هاوڵاتی ئەردۆغان لەگەڵ وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ محەمەد شیمشەک وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووەتەوە و هەرچەندە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە، هیچ زانیاریەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەگوترێت کە ئەردۆغان ئامادەکاری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. لە کاتێکدا کە تورکیا لەنێو قەیرانێکی گەورەی ئابوریدایە، داوا کە محەمەد شیمشەک دەکرێت ببێتە وەزیری ئابوری. بەر لە هەڵبژاردنەکانیش ئەردۆغان لەگەڵ شیمشەک کۆببووە. هەروەها باسی ئەوە دەکرێت کە ئەردۆغان رۆژی هەینی یان شەممە کابینەی نوێی حکومەت ئاشکرا دەکات و گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە کابینەکەی پێشوودا ئەنجام دەدات. بەگوێرەی زانیاریەکانی میدیاکانی تورکیا، چاوەڕێ دەکرێت، ئەردۆغان هاکان فیدان کە ١٣ ساڵە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیایە (میت) بکاتە وەزیری ناوخۆ و ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆککۆماریش بکاتە وەزیری دەرەوە. هەروەها دەوترێت ئەردۆغان بەنیازە، وەزیری بەرگری، بەڕێوەبەری دەستەی ئاسایشی نیشتیمان و وەزیری وزە گۆڕێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا لەکاتێکدایە کە رێژەی بێکاری ١٠٪ی تێپەڕاندووە، هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆپۆزسیۆن رێژەی هەڵاوسانیش ١٠٥٪ـە. هەروەها رێژەی هەژاریش لەخوار ١٢ هەزار لیرە تۆمار کراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە موچەی کارمەندێکی ئاسایی حکومەتی ناگاتە ١٠ هەزار لیرە. هەروەها بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تورکیا ٢٣٠ ملیار دۆلار قەرزارە و بۆیەش ئەردۆغان لە هەنگاوی یەکەمدا، دەستی بۆ بواری ئابوری بردووە و دەیەوێت محەمەد شیمشەک کە کوردێکی شاری وان باکوری کوردستانە، لە بوژاندنەوەی ئابوری تورکیادا هاوکاری بکات.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سێ داواکراویان دەستگیرکرد کە کەسیان کوشتوە و لەئێستاشدا لێۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت. دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ، لە بازگەی (بانیمەقان) سێ داواکراوی بەڕەگەز عەرەبیان دەستگیرکرد کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوبون بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە تۆمەتباران لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی ( 6 ) کەسیان کوشتوە و هەڵاتون و ویستویانە بە ناسنامەى ساختەوە بێنە هەرێمى کوردستان و لە ئێستادا بەپێى ماددەکانى 289 و 298 لە یاساى سزادانى عێراقى راگیراون و رادەستى دادگاى تایبەتمەند دەکرێن. بەپێى زانیارییەکانى دەزگاى ئاسایشى هەرێم ئەو کەسانەى دەستگیر کراون تەمەنیان 23 ساڵ و 28 ساڵ و 61 ساڵن و دانیشتوى پارێزگاى ناسریەى عێراقن.
هاوڵاتی جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداریی دەدات لەوەی ئۆباڵی ئافات و گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێک لە سلێمانی، لە ئەستۆی بانکی هەرێمە و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن، دەشڵێت: ئەو بانکە نازانێت جیاوازی ناکات لە نێوان کەرتی تەندروستی و گەشتوگوزاردا. د.هێرش سەید سەلیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "لە ماوەی شەش مانگ لە کۆی 30 ملیار دینار کە پێویست بو، بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بکات، تەنها پێنج ملیار کە بەشی تەنها مانگێکە خەرجیکردوە، بۆیە نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەگەر ببێتە هۆکاری ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش ئۆباڵەکەی ئەخەینە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە". ئاماژەی بەوەشکردوە، بانکی هەرێم نەیتوانیوە و نەیزانیوە تەنانەت جیاوازی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاخود دەستەی گەشتوگوزاردا بكات و هاوشێوەی تەندروستی پارەی بۆ دابین كردوە بێ ئاگا لەوەی لە ئێستادا چارەسەری نەخۆش لەپێشینەی هەمو پرسەكانی ترە و پێویستی بە هاوكاری زیاتر لەو بڕە پارەیەشە كە بۆی دانراوە ئەمە لەكاتێكدا ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابین كردنی پارەی پێویستی خستۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم و بانكەكانی سلێمانی .
