سزای سێدارەی زیندانییەکی دیکە لە سنە جێبەجێکرا و بەوەش ژمارەی سێدارەدانی زیندانییانی کورد لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە؛ بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە گەنجێک بەناوی حەمید رەحیمی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراوە. حەمید رەحیمی تەمەن 34 ساڵی خەڵکی شاری دێولان لە پارێزگای سنە تۆمەتبار کراوە بە کوشتنی بە ئەنقەست و دوای چوار ساڵ مانەوە لە زیندان سزاکەی بەسەردا جێبەجێکراوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوە کردوە کە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا 26 کەسی کورد لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و زینداکانی ئێراندا لەسێدارە دراون. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی رابردوشدا لانیکەم 52 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون کە ژمارەیەکیان بەهۆی تۆمەتی سیاییەوە بوە.

لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک گوندی شوانکارە  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لانی کەم شەش کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی کە بەرەو ناوچە سنوورییەکان دەڕۆیشتن، بەسەختی برینداربوون. بەپێی ڕاپۆرتی  ڕێکخراوی هەنگاوو بۆ مافی مرۆڤ، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی یەکشەممە 26ی2ی2023 پێنج کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی بەناوەکانی سەلاح ڕەحمانی، زەکەریا ئەحمەدی، مێرساد دەروێشی، زەکەریا (ناسنامەی نەزانراوە) و ماکوان (ناسنامەی نەزانراوە) لەگەڵ کۆڵبەرێکی دیکە کە هەتا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەبووە لەنزیک گوندی شوانکارە سەر بەشارۆچکەی شاهۆ لە شاری ڕەوانسەر تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و برینداربوون. باس لەوەش کراوە، شەش کۆڵبەرە کە بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری جوانڕۆ گواستراونەتەوە و دۆخی تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە.

دەستگیرکردنی دوو تیرۆرست لەلایەن دژەی تیرۆری عێراق ڕاگەیاندرا د دژەتیرۆری عێراق، دەستگیرکردنی دوو تیرۆریستی لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی راگەیاند.  دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کە ھێزەکانی سەربە دەزگای دژەتیرۆر لە میانی دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، دوو تیرۆریستیان لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی دەستگیرکردووە. لە ڕاگەیاندراوەکە، باس لەوەش کراوە، کە ئۆپەراسیۆنەکان بە ھەماھەنگی و ھاوکاریی ھێزەکانی دژەتیرۆری ھەولێر و سلێمانی ئەنجامدراون

هاوڵاتی  پارێزگاری هه‌ولێرئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یه‌ك مانگ مۆڵه‌ت به‌ شوێنه‌ بازرگانییه‌كان ده‌درێت، كه‌ تابلۆكانیان بكه‌ن به‌ زمانی كوردی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئیجراتیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی، به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به‌ ئیجرائات بكه‌ین، كه‌ تا 1ـی 4 بوار به‌ شوێنه‌ بازرگانییه‌كان ده‌درێت، ده‌بێت تابلۆكانیان بگۆڕن بۆ زمانی كوردی. ده‌شڵێت: "ئێمه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی راده‌گه‌یه‌نین، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌ بازرگانییه‌كان تابلۆكانیان بگۆڕن و بیكه‌ن به‌ زمانی كوردی". گوتیشی: "پێویسته‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و رۆشنبیران، به‌شێك بن بۆ گرنیدان به‌ زمانی كوردی و هاوكاربن بۆ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ نیشتمانییه‌". پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر تا 1 – 4 تابلۆكان بۆ زمانی كوردی نه‌گۆڕدرێن، سزای پێبژاردنییان بۆ ده‌كرێت، دواتریش ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بن، شوێنه‌كانیان داده‌خرێن. ئەوەشی ڕونکردەوە ناوی سه‌ر تابلۆی ئه‌و شوێنه‌ بازرگانییانه‌ی كه‌ ده‌گمه‌نن، ده‌بێت  بگۆڕدرێن، ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت ئاسانكارییان بۆ ده‌كه‌ین. له‌باره‌ی رێستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، پارێزگاری هه‌ولێر گوتی: "رێستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، ده‌بێت لیستی خواردنه‌كان بكه‌ن به‌ كوردی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".

