هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بەتۆمەتی ساختەکاریی و فێڵکردن لەهاوڵاتیان، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژهەڵات تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیکردووە، ڤیزای ساختهی بۆ چهند خێزانێك دروستكردووهو به فێڵ پارهی لێوهرگرتوون، بهبیانوی ناردنیان بۆ دهرهوهی وڵات. پۆلیسی سلێمانی روونیکردووەتەوە "دوای ئهوهی چهند سكاڵایهك لهسهر تۆمهتبارێك تۆماركرا كه ڤیزای ساختهی بۆ چهند خێزانێك دروستكردووهو بهفێڵ پارهی لێوهرگرتوون بهبیانوی ناردنیان بۆ دهرهوهی وڵات، دهستبهجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان بۆ دۆزینهوهو دهستگیركردنی تۆمهتبار دەستپێكرد، پاش وهرگرتنی بڕیاری دادوهر، مهفرهزهكانی نووسینگهی نههێشتنی تاوانی رۆژههڵات توانیان تۆمهتبار دهستگیربكهن". ئاماژە بەوەکراوە "تۆمهتبار (م، ع، أ) لهدایكبووی 1987 دانی بهتاوانهكهیدا ناوهو بەبڕیاری دادوەرو بهپێی ماددهی 298/289 لهیاسای سزادان راگیراوهو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە".
هاوڵاتی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، تایبەت بەسکاڵایەکی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بەڕێوەدەچێت و لەسکاڵاکەشدا داوای پارەی 17 ساڵی بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێم دەکرێت. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدڕاڵی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراک ، سکاڵای لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکردوە بابەتی سەرەکی سکاڵاکە، داواکاری بڕیاردرانە بۆ پابەندکردنی سکاڵالێکراو بە پێدانی بڕی ئەو پارەیەی لەبەرامبەر بەشە خۆراکی مانگانە لە رۆژی 1ی (کانونی دوەم/1)ی 2004ەوە تاوەکو 3ی (ئەیلول/9)ی 2021 لەهاوڵاتیان وەریگرتوە. پێشتریش بڕیاربو دانیشتنی دادگا لەسەر هەمان دۆسیە رۆژی 30ی (کانونی یەکەم/1)ی 2023 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەچەند هۆکارێک دادگای فیدڕاڵی بڕیارەکەی دواخست.
هاوڵاتی یەبەشە رایگەیاند، لە هێرشەکەی ئەمڕۆی شەنگالدا دوو فەرماندەیان شەهید بوون. ئەمڕۆ نیوەڕۆ، ئۆتومبێڵێک لە شەنگال کرایە ئامانج و سەرەتا راگەیەندرا کە سێ کەس بریندار بوون. دواتر فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) رایگەیاند، فەرماندەکانیان پیر چەکۆ و ئاگر جەعفەر و شەڕڤانێکی دیکە لە هێرشەکەدا شەهید بوون. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی یەبەشە، ئەو فەرماندە و شەڕڤانەکەیان کاتێک دەچوونە پرسەی دوو گەنجی ئێزدی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا کرانە ئامانج و هەردوو فەرماندەکە شەهید بوون و شەڕڤانەکەش بریندار بوو. یەبەشە دەڵێت، فەرماندەکەیان پیر چەکۆ (سەعید عەلی بەدەل) ساڵی ٢٠١٦ بەشداری ڕیزەکانی یەبەشەی کردووە و ئاگر جەعفەریش لە ساڵی ٢٠١٤دا بەشداری ریزەکانی یەبەشەدا کردووە.
سزای لەسێدراەدانی حەوت کەس لە بەلوچستان و خوراسان جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە سێ زیندانیی لە ورمێ لەسێدارە بدرێن. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاویان کردەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە دوو کەس لە زیندانی زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەسێدارە دراون و رۆژی رابردوش پێنج کەس لە زیندانی بیرجەند لە پارێزگای خوراسان لەسێدارە دراون. سەرچاوەکانی هەواڵێ بەلوچستان بڵاویان کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هادی ئەربابی و محەمەد ئیسحاق گەرگیج لە زیندانی زاهیدان لەسێدارە دراون و بەربەیانی دوێنی یەکشەممەش عەبدولحەمید شەبەخش کە لە نەتەوەی بەلوچ بوە لەگەل عەلی فنودی و دوو ژن و پیاوێکی دیکە لەو زیندانە لەسێدارە دراون کە ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە. بە پێی زانیارییەکان ئەو چوار کەسەی ناسنامەیان ئاشکرا کراوە لە ساڵی 2018 تا 2020 بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و سەرەڕای زیندانیکردنیان بڕیاری لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە. لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ دوشەممە سێ زیندانیکراو بە ناوەکانی سەعدوڵڵا فەرخی، وەحید بەیزایی و ئەمیرعەلی بایرەمی لە زیندانی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ ژوری تاکەکەسی گوازراونەتەوە. ئەو سێ زیندانییە تۆمەتبار کراون بە کوشتنی بە ئەنقەست و بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە بدرێن. لە دوای ناڕەزایەتییەکانەوە تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا سزای سێدارە 26 کەس لە زیندانەکانی سنە و ورمێ و ئیلام جێبەجێکراوە و جێبەجێکردنی ئەو سزای سێدارە لە زیندانەکانی کەرج و زاهیدان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە.
بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند مەرگی ژینا ئەمینی ئاماژەیەکی بێباکانەی کۆماری ئیسلامی بو کە لەبیر ناکرێت و پێویستە پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە بکرێت. جەیمس كلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ دوشەممەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە وتارەکەیدا رایگەیاند؛ مەرگی ژینا ئەمینی بێباکی و بێدەربەستیی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر کوشتنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد کە لە بیروەرییەکاندا دەمێنێتەوە. كلیڤەرلی، وتی بەریتانیا لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر خۆپیشاندەران و خەڵکی وڵاتەکە ژمارەیەک سزای دژی ئەو دەسەڵاتە سەپاندوە و پێویستە دەنگی خەڵکی وڵاتەکەش بە بەردەوامیی ببیسترێت. وتەکانی وەزیری بەریتانیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتێکدایە 164 رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی 600 کەس کوژراون و سەپاندنی سزای سێدارە و زیندانیی دژی خۆپیشاندەران و دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە. بەریتانیا وەک یەکەم وەڵات کە زیاترین کاردانەوەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا نزیکەی 400 سزای بەسەر بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئێراندا سەپاندوە.
هاوڵاتی هەسەدە: لە تەقینەوەکەی حەسەکەدا شەڕڤانێک و دوو هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە سەبارەت بە تەقینەوەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی حەسەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە: "ئەمرۆ کاتژمێر ١٠:٤٥ لە گەڕەکی کەلاسێی شاری حەسەکە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا مینێک تەقیەوە. لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا شەڕڤانێکمان برینداربوو. هەروەها ٢ هاوڵاتی مەدەنیش کە یەکیان ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵە، برینداربوون. لەبارەی رووداوەکەوە لەلایەن یەکینە پەیوەندیدارەکانمانەوە لێکۆڵینەوە بەردەوامە".
هاوڵاتی ئافاد رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە بوومەلەرزەکەی مەلەتی کە ئەمڕۆ بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر لە شارۆچكەی یەشیلیورت روویدا، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 69ی دیکەش بریندارن. ئەمڕۆ دووشەممە 27-02-2023 لە مەلەتیی باکووری کوردستان بومەلەرزەیەک ڕویداو 15 چرکە بەردەوام بووە وکە لە قوڵایی 7 کیلۆمەتر تۆمار کرا وسەرۆکی ئافاد یونس سەزەر رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە بوومەلەرزەکەی مەلەتی کە کاژێر 12:04 خولەکی ئەمڕۆ بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر لە شارۆچكەی یەشیلیورت روویدا، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 69ی دیکەش بریندارن. هاوکات بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی مەرەش، دیلۆک و سەمسووری باکووری کوردستان و هاتای-ی تورکیا هەستی پێکراوە. پێش لێدوانەکەی یونس سەزەر، سەرۆکی ئافاد؛ مەحموود ئۆزەر، وەزیری پەروەردەی تورکیا رایگەیاند، لە بوومەلەرزەکەی مەڵەتی 22 باڵەخانە رووخان، 20 کەس گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و 5 کەسیش لەژێر داروپەردوو رزگار کراون. سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، بومەلەرزەیەکی دیکە، لە ناوچەی گولباشی سەمسور روویدابوو. بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
