هاوڵاتی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە هاوكات لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی نایە 60 هەمین ڕۆژەوە، لە زۆربەی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خەڵک بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دووکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە و مانیان گرت. بەپێی ئەو دیمەنانەی تاوەکو ئێستا بڵاوبوونەتەوە، لە شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان، مهاباد، شنۆ، بانه، دیواندەرە، کامێران، جوانڕۆ و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکردووە و خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان نەکردووەتەوە. بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن چالاکڤانانی مەدەنی، هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکانەوە بڵاوکرابوونەوە، داوا لە خەڵک کرابوو ئەمڕۆ 15-11-2022 لە ساڵیادی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری 2019 کە بە خۆپێشاندانەکانی ئابان ناسراوە، بۆ ماوەی 3 رۆژ مانگرتن و خۆپێشاندانی سەرانسەری لە هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبچێت. هاوکات لە رۆژی دووشەممەوە، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، کە یەکێکە لە گەورەترین سەندیکا مەدەنییەکان، داوای لە سەرجەم مامۆستایان و قوتابییان کردووە رۆژانی سێشەممە بۆ پێنجشەممە مانبگرن و نەچنە سەر پۆلەکانیان. لە ئێرانیش، لە تاران، مەشهەد، کەرەج، ئیسفەهان و کرمان و چەند شار و ناوچەیەکی دیکە مانگرتن راگەیێندرا. تاوەکو ئێستا لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکردووە و ئەگەری هەیە لە نیوەڕۆ و ئێوارەی ئەمڕۆیشەوە خۆپێشاندانی گشتی دەستپێبکات.  

هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هەسەدە، ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندیەکيان بە تەقینه‌وەکەی ئیستەنبوڵەوە هەبێت و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکات. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەبارەی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ئیستەنبوڵ تویتێکی بڵاوکردەوە و وەڵامی تۆمەتەکانی دەوڵەتی تورکی دایەوە. عەبدی دەڵێت: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە هێزەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵەوە نییە و ئەو تۆمەتانەش ڕەتدەکەینەوە کە هێزەکانمان تۆمەتبار دەکەن. فەرماندەی گشتیه هه‌سەدە ڕاشیگەیاندووە: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان و گەلی تورکیا دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.  ئەوەش لە کاتیکدایە دەوڵەتی تورک تەڤگەری ئازادی کوردی لە باکور و ڕۆژئاوای وکردستان بە تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد، هەر ئەمڕۆس ناوەندی پاراستنی گەل ڕایگەیاند: گەلی ئێمە و ڕایگشتی دەزانن، كە هیچ پەوەندییەكی ئێمە بەو ڕووداوەوە نییە و ئێمە ڕاستەوخۆ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج ناگرین و هەرچالاكییەك كە هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبوڵی ناكەین. ناوەندی پاراستنی گەل ڕاسیگەیاند: ئێمە بزوتنەوەیەكین كە تێكۆشانی ئازاد بە شێوەیەكی ڕەوا و مافدار بەڕێوەدەبەین، خاوەن فكرێكین لەگەڵ كۆمەڵگەی توركیادا بەشێوازێكی دیموكراتی و هاوبەشی ئازاد و یەكسان خەبات دەكەین. باسی لەوەشکردبوو: لەناو توركیادا بە ئامانجگرتنی هاوڵاتی مەدەنی لەلایەن ئێمەوە نا مومكینە و ئاشكرایە لەبەرامبەر تێكۆشینی ڕەوای ئێمەدا، ڕژێمی ئاكەپە و مەهەپە تەنگەتاوبووە، بەتایبەتی ئاشكرابوونی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و سوتاندنی سەربازانی خۆیان.

هاوڵاتی ناوەندی پاراستنی گەل سەبارەت بە  تەقینەوەكەی دوێنێی تەقسیم لە ئەستەنبوڵی توركیا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە ڕایگەیاند كە هیچ پەوەندییەكیان بەو ڕووداوەوە نییە و بە هیچ شێوەیەک  ڕاستەوخۆ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج ناگرن و هەرچالاكییەك كە هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبوڵی ناكەن. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی نەپەگە: " گەلی ئێمە و ڕایگشتی دەزانن، كە هیچ پەوەندییەكی ئێمە بەو ڕووداوەوە نییە و ئێمە ڕاستەوخۆ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج ناگرین و هەرچالاكییەك كە هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبوڵی ناكەین. هەروەها، ئێمە بزوتنەوەیەكین كە تێكۆشانی ئازاد بە شێوەیەكی ڕەوا و مافدار بەڕێوەدەبەین، خاوەن فكرێكین لەگەڵ كۆمەڵگەی توركیادا بەشێوازێكی دیموكراتی و هاوبەشی ئازاد و یەكسان خەبات دەكەین ، لەناو توركیادا بە ئامانجگرتنی هاوڵاتی مەدەنی لەلایەن ئێمەوە نا مومكینە و ئاشكرایە لەبەرامبەر تێكۆشینی ڕەوای ئێمەدا، ڕژێمی ئاكەپە و مەهەپە تەنگەتاوبووە، بەتایبەتی ئاشكرابوونی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و سوتاندنی سەربازانی خۆیان “دەوڵەتی تورك بۆئەوەی ئەو وێنەیەی دروستی كردووە بگۆڕێت، پلانێكی قێزەوینی ئەنجامدا و بە بەئامانجگردتنی كوبانێ نیازی پشت پلانەكەیان ئاشكرابوو، هەوڵەكانیان بۆ ناساندی ئەو كەسەی دەستگیركراوە وەك كورد یان سوریایی، ناتوانن ڕاستییەكان بشارنەوە و ئامانجەكەیان بەدینایەت”. لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: "ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە ئاماژە بە دەستپێكی پیلانێكی مەترسیدار دەكرێت و گرنكە هێزی دیموكراتی توركیا و ڕایگشتی لەبەرامبەر ئەو پلانە مەترسیدارە و بۆ ئاشكراكردنی ئەو سیناریۆیە تێكۆشین بكە".    

