هاوڵاتی  د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی یەکێتی رایگەیاند، 700 ملیار دینارەکەی بەغدا لە هەفتەی داهاتوودا دەگاتە هەرێمی کوردستان و هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنیدا نییە.  د.نەرمین مەعروف بە میدیای حزبکەی راگەیاندووە، "ھیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنی 700 ملیارەکە نییە و پێدەچێت لە رۆژی یەکشەممەوە دەست بە ناردنی بکرێت، ئەگەر پارەی پێویست لە بانکەکان ھەبێت." ئەمە دووەم قەرزی 700 ملیار دینارییە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق وەریدەگرێت و بڕیارە بۆ مووچەی مانگی هەشت خەرج بکرێت.  قسەکانی پەرلەمانتارەکەی یەکیتی دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کیشەی مووچەخۆرانی هەرێم بەیەکجاری چارەسەر بکرێت و هیچ رێگرییەک نییە بۆ ناردنی  700 ملیار دینارەکە.

هاوڵاتی  دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاریدا کە هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی تر لە عێراق و هەرێمی کوردستان بهێڵێتەوە، سەرۆکی هەرێم سوپاسی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند هێشتا لەبەردەم هەڕەشەیەكی هاوبەشدان و شكستی یەكجاریی داعش مسۆگەر دەكەن. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم پەیامێکی ئاراستەی پەرلەمان و حکومەتی ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند، "سوپاسی خۆم بۆ حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنێرم بۆ درێژكردنەوەی ماوەی ئەركی هێزەكانیان لە عێراقدا. ئێمە هێشتا لەبەردەم هەڕەشەیەكی هاوبەشداین و پێكەوە شكستی یەكجاریی داعش مسۆگەر دەكەین."  ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی ئەڵمانیا بەزۆرینەی دەنگ مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ ساڵێکی تر درێژ کردەوە واتە تا 31ی تشرینی یەکەمی 2024.  ئەڵمانیا لەساڵی 2014ەوە بەشێکە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نزیکەی 250 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە کە گرنگترین ئەرکەکانیان بریتین لە راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقو یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

تادێت سوپای ئیسرائیل خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی تا غەززە داگیربکات و حەماس «ریشەکێش بکات»، بەڵام مەترسی چوونە نێو غەززە مەترسییەکی گەورەیەو تونێلەکانی حەماس دەبنە سەرئێشەیەکی گەورە کەسوپای ئیسرائیل بێزارو خاو دەکاتەوە. مەترسی ئەوە هەیە کەشەڕی ناو غەززە سەربکێشێت بۆ ململانێیەکی گەورە لەنیو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شیڕ لەچەند بەرەیەکەوە دروست ببێت، شەڕێک کەئێستا حەماس دەڵێت سەریان سوڕماوە لێی چونکە چاوەڕێی شتێکی لەو جۆرە نەبوون. تەنانەت ئێستا ئیسرائیل خەریکی شەڕکردن و بەرپەرچدانەوەی مووشەک و گولـلە تۆپەکانی حزبوڵایە کە لەبەرەی لوبنانەوە هێرش دەکاتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل. فراوانبونی بەرەی شەڕ ترسی دروستبوونی بەرەی تری شەڕ لەدووشەممەی رابردوو زیاتر بووە کاتێک حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە رەنگە «بەرەی بەرەنگاری» کە بەمەست لێی حەماسە بەرەیەکی بەرەنگاری بکاتەوە تا نەهێڵێت ئیسرائیل بێتە نێو غەززەوەو داگیری بکات. وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی کەفراونابوونی بەرەی زیاتر: دەگاتە قۆناغێك کەگەڕانەوەی مەحاڵە». شیکەرەوە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کەئێران و هاوپەیمانەکانی رووبەڕووی گرێکوێرەیەک بوونەتەوە کە ئاخۆ ململانێکە لەغەززە دەمێنێتەوە یاخود پەل دەکێشێت بۆ چەند بەرەیەکی شەڕ. لەچەند دەیەی رابردوودا ئێران زنجیرەیەک هێزی بەهێزی دروستکردووە لەلوبنان و عێراق، یەمەن و سوریا ئەمە جگە لەهاوکاریکردنی حەماس کە رەنگە هەموو ئەمانە ببنە پاڵپشت بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێ. لەلایەکی ترەوە واشنتن پاڵپشتی تەواوەتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕیوەو دوو کەشتی فرۆکەهەڵگری جەنگی لەڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست داناوە کەهەردووکیان هەڵگری زیاتر لە ١٢٠ فڕۆکەی جەنگین. تەنانەت حەشدی شەعبی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات ئەوا ئەوانیش هێرش دەکەنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق. حوسییەکانی یەمەنیش هەڕەشەی خۆیان کردووە. بەپێی راپۆرتێکی واشنتن پۆستی ئەمریکی، لەهەموو ئەمانەدا مەترسیدارترین گروپ حزبوڵایە چونکە هەم لەئیسرائیلەوە نزیکەو هەمیش ١٣٠-١٥٠ هەزار مووشەکی هەیە کەدەتوانێت ئاراستەی ئیسرائیلی بکات. بەڵام دەکرێت ئیسرائیلیش زیانێکی گەورە لەلوبنان بدات وەک چۆن لەجەنگی ٢٠٠٦ ئەنجامیدا. لەدووشەممەی رابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداری ئەوەیدا بەحزبوڵا کە «ئەو باجەی کە دەیدەین قورستر دەبێت لەهەموو» شەڕەکانی پێشوو. لەگەڵ ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخولایەوە، هاوتا ئێرانییەکەی سەردانی هاوپەیمانەکانی تارانی دەکرد لەسوریا، لوبنان و قەتەر. تەنانەت لەبەیروت حەسەن نەسڕوڵا، سەرکردەی حزبوڵاو ئیسماعیل هەنیئە، سەرکردەی حەماسی بینی. وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی لەئیسرائیل کرد کە رووبەڕووی «بومەلەرزەیەکی گەورە دەبێتەوە» ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بەردەوام بێت. بەڵام وادەردەکەوێت هەردوولا نیازی کردنەوەی بەرەیەکی جەنگیان نەبێت و حەزیان بەگەورەکردنی شەڕەکە نەبێت، بەپێچەوانەی ئەوەی بەئاشکرا دەیڵێن. بەپێی وتەی دیپلۆماتکارێک کە ئاشنایە بەگفتوگۆکانی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست قسەی کردووە، ئێران نایەوێت شەڕ تەشەنە بستێنێت و پەرۆشە بۆ ئەوەی کە رێگەشیواز بدۆزیتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ئەگەرێکی فراوانبوونی جەنگ. دیپلۆماتکارەکە دەشڵێت، لەکاتێکدا کە تاران جەخت لەوە دەکاتەوە هاوپەیمانەکانی ئامادەن بۆ شەڕ بەڵام هەم ئێران و هەم حزبوڵاش بەئاشکرا هێڵی سوریان دیارینەکردووە کەدەبێت لەغەززە چی رووبدات تا ئەوان بێنە نیو شەڕەکەوە – کە رەنگە خۆی ببینێتەوە لەهێرشی بەردەوام بۆ سەر غەززە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی، یان ئەگەری مەترسی لەناوچوونی حەماس و تەواو تێکشکانی. لەلایەکی ترەوە، لەسەروبەندی سەردانکردنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بۆ پێشاندانی هاوخەمی و پشتگیریکردنی وڵاتەکە، سوپای ئسیرائیل بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام نەدەن. لەکاتێکدا هەزارەها سەربازی ئیسرائلی لەسنورەکانی غەززە کۆبوونەتەوە، ریچار هێچت، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە غەززە داگیر نەکەن. ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ قۆناغەکانی داهاتووی جەنگ، ئێمە نەمانوتووە کە ئەو قۆناغانە چین، هەموان باس لەهێرشی زەمینی دەکەن، رەنگە شتێکی جیاواز بێت»، هێچت وای وت. حەماس تووشی «سەرسوڕمان» بووە بەرپرسێکی باڵای حەماس کە بۆ واشنتن پۆست قسەی کردووە سوورە لەسەر ئەوەی ئێران لەو هێرشەدا بەشداری نەکردووە کە تێیدا هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و ٢٠٠ کەسیش بەدیل گیراون. ئەو دەڵێت، حەماس چاوەڕێی تێکشکانی بەرگری ئیسرائیلی نەکردووە بەو شێوە گەورەو خێرایەو حەماسیش خافڵ بووە لەوەڵامی "دڕندەیی" ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کەتێیدا  نزیک بەسێ هەزار فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لەملیۆنێکیش ئاوارە بوون. عەلی بەرەکە، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حەماس لەبەیروت دەڵێت، «بەدڵنیاییەوە ئێرانییەکان یارمەتیمان دەدەن و راهێنانمان پێدەکەن و پاڵپشتیمان دەکەن، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە بەتایبەتی زۆر نهێنی بووە». ئەو دەڵێت مەبەست لەئۆپەراسیۆنەکەی حەماس ئاڵوگۆڕکردنی چەند بارمتەیک بووە لەبەرامبەر چەند زیندانییەکی فەڵەستینی و «ئۆپەراسیۆنێکی سنوردار» بووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیان کردووە کە ئسیرائیل هێرشی ئاسمانی بکات پێش ئەوەی بێتە نێو دانوستانی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانەوە. بەرپرسەکەی حەماس باس لەوەش دەکات، «تێکشکانی سوپای ئیسرائیل تووشی سەرسوڕمانی کردین، بۆیە رووداوەکەش ئاوا گەورە بوو». داگیرکردنەوەی غەززە «هەڵەیەکەی گەورە» دەبێت لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی، جۆ بایدن باسی لەوە کرد کەداگیرکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە «هەڵەیەکەی گەورە» دەبێت چونکە حەماس «گوزارشت نییە لەهەموو گەلی فەڵەستین» بەڵام لەناوبردنی «توندڕەوەکان کارێکی پێویستە». چوونە نێو غەززە کارێکی گران و قورس دەبێت بۆ ئیسرائیل و زیانێکی گەورەی دەبێت. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیکۆنۆمستی بەریتانی، داگیرکردنی غەززە جەنگێکی ترسێنەر دەبێت بۆ ئیسرائیل چونکە حەماس بەشێوەیەکی بەرفراوان پشتی بەتونێلەکانی بەستووە. بەپێی قسەی بزوتنەوەی حەماس، تونێلەکانیان نزیک دەبێتەوە لەهەزارو ٣٠٠ تونێل کەهەموویان ٥٠٠ کیلۆمەتر دەبن ئەمەش 10 جار لەدرێژی غەززە زیاترە. ئەم تونێلانە لەلایەن حەماسەوە بۆ پەیوەندی، دروستکردنی چەک، ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و خۆدزینەوە لەتەکنەلۆجیای ئیسرائیل و جەندین مەبەستی تر بەکاردەهێنرێت. بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی راندی ئەمریکی لەساڵی ٢٠١٤ەوە هەوڵی دروستکردنی ستافی تونێلی حەماس ٩٠٠ کارمەندی بەردەوامی دامەزراندووەو هەر تونێلێک سێ مانگی پێچووە و ١٠٠ هەزار دۆلاریشی بۆ دروستکردنی ویستووە. رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست دەڵێت حەماس سەرمایەی بۆ ئەم تونێلانە بەشێویەک کۆکردووەتەوە کە لەنێو غەززە وەک وەبەرهێنانی بازرگانی پیشانی داوەو لەمزگەوتەکاندا پارەی بۆ کۆکردووەتەوە. ئیکۆنۆمیست باس لەوەش دەکات بۆچوونی ئەوە هەیە کەئێران و کۆریای باکور یارمەتی حەماسیان دابێت لەبنیادنانی، دابینکردنی پارەو ئەندازیاردا. یەکەم تونێل کە لەو ناوچەیەدا دروستکراوە لەلایەن هۆزی بەدوەنەکانەوە بووە لەسنوری غەززە-میسر لەساڵی ١٩٨١. یەکەم هێرشی تونێلی لەکەرتی غەززەوە لەساڵی ١٩٨٩ دەستیپێکرد، بەڵام لە ٢٠٠١دا بوو کاتێک بزوتنەوەی حەماس لەدوای کشانەوەی ئیسرائیل لە ٢٠٠٥ دەستیکرد بە دروستکردنی تۆڕێکی گەورەی تونێل. یەکەم مەبەستی تونێلەکانی حەماس بەقاچاخبردنی کەلوپەل و چەک بوو لەمیسرەوە بۆ غەززە بەڵام دواتر حەماس بەکارهێنانی فراوانترکرد