هاوڵاتی رۆژی چوارشەممە پشووی یاسادانانی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت و کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی کارنامەی کاری کۆبوونەوەکە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەندێک پێشنیازەیاسا دەکرێت و دەنگ بە پرۆژە یاسای کاریش دەدرێت؛ هاوکات دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاریش دەخرێتە دەنگدانەوە. ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دیاریکردنی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، کۆبووەوە. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، رۆژی چوارشەممە 1ی ئادار لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە خولی بەهارەدا دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار دەخرێتە دەنگدانەوە کە ئەمانەن: شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو؛ ئەبوبەکر عەبدوڵڵا، ئیسماعیل عەلی، سەرچنار ئەحمەد و هلز ئەحمەد، پەرلەمانتارانی یەکگرتوو؛ عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان و کازم فارووق، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ. بهرنامهی كاری دانیشتنی پەرلەمان: بهپێی حوكمی ماددهی (5) و بڕگهی (یهكهم) له ماددهی (16) و بڕگهی (سێیهم) له ماددهی (18) و بڕگهكانی (یهكهم و دووهم و سێیهم و چوارهم و پێنجهم) له ماددهی (20) و ماددهكانی (47، 48) و بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (52) و ماددەكانی (54، 55، 56، 57) له پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان ـ عێراق، دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان بڕیاریدا بهرنامهی كاری دانیشتنی ژماره (1)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی پێنجەم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان له كاتژمێر (11)ی پێش نیوهرۆ ڕۆژی چوار شەممە ڕێكهوتی 1/3/2023 بهم شێوهیه بێت: یهكهم: یەك دەقیقە بێ دەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و عێراق لەگەڵ مارشی نەتەوەیی. دووهم: كردنەوە و وتەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان تایبەت بە خولی بەهارەی ساڵی پێنجەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن، لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (7)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان. سێیەم: وتەی بەڕێزان سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بە بۆنەی كردنەوەی خولی بەهارەی ساڵی پێنجەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - عێراق، لە (3) سێ خولەك زیاترنەبێت. چوارەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پێشنیازە یاسا و بڕیارانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی بڕگەی (پێنجەم) لە ماددەی (78) و ماددەكانی (79، 80) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان: 1. پێشنیازە یاسای (بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجەدان و خراپ مامەڵەكردن لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق). 2. پێشنیازە یاسای (بەرەنگاربوونەوەی گزی زانستی). 3. پێشنیازە یاسای (ناوەندی وەرگێڕانی سەرچاوە زانستییەكان لە هەرێمی كوردستان). 4. پێشنیازە بڕیاری (تایبەت بە بەخاكسپاردنی شەهید). 5. پێشنیازە یاسای (هەمواری دووەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2019 یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنوری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق). پێنجەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای (كار لە هەرێمی كوردستان)، بهپێی حــوكمی مــاددهكانی (90، 91، 93، 96) له پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان. شەشەم: خستنەڕوو و دەنگدان لەسەر ئەم یاسایانەی خوارەوە، كە بە بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێم گەڕێندراونەتەوە بۆ پەرلەمان، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددی (95) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان: 1. یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2022 یاسای (گرتنی كاڵای قاچاغ و قەدەغەكراو لە مامەڵەپێكردن لە هەرێمی كوردستان - عێراق)، كە بە بڕیاری ژمارە (15)ی ساڵی 2022ی سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی (جزئی) گەڕاندرایتەوە بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێخشاندنەوە بە خاڵی (7) لە بڕگەی (دووەم) و هەڵگرتنی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (3)ی یاساكە. 2. یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2022 یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان - عێراق)، كە بە بڕیاری ژمارە (16)ی ساڵی 2022ی سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی (جزئی) گەڕاندرایتەوە بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (42)ی یاساكە. 3. یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان - عێراق)، كە بە بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2023ی سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی (جزئی) گەڕاندرایتەوە بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بڕگەی (پێنجەم) لە ماددەی (13)ی یاساكە. حەوتەم: دهنگدان لهسهر داواكاری دهست له كار كێشانهوهی ئەم ئهندام پهرلهمانانەی لە خوارەوە ناویان هاتوو لە ئەندامیەتی پەرلەمان، بهپێی حوكمی خاڵی ( 1، 2) له بڕگهی دووهمی ماددهی (25) له پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان: 1. شێركۆ جودت مصطفی 2. ابوبكر عبدالله سعید 3. اسماعیل علی طه. 4. سەرچنار احمد محمود. 5. هلز احمد محمد حسن. 6. علی حمەصالح طه. 7. كاظم فاروق نامق.
هاوڵاتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە سەردانی بەغدا دەکات و بڕیارە رۆژی پێنجشەممەش سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. بڕیارە رۆژی چوارشەممە 01-03-2023 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەردانێک بگاتە بەغدای پایتەختی عێراق، رۆژی پێنجشەممەش دێتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و سەردانی کەمپی ئاوارەکانی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا دەکات. بە گوێرەی زانیارییەکان دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاوارە و پەنابەران تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەبێت. جێگەیباسە، کۆتا سەردانی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هەرێمی کوردستان 30ی مانگی 3ی 2017 بوو کە تیایدا دوای كۆبونهوهی لهگهڵ بهرپرسانی ئهوكاتی ههرێمی كوردستان، به یاوهری لهگهڵ وەزیری ئهوكاتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و پارێزگاری هەولێر سەردانی كەمپی ئاوارەكان لە سنوری پارێزگای هەولێر كرد. ئەو کاتە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوەی ئاوارەكان كەمترخەم بوە، بۆیە هەمو هەوڵێكم دەخەمە گەڕ بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان لە پرسی ئاوارەكاندا".
لە شەنگال فڕۆکەیەکی جەنگی ئۆتۆمبێڵێکی بۆردومان کرد، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان سێ کەس بریندار بوون. میدیاکانی نزیک لە پەکەکە رایانگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی جەنگی، ئۆتۆمبێڵێکی جۆری پیکابیان لە گوندی بەحراوای ناوچەی خانەسووری شەنگال بۆردومان کردووە. باسی ئەوەیان کرد کە لە بۆردومانەکەدا ٣ کەس بریندار بوون و برینەکانیان سەختە و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە. تاوەکو ئیستا نازانرێت، بریندارەکان خەڵکی مەدەنین یاخود سەر بە خۆبەڕێوەبەری شەنگال و هێزە چەکدارەکانن.
سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی سێ ملیار دینار دا بۆچارەسەکردنی کێشەی کەمئاوی له هەولێر ئهمڕۆ دووشهممه 27ی2ی2023 فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە شاری ھەولێر، رەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی 2 ملیار و 878 ملیۆن دینار بۆ لێدانی 40 بیری ئاوی خواردنەوە دا. ڕونیکردۆتەوە، ئەو گوژمەیە كه نزیكهی سێ ملیار دیناره، بە شێوەی نەختینە و بە قۆناغ، لەسەر بودجەی ئاساییی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خەرج دەکرێت. لە ڕاگەیاندراوەکە باس لەوەش دەکات، "بەهۆى کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو، کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پلانی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاو لەو ناوچانەی کە گرفتیان هەیە، جێبەجێ دەکات."
پارەکە هی ساڵانی 2015 و 2016 وە و گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ دەستبەدابەشكردنی دەكرێت. نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چەكی پارەی شایستەی دارایی پارەی گەنمی جووتیاران، بۆ ساڵی 2015 و 2016 گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆش لە هەولێر و دهۆك دەستبەخەرجكردنی دەكرێت. وتییشی، چەکی پارەکە بۆ ساڵی 2015یە، بڕەكەی 139 ملیار و 678 ملیۆن دینارە، و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سلێمانیش خەرجدەكرێت. ئاماژەی بە بڕی پارەکە کرد لە نێوان شارەکان و ڕایگەیاند، پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم، بۆ ساڵی 2015 لە هەولێر 60 ملیار و 569 ملیۆن و 748 هەزار دینارە، لە سلێمانی 44 ملیار و 129 ملیۆن 404 هەزار دینار، لە دهۆكیش 34 ملیار و 987 ملیۆن و 911 هەزار دینارە. جوتیاران لە کاتی وەرگرتنی بەرهەمەکانیان لە لایەن سایلۆکان، له کاتی خۆی پارەکانیان بۆخەرج ناکرێت و دەبێت ماوەیەکی دورودرێژ چاوەڕێبن.
پۆلیسی سلێمانی، مهفرهزهكانی بنكهی پۆلیسی بهرزنجهی سهر بهبهشی پۆلیسی سهیدسادق تۆمهتبارێكیان دهستگیركرد كه تهقهی لهمهفرهزهیهكی پۆلیسی دارستان كردبوو. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ، ئەمڕۆ دوشەممە27ی2ی2023 لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند،دوای ئهوهی تۆمهتبارێك تهقه لهمهفرهزهیهكی پۆلیسی دارستان دهكات، دهستبهجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو پاش وهرگرتنی بڕیاری بهڕێز دادوهر، توانرا تۆمهتبار لهلایهن مهفرهزهكانی بنكهی پۆلیسی بهرزنجهوه دهستگیربكرێت. ههروهها توانرا دهستبگیرێت بهسهر چهكێك لهجۆری دهمانچهو بڕێك فیشهكو چهند كهلوپهلێكی تردا. پۆلیس ئاماژەی بەوەداوە، تۆمهتبار (هـ، ت، م) لهدایكبووی 1993 لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بهپێی ماددهی 365 لهیاسای سزادان ڕاگیراوهو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە. باسی لەوەش کردووە،تۆمهتباری ناوبراو چهند فهرمانێكی دیكهی دهستگیركردنی ههیهو داواكراوه لهلایهن دادگاوه بهپێی ماددهكانی 446 و 22ی دارستانو 2ی خراپ بهكارهێنانی ئامێرهكانی پهیوهندیكردن.
هاوڵاتی دەزگای لوتکە لە ئەوروپا دەڵێت" هیچ کوردێک " لەناو ئەو یەختەی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیادا ژێر ئاوکەت نییە و دەشڵێت ئەوانەی نوقمبوون زۆربەیان ئێرانی پاکستانی و ئەفغانین. شەهرام حەمە، نوێنەری دەزگای لوتکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە ئەوکەسانەی لەناو ئەو یەختەدا بوون کە ژێر ئاو کەوتووە هیچ کوردێکی تێدا نیە، هەروەها وتیشی تەرمی ٤٠ کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە زۆربەیان منداڵن، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ١٠ کەس بێ سەروشوێنن و ٥٠ کەسیش ڕزگارکراون. ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بەیانی یەختێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی کرۆتۆنا بە ١٣٠ پەنابەرەوە ژێر ئاو کەوت، لەوبارەیەوەش ئەنتۆنیۆ سیراسۆ، سەرۆکی شارەوانی ناوچەی کوترۆی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە منداڵ وژنیش لەناو یەختەکەدا بوون، میدیاکانی ئیتاڵیاش باسیان لەوەکرد هاوڵاتی عێراقیش لەگەڵ سوری و ئەفغانی پاکستانی لەناو ئەو یەختەدا بوون. هەر لەبارەی نوقمبوونی ئەو یەختە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەش داوە، یەختەکە لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا ڕۆیشتووە و ئەو ڕوداوەش بەهۆکاری خراپی کەشوو هەواوە بووە. هەر لەبارەی گەڕان وپشکنین بەدوای ئەو کەسانەدا کە لە یەختەکەدا بوون، پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێت، گەڕان وپشکنین بەدوای ئەوکەسانەدا بەردەوامە کە لەناو یەختەکەدا بوون.
هاوڵاتی بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەیەکی بەرگریکاری مافی رۆژنامەنووسان، لە بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتدا، ٢٥ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە و لە ٢٠ رۆژی دوای بومەلەرزەکەشدا، توندوتیژی بەرامبەر ١٤ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و ٤ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون. کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فورات کە ناوەندەکەی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستانە راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسان دوای بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە بومەلەرزەکاندا ٢٥ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە کە پێشبینی دەکرێت، زۆربەیان بەهۆی ئەوەوە بێت کە پرۆسەی رزگارکردن دواکەوتووە و دەشڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی دۆخی نائاسایی کاری رۆژنامەنووسی سەختر بووە. لە راپۆرتەکەی کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فوراتدا هاتووە، چوارەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە، ٣٤٠ ماڵپەڕی قەدەغە کردووە و چەند هەژماری تویتەریش داخراون. کۆمەڵەکە دەڵێت، لە ٢٠ رۆژی دوای مومەلەرزەکەدا، توندوتیژی بەرامبەر ١٤ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و ٤ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.
