رێکخراوێک ئاشکرای دەکات لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 20 هەزار کەس دەستگیر کراون و سزای سێدارە هەڕەشە لە ژیانی ژمارەیەکیان دەکات. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە 115 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 519 کەس بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون کە 70 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە. ژمارەی ئەو کوژراوانە لە کاتێکدایە هێزە ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران رایانگەیاندوە نزیکەی 69 ئەندامیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. بە پێی ئامارەکان لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا نزیکەی 20 هەزار کەس دەستگیرکراون کە ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر 109 کەس لەو دەستگیرکراواندا هەیە.
ئەمڕۆ لە زانکۆی تاران و تەبرێز و ئەسفەهان گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی سێدراە بەڕێوچو و لە شاری بۆکان یادی چلەی کوژراوێکی شارەکە کرایەوە و چەند وڵاتێکیش هۆشدارایی دەدەنە کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر سەپاندنی سزای سێدارە و کەنەدا-ش ژمارەیەک سزای بەسەر دەسەڵاتی تاراندا سەپاند. هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ لە کەرج رێگرییان کرد رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی بەڕێوبچێت کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لەسێدارەدران. دەستگیرکردنی گەنجان لە مەریوان و جوانڕۆ و ئیلام و چەند شارێکی دیکە بەردەوامبو و رێکخراوەکانی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لە بەرزبونەوەی ژمارەی دەستگیرکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان. لە شاری لیۆن لە فەڕەنسا گردبونەوە و خۆپیشاندانی چالاکونانی ئێران دژی سێدارە و دەسەڵاتی ئێران بەڕێوچو. ڤیدیۆ؛ چلەی ئاوات لە بۆکان ئەمڕۆ لە گوندی مەلالەر شاری بۆکان چلەی مەرگی ئاوات قادرپور تەمەن 20 ساڵ بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان بریندارکراو و دوای چەند رۆژ بێهۆشیی لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەستدا. تا ئێستا 18 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆکان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان و ئەشکەنجە لە گرتوخانە و ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێترین وتاریدا ئەمڕۆ دوشەممە هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارییان کردوە و داواشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کرد ئەو خۆپیشاندەرانە سزا بدرێن. بە وتەی خامنەیی ئەوانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە ئامانجیان رەخنە و چاکسازیی نەبوە و بەڵکو ویستویانە دەستکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لەناو ببەن. رێبەری کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردوەتەوە کە گومان لە ناپاکیی خۆپیشاندەران نییە بۆیە دەبێت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە توندترین شێوە روبەڕوی ئەو کەسانە ببنەوە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردوە. پاپ فرانسیس داوای راگرتنی سێدارە لە ئێران دەکات پاپ فرانسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان رۆژی دوشەممە لە وتاری ساڵانەی خۆی بۆ ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ڤاتیکان، رایگەیاند؛ دەبێت ئێران سزای سێدارە راگرێت و ناکرێت جێبەجێکردنی سێدارە بە دادپەروەریی لەقەڵەم بدرێک بەڵکۆ نەفرەت و تۆڵەیە دژی نەیاران. پاپ وتویەتی: ئەمڕۆ مافی ژیانی زۆر کەس لەو شوێنانەی هاوشێوەی ئێران سزای سێدارەی تێدایە لە مەترسیدایە لە کاتێکدا لەو وڵاتە هەوڵ بۆ رێزگرتنی زیاتر لە ژنان دەدرێت. سێ وڵات بۆ جاری دوەم باڵیۆزەکانی ئێران بانگهێشت دەکەن بەهۆی لەسێدارەدانی دو گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان، رۆژی دوشەممە باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا بانگهێشت کران. ئەو سێ وڵاتە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و خەڵکیان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە هەنگاوێکی نامرۆڤانە ناوبردوە و ئیدانەی لەسێدراەدانی مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی-یان کردوە. دوەم جارە بەهۆی سێدراە و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی باڵیۆزەکانی ئێران لە لەندەن و بەرلین و پاریس بانگهێشت دەکرێن. ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە تویتەر بە ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی داوای لە ئێران کرد جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان راگرێت و ئەو زیندانیانەش ئازاد بکرێن کە نادادپەروەرانە بەند کراون. بەهۆی سێدارەوە، کەنەدا سزا دامەزراوە و بەرپرسانی ئێران دەدات وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رۆژی دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی لەسێدارەدانی مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی، سێ دامەزراوە و دو بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سزا دەدرێن. وەزرەتەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ سزاکانی وڵاتەکەی ناوەندی (15ی خورداد) نزیک لە عەلی خامنەیی و رۆژنامەی (ئێران) و دەستەی چاودیڕیی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و جێگری وەزیری وەرزش و لاوان، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای لاوان و ئەندامێکی ئەنجومەنی دەستەبژێری کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێتەوە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردوە ئیدانی بڕیاری دادگای باڵای ئێراننی کرد بۆ سەپاندنەوەی سزای سێدارە بەسەر محەمەد بروغەنی و داوای کردوە جێبەجێکردنی سێدارەی ئەو گەنجە راگیرێت.