تائەمڕۆ. فەرماندەکانی حەماس لەم تونێلانەوە خۆیان دەشارنەوەو دەتوانن پەیوەندی بکەن بەیەکەوە بەبێ ئەوەی پشت بەتۆڕی پەیوەندی غەززە ببەستن کە لەلایەن ئیسرائیلەوە چاودێری دەکرێت. لەناو تونێلەکان چەکی جۆراوجۆر دەشارنەوەو بەرهەمی دەهێنن و دەشتوانن بەکاریبهێنن بۆ هێرشی لەناکاوو هێرشی سنور بڕ بۆ نێو ئیسرائیل وەک چۆن کاتێک لەساڵی ٢٠٠٦ عەقید گیلاد شالیتیان رفاندو دواتر لەبەرامبەر زیاتر لەهەزار زیندانی فەڵەستینی ئازادیان کرد. ئێسرائیل چەندین ساڵە بشێوەیەکی چر وەبەرهێنانی سەربازی و مرۆیی و دارایی دەکات بۆ لەناوبردنی تونێلەکانی حەماس، لەساڵی ٢٠١٤ ئۆپەراسیۆنێکی بۆ لەناوبردنی ئەو تونێلانە راگەیاند کە تێیدا ٣٢ تونێلی لەناوبرد بەدرێژایی ١٠٠ کیلۆمەتر کە ١٤ دانەیان دزەیان کردبووە خاکی ئیسرائیلەوە. دوای جەنگی ٢٠١٤ لەنیوان حەماس و ئیسرائیل، لیژنەیەکی حکومەتی ئیسرائیل ئەوەی بۆ دەرکەوت کە سوپای ئیسرائیل ئامادەیی نەبووە بۆ ئەو مەترسییانەی تونێلەکان بۆ سوپای دروستدەکات لەگەڵ ئەوەی کە سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکەیان ئاگادارکردەوە ئەو تونێلانە یەکێکن لەو پێنج هەڕەشە جددییانەی کە مەترسین بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل. وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە سوپای وڵاتەکەی تەنها چەند رۆژێکیان پێدەچێت بۆ خاپورکردنی تونێلەکان لەکاتێکدا چەندین هەفتەی پێچوو. جەنەڕاڵێکی خانەشینی ئیسرائیل ئەوەی بە ئیکۆنۆمیست وتووە کە دۆزینەوەی تونێلەکان زۆر سەخت بووەو تەنها بەشیوازی تیۆری زانیارییان لەسەر هەبووەو لایەنی پراکتیکییان کەم بوووە. تەنانەت لەنابردنی تونێلەکان قورستر بوون چونکە پێویستیان بەتەقینەوەیەکی زۆر گەورە هەبووە. بەپێی مەزندەی ناوەندی توێژینەوەی راند، هەر تونێلێک پێویستی بە نۆ بۆ ١١ تۆن تەقەمەنی هەبووە تا لەناوببرێت. بەپێی راپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیست، یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی سوپای ئیسرائیل تووشی دەبێت لەئەگەری چوونە نێو تونێلەکانەوە تاریکی تونێلەکانە چونکە تەنانەت کەلوپەلی تایبەت کەپێی دەوتری «گاگڵ» و بۆ تاریکی شەو بۆ چاو بەکاردێت لەناو تونێلەکان بێسوودن و هەروەها ترسی ئەوەی هەیە کە حەماس گازی ژەهراوی لەناو تونێلەکان بڕێژێت، ئەمە جگەلەوە کە ناو تونێلەکان ساردن و پلەی گەرمییان ١٠ پلەی سیلیزی کەمترە لەپلەی گەرمی ئاسایی. سەربازێکی بەریتانی کە مەشقی لەچەند تونێلێکی هاوشێوە کردووە دەڵێت، «کاتێک دەچیتە ناوەوە هەست بەوە دەکەیت کە ئەگەر بە رێکوپێکی راهێنانت پێنەکرابێت و ماوەیەکی زۆرت بەسەر نەبردبێت، ناتوانی بەخێرایی بجوڵێیت». ئاڵنگارییەکەی تر بۆ سەربازانی ئیسرائیل ئەوەیە کە دەنگی تەقەی چەکەکان زیاترە لەبۆشاییەکی داخراوی وەک تونێلەکان. چاودێری سەربازی ئەمریکی جۆ ڤیگا لەسەر ئەوە دەڵێت، لەبەر ئەوەیە کە تیمێکی گەورە پیویستە بۆ قەڵاچۆکردنی تونێلەکان «چونکە دەبێت بە بەردەوامی سەربازەکان بگۆڕی و بیانهێنیتە دەرەوەو سەربازی تر ببەیتە ژوورەوە چونکە ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بن.» ئەو کاریگەرییەی کە دروست دەبێت پێی دەوترێت پەستانی بەرز کە وادەکات تەقەی چەکەکان تۆزو خۆڵ دروست بکەن و مەودای بینین کەمبکەنەوە.  سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرفراوان رۆبۆت بەکاردەهێنێت پێش ئەوەی بچێتە تونێلێکەوە تا هەموو هێرشیکی لەناکاوو بۆمبی مینڕێژکراو پووچەڵ بکاتەوە. بەپێی راپۆرتەکە، لەبەر ئەم هۆکارانە سوپای ئسیرائیل رووبەڕووی ئەرکێکی زەحمەت دەبێتەوە. لەڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، جەنەڕال هێرزی هالڤی، بەرپرسی ستافی سوپای ئیسرائیل، بەڵێنیدا کە بچنە نێو غەززەوەو بۆ ئەو شوێنانەی کە حەماس تێیدا ئامادەکاری دەکات و پلان دادەڕێژێت و هێرشی تێدا ئەنجامدەدات و هێرشیان بکاتەسەر لەهەموو شوێنێک و هەموو ژێرخانەکان خاپوور بکات لەگەڵ گرتن و کوشتنی هەموو فەرماندە و چەکدارێکدا، بەڵام ئیکۆنۆمیست پێیوایە کە لەڕووی پراکتیکییەوە ئەم کارە کارێکی ئاسان نابێت و چەندین ساڵی پێدەچێت نەک چەند هەفتەو مانگێک بۆ لەناوبردنی سەدەها کیلۆمەتر لەتۆڕێکی ژێرزەمینی.

هاوڵاتی  لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، هەژمارێک کراوەتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم پارەی داهاتەکانی تێدا دابنێت بەڵام ئەو هەژمارە بەتاڵە. ئەمڕۆ شاندی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق و وەزەراتی دارایی عێڕاق، کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە ماوەی چوار کاتژمێری خایاند کە تێیدا باس لە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان کرا.  لە کۆبونەوەکەدا تەیف سامی رایگەیاندووە، لە ناردنی پارە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەپێی یاسای کارگێری دارایی و بودجە کاردەکەن، بەپێی ئەو یاسایانەش هەژمارێک کرایەوە بۆ ئەوی هەرێم داهاتەکانی تێدا دابنێت، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی تێدا دانەنراوە. لەسەر ئەنجامی کۆبونەوەکە ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەیزیری دارایی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کیشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکرێت، دەشڵێت، "هیچ رێگرییەک نییە" بۆ ناردنی  700 ملیار دینارەکە.