هاوڵاتی بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات، بووە هۆی ئەوەی کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) هەموو چالاکیە سەربازیەکانی رابگرێت، بەمەبەستی هاوکاریکردنی لێقەوامانی بومەلەرزەکە، بەڵام سوپای تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان. بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی هاوازنیوز، دوای ١٨ رۆژ لە رووداوی بومەلەرزەکان، دەوڵەتی تورکیا ٢ هێرشی ئاسمانی و ١٨ هێرشی زەمینی لەدژی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە. ئاژانسەکە دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو هاوڵاتی شەهیدبوون و چەندین کەسیش برینداربوون کە هاوڵاتییەکیان تەمەن ٧٠ ساڵ بووە و دوای بومەلەرزە، لە حەڵەبەوە روویکردبووە شەهبا و لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا بۆ سەر شەهبا شەهیدبووە. لەلایەکی دیکەوە، پەکەکش چالاکیەکانی بەهۆی بومەلەرزەکەوە راگرتووە، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسان و هێزی سەربازی ئەو پارتە، لە ١٨ رۆژی رابردوودا، سوپای تورکیا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکان. هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەمبارەیەوە رایگەیاندووە، کە لەم ١٨ رۆژەدا سوپای تورکیا چەندین جار، چەکی قەدەغەکرا و بۆمبی فسفۆری بەکارهێناوە.

وەزیری بازرگانی عێراق:" لە سبەینێوە بەشە ئاردی دووەمی ئەم ساڵ دابەشدەکرێت".  ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 25ی2ی2023،  لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کۆمپانیای گشتی لە پارێزگاکان پشکەکانیان دابەشکردووە و بریکارەکانیش ئاگادارکراونەتەوە و بڕی ئاردی خۆیان وەرگرتووە". ئەوەشی ئاشکرا کرد،"سبەینێ یەکشەممە پشکی دووەمی ئارد لە چوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت". وەزیرەکە داوای لە هاوڵاتییان کرد، "سەردانی بریکارەکانی خۆراك بکەن و پشکەکانیان وەرگرن و لە کاتی بونی هەر کێشەیەكدا پەیوەندییان پێوە بکەن".

وەزارەتی نەوتی عێراق له‌ نوسراوێكدا ڕایدەگەیەنێت"وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێت". فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق له‌ نوسراوێكدا كه‌ رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ ده‌رچوه‌ و وه‌ڵامی پێشنیاره‌كانی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان داوه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی یاسای نەوت و غاز و لەكۆی 15 پێنشیار 10 پێشنیاریان رەتكراونه‌ته‌وه‌ و تیایدا هاتوه‌، "وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێت. هەروەها دەشڵێت دژی ئەوەین،"هێڵی بۆری نەوت‌و غازی تایبەت بەخۆی هەبێت،  ئاماژەی بەوەش داوە،لەگەڵ ئەوەش نین،" ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەبێت،  باسی لەوەش کردوە،دژی ئەوەیه" یاسای نەوت‌و غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە جارێكی تر زیندو بكرێتەوە". به‌م دواییانه‌ چه‌ند جارێك شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چوه‌ته‌ به‌غدا و له‌باره‌ی پرسی نه‌وت و پشكی كورد له‌ بودجه‌ی 2023ی عێراق، ڕایانگەیاند لەگەڵ حکومەتی عێرق لێکتێگەیشتن هەیە و نزیکین له ڕێکەوتن.