هاوڵاتی زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبەر پاراستنی سەر وگیانی خوێندکاران وئاسایش وئارامی زانکۆی سلێمانی ودروست نەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا بە راگرتنی پرۆسەی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: ڕاگرتنی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە ئەمڕۆدا جەختی کردەوە لە پشتیوانی داواکارییە ڕەواکانی خویندکار بەتایبەت پێدانی دەرماڵە وپشتیوانی دارایی بۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر پاراستنی سەر وگیانی خوێندکاران وئاسایش وئارامی زانکۆی سلێمانی ودروست نەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی، وە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە بەکۆی دەنگ بڕیاریدا بە ڕاگرتنی خوێندنی خوێندکاران لە سەرجەم کۆلێجەکان لە ڕۆژی ٣ شەممە ١٥-١١-٢٠٢٢ وڕۆژانی دواتر.

هاوڵاتی یونامی لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی بەیانیی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و زڕگوێز دەڵێت: سەرکۆنەی دەکەین و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. هەروەها ڕاشیگەیاند " عێراق نابێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکار بێت و دەبێت رێز لە یەکپارچەییشی بگیرێت" یونامی باس لەوەش دەکات " گفتوگۆ لە نێوان عێراق و ئێراندا سەبارەت بە پرسە ئاسایشییە دوولایەنییەکان تاکە ڕێگەی بەرەوپێشچوونە". دەقی تویتەکەی یونامی: "ئێمە ئیدانەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین کە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. عێراق نابێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکار بێت و دەبێت رێز لە یەکپارچەییشی بگیرێت. گفتوگۆ لە نێوان عێراق و ئێراندا سەبارەت بە پرسە ئاسایشییە دوولایەنییەکان تاکە ڕێگەی بەرەوپێشچوونە"

هاوڵاتی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دەداتە هەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت تا کۆتایی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان. ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێران لە بڵاوی کردەوە سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە بنکە و بارەگای پارتە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کردوەتە ئامانج. سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوەە کە هێرشەکانیان وەک پەیامێکە بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە شێوازی مامەڵە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتەکان ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگۆڕن. لەماوەی دوو مانگدا ئەمە دووەمین جارە سوپای پاسدارانی ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشەکانی رابردوشی 17 کوژراو و زیاتر لە 60 برینداری لێکەوتەوە.

هاوڵاتی حزبی دیموكرات: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ بە زەبروزەنگ و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی درێژەدان بە دەسەڵاتە جەهەننەمییەکەی دەدات دەقی بەیاننامەکە: خەڵکی مافخوازی کوردستان! وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان! کاتژمێر نیزیک ٨ و ٤٥ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان جارێکی دیکەش بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرتەوە. لەو پەلامارە مووشەکییەدا کە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، هەتا ئێستا پێشمەرگەیەک شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون. سپای پاسداران لەگەڵ بەئامانج‌گرتنی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە، هەروەها هێرشی مووشەکیی کردۆتەوە سەر بنکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێزیش لە نیزیک شاری سلێمانی. بەردەوامیی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حاڵێک‌دایە زیاتر لە دوو مانگە ڕاپەڕینێکی سەرانسەری کە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەئامانج گرتووە، لە ئێران لە ئارادایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان پەلەقاژەی مان و درێژەدان بە دەسەڵاتە جەهەننەمییەکەی دەدات. بەڵام وەک هەمیشە سەلماندوومانە ئەوان هەرگیز ناتوانن مافویستی و ئیرادەی ڕزگاریخوازی ئێمە بە چۆکدا بێنن. هەروەها خەڵکی ئێران بە هەموو پێکاتە و جۆراوجۆرییەکانەوە لێ‌بڕاون کۆتایی بە تەمەنی نگریسی ئەو ڕێژیمە بێنن. بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران وەڵامی دڕندەیی، کوشتن و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامییان لە خۆپێشاندانەکان و لەسەر شەقامەکان دەدەنەوە و دەیسەلمێننەوە کە ئیرادەی ئەوان لە زەبروزەنگی دیکتاتۆری بەهێزترە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناوەندی ئیداری ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١

هاوڵاتی ئێران بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان كردە ئامانج و تائێستا مردنی دوو کەس و هەشت بریندار ڕاگەیەندراوە. بەیانی ئەمڕۆ ئێران هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە وزڕگوێزی سنوری برادۆست سەرەتا كاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی ئەمڕۆ، قەڵای دیموكرات، كە بارەگای سەرەكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە لە كۆیە كرایە ئامانج و هاوڵاتییەک بە ناوی رێبوار محەممەد ئەمینی تەمەن 45 ساڵ شەهیدبوو. پاشان بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زەرگوێز بۆردوومانکرا و ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە دەڵێ: "چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو بەر بارەگاکانمان کەوتوون."  دواتر دوای بۆردوومانکردنی هەریەک لە کۆیە و زڕگوێز، سنووری برادۆستیش تۆپباران کرا.   هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە و زڕگوێز گرتەئەستۆ ورایگەیاند؛ بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی لە کۆیە بە موشەک و بارەگای کۆمەڵەی لە زڕگوێز بە فڕۆکەی خۆکوژ کردوەتەوە ئامانج سەبارەت بە زیانە گیانییەکان ناوەندنی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ دو کەس بەهۆی هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە شەهید بون.  گوتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕایگەیاند کە ئەمریکا "بە تووندی سەرکۆنەی" هێرشەکانی سەر کۆیە و زڕگوێز دەکات.