هاوڵاتی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجە و یەکلاکردنەوەی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد لە کۆبوونەوەدایە و دواپێشھاتەکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە و ناکۆکییەکان لەسەر ماددەکانی ( ١٣ و ١٤)کە پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. ھاوکات مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، یەکێتی بە پاڵپشتی ئەوان بڕگەی گەڕاندنەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی ناچاریی مووچەی فەرمانبەرانی زیادکردووە، بەڵام پارتی داوای لابردنی ئەو ماددەیەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە، کە رەنگە ھێزە سیاسییەکان وەڵامی داواکەی پارتی بدەنەوە. هەروەها سالم عەنبەکی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە چاوەڕێی وەڵامی کوردە.
هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، پەلە بکات لەدیارکیردنی رۆژێک بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و راشیدەگەیەنێت، "ئەم یاسایە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە کە پەیوەندی بە بەهێزی گەلی عێراق و کاریگەرییە ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە". عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە: دوای گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ پێگەیشتن بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و مافەکانی خەڵکی ئازیزمان مسۆگەر بکەین، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بەپەلە بڕیاری دانیشتنی دەنگدان لەسەر یاساکە بدات لەم هەفتەیەدا." ئاماژەی بەوەشکردوە، "جەختکردنەوەمان لەسەر گرنگی خێراکردنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی لە پێناو دەستپێکردنی پلانی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری، بەردەوامبونی چاکسازی ئابوری، گرنگیدان بە پڕۆژە لەپێشینەکان بەتایبەتی تەندروستی، نیشتەجێبون، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەتە". سەرۆکی لیژنەی دارای ڕاشیگەیاند، "داوا لە دەستی هێزە سیاسییەکان دەکەین بەسەر جیاوازییەکانیاندا زاڵ بن و بە ڕۆحێکی نیشتمانی کاربکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی لەلایەن پەرلەمان و نوێنەرانی خەڵکەوە دراوە بۆ خزمەتکردنی وڵات ."
هاوڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا 667 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکراون. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دامەزراوەکانیان 667 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکردووە . هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر 45 کیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر، پێنج سەد و 30 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن، دوو هەزار و 774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 کیلۆگرام دەرمانچا، کە تێکەڵ کراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، لەو ژمارەیەی کە دەستگیرکراون، 285 کەسیان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان گەورە بازرگانن دەشڵێت،سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیرکراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر کراون.
هاوڵاتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان و هەر جوتیارێك چەند بەرهەمی هەبێت دەتوانێت ڕادەستی بکات. بێگەرد تاڵەبانی ئەمڕۆ دوشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "بۆ لەمەودوا وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان، جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان راستەوخۆ بەرهەمەکانیان تەسلیمی سایلۆکان بکەن، بەپێی ئەو پشتیگریەی لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیان دەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردرا بە کردنەوەی دەروازەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق بەرووی هەناردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان. ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو د. حەیدەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق وتى: لە ئێستادا بڕیار دراوە 375 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێت، ئەگەر ئەو بڕە وەرگیرا و بەرهەمەکان زیادتر بون ئەوا بە دڵنیاییەوە بڕى وەرگرتنەکە زیاد دەکەن و هەوڵدەدەن تەواوى بەرهەمى جوتیارانى هەرێمى کودستان بۆ ئەمساڵ وەربگرین. وتیشی، "جوتیار لەگەڵ رادەستکردنی گەنمەکەی پارەکەی رادەست دەکرێت و دەوامی سایلۆکانیش تاوەکو کاتژمێر 10:00ی شەو بەردەوام دەبێت لەسەرجەم پارێزگاکاندا بۆ ئەوەی خاوەن بارهەڵگرەکان بۆماوەیەکی درێژ نەمێننەوە".