هاوڵاتی پەیامێک بۆ یەکخستنی ئیرادەی نیشتمانیی      بۆ هەموو کوردو کوردستاننشینان، لە هەر کوێیەکی دنیا هەن..      هۆکاری سەرەکیی بێسەریی و بێئیرادەیی و بێدەوڵەتیی و تەواوی نەهامەتیی و کەوتن و شکست و پاشەکشەو لەتبونمان؛ ناکۆکییە ناڕەواکانمانن، قبوڵکردنی هەموو ئەوای ترە بە دوژمنەکانیشمانەوە؛ جگە لە خۆمان، لە دوای تۆفانەوە بۆ لە دەستدانی نێوان دەریای قەزوین و دەریای ڕەش، بۆ مادو بۆ چاڵدێران و بۆ ناوبەرداشی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و شەڕی میرەکان و شەڕی براکان و بۆ ئەمڕۆ، بۆ شەڕی نێوان هەست و نەستمان، چ لە سەر ئاستی خود، چ لەسەر ئاستی تاک، چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگاو دامەزراوە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و حیزبیی حکومیی و ئابوریی و ئارامیی و زانیاریی و دادوەریی و دبلۆماسییەکان؛ پەرت و کەرت و کەم و کورت و کووڕ بوین و؛ چاومان یەکتر نابینێت.  مێژومان ئەزموننەکردووەو هەزار گلان نەیکردوین بەسوار، نە سودمان لە شکستەکانمان بینیوە، نە توانیومانە سەرکەوتنەکان بپارێزین.بەردەوام هەندێکمان دەبینە کلکی تەورو ئەوی ترمان دەبڕینەوە، شایی لایەکمان شینی ئەویترمان و کۆستی لایەکمان شادیی ئەویترمانە، خۆمان بێئەرزش و دوژمنانمان سەردار کردووە. ((ئەوانەی لە مێژووی ڕابردووی خۆیان بێئاگا دەمێننەوە، مەحکومن بەوەی؛ کە دووپاتی بکەنەوە))؛ ئێستا ئیتر، کاتی ئەوە درەنگبووە کە دەبێت بەئاگابێینەوە، دەسەڵات و داهات و فەخفەخەو فەنتازیاو لەزەت و شیرینیی و چەوریی دەسەڵاتدارێتیی؛ لەمەزیاتر فریومان نەدەن. مانەوەو چارەنوسی کوردو کوردستان بە تەمەن و مانەوەو ژیانی کەسمانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵام بەیەکەوە دەتوانین ئەمڕۆو ئایندەیەکی باشترو سەروەریی زیاتر بۆ خەڵک و خاک و نیشتمانەکەمان و خۆمان؛ زامنبکەین، تاوان و کارەسات و هەڵەو چەوت و چەوێڵییەکانی پێشوومان؛ ڕاستبکەینەوە، باری لاری سەرشانمان ڕێکبکەینەوە. بە ناکۆکیشمان تەنها قەدەری ژیانێکی شایستەتر؛ دوردەخەینەوە. بۆیە؛ ئەمڕۆ، بەر لە سبەی داوا لە هەموو تاک و دەستەو لایەنێکی ئەم کوردو کوردستانە، لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، دەکەم: بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێکی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵکردنی یەکتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەکتر قبوڵدەکەن، یاخود نایکەن، گرنگ ئەوەیە یەکتر قبوڵبکەن، یەکتر ئاشتبکەنەوەو ئیرادەی نیشتمانیمان بەهێزبکەنەوە، لە کەلەڕەقیی و سەرکەشیی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی و جەمسەرگیریی؛ دور بکەونەوە. خۆتان دەستی ئاشتەوایی بۆ یەکتر درێژبکەن، بۆ ئاشتیی پرس بە کەس مەکەن، تێبگەن لەوەی کەستان ناتوانن ئەویترتان خاپور بکەن. ئیرادە و شکۆو مێژوو ڕەسەنایەتیی و قوربانیی و دەسکەوتەکانی کوردو کوردستانیان؛ لەمە وردوخاشتر مەکەن. ئازابن، بەرپرسیارو جوامێر و دەستپێشخەرو لێبوردەو  بوێربن؛  پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناکۆکییەکانتان بەردەن. ئەگەرنا؛ ناکۆکییە ناڕەواکانتان؛ ئاگر لە هەموو ڕەوایەتییەک بەردەدات. د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی

هاوڵاتی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، پێنج رێکاری نوێیان لەپێناو سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار دەرکردووە. دەشڵێت، "هیچ هاوڵاتییەک ناتوانێت بەشێوەی نەختینەیی لە ١٠ هەزار دۆلار زیاتر بباتە دەرەوەی وڵات". عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند، پێنج رێکاری نوێیان بەمەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار دەرکردووە. دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئەمنی و خاوەن کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتن لە دراوی بیانیدا باس لە رێگاکانی هەماهەنگی و رێکارەکانی نێوان بانکی ناوەندی و دەزگا پەیوەندیدارەکان و دیاریکردنی رۆڵ و ئەرکەکان لەژێر رۆشنایی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان دەکەن. پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، رێنماییەکان بریتین لە: یەکەم: بانکی ناوەندی تاکە لایەنە کە بەرپرسیارە لە چاودێریکردن و پشکنینی بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە و لەچوارچێوەی یاساکانی بانکەکەدا مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە. دووەم: گواستنەوەی پارەی نەختینەیی بە (دینار و دۆلار) و هەردراوێکی دیکە لەناوخۆی عێراق رێگەپێدراوە بۆ هەمو و ئەوکەسانەی بەیاسایی کاردەکەن لەوانەش بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیاکانی نێوەندگیری لەکڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی و لقەکانیان لەسەرجەم پارێزگاکاندا. سێیەم: بە ئامانجی رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی پارەی نەختینەیی بۆ دەرەوەی وڵات زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلار رێگە پێنەدراوە کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دیاریکراوە، لایەنە ئەمنییەکان راسپێردراون پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانی سەرسنوورەکان بکەن ئەمەش لەپێناو رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی پارە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەهەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیدا. چوارەم: ئەو بڕە پارانەی لە بانک و کۆمپانیاکانەوە دەنێردرێت بۆ لقەکانیان لەگەڵ بەڵگەنامەکانی لایەنی نێردەر کە وردەکارییەکانی نێردەر و بۆنێردرا و نیشاندەدەن، هەروەها لە بازگەکانی کۆنترۆڵی دەرەکی لەسەر داواکاری پێشکەش دەکرێن و لە ئەگەری گومان یان پێویستی پشتڕاستکردنەوە لەرێگەی ئەم ژمارانەوە پەیوەندی بە بەشی کۆنترۆڵی بانکی لە بانکی ناوەندی دەکرێت کە ئەمانەن (٠٧٧٢١١١١٤١٨ ، ٠٧٨٠٩٢٢٤٦٦٣، ٠٧٨٥٣٣٣٠٥٥٥). پێنجەم: بانک و کۆمپانیاکان پێویستە بانکی ناوەندی ئاگادار بکەنەوە لە هەر ئەگەرێک و تووشبوونیان بە رێکارەکان و سەردانی پشکنەران یان دەستوەردان لە کارەکانیان لەلایەن کەسانی نابەرپرسەوە.

هاوڵاتی  محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پاکێجی پاڵپشتیکردنی خانەنشینانی راگەیاند، کە 12 خاڵ لە خۆدەگرێت. یەکێک لە خاڵەکان دابەشکردنی زەوییە بەسەر ئەو خانەنشینانەدا، کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون. خاڵێکی دیکە بریتییە لە پێدانی پاداشتێک بە بڕی 500 هەزار دینار بۆ هەر خانەنشینێک "لەهەمان ئەو رۆژەی دەستلەکارترازاندنی بۆ دەکرێت"، ئەمە جگە لەوەی بڕیارداوە لەگەڵ وەرگرتنی یەکەم موچەی خانەنشینیدا بڕی پاداشتی کۆتایی خزمەتەکەیان بۆ خەرجبکرێت و بە هیچ شێوەیەک دوانەکەوێت. هەر بە گوێرەی پاکێجەکە، هێڵی ئاسمانیی عێراق ساڵانە یەک جار داشکاندنێک بە بڕی 25% بۆ خانەنشینان دەکات.  ئەو خانەنشینانەی پێویستیان بە چارەسەری دەرەوەی وڵات هەیە و نەخۆشییەکانیان قورسن، لەسەر حسابی دەوڵەت رەوانەی دەرەوەی عێراق دەکرێن.

نرخی غازی ماڵان و گاز لە بەنزینخانەکان دادەبەزێت. ئەمڕۆ هەینی 24ی2ی 2023، بەھمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاند: "لە ئێستادا نرخی لیترێک غاز، لە بەنزینخانەکانی سلێمانی لە 700 دینارەوە کەم کراوەتەوە بۆ 645 دینار. هەروەها، دەربارەی نرخی گاز، وتەبێژەکە  ئاماژەی بەوەدا، نرخی لیترێک گاز، لە ھەزار و 25 دینارەوە کەم کراوەتەوە بۆ ھەزار دینار". ئەوەشی وت: "بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا، کەم بونەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ خۆگەرمکردنەوە، نرخەکان دابەزیون و چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش کەمبکرێنەوە".

