هاوڵاتی شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، " لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی چوارشەممەوە بارانبارینی تاوتاو و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە کە تا بەرەبەیانی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و هۆشداری دروستبونی لافاو دەدات. ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، "لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەکی زۆر شێداری دەریای ناوەراست و باشوری ناوچەکە لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی چوارشەممەوە بارانبارینی تاوتاو و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە کە تا بەرەبەیانی پێنجشەممە کاریگەری بەهێزی ئەم ناسەقامگیریە دەستپێدەکات و ئەگەری بارانی زۆر بەخوڕ و بەردەوام لەم ناوچانەدا دەبێت لەگەڵ چالاکبونی هەورە بروسکەی بەهێز و بارینی تەرزە بۆیە هۆشداری لەدروستبونی لافاو ئەدەین لەسەرجەم ناوچە نزمەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە". ئاماژەی بەوەشکردوە، "کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر لاواز دەبێت زیاتر ئەگەری نمە باران بۆ بارانێکی کەم دەبێت لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای کەرکوک و سنوری نێوان پارێزگای هەولێر و کەرکوک، لەم ناوچانەشدا ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە دەبێت، بەڵام بەگشتی رێژەکەی کەمتر دەبێت." سەبارەت بە پلەکانی گەرماش ڕایگەیاند،" پلەکانی گەرما سبەی بە جێگیری دەمێننەوە، خێرای با زۆربەی کاتەکان مامناوەند چالاک دەبێت لەنێوان 15-30 کیلۆمەت لەکاتژمێرێکدا بە ئاڕاستەی باشوری رۆژهەڵات دەبێت".     ئەوەشیخستۆتەڕو، "بۆ رۆژی پێنجشەممە هەورە بروسکە و تاوە بارانی پچر پچر تا کاتەکانی ئێوارە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە ، ئیدارەی گەرمیان بەردەوامی دەبێت و لەشەودا کۆتایی پێدێت، بەڵام بەهێزی ئەم حاڵەتە سبەی شەوە لەم ناوچانەدا کە ئەگەر هەیە بە جیاوازی ناوچەکان 40 تا 80 ملیممەتر زیاتر باران ببارێت".  

هاوڵاتی لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمریکادا کە ئەمڕۆ بڵابۆتەوە هاتووە کە ئەدهەم بارزانی، ئامۆزای مەسعود بارزانی وئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی نوی بەناوی " هێڵی سێیەم" لە راپۆرتێکی دەنگی ئەمریکادا کە ئەمڕۆ دووشەممە  بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا ئەدهەم بارزانی سەرقاڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی و کۆکردنەوەی کەسە دیار و ناودارە سیاسیەکانە لەدەرەوە وناوەوەی هەرێم بۆ دامەزراندنی ئەو قەوارە نوێیە، بەپێی وتەی یەکێک لە دامەزرێنەرانی قەوارەکەش هۆکاری دامەزراندنی ئەو قەوارەیە "  ڕەخنەکانیانە لە حیزبە سیاسەکانی هەرێم" ئەمەس لەکاتیکدایە کە ئەدهەم بارزانی جگە لەوەی سەرکردایەتی چەندین قەوارە ودامەرزاوەی سیاسی کردووە لە ساڵانی ڕابردوودا، هاوکات ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی بوو لە ڕابردوودا بەڵام بەهۆی تێکچونی پەیوەندیەکانیەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وازی لە پۆستەکەی هێنا. وریا سەعید ڕەواندزی، کەسی دووەمی لیستی " هێڵی سێیەم" لەبارەی حیزبە نوێیەکەی ئەدهەم بارزانییە "  دەڵێت،" هه‌ڵسه‌نگاندنی وردمان نه‌کردووه‌ بۆ پێگه‌ و قه‌باره‌مان، به‌ڵام کاری باشمان له‌ناوخۆی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی وڵات کردووه‌، په‌یوه‌ندی فراوانمان له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ کاریگه‌ره‌کان دروستکردووه‌ و به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکیش، ده‌توانین بۆشاییه‌ سیاسیه‌کان پڕبکه‌ینه‌وه‌ و پێگه‌مان هه‌بێت". هەروەها وریا سەعید ڕەواندزی ئاماژەی بەوەش داوە کە جیاواز دەبن لە حیزبە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی هەرێم و جیاواز لەوان کار دەکەن، هاوکات لەبارەی ناوی ئەو کەسانەی بەشدارن لە دامەزراندنی ئەو قەوارەیە هیچ لێدوانێکی نەداوە وباسیشی لەوەکردووە تاوەکو ئێستا قەوارەکەیان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارنەکردووە تاوەکو بەشداری لە خولی نوێی هەڵبژاردنەکان بکەن، وتیشی لەماوەیەکی نزیکدا لەوبارەیەوە کۆدەبنەوە. هاوکات وریا سەعید ڕەواندی وتیشی، تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە لەبارەی شوێن و بارەگای قەوارەکەوە.   ئەدهەم بارزانی، لە ساڵای ١٩٦٢ لەدایک بووە  و لەماوەی تەمەنیدا   لە چەندین پۆستی باڵادا بووە وەک ڕاوێژکاری سیاسی جەلال تاڵەبانی، سەرکۆکۆماری عێراق، لەساڵی ١٩٩١ یشدا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە، هاوکات لە ئێستادا پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تێکچووە و لەساڵی ٢٠٢٢ وە لە وڵاتی ئێرانە.      

هاوڵاتی مەسیحیەکان لە پەرلەمانی عێراق تانە لە بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان دەگرن ودەڵێن " نادیموکراسیە" ئەندامانی حیزبی کریستیانەکان  لە پەرلەمانی بەغدا تانەیان لە بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان گرت ودەڵێن بڕیارەکە " نادیموکراسییە" ئەندامانی حیزبی بابیلۆن کە پێنج کورسیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە  تانەیان لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق گرت وبە نا دیموکراسی ناویان برد، هاوکات سکاڵاشیان لەسەر یاساکە کردووە و دەڵێن بڕیارەکە مافی کەمینەکان " پێشێل دەکات" و ئازادی سنوردار دەکات، هەروەها دەشڵێن  ئەو بڕیارە "نادەستوریە". ئەندامانی حیزبە سیاسیە کریستیانەکان هەوڵدەدەن ئەو یاسایە هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە مانگی ڕابردوو بڕیارەکە بەفەرمی دەرکرا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە سەرەڕای دژایەتیکردنی لەلایەن ئەندامانی دیکەی پەرلەمانەوە، هەروەها ڕۆژی شەممە بەفەرمی فەرمان بە گومرگەکان کرا بۆ قەدەغەکردنی هاودەرکردنی خواردنەە کحولییەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تا ئێستا نازانرێت تاچەند ئەو بڕیارە بە وردی جیبەجێ دەکرێت، هاوکات ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کودستانی لێکەوتەوە، سەرماد عەباس  بریکاری خانووبەرەیە و کارەکەی  لە بەغدای پایتەختی عێراق بووە، بە ئاژانسی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، قەدەغەکردنەکە تەنها دەبێتە هۆکاری گەرمکردنی بازاڕی ڕەش بۆ خواردنەوە کحولییەکان، هەروەها سەرمەد عەباس وتیشی،  مامۆستا و فێرکارە موسڵمانەکان خواردنەوەی کحولی قەدەغە دەکەن"بەڵام ئەمانە ئازادییەكی كەسین كە ناتوانن  لە هاوڵاتیانی قەدەغە بكەن". پڕۆژە یاساکە لەلایەن مەحمود ئەلحەسەنەوە پێشنیار کراوە لەسەرەتادا کە ئەوکاتە دادوەر ویاسادانەر بووە، یاساکە  لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە، کە بەپێی یاساکە غەرامەکردن تا ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقی دەبێت لە ئەگەری سەرپێچیکردندا. مەحمود ئەلحەسەن لەبارەی یاساکەوە وتویەتی یاساکە دەستوریە وبەپێی ماددەی دووەمی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ی عێراقە کە ئەوەش دەگونجێت لەگەڵ یاساکەدا کە دەڵێت هەرشتێک دژی یاسای ئیسلام بێت قەدەغەیە.  

هاوڵاتی پارتی باش بە سەرۆکایەتی مەراڵ ئاکشەنەر گەڕایەوە نێو هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن و لە ئێستادا هاوپەیمانێتیەکە لەکۆبونەوەدایە بۆ دیاریکردنی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن کە دوای کۆبونەوەکە ئاشكرا دەکرێت. پارتی باش رۆژی هەینی نارەزایەتی دەربڕیبوو کە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی باش بکرێتە کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا و بۆیەش لە هاوپەیمانێتی گەلی شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن کشایەوە. ئەمڕۆ بە دەستپێشخەری پارتەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانێتیەکە، پارتی باش گەڕایەوە نێو هاوپەیمانێتیەکە و لە ئێستادا سەرۆکی پارتەکان لە کۆبونەوەدان بۆ دیاریکردنی کاندیدی هاوبەش کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە کاندیدەکە کەمال کلچدارئۆغلۆیە. مەرال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش بەرلەوەی بەشداری لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ سەرۆکانی هاوپەیمانی گەل بکات، لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و مەنسور یاڤاش سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەنقەرە کۆبووەوە کە پێی وابوو پێویست بوو یەکێک لەو دوو سەرۆک شارەوانیانە بکرێتە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن. لە ئێستادا چاوەڕێی دەکرێت، کۆبونەوەکە تەواو بێت و ئۆپۆزسیۆن بە فەرمی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا بکات. هەر ئەمڕۆ، کابینەی حکومەتی تورکیاش لە کۆبونەوەدایە و پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە هەڵبژاردنەکانە.

هاوڵاتی له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ دوشەممە  رایگه‌یاند، "چەندینجارە داوا لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت بەشداری لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن." بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە، لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی ساڵیادی راپەرینی جەماوەری ساڵی 1991 کە وەرچەرخانێکی مێژویی بو لە خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە پێناو ئازادیدا، سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەکگرتویی و یەکڕیزی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان کردەوە لە پێناو پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان. لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، سەرۆک وەزیران داوای لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، چونکە "بەشدارینەکردن لە کۆبونەوەکان و راکردن لە بەرپرسیاریەتی، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات"، مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردوە، "چەندینجارە داوا لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت بەشداری لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن، بە نوسراوی فەرمیش، داوایان لێکراوە کە بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رێگەیان پێنەدراوە بەشداری بکەن". سەرۆک وەزیران وتیشی، "ئەنجومەنی وەزیران شوێنی خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەشداری نەکردن لە کۆبونەوەکان و راکردن لە بەرپرسیاریەتی، چارەسەری هێچ کێشەیەک ناکات و بە پێچەوانەوە، بەرامبەر بە سوێندی یاسایی خۆیان و خەڵکی کوردستان دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە".  

ئێران رایگەیاند؛ پەیوەندیی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هەیە و چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکەن نەیارانی کۆماری ئیسلامیی لە چەک داماڵن و رادەستیان بکەنەوە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزراەتی دەرەوەی ئیران ئەمرۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە تاران رایگەیاند؛ دانوستان و کۆبونەوەکان لە ئاستی باڵای ئەمنیی و ئاسایشیدا پێکهێنانی دەستەیەکی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقی لێکەوتوەتەوە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی دوو وڵاتەکە. کەنعانی وتی: پارێزگاریی لە یەکپارچەیی سنوری عێراق دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە خاکی ئەو وڵاتە نابێت بە هیچ شێوەیەک ببێتە هەڕەشە و مەترسیی بۆسەر کۆماری ئیسلامی و حکومەتی بەغدا بەپرسیارە لە پاراستنی سنورەکانی خۆی لەگەڵ ئێران. بە وتەی ئەو لە "دیداری هەفتەی رابردوی حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە چەکدارانی نەیاری کۆماری ئیسلامی (پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) لە چەک دابماڵرێن و رادەستی ئێران بکرێن". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی پەیوەندیی دۆستانە و برایانەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد هەیە و چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکەن لە روی ئەمنییەوە هاوکاری وڵاتەکە بن و لە خاکی عێراقەوە مەترسیی بۆ ئێران دروست نەکرێت چونکە بۆ پشتیوانیی لە هاوڵاتییانی خۆیان وڵاتەکەیان پاشەکشێ بۆ کەس ناکات.

هاوڵاتی بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار دابەزى، لە کاتێکدا بانکى ناوەندى زیاتر لە 172 ملیۆن دۆلارى خستە بازاڕەوە، کە نزیکەى 50 ملیۆن دۆلارى لە رۆژى پێشوو زیاتر بوو. ماڵپەڕی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ، ١٧٢ ملیۆن و ٨٢١ ھەزار و ٥٨١ دۆلار خراوەتە بازاڕەوە ،راشیگەیاندووە لەو ١٧٢ ملیۆن و ٨٢١ ھەزار و ٥٨١ دۆلارەی کە ئەمڕۆ خراوەتە بازاڕەوە، ١١٠ ملیۆن و ٧٢١ ھەزار و ٥٨١ دۆلاری بۆ حەواڵکردن بووە ٦٢ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دۆلاریش بۆ فرۆشتنی کاش بووە. بەراورد بە رۆژى یەکشەممە، بانکى ناوەندى 49 ملیۆن و 998 هەزار دۆلارى زیاتری خستە بازاڕەوە وئەو بڕە  بەراورد بەدوێنێ یەکشەممە بەڕێژەی لەسەدا ٣٧ بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە. ئەو گۆڕانکارییە لە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار هاوکاتە لەگەڵ رێوشوێنێکى دیکەى بانکى ناوەندى بە زیادکردنى بڕى 25%ى پشکى دۆلارى کۆمپانیاکانى فرۆشتنى دراو، کە لە 5ى ئادارەوە کەوتە وارى جێبەجێکردن و بڕەکەى هەفتانە کرایە 200 ملیۆن دۆلار لەبرى 150 ملیۆن دۆلار، کە پێشتر پشکى هەفتانەى ئەو کۆمپانیایانە بوو، کە لە بانکى ناوەندى بە نرخى 131 هەزار دینار پێیان دەفرۆشرا. بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشتنی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و 320 دینار بۆ بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دیاریی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ لە بازاڕەکاندا نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و 557 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت

لە شاری بۆرسای تورکیا ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی یانەی بۆرسا و یاریزانەکانی ئەو یانەیە هێرشیان کردە سەر یاریزان و لایەنگرانی یانەی ئامەد کە لە چوارچێوەی خولی یانە پلە دووەمەکانی تورکیادا رووبەرووی یەکدی ببوونەوە. سەرەتا لایەنگرانی یانەی بۆرسا وێنەی ئۆتۆمبێڵە تۆرۆسەکان و سەرکردەی ئەو دەزگا هەواڵگریانەیان بەرز کردەوە کە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا، بە کوشتن و بێسەروشوێنکردنی 17 هەزار کورد لە باکوری کوردستان تۆمەتبارکراون و بەو ئۆتۆمبێڵە تۆرۆسانە بە هەزاران کوردیان رفاندبوو و دواتر بە دەبەی ئاو، چەرخ و داروبەرد هێرشیان کردە سەر یاریزانان و لایەنگرانی یانەی ئامەد و بەوهۆیەوە بە دەیان یاریزان و لایەنگری ئەو یانەیە بریندار بوون. هەرچەندە سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند کە هەندێک بەرپرسی یانەکە و شارەکەیان سزاداوە، بەڵام هەدەپە، هاوڵاتیانی کورد و بەڕێوەبەریی یانەی ئامەد، هێرشەکەیان بە هێرشێکی پلانبۆداڕێژراو وەسف کرد. مەتین کلاڤوز ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یانەی ئامەد لەم بارەیەوە بۆ بەشی تورکی بی بی سی قسەی کرد و گوتی، " ئەو هێرشە، پێشهاتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پلانی بۆ داڕێژرابوو و بە ئەنقەست ئەنجامدراوە." سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش رایگەیاند کە سکاڵای یاسایی لەدژی هێرشبەران تۆمار دەکەن، بەهۆی ئەوەی ئاسایشی گشتیان خستووەتە مەترسیەوە و سووکایەتیان بە هاوڵاتیان کردووە. لەمبارەیەوە میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، حکومەت لەبەرامبەر ئەو رەگەزپەرستیە بێدەنگ بووە و ئۆباڵی ئەم هێرشە رەگەزپەرستیە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی بەرپرسیاری پاراستنی گۆڕەپانەکەیان لە ئەستۆدا بووە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لە تویتێکدا نووسیویەتی، " هەموو کاتێک سەربەرز بە یانەی ئامەد، یاریەکی بێوێنە پێشکەش بکە. لایەنی سیاسی ئەو تۆرۆسە سپیانە بۆ ئێمە بەجێ بهێڵە. ئێمە خۆمان رادەستی ئاغاکانی ئەوانمان نەکردووە، چ بگرە سەر بۆ ئەمانە دانەوێنین." بەگوێرەی میدیاکانی تورکیاش بێت، تاوەکو ئێستا ١٠ کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر یاریزانانی یانەی ئامەد دەستگیرکراون.

کەشوهەوا لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت و لە هەندێک شوێن خۆڵ و تۆز دەبارێت بەشی پێشبینییەکان له بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ئەمڕۆ دوشەممە 6ی3 : ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ دابارینی نمە باران لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، هەروەها تاوە باران و هەورە تریشقە لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، هەروەها بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ بەهۆی زیاد بوونی  خێرایی با، لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەری خێرایی با و تۆزو خۆڵ کەم دەبێتەوە   . دەبارەی پلەکانی گەرما کەشناسی ئاماژەی بەوداوە: پلەی گەرما نزم دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە نزیکەی بە 2بۆ3  پلە، خێراى با مام ناوەند  دەبێت 15  بۆ30کیلۆمەتر دەبێت لە هەندێک کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە یەک کاتژمێردا. کەشناسی بەمشێوەیه پێشبینی کەشوهەوای سبەی سێ شەممە 7ی3 بڵاووکردۆتەوه، رۆژی سێشەممە ئاسمان  هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ بارینی نمە باران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم، لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەشێوەی تاوەباران و هەورە بروسکە دەبێت. لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ دابارین دەوەستێ و کەشەکە جێگیر دەبێتەوە، نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر دەبێت، ئەگەرى بارینى تەرزە لە هەندێک ناوچەى سنوورى پارێزگاى سلێمانى هەیە.

پۆلیسی سلێمانی، مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلسی‌ قه‌ره‌داغ 21 تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد کەشەڕو ئاڵۆزییان دروستکردبوو. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دوشەممە 6ی3ی2023 بڵاویکردەوە ، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌قه‌زای‌ قه‌ره‌داغ شه‌ڕله‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌دا دروستبوو، كه‌ بووه‌ هۆی‌ برینداربونی‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی‌،دەستبەجێ  مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ قه‌ره‌داغ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو توانیان شەڕەکە کۆنترۆڵ بکەن ،  دواتر  لیكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچونه‌كانیان دەستپێکرد بۆدۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی‌  ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی‌ كه‌بووبوونه‌ هۆی‌ دروستبونی‌ شه‌ڕو ئاڵۆزی‌ نێوان ئەو دوو بنه‌ماڵه‌یە، سه‌ره‌نجام توانرا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ قه‌ره‌داغه‌وه‌ 21 تۆمه‌تبار لەهەردوو لا  ده‌ستگیربكه‌ن له‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌و دەستیشبگیرێت بەسەر سێ ئۆتومبێلدا کەبەتۆمەتباران بووە. ئاماژەی بەوە داوە، له‌كاتی‌ شه‌ڕو ئاڵۆزیه‌کەدا ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی‌ برینداربوون و به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان ڕه‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ کراون. پۆلیس دەڵێت،له‌ئێستادا سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران به‌بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌رو به‌پێی مادده‌ی‌ 405-31 ڕاگیراون و لێکۆڵینه‌وه‌ گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.

ئەندازیارێکی جیۆلۆجی تورکیا رایدەگەیەنێت، 24 پارێزگا و شاری تورکیا و باکوری کوردستان لەسەر هێڵی بومەلەرزەن و مەترسیەکی زۆریش لەسەر ئەستەنبوڵ هەیە. حسێن ئالان سەرۆکی ژووری ئەندازیارانی جیۆلۆجی تورکیا رایگەیاند، پارێزگاکانی، بۆلو، ساکاریا، کۆجائەلی، بورسا، بالیکەسیر، مانیسا، ئیزمیر، ئایدن، دەنیزلی، موغلا، کوتاهیا، بوردور، ئەسکیشەهیر، کۆنیا، ئاکسارای، تۆکات، هاتای، مەرەش، عوسمانییە، چەولک، جۆلەمێرگ، ئەرزەڕۆم و ئەرزینجان لەسەر هێڵی بومەلەرزەن و وتی، ئەو پارێزگا و شارانە پێویستە، یاسای بومەلەرزە جێبەجێ بکرێت. حسێن ئالان باسی ئەوەشی کرد کە پێویستە بودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو هەرێمانە تەرخان بکرێت و باڵەخانە کۆنەکان نوێ بکرێنەوە. بۆ پارێزگای ئەستەنبوڵیش، پێویستە ستراتیژیەکی تایبەت ئامادە بکرێت. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر ناوچەی سۆڵخانی پارێزگای چەولکی باکوری کوردستانی هەژاند. بومەلەرزەکە کاتژمێر 7:57لە قۆڵایی 13.29 کیلۆمەتر لەژێر زەوی روویداوە. دوای بومەلەرزەکانی 6ی شوبات کە تەنیا لە باکوری کوردستان و تورکیا بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی 46 هەزار کەس، بە هەزاران پاشەلەرزەی دیکە روویانداوە و ئەوەش ترسێکی زۆر لەنێو هاوڵاتیاندا دروست کردووە.

وەزارەتی بازرگانی عێراق سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان هەفتەی داهاتو، بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکات. محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە میدیای فەرمی حکومەتی عێراقی وتوە ، ھەماھەنگی ھاوبەش ھەیە لەنێوان دەزگا چاودێرییەکانی سەر بە وەزارەت بۆ ئامادەکردنی سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان، بڕیاریشە لە ھەفتەی داھاتووەوە دەست بەدابەشکردنی بکرێت. ئاماژەی بەوداوە ، بریکارەکانی خۆراکیش ئاگادار کراونەتەوە کە دەوامیان تا سەعات 5ی ئێوارە زیاد دەکرێت بەمەبەستی دابەشکردنی مادده خۆراکییەکان .  وتەبێژەکه باسی لەوەش کردوه ، چاودێری نرخی خۆراک و پێداویستییەکان دەکەن و رێکاری یاساییش دەگرنەبەر بۆ سزادانی ئەو کەسانەی نرخی پێداویستییەکان بەرز دەکەنەوە.

وەزارەتی کارەبای هەرێم چەند هەلێکی کاری ڕاگەیاند و داوادەکات فۆڕم بکرێتەوە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی3ی2023 وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکداڕایگەیاند،هۆبه‌ی چاكسازی كاره‌بای پێنجوێنی سه‌ربه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌بای سەیدسادق پێویستی به‌ ژماره‌یه‌ك كارمه‌ند هه‌یه‌. ئاماژەی بەوە داوە، هەلی کارەکان به به‌شێوه‌ی گرێبه‌ستی رۆژانه‌ له‌ بواره‌كانی (کاری تەکنیکی کارەبایی، کاری کۆمپیوتەریی و کارگێڕی، کاری ژمێریاری و ووردبینی، کاری شۆفێریی). لە بڵاوکراوە هاتوە، هه‌ركه‌س ئاره‌زومه‌نده‌ لە ماوه‌ی (5) رۆژدا  فۆڕم پڕبكاته‌وه‌.

هاوڵاتی ئاژانسی هاوارنیوز، ناوی سێ کۆچبەری دیکەی بڵاوکردەوە کە لە ئاوەکانی نێوان لیبیا و ئیتاڵیادا گیانیان لەدەستداوە. چەند رۆژ لەمەوبەر بەلەمێکی کۆچبەرانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە ئاوەکانی نێوان لیبیا و ئیتاڵیادا تێکشکا کە بەگوێرەی زانیاریەکان ٢٥ کەسی تێدابووە. بەگوێرەی زانیارەیەکان تەرمی ١٦ کەس دۆزراونەتەوە و ١٤ کەسیش بێسەروشوێنن. ئەمڕۆش ئاژانسی هاوارنیوز، وێنە و ناوی سێ کۆچبەری بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاژانسەکە ژنێک و دوو کچی بە ناوەکانی ئایدە حەمید ٥٤ ساڵ، خەڵکی گوندی میدانی عەفرین و دیانا محەمەد ٢٣ ساڵ و ئایە محەمەد ١٩ ساڵ لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە. دوێنێش ئاژانسەکە ناوی ٧ کۆچبەری ئاشكرا کرد کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و ئاماژەی بەوەکرد کە خەڵکی سوریان. مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووش، بە هەمان شێوەی دوو بەلەمی کۆچبەران لە ئاوەکانی جەزائیر و ئیسپانیادا تێکشکابوون و بەو هۆیەوە ١٢ هاوڵاتی رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدابوو.

هاوڵاتی هاوپەیمانی گەل کە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا پێکهێنراوە، بڕیارە سبەینێ کاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشكرا بکەن و پارتی باشیش کە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە ئەردۆغان ناکەن. ئیسماعیل سایماز رۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی پارتی دوارۆژ، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ سەرۆکی پارتی سەعادەت و گولتەکین ئۆیسال سەرۆکی پارتی دیموکرات، بۆ جاری یەکەم بەبێ مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە رۆژی هەینی لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە کۆببنەوە. ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەکرد کە دوای کۆبونەوەکەی سبەینێ، هاوپەیمانی گەل کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا دەکات کە ئەویش کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریە. لەلایەکی دیکەوە، فەرەیدون باهشی، پەرلەمانتاری پارتی باش کە پارتەکەی کەمال کلچدارئۆغلۆی پێ قبوڵ نییە و بەو هۆیەوە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە، رایگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار نادەن کە بە ئەگەرێکی زۆر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی ئاکەپەیە. باهشی وتی، " ئەگەر لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا کەمال کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان بە تەنیا بمێننەوە، پارتی باش دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدات." دوای ئەوەی رۆژی هەینی ٣ی ئازار، پارتی باش لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە، رەخنەیەکی زۆری لێگیرا کە ئەو هەنگاوەی لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی کۆمار ناوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە رەتیان کردەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، میدیاکانی تورکیا باسی ئەوەیان کرد، دوابەدوای ئەو پێشهاتە، هاوپەیمانی گەل خۆی لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نزیک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی جێی پارتی باش بگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەدەپە بە شێوەیەکی فەرمی ئەو هەواڵانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.