هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، ١١ گەریلایان لە هێرشی سوپای تورکیادا بە چەکی کیمیایی شەهید بوون کە گەریلایەکیان خەڵکی شاری سلێمانی باشوری کوردستانە. هەپەگە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە راگەیەندراوێکدا ناسنامەی ١١ گەریلای ئاشکرا کرد  کە گەریلایەکی شەهیدیان بە ناوی باوان محەمەد خەڵکی شاری سلێمانی باشوری کوردستانە. هەپەگە دەڵێت، ئەو ١١ گەریلایە لە ٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی زاپی دەڤەری بادینانی هەرێمی کوردستان، بە چەکی کیمایی شەهیدکراون. پێشتریش، هەپەگە ناسنامە ١٧ گەریلای ئاشکرا کردبوو کە بە چەکی کیمایی شەهیدکراون و دیمەنی دوو گەریلای بڵاوکردەوە کە چەکی کیمیایی کاریگەریەکی زۆر لەسەریان دروست کردبوو و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدابوو. پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە بەرامبەر گەریلاکانی پەکەکە، لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە و داوا دەکرێت، شاندی نێودەوڵەتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لێکۆلینەوە لەم پرسەدا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە.

هاوڵاتی ٢٣ی ئەم مانگە پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵی  بە ڕەگەز فەڕەنسی بەناوی ویلیام، بە چەکەوە هێرشی کردە سەر ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک وڕێستۆرانتیکی کوردی لە زۆنی دەیەمی پاریس، بەهۆیەوە ٣ هاوڵاتی کورد  کە هونەرمەند میر پەروەر و عەبدول رەحمان کزل کە چالاکوانێکی لاوی کرد بوو، لەگەڵ ئەندامێکی کەجەکە بەناوی ئەڤین گۆیی " ئەمینە کارا" شەهیدبوون. دوابەدوای ڕووداوەکە ناڕەزایی وخۆپیشاندانی ڕەوەندی کوردی لە پاریس درووست بوو، هەرزوو پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا ڕاکێشرا بەوەی کە تورکیا دەستی هەیە لە ڕووداوە تیرۆریستیەکە، سەرەڕایی بوونی مێژووی تاوانی کەسی تۆمەتبار بە کردەوەی ڕەگەزپەرستی و نەبوونی بەڵگەی پێویست، لەگەڵ ئەوەشدا کە لێکۆڵینەوەکان لەسەرەتادا بوون و تۆمەتبارهیچی لەبارەی هۆکاری پشت هێرشەکەوە نەدرکاندبوو. لە چاوپیکەوتنێکی هاوڵاتیدا، لەسەر ڕووداوەکە  ڕێباز مەجید ڕۆژنامەنوس وخوێندکاری ماستەر لە لێکۆڵینەوە لە زانستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئازادی بەرلین،  دیوێکی تری هێرشەکەی سەر ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایای لە پاریس خستە ڕوو. دەقی چاوپێکەوتنەکە: هاوڵاتی:ئایا هێرشەکە بە هێرشێکی تیرۆریستی دەبینن یاخود کردەیەکی تیرۆریستی دژی کورد؟ ڕێباز مەجید: لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی بڵێین هێرشەکە تیرۆریستیە یاخود ڕەگەزپەرستیە کەمێک قورسە بڕیار لەسەر ئەوە بدەیت ، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە مێژووی هەیە لە کردە ڕەگەزپەرستیەکانی دەکرێت پەیوەندی بە ڕەگەزپەرستیەوە هەبێت، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان کە  بەکردەیەکی تیرۆر دژی کورد دائەنرێت  ئەوەیە کە هەموو ئەو شوێنانەی هێرشەکەی بۆسەر ئەنجامدراوە شوێنی کوردەکان بوون. هاوڵاتی: بۆچی سەرەڕای نەبوونی بەڵگە، ڕاستەوخۆ تۆمەتەکان ئاڕاستەی تورکیا کرا لەسەر هێرشەکەی پاریس؟ ڕێباز مەجید: هۆکاری پشت ئەوەی کە بۆچی ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا ڕاکێشرا وتۆمەتبار کرا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وادەی هێرشەکە ماوەیەکی کەمی فەرق بوو لەگەڵ یادی هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٣ دا کە لە مانگی کانوونی دووەم دا ڕوویدا وبەهۆیەوە سێ ژنە چالاکوانی کورد تیرۆرکران کە یەکێک لەوانە ساکینە جانسز بوو. یەکێکی تر لە هۆکارەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە وڕۆژەی ئەم هێرشە روویدا باس لەوە کراوە کە ڕێکخستنێک هەبووە  لە ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایا بۆ ئامادەکاری بۆ یادکردنەوەی ڕووداوە تیرۆریستیەکەی ساڵی ٢٠١٣، ئەمەش زیاتر گومانەکانی خستە سەر تورکیا، هەروەها ئەمەش یەکەمین هێرشی تیرۆریستی نیە بۆ سەر کوردەکان لە پاریس؛ هەرچەندە تورکیا سەبارەت بە هێرشەکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر بە فەرمی ئەو کارە تیرۆریستیەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام لە میدیاکانی سەر بە حوکمەتی تورکیا ئاماژە بەوە کرا کە هێرشەکە تورکیای لە پشتەوە بووە. هاوڵاتی: ئایا تاچەند هێرشەکە پلان بۆداڕێژراو وتیرۆریستی بووە؟ ڕێباز مەجید: ئەگەر باس لەوە بکەین کە ئایا ئەمە تاچەند هێرشێکی تیرۆریستی بووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا هەیە هۆکاری یەکەم بۆ ئەوەی کە هێرشەکە بە هێرشێکی تیرۆریستی بناسێنین ئەوەیە کە هێرشەبەرەکە پێش ڕووداوەکە  بە ئۆتۆمبێلێک گەێندراوەتە شوینی ڕووداوەکە وکەسێکی لەگەڵدا بووە، واتە کەسێک هاوکاری کردووە ئەمەش  دەری ئەخات کە پلان بۆ داڕێژراو بووە وکەسێک هاوکاری کردووە، دووەم هۆکار بۆ ئەو گومانانە بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە لەو کاتەدا بڕیاربووە  نزیکەی ٥٠ ژنی چالاکوانی کورد کۆببنەوە و چالاکیەک ئەنجام، بدەن، بەڵام  کۆبونەوەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دواخراوە، بۆیە ئەگەر کۆبونەوەکە دوانەخرایە ئەوا دەکرا ئەو هێرشە قوربانیەکی زۆرتری لێبکەوتایەتەوە. ئەمانەش زیاتر گومانەکان چڕتردەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە هێرشیکی پلان بۆ داڕێژراو بووە دژی کورد. هاوڵاتی: بۆچی هێرشەکان بۆسەر کوردەکان زۆربەی لە وڵاتێکی وەک فەڕەنسا ئەنجام ئەدرێت، لەگەڵ ئەوەی کوردەکان لە زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپا پەنابەرن؟ ڕێباز مەجید: ئەمە یەکەم هێرشی سەر کورد نیە لە وڵاتانی ئەوروپا، لە وڵاتەکانی دیکەش هێرش کراوەتە سەرکورد، بەڵام هۆکاری ئەوەی کە بۆچی زیاتر ئەم هێرشانە دەکرێتە سەرکورد لە وڵاتی فەڕەنسا بۆ ئەگەڕێتەوە کە هێزە سیاسیە کوردەکان لە فەڕەنسا ئازادیەکی زیاتریان هەیە بۆ کارو چالاکیەکانیان بەبەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بۆ نمونە ئەڵمانیا، ئەوەس وادەکات ببنە جێی ئامانجی هێرشە تیرۆریستیەکانی وڵاتێکی وەک تورکیا. هاوڵاتی: ئایا پێت وایە تا چەند کورد پارێزراوە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە کۆچیان بۆکردووە؟ ڕێباز مەجید: بە دڵنیای کاتێک کورد وەک هەر پەنابەرێکی دیکەی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک کۆچ دەکات بۆ وڵاتە ئەوروپیەکان ڕووبەڕووی سەختی ودژواری و هەڕەشە دەبێتەوە، وە بەتایبەتی هەموو پەنابەرەکان کە پێستیان ڕەشە یان قاوەییە بە سەر ڕەش ناوەبرێن، بەدڵنیای لەلایەن گروپە ڕاستڕەوەکانی وڵاتە ئەوروپیەکانەوە توشی ڕەگەزپەرستی وجیاکاری دەبنەوە. ئەم جیکاریە ڕەگەزی  و کردە ڕەگەزپەرستیانە دژی پەنابەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم ١٠ ساڵەی دواییدا زۆر زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی لێشاوی کۆچی پەنابەران و بەریەککەوتنی زیاترهەروەها گۆڕانکاریەکان زۆر خێرا ڕوودەدەن؛ ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ بەهێزتربوونی هێزە سپی پێستە ڕاستڕەوەکان، هەروەها وایکردووە لە پەرلەمانی ئەوروپا ئەو هێزانە دەنگێکی زیاتر بێنن کە دژی کۆچی پەنابەرانن. هاوکات بۆ کورد جگە لەم  مەترسی وجیاکاریە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، مەترسیەکی دیکەش لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەر کورد هەیە وەک تورک و فارس، هەربۆیە بۆ کورد مەترسیەکە دوو جار زیاترە، بەڵام ئەمەش بەپێی بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تری ئەوروپا جیاوازی هەیە، بۆیه کوردەکان ڕووبەڕووی سەختی زیاتر ئەبنەوە.

ویلیام م. بکوژی سێ کوردەکەی فەڕەنسا ئەمڕۆ دادگاییکرا و دادگا بڕیاریدا رەوانەی زیندان بکرێت. ویلیام م. هێرشبەرەکەی ٢٣ی ئەم مانگە بۆ سەر ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کە لە ئەنجامدا سێ کورد شەهیدکران و سێ کەسی دیکە بریندار بوون، لە دادگای پاریس دادگاییکرا و دادوەر بڕیاریدا بکوژەکە رەوانەی زیندان بکرێت و پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بەردەوام بێت. ئەمەش لە کاتێکدا کە تاوەکو ئێستا، دادگا تۆمەتی تیرۆری نەخستووەتە پاڵ بکوژەکە و تاوەکو ئێستاش وەک نەژادپەرستێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ژان لوج مێلێنچۆن سەرۆکی پارتی چەپی فەڕەنسا توێتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە بکوژی سێ کوردەکە، بە یاسای تیرۆر دادگایی بکرێت. رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، ویلیان م. ٦٩ ساڵ کە بە رەگەز فەرەنسیە، بە چەک هێرشی کردە سەر ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس و بەوهۆیەوە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، هونەرمەند میر پەروەر و کوردێکی چالاکوان بەناوی عەبدولرەحمان کزل شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. دوابەدوای هێرشەکە، کوردانی پاریس خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامدا کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام بوو و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەرە کوردەکان و هێزە ئەمنیەکاندا دروست بوو. هەرچەندە کاربەدەستانی فەرەنسا رایانگەیاندووە کە هێرشەکە نەژادپەرستیە و پەیوەندی بە پرسی تیرۆرەوە نییە، بەڵام کەجەکە رایگەیاند، کە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە پشت هێرشەکەوەیە و داوای لە حکومەتی فەرەنسا کرد، راستیەکان ئاشکرا بکات. ٩ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ بە هەمان شێوە هێرشێکی چەکداری لە بەرامبەر سێ ژنی کورد بە ناوەکانی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، فیدان دۆغان نوێنەری کەنەکە لە فەڕەنسا و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان کورد لە پاریس ئەنجامدرا و هەر سێ ژنە کوردەکە شەهیدکران. عومەر گونەی بکوژی ئەو سێ ژنە کە لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە دەستگیرکرا، بێسەروشوێنکرا و دوای ماوەیەک راگەیەندرا کە لە زینداندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەو کاتەش لایەنە کوردیەکان میتی تورکیایان بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار کرد بەڵام حکومەتی فەرەنسا ئامادە نەبوو، لێکۆلینەوە لە دۆسیەکەدا بکات و ١٠ ساڵە دۆسیەی شەهیدکردنی سێ ژنە کوردەکە بێدەنگکراوە.

مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشەکەی رەقادا شەش ئەندامی ئاسایش و شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، تویتێکی لەبارەی زیانە گیانیەکانی هێرشەکەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقا بڵاوکردەوە. مەزلۆم کۆبانێ دەڵێت، بە گشتی شەش کەس شەهید بوون کە سێیانیان ئەندامی ئاسایش و سێیانەکەی دیکەش شەڕڤانی هەسەدەن. پشتریش میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەکردبوو کە دوو تیرۆریستی داعش لەلایەن هێزەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە کوژراون کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە. ئەمڕۆ هێرشێکی چەکداری بۆسەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقای باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد کە شانەیەکی شاراوەی داعش هێرشەکەی ئەنجامداوە و هێرشەکە لە نزیک گرتووخانەیەکی شارەکە کە تیرۆریستی داعشیان تێدایە ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی دوایین زانیاری لەبارەی هێرشەکەی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ناوەندی ئاسایشی هێزەکانی ناوخۆی شاری رەقا، پێنج ئەندامی ئاسایش بریندار بوون و دوو تیرۆریستی داعش کوژراون. ئاژانسی نورس پرێسی نزیک لە خۆبەڕێوەبەری باکوری و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی شانە شاراوەکانی داعشدا لە بەرامبەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقا، پێنج ئەندامی ئاسایش بریندار بوون. لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هاوارنیوز رایگەیاند، لە ئەنجامی وڵامدانەوەی هێزەکانی ئاسایشی رەقادا، دوو تیرۆریستی داعش کە یەکێکیان پشتوێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو، کوژراون. بەگوێرەی زانیاریەکانی نورس پرێس، هێزە ئەمنیەکانی شارەکە هەموو رێگە سەرەکیەکانیان داخستووە و دەستیان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کردووە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تاوەکو ئێستا هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکەوە نەداوە.

گروپێک لە تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری رەقای باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، گروپێک لە تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردووەتە، سەر ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی دریای نزیک لە نەخۆشخانەی وەتەنی شاری رەقا. هێزەکانی ئاسایش، دوای هێرشەکە ناوچەکەیان گەمارۆداوە و هاتوچۆ قەدەغەکراوە و بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستانی داعش ئۆپراسیۆن دەستی پێکردووە. بەگوێرەی زانیاریەکان، لە نزیک ناوەندی ئاسایش کە رووبەرووی هێرشەکە بووەتەوە، گرتووخانەیەکی تیرۆریستانی داعش هەیە و پێشبینی دەکرێت، ئامانجی هێرشەکە گرتووخانەکە بێت. تاوەکو ئێستا، ئاسایشی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هیچ زانیاریەکی لەبارەی زیانەکانی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، لە هەندێک ناوچە ئەگەری بارانبارین هەیە. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ ئەگەری نمە بارانێکی کەم بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری  رۆژئاوای هەرێم لە کاتەکانى شەودا. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر :  13پلەى سیلیزى سلێمانی : 9 پلەى سیلیزى دهۆک : 13 پلەى سیلیزى کەرکوک : 14پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 10 پلەى سیلیزى زاخۆ : 14 پلەى سیلیزى سۆران : 9 پلەى سیلیزى گەرمیان : 14 پلەى سیلیزى سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، ئاسمان لەنێوان پەڵە هەورو نیمچە هەور دەبێت، پلەی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە  لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، تەنها ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نەبێت  کەمێک بە (1-2) پلە نزمتر دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 14 پلەى سیلیزى سلێمانی : 10 پلەى سیلیزى دهۆک : 13 پلەى سیلیزى کەرکوک : 15 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 10 پلەى سیلیزى زاخۆ : 14 پلەى سیلیزى سۆران : 10 پلەى سیلیزى گەرمیان : 15 پلەى سیلیزى

