سەرۆک وەزیرانی عێراق،  "لەماوەی ساڵێکدا یاسایی نەوت و غاز دەخرێتە بواری جێبەجێکردن". لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفراسێکدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ، لەبارەی پڕۆژە یاسایی نەوت و غاز، کە ماوەیەکی زۆره پەسەندکراوه، بەهۆی کێشەو ململانێی نێوان هێزه سیاسیەکان و کێشەکانی هەولێر و بەغدا جێبەجێناکرێت ڕایگەیاند ، " لەماوەی یەکساڵدا یاسایی نەوت و غاز دەخەینە بواری جێبەجێکردن". سودانی دەربارەی دۆسییەی ئابوری زیاتری وت و ڕایگەیاند،"ئێمە کار لەسەر چاکسازیی پێکهاتەیی ئابووری دەکەین". سەرۆک وەزیرانی ئێستا، ئاماژەی بە کەمتەرخەمی کابینەکانی پێشتوتر کرد وتی، "حکومەتەکانی پێشوو وەبەرهێنانیان لە غازدا نەکردووە". دەربارەی دۆسیەی ئەمنی و توانا و هێزی سوپا و هێزەچەکدارەکان، ئەو ئاماژەی بەوەدا، "هێزەکانمان توانای بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری عێراقیان هەیە"و" دەستمان کرد بە چاکسازی لە کەرتی ئەمنی".    سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردوە، "عێراق هەلی وەبەرهێنانی لە کەرتە جیاوازەکاندا هەیە".

پۆلیسی ئێران بە تۆمەتی دروشم نوسین تەقە لە گەنجێکی شاری سەقز دەکەن و دەیکوژن و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی دەکەن هەواڵەکەی بڵاونەکەنەوە و ناڕەزایەتیی دەرنەبڕن. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ ئێوارەی شەممە پۆلیسی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوریی دوو مەترەوە تەقەی لە گەنجێک بە ناوی موختار فەتحی کردوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. بە پێی زانیارییەکانی ئەو ناوەند موختار فەتحی لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بوە و پۆلیسی بە بێ ئاگادارکردنەوە یان هۆشداریی پێشوەخت تەقەی لێکردوە و گوللـە بەر ملی ئەو گەنجە کەوتوە و تەنها دوای چەند چرکەیەک دوای برینداربونی گیانی لەدەستداوە. کەسوکاری فەتحی وتویانە پۆلیسی سەقز سەرەڕای هەڕەشە کردن لە بڵاوکردنەوە هەواڵەکە، دانی بەوەدا ناوە کە بەهەڵە ئەو گەنجەی بە تۆمەتی دروشم نوسین دژی دەسەڵات کوشتوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوە کردوە موختار فەتحی، خەڵکی  ناوچەی دەرەویان بوە لە سەقز و خێزاندارە و هاوژینەکەی لە ئێستادا دوگیانە. زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت و 156 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەشێوازی جیاواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و رۆژانە دەیان گەنج روبەڕوی گرتن و ئەشکەنجەدان دەبنەوە و تا ئێستا تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان 131 کەس لەو  ناڕەزایەتییانەدا کوژراون.  

