هاوڵاتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی چله‌ی ماته‌مینیی ژینا ئه‌مینی زیاتر له 120 شار و شارۆچكه و ناوچه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێرانی گرته‌وه و خۆپیشانده‌رانیش له سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته دروشمیان دژی ده‌سه‌ڵات وته‌وه و زۆربه‌ی شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانیش له لایه‌ن گه‌نجانه‌وه كۆنتڕۆڵ كران و هێزه ئه‌منییه‌كانیش سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی هێز سه‌ركه‌وتو نه‌بون له سه‌ركوت و رێگریی له خۆپیشاندانه‌كان. وه‌ك بڕیاربوو به به‌شداریی هه‌زارن كه‌س چله‌ی ماته‌مینیی بۆ ژینا ئه‌مینیی له شاری سه‌قز له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له به‌ره‌به‌یانی چوارشه‌ممه‌دا زۆربه‌ی رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی چونه ناوشاری سه‌قز و گۆڕستانی ئایچی شوێنی به‌خاكسپاردنی ژینا داخرابون، به‌ڵام خه‌ڵك له رێگه‌ی تر و ته‌نانه‌ت له په‌ڕینه‌وه له رێڕه‌وی ئاو و له رێگای لاوه‌كییه‌وه خۆیان گه‌یانده گۆرستانه‌كه. له وێنه و تۆماره ڤیدیۆییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت سه‌رجه‌م ئه‌و رێگایانه‌ی ده‌چنه شاری سه‌قز قه‌ره‌باڵغ بو و خه‌ڵك له شاره‌كانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌شدارییان له چله‌ی ماته‌مینی ژینا ئه‌مینی كرد و میدیاكانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌و رێوڕه‌سمه‌یان گواسته‌وه و ئاماژه‌یان به‌وه كرد هیچ روداوێكی نه‌خوازراو یان كوژران و برینداربون له‌و رێوڕه‌سمه‌دا روی نه‌داوه. هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوچونی چله‌ی مه‌رگی ژینا له گۆڕستانی ئایچی ، له شاره‌كانی قه‌سری شیرین، سنه و مه‌هاباد و جوانڕۆ و سه‌رده‌شت و بانه و ده‌یان شاری دیكه دوكان و بازاڕه‌كان وه‌ك ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی نه‌كرانه‌وه ئه‌وه‌ش بوه هه‌شته‌م مانگرتنی ئه‌و به‌شه له كوردستان له ماوه‌ی مه‌رگی ژینا ئه‌مینیدا. دوای رێوڕه‌سمی چله‌كه شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كانی شاری سه‌قز له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ته‌نرا و گه‌نجانیش به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزانه بونه‌وه و بنكه‌یه‌كی پۆلیس له‌و شاره سوتێنرا. جگه له مانگرتنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له شاری شیراز و ئه‌سفه‌هان دوكان و بازاڕه‌كان نه‌كرانه‌وه و له شاری تاران و له چه‌قی بازاڕی پایته‌ختی ئێران‌دا رێوڕه‌سمی شینگێران بۆ مه‌رگی ژینا و خۆپیشانده‌رانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو. له زۆربه‌ی زانكۆكانی تاران ناڕه‌زایه‌تیی به‌ڕێوه‌چو و هێزه ئه‌منییه‌كان له زانكۆی وه‌رزش و موده‌ڕیس له‌و شاره ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خوێندكاران‌دا كرد و گازی فرمێسكڕێژیان به‌كارهێنا. هه‌ر له تاران هێزه ئه‌منییه‌كان به گازی فرمێسكرێژ هێرشیان كرده سه‌ر گردبونه‌وه‌ی پزیشكان و دوای ئه‌و روداوه‌ش محه‌مه‌د رازی، سه‌رۆكی ناوه‌ندی دامه‌زراوه‌ی پزیشكیی ئێران رایگه‌یان هێرشكردنه سه‌ر ئه‌و گردبونه‌وه‌ی بێڕێزییه به پزیشكان و هه‌ر به‌و هۆكاره ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی وه‌ك باڵاترین پۆستی پزیشكیی و ته‌ندروستی له وڵاته‌كه راگه‌یان. هاوكات كرێكار و كارمه‌ندانی پالاوگه‌ی تاران مانگرتنیان راگه‌یاند و شه‌وی چوارشه‌ممه‌ش له 22 ناوچه واته سه‌رتاسه‌ری پایته‌خت كه دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 18 ملیۆن كه‌سه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی به‌رێوچو و گه‌نجان شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی تارانیان كۆنتڕۆل كرد. به رۆژ مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی به شه‌و خۆپیشاندان و دروشم دژی ده‌سڵات له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی و مانگرتنه‌كانی رۆژی چوارشه‌ممه ، به شه‌ویش زیاتر له 120 شار و شارۆچكه له سه‌رتاسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران خۆپیشاندان و دروشم وتنه‌وه دژی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌گه‌رچی 40 شه‌و به‌سه‌ر مه‌رگی ژینا ئه‌مینیدا تێده‌په‌ڕێت به‌ڵام له زۆربه‌ی شه‌قام و كۆڵانه‌كان وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به مه‌رگی ئه‌و كچه كورده و مه‌رگی لانیكه‌م 255 خۆپیشانده‌ر، ناڕه‌زایه‌تیی گه‌وره و به به‌شداریی هه‌زاران كه‌س له زۆبه‌ی شاره‌كان