هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی هۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانی تورکیا لە  فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاشکرا دەکات. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەسەر ئەو هۆكارانەی لەڕابردوودا هەبوون و بەهۆیەوە توركیا گەشتەكانیان ڕاگرتبوو، ئەو بڕیارەی هەیانبوو درێژیان كردووەتەوە بۆ 3-1-2024. لە 3-4-2023 هێڵی ئاسمانی توركیا ئەو گەشتانەی لەوڵاتەكەیەوە ڕاگرت كە بەرەو فڕۆكەخانەی سلێمانین، وەزارەتی دەرەوەی توركیاش هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ «هاتوچۆی پەكەكە» لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پەكەكەو یەكێتیش ئەوەیان رەتكردووەتەوە.  

هاوڵاتی وتەبێژی پۆلیسی سۆران ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێرەوە نوسراوی دەستگیرکردنیان بۆهاتوە کە کەسێک “لەژێر ناوی ئاییندا” ژنانی فریوداوە، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا ئەو کەسەیان دەستگیرکردوە. عەقید شەماڵ دێواری، وتەبێژی پۆلیسی سۆران ڕاگەیاند، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێرەوە نوسراویان بۆ هاتوە کە کەسێک تۆمەتبارە بە “فێڵکردن” لە ژنان و دواتریش ئەو کەسە کە لە سنوری ئیدارەی سۆران بوە دەستگیرکراوەو ڕادەستی پۆلیسی هەولێر کراوە. بەگوێرەی زانیاریەکان، تۆمەتی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ئەو کەسە خاوەنی پەیجێکی ئاینی بووە و داوای ڤیدیۆ و وێنەی لە ٣٠٠ ژن کردووە و دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆکانی لێکردوون و ویستوویەتی باندێک بۆ کاری نەشیاو دروست بکات و داوای ڤیدیۆ و وێنە و پارەی لەو ژنانە کردووە. دەستگیرکردنی ئەو کەسە لەکاتێکدایە کە ژمارەیەک ژن لە سنوری پارێزگای هەولێر سکاڵایان تۆمارکردوە و دواتریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوە. هاوکات ئاسایشی هەولێر دەڵێت، لە دوو رۆژی رابردوودا سێ کەسیان بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی ژنان دەستگیرکردووە

هاوڵاتی وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا بڵاویکردەوە کە بەرپرسانى وڵاتەکە 10 ژن و 25 منداڵى داعشى لە کامپەکانى رۆژئاواى کوردستان وەرگرتوەتەوە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە کە ئەو منداڵانەى گەڕێنراونەتەوە خراونەتە بەر چاودێرى پزیشکى و دەرونییەوە و ژنەکانیش روبەڕوى دادگا و لێکۆڵێنەوە دەکرێنەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر فەرەنسا سێ جارى دیکە ژن و منداڵى چەکدارانى داعشى گەڕاندوەتەوە بۆ وڵاتەکەى و هەروەها چەند رۆژێک پێش ئێستاش دانیمارک چەند ژن و منداڵێکیان گەڕاندەوە.

