ئەفسەرێکى باڵای سوپاى تورکیا بەپلەى رائید  لە ئۆپەراسیۆنى (پەنجە قوفڵ) لە هەرێمى کوردستان کوژرا. وەزارەتى بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە؛ دوێنێ  دوشەممە لە ناوچەى ئۆپەراسیۆنى پەنجە-قوفڵ لە هەرێمى کوردستان ئەفسەرێکى سوپاکەیان کوژراوە. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ئەو ئەفسەرەى سوپاى تورکیا کە لەناو خاکى هەرێمى کوردستان کوژراوە پلەى رائیدى هەبوە و فەرماندەى هێزى کۆماندۆ بوە. ئۆپەراسیۆنى (پەنجە - قوفڵ) لە رۆژى 17 نیسانى ئەمساڵ لە ناوچەکانى زاپ و ئاڤاشین و مەتینا لە سنورى پارێزگاى دهۆک لەناو خاکى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە دەستى پێکردوە، بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى بەرگرىی تورکیا زیاتر لە 80 سەرباز و پلەدارى سوپاى تورکیا تا ئێستا کوژراون و ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەلیش ئاماژە بە کوژرانی لانیکەم دو هەزار سەربازی ئەو وڵاتە دەکەن.

رۆژی دوشەممە جارێکی دیکە مانگرتن  و داخستنی دوکان و بازاڕەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەستی پێکردەوە و خوێندکاران و زانکۆ  و مامۆستایان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەشدارییان لەو مانگرتنە سەرتاسەریەدا کرد کە بڕیارە دو رۆژی دیکە بەردەوام بێت. 80رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکەش مانگرتنی سەرتاسەریی چین و توێژە جیاوازەکان لەو وڵاتە دەستی پێکرد کاسبکاران بە نەکردنەوەی دوکانەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی ، خوێندکارانی زانکۆش بەردەوامن لە بایکۆتی خوێندن و دەسەڵاتدارانی تارانیش بەردەوامن لە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.   دوکان و بازاڕی شارەکانی سنە و مەهاباد و کرماشان و ورمێ و ئیلام و زۆرینەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە و هاوشانی ئەو شارانەش دوکان و بازاڕەکانی تارانی پایتەخت و تەبرێز و ئەسفەهان و بەندەرعەباس و دەیان شاری دیکە لە باکور و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئێران نەکرانەوە. رێستۆرانی عەلی دایی یاریزانی، ناوداری تۆپی پێی لە ئێران بەهۆی پشتگیریی لە مانگرتنەکان لە لایەن حکومەتەوە داخرا. سوپای پاسداران ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکی هەڕەشەئامێزدا رایگەیاند چیتر چاوپۆشی لە خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران ناکەن و ناڕەزایەتییەکانی رابردو زیانێکی گەورەیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتەکە داوە کە قەرەبو ناکرێتەوە. وتەبێژێک بە ناوی ئیدارەی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاند؛ هیچ ئاماژەیەکی باشبونی هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکە بەدی ناکرێت. لەگەل مانگرتنەکان، ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆر لە شاری سنە چونە گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی لە شارەکە و رێوڕەسمی چلەی مەرگی محەمەد شەریعەتی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکە بەڕێوچو. بۆ نۆیەمین رۆژ مانگرتنی بارهەڵگرەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بەردەوام بو مانگرتنیش لە کۆمپانیای سایپا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەستی پێکرد کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە وڵاتەکە. دەیان کارگەی بچوک و گەورەی دیکەش هەر ئەمڕۆ مانگرتنیان راگەیاند. شەوی دوشەممە لە ئیلام و شارەکانی تاران، زەنجان،مەشهەد و ئەسفەهان چەند شارێکی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وترایەوە.  بەپێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 79 رۆژی رابردوی ئێراندا 471 کەس کوژراون و هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لانیکەم 117 کەس کوژراون بۆیە پێدەچێت ئەو مانگرتنە ئاماژەیەکی رون بێت بۆ ناڕەزایەتیی لە کوژرانی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی توندوتیژیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە.   سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵاتی وڵاتەکە بە بەردەوامی هێزی سەربازیی رەوانەی ئەو بەشە لە کوردستان دەکات و ئەوەش بوەتە مایەی مەترسیی چونکە ئەو هێزانە ئامانجیان سەرکوتی گەنجان و دانیشتوانی رۆژهەڵاتە.   سەرەڕای ئەوەی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ئێران بەرفراوان بون بەڵام رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی 80 رۆژدا زیاتر لە 20 جار مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاندوە و شەوانەش گەنجان بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەسەر شەقامەکان بە تایبەت کە ئەو بەشە لە کوردستان زیاترین کوژراوی بەراورد بە ناوچەکانی ئێران هەبوە بۆیە زۆرجار لە شارەکانی دیکەوە دروشمی پشتیوانیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەوترێتەوە

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا بۆ رووخاندنی کۆبانێ دەچێتە سوریا، بەڵام کۆبانێ بە ئاسانی ناکەوێت. ئەمڕۆ گفتگۆی لایەنەکانی تورکیا لە پەرلەمان لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتوو دەستی پێکرد و لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتارانی پارتە سیاسیەکان بۆچوونی خۆیان لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتووی تورکیا دەربڕی، هەروەها لایەنەکان پرسی دیکەشیان وروژاند. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە میانەی قسەکانیدا، باسی لە لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی، " کۆبانێ بە ئاسانی ناکەوێت." پەروین بوڵدان لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوی خستەڕوو کە تورکیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات و دەسەڵاتی ئاکەپەش بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوا دەیەوێت خۆی بەهێز بکات و وتی، " دەسەڵاتی تورکیا لەسەر دەسەڵات نامێنێت، بەڵام کۆبانێ دەمێنێت و پێویستە ئەمە قبوڵ بکەن. ئێمە باش دەزانین ئامانجی دەسەڵات چییە. ئامانجی ئەوەیە کە کورد لە رۆژئاوا نەبێتە خاوەنی قەوارەیەکی دیموکراتی. بۆ ئەوەیە کە کورد نەتوانێت لەگەڵ گەلانی دیکە دوارۆژێکی هاوبەشی دیموکرات بنیات بنێت." هاوسەرۆکی هەدەپە دەشڵێت، پێویستە هەموو گەل بزانێت. ئەنجامی هەر جۆرە ئۆپراسیۆنێک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، وێرانکاری، مردن و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی دیکەیە بۆ تورکیا و دەورەبەری. دەسەڵاتی تورکیا ناتوانێت لەسەر بێقەوارەهێشتنی کورد، قەوارەکەی بپارێزێت."

هاوڵاتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، لە ماوەی ٨٠ ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان زیاتر ٣٠٠ منداڵ لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندراون کە تائێستا ناسنامەی ١٣٠ کەسیان ئاشکرابووە.   بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، زۆرترین ژمارەی منداڵانی ڕفێندراو لە شاری سنە تۆمارکراوە کە ١٧ حاڵەت بووە. دواتر لە شاری جوانڕۆ ١٥ حاڵەت و لە شاری سەقز ١٤ حاڵەت. ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ئەو ١٣٠ کەسەی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، ٢٧ کەسیان کچ و ١٠٣ کەسیشیان کوڕن. رێکخراوی ھەنگاو دەڵێت، ژمارەیەک لەو منداڵە ڕفێندراوانە پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ و ھەفتەیەک لە ناڕوونیی چارەنووسیان، بە شێوەیەکی نایاسایی بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە و پاشانیش کۆمەڵێکیان بە بارمتە ئازاد کراون. بە پێی بەدواداچوونەکانی ھەنگاو، تا ئێستا دۆسیەی کۆمەڵێک لەو منداڵانە بۆ لقەکانی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی نێردراون.

هاوڵاتی پژاک ناسنامەی گەریلایەکیان بڵاودەکەنەوە کە لە بۆردوومانێکدا لە چیای ئاسۆسی شارباژێڕ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا شه‌هیدبووه‌.   رۆژی دووشەممە 5-12-2022، یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ناسراو بە یەرەکە، کە سەر بە (پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان - پژاک)ە راگەیێندراوێکی لەبارەی گیانلەدەستدانی یەکێک لە گەریلاکان بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سیپان سلێمان حەسەن ناسراو بە سەرحەد رۆژئاوا لە رۆژی 29ی تشرینی یەكەم لە بۆردوومانێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە چیای ئاسۆس لە سنووری شارباژێڕ شەهید بووە."   پژاک زانیاریی زیاتری لەبارەی ئەو کەسە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ساڵی 2019ـەوە لەگەڵ ئەوانەدا بەشداریی چالاکییەکانی کردووە و ساڵی 2022 لە چیای ئاسۆس گیانی لەدەستداوە.    رۆژی هەینی رابردووش 2-12-2022 زنجیرە چیای ئاسۆس لە سنووری قەزای ماوەت لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.      سیپان سلێمان حەسەن ناسراو بە سەرحەد رۆژئاوا

هاوڵاتی دوای بەرزبوونەوەی بەهاری دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بڕی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا زیاتر بکات. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، بانكی ناوه‌ندیی عێراق ئاشكرایكرد له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیریی نرخ و ڕێگریی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری نرخی دۆلار، له‌مڕۆوه‌ خستنه‌بازاڕی دۆلار زیاد ده‌كات. به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی بانكی ناوه‌ندییشدا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ بانكه‌كه‌ 140 ملیۆن و 70 هه‌زار و 601 دۆلار ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ كه‌ به‌راورد به‌ دوێنێ نزیكه‌ی 11 هه‌زار دۆلار جیاوازیی هه‌یه‌. ئەمەشلەکاتێکدایە دوای ئەوەی دوێنێ به‌ر له‌ داخستنی بازاڕه‌كانی دراوی نێوخۆیی، نرخی هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مریكی له‌ به‌رانبه‌ر دراوی عێراقی بۆ 1500 دینار به‌رز بووه‌وه‌ و هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فرۆشی دۆلار له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، بانكی ناوه‌ندیی ته‌نها 129 ملیۆن و 301 هه‌زار و 909 دۆلاری به‌ 1460 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك خستووه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌. هەربۆیە دوای بەرزبووبوونەوەی بەهای دۆلار، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی سەرۆکی بانکی ناوەندی کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و داوای لێکرد بەزووترین کات دۆلاری زیاتر بخاتە ناو بازاڕەوە. دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ فرۆشتنی دۆلاری زیاتر، ئەمڕۆ به‌های دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌دینار دابەزی و 100 دۆلار به‌رامبه‌ره‌ به‌ 149 هه‌زار و 400 دینار، به‌های تمه‌نیش جێگیره‌ و 100 دۆلار به‌رامبه‌ره‌ به‌ سێ ملیۆن و 600 هه‌زار تمه‌ن.

هاوڵاتی بەهۆی لێچوونی غاز کافتریای کەمپی تازای زانکۆی سلێمانی و ھۆڵەکانی دەوروبەری چۆڵکران. بە گوێرەی زانیارییەکان کافتریای ناوەند زانکۆی سلێمانی کە لە سێ نهۆم پێک هاتووە، لە کاتژمێر ١١ بەدواوە هەست بە بۆنی غاز کراوە و لە کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک چۆڵکراوە، لەلایەن ئەو کەسانەی سەرپەرشتی چاککردنەوەی سیستەمی غاز دەکەن زوو خوێندکارانی زانکۆ دوورخراونەتەوە. لە ئێستادا، تیمەکانی بەرگری شارستانی و ئەو کۆمپانیایەی بەرپرسە لە سیستەمی غاز لە زانکۆی سلێمانی سەرقاڵی ئەوەن دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی رووداوی دیکەی لێنەکەوێتەوە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆش خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژی بەشێک لە ناوچەکان بەڕێوەچوو و ئاماژەیان بەوەدا، "بایکۆتیان کردووە و بەردەوام دەبن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان تا ئەو کاتەی دەکرێن بە هەمیشەیی." ئەمڕۆ دوشەممە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و قەزای کۆیە و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێم، بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ درێژەیان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دا و لەبارەی داواکارییەکانیشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێن، داوای دامەزاراندن دەکەن و بڕیاریشیانداوە لەبەردەم پەروەردەکان درێژە بە بایکۆت و خۆپیشاندان بدەن. ئاماژە بەوەش دەکەن، هۆکاری خۆپیشاندانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ "بێباکی و خەمساردی حکومەتی هەرێم لەئاست مافە ڕەواکانمان". مامۆستایانی وانەبێژ داوا لە هەردو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە دەکەن کە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ  بە دامەزراندن چارەسەر بکەن، ئەوان دەڵێن، "دامەزراندن ئەو گرێیەیە کە هەمو گرێ بچوکەکانی دیکەی مامۆستایانی وانەبێژ دەکاتەوە". ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی پێشوشدا مامۆستایانی وانەبێژ چەند جارێک گردبوونەوە و داوای دامەزراندیانیان کرد و باسیان لەوەکرد ئەوان تەنانەت مۆڵەتی دایکایەتی و نەخۆشیشیان نییە و بەشێکی زۆری کەلێنەکانی کەرتی پەروەردەیان پڕکردووەتەوە بەڵام حکومەت گوێ لە داواکارییەکانیان ناگرێت.