هاوڵاتی داوکاری گشتی لە بەیاننەمەیەکدا بۆسەرجەم ڕاگەیاندنەکان ڕایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم راگەیاندنەکان دەکەین، کەوا رووماڵکردن و لیکدانەوەی پێشوەختە ونادرووست بۆ هەر رووداویکی کوشتن و تاوانکاری، هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری تاوانلێکراو لەکاتێکدا تاوانەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە پێچەوانەی دەقی یاسایە، هەر حالەتێک بچێتە خانەی پێشێل کردنی یاسا و رێساکان لە لایەن دەستەی مافی گشتی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی رێکاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرینە بەر. دەقی بەیاننامەکە: لە سۆنگەی پاراستنی سیستەمی گشتی و رەچاو کردنی بەرژەوەندی گشتی و بەوپێیەی کە داواکاری گشتی سەرپەرشتی لێکۆلینەوە و رێکارەکانی لە تاوانەکان دەکات ، لە پێناو پاراستنی بەلگەکان لەرێرەوی لێکۆلینەوە تێبینی کراوە لە کاتی رومال کردنی هەوال و زانیاری سەبارەت بەهەر رووداوێک و تاوانێک بەتایبەتی تاوانی کوشتن لە لایەن بەشێک لە کەنالەکانی راگەیاندن لەو کاتەی کە دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقالی کۆکردنەوەی زانیاری و لە لێکۆلینەوەدان تیایاندا کەچی بەبێ رەچاوکردنی یاسا و رێنمایەکانی بەرکار لە هەرێمی کوردستان زانیاری بێ بنەما و ناراست بلاو دەکەنەوە و لێکدانەوەی پێشوەختە و نادروست بۆ رووداوەکان دەکەن وێرای چاوپێکەوتن لەگەل کەس و کاری تاوانلێکراو کە ئەمەش پێچەوانەی دەقی مادەی ( ٢٣٦ ) برگە ( ١ ) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ( ١١١ ) سالی ( ١٩٦٩ ) هەموارکراو بەرکار لە هەرێم وێرای کاری نەرێنی بۆ ئاراستەکردنی رای گشتی نەمانی متمانە و بروای خەلک بە دادگا و دامودەزگای حکومەتی هەرێم و کاریگەریش دەکاتە سەر دابونەریتی کۆمەلگا … بۆیە بە پێویستمان زانی ئاگاداری سەرجەم کەنالەکەکانی راگەیاندن و میدیا و مالپەرە ئەلکترۆنیەکان بکەینەوە کەوا رومالکردنی هەر جۆرە رووداوێکی تاوانکاری کە لەژێر لێکۆلینەوە دایە پێچەوانەی دەقی ماددەی ئاماژەپێکراوی سەرەوەیە .. هەر حالەتێک بچێتە خانەی پێشێل کردنی یاسا و رێساکان لە لایەن دەستەی مافی گشتی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی رێکاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرینە بەر . یەکەی راگەیان و پەیوەندیەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی
هاوڵاتی سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنێت بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێران هۆکاری راوەستانی بۆردومانەکانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن ئێرانەوە. عەقیل ردینی سەرکردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاندووە: بۆردوومانەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاو ئێرانەوە پێشێلکاری و دەستدرێژییە، بەڵام لایەنێکی دیکەشی هەیە پەیوەستە بەحکومەتی ناوەندییەوە کە ئەویش کۆتایهێنانە بە چالاکی ئەو حزب و گرووپانەی کە ئەنقەرەو تاران بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن ئەویش بەو پێیەی دەستور رێگەی لەوەگرتووە کە خاکی عێراق بۆ هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربێت. ئاماژەشی بەوەکردووە بەڵێنەکانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران لەدوای سەردانی بۆ ئێران بەبەرپرسانی ئەو وڵاتە بووەتە هۆی راگرتنی بۆردوومانەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، جەختیش لەوەدەکاتەوە حکومەتی سوودانی بەفیعلی سێ هەنگاوی ناوە کە گرنگترینیان هەماهەنگییە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ کۆنترۆڵکردنی مەلەفی سنوورەکان و رێگەگرتن لەهەر چالاکییەک کە کاریگەری بخاتە سەر وڵاتانی دراوسێ لەناو هەرێمەوە.
ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا دهستگیركردنی دوو تۆڕی تیرۆرستی سهر به داعش له شاری ههولێر راگهیاند، بهگوێرهی راگهیهندراوهكه، پلانیان هەبوو پێش سەری ساڵی 2023 تەقینەوە و کردەوەی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن. دهقی راگهیهندراوهكهی ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان: راگهیهندراوێك له ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستانهوه دژه تیرۆری كوردستان دوو تۆڕی تیرۆریستیی داعش له شاری ههولێر دهستگیردهكات و پلانهكانیان پووچهڵ دهكاتهوه له دوو ههوڵ و پیلانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ ئهنجامدانی تهقینهوه و كردهوهی تیرۆریستی له پێش سهری ساڵی 2023 له شاری ههولێر، لهلایهن بهڕێوهبهرایهتی گشتی دژه تیرۆر و بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی ههولێر له مانگی 12ی 2022 توانرا ههردوو ههوڵهكه پووچهڵ بكرێنهوه و چوار تیرۆریستیش دهستگیربكرێن كه بریتیبوون له دوو تۆڕی جیا و لهلایهن قیاداتی گرووپی تیرۆریستیی داعش فهرمانیان پێدرابوو بۆ ئهوهی كردهوهی تیرۆریستی له شاری ههولێر ئهنجام بدهن. تۆڕی یهكهم، تیرۆریستان (حهمزه ئهیاد ئهحمهد ناسراو به سیاف ئهلقورهیشی و مهاجر ئهحمهد عزاوی ناسراو به ئهبو جهعفهر)، له 23ـی 12ـی 2022 دهستگیركران، تیرۆریست (سیاف ئهلقورهیشی) كه خۆكوژ بووه و پلانی ههبووه پێش سهری ساڵ لهبهردهم دهرگای سهرهكی بهڕێوهبهرایهتی گشتیی دژهتیرۆر به پشتێنی بۆمبڕێژكراو به هاوكاری تیرۆریستی دهستگیكراو (ئهبو جهعفهر) خۆی بتهقێنێتهوه، ههروهها له ههوڵدا بوون بۆ تهقاندنهوهی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له رێگهی ڕیمۆت كۆنتڕۆڵ له بهردهم بنكهی ئاسایش عهنكاوه. تۆڕی دووهم، تیرۆریست (موسا ئیسماعیل عهلوان ئیسماعیل ناسراو به یهعقوب) تیرۆریست (م.ا.ح.) پێشتر له (سووریا له كهمپی هۆڵ) نیشتهجێبوونه و بهشداربوون له كوشتنی چهندین هاووڵاتی لهناو كهمپی هۆڵ، ئهم دوو تیرۆریسته له ساڵی (2022) هاتوونهته شاری ههولێر و لهسهر فهرمانی قیاداتی داعش پلانانیان ههبووه بۆ ئهنجامدانی كاری تیرۆر و كوشتن له شاری ههولێر.
هاوڵاتی وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، بڕیارەكەی دەستەی دەستپاكی لەسەر وەزارەتەكەی دوورە لە ڕاستییەوە و رێكاری یاسایی بەرانبەر سەرۆكی دەستەكە دەگرێتەبەر. خالید شوانی، وهزیری دادی حكومهتی عێراق لهبارهی تۆمهتباركردنی لهلایهن دهستهی دهستپاكییهوه رونكردنهوه دهدات و رایگهیاند، بابهتهكه پهیوهندی به "دهستپاكییه" نیه، دهشڵێت، "پێموایه سهرۆكی دهستهی دهستپاكی پهلهی كرد كه ئهو كۆنفرانسه رۆژنامهوانییهی ئهنجامدا و سوكایهتی و ناوزڕاندنی وهزارهتی داد و وهزیری دادی تیابو". دوای ئەوەی رۆژی 3-1-2023 دەستەی دەستپاكی عێراق بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی وەزیری دادی عێراق بانگهێشتكردبوو بۆ لێكۆڵینەوە ، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستیەوە و پەلەكراوە لە بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان لەلایەن بەرێوبەری دەستەی دەستپاكی عێراقەوە . وتیشی بۆ دەرخستنی راستیەكان چوونەتە بەردەم دادگا و بەڵگەی پێویستیان پێشكەشكردون و دۆسیەكە پەیوەندی بە گەندەڵییەوە نییە. ئاماژهی بهوهشكرد، "رۆژی 3ی ئهم مانگه دو لێكۆڵهر له دهستهی دهستپاكییهوه هاتون بۆ وهزارهتی داد و كاتێك ئێمه له كۆبونهوهی ئهنجومهنی وهزیران بوین داوای ههویه و جنسیهی عێراقی چهند فهرمانبهرێكیان كردوه كه پهیوهندیان به گرێبهستی بهخواردهمهنییهوه ههیه كه دهدرێت به زیندانییهكان، لهبهرئهوهی كاتژمێر 2:00 هاتون و دهوام تهواوبوه، رێككهوتون رۆژی 4ی 1 بێنهوه و بهیانی زو ئهوراقهكانیان بدرێتێ و نوسراوێكیان واژۆكردوه و تیاشیدا نوسراوه كه بهڕێوهبهری كارگێڕی و دارایی وهزارهتی داد زۆر هاوكاریان بوه". ئاماژەی بەوەشكرد، "ئهوهی بهلای ئێمهوه سهرسوڕهێنهربو سهرۆكی دهستهی دهستپاكی چوه كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانی كردوه و ئێمهی بهوه تۆمهتباركردوه كه رێگرین لهوهی ئهو بهڵگانه پێشكهش بكهین و ئهو بهڵگانه پهیوهندی به گرێبهستهكانهوه ههیه، لهكاتێكدا نوسراوهكهی دادگا كه هاتوه باس له بهڵگهنامهی جنسیهی عێراقی دهكات، ئێمه گوێمان به بابهتهكه نهدا و رۆژی 4ی 1ی بهپێی رێكاری یاسایی و ئیداری وهڵامی دهستهی نهزاههمان دایهوه". لە کۆتایدا وتی، " ئەوەی روویداوە بۆتە هۆی شێواندنی ناو و پێگەی وەزیر و وەزارەتەكەشی ئەوەش قبوڵكراو نییە و بۆیە رێكاری یاسایی بەرامبەر بەرێوبەری دەستەی دەستپاكی عێراق دەگرنەبەر."
