هاوڵاتی محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، ساڵی رابردو دەروازەی سنوریی تەمرچین [حاجی ئۆمەران]، لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە، لە پلەی یەکەمی دەروازە سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بوە، کە بڕی ئەو ئاڵوگۆڕییە گەیشتوەتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار. ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی ئێران کە پێکهاتبو لە محەمەد میر ئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا(ورمێ) و نەسڕوڵا ڕەشنودى، سەرکونسڵى ئێران سەردانی هەولێریان کرد و لەلایەن شاندێکی حکومەتی هەرێمەوە بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پێشوازیان لێکرا. پارێزگاری ورمێ، رایگەیاند، "ساڵی رابردو دەروازەی سنوریی تەمرچین [حاجی ئۆمەران]، لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە، لە پلەی یەکەمی دەروازە سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بوە، کە بڕی ئەو ئاڵوگۆڕییە گەیشتوەتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار و بەشێک لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی دەروازەی سنوریی نوێ بوە و لە داهاتویەکی نزیکدا دەروازەی سنوریی سیدەکان-کێلەشین، کە لە قۆناغی کۆتاییدایە، دەکرێتەوە". وتیشی: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنمان لەبارەی زیارەتکاران هەیە و ئەوان هاوکاری باشی زیارەتکاران دەکەن و پێداویستی و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکەن.
هاوڵاتی دوای نیوەروی ئەمرۆ مێرمنداڵێکی تەمەن 15ساڵ لەرووباری خازر لەسنوری ناحیەی زێلکان خنکا . موقەدم ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی وت" ئەمرۆ مێرمنداڵێکی تەمەن 15ساڵ بەناوی ئەیاد فەرهاد محەمەد عەلی، لەروباری خازر لەسنوری ناحیەی زێلکان نزیک گوندی قایماوا خنکا" وتیشی"ئەو مێرمنداڵە دانیشتووی گوندی گلەشینە لەسنوری ناحیەی زێلکان سەر بەقەزای شێخان، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە بەمەبەستی لێکوڵینەوە لەسەر روداوەکە" جێگەیباسە، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا 9 کەس لە ڕوباری خازردا خنکاون و 4 کەسیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاکرێوە رزگارکراون.
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە، سامان پاشایی، خاوەنی مەدالیای جیهانیی زۆرانبازی و مامۆستای زانکۆ و خەڵکی سەقز، ٥٢ ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سنەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکاندایە. سەرچاوەیەکی نزیک بەم مامۆستای زانکۆی زانکۆیە بە کوردپای راگەیاندووە: بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی یەکشەممە، توانیویەتی بە بوونی دوو کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانیش چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێ؛ سامان پاشایی هەڕەشەی لێکراوە کە لە ئەگەری هاوکارینەکردن بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە کارەکەی دەر دەکرێ وڕێگریلێدەکرێت لە کردنی هیچ کارو جالاکییەک و هەروا بە بێ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی، ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی درێژ دەکەنەوە. بە پێێ زانیارییەکان، سامان پاشایی لە ژووری تاکەسیی ئیتلاعاتی سنەدا، لەژێر گوشاری توندی دەروونیدایە و نیگەرانی دۆخی بنەماڵەکەیەتی. سامان پاشایی پێش لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، تەنیا توانیبووی جارێک پێوەندییەکی تەلەفۆنی ٣٠ چرکەییان لەگەڵ بگرێت، ناوبراو هێشتا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە. ڕۆژی یەکشەممە، ١ی تەمووز، سامان پاشایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. سامان پاشایی، دوکتورای فیزیۆلۆژی و خواردنی وەرزشی هەیە و ئەندامی ئاکادێمیای نەتەوەیی پزیشکیی وەرزشیی ئامریکایە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا وانە دەڵێتەوە. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سامان پاشایی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هاوڵاتی بهتۆمهتی ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لهژمارەیەک ژن، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕاپهڕین تۆمەتبارێكیان دەستگیرکرد. پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە تاوانەکە دەڵێت، " تۆمەتبارەکە لهڕێی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانهوه پهیوهندی لهگهڵ قوربانییەکاندا دروست کردووە و دوای دهستكهوتنی وێنه و ڤیدیۆی تایبهتیان، ھەڕەشەی ئەوەی لێکردوون کە ئهگهر بڕێك پارهی پێنهدهن وێنە و ڤیدیۆکانیان بڵاودەکاتەوە." ئاماژە بەوەشدراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی راپهڕینهوە دەستگیربکرێت. بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی، دوای پشكنینی مۆبایلی تۆمهتبار چهندین بهڵگهنامه، وێنه و ڤیدیۆی ئهو کەسانە دۆزرایهوه كه تۆمهتبار ههڕهشهی لێكردبوون. پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، تۆمەتبار (م، ج، ع) لهدایكبووی 2003 دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوهو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
هاوڵاتی بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 20 ی ئاب مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجۆمەنی وەزیران خۆپێشاندان بکەن، بەڵام هەر زوو هێزە ئەمنیەکان رێگرییان لێکردن نوینەری وانەبێژان دەستگیرکرا. کەسێکی نزیک لە نوێنەری وانەبێژان بە هاوڵاتی وت "مامۆستا علی بەهۆی داواکردنی مافی مامۆستایانی وانەبێژەوە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە." دەشڵێت. " سەلامەتی مامۆستا علی لە ئەستۆی هێزەئەمنیەکان دایە،و هیوادارین بەزووترین کات ئازاد بکرێت، ئەگەرنا هەڵویستمان دەبێت بەگردبوونەوەمان دژی ئەم کارە ناڕەوایە". مامۆستایانی وانەبێژ داواکارییەکانیان لە دامەزراندن و پێدانی شایستە داراییەکانیان خۆی دەگرێتەوە دوای چەندین خۆپیشاندان و بەڵێنی جیاجیا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تا ئێستا داواکارییەکانیان جێبەجێنەکراوە. جێگەیباسە، ئەمە یەکەم جار نییە نوێنەری مامۆستایان دەستگیردەکرێت لە هەولێر بەڵکو بە تۆمەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت ساڵی پار لە لــە ڕێڪەوتـی 6 ی 9 ی 2022 لە بەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران دەستگیرکران و دواتر بە کەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازادکرا. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 33 هەزار وانەبێژ هەن؛ 11 هەزاریان لە پارێزگای هەولێر، 10 هەزار لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 12 هەزاریش لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
هاوڵاتی سەرجەم کارمەندانی بەشی وێنەگرتنی دامەزراوەی میدیایی گۆڕان (KNN) لە سلێمانی دەستیان لەکارکێشایەوە بەهۆکاری "خراپی ئیدارەدان و بەرێوبردنی کەنال" کە وەک خۆیان دەڵێن وەک "کۆیلە" سەیریان دەکەن و کاری وێنەگری لە کەناڵەکەدا "ناشرین کراوە." بەشی وێنەگرانی کەناڵی کەی ئێن ئێن لە راگەیاندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند و دەڵێن، "چیتر نامانەوێت لە کەناڵێکدا کاربکەین کە بەڕێوەبەرانی لەسەر حسابی کارمەند و دروستکردنی بارگرانی لەسەر شانی کامێرامان بیانەوێت باری دارایی کەناڵەکە و خۆیان باشتر بکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن." دەقی راگەیاندراوەکەی کارمەندە دەستلەکارکێشاوەکانی کەناڵی کەی ئێن ئێن: بەهۆی خراپی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی کەناڵ، دەستبردن بۆ قوتی کارمەند و بەکۆیلە سەیرکردنی کارمەند و کامێرامان، بێ باکی و بێ منەتی دەستەی بەڕێوەبەری KNN بەرامبەر کامێرامان کە (کێ ئەیەوێت کار بکات و کێ نایەوێت بڕوات)، لەمڕۆوە سەرجەم وێنەگرانی سلێمانی کەناڵی KNN کە ناومان لەخوارەوە هەیە، دەستمانلەکارکێشایەوە، چیتر نامانەوێت لە کەناڵێکدا کاربکەین کە بەڕێوەبەرانی لەسەر حسابی کارمەند و دروستکردنی بارگرانی لەسەر شانی کامێرامان بیانەوێت باری دارایی کەناڵەکە و خۆیان باشتر بکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن، ئەوەی کە ئەگوزەرێت لەم کەناڵەدا ناشرینکردن و بێ ئەرزشکردنی کاری کامێرامانە، لە کاتێکدا کامێرامان گرنگترین بەش و چاوی کەناڵەکەیە و ڕۆژانە کامێرامانی ئەم کەناڵە ئەڕۆن و وازئەهێنن، کەناڵێک کە تەنها بیر لەوە بکاتەوە چۆن دینارێک و دوو دیناری بۆ بگەڕێتەوە، بەدڵی خۆی یاری بە هەستی کارمەند ئەکات. بەهیوای سەرکەوتن بۆ هاوڕێ و هاوکارانی دیکەمان لە KNN و ماندونەبن.. ژیار کامیل - لێپرسراوی بەشی کامێرا ئەشرەف ئەحمەد - وێنەگر ڕێباز ئیبراهیم - وێنەگر ئارۆس جەبار - وێنەگر بەرهەم جەزا - وێنەگر
هاوڵاتی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، لە ئێستادا دۆخی ناو یەکێتی گونجاوە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە و ئەگەر دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردن کیشەیان بۆ دروست دەبێت، دەشڵێت، "پێش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت کۆمان دەکاتەوە." سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی پێنجی حیزبەکەی رایگەیاند، "دۆخەکە گونجاوە بۆ کۆنگرە و گۆڕانکارییەکان، چونکە پەیوەندی نێوان هەڤاڵانمان تۆکمە و پتەوە." یەکێتی لە مانگی کانونی یەکەمی 2019 کۆنگرەی چوارەمی بەست کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران، بەڵام دوای روداوەکانی 8ی تەمموزی 2021، سیستەمی هاوسەرۆکی لابرا و بەرپرسانی یەکێتی رایانگەیاند کە ئەو سیستەمە شکستخواردووە و لە ئێستادا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حیزبەکەیە. بڕیارە لە مانگی کانونی یەکەمی 2023، یەکێتی کۆنگرەی پێنجەمی ببەستێت و لەوبارەیەوە سەعدی پیرە دەڵێت، "ئەگەر کۆنگرە پێش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دەبێت سودی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و کۆمان بکاتەوە. گەر بخرێتە دوای هەڵبژاردن و لە هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبین، رەنگە لە کۆنگرە کێشەمان بۆ دروست ببێت." دوای چەندین جار دواخستنی هەڵبژاردن بەهۆی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتییەوە، لە دوا بڕیاردا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 25ی مانگی شوباتی 2024ی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هاوڵاتی کەسوکاری گۆهدار زێباری هۆشداری دەدەن کە دۆخی تەندروستی گۆهدار "زۆر خراپە" و هیچ کەسێکیش لە ناو زینداندا بەهانایەوە ناچێت. بڕیاربوو گۆهدار زێباری لە هەفتەی رابردوو ئازاد بکرێت دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، بەڵام بەپێی وتەی پارێزەری سزادراوانی بادینان، دۆسیەیەکی "تری بۆ کراوەتەوە" لەسەر هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت "لە کاتێکدا ئەو چەکە بەکاردەهێنرێت بۆ راوکردن چونکە لە جۆری تاپڕە و چەکی بێ مۆڵەت نییە." بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد نەکراوە، گۆهدار زێباری ماوەی چەند رۆژێکە مانگرتنی راگەیاندووە. زێدان زێباری، برای گۆهدار لەسەر دۆخی تەندروستی گۆهدار بە هاوڵاتی راگەیاند، "زانیاریمان پێ گەیشتووە کە رەوشی تەندروستی گوهدار زێباری لە ئاسایشی گشتی هەولێر زۆر ناجێگیرە، گۆهدار لە مانگرتندایە و هیچ چارەسەرێکی پزیشکی بۆ نەچووە و لایەنی پەیوەنددار تا ئێستا بە دەنگییەوە نەچووە." زێدان زێباری دەشڵێت، "فشارێکی زۆر لە گۆهدار کراوە مان گرتنەکەی بشکێنێ و دەستهەڵگرێت، بەڵام ئەو بەردەوامە لەمانگرتن تا ئازادبوونی، لەئێستادا گوهدار زێباری لە هۆڵیکدایە کە 160 کەسی تێدایە و بارودۆخی لەناو زینداندا زۆر مەترسیدارە." کەسوکاری گۆهدار داوا لە لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کونسوڵخانە و لایەنە نێودەوڵەتیەکان دەکەن بەزوترین کات بە هانای گوهدار زێباریەوە بچن چونکە دۆخی تەندروستی بەرەو خراپتر دەچێت و "هەر حالەتێکی نەخوازراو رووبدا دۆخی تەندروستی گۆهدار زێباری لە ئەستۆی دەزگای ئاسايشی گشتی هەولێرە."
هاوڵاتی پهیمانگای رۆژههڵاتی ناوهراست / وینترۆپ ڕۆجەرز لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ناکۆکێکانی نێوان یەکێتی و پارتی و چاکسازی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا دەڵێت،بەرژەوەندی حزبیی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی تەواو کاریگەری لەسەر چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە داناوە. لە ڕاپۆرتەکەدا باسلەوەکراوە کە، پەیوەندی نێوان سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە تەواوی داڕماوە و بەرپرسانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە توانای ئەوەیان نەماوە ڕێگری بکەن لە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی حزبەکانیان. هاوکات ئەو پەیمانگایە دەشڵێت، ساڵێک بەسەر یاداشتنامەی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە تێپەڕیوە و چاکسازییەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە جێبەجێ نەکراوە و دەکرێت ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی نێوان هەرێم و هێزەکانی هاوپەیمانان دروست بکات. لەگەڵ هاتنی مانگی ئەیلول ساڵێک بەسەر یاداشتنامەی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە تێدەپەڕێت و بەپێی وتەی چەند چاوگێکی ئاگاداری دۆخەکە، سەرەڕای پەکخستنی بۆ ماوەی سێ ساڵ بەرپرسانی هەرێم پابەند نین بە ئەنجامدانی چاکسازییەکان لە ناو هێزی پێشمەرگە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەگەر سیاسەتمەدارانی کورد نەتوانن لە ئاست بەرپرسیارێتییەکانیاندا بن، "ئەوە نەک تەنها پێشمەرگە؛ بەڵکو کاریگەریی خراپ لەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ دۆستە دێرینەکانیان دەبێت." پێشتریش جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندبوو ، ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەخرێتەوە ئەوا هاوپەیمانان پشت لە هەرێم دەکەن بە هەمان ئەو شێوەیەی ئەفغستانی جێهێشت. هاوکات ڕۆژنامەی هاوڵاتیش لە ڕاپۆرتی هەفتەی پێشویدا لەسەر ئەم باسە نوسیویەتی، کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەوەزارەتی پێشمەرگە گەشتوونەتە ئاستێکی «بنبەست» بەجۆرێک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بیرلەوە دەکاتەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکە نوێ نەکاتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگیش ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی قۆستووەتەوە و دەیەوێت بودجەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە راستەوخۆ بنێردرێت بۆ حکومەتی ناوەندی. تەواوی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی لەم لینکە بخوێنەرەوە: هاوپەیمانان هۆشدارییان داوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم مانگە 321 ملیار دینار بۆ موچە کورتهێنان هەبوە کە لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە و داهاتی ناوخۆ تەنها بۆ موچە نیە. هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی لە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە گوتی: "لە مانگی رابردوودا 321 ملیار دینار کورتهێنان لە پارەی مووچە هەبوو، لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە، چونکە داهاتی ناوخۆ تەنیا بۆ مووچە نییە، بەڵکو بۆ کۆمەڵێک جەرجی مانگانەیە". وتیشی: "هەموو ئەو داتایانەمان داوە بە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هیوادارین حکومەتی عێراق پابەند بێت بە یاسای بودجە و مانگانە لەکاتی خۆی پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە خاڵە سنوریەکانی عێراق پابەندنابن بە رەسمی گومرگی یەکگرتو، ئەوەش وایکردوە هەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەشێک لە خاڵە سنوریەکان کەمببێتەوە و هەندێکجار وایکردوە بازرگانان پەنا بەرن بۆ ئەو خاڵە سنوریانە و کاڵاکانیان لەوێوە داخڵ دەکەن لەبەرئەوەی باج و رسوماتی کەمترە. ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی ئەو چاکسازیانەی کە ئەوان لە گومرگ و خاڵە سنوریەکان کردویانە توانیویانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەهاوکاری وەزارەتە پەیوەنیدەکارەکان لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتی هەرێم لە نێوان ساڵی 2019 تا 2022 نزیکەی دو ترلیۆن و 500 ملیار دینار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی زیادبوە لەگەڵ تێکڕای وڵاتان کە بەشێکی ئەو ژمارەیە بەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت. وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: "هەموو ژمارە و داتاکان روونن و لای حکومەتی عێراق هەیە، بۆیە پێویستە لەم مانگەوە لەکاتی خۆی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە لەکاتی خۆیدا رەوانە بکات".
هاوڵاتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، شەهیدکردنی فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی لە دڵەوە نیگەرانیکردون و هەمو لایەنە ئەمنییەکانیش راسپێردراون بەزوترینکات تاوانباران ئاشکرا بکەن و روبەڕوی دادگا بکرێنەوە. بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکدا لەبارەی تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی، رایگەیاند، "شەهیدکردنی فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی لە دڵەوە نیگەرانیکردین، بۆ ئەم خەمە قوڵە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەی دەکەم کە نمونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان". لە پەیامەکەیدا هاتووە،" شەھیدکردنیشی لە رووداوێکی گوماناویدا مایەی نیگەرانی ئێمەیە و ھەموو لایەنە ئەمنییەکانیش راسپێردراون بەزووترین کات تاوانباران ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە". نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سنوری ئیدارەی راپەڕین درەنگانی شەوی رابردو لە روداوێکدا لە باخەکەی خۆیدا بە سێ فیشەک تیرۆرکرا. هاوکات برازایەکی نیاز دەرگەڵەیی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، رایگەیاند، "ئەم روداوە ئاسایی نییە و بەپێی ئەوەی کە ئێمە بینیومانە و پزیشکانی پزیشکی دادی رانیە تەشخیسیان کردوە، کردەوەکە تیرۆریستییە، شوێنی سێ گوللە بەسەرییەوە دیارە، مردنێکی ئاسایی نیە، ئەو تەفیسرانەی دیکە کە بۆی دەکرێن، هیچیان راست نین، بەڵکو راپۆرتی پزیشکی دەڵێت، شوێنی سێ گولە بەسەریەوە دیارە". ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا ئەوان هۆکاری روداوەکە نازانن، بەڵام دۆسیەکە کەوتوەتە دەستی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی راپەڕین و ئەوان لێکۆڵینەوە دەکەن.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند، شەوی رابردو نیاز دەرگەڵەیی لە روداوێکی نادیاردا گیانی لەدەستداوە و ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە. لە بەیاننامەکەی پۆلیسی ڕاپەڕیندا هاتووە،: "کاتژمێر ١٠ی شەوی ١٨ /٨ /٢٠٢٣ تەرمی هاوڵاتی (نیاز جلال بەگ) ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕووداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە. تەرمی ناوبراو گەیەندرایە پزیشکی دادی ڕانیە و پشکنین بۆ تەرمی ناوبراو ئەنجامدرا و دەرکەوت شوێنەواری ٣ فیشەک بەجەستەیەوە هەیە." پۆلیسی ڕاپەڕین دەشڵێت، بە ووتەی کەسوکاری، ڕوداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو لە ڕانیە سەر ڕێگای سەرەکی قورەگۆ بۆ پشوو سەردانی باغەکەی کردووە و لە ئەنجامدا لە ڕووداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە. ئەوەشی خستوەتەڕ،ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە. هاوکات ،باڵا دەرگەڵەیی، برازای نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، رایگەیاند نیاز دەرگەڵەیی ئەمشەو لە باخەکەی خۆی بووە و خێزانەکەی رۆشتووە بۆ "باخەکەی ماڵی باوکی کە بەرامبەر باخەکەی خۆیانە و کاتێك خێزانی هاتووەتەوە، روداوەکە رویداوە" و نیاز دەرگەڵەیی کوژراوە و روداوەکە لە دوای کاتژمێر هەشت بووە. باڵا دەرگەڵەیی دەشڵێت، پزیشکی دادی رانییە پێی راگەیاندوون کە سێ فیشەک بە سەری مامییەوە نراوە و دوو فیشەک بەر تەوقە سەری کەوتووە و فیشەکێکیش بە ناوچاوانی. هەروەها برزاکەی نیاز دەرگەڵەیی باس لەوەش دەکات کە بنەماڵەکەیان هیچ ململانێییەکیان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نییە و "پێویستە ئێمە چۆن بە گرنگییەوە لەم کەیسە دەڕوانین، یەکێتی نیشتمانیش بە گرنگییەوە لێی بڕوانێت و بە پەرۆش بن بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکە."
هاوڵاتی برازایەکی نیاز دەرگەڵەیی وردەکاری کوشتنی بەرپرسەکەی پێشووی یەکێتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە باخەکەی خۆی کوژراوە و سێ فیشەک بە سەرییەوە نراوە، دەشڵێت نیاز دەرگەڵەیی بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بووە و پێویستە کەیسەکەی بە "گرنگییەوە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە تەماشا بکرێت." باڵا دەرگەڵەیی، برازای نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، رایگەیاند نیاز دەرگەڵەیی ئەمشەو لە باخەکەی خۆی بووە و خێزانەکەی رۆشتووە بۆ "باخەکەی ماڵی باوکی کە بەرامبەر باخەکەی خۆیانە و کاتێك خێزانی هاتووەتەوە، روداوەکە رویداوە" و نیاز دەرگەڵەیی کوژراوە و روداوەکە لە دوای کاتژمێر هەشت بووە. باڵا دەرگەڵەیی دەشڵێت، پزیشکی دادی رانییە پێی راگەیاندوون کە سێ فیشەک بە سەری مامییەوە نراوە و دوو فیشەک بەر تەوقە سەری کەوتووە و فیشەکێکیش بە ناوچاوانی. هاوکات برزاکەی نیاز دەرگەڵەیی باس لەوەش دەکات کە بنەماڵەکەیان هیچ ململانێییەکیان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نییە و "پێویستە ئێمە چۆن بە گرنگییەوە لەم کەیسە دەڕوانین، یەکێتی نیشتمانیش بە گرنگییەوە لێی بڕوانێت و بە پەرۆش بن بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکە." نیاز دەرگەڵەیی پێشتر پێشمەرگەی یەکێتی بووە و چەندین پلەی سەربازی لەناو حیزبەکەدا هەبووە، لەماوەی رابردووشدا چەند پلە و پۆستێکی ئیداری پێدراوە لەوانە، قایمقامی چۆمان، دوکان، هەروەها رەواندوز بووە لەکاتی جیاوازدا. درەنگانی ئەمشەو کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، لە رانییە راگەیاندرا و بڕیارە سبەینێش تەرمەکەی لە ناحیەی سەرکەپکان بەخاک بسپێردرێت.
هاوڵاتی نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لە رانیە کوژرا و لە ئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادە و فیشەک بەر سەری کەوتووە. ئەحمەد زرار، بەرپرسی مەڵبەندی رانیەی یەکێتی، کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی راگەیاند و وتی کە تەرمەکەی لە پزیشکی دادە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستی پێکردووە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، نیاز دەرگەڵەیی لە باخەکەی خۆی بووە لە رانیە و لێپرسراوی پزیشکی دادی رانییەش دەڵێت، فیشەک بەر سەری کەوتووە. هاوکات د.بەختیار شاوەیس، کەسایەتی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لە فەیسبووکی خۆی لەسەر کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی نوسیویەتی، "زۆر بەداخەوەم بۆ مەرگی ناوادەی هاوڕێ و هەڤاڵم لەئەنجومەنی ناوەندی پێشوو کاک نیاز دەرگەڵەیی، خوای گەورە لێی خۆش بێت و سەبووری کەسوکارەکەی بدات."
هاوڵاتی راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندی یەکێتی بۆ کاروباری وزە رایگەیاند، حکومەتی عێراق دەیەوێت بێ راوێژ کاربکات بۆ لێدانی بیرە نەوت لە کیڵگەیەکی نەوت و گاز لە سنوری ناحیەی قەرەتە لە دیالە. بەهجەت ئەحمەد، راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندی یەکێتی بۆ کاروباری وزە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "حکومەتی عێراق بۆ لێدانی بیرە نەوتی نوێ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان راوێژی لەگەڵ هەرێم نەکردووە، لەکاتێکدا پێویستبوو ڕاوێژ بکات، هۆکاری راوێژنەکردنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچووە." بە هجەت ئەحمەد دەشڵێت، "بەهۆی دەرنەچوونی یاسای نەوت و گازەوە، وەزارەتی نەوت بە یاسا کۆنەکان کاردەکات و بە شێوەی مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ پرسی وزە دەکات، بۆیە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێم مافی بە خۆیداوە بیرە نەوتی نوێ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لێبدات." ئەو کێڵگەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازە کاری تێدا بکات دەکەوێتە سنوری ناحیەی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە کە سەر بە قەزای خانەقینە لەرووی ئیدارییەوە و دەکەوێتە سنوری ناوچە کیشە لەسەرەکانەوە. دەنگی ئەمریکا دەڵێت، وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتنی کردووە لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆمی ئیماراتی بۆ دەرهێنانی نەوت لە دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە. بەپێی وتەی بەهجەت ئەحمەد، "عێراق هەموو ڕێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجامداوە بۆ دەرهێنانی نەوت لە سنوری قەرەتەپە. دەبێت لەمەودوا کێڵگەکانیان ڕادەست بکات."