هاوڵاتی  راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاتییە و عێراق توانای ھەیە بۆ جێگیرکردنەوەی رەوشەکە. مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی به‌ ئاژانسی فەرمی هه‌واڵی عێراقی راگه‌یاند، بەرزبوونەوەیەکی كه‌م له‌ نرخی ئاڵوگۆڕی دراو له‌ ده‌ره‌وه‌ی نرخه‌ ناوه‌ندییه‌كانی لەئێستادا به‌ هۆكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هاتووەته‌ ئاراوه‌. وتیشی،ھۆکارە ناوخۆییەکان پەیوەندییان بە دۆلاری نەختینەوە ھەیە، کە بانکی ناوەندی ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار دابیندەکات بۆ نوسینگە و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکەکان بە مەبەستی گەشتیاری، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ لەئێستادا بە دۆلار کڕین و فرۆشیان پێوە دەکرێت.  ئاماژەی بەوەشدا، لایەنی نێودەوڵەتی ناڕازین سەبارەت بە گواستنەوەی دۆلار لەلایەن ھەندێک لە بانکە ئەھلییەکان، بۆیە گواستنەوەی دۆلار لەلایەن بەشێک لەو بانکانەوە رەتکراوەتەوە، وبانكه‌ ئه‌هلییه‌كان پابه‌ند ده‌كرێن به‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كان له‌گواستنه‌وه‌ی دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌ویش له‌ڕوی وردبینی و متمانه‌پێكردنی داواكارییه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌م بابه‌ته‌ش ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات. مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح باسی لەوەشکرد، یه‌ده‌گی دراوی بیانی گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رزترین ئاست له‌ مێژوی دارایی عێراقدا، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ هیچ ترس و نیگه‌رانییه‌ك نییه‌ له‌ توانا داراییه‌كانی عێراق له‌ سه‌پاندنی سه‌قامگیری بۆ به‌های دینار و به‌رزبونه‌وه‌ی دۆلاریش كاتیه‌، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداركانی په‌یوه‌ست به‌ كاروباری كارگێڕی و رێكخراوه‌یی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی و بازرگانی دراوی بیانی رێكده‌خرێن. ئەمەشلە کاتێکدایە لەماوەی رابردوودا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا ناجێگیری بەخۆیەوەبینی و بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.      

تورکیا گەشت لە پەرلەمانتارێکی هەدەپە  قەدەغە دەکات لە کاتێکدایە ئەو پەرلەمانتارە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتی سوید-ە.  ئاژانسی میزپۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ زەینەل ئۆزەن، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)،  بە مەبەستی گەشتکردن بۆ وڵاتی سوید چوەتە فڕۆکەخانە و لەوێ زانیویەتی کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە چونی بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە کراوە. ئەو پەرلەمنتارەی هەدەپە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە کە لە کاتێکدا ئەو هاوڵاتی سویدە و ماوەی 35 ساڵە لەو وڵاتە دەژی، بەڵام لە کاتی چونەوەی بۆ ئەو وڵاتە بەمەبەستی سەردانکردنی خانەوادەکەی، لە فڕۆکەخانە زانیویەتی کە چونە دەرەوەی لە تورکیا لێ قەدەغە کراوە. زەینەل ئۆزەن، داوای کرد بەپەلە قەدەغەی گەشت لەسەری هەڵبگیرێت و ئاماژەی بەوەشداوە کە دەسەڵاتی ئێستای تورکیا چەند زیاتر ستەم بکات کاتی لەناوچونی ئەوەندە نزیک دەبێتەوە.

میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، سیاسەتی شەڕ بناغەی دەسەڵاتی ئاکەپەیە و هێرش دەکاتە سەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد. میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداری لە میتینگی پارتەکەی لە شاری ئێلحی (باتمان) باکوری کوردستان کرد کە بە دروشمی 'نا بۆ شەڕ و هەژاری' ئەنجامدرا. سانجار وتی، " دیارە بۆچی هێرش دەکەنە سەر سیاسەتی دیموکراتی و بەرپرس و ئەندامانی پارتە کوردیەکان دەستگیر دەکەن. هۆکارەکەی ئەوەیە کە هیچ چارەسەریەکیان بۆ کێشەی کورد نییە. پرۆژەیان لەناوبردن و رەتکردنەوەی کێشەی کوردە. دەیانەوێت سیاسەتی دیموکراتی لەناوببەن.، بەڵام هێزی گەورەی هەدەپە لەناویان دەبات." هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بە هەموو جۆرە رێگەیەک لەدژی کورد بەکار دەهێنن. دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکەنە ئامانج کە نمونەکەی رۆژئاوای کوردستانە. دەیانەویت بە سیاسەتی شەڕ لەسەر دەسەڵات بمێننەوە، بەڵام بەم شێوەیە وڵات دەخەنە نێو تاریکیەکی رەهادا. سانجار باسی هێرشە چەکداریەکەی پاریسیشی کرد و وتی، " جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان دەکەم. حکومەتی فەڕەنسا پێویستە راستیەکان ئاشکرا بکات. زۆر پرسیار هەیە کە پێویستە وڵام بدرێنەوە. تاوەکو ئێستا کوشتنی سێ ژنی کورد لە ساڵی ٢٠١٣دا ئاشکرا نەکراوە. بانگەوازیمان بۆ حکومەتی فەڕەنسا ئەوەیە کە پێویستە ئاشکرای بکات کە کێ لە پشت هێرشەکانەوەیە."

سوپای تورکیا گوندێکی ناوچەی شەرای عەفرینی تۆپباران کرد و بەوهۆیەوە منداڵێکی ١٦ ساڵ شەهید بوو. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، سوپای تورکیا لە بارەگاکانی سەر سنورەوە، گوندی تنەبێی ناوچەی شەرای عەفرینیان تۆپباران کردووە. بەو هۆیەوە منداڵێک بە ناوی ئەسەد محامیدی ١٦ ساڵ شەهید بووە و منداڵ و نەوجەوانێکیش بە سەختی بریندار بوون. دوێنێش درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا، دوو گوندی شاروچکەی تربەسپیی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان کرد و چوار منداڵ بریندار بوون. لە ئەنجامی بۆردومانی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیادا لە گوندی مزگەفتی رۆژهەڵاتی تربەسپیدا، چوار منداڵ برینداربوون. ئاژانسی هاوارنیوز، ئاماری ساڵێکی زیانە گیانیەکانی هێرشی دەوڵەتی تورکیای بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردبووە و رایگەیاندبوو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١١٩ هاوڵاتی مەدەنی و شەڕڤان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە شەهید بوون.

هاوڵاتی دەستەی پارێزەرانی کوردستان بەیاننامەیەکیان دژ بە پێشێلکاریەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستەی پارێزەرانی کوردستان وبەشێک لە چالاکوانی مەدەنی، بەیاننامەیەکیان لەسەر گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کڕیکارانی کوردستان و سێ زیندانی دیکەی ئیمراڵی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند،ئەو پێشلکاریانە دژی بنەماکانی دیمکوراسیە، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و لەنێویشیاندا ڕێکخراوی سی پی تی بێدەنگن لە لە ئاست پێشیلکاریەکانی سەر ئۆجەلان وزیندانیانی ئیمراڵی لە تورکیا. لە بەشێکی بەیاننامەکەدا لەبارەی پێشلکاریەکانی سەر ئۆجەلان و دابڕانی لە دونیای دەرەوە، ئاماژەیان بەوەدا کە بەپێی یاسای تورکیا لە زیندانەکاندا دەبێت هەر دوو مانگ جارێک ( دەستەی چاودێری زیندانەکان) ڕوونکردنەوە بدەن و ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشی ڕای گشتی بکەن، ئەمە بەتەواوی دوورە لە هەموو یاساکان وبنەماکان کە کەسایەتیەکی وەک ئۆجەلان لە دنیای دەرەوە داببڕێندرێت. پارێزەران وچالاکوان باسیان لەوەکرد، کە ڕێکخراوە نێودەڵەتیەکان هەڵنەستاون بەکاری پێویست لەبەرامبەر ئەم پێشیلکریانە، هەروەها دەڵێن کە تاکە هەواڵێک لەدوای دواین پەیوەندی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە هەیانبێت کە لەساڵی ٢٠٢١ دا لەگەڵ براکەی ئەنجامی دا، سەردانەکەی تیمەکەی سی پی تی بوو لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەرەڕای ئەوەی تیمەکە نەیانتوانیوە چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان بکەوێت. پارێزەر نەریمان ئەحمەد، لە وەڵامی پرسیارێکی هاوڵاتیدا سەبارەت بە سەردانی تیمەکەی سی پی تی کە بۆچی نەیانتوانیوە چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت ولەبارەی ڕاگەیاندنی ڕیکخراوەکەوە کە گوایە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕەتی کردۆتەوە چاوی بە تیمەکە بکەوێت، وتی ئەوەی زیاتر گومانەکانی سەر سەردانەکەی چرکردۆتەوە بێدەنگی ڕێکخراوەکەیە لەبارەی چۆنیەتی سەردانەکە و ئێمە تا ئێستا بەڕوونی نازانین ئایا چاویان پێکەوتووە یاخود ڕێگەیان پێنەدراوە، وتیشی چاوەڕوانین ڕێکخراوەکە لەماوەی ٦ مانگدا ڕوونکردنەوە لەبارەی سەردانەکەوە بدەن بۆ ڕای گشتی. پارێزەران وچالاکوانان، ئەم پێشیلکاریانەی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان وزیندانیانی ئیمراڵیان بە پێشێلکاری وسەرکوتکاری بۆسەر هەموو نەتەوەی کورد ناوزەند کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، ڕێکخراوەکان لەسەر دۆزی کورد وکێشەکانیی کورد بێدەنگن، هەروەها باسیان لەوەش کرد هەرچەندە عەبدوڵا ئۆجەلان وپارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراون ئەمە بەهانە نیە بۆ بێدەنگی و بێهەڵەوێستی لایەنە پەیەوەندیدارەکان لەئاست پێشێلکاریەکان. لەکۆتای دا دەستەی پارێزەران بە ڕۆژنامەنوسانیان وت، ئەوان لە هەماهەنگیدان لەگەڵ پارێزەرانی تایبەت بە کەیسی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ دروستکردنی فشار لەسەر لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان و زیندانیانی ئیمراڵی. عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕابەری پارتی کڕیکارانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٩ بە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی لە زینداندایە، دوای ئەوەی بە پلانێکی نێودەوڵەتی ڕادەستی تورکیا کرایەوە، لەوکاتەوە چەندین جار لە دوونیای دەرەوە دابڕێندراوە بەڵام بەهۆی فشارە نێودوڵەتیەکان وفشاری پاڕێزەرەکانیەوە گۆشەگیری لەسەر لابراوە، بەڵام دووبارە حوکمەتی تورکیا گۆشەگیری خستۆتە سەر ئۆجەلان وزیندانیانی ئیمراڵی، دواین جار کە هەواڵیک هەبوو لەسەر ئۆجەلان پەیوەندیەکی چەند خولەکی بووە کە لەگەڵ براکەی ئەنجامی داوە.  