ئێران رایگەیاند عێراق بەڵێنی داوە هێزەکانی لە نێوان سنوری دو وڵاتەکەدا جێگیر بکات و ئەو وڵاتە سورە لەسەر توندوتۆڵکردنی سەقامگیریی ناوچەکە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دوشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران لەسەر داوای رەسمی سەرۆک کۆماری ئێران بوە و ئەو سەردانەشی ئاماژەی ئەرێنیی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدایە. کەنعانی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەغدا بەڵێنی داوە هێزە سەربازییەکانی عێراق لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران جێگیر بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەو سنورانە. ئەو وتوشیەتی عێراق سورە لەسەر توندوتوڵکردنەوەی ئاسایشی سنورەکانی لەگەڵ ئێران. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایسپاردون، بە جێگیر کردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور لەسەر هێڵى سنورى نێوان عێراق و ئێران و تورکیا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە بەغدا و تاران کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە پێشتر لە نێوان دو وڵاتەکەدا واژۆ کراوە.    

هاوڵاتی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا چەند گۆڕانکارییەک دەکرێن، لەوانەش دانانی کەسێک لە شوێنی وەزیری ئەوقاف و کەسێکیش لە جێگەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمڕۆ دوشەممە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سێیەمین کۆبونەوەی خۆی لەدوای کۆنگرەی 14ەوە ئەنجام دەدات و کۆبونەوەکەش تایبەتکراوە بە گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی حزبەکە، لەوانەش گۆڕانکاری لە بەرپرسی لقەکان لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، زاخۆ، راپەڕین و سۆران. لیستی گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی و دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە پۆستە حکومییەکانیان بە لیستێک ئامادە کراوە و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پەسەند بکرێن، بەشێک لە گۆڕانکارییەکانیش بەم شێوەیە دەبن پشتیوان سادق دەست لەپۆستی وەزیری ئەوقاف دەکێشێتەوە و ئەحمەد کانی لەجێگەی دەستبەکاردەبێت، هەروەها عەبدولخالق بابیری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لەجێگەی سەربەست لەزگین، دەبێتە بریکاری وەزیری پێشمەرگە. بەشێکی دیکە لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، پێشنیازکردنی سێ ناوە بۆ هەڵبژاردنی دوو یاریدەدەر بۆ به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی له‌ دهۆك. ئەو ناوانەی پێشنیاز کراون هه‌ریه‌ك له‌ عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی كومیته‌یی ناوه‌ندی و به‌رپرسی لقی 8ـی پارتی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، حه‌مید عه‌لی و سه‌باح به‌یتوڵڵان. جێگەی باسە 12ی مانگی رابردو، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی كۆبوه‌وه‌ و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی هه‌ڵبژارد، کە لە 17 ئەندام پێکدێت.  ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پێكدێن له‌ سیداد بارزانی، فازڵ میرانی، فوئاد حسێن، هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد، کەمال کەرکوکی، رێبوار یەڵدا، زەعیم عەلی، هێمن ھەورامی، پشتیوان سادق، ھیوا ئەحمەد مستەفا، سەربەست لەزگین، زاگرۆس فەتاح، نەوزاد هادی، عەلی حوسێن و ئامینە زیکری  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە هەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت و سبەی ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما دادەبەزن. کەشى پێشبینیکراوى48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە 5- 12- 2022 کەش/ ئاسمان پەڵە هەور دەبێت لەکاتەکانی ئێوارە بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت . خێراى با / لەسەرخۆ دەبێت (5- 15) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت . پلەکانی گەرما /نزیک دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . مەوداى بینین / لە نێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر :  22 پلەى سیلیزى سلێمانی :15   پلەى سیلیزى دهۆک : 18 پلەى سیلیزى کەرکوک : 22 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 17 پلەى سیلیزى زاخۆ : 18 پلەى سیلیزى سۆران : 17 پلەى سیلیزى گەرمیان : 21 پلەى سیلیزى سبەی سێ شەممە 6 - 12 - 2022 کەش/ ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت . پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ خێراى با / لەسەرخۆ دەبێت (10- 15) کم/ک . ئاراستەی با / گۆڕاو دەبێت. مەوداى بینین / لە نێوان ( 8 – 10) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 20 پلەى سیلیزى سلێمانی : 15 پلەى سیلیزى دهۆک : 18 پلەى سیلیزى کەرکوک : 22 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 18 پلەى سیلیزى زاخۆ : 18 پلەى سیلیزى سۆران : 17 پلەى سیلیزى گەرمیان : 21 پلەى سیلیزى

