گومرگی ئێران بڵاوی دەکاتەوە لە ساڵێکدا بڕێ ئاڵوگۆڕی بازرگانییان گەیشتوە 113 ملیارد دۆلار و عێراق و هەرێمی کوردستان دووەم شوێن بون کە زیاترین کاڵا و بەروبومیان بۆ هەناردە کراوە. محەمەد رزوانی، سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاند؛ بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و وڵاتانی جیهان لە ساڵی رابردودا 11% بەرزبوەنەوەی بەخۆیەوە بینوە و بەوەش گەیشتوەتە 113 ملیارد دۆلار. ئاماژەی بەوە کردوە بە بەهای 10 ملیارد دۆلار، 19%ی کۆی هەناردەی کاڵا و بەروبومەکانی ئێران رەوانەی عێراق کراوە کە 22%ی هەناردەکان لە رێگەی سێ مەرزی هەرێمی کوردستانەوە بوە. لە دوای چین زیاترین کاڵا و بەربومی کشتوکاڵیی لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە و 5%ی سەرجەم هاوردەی ئەو وڵاتەش بۆ هەرێمی کوردستان بوە. ئەو بەرپرسە وتوشیەتی کار بۆ ئەوە دەکرێت هاتوچۆی بازرگانیی نێوانیان لە سنورەکانی هەرێم بە تایبە مەرزی نێوان ورمێ و حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان 24 کاتژمێر کراوە بێت. لێدوانی سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران بۆ بەرزبونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکەی لە ساڵی رابردودا لە کاتێکدایە بە پێی ئاماری گومرگی وڵاتەکە و وڵاتانی ئەوروپا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نیوان ئێران و وڵاتانی جیهان لە ئەمساڵدا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بنیوە.

بەڕێوبەڕێک ئاشکرای دەکات نیوەی زێڕی ئێران لە ناوچەیەکی سەر بە سنە بەرهەم دەهێنرێت و ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان دووەم پارێزگایە لە روی یەدەگی زێڕ. بەختیار خەلیقی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پیشەسازی و کانزاکان و بازرگانیی پارێزگای کوردستان (سنە) رایگەیاند؛ ئەو پارێزگایە بە یەکەم پارێزگا لە ئێران ئەژمار دەکرێت کە 50% زێڕی وڵاتەکەی تێدا دەردەهێنرێت. ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو رێژە زێڕە تەنها لە ناوچەیەکی سەر بە شاری قوروە لە پارێزگای سنە بەرهەم دەهێنرێت کە بە نزیکەی پێنج هەزار کیلۆ زێڕ لە ساڵێکدا دەخەمڵێنرێت. تەنها لە ناوچەکانی شاری قوروە دوو کانی زێڕ هەیە و بە وتەی بەرپرسان زیاتر لە هەزار و 400 کەس کاری تێدا دەکەن. بە وتەی خەلیقی لە ئێستادا 356 کان لە ناوچەکانی پارێزگای سنە هەیە کە 18 ماددەی کانزاییان لێ دەردەهێنرێت و بەوەش پێنجەم پارێزگایە کە زیاترین کانی ئاسنی لە ئێران هەیە. ئەو پارێزگایە جگە لە زێڕ خاوەنی کانزاکنی ئاسن و بەردی گرانبهایە وەک مەنگەنیز، گرانیت و دەرکەوتوە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵات سەرچاوەی ماددە کانزاییەکانی وەک زێڕ و ئاسنن.  