هاوڵاتی وه‌زیرى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، سەرکەوتنى گه‌وره‌ترین پڕۆسه‌ی خوێندنی دبلۆمى باڵا و ماسته‌ر و دكتۆراى له‌ زانكۆ حکومیەكانی كوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) ڕاگەیاند، کە بەگه‌وره‌ترین پڕۆسه‌ی خوێندنی باڵا له‌ هەرێمى كوردستان داده‌نرێت. دوای ته‌واوبونی قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی پێشكه‌شكردن و ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی و ڕێکخستنى کێبڕکێ و پەیڕەو کردنى سیستمى خاڵبەندى بۆ پێشکەشکارانى خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ زانکۆ حکومیەكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی (2023-2024)، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەو پەڕى شەفافیەت و بێ لایەنى جارێکى تر وردبینى لە داتاکان کردەوە، ئەویش لەپێناو چەسپاندنى پرەنسیپەکانى دادپەروەرى و شەفافیەت و هەلى یەکسان، دواتریش ئەنجامەکانى پەسەند کرد، بۆ ئەمەش خوازیاران لە (ئەمڕۆ)ەوە دەتوانن ئه‌نجامە بەراییەکان له‌سه‌ر وێبسایتی رەسمى زانكۆكانیان وه‌ربگرنه‌وه‌. د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌رگیراوان له‌ گشت زانكۆكانی كوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت: ئومێده‌وارین له‌ ئاست چاوه‌روانییەکانی سێکتەری خوێندنی باڵاو نیشتمانەکەماندا بن و به‌ ئاستێكی زانستی به‌رز درێژه‌ به‌ خوێندنی باڵا بده‌ن و بڕوانامه‌ به‌ده‌ست بهێنن به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تگه‌یاندن بەھەردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مژدە دەداتە ئەو‌ پێشکەشارانەى کە ده‌رفه‌ت نه‌بوه‌ بۆ ئه‌مساڵی خوێندنى (2023-2024) وه‌ربگیردرێن بە هۆى نەمانى کورسی یاخود دەرنەچون له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی توانستى زانستی، وه‌زاره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانكۆ حکومیەکانى کوردستان‌ له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مانگی (9)ی ئه‌مساڵدا، خولێکى دیکەى پڕۆسه‌ی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ زانكۆكان دەستپێبکات. لەکۆتاییدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی، سوپاسی تایبەت ئاراستەی سەرجەم سەرۆک و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆکان و ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستایان و کارمەندان و فەرمانبەران دەکات کە بە شەونخونی و ھەوڵ و ماندوبونیان پرۆسەکەیان بەسەرکەوتویی جێبەجێ کرد. جێگەى ئاماژەیە پێشکەشکاران لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکان، ئەگەر هەر تانەیەکیان هەبێت، لە ماوەى (5) پێنج رۆژى کارکردن دەتوانن بەشێوەى ئۆنلاین لە وێبسایتى ڕەسمى زانکۆکانیان تانە تۆمار بکەن.

هاوڵاتی بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی گەرما روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و چەند رۆژێک دەخایەنێت. بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن  رایگەیاند، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما لە ماوەى رۆژانى چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینى بە 2 تا 4 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە. لە سەنتەرى پارێزگاکان لە سەرووى 41 پلەى سیلیزى و لە ئیدارەى گەرمیان لە سەرووى 44 پلەى سیلیزى دەبێت. هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان لەنێوان (36-40) پلەى و لە ناوچەسنوورییەکان لەنێوان (28-32) پلەى سیلیزى دەبێت. کەشناسی راشیگەیاندووە، کاریگەرى قوڵ بوونەوەى نزمە پاڵەپەستۆى وەرزى گەرمى کاریگەرییەکەى تا رۆژى شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت پاشان پلەکانى گەرما نزم دەبێتەوە بە (2-3) پلەى سیلیزى کاریگەرى ئەم شەپۆڵە کۆتایى دێت.

هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ دەستگیرکردنی گەنجانی رۆژهەڵات دەستی پێکردوە و لە نێو دەستگیرکاواندا بریندار و وەرزشکار هەیە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ لە دوو رۆژی رابردودا پێنج گەنجی شاری سەقز دەستگیرکراون کە یەکێکیان سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و پاڵەوانی زۆرانبازیی بوە. هاوکات لەگەڵ ئەو پێنج گەنجەی شاری سەقز لە شاری نەغەدە گەنجێک بە ناوی ئاسۆ قەلەندەری، دەستگیر کراوە و لە شاری پیرانشار سادق مەحمودنەژاد دەستگیر کراوە کە یەکێکە لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی. لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، کامیاران ژمارەیەگ گەنجی دیکە بە بێ ئاشکرابونی تۆمەت یان هۆکارێک لە لایەن هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیر کراون. پێگەی (کۆڵبەرنیوز) ئاماژەی بەوە کردوە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو گەنجانە و دەستگیریان کردون.  

