سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی سێ ملیار دینار دا بۆچارەسەکردنی کێشەی کەمئاوی له هەولێر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی2ی2023 فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە شاری ھەولێر، رەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی 2 ملیار و 878 ملیۆن دینار بۆ لێدانی 40 بیری ئاوی خواردنەوە دا. ڕونیکردۆتەوە، ئەو گوژمەیە كه‌ نزیكه‌ی سێ ملیار دیناره‌، بە شێوەی نەختینە و بە قۆناغ، لەسەر بودجەی ئاساییی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خەرج دەکرێت. لە ڕاگەیاندراوەکە باس لەوەش دەکات، "بەهۆى کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو، کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پلانی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاو لەو ناوچانەی کە گرفتیان هەیە، جێبەجێ دەکات."

پارەکە هی ساڵانی 2015 و 2016 وە و گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ دەستبەدابەشكردنی دەكرێت. نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چەكی پارەی شایستەی دارایی پارەی گەنمی جووتیاران، بۆ ساڵی 2015 و 2016 گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆش لە هەولێر و دهۆك دەستبەخەرجكردنی دەكرێت.  وتییشی، چەکی پارەکە بۆ ساڵی 2015یە، بڕەكەی 139 ملیار و 678 ملیۆن دینارە، و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سلێمانیش خەرجدەكرێت. ئاماژەی بە بڕی پارەکە کرد لە نێوان شارەکان و  ڕایگەیاند، پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم، بۆ ساڵی 2015 لە هەولێر 60 ملیار و 569 ملیۆن و 748 هەزار دینارە، لە سلێمانی 44 ملیار و 129 ملیۆن 404 هەزار دینار، لە دهۆكیش 34 ملیار و 987 ملیۆن و 911 هەزار دینارە. جوتیاران لە کاتی وەرگرتنی بەرهەمەکانیان لە لایەن سایلۆکان، له کاتی خۆی پارەکانیان بۆخەرج ناکرێت و دەبێت ماوەیەکی دورودرێژ چاوەڕێبن.

پۆلیسی سلێمانی، مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ به‌رزنجه‌ی‌ سه‌ر به‌به‌شی‌ پۆلیسی‌ سه‌یدسادق تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركرد كه‌ ته‌قه‌ی‌ له‌مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ پۆلیسی‌ دارستان كردبوو. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ، ئەمڕۆ دوشەممە27ی2ی2023 لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند،دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تبارێك ته‌قه‌ له‌مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ پۆلیسی‌ دارستان ده‌كات، ده‌ستبه‌جێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان  دەستپێكردو پاش وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ر، توانرا تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ به‌رزنجه‌وه‌ ده‌ستگیربكرێت. هه‌روه‌ها توانرا ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر چه‌كێك له‌جۆری‌ ده‌مانچه‌و بڕێك فیشه‌ك‌و چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی‌ تردا. پۆلیس ئاماژەی بەوەداوە، تۆمه‌تبار (هـ، ت، م) له‌دایكبووی‌ 1993 لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 365 له‌یاسای‌ سزادان ڕاگیراوه‌و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە. باسی لەوەش کردووە،تۆمه‌تباری‌ ناوبراو چه‌ند فه‌رمانێكی‌ دیكه‌ی‌ ده‌ستگیركردنی‌ هه‌یه‌و داواكراوه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ به‌پێی‌ مادده‌كانی‌ 446 و 22ی‌ دارستان‌و 2ی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندیكردن.