سەركۆ جەمال حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی «هەژماری من»ی راگەیاندووەو دەیەوێت پێدانی مووچەی فەرمانبەران بكاتە ئەلكترۆنی، بەڵام لەڕێگەی سێ بانكەوە كەهەرسێكیان ئەهلین، شارەزایەكی بانكیش دەڵێت «هەر فەرمانبەرێك ئەو هەژمارەی بۆ دەكرێتەوە سەرەتا 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بۆ راكێشانی پارەش عمولە دەدات»، مامۆستایەكیش دەڵێت « ئەوانەی داهێنەری هەژماری منن، هەرئەوانەن  كەچەندین ملیار دیناری فەرمانبەران  قەرزان،  بۆیە  متمانە  گرنگە». رۆژانە فەرمانبەران هەژماریان بۆ دەكرێتەوەو تائێستا نزیكەی 80 هەزار فەرمانبەر مامەڵەیان بۆ كراوە. لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كاركردنی لەسەر پرۆژەی «هەژماری من» دەستپێكرد، مانگی شوباتی ئەمساڵ پرۆژەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە كەسەرەتا وەكو تاقیكردنەوە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر كەژمارەیان 841 فەرمانبەربوون، دەستیپێكرد،هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت «تاوەكو ئێستا 77 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانكییان بۆ كراوەتەوەو رۆژانە نزیكەی سێ هەزار فەرمانبەر هەژماری نوێیان بۆ دەكرێتەوە». «سێ مانگ سیستەمەكە لەژێر تاقیكردنەوەدا بووە» حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هەژمارەوە، مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی بەسیستمی بانكی خەرج بكات، هونەر جەمال، بەهاوڵاتی وت: «دوای سێ مانگ تاقیكردنەوەی سیستمەكە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر، گفتوگۆمان لەگەڵ كارمەندەكان كرد بۆ ئەوەی رای خۆیان لەسەر لایەنەكانی پرۆسەكە دەرببڕن، دەركەوت تاڕادەیەكی زۆر سەركەوتوو بووەو بەشێك لەفەرمانبەران یەك لەسەر سێی مووچەكانیان پاشەكەوت كردبوو، لەبەرئەوەی لەنێو هەژماری بانكییان بووەو بەكاش لەبەر دەستیان نەبووە». نۆ بانك بۆ بەشداریكردن لەپڕۆژەی «هەژماری من» ناویان تۆماركردبوو كە لەناویاندا چوار  بانك وەرگیراون، وەكو هونەر جەمال ئاماژەی پێدەدات «مەرجەكان بۆ بەشداریكردن، دەبێت بانكەكان دیجیتاڵی و پێشكەوتوو بن و توانای مرۆیی و مادییان هەبێت و لەلایەن بانكی ناوەندی عێراق دانیان پێدانرابێت.» « ئەو پرۆژەیە وەكو سەرەتا، لەفەرمانبەرانی پارێزگای هەولێرەوە دەستیپێكردووەو ئێستا دەمانەوێ لەپارێزگای دهۆك و سلێمانی داتای فەرمانبەران كۆ بكەینەوەو دواتر ناویان تۆماردەكرێت و هەژماریان بۆ دەكرێتەوە، حكومەت ئەگەر 30٪ كورتهێنانی مووچەی هەبوو دەتوانێت بەكارتێك 70٪ی مووچەی فەرمانبەران بخاتەسەر هەژمارەكەیان كەبتوانن پارەی لێ رابكێشن و 30٪ یەكەی دیكەش بەكارتێكی دیكە بێت و بۆ نموونە بتوانێت لەبەنزینخانەیەكی حكومی بەنزین تێبكات یاخود پارەی ئاوو كارەبای پێبدات». هونەر جەمال وای وت.  وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستان پێشبینی دەكات لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی «هەژماری من» و دەشڵێت:» هەموو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان دەبێت «هەژماری من»ی بۆ بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەداهاتوودا ئەو فەرمانبەرەی هەژماری نەبێت، رەنگە كێشەی لەوەرگرتنی مووچە بۆ دروستبێت.  دەنگۆی ئەوە لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە كەحكومەت لەڕێگەی ئەو هەژمارە بانكییەوە قەرزەكانی لەفەرمانبەران وەردەگرێتەوە، بەڵام وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە «بێ بنەما» وەسف كردو وتی: «پرۆژەكە ئەوەندە پەیوەندی بەحكومەتەوە هەیە تاوەكو هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە، كە مووچەكە چووەسەر هەژمارەكەی، تەنیا خۆی دەتوانێت بەكاری بهێنێت و حكومەت بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت دەستوەردان لەهەژمارەكەیدا بكات، وەكو هەموو ئەو هەژمارانەی ئێستا هاووڵاتیان لەبانكە ئەهلییەكاندا هەیانە».  هونەر جەمال باسی لەوەش كرد»دوای تەواوبوونی پڕۆژەی «هەژماری من»، كاتێك سەرجەم فەرمانبەران هەژماری بانكییان بۆ كرایەوە، پلانمان هەیە هەزار ئامێری ئەی تی ئێم بۆ راكێشانی پارە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان دابنێین و ئەو ژمارەیەش بۆ سەرەتا كەم نییەو گرنگیشە فەرمانبەرێكی كەلار بتوانێت لەزاخۆ یان لەهەر شارێكی دیكەی هەرێمی كوردستان و تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتیش مووچەكەی وەربگرێت و بەكاری بهێنێت».   شارەزایەكی بانكی دەڵێت ئەو پرۆژەیە خزمەت بەچەند بانكێكی ئەهلی دەكات سەبارەت بەو هەژمارە گوڵاڵە سدیق، شارەزای ئابووری و بانك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەهەر وڵاتێكدا ئەگەر بتەوێ سەیری پێشكەوتوویی ئەو وڵاتە بكەیت دەبێت لەبانكەكانەوە دەستپێبكەیت، بەڵام نەك سیستەمێكی بانكی بەقاسەیەكی بەتاڵەوە، ناكرێت بڵێیت با هەژماری بانكیت هەبێت بەڵام بەتاڵ بێ، خەڵك دەناسم پارەی خانەنشینیەكەی باوكی مانگانە دەچێتە سەر هەژمارەكەی بەڵام لەمانگی دووی 2023 ەوە دەیەوێت ئەم پارەیە رابكێشێت تائێستا نەیتوانیوە رای بكێشێت، تەنانەت پێیان وتووە بۆ دوای مووچە بزانین چیمان پێدەكرێت بۆت بكەین». ئەو شارەزای بانكییە وتیشی:» نەتوانینی ئەوەی پارە رابكێشیت لەبانكەكان بێمتمانەییەكی گەورەی دروستكردووە لەنێوان خەڵك و بانكەكاندا، ئێران كەچەنێك بەهای پارەكەیان دابەزیوە بەڵام هێشتا هاووڵاتیەكانی متمانەیان بە بانكەكانیان هەیەو دەوڵەتی ئێران دەستی نەبردووە بۆ مووچەی خەڵك، حكومەتی بیر لەوە دەكاتەوە هەژماری بانكی بۆ من بكاتەوە بەناچاری و 10 هەزار دینارم لێ بسەنێت، بۆ ئەوەی سبەی رۆژ كەمووچەكەم چووە سەر هەژمارەكە سنورێكم بۆ دادەنێت كەنەتوانم بڕێك پارە زیاتر رابكێشم كەئەمەش قەیرانێكی دیكە دروستدەكات و هەژمارەكەش لەبانكێكی ئەهلییە و قازانجەكەش بۆ ئەوانەو ئەمە دەریدەخات حكومەتی هەرێم لەخەمی بانكی ئەهلیدایە، لەكاتێكدا لەكاتی راكێشانی پارەكەش عمولەی دەچێتە سەر». بەوتەی ئەو شارەزا بانكییە حكومەتی هەرێم لەفەرمانبەرە پلە باڵاكانەوە دەستیپێكردووەو فەرمانبەرانی پەرلەمانی كوردستانیش ئەو هەژمارە بانكیەیان بۆ كراوەتەوە». یەكێك لەفەرمانبەرانی هەولێر، كە ناوەكەی لەلای هاوڵاتی پارێزراوە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» فۆڕممان بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی پڕكردووەتەوە بەڵام هێشتا مامەڵەمان تەواو نەبووە، حكومەت چوار بانكی بۆ دیاریكردووین ئێمەش لەو چوار بانكە یەكێكیان هەڵدەبژێرین بۆ ئەوەی هەژمارە بانكیەكەمان بكەینەوەو لەو رێگەیەوە مووچە وەربگرین». ئەو فەرمانبەرە وتیشی:» هەریەك لەبانكی جیهان و ئاشوور و ئاڕتی بانك و بانكی BBAC هەڵبژێردراون تا فەرمانبەران هەژماری بانكی تێدا بكەنەوەو پێشیان وتووین تەنیا پارەی كردنەوەی هەژمارە بانكیەكە دەدەین كە 10 هەزار دینارە». بەرهەم مستەفا مامۆستایە لەبارەی «هەژماری من» بەهاوڵاتی وت:» هەژماری بانكی  لەژێر ناوی (هەژماری من) هەرگیز  نابێتە  جێگرەوەی بانكی  TBI، چونكە  ئەوانەی  خاوەنی  داهێنانی  «هەژماری من»ن، هەر ئەوانە بوون  خاوەندارێتی  ئابوری سەربەخۆیان  كرد و هەموانیان  ماڵوێران كرد». ئەو مامۆستایە دەشڵێت:» ئەوانەی داهێنەری «هەژماری من»ن ، هەر ئەوانەن  كەچەندین ملیار دیناری فەرمانبەران  قەرزارن ، بۆیە  متمانە  گرنگە  پێش «هەژماری من». بەپێی زانیارییەكان حكومەتی هەرێم پلانی هەیە چەند بانكێكی دیكەش بخاتە ناو پڕۆژەی «هەژماری من» ، لەنوێترین بڵاوكراوەشدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت « پرۆژەی «هەژماری من» دەبێتەهۆی دروستبوونی كێبڕكێیەكی تەندروست لەنێوان بانكەكان و بەگوێرەی پێداویستی هاووڵاتیان، رێگە بەسوودمەندان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەدات بانكی دڵخوازیان هەڵبژێرن، هەروەها زانیاری روون لەسەر كرێی بانكی و بەرهەم و خزمەتگوزارییەكان دەدات». لەهەرێمی كوردستان زیاتر لەملیۆنێك و 250 هەزار مووچەخۆر هەن، بۆ هەر مووچەخۆرێك كە هەژماری بانكیی بۆ دەكرێتەوە بڕی 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بەكۆی گشتی زیاتر لە 12 ملیارو نیو قازانج دەچێتە گیرفانی ئەو بانكانەی هەژمارەكان بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران دروستدەكەن.

