هاوڵاتی موراد قەرەیلان رایگەیاند، جێگەی گۆمانە کە ئاکەپە و مەهەپە دەست لە دەسەڵات هەڵبگرن. ئاشکرایە کە فێڵ و تەڵەکەبازی زۆر بەکار دەهێنن. لەم رووەوە خۆی ئاکەپە بە باشی دەناسرێت. لە هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵدا بینرا و زۆر نمونەی بەرچاوی دیکەی بەم شێوەیەش هەن. موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤیدا ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردن لە تورکیادا و ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار هاوشێوەی گەلانی تورکیا بۆ گەلی کوردیش زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی نەک تەنیا سەرۆککۆمار بەڵکو سیستم گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هێزە قوڵەکانی دەوڵەت بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکدەستی شەڕ بەڕێوە ببەن و هەماهەنگی بەهێز بکەن ئەم سیستمەیان دروست کردووە. بەڵام سیستمەکە زۆر ئۆتۆریتەرە و دیموکرات نییە. ئەمەش کۆمەڵگای تورکیای زۆر لاواز کردووە. بێگۆمان لایەنێک دەیەوێت بەردەوامی بە سیستمەکە بدات. بەڵام گەل دەیەوێت سیستم بگۆڕدرێت و هەڵبژاردن لەسەر ئەم بناغەیە بەڕێوە ببرێت. موراد قەرەیلان وتی، " ئایا ئاکەپە و مەهەپە قبوڵی دەکەن، بەگوێرەی هەڵبژاردنەکان دەست لە دەسەڵات هەڵبگرن؟ ئەمە جێگەی گۆمانە. ئاشکرایە کە فێڵ و تەڵەکەبازی زۆر بەکار دەهێنن. لەم رووەوە ئاکەپە بە باشی دەناسرێت. لە هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵدا بینرا و زۆر نمونەی بەرچاوی دیکەی بەم شێوەیەش هەن. هەموو کاتێک سەرقاڵی فێڵ و تەڵەکەبازیە؛ هەموو شتێک بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی رێکدەخات. واتە رژێمی ئاکەپە و مەهەپە هەموو شتێک سەرلەنەوێ بۆ بەرژەوەندی خۆیان بنیات دەنێن و نایانەوێت دەست لە دەسەڵات هەڵبگرن." قەرەیلان باسی پرۆسەی بەرلە هەڵبژاردنەکانی کرد و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، " لە ئێستا بەدواوە زۆر رووداوی تاریک روودەدەن. لەم چوارچێوەیەدا وەک وتمان، هەندێک شت روویاندا. بۆ نمونە، هەندێک هێز و لایەنی نێو دەوڵەت ویستیان لە رێگەی ئیی پارتیەوە (پارتی باش) خۆیان رێکبخەنەوە و مێزی شەش لایەنەکە قڵپ بکەنەوە. مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتەکە هەنگاوێکی بەو شێوەیەی ناوە. بەڵام دواتر مێزەکە لە جێی خۆی مایەوە، کەس چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد. رایانگەیاند وەک مێزی پێنج لایەن دەتوانن بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن. لە هەمان کاتدا لەنێو ئیی پارتیشدا نارەزایەتی لێکەوتەوە. هەم لە ئاستی بەڕێوەبەریدا و هەم لە ئاستی خوارەوەدا دەستلەکارکێشانەوە روویاندا. باسی ئەوە دەکرێت کە دەیان هەزار کەس دەستیان لەکارکێشاوەتەوە. واتە ئەوانەی ئەم پلانەیان بەڕێوە دەبرد، بینییان کە ئەنجامەکە پێچەوانە دەبێتەوە. بینییان کە مێزەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و ئەگەری هەڵوەشاندنی ئیی پارتی هاتە ئاراوە، لەبەرئەوەش ئاکشەنەریان گەڕاندەوە. بە کورتی دەبینرێت کە رووداوەکە رەوتی سوننی بوون و وەک ئۆپراسیۆنێک پلانی بۆ داڕێژرابوو. بێگۆمان لەبەرئەوەی سەرنەکەوتن، هەنگاویان بەرەو دواوە ناوە." ئەمە بۆ بزوتنەوەی دیموکراسی تورکیا شتێکی زۆر باشە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئاشکرا بوو کە گەل بە راستی گۆڕانکاری دەوێت. گەل دەیەوێت ئەم دەسەڵاتە بگۆڕدرێت. بینیرا کە پرۆژەکانی سەر دیزاینکردنی کۆمەڵگە ئەنجام بەدەست ناهێنن. بەڵام ئەم دۆخە بۆ هێزە دیموکراتەکان بووە هێزێک، بۆ ئەو هێزانەی کە پلانەکەیان داڕشتبوو، بووە کودەتا. بۆیەش دەتوانین بڵێین کە ئۆپۆزسیۆن لەم رووەوە بەهیز بووە. لەبەرئەوەی بینرا کە ئەو دەستە قوڵانەی کە دەیانەوێت پلانی بەم شێوەیە بەڕێوە ببەن، ئەنجامیان بەدەست نەهێناوە. لەلایەکی دیکەوە دەیانەوێت تورکیایەکی گێژاو دروست بکەن. بە زۆرکردنی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیزم دەیانەوێت دوژمنێک بخوڵقێنن. بێگۆمان دوژمنیان پەکەکە و کوردن. بەم شێوەیە بە شۆڤێنیزم، بە زۆرکردنی هەستی نەتەوەپەرستی دەیانەوێت ئەو کەسانە لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە. بۆ نمونە هێرش دەکەنە سەر هەدەپە و ئەو پارتانەی کە بەشداری لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی. ئەو پارتانە یاسایین و رێکخراوەیین و نوێنەرایەتی ملیۆن کەس دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا دەیانکەنە ئامانج و بەم شێوەیە دەیانەویت هێزە نەتەوەپەرستەکان لە دەوری خۆیان کۆبکنەوە. واتە لە پرۆژەی بەم شێوەیەدا لەسەر کۆمەڵگا لە ئێستا بەدواوە بەم شێوەیە دەست بە جموجوڵ دەکەن. سەرەتاکەی هێرشی سەر یانەی ئامەدە لە بورسا. بێگۆمان لەم پلانەشدا ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. باشە هیچ کاتێک شتێکی بەم شێوەیە روویداوە؟ یاریەکی وەرزشیە. هیچ شتێکی سیاسی نییە. بەڵام بەر لە دەستپێکردنی یاریەکە یانەی بورسا هێرشی کردە سەر یاریزانەکانی یانەی ئامەد. لایەنگرانیشی جگە لە وتنەوەی دروشم هەرچیەکیان بەر دەست کەوت گرتیانە یاریزانانی یانەی ئامەد. هەندێکیان کەوتنە سەر زەوی و بریندار بوون. هەروەها وێنەی بکوژەکانیان بەرز کردەوە. لە رێگەی ئەو قسانە وتیان ' هەمان شتتان بەسەر دەهێنینەوە'. بێگۆمان ئەمە پلانێکە، دەیانەویت بەم شێوەیە گێژاوێک دروست بکەن. ئێمەی کورد پێویستە ئەمە بزانین؛ یانەی ئامەد شتێکی سیاسی نییە. بەڵام کوردە. دەکرێت لەنێو پێکهاتەکەیدا کوردیشی تێدا نەبێت، بەڵام نوێنەرایەتی ئامەد دەکات. ناوێکی دێرینی هەیە. بەڵام هێرش لە بەرامبەر یاریزانەکانی، هێرشێکە لە بەرامبەر هەموو کورد. چی چەپ و چی راسترەو. هەر کێیەک بێت، هێرشە لەبەرامبەر کورد، لە بەرامبەر بەهاکانی گەلی کورد. ئامەد چییە؟ ئامەد مێژووی کوردە. هێرشی دەکەنە سەر. ئاشکرا بوو کە ئەمە لەلایەن باخچەلیەوە رێکخراوە و بێ ئەوەی شەرم بکاتەوە وتی، ' هیچ شتێک بە ناوی ئامەد نییە' و پیرۆزبایی لە یانەی بورسا کرد. ئایا ئەمە ئاساییە؟ نا . بۆیەش پێویستە گەلی کورد بزانێت' هێرش لە بەرامبەر یاریزانە هێژاکان کراوە، لە کەسایەتی ئەواندا هێرش کراوەتە سەر هەمووان. بە راستیش لەگەڵ ئەم هەموو هێرشانە، یاریزانانی یانەی ئامەد بەردەوامیان بە یاریەکەدا. پێویست بوو یاریەکە هەڵبوەشێندرێتەوە. بەڵام بەردەوامیان پێدا. دواتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بۆ پەردەپۆشکردنی هێرشەکە سزای بەسەر یانەی بورسادا سەپاند کە لە ٩ یاریدا نابێت هەوادارانی بەشداری بکەن. بەڵام هەموو بریارەکان بۆ پەردەپۆشکردن بوون. لێرە تاوانێک کراوە، بەر لە هەموو شتێک پێویست بوو یاریەکە هەڵبوەشێندرێتەوە، پێویستە بوو هێرشبەرەکان کە یاریزانانی یانەی بورسا بوون، سزا بدرانایە. بەڵام هیچ رێکارێک بەرامبەریان نەکرا. لە بورسا تاوانێکی گەورە بەرامبەر کورد کراوە. ئەمە زوڵمە. کوردێکی بەشەرەف پێویستە ئەمە لەبیر نەکات. هێرشێکی بەم شێوەیەیە.
شەنای فاتح رێكخەرانی خۆپیشاندانی شاری هەڵەبجە بایكۆتی ئەو یادە تەقلیدیانە دەكەن كە ساڵانە بۆ یادی كیمیابارانی هەڵەبجە رێكدەخرێت و بۆ جێبەجێكردنی داواكراییەكانیشیان تا دوای جەژنی رەمەزان مۆڵەت دەدەنە حكومەتی هەرێم. لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی دەڵێت: بایكۆتی ئەو یادە تەقلیدیانە دەكەین كە ساڵانە دەكرێتەوەو وتیشی: بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە بارودۆخێكی تەندروستی سەختدان و لە نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجەش چارەسەری پێویستی بەركەوتوان ناكرێت. دەقی چاوپێكەوتنی رۆژنامەی هاوڵاتی لەگەڵ لوقمان عەبدولقادر؛ : ئەو هاووڵاتیانەی بەركەوتووی چەكی كیمیایین چەندیان لەژیاندا ماون و بارودۆخی تەندروستییان چۆنە؟ لوقمان عەبدولقادر: ئەوەی كە لەبەردەستدایە و بەفەرمی لە هەموو هەرێمی كوردستاندا ٨٣٥ بەركەوتە هەیە و لەو ژمارەیەش ٣٣١ بەركەوتەیان لە هەڵەبجە و سلێمانی-ین، ژمارەیتەك لەوانە وەك بەركەوتە بەركەوتە نین، بەڵام بەهەر هۆكارێك بێت ناویان خراوەتە ئەو لیستەوە و خەڵكێكیش هەیە بەركەوتەیە و لەو لیستەدا تۆمار نەكراوە. ئەتوانم بڵێم سەرجەم بەركەوتوان بارودۆخیان سەختە و بەپێی ئەو زانیاریانەی كە پزیشكان بە ئێمەیان داوە بەركەوتووی كیمیاباران چاك نابێتەوە كە ئەوەش سەختە بە نەخۆشێك بوترێت تۆ چاك نابیتەوە، ئەو نەخۆشانە پێویستیان بەچارەسەری بەردەوام هەیە و ماوەیەكی زۆرە چارەسەرەكان راگیراوە بۆیە هەموویان بارودۆخیان زۆر لە مەترسیدایە. : ئایا لەنەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لەهەڵەبجە چارەسەری پێویست بۆ ئەو بەركەوتووانە دەكەن، ئایا دەرمانی پێویست هەیە بۆ بەركەوتووان؟ لوقمان عەبدولقادر: نەخێر چارەسەرێكیش ئەگەر بكرێت بەپێی خواستی نەخۆشەكە نییە و ئەگەر نەخۆشێك بچێتە ئەو نەخۆشخانەیە و پێویستی بەپێنج چارەسەر هەبێت دوو چارەسەری هەیە و سیانی نییە یان بەپێچەوانەوە، و ئەو نەخۆشخانەیە لەو رێڕەوەی كە ئێمە داخوازیمان دەكرد و ئومێدمان پێیبوو لەتموحی ئێمەدا نەبوو بەداخەوە، ئەو نەخۆشخانەیە وەك دەوامێكی حكومی لێهاتووە و رۆژانی هەینی و شەمە دەوامی تێدا ناكرێت، ئێ نەخۆشخانەیەك هی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بێت چۆن دەبێت وەك دەوامی حكومی بێت، چونكە هەندێكجار نەخۆش نیوەی شەو پێویستی بە چارەسەر هەیە، بۆیە ئەو نەخۆشخانەیە بۆ ئێمەی قوربانیان لەبری خێر ئەتوانم بڵێم بووبە نەگبەتی بۆمان و نەخۆشخانەكە وەك پێویست نییە، پێشتر حكومەت هەوڵی ئەدا و بۆ دەرەوەی ئەناردین، بەڵام ئەوەش نەماوە و بەركەوتوان لەسەر تێچووی خۆیان دەچنە دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی چارەسەر و لەئێستادا چوار بەركەوتە لەسەر تێچووی خۆیان نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاویان ئەنجامداوە. : ئایا حكومەتی هەرێم هاوكاریو یارمەتیی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەكات؟ لوقمان عەبدولقادر: حكومەتی هەرێمی كوردستان مینحەیەكی مانگانەی بۆ ئەو بەركەوتووانە بڕیوەتەوە ئێستا بە داخەوە لەم پڕۆسەی چاكسازییەدا لەبری ئەوەی مینحەی خەڵكانێك ببڕێت كەموچەیەكی خەیاڵیان هەیە، هاتوون هەر بەركەوتەیەك كە فەرمانبەری حكومەت بووبێت بەپێی ئەو بڕیارەی بۆ چاكسازی دراوە مینحەكەی بڕدراوە. : بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئایا چ بڕگەیەكی تێدایە لەخزمەت بەركەوتووانی چەكی كیمیاییدایە؟ لوقمان عەبدولقادر: بەدڵنیاییەوە هەر بڕیارێك دەربچێت بۆ هەڵەبجە گرنگی خۆی هەیە بەتایبەت ئەگەر لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕە بودجەیەك تەرخانبكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارە و ئەو كاتەش حكومەتی هەرێمی كوردستانیش مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجەدا دەكات. هاوكات دەشكرێ حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە بەخۆیدا بچێتەوە و ئەو گلەیی و گازاندانەی هاوڵاتیانی ئەم شارە هەیانە لە سێكتەرە جیاوازەكان دەبێت پێداچوونەوەی پێدا بكرێت و خزمەتگوزاریەكان فەراهەم بكرێن. : بۆچی خەڵكی هەڵەبجە دەستیان بەخۆپیشاندان كردووەو داواكارییان چییە، تا كەی بەردەوام دەبن؟ لوقمان عەبدولقادر: ئێمە وەك كۆمەڵەی قوربانیان یەكێك بووین لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە و بەشداری خۆپیشاندانەكە بووین و پاڵپشتی داواكاری كۆمەڵەی قوربانیان و سەرجەم هاوڵاتیانی هەڵەبجە و بایكۆتكردنی ئەو یادە تەقلیدیانە كە ساڵانە دەكرێنەوە دەكەین، خۆپیشاندانەكە ئەمڕۆ سێشەممە تەواو بووە و مۆڵەتێك دراوە بە لایەنی حكومی كە وەڵامی هەبێت تا دوای جەژنی رەمەزان ئەگەر حكومەت گۆڕانكاری لەم داواكاریانەدا نەكات هاوڵاتیان دێنە سەر شەقام و داواكارییەكانیان چەندبارە دەكەنەوە.
هاوڵاتی پێشبینی دەکرێت پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیادا بکات. لە کاتێکدا کە مەترسی لەسەر هەدەپە هەیە کە دابخرێت، بەرپرسانی پارتەکە دەستیان بۆ چارەسەریەک بردووە کە ئەویش بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە. بەگوێرەی زانیاریەکان ئەمڕۆ هەدەپە بە فەرمی بڕیارەکەی رادەگەیەنێت. پارتی چەپی سەوز، لە ساڵی ٢٠١٠ دامەزرێنراوە و لەلایەن چیدەم کلچگون ئوچار و ئیبراهیم کالن هاووتەبێژانی پارتەکەوە بەڕێوە دەبرێن. پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، هاوکاری هەدەپەی کردووە و تاوەکو ئێستا رێکخستنەکانی لە ٥٤ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان چالاک کردووە. دانیشتنی دادگایی داخستنی هەدەپە کە لە حوزەیرانی ٢٠٢١ەوە بەردەوامە، بڕیارە لە ١١ی نیساندا بەرێوە بچێت. هەرچەندە دادگای دەستووری تورکیا راگرتنی هاوکاری خەزێنەی دەوڵەتی بۆ هەدەپە هەڵوەشاندەوە کە لە ٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا،بە شێوەیەکی کاتی رایگرتبوو، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە گۆمانیان هەیە کە لە ١١ی نیساندا پارتەکەیان دابخرێت و بۆیەش دەستیان بۆ جێگرەوەیەک بردووە کە ئەویش بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە.
هاوڵاتی لەسەروبەندی یادەوەریی تاڵی جینۆساید و تاوانی گەورەی كیمیاییبارانی هەڵەبجەدا و سەرەڕای بڕوابوونی تەواومان بە بێ گوێیی و خەمساردیی دەسەڵاتی هەرێم لەمەڕ مافە سەرەتاییەكانی خەڵكیی، بەڵام هێشتا پێمانوایە كە بۆ مێژوو كۆمەڵێك لە داواكاریی خەڵكی ناوچەكە بخەینەڕوو. بەداخەوە ساڵەكان تێئەپەڕن و جڵەولەدەستانی هەرێم، سەردەمی وێرانیی دەسەڵاتی خۆیانمان بۆ نمایش ئەكەن، بەردەوام لەناو بازنەیەكدا هەڵمانئەسوڕێنن، لە دۆخێكی ناخۆشەوە ئەمانبەن بۆ دۆخێكی ناخۆشتر! ئاستی ناڕەزایەتیی خەڵك لەهەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمدا لە لوتكەدایە، كەچی دەسەڵات ئامادە نییە تەنانەت ئەوانیش وەك چاو و نوێنەری خۆی سەیر بكات و سەرنجەكانیان بەهەند وەربگرێت! بێباكیی و بێ منەتیی دەسەڵات لە قۆناغێكی زۆر مەترسیداردایە، چونكە سەرەتا بەرپرسان تاڕادەیەك هەندێ تاڵەموی لۆژیكی بەرگرییكردن لە میتۆدی بەڕێوەبردنی خۆیان بە دەستەوە مابوو، لێرەولەوێ بەرگرییان لە سەركردە و حیزبەكانیان ئەكرد، بەڵام ئێستا و لەم قۆناغەدا ئەوانیش لە خەڵكی دانیشتوانی شار و شارۆچكەكان زیاتر ناڕازیی و بێزارن! قۆناغەكە مەترسیدارە، چونكە كە هەمووان وەك خەڵكیی لە ئاستی ئەم بەڕێوەبردنە ناڕازیی بین، كەواتە كێیە نایەوێت چاكی بكەین؟! خەڵكی بەهەڵوێست و مافخوراوی كوردستان، ئەبوو ئێمە لەسەروەختی یادكردنەوەی شەهیدەكانماندا، باسی كۆمەڵێك پرسی مەعنەویی و مەعریفیی و پێشكەوتنی زانستیی و گەشەكردنە بەرچاوەكانی كۆمەڵگاكەمان بكردایە، باسی ئاسوودەیی ڕۆحی قوربانییەكانمان بكردایە كە خوێنیان بە فێڕۆ نەچووە و كۆمەڵگایەكی پڕ لە بەهای بەرزی سیاسیی و ئیدارییان بەخوێنی خۆیان دروستكردووە! بەداخەوە وا پاش زیاتر لە سێ دەیە لە دەسەڵاتی ڕەهای هاوزمانانی خۆمان لە هەرێمدا، ئێستا ئیتر هەستئەكەین جێگایەك نییە تا ناڕەزایەتیی و گرفتەكانمانیان پێبگەیەنین! كێشەكە بونیادییە و وادیارە هەر خەڵك نین لە دەسەڵات ناڕازین، بەڵكو هەمووی ناڕازییە و ئەوەی پێویستە بە بەرپرسیارێتییەكە هەستێت، ونە و خۆی نەبان كردووە! بۆیە ئێمەش ناچارین كە ڕوو بە ڕایگشتیی و بۆ مێژوو داواكارییەكانمان بخەینەڕوو: ١- (بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە) پڕۆسەیەكی ناتەواوە، هێشتا لای دەسەڵاتی هەرێم «مەرەكەبی سەر كاغەز»ە و نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. ڕەنگە نوكتەیەكی بێتام و گریانهێنەر بێت كە شارێك ژمارەی دانیشتوانەكەی لەسەردەمی قەزابوونیدا زیاتر بێت وەك لە سەردەمی پارێزگابوونەكەی! ٢-هەڵگرتنی نازی ناوچە پڕ لە قوربانییەكانی كوردستان، بە دیارییكردنی باشترین و دڵسۆزترین بەرپرسان بۆ بەڕێوەبردنی شارەكانیان! رێزگرتن لە قوربانییەكانیان و گێڕانەوەی ونبوو و بێسەروشوێنانیان، نەك بە سیاسییكردن و بێ ئەرزشكردنی چیرۆكە پڕ لە تراژیدیاكانیان! پاش ئەمانە ئینجا لەڕووی ماددیشەوە؛ داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانیان بن، خەونی ئێمە گەلێك فراوانتر و مەزنترە لە خەونی كەسوكاری قوربانیانی"دوجێل" بۆچی لەسەر خوێنی نزیكەی دوو سەد كەس، سەرۆكی رژێمی عێراق لەسێدارە ئەدرێت و قەرەبووی واریسەكانیان ئەكرێتەوە، بەڵام لەهەرێم مینحەیەكی كەم و بێبایەخ بۆ بەركەوتووانی كیمیاباران بەناوی(چاكسازیی دارایی)ـەوە دەبڕدرێت؟! ٣- بڕیاردان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانەی كە خراوەتە بەردەست پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەت پرۆژەیاسای (تاوانە نێودەوڵەتییەكان) و پرۆژە یاسای (منداڵە ونبووەكان) و پرۆژە یاسای (ناساندن و ماف و ئیمتیازەكانی بریندارانی كیمیاییباران) و یاسای (قەرەبووی راگواستنی زۆرەملێ و چەند ساڵ دابڕان لە زێد و سوودمەند نەبوون لە موڵك و ماڵیان). ٤- لەبری لۆبیكردن لە ناوەندە جیهانییەكاندا بۆ حیزب و سەرۆكەكان، لۆبی بكرێت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە و ناوچەكانیتر و ئەنفالی میللەتەكەمان! ٥- چارەسەركردنی بەپەلەی بەركەوتووانی كیمیاباران لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان و (بە فیعلی) نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتووانی كیمیایی بخرێتە خرمەت بەركەوتووەكان و بوار نەدرێت بۆ مەبەستی دیكە بەكار بهێنرێت. ٦-پێدانی تایبەتمەندیی لە دامەزراندن بە شێوەی دادپەروەرانە بۆ خەڵكی پارێزگاكە و ڕەخساندنی هەلیكار بۆیان. ٧-لەبووجەی 2023 حسابێكی شیاو بۆ هەڵەبجە بكرێت كە هیچ سێكتەرێكی ژێرخانی نیە و پێویستی بەڕەچاوكردن هەیە بەو حوكمەی لە100% ی پارێزگاكە پێشتر بەدەستی ڕژێم خاپوور كراوە. ٨-تەواوكردنی پڕۆژە تەواونەكراوەكان و بڕیاردان لەسەر كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژیی گەشتیاریی و پیشەسازیی و كشتوكاڵیی و مەعریفیی و هونەریی بۆ كۆی پارێزگاكە، ئەمەیش بە ئیستیسناكردن بۆ هەڵەبجە ئەكرێت. ئەمانە هێڵی گشتیی داواكارییەكانن، هیوادارین گوێیەك هەبێت بۆ بیستنیان و ناچار نەبین ڕووی داواكارییەكانمان لە حكومەتی عێراق بكەین. بۆیە لەئێستاوە كات ئەدەین بە حكومەتی هەرێم تا كۆتایی مانگی رەمەزان بێت بەدەم داواكانمانەوە و بەجددی كاری لەسەر بكات، بەپێچەوانەوە ناڕەزایەتییەكان بەردەوام دەبێت. ئەنجومەنی ناڕەزایەتییەكانی پارێزگای هەڵەبجە 14 - 3 – 2023
هاوڵاتی لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووریدا 27 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدا و 4 هەزار و 95 کەسیش بریندار لێکەوتوەتەوە و 162 کەسیش کەمئەندام بون. جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 15-03-2023 رایگەیاند، لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووریدا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و 4 هەزار و 95 کەسی دیکەش برینداربوون. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە لە ژمارەی بریندارەکان سێ هەزار و 453 کەسیان بە رەگەز پیاو بون و 915 کەسیشیان کچ و ژن بون. بە وتەی میعادفەر، 222 کەس لەوان ئەندامی لەشیان لەدەستداوە، 25 کەس لە بەشی چاودێریی چڕی پزیشکیدان، هەزار و 357 کەس زیان بەر چاویان کەوتووە و 867 کەسیش سووتاون. ئاماژەی بەوەش کردوە روداوەکانی چوارشەممە سوری لە 30 پارێزگا برینداری لێکەوتوەتەوە و تەنها لە پارێزگای کوهگیلویە و بۆیرئەحمەد بریندار تۆمار نەکراوە و زیاترین برینداریش لە پارێزگاکانی تاران و ورمێ بوە. بەپێی راپۆرتی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان لەو پارێزگایەدا 169 کەس بریندار بوون؛ فریاکەوتنی لوڕستان بریندار بوونی 77 کەس و زانکۆی زانستی پزیشکیی سنە برینداربوونی 118 کەسی راگەیاندووە. ساڵانە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوری لە ئێران گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێدەکەوێتەوە، لەو رێوڕەسمەدا کە لە دوایین چوارشەممەی وەرزی زستاندا دەکرێت، لە شەقام و گۆڕەپانەکان و شوێنە بەرزەکان ئاگر دەکرێتەوە و خەڵک بە بازدان بەسەر ئاگردا ئاهەنگ دەگێڕن. بە پێی ئامارەکان رێژەی برینداربوون کەمئەندامبون لە روداواەکانی ئەمساڵی ئەو رێوڕەسمەدا بەراورد بە ساڵی رابردوو 22% زیادی کردووە و لانیکەم 162 کەس کەمئەندام بوون و بەهۆی برینداربونیان بە تەقەمەنییەکانەوە دەست یان قاچ یان چاوێکیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق و شاندێكی یاوهری كرد. له كۆبوونهوهیهكدا پهیوهندییهكانی ههولێر ـ بهغدا و دوایین پهرهسهندنهكانی گفتوگۆی نێوان ههردوولایان تاوتوێ كرد و لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و ئاڵنگارییهكانی بهردهمی، بیروڕایان گۆڕییهوه. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە ڕایگەیاند ، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ سهرۆكوهزیرانی عێراق دهربڕی بۆ تهواوكردنی رێكارهكانی بهپارێزگاكردنی ههڵهبجه و پهسندكردنی پرۆژهیاسای بودجهی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو تاوەکو له ئهنجوومهنی نوێنهران دهنگی لهسهر بدرێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ههروهها ههموو هاوكاری و پشتگیرییهكی بۆ سهرۆكوهزیران و حكومهتی فیدراڵیی عێراق دووپات كردووەتەوە و "ئهو كارانهی تائێستا له کارنامهی حکومهت جێبهجێی كردوون، به ئهرێنی و مایهی ئومێد ناوزهد كرد." هاوکات، وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا خراوەتەڕوو، محەممەد شیاع سوودانی" ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی له كۆكردنهوهی لایهنهكان و پهیوهندییهكانی لهگهڵ هێز و لایهنه سیاسییهكان و پێكهاتهكانی عێراق و ههوڵ و ههنگاوهكانی بۆ تهبایی و لێکتێگەیشتن دهربڕی." سوودانی دووپاتی كردووەتەوە،" سهقامگیری و ئاسایش و پێشكهوتنی عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، پێكهوه گرێدراوه، بهپارێزگاكردنی ههڵهبجهیشی به خزمهتێكی بچووك زانی بهرامبهر ئهو تاوانهی بهرامبهر ئهو شاره كراوه." هاوکات بە پێی ڕاگەیەندراوەکە ههردوولا لهسهر گرنگی و پێویستیی تهبایی و یهكڕیزیی نێوان هێز و پێكهاته عێراقییهكان بۆ پاراستنی سهقامگیریی سیاسیی وڵات و چارهسهركردنی كێشهكانی ههولێر ـ بهغدا لهسهر بنهمای دهستوور هاوڕا بوون، ههروهها جهختیان له گرنگیی كهرتی تایبهت و رۆڵی له پێشخستنی وڵات له ههموو بوارهكاندا كردهوه. دوای كۆبوونهوهكهش نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ محەممەد شیاع سوودانی بهشدارییان له كۆبوونهوهیهكی هاوبهشدا كرد لهگهڵ سهرۆكی هێز و لایهنه سیاسییهكان و نوێنهرانی پێكهاته ئایینی و نهتهوهییهكانی ههرێمی كوردستان، كه تێیدا بیروڕایان دهربارهی دۆخی ئێستای عێراق و ههرێمی كوردستان گۆڕییهوه.
وەزارەتی هەواڵگریی ئێران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دەدات لە دۆخی وڵاتەکە و دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس ئاشکرا دەکات و لە رۆژهەڵات و شارەکانی دیکەش ئامادەکاریی دەکرێت بۆ بەڕێوچونی ناڕەزایەتیی بەرفراوان. وەزارەتی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) لە بەیاننامەیەکدا دەستگیرکردنی چەند تیمێکی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کردوە 21 کەس لەو دەستگیرکراوانە سەر بە رێکخراوی "موجاهیدینی خەلق" بون و هاوکات ژمارەیەک کەسیش بە تۆمەتی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون. لە بەیاننامەکەی ئەو وەزارەتەدا هاتوە "چەند تیمێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستییان داوە بەڵام پیش جێبەجێکردنی هەوڵەکانیان دەستگیرکراون". ئیتلاعات لە رێگەی کورتەنامەوە هۆشداریی بە دانیشتوانی ئێران داوە کە ئەگەری کاری تێکدەرانە لە لایەن هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بەهێزە و لە کاتی گومانکردن لە هەرکەس و شتێک پەیوەندیی بە هێڵە گەرمەکانی ئەو وەزارەتەوە بکەن. لە شەوی رابردوەوە جوڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرەو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت سنە و مەهاباد و کرماشان زیادی کردوە و سەرەڕای ئەوانەش گەنجانی ئەو بەشە لە کوردستان بە ئاگرکردنەوە لە چەند شەقامێکی شارەکانیان ناڕەزایەتییان دربڕیو و داوای خۆپیشاندانی بەرفراوانیان کرد. پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکوانانی ئێران بە چەند بەیاننامەیەکدا داوایان لەخەڵک کردوە لە چوارچێوەی بەردەوامیی شۆڕشی ژینا بەشداریی فراوان لە رێوڕەسمی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی بکەن.
هاوڵاتی پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی ئاهەنگ و بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵی ئاشکراکرد کە چوار رۆژ دەخایەنێت و بە درێژایی شەوانی نەورۆز لە چەند شوێنێکی جیاواز ئەنجامدەدرێن، دوا رۆژیش کە 20ی (ئازار/3) دەکات، " بە بەشداری 300 کوڕ و کچ ئاگرکردنەوە لەسەر شاخی گۆیژە ئەنجامدەدرێت" چالاکییەکان بەم شێوەیە دەبن : یەکەم: رۆژی 17ی (ئازار/3) لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی بە درێژایی شەوانی فێستیڤاڵ نمایشی فیلم ئەنجامدەدرێت، کە لە کاتژمێر 6:30 تا 11:00ی شەو درێژەیان دەبێت و تیایدا سێ فیلمی درێژ نمایش دەکرێن. دوەم: نزیک لە سەکۆی ئازادی مارکێتی ئین سلێمانی دەبێت کە زیاتر لە 150 کوخ ئامادەکراوە بۆ گەنجان و جوتیاران بەمەبەستی خستنەڕوی بەرهەمە خۆماڵییەکان، خواردن و کارە بازرگانییە بچوکەکان. سێیەم: لە پارکی ئازادی، یارییە کوردەوارییەکانی وەک، مزراحێن، کڵاوێن و ماروپەیژە دەبن، کە خێزانەکان دەتوانن بەبێ بەرامبەر لە کاتژمێر 2:00 بۆ 10:00ی شەو سەردانی بکەن و کاتەکانی لێبەسەرببەن. چوارەم: لە دەرەوەی پارکی ئازادی، رازاندنەوە بۆ شەقامی سالم دەکرێت، جگە لە چالاکیی میوزیکی سەرشەقام. پێنجەم: لە رۆژی 18ی (ئازار/3)ەوە کۆنسێرتێک لە سەرچنار ئەنجامدەدرێت و چەند پرۆگرامێکیش تایبەت بە منداڵان سازدەکرێت. شەشەم: رۆژی 19ی (ئازار/3) لە هەواری شار کۆنسێرتێکی گەورە ئەنجامدەدرێت، لە شانۆی رۆمانی کە لە کاتژمێر 5:00ی بۆ 8:00ی شەو دەبێت بە بەشداری هونەرمەندان، هانی، سەنا بەرزنجی و هەژار زەهاوی. حەوتەم: رۆژی 20ی (ئازار/3)، لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی لە بەردەم شاری گۆیژەوە ماراسۆنێکی نێودەوڵەتی رێکخراوە بە بەشداری وەرزشەوانی دێرین و میوانانی بیانی کە پێنج کیلۆمەتری و 21 کیلۆمەتری دەبێت و هاوڵاتییان دەتوانن بەشداری تیادابکەن. هەشتەم: هەمان رۆژ لە شەقامی سالم نزیک سیتی ستار کەرنەڤاڵی نەورۆز ئەنجامدەدرێت، کە بە بەشداری ژمارەیەک لە کوڕان و کچانی گەنج بە میوزیک و گۆرانی و هەڵکردنی مەشخەڵەوە چەند چالاکییەک ئەنجامدەدەن. نۆیەم: ئێوارەی هەمان رۆژ بە بەشداری 300 کوڕ و کچ ئاگرکردنەوە لەسەر شاخی گۆیژە ئەنجامدەدرێت. دەیەم: شەوەکەی لە شەقامی سالم ئاهەنگی نەورۆز ئەنجامدەدرێت بە بەشداریی هونەرمەندان ماجد، حەمید عوسمان و یادگار خالیدی کە گۆرانی و میوزیکی شاد و هەڵپەرکێ پێشکەش دەکرێت.
لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرا بوە کە ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە 15 ساڵی رابردو زۆر زیادی کردوە و لە هەر 14 کاتژمێرێکدا کەسێک لەو وڵاتە لەسێدارە دەدرێت. ناوەندنی زانیارییە کراوەکانی ئێران (iranopendata.org) لە نوێترین توێژینەوەیدا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە زستانی ئەمساڵەوە رێژەی لەسێدارەدان بەراورد بە 15 ساڵی رابردوی کۆماری ئیسلامی ئێران 24% زیادی کردوە و لە ساڵی 2023 لە هەر 14 کاتژمێرێکدا کەسێک لەسێدارە دەدرێت. ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی 2008 تا 2022 لە هەر 17 کاتژمێرێکدا کەسێک لەسێدارە دراوە. زانیاریی و ئامارەکانی ئەو ناوەندە دەریخستوە لە 65 رۆژی سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 113 کەس لەسێدارە دارون کە ئەوەش زیاترین ژمارەی لەسێدارەدانی ئەو ماوەیە لە هەشت ساڵی رابردودا. زیاترین سزای سێدارە لە پارێزگاکانی تاران ، ئەلبورز، ورمێ، خوراسان، سیستان و بەلوچستان جێبەجێ کراوە. لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندوە چین بە لەسێدارەدانی نزیکەی هەزار کەس لە سالێکدا یەکەم وڵاتی جیهانە کە زیاترین سزای سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت و دوای ئەویش کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دووەم وڵاتی جیهان دێت کە زیاترین سزی سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت. بە پێی ئامارەکان لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 33 کورد لە رۆژهەڵات و لە شارەکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە کە تۆمەتی پێنج کەسیان سیاسیی بوە و 28 کەسی دیکەشیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون کە زۆربەیان زیاتر لە چەند ساڵێک لە زیندانەکاندا بەند کرابون. لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 110 کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و چوار کەسیان لەسێدارەدران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکانیش هۆشدارییان داوە کە سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پێش ئەوەی یاسا بێت، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی نەیارانی دەسەڵات و ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنرێت.
هاوڵاتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەکرد، رژێمی سوریا رێگری لە هاوکاری خەڵکی سلێمانی دەکات کە بگاتە دەستی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات. خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ماڵپەری خۆیدا راگەیەندراوێکی لەبارەی هاوکاری خەڵکی سلێمانی هەرێمی کوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە بڵاوکردەوە و باسی ئەوەی کرد کە شەش رۆژە رژێمی سوریا لە دەروازەی تاییهە دەستی بەسەر ئەو هاوکاریەکدا گرتووە کە خەڵکی سلێمانی بۆ زیانلێکەوتووانی شەهبا، شێخمەقسوود و ئەشرەفیە ناردووە. خۆبەڕێوەبەری دەڵێت، بەر لە شەش رۆژ، ئەوان ٢٥ بارهەڵگری مرۆییان وەرگرت کە لەلایەن خەڵکی سلێمانیەوە بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە رەوانەکرابوو و وتی، " هاوکار بووە کە هاوکاریەکە بگاتە دەروازەی تاییهە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی دیمەشق رێگەی نەداوە هاوکاریەکان بگاتە دەستی خەڵکی ناوچەکە." خۆبەڕێوەبەری ئەوەشی راگەیاند کە زۆر جار داوای کردووە کە بابەتی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووەکان بە سیاسی نەکرێت، بەڵام لایەنەکان ئەو یەکە رەت دەکەنەوە و لایەنەکان هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووەکان پشتگوێ دەخەن.
هاوڵاتی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا کە ئۆلاف شۆلز سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا لەو پارتەیە، پشتگیری خۆی بۆ هەدەپە دەربڕێ و رایگەیاند، کۆتایی بە سکاڵا سیاسیەکەی دژی هەدەپە بهێنن. پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (ئێس پی دی) کە هاوبەشی سەرەکی دەسەڵاتە لەو وڵاتە و ئولاف شۆلز سەرۆکوەزیران لەو پارتەیە تویتێکی بۆ پشتگیریکردن لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڵاوکردەوە. لە تویتەکەی (ئێس پی دی)دا هاتووە، " داوا دەکەین کۆتایی بە سکاڵا سیاسیەکەی دژی پارتە براکەمان هەدەپە بهێندرێت. بەهۆی رابردووی خۆمانەوە دەزانین کە دەتوانن دامەزراوەکانمان دابخەن، بەڵام ناتوانن داواکاری یەکسانی، دادپەروەری و ئازادی بێدەنگ بکەن." لە تویتەکەی پارتە ئەڵمانیەکەدا هاتووە، لارس کلینگبیل سەرۆکی پارتەکە و سەرپیل میدیاتلی یاریدەدەری سەرۆکی پارتە، حەفتەی ئاییندە سەردانی تورکیا دەکەن و لە سەردانەکەیاندا چاویان بە میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە دەکەوێت. داواکاری گشتی تورکیا بەکر شاهین لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١دا لەدژی بە ئامانجی داخستنی هەدەپە، سکاڵای لەدژی ئەو پارتە تۆمار کرد. لە داواکاریەکەدا کە ٨٤٣ لاپەڕە بوو، داوا لە دادگای دەستووری تورکیا کرا کە هەدەپە دابخرێت و قەدەغەی سیاسی لەسەر ٤٥١ ئەندامی پارتەکە دابنرێت. تاوەکو ئێستا دۆسیەی داخستنی هەدەپە یەکلایی نەبووەتەوە. لە ٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا، دادگای دەستووری تورکیا، بودجەی گشتی پارتەکەی لە گەنجینەی دەوڵەت بڕی، بەڵام حەفتەی رابردوو ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە، هەمان رۆژ دادگای دەستووری، دانیشتنی دادگایی داخستنی هەدەپە کە بڕیاری ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، بۆ ١١ی نیسانی ئەمساڵ دواخست.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای نەوت و گاز گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2023ـش دەڵێت، 12.06%ـە و پێشتر لەسەر ئەوە رێککەوتن کراوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای پەسندکرنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و گوتی، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتن. سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی قەبارەی بودجەی 2023 گوتی، 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینارە. ئهمڕۆ دووشهممه ، نووسینگهی راگهیاندنی سهرۆكوهزیرانی عێراق بڵاویكردووهتهوه، ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق له كۆبوونهوهی ئاسایی ئهمڕۆیدا به سهرۆكایهتی محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پهسهند كرد و رهوانهی پهرلهمانی عێراقی كرد. هاوکات ئەنجومەنی وەزیران رێکارە کارگێڕییەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەشی پەسەندکرد و وەک 19هەمین پارێزگای عێراق ناساندی.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، دەبێت وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بکات و رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شوفێری توندتر بکەن. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 13-3-2023) لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی پێنج ئەندامی یەک خێزان بە ڕوداوی هاتوچۆ هەروەها گیانلەدەستدانی 11 کەسی دیکە لەماوەی ئەم پێنج رۆژەدا بە رووداوی هاتووچۆ، گوتی "پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم، ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش، بۆ بریندارەکان دەخوازم". وتیشی، "جێی نیگەرانی و داخێکی زۆرە ، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە، گیان لە دەست دەدەن. بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان و شوفێران دەکەم، کە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن و دووربن لە تیژڕۆیی." لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا سەرۆکوەزیران دەڵێ "دەبێ وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بەگشتی و رێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و رێگاوبانەکان بکات و، رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شۆفیری تووندتر بکەن. پێویستە هەموو رێکار و ئامادەکارییەک بکرێت بۆ سنووردانان بۆ ڕووداوەکانی هاتووچۆ و دڵنیابوون لە پابەندبوونی هەمووان بە مەرجەکانی سەلامەتی و یاساکانی هاتووچۆ".
هاوڵاتی ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ی پهسهندكرد و رهوانهی پهرلهمانی عێراقی كرد وهەڵەبجەش وەک 19هەمین پارێزگای عێراق ناسێندرا . ئهمڕۆ دووشهممه (13ـی ئادار/مارسی 2023)، نووسینگهی راگهیاندنی سهرۆكوهزیرانی عێراق بڵاویكردووهتهوه، ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق له كۆبوونهوهی ئاسایی ئهمڕۆیدا به سهرۆكایهتی محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پهسهند كرد و رهوانهی پهرلهمانی عێراقی كرد. هاوکات ئەنجومەنی وەزیران رێکارە کارگێڕییەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەشی پەسەندکرد و وەک 19هەمین پارێزگای عێراق ناساندی. ئەم كۆبوونهوهیه له كاتێكدایه، دوێنێ یەکشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبوو، ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2023 تەواوکراوە و ئاماژەی بەوەشدابوو، رەشنووسی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بەمەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە. ئەمەشلەکاتێکدایە ئهمڕۆ دووشهممه وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان له راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەمڕۆ بڕی 400 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم".
وەزارەتی پلاندانانی عێراق تۆمارکردنی (١١) هەزار و (٥٢٣) ڕووداوی هاتووچۆی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیاند. وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پلانانی عێراق، عەبدولزەهرا ئەلهنداوی ئەمڕۆ دووشەممە 14ی3 لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (ئینا) بڵاویکردەوە وتوێتی، "ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی (6.8%) زیادی کردووە، هەروەها ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە ڕێژەی (6.8%) زیادی کردووە بریندارەکان بە ڕێژەی (12.9%) زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی 2021. ئاماژەی بەوەشکرد کە "ژمارەی مردن بەهۆی ئەم ڕووداوانەوە گەیشتە (3021)، لەو ژمارەیە (2474) نێر گیانیان لەدەستداوە، بە ڕێژەی (81.9%)، و... (547) مێینە گیانیان لەدەستداوە، بە ڕێژەی (18.1%) لە کۆی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان، کە بەرزبوونەوەی (6.8%) تۆمارکردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. وتەبێژەی باسی لەوە کردوه، "ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بۆ ساڵی 2021 گیانلەدەستدان گەیشتە (2828)، هەروەها بۆ بریندارانی بریندارانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بۆ ساڵی 2022، گەیشتە (12677)، تۆمارکردنی" ڕێژەی بەرزبوونەوەی (12.9%). بە بەراورد بە ساڵی 2021، کە (11230) بریندار هەبوون. ئەلهنداوی ئاماژەی بەوەدا کە "ڕووداوەکانی پێکدادان بەرزترین ڕێژەی تۆمارکردووە، گەیشتووەتە (6493) ڕووداو، بە ڕێژەی (56.3%) لە کۆی ڕووداوەکان، دواتر ڕووداوەکانی ڕاکردن (3724) ڕووداو بە ڕێژەی (32.3%) ، پاشان ڕووداوی وەرگەڕان (1098) ڕووداو، بە ڕێژەی (9.5%).ڕووداوەکانی تر گەیشتە (208) ڕووداو، بە ڕێژەی (1.8%)، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە “کە پێدادان و وەرگەڕانی ئوتومبێل بەرزترین ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە بە ڕێژەی (79.2%). هەروەها سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە بەهۆی ئۆتۆمبێلەوە ڕوویانداوە، ڕێژەکە (8.1%) بووە، و بەهۆی ڕێگاکەشەوە، بە ڕێژەی (6.2%).) سەبارەت بە کۆی ڕوداوەکانی ، ڕێژەی (6.5%)ی کۆی ژمارەی ڕووداوەکان بوون.