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2022دا هێزەکانیان زیاتر لە 21 هەزار کەسیان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرکردوە و لەم کاتەشدا 10 هەزار و 637 کەسیان بە فەرمانی دادوەری دەستگیرکراون. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵی رابردو هێزەکانیان نۆ هەزار و 303 دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر روداوی جۆراوجۆر کردوەتەوە و 90%ـی دۆسییەکان یەکلاییکراونەتەوە. وتیشی، بەراورد بە ساڵی 2021 روداوەکانی کوشتن کەمیکردوە، بەجۆرێک ساڵی رابردو 41 روداوی کوشتن هەبوە و ساڵی 2021ـیش 61 روداوی کوشتن هەبوە. باسی لەوەشکرد، ساڵی رابردو 212 کەس دەستگیرکراون کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق وهەرێم فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوە، هەروەها 690 دۆسیەی دیکەی تایبەت بە خراپ بەکارهێنانی ئامارەکانی پەیوەندیکردنیش هەبوە.
بەفربارینی زۆر لە شاری وانی باکوری کوردستان هاوتوچۆ لەناو شارەکەدا ئاستەنگ دەکات و لە شاری قارسیش بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک 15 خوێندکار بونە قوربانیی. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، بڵاویکردە شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین ناوچەکانی پارێزگای وانی گرتوەتەوە و زیاتر لە 30 سانتیمەتر بەفر لەناوەندی شارەکەدا باریوە و رێگای نێوان گەڕەکەکانی شاری وان داخراون و تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی پاککردنەوە و کردنەوەی رێگاکەن. لەلایەکی دیکەوە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی وان ئەمڕۆ پرۆسەی خوێندن لە سەنتەری ئەو شارە راگیراوە و پشو راگەیەنرا. ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی سەرما و بەفر چند پارێزگایەکی باکوری کوردستانی گرتوەتەوە و ناوچەشاخاوییەکان زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریوە و رێگای دەیان گوند گیراون. هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بەیانى ئەمڕۆ لە سنورى شارۆچکەى زاروشاد لە پارێزگاى قەرس لە باکورى کوردستان، مینى پاسێکى گواستنەوەى خوێندکاران دواى ئەوەى شۆفێرەکەى کۆنتڕۆڵ لەدەست داوە وەردەگەڕاوە و بەوهۆیەوە خوێندکارێکى تەمەن 13 ساڵ گیانی لەدەستداوە و 14 خوێندکارى دیکە بریندار بون. سەرچاوەکانى هەواڵ لە باکورى کوردستان ئاشکرایان کردوە کە تیمەکانى فریاگوزاریی چونەتە شوێنى روداوەکە و سەرجەم خوێندکارە بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستوەتەو و شۆفێرى مینى پاسەکەی لەلایەن پۆلیسەوە بەمەبەستى لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنى هۆکارى روداوەکە دەستگیر کراوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دوو شەممە 9ی کانونی یەکەمی 2023، کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە بارانی کەمی پچڕپچڕ و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەتی ناوچە سنورییەکانی باکور، لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی هەرێم رێژەی دابارین زیاتر دەبێت بە تایبەتی لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ، پاشان کەش بەرەو سەقامگیر بون دەچێتەوە بۆکاتەکانی ئێوارە، ئەگەری دروستبونی تەمومژ هەیە زیاتر لە ناوچە بەرزەکاندا. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاند: "ئاسمان ساماڵ دەبێت، ئەگەری دروستبونی تەم هەیە بە تایبەتی لە کاتەکانی بەیانی زودا، پلەی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێتەوە وە لە ناوچە شاخاویەکانی سنوور نزمتر دەبنەو بە (1-2)یلە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە ڕاگەیاند: هەولێر: 11 پلەى سیلیزى سلێمانی: 8 پلەى سیلیزى دهۆک: 11 پلەى سیلیزى کەرکووک: 12 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 8 پلەى سیلیزى زاخۆ: 10 پلەى سیلیزى سۆران: 6 پلەى سیلیزى گەرمیان: 14 پلەى سیلیزى
