ئەو ژنە کوردە 80 ساڵەی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی PKK، چوار مانگ لە پارێزگای وان زیندانی کرا بە بڕیاری دادوەر و بە مەرجی دادی ئازادکرا. مەقبوولە ئۆزەر-ی تەمەن 80 ساڵ و هادی ئۆزەر-ی هاوژینی کە تەمەنی 79 ساڵە. پێشتر لە 24ی تەممووزی 2018 لەلایەن تیمەکانی پۆلیس لە شارۆچکەی ئارتەمێتان سەر بە پارێزگای وانی کوردستانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ سەر ماڵەکەیان، لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەستبەسەر کران. ئەو دوو هاوژینە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پەکەکە سکاڵایان لەسەر تۆمارکرا، بۆیە رۆژی دووشەممە 9ی ئایاری 2022 دەستبەسەرکران و هەمان رۆژ بە بڕیاری دادگەی خۆجێیی وان بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پەکەکە بە 2 ساڵ و 1 مانگ زیندانی کردن سزادران. رۆژی سێشەممە 10ی ئایاری 2022، دادگەی باڵای وان بڕیاری دادگەی خۆجێی پەسندکرد، هەمان رۆژ مەقبوولە و هاوژینەکەی بە بڕیاری دادگەی خۆجێیی وان خرانە زیندانەوە. رۆژی 26ی ئابی 2022، مەقبوولە ئۆزەر کە زیاتر لە چوار مانگ لە زیندان بوو، نەخۆش دەکەوێت و دەبرێت بۆ نەخۆشخانە. بەڵام بەهۆی ئەوەی زمانی تورکی نەزانیوە، وەرگێڕی کوردیشی بۆ دابین نەکراوە، بەبێ ئەوەی بە زمانی خۆی گوزارشت لە ئازارەکانی بکات، لەسەر بنەمای راپۆرتێکی تەندروستیی کە پێشتر ئامادە کراوە، چارەسەری بۆ نووسراوە و رەوانەی زیندان کراوەتەوە. بەپشت بەستن بە راپۆرتی دادپزیشکی پارێزگای وان، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، مەقبوولە ئۆزەر دۆخی تەندروستیی خراپە و پێویستی بەچاودێری بەردەوامە و ئەو چاودێرییە تەندروستییەش لە گرتووخانەکاندا نییە. بۆیە دادگەی باڵای سزا قورسەکانی پارێزگای وان، بڕیاری ئازادکردنی ئەو ژنە بەمەرجی دادی و دواخستنی سزاکەی بۆ ساڵێک دەرکرد. دوای دوو کاژێر لە بڕیاری دادگەکە، مەقبوولە ئۆزەر لە زیندان هاتە دەرەوە.
هاوڵاتی دوای رزگاکردنی شەنگال لەژێر دەستی داعش، ئێزدییەکان لەسەر حسابی خۆیان مەزارگه‌کانیان نۆژەن دەکەن، تەنها لەناوەندی شەنگال 8 مەزارگه نۆژەن یان کردوە. فاخر خەلەف، سەرپەرشتیاری نوژەنکردنەوەی مەزارگەکانی شەنگال به هاوڵاتی ی وت" هەندێک مەزارگا لەلایەن رێکخراوەکان نۆژەنکراونەتەوە وبەشێکی زۆر کەسانی خێرخواز لەناو ئێزدییەکان پارەیان خەرجکردوە بۆ نوژەنکردنەوە، تا ئێستا 8مەزارگه لەناوەندی شەنگال و دەوروبەری نوژەنکراون، سێ مەزارگه‌ی تر ماون کە هێشتا دەستمان پێ نەکردوە، لە پاڵ ئەمەشدا دوو مەزارگه‌ی نوێ دروستمانکردوە". فاخر خەلەف،فەرمانبەرە بەناونیشانی خلمەتکار لەمەزارگه‌ی سوڵتان ئێزی لەناوەندی شەنگال،زیاتر وتی"بەداخەوه حکومەتی عیراق هیچ پارەیەکی بۆ ئێمە خەرج نەکردوە لەکاتێکدا مافی ئەوانە پارە خەرج بکەن چونکە داعش وێرانی کردوون، چوون پارە بۆ نوژەنکردنەوەی پرۆژەکان خەرج دەکەن دەبێت بۆئێمەش خەرج بکەن". بەپێی ئاماری نۆسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی داعش 68 مەزارگه و شوێنی پیرۆزی ئێزیدی تەقاندوەتەوه
هاوڵاتی سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی كەنەیویست ناوی بهێنرێت لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت: ئەو كەسانەی بەبڕیاری دادوەر دەستگیركراون لەسەر مەسەلەی داگیركاری زەوی و زار‌و سپیكردنەوەی پارەو بەبڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش بووە و نزیكەی 15 كەسن. ئەو كەسانەی كاری سپیكردنەوەی پارەیان كردووە بەتەوافوق چەكی بانكییان كڕیوە و لەبانكەكان ئاسانكارییان بۆ كراوە و پارەیان بۆ خەرجكراوە بەوەش قازانجێكی زۆریان كردووە. چەندین كەسیی دیكەش سكاڵایان لەسەرەو بەبڕیاری دادوەر دەبێت دەستگیربكرێن بەڵام تائێستا بەشێكیان دەستگیرنەكراون و بەشێكیشیان هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی لە ٧ی ئەیلول لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە لە سنوری پارێزگای دهۆک دوو خوشک بە تۆمەتی سەربڕینی دایک‌و برایەکیان دەستگیر کران لە ئێستادا پۆلیسی سەڵاحەدین داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارەکان دەکات. دوو خوشک کە خەڵکى پارێزگاى سەلاحەدینن بە تۆمەتى کوشتنى دایکە بەتەمەنەکەیان و برا 20 ساڵانەکەیان بە چەقۆ، لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دەستگیرکران؛ پۆلیسى سەلاحەدین دەڵێت، داواى رادەستکردنەوەى تۆمەتبارەکانیان لە هەرێمى کوردستان کردووە. بە پێی راگەیێندراوێکى پۆلیسى پارێزگاى سەلاحەدین، ئەو رووداوى کوشتنە لە گەڕەکى شیشین لە شارى تکریتى ناوەندى پارێزگاى سەلاحەدین روویداوە و ئاگادارکراونەتەوە و دوای لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە کە ئەو دایک و کوڕە بەر لە چوار رۆژ لە ئاگادارکردنەوەیان، لە ماڵى خۆیاندا بە چەقۆ کوژراون و تەرمەکانیان تێکچوون و بۆنیان کردووە. پۆلیسی سەلاحەدین ئاماژەى بەوەشدا کە دوای سەیرکردنى کامێراکانى چاودێرى، دەرکەوتووە کە ئەو دوو کچە دواى "ئەنجامدانى تاوانەکە، ماڵەکەیان جێدەهێڵن و دواتر زانراوە کە هەڵاتوون بۆ هەرێمى کوردستان و ویستوویانە لەوێوە بچنە تورکیا، بەڵام لە لایەن ئاسایشى هەولێرەوە دەستگیرکراون و لەکاتى لێکۆڵینەوەدا، دانیان بە تاوانى کوشتنەکەدا ناوە". بەڕێوەبەرى پۆلیسی سەلاحەدین ئاماژەى بەوەدا کە هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان هاوکاریى تەواویان کردوون لە دەستگیرکردنى ئەو دوو خوشکە و بەفەرمیش داوایان لێکردوون کە رادەستیان بکەنەوە، بە مەبەستى ئەوەى لە دادگەى سەلاحەدین لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن. ئەو دوو کچە لە لایەن پۆلیسی سەلاحەدین بەگوێرەى ماددەى ٤٠٦ى یاساى سزادانى عێراقى فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، کە تایبەتە بە کوشتنى بەمەبەست و سزاکەى لەسێدارەدانە.