هاوڵاتی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێژەی توشبون بە تای خوێنبەربون لە پارێزگاکانی عێراق زیادیکردوە و لە هەرێمی کوردستانیش دوێنێ دوەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری هەولێر، رایگەیاند، "دوێنێ دوەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا وتمان کە نیگەرانین لە بونی ئەم حاڵەتە بەڵام مانای وانیە کە نابێت، بەڵکو ساڵانە یاخود چەند ساڵێک جارێک سەرهەڵدەدات، ماوەیەکی زۆربو لە هەرێم نەبو، بەهۆی زیادبونی حاڵەتەکانی لە عێراق جارێکی دیکە لە هەرێم سەریهەڵداوەتەوە". راشیگه‌یاند، حاڵه‌تی یه‌كه‌م له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و حاڵه‌تی دووه‌م له‌ناو شاری هه‌ولێر بووه‌ و هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ هه‌بووه‌. ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی توشبون و داخڵبون و مردن لەنێو ئەو کەسانەی کە توشی تای خوێنبەربون دەبن زۆرە، چەندین حاڵەتی دیکە هەبون لە هەرێم کە گومانیان لێکراوە، بەڵام پشکنینی کۆتایی بۆ هەمو توشبوەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا پەتاکەیە یاخود نا و حاڵەتەکە پشتڕاستبکرێتەوە. ئەوەشی خستەڕو، "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و تیمی ڤێرتەرنەی تیمی هاوبەشمان دروستکردوە و کۆمەڵێک رێکاری خۆپارێزی و چارەسەریان گرتوەتە بەر، بەڵام ئەوانەی ئاژەڵیان هەیە و ئاژەڵ سەردەبڕن دەبێت رەچاوی رێنمایی تەندروستی بکرێت و هاوڵاتیانش تەنها لە شوێنە داخراوەکان گۆشت بکڕن". یەکەم حاڵەتی مردن بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم دوێنێ تۆمارکرا کە گەنجێکی دانیشتووی هەولێربوو بە بەناوی چیازان حامدی تەمەن 19 ساڵ دوای مانەوەی پێنج رۆژ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر دوای پشکنینی پزیشکی دەرکەوت تووشبووی تای خوێنبەربوونە و دوێنێ چوارشەممە  گیانی لەدەستدا

سەركۆ جەمال دوو ماددەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق كەتایبەتن بەهەرێمی كوردستان هێشتا لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، هەندێك لەپێشنیازەكان یەكێتی و چەند لایەنێك كردوونی، بەڵام هەندێكیان لەڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە 4-4-2023 هاتوون، ئەمەش بەوتەی دوو پەرلەمانتاری عێراق. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو پێشنیازە گۆڕانكاریانەی كە لەلایەن لایەنەكانی تری ناو لیژنەكە شەوی 25-5-2023 دەنگی لەسەردرا، زیاتر لە 10 رۆژ لەمەوبەر بڵاویانكردبوەوەو باسیان كردبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێكەوە قسەی لەسەربكەن». وتیشی:»بەڵام لەناو كۆبوونەوەی لیژنەی داراییدا كە سێ نوێنەری لایەنە كوردیەكانی تێدایە، نوێنەرێكی یەكێتی و دوو نوێنەری پارتی و نوێنەرێكی یەكگرتوو، وەكو یەكێتی سێ پێشنیازمان هەبووە لەكۆی ئەو پێشنیازانەی كە ئەو شەوە جێگیركراوە». «پێشنیازەكانی ئێمە تەنها تایبەت بووە بەگێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەو پێدانی ئەولەویەت لەدابەشكردنی هەر بڕە پارەیەك كەدەگاتە هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بێت، پێشنیازی سێیەمیشیان ئەوەیە كە لەدابەشكردنی پشكی هەرێم بەسەر پارێزگاكاندا حكومەتی هەرێم دادپەروەر بێت و بەپێی بەركەوتەی پارێزگاكان پارەیان بۆ خەرج بكات، ئەگەر ئەمە نەكات هەر پارێزگایەك ناڕازی بێت و پێی وایە ستەمی لێدەكرێت بەغدا بتوانێت بەجیا پشكی خۆی بۆ بنێرێت». نەرمین مەعروف وای وت. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت:» ئەوانەی دیكە پێشنیازی یەكێتی نییەو لایەنەكانی دیكە كردوویانە، ئەندامەكانی پارتی لەلیژنەی دارایی بەدڵیان نەبوو بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، پێشتریش گۆڕانكاری لەماددەی 13و 14 باسكرا، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون بەهیچ شێوەیەك وشەیەكیش بگۆڕن لەكاتێكدا ئەو دەقانەی لەلایەن حكومەتەوە هاتبوو هەڵەی تێدابوو». نەرمین مەعروف ئاماژە بەوەشدەكات یەكێك لەو بڕگانەی هەڵەی تێدابووە، بڕگەی دووەمی ماددەی 12 بووە، دەشڵێت «ئەو دەقە مەترسی گەورەیە لەسەر پشكی هەرێم، چونكە سنورێكی دانابوو بۆ بودجەی هەرێم، توانیمان لەئەنجومەنی وەزیرانەوە جارێكی دیكە دەقی پرۆژە یاساكە بگۆڕین». سەبارەت بەبڕگەی 13 و 14 كە ناكۆكی لەسەر دروستبوو، نەرمین مەعروف وتی: »پارتی رازی نەبوون لەدەقەكاندا ناوی كۆمپانیای سۆمۆ بنووسرێت، ئەو هەژمارە بانكیەش كەپارەی نەوتەكەی تێدا هەژماردەكرێت پارتی نەیدەویست لەبانكی ناوەندی عێراق بێت، بەڵام دواتر كە رێكنەكەوتن لایەنەكانی دیكە ئەوەی خۆیان ویستیان بەزۆرینە دەنگیان لەسەردا». ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوەشدەكات یەكێتی لەگەڵ ئەو بڕگەیەدا نەبووە كە رێگەنادات نەوت لەكێڵگەكانی نەینەواو كەركوك، هەروەها ئەو بڕگەیەش كەئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بەڕادەستكردنی نەوت، پشكەكەی ببڕدرێت. بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یاداشتیان پێشكەشكردووە سەبارەت بەو بڕگانەی مەترسییان لەسەر هەرێم هەیە، لەدانیشتنی داهاتووش جارێكی دیكە ئەو بڕگانە دەخەنەوە دەنگدان. نەرمین مەعروف هەروەها دەڵێت: بەشێك لەو بڕگانەی لەماددەی 13 و 14 دا هاتوون و پارتی دەڵێت دەستكاری كراوە لەدەقی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەبووەو هیچ لایەنێك پێشنیازی نەكردووە واتە چەند بڕگەیەكی گۆڕانكاری تێدا كراوە نەك هەردوو مادەكە.   پارتی گۆڕانكاریەكان وەكو بۆمب دەبینێت و دەڵێت بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەن شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»كۆبوونەوەكان تائێستا بەردەوامییان هەیە، لەسەر ئاستی باڵای هەرێم و بەغداش كۆبوونەوە دەبێت و هەموو كۆبوونەوەكانیش بەو ئاڕاستەیەن كێشەكان چارەسەر بكرێن». وتیشی:»ئەوان كە لەگەڵ ئێمە رێككەوتوون هەم بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەم لەهاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت و ناردنی پرۆژەی بودجە، واتای چییە 10 پەرلەمانتاری شیعە هەموو رێككەوتنەكان بەلاوە دەنێن، بۆیە دەبێت ئەو گۆڕانكاریانە رابگیرێن». ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی دەشڵێت:»هەر ئەو گۆڕانكاریانە نین، بەڵكو كۆمەڵێك كۆت و بەندیش دانراوە، ئەسڵەن هەرێمی كوردستان بەنەوتی ناوچەكانی موسڵ و كەركوكەوە 400 هەزار بەرمیل دەتوانێت دەربهێنێت، ئەگەر ئەوانەی لێدەربكرێت ناتوانین 250 هەزار بەرمیلیش بنێرین ئەگەر لەو بڕەش كەمتر بێت بەپێی بڕگەكە ئیستحقاقی هەرێم رادەگیرێت و بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكیش ئەو بڕیارەیان دابوو». شوان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو:»نە سەركردایەتی سیاسی كورد دەچێتە ژێر باری ئەو گۆڕانكاریانە، نە موئامەرەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی ئێمە شكست بهێنین،  نوخبەی ژیری شیعە دژی ئەوەن كەڕوویداوەو بەئاشكراش دەیڵێن، چونكە هەموو كێشەی عێراق لەڕابردوودا بێمتمانەیی بووە، واژۆ دەكەن و جێبەجێی ناكەن». ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەپەرلەمانی عێراق باس لەوەشدەكات «ئەمجارەش رێككەوتنەكە كەبەڵێنی جێبەجێكردنیان دابوو وا دەرنەچوو، پەرلەمانتارەكانی شیعەو یەكێتی وا رێككەوتوون دەنگ بەخاڵەكانی یەكتر بدەن، بەتایبەت لەسەر خاڵە نوێیەكان». «لەسەر پاشەكەوتی مووچە لەگەڵیداین، بەڵام نابێت تەنها لەسەر كاغەز بێت، دەبێت بودجەشی لەگەڵدابێت، ئەمە هەمووی بۆمبە بۆ ئەوەی بودجە نەنێردرێت». شوان محەمەد وای وت. پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت:»وا رێككەوتووین كەئێمە نەوت بنێرین و ئەوانیش بودجە، حكومەتی عێراق چاودێری دینار بەدیناری بكات، ئەو خاڵەی تیابووە كەسەرۆكی حكومەت بتوانێت مانگانە بەشی مووچەی لێ رابكێشێت، نەك وەك ئەوەی ئێستا كەدەڵێت پێویستە وەزیری دارایی رەزامەندی بدات و دواتر سەرۆكی حكومەت بتوانێت پارە خەرج بكات». بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی شەوی 29ـی ئایاری 2023 هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەماڵی  فوئاد حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا كۆبوونەتەوە، رۆژی 30 ئایاریش پارتی لەڕێگەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە ئەوەیان راگەیاندووە كە لەگەڵ شیعەكاندا رێككەوتنیان كردووە كە رێككەوتنەكەی نێوان سەرۆكی حكومەتی عێراق و هەرێم جێگەی ئەو بڕگانە بگرێتەوە. یەكێك لەو پرسانەی تاوتوێكران، ئەو گۆڕانكارییانە بوون كە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەهەردوو مادەی 13 و 14ـی پشكی هەرێمی كوردستان كردیان و جێگەی ناڕەزایی پارتی بوو. هەر بەپێی زانیاریەكان لەبارەی هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان، هەردوولا رێككەوتن بەهەماهەنگی بێت لەنێوان هەولێرو بەغدا لە رێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، هەروەها رێككەوتن لەسەر ئەوەشكراوە، دەسەڵاتی مامەڵەكردن بەپارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كورستان لەهەژمارێكی بانكی تایبەتدا بەهەماهەنگی بێت لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، هێزەکانیان تیرۆریستێکی داعشیان دەستگیرکردوە و پاش لێکۆڵینەوە ڕادەستی دادگای ئەنبار دەکرێتەوە.  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی تیرۆریستێکی داعشی راگەیاند  دەشڵێت، شەوی 29-05-2023، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ئاسایشی شارەزوور دەستگیرکراوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتبارەکە ( ح ، ک ، أ )ـە و پاش لێکۆڵینەوەی لەگەڵیدا، رادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئەنبار دەکرێتەوە.  

