هاوڵاتی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی کامێرای (پۆینت تو پۆینت) داوایەک ئاڕاستەی شۆفێران دەکەن و دەڵێن: هەرکاتێک شۆفێر بە کامێرای پۆینت تو پۆینت سزا دران و پسوڵەی سەرپێچیان بۆکرا، راستەوخۆ پەیوەندیان پێوەبکەن بۆئەوەی پارێزەری خۆبەخشیان بۆ دابینبکرێت. لە راگەیەندراوێکدا فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژەی بەوەکردوە، "پاش هەوڵەکانیان لەساڵی رابردو سەبارەت بەرەتکردنەوەی گرێبەستی دانانی کامێرای تیژڕەوی جێگیر لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕوی یاداشت سەبارەت بەنایاسایی بونی گرێبەستەکە و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەجێبەجێکردنی گرێبەستەکەدا و پێچەوانەبونی گرێبەستەکە لەگەڵ یاسای هاتوچۆ ژمارە 86ی ساڵی 2004 و رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەهەمانشێوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێم بێ گوێدانە رای ئەنجومەنی پارێزگا و داواکاری گشتی و رێکخراوەکان و هاوڵاتیان، بەردەوام بو لەجێبەجێکردنی گرێبەستەکە و خستنەکاری کامێراکانی تیژڕەوی جێگیر لە 29ی (ئایار/5)ی 2023". ئەوەش هاتوە "ئێمە لە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەینەوە، لەهەوڵەکانمان بۆ رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەردەوام دەبین و هەر هاوڵاتیەک پسوڵەی سەرپێچی بۆ کرا، بەهۆی سەرپێچی لە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، دوای وەرگرتنی پسوڵەکەی، پەیوەندی بەفیدراسیۆنەوە بکات بەمەبەستی دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش و گرتنەبەری رێکاری یاساییە دژی ئەو سیستمە لەدادگای پەیوەندیدار لەپێناو سەروەری یاسا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کە بەئاشکرا پێچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی"
هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، لەمانگى ڕابردوودا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ٥٤ سەربازی تورک کوژراون و ١٣ گەریلاش شەهیدبوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە ئاماری مانگی ئایاری شەڕ و پێکدادانەکانی بەرامبەر سوپای تورکیا ئاشکراکرد و ڕایگەیاندووە، لەمانگى ڕابردوودا تورکیا ٥٨٠ جار هێرشیکردووەتە سەر سەنگەرەکانی گەریلا، دەشڵێن، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ٥٤ سەربازی تورک کوژراون و ١٣ گەریلاش شەهیدبوون. لە شەڕی مانگی ئایاردا ٥٤ سەربازی تورک کوژراون هەپەگە ئاشکراشی کردووە، کە سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا هەشت جار بە چەکی کیمیایی سەنگەرەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان کردووە. دەشڵێن، جگە لەوەش سوپای تورک ١٢٦ جار بە فڕۆکەی جەنگیی، ١١ جار بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر، ٤٣٥ جار بە تۆپ، هاوەن و تانک سەنگەرەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە. ئەوەشی خستووەتەڕوو،" کە لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکاندا شەڕ ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ٥٤ داگیرکەر کوژراون و دوو داگیرکەریش برینداربوونو هەروەها لەو هێرشانەدا ١٣ هاوڕێمان شەهیدبوون."
هاوڵاتی بەهۆی بەردەوامی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە سوریا بەرەو لاوازی دەچێت و بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی ڕوسیا لە ناوچەی شەهبای ڕۆژئاوای کوردستان کشانەوە. بە پێی هەواڵی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەک لە میدیاکانی سوریا، ڕوسیا هێزەکانی لە ناوچەی شەهبای سەر بە هەرێمی عەفرین کشاندۆتەوەو هێزەکانی بردۆتە شاری حەلەب. ڕوسیا لە سێپتەمبەری ٢٠١٥ لەسەر داوای سوریا هێزی سەربازی ناردە سوریا .
هاوڵاتی شەوی رابردوو لە قەزای کفری شەڕەتەقە لەنێوان ئەندامانی خانەوادەیەک روویدا و بەهۆیەوە سێ برا بە گوللـە برینداربوون. لەم بارەیەوە پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، شەوی هەینی لە قەزای کفری بەهۆی کێشەیەکی خێزانیەوە شەڕەتەقە لەنێوان خێزانێک دروست بوو دوو برا لە گەڵ دووبرا ناکۆکی کەوتۆتە نێوانیان و تەقەیان لەیەک کردووە لەئەنجامدا سێ کەسیان بەفیشەک برینداربوون دەشڵێت، لەئێستادا لەنەخۆشخانەی قەزاکە چارەسەری پێویست بۆبریندارەکان کراوەو ڕەوانەی نەخۆشخانەی قەزای کەلار کراون. ئاماژە بەوەشدراوە، پۆلیسی قەزای کفری چونەتە شوێنی ڕوداوەکە و دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردوە و بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 405 / 31 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەرچوار تۆمەتبار کەبرای یەکترن دەرچووە. هاوکات سێ لە تۆمەتباران بەبرینداری دەستگیر کراون و یەکێک لەبریندارکان هەڵاتوە پۆلیس لەهەوڵی دەستگیرکردنیدان. . .