هاوڵاتی نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکانی سەردەم و لەم نەخۆشییەدا، رێژەی گلوکۆزی خوێن بەرز دەبێتەوە و لەش ناتوانێت ئەنسۆلینی پێویست بۆ دابەزاندنی شەکری خوێن بەرھەمبھێنێت یان لەش لە بەرامبەر ئەنسۆلینەوە خۆڕاگری دەکات و بەم بۆنەوە ئەنسۆلین ناتوانێت کاری ئاسایی خۆی راپەڕێنێت. ساڵانە رێژەی تووشبووان بەم نەخۆشییەوە لە هەڵکشاندایە و پزیشک و پسپۆڕانیش دوو هۆکار بە تووشبوونی ئەم نەخۆشییە دەزانن، یەکێکیان بۆ ماوەیی و قەڵەوییە، ئەوەی دیکەیش بەھۆی لەناوچوونی خانەکانی بێتا لە پەنکریاسدا بەدی دێت کە دەبێتە ھۆی کەموکوڕی بەرھەمھێنانی ئەنسۆلین. لە هەولێر سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە، تاکە سەنتەرە کە تایبەت بێت بە نەخۆشی شەکرە و زۆرینەی ئەوانەی بەدوای پشکنین و وەرگرتنی چارەسەردا دەگەڕێن، سەردانی ئەو سەنتەرە دەکەن و بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەرەکەش ئاشکرای دەکات کە لەماوەی ١٠ مانگی رابردوودا، هەزار و ٩٢٥ کەس تووشی نەخۆشی شەکرە بوون و تووشبوویەکی شەکرەش کە ماوەی هەشت ساڵە بە مەبەستی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر سەردانی شوێنەکە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە پزیشکەکەی هۆکاری تووشبوونی بە نەخۆشییەکە گەڕاندووەتەوە بۆ زۆر دانیشتن و کەمی جووڵە. تووشبووی شەکرە، شوان حەمید عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی هەشت ساڵە هاتوچۆی ئەم سەنتەرە دەکەم، لێرە پزیشکی باشی لێیە و سێ مانگ جارێک دێم پشکنینی سێ مانگەی شەکرە دەکەم و پزیشکەکەم هۆکاری تووشبوونەکەی منی گەڕاندەوە بۆ زۆر دانیشتن و جووڵەی کەم، هەموو سێ مانگ جارێک دێم پشکنینی سێ مانگە دەکەم و ئەمجارە رێژەکە دابەزیووە بەراورد بە سێ مانگی رابردوو". لە هۆڵی چاوەڕوانییەکەدا، بە دەیان نەخۆش لەسەر کورسییەکان دانیشتوون و چاوەڕێی ئەوەن نۆرەیان بگاتێ و سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، پزیشکەکەش بەهۆی زۆری نەخۆش و کەمی کاتەوە، نەیتوانی باس لە هۆکار و چارەسەرەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بکات. بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە، سامان عوسمان لەبارەی ئامار و داتاکانی یەک ساڵی رابردووی تووشبووانی شەکرە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە لە رۆژی جیهانیی تووشبووانی شەکرە، ئێمە جگە لە کار و چالاکییەکانمان، ئەوا ئاماری ساڵانەی تووشبووان بە نەخۆشی شەکرە رادەگەیەنین، ئامارەکانی ئەمساڵیش بریتیین لە هەزار و ٩٢٥ کەس لەم ژمارەیەش هەزار و ٥٤٢ کەس خەڵکی هەولێرن، ٣١١ کەس ئاوارە و ٧٢ کەسیش منداڵن". بە گوتەی بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە، کۆی گشتی تووشبووان بە نەخۆشی شەکرە لە هەولێر بریتییە لە ٤٨ هەزار کەس و رۆژانەش نزیکەی ٢٠٠ نەخۆش سەردانی سەنتەرەکە دەکەن و مانگانەش ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی دەرمانی پێویست سەردانی دەرمانخانەی سەنتەرەکە دەکەن بریتیین لە هەزار و ٦٧٠ نەخۆش. لەبارەی پۆڵینکاریی بۆ ئەو تەمەنانەی کە زیاتر سەردانی سەنتەرەکە دەکەن، سامان عوسمان گوتی: "ئەوانەی سەردانمان دەکەن لە هەموو تەمەنەکانن کە بریتیین لە منداڵ، گەنج و پیر، بەڵام ئێستا ماوەی دوو ساڵ دەبێت زۆرینەی ئەوانەی سەردانمان دەکەن منداڵن کە بچووکترینیان تەمەنی شەش مانگ بووە". بەپێی ئامارەکانی سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە لە ساڵی ٢٠١٧دا، ٣٤ هەزار کەس؛ لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٣٧ هەزار و ٥٥٥ کەس؛ لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٣٩ هەزار و ٧٠٠ کەس؛ لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٤٤ هەزار و ٦٢٦ و لە ئەمساڵیشدا، ٤٧ هەزار کەس وەک تووشبووانی شەکرە تۆمارکراون". نەخۆشی شەکرە بریتییە لە دوو جۆری سەرەکی، یەکەمیان شەکرەی جۆری یەک بە ھۆی لەناوچوونی خانەکانی بێتا لە پەنکریاسدا بەدی دێت کە دەبێتە ھۆی کەموکوڕی بەرھەمھێنانی ئەنسۆلین. لە جۆری دووەمیشدا لەش لە بەرامبەر ئەنسۆلینەوە خۆڕاگری دەکات و ناھێڵێت رێژەی شەکری خوێن دابەزێنێت. لە شەکرەی جۆری دووەمدا ھۆکارەکانی بۆماوەیی، قەڵەوی و تەمبەڵی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن. رۆژی ١٤ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک لە سەرانسەری جیھاندا بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە ناسراوە و لە ھەرێمی کوردستانیش بەهۆیئەوەی رۆژ بە رۆژ رێژەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن لە ھەڵکشاندایە، بەو بۆنەیە ھەڵمەتی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن.

هاوڵاتی گۆڤاری نیوز360 لە زاری بەرپرسێکی عێراقییەوە نووسیویەتی، حکوومەتی نوێی عێراق بەنیازە ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندیی وڵاتەکەی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەمترین ماوەدا چارەسەر بکات. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ململانێ نەوتییەکان بەردەوام یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بووە، بەڵام ئەم ناکۆکییانە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە مانگی شوباتی ڕابردوودا گەیشتە لووتکە، ئەو دادگایە ڕایگەیاندبوو کە چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نایاسایین. بەڵام گۆڤاری نیوز360 لە زاری بەرپرسێکی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە، حکوومەتی محەمەد شیاع ئەلسوودانی بەنیازە بە زووترین کات ئەو ناکۆکییانە چارەسەر بکات. ئەم بەرپرسە عێراقییە ئیدیعای ئەوە دەکات کە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئاماژەیش بەوە دەکا کە ئەگەری هەیە لە ماوەی شەش مانگدا کێشە نەوتییەکانی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندیی عێراق یەکلایی بکرێتەوە. ئەو بەرپرسە باس لە ئامادەیی حکوومەتی نوێی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و گۆڕینی شاندی دانوستانکار و هەوڵدان بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز لە ماوەی شەش مانگدا دەکات. بەڕای بەرپرسە عێراقییەکە، یاسای نەوت و گاز دەتوانێت کۆتایی بەو ململانێیانە بهێنێت.

هاوڵاتی دەزگای داد لە ئێران بڵاوی کردوە داوای سزادانی 750 دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی سێ پارێزگا کراوە و تۆمەتی زۆربەشیان تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانییە. دەستگیرکراوانی پارێزگاکانی (مەرکەزی و ئەسفەهان و هورموزگان) تۆمەتبار کراون بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و چالاکیی دژی دەسەڵات و هاندان بۆ ئاژاوەنانەوە و کوشتن. بە پێی ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ دەستگیرکراوان ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بۆ ژمارەیەکی بەرچاویان هەیە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریی دەدەن لەو تۆمەتانەی کە دەخرێنە پاڵ خۆپیشاندەران و گەنجان. لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا سێ دەستگیرکراوی کورد لە کەرەج و تاران تۆمەتی دژایەتیی لەگەڵ خودایان لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنراوە کە دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو دەستگیرکراوانەدا.