هاوڵاتی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق ڕایدەیەنێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێم و پارێزگاکان بەیەکەوە لەڕوی هونەرییەوە ئەستەمە. لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبونەوەو بەگوێرەی راگەیێندراوی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنەکە رایگەیاندووە کە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەککاتدا بکەن. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، پەرلەمانی عێراق دەڵێت: چەند بابەتێکی تەکنیکی و بڕی ئەو پارەیەی پێویستە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گفتوگۆی لەسەر کرا. پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەربڕیوە و بەرنامەی کار و تۆماری بایۆمەتری و تۆماری هاوپەیمانان و کاندیدەکانی ڕونکردەوە و جەختی لەوەکردوەتەوە دەتوانێت لە 20ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدات. لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق داوای لە کۆمیسیۆن کردووە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەر لە 24 کاژێر لەدوای دەنگدان رابگەیێندرێن، هەروەها لەبارەی توانای کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەیەک کاتدا گفتوگۆیان کردووە کە کۆمیسیۆن ئەوەی رەتکردووەتەوە لە توانایدا بێت. رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2022، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2023 درێژكردەوە، لەكاتێكدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 كۆتایی هات. هاوکات دوێنێ 30ـى ئایارى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 12ـى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان  و رایگەیاند، تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ کۆتاییهاتنى خولى پێنجەم کۆتایی هاتووە و هەر بڕیارێک لە دواى کۆتاییهاتنى ئەو ماوەیەوە دەرکرابێت لە رووى دەستوورییەوە پووچەڵە. بەهۆی ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیشەوە شەش یاسای پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێنەوە : لێرە کلیک بکە بۆ خوێندنەوەیان

هاوڵاتی هاوسەرۆکى پێشوترى هەدەپە رایدەگەیەنێت؛ "لەم قۆناغەدا واز لە سیاسەتى چالاک دەهێنم و لە زیندان بەردەوام دەبم لە تێکۆشان . سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تویتێکدا وازهێنانى لە سیاسەتى چالاک راگەیاند ودەڵێت لە دوو پەرەگراف لە وتارەکەم کە سبەی لە تۆڕى هەواڵى (ئارتی گێرچەک) بڵاودەکرێتەوە، رونکردنەوەتان پێدەدەم." لە بەشێکى وتارەکەیدا کە بڕیارە سبەینێ بڵاوبکرێتەوە، دەمیرتاش دەڵێت: "بە ناوی خۆمەوە لە دڵەوە داوای لێبوردن دەکەم کە نەمتوانی سیاسەتێکی شایستەی گەلەکەمان بخەمەڕوو، بەڵێن دەدەم بە هەوڵە کردارییەکانی خۆم ئەو کەموکوڕییانە چارەسەر بکەم". دەمیرتاش دەشنوسێت،" سوپاس بۆ ڕەخنەی بنیاتنەرەکانتان بەرامبەر بە من. هەوڵ دەدەم سوود لەو ڕەخنانە وەربگرم. لە کاتێکدا کە وەک هەموو هاوڕێیانم لە زیندانەوە بە خۆڕاگری بەردەوامم لە خەبات، بەڵام لەم قۆناغەدا سیاسەتی چالاک بەجێدەهێڵم”. هەر لە تویتەکەدا دەمیرتاش ئاماژەى بەوەکردووەن سڵاوی هەڤاڵانەم بۆ هەمووتان دەنێرم خۆشەویستەکەم و بە حەسرەتەوە هەمووتان لە باوەش دەگرم. بەهیوای ئەوەی لە ڕۆژانی ئازاددا بتانبینم. لە سەرەتای مانگی یانزەی  2016، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتر و هەشت پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە دەستگیرکران و دەمیرتاش تاوەکو ئێستا لە زیندانە.

شەنای فاتیح پێشبینی دەكرێت گەنمی جووتیارانی هەرێم لەمساڵدا زیاتر لەملیۆنێك تۆن بێت و وەزارەتی كشتوكاڵیش رێككەوتنی لەگەڵ عێراق كردووە كەسەرجەم بەرهەمی گەنمی هەرێم وەربگرن. پاش ئەوەی بۆ ئەمساڵ بڕی ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم دیاریكرا كە لەجووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، ناڕەزایی بەشێك لەجووتیارانی لێكەوتەوە، لەئەنجامدا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم لەگەڵ عێراق گەیشتنە رێككەوتن پشكی هەرێمی كوردستان لەوەرگرتنی گەنم زیادبكرێت. پاش رێككەوتنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كێشەی جووتیارانی هەرێم چارەسەركراو بودجەی پێویست بۆ وەرگرتنی گەنم لەبەردەستدایەو بڕیاری ئەوە دراوە سەرجەم گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت. جووتیاران لەهەر جێیەكدا بن دەتوانن پشتگیری هۆبە كشتوكاڵیەكانی خۆیان وەربگرن و گەنم رادەستی سایلۆكان بكەن. هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «كێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران چارەسەر كراوە، رۆژی 31-5-2023  چوارشەممە كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدرێت و پێشنیاركراوە گەنم هاوشێوەی شارەكانی عێراق بەبێ پسوڵە فری بكرێت». وتیشی: «لەهەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ گەنم ئاستێكی زۆرباشی بەرهەمهێنانی تۆماركردووە بەهۆی لەباری كەشوهەواوە، نزیكەی چل هەزار جووتیار لەسەر رووبەری زیاتر لەدوو ملیۆن و نیو دۆنم زەوی كەپێشبینی دەكەین بەپێی ئەو ئامارانەی كە لەوەزارەتەوە وەرگیراوە ملیۆنێك و ٨٠٠ هەزار تۆن گەنم بەرهەمیان هەبێت». وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم پاڵپشتی جوتیاران دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمی دانەوێڵە «ئەو داتایانە داتای پێشبینیكراوی فەرمانگەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە،  مەرج نییە هەموو ئەو پێشبینییە راست بێت، چونكە كۆمەڵیك كورتهێنانی دیكە دروستدەبێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هەندێك لەجووتیارانیش نایانەوێت گەنمەكانیان رادەستی سایلۆكان بكەن و بۆ بابەتی دیكە بەكاریدەهێنن» هیوا عەلی وای وت. جەمیل حسێن تەمەن ٥٠ ساڵ، جووتیارێكی شاری هەڵەبجەیەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەشێوەیەكی گشتی وەك ساڵی رابردوو گەنممان چاندووە، چونكە لەهەمان زەوییەكانی پاردا گەنم دەچێنین و بەشێك لەگەنمەكان هێشتا دروێنە نەكراوە.»  وتیشی :» حەوت تۆن بنە تۆوم لەنزیكەی ٢٠٠ دۆنم زەویدا چاندووە، ئەگەر بێت و ئەو بڕیارە جێبەجێبكرێت كەسەرجەم گەنمی جووتیاران وەربگیرێت كارێكی باشە هاوكاریەكی باشی جووتیارانە». ماوەی سێ رۆژە زیاتر لە 10 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە، كە سێ هەزارو ٥٠٠ تۆن لەهەولێرو سێ هەزارو ٦٠٠ تۆن لەسلێمانی و چوار هەزارو ٩٨١ تۆنیش لەدهۆكە. ساڵی رابردوو لەهەرێمی كوردستاندا ٣٠٦ هەزارو ٤٦٨ تۆن گەنم لەجووتیاران وەرگیراوە، بەجۆرێك لەپارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن و لەسلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن و لەدهۆكیش 52 هەزارو 195 تۆن. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رێككەوتنی بۆ زیادكردنی پشكی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە رێككەوتنێكی گرنگ وەسفكرد كەپاڵپشتی جووتیاران دەكات بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمەی هەیانە ساغ بكرێتەوە لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە. هەر تۆنێك گەنم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان 500 هەزار تۆن بەرهەم رەوانەی بەغداد بكات، ئەوا پارەكەی دەکاتە 425 ملیار دینار ، بەڵام ئەگەر بڕی بەرهەمی گەنمی جووتیاران بگاتە یەك ملیۆن تۆن ئەوا پارەی گەنمی جووتیاران دەگاتە 850 ملیار دینار كەوەزارەتی كشتوكاڵ چاوەڕێی ئەوەیە سەرجەم بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەربگیرێت لەلایەن عێراقەوە. حكومەتی عێراق لەساڵی رابردوودا بڕی 900 هەزار تۆن گەنمی لەدەرەوەی وڵات كڕیوەو لەڕێگەی بەندەری بەسرەوە داخڵی عێراق كراوە. لەسەرتاسەری عێراقدا دوورینەوەی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە دەستیپێكردووەو وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەوەی ئاشكرا كردووە چاوەڕواندەكرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بگاتە چوار ملیۆن تۆن. لەهەرێمی كوردستاندا هەشت سایلۆ بوونیان هەیە كەچوار سایلۆیان لەپارێزگای سلێمانی و سێ سایلۆیان لەپارێزگای دهۆك و یەك سایلۆیان لەپارێزگای هەولێردایە، بێجگە لەوەی لەچەندین شوێن دیوارو شوێنی كۆكردنەوەی گەنم دروستكراوەو گەنم لەجووتیاران وەردەگیرێت. جووتیاران پێویستە ناویان هەبێت لەهۆبەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ تا لەو رێگەیەوە رێكارە كارگێڕییەكان ئەنجامبدەن. نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم ئەوەی راگەیاندووە كە 40 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران خراوەتەسەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم و دوای رادەستكردنی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە بەسایلۆكان ئەوا راستەوخۆ پارەی بەرهەمی گەنمەكە كە بۆ هەر تۆنێك 850 هەزار دینارە دەدرێتە جووتیاران.