هاوڵاتی نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەلایەن بنکەی پۆلیسی خانەقا لە شاری هەولێر ئاگادارکراونەتەوە خۆی و نوێنەرێکی دیکەیان رۆژی یەکشەممە لە دادگە ئامادەبن بۆ دادگاییکردن بە تۆمەتی خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت. عەلی رەئووف ، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی وت" بـڕیـارە ڕۆژی یـەك شـەمـمـە 4 ی 6 ی 2023 لـە داواڪـاری گـشـتی هـەولێر دادگایی بڪرێین لەسەر ئەم مافە سەرەڪی و یاسـایی و ئاسـاییەی خـۆمان ڪە بریتیە لـە دامـەزراندن و بــەرزڪردنەوەی ئـەم دروشـمـانـە ( وەك مامۆستای هەمیشە بمانڪەن بـە هەمیشـە ، بەڵێ بۆ دامەزراندن ) و ئەنجامدانی خـۆپـیـشــاندانـی مـەدەنـی و ئـاشـــتـیـانـە لـەبـەردەم بـینای ئـەنجـومـەنی وەزیـران ڪە لــە ڕێڪەوتـی 6 ی 9 ی 2022 ئــەنجاممانـدا ودەستگیرکراین دوواتـر بـە ڪەفـالەتی 10 ملیۆن دینار ئازاد ڪرایــن " ئەوەشی ڕونکردەوە،" ساڵی رابردوو پێش ئەوەی خۆپێشاندان بکەن، هەوڵیانداوە مۆڵەت وەربگرن، بەڵام داواکارییەکەیان لە پارێزگای هەولێر لێ وەرنەگیرا". ئەو نوێنەرە وتیشی " لــــە پـــاش نـزیڪەی 9 مــانـگ ئــازادڪردنـمـان بـە ڪەفـالـەت ، لـە ئـێسـتـادا بـڕیارە لە ڕێڪەوتـی 4 ی 6 ی 2023 دا ڪۆتا دادگـایـی بڪرێـیـن " لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 33 هەزار وانەبێژ هەن؛ 11 هەزاریان لە پارێزگای هەولێر، 10 هەزار لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 12 هەزاریش لە سنووری پارێزگای دهۆکن. بەپێی یاسای خۆپێشاندان لە هەرێمی کوردستان؛ هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت خۆپێشاندان بکات، سزاکەی بەندکردن دەبێت بە ماوەیەک کە لە مانگێک زیاتر نەبێت یان بە سزایەک لە 50 هەزار دینار کەمتر و لە 500 هەزار دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە هەردووکی سزا دەدرێت.
هاوڵاتی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق سێ بڕگەی لە ماددەی 14 پڕۆژە بودجە جێگیركردووە كەئەولەویەت بدرێت بەدابەشكردنی مووچەو 10% ی مووچەی پاشەكەوتكراوەكان مانگانە بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران و پارێزگای ناڕازی ئەو مافەی هەبێت بەغدا راستەوخۆ بودجەی بۆ رەوانە بكات. رۆژی هەینی رابردوو لیژنەی دارایی كارەكانی تایبەت بە پڕۆژە بودجەی عێراقی پەسەند كرد، بەڵام دوای بڵاوبونەوەی بەشێك لەبڕگەكان پارتی لەڕێگەی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان دانیشتن و كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی راگرت. پشكی كورد لە پڕۆژە بودجەی عێراق جێگیر كراوەو لەماددەكانی (12،13،14) ئاماژە بەشایستەو پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، بەڵام پارتی ناڕازیەو رێككەوتنی لەگەڵ شیعەكان كردووە بۆ دەستكاریكردنی بەشێك لەبڕگەكانی ماددەی 14ی پڕۆژە یاساكە. لەماددەی 12ی پڕۆژەكە ئاماژە بەوە كراوە كە لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشكی هەرێم بەڕێژەی (12.67%) لەبودجەی گشتی دیاریكراوە، بڕەكەشی دوای لێدەركردنی خەرجی سیادی حاكیمە، زیاتر دەبێت لە 15 ترلیۆن دینارو مانگانە دەگاتە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار. هەروەها لەماددەی 14و بڕگەی 12ی پڕۆژەكەدا ئاماژە بەگەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان كراوە كەمانگانە 10% بگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆران كەحكومەتی هەرێم مانگانە 910 ملیار دینار دەداتە مووچەو بەو شێوەیە مانگانە 91 ملیار دینار خەرجی دارایی دیكەی بۆ دروست دەبێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان بێجگە لەو بودجەیەی كە لەعێراقەوە بۆی رەوانە دەكرێت كەمانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینارە، هاوكات داهاتی نانەوتی بێجگە گومرگ كە 50% بۆ عێراقە، تەنها لەباج و زەریبە مانگانە 200 ملیار دیناری دەستدەكەوێت و لانی كەم مانگانە 50 ملیار دینار زیاتری لەداهاتی گومرگ بۆ دەمێنێتەوە كە نیوەەی دەدرێتە بەغداد، بەو پێیە حكومەتی هەرێم پارەی كاشی بەردەستی مانگانە ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار دەكات. حكومەتی هەرێم مانگانە 910 ملیار دینار بۆ مووچەو 91 ملیار دینار 10% پاشەكەوتی مووچە بداتەوە ئەوا مانگانە 509 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كە زۆر بەئاسانی دەتوانێت بەو بڕە پارەیە هاوشێوەی ساڵەكانی (٢٠١٠،٢٠١١، ٢٠١٢) پڕۆژەكان دەستپێبكاتەوەو بەشێك لەو