هاوڵاتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، لیز ترەس کرد و ئاشكرایكرد، "بە پەرۆشین بۆ پێکەوە کارکردن بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بەھێزەکانمان و بەھا ھاوبەشەکانمان". سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێدا پیرۆزبایی لە لیز ترەس کرد کە وەک سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ھەڵبژێردراوە. نێچیرڤان بارزانی لە تویتەکەدا نووسیویەتی: "پیرۆزبایی لە لیز ترەس دەکەم کە وەکو سەرۆکی پارتی پارێزگاران ھەڵبژێردراو دەبێتە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم و بە پەرۆشین بۆ پێکەوە کارکردن بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بەھێزەکانمان و بەھا ھاوبەشەکانمان".

هاوڵاتی گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە ناوچەی قەرەتەپە سەر بە خانەقین لە دوێنێ ئێوارەوە دیار نەماوەو کەسو کاری گومان دەکەن لە لایەن تیرۆرستانی داعشەوە ڕفێنرابێت. بە پێی زانیارییەکان ئێوارەى دوێنێ، شوانێکی کورد بە ناوی سەباح نوری رەشید لەسنوری شارەدێی قەرەتەپەی سەر بەشارۆچکەی خانەقین، دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە لایەن تیرۆرستانی داعشەوە ڕفێنراوەو هیچ سۆراغێکی نییە. لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە سەرقاڵی بەدواداچونن لەبارەی کەیسەکەوە. جێگەی باسە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمە سێیەم هاوڵاتی گوندی نارینە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دەڕفێنرێت، کە یەکێکیان بەپارە ئازاد کراو یەکێکی دیکەیان بەناوی جەلال، کە کارمەندی پۆلیسی گەرمیان بوو لەلایەن تیرۆرستانەوە کوژراو ڤیدیوەکەشیان بڵاوکردەوە.

هاوڵاتی به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی، لە شاری ئاگری باکوری کوردستان پێنج خوشک کە بە یەک سک لەدایکبوون، دوای ئەوەی تەمەنیان گەیشتە شەش ساڵ، بەیەکەوە چوونە بەر خوێندن. ئاژانسه‌که‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ ڕوو خەدیجە و فاتیح چیفتچی، دایک و باوکی ئەو پێنج خوشکەن لە قوتابخانەیەکی ئاگری هەر پێنج خوشکەکەیان بەیەکەوە ناونووس کردووە کە ناویان، تەنزیلە، رابیعە، حەوا، بەرفین و هیرانوورە. پێنج خوشکە جمکەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە خۆیان بۆ چوونە قوتابخانە، ئامادە کرد و لەگەڵ دایک و باوکیان چوونە قوتابخانە. لە باخچەی قوتابخانەدا، پێنج خوشکەکە لەگەڵ قوتابییەکانی دیکە یەکتریان ناسی و پێکەوە دەستیان بە یاری کرد، دواتریش هەموویان چوونە ناو پۆلەکانیان. بەڕێوبەری پەروەردەی پارێزگای ئاگری، حەسەن کۆکرەک سەردانی قوتابخانەکەیانی کرد لە لێدوانێکیشیدا بۆ رۆژنامەنووسان، باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ لە پارێزگای ئاگری، ٢٥ هەزار قوتابی دەچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی، گوتیشی: "بۆ ماوەی هەفتەیەک قۆناغی راهێنانی قوتابییەکان بەڕێوەدەچێت. لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا بەخێوکەری قوتابییەکان سەردانی قوتابخانەکان دەکەن و بەشەکانی ناوەوە و دەرەوەی قوتابخانەکان دەبینن. دەستکردن بە فێرکردنی ئەم پێنج خوشکە، ئێمەی زۆر دڵخۆش کرد. لە نزیکەوە بە خۆیان و خێزانەکەیان، ئاشنا بووین".  

