سەركۆ جەمال بڕیارە بەشێك لەدەستگیركراوانی بادینان تامانگی 12ی ئەمساڵ ئازاد بكرێن و بەشێكی دیكەشیان دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، تاماوەی زیندانیەكەشیان تەواونەكەن دەسەڵات رێگەنادات ئازادكردنی بەمەرج بیانگرێتەوە، داوای گواستنەوەی گیراوانیش لەچاكسازی گەورانی هەولێرەوە بۆ سلێمانی راگیراوە. بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بەهاوڵاتی وت:» لە 10 هەتا 15-12-2022 بەشێك لەگیراوانی بادینان ئازاددەكرێن، ئەوانیش «كۆڤان تاریق لە 10-12-2022 ئازاد دەكرێت، نێچیرڤان بەدیع لە 13-12-2022، ئەمجەد یوسف مستەفا لە 11-12-2022 ئازاد دەكرێت، یوسف شەریف لە 11-12-2022 ئازاد دەكرێت». وتیشی: «مەحمود ناجی لە 9-12-2022 ئازاد دەكرێت، ژمارەیەكیشیان لەساڵی داهاتوو ئازاد دەكرێن ئەوانیش هاریوان عیسا 16-3-2023 ئازاد دەكرێت، ئەیاز كەرەمیش هەر لەو بەروارە ئازاد دەكرێت، هاوكات هەریەك لە شڤان سەعیدو گوهدار زێباری لەهەمان بەروار ئازاد دەكرێن، بەڵام شێروان شێروانی لە 16-6-2023 ئازاد دەكرێت». سەرۆكی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان ئاماژە بەوەدەكات «تائێستا 13 سزادراوی بادینان لەزیندانەكانن، 10یان لەچاكسازی گەورانن، یەكێكیان لەئاسایشی گشتییە كەئەویش بڵند ئامێدییە كە سەرتاشەو تەنها لەبەر وتنی گۆرانییەك بۆ زیندانیانی بادینان دەستگیركراوەو دووانیشیان لەزیندانی زركانن لەدهۆك». بەوتەی سەرۆكی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان، داوای گواستنەوەی گیراوانی بادینانیان لەچاكسازی گەورانی هەولێرەوە بۆ سلێمانی راگرتووە، هۆكارەكەشی  بەوتەی بەشدار حەسەن «داوای تەممیزمان كردووەو ئەگەر لەدادگای تەممیزیش بێهیوا بووین ئەوكات دیسان داوای گواستنەوەیان بۆ سلێمانی دەكەین». وەك بەشدار حەسەن دەڵێت:»هۆكاری ئازادنەكردنی بەمەرجی گیراوانی بادینان ئەوەیە بەیاسای تیرۆر دەستگیركراون و ئەو مافەیان پێ رەوا نابینرێت كە بەمەرج ئازاد بكرێن». هاوكات مونا یاقو سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەم ماوەیەی دواییدا چەند كێشەیەك روویدا بۆ هەندێكیان بەتایبەت گیراوانی شیلادزێ كەداواكەیان بۆ ئازادكردنی بەمەرج رەتكرایەوە، ئیتر داوایانكرد بچنە سلێمانی بەڵام ئەو داواكارییەیان راگیراوە، ئێستا هیچ گیراوێكی بادینان لەزیندانی تاكەكەسی نەماوەتەوە، چونكە دوو كەس بوون گوهدارو شێروان بەڵام بەئێمەیان وت كەئەوانیش لەزیندانی تاكەكەسی نەماون». سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت:»ئێمە سەبارەت بەئازادنەكردنیان داوای وەڵامی فەرمیمان لەداواكاری گشتی كرد، ئەوان وتیان بەهۆی ئەوەیە ساڵی 2018 بڕیارێك دەرچووە كە ئەو كەسانەی بەپێی ئەو ماددەیە گیرابن (ماددەی سێی تیرۆر) نابێت ئازادكرنی بەمەرج بیانگرێتەوەو دەبێت سزای خۆیان تەواو بكەن، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەكەیان پێویستە ئازاد بكرێن». كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی بەهاوڵاتی وت:»ئەوانەی شیلادزێ كە مانگی 12 ماوەی بەندیان كۆتایی پێدێت، بەڵام لەسەر كارتەكەیان نووسرابوو مانگی یەك لەگەڵ پارێزەرەكانیان هەڵەكەمان چاككردەوە، ئەو 32 رۆژەی زیادكرابوو لابرا«. وتیشی:» لەبادینان تائێستاش ژمارەیەكی زۆر دەستگیركراو لەزیندانەكانن و دادگایی نەكراون، ژمارەیەكیش بەبێ ئەوەی شوێنیان بزانرێت لەزیندانن».

هاوڵاتی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی خوێندکاران ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەی داواکاری خوێندکاران ڕەوایە بەڵام بە ئاڕاستەیەکی نامەدەنیدا براوەوزیان بە کەرستەکانی ناو زانکۆ گەیەنراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧/١١/٢٠٢٢ زانکۆی سلێمانی ڕونکردنەوەیەکی لەسەر خۆپیشاندانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕاگەیاند تیایدا هاتووە کە پشگیری بەشێک لە داواکاری خوێندکاران دەکەن . هەروەها سەبارەت بە دەرماڵەو سیستەمی پاراڵێڵ ڕایگەیاند ئەم بابەتە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە نەك زانكۆی سلێمانی ولەسەرووی دەسەڵاتی زانكۆی سلێمانییەوەیە ئەوەش ڕونکراوەتەوە "ساڵانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە رێژەی لە (%45) لە كرێی خوێندن كەمكراوەتەوەو سێ ساڵە ئەم بڕیارە جێبەجێدەكرێت، هەروەها زانكۆی سلێمانی جیاواز لە زانكۆكانی تر بەشە ناوخۆیی بۆ خوێندكارانی (پارالێل- ئێواران) ، بە بێ بەرامبەر دابین كردووە، كە ئەمە لە هیچ زانكۆیەكی تردا نەكراوە." سەبارەت بە بەشە ناوخۆییەکانیش زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند زانكۆی سلێمانی هەر" لە پشووی هاوینەوە دڵسۆزانە لە نۆژەنكردنەوەو دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكان درێغی نەكردووە،بۆ دڵنیاییش وردەكاری خزمەتگوزارییەكانی بەشەناوخۆییەكان، بە بەڵگەوە بەردەستە." هەروەها زانکۆی سلێمانی بڕیاریداوە رۆژی شەممە رێكەوتی (19-11-2022)، پرۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان و تۆماركردنی ئامادەنەبوون لەسەرجەم كۆلێجەكان دەستپێبكاتەوە. دەقی ڕونکردنەوەکەی زانکۆی سلێمانی سڵاوی زانست... لە رۆژانی رابردودا ژمارەیەك لە خوێندكاران خۆپیشاندانیان بۆ هەندێك داواكاری ئەنجامدا،لەگەڵ ڕەوایەتی بەشێك لە داواكارییەكانیان، بە داخەوە دوور لە رەفتاری خوێندكاری زانكۆ، ناڕەزایەتییەكە بە ئاڕاستەیەكی نامەدەنیدا براو بەهۆیەوە زیانی مادی زۆر بە بیناو كەرەستەی زانكۆمان گەیەنرا. ئەمجۆرە ڕەفتارە نامەدەنییانە كاریگەری زۆر نەرێنی كردووەتە سەر شاری سلێمانیش، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بۆ رای گشتی بخەینەڕوو: 1- سەبارەت بە داواكاری دەرماڵەی خوێندكاران، ئەم بابەتە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە نەك زانكۆی سلێمانی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنی زانكۆ پشتیوانی ئەم داوا ڕەوایەی خوێندكارانی كردووەو بە نووسراوی فەرمیش لە دوا كۆبوونەوەی مانگی (6/2022) دا بە كۆی دەنگ داوای دەرماڵەی ساڵی خوێندنی (2022-2023)ی كردووە. 2 - سەبارەت بە كرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەم داواكارییەش لەسەرووی دەسەڵاتی زانكۆی سلێمانییەوەیە، ئەگەر چی ساڵانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە رێژەی لە (%45) لە كرێی خوێندن كەمكراوەتەوەو سێ ساڵە ئەم بڕیارە جێبەجێدەكرێت، هەروەها زانكۆی سلێمانی جیاواز لە زانكۆكانی تر بەشە ناوخۆیی بۆ خوێندكارانی (پارالێل- ئێواران) ، بە بێ بەرامبەر دابین كردووە، كە ئەمە لە هیچ زانكۆیەكی تردا نەكراوە. 3- سەبارەت بە بەشەناوخۆییەكان و پێداویستییەكانیان، لەگەڵ ئەوەی ئەم داواكارییە داوای خوێندكارانی زانكۆكانی ترە، نەك خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوەی هەموو لایەك، زانكۆمان هەر لە پشووی هاوینەوە دڵسۆزانە لە نۆژەنكردنەوەو دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكان درێغی نەكردووە،بۆ دڵنیاییش وردەكاری خزمەتگوزارییەكانی بەشەناوخۆییەكان، بە بەڵگەوە بەردەستە. 4- ئەركی زانكۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و پێگەیاندنی كادری زانستییە بۆ بازاڕو دامەزراوەكانی حكومەت. زانكۆی سلێمانیش پێگەیەكی بەرچاوی زانستی لەهەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا هەیە و ، هەمیشە پێشەنگ بووە، بەڵام سەبارەت بەداواكاری دامەزراندن و هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ، ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە. لەكۆتاییدا بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و رای گشتی رادەگەیەنین كە ئەنجومەنی زانكۆمان، بڕیاریداوە رۆژی شەممە رێكەوتی (19-11-2022)، پرۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان و تۆماركردنی ئامادەنەبوون لەسەرجەم كۆلێجەكان دەستپێدەكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لەخوێندكارانی خۆشەویست دەكەین پابەندی دەوام بن و خۆیان بەدووربگرن لە هەر رەفتارێكی نازانستی و نا شارستانی ، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە شێوەیەكی زانستی و یاسایی پەیڕەو بكرێت ، هەر سەبارەت بەو ڕەفتارانەش كە هەندێك كەس دژ بە ناوبانگ و پێگەی خوێندكاران و زانكۆمان كردویانە، رێوشوێنی یاسایییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی

هاوڵاتی یوتێرنی بەردەم شاری پزیشكی فاروق لەسەر شەقامی مەلیك مەحمود قەرەباڵغیەكی زۆری لەسەرە، فاروق مەلا مستەفا، سەرمایەداری نیشتمانی پڕۆژەیەكی ئەندەرپاس لەو شوێنەدا دورستدەكات و بڕیارە لەماوەی ساڵێكدا تەواوبكرێت، بەتەواوكردنی پرۆژەكە چاوەڕواندەكرێت كێشەی زۆری هاتووچۆ لەو شەقامەوە بۆ زیاتر لەچوار گەڕەك ئاسان بكات و قەرەباڵغیەكی زۆر لەشەقامەكە كەمبكاتەوە. لەڕێكەوتی 3/11/2022، بەئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەشێك لەدەزگاكانی راگەیاندن، فاروق مەلا مستەفا سەرۆكی گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنان  لەسەر شەقامی مەلیك مەحمود، بەردی بناغەی ئەندەرپاسی فاروق مەلا مستەفای دانا كەئامانج لێی كەمكردنەوەی قەڕەباڵغییە لەو شەقامەداو خزمەتێكیشە بەشاری سلێمانی. پرۆژەكە بەوتەی زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، تێچووی زیاتر لەحەوت ملیار و سێسەدو یەك ملیۆن دینارەو ماوەی پرۆژەكەش 365 رۆژە، واتە لەماوەی ساڵێكدا تەواو دەكرێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەكە گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنانەو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی سەرپەرشتی دەكات و خزمەتێكی بەرچاوی  شاری سلێمانی و رێبوارانی ئەو رێگایە دەكات. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەختیار محەمەد بەهاوڵاتی وت: «ئەندەرپاسی فاروق مەلا مستەفا یاخود هەر پرۆژەیەكی دیكە بۆ شاری سلێمانی بەتایبەتی پرۆژەكانی ئەندەرپاس لەئێستادا گرنگییەكی حەتمییە بۆ شاری سلێمانی». وتیشی: «بەبۆچوونی ئێمە وەك ئەوەی لەهاتوچۆدا كاردەكەین و بەئاگاین، سلێمانی بەلایەنیكەم لەئێستادا پێویستی بەپێنج ئەندەرپاسی دیكە هەیە، ئەو ئەندەرپاسانە رۆڵ و كاریگەرییان لەوەدایە كە لۆدو قەرەباڵغی شەقامە سەرەكییەكان كەمدەكەنەوە، ئەگەر ئەم پرۆژەیەش تەواوببێت دیاردەی پێچكردنەوە بەدوو ریز و سێ ریزی یوتێرنەكان و قەرەباڵغی شەقامەكە ناهێڵێت». بەوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی، جگە لەلۆدی شەقامەكە سودی بۆ چەندین گەڕەك و فەرمانگە و پەیمانگە و كۆلێژ دەبێت كە پێشتر ئەو كەسانەی سەردانیان دەكرد تووشی قەرەباڵغی دەبوون، بۆیە ئەندەرپاسی فاروق مەلا مستەفا بەپرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ شاری سلێمانی هەژماردەكرێت». بەختیار محەمەد دەڵێت: «ئەندەرپاسەكە تازوو تەواوببێت باشترە، چونكە پرۆسەی تۆماركردنی ئۆتۆمبێل پرۆسەیەكی بەردەوامەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانیش بەردەوامەو شارەكەش جموجوڵی بازرگانی و رۆشنبیری و چەندین چالاكی رۆژانەی تێدایە، بۆیە پێویستمان بەمجۆرە پرۆژانەیە، بەتەئكید دەستخۆشی لەلایەنی جێبەكاری پرۆژەكە دەكەین و خزمەتێكی بەرچاوە بەشاری سلێمانی». لەكاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە، لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانی سێمانی ئاماژەی بەگرنگیی و بایەخی پڕۆژەكە كرد لەكەمكردنەەی قەرەباڵغی لەخزمەتی شاری سلێمانی و سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكاری كرد لەزوو هاتنە پێشەوەو تەواوكردنی دیزاینی پڕۆژەكە. لەلایەن خۆشیەوە شارەوانی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: تەواوكردنی ئەندەرپاسەكە دەبێتەهۆی چارەسەركردنی كێشەی یوتێرن (U-turn)ی سەر شەقامی مەلیك مەحمود نزیك شاری پزیشكی فاروق و ئاسانكردنی هاتوچۆ لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودەوە بۆ  گەرەكەكانی (كازیوەو ئیبراهیم ئەحمەدو هیواو پەری) و رێگەدان بەیوتێرن (U-turn) لەسەر شەقامەكە بە ئاستی جیاواز كەئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی رووداوی هاتوچۆو قەرەباڵغی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك محمود. گروپی كۆمپانیاكانی فاروق لەسلێمانی و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان چەندین پرۆژەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان جێبەجێكردووەو بەردەوامیشە، مانگی حەوتی ئەمساڵ، كۆمپانیای ئاسیاسێل كە سەر بەگروپی كۆمپانیاكانی فاروقە، رووبەری 800 دۆنمی لەشاخی گۆیژە لەسلێمانی سەوزپۆش كرد كە پرۆژەكەش بەكۆی گشتی یەك ملیۆن دۆلاری تێچوو.

هاوڵاتی ئێران لەدوای مەرگی ژینا بەسەركوتی خۆپیشاندەران لەناوخۆی وڵاتەكەو رۆژهەڵاتی كوردستان نەوەستاوەتەوەو لەماوەی كەمتر لە 50 رۆژدا بۆ جاری دووەم بە مووشەك و فڕۆكەی  بێفڕۆكەوانی خۆكوژ هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لەكۆیەو زڕگوێزو برادۆست لەهەرێمی كوردستان. ئێران بەپشتبەستن بەماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتوەكان هێرشەكانی ئەنجامدەدات، بەڵام بەپێی ئەو ماددەیە هەر حكومەتێك مافی وەڵامدانەوەی هەیە كەهێرشی سەربازیی بكرێتەسەر لەكاتێكدا حزبەكانی رۆژهەڵات خۆیان دەڵێن هیچ هێرشێكی سەربازییان دژی ئێران ئەنجامنەداوەو هیچ هێزێكیشیان لەسنوری ئێران نیە. سوپای پاسدارانی ئێران لەساڵی 2018ەوە زۆرترین جار بەموشەك هێرشی كردووەتەسەر بنكە و بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەو هێرشانەش دوای ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران لەساڵی رابردودا داوای لەبەرپرسانی باڵای عێراق كرد ئەو پارتانە لەچەك داماڵن، زۆر زیاتری كردووە. بیانوی سەرەكیی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەردوو هێرشەكە كەنزیكەی 90 كەس تێیدا بووەتە قوربانیی ئەوەیە كە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جموجۆڵیان دژی كۆماری ئیسلامی هەیە و 100 كەس لەئەندامانی ئەو پارتانەش لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستگیركراون. بیانوەكانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەو پارتانەی رۆژهەڵاتی كوردستان كەنزیكەی (36) ساڵە بنكەو بارەگایان لەباشوری كوردستان هەیەو بە بەردەوامی جەختیان لەوە كردووەتەوە كە پاراستنی سەروەریی خاكی هەرێم بۆ ئەوان گرنگە و نایانەوێت ببنە بیانوی نەیارانی كورد بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان. لەساڵی  1991 تائێستا سوپای پاسدارانی ئێران دەیان جار هێرشی كردووەتەسەر بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم بەڵام ئەو هێرشانە لەساڵی 2018 بەموشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی خۆكوژ زیادیانكردووە لەكاتێكدا راپەڕینی هاوشێوەی دوای مەرگی ژینا لە رۆژهەڵاتی كوردستان رووی نەداوەو كۆماری ئیسلامیش هیچ كاتێك باسی لەدەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی ئەو پارتانەی لەناوخۆی ئەو بەشە لەكوردستان نەكردووە. محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاند: دوای هێرشەكانی (28/9/2022) هۆشدارییان داوەتە حكومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی چەكدارانی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام ئەو پارتانە وەك خۆیان ماونەوەتەوە و ئەوەش هۆكاری دووبارەبوونەوەی هێرشەكانی سوپای پاسداران بووە. پاكپور، ئاماژەی بەوەكردووە كە پێشتر شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە بۆ دەركردنی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بڕیاربووە ئەو پارتانە دووربخرێنەوە. بەوتەی ئەو، حزبەكان دەستیان هەبووە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و هۆكارێك بوون بۆ تێكدانی ئاسایشی سنورەكانی و زیانگەیاندن بەكۆماری ئیسلامی ئێران. پاكپور وتووشیەتی بەغداو هەولێر بەڵێنیان دابوو رێگریی بكەن لەجموجۆڵی پارتەكانی نەیاری ئێران لەهەرێمی كوردستان، بەڵام دوای 50 رۆژ ئەو بەرپرسانە بەڵێنەكانیان جێبەجێ نەكردووە. مێژوو پیشانی داوە هەركاتێك دەسەڵاتی ئێران دەكەوێتە مەترسییەوە یەكەم هەنگاوی هێرشكردنە سەر پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەو دواتریش تۆماتباریان دەكات بەدەستی دەرەكی بەتایبەت پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل و لەم دواییانەشدا سعودیەو بەریتانیا-شی پێ زیاد كردووە. ساڵی 1984 دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتەكانی رۆژهەڵات و فشارەكانی سوپای پاسداران، هێزەكانی ئەو پارتانە بەتەواوەتی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دابڕان و روویان لەناوچەكانی (سەفرە، زەروون، گەڵاڵە، مەعلومە و چەند ناوچەیەكی دیكە)ی باشوری كوردستان كردو دوای ساڵانێك مانەوە لەو شوێنانەو دوای راپەڕینی ساڵی 1991 هێزەكانی سەر بەحزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەو خەباتی ئیسلامی بەتەواوەتی لەچەند بارەگاو ئۆردوگایەك جێگیركران و لەسەر داواو رێنمایی بەرپرسانی هەرێم زۆربەی چالاكی و جموجۆڵە سەربازییەكانی خۆیان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران راگرت. كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی 1991 تائێستا دەیان هێرش و پەلاماری لەدژی بنكەو بارەگا و ئەندامانی حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان ئەنجامداوەو دەڵێت ئەو حزبانە دوای (25)ساڵ بەڵێنی خۆیان بۆ ئەنجامنەدانی هێرشی سەربازیی لەناوخاكی ئێراندا شكاندووەو لەهەرێمی كوردستانەوە دژی ئێران چالاكیی دەكەن بۆیە موشەكەكانی سوپای پاسداران ئامادەن بۆ بەئامانجگرتنی ئەو حزبانەو نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی لەناوچەكەدا. ژمارەیەك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بریتین لەحزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و هەروەها كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستان و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەساڵی 2016-وە چەند بنكەیەكیان لەبناری چیای هەڵگورد  لەناوچەكانی نێوان رۆژهەڵاتی كوردستان و هەرێمی كوردستان جێگیركرد كەئەمەش بووەتەمایەی توڕەیی كۆماری ئیسلامی ئێران و كاردانەوەی چەكدارانی سوپای پاسداران دژی بنكەكانی پێشمەرگەكانی ئەو حزبانە، بەڵام دوای هێرشەكانی كۆتایی مانگی ئەیلول بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رایانگەیاند لەسەر خواست و داواكاری حكومەتی هەرێم هێزەكانیان لەسنوری ئێران گواستوەتەوە.  پێشتر عەلی شەمخانی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێكەوتی (10/8/2021) دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند تاران بەرپرسانی بەغداو هەولێر-ی لەجموجۆڵی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان و ناوچە سنورییەكان ئاگاداركردووەتەوەو ئەگەر بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم دەرنەكەن ئەوا سوپای پاسداران كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو حزبانە دەبێت. شەمخانی لە (12/9/2021) دوای ئەوەی لەتاران لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پیشووی عێراق كۆبووەوە جارێكی دیكە هەڕەشەی لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووەو داوای لەكازمی كرد كە بەپەلە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان دەربكرێن چونكە بەوتەی ئەو بەرپرسە، جمۆجۆڵ و چالاكیی ئەو هێزانە لەچوارچێوەی پلانەكانی ئەمریكادایە لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران. شەمخانی لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ كازمی، جەختی لەوە كردووەتەوە كەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان  لەهەرێم مەترسین بۆسەر ئاسایشی سنورەكانی نێوان عێراق و ئێران، بۆیە دەبێت بەپەلە پێشمەرگەكانی ئەو حزبانە لەچەك داماڵرێن و لەهەرێم دەربكرێن. هێرشە موشەكییەكانی ئێران ئێران لە 8ی ئەیلولی 2018 بەموشەك هێرشی كردەسەر بارەگانی حزبی دیموكرات لەقەزای كۆیە و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە 16 پێشمەرگە و ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە كوژران و لەساڵی 2019دەستی بە بۆردومانی چڕی سنورەكانی چیای هەڵگوردو ناوچەی برادۆست لەهەرێمی كوردستان كردووە بەبیانوی بوونی پێشمەرگەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. جارێكی دیكە سوپای پاسدارانی ئێران لە رێكەوتی (28/9/2022) واتە 12 رۆژ دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی مەرگی ژینا ئەمینی بەموشەك و فڕۆكەی خۆكوژ هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی حدكا و كۆمەڵەكان و پاك لەهەولێرو كۆیەو سلێمانی كە بووەهۆی كوژرانی 18 كەس كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵ بوون و هاوكات بریندابوونی 62 كەسی لێكەوتەوە. لەهێرشەكانی رۆژی دووشەممە (14/10/2022)ش بۆ سەر بارەگاكانی حدكا لەكۆیە دوو پێشمەرگە كوژران و هەشت كەسیش برینداربوون. زۆربەی شیكەرەوانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی بڕوایان وایە ئامانجی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش لەدژی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان بەلاڕێدابردنی رای گشتییە لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵات لەو وڵاتە چونكە لەمێژووی 43 ساڵی دەسەڵاتی ئێراندا ناڕەزایەتیی لەو شێوەیەو درێژخایەن دژی كۆماری ئیسلامی ئێران نەكراوە.    

هاوڵاتی سەرۆکى تیمی پارێزەرانى بەرگریکردن لە زیندانیانى بادینان رایگەیاند، لە زیندان تۆمەتێکى دیکە بۆ سێ سزادراوی بادینان دروستکراوەو جارێکى دیکە دەدرێنەوە دادگا. بەشدار حەسەن سەرۆکى تیمی پارێزەرانى بەرگریکردن لە زیندانیانى بادینان بۆ رۆژنیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ تۆمەتێکی تری سزایی خرایە پاڵ هەریەک لە ڕۆژنامەنوسان شێروان شێروانی و ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە. ئاماژەى بەوەشکرد، لە بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەسنەزان و دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە. ناوبراو ئاشکراشی کرد، ئەو تۆمەتەى خراوەتە پاڵ سزادراوەکانى بادینان ئەوەیە کە گوایە بەناوی چەند زیندانیەکى تر واژوویان کردوە ئەوەشیان وەک ساختەکاری خستووەتە پاڵیان.

هاوڵاتی گەریلا تی ڤی، ڤیدیۆی چالاكییەكی نیشانەشكێنیی گەریلاكانی ئازادی كوردستان لە ناوچەی مەتینا بڵاوكردەوە، كە لە ئەنجامی چالاكییەكە سەربازێكی داگیركەری تورك سزا درا. ئەمڕۆ گەریلا تی ڤی، ڤیدیۆی چالاكییەكی نیشانەشكێنیی گەریلاكانی ئازادی كوردستان لە ناوچەی مەتینا بڵاوكردەوە. لەبارەی چالاكییەكە هەپەگە بڵاوكردبوویەوە، “لە ١٠ی ئاب و لە كاتژمێر ٢١:٣٠ دا تیمە گەڕۆكەكانمان بە تاكیتكی نیشانەشكێنی لە مەیدانی بەرخودانی شاخی جودی لە مەتینا لە داگیركەرانیان دا و لە ئەنجامدا داگیركەرێكیان سزا دا”.  

نیگار عومەر بڕیاری دادگای نەوجەوانانی كەركوك/ گەرمیان بەچوار ساڵ زیندانیكردنی دوو مێردمنداڵ بەهۆی بەشداریكردنیان لەخۆپیشاندان، ناڕەزای چین و تووێژە جیاوازەكانی گەرمیانی لێكەوتەوە و داوای تەممیزكردنەوەی بڕیارەكە دەكەن و دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمیش دەڵێت ئێمە بەدواداچوون دەكەین و بەبڕیارێكی قورسی دەزانین و دەكرا لەئەگەری ساغبوونەوەی هەر تاوانێكدا بەسەر ئەو مێردمنداڵانەدا حوكمێكی سوكتر جێبەجێ بكرایە. خانەوادەی مێردمنداڵەكانیش بۆ هاوڵاتی دەدوێن و داوادەكەن كوڕەكانیان ئازادبكرێن و لەبارودۆخێكی دەروونی نائارامدان و دەڵێن سزادانی نەوەكانمان نادادپەروەرییەكی گەورەیە. عەبدوڵا هیواو سابیر ئەحمەد لە هەشتی ئەم مانگەدا لەلایەن دادگای نەوجەوانانی گەرمیانەوە چوار ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا بەبیانوی بەشداریكردن لەخۆپیشاندانەكەی ئابی 2020 كەتیایدا بەشێك لەقایمقامیەت و ئوتۆمبێلێكی تاپۆ سووتاو لەسەر سكاڵای ئەم لایەنانە، ئەم  دوو مێردمنداڵە زیندانی كران. دایكی عەبدوڵا هیوا بۆ هاوڵاتی دەدوێت و دەڵێت: «كوڕەكەم لەكاتی خۆپیشاندانەكەدا تەمەنی تەنها 14ساڵ بوو، بۆ ماوەی دوو هەفتە دەستگیركرا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بێسەروشوێن بوو لەژوورێكی تاریك دایاننابوو و كوڕەكەم دەیوت دوو سۆندەیان لێدام و وتوویانە چیت كردووە باسی بكە، منیش وتوومە تخوا لێم مەدەن چیتان ئەوێ من قسە دەكەم، ئەوكاتەش تەمەنی 14ساڵ بوو،  دواتر بەكەفالەت ئازادكرا، لەچەندڕۆژی پێشتردا لەڕۆژی دادگاییكردنەكە ئاگاداركراینەوە كەدادگایی ماوەو لەگەڵ باوكی  رۆشتن بۆ دادگا». «كوڕەكەم ئێستا تەمەنی 16ساڵە، حاكمەكە لێی پرسیبوو تۆ ئەم كارەت ئەنجامداوە، ئەویش وتبووی نا من