به‌ڕێوه‌چو. رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زۆربه‌ی شه‌قامه‌كانی مه‌ریوان به‌ده‌ست گه‌نجانی شاره‌كه‌وه بون و گه‌نجانی كامیارن رێگای نێوان شاره‌كه بۆ سنه-یان گرت. هێزه ئه‌منییه‌كان له مه‌ریوان و سه‌قز و سنه و كامیاران ته‌قه‌یان له گه‌نجان كرد به‌ڵام ژماره‌ی قوربانییانی ئه‌و ته‌قه‌كردنانه بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه. له مه‌هاباد و بانه و كرماشان و قه‌سری شیرین و ئیلام و زۆربه‌ی شاره‌كان گه‌نجان به‌شداریی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان كرد و به‌ره‌نگای هێزه ئه‌منییه‌كان بونه‌وه. له زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری سنه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی به‌رفراوان به‌رێوه‌چو و گه‌نجان به كردنه‌وه‌ی ئاگر شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانیان كۆنتڕۆڵ كرد و هه‌ر له‌و شاره گه‌نجان بنكه‌یه‌ی (به‌سیج)ی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێرانیان سوتاند. له ورمێ دروشمی ژن ژیان ئازادی وترایه و ێنه‌ی خامنه‌یی له شه‌قامێكی ئه‌و شاره سوتێنرا و له بۆكان به دروشمی مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر ناڕه‌زایه‌تیی له شه‌قامه‌كانی ئه‌و دو شاره‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوچوو. دوای چل رۆژ خۆپیشاندان بۆ یه‌كه‌مجار له شاری (خورم ئاباد) و بروجه‌رد له پارێزگای لوڕستان به‌ڕێوچو و دروشمی "مه‌رگ بۆ خامنه‌یی" وترایه، پێشتر له 30 پارێزگا له كۆی 31 پارێزگای جوگرافیای ئێران خۆپیشاندان به‌ڕێوچوبو به‌ڵام ئه‌و پارێزگایه به ته‌نها پارێزگای رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئه‌و وڵاته ئه‌ژمار ده‌كرا كه خۆپیشاندان تێیدا به‌ڕێوه‌نه‌چووبوو. چله‌ی سه‌رتاسه‌ریی شه‌وی چوارشمه‌مه له مه‌شهه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی ئێران و له و بروجه‌رد و شیراز، خۆپیشانداران كرا و له شه‌قامی ته‌جریشی تاران دروشمی " مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر و مه‌رگ بۆ خامنه‌یی" وترایه‌وه. له ناوچه‌ی چواربا‌غ له ئه‌سفهان به به‌شداریی ژنان و گه‌نجان و زۆربه‌ی چین و توێژه‌كان خۆپیشاندان و رێپێوانی جه‌ماوه‌ریی به‌ڕێوچو به جۆرێك ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران له زۆربه ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران زیاتر بو. له شاری (ئه‌ندیمێشك)ی ناوه‌ندی پارێزگای خوزستان له باكوری رۆژئاوای ئێران ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌نجان و ژنانی شاره‌كه شه‌قامی سه‌ره‌كییان گرت و دروشمیان دژی ده‌سه‌ڵات وته‌وه. شاری زه‌نجان له باكوری رۆژئاوای ئێران ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان ئه‌نجام درا و به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانیش گه‌نجێكی شاره‌كه گیانی له‌ده‌ست دا. له شاری ته‌برێز كه دانیشتوانه‌كانی (توركی ئازه‌ری)ین هاوشێوه‌ی زۆربه‌ی شاره‌كانی دیكه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی له شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره به‌ڕێوچو ژماره‌ی زۆری خۆپیشانده‌ران و به‌شداریی زۆربه‌ی چین و توێژه‌كان له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی شاره‌كه‌دا مایه‌ی سه‌رنج بو و دروشمی مه‌رگ بۆ خامنه‌یی وترایه‌وه له كاتێكدا ئه‌و شاره له لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه به كۆڵه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران ناو ده‌هێنرێت. له شاری بابۆل و ئامۆڵ له باكوری ئێران و له ئابادان كه له نه‌ته‌وه‌ی (عه‌ره‌ب)ن له باشوری وڵاته‌كه خۆپیشاندانی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چو. له تۆمارێكی ڤیدیۆیی ئه‌مڕۆدا ده‌ركه‌وتوه هێزه ئه‌منییه‌كان ئاگر له خانویه‌ك به‌رده‌ده‌ن و شوێنه‌كه جێده‌هێڵن. به گشتی شه‌وی چوارشه‌ممه و له چله‌ی مه‌رگی ژینا سه‌رتاسه‌ری جوگرافیای ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی دژی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه به‌ڕێوچو و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی ئێران بڵاویان كرده‌وه ئێواره‌ی ئه‌و رۆژه سێ چه‌كدار هێرشیان كردوه‌ته سه‌ر مه‌زارگه‌ی (شاچراغ) له ناوه‌ڕاستی شاری شیراز و به‌هۆیه‌وه 13 كه‌س كوژراون و 40 كه‌سیش برینداربون و ده‌سه‌ڵاتیش خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه بوه‌ته هۆی دروستبونی بۆشایی ئه‌منی له به‌رامبه‌ردا چالاكوانان رایانگه‌یاندوه ئه‌و روداوانه سیناریۆی ده‌سه‌ڵاته بۆ سه‌ركوت و كۆتایی خۆپیشاندانه‌كان.