هەدەپە دوای راگرتنی ئەژمارە بانکییەکانی کەمپینی هاوکاریی دارایی رادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات دوای دیاریکردنی کاندەدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لە تورکیا ئامادەن دانوستان لەگەڵ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بکەن. مەدحەد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، پارتەکەی ئەوان کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە تورکیا دیاریی دەکەن بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە دەرگای دانوستانیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە داخەن. هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوە کرد کە دوای دەستنیشانکردنی کاندیدەکەیان ئەگەر کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا داوا بکات ئەوا ئەوان ئامادەن دانوستان بکەن لە پێناو پشتیوانیکردن یا نەکردنی کاندیی ئۆپۆزسیون لە هەڵبژاردنەکاندا. مەدحەد سانجار جەختی کردەوە، ئەگەر هەمو لایەنکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئێرادەیەکی هاوبەشیان هەبێت ، دەتوانن لە هەڵبژاردنەکانی پەلەمان و سەرۆک کۆماریی دا بەرامبەر دەسەڵات سەرکەوتن بەدەست بهێنن. لە لایەکی دیکەوەهەدەپە بەهۆی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی لە لایەن گەنجینەی تورکیا کەمپینی هاوکاریی و پشتیوانیی بۆ پارتەکەی رادەگەیەنێت. دوای ئەوەی دادگای دەستوری تورکیا بڕیاریدا ئەژمارە بانکییەکانی هەدەپە رابگرێت، ئەو پارتە لە ئێستادا ئامادەکاریی دەکات بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی. سایتی گازەتەدوڤار بلاوی کردوەتەوە؛ ئەگەر راگرتنی ئەژمارە بانکییەکانی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە نەبوایە ئەو پارتە تا 10ی ئەم مانگە نزیکەی نۆ ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری وەردەگرت و بە گشتی لە ئەمساڵدا نزیکەی 29 ملیۆن دۆلار دەدرایە هەدەپە. سەرچاوەکە ئاشکرای کرد هەدەپە بریارە تانە لە دادگای دەستوریی تورکیا بدات و هاوکات ئامادەکاریی دەکات بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی. ئەوەش لە کاتێکدا بەرپرسانی هەدەپە جەختیان کردوەتە هەدەپە و پارتەکانی کوردی پێش ئەو بە بەردەوامی لە هەرڵبژاردنەکاندا پشتیان بە هاوکاریی گەنجان و پشتیوانیی گەل بەستوە.
هاوڵاتی بەرپرسێکی ئێزیدییش لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەڵێت، تا ئێستا پەرلەمانی ١١ وڵات دەنگیان لەسەر بەجینۆسایدناساندنی پرسی کوردانی ئێزیدی داوەو وا بڕیاریشە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر بەجینۆسایدناساندنی پرسی کوردانی ئێزدی بدات و و ئەگەر ئەڵمانیاش بڕیار بدات کاریگەریی دەبێت. سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاندووە: "بڕیارە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر پرسی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی بدات، بڕیاردان لەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی لە جیھاندا، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتێکی وەک ئەڵمانیاوە کە بەگشتی لەسەر ئاستی جیھان سەنگی خۆی ھەیە.'' بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدییەکان دەشڵێت: "لە ئەڵمانیا ٢٥٠ ھەتا ٣٠٠ ھەزار کوردی ئێزدی ھەن، لەبەر ئەوەیش بۆ ئێمەی کوردانی ئێزیدی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا گرنگیی خۆی ھەیە.'' سعود مستۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تا ئێستا پەرلەمانی ١١ وڵاتی ئەورووپی دەنگیان داوە لەسەر بەجینۆسایدناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزیدی ھاتووە و ھەوڵەکانی ئێمەیش چ وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چ وەکوو کوردانی ئێزدی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پرسی کوردانی ئێزیدی بەجینۆساید بناسێندرێت.''
