هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێم وەڵامی بەغداد دەداتەوە و دەڵێت: "دەبوو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەکانیان وەرگرتبا". پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری وت: "٩٠٦ ملیار دینارمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستە و نەدەبوو حکومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکات". لەبارەی ئەو 500 ملیار دینارەی کە بۆ سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی فیدڕاڵی چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردوە، هەروەها نەشیانوتوە بۆ ئەو چەند مانگە هەقی هەرێمی کوردستان چەند بوە". ونیشیکردەوە: "هیواخوازین بە هەرجۆرێک بێت، پێداچوونەوە بەو ژمارانە بکرێت کە باس دەکرێن و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەش بکرێت کە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەدرێن". حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی حکومەتی فیدراڵی لەبارەی داهاتە نەوتی و ناونەتییەکان داوەتەوە و لە بەرانبەر ورووژاندنی هەر پرسیارێکی دیکەش، وتەبێژی حکومەت دەڵێت: "کات کوشتنە".
هاوڵاتی بەرپرسێکی ئیدارەی مەدەنی لە مەنبەج رایگەیاند، زیاتر لە 500 خێزان لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا وچەکدارەکانی ئاوارەبوون و بەشێکیان لە چادردان و ئەوانی دیکە بەسەر گەڕەکەکاندا دابەشکراون. ئەسما رمۆ، هاوسەرۆکی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئیدارەی شارەکە لە مەنبەج رایگەیاند، هێرش و بۆردومانە توندوتیژەکان بۆ سەر گوندەکانی مەنبیج لەلایەن تورکیاوە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 524 خێزان لە گوندەکانی هێڵی بەرکەوتن. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی شارەکە کامپێکی دامەزراندووە کە 44 چادر لەخۆدەگرێت لە باکووری شارەکە و ئەم چادرانە 117 خێزانیان لەخۆگرتووە، لەکاتێکدا خێزانەکانی دیکە بەناو گەڕەکەکانی شارەکەدا دابەشکراون. ناوبراو ئاماژەی بە توانا لاوازەکانی ئیدارەی مەدەنی کرد لە مەنبەج، کە کاریان بۆ دەستەبەرکردنی چادرەکان کردووە، هاوکات کۆمەڵەیەکی خێرخوازیی خۆراکیان بۆ خێزانەکان دابین کردووە، ئاماژەی بە شکستی رێکخراوە مرۆییەکان کرد لە پێشکەشکردنی هاوکاریەکاندا. رمۆ هۆشداری دا لە زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان لە گوندەکانی هێڵی بەرکەوتن لە مەنبیجەوە، بەهۆی پەرەسەندنە توندوتیژیەکانی تورکیاوە. هێرشکردنە سەر مەنبەیج هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور . جێگەیباسە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 1ی ئەیلول، لە هێرشێکی تورکیادا بۆ سەر گوندەکانی مەنبیج لە باکووری سوریا پێنج منداڵ گیانیان لەدەستدا ورۆژی دواتر ژنێک گیانیلەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئێران له عێراق رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ڕێككه‌وتنی ئه‌منیی نێوان عێراق و ئێرانه، دڵنیاییشیدا هه‌رگیز ڕێگه ناده‌ن هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئه‌منی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامیی ئێران دروست ببێت. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له محه‌مه‌د كازم ئال سادق، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە نێچيرڤان بارزانى باسى له بايه‌خى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران وه‌ك دراوسێيه‌كى گرنگى هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێرانه، هه‌روه‌ها دڵنيايى دا كه هه‌رگيز ڕێگه ناده‌ن هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ئه‌منى له هه‌رێمى كوردستانه‌وه بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران دروست ببێت. هاوکات ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: 19ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ چەک داماڵین و دەرکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانە لە هەرێمی کوردستان و ئەو کاتەش درێژناکرێتەوە. لە درێژەی قسەکانیدا کەنعانی دەڵێت: حکومەتی عێراق دەستیکردوە بە جێبەجێکردنی چەند ڕێکارێك و هیوادارین ئەو هێزانە لە سنورەکانی نزیك ئێران دوربخرێنەوە. لە مانگی ڕابردودا، حکومەتی ئێران 19ی ئەم مانگەی بۆ چەک داماڵینی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دانا.
هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی چه‌مچه‌ماڵ هۆشدارییەک دەدات بە هاوڵاتیان و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە پزیشکەکان بایکۆتیان کردووە، لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت سەردانی نەخۆشخانەکان نەکەن. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکە لە راگەیاندراوەکەدا دەڵێت، "ئاگاداری سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ده‌كه‌ینه‌وه له‌ئێستادا به‌هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌كانیانه‌وه پزیشكانی مقیم و تترج له‌ناو سه‌نته‌ری فریاكه‌وتنی چه‌مچه‌ماڵ و نه‌خۆشخانه و ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان بایكۆتی ده‌وامیان كرده‌ووە،" بۆیە لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت سەردانی نەخۆشخانەکان مەکەن. تا ئێستا بەشێك لە فەرمانگەکانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کردووە و مامۆستایانی سنوری سلێمانیش بایکۆتیان راگەیاندووە. هاوکات پزیشکانی سنوری سلێمانیش تا رۆژی چوارشەممەیان وەک دوا مۆڵەت دیاریکردووە بۆ حکومەتی هەرێم و عێراق کە کێشەی موچە چارەسەر بکەن، ئەگەرنا وەک خۆیان دەڵێن، "دەوام ناکەین و نەخۆشخانەکان دادەخەین." فەرمانبەرانی هەرێم تا ئێستا موچەی مانگی تەمموز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمیش هیچ وادەیەکی دیارینەکردووە بۆ پێدانی موچە. حکومەتی هەرێم تا ئێستا بڕیارینەداوە کە 500 ملیار دینارەکەی بەغدا وەربگرێت کە بەو بڕە پارەیە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانێت موچە دابەش بکات و تەنها 100 ملیار کورتهێنانی دەبێت.
هاوڵاتی شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری دووه‌می سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی پارتی رایگەیاند لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئاگادارکردووەتەوە کە مۆڵەتی تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەدەن بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و لەدوای ئەو وادەیە بژاردەی تر دەبێت لەبەردەم نوێنەرانی کورد لە بەغدا. شاخه‌وان عه‌بدوڵا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "دوێنێ له‌گه‌ڵ زۆرێك له هێزه سیاسییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش باسم له‌وه كرد ئێمه وه‌كو نوێنه‌رانی كورد تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته راده‌وه‌ستین بۆ چاره‌سه‌ركردن و ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌دوای ئه‌وه هه‌مو ئه‌و رێكارانه‌ی پێویسته له‌سه‌رمان ده‌یگرینه‌به‌رو سه‌رجه‌م بژارده‌كان له‌به‌رده‌م نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان كراوه‌ن". شاخەوان عەبدوڵا باس لەوە دەکات کە "له‌رۆژی شه‌مه‌ی رابردو له‌یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان له‌گه‌ل خوشك و برایانم له فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان جگه له نه‌وه‌ی نوێ بریارماندا كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو بگرینه‌به‌ر بۆ دابینكردنی موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و دانانی سنورێك بۆ برسیكردنی خه‌ڵك". جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت، "هه‌نگاوی یه‌كه‌م كێشه‌كه‌مان رۆژی شه‌ممه برده په‌رله‌مان و هاوسۆزییه‌ك دروستبو كۆمه‌ڵیك بریاردران، هه‌روه‌ها هه‌مان رۆژ ئێواره‌كه‌ی و له كۆبونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ فوئاد حسێن به‌رونی داوامان كرد ده‌بێت سنورێك بۆ نه‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دابنرێت، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رجه‌م پابه‌ندییه‌كانی خۆی جێبه‌جێكردوه و بریاردرا رێگه چاره‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه".
هاوڵاتی ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەردانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی پەیوەندی بە لایەنی ئەمنییەوە نییە و "لەچوارچێوەی هاوکاری دوو لایەنەی کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستاندایە." ئێران تا 19ی ئەم مانگەی دیاریکردووە بۆ عێراق کە چەک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دابماڵێت و دەشڵێت، ئەو وادەیەی دایریکراوە لەگەڵ حکومەتی عێراقی درێژی ناکەنەوە. سەبارەت بەم پرسە و پەیوەندی بە سەردانی بافڵ تالەبانییەوە بۆ ئێران، ناسر کەنعانی وتی، سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ تاران "لە چوارچێوەی گفتوگۆ و هاوکاری ئەرێنیی دوو لایەنەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراقدایە و هیچ پەیوەندیی بە وادەی دیاریکراو و قسەکردن لەسەر درێژکردنەوەی کاتی دیاریکراوەوە نییە." ناسر کەنعانی وتیشی، "حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا هەندێک هەنگاوی باشی ناوە و جەختی لەسەر پابەندی خۆی بەو رێککەوتنەوە کردووەتەوە." حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەم هەڵمەتەی ئێران بۆ ئەوەیە خۆپیشاندان لە ئێران دەستپێنەکاتەوە لەکاتی نزیکبوونەوەی ساڵیادی ژینا ئەمینی و دەشڵێن، "چەک دانان لای ئێمە هێڵی سوورە."
هاوڵاتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەهۆکارێکی نادیار و بەبێ هیچ تۆمەتێک 35 کەسیان لە رێکخراوێکی ژینگەیی شاری مەریوانی ئێران دەستگیرکرد. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 10ی ئەیلوولی 2023، 35 کەس لە ئەندامانی چیای سەوزی مەریوان لە کاتی کۆبونەوەی ئەنجومەنەکەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون. یەکێک لە ئەندامانی چیای سەوزی مەریوان لەمبارەیەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەن دەربارەی کار و چالاکییەکانمان، ژینگە و کوژاندنەوەی ئاگرەکان و بەرینی ئاگرەکان بەڕێوەچوو. لە کاتی کۆبوونەوەکەدا هێزە ئەمنییەکان بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆبوونەوەکە و 35 کەسیان دەستگیرکردووە." ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان دەشڵێت، دەست بە سەر مۆبایلی کەسەکاندا گیراوە و ژمارەی ئۆتۆمبیلەکانیان لێکراوەتەوە، دواتریش 32 کەس لە دەستگیرکراوەکان دوای ماوەیەک دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە، کاتژمیر 2ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ئازاد کراون، بەڵام سێ کەس لە ئەندامانی چیا بە ناوەکانی مادێح خۆشنەواز، کاوە کەریمیان، کاوە دەستان هێشتا دەستبەسەرن. ئەم ئەندامەی چیا رەتی کردەوە کە کۆبوونەوەی ئەوان هیچ مەبەستێکی سیاسی لە پشت بووبێت و کۆبوونەوەکەی وەک کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەن ناوبرد بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی خۆیان. چالاکێکی مەدەنی شاری مەریوان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بۆ هاوڵاتی وتی کە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە پەیوەندی بە نزیکبونەوەی یەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە هەیە. "ئەنجومەنی سەوزی چیا چەند ساڵە لە بواری ژینگە کار دەکات، کاری ئەوان خزمەتە بە ژینگە. ئەوەی کە بەم شێوەیە ئەم ژمارە زۆرە لە ئەندامانی چیا دەستگیرکراون، پەیوەندی هەیە بە نزیکبوونەوە لە 16ی ئەیلوول، ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا. دەسەڵات لە هەموو ئەوانە ئەترسێت کە توانای ئەوەیان هەیە خەڵک کۆبکەنەوە و هانیان بدەن، جا کۆبوونەوەکە هەر مەبەستێک بێت"، چالاکوانەکە وای وت.
هاوڵاتی میدیای پارتی بڵاویکردەوە، بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتە بەغدا و لەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و پرسی داهات و گومرگ گفتوگۆ دەکەن. میدیای پارتی رایگەیاند، رێبەر ئەحمەد سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و لەگەڵ عومەر وائلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق کۆدەبنەوە. هەروەها باس لەوەش کراوە، ساماڵ عەبدورەحمان بەڕێوبەری گشتی گومرکی هەرێم ئەندامی شاندەکەیە و ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەشداری کۆبوونەوەیەکی دەستەی گشتی خاڵە سنوورییەکانی عێراق دەکەن. چەندین جارە شاندی حکومەتی هەرێم دەچنە بەغدا بۆ مەبەستی دەستەبەرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، بەڵام هیچ جارێک بە ئەنجامێکی ئەرێنی نەگەڕاونەتەوە. دواینجار کە شاندەکەی هەرێم لە بەغدا گەڕایەوە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بەغدا سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات."