هاوڵاتی دەزگای لوتکە رایگەیاند، منداڵانی کۆچبەران لە ڕێگەی کۆچی نایاسایدا لەلایەن قاچاخچییەکانەوە بێھۆشدەکرێن. دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پۆلیسی ئیتاڵیاوە دەستیان کەوتووە، "قاچاخچییەکان لەکاتی گواستنەوەی کۆچبەرەکاندا حەبی خەو دەدەن بە منداڵانی کۆچبەر بۆ ئەوەی نەتوانن دەنگە دەنگ دروستبکەن و سەرنجی پۆلیسی دەروازە سنوورییەکان رانەکێشێت، لەکاتێکدا شەوانە بەسەر سنوری کرواتیا و سلۆڤینیادا دەگوازرێنەوە." باسیلەوەشکردووە،" گەورەکانیش خواردنەوە وزەبەخشەکانیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی ئەو گەشتەی بەسەر ناوچە شاخاوییەکاندا ئەنجامی دەدەن ھەست بە ماندوبوون نەکەن." راشیگەیاندووە، ئەو دەرمانانەی دەدرێن بە منداڵی کۆچبەرەکان، دەرمانی تایبەت بە منداڵ نەبووە.

هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی راگەیاند و ئەم قوتابییانە یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانن.   بەشی زانستی: - رۆزی فەتحی، ئامادەیی شەهید جەباری نموونەیی، یەکەمی زانستی لەسەر ئاستی کوردستان. کۆنمرەی 698 - شاد شوان مەجید، ئامادەیی کۆلێژی سەلاحەدین، کۆنمرەی 698 - محەممەد نووری حەسەن، قوتابخانەی شەهید ئارام لە کەلار، کۆنمرەی 698 بەشی وێژەیی: - هەنار تەها نووری ساڵح، لە ئامادەیی مەستوورە لە قەزای چەمچەماڵ. کۆنمرە 97.43 بەشی پیشەیی: - فاتمە حوسێن قادر، پەروەردەی ناوەندی هەولێر. کۆنمرەی 631 - دیە مەهدی ئەکرەم، پەروەردەی سلێمانی، ئامادەیی کشتوکاڵ. کۆنمرە: 668 - ئیمان ستار عەلی، پەروەردەی سلێمانی، ئامادەیی پیشەیی گەشتوگوزار. کۆنمرە 711 - ئالان تۆفیق حەسەن، ئامادەیی پیشەسازیی سلێمانیی کوڕان. کۆنمرە: 697  

هاوڵاتی یاسای پاشناو: یەکەم هەنگاوی بە تورککردن گەلان لە رێگەی یاسای پاشناوەوە کە دوای دامەزراندنی کۆماریپەسەند کرا، سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری لە دژی گەلانی دیکەی تورکیا پەیڕەوکرا. یاسای پاشناو یەک لە کۆدەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکە، لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٣٤ پەسەند کرا، ٢ی تەمووزی ١٩٣٤ لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە و ٢ی کانونی دووەمی ١٩٣٥ کەوتەبواری جێبەجێ کردنەوە. بە گوێرەی یاساکە هەموو ئەو کەسانەی لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی تورکدا دەژیان پاشناویان هەبێت. کاتێک یاساکە دەرچوو رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە بڵاویان کردەوە، 'چیتر کەس بە جیاوازی چینایەتی پێناسە ناکرێت، هەمووان دەتوانن پاشناوی دڵخوازی خۆیان هەبێت" بەڵام لە راستیدا بەو جۆرە نەبوو. دەوڵەتی تورک هەموو پێناسەکانی کوردان و گەلانی دیکەی لەناو دەبرد، لە رێگەی پاشناوەوە دەیبەستنەوە بە تورکبوونەوە. خۆی لە خۆیدا ئەو پاشناوانەشی لەسەر کوردان داندران هەر بە گوێرەی ئەو بیرۆکەیە دیاریکرابوون. تەنیا یەک کوردیش نەیتوانی پاشناوێک بە دڵی خۆی هەڵبژێرێت. بەهۆی ئەوەی