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ سیحر و جادو و فریودانی‌ هاوڵاتیان، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ ئەزمەڕ ژنێكی‌ تەمەن 79 ساڵیان دەستگیركرد. پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر سكاڵای‌ هاوڵاتییەك‌ و دوای‌ وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوەری‌ لێكۆڵینەوە، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ ئەزمەڕ تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هاوڵاتیانی‌ فریودابو كاری‌ سیحرو جادوی‌ ئەنجامدابو. پۆلیس دەڵێت:  له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنی تۆمەتبارەکەدا و دوای‌ پشكنینی‌ ماڵەکەى ده‌ستگیراوە به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی‌ زۆر نوشته‌دا . ئەوەشیخستەڕو، "تۆمەتبار (ف، ج، ع) تەمەن 79 ساڵ بەبڕیاری‌ دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023 لە پارێزگای دهۆک ژنێکی تەمەن 56 ساڵ دەستگیرکرا کە بە زیاتر لە 300 دۆلار نوشتەی کردووە. 

سازدانی: سەركۆ جەمال یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كەیەكێكە لەو كەسانەی سكاڵاكەی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرد، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەقۆناغێكی گرنگ لەبەرەو پێشچوونی پڕۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان لەقەڵەمدەدات. یوسف محەمەد باس لەوەشدەكات بەهۆی ئەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان كارا نەبووەتەوە، داوای كردووە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتوو لەهەرێمی كوردستان بكات، دەشڵێت بەپێی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، هەر بڕیارو یاسایەك دوای درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە 6-11-2022ـەوە لەپەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووبێت نایاسایی و نادەستوورییە. هاوڵاتی: دوای بڕیارەكە پێویستە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چی بكرێت؟ یوسف محەمەد: دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكەنەوە لەڕووی تەكنیكییەوە لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رێكبكەون، كەئەوان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكەن، تاوەكو ساڵی 2013 كەكۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان نەبووە، كۆمیسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەكانی لەهەرێمی كوردستانیش بەڕێوەبردووە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لەپێشی كارەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدایەو ئەگەر رێككەوتن بكرێت، دەتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنەدا بكرێت. هاوڵاتی: دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بەنادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان چی روودەدات؟ یوسف محەمەد: لەڕاستیدا بۆ لەمەودوا ئیتر دەبێت درێژكردنەوە كۆتایی پێهاتبێت كە لەساڵی 1995 ەوە پەنای بۆ دەبرێت و چەندین كێشەی دروستكردووە. هاوڵاتی: كەواتە ئەم كۆمسیۆنەش نایاساییە كەپەرلەمان دەنگیپێداوە؟ یوسف محەمەد: بەڵێ لەدوای شەشی 11ی ساڵی رابردووەوە پەرلەمانی كوردستان هەر پرۆژەیەكی دەركردبێت یاخود هەر رێكارێكی گرتبێتەبەر نایاساییە. هاوڵاتی: وردەكاری بڕیارەكە چییە ئایا دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش ئیتر نادەستورین؟ یوسف محەمەد: بەڵێ پەرلەمانی كوردستان ئیتر نادەستورییە، سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمیش دەگۆڕێت بۆ كاربەڕێكەر، ئەو وادەیەش بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوە بەمەرجێك كۆمسیۆنی عێراق بتوانێت جێبەجێی بكات هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت، واتە هەركاتێك كۆمسیۆنی عێراق بتوانێت هەڵبژاردنەكە ئەنجامبدات لەوكاتەدا دەبێت ئەنجامبدرێت، دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان رەوایەتییان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوەو  ئەوەشی رەوایەتییان بۆ دەگەڕێنێتەوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە. هاوڵاتی: هۆكاری داخستنی چەندین جاری دانیشتنەكان چی  بوون؟ دوای چەند جار بڕیاردرا؟ یوسف محەمەد: كەیسێكی ئاڵۆزبوو بەڕاستی و كێشەی زۆری تێدابوو، فشاری زۆریش لەسەر دادگای باڵای فیدراڵی هەبوو، بۆیە پێویستی بەكاتی زیاتر هەبوو بۆ بڕیاردان. هاوڵاتی: ئەگەر هەرێمی كوردستان بەبڕیارەكەوە پابەند نەبێت چی روودەدات؟ یوسف محەمەد: ئەگەر پێوەی پابەندنەبن كێشەی گەورە دروستدەبێت، دامەزراوەكانی هەرێم هیچ شەرعیەتێكیان نامێنێـت. هاوڵاتی: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق چی كاریگەرییەكی لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان دەبێت؟ یوسف محەمەد: ئەم بڕیارە دوو خاڵی گرنگی تێدایە، یەكەم ئەوەی كەدرێژكردنەوە نادەستورییەو پێویستیش دەكات شەرعیەت بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، خاڵی دووەمیش ئەوەیە كەپێویستە دوای بڕیارەكە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت. هاوڵاتی: پێشتر كەوادەی پەرلەمان درێژدەكرایەوە بۆچی دادگای فیدراڵی بڕیاری لەو شێوەیەی دەرنەدەكرد؟ یوسف محەمەد: پەیوەندی بەوەوە هەیە كەپێشتر كەس نەبووە سكاڵا تۆماربكات، پێشتریش كەس بەرچاوڕوونی نەبووە كەپێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی سكاڵا تۆماربكرێت، چونكە پێویستی بەوردبوونەوەی زۆرو پارێزەرە، پێش ئەوەی سكاڵا تۆمار بكەین زانیاریمان لەوبارەیەوە كۆكردووەتەوە ئەم بڕیارەش دوای نۆ جار لەدواخستن هات. هاوڵاتی: لەمەودوا تاچەند حكومەتی فیدراڵ دەستكراوە دەبێت دژ بەهەرێمی كوردستان؟ یوسف محەمەد: دژ بەهەرێمی كوردستان نا بەڵام دژ بەو لایەنانەی كەماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكانیان درێژكردووەتەوە دەستكراوە دەبێت و بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدراڵییە كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بەهەند وەربگرن و جگە لەو بڕیارەش هەر رێوشوێنێكی دیكە بگیرێتەبەر شەرعی نابێت. رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2022، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2023 درێژكردەوە، لەكاتێكدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 كۆتایی هات.

هاوڵاتی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاسا‌و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون. رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2022، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2023 درێژكردەوە، لەكاتێكدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 كۆتایی هات. 1-   بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بەكاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەهەرێمی كوردستان 2-   یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لەهەرێمی كوردستان-عێراق 3-   یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008 4-   یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای رێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی‌و بێلانەكان 5-   یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردن‌و هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی‌و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لەهەرێمی كوردستان-عێراق 6-      یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان-عێراق

هاوڵاتی هەدەکە، کەجەدە، هەدەپە، دەبەپە و پارتی چەپی سەوز ئەنجامی یەکەم کۆبونەوەی خۆیان دوای هەڵبژاردن، ئاشکرا کرد. هاوسەرۆک و هاووتەبێژانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (کەجەدە)، کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (هەدەکە)، پارتی هەرێمەکانی دیموکراتی (دەبەپە)، پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبسەنگێنن و نەخشەڕێگەی قۆناغی نوێ دیاری بکەن، کۆبونەوە. دوای کۆبونەوەکە لایەنەکان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و وتیان، " پێویستە بێمۆڕاڵ و چاوترسێن نەبین. لە ئاییندەدا قۆناغی نوێ، بۆ پێکهاتەکانمان و دەزگاکانمان و گەلەکەمان بە فراوانی شیدەکەینەوە. دۆخەکە لەبەرچاو دەگرین. لەدژی ئەم رژێمەی دوژمنی رەنج، ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، سروشت، گەنج و ژیانە، هەنگاوێکیش بەرەو دواوە نانێین. پێویستە کەس گۆمانی نەبێت و بێگۆمان تێکۆشانمان فراوانتر دەکەین." پارتی چەپی و سەوز و هاوپەیمانەکانی لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا، ٦١ کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێنابوو. لەلایەکی دیکەوە، پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) کە هاوپەیمانی پارتی چەپی سەوزە ٤ کورسی بە دەست هێنا.

