سەركۆ جەمال دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە زەقكردەوە، پارتی دەڵێت كۆمسیۆنی كاراكردووەتەوەو رێكارەكانیشی یاسایین، یەكێتیش پێیوایە دانیشتنەكە هیچ بەهایەكی نییە، لایەنەكانی دیكەش داوای سازان دەكەن. لەدانیشتنی رۆژی دووشەممە 22ی ئایاری 2023 كەتیایدا فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان دەنگیان لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی هەرێمدا، سەرئەنجام فراكسیۆنی یەكێتی دژ بەو بڕیارەی فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان وەستانەوەو گرژی دروستبوو. هێوربوونەوەی دوو هەفتەی رابردووی نێوان یەكێتی و پارتی زۆری نەخایاند كە بەدەستپێشخەری ئەمریكاو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەنجامدراو سەرجەم لایەنەكان هیوایان پێوە هەڵواسیبوو، بەڵام جارێكی دیكە ناكۆكیەكانیان لەسەر هەڵبژاردن و یاساكەی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و كورسی پێكهاتەكان سەریهەڵدایەوە. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكەو كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی بە «مردوو» ناوبرد كەزیندوو نابێتەوە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش رێكارەكانی «بەیاسایی» ناوبرد . بەڵام رۆژی 23ی ئایاری 2023 وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی لەڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكردەوەو ناوی هەر نۆ ئەندامەكەی تێدایە كەئامادە دەكرێن بۆ دەنگدان لەپەرلەمانی كوردستاندا. پارتی: كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لەڕووی یاساییەوە هیچ گرفتێكی نییە پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»كۆمسیۆن كارایەو نووسراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیشی ناوێت». وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی وتیشی:» وادەیەك دیاری دەكرێت بۆ ئامادەبوونی كۆمسیارە نوێیەكان لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری كۆمسیۆن دەست بەكارەكانی خۆی دەكات و پێویستی بەهیچ رێكارێكی دیكە نییە». یەكێتی: رێكارەكان گاڵتەجاڕانەیە لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»رۆژنامەی وەقایع لەژێر كۆنترۆڵی حزبدایە، لەدیدی یەكێتی و فراكسیۆنەكەیەوە هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان چەكوشەكەی كێشا بەمێزەكەدا بەڕێوەنەچووە، ئەگەر لەوەقایعی ئەمریكاش بڵاوبكرێتەوە بەگاڵتەجاری دەزانین». «ئەوە مەترسییە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم نەك دوژمنانی دەرەكی، بۆیە دەبێت ئەو گاڵتەجاڕییە رابگیرێت، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو هەنگاوەی نامان لەپەرلەمان دەستخۆشی لێكردین كە نەمانهێشتووە كارێكی نایاسایی بكرێت و شكۆی پەرلەمانمان پاراستووە»، لوقمان وەردی وای وت. دوێنێ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوەو چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو ئەنجامبدات تا بە»سازان» پرسەكە یەكلابكرێتەوەو هیچ رێكارێك ئەنجامنەدرێت، هەروەها هاوهەڵوێستی یەكێتی بن بۆ رێگری لە رێكارە «تاك لایەنەكەی پارتی لەپەرلەماندا». جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:» هەریەك لەكۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕانیش لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەبەرئەوەی پرسێكی نیشتیمانییە دەرگای گفتوگۆ دانەخراوەو رێگا راستەكە ئەوەیە پارتی واز لەو سەركێشییە بهێنێت و بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت». وەك لوقمان وەردی دەڵێت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا دەریخست كۆتاكان خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان نین«. كۆمەڵ: ئەوەی لەپەرلەمان روویدا هەرگیز دەركردنی یاساو بڕیار نەبووە عومەر گوڵپی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا هەرگیز پرۆسەی دەركردنی یاساو بڕیارنەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بەتەواوەتی دەسەڵاتی هەڵگرتن و كۆتاییهێنانی بەدانیشتنەكان هەیە». هەروەها وتیشی:» دەرفەتی زۆر هەبوو تا لەدۆخی یاسایی و ئاسایی پەرلەماندا هەم كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، هەم یاساكە هەمواربكرێتەوە، بەڵام لایەنەكانی دەسەڵات كەسەرۆكایەتی پەرلەمان و زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن نەیانكرد». هاوكات، عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەپەیامێكدا رایگەیاند: پێویستە بۆ مانەوەو بەردەوامیی هەرێم، هەموومان