هاوڵاتی ئەمڕۆ، دانیشتنی دادگاییکردنی دۆسیەی 'کۆبانێ' بەڕێوەچوو کە زۆربەی سیاسەتمەدارە گەورەکانی هەدەپە کە دەستگیرکراون لەم چوارچێوەیەدا دادگایی دەکرێن کە یەکێک لەو سیاسەتمەدارانە سەلاحەدین دەمیرتاشە. دەمیرتاش لە دانیشتنەکەدا، رەخنەی لە لیژنەی دادگا گرت و رایگەیاند، دادوەری دانیشتنەکە وەک پارێزەری ئەردۆغان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. ئەمڕۆ حەوتەمین دانیشتنی ١٩مین خولی دادگای دۆسیەی کۆبانێ، لە هۆڵی زیندانی سینجانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لیژنەی ٢٢مین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد. ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەدەپە، ئەندامانی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادیەکان و پارێزەری سیاسەتمەدارە کوردەکان کە لە زینداندان بەشداریان لە دانیشتنەکەدا کرد. یەکێک لەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێدا دادگایی دەکرێت، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە. دەمیرتاش لە رێگەی سیستمی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بە شێوەیەکی ئۆنلاین لە زیندانی شاری ئەدرنەوە، لە دانیشتنی دادگاکەدا بەشداری پێکرا. دەمیرتاش: دیکتاتۆریش بەم شێوەیە نییە دەمیرتاش لەبەرامبەر تۆمەتبارکردنیدا کە لە دۆسیەکەدا، باسی ئەوە دەکرێت، لە سەردەمی شەڕی کۆبانێدا، خەڵکی لە شارە کوردیەکان هانداوە کە راپەڕن و بەم هۆیەوە گوایە ژمارەیەک هاوڵاتی کوژراون رایگەیاند، لەم دۆسیەیەدا (دۆسیەی کۆبانێ)، بە هەزاران پێشێلکاری هەیە. لە هەموو شوێنێک، مرۆڤ لە بەرامبەر دادوەردا هەست بە ئاسایش دەکات. بەڵام لەم دادگایەدا، زۆرترین هەڕەشەمان لێدەکرێت. رێگە نادرێت کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پارێزەران لەگەڵ ئێمەدا دابنیشن. دەمیرتاش وتی، " من وتم قسەکانی ئەردۆغان کە باسی گەڕاندنەوەی یاسای لەسێدارەدان دەکات تاوانە. ئەم قسانەی من وەک تاوان لێکدراوەتەوە و بێ ئەوەی ئاگادار بکرێمەوە خراوەتە نێو دۆسیەکەمەوە. من بە تەنیا باسی قسەکانی ئەردۆغانم کردووە و ئەوەم خستووەتەڕوو کە قسەکانی ئەردۆغان پێشێلکردنی مادەی ١٨ی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە. بەڵام دادوەر لێرەدا بەرپرسانی دەوڵەت دەپارێزێت. بە ئاشکرا وەک پارێزەری ئەردۆغان مامەڵە دەکات. من دەپرسم. ئایا ئەردۆغان لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە سەرۆکی ئێوەیە؟ ئایا هاوکاری یاسایی لەنێوانتاندا هەیە؟ لێرە چەندین بەڕێوەبەری سێیەم گەورەترین پارتی تورکیا لەبەردەمتدایە. ناتوانیت جلی دادوەر لەبەربکەن و پەنجەی تاوانمان بۆ درێژ بکەن. من ئەم دۆخەم بە دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا گەیاندووە." سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پارتەکە، دەستگیرکران و داواکاری کۆماری تورکیا، بە دەیان دۆسیەی لەدژیان جووڵاندووە. دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، چەندین جار، دەمیرتاش و پەرلەمانتار، هاوسەرۆکی شارەوانی و بەڕیوەبەرانی هەدەپەی بە بێتاوان وەسف کردووە و داوای کردووە ئازاد بکرێن، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە\ مەهەپە، رەتی دەکەنەوە کە داواکاری دادگای ئەوروپا جێبەجێ بکەن.
هاوڵاتی 76 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکاندا تێدەپەڕێت و خوێندکاران لە زانکۆکان و بارهەڵگرەکانی سەرتاسەری ئێران بۆ شەشەم رۆژ بەردەوامبون لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی. داواکاری گشتی ئێران رایگەیاند؛ پەرلەمانی ئێران لێکۆڵینەوە لە پرسی باڵاپۆشبون و سەرپۆش بۆ کچان و ژنان لە وڵاتەکە دەکات و تا 15 رۆژی دیکە ئەنجامەکان بڵاو دەکرێتەوە. وەک چاوەڕوان دەکرا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی پێنجشەممە چوە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە هۆڵێکی داخراوی یارگایەکی ئەو شارە لەگەل ئەندامان و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی کۆبوەوە و دواتر سەردانی چەند شوێنێکی کرد و لە وتارێکیشدا لەو شارە رایگەیاند پلانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران شکستی هێناوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لەگەڵ سەردانی رەئیسی، هێزی زۆری ئەمنیی و سەربازیی لە شاری سنە بڵاوەیان پێکراە و دۆخێکی ئەمنی قورس باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە. رێوڕەسمی چلەی مەرگی رامین فاتحی لە سنە بەڕێوەچو، ئەو دوای دەستگیرکردنی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە مەرگی لە شاری سنە راگەیەنرا و هاوکات برایەک و خوشکێکی رامین دوای ماوەیەک دەستبەسەربون بە بارمتە ئازاد کران. ئەمڕۆش هاوشێوەی 75 رۆژی رابردو زۆربەی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان و تاران و شیراز و تەبرێز و چەند شارێکی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام داوە و داوای ئازدکردنی ئەو خوێندکارانەیان کرد کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون. هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانیش دو خوێندکار لە زانکۆی سنە و تاران دەستگیر کران. لە بەشی پزیشکی زانکۆی ئەلزەهرا لە تاران، خوێندکاران دروشمیان دژی بەڵێنە ناڕاستەکانی دەسەڵات وتەوە و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیش بەردەوامبوە. 144 مامۆستای زانکۆ لە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران بە بەیاننامەیەک ئیدانەی دەستگیرکردنی خوێندکارانی زانکۆیان کرد و داوایان کرد مافی خوێندن بۆ خوێندکارە سزاکان دەستەبەر بکرێت و ئەوانەی دورخراونەتەوە بگەڕێنەوە زانکۆکان. بە پێی ئامارێک تا ئێستا ناوی 576 خوێندکاری 140 زانکۆ لە ئێران تۆمار کراوە کە رەوانەی زیندان کراون و جگە لەوانەش سەدان خوێندکاری دیکە دەستبەسەر ئەوە سەرەڕای دورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆ و بێبەشکردنیان لە پڕۆسەی خوێندن. دەستەی توێژەرانی زانستی ئێران بڵاویان کردوەتەوە رۆژی چوارشەممە 150 زانکۆی جیهان پشتیوانیان لە خوێندکارانی زانکۆی ئێران کردوە و لەو زانکۆیانەدا چالاکی و گردبونەوەی پشتیوانیی بۆ خوێندکارانی ناوخۆی ئێران بەڕێوەچوە. ئەمڕۆش بۆ شەشەمین رۆژ مانگرتنی بارهەڵگرەکانی زیاتر لە 20 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبو. بە پێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازیی رەوانەی شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان کراوە. بە پێی دوایین ئامار لە 75 رۆژدا 113 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و هاوکات ژمارەی گشتی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران گەیشتوەتە 459 کەس و میدیاکانی سەر بەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لە کوژرانی 51 چەکداری سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان دەکەن لەو ناڕەزایەتییانەدا.
هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای ئێران دان بە کوشتنی ژینا ئەمیندا دەنێت فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارن بەهۆی ئاشکراکردنی هۆکاری مەرگی ژینا ئەمینی دەستگیر دەکرێت محەمەدباقر بەختیار، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی پێشوی سوپای پاسداران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێت و دەست بەسەر مۆبایل و کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا دەگیرێت. ئەو فەرماندەیە لە تۆمارێکی دەنگیدا رایگەیاندوە بەپرسانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران گەمژانە مامەڵە لەگەڵ روداوەکان دەکەن و ژینا ئەمینی بەهۆی لێدان لەسەری و شکانی ئیسکی سەری گیانی لەدەست داوە. محەمەدباقر بەختیار هەر لەو تۆمارە دەنگیەدا ئاماژەی بەوە کردوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێویست بو دەستبەجێ داوای لێبوردن لە خەڵک و بنەماڵەی ژینا ئەمینی بکەن.
هاوڵاتی پەرلەمانى عێراق بڕگەیەکى بۆ کۆبوونەوە شەممەى داهاتووى زیادکرد کە دەنگدانە لەسەر تەواوکردنى کابینەى حکومەت، کە متمانەدانە بە بەربژێرانى هەردوو وەزارەتەکانى ژینگە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و، هەردووکیان لە پشکى کوردن. ئهمڕۆ پێنجشهممه (1ی كانوونی یهكهم/دیسێمبهری 2022)، فهرمانگهی میدیایی پهرلهمانی عێراق، كارنامهی دانیشتنی پهرلهمانی بۆ رۆژی شهممهی داهاتووی رایگهیاند و خشتهكه 9 بابهت لهخۆدهگرێت، لهوانهش دهنگدان به تهواوكردنی كابینه وهزارییهكهی محهمهد شیاع سوودانی. رۆژی 27ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق لە کۆى 23 بەربژێرى وەزارەتەکانى حکومەتى عێراق، دەنگى لەسەر 21 بەربژێر دا کە بەهۆى رێککنەکەوتنى یەکێتى و پارتى لەسەر ئەو دوو وەزارەتە بەربژێریان پێشکێش نەکردبوو. وهك له كارنامهكهدا هاتووه، کۆبوونەوەى داهاتووى پەرلەمانى عێراق، جگە لە دەنگدان بە تەواوکردنى کابینەى حکومەت، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێنج پڕۆژەیاسا و خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاسایەک دەکرێت، ئەوە جگە لە خوێندنەوەى دوو راپۆرتى تایبەت بە کەرتى تەندروستى و ژینگە.
هاوڵاتی ئهمڕۆ پێنجشەممە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومهتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی دەیان تووشبووی ئایدزی لە ماوەی ساڵی 2022 ڕاگەیاند. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئایدز لە شاری سلێمانی، پانێڵێکی زانستی دەربارەی ئایدز و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەرەکانی لە نەخۆشخانەی شیرەکە بەڕێوەچوو.د. سامان بەرزنجی،وەزیری تەندروستی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا زیاتر لە 538 هەزار پشکنینی ئایدز لە هەرێمی کوردستان کراوە، لە کۆی ئەو پشنکنینانە 54 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراون. ڕاشیگەیاند، "لە ماوەی ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢٢ وەزارەتی تهندروستی زیاتر لە ٥٣٨ هەزار پشکنینی ئایدز بۆ ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە هاوسەرگیری دەکەن، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە خوێن دهبەخشن و خوێن وەردەگرن، یان پێش ئەنجامدانی پشکنینە تهندروستییهکان، یان پشكنینی بیانییهكان كه دێنه ههرێمی كوردستانهوه، یاخود به هۆكاری دیكه" لهو پشکنینانەش، 54 حاڵەتی پشتڕاستکراوی تووشبوون بە ئایدز دەستنیشانکراون، لەنێویاندا 40 حاڵەتی بیانییەکان کە هاتوونەتە ههرێمهوه. وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی ساڵێکدا یەک ملیۆن و 500 هەزار حاڵەتی ئایدز لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکراون، بە گشتی ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن کەس وەک هەڵگری ڤایرۆسی HIV هەن و چارەسەر وەردەگرن. هەرلەوبارەیەوە، د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، تووشبووانی بیانی نێردراونەتەوە بۆ وڵاتەکای خۆیان، سێ حاڵەتی تر کە لە ناوەندی شاری سلێمانیدابوون، لە ژێر چاودێری تەندروستی بەڕێوەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی دان و چارەسەر وەردەگرن. ئەوەشی خستەڕوو، هەموو حاڵەتەکان گەنجن و لە سەرو تەمەنی سی ساڵەوەن، وتیشی: زیاتر هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگای سێکس، خوێن، شیری دایک، بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، ئامێرەکانی نەشتەرگەری، کە بەباشی پاکنەکرابێتنەوە و دووبارە بۆ نەخۆشێکی دیکە بەکارهێنرابنەوە، هەروەها دوبارە بەکارهێنانی سرنجێک کە پێشتر بۆ کەسێکی تر بەکارهاتووە، هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بووە. ئایدز واتە لاوازی و نەمانی بەرگری لەش، نەخۆشییەکی درێژخایەنی ترسناکە و تا ئێستا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە و بەبێ دەنگی سیستەمی بەرگری مرۆڤەکە لەناودەبات.