هاوڵاتی پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند خەڵکی هەڵەبجە هەرگیز قوربانیدانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گەلی ئێران لەبیر ناکەن و هەمیشە سوپاسگوزاری میللەتی ئێرانین. ئاژانسی کورد پرێسی ئێرانی بڵاویکردۆته‌وه‌ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە دیدارێكدا لەگەڵ ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە، ستایشی خزمەتەكانی میللەتی ئێران و كۆماری ئیسلامیی بۆ خەڵكی هەڵەبجە كرد. ناوبراو ڕاشیگەیاند: لە كاتی تاوانی سەدامدا ئەگەر یارمەتی گەلی ئێران نەبوایە، ئەم کارەساتە دەیتوانی قوربانیی زیاتری لەناو خەڵکی هەڵەبجەدا لێبکەوێتەوە. ئازاد تۆفێق جەختی کردەوە: "ئەوان هەرگیز ئەم فیداکارییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەلی ئێران لەبیر ناکەن". ناوبراو ئامادەیی پارێزگای هەڵەبجەی ڕاگەیاند بۆ کردنەوەی بازاڕی سنووریی "ملە خورد" و دەشڵێت: بواری بەرفراوان هەیە بۆ کاری فەرهەنگی و ئابووری و بازرگانی، بە تایبەتی لە نێوان پارێزگای هەڵەبجە و شاری سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستان. لای خۆیەوە پارێزگاری کوردستان(سنه‌)، لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە مەبەستی پشکنینی ژێرخانەکان و ئامادە کردنی پێداویستییەکان بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی ئەربەعین لە سنووری باشماقەوە بەڕێوەچوو، ئاماژەی بە کیمیابارانی سەدام و ڕژێمی بەعس کرد بۆ سەر خەڵکی چەوساوەی هەڵەبجە و ڕایگەیاند: تاڵیی ئەم کارەساتە دڕندانەیە هەرگیز لە بیری خەڵکی ئێران ناسڕێتەوە و گەل و میدیاکانمان هەموو ساڵێک لە ساڵیادی ئەم تاوانە گەورەیەدا ئەو زوڵم و زۆردارییە بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا هات دێننەوە بیر. ئیسماعیل زارعی کووشا جەختی لە هاوبەشییە کولتوورییە قووڵەکانی نێوان خەڵکی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە باسیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و رۆشنبیرییەکان کرد. ناوبراو ئاماژەی دا بە توێژینەوە تەکنیکیەکان بۆ کردنەوەی بازاڕی "ملە خورد" و وتی کردنەوەی بازاڕە سنوورییەکان دەبێتە هۆی بووژانەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان. هەروەها باسی لە هاتووچۆی زیارەتکارانی ئەربەعین کرد لە مەرزی باشماخەوە کە بۆ یەکەمجارە و ئەوەشی بە فاکتەرێکی گرنگ لە پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای کوردستان و ناوچەکە هەڵسەنگاند.

هاوڵاتی لە پێنج مانگی ڕابردوودا ١٠ هەلیکۆپتەری سوپای تورکیا خراونەتە خوارەوە لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢ وە بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینای باشووری کوردستان، هەتا ئێستا، بەلایەنی كەمەوە ١٠ هێلیكۆپتەری سوپای تورك لەلایەن گەریلاكانی پەکەکەوە خراونەتە خوارەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی  فورات نیوز لە سەرەتای مانگی ئەیلول ی ٢٠٢٢ هەتا ئێستە  گەریلاکانی پەکەکە سێ هێلیکۆپتەری سوپای تورکیایان لە ناوچەکانی بەرخۆدان خستووەتە خوارەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە لە ڕۆژانی ٢ و٣ ی ئەیلولدا دوو هەلیکۆپتەر خراونەتە خوارەوە بە هەمان شێوەش لە شەوی ٤ی ئەیلول دا هێلیكۆپتەرێكی سكۆرسكیی لە ئامێدی خراوەتە خوارەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەكانی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل –هەپەگە، شوێنی كەونتەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكانی دەوڵەتی توركیا  بەم شێوەیە بووە؛ دوو هێلیکۆپتەر لە ئەشكەوتی برینداران لە زاپ دوو هێلیکۆپتەر لە شاخی شەهید فەداكار دوو هێلیکۆپتەر لە شاخی ئامێدی یەك هێلیکۆپتەر لە شاخی شەهید شاهین یەك هێلیکۆپتەر لە شاخی هەكاری یەك هێلیکۆپتەر لە شاخی ئێف ئێم یەك هێلیکۆپتەر لە شاخی جودی

هاوڵاتی / عه‌مار عه‌زیز بڕیاره‌ سبه‌ی سێ شه‌ممه‌ 6-9-2022 مامۆستایانی وانه‌بێژه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دواین په‌یام ئاراسته‌ی حكومه‌ت بكه‌ن كه‌ ئه‌ویش دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ ده‌رگای خوێندنگاكان به‌رووی خوێندنكاران ده‌كرێنه‌وه‌. عه‌لی ره‌ئووف مسته‌فا، نوێنه‌ری گشتی وانه‌بێژانی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوڵاتی ی وت"رۆژی سێشه‌ممه‌ ٦ ی ٩ ی ٢٠٢٢ كاتژمێر (10) ی به‌یانی خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانه‌بێژان له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ولێر ده‌ستپێده‌كات،  ده‌بێت هه‌موومان به‌ یه‌ك ده‌نگ رابگه‌یه‌نین چیتر وانه‌بێژیمان قبوڵ ناكه‌ین. وتیشی: ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕۆژی دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژه‌و، په‌یامێك ده‌ده‌ینه‌ ده‌سه‌ڵات، تابزانن كه‌ مامۆستایانی وانه‌بێژ بێ ده‌نگ نابین، ته‌نها یه‌ك داواكاریمان هه‌یه‌ ئه‌ویش دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژه‌ " عه‌لی ره‌ئووف راشیگه‌یاند: ژماره‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ ساڵانه‌ زیاد ده‌بن ته‌نها له‌ پارێزگای دهۆك ژماره‌یان (11135) ، له‌پارێزگایه‌كانی تر به‌هه‌مانشێوه‌ ژماره‌یان زۆره‌، تاكه‌ی به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنی ناڕاست رازیمان ده‌كه‌ن، تا بچینه‌وه‌ هوڵه‌كانی خوێندن، ئه‌مجاره‌ ته‌نها به‌دامه‌زراندن رازی ده‌بین".  

هاوڵاتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بێ بەرامبەر نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکانی چارەسەر دەکات، و ئەو نەخۆشانەی کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەرییان نییە، پارەی نەشتەرگەرییان لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومیەکان بۆ خەرج دەکات. دکتۆر بێستون سەیفەدین، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە تیشک لە هەولێر بە ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە ''ڕۆژانە ١٤٠ بۆ ١٦٠ نەخۆش بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن و لە دوو شیفتی یەکەم و دووەم لە کاتژمێر ٨ بەیانی تا ٥ ئێوارە، چارەسەری نەخۆشەکانی شێرپەنجە (نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی و تیشک) بێ بەرامبەرە. وتیشی تەنها لە شیفتی سێیەم بە شێوەی تایبەتییە، بەڵام تێچووەکەی زۆر کەمترە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان. لە %٧٥ تا %٨٠ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە هەردوو شیفتی یەکەم و دووەم دەکرێن و بێ بەرامبەرە.'' دکتۆر بێستون سەیفەدین راشیگەیاند:''ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجە کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەرییان نییە، بە ڕەزامەندیی لیژنەیەکی پسپۆر، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و خەرجییەکەشی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و لە ڕێگەی سندووقێکەوە، لە لایەن حکومەتەوە بۆ نەخۆشەکە خەرج دەکرێتەوە.'' بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات سەبارەت بە بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت:''لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجەی مەمک و سییەکان و سەر و مل و پرۆستات و کێشەی ئافرەتان بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجەن.'' بەرواری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە لەنێوان نەخۆشخانە حکوومییەکان و نەخۆشخانە ئەهلییەکان بە وتەی د.بێستون سەیفەدین هەموو جۆرە چارەسەرییەکی نەخۆشیی شێرپەنجە لە سەنتەری ئاوات لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی تا ٥ ی ئیوارە بێ بەرامبەرە، تەنها لە شیفتی تایبەتی سەنتەری ئاوات لە دوای کاتژمێر ٦ تا ٩ ی شەو نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بە ٤٠ تا ٦٠ هەزار دینار نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، و ئەم نەخۆشییە بە کۆی ١٥ دانیشتن (جەلسە) بە ٦٠٠ تا ٩٠٠ هەزار دینار چارەسەر دەکرێت. نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل بە کۆی ٣٣ دانیشتن (جەلسە) بە یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دینار چارەسەر دەکرێت. بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی عێراق، نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک دوو ملیۆن تا چوار ملیۆن دیناری تێ دەچێت، و چارەسەریی کیمیاییش بۆ هەر دانیشتنێک (جەلسە) ٧٠٠ تا هەزار دۆلار، و تیشکەکەشی لە ٣هەزار دۆلار کەمتر نییە. چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەریەکەی ١٠ تا ١٢ هەزار دۆلاری تێدەچێت. و تیشکەکەی ٦ تا ٧ هەزار دۆلارە و کیمیایەکەشی بۆ هەر جەلسەیەک هەزار دۆلارە. بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت:''٣٠% نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک پێویستییان بە دەرمانی بیۆلۆژی هێرسپتن (Herceptin) هەیە و نەخۆشەکە پێویستە بۆ ماوەی ساڵێک ئەم دەرمانە وەربگرێت و هەر دانیشتنێک (جەلسە)یەکی لەسەر حکومەت ١٢٠٠ دۆلاری دەوەستێت و بێ بەرامبەر بە هاوڵاتییان دەدرێت. نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەندکتۆر بێستون سەیفەدین حەسەن، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە رایگەیاند:''لە موسڵ نەخۆشییەکی یەکجار زۆری شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن. وتیشی  لە %٣٠ نەخۆشەکانی شیفتی یەکەم و دووەمی سەنتەرەکە کە چارەسەرییەکە بێ بەرامبەرە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێن. بەڵام لە شیفتی تایبەتی نیوەیان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراقن.   ئامارەکانی  نەخۆشی شێرپەنجە ڕێژەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە چاو دانیشتواندا زیادی نەکردووە، و شێوازی دیاریکردنی نەخۆشییەکەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر زیاتر لە %٤٠٠ فەرقی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٥ تەنها لە هەولێر ١٣٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە دیاریکراوە. بەڵام ساڵی رابردوو ٢٨٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە لە هەولێر تۆمار کراون. بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵی ٢٠١٠ تا ئێستا ٢٣ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە لە هەوڵێر تۆمار کراون.