پارەیەش بۆ دانانەوەی قەرزەكانی بێت. فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 11 ملیار دۆلار مووچەی پاشەكەوتكراو نەدراویان لای حكومەتی هەرێمە كە بەدینار دەكاتە زیاتر لە 18 ترلیۆن دینار. بەشێوەیەك كە لەسەردەمی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران حەوت موچەی تەواویان پێنەدراوەو (23) مانگی تەنها چارەكە مووچەیان پێدراوەو (11) مانگیش بەشێكی كەم بەڕێژەی لەسەدا (21،18،15،12،10) مووچەی فەرمانبەران پاشەكەوت كرا. یەكەم؛ پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق پاڵپشت بەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023) هاوكات خەرجی گشتی بە (199 ترلیۆن و 22 ملیارو 111 ملیۆن و 663 هەزار) دینار دەخەمڵێندرێت. لەو خەرجیانەش پشكی هەرێم بەڕێژەی (12.67%) جێگیر كراوە ، بەجۆرێك؛ گێرانەوەی پاشەكەوتی مووچە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، دابینكردنی پژێوی و موچەی موچەخۆرانە، ئەم پرسە لای یەكێتی بەئەولەویەتی كارەكانی فراكسیۆنی یەكێتی دادەنرێت و پارتیش دەڵێت پێویستە بەغداد بودجەی بۆ تەرخان بكات. لەهەرێمی كوردستاندا ژمارەی موچەخۆران یەك ملیۆن و 251 هەزار كەسەو ئەگەر تەنها 10% پاشەكەوتی مووچە بگەڕێندرێتەوە ئەوا مانگانە 91 ملیار دیناری دیكە دەكەوێتە بازاڕەكانی هەرێمەوەو جوڵەی ئابووری زیاتر دەكات و بوژانەوەی ئابووری لێدەكەوێتەوە. هەرێمی كوردستان دانیشتوانەكەی زیاترە لە شەش ملیۆن كەس كە لەهەزارو 200 خێزان پێكهاتووە، واتا هەر خێزانێك بەتێكڕا مووچەخۆرێكیان بەردەكەوێت، كەواتە گێڕانەوەی 10% پاشەكەوتی مووچە پەیوەندی راستەوخۆی بەدۆخی ئابووری هاووڵاتیانەوە دەبێت و متمانەی حكومەت لای خەڵك زیاتر دەكات. شیعەکان نایانەوێت کێشە بۆ حکومەتەکەی سودانی دروست ببێت و چاوەڕوان دەکرێت پارتی ڕازی بکەن و بڕگەی گەڕاندنەوەی ٪١٠ پاشەکەوتی مووچە لاببرێت دوێنێ سێشەممە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە «بەپێی یاسای بودجە هیچ بڕە پارەیەك خەرج ناكرێت، ئەگەر تەرخانكراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەكیش لەشوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە ناگوازرێتەوە ئەگەر بەدەق لەیاساكەدا نەهاتبێت، كە ئەمە لەپڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیركراوەو لەهەموو ساڵانی رابردووشدا هەر وابووە». هونەر جەمال راشیگەیاند كەئەو لەسەدا 10ـی پاشەكەوتی مانگانەی مووچە كە لەلایەن خەڵكەوە باسی لێودەكرێت، مانگانە پێویستی بەزیاتر لە 90 ملیار دینارو ساڵانەش پێویستی بەزیاتر لەیەك ترلیۆن دینارە، وتیشی:» ئەگەر پێشنیاری پێدانەوەی پاشەكەوتی مووچە جێگیركراوە، سوپاستان دەكەین، بەڵام فەرموون پارەی بۆ تەرخان بكەن با سەدا 10 نەبێت، با سەدا 20 و 30 بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەزووترین كاتدا پاشەوكەوتی مووچە بەمووچەخۆران بدەینەوە». كۆی پارەی پاشەكەوتی موچەخۆران كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەی رۆژی 5ی تشرینی یەكەمی 2022 لەپەرلەمان رایگەیاند، قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم زیادیان كردووەو بوونەتە 28 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار لەماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نیوێك زیادبووە. هاوكات رۆژی 28ی حوزەیرانی 2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند «كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی سێی 2020 (28 ملیارو 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی سێی 2021 واتا لەماوەی ساڵێكدا گەیشتووەتە 31 ملیارو بە: 637 ملیۆن دۆلار». هەروەها زیاكردنی ئەو سێ ملیارەی دۆلارەی بۆ شایستە داراییەكانی مووچەخۆران بۆ مانگەكانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە. لە 13ی ئازاری ئەمساڵدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنوسی بودجەی ساڵی 2023ی پەسەند كرد كە بۆ ساڵانی (2024 و 2025)یش بەكاردێت. لەكۆبوونەوەی رۆژی پێنجی نیسانی 2023 خوێندنەوەی یەكەم و لە 18ی نیسانی 2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساكە ئەنجامدا، چاوەڕواندەكرێت لەسەرەتای مانگی حوزەیران پرۆژەیاساكە پەسەند بكرێت. لەپرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیارو 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت و داهاتی نانەوتیش بە 17 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوەو كورتهێنانی بودجەكەش 64 ترلیۆن دینارە.