نەمكردووە لەپێشووتردا بەزۆر ئیعترافیان پێمكردوە، ئەوانیش پێیان وتبوو تۆ راست ناكەیت و قسەكانت دەگۆڕیت، كوڕەكەم  لەسەر سكاڵای سووتانی ئۆتۆمبێلەكەی تاپۆ سزادراو ئێمەش چووین بۆ لای بەڕێوەبەری تاپۆی گەرمیان و پێمان وت چیت ئەوێ بۆت دەكەین و ئۆتۆمبێلت بۆ دەكڕین بەس سكاڵاكەت بكشێنەوەو ئەویش پێی وتین هی من نیە ئۆتۆمبێلەكە هی حكومەتە بچن بۆ لای حكومەت». «داوا لەهەموو لایەك دەكەم هاوكارمان بن لەئازادكردنی كوڕەكەمدا، چونكە ئەو منداڵەو خوێندكارەو كەقسەی لەگەڵ دەكەین لەزیندان  دەڵێت دایە چیتان بۆمكرد تخوا رزگارم بكەن لەم شوێنەو تاقیكردنەوەكانمان هەمووی دەڕوات، خەمی خوێندنەكەیەتی و ئەو رۆژە خۆم رۆشتم  لەزیندان سەرم لێیدا و بارودۆخێكی نائارامی هەیەو ئەترسم شتێكی لێبێت لەزینداندا، چونكە ئەو منداڵە»، دایكی عەبدوڵا وای وت. هاوكات دادوەر بورهان ئەحمەد، بۆ هاوڵاتی وتی، « هەرچ وتەیەك لەژێر فشاردا بێت لەكاتی دادگا دەتوانیت ئەو وتانە نەڵێیتەوە بەتایبەتی گەر چاوسووركردنەوەی تێدا بێت بەپشتبەستن بەبوونی شایەت، من پێم وایە چوار ساڵ بۆ نەوجەوانان زۆرەو هەرچەندە دادوەر خۆی ئازادەو دەتوانرێت تەممیزبكرێتەوەو حوكمێكی زۆر سوكتریان بۆ دابنرێت». وتیشی: « هۆكاری مامەڵە نەكردن بەیاسایی خۆپیشاندان هەر لەیەساكەدا هاتووە ئەگەر لەكاتی خۆپیشاندان تاوانێكی گەورەتر ئەنجامدرا پەنا ببرێت بەیاساكانی تر،  دادگا لەهەرێمی كوردستاندا دەستتێوەردانی تێدادەكرێت و رەنگە دادوەرێك حزبێك دایبمەزرێنێت، دەشبێت گوێڕایەڵی بكات،  بوونی  دەستتێوەردان لەدادگاكاندا  هۆكارە بۆ لاوازبوونی رۆڵی دادگا». هاوكات دایكی سابیر ئەحمەد مێردمنداڵە دەستگیركراوەكەی تری كەلار بۆ هاوڵاتی دەدوێت و دەڵێت:» من و سابیر پێكەوە رۆشتین بۆ دادگا، دادوەرەكە لەسابیری پرسی چیت كردووە لەو رۆژەدا سابیریش وتی پرسگەكەی قایمقاممیەت خۆی ئاگری گرتبوو، منیش دوو مقەبام لەسەری داناوە هەر ئەوەم كردووە، خۆشم بەدادوەرەكەم وت سابیر نۆ خوشك و برای ئەنفالەو ئێمە خاوەنی شەهیدو ئەنفالین باوكی نیەو خۆم بەهەتیوی گەورەیانم كردووەو دادوەرەكە وتی دادەگیان چوار ساڵ زیندانی دەكرێت و گوێی لێ نەگرتین». « داوا لەهەموولایەك دەكەم كوڕەكەم بۆ بگەڕێننەوە ناومان،  كە قسە لەگەڵ سابیر دەكەم دەڵێت دایە تۆ مەگری من باشم  و دەشزانم خۆی چەندە بێتاقەت و هەموو رۆژێ پێمان دەڵێت من كەی دێمەوە بۆ ماڵ، چونكە ئەو منداڵەو ئەوكاتە تەمەنی 17ساڵ بوو كە بەشداری خۆپیشاندانی كردووە». «خۆ تەنها كوڕەكەی من بەشداری لەخۆپیشاندان نەكردووە بۆچی هەر ئەمان سزابدرێن، ئەی ئەو خەڵكانەی كەموڵك و ماڵی گشتی دەدزن و بەهەدەری دەدەن بۆ بەئازادی دەسوڕێنەوەو مناڵی فەقیر دەخەنە زیندانەوە»، دایكی سابیر وای وت. رۆژی 13ی ئەم مانگە هاووڵاتیان و چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنووسان و خانەوادەی دوو مێردمنداڵەكە دژی سزادانی دوو مێردمنداڵەكە لەبەردەم دادگای كەلار گردبوونەوە. مونا یاقو سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، سەبارەت بەسزادانی ئەو دوو مێردمنداڵە بە هاوڵاتی راگەیاند: « ئێمە بەدواداچوونمان كردووە بۆ سزادانی ئەو دوو مێردمنداڵە و داوامان لەنووسینگەكانمان كردووە لەنزیكەوە بەدواداچوون بكەن، ئەو دوو مێردمنداڵە لەكاتی خۆپیشاندانەكان تەمەنیان لە 18ساڵ كەمتر بووە، بۆیە دەبوایە حوكمەكەی كەمتر بوایە، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە خۆپیشاندان بكرێت و بەشێوەیەكی مەدەنیانەو دور لەهەر تووندوتیژیەك، لەگەڵ ئەوەدا نین كەموڵك و ماڵی گشتیی زیانی پێبگات». ئەوەشی وت: « ئێمە كاردەكەین بۆ ئەوەی حوكمەكانیان كەمبكرێتەوە، چونكە چوار ساڵ بۆ ژیانی مرۆڤێك كەم نیەو گەر لەو تەمەنەش بێت لەئێستادا لەنێو زیندانەكان كەیسی مادەی هۆشبەرو تیرۆرو چەندین شتی دیكە هەیە بۆ ئەمانیش كەمنداڵن و تێكەڵ بەو خەڵكانە دەكرێن رەنگە تووشی شتی دیكە ببن». وتیشی:» دەبێت سزای ئەم  مێردمنداڵانە كەمتر بكرێنەوەو بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، ئێمە هانی هیچ كەس نادەین بۆ كاری بەدەر لەیاسا، بەڵام ئەم دوو كەسە تەمەنیان منداڵەو ناكرێت ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ بكرێت».  

هاوڵاتی ساڵح موسلیم، تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ بە پیلانگێڕی ناودەبات و دەڵێت، ئەو کەسەی تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە پەیوەندیی بە گروپەکانی ناو سوپای ئازادی سوریاوە هەیە. ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)لە لێدوانێکیدا بۆ فورات نیوز، رایگەیاند؛ تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ، پیلانگێڕییەکە کە لە لایەن دەزگای شەڕی تایبەت لە تورکیا داڕێژراوە و هێرشێکی تیرۆرستییە و شەرمەزاری دەکەین. راشیگەیاند، بە تایبەت بەستنەوەی شاری کۆبانێ بەو تەقینەوەیەوە، لە چوارچێوەی هەمان پیلانگێڕی دایە و تورکیا دەیەوێت لە باشترین دەرفەتدا هێرش بکاتە سەر مەنبج و کۆبانێ. هاوسەرۆکی پەیەدە سەبارەت بە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکەش وتویەتی: ئەو کەسە پەیوەندی بە گروپەکانی سەر بە سوپای ئازادی سوریاوە هەیە و وێنەی ئەو لەگەڵ گروپی سوڵتان موراد هەیە، وتیشی: ئەو کەسە کوردنییە و هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنەکانی رۆژئاواوە نییە.

هاوڵاتی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری ئەو پاس و تاكسيانە دەکات كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن، و بەخێوکاران و خوێندکارانی خوێندنگە و باخچە حکومی و ناحکومیەکانی سنوری هەردوو بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوە ئاگاداردەکاتەوە، لەکاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچییەک لیژنەی چاودێریکردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکارانی لێئاگاداربکەنەوە. لەسەر راسپاردەی قائیمقامی سلێمانی لیژنەی هاتوچۆی گواستنەوەی خوێندکارانی سەر بەلیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی کۆمەڵێک رێنمایی تایبەت بە رێکخستن و چۆنییەتی گواستنەوەی خوێندکاران دەرکردووە، لە گرنگترینی ئەو رێنماییانەشی کە قائیمقامیەتی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت بەخێوکاری خوێندکاران لێی ئاگادار بن: 1. ئەو پاس و تەكسییانەی خوێندكاران دەگوازنەوە دەبێت رەچاوی تەواوی رێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن. 2. پاسەکان دەبێت مەرجی سەلامەتی و توندوتۆڵی و سیستمی ساردی و گەرمی تێدا بێت. 3. رێگە نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێك له ژمارەی كوشنەكان زیاتر خوێندكار هەڵبگرێت. 4. لە بەشی کارگێری هەر خوێندنگەیەكدا لیژنەی تایبەت بە سەرپەرشتی پاسەكان پێکهاتووە کە زانیاری تەواو و بەڵگەنامەی شۆفێرو پاسەكانی لابێت، و بەردەوامیش چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بكات کە خوێندکاران دەگوازنەوە. 5. تیژرەوی لەکاتی گواستنەوەی خوێندکاران رێگە پێدراو نییە. 6. لەکاتی گواستنەوەی خوێندکاراندا نابێت شۆفێرەکان رادیۆ و هۆکانی لێدانی گۆرانی و میوزیک بەکاربهێنن، دەبێت رەچاوی لایەنی پەروەردەیی بکەن. 7. پارەی رۆژانی پشووە فەرمییەکان جگە لە رۆژانی هەینی پارەکەی دەگەرێتەوە بۆ خوێندکارەکان. 8. دانانی پەردەو ئاوێنەی زیادە رێگە پێدراو نییە. 9. لەڕووی نرخەوە پابەندی ئەو نرخانەبن کە بە گوێرەی ناوچەی جوگرافی دیاریدەکرێت. 10. نرخی گواستنەوە بە پێی ناوچەی جوگرافی و دور و نزیکی و تایبەتمەندی شوێنەکە دیاری دەکرێت. هەروەها لە ڕێنماییەکاندا هاتووە بۆئەوەی هیچ خوێندکارێک نەبێتە قوربانی، قایمقامیەتی سلێمانی بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی وردی ئەو پاس و تاکسیانەی کە هاتوچۆ بە خوێندکاران دەکەن، ڕاشیگەیاند هەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەنجامبدات قائیمقامیەتی سلێمانی ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو دەگرێتە بەر، وە داوای لە بەخێوکەران و کەسوکاری خوێندکاران کرد کە لەکاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک، لە رێگەی ژمارەی پەیوەندی (07701061603) لیژنەی چاودێرکردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکارانی لێئاگاداربکەنەوە.

هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت: ئیرادە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە گەڵ هەرێمی كوردستان هەیە. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: نیاز و ئیرادە و رژد بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق هەیە. وتیشی: بەبەڵگە گەیشتوین بەرێكەوتنێكی سیاسی و گفتوگۆ و دیداریەكانیش هەبووە و نەخشە رێگایەكمان داناوە كەلەناو بەرنامەی ویزاری دایە و ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەرداوە، سەبارەت بەهەموو پرسەكان، دەروازە سنووریەكان و دەزگا ئەمنییەكان و پێشمەرگە و لیواكان و باج و مافەكانی پێشوو و یاسایی بودجە لەگەڵ یاسایی نەوت و غاز. ئاشكراشیكرد: حكومەتی فیدراڵ شاندێكی ئامادەی هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق و بەرێز وەزیری نەوت بەردوامە لەسەر گفتوگۆكانی لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو رەوشنووسە كەرێكەوتن لەسەر دەكرێت بۆ پرۆژە یاسایی نەوت وغاز. رونیشیكردەوە: لەچوار چێوەی بەرنامەی وەزاریدا ماوەی شەش مانگ بۆ پەسەندكردنی یاسایی نەوت وغازمان داناوە. و حكومەتیش بەردەوامە لەسەر جێبەجێكردنی ئەم رێكەوتنە كەدەبێتە هۆی چارەسەری ئەم كێشانە

هاوڵاتی ئیبراهیم عەلیزادە رایگەیاند: ئەو شۆڕشەی ئێران كەچەغماغەكەی لەڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە لێدراوە دەتوانێت دەستكەوتی گەورە بەدەستبهێنێت. ئیبراهیم عەلیزادە، سكرتێری كۆمەڵە (رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی، دەڵێت: ئێران بیانوو دەگرێت، ئێمە زۆر دەمێكە پێمان وانییە هەرێمی كوردستان ئەو جێگایە بێت كەوەكو سەنگەرێكی سەربازی پێشمەرگانە بتوانین كەڵكی لێوەربگرین. وتیشی: ئێمە لەگەڵ هەموو حزبەكانی رۆژهەڵات بەیەك ئاست هاوكاریمان هەیە، هەم لەگەڵ پژاك و هەم لەگەڵ بەرەی ناوەندی هاوكاری، لەواقیعدا ئێمە پردی پەیوەندین لەنێوان پژاك و ناوەندی هاوكاریدا. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كۆماری ئیسلامی دەیەوێت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان هێزە كوردستانییەكان پەلكێش بكات بۆ شەڕێكی مەیدانی و واقیعی و بەو جۆرە جیایان بكاتەوە لەخەباتی شوێنەكانی دیكەی ئێران و بەو شێوەیە سەرنجی خەڵك بەرەو مەیدانی شەڕ  بەرەو كوردستان رابكێشێت،  لەژێر ئەو سیاسەتەدا بزوتنەوەی سەرتاسەری وردە وردە سەركوت بكات. دووپاتیشیكردەوە: هیچ گۆڕانكارییەك یان هیچ دەستكەوتێك لەكوردستان سەقامگیرنابێت بۆ ماوەیەكی درێژ تاگۆڕانكاری لەدەسەڵاتی ئێراندا روونەدات.   دەقی چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ ئیبراهیم عەلیزادە: هاوڵاتی: دوو مانگە خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە بەبڕوای ئێوە خۆپیشاندانەكان بەرەوكوێ دەڕوات؟ ئیبراهیم عەلیزادە:  ئەوەی كەزۆر گرنگە ئەوەیە یەكەمجارە كە بۆ ماوەی دوو مانگ سەرهەڵدانێك لەئێران بەردەوام دەبێت، ئەم بەردەوامییە زۆر جێگای ئومێدەو نیشانی دەدات كەقەزیەكە لەسەرهەڵدانێكەوە دەچێت بەرەو شۆڕشێكی سیاسی گەورە، تا ئەم لەحزەیە كۆمەڵێك دەستكەوت بەدەستهاتوون كە قابیلی هەڵگەڕانەوە نییە یانی كۆمەڵگەی ئێران چووەتە قۆناغێكەوە كەبەهیچ شێوەیەك كۆماری ئیسلامی ناتوانێت ئەو كۆمەڵگایە بگەڕێنێتەوە پێش دوو مانگ لەمەوپێش، جورئەت و جەسارەت و هۆشیاری خەڵك زیادیكردووەو بەرێكخراوبوون و كاری رێكخراوەیی وردە وردە خەریكە جێدەكەوێت، بزوتنەوەكە لەئاستی نێونەتەوەییدا خۆی ناساندووە و پشتیوانییەكی بەرینی كۆمەڵایەتی بۆ خۆی دەستەبەركردووە، ئەوانە هەمووی بارودۆخێكی باشیان پێدەداو پێشبینیم ئەوەیە بۆ رۆژانی داهاتوو لەگەڵ ئەوەشدا كە رۆژانێكی ئاسانمان لەبەردەم نییە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەردەوام دەبین و ئەو بزوتنەوەیە بەردەوام دەبێت لەسەر رێچكەكەی خۆی، پێموایە كە دەستكەوتی دیكەش بەدەست دێنێت و تائێستا ئیتر كەس ناتوانێت بیر لەوە بكاتەوە كە رۆژێك لەرۆژان باڵاپۆشی زۆرەملێ دەكات بەسەر ژنان و كچانی ئەو وڵاتە. هاوڵاتی: پێتانوایە هۆكار چییە دوای دوو مانگ لەناڕەزایەتی و فشاری شەقام دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەهەمان میتۆدی ساڵانی رابردوو رووبەرووی شەقام دەبێتەوەو ئامادەی سازش نییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی رێگایەكی دیكەی نییەو ریفۆرم ناتوانێت بكات، چونكە ئەو شتانەی كەخەڵك ئێستا دەیەوێت هیچی لەتوانای كۆماری ئیسلامییەكی ئیدۆلۆژیكدا نییەو كۆماری ئیسلامی هەركام لەو سەنگەرانەی كەئێستا خەڵك داوای دەكات بكشێتەوە ئیتر هەبوونی خۆی نەفی كردووەتەوە، یانی دەتوانێت بەبڕوای من پاشەكشە بكات، بەڵام ناتوانێت سازش بكات، دەتوانێت لەژێر فشاردا چارەیەكی نەمێنێت لەسەنگەرێكی بەرگریەوە بكشێتەوە بۆ سەنگەرێكی دیكە، بەڵام ناتوانێت لەبنەماكانی فیكری و ئیدۆلۆژیكی خۆی بەڕەسمی چاوپۆشی بكات، بۆیە تەنیا شتێك كە بۆی دەمێنێتەوە هەر بەكارهێنانی زۆرو سەركوتە كەئەویش ئەوە بەكاردێنێت بەبەربڵاوی. هاوڵاتی: خاڵی بەهێزی خۆپیشاندانەكان چییە؟ بەواتایەكی تر پێتانوایە هێزی خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لەكوێدایەو جیای دەكاتەوە لەخۆپیشاندانەكانی رابردووی ئێران؟ ئیبراهیم عەلیزادە: لەساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی (2018ی زایینی) تائەمڕۆ گۆڕانكارییەك بەئامانجی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی جەماوەردا روویداوە لەو ماوەیەدا دوو سەرهەڵدانی گەورە كە زستانی ٩٦و پایزی ٩٨ هەروەها سەرهەڵدانەكان لەسەر مەسەلەی ئاوو ناڕەزایەتی كشاوەرزان لە ١٤٠٠ی  هەتاوی (2021ی زاینی) ئەوانە لەهیچ كامیاندا لایەنی جەماوەر ئەوە نەبووە كە داخوازییەكی دیاریكراویان لەدەوڵەت بێت، بەڵكو نەفیكردنەوەی سەرجەمی دەسەڵات و دەوڵەت بووەو ئەو جیاوازییەی ئێستا بەشێوەیەكی دیار دەكەوێتە بەرچاو، دووەمین جیاوازی ئەوەیە بەناوەڕۆك ئەو داخوازیانە چەپە، دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) كەحەماسیترین دروشمەو داخوازیەكانی جەماوەر لەچەند وشەیەكی سادەدا فۆرمەلە دەكات، دروشمێكە كە ئەگەر لێیبكۆڵیتەوە هیچ كامیان لەچوارچێوەی تواناییەكانی هیچ ئیسلامییەك و هیچ ریفۆرمخوازێكی دەوڵەتدا ناگونجێت، بۆیە بەناوەڕۆك هەمووی چەپ و سكۆلارەو بەروە پێشەوەیە كەئەوە سیمایەكی زۆر دڵخۆشكەری بەو بزوتنەوەیە داوە. هاوڵاتی: بۆچی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هاودەنگ نین و هەمامەنگیتان نییەو بەگشتی دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، ئێوەو پژاك لەبەرەیەكن و كاری هاوبەش و هەماهەنگیتان هەیە، ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لەبەرەیەكی دیكەن، ئەمە بۆچی وایە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: پێموانییە ئەوەی كەئێمە لەدوو بەرەدا بین ئێمە و پژاك بین و ئەوانیش بەرەیەك بن ئەوە تەعبیرێكی تەواوبێت لەبزوتنەوەكەو لەو بارودۆخەی كەئێستا حزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی تێدان، ئێمە لەگەڵ هەموویان بەیەك ئاست هاوكاریمان هەیە، هەم لەگەڵ پژاك و هەم لەگەڵ بەرەی ناوەندی هاوكاری، بەڵام رەنگە جیاوازییەكە لەوەدا بێت كە تانها ئێمە لەگەڵ پژاك پەیوەندیمان هەیەو ناوەند پەیوەندی نییەو لەواقیعدا ئێمە پردی پەیوەندین لەنێوان پژاك و ناوەندی هاوكاریدا، ئێمە هەوڵمانداوە هاوسەنگییەك رابگرین لەو پەیوەندییەداو راگرتنی ئەو هاوسەنگییە بەمانای ئەوە نییە كە ئێمە هەڵوێستی خۆمان نییە لەنێوان هەڵوێستی ئەو دوو رێكخراوەدا، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە ئێمە نامانەوێت بارودۆخێك بخوڵقێت كەهێزێك وا پەراوێز بخرێت و بخرێتە گۆشەوە كە لەدواییدا كرداری كاردانەوەكانی بەرامبەر ئەو بارودۆخە هەم قابیلی پێشبینی نەبێت و هەمیش مەترسیداربێت. هاوڵاتی: مەبەستتان كێیە كە بخرێتە پەراوێزەوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەو هێزە لەواقیعدا پژاكە كەناوەندی هاوكاری و حزبەكانی دیكە مەیلێكیان بەهاوكاریكردن لەگەڵیدا نییە. هاوڵاتی: هۆكارەكەی چییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: هۆكارەكە دەبێت