هاوڵاتی  دژەتیرۆری کوردستان- پارتی رایگەیاند درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەیەکی چۆڵەوانیدا لە قەزای هەریر کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتەوە، پیشتریش گروپێکی چەکداری عیراقی رایگەیاند کە هێرشیان کردووەتەسەر بنکەی سەربازیی هەریر دژەتیرۆری کوردستان پارتی دەڵێت، "ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2023، کاتژمێر 12:18ی پاشنیوەڕۆ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک گوندی باتاسی سەر بە قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و، هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە. پیشتر گروپێکی چەکداری عێراق رایگەیاند، "لەچوارچێوەی پرۆسەكانی پاڵپشتی لە گەردەلولی ئەقسا، كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بنكەی هەریری داگیركەری ئەمریكیمان لە باكوری عێراق بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كردە ئامانج." گروپەکە خۆی بە "ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پاڵپشتی لە تۆفانی ئەقسا" ناساندووە کە مەبەست لیی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی بزوتنەوەی حەماسە دژی ئیسرائیل کە رۆژی ٧ی ئەم مانگە ئەنجامیدا و دواتر جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دروستبوو. 

دلێر عەبدوڵڵا یەكێتی لەهەوڵی ئەوەدایە شۆڕش ئیسماعیل رازی بكات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بەرپرسێكی سەربازی ئەو حزبەش لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند كەهاوپەیمانان زۆر تووڕەو نیگەرانن، سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەكات كە هیچ بەرەوپێشچوونێك لەبەرنامەی چاكسازی ناو وەزارەتی پێشمەرگە رووینەداوەو ئەگەری ئەوە هەیە كەهاوپەیمانان بڕیاری توند بدەن. دوو مانگ بەسەر هۆشدارییەكەی ماتیۆ ماكفارلین فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، تێپەڕیوە. بەڵام تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێك لەجێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رووینەداوەو كێشەو ناكۆكییەكانی ناو وەزارەت بەردەوامی هەیەو تائێستاش هیچ كەسێك بەوەزیری پێشمەرگە دیاری نەكراوە. ماتیۆ ماكفارلین، وەك هۆشدارییەك بۆ بەرپرسانی هەرێم رایگەیاندبوو كە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی چاكسازی لەوەزارەتەكە خێراتر بكات، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن هاوكارییەكانیان رابگرن. كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی رێگرە لەدانانی وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو ململانێ و ناتەبایی ستافەكانی ناو وەزارەت هۆكاری جێبەجێنەكردنی چاكسازییەكانە، لەوبارەوە جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «ململانێی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی رۆڵی نەرێنی هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها ناكۆكی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتا دیسانەوە كاریگەری خراپی هەیەو هەندێ خاڵی تریش كەپەیوەندی بەخراپی ئەدای جێبەجێكارانی پرۆسەكەوە هەیە هۆكارە بۆ كێشەكان.» یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، خواست و داواكاری سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانانە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی پێویست نەنراوە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی و تووڕەیی هێزەكانی هاوپەیمانان، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش فەرماندەی هێزەكانی حەفتا لەوەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانان لێمان تووڕەن، نیگەرانن لەوەی تائێستا هیچ كارێك نەكراوەو شتەكان بەپێی بەرنامەكانی ئەوان نەڕۆشتووە.» هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە یەكێتی لەپاش كۆنگرە لەهەوڵی ئەوەدایە كێشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكات و شۆڕش ئیسماعیل بگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەت یان كەسێكی تر دیاری بكات بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «بەڵێ پاش كۆنگرە قسە لەسەر ئەوە كراوەو دیارە چوونی سەرۆكی یەكێتی و هەڤاڵان بۆ لای شۆرش ئیسماعیل پەیوەندی بەوەوە هەیەو رەنگە رازی بكەن بگەڕێتەوە یان كەسێكی تر دیاری بكرێت بۆ ئەو پۆستە.» ساڵی رابردوو شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستلەكاركێشانەوەی راگەیاند. هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشی بۆ دەستوەردان لەكاروباری وەزارەتەكەی گەڕاندەوە، ئەگەرچی تائێستاش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكەی وەزیری پێشمەرگە نەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتاو ستافەكانی ناو وەزارەت زیاتر بووەو تادێت گرفتەكان ئاڵۆزتر دەبن، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «نەبوونی وەزیری پێشمەرگە كاریگەری خراپی بەجێهێشتووەو ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتا قووڵتر بووەتەوە، مەترسی هەیە كێشەكان گەورەتربن و هێزەكانی هاوپەیمانانیش بڕیاری قورس لەدژمان بدەن.» ناكۆكییەكانی ناو وەزارەت و نەبوونی وەزیرێك بۆ راییكردنی كاروبارەكانی پێشمەرگە، ئەركی فەرماندەو پلەدارەكانی ناو وەزارەتی قورس كردووەو جۆرێك لەبێئومێدی دروستكردووە، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «راستییەكەی ئاشی نەزانەو خوا دەیگێڕێت، كاروبارەكان بەسستی دەڕوات، چاوەڕێ دەكەین بەڵكو كێشەكان چارەسەر بكرێن.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بە بەردەوامی و رۆژانە هێزەكانی هاوپەیمانان سەردانی وەزارەت دەكەن و بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكان راسپاردەی نوێ دەدەن بەوەزارەت و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «بەڵێ بەدڵنیاییەوە رۆژانە ئەوان دێن و دەچن، ئەمڕۆ ئیتاڵییەكان لام بوون و لەوبارەیەوە گفتوگۆمان كردووە. ئەوان ناوەستن و كاری خۆیان دەكەن.» مانەوەی كێشەكان بەمجۆرەو جێبەجێنەكردنی بەرنامە چاكسازییەكان و داواكارییەكانی هاوپەیمانان، بووەتە تانە لەسەر كوردو حكومەتی هەرێم، لەوبارەیەوە جەبار یاوەر بەهاوڵاتی وت «بوونی هێزی چەكداری حزب و یەکنەخستنیان لەچوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی، بووەتە تانەیەك لەسەرمان هەم لەناو عێراق و لەسەر ئاستی دەرەوەش، هێزی پێشمەرگە یەكبخرێت، ئارامی و سەقامگیری بەردەوامی دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، لەكاتی ناكۆكی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان، مەترسی دروستبوونی شەڕ نامێنێت. جگەلەوەش هەموو هێزە یەكخراوەكان دەبنە هێزی پارێزەری كیان و هەرێمەكەمان، نموونەیەكی جوان پیشانی عێراق و دنیا دەدرێت بەوەی كە هێزی چەكداری بەدەست حزبەوە نییە. هەروەها هاوپەیمانانیش زیاتر هاوكاری و پشتیوانیمان دەكەن لەڕووی مەشق و راوێژكاری و ماددیشەوە.»  وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاكە وەزارەتە كە تائێستا یەكنەخراوەو كاروبارەكانی بەپێی بەرژەوەندی حزبی بەڕێوەدەچێت. لەناو ئەو وەزارەتە چەندان هێزی جیاوازو یەكنەخراو بوونی هەیە، لەوانە هێزەكانی حەفتاو هەشتا كە یەكەمیان سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو دووەمیشیان سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە. هەروەها چەندان هێزو فەرماندەیی تر لەناو وەزارەتەكەدا هەن و چەند هێزێكی تریش لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی لەناو وەزارەتەكەن كە بەئاڕاستەو جوڵەی حزبی تر بەڕێوەدەچن، لەوانە هێزەكانی حزبی سۆسیالیست كە چەند لیواو فەرماندەییەكی تایبەت بەخۆیان هەیە لەناو وەزارەتەكەدا.

هاوڵاتی  ئاوات شێخ جەناب، وەیزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کیشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکرێت، دەشڵێت، "هیچ رێگرییەک نییە" بۆ ناردنی  700 ملیار دینارەکە. ئەمڕۆ شاندی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق و وەزیری دارایی عیڕاق، تەیف سامی، کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە ماوەی چوار کاتژمێری خایاند کە تێیدا باس لە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان کرا.  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاوات شێخ جەناب لەسەر کۆبوونەوەکە وتی، "ئێمە هەموو زانیارییەکانی خۆمان پێشکەش کرد و تا رادەیەکی زۆر تێگەشتنی هاوبەشمان هەیە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران و جیاکردنەوەی لە کێشە سیاسییەکان."  وەزیر دارایی وتیشی، "ئەو داتایانەی ئێمە پێشکەشمان کرد جێگەی قبوڵ بوو و توانیمان کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بکەین و ئەوەی هەستمان پێکرد هەردوولامان هاورابووین لەسەر ئەوەی ئەبێت کێشەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بە یەکجاری چارەسەر بکرێت." ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەشکرد، "هیچ رێگرییەکمان نەبینی"  بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و لەسەر سێ مانگی داهاتووش قسە دەکەین. تا ئێستا تەنها 700 ملیار دینار نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەنیوان هەولیر و بەغدا ئەنجامدرا لە مانگی ئەیلول کە بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت دوو گوژمەی تری 700 ملیار دیناری بنێردرێت.

هاوڵاتی  گروپێکی چەکداری عێراقی رایگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی هەریر کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، بەڵام قائیمقامی قەزای هەریر دەڵێت هێرش نەبووە و راهێنان لە بنکەکەدا کراوە. ئەو گروپە دەڵێت، "لەچوارچێوەی پرۆسەكانی پاڵپشتی لە گەردەلولی ئەقسا، كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بنكەی هەریری داگیركەری ئەمریكیمان لە باكوری عێراق بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كردە ئامانج." گروپەکە خۆی بە "ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پاڵپشتی لە تۆفانی ئەقسا" ناساندووە کە مەبەست لیی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی بزوتنەوەی حەماسە دژی ئیسرائیل کە رۆژی ٧ی ئەم مانگە ئەنجامیدا و دواتر جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دروستبوو.  بەڵام شێروان جەلال، قائیمقامی قەزای هەریر رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە لە دەرەوەی بنکەکە و پێدەچێت راهێنانی سەربازیی ئەمریکییەکان بوبێت.

سەركۆ جەمال وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت سەردانەكە ئارەزومەندانەیەو هیوادارن ئەنجامی هەبێت.  بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2023 وەفدی  دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە بەغداو ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەكانی دەستپێدەكات. هەر بەپێی زانیارییەكان، وەفدەكە هەمان ئەو وەفدە تەكنیكیە دەبێت كەپێشتر سەردانی بەغدایان كردووەو گفتوگۆیان لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی فیدراڵی كردووە. وەفدەكەی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی لەوەزارەتە پەیوەنددارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بەسەردانەكە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەم سەردانە شتێكی باشەو وەڵامە بۆ ئەوەی كە لەلیژنەی دارایی كۆمەڵێك پەرلەمانتار هەبوون واژۆیان كۆدەكردەوەو ئاستەنگیان دروستدەكرد، دەیانوت كەپرسیاری جۆراوجۆریان هەیە لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەم سەردانە ئاشكرایە كە بانگهێشت نییەو فەرمان نییە بەڵكو ئارەزوومەندانەیە، چونكە وەزیری دارایی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیارە نەك پەرلەمانی عێراق». لە هەفتەی رابردوو، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، ئەگەر بەمزوانە ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی هەرێم سەردانی بەغدا نەکات و بەشدار نەبێت لە کۆبونەوەی پەرلەمان ئەوا ناچار دەبن قەرزە ٧٠٠ ملیار دینارییەکە ببڕن چونکە سەردانی ئاوات شێخ جەناب یەکێک بووە لە مەرجەکانی رێککەوتنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرکوەزیرانی عێراق. وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دانیشتنەکە دەڵێت، «لەدانیشتنەكەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیانبووە، هیچ رێككەوتنێك نییە كە واژۆ بكرێت بەڵكو هەر لەچوارچێوەی ئەو چوونە پێشەوانەی حكومەتی هەرێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە ئێمە بەو نیەتەوە دەچین هیوامان وایە حكومەتی عێراقیش وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان». پێشتر هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو وەفدەدا دەبێت،  بەگوێرەی بانگهێشتنامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كۆبوونەوەكەی