هاوڵاتی ئاسایشی سلێمانی شکست بە پیلانێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەهێنێت و دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەری دەستگیر کرد . لە درێژەی کاروچالاکیەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانانی ئەو ماددانە ، لە دوو چالاکی جیادا دەستبەسەر بڕی ( ١٦ )کگم ماددەی هۆشبەری جۆری { تلیاک }دا گیرا. بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگری کردن لە بڵاوبونەوەی هەر جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر کە زیان بە ئابوری هەرێم دەگەیەنێت و کاریگەری خراپ لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات ، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە دوو چالاکیدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرت . لە چالاکی یەکەمدا دوای لێکۆڵینەوەی وورد و بەدواداچوون هێزەکانی ئاسایش بە فەرمانی دادوەر لە ٢٠٢٢/٧/٢٩ لە بۆسەیەکدا دەست بەسەر بڕی { ١٦ } کگم ماددەی ( تلیاک )دا گیرا کە لەناو ( غەتاس ) ی ئاودا شاردرابویەوە و تۆمەتبارێکیش بەناوی ( أ ، ك ، ح ) دەستگیرکرا ، تۆمەتبار لە دایکبوی ١٩٩٣ ی هەولێرە، ئۆتۆمۆبێلێکی جۆری ( شیری ) پێبووە ، لە بازگەیەکی دەروازەی شاری سلێمانی دەستگیرکراوە و بەپێ ی زانیاریەکان ئەو ماددانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هێنرابوون . لە چالاکی دووەمدا هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوەی وورد لە دەروازەی نێودەوڵەتی ( باشماخ ) لە ڕۆژی ٢٠٢٢/٧/٣١ تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە ، کە دانیشتوی شاری (بۆکان) ە ، بەڕەگەز کوردە و لەدایکبوی ١٩٧٠ بە ناوی ( م ، م ، أ ) خێزاندارە ، تۆمەتبارەکان بەنیازبوون لەشاری سلێمانیەوە تلیاکەکە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان . بە فەرمانی دادوەر بەپێ ی ماددەی ٢٥ لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و دەستبەسەر تلیاکەکەدا گیراوە.
شلێر ڕه‌سووڵی ته‌مه‌ن ٣٦ ساڵ كه مه‌به‌ستی ده‌ربازبوون له ده‌ستدرێژی كه‌سێك خۆی له ده‌لاقه‌ی خانوویه‌ك فڕێ دایه‌وه خواره‌و بێ هۆش بوو، ڕۆژی پێنجشه‌ممه (٨ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٢) دوای ٦ ڕۆژ مانه‌وه له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی سنه گیانی له‌ده‌ستدا. به‌گوێره‌ی هه‌واڵی گه‌یشتوو به ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، شلێر ڕه‌سووڵی كاتژمێری ٢ی سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه (٣ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٢) له‌لایه‌ن (گ.ق) به بیانوو نه‌خۆش بوونی هاوژینه‌كه‌ی و یارمه‌تیدانی چووه‌ته ماڵیان، به‌ڵام كاتێك شلێر ده‌چێته ماڵی ناوبراو ده‌بینێت كه هاوژینه‌كه‌ی له ماڵ نییه و ده‌یه‌وێت ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ری، هه‌ر بۆیه‌ش شلێر خۆی له ده‌لاقه‌ی نهۆمی دووه‌مه‌وه بیناكه‌وه فڕێ ده‌داته خواره‌وه. شلێر ڕه‌سووڵی خه‌ڵكی گوندی چه‌شمیه‌ری سه‌ر به سه‌وڵاوا و دانیشتووی مه‌ریوان و هاوسه‌ره‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی كرێكاری بووه، هه‌روه‌ها شلێر دایكی دوو منداڵه. (گ.ق) هه‌مان ڕۆژ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌و ئێستاش ده‌ستبه‌سه‌ره. پشتبه‌ستن به وته‌ی خه‌ڵكی مه‌ریوان ، كه (گ.ق) له ساڵانی ڕابردوودا هاوكاری ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانی ئێران كردووه‌و په‌یوه‌ندی هه‌بووه له‌گه‌ڵیان و چه‌ندین جاریش به هۆی دزی، ده‌مه‌قاڵێ، چه‌قۆ كێشان و... ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌و هه‌ر به هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه هه‌ر زوو ئازاد كراوه. وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕینێك رۆژی شه‌ممه 7-9-2022 ژماره‌یه‌ك له چالاكانی ژن له مه‌ریوان به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به نه‌بوونی ئاسایش بۆ ژنان له ناو كۆمه‌ڵگادا له پێش دادگای ئه‌و شاره گردبوونه‌وه.
سازدانی: شه‌نای فاتح به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ده‌ڵێت: «كێشه‌ی كه‌می مامۆستامان هه‌یه‌و پلان نیه‌و له‌په‌روه‌رده‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان ورده ورده مامۆستای میلاكیان تیادانامێنێت و له‌بواری دروستكردنی بیناش ده‌توانم بڵێم حكومه‌تی هه‌رێم سست بووه». دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رایگه‌یاند:» له‌ڕێی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانه‌وه كۆمه‌ڵێك قوتابخانه‌مان بۆ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك پێداویستیمان بۆ دابینكراوه و ٥٠ قوتابخانه‌مان نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه و له‌ئێستاشدا ٢٨ قوتابخانه‌ی دیكه ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ردراوه‌و پاره‌كه‌یان دابینكراوه». وتیشی:» حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیایه‌تی و به‌پێی داواكاری ئێمه ده‌توانم بڵێم واجبی خۆی جێبه‌جێكردووه». سه‌باره‌ت به‌ئاڵوگۆڕ له‌پۆسته‌كه‌یدا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده ده‌ڵێت: «ته‌مه‌نا ده‌كه‌م زوو جێبه‌جێبكرێت، چونكه ماندووین و ئه‌كرێت ئیتر كه‌مێك بۆ خۆم بژیم»، هاوكات له‌باره‌ی ده‌ستوه‌ردانی حزبی و چاودێریكردنی قوتابخانه ناحكومییه‌كان و ئاستی زانستی په‌روه‌رده‌یی له‌سلێمانی بۆ هاوڵاتی ده‌دوێت. هاوڵاتی: بۆ ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به‌باشی ئاماده‌یه بۆ پێشوازیكردن له‌قوتابیان و خوێندكاران؟ دڵشاد عومه‌ر: ساڵانه 1ی ئه‌یلول یه‌كه‌م رۆژی په‌یوه‌ندی ساڵی نوێی خوێندنه‌و دواتریش به‌پێی كارنامه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له 13ی ئه‌یلوول ده‌وام ده‌ستپێده‌كات، له 13 و 14 و 15ی ئه‌یلوول به‌فه‌رمانێكی وه‌زاری ئه‌و سێ رۆژه داده‌نێین بۆ وه‌رگرتنی كتێب و ئه‌نجامدانی چالاكی جۆراوجۆر، بۆ ئه‌وه‌ی پاش ئه‌و پشووه‌ی قوتابیان وه‌ریانگرتووه ئاشنا ببنه‌وه به‌ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌یی، له 17ی ئه‌یلوول كه ده‌كاته رۆژی شه‌ممه قوتابیان ده‌چنه ناو پۆل و ده‌ستده‌كرێت به‌ده‌وام. وه‌ك ئاماده‌كاریش ئێمه 30ی ئایاری ئه‌مساڵ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانمان له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌نجامدا به‌ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌ره گشتییه‌كان و به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكانی سه‌ر ئاستی هه‌رێم و به‌ڕێوبه‌ره خۆجیێیه‌تییه‌كان و راویژكارانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و به‌ڕێوبه‌ره گشتییه‌كانی دیوان و جه‌نابی وه‌زیر گفتوگۆی چڕمان كرد، پلانێكی ژماره‌ییمان دانا‌و مه‌سه‌له‌ی رێكخستنی میلاكمان به‌فه‌رمانێك رێكخست و مه‌سه‌له‌ی داخستن و جیاكردنه‌وه‌و كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و كاتی وه‌رگرتنی منداڵمان دیاریكرد به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ین ئه‌و گله‌یی و گازه‌ندانه‌ی ساڵانی رابردوو هه‌بوون كه‌قوتابی ده‌چووه قوتابخانه مامۆستا‌و پێداویستی نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌مساڵ پێش ده‌ستپێك ئه‌م كارانه جێبه‌جێبكه‌ین و ده‌توانم بڵێم تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتووبووین و كاره‌كانمان كردووه. هاوڵاتی: له‌سنووری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ژماره‌ی مامۆستایان چه‌نده؟ ئایا چه‌ندیان مامۆستای هه‌میشه‌یین و چه‌ندیان مامۆستای وانه‌بێژن؟ ئایا ژماره‌ی مامۆستاتان كه‌مه؟ دڵشاد عومه‌ر: له‌سنوری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ٥٣ هه‌زارو ١٤٣ مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رمان هه‌یه‌و له‌و ژماره‌یه ١١ هه‌زاری فه‌رمانبه‌ره‌و ئه‌وانی تری مامۆستایه، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی پێنج هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژمان هه‌یه‌و هۆكاره‌كه‌شی وه‌ستاندنی دامه‌زراندنه له‌ساڵی ٢٠١٤وه، به‌رامبه‌ر ئه‌مه كۆمه‌ڵێك مامۆستا خانه‌نشین و به‌شێكیش له‌سه‌ر ویستی خۆیان خانه‌نشین ده‌بن و مردنیش ده‌بێت و ژماره‌یه‌ك مامۆستاش مۆڵه‌تی نه‌خۆشی یان دیكایه‌تی و بێ موچه‌یی و خوێندن و هاوسه‌فه‌ری ده‌كه‌ن، به‌هۆی هه‌موو ئه‌مانه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی دامه‌زراندن نییه ناچارین سوود له‌و ده‌رچووانی زانكۆ وه‌ربگرین كه‌ده‌رچووی كۆلێژه‌كانی په‌روه‌رده یان په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تن و ئه‌گه‌ر هه‌بێت بیانكه‌ین به‌وانه‌بێژ بۆ ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانمان بێ مامۆستا نه‌بن. «ئێمه كه‌پێنج هه‌زار وانه‌بێژمان هه‌بێت به‌ڵێ كێشه‌ی كه‌می مامۆستامان هه‌یه،» به‌ڵام ده‌شتوانم بڵیم ئه‌مه دوو لایه‌نه‌یه، لایه‌نێكیان له‌ناو شاره‌كان هه‌ڵئاوسانێكی زۆر‌و مامۆستایه‌كی زۆرمان هه‌یه ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی وه‌رگرتنی قوتابی و خوێندكاره به‌پێی (ناوه‌ندی وه‌رگرتن) كه‌ته‌نها نمره هۆكاره بۆ وه‌رگرتنی قوتابی و خوێندكار، من چه‌ندین ساڵه پێشنیاری ئه‌وه‌م كردووه هه‌م له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و هه‌م له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا كه‌مامۆستایه‌تی پیشه‌یه‌كه جگه له‌وه‌ی ئه‌ركێكی پیرۆزی هه‌یه‌و خزمه‌تێكی زۆر ده‌كات پێویست ده‌كات حه‌ز هه‌بێت و قوتابی و خوێندكار بۆ پیشه‌ی مامۆستایه‌تی حه‌زی هه‌بێت. جگه له‌وه نه‌بوونی پلان هه‌یه، ئێمه به‌ڕاستی په‌روه‌رده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار، قه‌زاكانی پێنجوێن، شارباژێڕ، قه‌ره‌داغ و دوكان ئه‌مانه ده‌توانم بڵێم ورده ورده میلاكیان تیانه‌ما، چونكه هه‌مووی خه‌ڵكی سلێمانین، چوونه‌ته ئه‌وێ و ناشكرێت تا ته‌مه‌نیان هه‌یه 13 بۆ 14 ساڵ له‌وێ بمێننه‌وه‌و هیچ یاسایه‌كیش نییه رێگری له‌ئه‌مه بكات، بۆیه ناچارده‌بین ئه‌مانه بگوازینه‌وه ناوشارو هه‌ڵئاوسانه‌كه له‌سلێمانی دروستده‌بێت و له‌وێش بێ مامۆستا ده‌بن و بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش سودمان له‌وانه‌بێژ وه‌رگرتووه. هاوڵاتی: ده‌وترێت مامۆستای وانه‌بێژ نه‌بێت خوێندن په‌كی ده‌كه‌وێت، مامۆستایانی وانه‌بێژیش پاش چه‌ندین ساڵ خزمه‌ت هه‌ر ناكرێنه هه‌میشه‌یی و گله‌یی ده‌كه‌ن كه‌شایسته داراییه‌كانیان له‌كاتی خۆیدا بۆ خه‌رجناكرێت و ئه‌و پاره‌یه‌شی وه‌ریده‌گرن بڕه‌كه‌ی كه‌مه؟ دڵشاد عومه‌ر: یه‌ك مامۆستا كه‌م بێت كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و زه‌رورین به‌دامه‌زراندن، چونكه مامۆستا ٢٤ وانه‌ی هه‌یه كه نزیكه‌ی پێنج پۆل ده‌كات و بۆ هه‌ر پۆلێكیش ٣٠ قوتابی حساب بكه‌ین، ١٥٠ قوتابی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه واقیعێك بڵێین به‌حوكمی ئه‌وه‌ی له‌وه‌زاره‌ت موناقه‌شه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌مان كردووه ئه‌توانم بڵێم ئه‌و رێنماییه‌ی ژماره ١٤ كه‌ساڵی رابردوو بۆ وانه‌بێژی ده‌رچوو خزمه‌تێكی باش به‌وانه‌بێژان كرا، هه‌م جیاوازیمان كرد له‌نێوان ئه‌وه‌ی هاتوچۆ ده‌كات و ئه‌وه‌ی هاتوچۆ ناكات و له‌وه‌ی نزیكه‌و له‌وه‌ی دووره، رێمان پێداون له قوتابخانه‌كاندا ببنه به‌ڕێوبه‌ر واته حسابێكی ره‌سمیمان بۆ كردوون و ئه‌و پاره‌یه‌شی كه‌هه‌یه بڕێكی باشه‌و پێشتر ئه‌گه‌ر به‌ژماره‌ی به‌شه وانه بمانكردایه بۆ دانه‌مه‌زراو چوار هه‌زار دینار بوو و ئه‌گه‌ر مامۆستایه‌كیش ١٠ به‌شی هه‌بێت ده‌كاته ٤٠ هه‌زارو مانگانه نزیكه‌ی ٢٠٠ هه‌زار، به‌ڵام ئێستا له ١٢ به‌شی كه‌متری نه‌بێت ٣٥٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت ئه‌گه‌ر دبلۆم بێت و به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌كالۆریۆس بێت ٤٠٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت و ئه‌گه‌ر ببێته به‌ڕێوه‌به‌ر ٥٠ هه‌زاری ده‌چێته سه‌ر، له‌به‌رئه‌وه ده‌توانم بڵێم شتێكی باشه‌و رێنمایی ئه‌مساڵی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش كه ده‌رمانكردووه وتوومانه ئه‌م رێنمایانه جێبه‌جێده‌كه‌ین و ئه‌مانه ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ دامه‌زراندن هه‌بێت ده‌بێت سودیان هه‌بێت و بكرێنه بنه‌ما وه‌ك خزمه‌ت به‌وانه‌بێژان كه‌خاڵی زیاتری بده‌ینێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كێبڕكێدا شانسی باشتری هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌توانم بڵێم شتێكی باشمانكردووه به‌ڵام بۆ دامه‌زراندن و گرێبه‌ست ئه‌مه پلانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی پلاندانانه نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیرو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ویست و حه‌زی من بێت به‌ڵێ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیانم. هاوڵاتی: ژماه‌ی قوتابیان و خوێندكاران له‌سلێمانی چه‌نده؟ چه‌ند قوتابخانه زیاترله‌دوو ده‌وامی تێدا ده‌كرێت؟ ئایا پارێزگای سلێمانی پێویستی به‌چه‌ند بینای نوێی قوتابخانه هه‌یه؟ دڵشاد عومه‌ر: ٤٧٦ هه‌زار قوتابی و خوێندكار‌و هه‌زارو ٧٤٦ بینای قوتابخانه‌مان هه‌یه، «به‌ده‌قیقی نازانم چه‌ند قوتابخانه زیاتر له‌دوو ده‌وامی تێدا ده‌كرێت،» به‌ڵام واقیعێك هه‌یه كه دوو ده‌وامی ئاساییه به‌ڵام ئێمه كێشه‌مان له سێ ده‌وامیدا هه‌یه‌و سێ ده‌وامییه‌كه‌ش هه‌ندێكیان سێ ده‌وامی خوێندنی ئاسایین واته خوێندنگه‌ی رۆژن، به‌ڵام هه‌ندێك له سێ ده‌وامییه‌كان خوێندنگه‌ی ئێوارانن و ئاساییه هه‌مانبێت، هه‌روه‌ها بنكه‌كانی فێركردنی گه‌وره‌و خوێندنی خێرامان هه‌یه، كه‌ئه‌و منداڵانه‌ی له‌خوێندن دابڕاون به‌هه‌ر بارودۆخێكی سیاسی یان ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، منداڵ هه‌یه ته‌مه‌نی نۆ ساڵه‌و نه‌چووه‌ته قوتابخانه‌ی ئاسایی و ناچارین بیخه‌ینه خوێندنی خێرا، هه‌روه‌ها هه‌مانه ته‌مه‌نی زۆر گه‌وره‌یه‌و سه‌روو ٣٥ ساڵه و نه‌یخوێندووه و بۆ ئه‌وه‌ی فێری خوێندن بێت ده‌یخه‌ینه بنكه‌كانی فێركردنی گه‌وره. ئێمه له‌ڕێی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانیشه‌وه كۆمه‌ڵێك قوتابخانه‌مان بۆ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك پێداویستیمان بۆ دابینكراوه‌و ٥٠ قوتابخانه‌مان نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و له‌ئێستاشدا ٢٨ قوتابخانه‌ی دیكه ره‌زامه‌ندیان هاتووه‌و پاره‌كه‌یان دابینكراوه‌و هه‌روه‌ها رێكخراوی روانگه‌و منداڵپارێزیش داوای لیستێكیان لێكردووین كه چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كمان بۆ نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه، هاوكات پێنج خێرخواز له‌پارێزگای سلێمانی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كیان ته‌واوكردووه‌و رۆژی ١٥ی ئه‌یلوول ده‌كرێنه‌وه كه له‌و شوێنانه‌شدان كه منداڵ زۆره‌و خزمه‌تگوزاری به‌باشی نه‌گه‌یشتووه‌ته جێگاكانیان وه‌ك بازیان و گه‌ڕه‌كی شۆڕشی نوێ له‌سنووری رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی و چوارچرای نوێ و گه‌ڕه‌كی زه‌رگه‌ته. كۆمه‌ڵێك خێرخوازی دیكه‌ش هاتوونه‌ته پێشه‌وه كه‌زه‌ویان بۆ دابین بكه‌ین و بینای نوێ دروستبكه‌ن كه‌ئه‌مه‌ش جێگای ده‌ستخۆشییه‌و سوپاسیان ده‌كه‌ین. له‌بواری دروستكردنی بینادا ده‌توانم بڵێم حكومه‌تی هه‌رێم سست بووه، ئێمه له‌دوای ٢٠١٤ و ٢٠١٥وه ٥٨ بینامان هه‌بوو كه له‌دروستكردندا بوون و ته‌نده‌رینیان بۆكرابوو، به‌داخه‌وه قه‌یرانی دارایی به‌سه‌رداهات و تائێستا ٢٣ بینامان ماوه ته‌واوبكرێن، ئه‌ویش وه‌زاره‌تی پلاندانان بودجه‌ی بۆ ته‌خسیس كردووه‌و ١٥ملیار دیناره، ١٢ ملیاری بۆ سلێمانی و سێ ملیاریشی بۆ قه‌زای پشده‌رو رانیه كه له ٣ی ئابه‌وه بوونه‌ته به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی راپه‌ڕین و له‌ئێمه جیابوونه‌ته‌وه‌و له‌لای ئێوه‌وه پیرۆزباییان لێده‌كه‌ین، ئه‌و ١٥ ملیاره‌ش بێت ٢٣ قوتابخانه‌ی دیكه‌مان ته‌واوده‌بێت و ئه‌م قوتابخانانه هه‌یه ده‌ستیپێكردووه و قوتابخانه‌ش هه‌یه ٨٠%ی كاری تێداكراوه‌و بودجه‌كه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌و ته‌مه‌نا ده‌كه‌م له‌كاتێكی زوودا ئه‌وانیش ده‌ستپێبكه‌ن. هاوڵاتی: به‌گشتی له‌چ بوارێكدا كه‌موكورتیتان هه‌یه؟ ئایا حكومه‌تی هه‌رێم هاوكارتانه بۆ دابینكردنی پێداویسییه‌كانتان؟ دڵشاد عومه‌ر: به‌ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م وایت بۆرد‌و ره‌حله، به‌ده‌ره‌جه‌ی دووه‌م واقیعه‌ت پێمان ده‌ڵێت مه‌سائیلی ته‌كنه‌لۆجیا وه‌كو داتاشۆ و لاپ‌تۆپ زۆر زه‌رورین، سه‌باره‌ت به‌پێداویستییه‌كان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی دا به‌خه‌رجكردنی ٢٠ ملیار دینار بۆ كڕینی پێداویستی قوتابخانه‌كان كه خۆی له‌داتاشۆو وایت بۆرد و ئیستینساخ و پرنته‌رو ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌و ره‌حله و ته‌نكی ئاو ده‌بینێته‌وه‌و له‌و ژماره‌یه‌ش پێنج ملیار‌و ٣٩٩ ملیۆنی بۆ پارێزگای سلێمانییه‌و ده‌توانم بڵێم زۆرباشه، ته‌سه‌ور ده‌كه‌م بۆ ساڵی داهاتوو قوتابخانه‌مان نه‌مێنێت لاپتۆپی خۆی نه‌بێت، به‌تایبه‌تی كه‌ئێمه خاوه‌ن سیسته‌می (ئی په‌روه‌رده‌ین) كه سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووه‌و سه‌رجه‌م داتا‌و زانیارییه‌كانی قوتابی و وه‌رگرتن و گواستنه‌وه و دروستكردنی بڕوانامه و پێدانی كارتیان و پێداویستیه‌كانی ناو قوتابخانه و میلاكی قوتابخانه‌كه‌و مامۆستایان له‌خۆده‌گرێت، بۆ ئه‌مانه‌ش پێویستمان به‌لاپتۆپه، چونكه كه‌می كاره‌با له‌هه‌ندێ شوێن هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌و گوندانه‌ی له‌وانه‌یه یه‌ك ده‌وام بێت كێشه‌ی هه‌یه‌و ناتوانرێت له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه زانیاریه‌كانمان پێبگات به‌ڵام هه‌بوونی لاپ‌تۆپ ئه‌و كێشه‌یه ناهێڵێت. هه‌روه‌ها ئێمه به‌رده‌وام نه‌وه‌ستاوین و ساڵانه ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌و لاپتۆپمان كڕیووه‌و ساڵی رابردوو ١٠٥ لاپ‌تۆپ و نزیكه‌ی ٤٠٠ ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌مان كڕیوه جگه له‌هاوكاری خێرخوازه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ ره‌حله چاككردنه‌وه‌ش ئێمه كارگه‌یه‌كی چاكمان هه‌یه‌و ره‌حله چاك ده‌كه‌ینه‌وه و به‌پێی نووسراوی كارگه‌ی دارتاشی له‌شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا ٨٧٦ ره‌حله‌ی دوو كه‌سی و ٦٦٨ ره‌حله‌ی یه‌ك كه‌سی دروستكردووه له‌گه‌ڵ ره‌فه‌یه‌كی كتێبخانه‌و پێنج مه‌نه‌ێه دروستكرا، هه‌روه‌ها ئه‌و پاره‌یه‌ی كه لامانه به‌تایبه‌تی هی فرۆشگا‌كان رێژه‌یه‌كی له‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ده‌مێنێته‌وه بۆ خزمه‌تی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده و ده‌توانم بڵێم به‌ڕێژه‌یه‌كی باش چاره‌سه‌ری كه‌موكورتییه‌كان ده‌كه‌ین. هاوكات ٨٤%ی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن گه‌یشتووه‌و ده‌ستمان به‌دابه‌شكردنی كردووه به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كانداو زۆربه‌ی پڕۆگرامه‌كانیش كتێبی تازه‌ن واته چاپی نوێن و به‌تێچوویه‌كی كه‌متر و كوالێتییه‌كی باشتر چاپكراون، به‌ڵام ئه‌و پێداویستیانه قۆناغ به‌قۆناغه‌و ره‌نگه كه‌م تا زۆر تاهه‌فته‌یه‌ك دوابكه‌وێت یان وه‌جبه وه‌جبه دابه‌شده‌كرێت و باوه‌ڕ ناكه‌م بگاته ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌م ئه‌و كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌رده‌بێت. ئێمه ساڵی ٢٠١٩ ره‌زامه‌ندییه‌كمان بۆكرا پارێزگا به‌پارێزگا پێداویستی بكڕین بۆ په‌روه‌رده، بۆ نموونه سلێمانی هه‌زارو ٥٠٠ ره‌حله‌بوو له‌گه‌ڵ چاككردنی هه‌زارو ٥٠٠ ره‌حله له‌گه‌ڵ كڕینی كۆمه‌ڵێك ئامێری كۆمپیوته‌رو ئیستینساخ، ئه‌مانه تائێستا سێ‌جار ته‌نده‌رینی بۆ كراوه له‌پارێزگای سلێمانی و به‌داخه‌وه كه‌س نه‌بووه بیكڕێت جا هۆكاره‌كه‌ی چییه؟ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و لیژنه‌ی ته‌نده‌رینه واته خه‌ڵكێك نه‌هاتووه به‌و نرخه بیكڕێت و ده‌توانم بڵێم تاكه به‌ڕێوبه‌رێتی گشتین كه تائێستا ئه‌و فه‌رمانه‌مان جێبه‌جێنه‌كردووه، واته حكومه‌ت رازیبووه به‌ڵام ئیتر له ئالیه‌تی ته‌نده‌رینه‌كه‌یان یان نه‌بوونی كۆمپانیا له‌سنووری سلێمانی نه‌كراوه، ئه‌گینا حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیایه‌تی و به‌پێی داواكاری ئێمه ده‌توانم بڵێم واجبی خۆی جێبه‌جێكردووه. هاوڵاتی: له‌قوتابخانه‌ی سابیس وه‌رگرتنی قوتابی به‌تیروپشكه، به‌ڵام باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌رج و رێنمایییه‌كان واته به‌شێوه‌ی نایاسایی منداڵ وه‌رده‌گیرێت، قسه‌ی ئێوه له‌م باره‌یه‌وه چییه؟ دڵشاد عومه‌ر: ئێمه یه‌ك قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حكومیمان هه‌یه، ئه‌ویش سیسته‌مه‌كه‌ی هاوبه‌شه‌و ساڵانه ته‌نها منداڵی باخچه وه‌رده‌گرێت و فۆڕمێكه به‌شێوه‌ی ئۆنلاین پڕده‌كرێته‌وه، ئه‌وكاته‌ش كه‌فۆڕمه‌كه به‌ئۆنلاین دابه‌شده‌كرێت له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكدا تیروپشكی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ناحكومییه‌كان سیسته‌می خۆیان هه‌یه و هه‌م ئه‌گه‌ر زۆر بێت تیروپشكه و هه‌ندێكجاریش به‌چاوپێكه‌وتنه، هاوڵاتی ئازاده منداڵه‌كه‌ی ده‌باته ئه‌وێ یان نا، ئێمه به كه‌سمان نه‌وتووه بچێت كوێ و مه‌رجی خۆی هه‌یه‌و هه‌ندێكجار مه‌رجی ساڵێكیان فێربوونی زمانه یان چاوپێكه‌وتنی توانستیان ده‌كه‌ن چونكه سیسته‌مه‌كه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه و ره‌نگه بڕوانامه‌كانیان له‌وڵاته ئه‌وروپییه‌كاندا وه‌ربگیرێن. هاوڵاتی: باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌قوتابخانه تایبه‌تاكاندا پاره‌ی زیاد له‌خانه‌واده‌ی قوتابیان وه‌رده‌گیرێت، بۆ نموونه، ١٣ی ئه‌یلوول قوتابخانه ده‌كرێته‌وه به‌ڵام ئه‌وان پاره‌ی ته‌واوی مانگه‌كه له‌خانه‌واده‌ی قوتابی وه‌رده‌گرن، قسه‌تان چییه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه؟ دڵشاد عومه‌ر: خوێندنگه‌ی ناحكومی پێویسته مه‌رج و رێنماییه‌كانی مولزه‌م بێت به‌بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه، به‌ڵام ئێمه ناتوانین فشاریان زیاتر لێبكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پاره‌یه، به‌ڵام ناشكرێت چاودێریان نه‌كه‌ین، چاودێریان ده‌كه‌ین له‌ڕووی كرێی خوێندن و وه‌رگرتنه‌وه‌و ده‌بێت به‌پێی رێنماییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت. كاتێكیش هاووڵاتی ده‌چێت منداڵه‌كه‌ی ده‌باته خوێندنگایه‌كی ناحكومی فۆڕمێكی له‌به‌رده‌ستدایه‌و گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و نرخی قوتابخانه‌كه به‌مۆڵه‌تی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌حدید كراوه‌و كه‌منداڵه‌كه ده‌برێته ئه‌وێ پێی ده‌وترێت ئه‌مه فه‌رمانه وزاریه‌كان و نرخ و گرێبه‌سته‌كه‌یه، پێویسته هاووڵاتی گرێبه‌سته‌كه بخوێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر هات و كێشه‌یه‌كی وا هه‌بوو و ئه‌وكات ئێمه ده‌چین چاودێری و به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین و به‌شی یاسایمان هه‌یه ئه‌گه‌ر مافی خورابوو بۆی وه‌رده‌گرینه‌وه. هاوڵاتی: یه‌كێتی و گۆڕان له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا كۆبوونه‌وه‌و باسی ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانیان كرد له‌سلێمانی، ئایا پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌ناو ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌دایه؟ ئایا مامۆستا دڵشاد له شوێنی خۆی ده‌مێنێته‌وه؟ دڵشاد عومه‌ر: سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته پێموایه لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه، من بۆ ئاڵوگۆڕی پۆست، گۆڕانكاری یان وازهێنانم بێت ده‌رگام له‌سه‌ر پشته‌و ته‌مه‌نا ده‌كه‌م زوو ئه‌وه جێبه‌جێبكرێت، چونكه ماندووین و پێشموایه هه‌قه رێبده‌ین خه‌ڵكێكی دیكه بێته پێشه‌وه‌و ئاشكرایه من زروفێكی زۆر قورسم به‌ڕێكرد له‌مه‌سه‌له‌ی بایكۆت و نه‌بوونی مووچه، به‌ڵام توانیمان ته‌وازن رابگرین و پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده نه‌فه‌وتێت و ئه‌شكرێت ئیتر كه‌مێك بۆ خۆم بژیم. هاوڵاتی: به‌ڕێزتان له‌پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پۆستی به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانیتان وه‌رگرتووه، ده‌وترێت حزبه‌كه‌ت یاخود كه‌سانی نێو حزبه‌كه‌ت داوای كاری نایاساییان لێكردوویت، ئه‌مه تاچه‌ند راسته‌و قسه‌تان له‌سه‌ری چییه؟ دڵشاد عومه‌ر: نه‌خێر، ئه‌و بابه‌ته یه‌كه‌م وانییه، دووه‌م ئێمه كاتی خۆی كه دانراوین ده‌بێت به‌ڕێوبه‌ری گشتی بین بێ جیاوازی، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك گله‌یم لێده‌كه‌ن ده‌ڵێن ئیش بۆ حزبه‌كانی دیكه ده‌كات و بۆ گۆڕانی ناكات، من دانیشتووم خزمه‌تی هه‌موو كه‌سێك بكه‌م و هه‌ر كه‌سێكیش بۆ داواكاری مه‌سائیلی حزبی سه‌ردانم بكات یان توڕه ده‌بم لێی یان ئیشه‌كه‌ی بۆ ناكه‌م یانیش بیانووی پێده‌گرم، من ده‌مه‌وێت پاش وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته وه‌ك هاووڵاتییه‌كی ئاسایی مامه‌ڵه بكه‌م و به‌ئاسایی له‌ڕووم بێت بچمه چایخانه‌ك و له‌گه‌ڵ براده‌رێكم پیاسه بكه‌م و به‌رامبه‌ر هه‌موو كه‌س سه‌رم به‌رز بێت و له‌كاتی بایكۆته‌كه‌دا هه‌ڵمه‌تێكی زۆرم له‌سه‌ربووه به‌ڵام رۆژێ له‌ڕۆژان به‌ده‌ممدا نه‌هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی من ده‌ربكه‌وم پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده په‌كبخه‌م و هه‌موو عه‌یب و قسه نه‌شیاووكانم خستۆته‌سه‌ر خۆم. هاوڵاتی: چ بابه‌تێك هه‌یه پێتباشه زانیاری له‌سه‌ر ئاشكرابكه‌ی و وه‌ك پرسیار ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزتم نه‌كردبێت؟ دڵشاد عومه‌ر: په‌روه‌رده له‌هه‌موو ماڵێكدا هه‌یه جا قوتابی، مامۆستا یان فه‌رمانبه‌ر بێت، له هه‌موو شار‌و گوندێكی دووره ده‌ستیشدا هه‌ین، واته خێزانێكی قه‌ره‌باڵغین و به‌ڕێوه‌بردنی زۆر زه‌حمه‌ته به‌تایبه‌ت گه‌ر پاره‌ی پێویست و دامه‌زراندن نه‌بێت و نه‌توانیت هه‌موو داواكاریه‌كی قوتابی و هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك كه‌داوای نۆژه‌نكردنه‌وه بكات بۆی جێبه‌جێبكه‌یت، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم به‌هه‌موومانه‌وه توانیومانه پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده له‌شوێنی خۆیدا رابگرین و ده‌رئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌یسه‌لمێنێ كه‌سلێمانی ئاستی زانستی باشه‌و مامۆستایانی دڵسۆزن.