لە راپرسیەکدا کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجامیداوە، زۆربەی لایەنگرانی پارتەکە، پێیان وایە کە پێویستە ئەوانیش کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری هەبێت. هەدەپە ڕاپرسییەکی سەبارەت بە کاندیدی سەرۆککۆماری ئەنجامدا. بەپێی ڕاپرسییەکە، دەنگدەرانی هەدەپە زۆرینەیان ئەو بۆچوونەیان دەربڕیوە کە پێویستە هەدەپە کاندیدێک دیاری بکات و کاندیدەکە دەبێت ژن بێت. لە ڕاپرسییەکەدا کە لەو شارانە ئەنجامدراوە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی لایەنگری هەدەپەن (باکوری کوردستان)، پرسیاری ئەوەکراوە، "ئایا کاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ژن بێت یان پیاو؟" ٤١٪ی دەنگدەرانی کورد کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، کاندیدی ژنیان پێ باشتر بووە، لە ٣٠٪ ڕایانگەیاندووە کە جیاوازی نییە و ٢٩٪ی بەشداربووانیش پێیان باش بووە، کاندیدەکە پیاو بێت. هەروەها لە ڕاپرسییەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە، ئایا پشتگیری لە کاندیدێکی کوردی عەلەوی دەکەن؟ ٨٥٪ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە پشتگیری لێدەکەن. پرسیارێکی دیکە کە لە بەشداربووان کراوە ئەوەیە کە ئەگەر هەڵبژاردن بکەوێتە دەوری دووەم دەنگ بەکێ دەدەن، " نزیکەی ٨٢.٧٪ی بەشداربووان هەدەپەیان هەڵبژاردووە. هەروەها پرسیار کراوە کە ئەگەر لە دەوری دووەمدا ئەردۆغان و کلچدارئۆغلۆ بمێننەوە دەنگ بەکێ دەدەن. ٥٨.٦٪ی بەشداربووان کلچدارئۆغلۆ و ٩.٣٪ ئەردۆغانیان دیاری کردووە و بەشەکەی دیکەش رایانگەیاندووە کە هیچیان هەڵنابژێرن. بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت. بۆ ئەو مەبەستەش سێ هاوپەیمانی بەناوەکانی هاوپەیمانی کۆماری (دەسەڵات)، هاوپەیمانی گەل (شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن) و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان (هەدەپە و شەش پارتی چەپ) پێکهێنراون.
هاوڵاتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە سەرەتای پرۆسەی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا تا ئێستا، وەزارەتی تەندروستی ھەرێم دوو ملیۆن و ٦٨٧ ھەزار و ٦١٤ دۆزی ڤاکسین بۆ ھاووڵاتییان دابینکردووە. راشیگەیاند، یەک ملیۆن و ٤٤٨ ھەزار و ٩٨٥ دۆزی یەکەم بە ھاووڵاتیان دراوە. ھەروەھا یەک ملیۆن و ٢٠٤ ھەزار و ٤٥ دۆزی دووەم. ٣٤ ھەزار و ٥٨٩ دۆزی سێیەم بۆ ھاووڵاتیان دابینکراوە و وەریان گرتووە. ٩٥ کەسیش دۆزی چوارەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە 48 کاتژمێری داهاتودا ئاسمانی هەرێمی کوردستان نیمچە ھەور دەبێت و ئەگەری دروستبونی تەمومژی چڕ هەیە. ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو،لە 48 کاتژمێری داهاتودا ئاسمانی هەرێمی کوردستان نیمچە ھەور دەبێت و ئەگەری دروستبونی تەمومژی چڕ هەیە لە زۆرێک لە ناوچەکان، هەروەها لەو ماوەیەدا پلەکانی گەرما ڕو لە نزم بونەوە دەکەن. بە پێی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایە، سبەی ھەینی ٢-١٢-٢٠٢٢ ئاسمانی ھەرێم ساماڵ و پەڵە ھەور ئەبێت لەناوچە شاخاویەکاندا بەزۆری نیمچە ھەور ، پلەکانی گەرما بەرێژەی ١ تا ٢ پلەی سیلیزی بەڕاورد بە ئەمڕۆ نزمدەبنەوە ، خێرای با لەسەرخۆ دەبێت ٥ بۆ ١٠ کم/س لە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاواوە . سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ ڕایگەیاند، لەکاتەکانی سبەی ئێوارەی ھەینی بەدواوە تا بەرەبەیانی دوو سبەی شەمە ٣-١٢-٢٠٢٢ لەم مەودایەدا ئەگەری دروستبوونی تەم و مژی چڕ ئەبێت لەزۆرێکی ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەولێر و کەرکوک و ھەڵەبجە وە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان . هاوکات بهڕێوهبهرایهتی گشتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێم رایگهیاند، ئهمشهو بارانبارین لهزۆربهی ناوچهكان بهردهوامی دهبێت و ههندێكجاریش دهگۆڕێت بۆ تاوهباران و ههورهبروسكهشی لهگهڵدا دهبێت، لهكاتهكانی بهرهبهیانیش كهش ئاسایی دهبێتهوه.