هاوڵاتی بەگوێرەی راپرسیەک کە ١٤ پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیا کراوە، پارتی دیموکراتی گەلان دەتوانێت ٧٠.٧٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپەش دەڵێت، دەتوانن کاندیدی سەربەخۆیان هەبێت و پێیان وایە دەنگێکی زۆر بەدەست دەهێنن، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش پشتگیری خۆی بۆ قسەکانی پەروین بوڵدان لەبارەی کاندیدی سەربەخۆ دەربڕێ. کۆمپانیای سپیکتروم هاوسی تایبەت بە لێکۆلینەوەکان، راپرسیەکی لە پارێزگاکانی ئاگری، بەدلیس، ئامەد، قەرس، ئیغدر، مێردین، کوش، شرنەخ، ئورفا، وانی باکوری کوردستان و ئەو هەرێمانەی کە زۆرترین دانیشتوانی کوردن لە ئەستەنبوڵ، مێرسین، کۆنیا و بورسای تورکیا ئەنجامدا. هەزار و ٩٣٤ کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. لە راپرسیەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە دەنگ بە کام هاوپەیمانی دەدەیت؟ و ئەندامی راپرسیەکە بەم شێوەیە بووە؛ هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و شەش پارتی چەپ) ٧٠.٧٪ هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) ٩.٤٪ هاوپەیمانی گەل ( جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، دیموکرات، دەڤا و دوارۆژ) ٩.٢٪ پارتەکانی دەرەوەی هاوپەیمانێتیەکان ١.٢٪ بایکۆت ٤.٢٪ بێبڕیار ٥.٢٪ نامەوێت وڵام بدەمەوە ٠.١٪ لەلایەکی دیکەوە پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەی ریکخستنی پارتەکەیدا لە پارێزگای ئیغدری باکوری کوردستان قسەی کرد و وتی، " چاوی هەموو کەسێک لە هەدەپەیە کە پشتگیری لە هاوپەیمانی گەل دەکات یان نا؟ ستراتیژی هەدەپە وەک هەڵبژاردنی شارەوانیەکان دەبێت یان نا؟ دوێنێ لە قەرس قسەم کرد. وتم هەدەپە کاندیدی خۆی دەبێت. هەموو کەسێک باسی کاندیدەکەی هەدەپە دەکات. باسە بۆچی هەدەپە کاندیدی نەبێت. هەدەپە جیاوازی چییە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە. هەدەپە لەم وڵاتە ئیرادەیەکە. هەدەپە پارتێکی سیاسیە. ئیرادەی گۆڕانکاریشی لەم وڵاتەدا هەیە و دەتوانێت کاندیدی خۆشی هەبێت." سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لە نوسینێگدا پشتگیری خۆی بۆ قسەکانی پەروین بوڵدان دەربڕی و وتی، " ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بیر لە سەردانی هەدەپە و گفتوگۆی کراوە و دانوستان لەگەڵ هەدەپە نەکاتەوە، هەدەپە دەتوانێت کاندیدێکی هاوبەشی بۆ هاوپەیمانێتیەکەی هەبێت.
ئەمڕۆ 114 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە و دژی سێدارە و سەرکوت، دوکان و بازاڕەکانی زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە و چالاکی و شێوازی جیاواز لەگەڵ یادکردنەوەی سێیەم ساڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، ناڕەزایەتیی دژی سوپای پاسداران و سزای سێدارە لە وڵاتەکە بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکانیس لە سنە و تاران و ئەسفەهان پەلاماری خۆپیشاندەرانیان دا. ئەمڕۆ لە شاری سەقز دوکان و بازاڕەکان نەکراونەوە و لەسەر گڵکۆی دو قوربانیی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە و خەڵکی ئەو شارەش پشتیوانیی خۆیان بۆ شاری جوانڕۆ دوبارە کردەوە. لە شاری سەقز بە رێوڕەسمێکی جەماوەریی یادی سێ ساڵەی گیانلەدەستدانی دو قوربانیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا کرایەوە کە بەهۆی موشەکەکانی سوپای پاسداران لە ئاسمانی تاران تێکشکێنرا و سەرجەم 176 سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانییەکەی گیانیان لەدەستدا کە ژمارەیەکیان کورد بون. هاوکات لەگەڵ سەقز لە شارەکانی سنە و بۆکان و ئیلام و کرماشان و مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵات دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. بە گشتی تا ئێستا لە ماوەی 114 رۆژی ناڕەزیەتییەکاندا زیاتر لە 20 رۆژ، مانگرتنی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچوە و دوکان و بازاڕەکان نەکراونەتەوە. رۆژی یەکشەممە لە زانکۆی هونەر لە تاران و چەند ناوچەیەکی ئەو شارە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکانیش بڵاویان بە خۆپیشاندەران کرد. گەنجانی سنە و مەهاباد شەوی یەکشەممە لە چەند شەقامێکی شارەکانیان بە کردنەوەی ئاگر ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە ئەسفەهان و قەزوێن و تاران رێپێوان و خۆپیشاندان بەڕێوچو. ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکانی ئەمشەوی (سنە، مەهاباد، قەزوێن، تاران) هاوکات لەگەڵ لە شاری ئەنزەلی لە باکوری ئێران و قەزوێن لە زانکۆ و شوێنە سەرەکییەکانی تاران و ئەسفەهان خۆپیشاندان بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵات وترایەوە. لە بەلجیکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و سویسڕا یادی سێیەمین ساڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا کرایەوە و لە خۆپیشاندانەکاندا دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە کە بە بیانوی تۆڵەسەندنەوەی قاسم سولەیمانی بە موشک ئەو فڕۆکەیەی تێکشکاندا. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە زیاتر لە پێنج رۆژە شاری جوانڕۆ بە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازیی و هێزی ئەمنی تەنراوە و کەشی سەبازیی بەسەر ئەو شارەدا سەپێنراوە. ئەو رێکخراوەیە ئاماژەی بەوەش کردوە ئەمڕۆ دادگایەکی ئێران لە شاری تاران سزای دو ساڵ زیندانیی بەسەر مەهسا فەرهادی خەڵکی شاری سنەدا سەپاندوە. فەرهادی کە کوردە و دانیشتوی شاری تاران بوە تۆمەتی هاندان و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەسەردا سەپێنراوە. دەستگیرکردنی گەنجان و لاوانی کورد لە شارەکانی جوانڕۆ و بانە و مەریوان و سنە بەردەوامە و یەکیک لە دەستگیرکراونیش چالاکوانێکی ژن بوە لە شاری بانە. هەواڵگریی ئێران بڵاوی کردەوە 16 کەسیان لە پارێزگای خوراسان دەستگیر کردوە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رۆڵیان هەبوە لە هاندانی خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی و توندوتیژیی. بە پێی بەیاننامەیەک کە دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئێتڵاعات) بڵاوی کردوەتەوە ئەو 16 کەسە لە رێگەی ئەندامانی نهێنیی و شارەزای تەکنەلۆژیا چاودێریی کراون و دەرکەوتوە رۆڵیان هەبوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بانگەشە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە وڵاتەکەدا و دواتر دەستگیر کراون. ڤیدیۆ؛ دایکێکی کورد دوای چوار ساڵ گۆڕی کوڕەکەی بۆ ئاشکرا دەبێت دایکی حامید سەیف پەناهی، کە لە پێکدادانێکدا لەگەڵ چەکدارانی دەسەڵاتی ئێران گیانی لەدەستدا، دوای چوار ساڵ گۆڕی کوڕەکەی بۆ ئاشکرا دەبێت. سەیف پەناهی، پێشمەرگەی یەکێک لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بو کە لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەیدا لە مەریوان دەکەونە بۆسەی هێزە چەکداراەکانی ئێران و تەنها یەک کەسیان بە برینداری دەکەوێتە دەست ئەو هێزانە و سێ کەسیان گیانیان لەدەست دەدەن . رامین حسێن پەناهی لەو شەڕ و پێکدادانەدا بە برینداری دەستگیر دەکرێت کە ئەویش دواتر لەسێدارە درا. ڤیدیۆ؛ چیرۆکی لەسێدارەدانی بێکەسێک بەرەبەیانی رۆژی شەممە سەیدمحەمەد حسێنی و مەحەمەد مەهدی کەرەمی لەسێدارەدارن و هەر ئەو رۆژە تەرمی هەردوکیان بەخاک سپێردران بەڵام محەمەد کەس نەبو لەسەر گڵکۆکەی ئامادەبێت و شینی بۆ بگێڕێ ، یان بە داگیرسانی مۆمێک یادی بکاتەوە چونکە ئەو گەنجە لەسێدارە داروە دایک و باوکی لە ژیاندا نەماون و تەنها برایەکی هەبوە کە ئەویش بێسەروشوێنە. ئازاری چیرۆکی بێکەسیی محەمەد وای لە دایک و باوکی جەرگ سوتاوی مەهدی کەرەمی کرد کە بچنە سەر گڵکۆکەی ئەو گەنجە و هاوشێوەی رۆڵەی خۆیان(مەهدی) شینی ئەویش بکەن و بە داگیرساندنی مۆمیش یادی بکەنەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ وەزارەتی خویندنی باڵا وتویژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی سەرەکی وەزارەتەکە رایگەیاند، کە وڵاتی ڕووسیای فیدراڵ ٦٠ زەماڵەی خوێندنی بەکالۆریۆس وماستەر ودکتۆرا بۆ خویندکاران وفەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەێنێت بۆ ساڵی خویندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤. لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاشیگەیاند هەرکەسێک بەو زەماڵەیە قەبوڵ بکرێت حوکمەتی ڕووسیا سەرجەم تێچووی خویندنەکەی دەگرێتە ئەستۆ، لە راگەیندراوەکەدا تەواوی مەرجەکان بۆ وەرگرتنی زەماڵەکە خراونەتە ڕوو. ئەوانەی خوازیارن دەتوانن لەم لینکەوە داواکاری خویندن پێشکەش بکەن: https://education-in-russia.com دەقی ڕاگەێندراوەکە: وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە ڕوسیا ڕادەگەیەنێت وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، کە وڵاتی ڕوسیای فیدرال ٦٠ زەمالەى خوێندنى (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکات، بەمەبەستی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بەم شێوەی خوارەوە. هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزوی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتی ڕوسیا دەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، تکایە داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن: 1.