پابەندی پرەنسیپ و یاساكان بین، هیچ لایەنێك پەرلەمان و حكومەت بەهی خۆی و حزبەكەی نەزانێت». عەلی باپیر وتیشی:»سەپاندنی دۆخێكی تایبەت بەسەر هەرێمدا، دژی بنەماكانی تەبایی و پێكەوەژیان و سازانی نیشتیمانییەو هیچ بەرهەمێكی لێ ناچنرێتەوە». بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری «بەبێ رێككەوتن و سازانی نیشتیمانی لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن و هەمواركردنی یاساكەی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن كەهیچ گومانێك هەڵنەگرێت هیچ چارەیەكی دیكەمان نییە». بزوتنەوەی گۆڕان: كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بەسازان دەبێت گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەردەوام جەختمان كردووەتەوە لەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاساكەی یەك پاكێجەو پێویستە بەسازان بكرێن». وتیشی:»ئێمە بەواژۆكانی خۆمان پابەندین و پێمان گرنگە هێزە سیاسییەكان بەیەكڕیزی یاساكە هەمواربكەنەوەو كۆمسیۆنیش كارا بكەنەوەو بەگفتوگۆ كێشەكان چارەسەربكەن». یەكگرتوو : لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكە نابێت ببێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخەكە ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە كە « ئەوەی روویدا لەپەرلەمانی ماوەبەسەرچوو، راستی و دروستی هەڵوێستی دڵسۆزانەی یەكگرتووی دەرخست كەدژی درێژكردنەوەی بێ پاساوی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن بوو». یەكگرتوو هیواخوازە بڕیارو لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان نەبێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەكان.
هاوڵاتی ئومید ئوزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن کە پێشتر هاوپەیمانی سینان ئۆغان بوو، ئاشکرای کرد کە دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەدات. ئەمڕۆ ئومید ئوزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن کە لە خولی یەکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا هاوپەیمانی سینان ئۆغان بوو و کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن، کۆبونەوە. دوای کۆبونەوەکە ئومید ئوزداغ بە فەرمی رایگەیاند کە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدەن. چەند رۆژ لەمەوبەریش پارتی دادپەروەری کە هاوپەیمانی سینان ئۆغان بوو، رایگەیاند کە پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەکات. سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە خولی یەکەمدا، پشتگیری خۆی بۆ ئەردۆغان راگەیاندبوو و بەم شێوەیە هاوپەیمانی ئاتا هەڵوەشایەوە و بەسەر هەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا دابەش بوو. سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ٥.١٧٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو و بەم پێیەش نەیتوانی بۆ خولی دووەم سەربکەوێت.
هاوڵاتی دوای چوارجار لە دواخستنی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان كۆبۆوە و بڕیاریدا، كۆبونەوەكە بۆ 30ی ئەم مانگە دوابخات. دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان كۆبۆوە، بەڵام بەهەمانشێوەی سێ جاری رابردو دادگا بڕیاریدا بەدواخستنی دۆسیەكە تاوەكو 30ی (ئایار/5)ی 2023. سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەمەد ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، کاوە عەبدولقادر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی تۆمارکراوە. لە سکاڵاکەدا هاتوە، "داوا دەکەین لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو یاسایە هەڵبوەشێنرێتەوە کە لە 10ی (ئەیلول/9)ی 2022 لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دەرچوە کە یاسای درێژەدانە بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، بەپێی ئەو یاسایەش ماوەی پەرلەمان درێژکرایەوە بۆ ماوەی ساڵێکی تر، لەکاتێکدا ئەو یاسایە ناکۆکە لەگەڵ مادەکانی (5 و 20)ی دەستور، جگە لەوەی ئەو مافە دەستورییە زەوت دەکات کە لە مادەی (51)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی 1992 ئاماژەی پێکراوە". لە کۆبوونەوەی 9/10/2022، پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی (درێژکردنەوەی تەمەنی) بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا، بەمەش خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت. وەک لە پێشنیازەیاساکە هاتووە: خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لەسەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.