هاوڵاتی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو پۆلیسانەی لەلایەن بنەماڵەی سەهەندەوە سكاڵایان لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن لیژنەی لیکۆڵینەوەی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون و وتەیان لێوەردەگیرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکەوت ئەحمەدوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بسەلمێنرێت هەرکەسێک لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی سەهەند کەمتەرخەمی کردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. وتیشی ئەو پۆلیسانەی لەلایەن بنەماڵەی سەهەندەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن لیژنەی پۆلیسەوە دەست بەسەرکراون و وتەیان لێوەردەگیرێت. سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی سەهەندی ئاشکرا کرد و وتی، لەمانگی ١٠ی ئەمساڵدا کەسێک سکاڵای تۆمارکردووە کە دەستڕێژی گوللـەی لێکراوە، دوایی دەرکەوتووە سەهەند و هاوڕێکەی بوون لەسەر ئەو سکاڵایە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. هەروەها، لە بارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی سەرهەندەوە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەکرد، ئەوانیش وەک پۆلیس پرسیاریان هەیە ئایا سەهەند بەهۆکاری لێدان گیانیلەدەستداوە یان هۆکاری دیکە هەیە، هەربۆیە تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە تا توێکاری بۆکرێت و هۆکاری مردنەکەی دەستنیشان بکرێت. ئەمەشلەکاتێکدایە ئەمرۆ، کەسوکار و بنەماڵەی سەرهەند رایانگەیاند، کوڕەکەیان لەدوای ئەوەی گیراوە بە پێنج پۆلیس لێیانداوە و تەعزیبیان داوە و دواتریش لە ژوری زیندان خنکاندویانە.  

هاوڵاتی خاڵی سەهەند ئەحمەدی تەمەن ١٧ ساڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کوڕکەمان لێیدراوە لە لایەن پێنج پۆلیسەوە بە قۆناغە دەمانچەو پاشان خنکێندراوە" ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خاڵی ئەو منداڵە ١٧ ساڵەی ئێوارەی دوێنێ لەلایەن پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیر کرا ولە بارودۆخێکی نادیاردا گیانی لەدەستدا ڕایگەیاند: " بە پێی گوتەکانی پۆلیس ئەم کوڕەمان ڕایکردووە لەدەستیان پاشان بە پێنج پۆلیس دوای کەوتون و دوای گرتنی بە قۆناغە دەمانچە لێیان داوەو تەعزیبدراوە،ولەناو مەرکەزی پۆلیس منداڵەکەیان خنکاندووە" هەروەها سەبارەت بە کامێرای چاودێری لە ناو مەرکەزەکە بە پێی گوتەی خاڵی مێرمنداڵەکە "بەڕێوبەری مەرکەزەکە گتوێتی کامێراکانی چاودێری ئیشناکەن ".  وتیشی" داوامان لێدەکرێت چاوەڕێی ڕاپۆرتی پزیشکی بین بەڵام لە دوێنێوە دەنوسرێت و دەسڕدرێتەوە" خاڵی سەهەند باسی لەوەشکرد کە شایەتحاڵیان هەیە لە منداڵەکەی دراوەو بە پیی خۆی چۆتە ناو مەرکەزەکەوەو لەوێ گیانی لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، جێگەی ئەشکەنجە بە تەرمی کوڕەکەوە دیاربووە کە چەندین سوێنی جەستەی بە قۆناغە دەمانچە شین بووەتەوە. سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو پێنج پۆلیسەی منداڵەکەیان دەستگیرکردووە ڕایگەیاند "هیچ کامیان دەستگیر نەکراون "

هاوڵاتی لە یەکەم راگەیێندراوی فەرمیدا لە دوای کۆنگرەی حیزبەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دەیانەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و جەختیش لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەموو لایەنەکان دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن.   ئەمڕۆ شەممە، 12-11-2022، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرپەرشتیی  مەسعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە هەڵبژێردران کە 17 کەس بوون. دواتر لەبارەی وردەکاریی کارەکانی کۆنگرە، پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.   ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەمانەن:   - فازڵ میرانی - فوئاد حوسێن  - هۆشیار زێباری  - ئازاد بەرواری - مەحموود محەممەد  - رێبوار یەڵدا  - کەمال کەرکووکی  - زەعیم عەلی  - سیداد بارزانی - ھێمن ھەورامی - پشتیوان سادق  - ھیوا ئەحمەد مستەفا  - سەربەست لەزگین  - زاگرۆس فەتاح - نەوزاد هادی  - ئامینە زکری  - عەلی حوسێن   بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کە لەبارەی ئەنجامی کۆنگرەی 14ـی حیزبەکە بڵاویکردووەتەوە، پارتی دەڵێت، "له‌سه‌ر ئاستی كوردستاندا، كۆنگره‌ جه‌ختی له‌ یه‌كڕیزی و په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان كرده‌وه‌ و به‌ پێویستی زانی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان بكرێته‌وه‌ و كێشه‌ و گرفته‌كان به‌ دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێن."   