بەکالۆریۆس: • پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت. • پێویستە لە هیچ دامودەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزرابێت. • بۆ ئەو پێشکەشکارانەی داواکاری بۆ پسپۆری پزیشکی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانستیان لە (٨٥%) کەمتر نەبێت، بۆ ئەو بەرێزانەشی کە داواکاری بۆ پسپۆری ددان و دەرمانسازی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانستیان لە (٨٠%) کەمتر نەبێت، هەروەها ئەو بەرێزانەی کە داواکاری بۆ پسپۆری ئەندازیاری پیشکەش دەکەن دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانیستیان لە (٧٥%) کەمتر نەبێت. • کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی روسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ خوێندنەوەى وردەکاری زیاتر سەردانی مالپەری زەمالەکە بکەن. تێبینی: • لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەری زەمالەکە دەبێت، وەزارەتەکەمان هیچ فایلێکى لەبەردەست نابێت تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تاکو دەرچونی ئەنجامەکان، بە هیچ شێوەیەک پێشکەشکار سەردانی وەزارەت نەکات. • کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پر بکاتەوە: Scholarship.digital.gov.krd 2. ماستەر: • پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت. • پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو سال خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە. • پێویستە کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت. • پێشکەشکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت). • کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان. • کاندیدی سەرکەوتو لەلایەن وڵاتی روسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن. تێبینی: • لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نیە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن. • کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پر بکاتەوە: Scholarship.digital.gov.krd 3. دکتۆرا: • پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت. • پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە. • دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (٧٠%) کەمتر نەبێت. • داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت). • کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان. • کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وولاتی روسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن. تێبینى: • لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکە دەبێتیە، ، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نیە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن. • کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پڕبکاتەوە: Scholarship.digital.gov.krd سەرنج: هەرکەسێک مەرج و ڕێنماییەکانى ئاماژە پێکراوى خوێندنەکانى تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت و بڕوانامەکەی بۆ یەکسان ناکرێت.
هاوڵاتی حكومهتی ههرێمی كوردستان بڕیاری دامهزراندن بهشێوهی گرێبهست لەسەر میلاکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی بۆ ئەو مێردمنداڵانه دهركرد كه لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەمەنیان گەیشتووهتە سەروو 18 ساڵ. ئهمڕۆ یهكشهممه (8ـی كانوونی دووهم/یهنایهری 2023)، وهزارهتی كار و كاروباری كۆمهڵایهتی له راگهیهندراوێكدا رایگهیاند: لە درێژەی ھەوڵەکانی خاتوو کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەلایەتی بۆ نەوجەوانانی ناو خانەکانی کوڕان و کچانی بێسەرپەرشت، مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دامەزراندنی ئەو مێردمنداڵانهی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەمەنیان گەیشتووهتە سەروو 18 ساڵ بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی، خەرج کردنی مووچەکانیان بە پێی رێنمایی دارایی ژمارە 10ی ساڵی 2019 دەبێت. له راگهیهندراوهكهدا ئاماژه بهوهشدراوه، ئهو مێردمنداڵانهی بڕیارهكهی دامهزراندنیان بۆ دهرچووه، نابێت لە ھیچ دامودەزگایەکی حکومەت مووچەی دیكهی ههبێت. ئهوهش خراوهتهڕوو، "ئەم دامەزراندە بەردەوام دەبێت".