پۆلیسی سلێمانی ،بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر تۆمەتبارێكی له قەزای سەیدسادق دەستگیركرد. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی  پارێزگای سلێمانی له بڵاوکراوەیەکدا ڕاگەیاند، دوای ئەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتبارێك كۆكرایەوە كە بەكارهێنەرو بازرگانی مادەی هۆشبەرە، هێزەكانی پۆلیسی سەیدسادق لێكۆڵینەوەو بەدواداچونیان دەستپێكرد بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار، دوای ڕوبەڕوبونەوەی  چەكداری لەگەڵ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی حەساری سەر بەبەشی پۆلیسی سەید سادق توانرا تۆمەتبار دەستگیربكرێت و لەكاتی دەستگیركردنیشیدا دەستگیرا بەسەر بڕێك مادەی ھۆشبەردا. پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات، لەئێستادا تۆمەتبار ( ج،ت،م لەدایكبووی 1993 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 30 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

هاوڵاتی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە سبەی یەکشەممە جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکاتەوە، بەمەبەستی درێژەدان بەکۆبونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. ئومێد سەباح لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "بڕیارە سبەی یەکشەممە بەمەبەستی درێژەدان بە کۆبونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا". رۆژی (11ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023) شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانێكی دوو رۆژه‌ی بۆ به‌غدا ئه‌نجامدا و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت و پلاندانانی عێراق، ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و كۆمپانیای سۆمۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا. ەدوای گەڕانەوەی شاندەکەش، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا لەماوەی دو رۆژدا، چەند کۆبونەوەیەکی گرنگی ئەنجامداوە و کۆبونەوەکانیش ئەنجامی باشیان هەبوە، چاوەڕێیدەکەن ئەو خاڵانەی کە ناکۆکیان لەسەرە، لەگەڵ بەغدا بگەنە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەریان" به‌گوێره‌ی زانیاریه‌کان، ئه‌ندامانی تیمی یه‌کێتی له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هاوشێوه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی پێشوی شاندی حکومه‌ت به‌شداری له‌سه‌ردانیکردنی ئه‌م شانده‌که‌ بۆ به‌غدا ناکه‌ن.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە داوای لەهاوڵاتیان کرد، بەمەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان لە بەشی مۆڵەت سەردانیان نەکەن و رایگەیاند، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کارەکانمان ‎لە بەشی مۆڵەت ڕاگرتوە، لە رۆژانی داهاتو لەکاتی دەستپێکردنەوەی کارەکان هاوڵاتیان ئاگاداردەکەنەوە. هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ‎بەشی مۆڵەت لە هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییان دەکات کە سبەینێ یەکشەممە سەردانیان نەکەن بەمەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان. ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە ئێستادا بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کارەکانمان ڕاگرتوە ‎لەکاتی کردنەوەی بەشی مۆڵەت لە رۆژانی داهاتو و دوبارە راییکردنەوەی مامەڵەکانتان لە پەیج و ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنین". هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئەوەشیخستۆتەڕو، "‎ئەو هاوڵاتییانەی کە رۆژی پێنجشەممە نیوەی مامەڵەکانیان تەواو کراوە بەهەمانشێوە سبەینێ سەردانی بەشی مۆڵەت نەکەن تا ئاگادارکردنەوەی داهاتومان".   ‎دەقی ئاگادارکردنەوەکەی هاتوچۆی سلێمانی: ئاگادارییەک لە بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی سلێمانی هاتووچۆی سلێمانی ‎بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییان دەکات کە سبەینێ رۆژی یەک شەممە واتە ڕێکەوتی 19/02/2023 سەردان نەکەن بەمەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لەبەرئەوەی لە ئێستادا بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کارەکانمان ڕاگرتووە ‎لەکاتی کردنەوەی بەشی مۆڵەت لە رۆژانی داهاتوو و دووبارە راییکردنەوەی مامەڵەکانتان لە پەیج و ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیەنین. ‎هەروەها ئەو هاوڵاتییانەی کە رۆژی پێنج شەممە نیوەی مامەڵەکانیان تەواو کراوە بەهەمان شێوە سبەینێ سەردانی بەشی مۆڵەت نەکەن تا ئاگادارکردنەوەی داهاتوومان.