هاوڵاتی بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگه‌یاند چاوەڕێ دەکرێت هەڵبژاردن بکەوێتە ساڵی ئایندە و تەنها لەسەر ئەوە ماوە لایەنەکان لەسەری بگەنە ڕێککەوتن، ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ پارتی هەمیشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە. نیازی حەمە عەزیز بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ، به‌ میدیای حزبه‌که‌ی ڕاگه‌یاندووه‌: ''پارتی هەمیشە هەڵوێستی وا بووە هەر هەڵبژاردنێک هاتبێتە پێش بڕوای بە خۆی بووە و ئامادە بووە و ئێستاش لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پەرلەمانی کوردستان پارتی دڵگەرمە هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە کە ناکرێت پارتی هۆکار نییە، چونکە سەرۆک بارزانییش باسی لەوە کرد سبەی هەڵبژاردن بکرێت، پارتی ئامادەیە''. وتیشی: ''ئێستا کارەکە لەسەر ئاستی بەرزی لایەنەکان ماوە بۆ هەڵبژاردن و کاری هیچ دەزگایەکی هەڵبژاردن نەماوە و ئەوان کاری خۆیان کردووە و ئێمەش کاری خۆمان کردووە و ئێستا لەڕووی سیاسییەوە ماوە، چونکە کاری ئێمە تەکنیکییە و بڕیاری سیاسیی پێویستە کە هەڵبژاردن بکرێت، یاخود نا''. گوتیشی: هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یوئێن بەردەوامە و پارتی هیچ دوودڵ نییە و ئێستاش بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەی لووتکە بکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا، بۆیە کۆبوونەوەکە دەکرێت . حەمە عەزیز ڕوونیشی کردەوە: چەند هۆکارێک هەن کە هەڵبژاردن نەکراوە؛ کۆمسیۆن ماوەی بەسەر چووە و یاسایەکە تێبینیی لەسەرە و هەندێک لایەن دەیانەوێت دەستکاری بکرێت و ئێمە وەکوو پارتی لە کۆبوونەوەی لایەنەکان ڕای خۆی داوە، بۆیە هەرکاتێک لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن وادەکە دیاری دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ ماوەی کەم ماوە و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، ڕەنگە بەهاری داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت، چونکە کۆمسیۆن بە لایەنی کەمی شەش مانگی پێویستە.

هاوڵاتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا هەپەگە ڕایگەیاند، لە ١٨ چالاکیی تیمەکانی گەریلادا ٢١ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و هێلیکۆپتەرێک و سەنگەرێکی سوپای تورکیاش تێکشکێندراون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە: گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ڕۆژانی یەک تا سێی ئەم مانگە، ١٨ چالاکییان دژی سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەکانی زاپ و خواکوکی باشووری کوردستان ئەنجامداوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو: کە لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ٢١ سەربازی تورک کوژراون و هێلیکۆپتەرێکی سکۆرسکیی و سەنگەرێکیش تێکشکێندراون. ڕاشیگەیاندووە: کە سوپای تورک ١٠ جار بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکیی و چەکی کیمیایی، ٩٨ جار بە هێلیکۆپتەر و ١٩ جار بە فڕۆکەی جەنگیی و دەیان جاریش بۆ تۆپ و هاوەن، ناوچەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە.