سەركۆ جەمال رۆژانە لەنەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی 15 كەس، لەنانەكەلی هەولێر شەش كەس و لەسەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لەدهۆك سێ تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەكرێن، بەڵام لەهەولێر و دهۆك جگە لەو دوو نەخۆشخانەیە لەنەخۆشخانەی تریش شێرپەنجە تۆماردەكرێن، بۆ نموونە لەساڵی 2021دا لەهەرێمی كوردستان حەوت هەزارو 908 تووشبوو تۆماركراوە، بەم شێوەیە؛ لەهەولێر سێ هەزارو 808 كەس و لەسلێمانی سێ هەزارو 80 كەس و لەدهۆك هەزارو 16 كەس توشبوون. نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی یەكێك لەگەورەترین سەنتەرەكانی چارەسەری شێرپەنجەیە لەعێراق ئامارەكانیان دەریدەخات، رۆژانە هەزارو 250 بۆ هەزارو 500 كەس بۆ پشكنین و چارەسەر سەردانی دەكەن. د.محەمەد حەسەن، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاماری نەخۆشخانەی هیوا بەهاوڵاتی راگەیاند:»رۆژانە تێكڕا 15 نەخۆش لەهیوا تۆماردەكرێن كە 75٪ یان خەڵكی پارێزگای سلێمانین، 90%ـی ئەوانەی تووشدەبن بەتەمەنن و 10% منداڵن، زۆرترین جۆری شێرپەنجەش لەگەورە ساڵان شێرپەنجەی مەمك، كۆڵۆن و شێرپەنجەی خوێنە». وتیشی: «تائێستا لەنەخۆشخانەكە زیاتر لە 33 هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆماركراون، ساڵی رابردوو سێ هەزارو 80 توشبوو تۆماركرا، ئەمساڵیش تاوەكو ئێستا نزیكەی دوو هەزار و 500 تووشبووی نوێ تۆماركراون، منداڵان زیاتر تووشی شێرپەنجەی خوێن دەبن، بەڵام زۆرترین ئەوانەی تووشی شێرپەنجە دەبن 90٪ گەورە ساڵانن، هەندێك كێشەی دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا چارەسەركراون و هەندێكی دیكەش هێشتا ماون». هاوكات د.ئەفراسیاب مو‌سا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆك بەهاوڵاتی وت:» بەشێكی زۆری ئەو نەخۆشانەی سەردانی ناوەندە پزیشكییەكان دەكەن و تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، تووشی شێرپەنجەی مەمك و شێرپەنجەی خوێن بوون، 40 بۆ 45٪ی نەخۆشانی شێرپەنجە لەپارێزگای دهۆك لەجۆری شێرپەنجەی مەمكن». راشیگەیاند: «لەدهۆك دوو ناوەند بۆ پشكنین و چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە هەیە، كەئەوانیش ناوەندێك لەنەخۆشخانەی ئازادی كە 75 قەرەوێڵەیە، هەروەك سەنتەری شێرپەنجەی منداڵان و نەخۆشانی تالاسیما لەپارێزگای دهۆك». هەر سەبارەت بەئاماری نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان، كرمانج محەممەد، بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەی نانەكەلی لەهەولێر لەلێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» تاوەكو ئێستا تووشبوون بەشێرپەنجە لەهەولێر ستانداردی جیهانی تێپەڕنەكردووەو رۆژانە تێكڕا لەنەخۆشخانەكە پێنج بۆ شەش تووشبووی نوێ تۆماردەكرێت، بەڵام لەسەنتەرو نەخۆشخانەی دیكەش لەهەولێر شێرپەنجە تۆمار دەكرێت». ئاماری شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان ساڵی 2020، شەش هەزارو 293 تووشبوو تۆماركراوە هەولێر؛ سێ هەزارو 50 تووشبوو تۆماركراوە. سلێمانی؛ دوو هەزارو 543 تووشبوو تۆماركراوە. دهۆك؛ 700 تووشبوو تۆماركراوە. ساڵی 2021، حەوت هەزارو 908 تووشبوو تۆماركراوە. هەولێر؛ سێ هەزارو 808 تووشبوو تۆماركراوە. سلێمانی؛ سێ هەزارو 80 تووشبوو تۆماركراوە. دهۆك؛ هەزارو 16 تووشبوو تۆماركراوە.
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2022/10/26 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له شاندێكی كۆمیته‌ی به‌رگریی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا به سه‌رۆكایه‌تیی خاتوو سارا نانی كرد كه له ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتارانی پارته جیاكانی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا پێكهاتبوون. له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیدا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاوه بڕیاری لێدرا، مه‌ترسییه‌كانی داعش و دۆخی ناوچه‌كه‌یان به‌گشتی تاوتوێ كرد. سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی شاندی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیای به پشتگیری بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له قه‌ڵه‌م دا و سوپاسی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و گه‌لی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌یان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان. سه‌رۆكی هه‌رێم جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كی جددییه و هه‌ڕه‌شه له ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق و سووریا و ناوچه‌كه به‌گشتی، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی ئه‌ورووپاش ده‌كات. هه‌روه‌ها هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراقی به باش له قه‌ڵه‌م دا و به پێویستی زانی پته‌وتر بكرێت. له‌باره‌ی دۆخی عێراقیشه‌وه، نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست حكوومه‌تی نوێی عێراق له زووترین كاتدا پێكبهێنرێت كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی و داواكارییه‌كانی هاووڵاتیان بێت و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات. لای خۆیه‌وه شاندی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا، وێڕای ستایشی پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیان له به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌یان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی پێشمه‌رگه له تێكشكاندنی داعشدا ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها خواستی وڵاته‌كه‌یان بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا. دۆخی ناوخۆی كوردستان، پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕ له ئۆكراینا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌ورووپا به‌تایبه‌تی له بواری وزه‌دا، مه‌ترسییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر عێراق و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوون.
هاوڵاتی ئه‌فسه‌رێكی هاتوچۆی سلێمانی توشبونی ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و كارمه‌ندانه به‌هۆی ئه‌گه‌ری به‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامیان به‌پیسبونی ژینگه‌و گازه مه‌ترسیداره‌كانه‌وه توشبون". موقه‌ده‌می هاتوچۆ (جاسم محه‌مه‌د عه‌لی خان) بەڕێوەبەری هاتوچۆی قەزای ده‌ربه‌ندیخان به ڕادیۆی ترافیك ئێف ئێمی ڕاگه‌یاند، "كارمه‌ندانی هاتوچۆ به‌راورد به‌هاوڵاتیانی دیكه ئه‌گه‌ری توشبونیان به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه زیاتره، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كارمه‌ندانی هاتوچۆ به‌راورد به‌هاوڵاتیانی دیكه زۆرتر له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن‌و ڕۆژانه زیاتر به‌ركه‌وتنیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ژینگه‌و هه‌موو ئه‌و گازه مه‌ترسیدارانه‌ی له‌بزوێنه‌ری ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه تێكه‌ڵ به‌ژینگه ده‌بن". به‌رپرسه‌كه‌ی هاتوچۆ ئاشكراشیكرد، "تائێستا به‌ته‌نها له‌قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان سێ كارمه‌ندی هاتوچۆ توشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بوون، كه دوانیان ئه‌ركی ڕۆژانه‌یان له‌تونێلی ده‌ربه‌ندیخاندا بووه". ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، به‌گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له‌سلێمانی ئاشكرایكردوه، ڕۆژانه زیاتر له(15) هاوڵاتی دوای پشكنین بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه توشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بون.