زیاتر لە 100 سەرۆک و سەرکردەی ئەمریکا و ژمارەیەکی وڵاتی جیهان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکان داوا دەکەن واشنتۆن هەڵوێستەکانی دژی کۆماری ئیسلامی توند بکاتەوە و دەڵێن کاتی ئەوەیە بۆ گۆڕانکاریی لە ئێران پشیوانیی لە خەڵک بکرێت. لە نامەیەکدا کە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە 108 سەرۆک و سەرکردەی پێشوی ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە داوایان لە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا کردوە هەوڵەکانی وڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامی توند بکاتەوە. لەو نامەیەدا کە سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا و کەنەدا و دوو سەرۆکی پێشوتری یەکێتی ئەوروپا واژۆیان کردوە، باس لەوە کراوە کە لە هەموکاتێک زیاتر ئێران پێویستی بە گۆڕانکارییە و دەبێت پشتیوانیی لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە بکرێت دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. واژۆکارانی ئەو نامەیە جەختیان لەوە کردوەتەوە: کاتی ئەوە هاتوە کۆماری ئیسلامی و سەرکردەکانی ناچار بکرێن بەرپرسیارێتی تاوانەکانیان لە ئەستۆ بگرن و هەنگاوی راستەقینە بنرێت دژی ئەو دەسەڵاتە و سوپای پاسداران بخرێتە لیستی رەشەوە. ئەو سەرکردانە هۆشدارییان داوە لە جموجۆڵە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیی لە روسیا دژی ئۆکرانیا. لە نامەکەدا رەخنە لە دەسەڵاتی رابردوی پاشایەتیی لە ئێران گیراوە و داوا لە بایدن کراوە کە پشتیوانیی لە 10 خاڵی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی (باڵی سیاسی رێکخراوی موجاهیدینی خەلق) بکات کە بە مەبەستی گۆڕانکاریی لە دەسەڵاتی وڵاتەکە راگەیەنراوە. یەکێک لەو خاڵانەی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی باس لە مافی خۆبەڕێوبەری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی و کۆتایی (ویلایەتی فەقیهـ) بە رێبەرایەتیی عەلی خامنەیی کراوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم دوا پێشهاتەکانى پڕۆەژەیاساى بودجە و چەند پرسێکى دیکە تاوتوێ دەکات. پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی %12.6 دیاریکراوە کە دوای جیاکردنەوەى خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەدەچێت و سێ تەوەر لەخۆدەگرێت. یەکەم تەوەری کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 - 2025. هەر لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی بەرەنجامى دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داراییی گشتی دەکرێت. هەروەک خستنەڕوی رەشنوسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، تەوەری سێیەمی کۆبونەوەکە دەبێت.
