌یاندن ده‌كه‌ین و پسپۆڕی بواره‌كه‌شین، له‌م روانگه‌یه‌وه رێزێكی تایبه‌ت له‌راگه‌یاندنكاران و پیشه‌كه‌یان ده‌گرین و به‌رده‌وام هه‌وڵمان داوه هاوكارێكی باشی بین بۆیان و وابكه‌ین كه به‌شێك له‌كارو چالاكییه‌كانمان به‌بێ جیاوازی له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه بڵاو بكرێنه‌وه‌و راگه‌یاندنه‌كان ببنه گه‌یه‌نه‌ری ده‌نگمان. بۆیه وه‌ك راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی به‌هه‌موو لایه‌كی راده‌گه‌یه‌نین، وشه نه‌شیاوه‌كانی ئه‌و مامۆستایه‌ی به‌رامبه‌ر به كچه رۆژنامه‌نوسێك به‌كارهێنا، ره‌تده‌كه‌ینه‌وه به مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌گونجاوی ده‌زانین و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكایه‌تی زانكۆمان لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مامۆستایه پێكهیناوه‌و سزای خۆی وه‌رده‌گرێت. رۆژنامه‌نوسانی ئازیزی سلێمانیش ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه، وشه‌كانی ئه‌و مامۆستایه گوزارشت ته‌نها له بۆچوونی خۆی ده‌كات نه‌ك زانكۆی سلێمانی، كه پێده‌چێت له توڕه‌بووندا ئه‌و وتانه‌ی وتبێت، بۆیه جارێكی دیكه ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه كه راگه‌یاندن به یه‌كێك له هه‌ره پایه گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تداری ده‌زانین و میدكاران و رۆژنامه‌نوسانیش كه هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه پیرۆزه‌ن رێزیان لێده‌گرین. راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی
هاوڵاتی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و لەماوەی سێ کاتژمێردا هەزار و 500 دینار کەمبوویەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2023، لەکاتی کردنەوەی بازارەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بەرامبەر 164 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام لەماوەی سێ کاتژمێردا 100 دۆلار گەیشتە 166 هەزار دینار. بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت و هەر 100 دۆلارێکیش بە 132 هەزار دینار وەردەگرێت. هاوکات دوێنێ یەکشەممە لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بەرامبەر 162 هەزار و 200 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.
هاوڵاتی هێرشی درۆنی کرایە سەر گوندێکی رانیە و بریندار هەیە. بەیانی ئەمڕۆ 6ی تشرینی دووەمی 2023 بە درۆن هێرشکرایەسەر سەر گوندی بۆسکێن لە سنوری رانیە و دوو بریندار بوونی هەیە. لەوبارەیەوە وته‌بێژی ته‌ندروستی ئیداره‌ی راپه‌ڕین رایگەیاند، دوو كه‌س گه‌یه‌نرانه نه‌خۆشخانه كه برینداربوون و له ئێستادا چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕی 250 ملیۆن دیناری تر خراوەتە سەر هەژماری وەزارەت کە کۆتا گوژمەی 700 ملیار دینارەکەیە. ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2023، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویكرده‌وه، کۆتا گوژمەی 700 ملیار دینارەکە، کە بڕەکەی 250 ملیار دینارە لە ڕێگای بانکی بازرگانی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. پێشتر لە 2ی ئه‌م مانگه، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بڕی 200 ملیار دینار لە لایەن بانکی ڕافیدەین و 250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رەشیدەوە خسته سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. لەسەرەتایی ئەم هەفتەیەوە و لە رۆژی شەممەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت و بڕیارە تا پێنجشەممە کە دەکاتە 9ی مانگ بەردەوام بێت.
هاوڵاتی قەزای ئامێدی وەک یەکەم قەزا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بووە خاوەن کارەبای پریپەید و بەرێوبەری کارەبای ئامێدی دەڵێت، لە مانگی رابردووەوە سیستەمەکە کەوتووەتە کار و ئیش‌کردن بە موەلیدە لە قەزاکە راگیراوە. ئارام جەلال، بەرێوەبەری کارەبای ئامێدی لە بارەی بەستنی سیستەمەکەوە لە قەزاکە بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە 22ی مانگی رابوردوەوە کارەبای ئامێدی بووەتە سیستەمی پریپەید بەڵام هێشتا لە هەموو ماڵەکان نەبەستراوە، رۆژانە ژمارەکە زیاد دەبێت و لەچەند رۆژی ئاییندە دا تەواوی دانیشتووانی سەنتەری قەزا سیستەمە تازەکە بەکاردێنن، ئێستا کارکردن بە موەلیدە بەشێوەیەکی بەرفراوان کە قەزاکەمان وەستاوە." ئارام جەلال وتیشی، "سیستەمەکە جارێ تەنها بۆ سەنتەری ئامێدیە و لەبەرنامەماندایە ناحیە وگوندەکانیش ئەو سیستەمە بەکاربێنێن." بەپێی قسەی بەرێوبەری کارەبای ئامێدی، لە سنوری قەزاکە سەروو 27 هەزار بەشداربووی کارەبا هەن. وەزارەتی کارەبا پرۆژەی پریپەیدی کارەبا لە سەنتەری قەزای ئامێدی جێبەجێ کردووە و لە ئێستادا کاری پێ دەکرێت، هاووڵاتیان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر و زیاتر و دادپەروەرانەتر سوود لە کارەبا وەربگرن. پرۆژەکە لە پارێزگای سلێمانی و هەولێریش بوونی هەیە و لەماوەی رابردوودا رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بوویەوە بەهۆی گرانکردنی نرخەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە بۆ هەر یەکەیەکی کارەبا 150 دینار لە سلێمانی و 175 دینار لە هەولێر دیاریکرابوو. دوای ماوەیەکی زۆر لە خۆپیشاندان و نارەزایی، دواجار وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بڕیاریدا نرخەکە کەمبکاتەوە بۆ 100 دینار بۆ هەر یەکەیەک.