کۆمەڵێک بەڵگەی نهێنی لە ئێران بڵاو دەبێتەوە کە ئاشکرای دەکەن بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە دانیان بەوەدا ناوە زۆرینەی خەڵک دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانن. گروپی هاککەری (بلاک ریوارد) دوای هاککردنی ژمارەیەک پێگەی تایبەت بە سوپای پاسدارانی ئێران، ژمارەیەک بەڵگە و نامەی نهێنیی بڵاو کردوەتەوە کە هۆشدارایی دراوە لە بەرفراوانبونی ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە. لە راپۆرتێکی نهێنیدا کە رادەستی حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران کراوە، ئاماژە بە ترسی هێزە ئەمنییەکان و بەرەنگاربونیان لە لایەن خەڵکەوە کراوە و هۆشداریی داوە کە ئەو هێزانە لە سەرکوتی خەڵک ترساون بە تایبەت کە ژمارەیەکیان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە روت کراونەتەوە و لێیان داروە. لە بەشێکی دیکەشدا جەخت لەوە کراوەتەوە 84٪ی خەڵک پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن و ئەو ناڕەزایەتییانە بە هۆکارێکی دەربازبون لە قەیرانە ئابوریی و سیاسییەکان دەزانن. هەر لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا کە ئەو گروپە هاكکەرە بڵاوی کردوەتەوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکاندا دادگاکانی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەر 80کەسدا سەپاندوە و دواتر بەهۆی بەرفراوانبونی ناڕەزایەتییەکان بڕیارەکان راگیراوە.
هاوڵاتی گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی حکوومەت بۆ بەغدا، جووتیار عادل بە ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووه، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی بەغدا کەشێکی ئەرێنی ھەبووە و گوتیویەتی: "درکمان بەوەکرد کە ئەوان دەیانەوێت رێکبکەون و لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە چارەسەرێکی مامناوەند بەپێی وەرەقەی بهرنامهی وهزاری و ھەر کاتێکیش پێویست بکات شاندی حکوومەت دەچێتەوە بەغدا". ئەمڕپۆ پێنجشەممە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەڕایەوە ھەولێر و لەبارەی دۆسییەکانی بوودجە، نەوت، دەروازە سنوورییەکان و دروستکردنی ھەماھەنگی لەکارەکانی چاودێری دارایی لەنێوان ھەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەبارەیەوە کراوە. لەوبارەیەوە گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جووتیار عادل راگەیاندووە: "ئێمە لە رۆژی یەکشەممەوە سەردانی بەغدامان کردووە، بەپێی ئەو بڕیارەی کە ئەنجوومەنی وەزیران دەریکرد بۆ پێکھێنانی ئەم شاندە و لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ھەرچی زووە شاندی حکوومەت بچێتە بەغدا، بۆ بەشداریکردن لە نووسینی بوودجەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣. ئەوە بوو ئێمە سەردانی بەغدامان کرد و ماوەی چوار رۆژ ماینەوە و ئەمڕۆ گەڕاینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان". د.جوتیار عادل راشیگەیاندووە: "لە کۆبوونەوەکانماندا باس لە چەند بابەتێک کرا، یەکێک لەوانە بابەتی بوودجه و وردەکارییەکانییهتی کە ستافی وەزارەتی دارایی و سامانە سرووشتییەکانیشمان لەگەڵدا بوو، ئەمانە بەشداربوون بۆ ئەوەی ژمارەکان ئامادە بکەن یان ئەو تێبینییانەی کە وەزارەتی دارایی ھەیەتی یان ئەو خاڵانەی کە زۆر روون نین پێویستی بە روونکردنەوە ھەبوو یان پێویستبوو رێکبخرێتەوە. ئەوکارانە کران و لەو دوو سێ رۆژە ئامادە کران. ئەو لیستانەی کە میلاکاتە یان ئەو لیستانەی کە تەواوی خەرجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، رادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی کرا". لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل گوتوویەتی: "ئێمە لەسەرەتای ئەو سەردانەمان بۆ بەغدا باس لەوە کرا کە چ بنەمایەک ھەیە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین رێکبکەوین، بێگومان مەسەلەی دەستوور و وەرقەی بهرنامهی وهزاری، ئەمەش بوویە بنەمایەک بۆ قسەکردن لەسەر ئەو دۆسیانهی وەکو بوودجه و نەوت و دەروازە سنوورییەکان و چاودێری دارایی، ھەروەھا کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو لەگەڵ شاندنی باڵای حکوومەتی عێراقی کە ئەنجامماندا. تیایدا باس لە ئەو چوار دۆسیهیه کرا و ئەو رێکارانەی کە پێویستە بۆ ئەوەی بزانرێت چی لەسەر ئەستۆی حکوومەتی ھەرێم و چ ئەستۆی حکوومەتی عێراقە". ئەو ئەندامەی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا ئاماژەیشی بەوەداوە کە: "کۆبوونەوەکان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن، شاندی حکوومەتی ھەرێم ھەرکاتێک پێویست بێت ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات و لەوانەیە بەم نزیکانەش سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ ئەوەی دیسانەوە قسە و باس لە سەر مەسەلەی بوودجە بکەین و چاوەڕێ دەکەین لەماوەی مانگێک زیاتر یان کەمتر بوودجەکە ئامادە بێت، چونکە تەنیا پەیوەست نەبوو بەوەی کە تەنیا حکوومەتی ھەرێم مابێت، لەبەر ئەوە ئامادەکاری ھەمووی تەواو نەببوو، ھیوادارین ئەم گفتوگۆ و سەردانانانە ئەنجامی ھەبێت و لە کۆتاییدا پشکی راستەقینەی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئیستیحقاقاتی دەستووری جێگیر بکرێت و، ئەو دۆسیهیه و دۆسیهكانی دیكهیش چارەسەر بکرێن. بەراستی کەشێکی ئەرێنی ھەبوو و لەو کۆبوونەوانەدا درکمان بەوە کرد کە ئەوان دەیانەوێت رێکبکەون، بەڵام چۆن و لەسەر چی و بە چ شێوازێک، ئهوه دەبێتە بابەتی گفتوگۆ و لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە چارەسەرێکی مامناوەند بەپێی وەرەقەی بهرنامهی وهزاری".
هاوڵاتی پێنتاگۆن دەڵێت، بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیاوە بۆ سەر کوردستانی سووریا و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هێزەکانی ئەمریکا و کوردەکانی سووریا لە دژی داعش کەم بۆتەوە. ژەنەراڵ پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە ڤێرجینیا "نیگەرانیی قووڵی" پێنتاگۆنی لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و شەڕی دژی داعش دەبێت. گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشانەی تورکیا دەستکەوتەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەدەستهێندراون، دەخاتە "مەترسییەوە." پاتریک رایدەر دەڵێت: "ئێمە بە قووڵی نیگەرانی گرژبوونی دۆخەکەین لە باکووری سووریا، عێراق و تورکیا. بۆیە داوای دانبەخۆدا گرتن دەکەین. بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان بەتایبەتی هێرشی زەمینی، ئەو دەستکەوتانەی بەزەحمەت کە لە دژی داعش بەدەست هێندراون دەخاتە مەترسییەوە؛ هەروەها ئەوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا".