هاوڵاتی بارزانی و تاڵەبانی لەسەر پرسە داراییەكانی هەرێم رێككەوتن و ئەو كورتهێنانە داراییەی كە لەسەرەتای ئەمساڵدا بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مینحەی شەهیدان دروست نەبوو چارەسەركرا لەڕێگەی ئەو وەرەقە چاكسازییەی تیمی یەكێتی بۆ مەسرور بارزانی ئامادەی كردبوو. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە كۆبوونەوەو تێیدا بڕیاردرا كەدابەشكردنی مووچە بكرێتە سیادی، كەپێشتر تیمی یەكێتی لەحكومەت داوایان كردبوو رێژەی 43% بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو 57% بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك نەمێنێت و ئەوە جێبەجێكرا. بەهۆی میكانیزمی 43% بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو 57 بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك، كورتهێنانی دارایی بۆ مووچە دروست دەبوو بەتایبەت دوای بایكۆتكردنی تیمی یەكێتی لەمانگی تشرینی دووەمی 2022، كە بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی سلێمانی نزیكەی 750 ملیار دینار قەرزارە بەهۆی كورتهێنانی داراییەوە كە لەسەرەتای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە دەستیپێكردووە. لەڕێكخستنەوەی دارایی گشتی سەرجەم داهاتەكان دەكرێنە سەر یەك هەژماری بانكی و وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس دەبێت و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی لەنزیكەوە چاودێری دەكەن. هەروەها رێكخستنەوەكە شەفافیەتی داهات زیاتر دەكات و ئەولەویەتی حكومەت بۆ دوانەخستنی دابەشكردنی مووچە بەرجەستە دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەت لەنووسراوێكدا جێبەجێكردنی راسپاردەی رێككەوتنەكەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ ئیدارەدانی داهات و خەرجكردنەوەی راگەیاند. چیتر مووچە لەسەر بنەمای ٪٤٣ بۆ سلێمانی و ٪٥٧ بۆ هەولێر و دهۆک دابەش ناکرێت بەپێی بڕیارێك كە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەسەرەو ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و دەستەكان كراوە، بەپێی بڕیارێك كە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دراوە، سەرجەمی داهاتە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێكدەخرێتەوەو بەناوەندیی دەكرێت. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كەگشت داهاتەكانی ئەژمێری داخراوی تایبەت بەداهاتی گشتی دابنرێن و بەئیشعار بخرێنەسەر ئەژمێری داخراوی تایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەبانكی منارە. بەو پێیەی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووەو لەسەر پڕۆژە بودجەی عێراق كەبڕیارە مانگانە یەك ترلیۆن و 250 ملیار دینار بەكاش بگاتە هەرێمی كوردستان و لەبەرامبەردا هەرێم 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتی گومرگ بداتەوە بە بەغداد، بۆیە پارتی و یەكێتی لەئاستی حكومەتدا پێیانوایە بەگەشتنی پارەكەی بەغدا زۆربەی كێشە داراییەكان بەتایبەت بۆ مووچە چارەسەر دەبن، چونكە بەغداد تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و شایستەی دارایی پێشمەرگە نزیكەی 910 ملیار دینار رەوانە دەكات كە بەبێ كورتهێنان مووچەی پێ دابیندەكرێت. وەزارەتی دارای بەرپرسی یەکەمە لە کورتهێنانی دارایی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە نزیکەوە چاودێری دەکەن سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە بۆ لەمەودوا دەبێت مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەو فەرمانگەكان لە سێ رۆژ بۆ یەك هەفتەدا دابەشبكرێت هاوشێوەی عێراق، وتیشی:» ئەگەر پڕۆژەی بودجە وەك ئەوەی ئێستا هەیەو دەستكاری ماددەكانی (12،13،14) نەكرێن كەتایبەتن بەپشكی هەرێمی كوردستان، دۆخی دارایی باش دەبێت و دابەشكردنی مووچە وەك ئێستا نابێت كەمیدیاكان دەیكەنە هەواڵ و سێ هەفتە دەخایەنێت، بەڵكو سێ رۆژ بۆ هەفتەیەك دەخایەنێت». هەروەها باسی لەوەشكرد حكومەتەكەی سودانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی كراوەو بەشدارن لەحكومەتدا و بەشدارن لەئیدارەدانی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق» سودانی تێگەیشتووە لەوەی پشتیوانی كردنی كورد پاڵپشتیەكی بەهێزە بۆ بەردەوامی حكومەتەكەی». هەروەها بەغداد مانگانە زیاتر لە 300 ملیار دینار بۆ وەبەرهێنان رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات لەگەڵ داهاتی نانەوتی كەمانگانە زیاترە لە 200 ملیار دینار، هەرێمی كوردستان پاش دابینكردنی مووچە نیو ترلیۆن دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ دەمێنێتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، تیمی یەكێتی متمانەیان لادروست بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەو پێیەی چیدیكە كێشەی نەبوونی پارەی كاش بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی دروست نابێت كەئەوە وەك خۆیان دەڵێن لای یەكێتی ئەولەویەتی تیمەكەیان بووە. هەروەها رێككەوتنی تیمی پارتی و یەكێتی لەسەر دانەوەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە كە زیاترە لە 30 ملیار دۆلار بەپێی داتای فەرمی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئەو پرسەش پاش پەسەندكردنی بودجەو بەدیاركەوتنی مانەوەی پارە پاش دابینكردنی مووچە گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بەشێك لەو پارانە بۆ دابینكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری تەرخان بكرێت و بەشێكی بۆ دانەوەی قەرزەكان بێت. بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی بۆ ئەو پارەیە دیاری كردووە كە لەبەغداوە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت و دەیانەوێت زۆرینەی ئەو پارەیە بۆ پاكتاوی قەرزەكانی حكومەت دابین بكەن، بەڵام یەكێتی دەیەوێت بەشی زۆری ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەكان خەرجبكرێت. بەرپرسانی كارگێڕی لەسلێمانی هۆشدارییان داوەتە یەكێتی كە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی عێراق پێویستە ئاوەدانی و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان بەچڕی لەسەرجەم ناوچەكان دەستپێبكاتەوەو پارەی بەڵێندەرانی سنورەكە بدرێتەوە تاپڕۆژەی نوێ وەربگرن، ئەو هۆشدارییەش بەفەرمی گەیەندراوەتە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
هاوڵاتی ژمارەیەکی نوێی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە و لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ی ساڵی 2023 پەرلەمانی کوردستان بلاوکراوەتەوە تایبەت بە بەردەوامبون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، کە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، لەلایەن پەرلەمانتارانی حزبەکە و پێکهاتەکانەوە دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام یەکێتی رەتیدەکاتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە ژمارە 305ی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە، کە رۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستانەو وەزارەتی داد دەریدەکات، لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ی ساڵی 2023 پەرلەمانی کوردستان بلاوکراوەتەوە تایبەت بە بەردەوامبون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک رێنمایی و بەیان. هەروەها دەقی بڕیارەکە لە سێ خاڵ پێکهاتووە کە واژووی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی لەسەرە: یەکەم: بەردەوامبوونی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ کە دەستپێدەکات لە رۆژی کۆتاییهاتنی ماوەی یەکەمی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رێککەوتی 23-12-2019: 1. هەندێن محەممەد ساڵح 2. نەهرۆ سەلیم حەنا 3. رێزان حەمەرەشید کەریم 4. عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا 5. شێروان زرار نەبی 6. ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقار 7. سلێمان مستەفا حەسەن دووەم: هەڵبژاردنی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە: 1. عەلی ساڵح مەحموود قادر 2. کامەران نەشئەت حوسێن سێیەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی کورستان بڵاودەکرێتەوە.
هاوڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم کێشەکانی نێوان نێوان هەرێم و بەغداد بەرەو چارەسەربوونن و تەنیا لایەنی توركیا ماوە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بدات. کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم کە لە رۆژی 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس راگیراوە، رایگەیاند، "پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر دۆسییەی نەوت بەرز دەنرخێنین." کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت لەگەڵ د. تۆركیلد بیوگ نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق کۆبوەوە باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دۆسیەی نەوت و دەستپێكردنەوەی هەناردنەكردنی نەوتی هەرێم کرد. لە 25ـی ئادارەوە و بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە.
هاوڵاتی یەبەشە رایگەیاند، لە هێرشی ئەمڕۆی درۆنێکی تورکیادا، کەسێک لە میوانخانەکەیان شەهید بووە و شەڕڤانێکیشیان بریندار بووە. یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) لەبارەی هێرشی ئەمڕۆی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شنگال راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. یەبەشە دەڵێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ درۆنێکی دەوڵەتی تورکیا میوانخانەی ئەوانی بۆردومان کردووە. بەوهۆیەوە میوانێکیان شەهید و شەڕڤانێکیش بریندار بووە و وتی، " میوانەکەمان ناوی سەعید ئەشورە و خەڵکی خانەسۆرە." یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) ئەوەی خستەڕوو کە دەوڵەتی تورکیا ماوەیەکی زۆرە هێرشی ئاسمانی لەبەرامبەر شەنگال ئەنجام دەدات و بەردەوامی بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ئیزدی دەدات و هێرشەکەی ئەمڕۆش، هەمان ئامانجی دەوڵەتی تورکیا دەخاتەڕوو.
هاوڵاتی دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر لەلێدوانێكدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند: لە کۆگاکانمان هەموو خۆراکێک هەیە و ئامادەن، بەڵام تاوەکو وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری دابەشکردنی بەشەخۆراک نەدات، ناتوانین دەست بە دابەشکردنی بکەین. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر دەشڵێت:لەبارەی کاتی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی ئایار لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق قسەیان کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون، 27ـی ئەم مانگە دابەشکردنی بەشەخۆراک ڕادەگەیەنن. ئاماژەی بەوەشكردوە، بە گوێرەی قسەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، هەفتەی داهاتو دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی ئایار دەکەن
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند وەزارەتەکە بڕیاریداوە داهاتی گشتیی هەرێمی کوردستان بەناوەندی بکرێت و داهاتەکان لە ئەژمێری داخراوی تایبەت دابنرێن. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 23-5-2023) نووسراوێکی بە ناونیشانی "گشتاندنی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان و بەناوەندیکردنی سەرجەم داهاتە گشتییەکان" بڵاوکردەوە، کە واژۆی وەزیری دارایی بەسەرەوە. دەقی بڕیارەکەش وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە ئەمەیە "بڕیاردرا بە رێکخستنەوە و بەناوەندیکردنی داهاتە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک کە گشت داهاتەکان لە ئەژمێری داخراوی تایبەت بە داهاتی گشتی دابنێرن و، بە (ئیشعار) بخرێنە سەر ئەژمێری داخراوی تایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
هاوڵاتی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا لە چەند شارێکی تورکیا ٢٤ رۆژنامەنوس و ئەندامی هەدەپەیان دەستگیرکرد. لەسەر فەرمانی داواکاری کۆماری مێرسین، ئەمڕۆ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک رۆژنامەنوس و ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە). ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکە لە شارەکانی مێرسین، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، ئەدەنە و ئیزمیر بەڕێوەبراوە. هەروەها باسی ئەوەی کرد کە دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی ٢٨ کەسی داوە، بەڵام تاوەکو ئیستا ٢٤ کەس دەستگیرکراون و دەڵێت، " لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا دەرگای ماڵان شکێندراون و دەست بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەنوسی و لاپتۆپی داواکراوەکاندا گیراوە. دوێنیش لە ئەنقەرە ئۆپراسیۆن لەدژی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی هەدەپە ئەنجامدرا و بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا ١٩ کەس دەستگیر کرابوون. دەستگیرکردنی ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و رۆژنامەنوسان لە کاتێکدایە کە یەکشەمەی داهاتوو ٢٨ی ئایار، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەچێت. بەر لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانیشدا کە ١٤ی ئایار بەڕێوەچوو، نزیکەی ٢٠٠ ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە و رۆژنامەنوسی کورد دەستگیرکرابوون.