مانگرتن لە شارەکانی  رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردوە و دوکان و بازاڕەکانی  زۆربەی شار و شارۆچکەکان نەکرانەوە. ئەمڕۆ دوکان و بازاڕەکانی مەهاباد و بۆکان و پاوە و مەریوان و  زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک مانگرتن و ناڕەزایەتیی نەکرانەوە. لە شارە گەورەکانی تاران و تەبرێز و ئەسفەهان و دەیان شاری دیکەی سەرتاسەری ئێران وەک ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی، دوکان و بازاڕەکانیان نەکرانەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە سوپای پاسدارانی ئێران هێزێکی زۆری رەوانەی شارەکە کردوە و ئەگەری دوبارەبونەوەی توندوتیژیی ئەو هێزانەش زیادی کردوە بە تایبەت کە بڕیارە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی بەڕێوبچێت. چەند رۆژێکە چالاکوانان و چین و توێژە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوایان کردوە رۆژانی دوشەممە تا چوارشەممە مانگرتنی سەرتاسەریی بە بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکان بەڕێوبچێت.

79 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و داواکاری گشتیی ئێران هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لە وڵاتەکە راگەیاند و ئاشکرای کرد دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و کچان دەکات و رێگە نادات پێچەوانەی یاسا و رێساکانی وڵاتەکە جلوبەرگی نەگونجاو لە شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنرێت. ئەمڕۆ سوپای پاسداران هێزێکی زۆری ناردوەتە شاری مەهاباد و گومان دەکرێت ئەوەش ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەمنیی شارەکە بە تایبەت کە بڕیارە رۆژ چوارشەممە تا رۆژی هەینی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت. گەنجانی شاری مەهاباد ئەمشەو لە چەند شەقامێکی شارەکە ئاگریان کردەوە و رایانگەیاند شەقامی شارەکە چۆڵ ناکەن. بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر تەرمی ئێحسان قاسمی فەر، ئەو گەنجە تەمەن 32 ساڵەی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج کوژرا لە شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. تەرمی روحەڵڵا عابدینی خەڵکی شاری قوروە لە پارێزگای سنە کە لە ناڕەزایەتیەکانی (1/12/2022) لە شاری تاران بە گوللـەی هێز ئەمنییەکان کوژرابو لە گوندی دزج لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆش زیاتر لە 10 گەنج و لاوی شارەکانی ئەو بەشە لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانەوە دەستگیر کراون و چارەنوسی ئەوانەشی لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا دەستگیر کراوان نادیارە. هەشت رۆژە زۆربەی بارهەڵگرەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 20 پارێزگای ئێران لە مانگرتندان و داوای مانگرتنی سەرتاسەریی دەکەن. خوێندکارانی کچ لە شاری سنە ئەمڕۆش بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە خوێندگەکان و داوای ئازادکردنی شیوا مەفاخری،یان کرد کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوە. كچانی خوێندکار لە شاری شەهریار لە تاران دروشمی " مەرگ بۆ دیکتاتۆریان وتەوە" کچانی خوێندکاری کەرەج بە کۆڕ هۆنراوەیەکیان پێشکەشی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان کرد و گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا. پێگەی فەرمیی راگەیاندنی ئێران (جامێ جەم) بڵاوی کردوەتەوە چیتر هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانەکان و میترۆ و شوێنە گشتییەکان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێ نادرێت و لە ماوەی رابردودا دەیان ژن و کچ لە فڕۆکەخانەکاندا بە بێ سەرپۆش هاتوچۆیان کردوە. جامێ جەم نوسیویەتی: کۆمپانیاکان و کارمەندان بە بێ بڕیاری فەرمی حکومەت بێدەنگیان لە ئاست هۆشداریی دادن بە کەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردوە و ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە کاتێکدا داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە کۆتایی بە ئەرکەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هاتوە و ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوە و ئەوەی دایمەزراندوە ، ئێستا هەڵیوەشاندوەتەوە . پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە کۆبونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ تیمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم رەئیسی ئەنجام دا و رایگەیاند کێشەی سەرەکیی خەڵکی وڵاتەکە (کێشەی ئابوریی)ە. وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند؛ لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 45 ملیۆن دۆلار زیان بە دامودەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان گەیشتوە. دەستەی دادوەریی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند هیچ ئامارێکی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانیان لا نییە بەڵام بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ئەنجامی هاککردنی پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای پاسداران بڵاو کراوەتەوە 29 هەزار و 400 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون کە 115 کەسیان سەر بە هێز ئەمنییەکان بون. بڵاوبونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوەتە مایەی سەرنج و ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران وەک خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن. ئەنجومەنی سینەماکارانی ئێران ئاشکرای کرد؛ 150 سینەماکاری ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و 40 سینەماکاری دیکەی وڵاتەکەش نەیان ویستوە دەستگیرکردنیان لە راگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە.  

عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) دەسەڵاتی تورکیای بەهۆی رەتکردنەوەی کێشەی کورد رەخنە کرد و وتی، " چارەسەری کێشەی کورد لە تێگەیشتنی هاوڵاتییەکی یەکساندایە." عەلی باباجان سەرۆکی (دەڤا) کە ماوەیەک لە کابینەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا وەزیری ئابوری بوو و لە ئاکەپە جیا بووەوە، لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ شاری سەمسوری (ئادییامان) باکوری کوردستان، ئاماژەی بە کێشەی کورد لە تورکیا کرد و حکومەتی ئاکەپە – مەهەپەی بەهۆی سیاسەتەکانی لەبەرامبەر کێشەی کورد رەخنە کرد. باباجان وتی، " کاتێک کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەیوت ' کێشەی کورد هەیە و بەرپرسیاری لەسەر شانی منیشە'، منیش لەنێو ئەو پارتەدا بووم. بەڵام دواتر دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست و دۆغۆ پەرینچەک  سەرۆکی پارتی وەتەنی لە دەوری خۆی کۆکردەوە. ئێستاش دەڵێت ' کێشەی کورد نییە'. خۆی ئەگەر لە لایەکی باخچەلی و لەلایەکی دیکەی پەرینچەک هەبن، زۆر ئاساییە کە کێشەی کورد رەت بکاتەوە." سەرۆک پارتی دەڤا راشیگەیاند، کێشەی کورد هەیە و دەوڵەت پێویستە مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییەکان فەراهەم بکات و وتی، "دەوڵەت دەبێت بە تەواوی دان بە مافەکانی مرۆڤدا بنێت، چارەسەری کێشەی کورد لە تێگەیشتنی هاوڵاتییەکی یەکساندایە. پێویستە هەموو هاوڵاتیەک بە تەواوی مافە سەرەتاییەکانی بەدەست بهێنێت. چەند رۆژێکە، تورکیا بە ناراستەوخۆ کەوتووتە دۆخی بانگەشەی هەلبژاردنەوە و سەردان و کۆبونەوە مەیدانیەکانی پارتە سیاسیەکان بۆ نێو هاوڵاتیان دەستی پێکردووە. پرسی کوردیش یەکێک لە پرسە سەرەکیەکانی تورکیایە کە زۆربەی لایەنەکانی تورکیا، پرسەکە لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەکاردەهێنن. بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هیچ لایەنێک باسی مسۆگەرکردنی مافی کورد لە دەستوری بنەڕەتیدا ناکات.

هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاكانی ئازادیی كوردستان لە ناوچەكانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی و سیدا، چوار چالاكییان دژی سوپای داگیركەری تورك ئەنجامدا و لەو چالاكییانەدا گورز لە داگیركەران وەشێندرا. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكییەكانی گەریلاكانی ئازادیی كوردستانی لە نێوان ڕۆژانی ٢ بۆ ٣ی ئەم مانگە و هەروەها هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركی بۆ سەر ناوچەكانی بەرخۆدان، بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “هێزەكانمان لە ناوچەكانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی و سیدا، چوار چالاكییان دژی داگیركەران ئەنجامدا و لەو چالاكییانەدا گورز لە داگیركەران وەشێندرا”. لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سوپای داگیركەری تورك دوو جار بە چەكی كیمیایی، ١٢ جار بە فڕۆكەی جەنگی، ٢٤ جار بە هێلیكۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس ناوچەكانی بەرخۆدانی بۆردومان كردووە.