هاوڵاتی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "داوا لە هەموو لایەنەکان و هاووڵاتیانی کوردستان دەکەین، هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و رێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد." مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "لای هەمولایەک ئاشکرایە پارتی کە لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەمو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جددی لێکردن بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریکراو". ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستاش ناگەڕێینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بە خەمەوەبونمان بۆ پڕۆسەکە، بەڵکو داوا لە هەمو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد". وتەبێژی پارتی دەڵێت، "داوا لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، ئەوەی بۆ پارتی گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە".  

هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەڵێت، ئامادەن گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک و سەبارەت بە پاشەکەوتی موچەش ڕایگەیاند، "هۆکاری سەرەکیی پاشەکەوتکردنی موچە بەغدا بوە و حکومەتی هەرێم نەبوە بۆ دانەوەشی پێویستمان بە بڕیاری بەغدا نیە". مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی شیرەمەنیی زۆم لە گوندی ژاژۆک-ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر،وتی "گرنگیدان بە کشتوکاڵ لە بەرنامەی کابینەی حکومەتدا پێموایە دیارە و ئێمە گرنگییەکی زۆرمان پێداوە" لەبارەی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، سەرۆکی حکومەت وتی، "ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و لەگەڵ سەرۆک وەزیران کرد بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی ماون لە نێوان بەغدا و هەولێر بێنە چارەسەر کردن، هەندێک لەوانە لەسەر نەوت و غاز و لەسەر بودجە و بابەتی ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئێمە گەیشتینە چەندین ڕێککەوتن، بەڵام بەداخەوە دیسان چەندین بابەتی دیکەی یاساییان هێنایە پێش و بەربەستیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دروستکرد". ئەوەشی خستەڕو، "پێش چەند ڕۆژێکیش چەند کەسێک لە لیژنەی دارایی هەندێک خاڵیان هێناوەتە پێش کە بەحەقیقەت ئەگەر جێبەجێ بکرێن، زەرەر و زیانێکی زۆر گەورە بە خەڵکی کوردستان دەکەوێت، ئەو خاڵانەش دەستوری نین و بەشێکیش نین لەو ڕێککەوتنەی کە ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەمانە". پەیوەست بە پاشەکەوتی موچە وتی، "بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیووە، بۆیە هەرێم ناچار بووە هەندێك پارەی قەرز كردووە یانیش چەندین جاریش نەیانتوانیوە مووچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە، هەموو مووچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە رەنگە مانگێك دواكەوتبین بەڵام هەموو مووچەكانمان داوە، سەرەڕای ئەوەش، ئەو پاشەكەوتی مووچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی مووچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە". رونیشیکردەوە، "پێویستە ئەو پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت تاوەکو ئەو پاشەکەوتی موچەیە جارێکی دیکە بۆ خەڵک خەرج بکرێت، ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە ئەو پارەیە لە بەشی هەرێمی کوردستانەوە بدرێت، پێویستیم نە بە بڕیاری حکومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیکەش هەیە".    

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیای راگەیاند کە 14ی ئایار بەڕێوەچووبوو. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کورسی لایەنەکان لە پەرلەمانی تورکیادا بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٢٦٨ کورسی پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە) ١٦٩ پارتی چەپی سەوز ( یەسەپە) ٦١ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٥٠ پارتی باش (ئیی پارتی) ٤٣ پارتی رەفاحی نوێ ٥ پارتی کرێکارانی تورکیا ٥ لەنێو پێکهاتەی فراکسیۆنی ئاکەپەدا، ٤ پەرلەمانتاری هوداپار هەیە کە پارتەکە درێژکراوەی حزبوڵای تورکیایە و لە ساڵانی نەوەتەکاندا، دەستیان لە کوشتنی هەزاران هاوڵاتی کوردی باکوری کوردستاندا هەیە. لەلایەکی دیکەوە لەنێو پێکهاتەی فراکسینی جەهەپەدا، ١٥ پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و پێشەکوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتی تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ و ٣ پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی گولتەکین ئویساڵ هەن.