تائێستا زیاتر له 50 كه‌س له‌وانه‌ی له خواردنگه‌یه‌كی زاخۆ ژه‌ھراویبوون، به‌ھۆی خراپی ره‌وشی ته‌ندروستییانه‌وه له نه‌خۆشخانه ماونه‌ته‌وه. شه‌وی رابردوو له خواردنگه‌یه‌كی زاخۆ ١٨٥ كه‌س به‌ھۆی خواردنی خراپه‌وه ژه‌ھراویبوون و تائێستا زیاتر له 50 كه‌سیان له نه‌خۆشخانه ماونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ چه‌ند كه‌سێكی دیكه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون. له‌دوای رووداوه‌كه ژماره‌یه سكاڵا له‌سه‌ر خاوه‌نی خواردنگه‌كه تۆماركراوه، بۆیه به‌پێی مادده‌ی ٤١٦ی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ خاوه‌نی خواردنگه‌كه ده‌ركراوه. هه‌روه‌ها به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یامنێرمان له زاخۆ، خاوه‌نی ئه‌و خواردنگه‌یه به‌یانی ئه‌مڕۆ له لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیر كراوه‌و رووبه‌ڕووی یاسا كراوه‌ته‌وه.
هاوڵاتی/ نیگار عومه‌ر خوێندنی كوردی له‌ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان رِوو له‌كه‌مبونه‌وه ده‌كات و مامۆستایانیش پێیان وایه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه كارئاسانی زیاتر ده‌كرێت بۆ خوێندكاران به‌راورد به حكمه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه زیاتر خوێندنی عه‌ره‌بی هه‌ڵده‌بژێرین، و برِیاریشدراوه 33 خوێندنگای كوردی له‌سنوری خانه‌قین دابخرێت و له خورماتوش له‌كۆی 34 خوێندنگه‌ی كوردی هیچ به‌رِێوبه‌رێكی كورد نیه. مامۆستایان پێیان وایه به‌به‌رنامه كارده‌كرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خوێندنی كوردی له‌ناوچه كێشه له‌سه‌ركان. قه‌زای خورماتو له رووی ئیداریه‌وه سه‌ر به‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه، قه‌زای خانه‌قینیش له رووی ئیداریه‌وه سه‌ر پارێزگای دیاله‌یه كه ده‌كه‌ونه سنوری ئه‌و ناوچانه‌ی تاوه‌كو ئێستا به ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر داده‌نرێت. كارزان جه‌بار،جێگری سه‌رۆكی لقی خانه‌قین یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌هاوڵاتی راگه‌یاند: «له‌سنوری خانه‌قین 59 قوتابخانه‌مان هه‌یه كه خوێندنی كوردی تێدا ده‌خوێنرێت 26 قوتابخانه‌یان سه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستانه و 33 قوتابخانه‌یان كه خوێندنی كوردی تێدا ده‌خوێنرێت سه‌ر به حكومه‌تی عێراقه و له ئێستادا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق برِیاری داوه ئه‌و قوتابخانانه دابخات به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه رِێژه‌ی فێرخواز تێیدا كه‌مه». وتیشی،» خانه‌قین له‌هه‌مو رِویه‌كه‌وه پشتگوێ خراوه له‌دوای ساڵی 2017ه‌وه 3 قوتابخانه له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه له‌خانه‌قیندا دروستكراوه به‌ڵام 18قوتابخانه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه دروستكراوه، له نێو ئه‌و 26 قوتابخانانه‌ی كه له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه دروستكراون 23 قوتابخانه‌یان پێویستیان به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه». رِێزان محمد، به‌رِێوبه‌ری ئاماده‌ی تاڤگه له‌خانه‌قین ده‌ڵێت» قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه پێویستی به‌نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه و هه‌مو پێداویستیه‌كانی كۆن بوه، ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كانی هه‌موی كۆنه و بیناكه درزی بردوه و له كاتی باراندا دڵۆپه ده‌كات و پۆله‌كان شێ وه‌رده‌گرێت، هیچ ئامێرێكی تێدا نیه بۆ فێنك كه‌ره‌وه و گه‌رمكردنه‌وه و پۆله‌كانیشی زۆر كه‌م و بچوكن و به‌شی خوێندكاره‌كانمان ناكات». وتیشی:» ئه‌م خوێندگایه ئێمه سیستمی خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه تاوه‌كو ئێستا ئێمه نه‌هێڵی ئه‌نته‌رنێتمان هه‌یه و نه‌كۆمپیته‌ر و نه پێداویستی تاقیگه». ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: «ساڵی رابردوو به‌رِێوبه‌ری خوێندنگه‌یه‌كی بنه‌رِه‌تی بوم ته‌نها سێ خوێندكار تۆماركرا بۆخوێندنی كوردی، به‌ڵام له‌قوتابخانه عه‌ره‌بیه‌كان سێ پۆل خوێندكار بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی تۆمار كران، زۆربه‌ی خانه‌واده‌ی منداڵه‌كان باسله‌وه‌ده‌كه‌ن خوێندنی عه‌ره‌بی بۆ دوارِۆژی منداڵه‌كانیان باشتره و كارئاسانی زیاتریان بۆ ده‌كرێت بۆ وه‌رگرتنیان له زانكۆكانی حكومه‌تی عێراق، بۆیه كورده‌كان زیاتر منداڵه‌كانیان ده‌به‌ن بۆخوێندنگه عه‌ره‌بیه‌كان». هاوكات ئه‌حمه‌د عاسی، جێگری به‌رِێوبه‌ری قوتابخانه‌ی شه‌فه‌ق له خورماتو بۆ هاوڵاتێ دواو وتی:» له‌نێو بینایه‌كی 12پۆلیدا سێ ده‌وامی تێدا ده‌كرێت و جگه له‌وه‌ش بیناكه هه‌رچه‌نده تازه دروست كراوه به‌ڵام هه‌موی درزی بردوه، خوێندمان له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه و تاقیكردنه‌وه و برِیار له حكومه‌تی عێراق وه‌ر ده‌گرین خوێندنگه‌كه‌مان پێویستی به هێڵی ئینته‌رنێت و پێداویستیه‌كانی خوێندن هه‌یه و هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداد پێدوایشتیه‌كانمان بۆ دابین ناكه‌ن». وتیشی،» له‌خوماتودا ماڵه كورده‌كان منداڵه‌كانیان ده‌نێرن بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی ئه‌مه‌ش پێمان وایه ناحه‌زانی كورد هه‌وڵده‌ده‌ن خوێندنی كوردی له‌و شاره‌دا كه‌م بێته‌وه، خانه‌واده‌ی منداڵه‌كانیش بۆ دوارِۆژی منداڵه‌كانیان ده‌یانێرن بۆخوێندنی عه‌ره‌بی». ئه‌وه‌شی وت،» له‌هه‌مو ئه‌و خوێندنگایانه‌ی كه سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمن هیچ به‌رِێوبه‌رێكی كوردی تێدا نیه و هه‌مو خوێندنگه‌كان به‌رِێوبه‌ره‌كانی عه‌ره‌بن و ته‌نها جێگره‌كانیان كوردن، ئێمه ده‌بێت بۆ هه‌موو برِیارێك بگه‌رِێینه‌وه بۆلای ئه‌وان هه‌ندێ كات كێشه و گرفتمان بۆدروست ده‌بێت چونكه هه‌ندێك له‌به‌رِێوبه‌ره‌كان هاوكاری كورده‌كان ناكه‌ن». تارق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌ی خوێندنی كوردی له خورماتو بۆ هاوڵاتی وتی،» له سنوری خوماتودا 34 خویندنگه‌ی كوردیمان هه‌یه، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه زۆرێك له‌پێداویستیه‌كانمان بۆ دابینكراوه، له‌خورماتودا ناردنی منداڵان بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی رِوی له زیادبونكردوه كه ئه‌مه‌ش هه‌ست ده‌كه‌ین له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی ناحه‌زانی كورده‌وه ئه‌م پلانه جێبه‌جێ ده‌كرێت». وتیشی، « بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی به‌رِێوبه‌ری قوتابخانه‌كان كێشه‌كه‌مان گه‌یاندوه به وه‌زیری په‌روه‌ده‌ی عێراق به‌ڵام تا ئێستا ڕێگه نه‌دراوه به‌ڕێوبه‌ر بۆ خوێندنگه كوردیه‌كان دابنێین، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت به‌ڕێوبه‌ر سه‌ر به‌حكومه‌تی عێراق بێت و خوێندنگه‌كانی ئێمه‌ش سه‌ر به هه‌رێمن بۆیه به‌ڕێوبه‌ری بۆ دانانرێت».