لەبارەی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش، "كۆنگره‌ جه‌ختی كردەوە بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ هه‌ڵواسراو و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌كان و، جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی سیاسی و دامه‌زراندنی حكومه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق ئه‌نجام دراوه‌."   دەقی راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان:   له‌ رۆژانى 3، 4، 5 و 6ی نۆڤێمبه‌رى 2022، پارتيمان كۆنگره‌ى 14ى خۆى له‌ ژێر دروشمى (ئازادى، ديموكراسى، دادپه‌روه‌رى) له‌ شارى دهۆك به‌ به‌شدارى 1061 ئه‌ندام گرێدا.   كۆنگره‌، به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌یه‌كی رێكخراو ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد و دواى چه‌ند ئايه‌تێك له‌ قورئانى پيرۆز، سروودى نيشتيمانیى عێراق و سروودى ئه‌ى ره‌قيب پێشكه‌ش كران.    له‌ ده‌ستپێكدا سه‌رۆك بارزانى وتارێكى پێشكه‌شكرد، تییدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ به‌هۆى شه‌رى داعش و پاراستنى يه‌كێتى خاكى كوردستان و په‌تاى كۆڕۆناوه‌، كۆنگره‌ دواكه‌وتووه‌. هه‌روه‌ها به‌ گشتى باسى له‌ بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و جيهان كرد، به‌ تايبه‌تى له‌ وتاره‌كه‌يدا  تيشكى خسته‌ سه‌ر دوو خاڵ كه‌ جێگه‌ى شانازيى به‌ڕێزيانن له‌و سه‌رده‌مه‌ى كه‌ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستانی هه‌بووه‌، يه‌كه‌ميان؛ ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ پشتيوانیى كۆبانێ بووه‌، دووه‌ميان؛ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووه‌. له‌ به‌شێكى ديكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سوپاسى خۆڕاگریى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانی كرد  له‌ به‌رگريكردنى قاره‌مانانه‌يان له‌ شه‌ڕى دژى داعش و پاراستنى خاكى كوردستان، هه‌روه‌ها سوپاسی خه‌ڵكی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگریی و پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌ و داموده‌زگا په‌یوه‌ندداره‌كان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان له‌و شه‌ڕه‌دا.   پاشان فیلمێكى ديكۆمێنتارى له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ى سه‌ركردايه‌تى كه‌ له‌ماوه‌ى نێوان كۆنگره‌ی سێزده‌ و ئه‌م كۆنگره‌يه‌دا كۆچى دواييان كردووه‌ نيشاندرا، دواتر ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى كۆنگره‌ هه‌ڵبژێردرا.   هه‌ر له‌ دانيشتنى يه‌كه‌مدا؛ كۆنگره‌ به‌ كۆى ده‌نگ رێزدار سه‌رۆك بارزانيان به‌ سه‌رۆكى پارتى دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژارده‌وه‌، هه‌روه‌ها كۆنگره‌ متمانه‌ی به‌خشی به‌ جێگری یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌رۆك.    دواتر راپۆرتى سياسى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى پارتى خوێندرايه‌وه‌، له‌ راپۆرته‌كه‌دا هۆكارى دواكه‌وتنى كۆنگره‌ى به‌ روونی خراوه‌ته‌ روو كه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ سه‌رۆك ئاماژه‌ی پێداون، ریفراندۆم و خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر و لێكه‌وته‌كانی، هۆكاربوون بۆ دواكه‌وتنی كۆنگره‌.   له‌و راپۆرته‌دا، په‌يوه‌ست به‌ پارچه‌كانى ديكه‌ى كوردستان، ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ روو كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ داوا ره‌واكانیانین له‌ هه‌مان كاتدا، داوا له‌ هێزه‌ سياسييه‌كانى هه‌ر سێ پارچه‌كه‌ى كوردستان كراوه‌ ‌سه‌رده‌ميانه‌ خه‌باته‌ مه‌ده‌نييه‌كانيان به‌گه‌ڕ بخه‌ن، داواش له‌ هه‌ر سێ وڵاتى دراوسێ كراوه‌ كه‌ سنوورى جوگرافى، قووڵاى مێژويى، تێگه‌يشتنى ديبلۆماسی، به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شى ئابوورى و بازرگانى و كولتورى و كۆمه‌ڵايه‌تيمان پێكه‌وه‌ هه‌يه‌، به‌ كرده‌يى بير له‌ چاره‌سه‌رى سياسیى پرسى كورد بكه‌نه‌وه‌، چاره‌سه‌رێك كه‌ ببێ به‌ مايه‌ى ئاشتى و سه‌قامگيرى و بوژانه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى. له‌سه‌ر ئاستى عێراقيشدا هاتووه‌ كه‌ پارتيمان له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ كار ده‌كات له‌سه‌ر ياسادانان و كاراكردن و جێبه‌جێكردنى كۆمه‌ڵێك ياساى گرنگ و بنچينه‌يى بۆ پاڵپشتى سيسته‌مى فيدراڵى و ديموكراسى له‌ عێراقدا، وه‌ك له‌ ده‌ستوورى عێراقی فيدراڵدا هاتووه‌.   