هاوڵاتی تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدە*پە) رایگەیاند، پێویستە هۆکاری راستەقینەی کشانەوە و گەڕانەوەی پارتی باش بۆ نێو هاوپەیمانی گەل ئاشکرا بکرێت. دوای ساڵێک لە دانوستان، دواجار دوێنێ ٦ی ئازار هاوپەیمانی گەل کە لە شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێک دێت، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهە*پە) بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری کرد. رۆژی هەینی رابردوو، مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی ئیی پارتی (پارتی باش) پارتەکەی لە هاوپەیمانێتیەکە کشاندەوە و رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ کاندیدکردنی کلچدارئۆغلۆدا نین، بەڵام ئێوارەی دوێنێ و بەر لە کۆبونەوەی لایەنەکانی هاوپەیمانی گەل گەڕایەوە نێو هاوپەیمانێتیەکە. لەمبارەیەوە تیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، کشانەو و گەڕانەوەی پارتی باش بۆ نێو هاوپەیمانی گەل، گۆمانی لەسەر دیموکراسی لایەنەکان دروست کردووە و وتی، " هێزە تاریکەکان کە لەدژی ئیرادەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتین، دەیانەوێت دەست بەسەر دیموکراسی گەلدا بگرن و گەمارۆی بدەن." تەمەل دەشڵێت، دوای کاتژمێرێک لە کشانەوەی ئاکشەنەر، پارتەکەی بێواتە بوو و عەقڵیەتێکی بەم شێوەیە وڵات بەرەو دۆخێکی خراپ دەبات و دۆمان دروست دەکات. ئێمە لێرەوە دەڵێین، چارەسەری و گۆڕانکاری بە گۆڕانکاری رادیکالانە و دیموکرات یان سیاسەتی رێگەی سێیەم دەبێت و وتی، " ئێمە ناومان بەلاوە گرنگ نییەم بەڵکو رەگەزەکانمان بەلاوە گرنگە. ئەو شتانەی لەسەر مێزەکە قسەیان لەسەر کراوە دوای هاتنەوەی ئاکشەنەر، بۆ گەل ئاشكرا نەکراوە. پێویستە بزانرێت کە بەبێ هەدەپە چارەسەری دروست نابێت. ئەوە هەدەپەیە کە چارەنووس دیاری دەکات."
لە رێورەسمێکدا، هەردو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنوسێک تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون/ شوقە بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی واژۆ دەکەن. وەزارەتی ئاوەدانکرنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 7ی3 بڵاویکردەوه، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەدیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە وەزارەتی شەهیدان. لە دیدارێکدا، گفتوگۆکرا سەبارەت بە هەوڵ و هەماهەنگی نێوان هەردو وەزارەت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، ئەوەش دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٩١) لە (٢٢/١٢/٢٠٢٢)، هەردو وەزارەت کار دەکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی ئەوانەی تائێستا سودمەند نەبون. ئاماژەی بەوە کراوە ،وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ڕایگەیاندوە، ئەوەی بۆ کەسوکاری شەهیدان بکرێت بە واجب و ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین و ئەرکی هەموانە، وەک وەزارەتیش ئەوەی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین و ئامادەین بۆ هاوکاری و پاڵپشتی وەزارەتی شەهیدان لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کەسوکاری شەهیدان. لە ڕاگەیاندراوەکە هاتوە ، وەزیری کارورباری شەهیدان ، جەختیکردۆتەوە لەوەی، ئیمزاکردنی ئەم کۆنوسە تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ هەردو وەزارەت. باس لەوە کراوە ، دواتر لە رێورەسمێکدا، لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنوسی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەت واژۆکرا، کە خۆی دەبینێتەوە لە ژمارەیەک پێشنیار و ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردان، هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە (١٩١)ی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن هاوکار و هەماهەنگ دەبێت بە دابینکردن و رەخساندنی خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبونی سەر بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی3 ، له بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند،: "بە ڕەچاوکردنی دۆخی خوێندکاران و قوتابییانی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخوێنن، لە هەمان کاتدا بەهۆی یادی نەورۆز و پشوی بەهارە پرۆسەی خوێندن لە ئەم وڵاتە ڕادەوەستێت، بۆیە لە فەرمانێکی وەزاریدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە: خوێندکاران و قوتابییانی هەرێمی کوردستان كە لە ئەم وڵاتە دەخوێنن، دەتوانن لەماوەی (2023/3/15 تاکو 2023/4/3) بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان". وەزارەتەکە ، لە بڵاوکراوەکە، باسی ئەوەی کردووە: "ئەو ماوەیە وەک ماوەی مانەوە هەژمار ناکرێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا کۆبووەوە دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبونەکه لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا لەدوای کۆبوونەوەکە لۆید ئۆستن پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد. بەپێی میدیای نزیک له پارتی،نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندوە "هاوڕابووین چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەکە"، جەختیشی کردەوە لەوەی "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری دەبێت بۆ ناوچەکە... سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەمریکا دەکەین بۆ هێزەکانی پێشمەرگە". لای خۆیەوە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند "دەیان ساڵ پێکەوە کارمان کردووە... لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رووبەڕووێکی فراوانمان لە دەستی داعش رزگارکرد"، سەبارەت بە پێشمەرگەش گوتی "رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە شەڕی دژی داعش... پشتیوانیی خۆمان بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان پێشمەرگە و ئەمریکا دووپاتدەکەینەوە". وەزیری بەرگری ئەمریکا لە پەیامێکیشدا بۆ بەغدا و هەولێر لۆید ئۆستن گوتی "هاوئاهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە گرنگە. پێویستە هەولێر و بەغدا پێکەوە کار بکەن". لە کۆبونەوەکە، جەختیش کرایەوه لەوەی پێویستە "سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن".
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، بڕیارى تۆمارنەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەى دا کە بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە. بڕیارە کە لەسەر داوای دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەیه بۆ پاراستنی ژینگە و بۆ کەمکردنەوەى کاریگەریی دووکەڵ، بە نووسراوێک داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ تۆمار نەكرێن. پاشان وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پێشنیازی دەستەی ژینگە، لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتووچۆی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار كردووەتەوە كار بە نووسراوە گشتێنراوەکە بكرێت و هیچ ئۆتۆمبێلێك ئەگەر بەردی ساڵنسەیان دەرهێنرابێت، تۆمار نەکرێت. بەردی ساڵنسا کە بەردی ژینگەدۆست ناسراوە وەکوو فلتەرێک کار بۆ هەڵمژینی دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەکات و ژینگە لە گەرمی و گازە ژەهراوییەکان دەپارێزێت، بەڵام بەشێک لە شۆفێران بە مەبەستی بەهێزکردنی هەڵمەتی ئۆتۆمبێلەکانیان و فرۆشتنەوەیان، ئەم بەردە لە سیستەمی دووکەڵوەدەرنانی ئۆتۆمبێلەکانیان دەردەهێنن..
سبەینێ چوارشەممە، بارانبارینى تاو تاو و هەورەبروسکە لە ناوچە جیاجیاکانى سنورى ئیدارەى گەرمیان و سلێمانى و هەڵەبجە دەستپێدەکات، ئەمە پێشبینی ، شارەزای کەشناسی ئاراس جەبارییه. دەربارەی کەشی ڕۆژى پێنجشەممە دەڵێت: لە کاتەکانی سبەی شەودا تا بەرەبەیانی پێنجشەمە کاریگەریی بەھێزی ئەم ناسەقامگیریە دەستپێدەکات و ئەگەری بارانی زۆر بەخوڕ و بەردەوام لەم ناوچانەدا دەبێت لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە بروسکەی بەھێز و بارینی تەرزە. شارەزاکە،"ھۆشداری لە دروستبونی لافاو دەدەین لەسەرجەم ناوچە نزمەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر لاواز دەبێت زیاتر ئەگەری نمە باران بۆ بارانێکی کەم دەبێت لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای کەرکوک و سنوری نێوان پارێزگای ھەولێر و کەرکوک لەم ناوچانەشدا. ئاراس جەباری، باسی ئەوەشی کردەوه، کە ئەم شەپۆلە تا ئێوازەى رۆژى پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و لە کاتەکانى شەو کۆتایی پێدێت
پۆلیسی سلێمانی، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی- نوسینگەی ساختەکاریی بەهاوکاری بەشی پۆلیسی فریاکەتن و ئاسایشی سلێمانی دوو تۆمەتباریان بەژمارەیەک مۆرو کۆمەڵێک دەفتەری ئامادەکراوی ڕەگەزنامەی ساختەوە دەستگیرکرد. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی3 لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند،دوای ئەوەی لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە زانیاری لەسەر دوو تۆمەتبار کۆکرایەوە کە کاری ساختەکاریی بەڵگەنامەو مۆرو دەفتەری ڕەگەزنامەی ساختە دروستدەکەن، لەچالاکییەکدا توانرا ھەردوو تۆمەتبارەکە لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی- نوسینگەی ساختەکاریی بەهاوکاری بەشی پۆلیسی فریاکەتن و ئاسایشی سلێمانی دەستگیربکرێن. پۆلیس دەڵێت،لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەستگیرا بەسەر ژمارەیەک مۆرو ڕەگەزنامەی ساختەدا کە تۆمەتبارەکان بەنیاز بوون بەڵگەنامەی پێ ساختە بکەن و لەفەرمانگەکاندا مامەڵەی پێوە بکەن. لە بڵاوکراوەکە ئاماژە بەوە کراوە لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەکانی 289/298 لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
دژی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار، خۆپیشاندانی بەرفراون لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردەوە و لە شاری سنە پۆلیس غازی فرمێسکڕێژی دژی مامۆستایان و خۆپیشاندەران بەکارهێنا و ژمارەیەک مامۆستا دەستگیرکران. ئەمڕۆ لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ناڕەزایەتییە بەرامبەر دیاردەی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لەو شارە و ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو و خۆپیشاندەران بە رێپێوان چونە بەردەم پەروەردەی شاری سنە و دروشمی دروشمی ژن ژیان ئازادی وترایەوە. هاوکات لەگەڵ سنە لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان و ورمێ گردبونەوە و ناڕەزایەتیی مامۆستایان و دایک و باوکی خوێندکارانی کچ بەڕێوەچو و لە کەرەج و ئەهواز و چەند شارێکی دیکەی ئێران خۆپیشاندەران دژی ژەهراویکردنی کچان چونە بەردەدەم بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەدەی ئەو شارانە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە و لە سنە و کرماشان ژمارەیەک مامۆستا دەستگیر کراون. لە ماوەی رابردودا دەیان کچی خوێندکار لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژەهراویی بون و ژمارەیەکیان رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون بەڵام تا ئێستا حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان راستیی و هۆکاری ئەو روداوانەیان بەخەڵک و کەسوکاری خوێندکاران رانەگەیاندوە. ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ زیاتر لە 17 پارێزگای ئێرانی گرتوەتەوە و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە دوای 100 رۆژ لە دوبارەبونەوەی روداوەکان داوای بەدواداچونیان کردوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە بەغدا وھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بەسەر کردەوە ورایگەیاند کە بەرەوە عێراقێکی ئاسایش، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی ھەنگاو دەنێن. وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوای بەسەرکردنەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەوە عێراقێکی ئاسایش، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی ھەنگاو دەنێن و لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا رایگەیاندووە "ئامانج لە سەردانەکەم بۆ بەغدا، جەختکردنەوەیە لەسەر پتەوترکردنی ھاوبەشی ستراتیجیی نێوان ئەمریکا و عێراق". وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە و بە دووقۆڵی ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن هاوکات بڕیارە سەردانی ھەولێر بکات و لە میانیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاندبوو کە ڵۆید ئۆستن گەیشتێک بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات کە لە میانیدا دڵنیایی ئەوە بە وڵاتانی ناوچەکە دەدات کە واشنتۆن رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی لەبیرنەکردووە و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. لەئێستادا، دوو ھەزار سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.
هاوڵاتی سەرچاوە ئەمنیەکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، تیرۆریستانی داعش جموجوڵەکانیان لە دەوری زیندانی سەناعەی حەسەکە کە بە هەزارن تیرۆریستی داعش تێدایە چڕ کردووەتەوە و رێوشوێنی توندی ئەمنی لە ناوەندی حەسەکە گیراوەتەبەر. سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند، زانیاری هەواڵگرییان دەستکەوتووە کە ئاماژە بە جموجوڵی شانەیەکی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکەن لە دەوروبەری زیندانی سناعەی حەسەکە. ئاژانسەکە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بەشێکی ئەو رێگایەیان داخستووە کە بە تەنیشت زیندانەکەوە دەڕوات و دۆخەکە لە ئێستادا لە ناوەوە و دەرەوەی زیندانەکەدا سەقامگیرە، بەڵام دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەتەوە کە ژنانی داعش لەنێو کەمپی هۆڵ ئامادەکاریان بۆ یاخیبوون کردووە و بۆیەش لە کەمپەکە رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر. ٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، زیندانی سناعەی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رووبەرووی هێرشێکی چەکداری گەورەی تیرۆریستانی داعش بووەوە کە نزیکەی چوار هەزار زیندانی داعش تێیدا رادەگیرێن. هەسەدە دوای شەش رۆژ لە شەڕ و ئاڵۆزی رایگەیاند کە زیندانەکە و ناوەندی حەسەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەڕی شەش رۆژی نێوان شەڕڤانان و تیرۆریستانی داعشدا، ٩٨ شەڕڤانی هەسەدە و ئەندامی ئاسایش شەهید بوون و ٢٦٨ تیرۆریستی داعش لەناو و دەرەوەی زیندانەکە کوژران.
هاوڵاتی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چوارچێوەی گەشتێکی فراوانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆ دەگاتە عێراق و سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات. بهگوێرهی زانیارییهكان ئهمڕۆ سێشهممه (7ـی ئادار/مارسی 2023)، لۆید ئۆستن، وهزیری بهرگریی ئهمهریكا سهردانی ههولێر دهكات و لهگهڵ بهرپرسانی باڵای حكومهتی ههرێمی كوردستان كۆدهبێتهوه. ئهمه له كاتێكدایه، چاوهڕێ دهكرێت ههر ئهمڕۆ دووشهممه، ئانالینا بێربوك، وهزیری دهرهوهی ئهڵمانیا دوای سهردانهكهی بۆ بهغدا، سهردانی ههولێر بكات و لهگهڵ بهرپرسانی باڵای حكومهتی ههرێمی كوردستان كۆببێتهوه. پێنتاگۆن دەربارەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەوەیە؛ دڵنیایی بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات، کە وێڕای چڕبوونەوەی سەرنجی ئەمریکا لەسەر رووسیا و چین، واشنتن، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەبیرنەکردووە و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. لۆید ئۆستن، لە ئەیلوولی 2010 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2011 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق، دواتر لە سەردەمی ئیدارەی دووەمی باراک ئۆبامادا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەو وڵاتە بووە، لە یەکەمین سەردانی خۆیدا وەکو وەزیری بەرگری، لەپاڵ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر، هێزەکانی وڵاتەکەشی بەسەردەکاتەوە. نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکا بۆ راوێژ و مەشقپێدانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان ماونەتەوە. ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە ساڵی 2014ـەوە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان تەرخانکردووە. هەروەها دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریشی بۆ باشکردنی رەوشی مرۆیی داوەتە عێراق و هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، " لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی چوارشەممەوە بارانبارینی تاوتاو و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە کە تا بەرەبەیانی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و هۆشداری دروستبونی لافاو دەدات. ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، "لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەکی زۆر شێداری دەریای ناوەراست و باشوری ناوچەکە لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی چوارشەممەوە بارانبارینی تاوتاو و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە کە تا بەرەبەیانی پێنجشەممە کاریگەری بەهێزی ئەم ناسەقامگیریە دەستپێدەکات و ئەگەری بارانی زۆر بەخوڕ و بەردەوام لەم ناوچانەدا دەبێت لەگەڵ چالاکبونی هەورە بروسکەی بەهێز و بارینی تەرزە بۆیە هۆشداری لەدروستبونی لافاو ئەدەین لەسەرجەم ناوچە نزمەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە". ئاماژەی بەوەشکردوە، "کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر لاواز دەبێت زیاتر ئەگەری نمە باران بۆ بارانێکی کەم دەبێت لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای کەرکوک و سنوری نێوان پارێزگای هەولێر و کەرکوک، لەم ناوچانەشدا ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە دەبێت، بەڵام بەگشتی رێژەکەی کەمتر دەبێت." سەبارەت بە پلەکانی گەرماش ڕایگەیاند،" پلەکانی گەرما سبەی بە جێگیری دەمێننەوە، خێرای با زۆربەی کاتەکان مامناوەند چالاک دەبێت لەنێوان 15-30 کیلۆمەت لەکاتژمێرێکدا بە ئاڕاستەی باشوری رۆژهەڵات دەبێت". ئەوەشیخستۆتەڕو، "بۆ رۆژی پێنجشەممە هەورە بروسکە و تاوە بارانی پچر پچر تا کاتەکانی ئێوارە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە ، ئیدارەی گەرمیان بەردەوامی دەبێت و لەشەودا کۆتایی پێدێت، بەڵام بەهێزی ئەم حاڵەتە سبەی شەوە لەم ناوچانەدا کە ئەگەر هەیە بە جیاوازی ناوچەکان 40 تا 80 ملیممەتر زیاتر باران ببارێت".
هاوڵاتی لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمریکادا کە ئەمڕۆ بڵابۆتەوە هاتووە کە ئەدهەم بارزانی، ئامۆزای مەسعود بارزانی وئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی نوی بەناوی " هێڵی سێیەم" لە راپۆرتێکی دەنگی ئەمریکادا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا ئەدهەم بارزانی سەرقاڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی و کۆکردنەوەی کەسە دیار و ناودارە سیاسیەکانە لەدەرەوە وناوەوەی هەرێم بۆ دامەزراندنی ئەو قەوارە نوێیە، بەپێی وتەی یەکێک لە دامەزرێنەرانی قەوارەکەش هۆکاری دامەزراندنی ئەو قەوارەیە " ڕەخنەکانیانە لە حیزبە سیاسەکانی هەرێم" ئەمەس لەکاتیکدایە کە ئەدهەم بارزانی جگە لەوەی سەرکردایەتی چەندین قەوارە ودامەرزاوەی سیاسی کردووە لە ساڵانی ڕابردوودا، هاوکات ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی بوو لە ڕابردوودا بەڵام بەهۆی تێکچونی پەیوەندیەکانیەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وازی لە پۆستەکەی هێنا. وریا سەعید ڕەواندزی، کەسی دووەمی لیستی " هێڵی سێیەم" لەبارەی حیزبە نوێیەکەی ئەدهەم بارزانییە " دەڵێت،" ههڵسهنگاندنی وردمان نهکردووه بۆ پێگه و قهبارهمان، بهڵام کاری باشمان لهناوخۆی ههرێم و دهرهوهی وڵات کردووه، پهیوهندی فراوانمان لهگهڵ کهسایهتییه سیاسییه کاریگهرهکان دروستکردووه و بههۆی ناڕهزایهتییهکانی خهڵکیش، دهتوانین بۆشاییه سیاسیهکان پڕبکهینهوه و پێگهمان ههبێت". هەروەها وریا سەعید ڕەواندزی ئاماژەی بەوەش داوە کە جیاواز دەبن لە حیزبە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی هەرێم و جیاواز لەوان کار دەکەن، هاوکات لەبارەی ناوی ئەو کەسانەی بەشدارن لە دامەزراندنی ئەو قەوارەیە هیچ لێدوانێکی نەداوە وباسیشی لەوەکردووە تاوەکو ئێستا قەوارەکەیان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارنەکردووە تاوەکو بەشداری لە خولی نوێی هەڵبژاردنەکان بکەن، وتیشی لەماوەیەکی نزیکدا لەوبارەیەوە کۆدەبنەوە. هاوکات وریا سەعید ڕەواندی وتیشی، تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە لەبارەی شوێن و بارەگای قەوارەکەوە. ئەدهەم بارزانی، لە ساڵای ١٩٦٢ لەدایک بووە و لەماوەی تەمەنیدا لە چەندین پۆستی باڵادا بووە وەک ڕاوێژکاری سیاسی جەلال تاڵەبانی، سەرکۆکۆماری عێراق، لەساڵی ١٩٩١ یشدا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە، هاوکات لە ئێستادا پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تێکچووە و لەساڵی ٢٠٢٢ وە لە وڵاتی ئێرانە.
هاوڵاتی مەسیحیەکان لە پەرلەمانی عێراق تانە لە بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان دەگرن ودەڵێن " نادیموکراسیە" ئەندامانی حیزبی کریستیانەکان لە پەرلەمانی بەغدا تانەیان لە بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان گرت ودەڵێن بڕیارەکە " نادیموکراسییە" ئەندامانی حیزبی بابیلۆن کە پێنج کورسیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە تانەیان لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق گرت وبە نا دیموکراسی ناویان برد، هاوکات سکاڵاشیان لەسەر یاساکە کردووە و دەڵێن بڕیارەکە مافی کەمینەکان " پێشێل دەکات" و ئازادی سنوردار دەکات، هەروەها دەشڵێن ئەو بڕیارە "نادەستوریە". ئەندامانی حیزبە سیاسیە کریستیانەکان هەوڵدەدەن ئەو یاسایە هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە مانگی ڕابردوو بڕیارەکە بەفەرمی دەرکرا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە سەرەڕای دژایەتیکردنی لەلایەن ئەندامانی دیکەی پەرلەمانەوە، هەروەها ڕۆژی شەممە بەفەرمی فەرمان بە گومرگەکان کرا بۆ قەدەغەکردنی هاودەرکردنی خواردنەە کحولییەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تا ئێستا نازانرێت تاچەند ئەو بڕیارە بە وردی جیبەجێ دەکرێت، هاوکات ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کودستانی لێکەوتەوە، سەرماد عەباس بریکاری خانووبەرەیە و کارەکەی لە بەغدای پایتەختی عێراق بووە، بە ئاژانسی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، قەدەغەکردنەکە تەنها دەبێتە هۆکاری گەرمکردنی بازاڕی ڕەش بۆ خواردنەوە کحولییەکان، هەروەها سەرمەد عەباس وتیشی، مامۆستا و فێرکارە موسڵمانەکان خواردنەوەی کحولی قەدەغە دەکەن"بەڵام ئەمانە ئازادییەكی كەسین كە ناتوانن لە هاوڵاتیانی قەدەغە بكەن". پڕۆژە یاساکە لەلایەن مەحمود ئەلحەسەنەوە پێشنیار کراوە لەسەرەتادا کە ئەوکاتە دادوەر ویاسادانەر بووە، یاساکە لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە، کە بەپێی یاساکە غەرامەکردن تا ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقی دەبێت لە ئەگەری سەرپێچیکردندا. مەحمود ئەلحەسەن لەبارەی یاساکەوە وتویەتی یاساکە دەستوریە وبەپێی ماددەی دووەمی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ی عێراقە کە ئەوەش دەگونجێت لەگەڵ یاساکەدا کە دەڵێت هەرشتێک دژی یاسای ئیسلام بێت قەدەغەیە.
هاوڵاتی پارتی باش بە سەرۆکایەتی مەراڵ ئاکشەنەر گەڕایەوە نێو هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن و لە ئێستادا هاوپەیمانێتیەکە لەکۆبونەوەدایە بۆ دیاریکردنی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن کە دوای کۆبونەوەکە ئاشكرا دەکرێت. پارتی باش رۆژی هەینی نارەزایەتی دەربڕیبوو کە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی باش بکرێتە کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا و بۆیەش لە هاوپەیمانێتی گەلی شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن کشایەوە. ئەمڕۆ بە دەستپێشخەری پارتەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانێتیەکە، پارتی باش گەڕایەوە نێو هاوپەیمانێتیەکە و لە ئێستادا سەرۆکی پارتەکان لە کۆبونەوەدان بۆ دیاریکردنی کاندیدی هاوبەش کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە کاندیدەکە کەمال کلچدارئۆغلۆیە. مەرال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش بەرلەوەی بەشداری لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ سەرۆکانی هاوپەیمانی گەل بکات، لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و مەنسور یاڤاش سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەنقەرە کۆبووەوە کە پێی وابوو پێویست بوو یەکێک لەو دوو سەرۆک شارەوانیانە بکرێتە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن. لە ئێستادا چاوەڕێی دەکرێت، کۆبونەوەکە تەواو بێت و ئۆپۆزسیۆن بە فەرمی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا بکات. هەر ئەمڕۆ، کابینەی حکومەتی تورکیاش لە کۆبونەوەدایە و پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە هەڵبژاردنەکانە.