هاوڵاتی مستەفا هیجری رایدەگەیەنێت: سەركوتی رژێمی كۆماری ئیسلامی لەخۆپیشاندانەكانی كوردستان زۆر توندوتیژترە لەسەركوتكردن لەناوچە فارسنشینەكان. مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەپەیوەندی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەكات و دەڵێت: ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران هاوكاری و هاوفكریمان هەیە لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی كەچاوەڕوان دەكرێ لەئێران رووبدا، لەگەڵ بەشێكی زۆر لەحزبەكانی دیكەی نەتەوە بندەستەكان هاوپەیمانی و هاوفكریمان هەیە، سەبارەت بەچۆنیەتی حكومەتێك كەدوای كۆماری ئیسلامی لەئێران دەبێ پێكبێ، لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دوور‌و نزیك لەپێوەندیداین، بەڵام بۆ دوای كۆماری ئیسلامی جیاوازی بۆچوون لەنێو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌دا هەیە. سەبارەت بەچۆڵكردنی سنورەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، وتی: لەبەر رێزدانان بۆ داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕمان بەشوێنی هێزەكانمان لەسنوور كردووە. دەقی چاوپێكەوتنی مستەفا هیجری: هاوڵاتی: ئایا ئێوە خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێران، بەجیاوازتر لەخۆپیشاندانەكانی پێشتری ئێران دەبینن؟ مستەفا هیجری: بەڵێ، خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لەباری چەندی و چۆنییەوە جیاوازی بەرچاویان لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی پێشوو هەیە، لەباری چەندییەوە ئەگەر پێشتر هەرجارەو لەشارێك یان چەند شارێك ژمارەیەك لەخەڵكی ناڕازی دژی رژێم دەهاتنە سەر شەقام، ئەمجارەیان لەدەیان شار‌و شارۆچكە خەڵك هاتوونەتە سەرشەقام یان مانیانگرتووە، بەتایبەت لەپایتەخت و شارە گەورەكانی وڵاتانی رۆژئاوا هەرجارەو بەدەیان و سەدان هەزار كەس رژاونەتە سەر شەقامەكان و سەرنجی میدیاكان و دەوڵەتەكانیان راكێشاوە و شوێندانەریان لەسەر بەشێك لەئەندام پەرلەمانەكان تەنانەت هەندێك بەرپرسی حكومی وڵاتانی رۆژئاوا داناوە سەبارەت بەهەڵوێست و بڕیارەكانیان لەپەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. خاڵێكی دیكە لەو پەیوەندییەدا یەكگرتوویی و یەكدەنگی خەڵكی سەر شەقامە، لەهەموو ئەو خۆپیشاندانانەدا، گشت نەتەوەكان، هەڵگری بیروباوەڕی ئایینی جۆراوجۆر‌و تووێژە جیاوازەكانی حەشیمەتی ئێران، هونەرمەندان، سینەماكاران، یاساناسان و ... بەیەكدەنگی دێنە سەر شەقام. بێجگە لەوانە دەكرێ ئاماژە بە بەردەوامبوونی ماوەیەكی زۆری بەشداری خەڵكەكە بكەین لەمانەوەیان لەسەر شەقامەكان، ئێستا زیاتر لەمانگێكە بە بەردەوامی خەڵك لەسەر شەقامن و سەرەڕای شەهیدكردنی زیاتر لە ٢٠٠ كەس و برینداربوون و دەستبەسەركردنی هەزاران كەس، بەڵام رژێم نەیتوانیوە خەڵك بنێرێتەوە ماڵەكانیان. بەڵام گرنگترین خاڵ لەباری چۆنی یان چۆنیەتی ئەو خۆپیشاندانەیە، بەبۆچوونی من لەو راستیەدا خۆی دەبینێتەوە كە ئەگەر لەخۆپیشاندانەكانی پێشوو، تووێژە جیاوازەكان دەهاتنە سەر شەقام و داوای مافە زەوتكراوەكانیان دەكرد وەك مووچەی دواكەوتوویان، بێكاری، گرانی و ... ئەمجارەیان دروشمی خەڵك بۆ رووخان و نەمانی كۆماری ئیسلامیە و داخوازیەكانیان تەنیا رووخانی رژێمەو هەر ئەوەشە كە دەبینین ئەمجارە وێنەو سیمبولەكانی رژێم وەك خومەینی، خامنەیی، قاسم سولەیمانی لەدیوارەكان دادەگرن و دەیانخەنە ژێرپێ و دەیانسووتێنن و هەیكەلەكانیان دەڕووخێنن. ئەمانە و زۆر دیاردەی دیكە پێمان دەڵێن كەخەڵك بەو راستییە گەیشتوون كە تاكاتێك ئەو رژێمە لەدەسەڵاتدایە ئەوان بەهیچكام لەداخوازیەكانیان ناگەن، كەوایە بۆ گەیشتن بەخواستەكانیان لەپێشدا دەبێ رژێمەكە لابەرن. هاوڵاتی: حزبی دیموكرات لەناو خۆپیشاندانەكاندا ئامادەیی هەیە؟ مستەفا هیجری: بەڵێ، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەخۆپیشاندانەكاندا ئامادەیەو دەورێكی چالاك دەگێڕێ. هاوڵاتی: لەدوای هێرشەكانی كۆتایی مانگی ئەیلول بۆ سەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێوە ئێستا چۆنە؟ مستەفا هیجری: لەدوای ئەم هێرشانە، ژیانی سیاسیمان لەناوخۆی رۆژهەڵات و شوێنەكانی دیكەی دنیا ئێستا بەربڵاوتر لەپێش بۆمبارانەكە بەردەوامە. لەباری ژیانی كۆمەڵایەتیشەوە ئێمە بەو هێرشانە راهاتووین هەرچەند ئەمجارەیان هێرشەكە بەربڵاوتر بوو و ئەو چەكانەی كە لەو هێرشەدا لەدژی ئێمە بەكارهاتن زۆر پێشكەوتووترو نوێتر لەو چەكانە بوو كەپێشتر لەدژی ئێمە بەكاریانهێناون. هاوڵاتی: دەوڵەتی ئێران بەردەوام هەڕەشە دەكات، ئێوە سنورەكانی خۆرهەڵاتی كوردستانتان چۆڵكردووە؟ ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەئێوە كردووە، لەسنوری خۆرهەڵاتی كوردستان دووربكەونەوەو چالاكییەكانتان سنوردار بكەن؟ مستەفا هیجری: ئێمە نەك لەترسی هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی و بۆمباران و تۆپبارانكردنی سنوورەكان، بەڵكو لەبەر رێزدانان بۆ داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕمان بەشوێنی هێزەكانمان لەسنوور كردووە. هاوڵاتی: لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانەوە، دەوڵەتی ئێران داوای دانوستان و گفتوگۆی لەحزبی دیموكرات كردووە؟ مستەفا هیجری: لەدوای خۆپیشاندانەكان كۆماری ئیسلامی هیچ داوایەكی لەو شێوەیەی لەحزبی دیموكرات نەكردووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی دانوستاندنەكانی پێشووش، بۆمان دەردەكەوێ كەمەبەستی رژێم لەهێنانە ئارای دانوستان پیلانگێڕی بووە لەژێر ناوی دانوستان، ئەوەش لەبنەمای فكری و ئایدۆلۆژی رژێم سەرچاوە دەگرێ كە رێگاچارەی پرسەكان لەگەڵ خەڵكی ئازادیخوازی ئێران بەگشتی و كورد‌و باقی نەتەوە ستەملێكراوەكان بەتایبەتی، تەنیا لەپیلانگێڕی بەدژیان و سەركووت و تیرۆر دەزانێ نەك دانوستاندنێكی راستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكانیان. هاوڵاتی: وەكو هێزە سیاسییە كوردییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، هەماهەنگی و گفتوگۆتان هەیە بۆ ئامادەكاری روودانی هەر گۆڕانكارییەك لەئێران؟ مستەفا هیجری: ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران هاوكاری و هاوفكریمان هەیە لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی كەچاوەڕوان دەكرێ لەئێران رووبدا. لەگەڵ بەشێكی زۆر لە حزبەكانی دیكەی نەتەوە بندەستەكان هاوپەیمانی و هاوفكریمان هەیە، سەبارەت بەچۆنیەتی حكومەتێك كەدوای كۆماری ئیسلامی لەئێران دەبێ پێكبێ و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دوور‌و نزیك لەپەیوەندیداین. هاوڵاتی: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان بەجیاوازتر لەناوچەكانی تری ئێران دەبینن، یاخود پێتان وایە خۆپیشاندانەكانی هەموو شارەكانی ئێران یەك خواست و ئامانجیان هەیە؟ مستەفا هیجری: ئامانجی خۆپیشاندانەكان لەسەرتاسەری ئێران بە خۆرهەڵاتیشەوە لابردنی رژێمی كۆماری ئیسلامییە، بەڵام بۆ دوای كۆماری ئیسلامی جیاوازی بۆچوون لەنێو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌دا هەیە، گرووپ و حزبی وا هەیە كە پێی وایە بۆ خۆی بەتەنیا حكومەت دەرووخێنێ و دەبێتە جێگرەوەی كۆماری ئیسلامی، بۆچوونێك هەیە كە لایەنگری لەزیندووكردنەوەی پاشایەتی دەكاو ... ئەو جیاوازیانە ئەڵقەی لاوازی ئۆپۆزسیۆنە كە بەقازانجی كۆماری ئیسلامی تەواو بووە، لەبەرامبەردا ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران و بگرە زۆرێك لەحەشیمەتی خۆرهەڵات خوازیاری پێكهاتنی حكومەتێكی دیموكراتیی فیدراڵ و سیكۆلارین كەیاسا سەروەر بێ و كورد‌و باقی پێكهاتە نەتەوەییەكانی كە لەسەر جوگرافیای دیاریكراوی خۆیان دەژین بەپێی یاسایەكی دیموكراتی ناوچەی خۆیان بەڕێوەبەرن. بەڵام سەركوتی رژێمی كۆماری ئیسلامی لەخۆپیشاندانەكانی كوردستان زۆر توندوتیژترە لەسەركوتكردن لەناوچە فارسنشینەكان، بەجۆرێك تائێستا ژمارەی شەهیدو بریندار، هەروەها زیندانیە سیاسییەكانی ئەو یەك مانگەی دوایی خۆرهەڵات و باقی ناوچە غەیرە فارسنشینەكان وەك بلوچستان، ناوچەی عەرەب و توركماننشینەكان و ... زۆرترین ژمارە پێكدێنن. هاوڵاتی: دروشمی هاوڵاتی ژن، ژیان ئازادی) باڵی بەسەر سەدای خۆپیشاندانەكانی هەموو ئێران و ئەو خۆپیشاندانەش كە بۆ پشتیوانی دەكرێن لەدەرەوەی وڵات، ئاشكرایە ئەمە دروشمی پەكەكەو عەبدوڵا ئۆجەلانە، بەبڕوای ئێوە ئەمە چۆن بووەتە دروشمی هەموو خۆپیشاندانەكان؟ مستەفا هیجری: ژن، ژیان، ئازادی چەمك گەلێكن كە لەمێژ ساڵە لەنێو بزووتنەوەی كوردی خۆرهەڵاتدا باو بووەو تەنانەت لەشیعری هەندێك لەشاعیرەكانیشدا رەنگیداوەتەوە. بۆ وێنە مەرحووم هێمن موكریانی لەشیعرێكیدا دەفەرموێ: با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی رونیشمان هەبێ تاكوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەكەی ژین لیخنە بۆیە دەڵێم لە رابردوودا هەركەس ئەم وشانەی بەكارهێنا بێ، بەڵام كاتێك ژینا ئەمینی، كچە كوردی سەقزی بەدەستی گەشتی ئیرشادی كوماری ئیسلامی لەتاران لە رێكەوتی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا شەهیدكراو تەرمەكەیان ناردەوە بۆ بنەماڵەكەی، ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا داوای لەخەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستان كرد كە رۆژی ٢٨ی خەرمانان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەشەهیدكردنی ژیناو هەموو لاوەكانی دیكە، لەمانگرتنێكی سەرتاسەری بەشدار بن و دوانیوەڕۆكەی هەموو بەیەكگرتوویی بێنە سەرشەقام و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەگوێی دنیا بگەیەنن، خەڵكی خۆرهەڵات پێشوازییان لەو داخوازیە كرد، دروشمی ژن ، ژیان ، ئازادی گوترایەوەو رۆژانی دواتر بەپشتیوانی لەخۆرهەڵات شارەكانی دیكەی ئێران رژانە سەر شەقامەكان و ئەو دروشمەیان گوتەوەو ئێستا لەخۆپیشاندنی ئێرانیەكان لەناوخۆ و دەرەوەیش، ئەم دروشمە یەكێك لەدیارترین دروشمەكانە.