حه‌مه هاشم هێز و بوێری ره‌گه‌زی سه‌ره‌كیین له كاره هونه‌رییه (ئاوییه‌كانی) هونه‌رمه‌ند (لاله عه‌بده)، هێزی خه‌یاڵ هه‌رگیز جیانابێته‌وه له‌و كه‌شه ئیستاتیكییه خولقاوه‌ی كه له پانتایی فۆڕمێكدا پێشانمان ده‌دات، خه‌یاڵێك ده‌توانێت یارییه‌كی شاره‌زایانه بكات و جوانییه‌كانی سرووشت و ئایكۆنه‌كانی ژیانی مرۆڤ به‌جۆرێكی دیكه وێنا بكاته‌وه كه ئاسووده‌یی ده‌دات به مێشك، له مێشكدا پنتێكی گرنگ هه‌یه له ناوه‌راستی هه‌سته‌وه‌ره‌كانی دیكه‌یه و پێی ده‌گوترێت (Gout) ئه‌م هه‌سته‌وه‌ره رژێنی خۆشحاڵی ده‌پژێنێت و ده‌یگوازێته‌وه بۆ هه‌سته‌وه‌ره‌كانی دیكه كه له ئاكامدا خۆشحاڵی درووست ده‌كات له بینین، ئه‌م كرداره درووست ده‌بێت له هه‌ندێ حاڵه‌تی ساوكردن (ملمس) هه‌روه‌ها له كاتی كرداری خواردنی چێژ به‌خش یان كرداری چێژ به‌خش، جگه له هه‌موو ئه‌مانه له بینینی دیمه‌ن و ته‌نی جوان‌دا ده‌وروژێت و چێژ ده‌كات به خۆشحاڵی بۆ مرۆڤ. كاره هونه‌رییه‌كانی مامۆستا لاله عه‌بده، هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێدایه كه رواڵه‌تی ئیستاتیكی له‌كرداری چێژبه‌خشیندا مرۆڤ راڤه‌ی ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه له ئاستێكی باڵادا به‌رهه‌مه‌كانیی نمایش ده‌بن. جگه له‌وه‌ی كه بوێری له دانانی ره‌نگی رۆشن و ره‌نگی كاڵ جۆرێك له دڵنیایی ده‌به‌خشێت به بینه‌ر كه هه‌ست به ته‌ڕی و روونی كاره‌كانی بكات، بێگوومان ئه‌مه‌ش خاڵێكی ئه‌رێنی گرنگه له درووستكردنی ئیستاتیكای كاری هونه‌ری. ئه‌زموونه‌كانی هونه‌رمه‌ند (لاله عه‌بده) ده‌كه‌ونه خانه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و هوونه‌رمه‌نده جیهانییه به توانایانه‌ی كه له بواری هونه‌ری ره‌نگی ئاوییدا سه‌رقافڵه‌نه. هاوسه‌نگی و سپه‌یس دوو بنه‌مای دیكه‌ن له كاره‌كانییدا، كه ده‌توانیین بیانكه‌ینه جێگای ئاماژه‌یه‌كی به‌هێز له ده‌ستنیشانكردنی خه‌سڵه‌ت و ئاستی به‌رزی هونه‌ره‌كه‌ییدا. جگه له‌مانه بابه‌ت سه‌نگێكی دیكه وه‌رده‌گرێت له‌و كارانه‌ییدا و ده‌رخستنی رواڵه‌تی شارستانی مرۆڤ به‌های كاره‌كان سه‌نگین تر و ئاسۆی بینین فراوانتر نیشان ده‌دات، ئه‌مه به جیا له لێزانی و ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ند له به‌جێهێشتنی رووناكی له‌سه‌ر كوتله‌كان و دانانی سێبه‌ری كه‌مێك ئیمپرێشینیزمی له ره‌نگدا .. هه‌موو ئه‌وانه ته‌كنیكی ده‌وڵه‌مه‌ندی لاله عه‌بده‌مان پێده‌ڵێن له بواری هونه‌ری ره‌نگی ئاوییدا. چوونكه هێزی ته‌كنیك له به‌رهه‌مه‌كانییدا هه‌مان ئه‌و هێزه‌یه كه له ته‌كنیكی فڵچه وه‌شاندنێك پێویستی به ئه‌زموونه له‌سه‌ر كاغه‌زێك به ره‌نگی ئاوی. ئه‌مـحاڵه‌ته‌ش هێنده ئاسان نییه هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك بیگاتێ و پیاده‌ی بكات، چوونكه ته‌كنیك له ره‌نگی ئاوییدا جیاوازی زۆره له ته‌كنیكی وێنه‌كێشان به ره‌نگی رۆنی یان به خه‌ڵوز و پاستیل و كه‌ره‌سته‌و ماتریاڵه‌كانی دیكه‌ی وێنه‌كێشان، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له وێنه‌كێشان به‌ره‌نگی ئاوی ته‌نها ده‌رفه‌ت بۆ هونه‌رمه‌نده‌كه یه‌كجار هه‌یه بۆ ده‌رخستنی فیگه‌ر و شێوه‌كان و ناتوانێت له‌كاتی وێنه‌كردنی كوتله‌یه‌ك یان دانانی ره‌نگێك دواتر ده‌سكاریبكات یان بیسڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌كنیكی كاری هونه‌ری ئاویی قورس تر ده‌كات و هونه‌رمه‌نده‌كه ناچار ده‌كات ئه‌زموون و كاركردنی به‌رده‌وامـ و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بێ له‌م بواره‌دا. له‌به‌ر ئه‌مه‌شه بنه‌ما و ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی وێنه‌كێشانی ئاویی له كاره‌كانی مامۆستا لاله عه‌بده‌دا سه‌ركه‌وتوانه و پانتایی و ماتریاڵ و فۆڕم به‌یه‌كه‌وه هه‌موویان پێكهاته‌یه‌كی زیندوو و ئیستاتیكی باڵا ده‌به‌خشن به‌كاره‌كانی .
هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی سلێمانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت فه‌رمانگه‌کانی حکومه‌ت به‌باشی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان به‌کارنه‌هێناوه، ئاماژه به‌وه‌شده‌کات ٣٥ پرۆژه له‌سلێمانی کاره‌کانیان له‌فه‌رمانگه‌کانی حکومه‌ت کاره‌کانیان خاوببوونه‌وه. له‌وباره‌یه‌وه عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:"ئەو 55 پرۆژەیەی دەستبەكاركردنیان كراوە بە تەواوی ڕانەگیرابوون، 20 پرۆژەیان نوێن و 35 پرۆژەش كارەكانیان لەفەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم خاو ببوونەوە، قوباد تاڵەبانی پێی وتین دەبێت بەزووترین كات تەواو بكرێن". بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی وتیشی:"پرۆژەكان هەلی كار و خزمەتگوزاری زیاتر دەكەن لەپارێزگای سلێمانی، كە بریتیت لە پرۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزار و كشتوكاڵی، هەموو فەرمانگەكانیش سەرقاڵی دیراسەكردنن تا رێوشوێنەكان ئاسانتر بكەن". عەزیز سەعید دەڵێت:"فەرمانگەكانی حكومەت بەباشی دەسەڵاتەكانیان بەكارنەهێناوە بۆیە پرۆژەكان بەسستی بەڕێوەدەچون و بەشێكیشیان ڕاگیرابوون، قوباد تاڵەبانی بەڕوونی بەبەڕێوەبەرەكانی وت هەركەسێك كارەكانی خۆی ناكات كەسی دیكە دەهێنینە شوێنیان".