سەركۆ جەمال سێ هەفتەیە ناڕەزایەتییەكان لەسلێمانی و هەڵەبجە و سنووری ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بۆ دەرماڵە و پلە بەرزركردنەوە سەریانهەڵداوەتەوە، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان داوای دەرماڵە دەكەن، لەلایەكی دیكەش مامۆستایان و فەرمانبەران داوای پلەبەرزكردنەوە دەكەن و هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن، بەنیازن بەهەمانشێوەی خانەنشینان لەدادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا تۆمار بكەن، هاوكات مامۆستایانی وانەبێژ بەهۆی دانەمەزراندنیان ئەوانیش هەڕەشەی خۆپیشاندان و بایكۆت دەكەن، شێركۆ جەودەت دەڵێت: پێم وایە ئەم سنوورە بەبەرنامە قەیران و كێشەی بۆ دروستدەكرێت، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت: «كێشەكە ئەوەیە هەموو دەسەڵاتەكان لەلای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەتەوەو بۆ هەموو پارە خەرجكردنێك دەبێت بگەڕێتەوە لای ئەو». زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «داهاتی سلێمانی بەهۆی خەرجكردنی بۆ مووچەی فەرمانبەران و ژمارەیەك لەسەرۆكایەتیەكان كەمدەكات، بۆیە زۆربەی كات كێشە بۆ پرۆژەكانی سلێمانی دروستدەبێت، دەرماڵەی خوێندكارانیش لەم سنورە حكومەتی هەرێم دەڵێت دەبێت لەسەر داهاتی ناوخۆ بێت لەكاتێكدا دەبوو هەموو دەرماڵەی خوێندكاران وەكو یەك لەهەرێم خەرجبكرێت». سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كەهاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیە دەڵێت: «كێشەكە نەبوونی یاسای بودجەیە كە هەموو دەسەڵاتەكان لەلای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەتەوەو بۆ هەموو پارە خەرجكردنێك دەبێت بگەڕێتەوە لای ئەو». بەوتەی زیاد جەبار لەشوێنەكانی دیكەش وەكو هەولێرو دهۆك هاوشێوەی سلێمانی كێشە دروست دەبێت، بەڵام وەك ئەو دەڵێت «لەهەولێرو دهۆك رێگری لەناڕەزایەتییەكان دەكرێت، مەسەلەی پرۆژەكانیش كە جێبەجێ ناكرێت یان كێشەی تێدەكەوێت بەهەمانشێوە نەبوونی یاسای بودجەیە». هەر سەبارەت بەسەرهەڵدانی قەیرانەكان لەسلێمانی لەوانەش كۆنەكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و تەواونەكردنی پرۆژەكان و نەدانی دەرماڵەی خوێندكاران و نەمانی پارە لەبانكەكان، شێركۆ جەودەت ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» پێم وایە ئەم سنوورە بەبەرنامە قەیران و كێشەی بۆ دروست دەكرێت». پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران یەكێكی دیكەیە لەو قەیرانانەی بەرۆكی حكومەتی هەرێمی گرتووە، بژێو ئەحمەد فەرمانبەرە لەوەزارەتی خوێندنی باڵا وەك ئەوەی بۆ هاوڵاتی باسیكرد ئەگەر پلەكەی بەرزبكرێتەوەو پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە ئەوا مووچەكەی نزیكەی 200 هەزار دینار زیاد دەكات. وتیشی: «لە2016 ەوە پلەبەرزكردنەوە وەستاوە ئەگەر دەستپێبكاتەوە گۆڕانكاری لەمووچەكەی و لەژیانیشیدا دروستدەكات». بەرهەم حەسەن كارمەندی وەزارەتی تەندروستییە، ئەویش بەهاوڵاتی وت:» بەهۆی ئەوەی دەمێكە پلەبەرزكردنەوە وەستاوە زۆرێك لەفەرمانبەران تاقەتی كاركردنیان نەماوەو من بۆخۆم بێئومێد بووم لەوەی حكومەت پلەبەرزكردنەوە بەدڵی ئەوان دەستپێبكاتەوە». وتیشی: ئەوەندە دەمێكە پلەبەرزكردنەوە راگیراوە تەنانەت تاقەتی ئەوەشی نەماوە بیر لەوە بكاتەوە كە ئەگەر دەستپێبكاتەوە چەندێك لەمووچەكەی زیاد دەكات. سامان عەلی مامۆستایە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی راگەیاند:» من ئێستا دەبوایە مووچە بنەڕەتیەكەم 968 هەزار بوایەو دوو پلە بەرزكردنەوەم بۆ بكرایە، بەهۆی بڕوانامەكەشمەوە زیاتر لە 300 هەزار دەچووە سەر مووچەكەم كە ئەوەش بۆ من زۆر جیاوازی دروستدەكات». وتیشی: «من كرێچیم ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە لانیكەم بەو پارەیەی بۆم زیاد دەكرێت دەتوانم كرێكەم بدەم، ئەو شێوازەش كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت پلەی پێ بەرزبكاتەوە رێگایەكە جیاوازی دروستدەكات و نایانەوێت مووچەی زۆر بۆ فەرمانبەران زیاد بكەن». «لەگەڵ پارێزەر قسەمان كردووە لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆدەبینەوەو بەڵگەنامەمان كۆكردووەتەوە تا لەدادگای فیدراڵی هاوشێوەی خانەنشینان سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماربكەین، لێرەش چووین لەداواكاری گشتی سكاڵا تۆمار بكەین پێیان وتین ئەگەر شتێكتان بۆ دەكرێت بۆ ئێمەشی بكەن بۆیە وازمان هێنا». سامان عەلی وادەڵێت. بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخش لەوبارەیەوە بەهاوڵاتی راگەیاند:»سەبارەت بەپلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بەنیازین لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران كۆببینەوە و سكاڵایان بۆ بنووسین، تا سەری ساڵ لەسەر حكومەتی هەرێم دەوەستین ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستی پێنەكردەوە ئەوا رێكارەكانی سكاڵا تۆماركردن بۆ ئەوانیش لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستپێدەكەین». رۆژی چوارشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2022، دادگای فیدراڵیی عێراق تاووتوێی سكاڵایەكی كرد كە لەلایەن ژمارەیەك خانەنشین و بەرپرسی رێكخراوی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستانەوە لەسەر هەریەك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی تۆمار كرابوو، دواجار بڕیاری دا بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006و پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەمواركراوی عێراق. عوسمان سدیق وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «ئێمە دوای ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی عێراق یەكلاییمان كردەوە بۆ ماوەیەك تا رێوشوێنە یاساییەكانی دادگای فیدراڵی تەواو دەبن چاوەڕێ دەكەین». وتیشی: «پاش ئەو ماوەیە بەڕاوێژكردن لەگەڵ پارێزەران و یاساناسان بڕیاری خۆمان دەدەین كەئایا هەنگاوی داهاتوومان چی