هاوڵاتی کەمێک پێش ئێستا نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی رایگەیاند کە شەش رفێندراوی دیکە کە لە 3-8-2014 لە ناوچەی شنگال لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، رزگار کران. خەیری عەلی، سەرپەرشتیاری گشتی دۆسیەی رفێنراوانی ئێزیدی بە هاوڵاتی ی وت"لەمانگی ئەیلول تاوەکو ئێستا شەش رفێنراوی ئێزیدی لە ژێر دەستی داعش رزگارکراون کەئەمانەن، ١- سوسن حسن حيدر لەدایک بووی 1998 ٢- روزا ئەمین بەرەکات لەدایک بووی 2002 خەڵکی حەردانە ٣- وەفا عەلی عەباس لەدایک بووی2001 خەڵکی کوجویە عباس ٤- مازن جردو خلف لەدایک بووی 2007 خەڵکی گوندی وەردیە ٥- روسيتا حەجی باج‌و لەدایک بووی 2006 گوندی تلقەسەب ٦- جاني زياد حيدر لەدایک بووی2007، خەڵکی ناوچەی سولاغه
هاوڵاتی دادگاکانی ئێران سزا بەسەر 471 خۆپیشاندەدا دەسەپێنن ، گەشتیش لە 210 کەس قەدەغە دەکرێت لە زۆرینەی زانکۆکانی ئێران گردبونەوە و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵات بەڕێوەچو و ئەوەش حکومەتی ناچار کرد خوێندنی ئۆنلاین بەسەر خوێندکاراندا بسەپێنێت و بڕیاریشە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمی بەرفراوان بۆ چلەی مەرگی ژینا بەڕێوبچێت ئەوەش وای لە حکومەت کرد پشوی فەرمی لە خوێندگە و زانکۆکانی ئەو بەشە لە کوردستان راگەیەنێت. سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کردوە کە دو ئەندامەیان ئێوارەی سێشەممە بە دەستڕێژی گوللـە لە شاری زاهیدان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران کوژراون. سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە شاری سنە-ی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کرد سزا بەسەر 110 خۆپیشاندەری پارێزگاکەدا سەپێنراوە کە ژمارەیەکیان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و هاوکات دادگای شاری قەزوێن رایگەیاند لە هەشت لقی دادگاکانی ئەو شارە بڕیاری سزادانی 55 خۆپیشاندەر دەرچوە. بە پێی بەیاننامەیەکی دادگای پارێزگای ئەلبورز 201 خۆپیشاندەر سزایان بەسەردا سەپاوە و گەشتکردنیش لە 210 کەسی تۆمەتبار لەو پارێزگایە قەدەغە کراوە. دادگای پارێزگای خوزستان بڵاوی کردوەتەوە 105 دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکان سزایان بەسەردا سەپێنراوە و 213 تۆمەتباری دیکەش چاوەڕێ بڕینەوەی سزان لە لایەن دادگاکانی ئەو پارێزگایە. لە گردبونەوە و ناڕەزایەتیی رۆژی سێشەممەی زانکۆکان، دروشم دژی دەسەڵات وترایەوە و لە بەرامبەردا خوێندنی باڵا بڕیاریداوە خوێند لە ژمارەیەک زانکۆ و بە تایبەت زانکۆی (شەریف) لەتاران بکات بە ئۆنلاین. خوێندنی باڵای ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە شەوی سێشەممە بڵاوی کردوەتەوە ئاماژەی بەوە کردوە بەهۆی نەبونی کەشی ئارام و گونجاو بۆ خوێندن، سیستمی خوێندنی ئۆنلاین لە ژمارەیەک زانکۆ بەردەوام دەبێت تا دواتر بڕیار لە گۆڕانکارییەکانی دیکەی شێوازی خوێندن لەو زانکۆیانە دەدرێت. لە سەرجەم زانکۆکانی تاران ناڕەزایەتی و گردبونە بەڕێوەچو، خوێندکارانی زانکۆی تەربیەت مودەڕیس بە دروشمی کۆماری ئیسلامی روخاوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە زانکۆی زانست و هونەری شاری یەزد-یش ناڕەزایەتیی بە سرود و گۆرانی بەڕێوەچو و خوێندکارانیش لە زانکۆی (شەهر کورد) بە دروشمی " هەر کوژراوێک هەزار کەسی لە پشتە " ناڕەزایەتیان دەربڕی. لە زانکۆی تاران بەشی زمان و وێژەی بیانی، خوێندکاران بە گۆرانی و سرود ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە زانکۆی پزیشکی شاری ئەردەبیل هاوشێوەی زانکۆکانی دیکە خوێندکاران دروشمیان وتەوە . خوێندکارانی زانکۆی بەهەشتی لە تاران دروشمی ئازادیان وتەوە و ناڕەزایەتییەکان لەو زانکۆیە بەرفراوان بون و هاوکات هەر لە زانکۆی (ئیمام حسێن)ی ئەو شارە دروشمی دژی دەسەڵات وترایەوە و داوایان کرد هەمو خوێندکاران لە رۆژانی داهاتودا بڕژێنە سەرشەقامەکان. لە زانکۆکای تەربیەت مودەڕیس و پونەک و قودس و زانکۆی خومەینی و زانکۆ ئەلزەهرا-ی تارانی پایتەختیش ناڕەزایەتییەکان بەرفروان بون. لە شاری بابول لە پارێزگای مازندەران لە باکوری ئێران خوێندکارانی زانکۆی پیشەیی(نەوشیروان) گردبونەوەیان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زانکۆی چەمران لە شاری ئەسفەهان و زانکۆکانی شارەکانی ئەهواز و قوم و مەشهەد و تەبرێز و ئەردەبێل و زۆربەی شارکان ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو. هاوکات لەگەڵ بەڕیوچونی ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکان‌دا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ئەمنییەکان ئابڵٶقەی ژمارەیەک زانکۆیان داوە بۆ ئەوەی خوێندکاران نەڕژێنە شەقامەکان. بە پێی ئەو تۆمار و دیمەنە ڤیدیۆییانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کراونەتەوە خوێندگەکان و زانکۆکان لە رۆژی سێشەممە بەشێویەکی رێکخراو ناڕەزایەتییان دەربڕی بەڵام لە شەقام و کۆڵانەکاندا زیاتر دروشم نوسین دژی دەسەڵات بەدی کراوە. لە کاتێکدا بڕیارە سبەینی چوارشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رێوڕەسمی چلەی مەرگی ژینا ئەمینی بەڕێوەبچێت خوێندگە و زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی بڵاوبونەوەی هەڵامەتی وەرزی دەکرێن بە پشو. وەزارەتی پەروەرەدەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتا و ئەنفلۆنزای وەرزی رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم خوێندگەکان و زانکۆکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتە پشو.
هاوڵاتی پزیشکێکی پسپۆر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی ئێران بۆ هۆکاری مەرگی ژینا ئەمینی رەت دەکاتەوە د.مێهران فەرەیدونی، پسپۆڕی پزیشکی داد لە شاری شیراز رایگەیاند؛ ئەوەی بە ناوی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی مەرگی ژینا ئەمینی بڵاو کراوەتەوە بە هیچ شێویەک قبوڵ ناکرێت و لە روی پزیشکی و زانستییەوە رەت دەکرێتەوە. ئەو وتویەتی ئەگەر پێشتر مێشک و دڵ کێشەیان نەبوبێت، سترێس یان دڵەڕاوکێ رۆڵی گرنگی هەبوە لە مەرگی ژینا ئەمینی. ئەمەش لە کاتێکدایە سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتەوە دوای ئەو لێدوانانە و رەتکردنەوە راپۆرتی حکومەت بۆ مەرگی ژینا، د مێهران فەرەیدونی دەستگیرکراوە و تا ئێستاش دەستبەسەرە.
هاوڵاتی لە ترسی چلەی مەرگی ژینا حکومەتی ئێران لە زانکۆ و خوێندنگەکان پشوی راگەیاند لە کاتێکدا بڕیارە سبەینی چوارشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رێوڕەسمی چلەی مەرگی ژینا ئەمینی بەڕێوەبچێت خوێندگە و زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی بڵاوبونەوەی هەڵامەتی وەرزی دەکرێن بە پشوو. وەزارەتی پەروەرەدەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتا و ئەنفلۆنزای وەرزی رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم خوێندگەکان و زانکۆکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتە پشو. هاوکات لە چەندین شاری دیکەش هەر بە هۆکاری ئەنفڵۆنزا پشو لە زانکۆکان و خوێندگەکانی دەیان شاری دیکە راگەیەنراوە. بڕیارەکە حکومەت لە کاتێکدایە بڕیارە سبەینێ چوارشەممە رێوڕەسمی تایبەت بە چلەی مەرگی ژینا ئەمینی لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت.
هاوڵاتی هەپەگە خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سکۆرسکی و کوشتنی سەربازێکی تورکی ڕاگەیاند. ئەمڕۆ ٢٥/١٠/٢٠٢٢ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی چالاكییەكانی گەریلا و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ناوچەی زاپ لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆ بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیەنراوەكەی هەپەگە دا هاتووە،" تیمە گەڕۆكەكانمان لە یەژاستار بۆ یادی هەڤاڵمان بێریتان (گوڵناز كاراتاش)، كە هێمای سوپای ژنان و فەرماندە نەمرەكەمانە، چەند چالاكییەكیان ئەنجامدا و لەو چالاكییانەدا، هێلیكۆپتەرێكی سكۆرسكی خرایە خوارەوە و داگیركەرێكیش سزا درا" هەروەها ئەوەشخراوەتە ڕوو، کە سوپای داگیركەری تورك پێنج جار بە بۆمبی قەدەغەكراو، چوار جار بە چەكی كیمیایی و گازی بیبەر، ١٣ جار بە فڕۆكەی جەنگی، ٤٤ جار بە هێلیكۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس ناوچەكانی بەرخۆدانی بۆردومان كردوە.
هاوڵاتی سوپای تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە ناوچەیەکی جۆلەمێرگ لە باکور کوردستان کردوە و ئەو ناوچەیەشی وەک ناوچەیەکی ئەمنیی دیاریی کرد. پارێزگاری جۆلەمێرگ لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە ناوچەیەکی سەر بە شارۆچکەی گەڤەر وەک ناوچەی ئەمنیی دیاریی کراوە و سوپای تورکیا بۆ ماوەی 15 رۆژ ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام دەدات. بە پێی بەیاننامەکە هاتوچۆ لەو ناوچەیەی گەڤەر تا 15 رۆژی دیکە قەدەغە دەبێت. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە لە چوارچێوەی بڕیاری پارێزگاری جۆلەمێرگ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەو ناوچەیەی گەڤەر بەرێودەچێت و بە هێلی کۆپتەر سەدان سەربازی سوپا بۆ ناچەکە گوازراونەتەوە. سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستیان بەسەر چەند گوندێکدا گرتوە و هاتوچۆی گوندنشینانیش روبەڕوی کیشە بوەتەوە.
هاوڵاتی هەردوو سکرتێری کۆمەڵە(سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیسستی ئێران) و هاوسەرۆکی پارتی ژیانی کوردستان (پەژاک) دوای چەندین جار دانیشتن و گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن بە میوانداری کەسایەتییەکی سەربەخۆ کۆبوونەوەو باسیان لەهاوکاریکردنی یەکتری و کاری هاوبەش کردەوە لەقۆناغەکانی داهاتوودا. لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا باس لەوەکراوە کە لەلەو کۆبونەوەیەدا لە ژێر ڕۆشنایی و سەرهەڵدانی خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەموو گەلانی ئێران بەدوای مەرگی بە ئازار و هەژێنەری ژینا ئەمینی و بەدوایدا سەرهەڵدان لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان، هەر دوو لا پێداگریان کرد لە بەگوڕکردن و پشتیوانی هەرچی زۆرتری ئەم شۆڕشە و تێکۆشان بۆ بەردەوامی و بە ئەنجام گەیاندنی هەتا لەناوبردنی حکومەتی دیکتاتۆر و گەل کوژی کۆماری ئیسلامی ئێران. هەربەپێی ڕاگەیەندراوەکە: لە ژێر دروشمی "ژن ژیان ئازادی"، هاوڕا بوون لە پێناو سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە و پێش‌گرتن لە بەلاڕێدا بردنی، دەستی هاوکاری و لێک نزیکبوونەوە بۆ یەکتر درێژ بکەن و لە ئێستا و دواڕۆژی نەمانی دەسەڵاتی ولایەتی فقیە لە ئێران لە بوارەکانی ڕاگەیاندن، لوجێستێک، پەروەردە و تەنانەت سەربازیی لە یارمەتیدان بە یەکتر کۆتایی نەکەن و کار بکرێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو حیزب و ڕێکخراو وهەموو کەسایەتییە سەربەخۆکان بەرەیەکی چەپی کوردستانیش پێک بێنن و کار بو لەشکری یەکگرتووی سەربازیی لە نهایەتی خۆیدا بکرێت.
