هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە هەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت و سبەی ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما دادەبەزن. کەشى پێشبینیکراوى48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە 5- 12- 2022 کەش/ ئاسمان پەڵە هەور دەبێت لەکاتەکانی ئێوارە بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت . خێراى با / لەسەرخۆ دەبێت (5- 15) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت . پلەکانی گەرما /نزیک دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . مەوداى بینین / لە نێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر :  22 پلەى سیلیزى سلێمانی :15   پلەى سیلیزى دهۆک : 18 پلەى سیلیزى کەرکوک : 22 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 17 پلەى سیلیزى زاخۆ : 18 پلەى سیلیزى سۆران : 17 پلەى سیلیزى گەرمیان : 21 پلەى سیلیزى سبەی سێ شەممە 6 - 12 - 2022 کەش/ ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت . پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ خێراى با / لەسەرخۆ دەبێت (10- 15) کم/ک . ئاراستەی با / گۆڕاو دەبێت. مەوداى بینین / لە نێوان ( 8 – 10) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 20 پلەى سیلیزى سلێمانی : 15 پلەى سیلیزى دهۆک : 18 پلەى سیلیزى کەرکوک : 22 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 18 پلەى سیلیزى زاخۆ : 18 پلەى سیلیزى سۆران : 17 پلەى سیلیزى گەرمیان : 21 پلەى سیلیزى

مانگرتن لە شارەکانی  رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردوە و دوکان و بازاڕەکانی  زۆربەی شار و شارۆچکەکان نەکرانەوە. ئەمڕۆ دوکان و بازاڕەکانی مەهاباد و بۆکان و پاوە و مەریوان و  زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک مانگرتن و ناڕەزایەتیی نەکرانەوە. لە شارە گەورەکانی تاران و تەبرێز و ئەسفەهان و دەیان شاری دیکەی سەرتاسەری ئێران وەک ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی، دوکان و بازاڕەکانیان نەکرانەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە سوپای پاسدارانی ئێران هێزێکی زۆری رەوانەی شارەکە کردوە و ئەگەری دوبارەبونەوەی توندوتیژیی ئەو هێزانەش زیادی کردوە بە تایبەت کە بڕیارە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی بەڕێوبچێت. چەند رۆژێکە چالاکوانان و چین و توێژە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوایان کردوە رۆژانی دوشەممە تا چوارشەممە مانگرتنی سەرتاسەریی بە بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکان بەڕێوبچێت.

79 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و داواکاری گشتیی ئێران هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لە وڵاتەکە راگەیاند و ئاشکرای کرد دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و کچان دەکات و رێگە نادات پێچەوانەی یاسا و رێساکانی وڵاتەکە جلوبەرگی نەگونجاو لە شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنرێت. ئەمڕۆ سوپای پاسداران هێزێکی زۆری ناردوەتە شاری مەهاباد و گومان دەکرێت ئەوەش ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەمنیی شارەکە بە تایبەت کە بڕیارە رۆژ چوارشەممە تا رۆژی هەینی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت. گەنجانی شاری مەهاباد ئەمشەو لە چەند شەقامێکی شارەکە ئاگریان کردەوە و رایانگەیاند شەقامی شارەکە چۆڵ ناکەن. بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر تەرمی ئێحسان قاسمی فەر، ئەو گەنجە تەمەن 32 ساڵەی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج کوژرا لە شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. تەرمی روحەڵڵا عابدینی خەڵکی شاری قوروە لە پارێزگای سنە کە لە ناڕەزایەتیەکانی (1/12/2022) لە شاری تاران بە گوللـەی هێز ئەمنییەکان کوژرابو لە گوندی دزج لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆش زیاتر لە 10 گەنج و لاوی شارەکانی ئەو بەشە لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانەوە دەستگیر کراون و چارەنوسی ئەوانەشی لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا دەستگیر کراوان نادیارە. هەشت رۆژە زۆربەی بارهەڵگرەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 20 پارێزگای ئێران لە مانگرتندان و داوای مانگرتنی سەرتاسەریی دەکەن. خوێندکارانی کچ لە شاری سنە ئەمڕۆش بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە خوێندگەکان و داوای ئازادکردنی شیوا مەفاخری،یان کرد کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوە. كچانی خوێندکار لە شاری شەهریار لە تاران دروشمی " مەرگ بۆ دیکتاتۆریان وتەوە" کچانی خوێندکاری کەرەج بە کۆڕ هۆنراوەیەکیان پێشکەشی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان کرد و گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا. پێگەی فەرمیی راگەیاندنی ئێران (جامێ جەم) بڵاوی کردوەتەوە چیتر هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانەکان و میترۆ و شوێنە گشتییەکان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێ نادرێت و لە ماوەی رابردودا دەیان ژن و کچ لە فڕۆکەخانەکاندا بە بێ سەرپۆش هاتوچۆیان کردوە. جامێ جەم نوسیویەتی: کۆمپانیاکان و کارمەندان بە بێ بڕیاری فەرمی حکومەت بێدەنگیان لە ئاست هۆشداریی دادن بە کەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردوە و ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە کاتێکدا داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە کۆتایی بە ئەرکەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هاتوە و ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوە و ئەوەی دایمەزراندوە ، ئێستا هەڵیوەشاندوەتەوە . پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە کۆبونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ تیمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم رەئیسی ئەنجام دا و رایگەیاند کێشەی سەرەکیی خەڵکی وڵاتەکە (کێشەی ئابوریی)ە. وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند؛ لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 45 ملیۆن دۆلار زیان بە دامودەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان گەیشتوە. دەستەی دادوەریی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند هیچ ئامارێکی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانیان لا نییە بەڵام بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ئەنجامی هاککردنی پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای پاسداران بڵاو کراوەتەوە 29 هەزار و 400 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون کە 115 کەسیان سەر بە هێز ئەمنییەکان بون. بڵاوبونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوەتە مایەی سەرنج و ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران وەک خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن. ئەنجومەنی سینەماکارانی ئێران ئاشکرای کرد؛ 150 سینەماکاری ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و 40 سینەماکاری دیکەی وڵاتەکەش نەیان ویستوە دەستگیرکردنیان لە راگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە.  

عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) دەسەڵاتی تورکیای بەهۆی رەتکردنەوەی کێشەی کورد رەخنە کرد و وتی، " چارەسەری کێشەی کورد لە تێگەیشتنی هاوڵاتییەکی یەکساندایە." عەلی باباجان سەرۆکی (دەڤا) کە ماوەیەک لە کابینەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا وەزیری ئابوری بوو و لە ئاکەپە جیا بووەوە، لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ شاری سەمسوری (ئادییامان) باکوری کوردستان، ئاماژەی بە کێشەی کورد لە تورکیا کرد و حکومەتی ئاکەپە – مەهەپەی بەهۆی سیاسەتەکانی لەبەرامبەر کێشەی کورد رەخنە کرد. باباجان وتی، " کاتێک کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەیوت ' کێشەی کورد هەیە و بەرپرسیاری لەسەر شانی منیشە'، منیش لەنێو ئەو پارتەدا بووم. بەڵام دواتر دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست و دۆغۆ پەرینچەک  سەرۆکی پارتی وەتەنی لە دەوری خۆی کۆکردەوە. ئێستاش دەڵێت ' کێشەی کورد نییە'. خۆی ئەگەر لە لایەکی باخچەلی و لەلایەکی دیکەی پەرینچەک هەبن، زۆر ئاساییە کە کێشەی کورد رەت بکاتەوە." سەرۆک پارتی دەڤا راشیگەیاند، کێشەی کورد هەیە و دەوڵەت پێویستە مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییەکان فەراهەم بکات و وتی، "دەوڵەت دەبێت بە تەواوی دان بە مافەکانی مرۆڤدا بنێت، چارەسەری کێشەی کورد لە تێگەیشتنی هاوڵاتییەکی یەکساندایە. پێویستە هەموو هاوڵاتیەک بە تەواوی مافە سەرەتاییەکانی بەدەست بهێنێت. چەند رۆژێکە، تورکیا بە ناراستەوخۆ کەوتووتە دۆخی بانگەشەی هەلبژاردنەوە و سەردان و کۆبونەوە مەیدانیەکانی پارتە سیاسیەکان بۆ نێو هاوڵاتیان دەستی پێکردووە. پرسی کوردیش یەکێک لە پرسە سەرەکیەکانی تورکیایە کە زۆربەی لایەنەکانی تورکیا، پرسەکە لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەکاردەهێنن. بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هیچ لایەنێک باسی مسۆگەرکردنی مافی کورد لە دەستوری بنەڕەتیدا ناکات.

هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاكانی ئازادیی كوردستان لە ناوچەكانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی و سیدا، چوار چالاكییان دژی سوپای داگیركەری تورك ئەنجامدا و لەو چالاكییانەدا گورز لە داگیركەران وەشێندرا. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكییەكانی گەریلاكانی ئازادیی كوردستانی لە نێوان ڕۆژانی ٢ بۆ ٣ی ئەم مانگە و هەروەها هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركی بۆ سەر ناوچەكانی بەرخۆدان، بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “هێزەكانمان لە ناوچەكانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی و سیدا، چوار چالاكییان دژی داگیركەران ئەنجامدا و لەو چالاكییانەدا گورز لە داگیركەران وەشێندرا”. لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سوپای داگیركەری تورك دوو جار بە چەكی كیمیایی، ١٢ جار بە فڕۆكەی جەنگی، ٢٤ جار بە هێلیكۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس ناوچەكانی بەرخۆدانی بۆردومان كردووە.

هاوڵاتی لە شارۆچکەی رمێلانی پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیان بە گەڕانی هاوبەش کردووەتەوە.  ئەوە لەکاتێکدایە لە 20ی تشرینی یەکەمەوە، بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە، هەسەدە گەڕانی خۆی لە چوارچێوەی ئەو ئەرکە هاوبەشەدا راگرتبوو.  دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، بەهۆی دەستپێکردنەوەی گەڕانە هاوبەشەکانەوە هەست بە ئاسایشی زیاتر دەکەن. پێش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەفتانە ئەمریکا و هەسەدە نزیکەی 20 گەڕانی هاوبەشیان ئەنجامدەدا.  ئامانج لەو گەڕانە هاوبەشانە دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی داعش و رێگەگرتنیانە لە هەر جموجووڵێک.  بوونی سەربازییانەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ساڵی 2014 بە بۆردوومانکردنی پێگەکانی داعش لە کۆبانێ دەستیپێکرد. لە 2015دا نزیکەی 2000 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا چوونە ئەو وڵاتە و یارمەتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیاندا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شار و شارۆچکەکان لە ژێر دەستی داعش. ئێستا ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنف هەیە. 

هاوڵاتی گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ بە بەهێزی بمێننەوە و رێگەیەکیش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بریتییە لە رێگەگرتن لەوەی لە خاکەکەیەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتان. یه‌حیا ره‌سوڵ، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی وه‌زاری جه‌ختی له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنی سنور له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوره‌وه‌ كردوه‌ و هێڵی سفری له‌گه‌ڵ هه‌ردو وڵاتی دراوسێ (ئێران و توركیا) كۆنتڕۆڵ بكرێت، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان فه‌رمانی به‌وه‌كردوه‌ و ده‌ستبه‌جێ فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنور فه‌رمانیكردوه‌ به‌ دابینكردوه‌ به‌ دابینكرنی پێویستیه‌كان كه‌ پێكدێن له‌ چه‌ك، كه‌ره‌سته‌ و پاسه‌وان به‌جۆرێك كه‌ ببێته‌هۆی گه‌ره‌نتیكردنی سنور و خاڵه‌ سنوریه‌كان" لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چەند کەس بۆ ریزەکانی پاسەوانی سنوور دادەمەزرێن بۆئەوەی ئەو هێزە گەورەتر و کاریگەرتر بێت، یەحیا رەسوول گوتی، فەرماندە سەربازییەکان بڕیار لەسەر ژمارەکە دەدەن، بەڵام بڕیارەکە دراوە کە دەبێت سنوورەکە تووندوتۆڵ بکرێت. باسی له‌وه‌شكرد، "پرسی به‌هێزكردنی سنوره‌كان له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆمان له‌سه‌ر كردوه‌، سنوره‌كان ده‌پارێزین و هێڵی سفری ده‌گرینه‌ده‌ست، به‌پێی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كارده‌كه‌ین بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق". جێگەی باسە، ئێران تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە چەک لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێرنە ئەودیو؛ تۆمەتێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رەتیدەکەنەوە. ئێرانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت سنوورەکان باشتر کۆنترۆڵ بکرێن.  

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی رایگه‌یاند، نرخی سه‌عاتێك ئەمپێری كارەبای موه‌لیدە لە مانگی  11، 57 دینار دەبێت، هاوكات به‌پێی خشتەی پێدانی كارەبای موه‌لیدە ئه‌م مانگه‌ له‌كاتژمێر 1:00ی پێشنیوه‌رۆ بۆ 1:00ی شه‌و كاره‌با كاره‌با دابین ده‌كرێت. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (2022.12.4)‌ لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆبوه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موه‌لیدە بە (57) دینار بۆ مانگی (11) تشرینی دووه‌م دیاریكرا، كه‌به‌ تێكڕایی موەلیدە ئه‌هلیی گه‌ڕه‌كه‌كان لەنێوان (220) بۆ (255) سه‌عات كاریان كردوە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان (13.000) هه‌زار بۆ (14.500) هەزار دینار دەبێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك موه‌لید كه‌ به‌رنامه‌ی كاركردنیان له‌ 7ی به‌بانی بۆ 1ی شەو كاریان كردوه‌ نرخی ئه‌مپێریان له‌ نێوان 15.000 هه‌زار دینار بۆ 16.500 دینار ده‌بێت . به‌هۆی جیاوازی كارپێكردنی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان و دابینكردنی كاره‌با بۆهاوڵاتیان له‌ گەڕەكێك بۆ گەرەكێكی دیكه‌، نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌با له‌گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاوازە. هاوكات، بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی كانونی یه‌كه‌م، كاتژمێر (6:30 بۆ  ی به‌یانی و كاتژمێر (1)ی پاشنیوه‌ڕۆ بۆ (1)ی شه‌و، هه‌ركات كاره‌بای حكومی نه‌بوو موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن‌، لەكۆبونەوەكەشدا ئەو خاڵە دوپاتكرایەوە، كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی موه‌لیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.  

هاوڵاتی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای له تورکیا کرد خۆی لە هەرجۆرە هەنگاوێک بە دوور بگرێت کە زیان بە شەڕی داعش له سوریا دەگەیەنێت. لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کاردانەوەی لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و داوای لە تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرد، خۆی لە هەرجۆرە هەنگاوێک بە دوور بگرێت کە مەترسی لەسەر شەڕی دژی داعش دروست دەکات. لە راگەیەندراوەکەدا کە لەلایەن گریگۆری دبلیو میکس سەرۆکی لیژنەکە کە سەر بە دیموکراتەکانە و مایکل مەککۆل ئەندامی دیاری لیژنەکە کە سەر بە کۆمارییەکانە واژۆ کراوە، ئاماژە بەوە کراوە، تورکیا نیگەرانی ڕەوای ئاسایشی نیشتمانی هەیە، بەڵام دوایین هێرشەکانی بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) مەترسی لەسەر شەڕی داعش دروست دەکات. جێگەیباسە تورکیا بە بیانۆی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ، لە ١٩ی تشرینی دووەمدا، هێرشی فراوانی ئاسمانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد. لە هێرشەکەدا کە زیاتر لە دوو حەفتەیە بەردەوامە، بە دەیان کەسی مەدەنی و شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون. هاوکات هەموو ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیان بە قەیرانی سوریاوە هەیە، داوایان کردووە کە تورکیا هێرشەکانی رابگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش هێرشەکان بەردەوامیان هەیە.

هاوڵاتی سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی په‌رله‌مانى كوردستان ئەو دەنگۆیە رەتدەکاتەوە، کە چەند پەرلەمانتارێک بە نهێنی دەستیان لەکارکێشابێتەوە. سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، تاوه‌كو ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان، هیچ په‌رله‌مانتارێكی تر له‌ فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ به‌ فه‌رمی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ىان پێشكه‌ش نه‌كردوه‌. دەقی ڕونکردنەوەکەی سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ : "ماوه‌یه‌كه‌ لێره‌ و له‌وێ باس له‌وه‌ ده‌كرێت گوایه‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی به‌ڕێزی په‌رله‌مانی كوردستان به‌نهێنی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی دیوانى په‌رله‌مان كردبێت، تا ئێستا جگه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان، هیچ په‌رله‌مانتارێكی تر له‌ فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ به‌ فه‌رمی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ىان پێشكه‌ش نه‌كردوه‌".

رێکخراوى لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی دەدات لە سێدارەدانی بەشێک لەو کەسانەى لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەستگیرکراون و رایدەگەیەنێت نزیکەی 30 کەس مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی  ئاشکرای دەکات، دادگاکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەر 28 کەس لە بەشداربوانی ناڕەزایەتییەکاندا سەپاندوە کە سێ کەسیان تەمەنیان لە 17 ساڵ کەمترە. ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەکردوە، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون روبەڕوی تۆمەتی دژایەتی خودا و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی دەبنەوە و سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێت. پێشتریش دادگای تاران و کەرج  سزای سێدارەیان بەسەر سێ گەنجی کورددا سەپاند بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان. بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار کەس دەستگیر کراون و بە گشتی لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 18 هەزار کەس بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون.  

هاوڵاتی بەهۆی مەترسی لێچوون و بۆ رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هۆڵێکی وەرزشییان لە گەڕەکی هەواری تازە داخست. ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، سکاڵا هەبووە لەبارەی لێچونی غازەوە، دوای سەردانمان دەرکەوت ئەو هۆڵە وەرزشییە بەدەر لە رێنماییەکانی بەرگری شارستانی دەستکاری سیستمی غازەکەی کردووە و بووەتە هۆی لێچونی غاز. وتیشی، "بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی هۆڵەکە داخراوە تا ئەو کاتەی کێشەکە چارەسەر دەبێت و مەترسی نامێنێت." باسی لەوەشکردووە، لەکاتی هەبوونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بە قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.  

هاوڵاتی مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، لە شاری رەقە کە ماوەیەک لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو و ئەبوبەکر بەغدادی لەوێ خەلافەتی راگەیاند، ئێستا ژنان سەرکردەی دیارن و سیستمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، برایەتی، ئاشتی و ئازادی گەلان دەپارێزێت. مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە وتارێکدا بۆ رۆژنامەی واشنتون پۆست ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا  بۆ سەر رۆژئاوای کوردستاندا و دەڵێت، "لە ساڵێ ٢٠١٤دا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جیهانی، بۆ یەکەمجار داعشمان لە کۆبانێ تێکشکاند، بەڵام ئێستا کۆبانێ جارێکی دیکە لەژێر هەڕەشەدایە و ئەم جارە هاوپەیمانێکی ئەمریکا و ناتۆ کە تورکیایە هەڕەشە لە کۆبانێ دەکات." لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا مەزلۆم کۆبانێ راشیگەیاند، "ماوەی زیاتر لە حەفتەیەکە حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا شارەکانمان بۆردومان دەکات و خەڵکی مەدەنی دەکوژێت و ژێرخانی گرینگ لەناو دەبات و هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکاتە ئامانج کە هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە داعش سەرهەڵنەداتەوە. لە هەر هەنگاوێکی شەڕی ئێمە لە دژی گروپە تیرۆریستیەکان لە بەرەکانی شەڕدا، هەنگاومان ناوە بۆ چەسپاندنی ئایدۆلۆژیای بنیاتنانی سیستمێک لەسەر بنەمای گشتگیری و فرەیی و یەکسانی. بۆ نمونە لە رەقە کە رۆژانێک ئەبوبەکر بەغدادی لەوێ حوکمی دەکرد، ئێستا ژنانی سوریا سەرکردەی دیارن." لە بەشێکی دیکە لە وتارەکەی مەزڵۆم کۆبانێداهاتووە: لە ساڵی ٢٠١٥ هێزەکانی سوریای دیموکراتمان بە بەشداری کورد، عەرەب و ئاشورییەکان بۆ تێکشکاندنی داعش دامەزراند.  گەلەکەمان ئیدارەی خۆجێیی دروست دەکرد کە بۆ یەکەمجار لە سوریا نوێنەرایەتی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکرد و دەسەڵاتی یەکسانیان بە ژنان دەبەخشی. هەندێک جار ڕەخنەمان لێ گیراوە کە لە ستانداردە دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوا دوور کەوتووینەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەوە بووە کە لەژێر هەڕەشە و گەمارۆ و لەنێو شەڕدابووین. بەڵام توانیومانە ئاسایشی ناوچەکە دابین بکەین و هەموو لایەنەکانی دیکەی سوریامان تێپەڕاندووە کە ئەم سەرکەوتنەش بەبێ سەرکەوتنی کۆبانێ و پشتگیری نێودەوڵەتی و بەرخۆدان نەدەکرا. ئێستا هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکەمان هەموو ئەوانە دەخاتە ژێر هەڕەشەی نوێ. مانگێکە لە سنووری دێرک کە شوێنی نیشتەجێبوونی کورد و ئێزیدی و مەسیحییەکانە، زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە. شوێنێکی دیە بنکەیەکی سەربازی نزیک شاری حەسەکە بوو کە کرایە ئامانج، کە لەو بنکەیە لەگەڵ ئەمریکا کاردەکەین بۆ دارشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش. ئەو هەوڵێک بووە بۆ کوشتنی من، چەندین هاوڕێمان لە هەسەدە لەلایەن تورکیاوە کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە. مەزڵۆم کۆبانێ دەڵێت، " لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ و سەرێکانی و گرێ سپی لە ساڵی ٢٠١٩ بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و شەڕی جیهانی دژی داعش پەکخست. دوای ساڵانێک لە دەسەڵاتی تورکیا، دەبینرێت کە ئاژاوە و شەڕ و نائارامی لەو ناوچانە لە چ ئاستێکدایە. کاتێک خۆبەڕێوەبەری ئێمە لەو شوێنانە بوو، پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئازادی ئایینی و مافەکانی ژنانی پپارێزوا بوون." مەزلۆم کۆبانێ ئاماژەی بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ کردەوە و وتی، " تورکیا هەڕەشە لە گەلەکەمان و ئاسایش و سەقامگیریمان دەکات، بەهۆی کارێکەوە کە نەمانکردووە. هێزەکانمان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ تۆمەتبار دەکات. ئێمە جارێکی دیکە تەقینەوەکە شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان دەکەین. تۆمەتەکان کە ئاڕاستەمان دەکرێن رەت دەکەینەوە و داوا دەکەین کە لێکۆلینەوە لە تەقینەوەکە بکرێت و ئامادەین هاوکاریش بکەین." فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد کە داوا لە کەس ناکەن خەباتمان بۆ بکات. ئێمە و گەلەکەمان بەرخۆدانمان کردووە و بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان، بە تەنیا داوا لە جیهان دەکەین کە لە ئەرکی پاراستنی ئاشتیدا هاوکاریمان بکەن. ئێمە پێمان وایە، کێشە و رقی سروشتی لە نێوان کورد و تورکدا نییە، بەڵکو سیاسیەکانی تورکیا کورد وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی تورکیا لەقەڵەم دەدەن. لە رابردوودا ئەردۆغان لەگەڵ پەکەکە چەندین جار دەستی بە دانوستان کرد و ئێمە بە ئاشتی وەک دراوسێیەک دەژیان و هیوادارین پرۆسەی ئاشتی دەست پێبکاتەوە و  ئێمەش دەتوانین رۆڵمان هەبێت.

هاوڵاتی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند بەهۆى زۆر بەکارهێنانى کارەبا پێوەرى زیرەکى هەندێک له‌ هاوبه‌شان فیوز دەکات و هاووڵاتییان خۆیان فیوزەکەیان بەرز دەکەنەوە ئەوەش زیان بە ئەمپێری کارەباى هاووڵاتییان دەگەیەنێت. عەلی ئيسماعيل، ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای سیسته‌می پێوه‌ری زیره‌ك رایگه‌یاند:''ئێمه‌ وه‌كو وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان له‌ وه‌رزی زستاندا به‌ هۆی زیادبوونی خواست له‌ سه‌ر به‌ كارهێنانی كاره‌بای زیاتر له‌لايه‌ن هاوبه‌شانه‌وه‌، بڕیارماندا بڕی كاره‌با له‌ سیسته‌می پێوه‌ری زیره‌ك له‌ ٤٠ ئه‌مپێرەوە بکەینە ٣٠ ئه‌مپێر ، له‌ لایه‌كی تر خشتەى کارپێکردنى ئامێرە کارەبایيەکانى ئاشکرا کردووە، بۆیە پێویستە تا ئاستى ٣٠ ئەمپێر زیاتر هاووڵاتییان کارەبا بەکارنەهێنن". عەلی ئيسماعيل وتیشی :''زۆرجار هاووڵاتیيان ئەگەر لەو ڕێژەیە زیاتر کارەبايان بەکارهێنا فیوزى پێوەرى زیرەک دەکوژێتەوەو دواى ماوەیەک ئۆتۆماتیکى دادەگیرسێتەوە،بەڵام هەندێک هاووڵاتیى دەچێتە لاى محەویلەکە و کارەباى تەواوى محاویلەکە دەکوژێنێتەوە و دای دەگیرسێنێتەوە بۆ ئەوەى فیوزەکەى خۆى كارپێبكاته‌وه‌ ئەوەش زیان له‌ ئامێرە کارەباییەکانى ماڵان دەدات". ئەو ئه‌ندامه‌ی لێژنه‌ی باڵای سیسته‌می پێوه‌ری زیره‌ك ئاماژەشی بەوەدا کە، پێویسته‌ هاوبه‌شانی كاره‌با خۆیان لەو دیاردەیە بەدوور بگرن و لە حاڵەتى درەنگ هاتنەوەى کارەباکەیان پەیوەندى بە ژمارە تەلەفۆنە تایبه‌ته‌كانی پێوه‌ری زیره‌ك بکەن کە بۆیان دیارى کراوە و پەیوەندیکردن پێیانەوە بێ بەرامبەرە.

هاوڵاتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم ساماڵ و پەڵە هەور دەبێتهەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. ئەمڕۆ یەک شەممە 4 - 12- 2022 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. خێراى با / لەسەرخۆ دەبێت (5- 10) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت . پلەکانی گەرما /کەمێک بەرزدەبێتەوە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . مەوداى بینین / لە نێوان ( 9 – 10 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 18 پلەى سیلیزى سلێمانی : 17 پلەى سیلیزى دهۆک : 16 پلەى سیلیزى کەرکوک : 20 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 17 پلەى سیلیزى زاخۆ : 17 پلەى سیلیزى سۆران : 16 پلەى سیلیزى گەرمیان : 20 پلەى سیلیزى   سبەی دووشەممە 5 - 12 - 2022 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت . پلەکانی گەرما / بە نزیکەی ( 1 تـــا 2 ) پلە نزم دەبێتەوە بە بەراوورد لە گەڵ تۆمارکراوەکانی ڕۆژی پێشوو . خێراى با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10- 15) کم/ک . ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت . مەوداى بینین / لە نێوان ( 9 – 10) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 17 پلەى سیلیزى سلێمانی : 16 پلەى سیلیزى دهۆک : 15 پلەى سیلیزى کەرکوک : 18 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 16 پلەى سیلیزى زاخۆ : 16 پلەى سیلیزى سۆران : 15 پلەى سیلیزى گەرمیان : 19 پلەى سیلیزى