وەزیری دارایی رۆژی 18ی تشرینی یەكەم لەگەڵ لیژنەكە دەكرێت». بڕیاربوو لەسەر بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممە، پێنجـی تشرینی یەكەمی 2023 بەشداری كۆبوونەوەیەكی ئەو لیژنەیە ببێت كەوەزیری دارایی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقیش تێیدا بەشداربوون، بەڵام وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بەفەرمی لیژنەكەی ئاگاداركردبووەوە كەدوو هەفتەی دیكە دەتوانێت سەردانی لیژنەكە بكات. هونەر جەمال، لەوبارەیەوە وتی:» بەهۆی ئەوەی كۆبوونەوەكەی لیژنەی دارایی هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی وەفدێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ بەراوردی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، داوامان لەلیژنەی پەرلەمان كرد سەردانەكە دوو هەفتە دوابخرێت». وتیشی: «بانگهێشتێكی نوێمان لەپەرلەمانی عێراق بۆ هاتووەتەوەو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەبێت بۆ بەرگریكردن لەمووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشەفافیەتەوە دەباتە بەردەم ئەو لیژنەیە». رۆژی 11-10-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە جێبەجێكراوەو ئیتر ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، وەك شایستەی دارایی خۆیان دابین بكات. لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان بەغداو هەرێم. لە 14-9-2023 وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای كرد. وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان. دوای ئەو سەردانە حكومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار قەرز بداتە حكومەتی هەرێم، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم  دەڵێت «ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان كردووە» چاوەڕوانیش دەكرێت دوای سەردانەكەی ئاوات شێخ جەناب و وەفدی یاوەری چارەنووسی دوو 700 ملیارەكەی دیكە كە بڕیاردراوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت روون ببێتەوە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراق ئەو زانیاریانەی وەزیری دارایی هەرێم دەیداتە بەغدا لەسەر فەرمانبەران لەگەڵ زانیاریەكانی خۆی بەراورد دەكات و دواتر دەیداتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

لە دهۆک قەیرانی کەمی غاز سەریهەڵداوەو هاوڵاتییان دەبێت ناوبنوسن و سەرەبگرن بۆ وەرگرتنی و چەند ڕۆژیک چاوەڕێبکەن سەرەیان بێت. پەیامنێری هاوڵاتی لە دهۆک ڕایگەیاند، چەندرۆژێکە قەیرانی کەمی غاز لەشاری دهۆک سەرهەڵداوە، لەهەمانکاتدا یەک بوتڵی غازی بازرگانی بووەتە 15هەزار دینار. هاوکات کاوار بەرواری، دانیشتووی سەنتەری دهۆک لەم بارەیەوە بە هاوڵاتی وت" چەند رۆژیکە دوبارە قەیرانی کەمی غاز دەستیپیکردوە و بەجورێکە لەئێستادا بۆ وەرگرتنی یەک بۆتڵی غاز دەبێت پێشتر ناوی خۆت بنوسیت و سەرەبگریت". ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، "  ئەگەر لەدەرەوەش غاز بکری یەک بۆتڵی بە 15هەزار دیناره" کاوار بەرواری ئەوەشی ڕونکردەوە "هەرماوە ماوە ئەم قەیرانە لەدهۆک روودەدات کەسیش نازانێ هۆکارچیە، تەنیا کەسانی هەژار باجەکەی دەدەن، زانیاریم هەیە ماڵ هەبووە نەیتوانیوە چاوەریێ بکەت ناچاربووە لەدەرەوە بکرێت" رۆژانە دهۆک پێویستی بە 280 تۆن غازە، ئەم رێژەیە وەکۆ خۆی ناگات بوویە قەیران دروست دەبێت، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ملیونێک کەس لەئاوارە و پەنابەر لەپارێزگای دهۆک دەژین.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، شاندی حکومی هەرێم گەیشتوەتە بەغدا و سبەینێ لەگەڵ وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە، لە کۆبونەوەکەش کێشەکانی پەیوەست بە پرسی موچە و بودجە تاوتوێ دەکرێت، هەروەها پاکتاوی دارایی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ و ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ حکومەتی عێراق دەخرێتە ڕو. وەزارەری دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەر بانگێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێ شەممە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، بەیاوەری شاندێکی حکومی هەرێم بەرەو شاری بەغداد بەڕێکەوتن. وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردوە،لە کۆبونەوەکەدا  زانیاری تەواو لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2023 و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدەینە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە لەلایەن وەفدی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی کراوە. باس لەوەشکراوە، شاندی حکومی هەرێم پێکهاتوە لە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی هەرێم، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و ژمارەیەک راوێژکار.  

هاوڵاتی پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق دەڵێت، زۆر هۆکار کاریگەرییان لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕکردن هەیە، گرنگترینیان دزەکردنی دۆلارە بۆ وڵاتانی دراوسێ و مامەڵەکردنی ناوخۆیی لە بازاڕە ناوخۆییەکان بە دراوێکی دیكه‌ جگە لە دراوی نیشتمانی، هەروەها نەبونی تەواوەتی کۆنتڕۆڵکردنی بەندەرەکان و قاچاغچێتی. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی ئابووری بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری تایبەت بە پرسی ناجێگیری بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کۆبووەتەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بە چەند هۆکاریک کردووە کە بوونەتە هۆی ناجێگیری نرخی دراوی دۆلار بەرامبەر دینار، ئە هۆکارانەش گرنگترینیان دزەکردنی دۆلارە بۆ وڵاتانی دراوسێ و مامەڵەکردنی ناوخۆیی لە بازاڕە ناوخۆییەکان بە دراوێکی دیكه‌ جگە لە دراوی نیشتمانی، هەروەها نەبونی تەواوەتی کۆنتڕۆڵکردنی بەندەرەکان و قاچاغچێتی. ئەوەشھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی جەختیکردۆتەوە کە دزەپێکردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەردەوامە و ھێشتا تەواوی دەروازە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵنەکراون. هاوکات ئه‌وه‌شی خستۆتەڕوو کە، ئاستی هەڵاوسان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەو کاڵایانە کە بە فەرمی ده‌هێنرێنه‌ ناو عێراقه‌وه‌ نرخه‌كانیان سەقامگیریان بەخۆوە بینیوه‌، چونکە هاوردەکردن بە نرخی فەرمی دەیانگرێتەوە.

