مەزڵوم كۆبانێ: "هێرش بۆ سەر ناوهندێكی کورد لە پاریس، پرسی کورد دەکاتە ئامانج و سهركۆنهی دهكهین"
هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند سەرکۆنەی هێرشەکەی پاریس دەکەین بۆ سەر ناوەندێکی کوردی و " پێمانوایە کە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فڕەنسا و دامەزراوەکانی دادپەروەری هێرشبەرەکان ئاشکرا دەکەن". مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) له تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی تویتهر بڵاویكردهوه، "هێرش بۆ سەر ناوهندێكی کورد لە پاریس، پرسی کورد دەکاتە ئامانج و جێگەی شەرمەزارییە و سهركۆنهی دهكهین". وتیشی ، ئێمە پێمانوایە کە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فڕەنسا و دامەزراوەکانی دادپەروەری هێرشبەرەکان ئاشکرا دەکەن، پێویستە هاوکارییەکانمان لە دژی تیرۆر فراوانتر بکەین، ههروهها پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەین". دوێنێ هەینی، 23-12-2022، هاووڵاتییەکی تەمەن 69 ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون. هەرسێ کوژراوەکە کوردن و خەڵکی باکووری کوردستانن. دوای ڕوداوەکە ژمارەیەک هاوڵاتی کورد کوردانی شاری پاریس لە دوای هێرشەکە خۆپێشاندانیان کرد و گرژی لەگەڵ پۆلیس دروستبوو. بەشێک لە کوردانی فەرەنسا، پەنجەی تۆمەتیان بۆ تورکیا درێژکرد و دروشمی "دەوڵەتی تورکیای بکوژ"یان گوتەوە. پۆلیسیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا. جێگەی ئاماژەیە هێرشەکە نزیکەی 10 ساڵ لەدوای کوژرانی سێ ژنە چالاکوانی کورد لە پاریس دێت.
عەمار عەزیز بۆ یەكەمجار دوای ئازادكرنی شەنگال زیاتر لە 100 خێزانی عەرەبی سوننە دەگەڕێنەوە ناوچەی دۆمیس كەدوو بۆ سێ كێلومەتر دوورە لەناوەندی شارەكەوە، ئەمەش نیگەرانی ئێزدییەكانی لێكەوتووەتەوە، هاوكات لە 10ی مانگی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەلابردنی وردبینی ئەمنی، بڕیارەكە لەتەواوی سنوری شنگال جێبەجێ كراوە. فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال بەهاوڵاتی راگەیاند:»نزیكەی 100خێزانی عەرەبی سوننە گەڕاونەتەوە ناوچەی دۆمیس ، ئێمە دژی گەڕانەوەی عەرەبەكانی شەنگال نین، بەڵام نامانەوێت ئەو كەسانە بگەڕێنەوە كە پەیوەندی یان هاوكاری داعش-یان كردووە، لەگەڵا ئەوەشدا ناتوانین بڵێین ئەوانەی گەڕاونەتەوە پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە». وتیشی:»لەهەموو حاڵەتێكدا پێویستە ئەو ئاوارانەی كەدەگەڕێنەوە شەنگال بەدواداچوونێكی ورد بۆ مەلەفەكانیان بكەن، هەر كەسێك گومانی لەسەر هەبێت بەهیچ شێوەیەك رێگەیان پێنەدەن بگەرێنەوە». قاسم تەعلو، چالاكوانی ئێزیدی كەدوای چوار ساڵ لەئاوارەیی لە 2019 گەڕاوەتەوەو نیگەرانە لەكارئاسانی بۆ گەڕانەوەی عەرەبەكان بۆ شەنگال، ئەو بەهاوڵاتی وت:»ئەگەر حكومەت و هێزە ئەمنییەكان چاوپۆشی لەو كەسانە بكەن كەپەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە یان بەهەر جۆرێك هاوكاری داعش-یان كردووە ئەوە گەورەترین ئیهانەیە بەئێزدییەكان دەكرێت، ئێمە بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە و ناڕازین كە كارئاسانی بۆ عەرەبەكان بكرێت، هەموومان باش دەزانین كەهەندێك كەس و لایەن هاوكاری داعش-یان كردووە، پێویستە ئەوانە بەتوندترین شێوە سزا بدرێن». هاوكات خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» لەدوای بڕیارەكەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاسانكاری زۆر بۆ ئاوارەكان دەكرێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، پێش بڕیارەكە لەناحیەی سنون و شەنگال هەركەسێك سەردانی فەرمانگەی رەگەزنامەی بكردایە مامەڵەكانی تەواونەدەبوون تا دۆسیەكەی ئاراستەی هەواڵگری دەكرا، دوای وردبینی لەدۆسیەكەی ئینجا مامەڵەكەی تەواودەبوو، زیاتر لە20 رۆژە ئەوە نەماوە هەر لەفەرمانگەی رەگەزنامە مامەڵەكانیان تەواودەكرێن بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ فەرمانگەی هەواڵگری، لەبازگەكانیش زۆر ئاسانكاری بۆ ئاوارەكان دەكرێت، پێشتر رۆژانە خەڵك پەیوەندیان دەكردو لەبازگەكان كێشەیان بۆ دروستدەكرا، بەڵام لەدوای دەرچوونی بڕیارەكە هیچ ئاوارەیەك بۆ ئەم پرسەیە تەلەفۆن و پەیوەندییان نەكردووە». وتیشی»دەركردنی ئەو بریارە باشی و خراپی خۆی هەیە، باشیەكەی ئەوەیە كەكارئاسانی بۆ ئاوارەكان دەكرێت تابگەڕێنەوە، هەروەها هاتوچۆكردن لەنێوان شەنگال و شارەكانی تر بەتایبەت لەبازگەكان باشتر بووەو وەكو جاران نیە، لەبازگەكان دوابكەوی یان كەسێك رابگیرێت بۆ چەند كاتژمێرێك، بەڵام ئەم بڕیارە بۆ ئێزدییەكان خراپە، چونكە ئەوانەی دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە بەئاسانی هاتۆچۆ دەكەن». خودێدا چوكی ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر كوتلەكانی شیعەو سوننە لەسەر ئەم دۆسیەیە رێككەوتبوون ئینجا بڕیارەكە دەركراوە، بەبڕوای من دەبووایە لەناوچەكانی ماددەی 140 بڕیارەكە جێبەجێ نەكرابا چونكە هەموومان دەزانین بارودۆخی ئەو ناوچانە جیاوازە لەگەڵ شوێنەكانی تر بەپێچەوانەوە دەبێت لەڕووی ئەمنییەوە توندوتوڵتر بكرێت بۆ هەموو كەسێك جگە لەو ئاوارانەی كە لەهەرێمی كوردستانەوە دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان».
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 23-12-2022، هاووڵاتییەکی تەمەن 69 ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون. هەرسێ کوژراوەکە کوردن و خەڵکی باکووری کوردستانن. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە bbc بڵاویکردۆتەوە ئەو تاوانبارەی دەستگیرکراوە پێشینەی تاوانی هەیەو بە تۆمەتی تونتوتیژی ڕەگەزپەرستی دەستگیر کراوە و لە ئێستادا پۆلیس لە لێکۆڵینەوەکانیاندا لە پاڵنەری ڕەگەزپەرستی دەکۆڵنەوە. کۆنسەی دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (CDF-K) کە ئەو ناوەندە بەڕێوە ئەدا کە هێرشەکەی تیا ڕویدا، لە لێدوانێکی کورتدا هێرشەکەی شەرمەزار کرد هەروەها وتیشی شەوی هەینی کۆبونەوەیەک دەکەین بۆ ڕێزگرتن لەوقوربانییانەی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا. لە ئێستادا دیار نییە وهیچ هاندەرێکی پشتڕاستکراو نییە بۆ تەقەکردنەکە، بەڵام داواکاری گشتی پاریس وتی کە گومانلێکراوەکە پێشتر بە توندوتیژی نەژادپەرستانە تۆمەتبار کراوەو لە لێکۆڵینەوەکانیاندا ئەوە بەرچاو دەگرن. بە پێی ڕاپۆرتەکەی بی بی سی ئەو تاوانبارە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2021 هێرشی کردووەتە سەر کامپێکی پەنابەران لە پاریس بە شمشیرەوە بەڵام دیار نییە بۆچی بەو زوییە ئازاد کراوە. هەروەها ڕۆژنامەی لۆمۆند لە زاری ئاگیت پۆڵات، وتەبێژی سەنتەرەکەوە دەڵێت دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا "جارێکی تر" لەپاراستنی گەلی کورد لەپاریسی شکستیان هێنا دوای ڕوداوەکە ژمارەیەک هاوڵاتی کورد کوردانی شاری پاریس لە دوای هێرشەکە خۆپێشاندانیان کرد و گرژی لەگەڵ پۆلیس دروستبوو. بەشێک لە کوردانی فەرەنسا، پەنجەی تۆمەتیان بۆ تورکیا درێژکرد و دروشمی "دەوڵەتی تورکیای بکوژ"یان گوتەوە. پۆلیسیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا. سەبارەت بەم ڕوداوەش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکەی پاریس و کوژرانی سێ کورد، سەرەخۆشی لە کوردانی فەرەنسا کرد و رایگەیاند، "کوردەکانی فەرەنسا لە نێوەندی شاری پاریس بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە و دڵمان لای قوربانییان، برینداران و خێزان و کەسوکارەکانیانە." گێرالد دارمانین وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕوداوەکە بە ڕۆژنامەنوسانی گوت "هێرشبەرەکە بە ڕوونی بیانیەکان دەکاتە ئامانج، بەڵام پۆلیس لەم قۆناغەدا بەڵگەی نییە کە ئەو بە تایبەتی ئامانجی ئازاردانی کورد بووە". دارماین وتیشی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەهەڵسەنگاندنی ئەو هەڕەشانەی کە لە کۆمەڵگەی کوردی لە پاریس دەکرێت ئەنجام دەدەین جێگەی ئاماژەیە هێرشەکە نزیکەی 10 ساڵ لەدوای کوژرانی سێ ژنە چالاکوانی کورد لە پاریس دێت.
هاوڵاتی ماوەی هەشت رۆژە پێشمەرگەیەکی دانیشتووی شاری دهۆک لە بەغدا بێسەروشوێنە، باوکی ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت: "کوڕەکەم بۆ کارکردن لەگەڵ خاڵێکیدا چووەتە بەغدا، بەڵام دوای گەیشتنی لەو رۆژەوە تائێستا هیچ هەواڵێکی نییە." رۆژی هەینی، 23-12-2022، ئەزوەر ساڵح مزووری، باوکی ئەیازی تەمەن 31 ساڵ، لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە رووداوی راگەیاندووه: "کوڕەکەم پێشمەرگەیە و لە مەخموور دەوام دەکات، خێزاندارە و یەک کوڕی هەیە، رۆژی 16-12-2022 دوای ئەوەی خاڵی پێیگوتبوو مادام دەوامت نییە وەرە بەغدا و لەگەڵ من ئیش بکە، خاڵی وەستایە و کاری سیرامیک دەکات، ئەو رۆژە کوڕەکەم چووە مووسڵ و لەوێوە بۆ بەغدا و دوای ئەوەی گەیشتووەتە بەغدا لە گەراج عەلاوی دابەزیوە و تا سێ رۆژ تەلەفۆن و ماسنجەر و فەیسبووکیشی هەبووە، بەڵام هیچ تەلەفۆنێکی وەڵام نەداوەتەوە و ئێستاش مۆبایلەکەی داخراوە و هیچ لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەم نازانین." باوکی ئەیاز، کە بۆ سۆراخی کوڕەکەی چەند رۆژێکە لە بەغدایە و لە بنکەی پۆلیسی ناوچەی عەلاوی سکاڵای تۆمارکردووە، گوتیشی: "کوڕەکەم هیچ پارەیەکی ئەوتۆی پێنەبووە، لە موسڵ سواری ئۆتۆمبێل بووە و ویستوویەتی بچێت بۆ بەغدا لە رێگەدا خاڵی تەلەفۆنی بۆ کردووە و بەشۆفێرەکەشی گوتووە پارەی لێوەرنەگرێت و لە رێگەش ئەگەر پێویستی بوو پارەی بداتێ و بیگەیەنێتە ناوچەی سەعدوون لەبەغدا، بەڵام شۆفێرەکە لەلای گەراج عەلاوی دایناوە و گوتوویەتی، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ مووسڵ، چونکە نەفەری هەیە، ئیدی کوڕەکەم ویستوویەتی تەکسی بگرێت و بچێتە لای خاڵی، پارەی لە خاوەن تەکسییەکە وەرگرتووە، بەڵام لەو کاتەوە چارەنووسی نادیارە." باوکی ئەیاز دەڵێت، کوڕەکەی کێشەی لەگەڵ کەسدا نییە، نازانێت بۆچی ونبووە.
هاوڵاتی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی فیدراڵی پەسند دەکات، کە رێگە بە ئیدارەی بایدن دەدات 1.7 ترلیۆن دۆلار بۆ ئاژانسە فیدراڵییەکان خەرجبکات. پشکی پێشمەرگە و هێزەکانی کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیشی تێدا دیاریکراوە. رۆژی پێنجشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2022، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسەیەکدا بۆ ئەوەی کورتهێنان لە بودجەی فیدراڵیدا پڕبکاتەوە و بڕەکەی ترلیۆنێک و 700 ملیار دۆلاری ئەمریکییە. پڕۆژەیاسا 4,155 لاپەڕەییەکە، بە 68 دەنگی "بەڵێ" لە ئەنجوومەنی پیران پەسندکرا کە لە دوو بەش پێکدێت؛ 772.5 ملیار دۆلار بۆ خەرجیی پڕۆگرامە نێوخۆییەکانی حکومەتی فیدراڵی و 858 ملیار دۆلاریش بۆ بودجەی بەرگری تەرخانکراوە. پڕۆژەیاساکە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و کاری پێبکرێت، دەبێت ببرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و لەوێش دەنگی لەسەر بدرێت پێش ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بکات. پڕۆژەیاساکە وەکو هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە پەککەوتنی دامەزراوە فیدراڵییەکان یان "شەتداون" خراوەتەڕوو و تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2023 خەرجییە فیدراڵییەکان پڕدەکاتەوە. پشکی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەیەکەوە بە 475 ملیۆن دۆلار دیاریکراوە کە لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا خەرج دەکرێن. جگە لەوەش، بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هاوکاری راهێنان، کەلوپەل و پاڵپشتی لۆجستی بەو هێزانە دەدرێت. رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2022، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی بەرگریی ئەمریکا لەلایەن دیموکرات و کۆمارییەکانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسندکرا. بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە دەنگی لەسەر نەدراوە، بۆیە ناتوانرێت کاری پێبکرێت و خەرجبکرێت. بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگری، زیاتر لە 487 ملیۆن دۆلار بۆ چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تەرخانکراوە کە بڕی 322 ملیۆن و 204 هەزار دۆلار لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەخۆدەگرێت. هاوکات، بڕی 165 ملیۆن و 309 هەزار دۆلاریش بۆ هێزەکانی هەسەدە و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا لە سووریا تەرخانکراوە. لە پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێناندا کە رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی پیراندا پەسندکرا، نزیکەی 50 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی مرۆیی، سەربازی و ئابووریی ئۆکراینا و هاوپەیمانانی ناتۆ تەرخانکراوە. بەوەش کۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەگاتە 100 ملیار دۆلار. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتارێکی لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکێشکرد و باسی لە گرنگیی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی کرد لە شەڕی دژی رووسیا.
هاوڵاتی لە رووداوێکی تەقەکردندا لە نێوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا لانیکەم دوو کەس کوژران و چوار کەسیش برینداربوون دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە پاریسی پایتەختی فڕەنسا روداوێکی تەقەکردن لەنزیک ناوەندی کلتوری کوردیی ئەحمەد کایا رویدا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە ئەنجامدا دو کەس کوژراون و چوار کەسی دیکەش برینداربون. بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە گومانلێکراوێکی هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لەئێستاشدا لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە. هەروەها تۆڕی تەلەفزیۆنی فەرەنسی بی ئێف ئێم تیڤی بڵاویکردەوە, ڕووداوی تەقەکردنەکە لە دەوروبەری ناوەندێکی کلتوری کوردی ڕوویداوە، هاوکات ئیمانوێل گرێگۆیر جێگری سەرۆکی شارەوانی شارەکە لە تویتێکدا نووسی "بیرمان لای خێزانی قوربانی و هەموو ئەو کەسانەیە کە ئەم ڕوداوەیان بینیوە". دوکاندارێکی نزیک لە ڕوداوەکەش بە ئەی ئێف پی گووت کە گوێیان لە دەنگی حەوت یان هەشت فیشەکبووە" وتی "زۆر ترساین و خۆمان لەناو دوکانەکەدا شاردەوە". فەرمانگەی داواکاری گشتیش ڕایگەیاند،پیاوێکی گومانلێکراوی تەمەن 69 ساڵ لەسەر ڕوداوەکە دەستگیرکراوە.
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی شەپۆلێکی بارانبارین لەئەمشەو بەدواوە لە چەند ناوچەیەکی هەرێم دەکات . ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند لەئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور لەکاتە جیاجیاکانی ئەمشەو بەدواوە تا بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمە ٢٥-١٢-٢٠٢٢ شەپۆلێکی مامناوەند و باشی بارانبارین چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. وتیشی، کاریگەری ئەو شەپۆلە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی کەرکوک ئەگرێتەوە و بەشێوەی نمە بارانی پچر پچریش کاریگەری لەسەر سنوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین ئەبێت. سەبارەت بە نزمبونەوەی پلەکانی گەرما ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما ٢ بۆ ٤ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە ، خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند ئەبێت ١٠-٢٥کم/س لە ئاراستەی باکوری رۆژھەڵاتەوە. هاوکات ئەوەشی ڕونکردەوە ،لەکاتەکانی ئێوارەی ئەمرۆوە لەناوچەکانی ناوەراست و باشوری رۆژھەڵاتی عێراق مەترسی دروستبوونی لافاو لە زۆرێکی ناوچەکاندا ئەبێت بەھۆی بەھێزی کاریگەری ناسەقامگیریەکە لەم ناوچانەدا ئەگەری چالاکبوونی ھەوری بەھێز و بەخوڕی بارانبارین هەیە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى کەرکوک بڵاویکردەوە، توانیان دوو تۆمەتباری تەقەکردنەکەی شەوی ڕابردووى سەر خاڵێکى پۆلیسى ئامادەى پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکەن و لە ئێستاشدا هەوڵەکان بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنى تاوانبارى سێیەم. ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاند ، "دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو چەند چەکدارێک لە گەڕەکی دۆمیز تەقەیان لە خاڵێکی پۆلیسی ئامادەی کەرکوک کرد و بەهۆیەوە ئەفسەرێک و پۆلیسێک برینداربوون، ڕاستەوخۆ لێکۆڵینەوەمان دەستپێکرد و پاش بەدواداچونێکى ورد و توانرا دوو لەو تۆمەتبارانە دەستگیر بکرێن". وتیشی، "بەهەوڵی فەرماندەیی بارەگای پێشکەوتووی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک و بەهاوکاری ئاسایشی نیشتیمانی و پۆلیسی کەرکوک و هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیرکراون". شەوی رابردوو لە کەرکووک هێرشکرایە سەر بازگەی کۆبانی و لەو هێرشەدا ئەفسەرێک و دوو پۆلیس برینداربوون.
پۆلیسی تورکیا ئەمڕۆ ئۆپراسیۆنێکی فراوانی لە ٩ شاری باکوری کوردستان و ئەستەنبوڵ لەدژی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی دیموکراتی هەرێمەکان دەست پێکرد. ٢١ بەرپرسی باڵای ئەو دوو پارتە دەستگیرکران. داواکاری کۆماری ئامەد لەسەر ناوی (پەکەکە\کەجەکە) لەدژی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردن کرد.. لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی ئامەدا، لە ٩ شاری باکوری کوردستان پۆلیسی تورکیا هەڵیکوتایە سەر باڵەخانە و ماڵی بەرپرسانی پارتەکە. لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا کەسکین بایندر هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، خەیرەدین ئاڵتون و سەڤال گولمەز بەڕێوەبەرانی دەبەپەی ئامەد، زەکی ئیرمەز هاوسەرۆکی دەبەپەی شڕنەخ، شەنگول پۆڵات و هارون ئوکتای هاوسەرۆکانی دەبەپەی وان، هەدیە ئەنمەک هاوسەرۆکی دەبەپەی روحا، ئەتهەم ئونال و زولەیخا ئاسلان هاوسەرۆکانی دەبەپەی دیلۆک، شەرەفەدین ئاسلان هاوسەرۆکی دەبەپەی مێردین، بە گشتی ١٤ کەس دەستگیرکران. لە شارەکانی ئاگری و ئێلح باکوری کوردستانیش، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر باڵەخانەکانی پارتەکە و بریاری دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی دەبەپەی هەردوو شارەکە دراوە. لە ئەستەنبوڵ ٧ کەس دەستگیرکران ئەمڕۆ هەموو بەرپرسە کوردە دەستگیرکراوەکان بۆ شاری ئامەد دەگوازرێنەوە و دادگایی دەکرێن. لەلایەکی دیکەوە، لە ئەستەنبوڵیش لەدژی ئەندام و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەست بە ئۆپراسیۆنێکی دەستگیرکردن کرا. لە ناوچەی کوچوکچەکمەجە، ئاتاشەهیر و سانجاکتەپەی ئەستەنبوڵ، حەوت کەس دەستگیرکران کە یەکێکیان کەریم کلچ بەڕێوەبەری ناوچەی سانجاکتەپەی پارتی دیموکراتی گەلانە.
هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارێک ئەمساڵ ٣٨ ژن و منداڵ لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کوژراون. ساڵی ٢٠٢٢ کە چەند رۆژێک ماوە کۆتایی بێت، ساڵێک بوو کە تێیدا دەوڵەتی تورکیا زۆرترین هێرشی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە و هێرشەکان تاوەکو ئێستاش هەموو رۆژێک بەردەوامن. ئەڤین جومعە ئەندامی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی جزیری رۆژئاوای کوردستان بۆ ئاژانسی فوراتنیوز، ئاماری پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی تورکیای لە رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا کرد. ئەڤین جومعە باسی ئەوەی کرد، بەگوێرەی ئامارەکانیان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٢١ منداڵ لە رۆژئاوای کوردستان بە گشتی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کوژراون و ٥٧ منداڵیش بریندار بوون. ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی جزیر دەشڵێت، لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا، هەروەها ١٧ ژن کوژراون و ٩ ژنی عەفرینیش لەلایەن چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە رفێندراون و چارەنووسیان نادیارە. ئاماژەشی بەوەکردووە کە هەرچەندە هەوڵیانداوە، ئاماری کوژراو و بریندارەکان بە تەواوی کۆبنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێگە بە ئەندامانی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ نادرێت، سەردانی ناوچە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی و بەشێک لە شەهبا بکرێت، پێدەچێت ئاماری بریندار و کوژراوەکان زیاتر بێت.
هاوڵاتی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لەتوركیا نزیك دەبێتەوەو دەسەڵاتی ئەو وڵاتە كە لەهاوپەیمانی كۆماری، پارتی دادو گەشەپیدان (ئاكەپە) و پارتی گەلی كۆماری (مەهەپە) پێكدێت، دەستی بەهەڵمەتێكی دیكەی فشار خستنەسەر ئەندام، بەرپرس و كەسایەتییە دیارەكانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و راپێچكردنیان بۆ دادگاكان كردووە كەدیارترینیان ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵە. حكومەتی ئاكەپە دوای پارتە كوردییەكان و لایەنگرانی فەتحولا گولەن، دەست بۆ بەرپرسانی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) دەبات كە لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری كۆماری توركیایە دامەزرێنراوە. دادگای ئەستەنبوڵ رۆژی ١٤ی كانونی یەكەم بەتۆمەتی سووكایەتیكردن بەسەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەر ئیمامئۆغلۆدا سەپاند. زۆربەی پارتە سیاسییەكانی توركیاو وڵاتانی زلهێزی جیهان وەك ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا، دادگاییكردنی ئیمامئۆغلۆیان بەپرسێكی سیاسی و نادادپەروەرانە لەقەڵەمداو داوایان لەحكومەتی ئاكەپە كرد، بەگوێرەی پێوانەكانی دیموكراسی بجووڵێتەوە. پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) بەتایبەتی لە ١٠ ساڵی رابردوودا، قۆناغ بەقۆناغ، بەدەستگیركردن و تۆمەت خستنەپاڵ پارت و كەسایەتییەكانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵیداوە، ركابەرەكانی تێكبشكێنێت كەدیارترینیشیان پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە. نزیكەی ١١ هەزار كەس لەبەرپرس و لایەنگری هەدەپە لەزینداندان ئۆپەراسیۆنی فراوانی حكومەتی ئاكەپە لەدژی پارتە كوردییەكان لەساڵی ٢٠١٤ دەستیپێكرد، لەهەڵبژاردنەكانی ٣٠ی ئازاری ٢٠١٤دا، پارتی دیموكراتی هەرێمەكان (دەبەپە) توانی ١٠٦ گەورە شارەوانی و شارەوانی شاروچكەكانی باكوری كوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام هەرزوو هاوسەرۆكانی شارەوانییەكانی دەبەپە رووبەڕووی ئۆپراسیۆنێكی فراوانی دەسەڵات بوونەوەو لەئەنجامدا، ٣٣ هاوسەرۆكی شارەوانییەكان لەپۆستەكانیان دوورخرانەوە كەدیارترینیان گولتان كشاناك هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی ئامەد، ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی ماردین و بەكر قایا هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی وان بوو. لەو هەڵمەتەدا گوڵتەن كشاناك و بەكر قایا دەستگیركران و سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا كە تاوەكو ئێستاش لەزینداندان. دوای تەسفیەكردنی شارەوانییە كوردییەكان حكومەت روویكردە پەرلەمانتارانی هەدەپە. دوای پرۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥دا، حكومەتی ئاكەپە، هەڵمەتێكی زۆر فراوانی دەستگیركردنی بەرپرس و ئەندامانی ئەو پارتەی دەستپێكرد كە لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا گەیشتە لوتكەو تاوەكو ئێستاش بەردەوامە. لەمانگی ئەیلول تاوەكو كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ ئاكەپە هەوڵیدا گورزێكی گەورە لەسیاسەتی كورد لەباكوری كوردستان بوەشێنێت و بۆیەش دەستی بەدەستگیركردنی پەرلەمانتارو بەڕێوەبەرانی هەدەپە كرد. سەرەتا نزیكەی ١٠ پەرلەمانتاری هەدەپەی دەستگیركرد كە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی ئەوكاتەی هەدەپە دووان لەدەستگیركراوەكان بوون. لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك لەپەرلەمانتارەكانی هەدەپە ئازاد كران، بەڵام تاوەكو ئێستاش سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و چوار پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بەناوەكانی ئیدریس بالوكەن، لەیلا گیوڤەن، گورسەل یڵدرم، نورسەل ئایدۆغان لەزینداندان و لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا سێ جار داوای ئازادكردنیانی كردووە، بەڵام ئازاد نەكراون. لەلایەكی دیكەوە لەهەڵبژاردنەكانی شارەوانییەكاندا كە لە ٣١ی ئازاری ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی گەلان توانی ٦٥ شارەوانی لەباكوری كوردستان بەدەستبهێنێت. حكومەت جارێكی دیكە سیناریۆكەی ساڵی ٢٠١٤ی دووبارەكردەوە و هەر لەسەرەتادا، حكومەت مۆڵەتی كاركردنی لەشەش سەرۆك شارەوانی هەدەپە وەرگرتەوەو پێنج مانگیشی نەخایاند كەئۆپراسیۆنێكی فراوانی دژی شارەوانییە كوردییەكان بەبیانوی هاوكاریكردنی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد. لەئۆپراسیۆنەكەدا، ٣٩ هاوسەرۆكی شارەوانییەكانی هەدەپە دەستگیركران و جگە لەشەش هاوسەرۆكی شارەوانی، هەموو هاوسەرۆكی شارەوانییەكانی دیكە لەكارەكانیان دوورخرانەوەو بەڕێوەبەری حكومی بەناوی "قەیوم" لەپۆستەكانیان دانران. تاوەكو ئێستاش حەوت هاوسەرۆكی شارەوانی هەدەپە لەزینداندان و بەتەنیا شەش شارەوانی بەدەست ئەو پارتەوە ماون. جگە لەوەش بەگوێرەی دوایین ئاماری پارتەكە، نزیكەی ١١ هەزار پەرلەمانتار، هاوسەرۆكی شارەوانی، كادرو ئەندامانی هەدەپە لەزیندانەكانی توركیادان كەتاوەكو ئێستاش رۆژ نییە چەند كەسێكیان لێ دەستگیرنەكرێت. ئەو حەوت هاوسەرۆكی شارەوانیەی هەدەپە كەتاوەكو ئێستا لەزینداندان ئەمانەن: عەدنان سەلچوك مزراكلی هاوسەرۆكی گەورەشارەوانی ئامەد، یاشار ئاككوش هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی ئیدر، رەمزیە یاشار هاوسەرۆكی شارەوانی ناوچەی گەڤەڕی جۆلەمێرگ، مەلیكە گوكسو و بورهانەدین شاهین هاوسەرۆكانی شارەوانی ناوچەی قەرەیازی ئەرزەڕۆم، حەسەنا سافا هاوسەرۆكی شارەوانی ناوچەی هەلفەلی ئیدر، فەییمە فیلیز بولوتتەكین هاوسەرۆكی ناوچەی سوری ئامەد. هەوڵی كودەتاو دەستگیركردنی لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن یەكێكی دیكە لە رووداوەكانی چەندساڵی رابردوو لەتوركیا، هەوڵی كودەتای ١٥ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٥ بوو كەحكومەتی ئاكەپە، رێكخراوی خزمەتی فەتحوڵا گولەنی بەئەنجامدانیی تۆمەتبار كرد. فەتحوڵاچییەكان كەوەك هاوبەشێكی نافەرمی حكومەتی ئاكەپە دەبینران، دوای كودەتاكە رووبەڕووی لێشاوێكی توندی دەستگیركردن، راوەدوونان و ئەشكەنجەیەكی زۆر بوونەوە. ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەو رووداوەی وەك یەكلاییكردنەوەی حساباتی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و فەتحوڵاگولەن لێكدایەوە كەسەردەمانێك بڕبڕەی پشتی یەكدی بوون. بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، حكومەتی توركیا لێپرسینەوەی لەبارەی ٦١٢ هەزارو ٨٧٠ كەس بەتۆمەتی ئەندامێتی رێكخراوی گولەن كردووە. لەو ژمارەیە ٢٩٢ هەزارو ٧٠٣ كەس دەستگیركران كەدواتر ٩٦ هەزارو ٩٤٥ كەسیان سزادران و ئەوانەی دیكە ئازادكران. لەئێستاشدا بەتەنیا ٢٥ هەزارو ٦٥٥ كەس لەزینداندا ماون و ئەوانەی دیكە سزاكەیان تەواو كردووە. بەگشتی سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر ٣١٥ ئەفسەری سوپاو هێزە ئەمنییەكانی ناوخۆ سەپێندرا. هەروەها ٢٥ هەزارو ٤٨ داواكراو تاوەكو ئێستا دەستگیرنەكراون كەزۆربەیان بۆ وڵاتانی ئەوروپاو ناوچەكە هەڵهاتوون. جگە لەوە ٢٠ هەزارو ٧٧ ئەفسەری پلە نزم و پلە بەرزی سوپاو هێزە ئەمنییەكان و پۆلیسی ئاسایی لەكارەكانیان دوورخرانەوە. بەگشتی نزیكەی ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار كەس كە لەدامودەزگا حكومەتی و ناحكومییەكان كاریان دەكرد لەكارەكانیان دوورخرانەوە. ٥٣ رۆژنامە، ٣٧ رادیۆ، ٣٤ كەناڵی تەلەڤزیۆنی، ٢٩ چاپخانە، ٢٠ گۆڤارو شەش ئاژانسی هەواڵ داخران. رادەستكردنی سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتەكەی جگە لەوەی لەناوخۆی توركیادا، بەتوندی دژی ركابەرەكانی وەستانەوە، هەروەها لەدەرەوەی توركیاش، هەوڵدەدات، پارتە نەیارەكانی توركیاو سەركردە هەڵاتووەكانی بەقۆڵبەستكراوی بگەڕێنێتەوە توركیا. ئەم هەلەشی لەلوتكەی ناتۆ لەمەدرید بۆ رەخسا كەوڵاتانی سویدو فینلەندا داوایان كرد وەك ئەندامی ناتۆ قبوڵ بكرێن. توركیا لەلوتكەی ناتۆدا مافی ڤیتۆی بەكارهێناو لەدژی ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە وەستایەوەو مەرجی دژایەتیكردن و رادەستكردنەوەی ئەندام و بەرپرسانی پارت و رێكخراوەكانی دژی دەوڵەتی خستەڕوو. ئەردۆغان لەئێستادا چەند رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتەكانی سویدو فینلەندا واژۆ كردووە كە بەهەموو شێوەیەك رێگری لەچالاكییەكانی پەكەكەو فەتحوڵاچییەكان بكرێت و لیستێكیشی رادەستی هەردوو وڵات كردووە كەناوی ژمارەیەك سەركردەو بەرپرسی ئەو دوو پارت و رێكخراوەی تێدایە، بۆ ئەوەی رادەستی توركیا بكرێنەوە. سوید تاوەكو ئێستا تەنیا كەسێكی رادەستی توركیا كردووەتەوە كەكوردێكی خەڵكی دەرسیمە، بەڵام توركیا رایگەیاندووە كەئەو كەسە لەلیستی داواكراوەكاندا نییەو كەسایەتییە كاریگەرەكانیان دەوێت كەتاوەكو ئێستا لسیتەكەیان ئاشكرا نەكردووەو ناوی داواكراوەكان نازانرێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ درێژكردنی تەمەنی دەسەڵاتەكەی لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، بەم شێوەیە ركابەرایەتی نەیارانی كردووەو دوایین نێچیریشی ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵە كە بەربژێری (جەهەپە) بوو كە بەگوێرەی دەیان راپرسی ئەگەر ببێتە كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆكی توركیا دەتوانێت شكست بەئەردۆغان بهێنێت. بەگوێرەی قسەكانی كاتی پیری ریپۆرتەری پێشووی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری توركیا كە بەژنێكی كاریگەر لەپەیوەندیەكانی نێوان توركیاو یەكێتی ئەوروپا دەناسرێت، ئەردۆغان لە ئیمامئۆغلۆ ترساوەو هەوڵدەدات لەگۆڕەپانی سیاسی وڵات دووری بخاتەوە.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات. جۆرجیا میلۆنی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات، هەروەها بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازەکانی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. ئەم گەشتەی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وەک نەریتێکی ساڵانەیە، کە لە کریسمسدا سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات، هاوکات ئەمساڵ ئەو سەربازانە بەسەردەکاتەوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن. جێگەی باسە ئیتاڵیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەندامە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و چەندین ھاوکاری و پاڵپشتی پێشکەشی عێراق و ھەرێم کردووە. بەپێی راپۆرتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، ئیتاڵیا ٩٠٠ سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێم ھەیە کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن.
هاوڵاتی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ روو لە عێراق دەکات . عامر جابری وتەبێژی دەستەی کەشناسی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە عێراق دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپەستانێک و لە دوانیوەڕۆوە کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و بارانی بەخوڕ دەبارێت بەتایبەتی لەبەشی رۆژهەڵات و ناوەڕاست و باشوری وڵاتدا. وتیشی پێشبیندەکرێت لە پارێزگاکانی دیالە و میسان و واست و بەسرە و موسەنا بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو دروستبێت، هەربۆیە پێویستە هاوڵاتییان ئاگاداری خۆیانبن. هاوکات، بەڕیوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی رایگەیاند، شەپۆلی ئەمجارەی بارانبارین لە هەرێم لاواز دەبێت و تەنها پێشبینی بارینی نمەباران دەکرێت
لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە چلەی مەرگی ژمارەیەک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان دروشم دژی دەسەڵات وترایەوە و بەشداربونای ئەو رێوڕەسمانە هۆشدارییان دایە دەسەڵات لەسەر لەسێدراەدانی دەستگیرکراون و ناڕەزایەتییەکانیش چوە 97ەمین رۆژی خۆیەوە. لە رۆژێکدا یادی چلە مەرگی حەوت کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات کرایەوە و لە قەزوێن و تاران چلەی دو کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو دو شارەی ئێران بەڕێوەچو. لە شارەکانی سنە و دیواندرە و کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان چلەی مەرگی حەوت کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەشە لە کوردستان بەڕێوەچو. لە شاری سنە بە رێوڕەسمی جەماوەری یادی چلەی مەرگی زانیار ئەڵڵامورادی و عیسا بیگلەریی و حەمید گوڵی کرایەوە و سەرەڕای کەشوهەوای سارد بەڵام جەماوەری زۆری خەڵکی شارەکە لەسەر گلکۆی ئەو سێ کوژراوەی ناڕەزایەتییەکان ئامادەبون. لە شاری کامیاران رێوڕەسمی چلەی فواد محەمەدی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر بەڕێوەچو. لە شاری دیواندرە هاوشێوەی سنە و کامیاران یادی چلەی مەرگی فواد سەواری و حەبیبوڵڵا فەتحی بەڕێوچو. ئەمڕۆ موژگان کاوسی، نوسەر و چالاکی سیاسیی کورد لە لایەن دادگایەکی ئێران تۆمەتی دژایەتی خودا و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خراوەتە پاڵی و بە پێی یاساکانی ئێرانیش سزای سێدارە ئەو خانمە کوردە دەگرێتەوە، کاوسی پێشتریش بە تۆمەتی دژایەتیی دەسەڵاتی ئێران سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و چەند ساڵێک لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا زیندانیی کراوە. سەندیکای ئەکتەری سینەما و رادیۆ و تەلەفیزۆنەکانی ئەمریکا (SAG-AFTRA) رۆژی پێنجشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای ئازکردنی تەرانە عەلی دوستی، ئەکتەری ناودرای ئێرانی کرد کە بە تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندەران لە لایەن دەسەڵاتی وڵاتەکەوە زیندانیی کراوە. لە بەیاننامەکەدا هاتوە SAG-AFTRA رێز و پێزانینیان بۆ بوێریی کەتایون ریاحی و هەنگامە قازیانی و تەرانە عەلی دوستی و سەرجەم ئەوانە هەیە کە ئازایانە بۆ داواکردنی مافەکانیان ژیانیان خستوەتە مەترسییەوە ئەوان سەلماندویانە تەنانەت لەو پەڕی سەرکوتی بێبەزەییانەدا دەکرێت مرۆڤ بون بدرەوشێتەوە. پەرلەمانی هۆڵەندا پڕۆژە یاسایەکی پەسند کرد بۆ ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە کار بکات بە مەبەستی ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا ئەوەش بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران و هاوکات ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن ئەو سوپایەوە بۆ روسیا بە ئامانجی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا. رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردەوە سەرکوت و کوژرانی دەیان بەلوچ لە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان گەورەترین سەرکوتی ئەمساڵ بوە لە جیهاندا کە نزیکەی 100 کەس لە رۆژیکدا کوژراون. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئامارێکی بڵاو کردەوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی سێ مانگی رابردودا لانیکەم 46 پارێزەر و 39 رۆژنامەوان و 38 چالاکی سیاسی و 27 مامۆستا و 25 چالاکی مەدەنی و 15 چالاکوانی کرێکاریی و 13 ژینگەپارێز و نۆ هونەرمەندی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دەستگیرکراون. وەزارەتی هەواڵگریی ئێران کە بە ئیتلاعات ناودەهێنرێت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند چوار گروپی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)ی دەستگیر کراون کە بە ئامانجی هێرشی سەربازیی رویان لە ناو خاکی وڵاتەکە کردوە. بەیاننامەکەی ئیتلاعات لە کاتێکدایە پێشتریش دەیان چالاکوانی سیاسیی کورد لە لایەن ئەو دەزگایەوە دەستگیرکراون و تۆمەتی کارکردن بۆ مۆسادیان خراوەتە پاڵ و ناچار بە دانپێدانانی بەردەم کامێرا کراون. بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان نرخی تەمەن دادەبەزێنێت و ئێوارەی پێنجشممە بەهای دۆلار لە ئێران ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی تۆمار کرد و هەر دۆلارێک بە 40 هەزار و 30 تمەن مامەڵەی پێوەکرا لە کاتێکدا میدیاکانی حکومەت بلاویان کردبوەوە نرخی هەر دۆلارێک لە 39 هەزار تمەنەوە بۆ 36 هەزار تمەن دادەبەزێت. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترین سزا روبەڕوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوەتەوە و ئەمریکا بە راشکاوی رایگەیاندوە رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەو وڵاتە چالاک ناکاتەوە بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژیی دژی ناڕەزایەتییەکان و سەرکوت و سێدارەی گەنجان . کۆمپانیای (یوتێلسات) بۆ پەخشی تەلەفیزیۆنیی مانگی دەستکرد ئاشکرای کرد لە چوارچێوەی سزا نێودەوڵەتییەکان و یەکێتی ئەوروپا بۆ دەسەڵاتی ئێران، پەخشی سەرجەم کەناڵە فەرمییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە مانگە دەستکردەکەی راگرتوە. ئەو بڕیارەش لە کاتێکدایە بە پێی راپرسییەکان 95%ی دانیشتوانی ئێران و خەڵکی ئەو وڵاتە لە ئەوروپا ئەو مانگە دەستکردە بەکار دەهێنن و دەسەڵاتی ئێرانیش چەندین کەناڵی لە رێگەی ئەو کۆمپانیایەوە پەخش دەکرد.
هاوڵاتی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماری پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە لەماوەی ساڵی 2022 مۆڵەتیان پێدراوە وڕایگەیاند بۆ ساڵی 2023 "شوێنمان بۆ هەزار و 306 دەرفەتی وەبەرهێنان کردووەتەوە ". محەمەد شوكری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، لەساڵی 2022دا 89 مۆڵەتی نوێ دراونەتە وەبەرهێنەران و دەستیان بەكار كردووە، 400 مۆڵەتیش تەواو بوون و ١٣ پرۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشێنراونەتەوە، 8 ناوچەی پیشەسازیش لە هەرێم زەوییان بۆ دیاری كراوە و ئاماژەی بەوەدا "بە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵی رابردوو، ئەمساڵ باشترین ساڵ بووە بۆ پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان". وتیشی، "سندووقی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خراوەتەکار و لەمەودوا 5٪ی کۆی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون موڵکی دەستەی وەبەرهێنانە و داهاتەکەی دەخرێتە ناو ئەم سندووقەوە". ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەروو 130 هەزار دەستی كار بەشێوەی راستەوخۆ لە پرۆژەكان كاردەكەن و بە هەزارانی تریش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ كار دەكەن، هەوڵیش دراوە زیاتر لە 75 لەسەدی دەستی كار لەناوخۆبن. لەبارەی پلانەکانیان بۆ ساڵی 2023، د. محەممەد شوکری گوتی: "شوێنمان بۆ هەزار و 306 دەرفەتی وەبەرهێنان کردووەتەوە و هاوکات 330 دەرفەتی وەبەرهێنانی سەوز کە پڕۆژەی ژینگەدۆستن لە پلانی ساڵی داهاتووماندا گونجێنراون". سەبارەت بە یاسای وەبەرهێنانیش، د. محەممەد شوکری دووپاتیکردەوە: "کارمان لەسەر نوێکردنەوەی یاسا و رێنماییەکانی وەبەرهێنان کردووە و ئێستا چەند بۆردێک لە دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەکانی پێکهێنراون بۆ ئەوەی پێداچوونە بە یاسا و رێنماییەکان بکات و ساڵی 2023 هەوڵدەدەین رەشنووسی یاسای وەبەرهێنان بە جۆرێک ئامادەبکەین کە لەگەڵ ستانداردی جیهانی بگونجێت".
