سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، لەمەودوا دەبێت، هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت کە کەمال کلچدارئۆغلۆ ببێتە کاندیدی هەموو تورکیا و بەمەش، کێشەی جەمسەرگەرایی لە تورکیا کەم دەبێتەوە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زیندانی ئیمڕالیدایە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ 'میدیا سکوپ' کە وێب تی ڤییە، ئاماژەی بە کاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغلۆ بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا کرد، لەلایەن شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆنەوە. دەمیرتاش وتی، " جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە بەڕێز کلچدارئۆغلۆ دەکەم. بەڕێز کلچدارئۆغلۆ ئێستا کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەلە. تاوەکو ئێستا نەبووەتە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن. ئەگەر لەگەڵ لایەنە سیاسی و جەماوەرییەکانی دیکەدا کۆبێتەوە، نەک کاندیدی هاوپەیمانی گەل، بەڵکو دەتوانێت ببێتە کاندیدی هەموو تورکیا." دەمیرتاش دەشڵێت، " بێگومان چاوەڕێ دەکرێت، بە ئەنجامدانی دانوستانێکی ئاشکرا له گەڵ هەدەپەدا، نیشانی بدات که چۆن لە داخوازی دیموکراسی نزیک دەبێتەوە. چونکە هەدەپە بە زۆر دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ نادات، بەڵکو بە خۆشەویستی و لە دڵەوە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدەن و چاوەڕێ دەکرێت سەردانی هەدەپە بکات. هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە باسی ئەوەشی کرد کە ئەگەر لە سەدەی دووەمی کۆماردا، گۆڕانکاری گەورە و دیموکراسی رووبدات، ئەگەر بخوازرێت هەموو تورکیا بە رۆحێکی نوێی یەکڕیزی کۆمەڵایەتیەوە ببینرێت، لە دەرەوە هێشتنەوەی هەدەپە، هەوڵەکان لاواز دەکات و وتی، " لە رووی سەمیمیەت و بوێریەوە متمانەم بە کلچدارئۆغلۆ هەیە."
ئهندامێکی مهكتهبی سیاسیی بهرهی توركمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگهیاند، "ئێمه داواكارین كه له داهاتودا ههر گۆڕانكارییهك له كۆمیسیۆندا بكرێت، رهچاوی نوێنهرانی پێكهاتهی توركمان بكرێت". ئایدن مەعروف ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی3ی2023 لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، بۆ ئهنجامدانی ههر كارێك كه پهیوهندیی به پێكهاتهكانهوه ههبێت، راوێژ لهگهڵ نوێنهرانی پێكهاتهكان بكرێت و ههر بابهت و كارێك بهبێ راوێژ لهگهڵ نوێنهرانی پێكهاتهكان بكرێت، لهلایهن ئهوانهوه "قبوكراو نییه و دهستوهردانه له كاروبارهكانی پێكهاتهكان". دەربارەی ڕەوشی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان له هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەکە ئاماژەی بەوەدا، "ئێستا پێكهوه ژیانێكی زۆر باش له ههرێمی كوردستان ههیه و ئهمه جێگهی دڵخۆشیمانه و پێكهاتهكان نوێنهری خۆیان ههیه له پهرلهمان، سهرۆكایهتیی ههرێم و حكومهتی ههرێمی كوردستان، بهڵام داوا له لایهنه سیاسیییهكانی ههرێمی كوردستان دهكهین، پرسی كۆتاكان تێكهڵی ناكۆكییه سیاسییهكانیان نهكهن". کۆتاکان ، پڕۆژەیاسایه بۆ بەشداری پێکهاتە کەمینەکان لە دامودەزدەگاکانی حکومەتی هەرێم ، دەربارەی پەرلەمانی کوردستان، پێکهاتووە لە 11کورسی کەبەپێی پڕۆژە یاسایەک بۆ پێکهاتە کەمینەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان دانراوە، بەجۆرێک پێنج کورسی بۆ کلدوئاشور(مەسحییەکان) ، پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان ، یەک کورسی بۆ ئەرمەن٫ ماوەی چەندساڵێکە ئەم کورسییانە بۆوەتە مایەی کێشەو ناکۆکی نێوان لایەن سیاسیەکانی هەرێم ، بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان، لایەنەکانی تر، "پارتی بەوەتۆمەتباردەکەن کورسی پێکهاتەکان بۆبەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت"، هەروەها ئەو حزبانە داوادەکەن، پێکهاتەکان خۆیان دەنگ بەکاندیدی خۆیان بۆپەرلەمان بدەن، نەک بە دەنگی پۆلیس و پێشمەرگەی زیرەڤانی بگەنە پەرلەمان، کەئەوان"پارتی" بەم کاره تۆمەتباردەکەن.
ئەم كتێبە بەشێكە لەسییانەیەك كەبەرگی یەكەمی تەرخانە بۆ پشكنینی رەگەكانی تەشریعی ئابووری و پارادایمی حاكمییەت لەدەزگای خەلافەتدا، ئەوكاتەی كەخەلافەت دەبێ خۆی وەك دەزگایەكی هەمیشەیی و دنیایی بچەسپێنێت. لەم كتێبەدا هاوكات راڤە بۆ دوو تێزی فرۆیدو سلاڤۆی ژیژەك بۆ پرسی «چەپێنراو» نێو شەریعەتی نوێ كراوە و نووسەر هەوڵدەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كەفرۆید لەكتێبی مووساو یەكتاپەرستیدا سەبارەت بەدابڕانی شەریعەتی نوێ لەشەریعتی كۆن و « بەخشندەیی زیاتری» خودای «ئایینە نوێیەكە» بەرامبەر بە «گەلی هەڵبژاردە» ی نوێی خۆی دەیپرسێت، بەڵام « كەمبوونی ناسین»ەكەی رێگەی ئەوی پێنادەن كە «زیاتر» بەردەوام بێت و هەربۆیە باسەكەی خۆی تەنیا بۆ باسی تەشریعی كۆن تەرخاندەكات. فرۆید هەروەها بۆ شوێنی بەتاڵی «باوك» و « كوشتنی باوك» یش لەئایینە نوێیەكەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بڵێ «چەپێنراو»ەكەی كامەیە- ئەگەر بەوە قایل بین كە «چەپێنراو»ی نێو تەشریعی مووسا «كوشتنی رزگاریدەر» یان هەمان مووسا خۆیەتی و ئەمە «چەپێنراو»ی نێو ئایینە كۆنەكەیە، چەپێنراوێك كەناكرێ بەئاشكرا بگوترێ و كەچی هەر خۆیشی سەرچاوەی زیندوویەتی مێژووی ئایینەكەیە. بەدوای ئەم پرسیارە بەجێهێڵراوەی فرۆیددا، سلاڤۆی ژیژەك لەكتێبێكیدا بە ناوی « هەندێ ئایدیای كافرانە: ئیسلام و مۆدێرنێتی» هەوڵدەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە «چەپێنراو»ەكەی نێو تەشریعی نوێ كامەیە كەدەبێ بشاردرێتەوە و كەچی بەبێ بوونی ئەو كۆی دەزگای تەشریع لەكاردەكەوێت. بۆ ژیژەك ئەم فیگوورە بریتییە لە «ژن» وەك رۆنەرو وەك كەسێك كەدەستی بەناسینی حەقیقەت رادەگات و دەوری «چەپێنراو»ی تەشریعی نوێ دەگێڕێت. «ژن» كاتێ وەك یەكەم ئیماندار و یەكەم كەس دان بەڕاستیی پەیامدا دەنێت و بەم جۆرە بەزاناییەكەی خۆی «پیاو» رۆدەنێ و ئاواتی «پیاو» بۆ ناسرانەوە دەنێتەدی. بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ماناكانی خودای «پێزانتر» لای فرۆیدو پرسی «چەپێنراو» لای تەشریعی نوێ، هاوكاتی پەرەدانی تێزەكەی سلاڤۆی ژیژەك، ئەم كتێبە دەیەوێ دیسان پرسیارەكان لەسەرەتاوە و لەژێر تیشكی تەشریعی ئابووری و حەرامدا لێكبداتەوە. بەشێك لەپرسیاری كتێبەكە دەسپێكردنەوەیە لەم سەرەتاوە كەئەگەر لەمەسیحییەتدا «ڕاسپاردە»ی مەسیحایی لەسەردەمی ریفۆرمدا لای لووتێر بۆ «پیشە» وەردەگێڕدرێت و بەم جۆرە «پیشە» و بەدوایدا «كەڵەكەی سەرمایە» بەهایەكی ئایینی پێدەبەخشرێت، ئاخۆ دەكرێت لەئیسلامدا وێنای وەها چركەیەك بكەین و بپرسین لەكام چركەدا لە ئیسلامدا «راسپاردە» تەشریع دەكرێت بۆ ئەوەی حاكمییەت و ئابووری رۆبنرێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش ئەم لێكۆڵینەوەیە هەوڵیداوە بگەڕێتەوە بۆ خاڵێكی «چەپێنراو»ی جیاواز لەو چركەیەی كە سلاڤۆی ژیژەك پێشنیاری كردووە و ویستوویەتی «پتر» لەژیژەك «ماتریالیست» بێت بۆ ئەوەی بتوانێ تێكتەنرانی ئابووری و حاكمییەت یان وەك نووسەری كتێبەكە لەپێشەكییەكەیدا دەڵێ «هەڵكۆڵرانی دەسەڵات لەسەر بونیادی سێكسوالیتە و ئابووری» بخوێنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش كتێبەكە هەوڵدەدات لەمانا مێژوویی و تەشریعییەكانی چەمكی «ئەنفال» بكۆڵێتەوە و ئەو وەرچەرخانەی تێدا پێشنیار بكات كەماكس ڤیبەر لەوەرچەرخانی «ڕاسپاردە» بۆ «پیشە»دا دۆزیبوویەوە. ماوەتە بڵێین كە كتێبەكە، كە بەشێكە لەتێزێك كە بەفەرەنسی نووسراوە، لەلایەن سلاڤۆی ژیژەكەوە رانانی بۆ نووسراوە كەلێرەدا چەند پەرەگرافێكی دەخوێنینەوە: « بۆ ئەوەی بەڕاستی لەئایینێك تێبگەیت، دەبێ «چەپێنراو»ـەكەی دەربێنیت: ئەو شتەی كەئەگەرچی ناكرێ بەڕاشكاوی رابگەیەنرێت، پێویستە وەك پێشگریمانەیەكی ناڕاشكاو یان وەك رێسایەكی نەنووسراو هەبێت – ئەگەر ئەم «چەپێنراو»ـە لەبەرچاو نەگرین، دامودەزگای ئایینی وەك ماڵێك كە لەكارتی یاری هەڵچنرابێت، دادەڕووخێت، بەڵام ئەم دامودەزگایە دیسان دەڕووخێ، ئەگەر بێت و ئەم ناوەڕۆكە «چەپێنراو»ە بەئاشكرا دەربخەین. پێشتر شیكاریی لەم جۆرە كراون بۆ هندوویزم و جووداییزم (لای فرۆید خۆی كە لای وابوو مووسا نەك جوو، بەڵكو میسری بوو) و مەسیحییەت ... ئەگەرچی پێشتر هەندێ هەوڵدراوە ئەم شیكارییە بۆ ئیسلامیش بكرێت (تەنانەت منیش بەڕامان لەڕۆڵی لێڵی ژن هەوڵێكی وەهام داوە)، مەنسوور تەیفووری لەڕێگەی رەخنەی گریمانەكەی منەوە پەرەی بە تێزێكی قاییلكەر و ئاڵۆزی بەڕواڵەت سادە داوە كەخێرا پێی قایل بووم. [...] ئەركی ئایینێك چیدی هەر ئەوە نییە كە مەنعەكانی خۆی بەهێز بكات، بەڵكو ئەركەكەی بەپلەی یەكەم شەرعییەتدانە بە بواری فراوانی ئەو ئاوارتانەی قانوون كە وادەكەن هەرێمی قانوون بەتێداژیان بشێ. لەمەسیحییەتدا، ئەوە سەنت ئۆگۆستین و تۆماس ئەكویناسن كەمەنعەكان سیستماتیزە دەكەن؛ لە هیندوویزمدا، ئەم كارە قانوونەكانی مانوو دەیكات، كە یەكێكە لە دەقە هەرە نموونەییەكانی ئایدیۆلۆژی، لەهەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا. لەكاتێكدا ئایدۆلۆژییەكەی هەموو گەردوون دەگرێتەوە، بەڕیشە ئوستوورەییەكانی خۆیشیەوە، قانوونـەكە لەسەر كرداری هەرڕۆژە وەك دەركەوتەی ماددیی راستەوخۆی ئایدیۆلۆژی چڕ دەبێتەوە: چۆن (چی، كەی، لەگەڵ كێ...) دەخۆین، دەڕین، سێكس دەكەین، بەڕێگەدا دەڕۆین، دەچینە نێو تەلارو ماڵێكەوە، كاردەكەین، دەجەنگین، هتد. لێرەدا، دەقەكە كۆمەڵێكی ئاڵۆز لەفێڵ، جێگۆڕكێ و رێككەوتن بەكاردێنێت كە فۆرمولە بنچینەییەكەی فۆرمولی هەمەگیرییە بەئاوارتەكانەوە: لەبنەڕەتدا ئەرێ، بەڵام... قانوونەكانی مانوو ئەم ئەركە بەزیرەكییەكی سەرسووڕهێنەرەوە بەجێدێنێت، بەهەندێ نموونە كەجار هەیە نزیكە پێكەنیناوی دیار بن. بۆ نموونە، راهیبەكان دەبێ كتێبی ڤیدا بخوێننەوەو بازرگانی نەكەن؛ ئەگەرچی، لەدواییدا، راهیب دەتوانێ بازرگانی بكات، بەڵام بۆی نییە بازرگانی بەهەندێ شتی وەك دانی كونجییەوە بكات: ئەگەریش بیكات، تەنیا لەهەندێ بارودۆخدا دەتوانێ بیكات؛ لەدواییدا ئەگەر ئەم كارە لەبارودۆخێكی هەڵەدا بكات، لەشێوەی كرمی نێو گوودا لەدایك دەبێتەوە... فۆرموولی گشتیی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە كەیەك فەرمانی گشتی رابگەیەنێت، كە لەئاستی ئەودا هەموو رێنوێنییەكانی دواتر هیچ نین جگە ریزێك ئاوارتەی تایبەتیی زیادكەر...» ئەم كتێبە رۆژی شەممە، ١١ ی مانگ لەهۆڵی كافێ كتێبی غەزەلنوس لەبینای سەردەم لەجادەی سالم، كاتژمێر سێ بەئامادەیی نووسەرەكەی و چەند تووێژەرێك بڵاودەكرێتەوە.
هاوڵاتی باوکی فەلەک لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کۆچی دوایی کرد لە ریزی گەلدا بوو، لەم پارچەیەی کوردستان بۆ پارچەیەکی ترى کوردستان، لە وڵاتەکەیدا ئاوارە بوو. بەهۆی هونەر و گۆرانیەكەیەوە بە بەردەوامی رووبەرووی گرتن و دەردەسەری دەبووەوە، بەڵام تاوەکو لە ژیاندا بوو، کۆڵی نەدا و بۆ نیشتیمان و گەلەی دەچڕی و گۆرانی دەوت و هیچ کاتێک لە کوردبوونی هەڵنەهات. باسی هونەرمەندە محەمەد شێخۆ دەکەین کە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە 9ی ئازاری 1989دا کۆچی دوایی کرد، بەڵام هونەرکەی هەموو کاتێک بە زیندووەیی هێشتیەوە. ناوی تەواوی محەمەد ساڵح شێخمووس ئەحمەدە. لە ساڵی 1948 لە گوندی گڕباوێی سەر بە شاری قامیشلۆ لە دایکبووە. لای مامی فێری ژەنینی تەمبوور بووە. حسەینى مامی وەستای دروستکردنی تەمبوور بووە. هۆگری و شارەزایی مامی لە ژەنینی تەمبووردا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داناوە. وایلێکردووە هەر لە منداڵییەوە حەز بە ژەنینی تەمبوور بکات محەمەد شێخۆ لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا، بووەتە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی سوریا. بەهۆی کزی چاوەکانی و خراپیی دۆخی ئابووری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت. لەگەڵ خانەوادەکەی لە گوندەکەیان دەست بە کاری جۆتیاری دەکات. دواتر بە هونەرمەندانی وەک خەلیلێ ئێزدی، حسەینێ تەوفێ و حەلیمێ حسۆ ئاشنا دەبێت. خۆی فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی دەکات و بەرهەمی کۆمەڵێک شاعیری ئەو سەردەمە دەخوێنێتەوە. دیوانی جگەرخوێنی لەبەربوو و هەموو کاتێک گوێی بۆ ڕادیۆی یەریڤان و بەغدا دەگری. لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا سەردانی بەیروتی پایتەختی لوبنان دەکات و لەگەڵ هونەرمەندان مەحمود عەزیز و سەعید یوسفدا تیپی مۆسیقای نەورۆز دادەمەزرێنن. لە سەرەتای حەفتاکاندا دەگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان و بەهۆی گۆرانی و سروودە نیشتمانییەکانیەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە دەستگیر دەکرێت. فشاری لەسەر دروست دەکرێت کە بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگەکانی رژێمی بەعسی سوریا بکات، بەڵام تەنانەت یەکجاریش بەشداری نەکرد. بەهۆی فشارەکانەوە لە ساڵی 1973 دەچێتە بەغدا و لە رادیۆی بەغدا چەند گۆرانییەک تۆمار دەکات. لەوێ هونەرمەندانی وەک گوڵبەهار، تەحسین تەها، شەماڵ سائیب، بەشار زاخۆیی، محەمەد عارف جزیری و عیسا بەرواری دەناسێت دوای ساڵێک دەگەڕێتەوە بۆ دیمەشق و یەکەم کاسێتی بەناوی “گەورێ” تۆماردەکات. لەبەرئەوەی گۆرانییەکانی سیاسی و نەتەوەیی بوون، دەسەڵاتدارانی سوریا چەندین جار بانگهێشتی دەزگا ئەمنیەکانی دەکەن و بۆیەش روو لە باشوری کوردستان دەکات و دەبێتە پێشمەرگە. لە ساڵی 1975 دوای تێکچوونی شۆڕش روو لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. دوای دوو ساڵ لەگەڵ کچێک بە ناوی نەسرین حسێن مەلەک کە خەڵکی شاری سنەیە هاوسەرگیری دەکات. چوار منداڵیان بەناوەکانی فەلەک، بێکەس، ئیبراهیم و بروسک دەبێت. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەوڵەتی ئێران فشاری لەسەر دروست دەکات و رێگە نادات، گۆرانیە نەتەوەییەکانی بچڕێت و لە ساڵی 1983 دەگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و لە قامشلۆ نیشتەجێ دەبێت. لە قامشلۆ گرۆپێکی موزیک و دواتر ستۆدیۆیەکی تۆمارکردنی گۆرانی بەناوی 'فەلەک' دەکاتەوە. حکومەتی سوریا پەلاماری دەدات و ستۆدیۆکەی دادەخات. محەمەد شێخۆ، لە ژیانیدا هیچ کاتێک خۆشی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینی و دواجار لە 9ی ئازاری 1989 کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی لە گۆڕستانی گەڕەکی هلێلی قامشلۆ بەخاکدەسپێردرێت. محەمەد شێخۆ لەنێو کوردداندا بە باوکی فەلەک دەناسرا. زۆر بەرهەمی پێشکەش بە هەگبەی هونەری کوردی کرد کە ژمارەیەکیان ئەمانەن " کۆچی مە بار کرد. نەسرین. ئەی فەلەک. دڵ پەریشانم، گولیزار، ئای گەورێ، ئای لێ گوڵێ "
هاوڵاتی شەوی رابردوو شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ سنووری پارێزگای سلێمانی گرتەوە، بە جۆرێک لە چەند شوێنێکی سلێمانی لافاو دروستبوو، هەروەها لە گوندی شێخ تەویل لە گەرمیان بەربەستێکی گلدانەوەی ئاو رووخا. بەپێی ئامارەکان، لە سلێمانی؛ لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٠٤ ملیم باران باریوە، کە بەوەش کۆی گشتی رێژەی بارانبارین گەیشتووەتە ٤٥٤ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە ٣٣٦ ملیم باران باریبوو. بەپێی ئامارەکانی کەشناسی رێژەی بارانبارین بە جۆرێک بووە، کە لە زۆرینەی ناوچەکاندا و ناوچە گەرمەکان بە تایبەت، بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی بارانبارین بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادبکات. هاوکات، لە قەرداخ، رێژەی بارانبارینی ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٩٨ ملیم بووە و بەوەش کۆی گشتی رێژەی باران لە ناوچەکەدا بووەتە ٧١١ ملیم. لەلایەکی دیکەوە، لە سەنتەری قەزای چۆمان ٢٥.٥ ملیم باران باریوە، بەوەش کۆی گشتی بارانبارین گەیشتووەتە ٤٨٩ ملیم، کە پار تاوەکو ئەم کاتە ٥٥٣ ملیم باران باریوە، جگە لەوەش ٥ سانتیم بەفر لە حاجی ئۆمەران باریوە. لە ناوچەکانی دیکەش بەم جۆرە بووە: کەلار: ٣٣ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ١٩٧ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ١٠٤ ملیم باران باریبوو. کفری: ٤٥ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ٢٣٢.٢ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ١١٠.٣ ملیم باران باریبوو. خانەقین: ٣٢.٤ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ١٨٦.٨ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ٨٩ ملیم باران باریبوو. پێباز: ٥٢ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ٢٧٤ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ١٨٢ ملیم باران باریبوو. میدان: ٥٦ ملم باران باریوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، رێژەی باران گەیشتووەتە ٣١٩ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم ساتە ٢١٠.٤ ملیم باران باریبوو. هەروەها بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەو شەپۆلەی بارانبارین کە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە ئەمڕۆش لە هەندێک ناوچە کاریگەری دەبێت و لە هەندێک ناوچەی شاخاویش ئەگەری بەفربارین هەیە. بەشی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری دابارینی نمە باران لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکاندا، بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم دەبارێت، هەروەها پێشبینی نمە بارانی کەم بۆ شارەکانی هەولێر و دهۆک دەکرێت. لە راپۆرتی کەشناسی ئاماژە بەوەشکراوە، سەبارەت بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم و پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری کاریگەری دابارین بەشێوەی لێزمە باران و بروسکە بەردەوامی دەبێ تاکو کاتەکانی ئێوارە، کە پێش بینی دەکرێ رێژەیەکی زۆر باران لەم ناوچەیە ببارێت. لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەری ئەم شەپۆلەی دابارینە کە هەندێک لە ناوچەکانی هەرێم گرتبووەوە لاواز دەبێت کەش لە زۆربەی ناوچەکان جیگیر دەبێتەوە.
هاوڵاتی لە کاتێکدا کە هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاندووە، راپرسیەکی دیکە باسی دۆڕانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات. کۆمپانیای ئەلفای تایبەت بە راپرسی و لێكۆڵینەوەکانی تورکیا راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا ئەنجامدا. بەگوێرەی راپرسیەکە کلچدارئۆغلۆ دەتوانێت شکست بە ئەردۆغان بهێنێت. کۆمپانیای ئەلفا لە ٦ و ٧ی ئەم مانگەدا راپرسیەکی لە ٢٦ پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیا، لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە. لە راپرسیەکەدا رای هەزار و ٧٧٠ هاوڵاتی وەرگیراوە و پرسیار لە هاوڵاتیان کراوە، ئایا دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانی گەل (کەمال کلجدارئۆغلۆ) یان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار (رەجەب تەیب ئەردۆغان) دەدەن؟ ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیە بووە: کەمال کلچدارئۆغلۆ ٥٥.١٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان ٤٤.٩٪ بەگوێرەی راپرسیەکە، کلچدارئۆغلۆ بە جیاوازی رێژەی ١٠٪ دەتوانێت شکست بە ئەردۆغان بهێنێت و بەمەش دەسەڵاتی ٢٠ ساڵەی ئەردۆغان کۆتایی پێدەهێندرێت. هەر لە راپرسیەکەدا پرسیار لە هاوڵاتیان کراوە کە دەنگ بە کام پارتی سیاسی لە تورکیا دەدەن و ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیە بووە: پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٣١.٨٪ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣١٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١١.٣٪ ئیی پارتی (پارتی باش) ٨/٩٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) ٦.٥٪ پارتی نیشتیمان ٢.٢٪ پارتی رەفاهی نوێ ١.٩٪ پارتی سەرکەوتن ١.٦٪ پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) ١.٥٪ پارتی ئاییندە ١.٣٪ پارتەکانی دیکە ٢٪ لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە سبەینێ ١٠ی ئازار، وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە فەرمی لە رۆژنامەکاندا بڵاوبکرێتەوە کە بە ئەگەرێکی زۆر ١٤ی ئایار دیاریکراوە.
باكور بۆتان دوای بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی ٦ی شوباتی باكوری كوردستان كە بەشێكی زۆری رۆژئاوای كوردستان و سوریاشی گرتەوەو بەدەیان هەزار قوربانی لێكەوتەوە، تیرۆریستانی داعش لەپارێزگاكانی رەققەو دێرەزۆری ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)و دەشتەكانی سوریا هێرشەكانی زیاتر كردووەو كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن. جگە لەوەش حكومەتی توركیا لەهێرشەكانی نەوەستاوە و لەگەڵ ئەوەی خاكی رۆژئاوای كوردستان تۆپباران دەكات، هەروەها ئاوی رووباری فوراتیشی گرتووەتەوە. لەماوەی چەندڕۆژی رابردوودا، تیرۆریستانی داعش چەند هێرشێكیان لەدژی هێزەكانی هەسەدە ئەنجامداوە. پێنجشەممەی رابردوو دوو تیرۆریستی داعش هێرشیان كردەسەر بازگەیەكی هەسەدە لەسەر رێگەی شارۆچكەی سەبیحەی رۆژهەڵاتی دێرەزۆر و بەوهۆیەوە دوو شەڕڤان برینداربوون. رۆژی یەكشەممە ٥ی ئازار، لە رێگەی پێگەی ئەلكترۆنی (ئەعماق)ەوە داعش بەرپرسیاری هێرشەكەی گرتەئەستۆو رایگەیاند كە لەو هێرشەدا، شەڕڤانێكیان شەهید كردووەو شەڕڤانێكیش برینداربووە. هەروەها رۆژی شەممەی رابردوو، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردەسەر خاڵێكی سەربازی هەسەدە لەشاری شحێلی رۆژهەڵاتی دێرەزۆرو بەگوێرەی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، لەهێرشەكەدا شەڕڤانێكی هەسەدە بریندار بووە. هێزەكانی ئەركی هاوبەشی ئۆپراسیۆنەكانی هەسەدەش رایگەیاند كە كەسێكیان بەهۆی هاوكاریكردنی چەكدارەكانی داعش دەستگیركردووە. لەلایەكی دیكەوە، چەكدارەكانی داعش لەڕێگەی مینی چێندراوەوە، هاووڵاتیانی مەدەنی و شەڕڤانان دەكەنە ئامانج و لەماوەی هەفتەیەكی رابردوودا، پێنج هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی مینە چێندراوەكانی داعش گیانیان لەدەستداوەو ژمارەیەكیش برینداربوون. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكاش ئاماری مانگی شوباتی، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە لەدژی تیرۆریستانی داعش بڵاوكردەوە. بەگوێرەی ئامارەكە، لەباكوری و رۆژهەڵاتی سوریا بەگشتی ١٥ ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدراون و لەئەنجامدا پێنج تیرۆریستی داعش كوژراون و ١١ تیرۆریستی رێكخراوەكە دەستگیركراون. هەروەها چوار سەربازی هاوپەیمانان و سەگێكی ئەو هێزە لەئۆپراسیۆنەكاندا برینداربوون. ژەنەڕال مایكل كۆرێلا، فەرماندەی ناوەندی ئەمریكاش دوای ئاشكراكردنی ئاماری مانگی رابردوو، لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا باسی رۆڵی شەڕڤانانی هەسەدە لەئۆپراسیۆنەكەدا كردو ئاماژەی بەوەكرد كەئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانیان لەناوچەكە بەردەوام دەبێت. پێشهاتێكی دیكە كەكاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، سەردانە كتوپڕەكەی ژەنڕاڵ مارك میلی سەرۆك ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا بوو بۆ رۆژئاوای كوردستان. میلی دوای سەردانەكە بۆ رۆژنامەنووسان قسەی كردو وتی، سەردانەكەی بۆ پێداچوونەوەی رێوشوێنەكانی پاراستنی هێزەكانی ئەمەریكایە لەهەر هێرشێكدا. هێزەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانە سوریەكانیان بەسەرۆكایەتی هێزە كوردییەكان سەردەكەون بەسەر داعش و دڵنیان لەشكستی هەمیشەیی رێكخراوی داعش. ئاژانسی سانای فەرمی حكومەتی سوریاش رایگەیاند، لەباشوری رۆژئاوای دێرەزۆر كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتدایە، مینێك بە ئۆتۆمبێڵێكی نەفەرهەڵگردا تەقیوەتەوە كەسەرنشینانی بۆ كۆكردنەوەی دۆمەڵان روویان لەدەشتەكانی ناوچەكە كردبوو لەئاكامدا پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و نزیكەی ٤٠ هاووڵاتی مەدەنیش برینداربوون. لەپاڵ جموجووڵەكانی داعش، توركیاش هێرش دەكات لەگەڵ زیادبوونی جموجووڵی تیرۆریستانی داعش، سوپای توركیاش تۆپباران و هێرشەكانی چڕكردووەتەوە. ٤ی ئەم مانگە تۆپخانەكانی سوپای توركیا گوندەكانی كولتب و بەغدیدی كۆبانێیان تۆپباران كرد. لەتۆپبارانەكەدا دوو هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون و زیانێكی زۆری ماددی بەماڵ و موڵكی هاووڵاتیان گەیشت. ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لەبارەی هێرشەكانی توركیاوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرای كرد كە لەبومەلەرزەكەی ٦ی شوباتەوە، سوپای توركیا ٢٤ هێرشی بە چەكی قورس ئەنجامداوە و چەندین جاریش لەسەر سنوورەكان تەقەی راستەوخۆی لەهاووڵاتیانی مەدەنی كردووە. وتیشی، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا ٣٤٨ جار درۆنەكانی توركیا بەسەر ئاسمانی رۆژئاوای كوردستان فڕیون و ٢٧ جاریش فڕۆكە جەنگییەكان ئاسمانی رۆژئاوای كوردستان و سوریایان بەزاندووە. لەبارەی ئاماری زیانە گیانیەكانیش هەسەدە رایگەیاند، لەهێرشەكاندا چوار هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و سێ هاووڵاتیش برینداربوون. توركیا ئاویشی لەسەر رۆژئاوای كوردستان بڕیوە كێشەیەكی مەترسیداری دیكە كەڕووبەڕووی رۆژئاوای كوردستان بووەتەوە، بڕینی ئاوی رووباری فوراتە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە. رووباری فورات كە بەشادەماری ژیانی هاووڵاتیانی ئەو بەشەی كوردستان، سوریا و عێراقیش دادەنرێت، رۆژ بەڕۆژ ئاوەكەی كەمدەكات. بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەمبارەیەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی كەمبوونی ئاوی رووباری فورات، بڕیاری راوەستاندنی بەرهەمهێنانی كارەبایان لەبەنداوی تشرینی نزیك لەكۆبانێیان داوە. لەڕاگەیەندراوەكەدا باسی ئەوەشكراوە كە بەنداوەكان كە رۆژ بەڕۆژ ئاوەكانیان كەمدەكات، سەرچاوەی سەرەكی كارەبا، ئاوی خواردنەوەو كشتوكاڵە و بەو هۆیەوە مەترسی لەسەر هاووڵاتیانی ناوچەكە دروستبووە. ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریاش ئاشكرایكرد كەحكومەتی توركیا لەچركەیەكدا تەنیا ٢٠٠ مەترسێجا ئاو بەردەداتە نێو خاكی سوریاوە كەئەوەش بەپێچەوانەی رێككەوتنی نێوان شام و ئەنقەرەیە كە لەساڵی ١٩٨٧دا واژۆكراوە. لەكاتێكدا كەپێوستە لەهەر چركەیەكدا ٥٠٠ مەترسێجا ئاو بەربداتەوە. پێشتریش حەمود حەمەدین، بەڕێوەبەری بەنداوی تشرین رایگەیاندبوو، ئاستی ئاوی بەنداوەكە زۆر كەم بووەو تەنها ٣٠ سانتیمەتر ماوە، سفر ببێتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای ڕۆشنبیری نەتەوەیەکگرتوەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دووشەممە بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە هاوکاریکردن بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی دەیان ساڵ شەڕەوە بەر شوێنە مێژووییەکانی عێراق کەوتووە. لە سەردانێکیدا بۆ بەغدا پێش یادی ٢٠ ساڵەی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، ئۆدری ئەزولەی سەرۆکی یونسکۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەنێویاندا محەممەد شیاع سودانی ، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و هەروەها سەردانی گەڕەکە مێژووییەکانی بەغدا و مۆزەخانەی نیشتمانی وڵاتەکەی کرد کە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا تاڵان کرا وبەڵینی دا کە پابەندەبێت بە چاکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە زیانیان بەرکەوتووە. عێراق خاوەنی شەش شوێنی میراتی جیهانییە کە لە لیستی یونسکۆدا خراونەتە لیستی میراتی جیهانییەوە، لەنێویاندا شاری دێرینی بابل کە شوێنی چەندین ئیمپراتۆریەتی کۆن بووە لە سەردەمی فەرمانڕەواکانی وەک حاموڕابی و نەبوخودنەسر، بەڵام دەیان هەزار شوێنەوار لە شوێنەکانی سەرتاسەری وڵات لە ساڵانی شەڕ و پێکدادانەکانی دواتردا دزران. هەر لەوبارەیەوە ئۆدری ئەزولەی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە مۆزەخانەی نیشتمانی، وتی یونسکۆ "زۆر پابەندە بە هاوکاریکردنی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی ئەو کاڵا و شوێنەوارە ڕۆشنبیرییانەی کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا تاڵان کراون" "هەر لەدرێژەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی دەزگای ڕۆشنبیری نەتەوەیەکگرتوەکان وتیشی هەموومان دەزانین لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا عێراق بە چیدا تێپەڕیوە" وە هەروەها دەزانین شارستانیەتەکانی ئەم جیهانە چی قەرزاری عێراقن". هاوکات بڕیاریشە لە میانی سەردانەکەیدا ئۆدری ئازولەی سەردانی موسڵ و هەولێریش بکات کە یەکێک لە هەرە شوێنە دێرینەکانی کە لە لیستی شوێنەوارەکانی یونسکۆدایە قەڵای هەولێرە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە عێراق لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتەکە دەستکراوە بە هەڵکەندنی شوێنەوارەکان ، بودجەی نێودەوڵەتیش بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە زیانلێکەوتوەکان تەرخانکراوە.
ئەمریکا ژمارەیەک سزای نوێی دژی بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپاند و رایگەیاند ئەوانە زیاترین رۆڵیان لە سەرکوتی خەڵک و خۆ دەربازکردن لە سزا نێودەوڵەتییەکان هەبوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا؛ ئەمڕۆ چوارشەممە سزادانی شەش بەرپرس و سێ کۆمپانیای کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند کە ژمارەیەکیان فەرماندەی سەربازین. لە لیستی نوێ سزاکانی ئەمریکا ناوی عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی سوپای ئێران و حەبیب شەهسەواری، فەرماندەی سوپای پاسدارن و سەرۆکی ناوەندی (شوهەدا) لە پارێزگای ورمێ و داریوش بەخشی، سەرۆکی زیندانی ورمێ و عەلی چەهارمەحاڵی، سەرۆکی زیندانی ئەلبورز و ژمارەیەک کۆمپانیا و بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامی هاتوە. وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوە کردوە کە سزا نوێیەکانی ئەمریکا دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە کە خۆیان لە سەرکوتی خەڵک لە چوارچێوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دەربازکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سزا نێودەوڵەتییەکاندا دەبینێتەوە. بە هۆی سزاکانی ئەمریکا دەست بەسەر دارایی و داهاتی ئەو نۆ بەرپرس و کۆمپانیا و دامەزراوانەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەگیرێت و سەرجەم بەرپرسەکانیش گەشتیان بۆ ئەمریکا لێ قەدەغە دەکرێت. هاوکات لەگەڵ ئەمریکا ئەمڕۆ بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا ژمارەیەک سزای نوێیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری باڵای عێراق کۆبووەوە وتاوتوێی پڕۆژە یاساکانی دادگای باڵای فیدراڵی و نەوت وگازیان کرد. میدیای فەرمی نزیک لەپارتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەیدا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق باسیان لە دواین گۆڕانکاری وهەنگاوەکانی ئامادەکردنی هەردوو پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی کرد. هەروەها لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی پرسی نەوت وگازیان کرد و هەردوولا هەماهەنگ وهاوڕابوون لەسەر بوونی دەرفەتێکی ئەرێنی بۆ چارەسەری گرژی وئاڵۆزیەکان لەنێوان بەغدا وهەولێردا لەسەر بنەمای دەستور. ئەمەش لەکاتێکدایە کە کێشەکان لەسەر پرسی نەوت وگاز ویاساکانی دیکەی پەیوەست بەمافەکانی کورد لەنێوان بەغدا وهەولێر بەردەوامی هەیە ولەماوەی چەندین هەفتەی ڕابردووشدا بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسە لە لایەن چەندین شاندی نێودەوڵەتیەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە و هەر ئەمڕۆش وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بێربوک لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی جەختی لەسەر هەمان خاڵ کردەوە و ڕایگەیاند سەقامگیری عێراق پێویستی بە بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەریەک لە بەغدا و هەولێر هەیە.
مهكتهبی ههڵبژاردنی پارتی و یهكێتی كۆبونهوه و رایانگهیاند: کۆبونەوەکە ئەرێنی بووە و لێکتێگەیشتنی باش هەبووە مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی3 کۆبونەوە و دوای کۆبونەوەکه له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا كه دوای پێنج كاتژمێر له كۆبونهوه رێكخرا، زانا مهلا خالید، سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتی "بۆ پرسی ههمواری یاسای ههڵبژاردن، بابهتێك نهماوه ناكۆكی نێوان پارتی و یهكێتی لهسهر بێت، خاڵه هاوبهشهكانمان زیاتر بوون له خاڵه ناكۆكهكان و لەسەر زۆربەی پرسەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن ناکۆیکمان نەماوە". ئەوەش وت "بهشێكی زۆری ئاستهنگهكان لابران و له چهند رۆژی داهاتوودا كۆبونهوه لهگهڵ پێكهاتهكان و لایهنه سیاسیهكاندا كۆدهبینهوه بۆ داڕشتنی یاسایهكی ههڵبژاردنی نیشتمانی". زانا مهلا خالید، وتیشی "بۆ پرسی كاراكردنهوهی كۆمسیۆن تێگهیشتنی هاوبهشمان ههبوو". لایخۆیهوه زیاد جهبار، سهرۆكی فراكسیۆنی یهكێتی. وتی " لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لەم ساڵدا بکرێت ،دوای ههمواركردنهوهی یاساكه".
بزوتنەوەی هیوا وەكو هێزێكی سیاسی نوێ خەبات بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و ماوەی چوارساڵە دامەزراوە، وتەبێژی بزوتنەوەكە دەڵێت: «بزووتنەوەی هیوا رێكخستنەكانی بەسێ بەش دابەشكردووە، كە بەشێكی زۆری لەڕۆژهەڵاتی كوردستانەو بەشێكی لەباشووری كوردستانەو بەشێكیشی لەدەرەوەی وڵاتە». سەربەرز ( رەحمان بەربەری ) وتەبێژی بزوتنەوەی هیوا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی دەڵێت: بزووتنەوەی هیوا لەلایەن كۆمەڵێك چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان لەساڵی 2019 دامەزراوە. راشیگەیاند: راستە حزب و رێكخراوەی سیاسیی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بوونی هەیە، بەڵام گوتاری سەربەخۆییخوازانە لەناو بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتدا غائیب بوو. : بزوتنەوەی هیوا هەیكەل و رێكخستنەكەی چۆنەو بۆچی لەژێر ناوی بزوتنەوەدا سیاسەت دەكەن؟ سەربەرز: سەرەتا زۆر سوپاستان دەكەم بۆ ئامادەكردنی ئەم وتووێژە، بزووتنەوەی هیوا لەلایەن كۆمەڵێك چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان لەكانوونی یەكەمی 2019 (23ی سەرماوەزی 2719) كوردی دامەزرا، بزووتنەوەی هیوا وەكو بزاڤێكی سەردەمیانە بەشێوەی ئەنجومەن بەڕێوەدەچێت و لەجێگای رێبەریی، وتەبێژیی هەیە. بزووتنەوەو شۆڕش زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە كە لەگەڵ حزب جیاوازیان دەكات، بزووتنەوەی سیاسیی توانای هەڵگریساندنی شۆڕشی هەیە، كەحزب ئەو زەرفیەتەی نییە. كوردستان وەكوو خاك و نیشتمانی داگیركراو، یان كورد وەكوو نەتەوەیەكی ژێردەست، پێویستی بەبزووتنەوە هەیە تا حزب، چونكە هەروەكو عەرزمكردن بزووتنەوە توانای هەڵگیرسانی شۆڕش و گۆڕانكاریی بنەڕەتی هەیەو خاوەن هێزو داینامۆی خۆیەتی كە بەردەوام لەبەرەوپێشچوونە. : ئەم پرسیارەم دوو بەشە، یەكەم، بارەگاو ناوەندی سەركردایەتی بزوتنەوەی هیوا لەكوێیە، دووەم، لەم قۆناغەدا كە لەتاراوگەن میكانیزمی ئێوە بۆ سیاسەتكردن و خەباتكردن چۆنە، روونتر بڵێم چالاكییەكانتان لەم قۆناغەدا چیە؟ سەربەرز: هەروەكو ئاگادارن رژێمی ئێرانی لەعێراق و باشووری كوردستان هەم هەژموونی خۆی هەیەو هەم لایەنی پرۆكسی، هەربۆیە بزووتنەوەی هیوا بۆ ئەوەی كە سەرئێشە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستنەكات و سەروەری سیاسیی خۆشی بپارێزێت و نەكەویتە ژێر گوشار، بارگای لەباشووری كوردستان نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە بزووتنەوە خەڵكی خۆی لەباشووری كوردستان نەبێت. بزووتنەوەی هیوا لەیەك دوو وڵات بە نافرمی بارەگای هەیە، كە وەكو باری ئەمنی لەناوهێنانی ئەم وڵاتانە خۆم دەپارێزم. بزووتنەوەی هیوا رێكخستنەكانی بەسێ بەش دابەشكردووە، كە بەشێكی زۆری لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێكی لەباشووری كوردستان و بەشێكی لەدەرەوەی كوردستانە، بزووتنەوەی هیوا توانیویەتی زۆر بەباشی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان رێكبخات و هەرسێ بەش لەڕێكخستنەكانمان بەیەكەوە گرێدراون و لە دەرەوەی كوردستانیش بەشی دیپلۆماسی كاری خۆی دەكات. : لەڕۆژهەڵاتی كوردستاندا چەندین حزب و هێزی سیاسی بوونیان هەیە، ئێوە بەدروستكردنی بزوتنەوەی هیوا دەتانەوێت چی سەرباربكەن بۆ خەباتی گەلی كورد لەڕۆژهەڵات و پێتانوایە چی بۆشاییەك هەیە دەتانەوێت پڕی بكەنەوە؟ سەربەرز: راستە حزب و رێكخراوەی سیاسیی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بوونی هەیە، بەڵام گوتاری سەربەخۆییخوازانە لەناو بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان غایب بوو، گوتارێك كەهەڵگری باری مەعریفەی سیاسیی بێت و بەشێوەیەكی سەردەمیانە بتوانێت ئەو هێزو داینامۆیە بێت كە بتوانێت ئاتمۆسفێرێك بخوڵقێنێت تاشەقامی كوردی بەجووڵە بخات و دەوڵەتی دیموكراتیكی كوردستان وەكو پارادایمێك پێشكەشی بكات و ببێتە ستراتیژی. : وەك لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەكەدا ئاماژەتان پێكردوە باوەڕتان بەهێزی چەكدار نیە، بۆچی، ئایا میللەتێك لەقۆناغی رزگاری نیشتمانیدا بێت و لەدژی دەسەڵاتێكی ستەمكار خەبات بكات، پێتانوانیە پێویستە هێزی چەكداری هەبێت؟ سەربەرز: ئێمە وەكو بزووتنەوەی هیوا باوەڕمان بەچەكداری حزبی نییە كە بووەتە بەشێك لەكێشەو ململانێی دەسەڵات و هەمیشە مەترسی هەڵگیرساندنی شەڕی براكوژییان لەسەر بووە، ئامانجی ئێمە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان دامەزراندنی هێزێكی نیشتمانییە، نەك پێكهێنانی هێزی چەكداری حزبی بۆ بەرژەوندی تەسكی حزبی، تەنانەت لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەو لایانانەی كەچەكداری حزبیشیان هەبوو نەیانتوانی هیچ رۆڵێكیان هەبێت. : پەیوەندیتان لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان چۆنەو تائێستا هیچ كۆبوونەوەو دانیشتنێكتان هەبووە لەگەڵ هێزێك یاخود بەرەیەك لەهێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات، ئایا كام لەهێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات لە روئیاو ستراتیژی ئێوەوە نزیكە؟ سەربەرز: ئەوەی راستی بێت وەكو پەیوەندیی تەنیا لەگەڵ لایانە سەربەخۆیی خوازەكان پەیوندیمان هەیەو رەنگە لەداهاتووشدا بتوانین لەگەڵ لایانەكانی دیكە نزیكتر ببین، ئەڵبەتە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەئەوانیش تاچ رادەیەك بۆ لێكنزیكبوونەوە هاوكاردەبن. : لەناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی چەند مانگی رابردووی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا، رۆڵ و چالاكی ئێوە چی بووە؟ سەربەرز: بەخۆشحاڵییەوە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەحزبی نەكراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ باری وشیاری نەتەوایەتی، دەنا ئێمەش حزورمان هەبووە، تەنانەت هەزینەو بەهاشمان بۆ داوە، ئەگەریش زۆر دەرنەكەوتووین لەڕاگەیاندنەكان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی میدیاو لۆبی گری كە لەمیدیاكان نەمان بووە یاڕێگامان لێبەستراوە. ئێمە رێكخستنەكانمان بەهێزە بەڵام میدیای بەهێزمان نییە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئازموونێكی گەورە بوو بۆ بزووتنەوەی هیوا، چونكە توانیمان هەم خاڵە بەهێزەكانمان ببینین، هەم خاڵە لاوازەكانمان دەركەون، كەدەكرێت لەو سۆنگەیەوە خۆمان زیاتر بەهێز بكەین. هەرچەند كەموكوڕی هەیە بەڵام بەشانازییەوە بزووتنەوەی هیوا لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەربەڵند هاتەدەر، هەرچەندە ئەوە ناكاتە ئەو واتایە كەتێكۆشان بەهێزتر نەكەین. بزووتنەوەی هیوا هەر لەسەرەتای دامەزرانی هەڵگری ئەم دروشمە بوو سەربەخۆیی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان لەئیلام و لوڕستان تادەگاتە ماكۆ (دەوڵەتی دیمۆكراتیكی كوردستان) لەیەكەم رۆژی دامەزراندنی بەفەرمی ناسینی ئاڵای كۆماری كوردستان و دانانی نەخشەی رۆژهەڵاتی كوردستان وەكو ستراتیژی بزووتنەوەكە. هەروەكو ئاگادارن نەتەوەی ئێمە لەمەیدانی پراکتیكدا توانی كەشوهەوای سەربەخۆیی خوازانە بخوڵقێنن چۆن لەشەقامەكانی رۆژهەڵات دەگوتراوە، كوردستان كوردستان گۆڕستانی فاشیستان، هەتا كوردێك بمێنێت كوردستانیش دەمێنێت، كوردستان ئێران نییە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەڵگریی شوناسی سەربەخۆیی خوازانەیە، كەئەوەش هەڵقوڵاوی بیری نەتەوەییە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و بزووتنەوەی هیواش وەكو لایەنێكی سەربەخۆیی خواز رۆڵی خۆی هەبووە. : ببورە كەئەم سەرنج و تێگەیشتنەم هەیە، بەڵام لەناڕەزاییەكانی چەندمانگی رابردووی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا، چالاكی ئێوەمان نەبینی، تەنانەت بە بەیاننامەو راگەیەنراویش، ئایا میدیا بایەخی پێنەداون یان هۆكارێكی تری هەیە، ئێوە ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوەو وەڵامی بەڕێزت چیە؟ سەربەرز: بزووتنەوەی هیوا هەم بۆ مانگرتنەكان راگەیاندنی بڵاوكردەوەو هەم بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی و پشتیوانی لەشۆڕش كرد، بەڵام هەر وەكو پێشتریش عەرزم كردن میدیای بەهێز لەپشتی بزووتنەوەكە نەبوو. : رۆڵی بزوتنەوەكەتان و ئایندەی پرسی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان چۆن دەبینن ؟ سەربەرز: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، خاڵێكی وەرچەرخان بوو لەخەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە نەك هەر لەكوردستان و گەلانی ژێردەست، بەڵكو لەئاستی ناوچەكەو جیهانیش بەشۆڕشێكی جەوهەریی و دیمۆكراتیك پێناسە دەكرێت، رەنگە رژێمی داگیركەری كۆماری ئیسلامی بۆ ماویەك بەزەبری هێز بتوانێت شۆڕش كپ بكات، بەڵام ئەوە بەمانای كۆتایی شۆڕش نییە، هەموو شۆڕشەكان پێویستیان بەكات و زەمەن هەیە تا بتوانێت سەربكەوێت. بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین كەویست و داخوازیەكانی میللەتی كوردو گەلانی ژێردەست لەگەڵ فارسەكان لێك جیاوازە و تەنانەت روانینی ئۆپۆزسیۆنی فارسیش لەدەرەوە نیسبەت بەنەتەوە ژێردەستەكان دیموكراتیك نییەو رێگرن لەبەردەم شۆڕش و دەخوازن بۆ خۆیان جڵەوی شۆڕشەكە بەدەست بگرن. ئەوەی راستی بێت ئێمە وەكو بزووتنەوەی هیوا، كەبزووتنەوەیەكی كوردستانین، ئێران بەوڵاتێكی داگیركار دەزانین و لەجێگای پاڕانەوەو لاڵانەوە بۆ مافی گەلەكەمان سەربەخۆیی بەمافی خۆمان دەزانین و خەبات و تێكۆشانیشی بۆ دەكەین، چونكە بەڕاستی ویستی میللەتی كوردیش لەڕۆژهەڵاتی كوردستان سەربەخۆییە، ئینجا كورد لەئێرانی جەعلی كەمینە نییەو لەدوای توركەكان زیاترین دانیشتوویان هەیە. با كڵاو لەسەر خۆمان نەنێین، چونكە فارسەكان بە شاخوازو كۆماریی، بەئیسلامی و سیكۆلار، ئامادەنین كە بەهیچ شێوەیەك سەرەتاییترین ماف بەكوردەكان بدەن، هەربۆیە بەجێگای ئەوەی كە بەدوای ئەواندا وێڵ بین باشتروایە كار لەسەر پتەوكردنی هێزەكانی خۆمان بكەین و بەرەیەكی كوردستانی پێكبێنین و باوەڕمان بەهێز و ئیرادەی میللەتەكەمان بێت، كە بەدڵنیایی سەردەكەوین.
خالد شەماڵ وتەبێژی وەزارەتی سامانە ئاوییەکانى عێراق دەڵێت:" ئەو قەیرانی ئاوەی وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت ئاڵۆزەو بەشێکی زۆری هۆکاری دەرەکی هەیە". وتەبێژەکە ، باسی لە بڕیارەکانی محەمەد شیاع سودانی کرد و ئاشکرای کرد،سەرۆکوەزیرانى عێراق رێنمایی دەرکردووە کە هەموو رێوشوێنێکی پێویست لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بگرنەبەر بۆ دەستەبەرکردنی پشکی ئاو". پلانی وەزارەتەکەیانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەکە ئاشکرا کرد و وتی، وەزارەتەکەیان رێوشوێنی لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمیی ئاوی رووبارەکان، لەوانەش بەردانەوی بڕە ئاوی پێویستە لە بەنداوی دوکان و دەربەندیخانەوە بەرەو رووباری دیجلە و زیادکردنی ئاوی موسڵ”. باسی لەوەش کرد:" ڕێوشوێنەکان بریتیبوون لە بەردەوامبوونی هەڵمەتی بەرزکردنەوە و لابردنی زیادەڕەووییەکان و دەستەبەرکردنی گەیاندنی ئاو بۆ پارێزگاکانی بەسرە، میسان، مووسەناو زیقار".
هاوڵاتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر بارودۆخی ژنان ڕایگەیاند لە ماوەی یەک ساڵی ڕبردوودا بارودۆخی ژنان لە کوردستان زۆر دژوار بووە و لانی کەم ٢٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان کوژراون کە ٥ حاڵەتیان بە پاساوی نامووس و شەرەف بووە. ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاند ،بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە مارسی ٢٠٢٢ هەتا مارسی ٢٠٢٣، لانی کەم ٢٤٥ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون یان ڕفێندراون. هەروەها دەزگای دادیکۆماری ئیسلامی ئێران سزای بەندکران و سێدارەی بەسەر لانی کەم ٣٠ چالاکی ژندا سەپاندووە. هەروەها لەم ماوەدا،لانی کەم ٢٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان کوژراون کە ٥ حاڵەتیان بە پاساوی نامووس و شەرەف بووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە داتاکان بەم شێوەیەن: دەستبەسەرکرانی ٢٤٥ چالاکی مەدەنیی ژن لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٢٤٥ چالاکی ژنی کورد لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستان و باقی شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون، کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی زۆربەی ئەم کەسانە بەهۆی چالاکی سیاسییەوە بووە. بە تۆمارکردنی ١٣٧ حاڵەت پارێزگای سنە زۆرترین حاڵەتی دەستبەسەرکرانی هەبووە. هۆکاری دەستبەسەرکران؛ چالاکی سیاسیی؛ ٢١ حاڵەت بەرانبەر ٨.٥٪ی کۆی گشتی. چالاکی مەدەنی؛ ٣ حاڵەت بەرانبەر بە ١.٥٪ کۆی گشتی. شۆرشی ژینا؛ ٢٢١ حاڵەت بەرانبەر بە ٩٠٪ی کۆی گشتی. پۆلێنبەندی بەپێی پارێزگاکان پارێزگای سنە؛ ١٣٧ حاڵەت پارێزگای ئورمیە؛ ٣٩ حاڵەت پارێزگای کرماشان؛ ٢٥ حاڵەت پارێزگای ئیلام؛ ٢٤ حاڵەت شارەکانی دیکەی ئێران؛ ٢٠ حاڵەت سەپاندنی سەرجەم سزای ٧٧ ساڵ بەندکران بەسەر چالاکانی ژن لە مارچی ٢٠٢٢ەوە هەتا مارچی ٢٠٢٣ بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم ٣٠ چالاکی ژن بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی، بەشداری لە ڕاپەڕینی ژینا و چالاکی مەدەنی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٧٧ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و دوو چالاکی LGBTQیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. شیاوی ئاماژە پێدانە کە ١٤ کەس لەم ژنانە کە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەستبەسەرکراون. تۆمارکرانی ٢٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ٨ی مارست ٢٠٢٢ەوە هەتا ٨ی مارسی ٢٠٢٣ لانی کەم ٢٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا کوژراون کە ٥ حاڵەتییان قەتڵی نامووسی بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە پارێزگای کرماشان ٨ حاڵەت، سنە ٧ حاڵەت، ئیلام ٥ حاڵەت، ئورمیە ٥ حاڵەتی ژن کوشتن تۆمارکراوە. هەروەها لەم ژمارەیە، ١٠ ژن لەلایەن هاوژین، ٧ ژن لەلایەن هاوژینی پێشوو، ٤ ژن لەلایەن برا و ٢ ژن لەلایەن هاوکارەکانییانەوە کوژراون و بکوژی ٢ کەسیشیان نادیارە. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پێنج حاڵەتی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی پاراستنی نامووس و شەرەف تۆمارکراوە. ١٥ حاڵەت بەهۆی ناکۆکی بنەماڵەیی و هۆکاری کوشتنی ٥ حاڵەتیش نادیارە. داگرتنی فایلی PDF ی لیستی ناوەکان
ئێران وەڵای وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت؛ ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات پەیوندییەکانی نێوان بەغداد و تاران تێک بدات و لە جیاتی داوای لێبوردن پەردەپۆشی تاوانەکانی وڵاتەکەی دەکات لە پشتیوانیی رژێمی بەعس. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ لێدوانەکانی ئانالێنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە موشەکبارانەکانی سوپای پاسداران مایەی شەرمەزارییە چونکە حاشا لە رۆڵی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق ناکرێت و تاران رێز لە سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە دەگرێت. کەنعانی وتی: چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد ئەڵمانیا بەهۆی ئەوەی لە رابردودا چەکی کیمیایی رادەستی رژێمی بەعس کردوە داوای لێبورن لە خەڵکی ئێران و عێراق بکات نەوەک تاوانی وڵاتەکەی بە تۆمەتی بێ بنەما دژی کۆماری ئیسلامی پەردەپۆش بکات. بە وتەی ئەو؛ وڵاتی ئەڵمانیا ژمارەیەک بەرچاو لەو تیرۆریستانەی داڵدە داوە کە هەوڵی دابەشکردنی خاکی ئێران دەدەن و دەستیان بە خوێنی هاوڵاتییانی عێراق و ئێران سور بوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە؛ لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەغداد ئاماژەیە بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە لە نەیارانی چەکداری کۆماری ئیسلامی و بەرلین هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ تێکدانی پەیوەندییە عێراق و ئێران. لێدوانی کەنعانی دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سێشەممە ئانالێنا بێربۆک لە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ فوادحسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران رێز لە هاوڵاتییانی خۆی ناگرێت و بە موشەکبارانکردی سنورەکانی عێراق مەترسیی بۆ ژیانی خەڵکی وڵاتەکە دروست کردوە.