لەخۆیان بپرسیت، بەڵام بەشێكی كەئێمە لێمان بیستوون ئەڵین حزبێكی رەسەن نین، واتە سەرچاوەی بڕیاریان لەجێگایەكی دیكەوەیەو لەلایەن پەكەكەوەیە ئەوەش زۆر لەجێی خۆی نییەو هەر پەیوەندییەكی ئایدۆلۆژی و سیاسیان لەگەڵ هەر حزبێكی دیكە هەبێت ئەوان رێكخستنیان هەیەو هێزی گەریلایان هەیەو هەمیش میدیاو هەموو شتێكی تایبەت بەخۆیان هەیەو بەئاڕاستەی رۆژهەڵاتی كوردستان كراوەو ئینجا دەزانین كە ئەو پەیوەندیانە ئاساییە و دەبێت ئاسایی بێت چونكە كورد میلەتێكە لەچوارپارچەی كوردستاندا دەچەوسێتەوە و هەر حیزبێكی سیاسی كەسی نزیكی خۆی لەپارچەیەكی دیكەی كوردستان بێت ئەوە شتێكی سەیر نییەو ئەوەتا دەبینی حزبی دیموكراتی كوردستان هەیەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەیە یەك ناویان هەیەو لەرۆژئاواو باكور و باشور ئەو پەیوەندیانە هەیە و زۆریش ئاساییە. هاوڵاتی: پێتوایە ئەم هەڵوێستانەی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر كاریگەری هەژموونی (پارتی دیموكراتی كوردستان)دایە بۆیە ئامادەنین لەگەڵ پژاكدا هەماهەنگیان هەبێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: من نازانم تاچەند لەژێر كاریگەری ئەوەدان، بەڵام ئەوە دەزانم كەدەبێت ئەو كێشەیە چارەسەربكەن و دەبێت لەوە تێپەڕبن كە كێ رەسەنە و كێ ناڕەسەنە. هاوڵاتی: چی كاتێك بەپێویست دەزانن هێزی سەربازی خۆتان (پێشمەرگەو گەریلا) دەستوەردان بكات لەڕۆژهەڵاتی كوردستان؟ ئیبراهیم عەلیزادە: یەكێك لەدەستكەوتەكانی هەماهەنگی ئەو دەورەیە، كەشانازی پێوەدەكەین كەتوانیومانە لەنێوان حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا ئەو هەماهەنگییە دابین بكەین، ئەوە بووە كە هەموو ئەو لایەنانەی كە لەگەڵ یەكتر دانەنیشتوون و گفتوگۆیان نەكردووە بێینە سەر ئەو قەناعەتە  كەئێستا نابێت جۆرێك لەجۆرەكان دەستتێوەردانی سەربازی بكرێت لەو بزوتنەوەیەی كە لەئارادایەو بەخۆشحاڵییەوە لەو رووەوە هەموومان هاودەنگین و پێمان وایە كەئێستا ئەو  بزوتنەوە كۆمەڵایەتییە گەورەیەی كە كەوتۆتەڕێ دەبێت بەهێزی خودی جەماوەر بەئاكامە دیاریكراوەكانی خۆی بگات نەك بەدەستتێوەردانەكانی هێزی پێشمەرگە، بەڵام شارەكانی هەموو كوردستان بەهێزی جەماوەر رزگار بوو و دەستكەوت گەلێك بەدەستهات ئەوكات جەماوەر پێویستە ئەو دەستكەوتانەی خۆی بپارێزێت. هاوڵاتی: لەحاڵەتێكدا كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری زۆری كردو گەیشتە قۆناغێك هیچ دەست نەپارێزێت و كوشتارێكی زۆر ئەنجامبدات، ئێوە لەو كاتەشدا دەستوەردانی سەربازی ناكەن؟ ئیبراهیم عەلیزادە: بەوە چارەسەر ناكرێت چونكە كۆماری ئیسلامی دەیەوێت كۆمەڵكوژییەكی گەورە بكات لەكوردستاندا و ئامرازی سەركوتگەری زۆر بەدەستەوەیە و پێموایە كاری دروست ئەوەیە كە نابێت بهێڵین بگاتە ئەو قۆناغە و ناهەماهەنگی نێوانی بزوتنەوەكە لەتاران و شارە گەورەكانی ئێران و هەروەها لەكوردستانی ئێران وایلێبێت كە كوردستان ببێتە مەیدانیكی شەڕ، كۆماری ئیسلامی ئەوەی دەوێت هەم لە بەلوجستان و هەم لەكوردستانیش دەیەوێت و تەنانەت بەفشاری جەماوەر بەهەر شیوەیەك لەشێوەكان هێزە كوردستانییەكان پەلكێش بكات بۆ شەڕێكی مەیدانی و واقیعی و بەو جۆرە جیایان بكاتەوە لەخەباتی شوێنەكانی دیكەی ئێران و بەو شێوەیە سەرنجی خەڵك بەرەو مەیدانی شەڕ و بەرەو كوردستان رابكێشێت، و لەژێر ئەو سیاسەتەدا بزوتنەوەی سەرتاسەری وردە وردە سەركوت بكات، بۆیە پێموایە ئێمە دەبێت هەوڵبدەین نەچینە ئەو قۆناغەوە و ئەوە پیلانی كۆماری ئیسلامییە و پێموایە كەئەگەر ئێمە پشتیوانی بكەین لەتاران و لەشارە گەورەكان بەگەرموگوڕی و هەروەها خۆشمان بزانین كە بەسیاسەتێكی ژیرانە بزانین چۆن بزوتنەوەكەمان  هەنگاو بەهەنگاو ببەینە پێشەوەو ئەو پیلانە پوچەڵ دەبێتەوە. هاوڵاتی: ئامادەیی ئێوە لەناو ئەم ناڕەزایەتییانەدا چییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە بەهەموو شێوەیەك تیایدا بەشدارین و ئێمە هەر ئەو تەشكیلاتە نین كەئێستا لەدەرەوەی وڵات دوورخراوەین، كۆمەڵە یەكێك لەو رێكخراوانەیە كە ریشەی لەناو كۆمەڵگای كوردستاندا هەیە، رێكخستنی هەیە نفوسی كۆمەڵایەتی هەیە، دروشمەكانی گوێی پێدەدرێت، بانگەوازەكانی وەڵام وەردەگرێتەوە، لەڕێگای میدیایەكی نیسبەتەن بەهێزەوە  لە رادیۆو تەلەڤزیۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەوڵدەدەین كاریگەری لەسەر دانێین و هەڵەكان راستبكەینەوەو دەستكەوتەكان بكەینە بەرچاوو هاوڕێیانیشمان و تەشكیلات و رێكخستنەكانیشمان لەناوەوە بەشی هەرە چالاكی ئەو حەرەكەتەن. هاوڵاتی: خەباتی ئێوە بۆ رزگاری رۆژهەڵاتی كوردستانە بەدیاریكراوی یاخود حزبەكەی ئێوە وەك كۆمەڵە خواستتان تەنها گۆڕانی رژێم و رزگاركردنی هەموو ئێرانە؟    ئیبراهیم عەلیزادە: خەباتی ئێمە خەباتێكە سەرانسەرییەو لەواقیعدا دوو باڵمان هەیە باڵێكمان باڵی سەرانسەریمانە ناوی حزبی كۆمۆنیستی ئێرانە لەو ئاستەدا ئێە هەوڵدەدەین كاریگەری دابنێین لەسەر رەوتی رووداوەكان، خەباتێكیشمان هەیە لەكوردستان دیارە بەهۆی بەهێزبوونی بزوتنەوەی كوردستان و پێشینەیەكی شۆڕشگێڕانە كەهەیەتی تەشكیلاتی ئێمە لەكوردستان بەهێزەو بەراورد ناكرێت لەگەڵ تواناكانمان لەئاستی سەرانسەری، بەڵام ئێمە پێمانوایە هیچ گۆڕانكارییەك یان هیچ دەستكەوتێك لەكوردستان سەقامگیرنابێت بۆ ماوەیەكی درێژ جێگیرنابێت مەگەر ئەوەی كە گۆڕانكاری لەدەسەڵاتدا لەئێراندا پێكبێت نموونەشمان دیت لەساڵی ١٩٨٠ كەبەشیكی زۆری كوردستانمان بەدەستەوە بوو و لەساڵانی دواتر بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی سەرانسەری دامركاوەو بەو هۆیەوە كۆماری ئیسلامی لەمەیدانەكانی دیكەدا سەركەوتوو بوو لەسەقامگیركردنی خۆی و كورستانیش وردە وردە ئەو دەستكەوتانەی لێسەندرایەوە و دەبێت هەردوو لایەنیمان هەبێت. هاوڵاتی: لەحاڵەتی گۆڕینی رژێمی ئێراندا ئێوە وەكو كۆمەڵە لەگەڵ چ جۆرە سیستەمێكن و چ جۆرە سیستەمێكتان پێباشە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە پێمان وایە ئەو شۆڕشە لەقۆناغی یەكەمدا شۆڕشێكی سیاسییەو دەیەوێت دەسەڵات بگۆڕێت لەسەر بنەمای كۆمەڵێك دەستكەوتی دیموكراتی، ئێمە لەبەرنامەیەكدا كە لانی كەمی خۆمان فۆرمەلەمان كردووە، ئەمانە هەم هەموو ئازادییە دیموكراتییەكانی تێدایە و دەبێت هەمووی دابین ببێت، ئازادی بەیان و ئازادی رێكخراوبوون و ئازادی بێمەرجی سیاسی و ئازادی بیروباوەڕ و عەقیدە و كۆمەڵێك دەستكەوت و گۆڕانكاری لەژیانی ئابووری و ژیانی خەڵكدا تێدایە وەكو خزمەتگوزاری و مافی كرێكاران و مەسەلەی خوێندنی بەخۆڕایی تا زانكۆ و هەموو ئەوانەمان فۆرمەلەكردووە لەبەرنامەیەكدا، بۆ كوردستانیش هەر ئەوانەمان هەیە بە ئیزافەی ئەوە كە مەسەلەی ستەمی نەتەوایەتی لەكوردستان لەبەرچاو گیراوەو تیایدا مافی دیاریكردنی چارەنووس تەئكیدی لەسەركراوە، كەمانای ئەوەیە خەڵكی كوردستان ئازادبن بۆ ئەوەی كە لە ریفراندۆمێكی تەواو ئازاددا كە هەلومەرجێكی تەواوی بۆ خولقابێت و لەو ریفراندۆمەدا بڕیار بدەن كەوا دەمێننەوە لەگەڵ ئێران یاخود نا. هاوڵاتی: لەدوو بەشی كوردستاندا ئەزموونی حوكمی كوردی هەیە واتە لەباشور و رۆژئاوای كوردستان، ئێوە پێشبینی دەكەن ئەزموونی كامیان لەرۆژهەڵاتی كوردستاندا دووبارە ببێتەوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەزموونی بكەین لەواقیعدا دەبێت ئەزموونی تایبەت بەخۆمان هەبێت، بەڵام ئەگەر بێت و قەزاوەتێكیش بكەین لەسەر ئەو دوو ئەزموونە كە لەو دوو بەشەی كوردستاندا هەیە ئێمە ئەزموونە كۆمەڵایەتییەكانی رۆژئاوای كوردستان وەكو ئەو مافانەی كە بۆ ژنان دەستەبەر كراوە وەكو ئەو ئیمكاناتەی كە بۆ بەشداری ژنان لەهەموو ئاستەكانی دەسەڵاتدا دابینكراوە وەكو خۆبەڕێوەبەری واتە ئەنجومەن و شوراكانی محەلی كەتیایدا خەڵك بەئازادی دەتوانێت بڕیاربدات لەسەر ئیدارەی ئوموری خۆی و چارەنووسی خۆی، وەكو چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان نەتەوەكان ، نەتەوەی عەرەب و ئاشووری و كورد و هەموو ئەوانە، ئەمە كۆمەڵێك ئەزموونە كە نیشانی دەدات لە كوردستان عەمەلییە و ئێمە پێمانخۆشە كە لەو ئەزموونانە سوود وەربگرین بەڵام من پێموایە كە ئەو شۆڕشەی كە لەئێستادا لەئێران هەیەو چەغماغەكەی لەكوردستانی رۆژهەڵاتەوە لێدراوە