هاوڵاتی بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی وەزارەتی دارایی ئامادەكارییەكانی دەستپێكردووە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی نیسان لە حەوتی ئایار دابەش بكات. وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەهەماهەنگیدایە بەشێك لەداهاتی نەوتی مانگی ئایار ماوەتەوە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و 400 ملیار دیناری بەغداد تەواوكاری دابینكردنی مووچەی پێ بكەن. لەئێستادا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی تا 7ی ئایار ئەو 400 ملیار دینارە بگاتە هەرێم.
هاوڵاتی دەقی ڕاگەیەندراوی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان: ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی جەماوەری بەڕێزی هەرێمی کوردستان: ١- لەلای هەموو لایەک ئاشکرایە کە لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و بە ناچاریی درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکانەوە لەکەیەکی گەورە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان پەیدابووەو، ترسی جیددیش بەهۆی کێشە و قەیرانەکانەوە لەسەر قەوارەکەش دروست بووە. ٢- لەلایەکی دیکەشەوە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانییش هەر ماوەیان بەسەرچوەو، لەو ڕووەوە لە پەرلەمان جیاوازیی نیە. بۆیە بە پێویستمان زانی لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەمڕۆدا سەرجەم نوێنەرانمان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکوومەتی خۆجێی سلێمانی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن. ٣- سوپاس و پێزانینیشمان بۆ هەموو براو خوشکانی نوێنەرمان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارزگاکان و حکوومەتی خۆجێی سلێمانی کە لە ماوەی ڕابردوودا دڵسۆزانە بە ئەرک و کاری خۆیان هەڵساون. عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ١/٥/٢٠٢٣ز ١١ی شەووالی ١٤٤٤ک
هاوڵاتی نرخی بەنزینی بازرگانی کە لە جۆرەکانی ( نۆرماڵ، محسن، سوپەر) لە بەنزیخانەکانی پارێزگای سلێمانی دادەبەزێت . بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەکرد نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە ئێستا بە 850 دینار ومحسن بە 1050 سوپەر بە 1200 دینارە لە پێشتردا نۆرماڵ بە 875 و محسن بە 1075 و سوپەر بە 1225دینار بووە هەروەها نرخی گاز لە پێشتردا بە 800 دینار بووە و لە ئێستادا بە 750 دینارە بۆ هەر لیترێک. لە بارەی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی پاس و تەکسی لە 690 دینارەوە بۆ750 دینار وتەبێژی بەنزیخانەکانی سلێمانی ئەوەی دوپاتکردەوە کە "ئەو بەنزینە 690 یەی كراوە بە 750 دینار هەمان كوالێتییە و تەنها نرخەكەی گرانكراوە لەسەر شۆفێرانی تاکسی و پاس". وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕۆژی 30ی نیسانی 2023 لەژێر ناوی"یەکخستنی نرخی بەنزیندا" نرخی بەنزینی 690 دیناری تایبەت بە تەکسی و پاسی بۆ 750 دینار بەرزکردەوە.
هاوڵاتی کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیکی تایبەت بە راپرسیەکان لە تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە دواین زانیارییەکان لە بارەی سەرکەوتنی کلچدار ئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بەرامبەر ئەردۆغان دەخاتە ڕوو. لە ڕاپرسییەکەدا ئەوە ڕونکراوەتەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا بە جیاوازیەکی زۆر شکست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات دەهێنێت. کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیک راپرسیەکی مەیدانی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامداوە کە هەزار و ٥٦٩ کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن ٥١.٧٪ و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات ٤٤.١٪ موحەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی مەملەکەت ٣٪ سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا ١.٢٪ دەهێنن. هەروەها بەپێی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییەکانیش بەم شێوەیە دەبێت: ئاکەپە ٣٢.٣٪ جەهەپە ٢٨.٧٪ پارتی چەپی سەوز -هەدەپە ١١.٧٪ پارتی باش ١١.٣٪ مەهەپە ٦.١٪ پارتی دەڤا ٣.٤٪ پارتی سەرکەوتن ٢٪ پارتی مەملەکەت ١.٤٪ پارتی ئاییندە ١.١٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ١.١٪ پارتی سەعادەت ٠.٩٪ بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 14 ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارلە تورکیا بەڕێوەبچێت و ململانێیەکی بەهێز لە نێوان لیست و لایەنەکاندا هەیە.
هاوڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ دوشەممە لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوە وهۆشداری دهدهن لهوهی "ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا ئەگوزەرێک نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، پێویستە هەموان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن". بهگوێرهی راگهیهندراوێكی كۆبونهوهكه یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پێکەوە باسیان لە دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەسەر ئەو بنەمایە چۆنییەتی رێکخستنەوەی پیوەندییەکانی هەردوولا قسە کراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ،"باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەوبارەیەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردوەوە کە؛ پیویستە چی زووە رێککەوتن و سازنی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت." دەقی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە و پێکەوە باسیان لە دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرد و لەسەر ئەو بنەمایە چۆنییەتی رێکخستنەوەی پیوەندییەکانی هەردوولا قسەی لەبارەوە کرا. لەسەرەتای کۆبوونەوکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە یەکی ئایاری ٢٠٢٣ لە دەباشان بەڕێوەچوو، بەبۆنەی جەژنی کرێکارانەوە؛ پیرۆزبایی لە کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان کرا و جەختیان لە گرنگی جێبەجێ کردنی یاسای کاری نوێ کردەوە بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی ئەو چینە گرنگەی کۆمەڵگە. دواتر بەوردی باس لە رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و هەردوولا جەختیان کردەوە کە؛ ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا ئەگوزەرێک نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە. بەدرێژەدان لەقسە کردن لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە یەکێتی و گۆڕان تەباتر بن و پلانی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دابڕێژنەوە بە شێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغە و رووبەڕوو بوونەوەی ئاڵنگارییەکان بگونجێت و لەئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتییانیش بێت. کۆبوونەوە هەڵسەنگاندنێکی بۆ شێوازی خزمەتگوزاری کرد و جەختی کردەوە؛ خزمەتگوزارییەکان لەو ئاستە نییە کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵوەستە کردن هەیە لەپێناو باشتر کردنییان و دەبێت سیاسەتێکی نوێ هەبێت کە جیاکاری و ناعەدالەتی نەهێڵرێت. هەر لەو کۆبوونەوەیە، باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەوبارەیەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردوەوە کە؛ پیویستە چی زووە رێککەوتن و سازنی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران، ئەمڕۆ یەکی ئایار پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هەموو پشتگیرییەک لە ماف و داوا رەواکانی کرێکاران دەکەین". ئەمڕۆ دووشەممە ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و "به گهرمى پیرۆزبایی له كرێكارانى كوردستان، عێراق و جيهان و سهنديكا و ڕێكخراوهكانيان" دەکات. لە بەشێکی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە پێویستیی هەبوونی یاسایەکی سەردەمییانەی کار بۆ پاراستنی مافەکانی کرێکاران، رەخساندنی زهمينهى سهلامهت و ژينگهى لهبار و رێكخستنى دروستى كاژێرهكانى كار و یەکسانی لە دەرفەتی کار. دەقی پەیامەکەی نێچيرڤان بارزانى له ڕۆژى جيهانيى كرێكاراندا: يهكى ئايار، ڕۆژى جيهانيى كرێكاران، به گهرمى له كرێكارانى كوردستان، عێراق و جيهان و سهنديكا و ڕێكخراوهكانيان پيرۆز دهكهم. بهشدارى و قوربانيدانى كرێكارانى كوردستان له شۆڕش و ڕۆڵى ديار و ڕهنجى زۆريان له پرۆسهى بنياتنان و ئاوهدانكردنهوهى كوردستاندا بهرز دهنرخێنم و هيواى سهركهوتنيان بۆ دهخوازم. لهم يادهدا وێڕاى دهربڕينى ههموو پشتگيرييهك بۆ ماف و داوا ڕهواكانى كرێكاران، جهخت له پێويستيى ههبوونی یاسایهکی سهردهمیانهی کار بۆ پاراستنی مافهکانی کرێکاران و ڕهخساندنى زهمينهى سهلامهت و ژينگهى لهبار و ڕێكخستنى دروستى كاژێرهكانى كار و يهكسانى له دهرفهتى كاردا دهكهينهوه، ههروهها دهبێ گرنگيى زياتر به ژيان و گوزهرانى كرێكاران و خێزانهكانيان بدرێت و سهندیکا و ڕێکخراوهکانی کرێکارانیش کاراتر بۆ مافهکانیان کار بکهن. سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كهسوكارى ئهو كرێكارانه دهنێرين كه له كاتى كاردا گيانيان لهدهستداوه و لهسهر لايهنه پهيوهندارهكانه له ههموو ڕوويهكهوه چاودێرييان بكهن و يارمهتى بدرێن. يهكى ئايار له ههمووان پيرۆز بێت و پشوويهكى ئارام و ئاسووده بۆ كرێكاران دهخوازم. نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان 2023/5/1
هاوڵاتی جەمیل بایک رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی چەپی سەوز و لایەنە دیموکراتەکان کردووە و دەیەوێت بەم رێگەیەوە رێگە بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بکاتەوە. جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمار جڤاکێن کوردستان (کە*جە*کە) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی، هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کرد کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەرێوە بچێت. بایک رایگەیاند، ئاکەپە و مەهەپە، خاوەنی عەقڵیەتێکی قڕکەرە. لەبەرئەوە جگە لە خۆی هەموو کەسێک بە دوژمن دەبینێت. ئەمەش ناشارێتەوە. هەموو کەسێک ئەمە دەزانێت. کردەوەکانی ئاکەپە و مەهەپە لە مێژوودا هاوشێوەی کردەوەکانی هیتلەرە. هیتلەر لەسەر دوژمنایەتیکردنی سۆسیالیست و یەهۆدیەکان هاتە سەر دەسەڵات. هیتلەر بەم کردەوانەی جیهانی هەژاند. بەڵام لە کۆتاییدا بە تەنیا مایەوە و ناچار بوو کە خۆی بکوژێت. ئەگەر سەرنج بدەن، ئاکەپە و مەهەپەش، دەسەڵات هاوشێوەی هیتلەر بەڕێوە دەبات و وتی، "دوژمنایەتی کورد، عەلەوی، سۆسیالیستەکان دەکات و کۆمەڵگا ژەهراوی دەکات. نەتەوەپەرستی، شۆڤێنیزم زەق دەکاتەوە. بەم شێوەیە دەیەوێت بەردەوامی بە هەبوونی خۆی بدات. تا ئەو رادەیەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پشت بەوە دەبەستێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگای تورکیا بۆ ئامانجەکانی بەکار دەهێنێت. بەم شێوەیە لە لیبیاوە بگرە تاوەکو ئازەربایجان، لە سوریاوە تاوەکو عێراق، دەستوەردان لە وڵاتاندا دەکات. وادەزانێت بەم شێوەیە ئەنجام بەدەست دەهێنێت. بەڵام لەم دۆخەدا گەیشتووەتە بنبەست، رووبەرووی شکست بووەتەوە." جەمیک بایک باسی ئەوەی کرد، "ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە. ئەم هەڵبژاردنە داهاتووی کورد، عەلەوی، ژنان، رەنجدەران، گەنجان و هەموو گەلان دیاری دەکات. یان فاشیزم لە تورکیا خۆی دامەزراوەیی دەکات، یان هەنگاو بەرەو کۆماری دیموکراتی دەنرێت. هەڵبژاردنێکی بەم شێوەیەیە. سۆسیالیستەکان، هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی، کورد، عەلەوی، ژنان، کرێکاران و گەلان، کە هەوڵی گەورەیان بۆ گەشەپێدانی کۆمار بە ئاراستەی دیموکراتیزەکردن داوە، شەهیدی گەورەیان بەخشی و ئازاری زۆریان چەشت، پێویستە پێکەوە تاجی ئەم خەباتە بخەنە سەر. ئەمەیان لێ داوا دەکرێت. جگە لەوە نابێت هیچ شتێکی دیکە قبوڵ بکرێت، پێویستە هیچ شتێکی دیکە جگە لەمە بە شایەنی خۆیان نەزانن. بۆیە نابێت بە کەم و شتی بچوک و سادە رازی ببن." جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە ئەوەی خستەڕوو، دەسەڵات دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردن کردوو و دەیەوێت ساختەکاری بکات لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لە سندوقەکانی دەنگدان بکات و دەنگ بە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی و پارتی چەپی سەوز بدات.
هاوڵاتی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادەکراوە بۆ ئەوەی کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەمو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران ڕایگەیاند، بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان کردوە بە شێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت. دەشڵێت "وەزارەتەکەمان ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کردوە ، تاکو کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەموو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. بۆ گەییشتن بەم ئامانجەش وەزارەت هەڵساوە بە زیادکردنى ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆیەکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەموو کرێکارانى کەرتى تایبەت." دەقی پەیامەکەی وەزیری کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى: بە بوونەى یەکى ئایارەوە؛ رۆژى جیهانیى کرێکاران یەکى ئایار ڕۆژى بەرجەستەکردنى یەکگرتن و هاوکارى و هەماهەنگى هەموو بزاڤەکانى دەستى کارە لەسەرانسەرى جیهاندا بۆ بەدەستهێنانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و گەشەسەندنى کۆمەڵگا و پاراستنى مافە رەواکانى کرێکاران لە دابینکردنى کارى شایستە و ژینگەیەکى گونجاو بۆ کارکردن و دەستنیشانکردنى کاتژمێرەکانى کارکردن و دەستەبەرکردنى کرێکاران بۆ پاراستنى ماف و دوارۆژى خێزانەکانیان. وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە رۆژى جیهانیى کرێکاراندا بە درووشمى "چەند زیاتر کار بکەیت زیاتر دەژى..." گەرمترین پیرۆزبایى ئاراستەى کرێکارانى جیهان بەگشتى و کرێکارانى کوردستان بەتایبەتى دەکات. کرێکارانى کوردستان بە هەموو سەندیکا و کۆمەڵە و بزووتنەوەکانیان رۆڵێکى بەرچاویان هەبووە لە بزاڤى رزگاریخوازى کوردستاندا و شان بەشانى بەرهەمهێنان بەشدارییان لە شۆڕشى ئازادیخوازى کوردستانیان کردووە و بەردەوامن لەگێڕانى ئەم رۆڵە پیرۆزە. بۆیە وەزارەتمان کە هاوبەشى سەرەکى کرێکارانە لەم خەباتە بێووچانەدا داکۆکى لەسەر پاراستنى مافە رەواکانى کرێکاران دەکات لە هەموو بوارەکانى پەیوەست بە پرۆسەى کارکردن و بەرهەمهێناندا. بۆ ئەم مەبەستەش بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت. دەستنیشانکردنى پشکنەرى تایبەت لەهەموو بەرێوەبەراتیەکانى کاردا بۆ بەدواداچوونى جێبەجێکردنى برگەکانى یاساى کار و دڵنیا بوون لە پارێزراوى مافى کرێکاران باشترین نموونەى داکۆکیکردنى وەزارەتمانە لەسەر هەماهەنگى و پاڵپشتیکردنى خەباتى کرێکاران. سوپاس بۆ پەرلەمانى کوردستان کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هاوئاهەنگ بووە تا پرۆژە یاساى کارى هەرێمى کوردستان پەسەندکرا و بەم نزیکانە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لە هەمان کاتیشدا وەزارەتمان ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کرد ، تاکو کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەموو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. بۆ گەییشتن بەم ئامانجەش وەزارەت هەڵساوە بە زیادکردنى ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆیەکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەموو کرێکارانى کەرتى تایبەت. وەزارەت بڕوایەکى پتەوی هەیە بە دەستى کارى ناوخۆ هەیە و هەموو کاتێک کار بۆ دابینکردنى دەرفەتى کارى شایەستە دەکات، بڕیارى ١٧٢ى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دەستنیشانکردنى رێژەى کرێکارى بیانى لەهەموو پرۆژەکاندا یەکێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەت بۆ گرنگیدان بە دەستى کارى ناوخۆیى و رێکخستنى هێنانى دەستى کارى بیانى، هەروەها ئامادەکرنى رێنماییەکانى رێکخستنى کرێکارى بیانى، سەلامەتى و تەندروستى پیشەیى، راهێنانى پیشەیى و کارکردن لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى پیشەوەران و دانانى رەشنووسى یاساى خزمەتگوزارییە پیشەسازییەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ زۆربەى وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێم بۆ هەموارکردنەوە و نووسینى سیاسەتى نیشتمانى بەکارخستن و پەرەپێدانى بازارى کارى کەرتى تایبەت هەنگاوى دەستپێشخەرن بۆ دانانى سیاسەتێکى سەردەمیانە بۆ پرۆسەى کارکردن و بۆژاندنەوەى کەرتى تایبەت. ئەم قۆناغەى هەرێمی کوردستان پێیدا تێیدەپەرێت پێویستى بە هاوکارى و هەماهەنگى هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ دەربازبوون لە کوسپ و بەربەستەکان و جێگیرکردنى سەقامگیرى و ئارامى بۆ پەرەپێدانى پرۆسەى وەبەرهێنان و خێراکردنى پرۆسەی بەرهەمهێنان. بۆیە وەزارەت گرنگییەکى زۆر بە دانوستاندنى کۆمەڵایەتى و تیمکارى نێوان هەموو هاوبەشە پەیوەندیدارەکان دەدات و جەخت لەسەر دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ کرێکارە دەستەبەرکراوەکان و خانەوادەکانیان دەکات. لەم رۆژە پیرۆزەدا داوا لەهەموو سەندیکا و کۆمەڵەکانى کرێکاران دەکەین بە گیانێکى پڕاوپڕ لەجۆش و خروشەوە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەت بکەن بۆ گەییشتن بەئامانجە ستراتیژەکانى حکومەت. کرێکارە بەرێزەکان... ئەم رۆژەتان لێ پیرۆز بێت، جەژنتان لەسەر دیوارەکانى وەڵات نووسراوە، رۆژێکى بەختەوەرتان بۆ دەخوازین ئەى دروستکەرانى سەرکەوتن و بونیاتنەرانی هەرێمەکەمان ، سەرکەوتووبێت خەباتى کرێکاران و بەردەوامبێت گیانى تەبایى و یەکگرتن و پێکەوە کارکردن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەلایەتی
هاوڵاتی گۆڕانکاریی لە نرخی لیتری بەنزین دەکرێت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، “بۆ سەرجەم جۆری ئۆتۆمبێلەکان دەبێتە ٧٥٠ دینار” . وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتیی بەنزین و یەكخستنی نرخی بەنزین، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە یەکی ئایارەوە بۆ ماوەی یەك مانگ نرخی لیتری بەنزینی “جۆری نۆرماڵ” دەكاتە ٧٥٠ دینار بۆ سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی تایبەت، تاکسی، پاس و پیکاب. " دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان : گۆڕانکاریی لە نرخی لیتری بەنزین دەکرێت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، “بۆ سەرجەم جۆری ئۆتۆمبێلەکان دەبێتە ٧٥٠ دینار” لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتیی بەنزین و یەكخستنی نرخی بەنزین، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە یەکی ئایارەوە بۆ ماوەی یەك مانگ نرخی لیتری بەنزینی “جۆری نۆرماڵ” دەكاتە ٧٥٠ دینار بۆ سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی تایبەت، تاکسی، پاس و پیکاب. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەڕێگەی پاڵاوتگەكانی ناوخۆوە ئەم بەنزینە كوالێتییە بەرزە بەرهەمدەهێنێت و لێژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بەهەمان میكانیزمی پێشوو، چاودێری بەدواداچوونی كوالێتیی بەنزین دەكەن، بەپێی ئەو خەسڵەتەی پەسەندكراوە لە وەزارەت بۆ هەموو بەرهەمێكی بەنزین. راگەیاندنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ٣٠ـی نیسانی
هاوڵاتی موراد قەرەیلان رایگەیاند، ئێمە تورکیا دابەش ناکەین، "ئێمە دەمانەوێت تورکیا بگۆڕین و تورکیا دیموکراتیک بکەین، لە ناو سیستەمی کۆماری دیموکراتیکدا بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ئێمە یەکێتیی ئارەزومەندانەی کوردان بنیات دەنێین." موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بۆ میدیاکانی حزبەکەی باسی لە ئامانجەکانیان لە تورکیا کرد و وتی، "دەمانەوێت یەکگرتوویی گەلان لە تورکیا بنیات بنێین و بەهێزی بکەین. ئێستا یەکێتییەکیان دەوێت، کە بە چەک، تانک و تۆپ و فڕۆکە بنیات بنرێت، ئێمە ئەوە دەگۆڕین بۆ یەکێتیی ئارەزوومەندانە." قەرەیلان بە ئاماژەدان بەوەی نایانەوێت تورکیا دابەش بکەن وتی، " بۆیە ئێمە پارێزگاری لەوە دەکەین، کە هەموو کەسێک دەبێت بە دادپەروەری، حەق، یاسا و مافەکانی و سەربەخۆیی خۆییەوە بژی. ئەمە ئەو شتەیە، کە ئێمە پێی دەڵێین، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک. واتە یەکێتیی گەلان بە شێوەی یەکسان و ئازادە. ئەمە ئامانجی ئێمەیە." قەرەیلان هەروەها دەشڵێت، "ئاکەپە، مەهەپە، هەندێک هێزی دیکە و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک چەمکی جودایخوازی بۆ بزووتنەوەکەمان بەکار دەبەن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. ئێمە باس لە هێڵێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی دەکەین، کە پێویستە یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەی تیادا بنیات بنرێت." هەروەها باسی ئەوەشی کردووە، "لە ڕاستیدا، مەترسیی جوداییخوازی لە تورکیا نەک لەلایەن ئێمەوە، بەڵکو لە عەقڵییەت و تێگەیشتنێکی زۆر چری تورکبوونەوە لەژێر ناوی ڕەگەزپەرستیدایە. ئەو کەسانەی بەو عەقڵییەت و تێگەیشتنەوە دەجوڵێنەوە جوداخوازن و ڕاستیی ئەو بابەتە بەو شێوەیەیە."
هاوڵاتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ئاماری قوربانیانی كرێكارانی لە ساڵی ڕابردوو چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڵاوكردەوە وبە پێی ئامارەکان لە ١٦ مانگی ڕابردوودا ٧٩ کرێکار لە شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ئاماری قوربانیانی كرێكارانی لە ساڵی ڕابردوو چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: ساڵی ڕابردوو لە هەولێر ٢٤ كرێكار و لە سلێمانی ٢١ كرێكار و لە هەڵەبجە پێنج كرێكار و لە دهۆك نۆ كرێكار گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارەکانی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لە چوارمانگی سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەولێر پێنج كرێكار و سلێمانی شەش كرێكار لە هەڵەبجە یەک کرێکار و لە دهۆک دوو کرێکا ر و لە دەرەوەی ناوچەکانی هەرێم شەش کرێکار گیانیان لەدەستداوە. بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ڕاشیگەیاند، جگە لە گیان لەدەستدانی كرێكاران، هەزاران كرێكار بریندار و كەمئەندام بوون و توانای كاركردنیان نەماوە و شوێنەكانی كاركردن مەترسییەكانی ئێجگار زۆرە بۆ کرێکاران لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکانەوە ئاماژە بەوەکرا، هۆكاری ڕوداوهكانیش بریتین لە داڕمان كارهبا گرتن و كهوتنه خوارهوه و سوتان بون بهژێر ئامرازهكانی كارهوه.
مانگی سوری کرماشان رایگەیاند لە وەرزی بەهار-دا روداوەکانی شاخەوانی زۆر بوە و 10 کەس گیانیان لەدەستداوە. محەمەد باقری، بەڕێوبەری مانگی سوری پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ لە دوو مانگی بەهاردا لانیکەم 30 روداوی شاخەوانیی لەو پارێزگایە تۆمار کراوە کە تێیدا 10 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 37 کەس بریندار بون. باقری ئاشکرای کردوە؛ زۆربەی ئەو کەسانەی لە کاتی شاخەوانیی لە چیا و شاخەکانی کرماشان گیانیان لەدەستداوە ئەزمونیان کەم بوە و توشی جەڵتەی دڵ بون و بونەتە قوربانیی. بە وتەی ئەو؛ ژمارەیەک لەو قوربانییانە تەمەنیان زۆر بوە و ئاگاداری ئەوە نەبون کە کێشەی دڵیان هەیە و هەر بەهۆی فشاری رێگا و سەختی چیاکان روبەڕوی جەڵتەی دڵ بونەتەوە. زیاتر لە 18 شاخ و چیا لە ناوچەکانی کرماشان هەیە کە گەشتیار و شاخەوانان روی تێدەکەن و بە شوێنێکی گونجاو بۆ شاخەوانیی و گەشتیاریی لەقەلەم دەدرێت.
هاوڵاتی کۆمپانیای دانە غاز ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکردوە کە تێکڕای بەرهەمهێنانی غاز لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 9.5% بەرز کردوەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەتێکڕایی 50 ملیۆن پێ سێجا بوە لە ڕۆژێکدا لە چارەگی سێیەمی ساڵی ڕابردودا، بەڵام لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا توانراوە 500 ملیۆن پێ سێجا غاز لە یەك ڕۆژدا بەرهەم بهێندرێت. هەروەک ئاشکرایشیکردوە کە کۆمپانیاکە کاتێکی دیکەی داناوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر بۆ 250 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا مانگی نیسانی ساڵی 2024. کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی، گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتە لە بواری گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوڵاتی کۆمیتهی داکۆکی لهماف و ئازادییهکان لە باشوری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا دژی دەستگیرکردنی نوسهر و چالاکوانی سیاسی دیار عهلی مهحمود ناسراو بە عەلی سیاسی وەستانەوە. ئەو کۆمیتەیە لە بەیاننامەکەیاندا ڕایدەگەیەنن کە پێویستە بە زوترین کات عەلی سیاسی ئازادبکرێت ،و دەڵێن،"به شێوهیهکی نهگونجاو و بێ ئامادهبوونی پارێزهر هێنرایه سهر شاشه و دوور له ههموو بههایهکی دادوهری و یاسایهک، وهک تۆمهتبارێک، که کارێکی زۆر نابهجێی کرد بێت، نیشان درا." لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم جۆرە دەستگیرکردنە "ئاماژهی تۆڵهسهندنهوهی سیاسی و ترساندن و تۆقاندنی نهیارانی دهستهڵاتدارانی ههرێمیشی تێدا دهبینین، نهک جێبهجێکردنی یاسا و بڕیاری دادوهر." هاوکات سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئەو کۆمیتەیە ڕایگەیاندووە،"گهر داڵدهدانی تۆمهتباران له کوردستاندا به ههڵه و لهیاسا دهرچوون ئهژمار بکرێت، کهس هێندهی دهستهڵاتدارانی کوردی و به دیاریکراویش دوو حزبه باڵادهستهکه تۆمهتبارانی ئهنفال و بکوژانی تێکۆشهرانی کوردیان داڵده نهداوه و نهپاراستوه. بۆیه ئەگەر بە تۆمەتی هاوکاری و داڵدەدانی بکوژان خەڵکی ئەم هەرێمە دەستگیربکرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوا دهبێ پێش ههموو کهس سهرکردایهتی ئهو حزبانه بچنه پێش دادگا". دەقی بەیاننامەکەی کۆمیتهی داکۆکی لهماف و ئازادییهکان له ههرێمی کوردستانی عێراق: پێویسته عهلی سیاسی به زووترین کات ئازاد بکرێت وهک ههموو ئاگادارین پێش چهند رۆژێک نوسهر و چالاکوانی دیار عهلی مهحمود له لایهن هێزێکی ئاسایشی ههولێرهوه به تۆمهتی داڵدهدانی تۆمهتبارێک دهسگیرکرا. دواتر به شێوهیهکی نهگونجاو و بێ ئامادهبوونی پارێزهر هێنرایه سهر شاشه و دوور له ههموو بههایهکی دادوهری و یاسایهک، وهک تۆمهتبارێک، که کارێکی زۆر نابهجێی کرد بێت، نیشان درا. ئهمه ههمووی لهسهر ئهوهی بۆ چهند رۆژێک داڵدهی تۆمهتبارێکی داوه، که له تۆڵهی خوێنی بهناههق ڕژاوی باوکه پێشمهرگهکهیدا، دوای نائومێدبوونی له یاسا و دادگا، بکوژی باوکی کوشتۆتهوه. سهرهڕای ئهوهی ئهو جۆره ههڵکوتانه سهر و دهسگیرکردنهی ناوبراو ناشایسته و نایاساییه، چونکه دهبوو پۆلیس ئهنجامی بدایه نهک هێزی ئاسایش، ئاماژهی تۆڵهسهندنهوهی سیاسی و ترساندن و تۆقاندنی نهیارانی دهستهڵاتدارانی ههرێمیشی تێدا دهبینین، نهک جێبهجێکردنی یاسا و بڕیاری دادوهر. باوهڕیشمان وایه خودی ڕووداوهکهش ئهنجامه نهک هۆکار، چونکه ئهوه دۆخی لێخۆشبوون و چاولێپۆشینی بکوژان و ئهنفالچییانه، که رهوشێکی وای خوڵقاندوه، خاوهن ههقهکان بێن و خۆیان مافی خۆیان بسێننهوه، کاتێک دڵنیابوونه، که یاسا و داد لهو ههرێمهدا مافیان بۆ ناگێڕێتهوه! له ڕاستیدا گهر داڵدهدانی تۆمهتباران له کوردستاندا به ههڵه و لهیاسا دهرچوون ئهژمار بکرێت، کهس هێندهی دهستهڵاتدارانی کوردی و به دیاریکراویش دوو حزبه باڵادهستهکه تۆمهتبارانی ئهنفال و بکوژانی تێکۆشهرانی کوردیان داڵده نهداوه و نهپاراستوه. بۆیه ئەگەر بە تۆمەتی هاوکاری و داڵدەدانی بکوژان خەڵکی ئەم هەرێمە دەستگیربکرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوا دهبێ پێش ههموو کهس سهرکردایهتی ئهو حزبانه بچنه پێش دادگا، کە تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد و ئەنفالیان نەک هەر داڵدەداوە، بەڵکو کردویانن بە بەرپرسی کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئیمتیازاتیشیان داونهتێ! ئێمه وهک کۆمیتهی داکۆکی له ماف و ئازادییهکان، له نزیکهوه ناوبراو دهناسین و دهزانین، چهند کهسێکی پاک و دڵسۆز و خۆنهویسته، دهشزانین دهستهڵاتی ههولێر چهند لێی بهداخه، بۆیه ئهم ڕووداوهی ئێستا وهک ههل و دهرفهتێک دهبینین له لایهن دهستهڵاتدارانی باشور و پارتی دیموکرات به تایبهتی بۆ تۆڵهی سیاسی و ترساندنی عهلی سیاسی، تا له ڕهخنه و ههڵوێست بهرامبهر خۆیان بیوهستێنن. ئێمه لێرهوه داواکارین به زووترین کات ناوبراو ئازاد بکرێت. جا به کهفالهتی کهسیی بێت یان ماددی، له ئهگهری مانهوهی ناوبراو له زینداندا بێگومان بێدهنگ دانانیشین و ههڵوێستی ترمان دهبێت. ئازادی بۆ کاک عهلی سیاسی و سهرجهم زیندانییه سیاسییهکانی باشوری کوردستان کۆمیتهی داکۆکی لهماف و ئازادییهکان له ههرێمی کوردستانی عێراق ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٣
بێدار محەمەد كێشەی كەمیی و نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەو بنكەو مەڵبەندە تەندروستیەكانی گەرمیان بەردەوامە، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن كەمی بودجەو بەرفراوانبوونی ناوچەكەو زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان گرفتی سەرەكییانە. لەسنوری ئیدارەی گەرمیان چوار نەخۆشخانەو 13 مەڵبەندی تەندروستی و 54 بنكەی تەندروستی بوونی هەیەو هاووڵاتیان بەهۆی كەمی دەرمان لەدەرەوەی نەخۆشخانەكان دەرمانەكانیان دەكڕن. هەژار محەمەد، هاووڵاتیەكی خەڵكی شارۆچكەی رزگاری سەر بەقەزای كەلارە، بەنیگەرانیەوە بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد، لەگەڵ گرفتی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، بەشێك لەدەرمانەكان لەبازاڕەكان دەستدەكەون ئەوەش گرفتێكی ترەو خەڵكی نەدارو دەستكورت باجەكەی دەدات. سەلام هیدایەت، چالاكی مەدەنی لەگەرمیان، بەهاوڵاتی وت:» كەرتی تەندروستی لەگەرمیان ئیفلیج بووەو خێرخوازان بوونەتە فریادڕەسی ئەم كەرتە، خێرخوازان نەبن دەبێ فاتیحە بۆ كەرتی تەندروستی بخوێنین». بەرپرسی بەشی كۆگای دەرمان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان دەڵێت لەكۆی 200 جۆر دەرمانی تایبەت بەنەخۆشیە درێژخایەنەكان تەنها 40 جۆریان ماوەتەوە». محەمەد ئازاد، بەرپرسی بەشی كۆگای دەرمان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، بەهاوڵاتی وت:» لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەرمانمان پێدەگات، لەوانە لەبەغدا دەرمانمان بۆ دەنێرێت، لەگەڵ هاوكاری رێكخراوەكان و كڕینی دەرمان لەڕێگەی كۆمپانیاكانی ناوخۆ». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە ساڵێك زیاترە دابینكردنی دەرمان زۆر كەمیكردووەو گرفتی بۆ دروستكردوون، وتیشی:» پشكی ئێمە لەبەغداوە خراوەتەسەر پارێزگای سلێمانی و دەبێ لەسلێمانییەوە پشكی خۆمان وەربگرین، ئەوە لەكاتێكدایە سلێمانیش هەمان گرفتی هەیە لەگەڵ بەغدا، بەهۆی رۆتینات و گرفتی نەبوونی بەڕاد دەرمانەكان درەنگ دەگەنە لامان و زۆر سودی لێ نابینین». لەكۆی 200 جۆر دەرمانی تایبەتی بەنەخۆشی درێژخایەن تەنها 40 جۆری بەردەستە « بەهۆی خەرجنەكردنی پارە بۆ كۆمپانیاكان، دەرمانمان بۆ دابین ناكەن كەتایبەتە بەساڵانی 2021 و 2022 ئیتر ئێمە چۆن گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای تری دەرمان بكەین بۆ كڕینی دەرمان، جگە لەوەی لەكۆی 200 جۆر دەرمانی تایبەتی بەنەخۆشی درێژخایەن سەرووی 160 جۆری دەرمان هیچ جۆرێكی لەكۆگاكان نەماوە». محەمەد ئازاد، وای وت. مانگانە بڕی 100 بۆ 150 ملیۆن دینار بۆ كڕینی دەرمان بۆ گەرمیان خەرج دەكرێت و 75 ملیۆن دیناری دەڕوات بۆ كۆمپانیای پاككردنەوەی نەخۆشخانەكان. بەرپرسی بەشی كۆگای دەرمان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان قەرزی دەرمان و ئێشكگری لەسەر تەندروستی گەرمیان لەكۆكاگان و كۆمپانیاكان زیاتر لەپێنج ملیار دینارە كە 570 ملیۆن دیناری قەرزاری كۆمپانیاكانی دەرمانن. ئەركان محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی گشتی كەلار بەهاوڵاتی وت:» هەندێك جۆری دەرمان پێشتر بۆ نەخۆشخانەكان لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە بۆ كلینك و نۆرینگەكان كڕدراوە، بەڵام ئەوەی نەخۆشخانەكان كۆتایی هاتووە».