کەجەکە رایگەیاند، ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەیە کە لە هێرشەکەی پاریسدا شەهید بوو و وتی، هێرشەکە لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەوە ئەنجامدراوە. هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی هێرشە چەکداریەکەی ٢٣ی ئەم مانگە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە مەرامبەر ناوەندی کەلتوری و رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەجەکە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەیە کە لە هێرشەکەی پاریسدا شەهید بووە و یادی هەرسێ شەهیدەکەی کردەوە و وتی، " ئاشکرایە کە ئامانجی سەرەکی هێرشەکە ئەمینە کارایە. دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هەوڵ دەدەن بە ئامانجگرتنی تەڤگەرەکەمان، هێڵی داعش زیندوو بکەنەوە." لە راگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، حکومەتی فەڕەنسا پێویستە بە شێوەیەکی راست و دروست لێکۆلینەوە لە هێرشەکەی پاریس بکات کە وەک کۆمەڵکوی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ پلانداڕێژراوە.لە پشت هێرشەکە دەزگا هەواڵگریەکان هەن کە پشتگریی لە دەوڵەتی تورکیا و میت دەکەن. کەجەکە دەشڵێت، پێویستە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان دووربن لە توندوتیژی و رێگە بە هەوڵی تێکدەری نەدرێت. پێویستە بە شێوەیەکی هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.

هاوڵاتی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو کەسەی کە هێرشەکەی ڕۆژی هەینی  پاریس پایتەختی فەرەنسای ئەنجامدا و سێ كوردی تیرۆركرد، لەژێر رێنمایی پزیشکدا هەڵگیرا و بكوژه‌كه‌ گواسترایەوە بۆ کلینیکی دەروونی. بە پێی هەواڵێکی بی بی سی ئەو پیاوە تەمەن ٦٩ ساڵەی بەرپرسیار بوو لە هێرشەکەی پاریس بۆ سەرناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کە لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون، دوای ئەوەی لە ژێر لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا نا کە کەسێکی ڕاگەزپەرستە گواسترایەوە بۆ کلینیکێکی دەرونی. له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن داواکاری گشتی پاریسه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ئەو پزیشکەی پشکنینی بۆ بكوژه‌ فەڕەنسییە تەمەن ٦٩ ساڵانه‌کە کردووە، به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ کە دۆخی تەندروستی و دەرونی بكوژه‌كه‌ لەگەڵ مەرجەکانی راگرتنیدا، ناگونجێت.ھەر کاتێک رەوشی تەندروستی گونجابوو، دەبرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.  لە ئێستادا بكوژه‌كه‌ بۆ کلینیکی دەروونی لەناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش گوازراوه‌ته‌وه‌ و ئەگەر بارودۆخی تەندروستی رێگە بدات، ده‌برێته‌ به‌رده‌م دادوەری لێکۆڵینەوە. داواکاری گشتی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکە لە رووداوەکە بەردەوامە و تۆمەتبارەکەش کە ناوی ویلیەمە و تەمەنی ٦٩ ساڵە دانی بە تاوانەکە ناوە ".    

هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان و رووداوەکەی پاریس و رووداوی تەقینی غاز لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوە، بەفەرمی وەک حکومەت، ئاهەنگی سەری ساڵ ناگێڕین. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ (25ی کانوونی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، "هەموو ئەو ئامادەکارییانەی پێویستن لە رووی ئارامی و ئاسایشەوە بۆ سەری ساڵ کراون، ئەوان دەسەڵاتی تەواویان داوە بە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەو بارەیەوە، بەڵام "بەهۆی ئەو بارودۆخانەی هەیە، لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، دەستدرێژیکردنە سەر رەوەندی کوردی لە فەرەنسا، ئەو دۆخەی لە ئەنجامی تەقینی غاز لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوە روویدا، بەفەرمی بڕیارمانداوە وەک حکومەت ئاهەنگ ناگێڕین بۆ سەری ساڵی نوێ". وتیشی،"زەمینەی لەبار رەخسێندراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان گوزارشت لە خۆشییەکانیان بکەن، بۆیە قایمقامیەت، شارەوانی، تەندروستی، یەکە کارگێڕی و ئەمنییەکان، رێککاری پێویستیان گرتووەتەبەر". باسی لەوەشکرد،" گرنگە بە هەموو جیاوازییەکانەوە پێکەوە بین، ئومێد دەکەم لایەنە سیاسییەکان، لە کاتێکدا پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، هاوشێوەی پەیڕەوکارانی ئایینەکان پێکەوەبن و یەکتری تەواوبکەین، نهێنی سەرکەوتنیشمان پێکەوە بوونە".