هاوڵاتی دەزگای لوتکە لە ئەوروپا دەڵێت" هیچ کوردێک " لەناو ئەو یەختەی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیادا ژێر ئاوکەت نییە و دەشڵێت ئەوانەی نوقمبوون زۆربەیان ئێرانی پاکستانی و ئەفغانین. شەهرام حەمە، نوێنەری دەزگای لوتکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە ئەوکەسانەی لەناو ئەو یەختەدا بوون کە ژێر ئاو کەوتووە  هیچ کوردێکی تێدا نیە، هەروەها وتیشی تەرمی ٤٠ کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە زۆربەیان منداڵن، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ١٠ کەس بێ سەروشوێنن و  ٥٠ کەسیش ڕزگارکراون. ئەمە لەکاتێکدایە،  ئەمڕۆ بەیانی یەختێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی کرۆتۆنا بە ١٣٠ پەنابەرەوە ژێر ئاو کەوت، لەوبارەیەوەش ئەنتۆنیۆ سیراسۆ، سەرۆکی شارەوانی ناوچەی کوترۆی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە منداڵ وژنیش لەناو یەختەکەدا بوون، میدیاکانی ئیتاڵیاش باسیان لەوەکرد هاوڵاتی عێراقیش  لەگەڵ سوری و ئەفغانی پاکستانی لەناو ئەو یەختەدا بوون. هەر لەبارەی نوقمبوونی ئەو یەختە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەش داوە، یەختەکە لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا ڕۆیشتووە و ئەو ڕوداوەش بەهۆکاری خراپی کەشوو هەواوە بووە. هەر لەبارەی گەڕان وپشکنین بەدوای ئەو کەسانەدا کە لە یەختەکەدا بوون، پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێت، گەڕان وپشکنین بەدوای ئەوکەسانەدا بەردەوامە کە لەناو یەختەکەدا بوون.    

هاوڵاتی بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەیەکی بەرگریکاری مافی رۆژنامەنووسان، لە بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتدا، ٢٥ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە و لە ٢٠ رۆژی دوای بومەلەرزەکەشدا، توندوتیژی بەرامبەر ١٤ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و ٤ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون. کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فورات کە ناوەندەکەی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستانە راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسان دوای بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە بومەلەرزەکاندا ٢٥ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە کە پێشبینی دەکرێت، زۆربەیان بەهۆی ئەوەوە بێت کە پرۆسەی رزگارکردن دواکەوتووە و دەشڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی دۆخی نائاسایی کاری رۆژنامەنووسی سەختر بووە. لە راپۆرتەکەی کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فوراتدا هاتووە، چوارەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە، ٣٤٠ ماڵپەڕی قەدەغە کردووە و چەند هەژماری تویتەریش داخراون. کۆمەڵەکە دەڵێت، لە ٢٠ رۆژی دوای مومەلەرزەکەدا، توندوتیژی بەرامبەر ١٤ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و ٤ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

هاوڵاتی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق  ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کۆگەی ئاوی عێراق کەمترە لە هەشت ملیار مەتر سێجا، بەردانەوەی ئاویش لە وڵاتانی دراوسێوە بەر رێژەی 70٪ کەمبووەتەوە ، ئەمەش بۆتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو کە لە هەندێک لە پارێزگاکانی باشووری عێراق. وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فورات بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەمبوونەوەیەی لە پشکە ئاوییەکانی بەشێک لە پارێزگاکانی باشوور لەم رۆژانەدا هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی ئەو داهاتە ئاوییانەی لە تورکیاوە دەگاتە بەنداوی موسڵ لەسەر رووباری دیجلە و بەنداوی حەدیسە لەسەر رووباری فورات. وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی ئاوی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و زیادبوونی داواکاری لەسەر ئاو بۆ دڵنیایی ئاودانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بۆ وەرزی ئێستای زستان کە پلانی بڕیاردراوی تێپەڕاندووە، جگە لەوەش جووتیاران پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی سیستمی نوێی ئاودان. وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هەروەها دەڵێت: ئەو بڕە ئاوانەی کە گەرەنتی کراون لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەشی هەموو پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و ئاوی خواردنەوە و پێداویستییەکانی دیکەش دەکات. باس لەوەش دەکات "بەڵام پێشێلکارییان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی تێکڕای ئاوی گەیشتوو بەو پارێزگایانە." وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو داوا لە حکومەتە خۆجێییەکان دەکات کە پشتیوانیی وەزارەت بکەن لە لابردنی زێدەڕۆییەکان، داواش لە جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان دەکات پابەندی پشکە ئاوییە بڕیارلێدراوەکان بن و پێشێلکاریی نەکەن لەسەر پشکی پارێزگاکانی دیکە بۆ ئەوەی گەیشتنی ئاو بە سەرجەم پارێزگاکان گەرەنتی بکرێت.  

هاوڵاتی – دهۆك یاسای رزگاربووە ئێزدییەكانی دەستی داعش كە لە 1ی ئاداری 2021 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەندكرا و تایبەتە بە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو ژنانەی لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون و رووبەرووی توندوتیژی بوونەوە، بەئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایستە و دوبارە تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگا، بەڵام دووساڵ تێپەری هێشتا یەك ژن قەرەبوو نەكراوەتەوە. حەلا سەفیل، ژنێكی رزگاربووی دەستی داعشە و سێ جار كڕین و فروشتنی پێوەكراوە و حەوت جار هەوڵی هەڵهاتنی داوە، لە 1 تەموزی 2017 لەژێر دەستی داعش رزگاری بووە، ئەو كە خەڵكی  كۆمەڵگای تلقەسەبە سەر بە قەزای شنگال بە هاوڵاتی وت:» لەكاتی دەرچوونی یاساكە دڵمان خۆشبوو، بەڵام زیاتر لەدوو ساڵە لە چاوەڕوانیدان و تائێستا یەك دینارمان وەرنەگرتووە، تەنیا لە رۆژی 3ی ئابی هەموو ساڵێك كۆمەڵێك بەڵێن و قسەی گەورە دەكەن دواتر هەمووی لەبیر دەكەن». چەكدرانی داعش لە ئابی 2014 دەستیانگرت بەسەر قەزای شەنگالدا، شەش هەزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، دواتر زیاتر لە سێ هەزارو 562  و ئافرەت و منداڵ و پیاو رزگاركران، بەڵام تا ئێستا چارەنوسی زیاتر لە 2 هەزار 693 كەس دیارنیە. هەرمان میرزا بەگ، جێگری میری ئێزدییان بە هاوڵاتی وت: « رزگاربووان لەبەرئەوەی ئێزدین حكومەتی عێراق هیچ شتێكیان بۆ ناكات، پرۆژەی یاسای رزگاربووانی دەستی داعش زیاتر لەدوو ساڵە لەسەر كاغەز ماوەتەوە و یەك ژن قەرەبوو نەكراوە، بە وڵاتانی ئەوروپا و زۆر كەسمان وتووە حاڵی رزگاربووانی دەستی داعش زۆر خراپە ئەوەش بۆ ئەوەی ئەوان لەرێگای خۆیانەوە فشار لەسەر حكومەتی عێراق بكەن تا یاساكە جێبەجێ بكەن بەڵام هەر سوودی نەبووە». هەرمان میرزا بەگ وتیشی:» داعش گەورەترین ستەمی بەرامبەر ژن و كچانی ئێزدی كردووە، پێویست بوو پێش چەند ساڵێك هەموویان قەرەبوو وەربگرین، هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن لەگەڵ حكومەتی هەرێم و عێراق تا بە زووترین كات بڕیارەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن و رزگاربووانی دەستی داعش قەرەبوی خۆیان وەربگرن». لەگرنگترین ماددەكانی ناو یاساكە پێدانی موچەیەكی مانگانەیە كە دوو هێندەی موچەی خانەنشینی بێت، ئێستا كەمترین موچەی خانەنشینی لە عێراق 500 هەزار دینارە و بەو پێیەش رزگاربوانی ئێزدی تا لەژیاندابن دوو هێندەی ئەو مووچەیە وەربگرن، هەر لەیاسایەكەدا  پێدانی پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوون یان شوقە بۆ رزگاربووان جێگیركراوە و لەگەڵ كردنەوەی ژمارەیەك ناوەندی دەروونی بۆ چارەسەر و گەڕانەوەی ئەو خانمانەی بەهۆی رفاندنیانەوە لە خوێندن دابڕاون. نازو دربۆ، خەڵكی گوندی وەردی سەر بە قەزای شەنگالە، لەكاتی پەلاماری داعش منداڵێكی 9 مانگی هەبووە لە 3ی ئابی 2014 لەگەڵ خێزانەكەیدا كەوتوونەتە دەستی داعش، ئەو بە هاوڵاتی وت: « چەكدارانی داعش ستەمیان لە هەموو كەسێك كرد، بەڵام ئەوەی لەبەرامبەر ئێمە كردییان لەهەموویان بەئازارتر و ناخۆشتر بوو، ئێستاش حكومەتی عێراق هیچ رێزێك لە ئێمە ناگرێت و وادەزانێت كە هیچمان بەسەردا نەهاتووە، زیاتر لە دوو ساڵە ریكلام بۆ یاسای رزگاربووانی دەستی داعش دەكەن، بەڵام من چی لە یاسایەك بكەم كە تەنها لەسەر كاغەز ماوەتەوە، دوو ساڵە هیچ شتێكمان وەرنەگرتووە و هیچ ئومێدیشمان بەو یاسایە نیە، چونكە ئیرادەیەكی بەهێز و توكمە نیە بۆ جێبەجێكردنی یاسایەكە». نازو دربۆ ئێستا لە ژێر خێوەتێكدا لەگەڵ خێزانەكەی دەژیت، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: كەسوكارەكەی دەفتەرێك و 50 وەرەقەیان داوەتە قاچاغچیەك بەو شێوەیە لە 18ی ئابی 2015 رزگاری بووە»، و وتیشی: دۆخی ژیانمان نەك خراپە بەڵكو هەر وێرانەیە، هەشت ساڵە لەژێر خێوەتدا دەژین نەدەتوانین بگەرێینەوە بۆ زێدی خۆمان و لە هەرێمی كوردستانیش هاوكارییەكان بەرادەیەكی زۆر كەمبوونەتەوە، هەموو كەسێك باش دەزانێت حاڵی ئێمە چۆنە، بەڵام هیچ شتێك بۆ ئێمە ناكەن و داوا لە هەموو بەرپرسانی عێراق دەكەم چیتر جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دوانەخەن و چونكە هەموو رزگاربووان زۆر پێویستیان بە هاوكارییە».  

هاوڵاتی کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی نێچیرڤان بارزانی کرد و بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی سەرۆکی وڵاتەکەی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند بۆ سەردانیکردنی ئیمارات.  بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا؛ هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيمارات و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرده‌وه و‌ دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر به‌غدايان تاوتوێ كرد.  سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی بانگهێشتنامەکە دەڵێت، سەرۆکی ئیمارات "وێڕاى سڵاو و رێز بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ئاماژه‌ى به‌ خواست و گرنگيدانى وڵاته‌كه‌ى به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نيوانيان له‌ بواره‌ جياكاندا كردووه‌، هه‌روه‌ها بۆ گۆڕينه‌وه‌ى بيروڕا ده‌رباره‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان هه‌ردوولا، چاوى له‌وه‌يه‌ له‌ ئيمارات پێشوازى له‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بكات." نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "به‌ خۆشحاڵييه‌وه‌ بانگهێشتنامه‌كه‌ى" سەرۆکی ئیمارات بۆ وڵاتەکە قبووڵ دەکات و پێیوایە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە قۆناخێکی باش و گرنگ دایە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا؛ نێچیرڤان بارزانی و کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان باسیان لە "پرسى بودجه‌ و ياساى نه‌وت و گاز له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق و دۆخى شنگال"ـیش کردووە.