هاوڵاتی دوو ماددەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق كەتایبەتن بەهەرێمی كوردستان هێشتا لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، هەندێك لەپێشنیازەكان یەكێتی و چەند لایەنێك كردوونی، بەڵام هەندێكیان لەڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە 4-4-2023 هاتوون، ئەمەش بەوتەی دوو پەرلەمانتاری عێراق. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" پێشنیازەكانی ئێمە تەنها تایبەت بووە بەگێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەو پێدانی ئەولەویەت لەدابەشكردنی هەر بڕە پارەیەك كەدەگاتە هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بێت، پێشنیازی سێیەمیشیان ئەوەیە كە لەدابەشكردنی پشكی هەرێم بەسەر پارێزگاكاندا حكومەتی هەرێم دادپەروەر بێت و بەپێی بەركەوتەی پارێزگاكان پارەیان بۆ خەرج بكات" ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت:» ئەوانەی دیكە پێشنیازی یەكێتی نییەو لایەنەكانی دیكە كردوویانە. سەبارەت بەبڕگەی 13 و 14 كە ناكۆكی لەسەر دروستبوو، نەرمین مەعروف وتی: »پارتی رازی نەبوون لەدەقەكاندا ناوی كۆمپانیای سۆمۆ بنووسرێت، ئەو هەژمارە بانكیەش كەپارەی نەوتەكەی تێدا هەژماردەكرێت پارتی نەیدەویست لەبانكی ناوەندی عێراق بێت، بەڵام دواتر كە رێكنەكەوتن لایەنەكانی دیكە ئەوەی خۆیان ویستیان بەزۆرینە دەنگیان لەسەردا». ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوەشدەكات یەكێتی لەگەڵ ئەو بڕگەیەدا نەبووە كە رێگەنادات نەوت لەكێڵگەكانی نەینەواو كەركوك، هەروەها ئەو بڕگەیەش كەئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بەڕادەستكردنی نەوت، پشكەكەی ببڕدرێت. نەرمین مەعروف هەروەها دەڵێت: بەشێك لەو بڕگانەی لەماددەی 13 و 14 دا هاتوون و پارتی دەڵێت دەستكاری كراوە لەدەقی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەبووەو هیچ لایەنێك پێشنیازی نەكردووە واتە چەند بڕگەیەكی گۆڕانكاری تێدا كراوە نەك هەردوو مادەكە. کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی تەواوی لێدوانەکەی نەرمین مەعروف سەبارەت بە دوو ماددەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق كەتایبەتن بەهەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی.
هاوڵاتی وتەبێژى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە)، لە بارەگای گشتیی هەدەپە لە ئەنقەرە بە ئاماژەدان بەوەی کە دوای هەڵبژاردنەکان دەستیان کردووە بە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و میکانیزمی رەخنە لەخۆگرتن، تیشکى خستە سەر ئەوەی وانە لە هەڵەکانیان وەردەگرن. ئەبرو گونای ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەشکرد، ئامادەکاری بۆ کۆنگرە کە بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە دوایان خست، کار پێ دەکەنەوە دەڵێت، "تاکە ئامانجمان باشترکردنی تواناکانمان و خۆبەرەو پێشبردنمانە، بەهۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، پڕۆسەی گەورەی کۆنفرانس کۆنگرەمان دواخست و بەمەش ئێستا ئەو پڕۆسەیە دەستپێدەکاتەوە، ئێمە بەم باس و هەڵسەنگاندنانە پرۆسەی ناوەڕۆکی کۆنفرانس و کۆنگرە دادەڕێژین، بە دڵنیاییەوە ڕێگایەک بۆ کۆنفرانس و کۆنگرە گەورەکە لەگەڵ گەل و ئەندام و ڕێکخراوەکانمان دروست دەکەین". ئەبرو گونای باسى لەوەکرد، دوای راوێژ و راگۆڕینەوە لەگەڵ رێکخستنەکانی هەدەپە و ئەندام و لایەنگرانیان کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەکە دیاریی دەکەن. ئەوەشی خستەڕو، "بانگەوازی ئێمە بۆ هەمو دۆستانی حزبەکەمان ئەمەیە؛ با بە پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ڕەخنەلەخۆگرتندا تێپەڕین، بە هەمو ئیرادەیەکمانەوە کۆببینەوە و بە مۆڕاڵێکی زۆرەوە بچینە کۆنگرە، ئەمە ئامانجی ئێمەیە، هەمو ئەو لایەنانەی ئێمە کە دەیانەوێت بەشێک بن لە پڕۆسەی نوێ، پێویستە بچنە ناو پڕۆسەی خۆ بنیاتنانەوە و خۆ ڕەخنەگرتنەوە، تازە سەردەمێکی نوێ بۆ ئێمە دەستی پێکردوە".
هاوڵاتی- دهۆك لەتشرینی یەكەمی 2020 شێروان شێروانی و چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەستگیركران و لە16ی شوباتی 2021دا بەدەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر بە «سیخوڕكردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ كودەتا» تۆمەتباركران و بەشەش ساڵ زیندانی حوكمدران. لە16ی ئاداری 2023 سیان لەو حوكمدراوانەی بادینان ئازادكران، ئەوەش دوای تەواوكردنی سزاكەیان بەپێی مەرسومێكی سەرۆكی هەرێم، بەڵام هەریەكە لەشێروان شێروانی و گۆهدار زێباری هێشتا لەزیندانن و كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە. دوو دۆسیەی «تەزویرو هەڕەشە» لەدژی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی كراونەتەوە لەناوەڕاستی مانگی نیسان رەوانەی دادگای لێكوڵینەوەی دەشتی هەولێر لەكەسنەزان كران بۆ وەرگرتنی وتە، بەڵام ئامادەنەبوو بەبێ ئامادەبوونی پارێزەران قسە بكات. دۆسیەی دووەم، تۆمەتی هەڕەشەكردنە لەئەفسەرێكی دادگا، تۆمەتی هەڕەشەكردنەكە لەئەفسەرێكی زێرەڤانی لەناو چاكسازی گەورانی هەولێر پەڕاوێكی لێكۆڵینەوەیان لەبنكەی پولیسی كەسنەزان بەپێی ماددەی 229 لەیاسای سزادانی عێراق بۆ كردووەتەوە. بەشدار حەسەن، پارێزەری كەیسی حوكمدراوانی بادینان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» تائەمڕۆ هیچ پێشهاتێكی تازە لەسەر كەیسی شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری نیە، تەنها ئەوەیە لەناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هەردووكیان حوكمەكەیان تەواو دەبێت و ئازاد دەبن «. بەشدار حەسەن وتیشی» ئەوەی گۆهدار زێباری دۆسیەكی نویێ بۆ كراوتەوە، ئەویش لەسەر لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی كەحوكمەكەی سێ مانگە، مانگی نۆ تەواو دەبێت و ئازاددەكرێت، شێروان شێروانیش بەهەمان شێوە ئازاد دەبێت». دۆسیەی رۆژنامەنووسانی بادینان، یەكێك بوو لەو دۆسییانەی كە لەناوەندە جیهانییەكان دەنگدانەوەی هەبووەو زۆرینەی نوێنەری وڵاتان داوای ئازادكردنیان گەیاندە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەڵام پاش بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی سزاكانیان بەشێك لەئومێد بۆ ئەو زیندانیانە گەڕایەوەو بەشێكیان ئازاد كران. بێجگە لەوڵاتانی نێودەوڵەتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەڕۆژنامەنوسان و سەرجەم رۆژنامەنوسان و میدیاكاران لەهەرێمی كوردستاندا داوای ئازادكردنیان بۆ رۆژنامەنوسانی بادینان دەكرد. زێدان برای گوهدار زێباری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا هیچ شتێك نیە كەببێتە رێگر لەبەرامبەر ئازادكردنی، چونكە دەبوایە لە 16ی ئازاری ئەمساڵ ئازادبكرایە، بەڵام بەداخەوە لەسەر لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی حەوت مانگی تر ماوەكەی زیادكرا». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە لەدوای ئەو سزایەی بەناهەق كە بەسەر گوهدار سەپێندرا، بڕیارەكە چووە تەممیز، دوای گەڕانەوەی ماوەكە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە، دەبوایە هەر ئەو بڕیارە هەڵبوەشایەتەوە، چونكە تائێستا لەعێراق و كوردستان بەو تۆمەتەی كەئاراستەی گوهدار كرابوو كەئەویش لۆگۆی ئوتومبێل بوو كەس بەیەك رۆژیش سزانەدراوە، چونكە سزاكەی تەنیا بەغرامە دەكرێت. «دۆخیان لەزینداندا باش نیەو شەڕی دەروونییان لەگەڵدا دەكرێت لەناو چاكسازی گەورانی هەولێر، هەر لەناو ئەو چاكسازییەش رێگری دەكەن كە گوهدارو شێروان یەكدی ببینن، هەتا لەكاتی چوونە دەرەوە بۆ ناو گوڕەپانی چاكسازی لەوێش یەكتر نابینن»زێدان برای گۆهدار زێباری وای وت. بەپێی وتەی پارێزەرەكەیان، شێروان شێروانی لەمانگی ئەیلول و گوهداریش لە 16ی ئاب ئازاددەكرێن.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاشکرای دەکەن رێژەی لەسێدارەدان بەراورد بە حەوت ساڵی رابردو زیادی کردوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا 142 کەس لەو وڵاتە لەسێدارە دراون ئەوەش زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانە کە لە مانگێکدا تۆمار کرابێت. بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لانیکەم 22 هاوڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون. ئاماژە بەوە کراوە لە پێنج مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 307 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ساڵی رابردو رێژەی لەسێدارەدان 76% بەرز بوەتەوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رونی کردوەتەوە؛ لە کۆی ئەو کەسانەی لە مانگی ئایاردا لەسێدارەدراون شەش کەسیان بە تۆمەتی سیاسیی و 83 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیی ماددەی هۆشبەرەکان و 47 کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون و ژمارەیەکیشان بە چند تۆمەتێکی دیکە لەسێدارە دراون.
گومرگی ئێران بڵاوی دەکاتەوە لە ساڵێکدا بڕێ ئاڵوگۆڕی بازرگانییان گەیشتوە 113 ملیارد دۆلار و عێراق و هەرێمی کوردستان دووەم شوێن بون کە زیاترین کاڵا و بەروبومیان بۆ هەناردە کراوە. محەمەد رزوانی، سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاند؛ بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و وڵاتانی جیهان لە ساڵی رابردودا 11% بەرزبوەنەوەی بەخۆیەوە بینوە و بەوەش گەیشتوەتە 113 ملیارد دۆلار. ئاماژەی بەوە کردوە بە بەهای 10 ملیارد دۆلار، 19%ی کۆی هەناردەی کاڵا و بەروبومەکانی ئێران رەوانەی عێراق کراوە کە 22%ی هەناردەکان لە رێگەی سێ مەرزی هەرێمی کوردستانەوە بوە. لە دوای چین زیاترین کاڵا و بەربومی کشتوکاڵیی لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە و 5%ی سەرجەم هاوردەی ئەو وڵاتەش بۆ هەرێمی کوردستان بوە. ئەو بەرپرسە وتوشیەتی کار بۆ ئەوە دەکرێت هاتوچۆی بازرگانیی نێوانیان لە سنورەکانی هەرێم بە تایبە مەرزی نێوان ورمێ و حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان 24 کاتژمێر کراوە بێت. لێدوانی سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران بۆ بەرزبونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکەی لە ساڵی رابردودا لە کاتێکدایە بە پێی ئاماری گومرگی وڵاتەکە و وڵاتانی ئەوروپا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نیوان ئێران و وڵاتانی جیهان لە ئەمساڵدا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بنیوە.
بەڕێوبەڕێک ئاشکرای دەکات نیوەی زێڕی ئێران لە ناوچەیەکی سەر بە سنە بەرهەم دەهێنرێت و ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان دووەم پارێزگایە لە روی یەدەگی زێڕ. بەختیار خەلیقی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پیشەسازی و کانزاکان و بازرگانیی پارێزگای کوردستان (سنە) رایگەیاند؛ ئەو پارێزگایە بە یەکەم پارێزگا لە ئێران ئەژمار دەکرێت کە 50% زێڕی وڵاتەکەی تێدا دەردەهێنرێت. ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو رێژە زێڕە تەنها لە ناوچەیەکی سەر بە شاری قوروە لە پارێزگای سنە بەرهەم دەهێنرێت کە بە نزیکەی پێنج هەزار کیلۆ زێڕ لە ساڵێکدا دەخەمڵێنرێت. تەنها لە ناوچەکانی شاری قوروە دوو کانی زێڕ هەیە و بە وتەی بەرپرسان زیاتر لە هەزار و 400 کەس کاری تێدا دەکەن. بە وتەی خەلیقی لە ئێستادا 356 کان لە ناوچەکانی پارێزگای سنە هەیە کە 18 ماددەی کانزاییان لێ دەردەهێنرێت و بەوەش پێنجەم پارێزگایە کە زیاترین کانی ئاسنی لە ئێران هەیە. ئەو پارێزگایە جگە لە زێڕ خاوەنی کانزاکنی ئاسن و بەردی گرانبهایە وەک مەنگەنیز، گرانیت و دەرکەوتوە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵات سەرچاوەی ماددە کانزاییەکانی وەک زێڕ و ئاسنن.
هاوڵاتی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێژەی توشبون بە تای خوێنبەربون لە پارێزگاکانی عێراق زیادیکردوە و لە هەرێمی کوردستانیش دوێنێ دوەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری هەولێر، رایگەیاند، "دوێنێ دوەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا وتمان کە نیگەرانین لە بونی ئەم حاڵەتە بەڵام مانای وانیە کە نابێت، بەڵکو ساڵانە یاخود چەند ساڵێک جارێک سەرهەڵدەدات، ماوەیەکی زۆربو لە هەرێم نەبو، بەهۆی زیادبونی حاڵەتەکانی لە عێراق جارێکی دیکە لە هەرێم سەریهەڵداوەتەوە". راشیگهیاند، حاڵهتی یهكهم له ئیدارهی سهربهخۆی سۆران و حاڵهتی دووهم لهناو شاری ههولێر بووه و ههردوو حاڵهتهكه پهیوهندی به ئاژهڵهوه ههبووه. ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی توشبون و داخڵبون و مردن لەنێو ئەو کەسانەی کە توشی تای خوێنبەربون دەبن زۆرە، چەندین حاڵەتی دیکە هەبون لە هەرێم کە گومانیان لێکراوە، بەڵام پشکنینی کۆتایی بۆ هەمو توشبوەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا پەتاکەیە یاخود نا و حاڵەتەکە پشتڕاستبکرێتەوە. ئەوەشی خستەڕو، "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و تیمی ڤێرتەرنەی تیمی هاوبەشمان دروستکردوە و کۆمەڵێک رێکاری خۆپارێزی و چارەسەریان گرتوەتە بەر، بەڵام ئەوانەی ئاژەڵیان هەیە و ئاژەڵ سەردەبڕن دەبێت رەچاوی رێنمایی تەندروستی بکرێت و هاوڵاتیانش تەنها لە شوێنە داخراوەکان گۆشت بکڕن". یەکەم حاڵەتی مردن بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم دوێنێ تۆمارکرا کە گەنجێکی دانیشتووی هەولێربوو بە بەناوی چیازان حامدی تەمەن 19 ساڵ دوای مانەوەی پێنج رۆژ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر دوای پشکنینی پزیشکی دەرکەوت تووشبووی تای خوێنبەربوونە و دوێنێ چوارشەممە گیانی لەدەستدا
سەركۆ جەمال دوو ماددەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق كەتایبەتن بەهەرێمی كوردستان هێشتا لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، هەندێك لەپێشنیازەكان یەكێتی و چەند لایەنێك كردوونی، بەڵام هەندێكیان لەڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە 4-4-2023 هاتوون، ئەمەش بەوتەی دوو پەرلەمانتاری عێراق. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو پێشنیازە گۆڕانكاریانەی كە لەلایەن لایەنەكانی تری ناو لیژنەكە شەوی 25-5-2023 دەنگی لەسەردرا، زیاتر لە 10 رۆژ لەمەوبەر بڵاویانكردبوەوەو باسیان كردبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێكەوە قسەی لەسەربكەن». وتیشی:»بەڵام لەناو كۆبوونەوەی لیژنەی داراییدا كە سێ نوێنەری لایەنە كوردیەكانی تێدایە، نوێنەرێكی یەكێتی و دوو نوێنەری پارتی و نوێنەرێكی یەكگرتوو، وەكو یەكێتی سێ پێشنیازمان هەبووە لەكۆی ئەو پێشنیازانەی كە ئەو شەوە جێگیركراوە». «پێشنیازەكانی ئێمە تەنها تایبەت بووە بەگێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەو پێدانی ئەولەویەت لەدابەشكردنی هەر بڕە پارەیەك كەدەگاتە هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بێت، پێشنیازی سێیەمیشیان ئەوەیە كە لەدابەشكردنی پشكی هەرێم بەسەر پارێزگاكاندا حكومەتی هەرێم دادپەروەر بێت و بەپێی بەركەوتەی پارێزگاكان پارەیان بۆ خەرج بكات، ئەگەر ئەمە نەكات هەر پارێزگایەك ناڕازی بێت و پێی وایە ستەمی لێدەكرێت بەغدا بتوانێت بەجیا پشكی خۆی بۆ بنێرێت». نەرمین مەعروف وای وت. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت:» ئەوانەی دیكە پێشنیازی یەكێتی نییەو لایەنەكانی دیكە كردوویانە، ئەندامەكانی پارتی لەلیژنەی دارایی بەدڵیان نەبوو بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، پێشتریش گۆڕانكاری لەماددەی 13و 14 باسكرا، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون بەهیچ شێوەیەك وشەیەكیش بگۆڕن لەكاتێكدا ئەو دەقانەی لەلایەن حكومەتەوە هاتبوو هەڵەی تێدابوو». نەرمین مەعروف ئاماژە بەوەشدەكات یەكێك لەو بڕگانەی هەڵەی تێدابووە، بڕگەی دووەمی ماددەی 12 بووە، دەشڵێت «ئەو دەقە مەترسی گەورەیە لەسەر پشكی هەرێم، چونكە سنورێكی دانابوو بۆ بودجەی هەرێم، توانیمان لەئەنجومەنی وەزیرانەوە جارێكی دیكە دەقی پرۆژە یاساكە بگۆڕین». سەبارەت بەبڕگەی 13 و 14 كە ناكۆكی لەسەر دروستبوو، نەرمین مەعروف وتی: »پارتی رازی نەبوون لەدەقەكاندا ناوی كۆمپانیای سۆمۆ بنووسرێت، ئەو هەژمارە بانكیەش كەپارەی نەوتەكەی تێدا هەژماردەكرێت پارتی نەیدەویست لەبانكی ناوەندی عێراق بێت، بەڵام دواتر كە رێكنەكەوتن لایەنەكانی دیكە ئەوەی خۆیان ویستیان بەزۆرینە دەنگیان لەسەردا». ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوەشدەكات یەكێتی لەگەڵ ئەو بڕگەیەدا نەبووە كە رێگەنادات نەوت لەكێڵگەكانی نەینەواو كەركوك، هەروەها ئەو بڕگەیەش كەئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بەڕادەستكردنی نەوت، پشكەكەی ببڕدرێت. بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یاداشتیان پێشكەشكردووە سەبارەت بەو بڕگانەی مەترسییان لەسەر هەرێم هەیە، لەدانیشتنی داهاتووش جارێكی دیكە ئەو بڕگانە دەخەنەوە دەنگدان. نەرمین مەعروف هەروەها دەڵێت: بەشێك لەو بڕگانەی لەماددەی 13 و 14 دا هاتوون و پارتی دەڵێت دەستكاری كراوە لەدەقی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەبووەو هیچ لایەنێك پێشنیازی نەكردووە واتە چەند بڕگەیەكی گۆڕانكاری تێدا كراوە نەك هەردوو مادەكە. پارتی گۆڕانكاریەكان وەكو بۆمب دەبینێت و دەڵێت بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەن شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»كۆبوونەوەكان تائێستا بەردەوامییان هەیە، لەسەر ئاستی باڵای هەرێم و بەغداش كۆبوونەوە دەبێت و هەموو كۆبوونەوەكانیش بەو ئاڕاستەیەن كێشەكان چارەسەر بكرێن». وتیشی:»ئەوان كە لەگەڵ ئێمە رێككەوتوون هەم بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەم لەهاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت و ناردنی پرۆژەی بودجە، واتای چییە 10 پەرلەمانتاری شیعە هەموو رێككەوتنەكان بەلاوە دەنێن، بۆیە دەبێت ئەو گۆڕانكاریانە رابگیرێن». ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی دەشڵێت:»هەر ئەو گۆڕانكاریانە نین، بەڵكو كۆمەڵێك كۆت و بەندیش دانراوە، ئەسڵەن هەرێمی كوردستان بەنەوتی ناوچەكانی موسڵ و كەركوكەوە 400 هەزار بەرمیل دەتوانێت دەربهێنێت، ئەگەر ئەوانەی لێدەربكرێت ناتوانین 250 هەزار بەرمیلیش بنێرین ئەگەر لەو بڕەش كەمتر بێت بەپێی بڕگەكە ئیستحقاقی هەرێم رادەگیرێت و بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكیش ئەو بڕیارەیان دابوو». شوان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو:»نە سەركردایەتی سیاسی كورد دەچێتە ژێر باری ئەو گۆڕانكاریانە، نە موئامەرەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی ئێمە شكست بهێنین، نوخبەی ژیری شیعە دژی ئەوەن كەڕوویداوەو بەئاشكراش دەیڵێن، چونكە هەموو كێشەی عێراق لەڕابردوودا بێمتمانەیی بووە، واژۆ دەكەن و جێبەجێی ناكەن». ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەپەرلەمانی عێراق باس لەوەشدەكات «ئەمجارەش رێككەوتنەكە كەبەڵێنی جێبەجێكردنیان دابوو وا دەرنەچوو، پەرلەمانتارەكانی شیعەو یەكێتی وا رێككەوتوون دەنگ بەخاڵەكانی یەكتر بدەن، بەتایبەت لەسەر خاڵە نوێیەكان». «لەسەر پاشەكەوتی مووچە لەگەڵیداین، بەڵام نابێت تەنها لەسەر كاغەز بێت، دەبێت بودجەشی لەگەڵدابێت، ئەمە هەمووی بۆمبە بۆ ئەوەی بودجە نەنێردرێت». شوان محەمەد وای وت. پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت:»وا رێككەوتووین كەئێمە نەوت بنێرین و ئەوانیش بودجە، حكومەتی عێراق چاودێری دینار بەدیناری بكات، ئەو خاڵەی تیابووە كەسەرۆكی حكومەت بتوانێت مانگانە بەشی مووچەی لێ رابكێشێت، نەك وەك ئەوەی ئێستا كەدەڵێت پێویستە وەزیری دارایی رەزامەندی بدات و دواتر سەرۆكی حكومەت بتوانێت پارە خەرج بكات». بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی شەوی 29ـی ئایاری 2023 هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەماڵی فوئاد حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا كۆبوونەتەوە، رۆژی 30 ئایاریش پارتی لەڕێگەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە ئەوەیان راگەیاندووە كە لەگەڵ شیعەكاندا رێككەوتنیان كردووە كە رێككەوتنەكەی نێوان سەرۆكی حكومەتی عێراق و هەرێم جێگەی ئەو بڕگانە بگرێتەوە. یەكێك لەو پرسانەی تاوتوێكران، ئەو گۆڕانكارییانە بوون كە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەهەردوو مادەی 13 و 14ـی پشكی هەرێمی كوردستان كردیان و جێگەی ناڕەزایی پارتی بوو. هەر بەپێی زانیاریەكان لەبارەی هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان، هەردوولا رێككەوتن بەهەماهەنگی بێت لەنێوان هەولێرو بەغدا لە رێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، هەروەها رێككەوتن لەسەر ئەوەشكراوە، دەسەڵاتی مامەڵەكردن بەپارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كورستان لەهەژمارێكی بانكی تایبەتدا بەهەماهەنگی بێت لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، هێزەکانیان تیرۆریستێکی داعشیان دەستگیرکردوە و پاش لێکۆڵینەوە ڕادەستی دادگای ئەنبار دەکرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی تیرۆریستێکی داعشی راگەیاند دەشڵێت، شەوی 29-05-2023، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ئاسایشی شارەزوور دەستگیرکراوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتبارەکە ( ح ، ک ، أ )ـە و پاش لێکۆڵینەوەی لەگەڵیدا، رادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئەنبار دەکرێتەوە.