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەزۆری هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بونى تۆز و خۆڵێکی سوک و سبەینێش تاوەباران و بروسکەی کورت خایەن لەناوچە جیاجیاکان بەتایبەتی لەناوچە شاخاویەکانی باکور و رۆژهەڵات. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بە زۆری هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بوونى تۆز و خۆڵێکی سووک، هەروەها بوونی بروسکە و تاوە بارانی کورت خایەن لە ناوچە جیاجیاکاندا و لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم و شاری دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی باکوور کاریگەری زیاتر دەبێت. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی سێشەممە ئاسمان هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ تاوە باران و بروسکەی کورت خایەن لە ناوچە جیاجیاکان، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و خۆرهەڵات، هەروەها بەردەوامی تۆز و خۆڵ لە زۆربەی کاتەکاندا. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 34 پلەى سیلیزى سلێمانی: 33 پلەى سیلیزى دهۆک: 32 پلەى سیلیزى کەرکووک: 36 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 34 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 22 پلەى سیلیزى زاخۆ : 33 پلەى سیلیزى سۆران: 30 پلەى سیلیزى گەرمیان: 39 پلەى سیلیزى
هاوڵاتی ئەمڕۆ دوای خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە جارێکی دیکە ئەردۆغان سەرکەوت، دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد لە باکوری کوردستان دەستی پێکرد. ئاژانسی مەزۆپۆتامیای باکوری کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پۆلیسی تورکیا لە شاری جۆلەمێرگی باکوری کوردستان، هەڵیان کوتاوەتە سەر ژمارەیەک ماڵ و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان شکاندووە. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، هێزە ئەمنیەکان بە چەک، لەقە و مستەکۆڵە هاوڵاتیانیان ئەشکەنجە کردووە و دواتر شەش گەنجیان دەستگیرکردووە. دەستگیرکراوەکان بۆ بەرێوەبەری پۆلیسی ناوچەی گەڤەڕی جۆلەمێرگ گواسترانەوە. لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشدا، بە سەدان هاوڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە دەستگیرکران کە تاوەکو ئێستاش ژمارەیکیان لە زیندانەکاندان. لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا کە دوێنێ ٢٨ی ئایار بەڕێوەچوو، کەمال کلچدارئۆغلۆ ٧٢.١١٪ی دەنگەکانی لە پارێزگای باکوری کوردستان بەدەست هێنابوو و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا کە ١٤ی ئایار بەڕێوەچوو، ئاکەپە لە سێ کورسی پارێزگاکە هیچ کورسیەکی بەدەست نەهێنا و هاوڵاتیان دەنگیان بە پارتی چەپی سەوز کە جێگرەوەی هەدەپەیە داوە.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پێنجەمین خولی دەرچووانی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان - دهۆک وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی، "دەبێت ئەزموون لە کێشەکانی رابردوو وەربگیرێت." سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هەمولایەک درکی بەو سەقامگیرییە کرد، کە هاتە ئاراوە، بەڵام هەندێک هەوڵ هەن کە دەیانەوێت دۆخەکە بشێوێنن، پێویستیشە هەمو لایەنەکان کرد، پابەندی یەکڕیزی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بن و رێگە بە شێواندنی دۆخەکە نەدەن". لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،" جێگەی نیگەرانییە ئەگەر هەندێک لایەن هەوڵ بدەن کۆسپ بخەنە بەردەم رێککەوتنەکان و هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان مایەی قبوڵکردن نییە. " سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە هەمو لایەنەکان کرد پابەندی رێککەوتنەکان بن وتی، "رێگەی دروست تەنیا پابەندبونە بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان لایەنەکان، لە عێراق و هەرێمی وکوردستانیش دەبێت وانە لە رابردو وەربگرین، هاوڵاتییان لە ناکۆکی سیاسی بێزار و ماندوبونە، دەبێت بەخۆماندا بچینەوە و بە بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەینەپێش هەمو شتێکەوە، ئێمە تەنها و تەنها بە یەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن و تەبایی پێکەوە دەتوانین پارێزگاری لە قەوارەی فیدڕاڵی و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین و بەرەو داهاتویەکی باشتر هەنگاو بنێین".
هاوڵاتی بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتوون بە رێککەوتن بۆ ئەوەی پشکی کوردستان لە وەرگرتنی گەنم زیاد بکرێت. د.زێدا محەمەد کەریم، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، حکومەتی ھەرێم ناڕازییە لەو پشکەی بەغداد بۆ گەنمی جوتیارانی کوردستانی دیاریکردووە کە بڕەکەی ٣٧٥ ھەزار تۆنە. وتیشی، بۆیە لەگەڵ لیژنەی باڵای کڕینەوەی گەنم لە حکومەتی فیدڕاڵ رێککەوتوون، ئەگەر گەنمی جوتیاران لە ٣٧٥ ھەزار تۆن زیاتربوو، پشکی کوردستان لە کڕینەوەی گەنم زیاتر بکرێت.
هاوڵاتی سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رایگەیاند پێیان وایە بە بەراورد بە گەڕی یەکەم، ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار زووتر رادەگەیەندرێت. ئەحمەد یەنەر سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا دوای دەنگدانی وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند: هاووڵاتییان هاوشێوەی گەڕی یەکەم، لەگەڕی دووەمیشدا چ لە دەرەوەی وڵات و چ لە ناوخۆ بە گرنگییەکی زۆرەوە بەشدارییان هەڵبژاردنەکاندا کردووە. وتیشی: "هیوادارم ئەنجامەکان ببنە خێر و خۆشی بۆ گەل و دیموکراسیی تورکیا و پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکانمان، هەڵبژاردنەکانمان تا ئێستا بەبێ هیچ کێشە و گرفتێک بەڕێوە دەچێت، دووبارە هیوای بەختێکی باش بۆ خەڵکی تورکیا دەخوازم". سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان وتی: "وەک دەزانرێت هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار بە بەشداریی کاندیدانی سەرکۆمار و 24 پارتی سیاسیی بەڕێوەچوو، بەو پێیەی لەم هەڵبژاردنەدا تەنها کاندیدەکانی سەرکۆمار کێبڕکێ دەکەن، پێمان وایە زووتر ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت".
هاوڵاتی وەزیرى دارایى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ حکومەتى هەرێم پابەندى رێککەوتنەکەیەتى لەگەڵ بەغداد. دەشڵێت: هەندێک لەو گۆڕانکارییانەى لە لیژنەى دارایی کراوە پێچەوانەى دەستور و یاسایە. ئاوات شێخ جەناب ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گۆڕانکاریەکانی یاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کردویەتی لە ئەنجامی جەولەیەکی دورودرێژی دانوستان بوە کە لە 2019 دەستیپێکرد سەرئەنجام یاسای بودجەی 2020 رێککەوتنمان لەسەرکرد بەڵام نەگەیشتە پەرلەمان، دواتر بۆ یاسای بودجەی 2021 رێککەوتنمان کرد و لە پەرلەمان پەسەندکرا، ئەم دو رێککەوتنە پێشکەوتنی بەخۆوەبینی بۆ ئەم رێککەوتنەی دوایی، کە لەسەر بودجەی 2023، 2024 و 2025 رێککەوتین، ئەو رێککەتنە سیاسیەی کرا ئیدارەی دەوڵەتی لێدروستبو کە دواتر حکومەتی پێدروستکرا و لە پەرلەمان دەنگی لەسەردرا". ئاماژەی بەوەشکرد، پێیانوایە هەر دەستکاریەک لە پڕۆژەی بودجەدا بکرێت لە دەرەوەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەنادەستوری و یاسایی ناودەبەن، "هەروەها بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی هەیە کە هەمو دەستکاریەکی دەقەکانی حکومەت تایبەت بە بودجە لە پەرلەمان رەتدەکرێتەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مافی زیادکردن یاخود لابردنی دەقیان نیە". دەشڵێت: ئێمە پابەندی رێککەوتنەکانی نێوان و هەرێم و بەغدا و پرۆژەیاسای بودجەی 2023 دەبین و لە دەرەوەی ئەوانەش هەر گۆڕانکارییەک بکرێت بە ناسایی دەزانین. لەبارەى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەرانیشەوە، ئاوات شێخ جەناب وتى،" لەوەى ئەولەویەتى وەزارەتى دارایی دابینکردنى موچەى فەرمانبەرانە، بەڵام ئەوەى پەیوەستە بە پاشەکەوتى موچە ئەوەیە کە ئەو پاشەکەوتە مافە و ئێمە لە ئامانەتەوە کردومانە بە قەرز لەسەر حکومەت بۆئەوەى نەفەوتێت، بەڵام کە بە بڕگەیەک لەلایەن لیژنەى داراییەوە زیادکراوە دەبو دور لە