پێنج مانگە رژێمی سوریا، رێگە نادات بتڵی غاز بگاتە دەستی ئاوارەکان لە کەمپەکانی کانتۆنی شەهبای رۆژئاوای کوردستان. لەو کەمپانە پێویستی ٢٠٠ هەزار ئاوارە کە زۆربەیان خەڵکی عەفرینن بە غاز هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی ٣ هەزار خانەوادەی زیانلێکەوتووی بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب روویان لەو کەمپانە کردووە. بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی کۆگای غازی کانتۆنی شەهبا بە ئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاندبووە، لە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە تاوەکو ئێستا، رژێمی سوریا رێگەی نەداوە، غاز بگاتە دەستی ئاوارەکان. باسی ئەوەشیان کردووە، مانگانە پێویستی هاوڵاتیان بە ٣٥ هەزار بتڵی غاز هەیە، بەڵام گەمارۆی رژێمی سوریا بەردەوامە و رژێم رایگەیاندووە کە لەمەودا رێگە دەدەن دوو مانگ جارێک ٧ هەزار بتڵی غاز رەوانەی شەهبا بکرێت. لەبەرامبەر ئەو دۆخەش، ئاوارەی کەمپەکانی شەهبا، ناچارن بۆ دروستکردنی خواردن، خۆشووردن و خۆگەرمکردنەوە پلاستیک بسووتێنن کە ئەوەش کاریگەریەکی خراپ لەسەر تەندروستیان دادەنێت.  لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، بەهۆی سووتاندنی پلاستیکەوە،  جار لە کەمپی سەردەم ئاگرکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ و سبەینێ کەشوهەوا گۆڕانکاریی بەسەردا نایات و پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە. بەڕێوەبەرایتی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان بەگشتى ساماڵە،  لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک پەڵە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی رۆژی پێشوو”. سەبارەت بە کەشی سبەینێ کەشناسی دەڵێت، “سبەینێ دووشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک پەلە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما نزیکدەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕ”. لە کۆتایدا ، کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە ڕاگەیاند. هەولێر: 21 پلەى سیلیزى سلێمانی: 18 پلەى سیلیزى دهۆک: 20 پلەى سیلیزى،  کەرکوک: 25 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 20 پلەى سیلیزى زاخۆ: 21 پلەى سیلیزى سۆران: 18 پلەى سیلیزى گەرمیان: 27 پلەى سیلیزى

سزای سێدارەی زیندانییەکی دیکە لە سنە جێبەجێکرا و بەوەش ژمارەی سێدارەدانی زیندانییانی کورد لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە؛ بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە گەنجێک بەناوی حەمید رەحیمی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراوە. حەمید رەحیمی تەمەن 34 ساڵی خەڵکی شاری دێولان لە پارێزگای سنە تۆمەتبار کراوە بە کوشتنی بە ئەنقەست و دوای چوار ساڵ مانەوە لە زیندان سزاکەی بەسەردا جێبەجێکراوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوە کردوە کە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا 26 کەسی کورد لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و زینداکانی ئێراندا لەسێدارە دراون. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی رابردوشدا لانیکەم 52 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون کە ژمارەیەکیان بەهۆی تۆمەتی سیاییەوە بوە.

لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک گوندی شوانکارە  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لانی کەم شەش کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی کە بەرەو ناوچە سنوورییەکان دەڕۆیشتن، بەسەختی برینداربوون. بەپێی ڕاپۆرتی  ڕێکخراوی هەنگاوو بۆ مافی مرۆڤ، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی یەکشەممە 26ی2ی2023 پێنج کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی بەناوەکانی سەلاح ڕەحمانی، زەکەریا ئەحمەدی، مێرساد دەروێشی، زەکەریا (ناسنامەی نەزانراوە) و ماکوان (ناسنامەی نەزانراوە) لەگەڵ کۆڵبەرێکی دیکە کە هەتا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەبووە لەنزیک گوندی شوانکارە سەر بەشارۆچکەی شاهۆ لە شاری ڕەوانسەر تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و برینداربوون. باس لەوەش کراوە، شەش کۆڵبەرە کە بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری جوانڕۆ گواستراونەتەوە و دۆخی تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە.

دەستگیرکردنی دوو تیرۆرست لەلایەن دژەی تیرۆری عێراق ڕاگەیاندرا د دژەتیرۆری عێراق، دەستگیرکردنی دوو تیرۆریستی لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی راگەیاند.  دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کە ھێزەکانی سەربە دەزگای دژەتیرۆر لە میانی دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، دوو تیرۆریستیان لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی دەستگیرکردووە. لە ڕاگەیاندراوەکە، باس لەوەش کراوە، کە ئۆپەراسیۆنەکان بە ھەماھەنگی و ھاوکاریی ھێزەکانی دژەتیرۆری ھەولێر و سلێمانی ئەنجامدراون

هاوڵاتی  پارێزگاری هه‌ولێرئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یه‌ك مانگ مۆڵه‌ت به‌ شوێنه‌ بازرگانییه‌كان ده‌درێت، كه‌ تابلۆكانیان بكه‌ن به‌ زمانی كوردی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئیجراتیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی، به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به‌ ئیجرائات بكه‌ین، كه‌ تا 1ـی 4 بوار به‌ شوێنه‌ بازرگانییه‌كان ده‌درێت، ده‌بێت تابلۆكانیان بگۆڕن بۆ زمانی كوردی. ده‌شڵێت: "ئێمه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی راده‌گه‌یه‌نین، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌ بازرگانییه‌كان تابلۆكانیان بگۆڕن و بیكه‌ن به‌ زمانی كوردی". گوتیشی: "پێویسته‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و رۆشنبیران، به‌شێك بن بۆ گرنیدان به‌ زمانی كوردی و هاوكاربن بۆ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ نیشتمانییه‌". پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر تا 1 – 4 تابلۆكان بۆ زمانی كوردی نه‌گۆڕدرێن، سزای پێبژاردنییان بۆ ده‌كرێت، دواتریش ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بن، شوێنه‌كانیان داده‌خرێن. ئەوەشی ڕونکردەوە ناوی سه‌ر تابلۆی ئه‌و شوێنه‌ بازرگانییانه‌ی كه‌ ده‌گمه‌نن، ده‌بێت  بگۆڕدرێن، ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت ئاسانكارییان بۆ ده‌كه‌ین. له‌باره‌ی رێستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، پارێزگاری هه‌ولێر گوتی: "رێستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، ده‌بێت لیستی خواردنه‌كان بكه‌ن به‌ كوردی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".

هاوڵاتی بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات، بووە هۆی ئەوەی کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) هەموو چالاکیە سەربازیەکانی رابگرێت، بەمەبەستی هاوکاریکردنی لێقەوامانی بومەلەرزەکە، بەڵام سوپای تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان. بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی هاوازنیوز، دوای ١٨ رۆژ لە رووداوی بومەلەرزەکان، دەوڵەتی تورکیا ٢ هێرشی ئاسمانی و ١٨ هێرشی زەمینی لەدژی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە. ئاژانسەکە دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو هاوڵاتی شەهیدبوون و چەندین کەسیش برینداربوون کە هاوڵاتییەکیان تەمەن ٧٠ ساڵ بووە و دوای بومەلەرزە، لە حەڵەبەوە روویکردبووە شەهبا و لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا بۆ سەر شەهبا شەهیدبووە. لەلایەکی دیکەوە، پەکەکش چالاکیەکانی بەهۆی بومەلەرزەکەوە راگرتووە، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسان و هێزی سەربازی ئەو پارتە، لە ١٨ رۆژی رابردوودا، سوپای تورکیا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکان. هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەمبارەیەوە رایگەیاندووە، کە لەم ١٨ رۆژەدا سوپای تورکیا چەندین جار، چەکی قەدەغەکرا و بۆمبی فسفۆری بەکارهێناوە.