هە*پە*گە ئاماری مانگێکی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی و سوپای تورکیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مانگی شوباتدا، ١٨ سەربازی تورکیا کوژراون و ئەندامێکیان *شە٭هید* بووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هە*پە*گە ئاماری شەڕی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە.  لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ٣٠ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ١٨ جار بە هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکان گۆڕەپانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گە+ریلا+کان، بۆردوومان کراون و هەروەها ٨٧٤ جاریش بە تۆپ، هاوەن، تانک و چەکی قورس ناوچەکان تۆپباران کراون.  لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، سەنگەرەکانیان ١٤٢ جار بە تۆپی فۆسفۆر و بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی بۆردومان کراون. دەشڵێت، لەو مانگەدا،  ٤ سە٭نگەر، ٥  سیستمی کامێرای حەراری، چەکێکی ئەی٤ ، چەکێکی بی ٧، بۆمبهاوێژێک، ئامێرێکی بێ تەل تێکشکێنراون. هەروەها گورز لە هەلیکۆپتەرێکی هێر٭شبەر وەشێنراوە.

هاوڵاتی قائیمقامی دەربەندیخان  ڕایگەیاند بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی، 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان تەرخاندەکرێت . سلێمان محەمەد قائیمقامی دەربەندیخان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە وەڵامی مانگرتنی سەرتاسەری هاووڵاتیانی دەربەندیخان، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، گرفتی ئاو و كارەبا و كەرتی تەندروستی قەزای دەربەندیخان چارەسەردەكرێت. وتیشی،بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان و 700 ملیۆن دیناریش بۆ نۆژەنكردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری تەرخانكراوە و سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاددەكرێت. ئەمڕۆ مانگێك تێپەڕدەبێت، بەسەر خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی دەربەندیخان و بەهۆی جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیانەوە، هاوکات ئەمڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە قەزای دەربەندیخان راگەیەندرا و هاووڵاتیان سەرجەم دوكان و بازاڕەكانیان داخست.  

هاوڵاتی تیمەکانی فریاکەوتن لە و ناوچانەی هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوی بومەلەرزەکەی ٦ی مانگی ڕابردووی تێدا دەمێننەوە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا مردنی دوو هاوڵاتییان بە نەخۆشی کۆلێرا ڕاگەیاند،هۆکارەکەشیان بۆ نەبونی ئاوەڕۆ و ئاوی پاکی خواردنەوە گەڕاندەوە. بەرگری شارستانی سوریا لە تویتێکدا ڕۆژی سێشەممە وتی ،کە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە لە باکوری ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای بڵاوبونەوەی کۆلێرا لە سوریا کە ساڵی ڕابردوو بوو بەرزبووەتەوە بۆ 22 حاڵەتی مردن و  568 حاڵەت کە مەترسی مردنیان لەسەر نییە و تەنها توشبوون. ئەو وێرانکارییەی بومەلەرزەکە دروستی کردووە بارودۆخی کامپی ئاوارەکانی ناوچەکەی خراپتر کردووە، کە پێشتر ئاوی پاک و خاوێنی تێدا نەبووەوە و ئاوەڕۆی پێویستیان نەبووە لە ئێستادا زۆر لە جاران خراپترە. هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی  ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە تێیدا هاتووە ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێراو نەخۆشی جۆراو جۆر بەهۆی نەبونی ئاوی پاکەوە بەرەو زیادبوون دەچێت. نور قۆرمۆش چالاکوان بە ئاژانسی هەواڵی جەزیرەی گوتووە: "تەنانەت پێش بوومەلەرزەکە بەهۆی نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی گونجاوەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵک نەخۆشکەوتون بەهۆی ئەوەی لەسەدا 63ی کەمپەکانی ئاوارەکان ئاوەڕۆی گونجاویان نەبووە و لە سەدا 43ی ئاوی پاکیان نەبووە" ئەو چالاکوانە گوتیشی : "لە سەرەتای کارەساتەکەوە هەزاران کەس لەو کەمپانەدا دەژین کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە دابینکراون و زۆر قەرەباڵغن" ئەوەشی ڕونکردەوە، "ئەو ژینگەیەی کە ئێستا تێیدا دەژین دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتری هاوڵاتییان توشی نەخۆشییەکە بن " گروپێکی خۆبەخشی فریاکەوتن لە ناوچەکە  بڵاویکردەوە: "لەناوچوون و ڕوخانی هێڵەکانی ئاو و ئاوەڕۆ دوای بومەلەرزەکەی شەشی مانگی ڕابردوو ئەگەری سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە زیاتر دەکات". بۆ یەکەم جار لەو ناوچەیە نەخۆشی کۆلێرا لە مانگی 9 ی ساڵی ڕابردودا بوو کە هۆکارەکەی گەڕێندرایەوە بۆ پیسبونی ڕووباری فورات. کە لە 14/9/2022 دا وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویکردەوە، زۆرترین تووشبووی کۆلێرا لە شاری حەلەبە و ژمارەیان ٢٢ کەسە، دواتریش شاری حەسەکە دێت کە ژمارەی تووشبووان ١٣ کەسە، ھاوکات لە دێرەزوور ١٠ کەس و لە لازقییە شەش و لە دیمەشقیش دوو حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراون و لە حەلەب چوار تووشبوو و لە دێرەزووریش دووان و لە حەسەکە یەک تووشبوو گیانیان لەدەستداوە. 

باكور بۆتان لە چوارەم رۆژی بوومەلەرزەكانی شەشی شوباتی ٢٠٢٣دا، كە ١٠ پارێزگای باكوری كوردستان و توركیا، چەندین پارێزگا و شاری رۆژئاوای كوردستان و سوریای گرتەوە و بەو هۆیەوە دە یان هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و نزیكەی ١٠٠ هەزار كەسیش بریندار بوون، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) و هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) رایانگەیاند: بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە سەرجەم چالاكیە سەربازیەكانیان رادەگرن، بەڵام توركیا شەڕی رانەگرتووەو بەردەوامە لەهێرشەكانی. هەرچەندە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، تا رادەیەك پێشوازیەكی گەرم لەو دەستپێشخەریەی كەجەكەو هەسەدە كرا، بەڵام دەوڵەتی توركیا شەڕی رانەگرت و بەردەوامە لەسەر ئۆپراسیۆن و هێرشەكانی بۆسەر ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە باشوری كوردستان و ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا. ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رۆژێك دوای بانگەوازەكەی جەمیل بایك هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە بۆ راگرتنی شەڕ راگەیەندراوێكی بڵاوكردبووە و ئاماژەی بەوەكرد، گەلانی توركیا رووبەرووی ئازارێكی زۆر گەورە بوونەتەوە و بۆیەش پێویستیان بە هاوكاری و پشتگیری هەیە و وتی: « لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێ دەكەین و شەڕ رادەگرین.» رۆژێك دوای راگەیەندراوەكەی نەپەگە، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد: كە لەگەڵ ئەوەی هەموو چالاكییە سەربازیەكانیان راگرتووە، بەڵام سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر تۆپباران و بۆردومانی ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گەریلاكانیان. هەپەگە رایگەیاند: لە نزیك گوندی سیدای سەر بە شاروچكەی شێلادزێی قەزای ئامێدی، گەریلایەكیان شەهید بووە و سەربازێكی توركیاش كوژراوە. لەو كاتەوە و تاوەكو ئێستا، هەپەگە ١٨ راگەیەندراوی لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكان، تۆپباران و هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر سەنگەرەكانی گەریلاكانیان لەنێو خاكی باشوری كوردستاندا بڵاوكردووەتەوە. هەرچەندە بەگوێرەی راگەیەندراوەكانی پێشووتری هەپەگە، پێكدادان و هێرشەكان كەمترن، بەڵام لە راگەیەندراوەكاندا باسی ئەوە دەكات، لە ماوەی ئەم ١٨ رۆژەدا، هەموو رۆژێك جۆرە تۆپێكی فسفۆر لەلایەن سوپای توركیاوە بەكاردەهێندرێت كە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە قەدەغەكراوە. هەپەگە لە راگەیەندراوەكانیدا، چەندینجار ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە چالاكییە سەربازیەكانیان راگرتووە، بەڵام لە حاڵەتی هێرشكردنە سەریاندا، مافی خۆپاراستن بەكار دەهێنن.   هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا بەردەوامە هاوكات هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لەگەڵ ئەوەی بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە، چالاكییە سەربازیەكانی راگرت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەیە سوپای توركیاش هێرشەكانی رابگرێت. بەگوێرەی ئامارێكی ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز)، لە شەشی شوباتەوە كە بوومەلەرزەكان روویانداوە و تاوەكو ئێستا، سوپای توركیا و چەكدارە توندڕەوەكانی سەر بە توركیا، زیاتر لە ٢٠ هێرشیان لەبەرامبەر هێزەكانیان و خەڵكی مەدەنی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سوپای توركیاش دوو جار هێرشیان لەنیو خاكی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە. ئاژانسی هاوار دەڵێت لە هێرشەكاندا، دوو هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون كە یەكێكیان پیاوێكی تەمەن ٧٠ ساڵ بووە كە دوای بوومەلەرزەكە لە حەلەبەوە كۆچی كردووە بە هەرێمی شەهبا. هەروەها لە هیرشەكاندا بە دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون. ئاژانسەكە باسی لەوەكردووە كە دەوڵەتی توركیا هیچ كاتێك لە كارەساتە مرۆییەكاندا، هێرشەكانی رانەگرتووە و بەبیریهێناوەتەوە كە لە سەردەمی بەربڵاوی ڤایرۆسی كۆرۆنادا (كۆڤید١٩)، لە ساڵەكانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا، سوپای توركیا ١٨ هەزار و ٧٣٣ هێرشی زەمینی، ٢٠٩ هێرشی لە رێگەی درۆن و ٤٣ هێرشی بە  فڕۆكەی جەنگی ئەنجامداوە. هەر بەگوێرەی ئامارەكان لەو دوو ساڵەدا ٣٥٣ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و بە دەیان قۆتابخانە، نەخۆشخانە، وێستگەی كارەبا و غاز و نانەواخانە، ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان وێران بوون.   هەسەدە و هێزی  هاوپەیمانان فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە رێگەی ڤیدیۆیەكەوە كەلایەن راگەیاندنی هەسەدەوە بڵاوكرایەوە ئاماژەی بەوەكردوە: كە هێزەكانیان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی و رزگاكردنی هاوڵاتیان لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانەكاندا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە تیمەكانی خۆیان رەوانەی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی توركیا و چەكدارەكانی بكات و لەم چوارچێوەیەدا چالاكییە سەربازیەكانی راگرتووە، بەڵام وڵامیان نەدراوەتەوە. شامی ئەوەی خستەڕوو، ئەوان بە ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆیی دەبینن كە لەم جۆرە كارەساتانەدا شەڕ رابگرن و وتی: « بڕیاری ئێمە بۆ راگرتنی شەڕ، لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەكارهێنراوە. دەوڵەتی توركیا هیچ كاتێك لەبەرامبەر ئێمەو هەرێمەكانمان شەڕی رانەگرتووە. پێشتریش رەخنەمان لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گرتبوو و ئێستاش رەخنەیان لێدەگرین و بێدەنگی و بێهەڵوێستی هاوپەیمانان، بوێری بە دەوڵەتی توركیا دەدات كە لەم دۆخەی كارەساتی بوومەلەرزەیەشدا بەردەوامی بە هێرشەكانی بدات.   سوپاو بوومەلەرزە یەكێكی دیكە لەو رەخنانەی كە رووبەرووی دەسەڵاتی توركیا دەكرێتەوە، ئەوەیە كە لە كاتی بوومەلەرزەكەدا، فەرمانی بە سوپای وڵات نەكردووە، بە پەلە هێزی مرۆیی خۆی بۆ رزگاكردنی هاوڵاتیان بەكار بهێنێت. زۆرێك لە بەرپرسانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و نووسەرانی ئەو وڵاتە، داوایان لە حكومەتی هاوبەشی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) كردووە كە روونكردنەوە لەسەر بەكارنەهێنانی هێزی مرۆیی سوپا بدەن لە رزگاكردن هاوڵاتیاندا. چەندین لایەنیش باسی ئەوەیان كردووە كە حكومەت ترسی لەوە هەبووە كە ئەم دۆخەی بوومەلەرزە بۆ كودەتایەكی سەربازی بەكاربهێندرێت و كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی ئاكەپە و مەهەپە بهێندرێت كە لەم دۆخەی بوومەلەرزەدا، روبەرووی رەخنەی توند بوەتەوە.  

هاوڵاتی سوپای تورکیا لە مانگی شوباتدا ٩٧ جار هێرشی کردووەتە سەر گوند و ناوچەکانی کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبای رۆژئاوای کوردستان. لە دۆخی بومەلەرزەدا کە لە باکوری کوردستان – تورکیا و رۆژئاوای کوردستان – سوریا نزیکەی ٢٠٠ هەزار گیان لەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە، سوپای تورکیا بەردەوامی بە هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەدات. ئاژانسی هاوارنیوز ئاماری مانگی شوباتی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو مانگەدا سوپای تورکیا ٩٧ جار هێرشی کردووەتە سەر ناوچە و گوندەکانی کانتۆنەکانی شەهبا و عەفرین. ئاژانسەکە دەڵێت، بە گشتی گوندەکانی " سەموقا، تەل مەدیق، بەنداوی شەهبا، شێخ عیسا، هربل، بێلونی، کەفەر ناسح، مەرەناز، وەحشیە، تەل رەفعەت، خراب شەمس، کیلوتێ" تۆپباران کراون. لەبارەی زیانە گیانیەکانیش ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە کە لە ١٦ی شوباتدا، سوپای تورکیا شاروچکەی تەل رەفعەتی لە رێگەی شەش گولە هاوەنەوە تۆپباران کردووە و بەوهۆیەوە، کەسێک بەناوی یوسف عەبد تەمەن ٧٠ ساڵ شەهید بوو و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

هاوڵاتی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ راکان جبووری دەڵێت، دەبێت زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێنرێت.  ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 20-02-2023 نووسراوێکی بۆ راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک کردووە و داوا دەکات  زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێنرێت ئەوەش پاڵپشت بە راسپاردەکانی لیژنەی باڵای پەیوەندار بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای زمانە فەرمییەکان. دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە  لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بەکارهێنانی زمانی کوردی لەو پارێزگایە لە لایەن کارگێڕییەوە بەردەوام سنووردار کراوە. هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، جگە لە زمانی عەرەبی، دەبێت وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندن بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانی لە قوتابخانەکان چاپ بکات کە خوێندن تیایاندا بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانییە؛ هەروەها دەبێت مامۆستای تایبەت بە زمانەکانی کوردی، تورکمانی و سریانی بۆ ئەو قوتابخانانە دابینبکرێن کە خوێندن تیایاندا بەو زمانانەیە.  هاوکات پێویستە ئەو فەرمانە کارگێڕیانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای کەرکووک دەردەچن بە هەردوو  زمانی عەرەبی و کوردی بن.  ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق  جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت لەسەر تابلۆکانی دەرەوە و ناوەوەی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای کەرکووک سوود لە زمانی پێکهاتەکانی شارەکە وەربگیرێت. بەپێی دەستووری عێراق، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتن و دەبێت لە نووسراوەکانی حکومەتدا هەردووکیان بەکاربهێندرێن.

هاوڵاتی دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و رووداوی لەناکاوی تورکیا- ئافاد ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 45 هەزار و 89 کەس بەرزبووەوە. ئافاد بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 1-3-2023 بڵاویکردەوە،لە پارێزگاکانی قەهرەمانمەڕەش، غازی عەنتاب، شانڵیئورفا، دیاربەکر، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، کلیس، ماڵاتیا و ئەلعەزیز بە تێکڕایی 45 هەزار و 89کەس گیانیان لەدەستداوە ژمارەی ئەو کەسانەیش کە لە ناوچەکەوە گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی تورکیا، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٩٧١ هەزار کەس هاوکات  دوای بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ی مەرەش، 11 هەزار و 20 پاشلەرزە روویانداوە. بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی مانگ زیانی گەورەی بە باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا گەیاند و قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە جگە لەوەی ژمارەی زۆر باڵەخانە ڕوخاون و خەڵکی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزەکان لەناو خێمەو سەر شەقامەکان دەمێننەوەو ژمارەیەکی زۆر منداڵ بێدایک و باوک بوون. هاوکات ژمارەی قوربانیان لە  رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، نزیکەی 6 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی 1000 کەسیان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.  بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە شەشی شوباتەوە  40هەزار هاوڵاتی سوری تورکیایان جێهێشتووە و گەڕاونەتە سوریا. مازین عەللوش بەرپرسی هێزەکانی گروپێکی چەکداری سوریا لە دەروازەی باب ئەلهەوا (جیلڤەگوز) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لە دەروازەکانی باب ئەلهەوا، جەرابلوس، باب ئەلسەلام و گرێ سپێ، نزیکەی 40 هەزار هاوڵاتی سوریا تورکیایان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و پرۆسەی گەڕانەوەی سوریەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تەنیا لە باکوری کوردستان و تورکیا بەهۆی بومەلەرزەکانەوە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 ئاوارەی سوریا گیانیان لەدەستداوە. لە 17ی هەشتی 1999دا لە ئیزمیتی توركیا بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.6 پلە ڕوویدا و نزیكەی 18 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا. دوای نزیكەی چوار مانگ و لە 12ی یانزەی 1999دا بوومەلەرزەیەكی تر بە گوڕی 7.2 پلە لە پارێزگای دوزجە ڕوویدا و لەوەشدا نزیكەی هەزار كەسی تر گیانیان لە دەستدا. لەو كاتەوە دەوڵەتی توركیا باجێكی خستووەتە ئەستۆی هاوڵاتییەكانی بە ناوی باجی ڕووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە و رووداوە سروشتییەكان. ئەوە بە چاوكردن لە هەندێك وڵات كرا بۆ ئەوەی بیناسازی لە توركیا بگەیەنرێتە ئاستێك، كە لە كاتی روودانی بوومەلەرزەدا بیناكان بەرگە بگرن و زیانیان كەمتر پێ بگات و هاووڵاتییان پارێزراو بن .بەڵام بە گوێرەی ئەو کاولکارییەی لە ٦ی دووی  ئەمساڵدا ڕویدا دەردەکەوێت یاساکە شوێنی خۆی نەگرتووە.

هێمن مەحموود هەڵبژاردن لە كوردستان بوەتە ئاڵنگاری لەبەردەم پرۆسەی سیاسیدا، دەسەڵات لەژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەكیدایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، حزبەكانی دەسەڵات بە دیاریكراوی پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار لە پرسی دواخستنی هەڵبژاردندا. رۆژی سێشەممە 28ی شوبات هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی و فراكسیۆنەكانیان كۆبوونەوەو لەسەر چوار خاڵ رێككەوتن كەبریتین لە (یەكەم : هەڵبژاردن بە چوار بازنە بكرێت. دووەم: هەڵبژاردن نیوە بە لیستی كراوە، نیوە بە لیستی داخراو. سێیەم: ژمارەی كورسیی بازنەكان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت. چوارەم: هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی عێراق بكرێت بۆ سوودوەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق). پەرلەمانی كوردستان كە لەتشرینی یەكەمی ساڵی رابووردوو بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەدادگای فیدراڵی لە بەغداد سكاڵا لەسەر  پەرلەمانی كوردستان تۆماركراو دادگای فیدراڵیش دوای دوو دانیشتن هێشتا بڕیارێكی كۆتایی لەوبارەیەوە نەداوەو دوایخستووە بۆ 15ی ئەم مانگە، كە بەبڕوای زۆرێك لەچاودێران پێدەچێت هۆكاری دواخستنی بڕیاردانەكە بۆ بەخشینی كات بێت بەحزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم تاوەكو وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی دیاریبكرێت و دادگاكە لەو دۆخە رزگاربكەن كە تێیكەوتووە. ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی تۆماركراوە بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشكەشكراوە، لە پاش ئەوەی لەگەڵ سێ سكاڵای دیكەدا یەكخران، كە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان پێشكەش كرابوون، 18ـی كانوونی یەكەمی 2022، یەكەم دانیشتن لەبارەی سكاڵاكان كرا و تیایدا سكاڵاكاران داوای پووچەڵكردنەوەی یاسای ژمارە 12 رۆژی 9-10-2022 تایبەت بە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن بە پاساوی دژایەتیی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20 كە لە دەستووری عێراقدا هەیە، هاوكات لەسكاڵاكەدا ئەوەشخراوەتەروو ئەو هەنگاوەی پەرلەمان «مافی دەستووریی دیاریكراو لە ماددەی 51 یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێلدەكات.» لەهەرێمی كوردستاندا تا ئێستا 5 هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 1992_2005_2009_2013_2018 سازكراون، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان 111 كەسە كە 11 كورسی تایبەتە بە كۆتاكان (توركمان 5، مەسیحی 5، ئەرمەن 1 كورسی). بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لەساڵی 2021 زیاتر لە 6 ملیۆن و 100 هەزار كەسە، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت ژمارەی دانیشتوانی هەرێم 5 ملیۆن و 500 هەزار كەسە.

هاوڵاتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمیسیاری مافی مرۆڤ درەنگانی ئەمشەو بەسەردانێک دەگاتە بەغدا و لەبارەی کێشە و گرفتە ژینگەیی وسیاسیەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبێتەوە، هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە دەگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردۆتەوە کە ئەمشەو سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان دووەم سەردانی خۆی بۆ عێراق ئەنجام ئەدات و دەگاتە بەغدای پایتەختی عێراق و هاوکات ڕۆژی پێنج شەممەش بە سەردانێک دێتە هەولێری پایتەخت، بەگوێرەی زانیاریەکان بڕیارە ئەنتۆنی گۆتێرێز لەگەڵ سەرۆک کۆمار و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و هەروەها چەند سەرکردەیەکی سیاسی عێراق کۆدەبێتەوە. ئەمە دەبێتە دووەم  سەردانی ئەنتۆنی  گۆتێرێز بۆ عێراق دوای وەرگرتنی پۆستەکەی ، یەکەم جار   لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٧دا بوو کە سەردانی عێراقی کردبوو. هەروەها بڕیارە لەمیانی سەردانەکەیدا سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان  باس لە پرسەکانی پەیوەست بە ژینگە، تەندروستی، هەژاری، قەیرانی ئاو، کێشە سیاسی و ئەمنییەکان بکات، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی  ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو، لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی زانیاریەکان   گەشتێک دەکات بۆ هەندێک لە کەمپەکانی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق، کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە". هەروەها عامر ئەلفایز: سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی ئەنتۆنی گۆتێرێزەوە دەڵێت، حکومەتی عێراق پێویستی بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئاوارەکان و  لە قۆناغی داهاتووشدا، وتیشی"  سەردانەکە بۆ عێراق زۆر گرنگە، چونکە وڵاتەکە بەدەست کێشەی گەورەی ژینگەیی و ئاوییەوە دەناڵێنێت". عامر ئەلفایز باسی لەوەش کردووە لە میانی سەردانەکەدا بارودۆخی سیاسی وئەمنی عێراقیش تاوتوێ دەکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان تا مانگی تشرینی یەکەم؛ بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە ئەنجام بدرێت،  بەڵام بلۆکە سیاسییە شیعەکانی لایەنگری ئێران کە زۆرینەیان لە پەرلەماندا هەیە، دەیانەوێت ماوەی یەک ساڵەی کابینەی سودانی درێژ بکەنەوە.

ژمارەیەک وڵاتی جیهان لە بەیاننامەیەکی هاوبەش لە نەتەوەیەکگرتوەکان داوای راگرتنی سزای سێدارەیان لە دەسەڵاتی ئێران کرد و رایانگەیاند سێدارە بوەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و نەیارانی دەسەڵات لەو وڵاتە. لە دووەمین رۆژی (52)یەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، 54 وڵاتی جیهان بیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە واژۆ کرد و سەرەڕای ئیدانەکردنی سزای سێدارە داوای راگرتنی ئەو سزایەیان کرد. لەو کۆبونەوەیەدا کە لە شاری جنێف لە سویسرا بەڕێودەچێت؛ وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیا و کەنەدا لەگەڵ چیلی، ئیکوادۆر، کۆلۆمبیا، پیرۆ، کاستاریکا، ئوروگوای و چەند وڵاتێکی دیکە بەیاننامەکەیان دژی سزای سێدارە لە ئێران واژۆ کرد و دەقی بەیاننامەکەش لە لایەن جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتی کاستاریکا خوێندرایەوە. لەو بەیاننامە هاوبەشەدا هاتوە ئەو 54 چوار وڵاتەی کە واژۆیان کردوە بە قوڵی نیگەرانن لە جێبەجێکردنی سزای سێدارە و بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چونکە هاوکات ئەو سزایە بۆ ترساندن و تۆقاندن دژی نەیارانی دەسەڵات بەکاردەهێنرێت. ئەو وڵاتانە رایانگەیاندوە؛ دەسەڵاتی ئێران بە رونی مافەکانی مرۆڤی سەبارەت بە مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان پێشێل کردوە و تەنانت رێگەی بە ژمارەیەکی زۆر لەو دەستگیرکراوانە نەداوە کە پارێزەریان هەبێت. ساڵی 2018 لە بەیاننامەیەکی هاوشێوە دژی سزای سێدارە تەنها 25 وڵات واژۆیان کرد و لە ساڵی رابردوشدا لە چوارچێوەی ئیدانەی سزای سێدارە لە ئێران 59 وڵات پشتگیریی خۆیان بۆ بەیاننامەکە لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دەربڕی. ئێران بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان زیاترین سزای سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت و دوای چین دووەم وڵاتی جیهانە کە زیاترین کەس تێیدا لەسێدارە دەدرێن. لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیاترین سزای سێدارە لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ کراوە بە جۆرێک کە تەنها لە دوو مانگدا 29 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون کە دەکاتە زیاتر لە 30%ی کۆی لەسێدارەدانی ئەو ماوەیە.

حکومەتی عێرق و حکومەتی هەرێم لەسەر پڕۆژه یاسایی بوردجەی2023 ڕێکەوتن و  پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌کە كه‌ بریتییه‌ له‌ 12.67%.  ئیخلاس دلێمی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی ئەمڕۆ سێ شەممە 28ی2ی2023 به‌ میدیای نزیک لەپارتی راگه‌یاند،كه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی له‌بارەی پڕۆژە یاسایی بودجه كراوه‌ و پشکی هەرێم بە %12.67 دیاریکراوه  ئاماژەی بەوەش کردوه، كه‌ مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر خه‌رجی سیادی ده‌بێت. ئەو پەرلەمانتاره سه‌باره‌ت به‌و رێژه‌یه‌ی دیاریكراوه‌، جەختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، تا ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری له‌ عێراقدا، 12.67% له‌ كۆی گشتی بودجه‌ی فیدراڵی بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانده‌كرێت و دوای ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریش، ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌گوێره‌ی رێژه‌ی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت.

لەسەر چوار ماددەی یاسایی هەڵبژاردن یەکێتی و پارتی ڕێککەوتن.   دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ ، سێشەممە 28ی2ی2023 لەسەر یاسا و شێوازی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ئەمساڵ بەڕێوە بچێت کۆبونەوە و لەسەر چورماددەی یاسایی هەڵبژاردن ڕێککەوتن.  بەپێی زانیارییەکانی میدیایی نزیک لەپارتی، ئەو چوار ماددەیەی کە دەزگای هەڵبژاردنی هەردوو حیزب ،لەسەری رێککەوتن بریتین لە:   یەکەم : هەڵبژاردن بە چوار بازنە بکرێت. دووەم: هەڵبژاردن نیوە بە لیستی کراوە، نیوە بە لیستی داخراو.  سێیەم: ژمارەی کورسیی بازنەکان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت. چوارەم: هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق بکرێت بۆ سوودوەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق.  

ئاژانسی رویتەرز رایگەیاند، لە شەشی شوباتەوە کە چەند بومەلەرزەیەکی بەهێز باکوری کوردستانیان هەژاند و کاولکاری و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتەوە، ٤٠هەزار هاوڵاتی سوری تورکیایان جێهێشتووە و گەڕاونەتە سوریا. مازین عەللوش بەرپرسی هێزەکانی گروپێکی چەکداری سوریا لە دەروازەی باب ئەلهەوا (جیلڤەگوز) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لە دەروازەکانی باب ئەلهەوا، جەرابلوس، باب ئەلسەلام و گرێ سپێ، نزیکەی ٤٠ هەزار هاوڵاتی سوریا تورکیایان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. بەرپرسێکی سەربازی لە دەروازەیەکی نێوان سوریا و تورکیاش کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، بۆ رۆیتەرزی پشتڕاستی کردووەتەوە کە ٤٠ هەزار سوری تورکیایان جێهێشتووە و پرۆسەی گەڕانەوەی سوریەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. لە جەژنی قوربانی ساڵی رابردووەوە، حکومەتی تورکیا هاتوچۆی هاوڵاتیانی سوریای لەنێوان ئەو وڵاتە و تورکیای قەدەغەکردبوو، بەڵام دوای بومەلەرزەکانی شەشی شوبات رێگریەکان هەڵگیران و لە ئێستادا هەر سوریەک داوا بکات، دەتوانێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تەنیا لە باکوری کوردستان و تورکیا بەهۆی بومەلەرزەکانەوە، زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ ئاوارەی سوریا گیانیان لەدەستداوە. ئەو کاولکاریەش بووەتە هۆی ئەوەی هاوکاریەکان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ئاوارەکان کەم بێتەوە و بەگوێرەی هەندێک لە میدیاکانی تورکیا، هەڵوێستی نەژادپەرستی لەدژی سوریەکان دوای بومەلەرزە زیادی کردووە و هاوڵاتیانی تورکیا ئامادە نین، خانووەکانیان بە ئاوارە سوریەکان بدەن. لەبەر ئەو هۆکارانەش، ئاوارە سوریەکان ناچار دەبن، بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان. زۆربەی ئەو ئاوارانەشی دەگەڕێنەوە، سەر بە گروپ و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانن و بۆیەش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارەکان نیشتەجێ دەبن.

سێ زیندانیی دیکە لە کرماشان لەسێدارە دران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریی دەدەن لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ژمارەیەکی دیکە لە زیندانیکراونی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سێ کەس لە زیندانی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون. بە پێی زانیارییەکان تەنها ناسنامەی یەک کەس لەو سێ کەس بڵاو کراوەتەوە  کە ناوی (ک.س) تەمەنی 47 ساڵ خەڵکی شاری کرن لە پارێزگای کرماشان بوە و لەگەڵ دو زیندانیکراوی دیکە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی کەسوکاریان لەسێدارە دراون. ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانی کرماشان لەسێدارە دراون. رۆژی رابردوش حەوت کەس لە زیندانییەکانی زاهیدان و بیرجەند لەسێدارە دران و بڕیارە رۆژی چوارشەممە سێ زیندانیی دیکە لە زیندانی ورمێ لەسێدارە بدرێن. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ رۆژی دوشەممەی رابردو سێ زیندانیکراو بە ناوەکانی سەعدوڵڵا فەرخی، وەحید بەیزایی و ئەمیرعەلی بایرەمی لە زیندانی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ ژوری تاکەکەسی گوازراونەتەوە. بە گشتی لە ماوەی سێ رۆژدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 10 کەس لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون و بەو پێیە لە ماوەی کەمتر کە دوو مانگدا لە رۆژهەڵات 29 کەس لەسێدارە دراون. لە دوای ناڕەزایەتییەکانەوە تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا سزای سێدارە  26 کەس لە زیندانەکانی سنە ، ورمێ، ئیلام و کرماشان جێبەجێکراوە و جێبەجێکردنی ئەو سزای سێدارە لە زیندانەکانی کەرج و زاهیدان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە.      

هە٭پە٭گە هەواڵێکی میدیاکانی تورکیای بەدرۆ خستەوە کە دەڵێت، ئەندامێکیان بە ناوی رەمەزان گونەش لە شاری سلێمانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن میتەوە ڕفێندراوە و براوەتە تورکیا. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکا٭نی پارا٭ستنی گە٭ل (هە٭پە٭گە) لە راگەیەندراوێکدا، هەواڵێکی میدیاکانی تورکیای بەدرۆ خستەوە کە رایانگەیاندبوو، لە ئۆپراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری تورکیادا، ئەندامێکیان بەناوی رەمەزان گونەش لە سلێمانی ڕفێندراوە و براوەتە تورکیا. هە٭پە٭گە دەڵێت، " ئەوە کەسەی کە باسی دەکەن (رەمەزان گونەش) سێ ساڵ لەمەوبەر لەنێو ریزەکانمان هەڵهاتووە، دواتر هاوسەرگیری کردووە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە. بۆیەش هیچ پەیوەندیەکمان بە رەمەزان گونەشەوە نییە. رەمەزان گونەش دوو مانگ لەمەوبەر چووەتە شاری دهۆک و لەوێ خۆی رادەستی دەوڵەتی تورکیا کردووە. بەڵام میدیاکانی شەڕی تایبەتی تورکیا، وەهای نیشان دەدەن کە گوایە رەمەزان گونەش ئەندامی ئێمەیە و لە ئۆپرسیۆنێکدا لە سلێمانی دەستگیرکراوە. بەمەش دەیانەوێت ئەم بابەتە وەک سەرکەوتنی میت لەقەڵەم بدەن." هەپەگە لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە هیچ کەسێک بەم 'درۆیانە' هەڵنەخەڵەتێت و گوێ لە هەواڵە ناڕاستەکانی میت و میدیاکانی تورکیا نەگرێت.