موزایەدەى سیاسى ئەوە بکرایە کە تەخسیساتى بۆ دابنرایە، بەڵام ئەوە نەکراوە، ئەو پارەیە لە کوێ دەهێنرێت؟. ئاوات شێخ جەناب پەیوەست بەو قەرزەی کە لەرابردودا لە رێگەی بانکی بازرگانی عێراقییەوە کراوە، وتی، "کاتی خۆی داوامان کردوە پێدانەوەی قەرزەکە بکرێتە 10 ساڵ، بەڵام لە بودجەی 2021 رێککەوتنمان کرد و کرا بە 7 ساڵ و لە بودجەی 2023 هەمان شت دوبارەکرایەوە بەڵام لە لیژنەی دارایی کراوە بە پێنج ساڵ کە بدرێتەوە، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا پشکی کورد کە 12.67% غەدرێکی گەورەیە و بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم کەمکراوەتەوە، ئێمە نایشارینەوە بەومەرجە رازی بوین بە 12.67% کە مانگی 10 سەرژمێری بکرێت کە بەپێی ئامارەکان کورد 14%یە". ئەوەشی خستەڕو، "سەرەڕای ئەوەی کە هەمو پڕۆسەی نەوتی ئێمە قابیلی پێداچونەوەیە لە رێگەی چاودێری دارایی حکومەتی بەغدا و هەرێم هاتون زیادکردنێکی نامەعەقولیان کردوە کە دەبێت دوای ئەو پڕۆسەیە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وردبینی بۆ بکرێت، هەروەها مەرج دانراوە کە ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا ئەوا پشکی هەرێم دەبڕدرێت و فەرمانبەران سزادەدرێن کە نەدەبوایە ئەمە بکرێت".
هاوڵاتی لە ناوچەی کانیا خەزالان-ی پارێزگای روحای باکوری کوردستان، لایەنگرانی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر چاودێرانی سندوقەکانی دەنگدان کە رێگەیان نەداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. بەگوێرەی دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و مالپەڕە هەواڵییەکانی باکوری کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لایەنگری پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار لە ناوچەی کانیا خەزالانی روحا هەوڵیانداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. چاودێرانی پارتە سیاسیەکانیش رێگەیان لەم خروقاتە گرتووە و بۆیەش لەنێوانیاندا ئاڵۆزی دروست بووە. باسی ئەوە دەکرێت کە لە ناوچەی ئەیوبیەی روحاش لایەنگرانی ئاکەپە هەوڵیانداوە بە کۆمەڵ دەنگ بدەن، بەڵام لەو کاتەدا عەلی شەکەر پەرلەمانتاری جەهەپە لەوێ بووە و چاودێری سندوقەکانی دەنگدانی کردووە و هەوڵیداوە رێگری بکات، بەڵام لایەنگرانی ئاکەپە هێرشیان کردووەتە سەری.
هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش داوای لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد ئەمڕۆ بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و هاوسەرۆکی هەدەپەش دەڵێت، بڕوایان وایە سبەینێ رۆژێکی نوێ دەبێت. خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ دەستی پێکرد. پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان هاوشێوەی خولی یەکەمی هەڵبژاردن کە ١٤ی ئایار بەڕیوەچوو، پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەکەن. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە حەوت ساڵە لە زینداندایە لە تویتێکدا بە رستەیەک باسی لە پرۆسەی دەنگدان کرد. سەلاحەدین لە تویتەکەیدا وتی، " تکایە مافی دەنگدانتان بەکار بهێنن." لەلایەکی دیکەوە میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە کە لە ئەنقەرە دەنگیدا رایگەیاند کە تورکیا لە قۆناغێکی مێژووییدایە. سانجار کە بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کرد ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە هاوشێوەی چاودێران، هەموو هاوڵاتیەک ئاگاداری دەنگەکەی بێت و بیپارێزێت . وتیشی، " تاوەکو هەڵبژاردن کۆتایی دێت و ژماردنی دەنگەکان تەواو دەبێت، پێویستە چاودێری بکرێت و دەنگەکان بپارێزرێن. ئێمە بۆ داهاتوویەکی رۆناک ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ کردووە. بڕوامان وایە سبەینێ رۆژێکی جیاواز دەبێت."