سەركۆ جەمال بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆژەكان لەپارێزگای سلێمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم فشار لەوەبەرهێنەران دەكات بەزوویی كارەكانیان تەواو بكەن، سەرچاوەیەكیش لەشارەوانی سلێمانی دەڵێت لەئێستادا هەر وەبەرهێنێك كاتێك پرۆژەیەكی وەبەرهێنانی پێدەدرێت لەبەرامبەردا دەبێت پرۆژەیەك لەپارێزگای سلێمانی جێبەجێ بكات. سەرچاوەیەك لەیەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:" بەشێكی زۆری وەبەرهێنەران دەیانەوێت دەستبكەنەوە بە كاركردن لە پرۆژەكانیاندا، لە شارەوانی و فەرمانگەكانیش رۆتیانی زۆر بۆ وەبەرهێنەران دروست دەكرا، و قوباد تاڵەبانیش فشاری كردووە دەست بە پرۆژەكان بكرێتەوە، كە پرۆژەی خانووبەرە و كارگە و گەشتیاری و كشتوكاڵی تێدایە". وتیشی:" لەلایەن خودی وەبەرهێنەرەكانەوە پارە بۆ پرۆژەكان دابین دەكرێت، وەك پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی مایۆركا و شاری ئارام و پرۆژەی گەشتیاری و هۆتێل و نەخۆشخانەی ئەهلی تێدایە". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"ئێستا 55 پرۆژە ئەگەر بكەوێتەوەكار ئەوا نزیكەی 50 هەزار هەلیكار لەسلێمانی دەڕەخسێت". هاوكات، ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی رۆتین نەهێڵدرێت و دامودەزگاكانی حكومەت لەسلێمانی كاراتر بكرێت". وتیشی:" 370 پرۆژەی وەبەرهێنان لەپارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێكردن پێشكەش كراون، هەوڵدەدەین كارەكانیان خێرا بكرێت و ڕێگرییەكان نەهێڵدرێت". عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:"ئەو 55 پرۆژەیەی دەستبەكاركردنیان كراوە بە تەواوی ڕانەگیرابوون، 20 پرۆژەیان نوێن و 35 پرۆژەش كارەكانیان لەفەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم خاو ببوونەوە، قوباد تاڵەبانی پێی وتین دەبێت بەزووترین كات تەواو بكرێن". بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی وتیشی:"پرۆژەكان هەلی كار و خزمەتگوزاری زیاتر دەكەن لەپارێزگای سلێمانی، كە بریتیت لە پرۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزار و كشتوكاڵی، هەموو فەرمانگەكانیش سەرقاڵی دیراسەكردنن تا رێوشوێنەكان ئاسانتر بكەن". عەزیز سەعید دەڵێت:"فەرمانگەكانی حكومەت بەباشی دەسەڵاتەكانیان بەكارنەهێناوە بۆیە پرۆژەكان بەسستی بەڕێوەدەچون و بەشێكیشیان ڕاگیرابوون، قوباد تاڵەبانی بەڕوونی بەبەڕێوەبەرەكانی وت هەركەسێك كارەكانی خۆی ناكات كەسی دیكە دەهێنینە شوێنیان". هاوكات سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت:"نزیكەی ساڵێكە بەپێی بڕیارێكی نوێی شارەوانی، هەر بەڵێندەر یاخود وەبەرهێنێك كاتێك زەوییەكی بۆ وەبەرهێنان و پرۆژە پێدەدرێت لەبەرامبەردا دەبێت پرۆژەیەك جێبەجێ بكات، بەوەش جموجوڵی ئابوری و بازرگانی لەسلێمانی دەستپێدەكاتەوە". وتیشی:"بۆ نمونە پرۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری كە لەماوەی ڕابردوودا كە لەلایەن دەروێشەكانی تەكیەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی گرفتی بۆ دروستكرا، ئێستا دەستكراوەتەوە بە پرۆژەكەو لەلایەن بەڵێندەرەكەوە دروست دەكرێت و حكومەتی هەرێم پارەی بۆ دابین نەكردووە".
هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی ئادیامان له باکوری کوردستان ئاشکرایکرد له شاری مێژوویی پێڕا کە یەکێکە لە پێنج شاری گەورەی شانشینی کۆماجینی و لە ساڵی ٢٠٠١ەوە کاره‌کانی کنه‌وپشکنین تیایدا دەستی پێ کردووە، ئێسکەپەیکەری چوار گەنج لەناو گۆڕێکدا دۆزرایەوە کە مێژووەکەیان بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان لە لێدوانێکیدا به ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکیای ڕاگه‌یاند، کارەکانی کنەوپشکنین کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە شاری مێژوویی پێڕا دەستی پێ کردووە، بەردەوامە. مەهمەت ئاڵکان ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارەمین رۆژی قۆناغی دووەمی کارەکانی کنەوپشکنینی ئەمساڵدا گۆڕێکی جۆری سندوقی دۆزرایەوە و گوتی: "گۆڕەکە کە لە شێوەی سندوقێکدابوو بە قەپاغێک داپۆشرابوو، کاتێک قەپاغی سندوقەکەمان لابرد، ئێسکەپەیکەری چوار مرۆڤمان دۆزییەوە. پێمان وایە مێژووی ئەم ئێسکەپەیکەرانە دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر". بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان روونیشی کردەوە کە کارەکانی کنەوپشکنین بە پاڵپشتی ئیدارەی تایبەتی پارێزگاکە و دەزگای مێژووی تورکیا بەردەوامە و گوتی: "لێرەدا لەگەڵ تیمیکدا کە پێکهاتوون لە ٣٠ کەس بەردەوامین لە کارەکانمان. لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا، کاری زۆر گرنگ ئەنجام دەدەین". ناوبراو رایگه‌یاند که ژماره‌ی سه‌ردانیکه‌ران لە سایەی کاره‌کانیانه‌وه زیادی کردووه و گوتی: "ژماره‌ی سه‌ردانیکه‌رانمان ئه‌مساڵ زۆر زیادی کردووە، سه‌ردانیکەرمان هه‌یه که دێن بۆ ئێرە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کارەکان ببینن. له کاتێکدا له ساڵانی رابردوودا، ١٠ هه‌زار سه‌ردانیکەرمان هه‌بووه. دەبینرێت کە ئەمساڵ ژمارەی سەدانیکەرانمان بۆ ٢٣ هەزار زیادی کردووە".
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له خاتوو باربارا لیف یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و شاندێكی یاوه‌ری كرد. له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا و به‌ڕێز كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكارانی ئه‌مه‌ریكی ئاماده‌ی بوون، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی سه‌ختییه‌كان، په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانی نێوانیان تاوتوێ كران. خاتوو لیف، دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌وان لێره‌ن بۆ جه‌ختكردنه‌وه له په‌یامی پابه‌ندییان به په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها گوتی ئه‌مه‌ریكا به گرنگی و بایه‌خێكی زۆره‌وه له‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌ڕوانێت و هه‌موو پشتگیرییه‌كی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رقه‌راربوونی ئارامی و سه‌قامگیریی سیاسی له عێراق دووپات كرده‌وه. لای خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانی، وێڕای سوپاس و پێ‌زانین بۆ هاوكاری و پشتگیرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه كه كێشه‌كانی عێراق به په‌راوێزخستنی هیچ هێز و لایه‌نێكی سیاسی چاره‌سه‌ر نابن و پێویسته پێكهاته‌كانی عێراق به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن، شێوازێك بۆ پێكه‌وژیان و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن بدۆزنه‌وه. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌بوونی یاسای دابه‌شكردنی داهاته‌كان و نه‌وت و گازی به كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی عێراق و ئارامی و سه‌قامگیریی سیاسیی وڵات له قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پێویستی به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی و پشتگیریی وڵاتی دۆست هه‌یه. په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و گرنگیی یه‌كڕیزیی لایه‌نه كوردستانییه‌كان، ڕه‌وشی ناوچه‌كه به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی جێبی بایه‌خی هاوبه‌ش، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
هاوڵاتی / تایبه‌ت ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وی و زاری حكومه‌تیان داگیر كردوه‌و پاره‌یان له بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی سپی كردوه‌ته‌وه له‌سلێمانی به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییان داگیركردووه سه‌رجه‌میان ده‌ستڕۆیشتوو بوون. له‌باره‌ی سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌وه جه‌بار گۆران وته‌بێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو له‌سلێمانی به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:»ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌تۆمه‌تی سپیكردنه‌وه‌ی پاره ده‌ستگیركراون ژماره‌یان 12 كه‌سه‌و ئێمه كه‌سیان ناناسین، له‌كاتێكدا بازاڕی دۆلاره‌كه هه‌مووی یه‌كتر ده‌ناسن، دواتر بۆمان ئاشكرابوو كه كارمه‌ندی ژماره‌یه‌ك بانكن و له‌یه‌ك كاتدا ده‌ستگیر نه‌كراون». له‌باره‌ی داگیركردنی زه‌وی زاری حكومه‌تیشه‌وه لوقمان حه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌په‌رله‌مانی كوردستان به هاوڵاتی وت:» ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییان داگیركردووه سه‌رجه‌میان ده‌ستڕۆیشتوو بوون و هاووڵاتی ئاسایی ناتوانێت زه‌وی داگیربكات، بۆیه پێویسته په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بێته‌ده‌نگ و ئێمه‌ش كه‌ڕاپۆرته‌كه‌مان ته‌واوكرد پێشكه‌شی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ین». هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردن له‌پارێزگای سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌كاتێكدایه، ته‌نها له‌پارێزگای سلێمانی زیاتر له 65 هه‌زار پارچه زه‌وی و موڵكی گشتی زیاده‌ڕه‌وییان له‌سه‌ركراوه‌و له‌بری پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كراون به‌پرۆژه‌ی تایبه‌ت و بازرگانی، كه به‌شێك له‌و زه‌ویانه بۆ پارك و باخچه و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه دابینكراون. له‌م لینكه‌وه راپۆرتێك له‌و باره‌یه‌وه بخوێنه‌ره‌وه