دواتر ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى كۆنگره‌؛‌ ده‌رگاى پێكهێنانى ليژنه‌كانى بۆ ئه‌ندامانى كۆنگره‌ كرده‌وه‌ و له‌ ئاكامدا چوار لیژنه‌ له‌ لايه‌ن كۆنگره‌وه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر درا، كه‌ بريتی بوو له‌ (ليژنه‌ى په‌يڕه‌وى ناوخۆ، ليژنه‌ى پرۆگرام، ليژنه‌ى راپۆرتى سياسى، ليژنه‌ى سكاڵا و پێشنياز).    له‌ دانيشتنى دووه‌مى هه‌مان رۆژدا  ليژنه‌كان گفتوگۆى چڕ و ورديان له‌سه‌ر راپۆرته‌كانيان كرد و به‌ تێبينى و سه‌رنجه‌كانى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ ده‌وڵه‌مه‌ند كرا و، له‌ دانيشتنى يه‌كه‌مى رۆژى دووه‌مى كۆنگره‌دا، راپۆرته‌كان دواى خوێندنه‌وه،‌ خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و له‌ لايه‌ن كۆنگره‌وه‌ په‌سه‌ند كران.   هاووڵاتیانی به‌ڕێز هه‌ڤاڵانى تێكۆشه‌ر...   كۆنگره‌ به‌پێويستى زانى له‌م قۆناخه‌دا، پێداچوونه‌وه‌يه‌كى‌ ورد به‌ په‌يڕه‌وى ناوخۆدا بكات، له‌ رووى هه‌يكه‌ليه‌ت و رێكخستن و په‌يوه‌ندیى نێوان ئۆرگانه‌كاندا، به‌شێوه‌يه‌ك كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ واقعيى ئه‌مڕۆى كارى حزبايه‌تيدا. له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌ له‌ په‌يڕه‌وى ناوخۆدا ناوى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى گۆڕدرا بۆ كۆميته‌ى ناوه‌ندى، هه‌روه‌ها گۆڕانكارى له‌ به‌شێك له‌ هه‌يكه‌ليه‌تى حزبدا ئه‌نجامدرا و ناوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارێزگا گۆڕدرا بۆ (مه‌كته‌بی رێكخستنی پارێزگا)، هه‌روا بڕیاری دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نى باڵاى تێكۆشه‌ران درا. يه‌كێكى ديكه‌ له‌ گۆڕانكارييه‌كانى په‌يڕه‌و بريتييه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى به‌شداریى ئافره‌ت له‌ كۆميته‌ى ناوه‌ندى به‌جۆرێك له‌ 15% كه‌متر نه‌بێت.   له‌ رۆژی دووه‌مدا، سه‌رۆك بارزانی پێشنیاری 10 هه‌ڤاڵی خسته‌ به‌رده‌م كۆنگره‌ كه‌، هه‌ر ده‌ هه‌ڤاڵ به‌ ده‌نگی راسته‌وخۆی ئاشكرا بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردران.    پاشان، كۆنگره‌ ده‌رگای خۆكانديدكردنى بۆ كۆميته‌ى ناوه‌ندى كرده‌وه‌ كه‌ (129) هه‌ڤاڵ خۆيان كانديد كرد بۆ 41 ئه‌ندامى كۆميته‌ى ناوه‌ندى و (9) يه‌ده‌ك. له‌ رۆژانى سێيه‌م و چواره‌میشدا پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى كۆميته‌ى ناوه‌ندى و لێكجیاكردنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌ستی پێكرد كه‌ له‌ لايه‌ن كۆميسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنی عێراق و (7) دادوه‌رى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.    جێگاى باسه‌ كۆنگره‌ كۆمه‌ڵێك له‌ پڕه‌نسيب و ستراتيژيه‌تى پارتى له‌ چه‌ندين بوارى جياجيادا په‌سه‌ند كرد كه‌ گرينگترينيان بريتييه‌ له‌ كاركردن له‌ پێناو به‌هێزكردنى سيسته‌مى په‌رله‌مانى و به‌ ديموكراتیزه‌كردنی سیستمی حوكمڕانی به‌ پشتبه‌ستن به‌ پره‌نسيبه‌كانى: گه‌ل سه‌رچاوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌؛ لێك جيايى و هاوسه‌نگى ده‌سه‌ڵاته‌كان؛ سه‌ربه‌خۆيى و كارايى دامه‌زراوه‌كان؛ سه‌روه‌رى ياسا و پاراستنى ماف و ئازادييه‌كان و مافی ئافره‌ت؛ هه‌روه‌ها رێزگرتنى مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادييه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كان و رێزگرتن له‌ پڕه‌نسيبى شه‌فافيه‌ت و لێپرسينه‌وه‌ و سزا و پاداشت له‌ حوكمڕانى هه‌رێم و عێراقدا. له‌ به‌شێكى ديكه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ چه‌سپاندنى مۆدێلى حوكمڕانى باش و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى باشترين خزمه‌تگوزاریى گشتى پێشكه‌شى گه‌لى هه‌رێمى كوردستان بكات.   له‌سه‌ر ئاستى مرۆيى و كۆمه‌ڵايه‌تيدا، پارتيمان كار ده‌كات بۆ په‌ره‌پێدانى كوولتوریى، كه‌ به‌ جۆرێك ره‌نگدانه‌وه‌ى راسته‌قينه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى بێت و فره‌كولتوورى و فره‌ئايينى و يه‌كترقبووڵكردن و رێزگرتن له‌ جياوازييه‌كانمان تێيدا به‌رجه‌سته‌ بێت، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو به‌رزركردنه‌وه‌ى ئاستى هزرى و هۆشيارى و نيشتمانى كوردستانيان بێت.   