هاوڵاتی  هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بەهۆی هێرشی درۆنەکانی تورکیاوە زیانى زۆریان بەرکەوتووە، ئێستا لە جووڵەکانیاندا کەڵک لە پشتیوانیی ئەمنیی هاوپەیمانان و ڕووسیا دەگرن. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا کە بەهۆی دژایەتیی نێودەوڵەتییەوە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانی زەمینی لە دژی هێزە کوردییەکانی سووریا بێ هیوا بووە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هێرشەکانی لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر هێزە کوردییەکانی سووریا زیاد کردووە. لەم هێرشانەدا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ئەم هێزە گیانیان لەدەست داوە، لەوان جێنشینی مەزلوم کۆبانی، فەرماندەی کوردی هێزەکانی سووریای دیموکرات. بەرپرسانی باڵای ئەم هێزە دڵنیان لەوەی کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە  لە ئێستادا تورکیا ناتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان لە دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام بدات، تەرکیز لەسەر هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات. فەرماندەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە گۆڤاری سیریا دیرێکت-ی وتووە لە ئێستادا هێزەکانی هەسەدە هەوڵی تەکتیکی و ئەمنییان بۆ خۆپاراستن لە هێرشی درۆنەکانی تورکیا دەست پێکردووە. یەکێک لە هەوڵانەش ئەوەیە کە تا ئەو کاتەی پێویست نەبێت واز لە هاتوچۆی ناپێویست بێنن. بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات بەبێ یاوەریی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هەروەها بەبێ ئاگاداریی هێزەکانی ڕووسیا گەشت ناکەن. جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆیان لە جووڵەی ناپێویست بەدوور دەگرن. یەکێک له سەرچاوه سەربازییه کوردەکانی سووریا بە ئەم گۆڤارەی وتووه، زۆربەی فەرماندەکانی هەسەدە له بنکە ئەمریکییەکان جێگیر کراون و ئەو بنکانه جێناهێڵن جگه له حاڵەتی بەپەلەدا نەبێت، چوونکه له ئێستادا تەکنەلۆجیا و کەرەستەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە بەردەست نییە. مەحموود حەبیب، فەرماندەی لیوای باکووری دیموکرات سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە دوای رێککەوتنی نێوان رووسیا و تورکیا و ئەمریکا لە ساڵی 2019وە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر کورد دەستیپێکردووە، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە ژمارەی ئەو هێرشانە زیادی کردووە. لای خۆیەوە ئارام حەنا، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند کە واژۆ کردنی ڕێککەوتنی سەربازیی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی یەکێکە لە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا. هێزەکانی سووریای دیموکرات وێڕای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی، بەکار هێنانی مۆبایل و کەرەستەی ئەلەکترۆنییان لە نێو هێزەکانی خۆیان قەدەغە کردووە  چوونکە ئەو ئامێرانە وادەکەن تورکیا بە ئاسانی شوێنی ئەو هێزانە بدۆزێتەوە.

هاوڵاتی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلول، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌شێك له‌كارمه‌ندانی فه‌رمانگه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆبۆوه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ فه‌رمانی دا له‌ماوه‌ی رۆژانی داهاتوو 53 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بكه‌وێته‌ گه‌ڕ. به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی، قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان وتووه‌، پێویسته‌ ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان جدی ببێته‌وه‌و له‌هیچ كه‌سێك قبوڵناكرێت گه‌نده‌ڵی بكات.  ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: له‌هیچ به‌ڕێوه‌به‌رێك قبوڵ ناكه‌م وه‌به‌رهێنه‌ران راوبنێن بۆ شاره‌كانیترو هه‌روه‌ها قبوڵی ناكه‌م پاره‌و سه‌رانه‌ له‌ وه‌به‌رهێن وه‌ربگیرێت. له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاندوه‌، نابێت ببینه‌ رێگر له‌كاری بازرگانه‌كان و ده‌بێت رۆتین كه‌م بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها نابێت كێشه‌ بۆ كه‌رتی تایبه‌ت وه‌به‌رهێنه‌ران دروستبكرێت و پێویسته‌ به‌پێی یاسا مامه‌ڵیان له‌گه‌ڵ بكرێت، نه‌ك به‌پێی مه‌زاج و خزم خزمێنه‌. به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی، قوباد تاڵه‌بانی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتویه‌تی، له‌و 53 پرۆژه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستی مندایه‌ پێویسته‌ 18 پرۆژه‌یان له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ داو 35 پرۆژه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا بكه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و هه‌روه‌ها ئه‌و پرۆژانه‌شی وه‌ستاون بكه‌ونه‌وه‌ كار.  

هاوڵاتی ئە فسەرێكی دژە تیرۆر لە كارمەندێكی ئاسایش دەدات هەڤاڵ رەشید لێپرسراوی بازگەكانی ئاسایشی گەرمیان بە ڕادیۆی دەنگی ڕاگەیاندووە:ئەفسەرێکی دژە تیرۆر بەناوی "گۆران بەرزان" لە سلێمانیەوە گەڕاوەتەوە بۆ كەلار و كارمەندێكیان لە بازگەی بانی خێڵان كە لە ئەركدا بووە نەیناسیوتەوە و پرسیاری لێكردووە.  ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی گرژی لە نێوانیاندا و ئەفسەرەكە و پاسەوانەكانی دابەزیون و لە كارمەندەكەی ئاسایشیان داوە.  لێپرسراوی بەشی بازگەكانی ئاسایشی گەرمیان وتیشی: تاوەكو ئێستا سكاڵایان تۆمار نەكردووە و چاوەڕێی فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیانن. بەپێی زانیاریەكان، گۆران بەرزان پێشتر بەرپرسی نوسینگەی گەرمیانی دەزگای زانیاری بووە.

هاوڵاتی / عه‌مار عه‌زیز زیاتر له‌مانگێكه‌ شه‌پۆلێكی نوێی كۆچی ئێزدییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌شنگال و نێو كه‌مپه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌، به‌پێی ئامارێكی رێكخراوێكی دهۆك ته‌نها له‌چوار هه‌فته‌ی رابردوودا 3 هه‌زارو 53 ئێزیدی كۆچیان كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا له‌پارساڵیش به‌هه‌مان شێوه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئێزدییه‌كان كۆچیان كرد بۆ بیلارِوسیاو وڵاتانی تری ئه‌وروپا، تائێستاش نزیكه‌ی 100 هه‌زار ئێزدی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچیان كردووه‌. عه‌لی عومه‌ر گه‌عبۆ ، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری ئاواره‌و رێكخراوه‌كان به‌ هاوڵاتی راگه‌یاند: «زیاتر له‌مانگێگه‌ شه‌پۆلێكی نوێی كۆچی هاووڵاتیانی ئێزیدی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستیپێكردوه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌نێو ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ هیچ ئامارێكی ره‌سمیمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ ، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆر كۆچیان كردووه‌ بۆ وڵاتی توركیاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ یۆنان و وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌كان، هه‌موو لایه‌ك ئاگاداری ئه‌و كۆچكردنه‌ی ئێزدیه‌كانن. به‌هۆی هێرشه‌كانی 2014 ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ شه‌نگال و ناوچه‌كانی تری نه‌ینه‌وا ، زیاتر له‌ 350 هه‌زار هاووڵاتی ئێزیدی ئاواره‌بوون و نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌سیان هه‌ر ئه‌وكات بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات  كۆچیان كرد، جگه‌ له‌رِفاندنی شه‌ش هه‌زارو 417 ئێزیدی كه‌هێشتا زیاتر له‌ دوو هه‌زار رفێنراو، چاره‌نووسیان دیارنیه‌ ، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان . شێرزاد پیرموسا به‌رپرسی رێكخراوی ئه‌لند بۆ دیموكراسیكردنی گه‌نجان به‌ هاوڵاتی وت: « له‌یه‌كه‌م رۆژی كۆچكردنی ئێزدییه‌كان تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وام ئاماره‌كان كۆده‌كه‌ینه‌وه‌ ، به‌پێی دوایین ئامار كه‌ به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌ له‌ 2ی ئاب تا 25ی ئاب هه‌زارو 273 ئێزیدی به‌رِێگای قاچاغ و ناشه‌رعی له‌رِێگای توركیاوه‌ كۆچیان كردووه‌ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا ، له‌سه‌ره‌تای ئه‌م شه‌پۆله‌ نوێیه‌وه‌ كه‌ له‌ناوه‌رِاستی مانگی حه‌وته‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ تاوه‌كو ئێستا ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ سێ هه‌زارو 53 كه‌س، له‌م ژماره‌یه‌ هه‌زارو 883 كه‌س گه‌یشتوونه‌ته‌ یۆنان، ئه‌وانه‌ی تر له‌ئوتێله‌كانی توركیادان و به‌شێكیان به‌رِێگاوه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ئه‌وروپا. « هه‌موویان به‌رِێگای قاچاغ ده‌چن، له‌گه‌ڵ قاچاغچییه‌كان رێكده‌كه‌ون و دواتر كۆچ ده‌كه‌ن، له‌كۆی 700 هه‌زار ئێزیدی تائێستا 100 هه‌زار كه‌سیان كۆچیان كردووه‌، نه‌بوونی هه‌لی كارو نه‌گه‌رِانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كانی شه‌نگال دیارترین هۆكاری كۆچكردنی ئێزدییه‌كانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات». شێرزاد پیر موسا وای وت. عه‌لی عومه‌ر گه‌عبۆ جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا هه‌ر له‌و لێدوانه‌یدا بۆ هاوڵاتی رایگه‌یاند:  «هیچ هیوایه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ گه‌رِانه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بۆ شه‌نگال ،  هه‌شت ساڵه‌ كێشه‌كانی شه‌نگال له‌رِووی ئیداری و سه‌ربازی و خزمه‌تگوزاری چاره‌سه‌رنه‌كراون، ده‌یانجار به‌به‌رپرسانی