دەبێت، بێگومان ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارەكە جێبەجێ نەكات ئەوا جارێكی دیكە دۆسیەكە دەجوڵێنینەوەو دادگای فیدراڵی عێراقی لێ ئاگاداردەكەینەوە». بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخش لەوبارەیەوە وتی: «لەڕووی یاساییەوە دەبێت لەڕێگەی دادنووسەوە هۆشدارییەك بدەینە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی كە دەبێت لەماوەی هەشت رۆژدا بڕیارەكە جێبەجێ بكەن، بەپێچەوانەوە تووشی لێپرسینەوەی سزایی دەبن بەپێی ماددەی 329 بڕگەی دوو لەیاسای سزادانی عێراقی و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەچێت». لەسكاڵاكەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستاندا داواكرابوو مووچەی خانەنشینانی هەرێمیش وەك بەغدای لێبێت كە كەمترینی بڕی 500 هەزار دینارە، بەڵام لەهەرێم 220 هەزارە. حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا دەڵێت: چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانین، دەبێت ئەوان بڕیارەكە لەهەرێمی كوردستان پەسند بكەن ئەوكات دەتوانین كاری پێبكەین. لەلایەكی ترەوە مامۆستایانی وانەبێژ چەند ساڵێكە ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای دامەزراندن دەكەن و جارێكی تر هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن، ناڕەزایی مامۆستایانی وانەبێژ لەكاتێكدایە لە بەشێكی زۆری پەروەردەكان زیاتر لە سەدا 50ی مامۆستایان وانەبێژن. كاروخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بەهاوڵاتی وت:» چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەو ئەنجوومەنی راژە كردووە، بەڵام هیچ ئومێدێكمان بەدامەزراندن نەماوەو تەنیا كات بەڕێكردن بوو، بۆیە بڕیارمان داوە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكەین». لەهەرێمی كوردستان 32 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، بەوتەی كارۆخ عەبدوڵڵا، لەو ژمارەیە نزیكەی پێنج هەزار مامۆستای وانەبێژ دادەمەزرێن، ئەوەش دیار نییە كەی، رەنگە بكەوێتە ساڵی 2023 بۆ 2024. داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ لەكاتێكدایە، مامۆستایانی دامەزراویش لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن، ئەوانیش داوای پلەبەرزكردنەوە دەكەن و پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار رەتدەكەنەوە. رۆژی 27-11-2022 بەشێك لەمامۆستایان لەپارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامداو دەڵێن پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار رەتدەكەنەوە، ئەوان داوایانكرد پلە بەرزكردنەوە بەشێوازێكی رەها بكرێتەوە. وەك مامۆستایان باسیانكرد مۆڵەتی مانگێك دەدەنە حكومەت بۆ راستكردنەوەی بڕیارەكەی ئەگەرنا بایكۆت و خۆپیشاندان دەستپێدەكەنەوە. بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 26-10-2022 دەرچووە، باس لەوەدەكات پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بەمەرجێك دەبێت كەڕەچاوی پێوەرو بنەماكانی دیاریكراو لەلایەن ئەنجومەنی راژەو یاسای راژەی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960ی هەمواركراو بكرێت بەناونیشانی بەرزكردنەوەی فەرمانبەر، كەئەویش بەجۆرێكە هەڵبژاردنی فەرمانبەران بۆ پلەبەرزكردنەوە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و توانا دەبێت نەك تەنها ماوەی راژە، ئەویش دوای سەلماندنی تواناو لێهاتوویی و سەركەوتنی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی ركابەری دەكەن. هەر بەپێی فەرمانەكە دەبێت ئەو فەرمانبەرە شەش مانگ بخرێتە ژێر ئەزموونەوە لەڕێكەوتی دەستبەكاربوونی لەو وەزیفەیەی بۆی بەرزكراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەفەرمانی وەزیر لەهەر وەزارەتێكدا لیژنەیەك بۆ پاڵاوتنی بەرزكردنەوەی فەرمانبەران پێكدەهێنرێت. لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «بەپێی ئەو بڕیارە ئەنجومەنی راژە راسپێردراوە كە دیراسەی پلەبەرزكردنەوە بكات بەپێی بڕیاری 176ی ئەنجومەنی وەزیران لە 26-10-2022 كە ئەوەش پرۆسەیەكی ئاسان نییەو ئێستا لێكۆڵینەوە لەو پلە شاغیرانە دەكرێت كەپێویستە بەرزبكرێنەوە بەپێی شایستەیی فەرمانبەران، واتە حكومەتی هەرێم لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە دیراسەی ئەو پرسەی كردووە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی». وتیشی:»نزیكەی 363 هەزار فەرمانبەر پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوە جگە لەوەی زیاتر لە 10 هەزار پلەی وەزیفی زیادەیە واتە پێویستی بەپلەبەرزكردنەوە نەبووە كە لە 2016 ەوە راگیراوە، واتە لەبنەڕەتدا پلەیەكی بەرزتریان وەرگرتووە، بەڵام ئەوە ئەنجومەنی گشتی راژە یەكلایی دەكاتەوە لەكۆتاییدا، ئێستاش سەرقاڵی پێداچوونەوەیە». وەك سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت:» بەمنزیكانە ئەنجومەنی راژە ئەوەی كەپێویستە دەیداتە رای گشتی لەسەر پلەبەرزكردنەوە، لەهێزەكانی پێشمەرگەو ناوخۆش تەنها ساڵی 2017 پلەبەرزكردنەوە كراوە واتە دوای ئەوە نەكراوە». «حكومەت ئەوەی پێویستە بۆ باشتركردنی ئەدای فەرمانگەكان دەیكات كەئامانجیش لەپلەبەرزكردنەوە ئەوەیە، هەموو پلەبەرزكردنەوەیەكیش لەچوارچێوەی یاسای چاكسازییە و ئەنجومەنی گشتی راژەو وەزارەتی دارایی و دەستەی دەستپاكی ئەنجامی دەدەن و پرۆسەیەكی وردە». سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیران وای وت. لەئێستادا زیاتر لە 365 هەزار فەرمانبەر لەهەرێم پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوەو بەكۆی گشتی هەر فەرمانبەرێك لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار دینار مووچەكەی زیاددەكات ئەگەر پلەبەرزكردنەوە جێبەجێبكرێت، ئەم زانیارییانە هاوڵاتی لەڕاپۆرتێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەستیكەوتووە، هەر ئەوەش وایكردووە ئەنجومەنی وەزیران پرسەكەی داوەتە دەست ئەنجومەنی راژەو پاشان بەنیازە بینێرێتە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی.
سەلاحەدین دەمیرتاش ئەمڕۆ پەیامێکی دیکەشی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرپرسانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن ئامادەن لەگەڵ رکابەرە عەرەبەکانیان کۆبنەوە، بەڵام کاتێک قسە دێتە سەر کورد، بە چەک و ئۆپراسیۆن وڵام دەدەنەوە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە نزیکەی شەش ساڵە لە زینداندایە، ئەمڕۆ لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو کە دەیەوێت لەپێناو ئاشتی و ئارامیدا، لە رێگەی سیستمی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە کۆبێتەوە. دەمیرتاش لەسەر ئەو پەیامەی روونکردنەوەیەکی دیکەی بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە روونکردنەوەکەیدا کە لە بەرنامەی 'منیش قسەم هەیە'ی هالک تی ڤیدا بڵاوبووەوە وتی، " هیچ ئاماژەیەکی بچووکیش بۆ پرۆسەی چارەسەری نابینرێت." دەمیرتاش دەڵێت، " ئەمڕۆ کاتژمێر ١٣.٣٠، داواکارییەکم پێشکەش بە وەزارەتی داد کرد، داوای کۆبونەوەم لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کرد. بۆ ئەوەی هیچ قسە و باسێک نەمێنێت، دەمەوێت ئەمانەی خوارەوەتان پێ بڵێم: نە من و نە ئیدارەی هەدەپە هیچ پەیوەندی و کۆبوونەوەیەکمان لە ئیمرالی بەم نزیکانە ئەنجام نەداوە. بچووکترین ئاماژە و زانیاری نییە کە پرۆسەی چارەسەرکردنی نوێ دەست پێبکات. بەڵام نامانەوێت لە بەرامبەر زیادبوونی گرژی و ململانێکان کە ڕۆژانە ئازارەکان زیاد دەکات، دابنیشین و قسە نەکەین. ئێمە وەک سیاسەتمەدار ئەم دەستپێشخەریە لە پێناو رێگەگرتن لە ململانێکان پێشکەش دەکەین." هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئاماژەی بەوەشکرد، " بە رەوای دەبینن کە چاوپێکەوتن و ئاشتی لەگەڵ هەموو کەسێک بکەن لە ئەسەدەوە تا سیسی، لە سعودیەوە تا ئیمارات و ئیسرائیل، بەڵام، کاتێک باسی کورد دەکرێت، تەنها بژاردەی چەک و ئۆپەراسیۆنەکانیان هەیە. بۆ نموونە مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش و دۆغۆ پەرینچەک سەرۆکی پارتی وەتەن، وتیان "با حکومەت ئێمە راسپێرێت، دەچین لەگەڵ ئەسەد کۆدەبینەوە". ئێمەش بە هەمان هۆکار دەمانەوێت لە ئیمرالی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببینەوە. دۆخەکە تەنها ئەوەندەیە. باوەڕم وایە و هیوادارم و ئاواتەخوازم کە پشتگیرییەکی بەرفراوان لە ئێمە بکرێت." لینکی پەیامەکەی ئەمڕۆی دەمیرتاش
هاوڵاتی ئیحسان ئوغور سیاسەتمەداری کورد، یەکێکە لە زیندانییە نەخۆشانەی زیندانی داخراوی ئەمنی باڵای جۆری ئێفی ئامەد کە ماوەیەکی زۆرە دۆخی تەندروستی تێکچووە و دوای ماوەیەکی زۆر بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەتی ئامەد رەوانەکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە کوردی قسەی کردووە، چارەسەری بۆ نەکراوە. ماڵپەڕی ئارتی گەرچەک رایگەیاند، ئیحسان ئوغور هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی شاری هیزاری هەدەپە، بەهۆی نەخۆشکەوتنیەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەبێ ئەوەی پشکنینی بۆ بکرێت، جارێکی دیکە بۆ زیندان گواستراوەتەوە. هۆکاری چارەسەرنەکردنی نەخۆشیەکەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە خزمێکی لە نەخۆشخانە بینیوە و بە کوردی قسەی لەگەڵ کردووە. مەحمود جەلادەت گایدالی پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری بەدلیسی باکوری کوردستان، دۆسیەی ئیحسان ئوغوری گەیاندە دەستەی لێکۆڵینەوەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی تورکیا. گایدالی لە داواکارییەکەیدا بۆ سەرۆکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستبردن بۆ مافی تەندروستی کە بەگوێرەی دەستوور و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پارێزراوە، پێشێل دەکرێت و ئەفسەرە پەیوەندیدارەکان پۆستەکانیان خراپ بەکاردەهێنن. پەرلەمانتارەکەی هەدەپە داوای کرد، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پەرلەمان، بۆ لێکۆلینەوە لەم کەیسە، بەپەلە لیژنەیەک رەوانەی زیندانی ئامەد بکات. بنەماڵەی ئیحسان ئوغور، داوای لە لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهادە) کرد، لێکۆلینەوە لەم کێشەیە بکەن و رێگە نەدرێت مافی پشکنینی تەندروستی زیندانیان پێشێل بکرێت.