هاوڵاتی دادگا ی تاران سزای ساڵێک زیندانی بەسەر پارێزەرەکەی دۆسیەی ژینا ئەمینیدا سەپاند. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند،"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە حکوومەت لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە، سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپێنرا. نیکبەخت مانگی ئاداری 2023 لە دادگای تارانەوە بانگکرا و بە بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبار کرا و لە دوو دانیشتنی دادگادا بەرگری لە خۆی کرد. عەلی رەزایی، پارێزەری ساڵح نیکبەخت دەڵێت، لانی زۆری سزا بۆ ئەو تۆمەتە، یەک ساڵ بەندکردنە و دادگە ئەو سزایەی بەسەر بریگرتەکەیدا سەپاندووە و هیچ گرنگی بەو بەرگرییانە نەداوە لە دادگە خستوویانەتەڕوو. رەزایی هەروەها دەڵێت، ساڵح نیکبەخت خواستی ئەوەی نییە تانە لە بڕیارەکە بدات، بەڵام ئەو وەکو پارێزەرەکەی ئەو کارە دەکات و داوا دەکات، سزاکە هەڵبوەشێندرێتەوە. لەبارەی تۆمەتبارکردنیشی بە بانگەشەکردن دژی دەسەڵات دەڵێت، "ساڵح نیکبەخت لە دۆسیەی ژینا ئەمینیدا ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و کارێکی نایاسایی نەکردووە." عەلی ڕەزایی لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردۆتەوە دەقەکەی بەم شێوەیەیە:  «بە داخەوە دادگا بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی من و بەڕێز نیکبەخت، قورسترین سزای ئەم تۆمەتەی بەسەر پارێزوانەکەمدا سەپاندووە کە ساڵێک بەندکرانە». لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: «دادگا لە حوکمەکەدا هەموو ئەو ٩ وتووێژەی ساڵح نیکبەخت کە وەزارەتی ئیتلاعات پشتی پێ بەستوون، وەکوو بەڵگەی تاوان لە قەڵەم داوە. ئەو وتووێژانە بریتین لە: ١. شیکردنەوەی دۆخی کۆڵبەران و کوشتنیان لە ئێراندا، ٢. بۆچوونی یاساناسانەی پارێزوانەکەم لەسەر دەنگۆی خنکاندنی پەناخوازە ئەفغانستانییەکان، ٣. ڕەخنەگرتن لە بڵاوکردنەوەی دانپیانانی زۆرەملێی تۆمەتبارانی سیاسی (ئەمنییەتی) لە تەلەڤیزیۆنەوە و بەرپرسایەتیی کاربەدەستانی حکومەت لە پاراستنی گیانی دەستبەسەرکراواندا لە تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵدا و وتووێژ کردن لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی بی‌بی‌سیی فارسیدا لەسەر: ١. بەیاننامەی سەرئاوەڵای پارێزەران، چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ٢. شیکردنەوەی هۆکارەکانی نەدانی مۆڵەتی شۆفیریی مۆتۆر بۆ ژنان کە ڕایگەیاندبوو ئەم کارە هیچ بنەمایەکی شەرعی و یاسایی نییە، ٣. شیکردنەوەی ڕەوتی ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ئێران (کەمال حەسەن ڕەمەزان) کە بە پارێزەریی بەڕێز نیکبەخت لە ئێعدام ڕزگاری بوو، هەروەها دیسانەوە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ فەردا لەسەر شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان. هەرهەموو ئەم وتووێژانە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٨ تا ١٤٠١ (٢٠١٩ تا ٢٠٢٢) واتە تا پێش خەرمانانی ١٤٠١ (سێپتامبەری ٢٠٢٢) ئەنجام دراون. ئەوەی مایەی سەرسووڕمانە، پێداگرتنی شکاتکار و دادگاکەیە لەسەر تانەدانی پارێزوانەکەم لە بۆچوونی پزیشکیی داد. بەڕێز نیکبەخت بەپێی ئەرکی یاسایی خۆی تانەی لە بۆچوونی پزیشکیی داد وەکوو بۆچوونی پسپۆڕانە لە پرسی کوشتنی ژینا ئەمینیدا داوە و وتوویەتی لەبەر ئەوەی کە بۆچوونی پزیشکیی داد تەنها ڕێگای دۆزینەوەی حەقیقەتە [نەک خودی حەقیقەت]، وەکوو هەموو بۆچوونێکی پسپۆڕانەی دیکە، تەواوکراو و قەتعی نییە. هەروەها داوای کردبوو پرسی گیانبەختکردنی ژینا لە کۆمیسیۆنێکی دیکەدا لێکۆڵینەوەی دووبارەی بۆ بکرێت و بەو پێیەی کە پارێزەران و بنەماڵەی ژینا شارەزایی پێویستیان لە زانستی پزیشکیدا نییە، پێویستە لە دووهەم کۆمیسیۆنەکەدا ٥ کەس لەو ١٢ پزیشکە ناسراوەی ئێران کە لە لایەن بنەماڵەی ژیناوە دەستنیشان کراون، بەشداری بکەن و کۆمیسیۆنەکە بە ئامادەبوونی ئەم پزیشکانە لە ڕەوتی ڕووداوەکە و هۆکارەکانی مەرگی ژینا بکۆڵێتەوە، تاکوو ئەگەر پرسیارێک لە ئارادا بێت لە لایەن ئەم پزیشکانەوە بخرێتە بەردەست. ئەمە نە تاوانە و نە پارێزوانەکەم شتێک جیا لەمەی داوا کردووە. بە داخەوە دادسەرا و دادگای شۆڕشی ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی وتە یاساییەکانی بەڕێز نیکبەخت، وتووێژەکەی بەڕێزیانی لەگەڵ ڕۆژنامەی «ئێعتماد»دا سەبارەت بە ڕوونکردنەوەی ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی وەکوو یەکێک لە بەڵگەکان بۆ سەلماندنی تاوانی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە قەڵەم داوە و لەبەر ئەم وتووێژانە سزایان بە سەر بەڕێز نیکبەختدا سەپاندووە». "ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری یاسایی تەمەن ٧٢ ساڵ زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە چەندین دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ گرتووە.       

هاوڵاتی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی ، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی تورکیای بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە هەریمی کوردستان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئەو داوات و زانیارییانەی ئەو ڕێکخراوە بڵاویکردۆتەوە ، لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣وە، تاوەکو ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ١٢ هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. دەشڵێت: ٦ لەو هاوڵاتییە مەدەنیانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٣ هاوڵاتی تر بەهۆی فڕۆکەی جەنگی و ١ هاوڵاتی تریش بەهۆی تەقینەوەی مین لەدەوروبەری یەکێک لە بارەگا سەربازییەکان شەهید بوون. سەبارەت بە بریندارەکان CPT باسی لەوەکردووە: لەناو بریندارەکانیشدا، ٢ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی تورکیا و ٩ هاوڵاتی تریش بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١ هاوڵاتی تریش بە هۆی تەقینەوەی مین برینداربوون. لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوەکەدا باس لە شوێنی بۆردومانەکان کراوە و دەڵێت: لەلە ناوشەهیدەکاندا، ٣ هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا و ٦ هاوڵاتی تر لە ناو ئۆتۆمبێل و ١ هاوڵاتیش لە ماڵەوە بەئامانجگیراون، هەرچی بریندارەکانیشن، ٢یان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیاندا و ٥یان لە ناو ئۆتۆمبێل و ٣یانیان لە ناو کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و ١ هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە و ١ هاوڵاتی تریش لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بە ئامانجگیراون. سەبارەت بە شوێنی ڕووداوەکان و هێرشەکان بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی کە تیایدا قوربانی مەدەنی کەوتۆتەوە، لە پارێزگای دهۆک ٤ شەهید و ٢ بریندار، لە پارێزگای هەولێر ١ شەهید و ٨ بریندار، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ٥ شەهید و ٢ بریندار بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣دا تۆمارکراون. ئەو ڕێکخراوەو ئەمەریکییە دەڵێت: " سوپای تورکیا، لە درێژکراوی ئۆپەراسیۆنی چنگی قوفڵدا کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا ڕایگەیاند، بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە قوڵاییەکی زیاتر و بە دووری سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان تورکیا-عێراق، سەرباری بە ئامانجگرتنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، هاوڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان و جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجدەگرێت."