گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان و ئێران دەتوانن لەمڕۆوە بە پاسپۆرت لە دەروازەیی کێلێوە ھاتوچۆ بکەن. میدیای فەرمی یەکێتی ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی3ی2023 بڵاویکردەوە،بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای چوونی وەفدێک بەسەرپەرشتی ھیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بۆ پارێزگای ئازربایجانی رۆژئاوا لە ساڵی رابردوودا و واژۆ کردنی یاداشتێکی لێک تێگەیشتن، لەمڕۆوە دەروازەی کێلێ بەرووی گەشتیاراندا کراوەتەوە. لە هەواڵەکە ئەوەش هاتوە،ھاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن وەک ھەر دەروازەیەکی تری نێودەوڵەتی لە دەروازەکەوە بە پاسپۆرت ھاتوچۆ بکەن. دەروازەی کێلێ لەقەزای پشدەر، ماوەی چەندساڵێکە بە شێوەی نافەرمی له نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کراوەتەوە و ئاڵوگۆڕی بارزگانی تێدا دەکرێت، چەندین جار هاوڵاتیانی دەڤەرەکە داوای بەفەرمی ناساندنی مەرزەکەیان کردوه.
بەگوێرەی راپرسیەکی کۆمپانیای لێکۆلینەوەی ئابوری ئەستەنبوڵ، تەنیا، ئاکەپە، جەهەپە، پارتی باش و هەدەپە دەتوانن بەندی ٧٪ی هەڵبژاردن تێپەڕێنن. کۆمپانیای لێکۆلینەوەی ئابوری ئەستەنبوڵ، ئەنجامی راپرسیەکی کە لەنێوان ١٦ -٢٠ی شوباتدا ئەنجامیداوە ئاشکرا کرد. راپرسیەکە تایبەتە بە دەنگی پارتە سیاسیەکان لە هەڵبژاردندا. دوو هەزار کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. بەگوێرەی ئەنجامی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسیەکان بەم شێوەیە بووە: پارتی داد و گەشەپێکدان (ئاکەپە) ٣٣.٧٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٥.٨٪ پارتی باش ١٣.٩٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١١.٢٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە هەموو کاتێک بەندی هەڵبژاردنی تێپەڕاندووە، بەگوێرەی ئەم راپرسیە ناتوانێت بەندی ٧٪ تێپەڕێنێت و ٦.٨٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. ئەوەش لە کاتێکدا کە دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبونەوەی پارتەکەیدا لە ئەنقەرە، جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا ئەنجام دەدرێت. بۆیەش ئەمڕۆ شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن کە هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە، ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دەدەن.
سێ کەس لە زیندانی شیراز لەسێدارەدران و لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە تەنها لە ساڵی نوێدا زیاتر لە 100 کەس لەسێدارەدراون کە ژمارەیکی بەرچاویان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە. ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە سێ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی شیراز بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی کەسوکارەکانیان و بە شێوەی نهێنی لەو زیندانە لەسێدارەدراون. ناسنامەی ئەو سێ زیندانییە بڵاو کراوەتەوە کە لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بڕیاری جێبەجێکردنی سزاکەیان دراوە. لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری لەسێدارەدانەکانیان لەو بەشە لە کوردستان بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردوە تەنها لە دوو مانگی ئەمساڵدا 102 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون کە یەک لەسەر سێی ژمارەی لەسێدارەدراون کورد بون. بە پێی ئامارەکان لە ماوەی دوومانگی ئەمساڵدا لانیکەم 33 کورد لە رۆژهەڵات و لە شارەکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە کە تۆمەتی پێنج کەسیان سیاسیی بوە و 28 کەسی دیکەشیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون کە زۆربەیان زیاتر لە چەند ساڵێک لە زیندانەکاندا بەند کرابون. زیاترین جێبەجێکردنی لەسێدارەدان لە ئێران لە زیندانی ئەلبورز لە شاری کەرەج و دوای ئەویش لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە. لە زیندانی ئەلبورز لانیکەم 28 بەندکراو لەسێدارەدراون و لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان نۆ بەندکراوی ئەو زیندانە لەسێدارە دراون. لە ماوەی رابردودا ژمارەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی پێشو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە لە کاتێکدا زۆربەی ئەو بەندکراوانە بە هیوای لێخۆشبون و کەمکردنەوەی سزاکانیان لە زیندانەکان راگیرابون و ژمارەیەک لەو کەسانەی لەسێدارەدراون لە نێوان سێ بۆ پێنج ساڵ لە زیندانەکاندا بون. لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 110 کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و چوار کەسان لەسێدارەدران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکانیش هۆشدارییان داوە کە سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پێش ئەوەی یاسا بێت، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی نەیارانی دەسەڵات و ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنرێت.
هاوڵاتی پسپۆڕێکی بومەلەرزە و کارەساتەکان لە تورکیا ئامارێکی مەترسیداری بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتی باکوری کوردستان و تورکیای راگەیاند و وتی، " ژمارەی گیانلەدەستانی بومەلەرزە کەڕەتی پێنج بکەن." پرۆفیسۆر دکتور کوبیلای کاپتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، نووسینێکی لەبارەی دۆخی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە و ژمارەی قوربانیان بڵاوکردەوە. کاپتان لە نووسینەکەیدا دەڵێت، " پرۆسەی رزگارکردن و بەهاناچوونی قوربانیان بومەلەرزە زۆر خاو بەڕێوەچووە. ئەمەش وادەکات، ئاماری راستی گیانلەدەستدان رانەگەیەندرێت. بۆچوونی منیش بەم شێوەیەیە؛ پێنج ئەوەندەی ئاماری ئێستا هاوڵاتیەکانمان گیانیان لەدەستداوە، واتە ئاماری ئەمڕۆ کەڕەتی پێنج بکرێت، ئاماری راستەقینەی گیانلەدەستدان دیاری دەبێت." ئەو پرۆفیسۆرە تورکە وتیشی، " بۆ زانینی ئاماری راستەقینە، پێویستە بە دروستی ئاماری باڵەخانە رووخاوەکان ئاشکرا بکرێت." ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات گەیشتووەتە نزیکەی ٤٥ هەزار کەس. ئەگەر بەقسەی ئەو پسپۆڕە بێت و ئەو ٤٥ هەزارە کەڕەتی پێنج بکرێت، ژمارەی گیانلەدەستدان دەکاتە ٢٢٥ هەزار کەس.
هاوڵاتی نێجیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ جهنهراڵ ماتيو ماكفارلان، فهرماندهى هێزهكانى هاوپهيمانان له عێراق و سووريا کۆبونەوە وههردوولا هاوڕا بوون كه هێشتا داعش له عێراق و سووريا مهترسييهكى ڕاستهقينهيه و ههڕهشه له ئارامى و سهقامگيرى دهكات. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگرى سهرۆكى ههرێمى كوردستان و بهرپرسانى باڵاى وهزارهتى پێشمهرگه ئامادهى بوون، ههنگاوهكانى پرۆسهى چاكسازى و ڕێكخستنهوهى پێشمهرگه، دوايين پێشهاتهكانى شهڕى دژى تيرۆر و ههماههنگيى نێوان پێشمهرگه و سوپاى عێراق بۆ بهرهنگاربوونهوى تيرۆر، تاوتوێ كران. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبونەوەکەوە دەڵێت ، "نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ دهربڕينى سوپاس و پێزاينن بۆ پشتگيريى ئهمهريكا و هاوپهيمانان له پێشمهرگه و سوپاى عێراق، دووپاتى كردهوه كه وێڕاى بهربهست و كێشهكان، وهزارهتى پێشمهرگه پابهنده و له پرۆسهى چاكسازى و ڕێكخستن و يهكخستنهوهى پێشمهرگه بهردهوام دهبێت و پرۆسهكه سهردهخهن." "ههروهها سوپاسى ئهمهريكا و وڵاتانى ديكهى دۆستى كرد بۆ هاوكارى و پشتگيرييان له پرۆسهكه.". هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ههردوولا هاوڕا بوون كه هێشتا داعش له عێراق و سووريا مهترسييهكى ڕاستهقينهيه و ههڕهشه له ئارامى و سهقامگيرى دهكات، بۆ ئهم مهبهستهش جهخت له گرنگيى بهردهواميى پشتگيريى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتى له عێراق و ههرێمى كوردستان و هاريكارى و ههماههنگيى پێشمهرگه و سوپاى عێراق كرایەوە بۆ بهرهنگاربوونهوهى تيرۆر و نههێشتنى يهكجارهكيى داعش. پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا، دۆخى كهمپى هۆڵ له سووريا و دوايين پێشهاتهكانى ناوچهكه بهگشتى، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو."