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای پێشبینیکراوى بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ ڕاگەیاند ئەمڕۆ هەینی   24ی2 ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێ لە ناوچە شاخاوییەکان دەگۆڕێ بۆ هەوری تەواو، پلەکانی گەرما، نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ڕۆژی پێشوو. خێراى با ، لەسەرخۆ، مامناوەند دەبێت 10بۆ 20کم،ک .  ئاراستەی با،باکووری خۆرهەڵات دەبێت. مەوداى بینین، لە نێوان8بۆ 10 کم  دەبێت  7 سبەی شەممە    25ی 2 ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لە هەندێک ناوچە نیمچە هەور  دەبێت. پلەکانی گەرما، بەرز دەبنەوە بە نزیکەی 1 تـا  2 پلە بەراوورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ. خێراى با،لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت  10 بۆ 20 کم،ک .  ئاراستەی با، باکووری خۆرهەڵات دەبێت. مەوداى بینین، لە نێوان 8بۆ 10کم  دەبێت  لەکۆتایدا کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیه ڕاگەیاند: هەولێر     :  21 پلەى سیلیزى سلێمانی   : 19 پلەى سیلیزى دهۆک      :  19 پلەى سیلیزى کەرکوک   : 24 پلەى سیلیزى هەڵەبجە   : 20 پلەى سیلیزى زاخۆ      :   21 پلەى سیلیزى سۆران    :  18 پلەى سیلیزى گەرمیان  :  26 پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى /  24-02-2023

وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم، لەبارەی مووچەی مانگی دوو كە دەكەوێتە مانگی سێ و پشووی زۆریش لەو مانگەدا هەیە، ڕایدەگەیەنێت، "کێشه نیه و لەڕۆژانی پشوو موچە دابەش دەکرێت". جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی2ی2023 له‌ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەییدا ، ڕایگەیاند: "پێشتر زۆرجار لە ڕۆژانی پشووش مووچەمان دابەش كردووە، بۆیە بۆ مووچەی مانگی داهاتووش كێشە نییە و لە ڕۆژانی پشووش مووچە دابەش دەكرێت، بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی، فەرمانبەران و مووچەخۆران مووچەی خۆیان وەردەگرن."  جوتیار عادل ئاماژەی بەوەشدا: "دڵنیایی دەدەین حكوومەت هەرچی پێ بكرێت، مووچە لە مانگی داهاتوو دابەش دەكات و بەردەوامى بە دابەشكردنی مووچە ده‌دات." وته‌بێژەکەی حكومه‌تی هه‌رێم،وتیشی: "هەموو هەوڵەكانی حكوومەت بۆ ئەوەیە چاكسازی بكات و داهات زیاد بكات، بۆ ئەوەی مووچە بەردەوامی هەبێت و مووچەش لە پێشینەی كارەكانی حكومەتدایە.". بەپێی ڕۆژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئاداری داهاتوو شەش ڕۆژ کراوە بە پشوی فەرمی لەدامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە و راپرسیەکانی تورکیا رایگەیاند، بەگوێرەی راپرسیەکیان، دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات دەنگی پارتی داد و گەشەپیدان کەم دەکات و خەڵکی تورکیاش دەیانەوێت، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت. لەگەڵ کارەساتی بومەلەرزەی ٦ی شوبات، پرسی هەڵبژاردنیش لە تورکیا قسەی لەسەر دەکرێت. جان سەلچوکی بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە و راپرسیەکانی تورکیا لەمبارەیەوە قسەی کرد و رایگەیاند، راپرسیەکیان لەبارەی بۆچوونی هاوڵاتیان ئەنجامداوە کە ناوەڕۆکی راپرسیەکە بە تەواوی لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاشکرا دەکرێت. جان سەلچوکی باسی ئەوەشی کرد، لە راپرسیەکەیاندا، دەنگی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات و وتی، " زۆربەی هاوڵاتیانی تورکیا لەگەڵ ئەوەدان، هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، کە پێشتر بە شێوەیەکی فەرمی ١٤ی ئایار وەک رۆژی هەڵبژاردن دیاریکراوە. لە چەند رۆژی رابردوودا، پرسی هەڵبژاردن، یەکێک لە رۆژەڤە سەرەکیەکانی پارتە سیاسیەکانی تورکیا بوو. دوێنێ ماڵپەڕی هەواڵی بلۆمبێرگی ئەمریکی، لەزاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئاکەپەوە، کە ناوەکانی ئاشکرا نەکردبوو، رایگەیاند، ئەردۆغان حەفتەی رابردوو لەگەڵ بەرپرسانی پارتەکەی کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەنجام دەدرێت. هەروەها میدیاکانی تورکیا ئاشکرایان کرد، ئاکەپە سەرقاڵی گۆڕینی کارنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنە، لەبەرئەوەی دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تورکیا گۆڕانکاریەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. بەهۆی بومەلەرزەکەوە، پرسی هەڵبژاردن تاوەکو رادەیەک، لە رۆژەڤی تورکیادا کپکرابوو، بەڵام حەفتەی رابردوو، بولەنت ئارنچ یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە لە تویتێکدا گۆمەکەی شلەقاندەوە و داوای کرد، بەهۆی دۆخی بومەلەرزەوە، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی دوابخرێن و لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجام بدرێن. تویتەکەی ئارنچ کاردانەوەی توندی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەدوای خۆیدا هێنابوو. لەمبارەیەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاندبوو، بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن، هەڵبژارندن دوابخرێت، لەبەرئەوەی، بەگوێرەی دەستووری بنەڕەتی تورکیا، تەنیا لە دۆخی جەنگدا دەتوانرێت هەڵبژاردن دوابخرێت. لەم بارەیەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتێکدا، بە توندی رەخنەی لە دەسەڵات گرت و وتی، " دواخستنی هەڵبژاردن بە واتای کودەتا بەسەر یاسا و دەستووردا دێت." دەمیرتاش داوای لە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە کرد، هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆبکاتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنن. لە تورکیا سێ هاوپەیمانی سەرەکی بۆ هەڵبژاردن پێکهێنراون کە ئەمانەن: هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنەک کاندیدی سەرۆککۆماری ئاشکرا نەکردووە. هاوپەیمانی کۆمار پێداگیری لەسەر کاندیدکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە دەکات، بەڵام شەش لایەنەکەی هاوپەیمانی کۆمار تاوەکو ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، هەرچەندە کەمال کلچدارئۆغلۆ لە هەموو کاندیدەکانی دیکە چانسی زیاترە. هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکانیش، هەرچەندە رایگیەیاندووە، کاندیدی خۆیان دەبێت، بەڵام بەگوێرەی هەندێک زانیاری کە لە میدیاکاندا باس دەکرێن، چاوەڕێی هاوپەیمانی گەل دەکات کە ئەگەر کلچدارئۆغلۆ کاندید بکات، بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئەردۆغان، دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدەن.

ئێران رایگەیاند بەرپرسانی بەغداد بەڵێنیان داوە رێگریی لە پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بکەن حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەگەڵ تاوتوێکردنی پەیوەندییە ئابوریی و سیاسییەکان سەبارەت بە پرسی ئاسایشی سنورەکان کۆبونەتەوە و بەرپرسانی بەغداد بە راشکاویی رایانگەیاندوە؛ رێگە نادەن لە خاکی وڵاتەکەیانەوە هێرش بکرێتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێتران. ئاژانسی هەواڵی (فارس) بڵاوی کردوەتەوە عەبدوڵلاهیان لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق وتویەتی: بۆ کۆماری ئیسلامی قبوڵکراو نییە لە خاکی هەرێمەوە هێرش بکرێتە سەر ئێران و هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتەکە بکرێت . بە وتەی عەبدوڵڵاهیان بەغداد و تاران لە ئاستی باڵای ئەمنیی و سەربازیی کۆبونەوەیان کردوە و بڕیارە رێوشوێنی تایبەت بۆ رێگریی لە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێم بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێران بە بەردەوامی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوە لە خاکی هەرێمەوە هێرشی چەکداریی دەکەن سەر سنورەکانی ئەو وڵاتە و تا ئێستاش سوپای پاسداران چەند جارێک بنکە و بارەگاکانی ئەو پارتانەی لە برادۆست و هەولێرو کۆیە و زڕگوێز موشەکباران کردوە و بە فڕۆکەی خۆ کوژ هێرشی کردوەتە سەریان کە زیاتر 19 کوژراو و نزیکەی 70 برینداری لێکەوتوەتەوە.