هاوڵاتی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاساو بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون. رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2022، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2023 درێژكردەوە، لەكاتێكدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 كۆتایی هات. 1- بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بەكاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی لەهەرێمی كوردستان 2- یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لەهەرێمی كوردستان-عێراق 3- یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008 4- یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای رێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵیو بێلانەكان 5- یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردنو هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنیو مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لەهەرێمی كوردستان-عێراق 6- یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان-عێراق
هاوڵاتی هەدەکە، کەجەدە، هەدەپە، دەبەپە و پارتی چەپی سەوز ئەنجامی یەکەم کۆبونەوەی خۆیان دوای هەڵبژاردن، ئاشکرا کرد. هاوسەرۆک و هاووتەبێژانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (کەجەدە)، کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (هەدەکە)، پارتی هەرێمەکانی دیموکراتی (دەبەپە)، پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبسەنگێنن و نەخشەڕێگەی قۆناغی نوێ دیاری بکەن، کۆبونەوە. دوای کۆبونەوەکە لایەنەکان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و وتیان، " پێویستە بێمۆڕاڵ و چاوترسێن نەبین. لە ئاییندەدا قۆناغی نوێ، بۆ پێکهاتەکانمان و دەزگاکانمان و گەلەکەمان بە فراوانی شیدەکەینەوە. دۆخەکە لەبەرچاو دەگرین. لەدژی ئەم رژێمەی دوژمنی رەنج، ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، سروشت، گەنج و ژیانە، هەنگاوێکیش بەرەو دواوە نانێین. پێویستە کەس گۆمانی نەبێت و بێگۆمان تێکۆشانمان فراوانتر دەکەین." پارتی چەپی و سەوز و هاوپەیمانەکانی لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا، ٦١ کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێنابوو. لەلایەکی دیکەوە، پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) کە هاوپەیمانی پارتی چەپی سەوزە ٤ کورسی بە دەست هێنا.
هاوڵاتی لهبارهی بڕیارهكهی دادگای فیدراڵی عێراق، گوتهبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنهوهیهكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه: "داوا لە هەموو لایەنەکان و هاووڵاتیانی کوردستان دەکەین، هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و رێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد." مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "لای هەمولایەک ئاشکرایە پارتی کە لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەمو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جددی لێکردن بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریکراو". ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستاش ناگەڕێینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بە خەمەوەبونمان بۆ پڕۆسەکە، بەڵکو داوا لە هەمو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد". وتەبێژی پارتی دەڵێت، "داوا لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، ئەوەی بۆ پارتی گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە".
هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەڵێت، ئامادەن گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک و سەبارەت بە پاشەکەوتی موچەش ڕایگەیاند، "هۆکاری سەرەکیی پاشەکەوتکردنی موچە بەغدا بوە و حکومەتی هەرێم نەبوە بۆ دانەوەشی پێویستمان بە بڕیاری بەغدا نیە". مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی شیرەمەنیی زۆم لە گوندی ژاژۆک-ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر،وتی "گرنگیدان بە کشتوکاڵ لە بەرنامەی کابینەی حکومەتدا پێموایە دیارە و ئێمە گرنگییەکی زۆرمان پێداوە" لەبارەی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، سەرۆکی حکومەت وتی، "ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و لەگەڵ سەرۆک وەزیران کرد بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی ماون لە نێوان بەغدا و هەولێر بێنە چارەسەر کردن، هەندێک لەوانە لەسەر نەوت و غاز و لەسەر بودجە و بابەتی ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئێمە گەیشتینە چەندین ڕێککەوتن، بەڵام بەداخەوە دیسان چەندین بابەتی دیکەی یاساییان هێنایە پێش و بەربەستیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دروستکرد". ئەوەشی خستەڕو، "پێش چەند ڕۆژێکیش چەند کەسێک لە لیژنەی دارایی هەندێک خاڵیان هێناوەتە پێش کە بەحەقیقەت ئەگەر جێبەجێ بکرێن، زەرەر و زیانێکی زۆر گەورە بە خەڵکی کوردستان دەکەوێت، ئەو خاڵانەش دەستوری نین و بەشێکیش نین لەو ڕێککەوتنەی کە ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەمانە". پەیوەست بە پاشەکەوتی موچە وتی، "بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیووە، بۆیە هەرێم ناچار بووە هەندێك پارەی قەرز كردووە یانیش چەندین جاریش نەیانتوانیوە مووچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە، هەموو مووچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە رەنگە مانگێك دواكەوتبین بەڵام هەموو مووچەكانمان داوە، سەرەڕای ئەوەش، ئەو پاشەكەوتی مووچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی مووچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە". رونیشیکردەوە، "پێویستە ئەو پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت تاوەکو ئەو پاشەکەوتی موچەیە جارێکی دیکە بۆ خەڵک خەرج بکرێت، ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە ئەو پارەیە لە بەشی هەرێمی کوردستانەوە بدرێت، پێویستیم نە بە بڕیاری حکومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیکەش هەیە".
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیای راگەیاند کە 14ی ئایار بەڕێوەچووبوو. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کورسی لایەنەکان لە پەرلەمانی تورکیادا بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٢٦٨ کورسی پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە) ١٦٩ پارتی چەپی سەوز ( یەسەپە) ٦١ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٥٠ پارتی باش (ئیی پارتی) ٤٣ پارتی رەفاحی نوێ ٥ پارتی کرێکارانی تورکیا ٥ لەنێو پێکهاتەی فراکسیۆنی ئاکەپەدا، ٤ پەرلەمانتاری هوداپار هەیە کە پارتەکە درێژکراوەی حزبوڵای تورکیایە و لە ساڵانی نەوەتەکاندا، دەستیان لە کوشتنی هەزاران هاوڵاتی کوردی باکوری کوردستاندا هەیە. لەلایەکی دیکەوە لەنێو پێکهاتەی فراکسینی جەهەپەدا، ١٥ پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و پێشەکوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتی تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ و ٣ پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی گولتەکین ئویساڵ هەن.
هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوای سێجار لەدواخستن، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوەوەو بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە. ئەمڕۆ سێشەممە، 30-05-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد، یەکێک لەوانە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو، پاش سێجار لەدواخستنی دانیشتنەكە، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە. رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات. سکاڵاکە بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکەشکراوە، دوای ئەوەی لەگەڵ سێ سکاڵای دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کرابوون. لەو سکاڵایەدا سكاڵاكار داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی ناکۆکبوونی لەگەڵ هەردوو مادەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: "مافی دەستووری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."
هاوڵاتی هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەگەر پێشنیازی گەڕانەوەی پاشەكەوت كراوە، با پارەی بۆ تەرخانبكرێت" و دەشڵێت "بەپێی یاسای بودجە هیچ بڕە پارەیەک خەرج ناکرێت، ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەکیش لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساکەدا نەهاتبێت. وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم رەخنە لەدەستكاریكردنی رێكەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا لە لیژنەی دارایی دەگرێت و راشیدەگەیەنێت، پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بەناچاری و بەهۆی قەیرانی داراییەوە بو، ئێستاش ئەگەر پێشنیازكراوە پاشەكەوت بگەڕێندرێتەوە با پارەی بۆ تەرخانبكرێت. هونەر جەمال باسی لەوەشكرد، بەپێی یاسای بودجە، هیچ بڕە پارەیەك خەرج ناكرێت، ئەگەر تەرخانكراوی بۆ دیارینەكرێت و هیچ گواستنەوەی پارەش لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساكەدا نەهاتبێت، ئەمەش لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیركراوە و لە هەمو ساڵانی رابردوشدا هەر بەمجۆرە بوە" ئەوەشی رونكردەوە، " ئەو رێژەی 10%یەی پاشەكەوتی مانگانەی موچەی فەرمانبەران كە باسدەكرێت، مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 90 ملیار دینار و ساڵانەش پێویستی بە زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارە، ئەم بڕە پارەیە چۆن دابین دەكرێت با پێمان بڵێن، بەدڵنیاییشەوە بەغدا پارەمان بۆ تەرخان بكەن، نەك 10%بەڵكو 30%ی پاشەكەوتی موچە دەدەینەوە". ئەو وتەبێژە وتیشی "ئەگەر پێشنیازی پێدانەوەی پاشەكەوتی موچە جێگیركراوە لەناو پرۆژەیاسای بودجە، سوپاستان دەكەین، بەڵام فەرمون پارەی بۆ تەرخان بكەن. با رێژەی 10% نەبێت و رێژەی 30% بێت، بۆئەوەی بتوانین لە زوترینكاتدا پاشەوكەوتی موچە بدەینەوە موچەخۆران".
هاوڵاتی ئەردۆغان لەگەڵ وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ محەمەد شیمشەک وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووەتەوە و هەرچەندە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە، هیچ زانیاریەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەگوترێت کە ئەردۆغان ئامادەکاری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. لە کاتێکدا کە تورکیا لەنێو قەیرانێکی گەورەی ئابوریدایە، داوا کە محەمەد شیمشەک دەکرێت ببێتە وەزیری ئابوری. بەر لە هەڵبژاردنەکانیش ئەردۆغان لەگەڵ شیمشەک کۆببووە. هەروەها باسی ئەوە دەکرێت کە ئەردۆغان رۆژی هەینی یان شەممە کابینەی نوێی حکومەت ئاشکرا دەکات و گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە کابینەکەی پێشوودا ئەنجام دەدات. بەگوێرەی زانیاریەکانی میدیاکانی تورکیا، چاوەڕێ دەکرێت، ئەردۆغان هاکان فیدان کە ١٣ ساڵە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیایە (میت) بکاتە وەزیری ناوخۆ و ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆککۆماریش بکاتە وەزیری دەرەوە. هەروەها دەوترێت ئەردۆغان بەنیازە، وەزیری بەرگری، بەڕێوەبەری دەستەی ئاسایشی نیشتیمان و وەزیری وزە گۆڕێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا لەکاتێکدایە کە رێژەی بێکاری ١٠٪ی تێپەڕاندووە، هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆپۆزسیۆن رێژەی هەڵاوسانیش ١٠٥٪ـە. هەروەها رێژەی هەژاریش لەخوار ١٢ هەزار لیرە تۆمار کراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە موچەی کارمەندێکی ئاسایی حکومەتی ناگاتە ١٠ هەزار لیرە. هەروەها بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تورکیا ٢٣٠ ملیار دۆلار قەرزارە و بۆیەش ئەردۆغان لە هەنگاوی یەکەمدا، دەستی بۆ بواری ئابوری بردووە و دەیەوێت محەمەد شیمشەک کە کوردێکی شاری وان باکوری کوردستانە، لە بوژاندنەوەی ئابوری تورکیادا هاوکاری بکات.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سێ داواکراویان دەستگیرکرد کە کەسیان کوشتوە و لەئێستاشدا لێۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت. دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ، لە بازگەی (بانیمەقان) سێ داواکراوی بەڕەگەز عەرەبیان دەستگیرکرد کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوبون بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە تۆمەتباران لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی ( 6 ) کەسیان کوشتوە و هەڵاتون و ویستویانە بە ناسنامەى ساختەوە بێنە هەرێمى کوردستان و لە ئێستادا بەپێى ماددەکانى 289 و 298 لە یاساى سزادانى عێراقى راگیراون و رادەستى دادگاى تایبەتمەند دەکرێن. بەپێى زانیارییەکانى دەزگاى ئاسایشى هەرێم ئەو کەسانەى دەستگیر کراون تەمەنیان 23 ساڵ و 28 ساڵ و 61 ساڵن و دانیشتوى پارێزگاى ناسریەى عێراقن.
هاوڵاتی جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداریی دەدات لەوەی ئۆباڵی ئافات و گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێک لە سلێمانی، لە ئەستۆی بانکی هەرێمە و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن، دەشڵێت: ئەو بانکە نازانێت جیاوازی ناکات لە نێوان کەرتی تەندروستی و گەشتوگوزاردا. د.هێرش سەید سەلیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "لە ماوەی شەش مانگ لە کۆی 30 ملیار دینار کە پێویست بو، بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بکات، تەنها پێنج ملیار کە بەشی تەنها مانگێکە خەرجیکردوە، بۆیە نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەگەر ببێتە هۆکاری ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش ئۆباڵەکەی ئەخەینە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە". ئاماژەی بەوەشکردوە، بانکی هەرێم نەیتوانیوە و نەیزانیوە تەنانەت جیاوازی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاخود دەستەی گەشتوگوزاردا بكات و هاوشێوەی تەندروستی پارەی بۆ دابین كردوە بێ ئاگا لەوەی لە ئێستادا چارەسەری نەخۆش لەپێشینەی هەمو پرسەكانی ترە و پێویستی بە هاوكاری زیاتر لەو بڕە پارەیەشە كە بۆی دانراوە ئەمە لەكاتێكدا ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابین كردنی پارەی پێویستی خستۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم و بانكەكانی سلێمانی .
هاوڵاتی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجە و یەکلاکردنەوەی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد لە کۆبوونەوەدایە و دواپێشھاتەکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە و ناکۆکییەکان لەسەر ماددەکانی ( ١٣ و ١٤)کە پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. ھاوکات مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، یەکێتی بە پاڵپشتی ئەوان بڕگەی گەڕاندنەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی ناچاریی مووچەی فەرمانبەرانی زیادکردووە، بەڵام پارتی داوای لابردنی ئەو ماددەیەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە، کە رەنگە ھێزە سیاسییەکان وەڵامی داواکەی پارتی بدەنەوە. هەروەها سالم عەنبەکی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە چاوەڕێی وەڵامی کوردە.
هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، پەلە بکات لەدیارکیردنی رۆژێک بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و راشیدەگەیەنێت، "ئەم یاسایە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە کە پەیوەندی بە بەهێزی گەلی عێراق و کاریگەرییە ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە". عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە: دوای گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ پێگەیشتن بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و مافەکانی خەڵکی ئازیزمان مسۆگەر بکەین، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بەپەلە بڕیاری دانیشتنی دەنگدان لەسەر یاساکە بدات لەم هەفتەیەدا." ئاماژەی بەوەشکردوە، "جەختکردنەوەمان لەسەر گرنگی خێراکردنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی لە پێناو دەستپێکردنی پلانی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری، بەردەوامبونی چاکسازی ئابوری، گرنگیدان بە پڕۆژە لەپێشینەکان بەتایبەتی تەندروستی، نیشتەجێبون، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەتە". سەرۆکی لیژنەی دارای ڕاشیگەیاند، "داوا لە دەستی هێزە سیاسییەکان دەکەین بەسەر جیاوازییەکانیاندا زاڵ بن و بە ڕۆحێکی نیشتمانی کاربکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی لەلایەن پەرلەمان و نوێنەرانی خەڵکەوە دراوە بۆ خزمەتکردنی وڵات ."
هاوڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا 667 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکراون. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دامەزراوەکانیان 667 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکردووە . هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر 45 کیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر، پێنج سەد و 30 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن، دوو هەزار و 774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 کیلۆگرام دەرمانچا، کە تێکەڵ کراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، لەو ژمارەیەی کە دەستگیرکراون، 285 کەسیان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان گەورە بازرگانن دەشڵێت،سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیرکراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر کراون.
هاوڵاتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان و هەر جوتیارێك چەند بەرهەمی هەبێت دەتوانێت ڕادەستی بکات. بێگەرد تاڵەبانی ئەمڕۆ دوشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "بۆ لەمەودوا وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان، جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان راستەوخۆ بەرهەمەکانیان تەسلیمی سایلۆکان بکەن، بەپێی ئەو پشتیگریەی لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیان دەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردرا بە کردنەوەی دەروازەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق بەرووی هەناردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان. ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو د. حەیدەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق وتى: لە ئێستادا بڕیار دراوە 375 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێت، ئەگەر ئەو بڕە وەرگیرا و بەرهەمەکان زیادتر بون ئەوا بە دڵنیاییەوە بڕى وەرگرتنەکە زیاد دەکەن و هەوڵدەدەن تەواوى بەرهەمى جوتیارانى هەرێمى کودستان بۆ ئەمساڵ وەربگرین. وتیشی، "جوتیار لەگەڵ رادەستکردنی گەنمەکەی پارەکەی رادەست دەکرێت و دەوامی سایلۆکانیش تاوەکو کاتژمێر 10:00ی شەو بەردەوام دەبێت لەسەرجەم پارێزگاکاندا بۆ ئەوەی خاوەن بارهەڵگرەکان بۆماوەیەکی درێژ نەمێننەوە".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەزۆری هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بونى تۆز و خۆڵێکی سوک و سبەینێش تاوەباران و بروسکەی کورت خایەن لەناوچە جیاجیاکان بەتایبەتی لەناوچە شاخاویەکانی باکور و رۆژهەڵات. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بە زۆری هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بوونى تۆز و خۆڵێکی سووک، هەروەها بوونی بروسکە و تاوە بارانی کورت خایەن لە ناوچە جیاجیاکاندا و لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم و شاری دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی باکوور کاریگەری زیاتر دەبێت. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی سێشەممە ئاسمان هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ تاوە باران و بروسکەی کورت خایەن لە ناوچە جیاجیاکان، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و خۆرهەڵات، هەروەها بەردەوامی تۆز و خۆڵ لە زۆربەی کاتەکاندا. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 34 پلەى سیلیزى سلێمانی: 33 پلەى سیلیزى دهۆک: 32 پلەى سیلیزى کەرکووک: 36 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 34 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 22 پلەى سیلیزى زاخۆ : 33 پلەى سیلیزى سۆران: 30 پلەى سیلیزى گەرمیان: 39 پلەى سیلیزى