به‌غداو نه‌ینه‌وامان وتووه‌، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام بێسوود بووه‌، ئه‌وانه‌ی زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ قه‌ره‌بوونه‌كراون، هێشتا سه‌دان رووفاتی قوربانیان له‌پزیشكی دادی به‌غدان و پشكنینه‌كانیان ته‌واو نه‌بووه‌، ده‌یان گۆرِی تر ماون هه‌ڵبدرێنه‌وه‌، كاتێك ئاواره‌یه‌ك هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌زانێت بێگومان كۆچكردن به‌باشترین بژارده‌ ده‌زانێت». وتیشی:» دۆخی ئاواره‌كان رۆژ به‌رِۆژ خراپترو قورستر ده‌بێت، خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌پێی پێویست نیه‌، داوامان له‌حكومه‌تی عێراق و رێكخراوه‌كان كردووه‌ ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان باشترو زیاتر بكه‌ن، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامیان نه‌بووه‌». به‌رجس ره‌شۆ ، خه‌ڵكی شه‌نگاله‌ ، دوای هه‌شت ساڵ له‌ئاواره‌یی، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت چیتر به‌رگه‌ی ژیانی ژێر خێوه‌تی نه‌گرتووه‌و و له‌ 21ی ته‌مموز كه‌مپی ئاواره‌یی  به‌ره‌و توركیا به‌جێهێشتووه‌، دوای 12 رۆژ گه‌یشتووه‌ته‌ كه‌مپی سیرس له‌یۆنان، ئه‌و به‌هاوڵاتی وت: « هیچ مووچه‌یه‌كه‌م نه‌بوو ، رۆژانه‌ ئیشی كرێكاریم ده‌كرد، جار هه‌بووه‌ پاره‌م نه‌بوو حه‌فازه‌ بۆ منداڵه‌كانم بكرِم، دوای تێپه‌رِبوونی هه‌شت ساڵ  له‌ژیانی ژێر خێوه‌تدا چیتر به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو ناخۆشیه‌م نه‌گرت، بۆیه‌ كۆچكردنم به‌باشترین بژارده‌م زانی». به‌رجس ره‌شۆ ، هه‌شت ساڵ له‌كه‌مپی كه‌به‌رتوو له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ده‌ژیا، خاوه‌نی پێنج منداڵه‌ به‌ته‌نیا خۆی كۆچی كردووه‌ ، به‌نیازه‌ خێزانه‌كه‌ی و منداڵه‌كانی خۆشی ببات بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌و زیاتر دواو رایگه‌یاند: «هیچ كه‌سێك حه‌زناكه‌ت منداڵه‌كانی خۆی به‌جێبهێڵێت، به‌ڵام هیچ رێگایه‌كی ترم نه‌بوو، زیاتر له‌ 10 رۆژ به‌رِێگاوه‌بووین تا گه‌یشتینه‌ یۆنان ، سه‌ره‌تا چه‌ند رۆژێك له‌شاری ئه‌سته‌مبوڵ بووین دوای ئه‌وه‌ی به‌رِێگایه‌كی قاچاغ به‌ره‌و یۆنان به‌رِێكه‌وتین، جاری یه‌كه‌م له‌لایه‌ن پۆلیسی یۆنانه‌وه‌ ده‌ستگیركراین و جارێكی تر ئێمه‌یان گه‌رِانده‌وه‌ بۆ توركیا، دوای ئه‌وه‌ی به‌رِێگایه‌كی تر خۆمان گه‌یانده‌ یۆنان، ئێستا له‌كه‌مپی سێرسی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ژین. وتیشی: «رۆژانه‌ ته‌نیا له‌م كه‌مپه‌ی من له‌یۆنان پێنج تاوه‌كو 10كۆچبه‌ری نوێ ده‌گه‌ن، ئه‌و كه‌مپه‌ی ئێمه‌ی تیادا ده‌ژین پێكهاتووه‌ له‌ 90 كه‌ره‌ڤانه‌، له‌هه‌ر كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك پێنج بۆ حه‌وت كه‌سن، سه‌رووی 90% ئێزیدین، نیوه‌یان پیاون و نیوه‌شیان منداڵ و ژنن، به‌رپرسانی كه‌مپ هه‌موو شتێكیان بۆ دابینكردووین، خواردن و جلوبه‌رگ به‌سه‌ر په‌نابه‌ران دابه‌ش ده‌كه‌ن، وابرِوات به‌شی زۆری ئاواره‌كان كۆچ ده‌كه‌ن، چونكه‌ هیچ هیوایه‌ك بۆ گه‌رِانه‌وه‌یان بۆ شه‌نگال نه‌ماوه‌». به‌پێی ئامارێكی نووسینگه‌ی رفێنراوانی ئێزیدی كه‌ ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتووه‌، ژماره‌ی ئێزدییه‌كان  550000 كه‌س ده‌بن ، ژماره‌ی ئاواره‌كانی كه‌ئێستا له‌كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندان ده‌گاته‌ 135 هه‌زارو 860 ئاواره‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ی  ئه‌و ئاوارانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپن نزیكه‌ی 189 هه‌زارو 337 كه‌س . ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش شه‌هیدبوون، تائێستا  نزیكه‌ی پێنج هه‌زار شه‌هیدن ، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بێ دایك و باوك بوون دوو هه‌زارو 745 كه‌سن، ژماره‌ی گورِه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ئه‌وانه‌ی تائێستا دۆزرانه‌ته‌وه‌ 83 گورِی به‌كۆمه‌ڵن، له‌گه‌ڵ ده‌یان گۆرِی یه‌ك كه‌سی، ژماره‌ی ئه‌و مه‌زارو شوێنه‌ ئاینیانه‌ی كه‌ له‌سه‌رده‌می داعش خاپوركران و ته‌قێنرانه‌وه‌  68 مه‌زارگاو شوێنی ئایینیه‌، ئه‌و ئێزدییانه‌ی چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س ده‌بن. خه‌یری بۆزانی سه‌رپه‌رشتیاری دۆسیه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی به‌هاوڵاتی وت :» تائێستا ژماره‌یه‌كی دروست و ته‌واو له‌باره‌ی كۆچكردنی ئێزدییه‌كان نیه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ 2014 وه‌ تائێستا سه‌رووی 100 هه‌زار كه‌س كۆچیان كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆچكردنی ئێستای ئێزدییه‌كان نارِه‌سمیه‌  هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت ژماره‌یان به‌دروستی ئاشكرا بكات، حكومه‌تیش ناتوانیت ئه‌مه‌ بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌یان له‌رِێگای نافه‌رمی كۆچ ده‌كه‌ن». وتیشی: «ئێزدییه‌كان مافی ته‌واویان هه‌یه‌ كۆچ بكه‌ن به‌تایبه‌ت ئاواره‌كان، چونكه‌ هه‌شت ساڵه‌ له‌ژێر خێوه‌تداو ژیانێكی سه‌خت و قورسدا ده‌ژین، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانیان له‌رِووی ئه‌منییه‌وه‌ سه‌قامگیر نین و هیچ كه‌سێك مزگێنی خۆش به‌ئه‌وان نادات، بۆیه‌ كۆچ ده‌كه‌ن».

ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق كوژرانی سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای داعش و دوو هاوكاری له‌ كه‌ركوك ڕاگه‌یاند. ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندوه‌ " له‌ڕێگه‌ی به‌دواداچوونی به‌رده‌وامه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ورد له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگای هه‌واڵگری له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌باره‌ی هه‌بوونی شانه‌یه‌كی تیرۆرستان له‌ ناوچه‌ی چیمه‌نی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركوك و لێكۆڵینه‌وه‌ لێی له‌ ڕێگه‌ی هێرشێكی ئاسمانییه‌وه‌ توانرا سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای داعش و دوو هاوكاری بكوژرێن. ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ شانه‌ی ئامانجی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، كاری كردووه‌ بۆ دابینكردنی زانیاری و فڕۆكه‌ی ئێف-16 ، پاشان له‌ ڕێگه‌ی هێرشی ئاسمانییه‌وه‌ لێپرسراوێكی باڵای داعش به‌ ناوی ئه‌بو دنیا و دوو هاوه‌ڵی كوژراون. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "هێزێك له‌ ده‌زگای هه‌واڵگریه‌وه‌ چونه‌ته‌ شوێنی ڕوداوه‌كه‌وپاشماوه‌ی كوژراوه‌كانیان دۆزیوه‌ته‌وه‌  

هاوڵاتی/ عه‌مار عه‌زیز  ئەمڕۆ 3ئەیلول ، کچە رفێنراوێکی ئێزیدی لە کەمپی هوڵی رۆژئاوا رزگارکرا و ئێستا لە ماڵی ئێزیدیانە له شارۆچکەی حەسەکە، دوای چەند رۆژێکی تر رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە. دەروێش چوکی، بەرێوەبەری رێکخراوی تولا بۆ رزگاربووانی دەستی داعش بە هاوڵاتی ی وت "ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە کەوا کچێک بەناوی وەفا عەلی عەباس لەکەمپی هوڵی رۆژئاوا ئازادکراوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ ماڵی ئێزدییان لەشارۆچکەی حەسەکە، کەسۆکاری ئەم کچەیە لەکەمپی قادیا لەسنوری پارێزگای دهۆک نیشتەجێ نە". دەروێش چوکی ووتیشی"ئەم کچە خەڵکی گوندی کۆجۆیە لەدایک بووی ساڵی 2001یە،دایک و باوکی لە ئابی 2014 بەدەستی داعش کوژراون، لە خێزانەکەی تەنیا مام و داپیرەی ماون ، برایەکی هێشتا لە ژێر دەستی داعش دایە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای دهۆک و لەرێورەسمێکدا رادەستی کەسۆکاری دەکرێتەوە". بەپێی ئامارێکی نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی لەکۆی 6 هەزار و 417 رفێنراوی ئێزیدی تا ئێستا 3هەزار 554 کەس رزگارکراون، چارەنوسی 2 هەزار 717 کەس دیار نیە.