هاوڵاتی باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، ئەوەی لەرۆژنامەی (الێباح) لەژێر ناوی (ئایا قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە) بڵاوکراوەتەوە بۆچونی کەسیەو بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە بۆچونی فەرمی حکومەت ناکات. باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق  لەڕونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، دوپاتیدەکەینەوە ئەوەی لە ڕۆژنامەی (الێباح)، لەژێر ناونیشانی (ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟)، لە لەرۆژی 18ی شوباتی 2023 بڵاوکراوەتەوە، بۆچونێکی کەسیە و بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە بۆچونی فەرمی حکومەت ناکات.  ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: مادەكانی دەستووری عێراق و ئەوەی كە عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە و باقی ئەو پەرەگرافانەی كە شێوەی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستانی ڕێكخستووە، یەكێكە لەگرنگترین دەستكەوتەكانی عێراقی نوێ كەحكومەت كاردەكات بۆ پتەوكردن و پشتیوانیكردن وەك حكومەتێكی شەرعی هەڵبژێردراو بەپێی دەستوور و پابەندە بە بەكارهێنانی و هەروەها هەموو یاسا بەركارەكانی عێراق. رۆژی شەممە 18-2-2023، رۆژنامەی سەباحی عێراقی کە رۆژنامەیەکی فەرمیی حکومەتی عێراقە باسی لە ئەنجامدانی راپرسییەک کرد لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی راپرسییەکە و ژمارەی ئەو کەسانە بدات کە بەشدارییان تێداکردووە و دەڵێت: "بەهۆی ناکۆکییەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، لە راپرسییەکیدا کە سەنتەرێکی ئەکادیمی بۆ راپرسی و شیکردنەوە ئەنجامیداوە خەڵکی هەرێمی کوردستان بێ هیوابوونی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کورستان راگەیاندووە و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا." لەبەرامبەریشدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان وه‌ڵامی راپۆرته‌که‌ی ڕۆژنامەی "الێباح"ی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، ئه‌و راپرسیه‌ی رۆژنامه‌که‌ پشتی پێبه‌ستوه‌ هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و دورە لە ڕاستییەوە. ئەوەشیخستەڕو، "هەرێمی کوردستان، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نوسینی ڕۆژنامەیەکی مایەپوچ هەڵناوەشێتەوە".

هەسەدە رایگەیاند، لە دوو ئۆپراسیۆنی هێزەکانیاندا لە رۆژهەڵاتی دێرەزۆر، دوو ئەمیری داعش کوژراون. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانیان دوو ئۆپراسیۆنی تایبەتیان بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەدژی شانە شاراوەکانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئەنجامداوە. هەسەدە ئاماژەی بەوەداوە، لە ئۆپراسیۆنی یەکەمدا کە هێزەکانی دژە تیرۆر (یات) بەشداریان کردووە، ئەمیرێکی داعش بە ناوی موهەنەد ئەلساری ئەلفەدخەم کوژراوە کە دەستی لە ژمارەیەک پلانی تیرۆرکردنی کەسایەتیەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا هەبووە. دووەم ئۆپراسیۆنیش لە گوندی حەجینی رۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئەنجامدراوە. لە ئۆپراسیۆنەکەدا، شەڕڤانانی هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانان بەشداریان کردووە و ئەمیرێکی دیکەی داعش بە ناوی حەمزە ئەلحومسی، خۆی تەقاندووتەوە و چوار سەربازی هاوپەیمانان بریندار بوون. هەسەدە ئاشکرای کرد کە لە ئۆپراسیۆنەکاندا دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە.

بومەلەرزەکەی 6ی شوبات کە ناوەندەکەی باکوری کوردستان بوو، کاریگەری لەسەر هەرێمی فوراتی رۆژئاوای کوردستانیش داناوە. پاڵاوگەی ئاوای کۆبانێ کە ئاوی 18 گوند دابین دەکات درزی بردووە و بەشێکی لەکار کەوتووە. دوای لێکۆلینەوەکان کە لەلایەن تیمەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە ئەنجامداوە، دەرکەوت، پاڵاوگەی ئاوی کۆبانێ زیانی بەرکەوتووە و ناتوانێت وەک جاران ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان دابین بکات. مەسعود بۆزی هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێمی فورات بۆ ئاژانسی هاوارنیوز رایگەیاند، پاڵاوگەکە ئاوی 18 گوندی کۆبانێ دابین دەکات، لەو گوندانە 50 هەزار کەس دەژین و ئەمەش کارەساتێکی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. بۆزی وتیشی، پاڵاوگەکە زۆر کۆنە و پێویستە بە زوترین کات نۆژەن بکرێتەوە یان پاڵاوگەیەکی نوێ دروست بکرێت. هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێمی فورا دەشڵێت، جگە لەوە بومەلەرزەکە زیانی بە تۆڕەکانی ئاویش گەیاندووە و تاوەکو خۆبەڕێوەبەرێتیەکە بودجەی تایبەت دابین دەکات، ئەوان بە بودجەی خۆیان هەوڵی چارەسەری کاتی دەدەن. شاری کۆبانێ هاوسنورە لەگەڵ شارۆچکەی پرسوسی سەر بە پارێزگای روحای باکوری کوردستان. بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی پارێزگای مەرەشی باکوری کوردستان بوو، کاریگەریەکی لەسەر شارەکە دروست کرد، بەڵام جگە لە چەند بریندارێک، زیانی گیانی لێنەکەوتەوە. لە کۆبانێ جگە لە پاڵاوگەی ئاوەکە، زیان بە ١٣ قۆتابخانەی گەیشتووە و پرۆسەی خوێندن لەو قۆتانخانانە راگیراون.

دەمیرتاش داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەردۆغان و دورکەوتنەوەی لە سیاسەت دەکات و دەڵێت: ئەوە بۆ ئەو، باشترین کۆتایی سیاسییە. سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تویتەر، ئامۆژگاریی بولنت ئارینج، یەکێک لە دامەزرێنەران پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە)و سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی تورکیا دەکات و دەڵێت: ئەردۆغان تا ئێستا گوێت لێدەگرێت، بۆیە داوای لێبکە دەست لە پۆستی سەرۆک کۆمار بکێشێتەوە و دەست لە سیاسەت هەڵگرێ. دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کردوە کە دەستلەکارکێشانەوە، گونجاوترین کۆتایی کاری سیاسیی ئەردۆغانە و باشترە لەوەی بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات و شکست بێنێت. ئەو لە کۆتایی پەیامەکەی لە تویتەر نوسویویەتی: بە دەیان هەزار کەس لە بومەلەرزەکەدا، گیانیان لەدەستداوە و سەدان هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە و چی هەیە لەوە زیاتر کە ئەردۆغان دەست لەکاربکێشێتەوە. پەیامەکەی دەمیرتاش لە کاتێکدایە، پێشتر ئارینج داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کردبو بەهۆی روداونی بومەلەزەکەی باکوری کوردستان و ئەو وڵاتە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن ئەو داوایە رەت کردوەتەوە و رایگەیاند: ئەو هەنگاوە هەوڵێکە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی ئەردۆغان.  

کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوىشارەکانى هەرێمى کوردستانى بڵاوکردەوەو بەگوێرەى پێشبینیەکان ئەمرۆ سبەینێ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵە هەور لە ناوچە شاخاویەکان، هەروەها پلەکانى گەۆماش بەمشێوەیەى لاى خوارەوە دەبێت. بەپێی ڕاگەیاندراوەکە کەش و هەوای ئەمڕۆ  18ی2 ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵە هەورلە ناوچە شاخاویەکان. پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو.  خێراى با / 5 – 15  کم/س.  ئاراستەی با / باکورى خۆرئاوا مەوداى بینین / 8 - 10 کم  پلەکانی گەرما / لەسەر نەخشەدا ئاماژەیان پێدراوە . کەشناسی کەشوهەوای سبەی 19ی2 بەم شێوە ڕاگەیاند ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵە هەورلە ناوچە شاخاویەکان. پلەکانی گەرما / بەرز دەبێت بە (1-2) پلەی سیلیزی بە بەراورد لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. خێراى با / 5 – 15  کم/س.  ئاراستەی با / باکورى خۆرئاوا مەوداى بینین / 8 - 10 کم  کەشناسی لە کۆتایدا بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوە بڵاوکردۆتەوه : هەولێر : 13  سلێمانی : 12 دهۆک : 12  کەرکوک : 15 هەڵەبجە : 13 زاخۆ : 13 سۆران : 10 گەرمیان : 18

بەسەدان ئاوارەی سوری کە لە تورکیا دەژین، دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، تورکیایان جێهێشتووە و چوونەتەوە سوریا. جەیمز گریگوری رۆژنامەنووس بی بی سی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی تورکیا رێگەی بە ئاوارە سوریەکان داوە کە دوای بومەلەرزەکە تورکیا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. ئەو رۆژنامەنووسە، لەو شارانەی کە بومەلەرزەکە زیانێکی زۆری پێگەیاندوون، چاوی بە ژمارەیەک ئاوارەی سوریا کەوتووە و دەڵێت، " ئاوارە سوریەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە دوای بومەلەرزەکە رێژەی توندوتیژی لەبەرامبەریان زیادی کردووە." ئاوارەیەک بە جەیمز گریگوری راگەیاندووە، دوای بومەلەرزەکە هیچ شوێنێک نییە کە تێیدا بژین، چەندین جار هەوڵیانداوە، پەناگەیەک بدۆزنەوە، بەڵام هاوڵاتیانی تورکیا لە هەموو شوێنێک دەریان دەکەن و پێیان دەڵێن، پێویستە وڵاتەکەمان جێبهێڵن. ئاژانسی فرانس پرێسیش لەبارەی ئەم پرسەوە لێدوانی ژمارەیەک ئاوارەی سوریای وەرگرتووە. ئاژانسە باسی ئەوە دەکات کە ئاوارە سوریەکان دوای بومەلەرزەکە جارێکی دیکە ئاوارە بوونەتەوە و لە مزگەوتەکانیشدا جێگەیان نابێتەوە. بۆیە هەوڵ دەدەن هەرچۆنێک بێت، بگەڕێنەوە سوریا. بەگوێرەی دوایین ئامار، لە سوریا نزیکەی پێنج هەزار و ٨٠٠ کەس لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە تورکیاش پێشبینی دەکرێت هەزار و ٥٠٠ ئاوارەی سوریا لەنێو ئەو کەسانەدا بن، کە لە باکوری کوردستان و سوریا گیانیان لەدەستداوە.

‎ ‎نرخی دۆلار بەرامبەر دینار 152,000 ‎نرخی ئێرۆ بەرامبەر دینار 162,000=€100 ‎نرخی پاوەن بەرامبەر دینار 181,000=£100 ‎نرخی كرۆنی دانیماركی بەرامبەر دینار 1000=206,000 ‎نرخی كرۆنی سوید بەرامبەر دینار 1000=144,000 ‎نرخی كرۆنی نەرویجی بەرامبەر دینار 1000=144,000 ‎نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار $100=4,780,000 ‎نرخی ئێرۆ بەرامبەر دۆلار €100=107$ ‎نرخی پاوەن بەرامبەر دۆلار  £100=119$ ‎نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار 1890=100$ ‎نرخی كرۆنی دانیماركی بەرامبەر دۆلار 1000=136$ ‎نرخی کرۆنی سویدی بەرامبەر دۆلار  1000=93$ ‎نرخی كرۆنی نەرویجی بەرامبەر دۆلار 1000=95$ ‎

هاوڵاتی لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان سەرەڕای هەموو قەیرانەكان دەسەڵاتی ئێران رووبەڕووی زۆری ژمارەی زیندانیان و كورتهێنانی بودجەی زیندانەكان بووەوەو ئەو وڵاتە كەخاوەنی پلەو ریزبەندی جیهانییە لە رووی ژمارەی زیندانیانەوە دەیەوێت بەتیرێك دوو نیشان بپێكێت و بەناوی لێبوردنی گشتییەوە خۆی لەقەیرانی زیندان دەرباز بكات. لەساڵانی رابردووشدا ئێران بەدەركردنی لێبوردنی گشتیی نزیكەی 20 بۆ 35 هەزار زیندانیی ئازاد دەكرد كەتاوانێكی ئەوتۆیان لەسەر نەبوو یان بەشێكی زۆری سزاكەیان تێپەڕاندبوو، بەڵام ئەمساڵ لەهەنگاوێكی سەرنجڕاكێشدا لێبوردنێكی بەرفراوانتری بەقەبارەی سێ هێندەی ساڵانی رابردوو دەركرا. دەسەڵاتی ئێران دەیەوێت بەئازادكردنی نزیكەی 100 هەزار كەس بەلێبوردنی گەشتی لەلایەن رابەری كۆماری ئیسلامی لەلایەك تێچووی زیندانەكانی و لەلایەكیش ژمارەی بەندكراوەكانی كەمبكاتەوەو زیاتر لە 39 هەزار دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكان منەتبار بكات كە تائێستا زۆربەی ئەو چالاكوانانەی كەئازادكراون خۆیان نەخستووەتە ژێر باری ئەو منەتەو رایانگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك داوایان نەكردووە كەلێبوردن بیانگرێتەوەو نموونەی ئەوە زارا محەمەدی، مامۆستای زیندانیكراوی كورد بوو كەئێوارەی هەینی (10/3/2023) ئازاد كرا. كوردو زیندان پێگەی تایبەت بەبەرگریی لەزیندانیكراوان لەئێران (united4iran.org) ئاشكرای كردووە؛ بەپێی ئەوەی 60% خەڵكی ئێران بەزمانی فارسی قسە دەكەن و بەڕەچەڵەك بەفارس ئەژمار دەكرێن، دەبێت بەپێوەرە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكان 60% رێژەی كەسانی زیندانیكراون لەو وڵاتە لەڕەچەڵەكی فارس بن بەڵام لەئامارەكاندا دەردەكەوێت كەدوای رەچەڵەكی توركمان، فارسەكان كەمترین كەسیان لەزیندانەكاندایەو لەبەرامبەردا زۆرترین ژمارەی زیندانی كورد بەتۆمەتی جیاوازیی ئایینی و سیاسیی لەزیندانەكانی ئێراندان. ئەو پێگەیە روونیكردووەتەوە كورد لە ریزبەندی یەكەمی زیندانیكراوانی ئێراندا كەزۆرترین كەسی بەتۆمەتی سیاسی و ئایینی لەزیندانەكانی ئەو وڵاتەدان و دوای ئەوەشی فارس لەپلەی دووەمی تۆمەتی سیاسی و عەرەب لەپلەی سێیەم و بلوچ لەپلەی چوارەمی زیاترین زیندانیانی سیاسیی ئێراندا دێن. كۆماری ئیسلامی ئێران بەبیانووی جێبەجێكردنی یاساو شەرعی ئیسلامی یەكێكە لەو وڵاتانەی زیاترین سزای زیندانی بەسەر نەیاران و هاووڵاتیانی سەرپێچیكاری خۆیدا دەسەپێنێت و ئەمەش ئەو وڵاتەی كردووەتە هەشتەمین بۆ دەیەمین زیندانی گەورەی جیهان و چوارەم زیندانی گەورەی وڵاتانی ئیسلامی. كۆمارێك لەزیندانی ئامارە فەرمییەكانی ئێران دەریدەخەن كەساڵانە نزیكەی 650 هەزار كەس سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپێنرێت و بەوەش لە 44 ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا نزیكەی 29 ملیۆن كەس لەكۆی 85 ملیۆن هاوڵاتی بەتۆمەتی جیاوزا لانیكەم بۆ جارێكیش بێت زیندانیی كراون. بەپێی زایارییەكانی پێگەی ئەلیكترۆنی ناوەندی نێودەوڵەتی زیندانیانی جیهان (prisonstudies.org) لەساڵی 1980 واتە تەنها یەك ساڵ دوای بەدەسەڵات گەیشتنی كۆماری ئیسلامی لەئێران ژمارەی زیندانیكراوانی وڵاتەكە 10هەزار كەس بووە كەدوای 13ساڵ ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە 101هەزار زیندانیی بەرز بووەتەوەو لەساڵی 2001 گەیشتووەتە 158 هەزار و لەساڵی 2018 بۆ زیاتر لە 240 هەزار زیندانیی بەرزبووەتەوە، بۆیە ئێران لەساڵی 2018 دەبێتە هەشتەم وڵات  لەجیهان  كەزیاترین زیندانیكراوی هەیە. ئێران هەفتەیەكە بانگەشەی لێبوردنێكی گەشتی دەكات كە بەپێی لێبوردنەكە نزیكەی 100 هەزار زیندانی و دەستگیركراوی ئەو وڵاتە ئازاد دەكرێن و لەئامارە نافەرمییەكانیش دەركەوتووە لەماوەی نزیكەی پێنج مانگی ناڕەزیەتییەكاندا زیاتر لە 30 هەزار كەس دەستگیرکراون و ژمارەی زیندانیانی ئەو وڵاتەش بۆ زیاتر لە 200 هەزار كەس بەرزبووەتەوە لەكاتێكدا بڕیاربووە تەنها 20 هەزار كەس لەزیندانەكانی ئێراندا هەبێت. شەوی هەینی لەچوارچێوەی لێبوردنە گشتییەكەی ئێران ژمارەیەك چالاكوان ئازادكران بەبێ ئەوەی پێشتر خۆیان یان پارێزەرەكانیان ئاگاداركرابێتنەوە و تەنانەت هەندێك لەو زیندانیانە ئەو لێبوردەنەیان رەتكردووەتەوە كە لەلایەن عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران راگەیەنراوە.   گەورەترین لێبوردن لەمێژووی ئێران یاسای ژمارە 110ی دەستوری ئێران بەپێی بەندی 11 ئاماژە بەوەكراوە كەتەنها یەك كەس بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆكی دەزگای دادی وڵاتەكە دەتوانێت لێخوشبوون یان لێبوردنی گشتی بۆ تاوانبارو زیندانیان دەربكات كەئەویش عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامییە. خامنەیی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەبۆنەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی لێبوردنێكی گشتیی دەكرد كە بەو جیاوازییەی كەزیاترین زیندانیی بەراورد بەفەرمانەكانی پێشووی بەر ئەو لێبوردنە دەكەون كەژمارەیان دەگاتە 100 هەزار كەس. سەرچاوەكانی ناوخۆی ئێران بڵاویانكردووەتەوە لێبوردنە گشتییەكەی ئەمجارە بڕیارە 100 هەزار زیندانیی بگرێتەوە كە لانیكەم 39 هەزار زیندانییان لەدەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ناوچەكانی تری ئێرانە لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی. خامنەیی لەساڵی 2019 بەهۆی یادی 40 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران  لێبوردنێكی گشتیی دەركرد كە 94 هەزار زیندانیی دەگرتەوەو نزیكەی 61 هەزار زیندانیی ئازادكران، بەڵام لەساڵی 2020 و لەهەماندا یاددا لێخۆشبوونی بۆ سێ هەزار و 840 زیندانیی وڵاتەكەی دەركردووە كە لێخۆشبوونەكە ئازادكردن و سوككرنی سزای ئەو ژمارە زیندانیەی لەخۆگرتووە، بۆیە فەرمانی ئەم دواییەی بەبۆنەی 44 ساڵی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی بەراورد بەسەرجەم لێبوردنەكانی دیكە زیاترین زیندانیی دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی مەرجەكان بێت كەمترین ژمارەی دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان دەگرێتەوە. مەرجەكانی ئەو لێبوردنە گشتییە ئەوەیە كەنابێت هیچ دەستگیركراوێك تۆمەتی سیخوڕی لەسەر بووبێت و تۆمەتبار كرابێت بە پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانیەكان و هاوكات تۆمەتی كوشتن و برینداركردنی لەسەر نەبێت و هەروەها ئەو دەستگیركراوانە نابێت هیچ جۆرە سكاڵایەكیان لەسەر تۆمار كرابێت و دەستیان نەبووبێت لەكردنەوەی ئاگرو دروستكردنی بەربەست لەشەقام و شوێنە گشتییەكان و هێرشیان نەكردبێتە سەر دامودەزگا حكومییەكان.   قەیران و بودجەی زیندانیان ناوەندی سیستمی زیندانەكان لەجیهان(World Prison Brief) بڵاویكردووەتەوە؛ ئێران خاوەنی 189 هەزار زیندانییەو بەوەش دەبێتە دەیەمین وڵاتی جیهان كەزیاترین زیندانیی هەیە لەكاتێكدا ناوەندی زیندانەكانی وڵاتەكە رایگەیاندووە ژمارەی زیندانییانی ئێران زیاتر لە 240 هەزار كەسە. ئاشكرابووە هەر زیندانییەك مانگانە لانیكەم 222 دۆلاری پێویستەو بەهۆی ئەوەی لەم دواییانەشدا زیاترین بەشداربووی ناڕەزایەتییەكان دەستگیركراون و دەبێت رەوانەی زیندانەكان بكرێن، خەرجییەكانی حكومەت بەرزدەكەنەوە. بودجەی ئەمساڵی زیندانەكانی ئێران بە 198 ملیۆن دۆلار دیارییكراوەو لەبەراوردەكاندا دەركەوتووە ئەگەر ئەو ژمارە زۆرە لەزیندانەكاندا بمێننەوە لانیكەم پێویستیان بە 79 ملیۆن دۆلاری دیكەیە. لێبوردنە گەشتییەكەی خامنەیی كە بۆ یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە دوو ئامانج دەپێكێت كە لەلایەك زیندانەكانی ئێران لەو قەرەباڵغی و لەكورتهێنانی بودجە رزگار دەكات و لەلایەكی دیكەشەوە دەسەڵاتی وڵاتەكەی بەلێبوردەو خۆگونجێن پیشاندەدات كە تائێستا پێچەوانەی ئەوە دەركەوتووە.   جێ‌ لەزیندانەكاندا نەماوە بەپێی ئامارە رەسمییەكان بۆ هەر 100 هەزار كەس لەدانیشتوانی ئێران بەرۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە نزیكەی 290 كەس زیندانیی دەكرێن و لەهەر ساڵێكدا نزیكەی 650 هەزار كەس لەدانیشتوانی ئێران بۆ ماوەی تەنانەت 24 كاتژمێریش بێت، زیندانیی دەكرێن لەكاتێكدا توانای لەخۆگرتنی زیندانەكانی ئێران 88 هەزار كەسە. بەهۆی ئەوە ژمارەو سزای زیندانیكردن لەئێران زۆرە پێدەچێت هەر هاووڵاتییەك تاكۆتایی ژیانی لەو وڵاتە بەلانی كەمەوە 24 كاتژمێر زیندانیكردنی بەربكەوێت. ئێران خاوەنی 268 زیندانی ئاشكرایە لە 31 پارێزگا كە 108 زیندانیان لەلایەن دەزگای دادی وڵاتەكەوە سەرپەرشتیی دەكرێن و سوپای پاسدارن 29 زیندانی هەیە و وەزارەتی هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) نزیكەی 51 زیندانی هەیە، بۆیە هەر كەسێك رێی بكەوێتە زیندانەكانی سوپای پاسداران و ئیتلاعات رەنگە بەتەواوەتیی بێسەروشوێن ببێت چونكە هیچ زانیارییەكی فەرمیی لەسەر بڵاوناكرێتەوە. زیندانەكانی قەرچەك، فەشافویە، عادل ئاباد، ئێوین، وەكیل ئاباد، ورمێ بەمەترسیدارترین و گەورەترین زیندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەقەڵەمدەدەرێن كەسەرجەمیان لەلایەن ئەمریكاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایانكردووە تەنها لەو بەشەی كوردستان نزیكەی حەوت هەزار كەس لەناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون و دوور نییە بەو لێبوردنە سزای زۆرینەیان كەم ببێتەوەو ژمارەیەكیشیان ئازادبكرێن، بەڵام ئەوەش ناتوانێت ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات راگرێت بەتایبەت كەجگە لەو زیندانیانە 130 كەس كوژراون.