لەیاساکەدا هاتبوو کە ئەو پاشناوانەی کەسەکان هەڵیدەبژێرن بە تورکیەکی پەتی بێت، هیچ کوردێک نەیدەتوانی بە زمانی خۆی پاشناوێک هەڵبژێرێت. بە پێچەوانەوە ئەو پاشناوەی کە دەوڵەت دیاریکردبوو لەسەر کوردەکان داندرا. نەک هەر ئەوە کاتێک دەوڵەت پاشناوی بۆ کوردەکان دانا ئەوانی لە سەرژمێریدا لە سەر تورکەکان هەژمار کرد، رۆژی لەدایکبوونیشیانی بە گوێرەی ویستی خۆی دیاریکرد. هەوڵدان بۆ سڕینەوەی رابردووی کوردان بە گۆڕینی پاشناو بەڵکوو بە رۆژی لەدایکبوون درێژەی پێدرا. دوای ئەوەی یاسای پاشناو کەوتەبواری جێبەجێ کردنەوە رۆژی لەدایکبوونی هەموو کوردەکان لە رەگەزنامەی تورکدا وەک یەکی کانونی دوەم دیاریکرا. لە گۆڕینی کۆمەڵگاوە بەرەو گۆڕینی پێکهاتە نەتەوەییەکان کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی کە لە پرۆسەی رووخانی عوسمانیدا بەهێزبوو و بەرامبەر بە عوسمانی وەستایەوە، وەک یەکەم کار دەستی بە گۆڕینی کۆمەڵگا کرد. بۆ ئەوەی گەلانی جیاجیا و گروپە ئایینەکانی ناو عوسمانی بکات بە تورک هەوڵەکانی خستەگەڕ و گەورەترین هێرشەکانیشی بەو ئاراستەیەدا کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان بوو لە ساڵی ١٩١٥. لەدوای ١٩١٥ەوە تا دروستبوونی کۆمار، کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی بۆ دەرکردنی ئەرمەن و رومانەکان لە خاکی خۆیان و جێگیرکردنی کەسانی دڵخوازی خۆیان لە سەر خاکی ئەوان چەندین هێرش و کۆمەڵکوژی دیکەی ئەنجامدا. گۆرینی کۆمەڵگا لەسەر دەستی ئیتحاد و تەرەقی لەدوای دامەزراندنی کۆمار گۆڕدرا بۆ گۆرینی نەتەوەیی. یەک لە سەرکێشەکانی ئیتحاد و تەرەقی بە ناوی د.نازم لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە ئامانجەکانیان وتی، "بۆچی ئەم شۆڕشەمان کرد؟ ئامانجی ئێمە چی بوو؟ بۆ ئەوەی سوڵتان حەمید و هاوڕێکانی لە شوێنەکانیان لاببەین و لە شوێنی ئەوان دابنیشین؟ پێموانەبێت وابێت. بۆ ژیاندنەوەی تورکیا لەگەڵ ئەوان بوومە هاوڕێ و برا. من دەمەوێت کە تورک، تەنیا تورکبوون لێرە باڵادەست بێت. جگە لە تورک باهەموو پێکهاتەکانی دیکە لەناو بچن. لە چ ئایین و ئایینزایەک دەبن با ببن دەبێت ئەم خاکە لە کەسانی ناتورک پاکبکڕێتەوە. ئایین بەلای منەوە بەهای نییە. ئایینمان نییە. ئەگەر سڕینەوە و پاکتاوێک، لەناوبردنێکی تەواوەتی نەکرێت، بەداخەوەم بۆخۆمان! ئێمە ناتوانین لەو شوێنەی ئەمڕۆ تیایداین، دابنیشین. سبەینێ دوامان دەکەون و دەرمان دەکەن، نەک هەر دەرمان دەکەن، دەمانکوژن. شۆڕش بەزەیی نییە. دەبێت بەربەستەکانی بەردەم ئامانجەکەمان هەڵبگرین". کادرەکانی کۆمار کە هەوڵەکانی گۆرینی کۆمەڵگای ئیتحاد و تەرەقییان هەنگاوێک بەرەو پێش برد، دەستیان بە گۆرینی هەمەلایەنەی پێکهاتە نەتەوەییەکان کرد. ئەو قۆناغەش بە هێرش و کۆمەڵکوژی لە دژی کورد و گەلانی دیکە دەستیپێکرد. لەلایەکەوە هێرشی سەربازی ئەنجامدرا، لەلایەکی دیکەشەوە بە یاساکانی وەک یاسای پاشناو ، هەوڵیاندا گەلان بتوێننەوە. سەرژمێری و یاسای پاشناو لە تورکیا لەگەڵ ئەوەی یاسای پاشناو کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە کوردەکان بۆ ماوەیەکی زۆر پاشناویان بۆ خۆیان دانەنا، بۆیەش بە بێ ئەوەی بچنە فەرمانگەکانی دەوڵەت درێژەیان بە ژیانی خۆیاندا. بەڵام دەوڵەتی تورک سەدان کارمەندی ئەرکدارکرد و رەوانەی ناوچەی کوردستانی کرد، هەم دەستی بە دانانی پاشناو لە سەر کوردان کرد و هەمیش ژمارەی دانیشتوانی کوردی بۆ دەرکەوت. ئامانجی ئەو کارمەندانە ئەوەنەبوو کە ئەو پاشناوانە تۆمار بکەن کە کوردەکان دەیانەوێت یاخود بۆ ئەوە نەبوو کە گوێ لە دەردەدڵەکانیان بگرن، ئامانجیان ئەوەبوو کە کوردەکان تۆمار بکەن و رێگە و شێوازی لەو جۆرە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی وەک کۆیلەی تورکەکانیان لێبکەن. بەو جۆرەش بوو. ئەو کارمەندانەی چوونە کوردستان کاری یەکەمیان گەڕان بە گوندەکان، تۆمارکردنی کوردەکان، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی رابردوویان بوو. رۆژی لەدایکبوونی کوردەکانیان کردە رۆژێکی وەک بۆ نمونەی ٠١.٠١.١٩١٩ بەم جۆرەش ئەوانیان لە رابردووی خۆیان دابڕی. دووەم کاریشیان ئەوەبوو کە پاشناو بدەن بە کوردەکان و بە تەواوتی بیانخەنە ناسنامەی تورکبوونەوە. کاتێک ئەوەیان کرد بە گوێرەی تێگەیشتنی نەتەوەپەرستیان کرد کە وەزیری دادی ئەو کات محەمەد ئەسەد بۆزکورت بەم جۆرە پێناسەی کردبوو: "لە تورکیا نەژادەکانی جگە لە تورک تەنیا یەک مافیان هەیە. ئەوەش مافی کۆیلایەتیە بۆ تورکەکان". پاشناوی تورکییان لە سەر کوردەکان دانا: تورکەکول، تورکئۆغڵو و.. کوردەکان هەرگیز بە گوێرەی دڵی خۆیان پاشناویان بۆ خۆیان هەڵنەبژارد. نەک هەر پاشناو هەروەها نەیانتوانی ناوێک بە زمانی خۆیان بۆ خۆیان هەڵبژێرن. لە رێگەی یاسای پاشناوەوە لە دژی کورد سیاسەتی قەدەغەش دەستیپێکرد. لە تورکیا مرۆڤەکان بە گوێرەی خواستی خۆیان پاشناویان هەڵبژارد، بەڵام لە کوردستان کارمەندەکانی دەوڵەت بە گوێرەی لیستی بەردەمیان بە بێ ئەوەی پرسیار لەگەل بکەن راستەوخۆ پاشناویان بۆ دانان. ئەو کۆمارەی لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەی رابردوو کوردان سیستمی دامەزران، گرنگترین هەنگاوی خۆی بەم جۆرە هەڵگرت. ئەو پاشناوانەی کە کوردەکان بچوک بکاتەوە، سوکایەتیان پێبکات، هەندێک جاریش بۆ ئەوەی وا نیشانی بدات کە تورکن، لەسەر ئەوان داندران. نمونەی بەشێک لەو پاشناوانەی ئەو کاتە لەسەر کوردەکان دانران بەم جۆرەی: "تورک، ئۆزتورک، تورکمان، ئۆغڵتورک، ئۆگزتورک، تورکۆغز، تورکئۆغڵو، کانتورک، کانتورک، شەنتورک، تورکۆز، تورکسۆی، تورکۆس، تورکیلماز، کۆرکمازتورک، ئۆلمەزتورک، تورکۆلمەز، ئۆز." تورکسلان، ئەسلانتورک، دۆغانتورک، تورکدۆغان، تورکێلی، تورکیری، یگیتورک، تورکۆغز ، داغتورک، تومتورک، گۆکتورک، سۆیتورک، پاکتورک، گۆچتورک، سۆیلو، ئاکسۆی، پاکسۆی، تورکسۆی، ئاکمانسۆی، ئاکارسۆی، ئولوسۆی، یوجەسۆی، یڵمازسۆی، کۆرکمازسۆی، تورکمەنسۆی، تەکینسۆی، چەتینسۆی، مێتینسۆی، ئاتاسۆی ، ئەسلانسۆی، گۆکسۆی، گورسۆی، دەرمانسۆی، تیموچین، گۆکەر، ئۆغوز، سۆیدەمیر، تۆیدەمیر، تەمیزسۆی، سۆیپاک، تەکینسۆی، شەتینسۆی، تەمورتاش، ئیلدان، ئیلدەنیز، گۆکدەنیز، گۆکالپ، تورانی، تورهان، ئەفشار، ئاڤشارۆغلو، یوکسێل، یڵماز، کۆرماز ئۆزکان، ئۆرهون، سۆیدان، سۆلماز، ئۆزجان، ئاتیلا، هون، مێتین، تەکین، چەتین، تامێرلان و هتد". سەرچاوە: فورات