هاوڵاتی ئاسۆ کەمال، بەرێوبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سڵێمانی رایگەیاند، لە درەنگانی شەوی رابردوو سێ بومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان رویداوە و ناوچەکانی گەرمیانی گرتووەتەوە. ئاسۆ کەمال وردەکاری لەسەر بومەلەرزەکانی شەوی رابردوو خستەڕوو و رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو کاتژمێر 12:37 خولەک بومەلەرزەیەک بەگوڕی 3.8 پلە بە پلەی رێختەر رویداوە و دواتر لە کاتژمێر 12:42: خولەک و 12:43 خولەک دوو بومەلەرزەی تر رویداوە بە گوڕی 4.3 و 4.7 پلەی رێختەر. ئاسۆ کەمال باسی لەوەش کرد، بومەلەرزەکان ناوچەکانی گەرمیانی گرتووەتەوە، بەتایبەتی چەمچەمال و دووزخورماتوو و کەرکوک. ئاسۆ کەمال هۆکاری روودانی ئەم بومەلەرزە مامناوەندانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "هەرێمی کوردستان نزیکە لە پلێتی عەرەبی و نزیکی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پلێتی فارسی و بومەلەرزەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس."
هاوڵاتی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕسی ئەیلولدا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "جۆرێك له په‌شیمانبوونه‌وه له رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی دەبینرێت" و هێزە شۆڤێنییەکان ناحەقی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکەن و مافی خەڵکەکەی زەوت دەکەن. لە 62ەمین ساڵیادی شۆرشی ئەیلولدا مەکتەب سیاسی پارتی رایگەیاند، "له كاتێكدا یادی 62 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول ده‌كه‌ینه‌وه، عێراق و ناوچه‌كه به بارودۆخی دژوار‌دا تێده‌په‌ڕن، هه‌رێمی كوردستان لەلایه‌ن هێزه شۆڤێنییه‌كانه‌وه، ناهه‌قیی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و مافی خه‌ڵكی كوردستان زه‌وت ده‌كرێت." لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێستا بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا بووە كه په‌رته‌وازه‌یی ناوخۆیی ته‌نیا لاوازبوون و ماندووكردنی گه‌لی كوردستانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه." دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەب سیاسی پارتی لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلول: شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول، ڕووداوێكی گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو، له ڕۆژگارێك شۆڕش به‌رپا بوو، كه شه‌ڕی ساردی نێوان به‌ره‌ی ڕۆژئاوا به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات به‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت (جاران) له‌وپه‌ڕیدا بوو، به‌م هۆیه‌شه‌وه، هه‌رچوار ده‌وڵه‌تی كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، به‌سه‌ر ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا دابه‌ش ببوون، بۆیه به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به جۆرێك یه‌كی گرتبۆوه، به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كورد له‌و نێوه‌دا جێگه‌ی نه‌بوو. پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای شۆڕشی 14ی ته‌ممووزی 1958 و كۆتایی هاتنی سه‌رده‌می پاشایه‌تی، به تایبه‌تیش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، ده‌رفه‌تی كاری سیاسیی له عێراق بۆ ڕه‌خسا و مۆڵه‌تی یاسایی كاركردنی به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا وه‌رگرت، به‌مه‌ش له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا، پارتی دیمووكراتی كوردستان، یه‌كه‌م پارتی سیاسییه له عێراقدا كه مۆڵه‌تی یاسایی كاكردنی وه‌رگرتبێت. گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، ڕووداوێكی گه‌وره‌ی سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی نوێی عێراق بوو، چونكه سێ مانگ دوای شۆڕشی 14ـی ته‌مموزی ساڵی 1958 گه‌ڕایه‌وه، له به‌غدا هه‌موو چین و توێژه‌كانی عێراق، وه‌ك قاره‌مان پێشوازییان له بارزانیی نه‌مر كرد. گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و چڕكڕدنه‌وه‌ی چالاكیی سیاسیی له به‌غدا، بۆ گه‌لانی عێراق‌و به تایبه‌تیش بۆ گه‌لی كوردستان و پارتیمان، سه‌رچاوه‌ی هێز و ئاماده‌كاری بوو بۆ قۆناغێكی نوێ. به‌و پێیه‌ی له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا 1921-1958 ، هیچ ده‌ره‌تانێك بۆ جموجۆڵی سیاسی، له كوردستان و عێراقدا نه‌بوو، ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌موو هێز و توانای سه‌ربازیی، بۆ ناچاركردنی گه‌لی كوردستان ته‌رخان كردبوو، كه مل بۆ بڕیاری نێوده‌وڵه‌تیی لكاندنی كوردستان به عێراقه‌وه بدات، بۆیه هه‌موو هه‌ستان و شۆڕشه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره به ئاگر و ئاسن وه‌ڵام ده‌درایه‌وه، وه‌ك شۆڕشی كورد له ناوچه‌ی سلێمانی به سه‌ركردایه‌تی شێخ مه‌حموودی حه‌فید و شۆڕشی ئیبراهیم خانی ده‌لۆ له ناوچه‌ی كفری و هه‌ستانه‌وه و ڕاپه‌ڕینی ناوچه‌كانی زاخۆ و ئاكرێ. دوای ئه‌و شۆڕش و ڕاپه‌ڕینانه، دوو شۆڕش له ناوچه‌ی بارزان 1931 به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ ئەحمەد بارزانی و شۆڕشی 1945 به سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی هه‌ڵگیرسان، كه حكوومه‌تی عێراق به پاڵپشتی به‌ریتانیا، هه‌موو توانای ماددی و مه‌عنه‌ویی بۆ كوژاندنه‌وه‌یان ته‌رخان كردبوو. پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌م حزبی مۆڵه‌ت پێدراو له عێراقدا، كاری بۆ پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لانی عێراق كرده ئه‌وله‌ویه‌ت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی عه‌بولكه‌ریم قاسم یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌رده‌می كۆماری، له هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی سه‌باره‌ت به مافه شه‌رعییه‌كانی كورد، به مه‌لا مسته‌فا بارزانی دابوو، په‌شیمان بۆوه، بۆیه بارزانی به ناچاری به‌غدای به‌جێ هێشت و گه‌ڕایه‌وه كوردستان، تا به‌وه گه‌یشت له ئاداری 1961 ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات)ی زمانحاڵی پارتی له به‌غدا داخرا و ده‌ست به‌سه‌ر باره‌گا و چاپخانه‌كه‌یدا گیرا. كه له 11ی ئه‌یلوولی 1961دا شۆڕش هه‌ڵگیرسا، مه‌لا مسته‌فا بارزانی هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه تا ساڵی 1975، هیچ كاتێك ده‌رفه‌تی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا له ده‌ست نه‌داوه، بۆیه له 14 ساڵی شۆڕشی ئه‌یلوولدا، له كاتێكدا باسكی شۆڕش زۆر به‌هێز ببوو، به‌ڵام هیچ كات گفتوگۆ وه‌لا نه‌ندراوه. شۆڕشی ئه‌یلوول به ڕابه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر و سەرکردایەتیکردنی پارتیمان، ده‌سكه‌وتی زۆری بۆ گه‌لی كوردستان هه‌بوو، یه‌كه‌م شۆرش بوو كه كۆتایی به ناوچه‌گه‌ریی هێنا و شۆڕشێكی سه‌رتاسه‌ری بوو، له ناوچه ڕزگاركراوه‌كاندا لە ساڵی 1964 ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش دامه‌زرا، كه جگه له فه‌رمانده و به‌رپرسانی باڵای شۆڕش، كه‌سایه‌تیی ناوچه جیاجیاكانی كوردستانی له‌خۆ گرتبوو، كه وه‌ك كه‌سانی بێلایه‌ن كاریان ده‌كرد، پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی له كوردستان وێنه‌یه‌كی جوانی پیشانی جیهان دا، چونكه هه‌موو ئاین و نه‌ته‌وه‌كانی كوردستان له‌و ئه‌نجوومه‌نه‌دا نوێنه‌ریان هه‌بوو. ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970، گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وت بوو، ڕاسته عێراق لێی په‌شمان بۆوه و جێبه‌جێی نه‌كرد، به‌ڵام به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی گرنگ بوو، ڕه‌وایه‌تیی به شۆڕشی كوردستان و مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان دا. دوای دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، دادگا و داموده‌زگای به‌ڕێوه‌بردنی بواری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده گرنگییان پێ درا، به‌مه‌ش دادگاكانی شۆڕش ئیشی خۆیان ده‌كرد. له كاتێكدا یادی 62 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول ده‌كه‌ینه‌وه، عێراق و ناوچه‌كه به بارودۆخی دژوار‌دا تێده‌په‌ڕن، هه‌رێمی كوردستان كه هێزی خۆی له گه‌لی كوردستان و خوێنی شه‌هیدان و ده‌ستووری عێراق وه‌رده‌گرێت، له لایه‌ن هێزه شۆڤێنییه‌كانه‌وه، ناهه‌قیی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و مافی خه‌ڵكی كوردستان زه‌وت ده‌كرێت. دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی محه‌مه‌د شیاع سوودانی ڕێككه‌وتن، به‌داخه‌وه جۆرێك له په‌شیمان بوونه‌وه له رێککەوتنەکان ده‌بینین. وه‌ك ئاشكرایه، پێش ڕێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر، ڕیككه‌وتنی لایه‌نه‌كان كرا، كه پارتی دیموكراتی كوردستانیش لایه‌نێكی به‌هێزی ئه‌و ڕێككه‌وتنه بوو، كه ئیئتلافی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی لێ كه‌وته‌وه. پێویسته سه‌یری مێژووی عێراق بكرێ، به‌درێژایی شۆڕشی ئه‌یلوول و دواتریش، گفتوگۆ و دانوستاندن هه‌بووه و به‌غدا پشتی تێكردووه، به‌ڵام ئه‌و پشتكردنه له زمانی گفتوگۆ و هه‌وڵی په‌راوێزخستنی گه‌لی كوردستان، نه‌ك هیچ ده‌سكه‌وتێكی بۆ عێراق نه‌بووه، به‌ڵكو بۆته مایه‌ی ناسه‌قاگیری و قه‌یرانی قووڵ. له یادی 62 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول، جارێكی دیکە دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نین، كه تاكه ڕێگه‌ی خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، لێكتێگه‌یشتن و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه، پێویسته له عێراقدا ده‌ستوور بكرێته حه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی عێراقی دوای 2003ی به‌م ڕۆژگاره گه‌یاند، پشتكردنه ده‌ستوور بوو. بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌روایه، كاری پێكه‌وه‌یی و پته‌ویی ناوماڵی كوردستان، كه ئه‌زموونی ڕابردوو سه‌لماندوویه‌تی، تاكه ڕێگه‌ی وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه، ئێستا بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا بووە، كه په‌رته‌وازه‌یی ته‌نیا لاوازبوون و ماندووكردنی گه‌لی كوردستانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. به بۆنه‌ی ئه‌م یاده پیرۆزه‌وه، جارێكی دی دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، كه پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌موو كات یه‌كگرتوویی لایه‌نه سیاسییه‌كان و شان دانه به‌ر به‌رپرسیاریه‌تیی، به لاوه كاری له‌پێشینه بووه، بۆیه هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌رگای گفتوگۆ و كاری پێكه‌وه‌یی، كه هه‌میشه باوه‌ڕمان پێی بووە، بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان كراوه ده‌بێت. سڵاو له رۆحی بارزانیی نه‌مر ڕابه‌ری كورد و شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول و، کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد. سڵاو له گیانی شه‌هیدانی شۆڕشی ئه‌یلوول و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان. پیرۆزبێت 62 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی سه‌رتاسه‌ریی كوردستان مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان 10ی ئه‌یلوولی 2023
هاوڵاتی سەرۆکی لقی یەکێتی مامۆستایانی دهۆک رایگەیاند، دەوامی ساڵی نوێی خوێندن لە سنوری پارێزگاکە بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێت و هیچ هەوڵێک نییە بۆ بایکۆتکردن. وەهبی یونس، سەرۆکی لقی یەکێتی مامۆستایانی دهۆک لە لیدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند، "رۆژی چوارشەممە بەشێوەیەکی ئاسایی دەرگای خوێندنگاکان لەسنوری پارێزگای دهۆک دەکرێنەوە و مامۆستایان دەچنەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەت دیاریکردوە دەوام دەکرێت و بایکۆت ناکرێت." بڕیارە رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلولی 2023 ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات. مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانی مانگی تەموز و ئابەوە. تا ئێستا حکومەتی هەرێم نەیتوانیووە موچەی ئەو دوو مانگە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات بەهۆی ئەوەی رایگەیاندووە کە پارەی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ موچە و بەغدا "سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو دەکات." حکومەتی هەرێم تا ئێستا بڕیاری نەداوە کە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە 500 ملیار دینارە و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانێت بەو بڕە پارەیە موچە دابین بکات و تەنها 100 ملیار دینار کورتهێنانی دەبێت. وەهبی یونس سەبارەت بە پرسی بایکۆت کردن لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، ئەوان پەیوەستن بە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان و "تا ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە لەبارەی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن."
هاوڵاتی د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزیری دارایی پێی راگەیاندووە لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا بەشە بودجەی هەرێم زیاتر لە بڕە نێردراوە کە بۆی دیاریکراوە و ئێسستا حکومەتی هەرێم نزیکەی شەش ترلیۆن قەرزاری حکومەتی عێراقە. د. نەرمین مەعروف سەبارەت بە کۆبونەوەی وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمان بە میدیای فەرمی یەکێتی راگەیاند، "وەزیری دارایی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەكەمان پێی راگەیاندین، كە شایستە داراییەكانی هەرێممان بە زیادەوە ناردووە، چونكە مامەڵەمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەپێی رێككەوتن بووە نەك یاسای بودجە". لە کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کردووە، لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی هەشت ترلیۆن دینار بووە و تەنها دوو ترلیۆن و 500 ملیار دیناری شایستەیەتی بۆیە "پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم پێنج ترلیۆن و 800 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند."
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بۆ ماوەی شەش مانگ قەرزی سزاکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بەڕیژەی %20 کەمبکاتەوە. بەپێی نوسراوێک کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی لەسەرە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە، بڕیاردراوە بە "لێخۆشبوونی %20ی قەرزەکانی سزای هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ لە رێکەوتی 28-8-2023 بۆ 28-2-2024." لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە لەدوای كۆتاییهاتنی ئەو ماوەیە هەركەسێك پێبژاردن نەدات لەماوەی 30 رۆژدا ئەوا بەپێی بەشی 20 لە یاسای هاتوچۆ ژمارە 86ی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. بەپێی ئەو بەندە لە یاسای هاتوچۆ هەر کەسێک لەماوەی دیاریکراودا بڕی پێبژاردنی دیاریکراو نەدات ئەوا پێبژاردنەکە بۆ یەک جار دەبێتە دوو ئەوەندە.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەدەست تورکیایەوە و پەیوەندی بە حکومەتی عێراق و هەرێمەوە نەماوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئەیلوولی 2023، عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم رۆژانە 50 هەزار بەرمیل رەوانەی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات دەکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە "هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راوەستاوە." لە 25 ئازاری 2023، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەمەش دوای دروستبوونی کێشە لەنێوان ئەقەرە و بەغدا لەسەر بردنەوەی سکاڵایەک لەلایەن حکومەتی عێارقییەوە دژی بەغدا لە ژوری بارزگانی نێودەوڵەتی لە پاریس کە تێیدا هاتووە پێویستە حکومەتی تورکیا بە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە بەهۆی هەناردەکردنی نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە لەنێوان ساڵانی 2014-2018. عاسم جیهاد لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەڵیت، ئەو پرسە "پەیوەندی بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نەماوە و ئێستا تۆپەکە لە یاریگای تورکیادایە، دەبێت ئەو رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات. ئەگەر ئەو دەرگایە کراوە، هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن." بەپێی وتەی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیانەکانی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم زیاترە لە پێنج ملیار دۆلار.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند سورن لەسەر پابەندبوون بە یاساى بودجە و لەسەر بنەماکانی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکى هەرێم دەکەن، دەشڵێت، چاوەڕوانی ئەنجامەکانی کۆبونەوەی وەزیری دارایی هەرێم و هاوتا عێراقییەکەی دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئەیلولی 2023، محەممەد شیاع سودانی لەسەر ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لەسەر ئەو بنەمایە پشکی هەرێم دەنێرن. سودانی باسی لەوەش کرد، چاوەڕوانی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی ھەرێم و عێراق دەکەن، بەڵام لەو دۆسیەیەدا زمانی ژمارە لەئارادایە. پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق %12.6 کە دەکاتە زیاتر لە 16 ترلیۆن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق و هەرێم رێککنەکەوتوون لەسەر یەکلایکردنەوەی ئەو بابەتە و هەردوولا یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پابەندییەکانیان بە یاسای بودجە و رێککەوتنەکانەوە جێبەجێ نەکردووە. بەهۆی نەناردنی پشکی هەرێمەوە، کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بووە و تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێم دەڵێت، ناتوانێت موچە بدات بەهۆی ئەوەی پارەی پێویستی لەبەردەست نییە. حکومەتی هەرێم تا ئێستا بڕیاری نەداوە کە 500 ملیار دینارە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە بەپێی بڕیارێکی بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت.