هاوڵاتی مەزلوم کۆبانێ، هۆشدارى دەدات لە بارەى رێکەوتنى ئەنقەرە و دیمەشق بۆ هەڵوەشاندنەوەى خۆبەڕێوەبەرى لە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا و دەڵێت : رێککەوتنەکە مەترسىیەکی گەورەیە بۆسەر داهاتوى سوریا دەبێت بۆیە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەى دەدەن. مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى (شرق ئەلئەوسەت) رایگەیاند؛رێککەوتنى نێوان ئەنقەرە و دیمەشق رەنگدانەوەى حکومەتى تورکیایە و لە داهاتودا مەترسى گەورەى بۆسەر کۆبانێ وتویەتی: پێویستە سەرجەم پێکهاتەکانى سوریا دژى رێککەوتنى نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بوەستنەوە چونکە ئەوان رێکارى خۆیان بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێککەوتنە دەگرنەبەر. بەپێى وتەکانى ئەو فەرماندەیەی هەسەدە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن لە کاروباری سوریا، دژى هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا. بەپێى راگەیەندراوى تورکیا رێککەوتنەکەى نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارە سوریەکانە لە تورکیا و هەڵوەشاندنەوەى خۆبەڕێوەبەرى لە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا کراوە.
هاوڵاتی پۆلیسی تورکیا دەچێتە سەر ماڵی هەشت رۆژنامەنوسی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا لەگەڵ دەستگیرکردنیان دەست بەسەر نوسینگەی ئەو ئاژانسەشدا دەگرێت. هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری ئەنقەرە دەستیان بەسەر ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیادا گرت و ژمارەیەک پەیامنێر و کارمەندی ئەو ئاژانسەکەیان لە شارەکانی باکوری کوردستان دەستگیر کرد. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا کە لە لایەن سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە دژی ئاژانسەکەیان کراوەتەوە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا سەرەڕای دەستبەسەراگرتنی ئۆفیسەکانیان ژمارەیەک کارمەندیشیان دەستگیر کردوە. هەر لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئامەد و وان و روحا لە باکوری کوردستان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پەیامنێرانی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا و شەش پەیامنێر دەستگیر کراون. لە ئیستانبوڵیش پۆلیس هەڵیکوتاوتە سەر ماڵی سەرنوسەری ئاژانسەکە و دەستگیریان کردوە. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، ئاژانسێکی هەواڵی کوردی کە لە ساڵی 2017 دامەزراوە و نوسینگەی سەرەکیی ئەو ئاژانسە لە شاری ئیستانبوڵە لە تورکیا، ئاژانسەکە بە زمانی کوردی و تورکی و ئینگلیزیی هەواڵ و راپۆرت بڵاو دەکاتەوە.
هاوڵاتی گۆڤاری ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی بڵاوی کردەوە گرووپی داعش، لەم دواییانەدا چالاکییەکانی لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چڕتر کردووەتەوە. لە ١٤ی تەشرینی یەکەم داعش بەرپرسیارێتیی ئۆپەراسیۆنێکی لە گوندی تەل ئێلۆی سەر بە پارێزگای حەسکە لە ئەستۆ گرت. هێرشەکە حەمیدی بەندەر حەمیدی ئەلهادی، کوڕی سەرکردەی هێزەکانی ئەلسەنادید (هێزە ئازاکان)ی کە لەلایەن عەرەبەکانی شەممارەوە پێکهێنراوە، کردە ئامانج. ئەم هۆزە لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کار دەکەن. ئۆتۆمبێلەکەی هادی لەسەر ڕێگای نێوان تەل ئێلۆ و کێڵگەی شێخ حەمیدی لە دەوروبەری قامیشلۆ تەقیەوە. هادی کە لە هەوڵی تیرۆر رزگاری بووە، هەروەها نەوەى حەمیدی ثام ئەلجەربە، شێخى هۆزى شەمەرە لە سووریا. هەروەها لە رۆژی 19ی تشرینی یەكەمدا، چەکدارانی داعش لە ئەلبەسیرە لە دەڤەری رۆژهەڵاتی دێرەزوور تەقەیان لە عامر عەواد ئەلشاوی ئەندامی پێشووی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەیمەن شاوی هاوەڵیان كرد کە کوژرانی ئەو دوو کەسەی لێکەوتەوە. زەین ئەلعەبیدین ئەلعەکەیدی، ڕۆژنامەنووسێکی دێرەزوور بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ڕاگەیاندووە: "داعش بۆ ئەوەی بە هێزێکی زۆرترەوە بگەڕێتەوە بۆماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەک ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچەکە ڕادەگرێت". جگە لەوەش بەشێک لە هۆزەکان هەلومەرجێکی گونجاو بۆ داعش دروست دەکەن. بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی دەیرەزوور، ئەو توانایە بە داعش دەدات شانەکانی چەکدارەکانی بشارێتەوە. ناوبراو روونیشی كرده‌وه كه داعش توانیویه‌تیخۆی زیاتر بەهێز بکات ئەوەش بەهۆی لاواز بوونی هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە-وە و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئه‌مەش بۆ گه‌نده‌ڵییه دەگەڕێتەوە كه زۆربه‌ی خزمه‌تگوزارییه ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به هێزه‌كانی سووریای دیموكرات گرتۆتەوە، داعش بەرتیل دەدات بۆ ئازاد كردنی چەكدارەكانی و هەڵپەساردنی لێپێچینەوە لە دژیان؛ هه‌روه‌ها ناوچه عه‌شیره‌تییه کۆنه‌په‌رستەکان له ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌وه به‌رامبه‌ر به هێزه کوردییه‌کان و هێزه‌کانی سووریای دیموکرات هەستیارن و به بێ‌دین یان دوژمنی ئیسلام ناویان لێدەبەن. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا لەگەڵ داعش هاوسۆزن".