هاوڵاتی ١٦١ هاوڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سوریاوە لە سودان گیریان خواردبوو، گەڕێندرانەوە شاری قامشلۆ. مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لە ٢٤ی نیسانەوە هەوڵ دەدرێت ئەو هاوڵاتیانە بگەڕێندرێنەوە بۆ سوریا. مەرسەدی سوریا رایگەیاند، ئەو هاوڵاتیە کورد و عەرەبانە بە هەوڵی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گەرێندراونەتەوە و ئاماژەی بەوەکرد کرد، خۆبەڕێوەبەرێتیەکە هەوڵ دەدات، هاوڵاتیانی دیکەی سوریا و رۆژئاوای کوردستانیش بگەڕێنێتەوە. باسی ئەوەشی کرد کە لە ئێستادا نزیکەی ٣٠ هەزار هاوڵاتی سوریا کە بەشێکی زۆریان کوردن، لە سودان گیریان خواردووە و چاوەڕێ دەکەن، لە وڵاتە رزگار بکرێن کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە. دوێنێ بە دەستپێشخەری ئەمریکا و سعودیە، ئاگربەست لەنێوان لایەنەکانی شەڕی ناوخۆی سوریا راگەیەندرا و هەوڵ دەدرێت، هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزرێن. تاوەکو ئێستا ٧ جار ئاگربەست پێشێل کراوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە شەڕی ناوخۆیی سوداندا تاوەکو ئێستا ٨٣٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "ئەو ئامارەی بڵاوكراوەتەوە كە تەنها لەیەك رۆژدا 285 هەزار سەرپێچی تیژڕەوی ئۆتۆمبێل لەڕێگەی كامێراكانی پۆینت تو پۆینتەوە تۆماركراون راست نیە. هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لەڕونكردنەوەیەكدا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، "وەك بەرچاوڕونییەك شەوی ڕابردو ئامارێك بڵاوكرایەوە كە گوایە لە ماوەی 24 كاتژمێردا زیاتر لە 385 هەزار سەرپێچی تۆماركراون، وەك تۆماركردنی سەرپێچییەكان ئامارەكە دروستە، بەڵام لەماوەی 24 كاتژمێردا نییە بەڵكو لە سەرەتای دەستبەكاربونی كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكەوە بوە و بەشێوەی تێست بوە". اماژەی بەوەشكردوە، "هیچ كام لەو سەرپێچییانەی كە تۆمار كراون و دەكرێن لەلایەن كامێراكانی چاودێری خێرایی پۆینت تو پۆینت لە ڕێگای تاسڵوجە - دوكان هەژمار ناكرێن لەسەر هیچ شۆفێرێك (واتە وەكو سزای دارایی نە لەهیچ شۆفێرێك سەندراوەو وە نە دەسەندرێت) چونكە لە قۆناغی تێستدایە تا كاتژمێر 8:00ی رۆژی دوشەممە 29ی ئەم مانگە . ئەوەشیخستەڕو، "ئەو هەڵەیەی كە ڕویداوە لە پێدانی زانیاری بوە لەلایەن فەرمانبەری بەشی ئاماری كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێراكان، واتە ئاماری سەرپێچییەكان تەنها لەماوەی 24 كاتژمێردا نەبوە بەڵك و بە درێژایی تێستی كامێراكان بوە لە ساڵی پارەوە تا ئێستا و هەژمار نەكراوە لەسەر هیچ شۆفێرێك". هاتوچۆی سلێمانی داواشی لە شۆفێران كردوە، پابەندی ئەو خێراییە بن كە بۆیان دیاریكراوە لەسەر شەقامەكان تا بە دوربن لە ڕوداوەكانی هاتوچۆ و سزا داراییەكان.
هاوڵاتی پۆلیسى سلێمانى بڵاویکردەوە؛ دوای ئەوەی زانیاری دراوە لەسەر چەند کەسێک کە بازرگانیان بە جەستەى مرۆڤەوە کردوە و کڕین و فرۆشتنیان بە گورچیلەى مرۆڤەوە کردوە بەدواداچونەکانیان لەوبارەیەوە دەستپێکردوە. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانراوە لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرا و بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی ئازادی دوو تۆمەتبار لەسەر ئەو تاوانە دەستگیربكرێن. پۆلیس دەڵێت: ئەو دوو تۆمەتبارە گورچیلەى مرۆڤیان بە 23 ملیۆن دینار فرۆشتوە و تۆمەتبارەکانیش دانیشتوى شارەکانى هەولێر و بەغداد بون و تەمەنیان (37) ساڵ و (35) ساڵە. لە ئێستادا بە بڕیارى دادوەر هەردو تۆمەتبارەکە راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