هاوڵاتی له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى، 2023/2/17، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان،  له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان بن جاسم ئال سانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وى قه‌ته‌رکۆبونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان بن جاسم ئال سانى، جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وەى قه‌ته‌ر "په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش" تاوتوێ کران و "جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌."  وەزیری دەرەوەی قەتەر "خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ فراوانكردنى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى دووپاتكرده‌وه‌ و هيواى خواست زه‌مينه‌ و ده‌رفه‌تى باشتر بۆ كه‌رتى تايبه‌تى قه‌‌ته‌ر‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان فه‌راهه‌م ببێت."  هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو خواستەی وەزیری دەرەوەی قەتەر "هه‌موو پشتگيرى و ئاسانكارييه‌كى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى له‌مباره‌وه‌ نيشان دا."  لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی قەتەر باسیان لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکە کردووە و "هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌وڵدان و كاركردن بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان به‌ شێوه‌يه‌كى ئاشتيیانه."  

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی له‌گه‌ڵ ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌ . لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2023/2/17، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ  سڵێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری ئاساییشی نێودەوڵەتی کۆبونەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت لە کۆبونەوەکەدا  کاروباری ئاساییشی نێودەوڵەتی، دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ كراو و باس له‌ دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش كراوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ، واڵنده‌ر دووپاتى كردۆتەوە كه‌ ولایەتە يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى وڵاته‌كه‌يدا له‌گه‌ڵ عێراق، له‌ پێشكه‌شكردنى هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى پێويست بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و تا له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كى و نه‌هێشتنى هه‌ڕه‌شه‌يان، پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى تيرۆرستانى داعش ده‌بنه‌وه‌. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە لاى خۆيه‌وه‌  نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پيزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكاى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆردا دووپات كردۆتەوەوو به‌رده‌واميى پشتگيريى واشنتۆنى بۆ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌ت و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ پێويست و گرنگ دەزانێت. هاوکات تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و گرنگيى پێكه‌وه‌كاركردن بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منييه‌كان و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.