ڕاپۆرت: عەمار عەزیز لەسەر تەقینی غازەكەی دهۆك چەند كەسێك دەستگیردەكرێت، هێشتا هۆكارەكانی پشت تەقینەوەكەو زیانەكان بەفەرمی ئاشكرانەكراون، بەرگری شارستانی دهۆك خاوەنی فڕنێكی سەمون كە لەبیناكەدا بووە تۆمەتبار دەكات، كەسوكاری نزیك لەخاوەن فڕنەكەش داوای لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەن دەكەن. رۆژی هەینی 24ی مانگی 11 یەكێكی تر لەبریندارانی رووداوەكەی دهۆك، بەناوی نێچیرڤان عەبدولعەزیز، گیانی لەدەستدا، هاوكات بەرەبەیانی رۆژی 25ی مانگ بریندارێكی تر بەناوی محەمەد مەحمود لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك گیانیلەدەستدا، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ حەوت كەس بەرزبووەوە لەگەڵ برینداربوونی 37 كەسی تر. بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەرگری شارستانی دهۆك بەهاوڵاتی وت:" 22ی مانگ بەهۆی سەختی برینەكەی نێچیرڤان عەبدولعەزیز كە یەكێك بۆ لەبریندارانی رووداوەكەی 21ی ئەم مانگە بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی وڵاتی توركیا كرا، رێژەی سووتانی سەرووی لەسەدا 90 بوو، دۆخی ناجگێربوو دیارە لەتوركیاش چارەسەری نەبووە بەداخەوە شەوی 24ی ئەم مانگە بەهوی سەختی برینەكەی گیانی لەدەستدا، لەگۆڕستانی شاخكێ لەدهۆك بەخاكسپێردرا". وتیشی"بەداخەوە بەرەبەیانی رۆژی 26ی مانگ بریندارێكی تر لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك بەناوی محەمەد مەحمود گیانیلەدەستداو ژمارەی گیانلدەستدانی لەتەقینەوەكە بوونە حەوت كەس". بێوار عەبدولعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "سەرەتای رووداوەكە 37 كەس برینداربوون، هەموو ئەوانەی برینەكەنیان سووك بوون رەوانەی ماڵ كراون، هێشتا هۆكارەكانی پشت تەقینەوەكەو زیانەكان بەفەرمی ئاشكرانەكراون، پێدەچێت لەچەند رۆژی تردا پارێزگاری دهۆك هەموو ووردەكارییەك لەبارەی تەقینەوەكە بۆ رای گشتی ئاشكرابكات". بێوار عەبدولعەزیز وتیشی: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان خاوەن فڕنەكە بەرپرسە لەرووداوەكە چونكە پێش رووداوەكە بە سێ بۆ چوار رۆژ بۆری غازی فڕنەكەی لێچوونی هەبووەو چارەسەری نەكردووە، پێویست بوو پێش رووداوەكە بەرگری شارستانی و كۆمپانیای غازی ئاگاداركردبایەتەوە، چەند كاتژمێرێك لەهەولێر لەگەڵ وەزیری ناوخۆ كوبوونەوەمان هەبوو، وەزیری ناوخۆ راسپاردەی داوە بەووردی بەدواداچوون بۆ رووداوەكە بكەین و هەر كەسێك كەمتەرخەمی كردبێت بەپێی یاسا سزابدرێت" لەبارەی دەستگیركردنی چەند كەسێك لەسەر رووداوەكە، بێوار عەبدولعەزیز دەڵێت:" دادوەر فەرمانی دەستبەسەركردنی بۆ خاوەن فڕنەكە دەركردووەو دواتر دەستگیركراوە، بەڵام نازانم چەند كەسی تر دەستگیركراون، ئەوە پەیوەستە بەو لیژنانەی كەتایبەت بەڕووداوەكە پێكهێنراون". ئەو بینایەی تەقینەوەكە تیایدا روویداوە سێ نهۆمە، نهۆمی یەكەم بریتی بووە لەدوكان كەیەكێك لەدوكانەكان فڕنی سەموون بووە، دوو نهۆمەكەی تری بەشی ناوخۆیی سەر بەوەزارەتی پەروەردە بووە، بیناكە سیستمی شۆڤاژی تێدا نەبووە، تانكیی غازی فڕنی سەموونەكە لەسەربانی بیناكە بووەو وەك دەوترێت لێچوون لەبۆری غازی فڕنەكە هەبووەو تەقینەوەكە بەو هۆیەوە روویداوە. عەلی فەتاح عەبدولكەریم ئامۆزای خاوەنی فڕنەكە بۆ هاوڵاتی دەدوێت و دەڵێت: "خاوەن فڕنەكە كەناوی دلگەشە ئامۆزای منە، هەر لەنەخۆشخانە دەستگیركراوە، هاوكات برای (دڵگەش) خاوەن فڕنەكە ئەو شەوە لەفڕنەكە لەتەقینەوەكەدا بەسەختی برینداربوو دوای چوار رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە گیانیلەدەستدا، هەندێك دەڵێن خاوەن فڕنەكە بەرپرسە لەتەقینەوەكە ئەی بوچی ناڵێن خاوەنی ئەو سیستەمە تازەیەی غاز بەرپرسە". عەلی فەتاح وتیشی:" لەچەند رۆژی رابوردوو سەرقاڵی پرسە بووین، جارێ بەنیازین لەگەڵ پارێزەرێك قسەبكەین تاوەكو دلگەش بەكەفالەت ئازادبكرێت، كە ئازادكرا ئیتر دوای ئەوە حكومەت هەر بڕیارێك بدات ئێمە لەسەر سەری خۆمان دایدەنێن، پێویستە خاوەنی ئەو كۆمپانیانە سزابدەن كە ئەم سیستەمە سەقەتەیان داناوە، چونكە ئەگەر ئەوان ئەو سیستەمە تازەیەیان نەهێنابا رووداوەكەی سلێمانی و دهۆك رووینەدەدا، یەك داواكاریمان هەیە ئەویش ئەو لیژنانەی بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەن بەبێ لایەنگری كاری خۆیان بكەن و لەبەرژەوەندی چەند كەسێك بڕیار نەدەن، رووداوەكە چوون روویداوەو كێ خەتابارە با ئەو لایەنە بەتوندی سزابدرێت.