له‌سه‌ر ئاستی كوردستاندا، كۆنگره‌ جه‌ختی له‌ یه‌كڕیزی و په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان كرده‌وه‌ و به‌ پێویستی زانی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان بكرێته‌وه‌ و كێشه‌ و گرفته‌كان به‌ دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێن.    هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش كۆنگره‌ جه‌ختی كرد بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ هه‌ڵواسراو و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌كان و، جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی سیاسی و دامه‌زراندنی حكوومه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق ئه‌نجام دراوه‌.      هاووڵاتيانى به‌ڕێز هه‌ڤاڵانى تێكۆشه‌ر..   پارتى ديموكراتى كوردستان سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌كه‌ى به‌ سه‌ركه‌وتنى خواست و به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌لى كوردستان ده‌زانێت، به‌و پێيه‌ى پارتى هه‌ميشه‌ و له‌مه‌ودواش ئامرازێكى خه‌بات و تێكۆشانى جه‌ماوه‌ريى گه‌له‌كه‌مانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ره‌واكانى نه‌ته‌وه‌ى كورد و گه‌لى كوردستان، بۆيه‌‌ پارتيمان پيرۆزبايى له‌ خه‌ڵكى كوردستان و هه‌ڤاڵانى تێكۆشه‌ر ده‌كات و به‌ڵێن دووپاتده‌كاته‌وه‌ وه‌ك هه‌ميشه‌ پارێزه‌رى ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌ل و به‌ده‌ستهێنه‌رى ماف و پاراستنى  ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورى و نيشتمانی و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى بێت كه‌ درێژه‌ده‌ری رێبازی بارزانیی نه‌مره‌.    كۆنگره‌ به‌ تێكڕای ده‌نگ ته‌خویلی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ دیاریكردنی هه‌ڤاڵێك له‌ كوردانی ئێزدی بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتیمان.   سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ى چوار‌ده‌هه‌مينى پارتى ديموكراتى كوردستان پيرۆز بێت.   دروود بۆ گيانى پاكى سه‌رجه‌م شه‌هيدانى كورد و كوردستان و سه‌روه‌ريان بارزانى نه‌مر و كاكه‌ ئيدريسى هه‌ميشه‌ زيندوو. بژى كورد بژى كوردستان

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی ڕۆژاڤا هۆشداریی دا کە ناسەقامگیری لە سووریا چڕتر دەبێتەوە ئەگەر مامەڵەی سیاسی جیهان لەگەڵ دامودەزگا کوردییەکان لە سووریا کەم ببێتەوە. ناوەندی هەواڵگری ڕۆژاڤا کە چاودێری بارودۆخی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا دەکات، دوای کەم بوونەوەی خواستی سوید بۆ تەعامول لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردی، هۆشداری دا لە دەرئەنجامەکانی کەم بوونەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ کوردەکانی سووریا. ئەم پەیمانگایە ئاماژەی دا بە ناڕەزایەتیی دەسەڵاتدارانی کوردی سووریا لە بڕیاری حکوومەتی نوێی سوید بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامودەزگا کوردییەکان لە سووریا لەوانەش پارتی یەکێتی دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل و هۆشداریی دا کە ئەم پرسە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاشتی لە سووریا دروست بکات. ناوەندی ڕاگەیاندنی ڕۆژاڤا هۆشداری دەدات لەوەی کە خۆبواردنی سوید لە درێژەدان بە سزادانی تورکیا و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی سووریا و تەسلیم بوون بە داواکارییەکانی تورکیا سەبارەت بە کورد، ڕەنگە بە مانای خۆگێل کردنی ئەم وڵاتە بێت لە پێشێل کردنی مافی سوورییەکان لە لایەن تورکیاوە. ئەم ناوەندە هۆشداری داوە لەوەی کە لەبەرچاو نەگرتنی دامەزراوە کوردییەکان لە سووریا و تۆمەتبارکردنیان بە ئەنجامدانی هەڵمەتی تیرۆریستی لەلایەن تورکیاوە و ڕێگەنەدان بە بەشداری کردنیان لە دانوستانەکانی ئاشتی سووریا، دەتوانێت ڕێگری بکات لە بەدیهاتنی ئاشتی ڕاستەقینە لە سووریا. ئەم دامەزراوە توێژینەوەیی-میدیاییە کە لەلایەن توێژەران و چالاکانی میدیای ڕۆژئاواییەوە بەڕێوەدەبرێت، پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ کوردەکانی سووریا و پەراوێزخستنیان وەک هۆکاری پەرەسەندنی ناسەقامگیری لە سووریا ناو دەبات. چوونکە بەڕای ئەم پەیمانگایە، کوردەکانی سووریا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە شەڕی دژ بە داعش و تەعامول نەکردنی وڵاتانی بیانی لەگەڵ کوردەکان، دەاعش هاندەدات بۆ زیاتر کردنەوەی هێرشەکانی.