دەتوانێت ئەو دەستكەوتانە گەلێك قوڵترو واقیعیترو بەكرداریتر بێنێتە ئاراوە. هاوڵاتی: ئێران بەردەوام هەڕەشە لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتیش ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كەئەوان لەسەر داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزەكانیان لەسەر سنووری ئێران گواستۆتەوە، ئایا ئێوە وەكو كۆمەڵە هێزی خۆتان لەسەر سنووری ئێران دوورخستووەتەوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە زۆر دەمێكە پێمان وانییە كە هەرێمی كوردستان ئەو جێگایەیە كەوەكو سەنگەرێكی سەربازی پێشمەرگانە دەتوانین كەڵكی لێوەربگرین، ئێمە پێمان وابووە كە دەبێت لێكتێگەیشتنێكمان هەبێت لەنێوان بەرژەوەندییەكانمان و بەرژەوەندییەكانی حكومەتی هەرێم كە نایەوێت لەگەڵ دەوڵەتێكی دراوسێی خۆی بخرێتە حاڵەتی شەڕەوە، بۆیە ئێمە ئێستا خەباتی چەكداریمان لەرووی زەروریەتێكی دیكەوەیە نەك لەو رووەوە كە بەكاریبێنین دژی كۆماری ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی بەهانەگیری دەكات ئەگینا دەزانێت ئێمە سیاسەتمان ئەوە نییە كەهێزی چەكدار دژی كۆماری ئیسلامی لێرەوە لەسنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەكاربێنین. هاوڵاتی: ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوا تائێستا ئەوەی تێبینی دەكرێت بەڕوونی پەیامیان نەگەیاندووە كە لەگەڵ رووخانی رژێمی ئێرانن، ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێشتا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەگشتی وەكو بەدیلی دەسەڵات بوونی خۆیان نەسەلماندووە یاخود خۆرئاواو ئەمریكا بەدیلێكیان نەدۆزیوەتەوە بۆ سیستەمی حوكم لەدوای كۆماری ئیسلامی ئێران یاخود هۆكارەكە چییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوانەی باستكرد هەمووی هۆكارن واتە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی خۆی وەكو بەدیلێكی مسۆگەری دەسەڵات نەناساندووە بۆ هیچ وڵات و دەوڵەتێكی زلهێز ئەمە خاڵی یەكەم، خاڵی دووەم ئەوەیە بەشێوەیەكی گشتی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریكا لەوەدانییە كە كۆماری ئیسلامی بڕوخێت ئەگەر خۆیان نەكەونە بارودۆخێكەوە كەناچاربن هەڵبژێرن لەنێوان كۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنەكەی ئەوەی كەبژاردەیانە هەر ئەو رژێمەیە، لەبەرئەوەی ئەو رژێمە دوو كاری زۆر گرنگی بۆ كردوون  یان بۆیان دەكات یەكێكیان ئەوەیە كە ئینسیجامی وڵاتێكی بۆ راگرتوون یان نەیهێشتووە پارچە پارچە بێت وەكو عێراق و لیبیاو لەژێر سایەی ئەو ئینسیجامەدا ئەوان دەتوانن بەرژەوەندییە درێژ ماوەكانی خۆیان باشتر بپارێزن، دووەمین شت كە بۆی دابینكردوون  ئەوەیە كە ململانێی ناوچەیی دروستكردووە كەتیایدا ئەوان بەئارەزووی خۆیان چەك دەفرۆشن و بەملیارەها چەكیان بە عەرەبستانی سعودی و بەوڵاتانی خەلیج و بەشوێنی دیكە فرۆشتووە و بەردەوامیشن  لەژێر راگرتنی هەڕەشەی ئێراندا، لەهەمانكاتدا كە زەرەرێكی گەورە بە ئابووری ئەوان ناگەیەنێت و دەرگایەكی گەورەی بۆ كردوونەتەوەو تەنانەت ژێر بەژێر معامەلاتیان لەگەڵ ئێرانیش بەردەوامەو بۆیە ئەگەر چاو لەبەرژەوەندیەكانیان بكەین بەهیچ جۆرێك بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ مانەوەی كۆماری ئیسلامی ناتەبا نییەو ئەگەر بەئارەزووی ئەوان بێت هەر كۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێرنەوە بەڵام بۆچی ئێستا جاروبار هەڵوێست دەردەبڕن لەبەرئەوەی ئەوانیش دەزانن كە ئەگەر شەپۆل بەشەپۆل ئەو خەباتە بچێتە پێشەوە دەكرێت رێی هەڵوێست گۆڕین ئاسان نەبێت، بۆیە لەئێستاوە گۆشەنیگایەكیان بەرەو ئۆپۆزسیۆنە بۆ ئیحتیات بەرامبەر ئەو بارودۆخەی مومكینە لەكۆنترۆڵی ئەوان و كۆنترۆڵی كۆماری ئیسلامیش دەربچێت. هاوڵاتی: هۆكار چییە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەشێوەیەكی گشتی خۆتان وەك بەدیل نەناساندووە؟  هەروەها لەو ماوەیەی كە خۆپیشاندانەكان دەستیپێكردووە هیچ كۆبوونەوەیەكی فراوانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان كراوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: من پێموایە بەدیل لەدەرەوەی وڵات شكڵناگرێت‌ و بەدیل لەناو جەرگەی خەباتی جەماوەردا وردە وردە سەرهەڵدەدات، ئەگەر قسە لەسەر گۆڕانكارییەكی شۆڕشگێڕانە یان دراماتیك لەدەزگای سیاسی ئێراندا بێت ئەوە لەئاكامی گەشەكردن و بەرەوپێشچوونی قوڵبوونەوەی ئەو خەباتەیە كەلەناوەوەیە، هۆكاری ئەوەی كە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تائێستا نەیتوانیوە هێشتا ئەو لەحزەیەش لەڕووی رێكخراوەیی و لەڕووی نفوسی سیاسیشەوە لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە بێگانەیە، هۆكارەكەشی سەركوتی ٤٣ ساڵەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە ٤٣ساڵ كوشتن و بڕین و سەركوت و زیندان و رێگای نەدا كە ئۆپۆزسیۆن رێگای خۆی بۆ ناو جەماوەر بكاتەوە، ئێستا بارودۆخەكە كەمێك گۆڕاوە و ئۆپۆزسیۆن كەوتۆتە خۆی هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین ئۆپۆزسیۆنی دوورخراوەو دوورە وڵات چەندە پێگەو جێگەیان لەناو جەماوەر هەیەو چەندە دروشمەكانیان لێرە رەنگدانەوەی هەیە، سەبارەت  بەكوردستان جیاوازی هەیەو كوردستان لەو ٤٣ ساڵەدا هەر بەرگری كردووەو حزبی سیاسی بەهێزو پەروەردە كردووەو حزبەكان كەم تازۆر متمانەی خەڵكیان راكێشاوە، بەڵام لەئاستی ئێراندا ئەو پێگەیەمان نیە. سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتان، تائێستا ئەوەندەی ئێمە بزانین هیچ كۆبوونەوەیەك لەلایەن بەرەی چەپ و بەرەی راستی ئەو  ئۆپۆزسیۆنەی دەرەوەی وڵات پێكنەهاتووە، بەڵام لەنێو خۆیاندا هەردوولا بەرەی راست و بەرەی چەپ، بەرەی راست كەوتووەتەخۆ و پەلەیەتی كۆبوونەوەو دانیشتن دەكەن و بڕیار دەدەن، ئەو پەلەیە بەبڕوای من لە جێگەی خۆیدا نیە، مەبەست لەبەرەی راست وەكو لیبراڵییەكانی ئێران و وەكو موجاهیدینی خەڵق و سەڵتەنە تەڵەبەكان و گروپی تری درورو نزیك لەوان، تەنانەت بەشێك لەكوردەكانیش ئەمانە بەناو كۆبوونەوە دەكەن بۆ شكڵپێدانێك بە بەدیل، بەڕای من ئەمە بە سادەیی خوێندنەوەی بارودۆخەكەیە كە پێت وابێت بەدیل ئاوا دروستدەكرێت، ئەوە لەوێناكردنێكدایە كە ئێمە چاوەڕوانی دووپاتبوونەوەی ئەزموونی عێراق بكەین لەئێران، بەڵی ئەگەر قسە لەسەر ئەزموونی عێراق بكەین دەستتێوەردانی ئەمریكا هۆكار بوو بۆئەوەی ئەو ئەزموونە بەو عاقارەدا بەرێت، چونكە ئەگەری نییە ئەزموونی عێراق لەئێران دووبارە ببێتەوە، بۆیە ئەو هەوڵانەی ئەوانیش بێ سوودە و تائەوكاتەی جەماوەر لەناوەوە رەهبەرانی خۆی و رێكخراوەكانی خۆی پێكنەهێنێت و وردە وردە دەموچاوەكان نەناسرێن و ناوەندەكانی رێكخستنی ئەو خەبات و سەرهەڵدانە خۆیان دەرنەخەن هیچ بەدیلێك بۆ داهاتووی ئێران شكڵناگرێت. هاوڵاتی: بۆ ئەوەی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە سەركەوتوو بێت دەكرێت چی بكرێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە بۆ سەركەوتن پێویستیمان بەچەند شتێكە، یەكەم پێویستیمان بەكاتە بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێت خۆی رێكبخات و بۆ ئەوەی هێزەكانی دوژمن ماندوو بكەین و بەئەوەی كەسایەتییەكانمان و حزبە سیاسییەكانمان لەسەر ئاستی ئێران متمانەی خەڵك بۆ خۆیان رابكێشن، دووەم نابێت خەڵك چاوەڕوانی سەركەوتنێكی ئاسان بێت واتە بڵێین ئەمڕۆ و سبەینێ ئەم قەزیەیە تەواو دەبێت، دەبێت بڵێین  بۆ ئەوەی ئەم سەركەوتنە بەدەستبێت دەبێت گەلێك لەوەی ئێستا هەیە جەماوەری دیكە بەشداری بكات و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) دروشمێكی سەرنجڕاكێشە بەڵام هەموو نیازو ئاواتەكانی سەركوتكراوو هەموو مافە پێشێلكراوەكانی جەماوەری ئێران نوێنەرایەتی ناكات خەڵك مەعێشەتی دەوێت، خەڵك نانی دەوێت، ژیانی ئابوورییەكەی داڕماوە دەبێت ئێمە رێگایەك نیشان بدەین كە بڵێین ئەو دەسەڵاتەی دوای كۆماری ئیسلامی دێت دەتوانێت لەو بوارانەدا ئاڵوگۆڕی جددی لەژیانی خەڵكدا پێكبهێنێت، ئێمە پێمان وایە  ئەگەر ئەو زەمانەمان بەدەستەوە بێت و ئەگەر لە رەوتی رووداوەكان نە پێش كەوین و نە دوابكەوین داهاتوویەكی روون بۆ ئەو سەهەڵدانەی ئێستا بەدیدەكرێت.