وەزارەتی خوێندنی باڵا: ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بەرنامەى "فولبرایت"ی بۆ خوێندنى ماستەر ڕاگەیاند
هاوڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، بۆ ساڵی 2024 بەرنامەى فولبرایت بۆ خوازیارانى خوێندنى بەرنامەى ماستەر لە سەرتاسەرى عێراق لە بوارى جیا جیا ڕادەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە سەرجەم مامۆستایان لە زانکۆکانى کوردستان دەکات، ئەگەر مەرجەکانیان تێدایە داواکاری بۆ بەرنامەکە پێشکەش بکەن. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەشكردوە، ڕێنمایى و مەرجەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ئەوانەی داواکاری پێشکەش دەکەن ئەوەیە پێشکەشکار نابێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65%) کەمتر بێت، هەروەها دەبێت دوای بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دو ساڵ خزمەتی هەبێت. باسی لەوەشکردوە، دەبێت پێشکەشکار لە هەمان بواری بەکالۆریۆسەکەی داواکاری بۆ خوێندنی بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات، دواکات بۆ پێشکەشکردنیش بریتییە لە 2023/5/1. بەم مەرج و داخوازییانەی خوارەوە دەتوانرێت داواکارى پێشکەش بکرێت: - پێشکەشکار پێویستە هاووڵاتی و دانیشتووی عێراق بێت. - هاووڵاتیی ئەمریکی و هەڵگری کارتی سەوز بۆیان نییە داواکاری پێشکەش بکەن. - پێشکەشکار پێویستە لە وڵاتی عێراق دابنیشێت، لە کاتی پێشکەشکردن و پڕۆسێسکردنی ئەم بەرنامەیە. - پێشکەشکار دەبێت دوو ساڵ شارەزایی لە کارکردن هەبێت دوای بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە. - پێویستە پێشکەشکار خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت لە یەکێک لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکان. - پێویستە باکگراوندێکی ئەکادیمیی بەهێزی هەبێت. - پێویستە توانستی زمانی ئینگلیزی بەرچاوی هەبێت یا ئامادەیی بەشداریکردنی کۆرسی زمانی ئینگلیزی درێژخایەنی هەبێت، پێش دەستپێکردن بە کۆرسی ئەکادیمی. - پێشینە دەدرێت بەو پێشکەشکارانەی کە شارەزاییان نییە یا کەمێک شارەزاییان هەیە لە خوێندن و بەسەربردنی ژیان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. - خاوەن باکگراوندی جیا جیا لەگەڵ خاوەن پێداویستیی تایبەت هاندەدرێن بۆ پێشکەشکردن بۆ ئەم بەرنامەیە. سەبارەت بە ڕێنمایى و مەرجەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى: - پێشکەشکار نابێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر بێت. - دەبێت دوای بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دوو ساڵ خزمەتی هەبێت. - دەبێت لە هەمان بواری بەکالۆریۆسەکەی داواکاری بۆ خوێندنی بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. - دوای بەدەستهێنانی ئۆفەری ئەکادیمی، کاندیدی سەرکەوتوو، سەردانی وەزارەت دەکات بۆ پرۆسێسکردنی مۆڵەتی خوێندن و پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی (Scholarship.digital.gov.krd). - بۆ ئەوانەی دانەمەزراون لەکەرتی گشتی، دوای بە دەستهێنانی ئۆفەری ئەکادیمی، کاندیدی سەرکەوتوو دەبێت فۆرمی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی ئەم لینکە (Scholarship.digital.gov.krd) پربکاتەوە، بەپێچەوانەوە مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت. تێبینی: - ئەپلیکەیشنەکە لەم لینکە (https://iq.usembassy.gov/education-culture/exchange-programs/fulbright-foreign-student-program/) بەردەستە و پێشکەشکردن لە ڕێگەی ئەم لینکە دەبێت (https://apply.iie.org/ffsp2024/) - تەواوی خەرجیی ئەم بەرنامەیە لە سەر ئەستۆی حکومەتی ئەمریکایی دەبێت. - دواکات بۆ پێشکەشکردن بریتییە لە (١/٥/٢٠٢٣).
ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە روفاتی 171قوربانی ئەنفالكراو لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا دۆزراونەتەوە لە ناوچەی سەماوەی باشوری عێراق، كە زۆربەیان ژن و منداڵن لە پزیشكی دادی بەغداد دانراون و هیچ دڵنیایەكیش نیە بەم زووانە بهێنرێنەوە بۆ كوردستان. بەگوێرەی زانیارەكان قوربانیەكان خەڵكی سنوری گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ بوون، جگە لەو گۆڕە بەكۆمەڵە كە لەدەشتی سەماوەی باشوری عێراقدا دۆزراوەتەوە، 11 گۆڕی دیكەی بەكۆمەڵ لەو ناوچەیەدا هەیە و هیچ كارێكیش نەكراوە تا گۆڕەكان هەڵبدرێنەوە و بهێنرەوە بۆ كوردستان. كەسوكاری ئەنفالكراون دەڵێن حكومەت ئیشی بە پرسی ئەنفال نەماوە بۆیە بەلایەوە گرنگ نیە كە تەرمی كەسوكارەكانیانمان بۆ بهێنێتەوە. قاسم كازم كەسوكاری ئەنفالكراو لە قەزای چەمچەماڵ بە هاوڵاتی وت:» نەهێناوەی روفاتی كەسوكارەكانمان پەیوەندی هەیە بەحكومەتی هەرێم و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان چونكە پێویستە ئەوان سامپڵی خوێنمان لێ وەرگرن و دیاری بكەن كە ئەو روفاتانە هی چی ناوچەیەكن، لە ئێستادا 20 ناسنامەیان دۆزراوەتەوە كە خەڵكی چەمچەماڵ و ناوچەی شوانن و دەبێت حكومەتی هەرێم خەمخۆر بێت بەڵام بێباكە و پێویستی بە دۆسیەی ئەنفال نەماوە». وتیشی:» حكومەتی كوردستان ئەگەر تۆزێك غیرەتی هەبێت ماوەی سێ ساڵە تەرمی كەسوكارەكانمان لەبەغداد ناهێڵێتەوەو ئەمە عەیبەیە و پەڵەی ڕەشە بەناوچاوی هەمو دەسەڵاتی كوردی، ئەوان هەر خەریكی نەوت فرۆشتنن، نازانم چۆن رویاندێت باسی ئەنفال دەكەن لەكاتكدا سێ ساڵ زیاترە ئەو روفاتانەیان نەهێناوەتەوە بۆ كوردستان «. شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی شەهیدان و قوربانیان بە هاوڵاتی راگەیاند: «لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی سەرۆك وەزیران عێراق و لایەنی پەیوەندیدارم كردوە لەسەر هێنانەوەی روفاتی پیرۆزی قوربانیانی ئەنفال، ئەوەی هەیە پشكنینی DNA كراوە بۆ بەشێك لە روفاتەكان كە خەڵكی سنوری گەرمیان و چەمچەماڵن و كەسوكاری ئەنفالكراونیش داوای ئەوەدەكەن كە پشكنین بۆ ئەوانیش بكرێت و حكومەتی هەرێمیش ئەمەی كردوە بە بیانو بەكارێكی قورسی دەزانێت كە نمونە وەربگرێت لە كەسوكاری ئەنفال بۆ هێنانەوەی روفاتەكان». وتیشی:» جگە لەم گۆڕە بەكومەڵە كە دۆزراوەتەوە خۆم سەردانی ناچەكانی سەماوە و تۆپزاوە و سنوری سعودیەم كردوە و گۆڕی بەكۆمەڵی دیكەش هەیە، لە سەماوە 11 گۆڕی بە كۆمەڵ هەیە كە بەئاشكرا گۆڕەكان دیارن لەو ناوچانەداو ئێس و پروسك و كەلەسەری مرۆڤم بینیوە لەو شوێنانەدا، بەڵام هێشتا كارنەكراوە بۆ هەڵدانەوەیان، ئەركی حكومەتی هەرێمە كار بكات بۆ روفاتەكان و گۆڕەكانی دیكەش هەڵبداتەوە، بەڵێ كەمتەرخەمیە بۆ هەمومان كە روفاتی كەسوكارەكانمان لە بەغداد بێت و نەتوانین بیهێنینەوە». هاوكات ئامینە ساڵح كەسوكاری ئەنفالكراو لە گەرمیان بە هاوڵاتی وت:» حكومەتی هەرێم كارناكات بۆ هێنانەوەی روفاتی كەسوكارەكانمان و داوا دەكەین روفاتی ئازیزانمان بەزوترین كات بۆ بهێننەوە، پێشوتر گۆڕێك دۆزراویە ڕوفاتەكان سوتان وتیان بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە، ئێمە دەترسین ئەم روفاتانەش وا لێ بكەن». وتیشی:» بۆ لەدەستدانی كەسوكارەكانمان چەند نیگەران بوین، زیاتر لەوە نیگەرانین كە روفاتەكانمان بۆ ناهێننەوە، ئەمەش نیشانەی بێدەربەسی حكومەتی كوردیە بەرامبەر ئێمەی كەسوكاری ئەنفال». هاوكات ئەدیب لەتیف بەڕێوبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند:» رێكارەكانی هێنانەوەی روفاتەكان بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە كەسوكارەكانیان داوای پشكنینی DNA دەكەن و ئێستا كاردەكەین كە بتوانین سامپڵی خوێن لەكەسوكارەكانیان وەرگرین و دواتر بزانین كە خەڵكی كوێن و كەسوكاریان بناسرێنەوە». ئەوەشی وت: « تا ئێستا هیچ دڵنیایەك نیە كە بتوانین بۆ یادی ئەم ساڵی ئەنفال روفاتەكان بهێنینەوە بۆ كوردستان، بەڵێ كەمتەرخەمی هەیە لەهێنانەوەی روفاتەكان ئێمەش وەك وەزارەت كارمانكردوە كە زوتر بتوانین سامپڵی خوێنیان وەربگرین و تا بتوانن زوتر روفاتەكان بهێنیەوە و كار دەكەین بۆ هێنانەوە و دۆزینەوەی ئەو روفاتانەی كەتا ئێستا نەدۆزراونەتەوە«.
بافڵ تاڵهبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی3ی2023،لەمیانی بەشداری کردنی لە کۆڕبەندی هەولێر لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لە بارەی باردۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی ئێستایان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و دۆخی ناوخۆی حزبەکەی چەند لێدوانێکی دا. لەبارەی کێشەکانی حزبەکەی لەگەڵ پارتی وتی،"كێشهكانی یهكێتی و پارتی لهسهر شتی زۆر بچوكن" بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی زۆر بچووكن و ئێمە هەمیشە دەستپێشخەربووین بۆ دانیشتن. دەربارەی ناوخۆی حزبەکەی، تاڵەبانی ڕایگەیاند، هیچ کاردانەوەیەکمان نەبووە بەرامبەر ئەو دەستوەردانانەی لە کاروباری حزبەکەمان کراوە. سەبارەت بە ،ڕەوشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،"پێویستە کێشەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە" باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد کە بڕیارە ئەمساڵ بکرێت، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەودا، "پێدەچێت هەڵبژاردن هەر نەكرێت، بەڵام ئەگەر كرا ئێمە گەشبینین بە ئەنجامەكەی". لە بەشێکی تری قسەکانی ڕایگەیاند،هێز دەجوڵێندرێت بەرامبەر بە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و دەستوەردان لەناو حزبەكەمان دەكرێت،یەك شتمان نەكردووە بەرامبەر بەو كێشانەی بەرامبەرمان دەكرێت،ئێمە بۆ هەموو شتێك ئامادەین. لەبارەی کۆبونەوەکانی،ئەم دواییەی یەکێتی و پارتی، سەرۆکی یەکێتی وتی، دوای هەموو كۆبوونەوەیەك كێشە درووست دەكرێت، پارتی لە بەغداد داوای شتێك دەكات و لە هەرێم داوای شتێکی تر دەکات. لەکۆتایی ،قسەکانی دەربارەی ئەو پەیامەیی لاهور شێخ جەنگی کە چەندڕۆژێک پێش ئێستا بڵاویکردەوە، تاڵەبانی وتێ" ئاگام لە پەیامی كاك لاهور نیە، كاك لاهور ئازادە چی دەكات با بیكات، لەناو یەكێتی نیە با بڕوات حزبێك بۆخۆی درووست بكات، ئینشەڵا سەركەوتوو دەبێت".
لەبارەی دابەشکردنی موچەی مانگی دوو وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوه دەقی ڕونکرنەوەکە ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە لەچەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن لێدوانێک بە ناوی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابورییەوە بڵاوکراوەتەوە دەربارەی دابەش کردنی مووچەی مانگی شوبات. بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لێدوانی بۆ ئەو پەیجەو هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن نەداوەو هەر پێشهات و گۆڕانکاریەک هەبێت سەبارەت بەدابەشکردنی مووچە لە پەیجی ڕەسمی وەزارەت بڵاو دەکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەک لەپەیجی ڕەسمی وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاو نەکرێتەوە هیچ بنەمایەکی نییەو بەهەند وەرناگیرێت. ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری
نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ لۆرد ئهحمهد وهزيرى دهوڵهتى بهريتانيا كۆبووهوه نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی3ی2023پێشوازى له لۆرد تارق ئهحمهد وهزيرى دهوڵهتى بهريتانيا بۆ كاروبارى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكوورى ئافريكا و نهتهوه يهكگرتووهكان كرد. لۆرد ئهحمهد لەکۆبونەوەکە جهختى له خواستى وڵاتهكهى بۆ برهودان به پهيوهندييهكانى لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان كردهوه، ههروهها ئاماژهى بهوه دا كه بهريتانيا به بايهخهوه له پهيوهندييهكانى ههولێر و بهغدا دهڕوانێت و پێى وايه سهقامگيرى و پهيوهنديى باشى ههولێر و بهغدا، عێراق بههێزتر دهكات له ڕووبهڕووبوونهوهى ئاڵنگارييهكاندا، ستايش و پشتگيريى وڵاتهكهيشى بۆ چارهسهركردنى كێشهكانى نێوان ههردوولا نيشان دا. هەریەک لە باڵيۆزى بهريتانيا له عێراق و كونسوڵى گشتييان له ههولێر ئامادهى کۆبونەوەکە بوون، ههردوولا دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و ههرێمى كوردستانيان تاوتوێ كرد. لهمبارهيهوه نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كردهوه كه ههرێمى كوردستان له ههوڵى بهردهوامدايه بۆ چارهسهركردنى كێشهكان لهگهڵ بهغدا، ههروهها بۆ پاراستنى يهكڕيزى له ههرێمى كوردستان. ههردوولا هاوڕا بوون كه ئارامى و سهقامگيرى و چارهسهركردنى كێشهكانى وڵات، بەرهو پێشكهوتن و گهڕانهوهى عێراق بۆ پێگهى شايستهى خۆى له ناوچهكه و لهسهر ئاستى جيهان دهدات و دهرفهتى كار و وهبهرهێنان و سهرمايهگوزاريى بيانى زياتر دهكات. لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە باسیان له پرسهكانى ههڵبژاردن له ههرێمى كوردستان، ياساى نهوت و گاز و بودجهى عێراق، پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوچهكه بهگشتى، لێكهوتهكانى شهڕ له ئۆكراينا و چهند بايهتێكى ديكه کرد.
هە*پە*گە ئاماری مانگێکی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی و سوپای تورکیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مانگی شوباتدا، ١٨ سەربازی تورکیا کوژراون و ئەندامێکیان *شە٭هید* بووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هە*پە*گە ئاماری شەڕی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ٣٠ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ١٨ جار بە هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکان گۆڕەپانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گە+ریلا+کان، بۆردوومان کراون و هەروەها ٨٧٤ جاریش بە تۆپ، هاوەن، تانک و چەکی قورس ناوچەکان تۆپباران کراون. لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، سەنگەرەکانیان ١٤٢ جار بە تۆپی فۆسفۆر و بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی بۆردومان کراون. دەشڵێت، لەو مانگەدا، ٤ سە٭نگەر، ٥ سیستمی کامێرای حەراری، چەکێکی ئەی٤ ، چەکێکی بی ٧، بۆمبهاوێژێک، ئامێرێکی بێ تەل تێکشکێنراون. هەروەها گورز لە هەلیکۆپتەرێکی هێر٭شبەر وەشێنراوە.
هاوڵاتی قائیمقامی دەربەندیخان ڕایگەیاند بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی، 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان تەرخاندەکرێت . سلێمان محەمەد قائیمقامی دەربەندیخان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە وەڵامی مانگرتنی سەرتاسەری هاووڵاتیانی دەربەندیخان، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، گرفتی ئاو و كارەبا و كەرتی تەندروستی قەزای دەربەندیخان چارەسەردەكرێت. وتیشی،بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان و 700 ملیۆن دیناریش بۆ نۆژەنكردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری تەرخانكراوە و سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاددەكرێت. ئەمڕۆ مانگێك تێپەڕدەبێت، بەسەر خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی دەربەندیخان و بەهۆی جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیانەوە، هاوکات ئەمڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە قەزای دەربەندیخان راگەیەندرا و هاووڵاتیان سەرجەم دوكان و بازاڕەكانیان داخست.
هاوڵاتی تیمەکانی فریاکەوتن لە و ناوچانەی هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوی بومەلەرزەکەی ٦ی مانگی ڕابردووی تێدا دەمێننەوە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا مردنی دوو هاوڵاتییان بە نەخۆشی کۆلێرا ڕاگەیاند،هۆکارەکەشیان بۆ نەبونی ئاوەڕۆ و ئاوی پاکی خواردنەوە گەڕاندەوە. بەرگری شارستانی سوریا لە تویتێکدا ڕۆژی سێشەممە وتی ،کە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە لە باکوری ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای بڵاوبونەوەی کۆلێرا لە سوریا کە ساڵی ڕابردوو بوو بەرزبووەتەوە بۆ 22 حاڵەتی مردن و 568 حاڵەت کە مەترسی مردنیان لەسەر نییە و تەنها توشبوون. ئەو وێرانکارییەی بومەلەرزەکە دروستی کردووە بارودۆخی کامپی ئاوارەکانی ناوچەکەی خراپتر کردووە، کە پێشتر ئاوی پاک و خاوێنی تێدا نەبووەوە و ئاوەڕۆی پێویستیان نەبووە لە ئێستادا زۆر لە جاران خراپترە. هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە تێیدا هاتووە ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێراو نەخۆشی جۆراو جۆر بەهۆی نەبونی ئاوی پاکەوە بەرەو زیادبوون دەچێت. نور قۆرمۆش چالاکوان بە ئاژانسی هەواڵی جەزیرەی گوتووە: "تەنانەت پێش بوومەلەرزەکە بەهۆی نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی گونجاوەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵک نەخۆشکەوتون بەهۆی ئەوەی لەسەدا 63ی کەمپەکانی ئاوارەکان ئاوەڕۆی گونجاویان نەبووە و لە سەدا 43ی ئاوی پاکیان نەبووە" ئەو چالاکوانە گوتیشی : "لە سەرەتای کارەساتەکەوە هەزاران کەس لەو کەمپانەدا دەژین کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە دابینکراون و زۆر قەرەباڵغن" ئەوەشی ڕونکردەوە، "ئەو ژینگەیەی کە ئێستا تێیدا دەژین دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتری هاوڵاتییان توشی نەخۆشییەکە بن " گروپێکی خۆبەخشی فریاکەوتن لە ناوچەکە بڵاویکردەوە: "لەناوچوون و ڕوخانی هێڵەکانی ئاو و ئاوەڕۆ دوای بومەلەرزەکەی شەشی مانگی ڕابردوو ئەگەری سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە زیاتر دەکات". بۆ یەکەم جار لەو ناوچەیە نەخۆشی کۆلێرا لە مانگی 9 ی ساڵی ڕابردودا بوو کە هۆکارەکەی گەڕێندرایەوە بۆ پیسبونی ڕووباری فورات. کە لە 14/9/2022 دا وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویکردەوە، زۆرترین تووشبووی کۆلێرا لە شاری حەلەبە و ژمارەیان ٢٢ کەسە، دواتریش شاری حەسەکە دێت کە ژمارەی تووشبووان ١٣ کەسە، ھاوکات لە دێرەزوور ١٠ کەس و لە لازقییە شەش و لە دیمەشقیش دوو حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراون و لە حەلەب چوار تووشبوو و لە دێرەزووریش دووان و لە حەسەکە یەک تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
باكور بۆتان لە چوارەم رۆژی بوومەلەرزەكانی شەشی شوباتی ٢٠٢٣دا، كە ١٠ پارێزگای باكوری كوردستان و توركیا، چەندین پارێزگا و شاری رۆژئاوای كوردستان و سوریای گرتەوە و بەو هۆیەوە دە یان هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و نزیكەی ١٠٠ هەزار كەسیش بریندار بوون، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) و هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) رایانگەیاند: بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە سەرجەم چالاكیە سەربازیەكانیان رادەگرن، بەڵام توركیا شەڕی رانەگرتووەو بەردەوامە لەهێرشەكانی. هەرچەندە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، تا رادەیەك پێشوازیەكی گەرم لەو دەستپێشخەریەی كەجەكەو هەسەدە كرا، بەڵام دەوڵەتی توركیا شەڕی رانەگرت و بەردەوامە لەسەر ئۆپراسیۆن و هێرشەكانی بۆسەر ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە باشوری كوردستان و ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا. ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رۆژێك دوای بانگەوازەكەی جەمیل بایك هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە بۆ راگرتنی شەڕ راگەیەندراوێكی بڵاوكردبووە و ئاماژەی بەوەكرد، گەلانی توركیا رووبەرووی ئازارێكی زۆر گەورە بوونەتەوە و بۆیەش پێویستیان بە هاوكاری و پشتگیری هەیە و وتی: « لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێ دەكەین و شەڕ رادەگرین.» رۆژێك دوای راگەیەندراوەكەی نەپەگە، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد: كە لەگەڵ ئەوەی هەموو چالاكییە سەربازیەكانیان راگرتووە، بەڵام سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر تۆپباران و بۆردومانی ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گەریلاكانیان. هەپەگە رایگەیاند: لە نزیك گوندی سیدای سەر بە شاروچكەی شێلادزێی قەزای ئامێدی، گەریلایەكیان شەهید بووە و سەربازێكی توركیاش كوژراوە. لەو كاتەوە و تاوەكو ئێستا، هەپەگە ١٨ راگەیەندراوی لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكان، تۆپباران و هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر سەنگەرەكانی گەریلاكانیان لەنێو خاكی باشوری كوردستاندا بڵاوكردووەتەوە. هەرچەندە بەگوێرەی راگەیەندراوەكانی پێشووتری هەپەگە، پێكدادان و هێرشەكان كەمترن، بەڵام لە راگەیەندراوەكاندا باسی ئەوە دەكات، لە ماوەی ئەم ١٨ رۆژەدا، هەموو رۆژێك جۆرە تۆپێكی فسفۆر لەلایەن سوپای توركیاوە بەكاردەهێندرێت كە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە قەدەغەكراوە. هەپەگە لە راگەیەندراوەكانیدا، چەندینجار ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە چالاكییە سەربازیەكانیان راگرتووە، بەڵام لە حاڵەتی هێرشكردنە سەریاندا، مافی خۆپاراستن بەكار دەهێنن. هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا بەردەوامە هاوكات هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لەگەڵ ئەوەی بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە، چالاكییە سەربازیەكانی راگرت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەیە سوپای توركیاش هێرشەكانی رابگرێت. بەگوێرەی ئامارێكی ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز)، لە شەشی شوباتەوە كە بوومەلەرزەكان روویانداوە و تاوەكو ئێستا، سوپای توركیا و چەكدارە توندڕەوەكانی سەر بە توركیا، زیاتر لە ٢٠ هێرشیان لەبەرامبەر هێزەكانیان و خەڵكی مەدەنی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سوپای توركیاش دوو جار هێرشیان لەنیو خاكی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە. ئاژانسی هاوار دەڵێت لە هێرشەكاندا، دوو هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون كە یەكێكیان پیاوێكی تەمەن ٧٠ ساڵ بووە كە دوای بوومەلەرزەكە لە حەلەبەوە كۆچی كردووە بە هەرێمی شەهبا. هەروەها لە هیرشەكاندا بە دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون. ئاژانسەكە باسی لەوەكردووە كە دەوڵەتی توركیا هیچ كاتێك لە كارەساتە مرۆییەكاندا، هێرشەكانی رانەگرتووە و بەبیریهێناوەتەوە كە لە سەردەمی بەربڵاوی ڤایرۆسی كۆرۆنادا (كۆڤید١٩)، لە ساڵەكانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا، سوپای توركیا ١٨ هەزار و ٧٣٣ هێرشی زەمینی، ٢٠٩ هێرشی لە رێگەی درۆن و ٤٣ هێرشی بە فڕۆكەی جەنگی ئەنجامداوە. هەر بەگوێرەی ئامارەكان لەو دوو ساڵەدا ٣٥٣ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و بە دەیان قۆتابخانە، نەخۆشخانە، وێستگەی كارەبا و غاز و نانەواخانە، ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان وێران بوون. هەسەدە و هێزی هاوپەیمانان فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە رێگەی ڤیدیۆیەكەوە كەلایەن راگەیاندنی هەسەدەوە بڵاوكرایەوە ئاماژەی بەوەكردوە: كە هێزەكانیان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی و رزگاكردنی هاوڵاتیان لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانەكاندا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە تیمەكانی خۆیان رەوانەی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی توركیا و چەكدارەكانی بكات و لەم چوارچێوەیەدا چالاكییە سەربازیەكانی راگرتووە، بەڵام وڵامیان نەدراوەتەوە. شامی ئەوەی خستەڕوو، ئەوان بە ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆیی دەبینن كە لەم جۆرە كارەساتانەدا شەڕ رابگرن و وتی: « بڕیاری ئێمە بۆ راگرتنی شەڕ، لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەكارهێنراوە. دەوڵەتی توركیا هیچ كاتێك لەبەرامبەر ئێمەو هەرێمەكانمان شەڕی رانەگرتووە. پێشتریش رەخنەمان لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گرتبوو و ئێستاش رەخنەیان لێدەگرین و بێدەنگی و بێهەڵوێستی هاوپەیمانان، بوێری بە دەوڵەتی توركیا دەدات كە لەم دۆخەی كارەساتی بوومەلەرزەیەشدا بەردەوامی بە هێرشەكانی بدات. سوپاو بوومەلەرزە یەكێكی دیكە لەو رەخنانەی كە رووبەرووی دەسەڵاتی توركیا دەكرێتەوە، ئەوەیە كە لە كاتی بوومەلەرزەكەدا، فەرمانی بە سوپای وڵات نەكردووە، بە پەلە هێزی مرۆیی خۆی بۆ رزگاكردنی هاوڵاتیان بەكار بهێنێت. زۆرێك لە بەرپرسانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و نووسەرانی ئەو وڵاتە، داوایان لە حكومەتی هاوبەشی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) كردووە كە روونكردنەوە لەسەر بەكارنەهێنانی هێزی مرۆیی سوپا بدەن لە رزگاكردن هاوڵاتیاندا. چەندین لایەنیش باسی ئەوەیان كردووە كە حكومەت ترسی لەوە هەبووە كە ئەم دۆخەی بوومەلەرزە بۆ كودەتایەكی سەربازی بەكاربهێندرێت و كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی ئاكەپە و مەهەپە بهێندرێت كە لەم دۆخەی بوومەلەرزەدا، روبەرووی رەخنەی توند بوەتەوە.
هاوڵاتی سوپای تورکیا لە مانگی شوباتدا ٩٧ جار هێرشی کردووەتە سەر گوند و ناوچەکانی کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبای رۆژئاوای کوردستان. لە دۆخی بومەلەرزەدا کە لە باکوری کوردستان – تورکیا و رۆژئاوای کوردستان – سوریا نزیکەی ٢٠٠ هەزار گیان لەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە، سوپای تورکیا بەردەوامی بە هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەدات. ئاژانسی هاوارنیوز ئاماری مانگی شوباتی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو مانگەدا سوپای تورکیا ٩٧ جار هێرشی کردووەتە سەر ناوچە و گوندەکانی کانتۆنەکانی شەهبا و عەفرین. ئاژانسەکە دەڵێت، بە گشتی گوندەکانی " سەموقا، تەل مەدیق، بەنداوی شەهبا، شێخ عیسا، هربل، بێلونی، کەفەر ناسح، مەرەناز، وەحشیە، تەل رەفعەت، خراب شەمس، کیلوتێ" تۆپباران کراون. لەبارەی زیانە گیانیەکانیش ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە کە لە ١٦ی شوباتدا، سوپای تورکیا شاروچکەی تەل رەفعەتی لە رێگەی شەش گولە هاوەنەوە تۆپباران کردووە و بەوهۆیەوە، کەسێک بەناوی یوسف عەبد تەمەن ٧٠ ساڵ شەهید بوو و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