هاوڵاتی بەئـامادەبوونی ئـالان حمە سعیدوەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی (12)ی ئامادەیی (زانستی / وێژەیی/ پیشەیی) ڕادەگەیەنێت. بەپێى ئەو زانیارییانەى لیژنەى باڵاى تاقیکردنەوەکان بڵاوى کردەوەتەوە، بۆ ئەمساڵ چەند کاتژمێرێک دواى بڵاوکردنەوەى ئەنجامەکان، قوتابیان دەتوانن لاپەڕەى سۆماکانیان ببینەوە. لینکی وەرگرتنی ئەنجامەکان کە لە کاتژمێر (8:00) کارا دەبێت⬇ https://azmwnakan.com/ لینکی سەیرکردنی لاپەڕەی سۆما کە لە کاتژمێر (10:30) کارا دەبێت ⬇ http://soma.azmwnakan.com/

هاوڵاتی محممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سکاڵای یاسایی دژی 12 ماددەی یاسای بودجە تۆمار کرد. سەرۆکوەزیرانی عێراق تانەی لە 12 ماددەی یاسای بودجەی گشتیی (2023، 2024، 2025) داوە و داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی دەکات، بە فەرمانێک جێبەجێکردنی ئەو ماددە یاساییانەی بودجە بوەستێندرێت، تاکاتی بڕیاردان لەسەر دەستووریبوونی 12 ماددەکە. له‌ تانه‌كاندا هاتووه‌: زۆرێك له‌ بڕگه‌ و مادده‌كانی ناو یاسای بودجه‌، كه‌ دوای ره‌وانه‌كردنی له‌ حكومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ ده‌ستكاریكراون، به‌شێوه‌یه‌ك، كه‌ له‌گه‌ڵ یاسا و ده‌ستووری هه‌میشه‌یی یه‌كناگرێته‌وه‌ و له‌ زۆرێك له‌ بڕگه‌كاندا ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌ت بچووككراونه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر پارێزگاكان هیچ به‌هایه‌ك بۆ وه‌زاره‌ته‌كان دانه‌نراوه‌ و له‌ به‌شێك له‌ مادده‌كانیش هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ په‌رله‌مان دراون و هیچ رۆڵێك بۆ حكومه‌ت نه‌هێڵراوه‌ته‌وه‌. به‌گوێره‌ی نووسراوێکی دادگای فیدراڵی، دادگای فیدراڵ بڕیاری داوه‌، هه‌ریه‌ك له‌ مادده‌كانی (دوو، شازده‌، بیست، بیست و هه‌شت، په‌نجاوحه‌فت، شه‌ست و دوو، شه‌ست و سێ، شه‌ست و پێنج، حه‌فتا، حه‌فتا و یه‌ك، حه‌فتا و دوو و حه‌فتاو پێنج) كاریان پێنه‌كرێت، تا ئه‌وكاته‌ی دادگا تانه‌كانی سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ دوای مشتومڕێكی زۆر و ئاڵۆزییەكی زۆری هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی عێراق، دواجار لە ڕۆژی ١١ی حوزایراندا پرۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند كرا، لە ڕۆژنامەی وەقائع عێراق بڵاو كرایەوە، دوای پەسەندكردنی بودجە حكومەت چەند تێبینیەكی هەبوو لە سەر هەندێك بڕگە. سەرچاوەیەكی حكومی بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق تانەیەكی پێشكەش بە دادگای باڵای فیدراڵی كردووە، لە دژی  كۆمەڵێك بڕگەی یاسای بودجە. سودانی لە سکاڵاکەیدا داوایشی کردووە، داواكاریی لە دادگا كراوە بڕیار دەربكات، بۆ ڕاگرتنی جێبەجێكردنی ئەو ماددانە، تا ئەو كاتەی بڕیار لە دەستووریبوونی ئەو تانەیە سەبارەت بەو ماددانە دەدات. دوای ئەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتوو لە ڕۆژنامەی وەقائع بڵاو كرایەوە، ڕەوانەوەی وەزارەتی دارایی كراوە بۆ ئەوەی كار بكات، بۆ تەرخانكردنی دارایی بۆ سەرجەم ئەو بڕگەو ماددانەی كە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە.

هاوڵاتی تورکیا راگرتنی گەشتەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، تا 3ی مانگی 1ی 2024 بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندوە، حکومەتی تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ڕۆژی 3ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 درێژکردووەتەوە. لە 6ی (نیسان/4)ی ئەمساڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا سەرجەم ئەو گەشتانەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەسەر ئاسمانی تورکیادا دەڕۆشتن راگرت و بڕیارەکە تاوەکو ئەمڕۆ 3ی (تەموز/7)ی ئەمساڵ کارا بوو، بەڵام ئەمڕۆ بڕیاری راگرتنەکە درێژکرایەوە. لەماوەی رابردودا وەک رێگەی جێگرەوە هاوڵاتیانی سلێمانی بۆ گەشتکردن هێڵەکانی وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و ئەردەنی بەکاردەهێنا، کە رۆژانە فڕۆکەی ئەو هێڵانە گەشتیاران لە سلێمانیەوە دەگوازنەوە. لەماوەی رابردودا پارێزگاری سلێمانی لەبارەی کردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و تورکیا، رایگەیاند، "هەوڵەکان لە ئاستی حکومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و لەسەر ئاستی سیاسیش هەوڵەکان بەردەوامن، کێشەکان سیاسیین و سلێمانی ئارامە و فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ کێشەیەکی نیە و ئەو تێبینی و کێشانەی هەن سیاسیی ئەمنین".     

هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی سەوز رایگەیاند، ئەمساڵ 26 کەس لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە کە ژمارەیەکیان سزاکانیان تەواویش بووە. عەمەر فاروق گەرگەریئۆغلۆ پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە پارێزگای کۆجائەلی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بە فشارەکانی نێو زیندانەکانی تورکیا کرد و رایگەیاند، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 26 زیندانی سیاسی گیانیان لەدەستداوە کە 11 کەسیان پێشتر زانراوە نەخۆشی مەترسیداریان هەیە. گەرگوریئۆغلۆ باسی ئەوەشی کرد کە بەرپرسانی حکومەت باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەک لەو زیندانیانە خۆیان کوشتووە، بەڵام ئەمە نیشانەیەکی پرسیارە لای ئەوان، چۆنکە لە بارودۆخی زینداندا زەحمەتە کەس خۆکوژی بکات. پەرلەمانتارەکەی پارتی چەپی سەوز دەڵێت، " بەشێک لە زیندانیان نازانرێت کە چۆن گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا کە کامێرای چاودێری لەنێو زیندانەکەدا هەیە. ئێمەش ئەم زانیاریانە لە پارێزەران و خانەوادەی زیندانیان وەردەگرین."

نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ حکومەتی ئێستای ئێران ئاماری ناڕاست بڵاو دەکاتەوە و وڵاتەکە چوەتە ریزبەندنی یەکەمی ئەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین هەڵاوسانی ئابوریی بۆ نرخی خۆراک تۆمار دەکەن. جەلال مەحمودزادە، نوێنەری مەهاباد لە پەرلەماننی ئێران رایگەیاند؛ حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بەهۆی ئەو سنوردارکردنانەی لەسەر ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا دایناوە نۆ ملیۆن پیشە و هەلی کاری نەهێشتوە و ئەوەش هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەکەی بەرز کردوەتەوە. مەحمودزادە وتویەتی: رەئیسی و تیمە ئابورییەکەی و وەزیرەکانی سەرجەمیان ئاماری دور لە راستیی بڵاو دەکەنەوە و حکومەت بە ئاشکرا درۆ دەکات. ئاماژەی بەوەش کردوە ئامارەکانی حکومەت لەگەڵ ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران نایەنەوە و ئەوەش ئاشکرای دەکات کە ئامارەکانی حکومەت سەبارەت بە وڵاتەکە و هەڵاوسانی ئابوریی و هەلی کار دورن لە راستییەوە. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل بەهۆی فیلتەر و سنوردارکردنەوە روبەڕوی کێشە بونەتەوە و ژمارەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕەکانی پەیوەندیی وەک وەتس ئەپ و ئینیستاگرام و تویتەر بە بێ بەکارهێنانی (ڤی پی ئێن) کارا نابن ئەوەش زیانی بەو کەسانە گەیاندوە کە بە ئۆنلاین کاری کڕین و فرۆشتنی کاڵا و بەرهەمەکانیان کردوە.  

ئەمڕۆ 30 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هۆتێل مادیماکدا تێپەڕی کە لە شاری سێواسی باکوری کوردستان ئەنجامدرا.  لە زۆربەی شار و شاروچکەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، رێکخراوەکانی کوردانی عەلەوی و رێکخستنی پارتە کوردیەکان چالاکیان ئەنجامدا و یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی مادیماکیان کردەوە. لە 2ی تەمووزی ساڵی 1993دا لە هۆتێل مادیماکی شاری سێواسی باکوری کوردستان، کۆبونەوەیەک بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ فیستیڤاڵی پیر سوڵتان عەبدال رێکخرابوو، بەڵام ئیسلامییە توندڕەوەکان ئاگریان لە هۆتێلەکە بەردا، لە رووداوەکەدا 37 کەس کە زۆربەیان نووسەر، هونەرمەند و کەسایەتی کوردانی عەلەوی بوون، گیانیان لەدەستدا. دووان لەو کەسانەی کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا ئەو کەسانە بوون کە هێرشەکەیان ئەنجام دابوو. ئەم هێرشە لە نێو خەڵکی تورکیا و باکوری کوردستاندا کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و وەک کۆمەڵکوژی سێواس یاخود کۆمەڵکوژی مادیماک دەناسرێت. پارتی و لایەنە سیاسیەکانی باکوری کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوا دەکەن دووبارە دۆسیەکە بکرێتەوە و لێکۆلینەوە بکرێت. لەگەڵ ئەوەی 30 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە. دۆسیەکە لە 13ی ئازاری 2021 داخرابوو و  ئەگەرێکی زۆر هەیە کە دۆسیەکە بۆ هەتا هەتایە دابخرێت، لەبەرئەوەی 30 ساڵ بەسەر رووداوەکە تێپەڕیوە و بەگوێرەی یاساکانی تورکیا هەر رووداوێک 30 ساڵ بەسەریدا تێپەڕ ببێت، بە تەواوی دادەخرێت. دانیشتووانی شاری سێواسی باکوری کوردستان زۆربەیان کوردی عەلەوی مەزهەبن.