هاوڵاتی لەپارێزگاى جۆلەمێرگ-ی باکورى کوردستان لە سەرەتاى ئەمساڵەوە 48 ئۆپەراسیۆنى سەربازیى لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە و زیاتر لە 60 هاوڵاتییش ئەشکەنجەدراون و دەستگیرکراون. ئاژانسى هەواڵى مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ لەکاتێکدا تورکیا بانگەشەی ئارامیی پارێزگاى جۆلەمێرگ بانگەشەى دەکات لەسەرەتا ئەمساڵەوە لەو سنورە 48 ئۆپەراسیۆنى سەربازیی ئەنجام داوە و جگە لەو ئۆپەراسیۆنەش هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوتە سەر 68 گوندی ئەو پارێزگایە. بەپێى ئامارەکان، لە سنورى پارێزگاى جۆلەمێرگ کە هاوسنورە لەگەڵ هەرێمى کوردستان، لە ئەنجامى ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لانیکەم 100 دانیشتوی گوندەکانی ئەو ناوچانەی دەستگیر کردون و 61 کەسیش هەر لە لایەن ئەو هێزانەوە ئەشکەنجە دراون. هاوکات هەر لەلایەن هێزە ئەمینییەکانی تورکیاوە رێگریی لە تۆمارکردنى سکاڵاى هاوڵاتییان کراوە و ژمارەیەکیش نوێنەرى رێکخراوەکانى مافەکانى مرۆڤ دەستگیر کراون. ساڵانە بە بیانوی ئۆپەراسیۆن لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەیان دانیشتوی گوندەکانی باکوری کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی تورکیا دەستگیر و ئەشەکەنجە دەکرێن.

هاوڵاتی بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچەش ئەگەری بەفربارین هەیە،و پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە. کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر شەپۆڵێکی باران بارین، کە کاتی دابارین لە دوانیوەرۆوە دەستپێدەکات و سنوری پارێزگای سلێمانی زۆرترین ئاستی دابارینی دەبێت لەچاو ناوچەکانی تر، لە کاتەکانی ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە کۆتایی بە کاریگەری ئەم شەپۆڵە دێت. لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی باران لەکاتەکانی نیوەڕۆ لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاویەکان، لەدوای نیوەڕۆ کاریگەری باران بارین زیاتر دەبێت لەسەر زۆربەی ناوچەکان. هەروەها لە پارێزگای هەولێر ئاسمان هەور دەبێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆ لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاویەکان نمە باران دەستپێدەکات پاشان لەناوچە جیا جیاکاندا باران دەبارێت . لە پارێزگای دهۆکیش ئاسمان هەور دەبێت، باران بارین لە دوای نیوەڕۆ لەسەر ناوچە شاخاویەکان دەستپێدەکات پاشان ئاستی دابارین زیاتر دەبێت و لە ئێوارەدا پێشبینی باران بارین لەسەر تەواوی ناوچە جیا جیاکان دەبێت لە پارێزگای  کەرکوکیش ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی نمە باران لە ناوچە جیا جیاکاندا لە کاتەکانی دوای نیوەرۆ. بۆ سبەینێ پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلەی دیکە نزم دەبێتەوە و بەم جۆرە دەبێت: هەولێر: 19 پلەى سیلیزى سلێمانی: 16 پلەى سیلیزى دهۆک: 18 پلەى سیلیزى کەرکوک: 22 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 18 پلەى سیلیزى زاخۆ: 19 پلەى سیلیزى سۆران: 17 پلەى سیلیزى گەرمیان: 23 پلەى سیلیزى  

هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندی لەسەر داوای وەزارەتی خوێندنی باڵا نادات بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان، سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی دارایی دەڵێت خوێندنی باڵا خۆیان داهاتیان هەیە، هاوكات ماوەی چەند رۆژێك خوێندكارانی زانكۆكانی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە لەبەرامبەر پێنەدانی دەرماڵەو چەند گرفتێكی تریان دەستیان بەخۆپیشاندان كردو لەهەولێریش رێگری لەخوێندكاران كرا خۆپیشاندان بكەن، وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت: دەرماڵەی هەموو خوێندكاران پێنج ملیار دینارە. محەمەد تەها نوێنەری خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»لە وەرزی نوێی خوێندندا خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی هیچ دەرماڵەیەكیان وەرنەگرتووە، و زانكۆی سلێمانی كێشەی بەشە ناوخۆییەكانیشی هەیە، كە بەشی ناوخۆیی بەس بۆ خوێندكارانی زانكۆلاینە، جگە لەوەی قۆناغی یەكی ئەمساڵ بەشە ناوخۆییان نییەو هەر خوێندكارەو رەوانەی بەشە ناوخۆییەكی دیكە كراون، ئێستاش كە پشوو تا رۆژی یەكشەممە راگەیەندراوە بەخوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان وتراوە بچنەوە بۆ ماڵەوە». بەوتەی عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو تووێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای لەئەنجومەنی وەزیران كردووە رەزامەندی بدات بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی ساڵی خوێندنی 2022 بۆ 2023 بەڵام تائێستا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نەداوە. سەبارەت بەڕاگیرانی دەوامی خوێندكاران عەباس ئەكرەم بۆ هاوڵاتی وتی:» دەوامی‌ خوێندن لەزانكۆكانی‌ سلێمانی‌، گەرمیان، هەڵەبجە و راپەڕین بەبڕیاری ئەنجومەنی زانكۆكان خۆیان راگیراوە». بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم، «جیاوازی دەكرێت لەپێدانی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، تا 100 هەزار دینار بۆ زانكۆكانی سلێمانی خەرجدەكرێت 100 ملیۆن دینار بۆ زانكۆكانی هەولێرو دهۆك خەرج دەكرێت و وەزیری خوێندنی باڵاش لەوبارەیەوە بێدەنگە». هاوكات سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت:»خەڵك بەهەڵە تێگەیشتووە لەوەی دەرماڵە پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە هەیەو دەرماڵە راستەوخۆ پەیوەندی بەئەنجومەنی وەزیرانەوە هەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا داهاتی خۆی هەیە». وتیشی:»ئەو داهاتە دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران و خۆیان نووسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن و ئەوانیش نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی دەكەن بۆ جیاكردنەوەی پارەكە ئەگەرنا ئەوە ئێمە نین كەبڕیار لەدەرماڵەی خوێندكاران بدەین». پێشتر د.توانا نەجەف، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان پێش دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن نووسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی ساڵی رابردووی تایبەت بەپاڵپشتیی دارایی خوێندكاران نوێبكرێتەوە.  وتیشی: ساڵی رابردوو مانگانە نزیكەی حەوت ملیارو 250 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتیی دارایی خوێندكاران تەرخانكردبوو، بەڵام ئەمساڵ كەمتر لەو بڕەیان پێویستە كە نزیكەی پێنج ملیار دینارە. لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 152 هەزار خوێندكاری زانكۆو پەیمانگە حكومییەكان هەن، لەو ژمارەیە نزیكەی 113 هەزار خوێندكار وەرگرتنی دەرماڵە دەیانگرێتەوە، دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان لەساڵی 2014 بەپاساوی قەیرانی داراییەوە بڕدرا بۆ خوێندكاری ناوشار مانگانە 40 هەزار دینارو خوێندكارانی دەرەوەی شاریش 60 هەزار دیناربوو، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی رابردوو خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان بەتایبەتیش لەسنووری پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان كرد وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستی بەدابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران بۆ یەك ساڵ كرد.

هاوڵاتی دوای ئەوەی دژی گرانی نرخی نەوت لە پێنجوێن خۆپیشاندان دەستیپێکرد و هاوڵاتیان دەڵێن، ئامادە نین بەو نرخە نەوتی سپی لەرێگای فۆڕمی خۆراکەوە وەربگرن، قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن رایگەیاند"سبەینێ نەوت دابەش ناکرێت".. ئەمرۆ سێشەممە، قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە ئاگادارکراینەوە کە سبەینێ چوار شەممە رێکەوتی ١٦ی ١١ی ٢٠٢٢ بەهۆی بوونی خۆپیشاندانەوە لە پێنجوێن ناتوانن نەوت بنێرن. دانیشتوانی پێنجوێنیش ڕایدەگەیەنن، ئەگەر حکومەت نرخی نەوتەکەیان لە ١٠٣هەزار کەمتر نەکاتەوە نایانەوێت و وەری ناگرن چونکە دانیشتوانەکەی هەژارن و داهاتیان تەنها لەسەر کشتوکاڵە و ئەمساڵ بە تەواوی کشتوکاڵەکەیان لە زیاندا بووە. ئەمەشلە کاتێکدایە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، لە قەزای پێنجوێنەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەن و بۆ هەر بەرمیلێک نەوتیش ١٠٣ هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگرن.